موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە پرۆژە  بودجەی 2020ی عێراقدا

Draw Media

2019-09-17 18:22:21



درەو میدیا:
حكومەتی هەرێمی كوردستان سێ بژاردەی ئامادەكردووەو دەیخاتە بەردەم حكومەتی عێراق بۆ چارەسەركردنی كێشەی نەوت و موچەی موچەخۆرانی خۆرانی هەرێمی كوردستان.
 ئەمڕۆ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق و فوئاد حسین وەزیری دارایی حكومەتی عێراق گەیشتنە هەولێر بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لەسەر پرسی رادەستكردنی نەوتی هەرێم و پشكی هەرێمی كوردستان لە پرۆژە یاسای بودجەی 2020 ی عێراق.
بەپێی ئەو زانیاریانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە دەستی ( درەو میدیا) كەوتووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان نایەوێت نەوتەكەی رادەستی عێراق بكات و موچەی فەرمانبەرانیش لە بەغداوە بەردەوام بێت.
حكومەتی هەرێمی كوردستان ئێستا بیر لە سێ بژاردە دەكاتەوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ حكومەتی عێراق بۆ پرسی نەوت و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم:
•    حكومەتی هەرێمی كوردستان بە مەرجێك بڕی ( 250 هەزار) بەرمیل نەوت رادەستی بەغداد دەكات، كە ئەو ( 24 ملیار) دۆلارەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵانی قەیرانی داراییدا قەرزی كردووە، بخرێتە سەر قەرزە سیادیەكانی عێراق كە كردویەتی. بەغدا تاوەكو ئێستا (60 ملیار) دۆلاری قەرزكردووە و 17٪ی پشكی هەرێم بووە بەڵام نەیداوە .
•    هەرێم (250 هەزار) بەرمیل نەوتەكە رادەستی بەغداد ناكات بەڵام ( 250 هەزار) بەرمیل نەوتەكە كەمبكرێتەوەو   پارەكەی لە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان ببڕێت و ئەوی دیكەی رادەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكات. 
•     حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆتایی بە گفتوگۆكانی دێنێت لەگەڵ بەغداد و داهاتەكانی ناوخۆی رێكدەخاتەوەو بەتایبەتی كەمكردنەوەی خەرجییەكان و زیادكردنی باج و سەندنی باج لەو كۆمپانیایانەی كە تا ئەمڕۆ باجیان نەداوە، لە ئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان لیژنەیەكی باڵای پێكهێناوە بەناوی( لیژنەی كۆكردنەوەی داهاتەكان) رۆژی دووشەممە 2019/9/16 بەسەر پەرشتی مەسرور بارزانی كۆبونەوەو سەرۆكی حكومەتی راگەیاند" ‎لە كۆبوونەوەیەكدا گفتوگۆمان لەبارەی كۆكردنەوەی داهاتەكان و رێكخستنەوەی باج و گومرگەكان و كاراكردنی سیستەمی بانكی لە هەرێمی كوردستان كرد و جەختمان كردە".
لە ئێستادا عادل عەبدولمەهدی لەژێر فشارێكی زۆری لایەنە عێراقیەكاندایە، بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەبێ رادەستكردنی (250 هەزار) بەرمیل نەوتی هەرێم بە سۆمۆ، بەڵام چاوەڕەوان ناكرێت بۆ پرۆژە بودجەی 2020ی عێراق عادل عەبدولمەهدی بتوانێت بەرگەی ئەو فشارە زۆرەی لایەنە عێراقیەكان بگرێت. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand