یەكێتی: پرسی كەركوك لەگەڵ پێكهێنانی حكومەت چارەسەر بكرێت

Draw Media

2019-05-14 12:36:48



 (درەو میدیا):
مەكتەبی سیاسی یەكێتی جەخت دەكات لەسەر ئەوەی دەبێت پرسی كەركوك هاوكات لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا چارەسەر بكرێت.
مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەسەرپەرەشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری حزبەكە لە شاری سلێمانی كۆبوەوە.
دوای كۆبونەوەكە لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" چاوەڕوانین لەگەڵ هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتدا، پرسی كەركوك‌و بەغداد چارەسەربكرێن".
پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان رێككەوتنی كۆتاییان لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ئیمزاكردووە، بەڵام ئێستا جارێكی تر ناكۆكی لەنێوانیان دروستبوەتەوە.
یەكێتی دەیەوێت هاوكات لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا، پارێزگارێكی نوێ كەركوك هەڵبژێرێت، واتە پارتی دەنگ بۆ هەڵبژاردنی كەسێكی یەكێتی بدات وەكو پارێزگاری كەركوك، بەڵام پارتی ئامادەی ئەم هەنگاوە نییە.
هەندێك لە بەرپرسانی یەكێتی دەڵێن رێككەوتنی نێوان یەكێتی‌و پارتی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك هاوكات لەگەڵ پێكهێنانی حكومەت لەخۆدەگرێت، بەڵام بەرپرسانی پارتی رەتیدەكەنەوە.
قسەی ئەمڕۆی وتەبێژی یەكێتی، دەریدەخات یەكێتی هێشتا سورە لەسەر ئەوەی دەبێت هاوكات لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، پارێزگاری كەركوك هەڵبژێردرێت.
یەكێتی‌و پارتی سەرباری كەركوك، لە بەغدادیش هەندێك ناكۆكی لەنێوانیاندا هەیە كە تائێستا بەتەواوەتی چارەسەر نەكراون، لەوانە پرسی یەكلاكردنەوەی پۆستی وەزارەتی داد كە یەكێتی بە پشكی خۆی دەزانێت لەگەڵ ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لەلایەن پارتییەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand