خانەی نوێی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان یەكەم كۆبونەوەی ئەنجامدا 

Draw Media

2019-09-16 15:46:55



درەو میدیا: 
ئەمڕۆ   خانەی نوێی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان یەكەمین كۆبونەوەی خۆی ئەنجامدا" بەهەمو توانایەوە پشتگیری نوێنەرانی بزوتنەوەكە دەكات لە كابینەی حكومەت و دەسەڵاتی خۆجێی" دەرگاش بەروی هەڵوسڕاوە رەخنەگرەكانیدا دەكاتەوە" خانەی  راپەڕأندن جەختی لەسەر واڵا كردنی هەمو دەرگاكان بەسەر هەمو ئەو هەڵسوڕاوە دڵسۆزانەی گۆڕان كردەوە، كە رەخنەو تێبینیان هەیە، یان بە هۆكاری جیاوازەوە دوركەوتونەتەوە لە كاروباری بزوتنەوەكە. گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەو هەڵسوڕاوانەو هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی میكانیزمی گۆڕانخوازانە بۆ پێكەوە كاركردن، لە سەرەكیترین ئەركەكان و كارنامەی خانەی نوێ دەبێت"

راگەیەنراوێك لەلایەن خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕانەوە

ئەمڕۆ دووشەمە، ١٦/٩/٢٠١٩ خانەی راپەڕاندن، یەكەمین كۆبونەوەی خۆی ئەنجامدا.

خانەی راپەڕاندن پێش هەمو شتێك سوپاسێكی گەرمی ئەندامانی پێشوی خانە دەكات، كە لە ماوەی دوو ساڵی رابردودا، دڵسۆزانەو خەمخۆرانە ئەركەكانیان بەجێگەیاند. بە هیواین لە ئایندەشدا، پشتیوان و یارمەتیدەری خانەو ھەردو جڤات بن و پێكەوە ئەركە تازەكانی بزوتنەوەكە ببەینە پێشەوە.

كۆبونەوەی خانە جەختی لەسەر ئەم چەند خاڵەی خوارەوە كرد:

یەكەم: پەیوەست بە پەیوەندیەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ لایەنە سیاسیەكاندا، كۆبونەوەكە جەختی لەسەر بەهێزكردنی پەیوەندیە سیاسیەكانی كردەوە لەگەڵ ھەردو حزبی بەشدار لە كابینەی حكومەتدا. بەهێز كردنی ئەو پەیوەندیانە هۆكارێكی باش دەبن بۆ هاوكاریكردن و بردنە پێشەوەی ئەركەكانی كابینەكەو بەهێزكردنی گیانی پێكەوە كاركردن و بەجێگەیاندنی ئەجیندای چاكسازی حكومەت.
لەهەمان كاتدا بە گرنگی دەزانین پەیوەندی پتەوی دۆستانەمان لەگەڵ هێزەكانی تری دەرەوەی كابینە، كە ساڵانێك هاوكار و هاوپەیمانی یەكتر بوین، پەرە پێبدەین و پتەوتری بكەین و راوێژ و گفتوگۆی بەرهەمهێنەری بەسودمان لەگەڵیاندا هەبێت.

دووەم: خانەی راپەراندن، بەهەمو توانایەوە پشتگیری نوێنەرانی بزوتنەوەكە ئەكات لە كابینەی حكومەت و دەسەڵاتی خۆجێی، لە پێناو خزمەتی ھاوڵاتیان و جێبەجێكردنی بەرنامەی گۆڕان لە حكومەت، ھەروەھا چاودێریەكی وردی كارەكانیان ئەكات. لەهەمان كاتیشدا پشتگیری تەواوی كابینەی حكومەت ئەكات لە پێناو سەرخستنی بەرنامە چاكسازیەكەی، بە جۆرێك لە خزمەت باشتركردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و بەهێزكردنی كەرتی ئابوری و ژێرخانی كۆمەڵگاو پرۆسەی چاكسازی و دژایەتی گەندەڵیدا بێت.

سێیەم: پەیوەست بە ناوخۆی بزوتنەوەكەوە، خانەی راپەڕاندن جەختی لەسەر واڵا كردنی هەمو دەرگاكان بەسەر هەمو ئەو هەڵسوڕاوە دڵسۆزانەی گۆڕان كردەوە، كە رەخنەو تێبینیان هەیە، یان بە هۆكاری جیاوازەوە دوركەوتونەتەوە لە كاروباری بزوتنەوەكە. گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەو هەڵسوڕاوانەو هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی میكانیزمی گۆڕانخوازانە بۆ پێكەوە كاركردن، لە سەرەكیترین ئەركەكان و كارنامەی خانەی نوێ دەبێت.
خانە بە گوێرەی دەستوری بزوتنەوەكەو راسپاردەكانی هەردوو جڤات، لە نزیكترین ماوەدا، ئامادەكاری بۆ هەردوو پرۆسەی كۆنفرانسی نیشتیمانی و هەڵبژاردنە ناوخۆیەكان ئەكات.
هاوكات بە گوێرەی پلانێكی تۆكمە، كار لەسەر بەهێزكردنی ئۆرگانەكانی بزوتنەوەكە ئەكات، بەتایبەت دانان وھەڵبژاردنی رێكخەرو ئەندامی ژورەكان و باژێڕوانەكان، بە ئاراستەی بەهێزكردنی دامەزراوەی ناوخۆیی گۆڕان بۆ راپەڕاندنی ئەركە گرنگ و هەستیارەكانی قۆناغی داهاتوی بزوتنەوەكەمان.

لە كۆتاییدا بزوتنەوەی گۆڕان جارێكی تر جەخت لەسەر پابەند بون بە پرەنسیپە بناغەییەكانی بزوتنەوەكە دەكات لە پێناو عەدالەت و چاكسازی و ئازادیەكان و دژایەتی گەندەڵی و بە سیستەم كردنی دەزگاكان و كاركردنی بێوچان لە پێناو باش كردنی ژیان و گوزەرانی هاونیشتمانیان.

خانەی راپەڕاندن / بزوتنەوەی گۆڕان
١٦/٩/٢٠١٩
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand