پێنج بەرپرسی بزوتنەوەی گۆڕان دەستیانلەكاركێشایەوە

2019-05-16 09:09:27

درەو میدیا: 
پێنج بەرپرسی بزوتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای كەركوك كە دوو ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی و ئەندامێكی جڤاتی گشتی و دوو ئەندام ژووری ناوچە كوردستانیە دابڕێنراوەكان دەستیانلەكاركێشایەوە.
هەریەك لە مەلا فەرمان (ئەندامی جڤاتی نیشتمانی)، ئەحمەد عەزیز (ئەندامی جڤاتی نیشتمانی و رێكخەری ژووری ناوچە كوردستانییە دابڕێندراوەكان)، عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا (ئەندامی جڤاتی گشتی)، عەبدوڵڵا حەبیب و لەتیف فاتیح فەرەج (ئەندامانی ژووری ناوچە كوردستانییە دابڕێندراوەكان)، لە راگەیێندراوێكدا دەستلەكاركێشانەوەیان لە بزووتنەوەی گۆڕان راگەیاند.
سەبارەت بە هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەیان لە بەیاننامەیەكدا رایانگەیاندووە" ئێمە پێمانوایە بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر دەستی ئەو سەركردایەتییە لە راستە رێگاكەی خۆی لایداوە، كە لە پێناویدا دامەزرا. كاركردن لە پێناوی عەدالەتی كۆمەڵایەتی، دژایەتیكردنی گەندەڵی، قیادەكردنی سیاسەتێكی كوردستانی بەرامبەر كەركووك و ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكان، هێنانەكایەی سیستەمێكی پەرلەمانی، لایەنی كەم كە هاوشێوەی بەغداو دووركەوتنەوە لە سیاسەتی حكومڕانی بنەماڵەیی بێت و چاوەڕوان دەكەین بزووتنەوەی گۆڕان بەرەو هەڵدێری گەورەتر ببەن ئەو سەركردایەتییە"
 
 

دەقی راگەیێندراوەكە:

پرسی كەركووك..

بارودۆخ و رەوشی كەركووك گەیشتووەتە ئاستێكی ترسناك، ئێستا هەڕەشە لەسەر خەڵك و خاكەكەی دروستبووە، ئەمەش لە ئەنجامی هەڵەو نادووربینی سیاسەتەكانی یەكێتی و پارتی و بێهەڵوێستی لایەنەكانی دیكە بەرامبەر كەركووك ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكان هاتووەتە ئاراوە.

دوای ریفراندۆم و 16ی ئۆكتۆبەری 2017، سیاسەتی تەعریب و پەراوێزخستنی كورد لە كەركووك و خورماتوو و ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكان بە شێوەیەكی بەرچاو سەریهەڵداوەتەوە.

بەداخەوە دوای هەوڵێكی زۆمان لەگەڵ خانەی راپەڕاندن، ئامادەنەبوون لە كاتی خۆیدا لەسەر 16ی ئۆكتۆبەر تەنانەت بەیاننامەیەكیش دەربكەن، لە سەروبەندی رێككەوتنی بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ دروستكردنی كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەرەڕای پێشنیار و ئیلحاحی زۆرمان لەسەر هەردوو ئاستی جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتی و خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، هیچ پشك و ئەجێندایەكی بۆ كەركووك و خورماتوو و ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكانی تێدا نەبوو.

ئێمە پێمانوایە بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر دەستی ئەو سەركردایەتییە لە راستە رێگاكەی خۆی لایداوە، كە لە پێناویدا دامەزرا. كاركردن لە پێناوی عەدالەتی كۆمەڵایەتی، دژایەتیكردنی گەندەڵی، قیادەكردنی سیاسەتێكی كوردستانی بەرامبەر كەركووك و ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكان، هێنانەكایەی سیستەمێكی پەرلەمانی، لایەنی كەم كە هاوشێوەی بەغداو دووركەوتنەوە لە سیاسەتی حكومڕانی بنەماڵەیی بێت و چاوەڕوان دەكەین بزووتنەوەی گۆڕان بەرەو هەڵدێری گەورەتر ببەن ئەو سەركردایەتییە.

دوای بێهیوابوونمان لە خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان و بۆ راستكردنەوەی ئەو بارودۆخە، بڕیارماندا دەستلەكاربكێشینەوە، لێرەوە بەڵێن دەدەین لەسەر ئەرك و كاری سیاسی خۆمان بەردەوام دەبین بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجانەی بڕوامان پێی هەبووەو ئاماژەمان پێیكرد لە سەرەوە، بە تایبەتی سیاسەتێكی كوردی كوردستانی بۆ ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكان.

ستافی ژووری ناوچە كوردستانییە دابڕێندراوەكان

مەلا فەرمان، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی
عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا، ناسراو بە عەول، ئەندامی جڤاتی گشتی
ئەحمەد عەزیز، رێكخەری ژوور
عەبدوڵڵا حەبیب، ئەندامی ژوور
لەتیف فاتح فەرەج، ئەندامی ژوور

كەركووك 16-5-2019
 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand