200 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لەژێر كۆنترۆڵی پارتیدایە

Draw Media

2019-02-27 14:22:59



(درەو میدیا):
رۆژانە لە كەركوكەوە (370 هەزار) بەرمیل نەوت هەناردە دەكرێت، لەم رێژەیە (200 هەزار) بەرمیلی رۆژانە دەچێتە ژێر كۆنترۆڵی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە‌و بەشێك لە داهاتەكەی بۆ پارتی دەچێت.
ئەمە لەكاتێكدایە پارتی دیموكراتی كوردستان لەدوای رووداوەكانی (16ی ئۆكتۆبەر)ەوە كەركوكی چۆڵكردووە‌و وەكو شارێكی "داگیركراو" ناوی دەبات.
بەرپرسێك لە كۆمیانیای نەوتی باكور بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" ئێستا رۆژانە لە سەرجەم كێڵگە نەوتییەكانی كەركوكەوە 350 بۆ 370 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنرێت".
بەپێی قسەی ئەو بەرپرسە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە، ئەو نەوتەی كە رۆژانە لە كەركوك بەرهەمدەهێنرێت، بەمشێوەیە دابەشدەبێت:
•    رۆژانە (100 هەزار) بەرمیل نەوت لە كەركوكەوە رەوانەی بۆ پاڵاوگەی نەوتی (كەڵەك)ی سەربە كۆمپانیای (كار) دەكرێت كە ئەو كۆمپانیایە سەربە نێچیرڤان بارزانییە، نەوتەكە لەو پاڵاوگەیە دەپاڵێورێت، بەرهەمەكەشی دەنێردرێت بۆ موسڵ‌و ناوچەكانی دەوروبەری، پارەی پاڵاوتنی ئەو نەوتە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستانە، كە بۆ هەر بەرمیلێك نزیكەی (10 دۆلار)ە، واتا داهاتی پاڵاوتنی ئەو نەوتە مانگانە (30 ملیۆن) دۆلارە.
•    رۆژانە (90 هەزار) بەرمیل نەوت لە كەركوكەوە لەڕێگەی بۆرییەوە رەوانەی بەندەری جەیهانی توركیا دەكرێت، كە داهاتەكەی بۆ كۆمپانیا بەبازاڕكردنی نیشتمانی نەوتی عێراقە"سۆمۆ"، كرێی گواستنەوە ئەم نەوتەش (واتا كرێی بۆرییەكە) بەهەمان شێوە بۆ كۆمپانیای (كار)ی سەربە نێچیرڤان بارزانییە، كە بۆ هەر بەرمیلێك نزیكەی (10 دۆلار)ە، واتا داهاتەكەی مانگانە دەگاتە (27 ملیۆن) دۆلار.
•    رۆژانە (38 بۆ 42 هەزار) بەرمیل نەوت لە كەركوكەوە رەوانەی  پاڵاوگەی (بازیان)ی سەربە كۆمپانیای (قەیوان) دەكرێت، قەیوان هەر بەرمیلێك لەو نەوتە بە بڕی نزیكەی (10 دۆلار) دەپاڵێوێت، قەیوان مانگانە (12 ملیۆن) دۆلار داهاتی لە نەوتی كەركوك دەستدەكەوێت.
•    رۆژانە (40 هەزار) بەرمیل نەوتی كەركوك رەوانەی پاڵاوگەی (بێجی) دەكرێت، كە سەربە حكومەتی عێراقە‌و پێداویستی سوتەمەنی ناوخۆ ئامادە دەكات.
•    رۆژانە (25 هەزار) بەرمیل نەوت لە كەركوكەوە رەوانەی پاڵاوگەی (گەیارە) دەكرێت، ئەم پاڵاوگەیە سەربە حكومەتی عێراقە‌و پێداویستی سوتەمەنی لەناوخۆ دابین دەكات.
•    رۆژانە (50 هەزار) بەرمیل نەوتی كەركوك رەوانەی پاڵاوگەی (كەركوك) دەكرێت‌و بەرهەمەكەكەی بۆ ناوخۆیە.
•    رۆژانە (15 هەزار) بەرمیلی نەوتی كەركوك رەوانەی وێستگەی كارەبای (قودس) دەكرێت لە بەغداد. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand