چوار لە دادوەرە مانگرتووەكانی گەرمیان سزادران 

Draw Media

2019-11-15 15:07:13



درەو میدیا:
لەبەرامبەر هەڵوێست وەرگرتنیان و مانگرتنیان، ئەمڕۆ هەریەك لە دادوەران (حەبیب حەمید و سیروان خدر) و داواکارانی گشتی (نزار حەسەن و بورھان ئەحمەد) سزادران و راژەكەیان گوازرایەوە بۆ شارەکانی ھەولێر و سلیمانی و ڕانیە.

 

دەقی ڕاگەیاندراوەکەیان:

بەناوی خوای گەورەو میھرەبان

ھەمووکەس و لایەک ئاگادارە، لە چەند ڕۆژی رابردوودا، چەند دادوەر و داواکارێکی گشتی مانمانگرتبوو نەک لەبەر مووچە و ئیمتیازات، بەڵکو لەپێناو جێبەجێکردنی یاسا و پرۆسەی چاکسازی، ئەوەندەی لەتوانا و ئیرادەماندا بوو درێغیمان نەکرد، وە ئومێد دەکەین ئەنجوومەنی دادوەری زوو یان درەنگ لە نیازپاکیمان بگات، وە ئێمە مەبەستمان تەنھا چاکسازی بوو لەو بوارەی کاری تێدا دەکەین، وەکو خەڵکی تر بێ دەنگ نەبووین، کە دەبوو سوپاسکراباین نەک وەرگرتنی سزا کە بە شانازی دەزانیین، چونکە چاکسازی باجیشی دەوێ.

ئێمە نازانین بە چ زمانێک سوپاسگوزاری خەڵکی گەرمیان بین بۆ پەرۆشیان وە  بۆ ھاودەنگی و خەمخۆریان لەو چەندڕۆژەی کەمانمانگرتبوو زمانمان لاڵە لە ئاستی دڵسۆزیتان وەدڵخۆشین بەوەی کە خزم و کەس و دۆستی وەکو ئێوەمان ھەیە، وە ئێمە تەنھا شتێک خەمباری کردبین ئەوەیە کە نەمانتوانی وەکو پێویست خەون و خواستەکانی ئێوە لە چاکسازی بەدی بێنین.

ئێمە ئێستا دوای چەندین ساڵی خزمەت گوازراوینەتەوە بۆ شارەکانی ھەولێر و سلیمانی و ڕانیە وەسزای ترمان وەرگرتووە لە دابەزاندنی پلەوپۆستەکانمان، داواکارین لە لیژنەی پەرلەمان لیکۆڵینەوەی ورد و جدی بکات لەڕەوشی دادوەری گەرمیان و داواکاری ئێمە لە چاکسازی بھێنێتە دی و ڕاستیەکان ئاشکرابکرێن. ئێمە ھەردوو داواکاری گشتی سوپاسی بەڕێزان وەزیری داد و سەرۆکی داواکاری گشتی دەکەین بۆ ھاوکاری و ھەوڵەکانیان بۆ چارەسەری گرفتەکان وەھەموومان سوپاسی سەرۆک و ئەندامانی پەرلەمان دەکەین، ھەوڵ و کۆشش و ئامادەبوونیان بەرزدەنرخێنین.

وە بۆ میدیاکاران وکەناڵەکانی ڕاگەیاندن کەدەنگی ئێمەیان بەجوانی گەیاند، وەبۆ سەرجەم سەندیکاو چین و توێژەکان وە ماڵئاوایی لە خەڵکی گەرمیانی بەش مەینەت دەکەین کە جێیان دەھێڵین، بەڵام پەیمان لەگەڵ خواو خەڵکی دووپات دەکەینەوە کە ھەمیشە سەربازی حەق بین وە ئەمانەت پارێزی یاسابین. بمێنن بە خۆشی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand