پێشمەرگە ئاڵای كوردستانی داگرت

Draw Media

2019-02-11 14:02:34



 (درەو میدیا):
ئەمرۆِ هێزێكی پێشمەرگە لە سنوری نێوان قەزای كفری‌و دووزخورماتوو گەڕایەوە بۆ ئەو ناوچانەی كە بەر لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر تێیدا جێگیربووبوو، بەڵام ئاڵای كوردستانیان پێداگرتن.
ئەو هێزەی كە ئەمڕۆ جوڵەی كرد، لیوای (136)ی هێزەكانی (70)ی پێشمەرگەیە‌و لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا لەنێوان سوپای عێراق‌و وەزارەتی پێشمەرگە گەڕانەوەتەوە‌و نزیكەی (3 كیلۆمەتر) چوەتەپێشەوە.
ئەو شوێنەی كە هێزەكەی پێشمەرگەی بۆ گەڕاوەتەوە، چەند بارەگایەكە كە پێشترو لەسەردەمی شەڕی دژ بە "داعش" بەدەست پێشمەرگەوە بووە، بەڵام دوای كشانەوەی پێشمەرگە لە ناوچەكە لە 16ی ئۆكتۆبەردا، سوپای عێراق دەستی بەسەر ئەو بارەگایانەدا نەگرتووە‌و وەكو ناوچەیەكی چۆڵ كە هیچ هێزێكی ئەمنی تێدا نەبووە، ماوەتەوە.
لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو میدیا)، لیوا حاجی عوسمان فەرماندەی لیوای (136)ی هێزەكانی (70)ی پێشمەرگە رایگەیاند:" ئێمە بە رەزامەندی سوپای عێراق گەڕاوینەتەوە بۆ شوێنەكانی پێشتری خۆمان، بۆ ئەوەی چەكدارانی داعش سود لەو بۆشاییە وەرنەگرن كە نە ئێمەی تێدابوین، نە سوپای عێراق".
ئاماژەی بەوەكرد" گەڕانەوەیان بۆ ناو ئەو بارەگایانە لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنە گشتییەدا نییە كە بڕیارە لەنێوان هەرێمی كوردستان‌و بەرپرسانی بەغداد بكرێت بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان".
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەكاتی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچەیە، بەرپرسانی سوپای عێراق ناڕەزاییەتیان دەربڕیوە لە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەلایەن هێزەكەی پێشمەرگەوە.
لیوا حاجی عوسمان بە (درەو میدیا)ی وت:" ئێمە بەبڕیاری خۆمان ئاڵای كوردستانمان هەڵنەكرد، بۆ ئەوەی لەم سەرەتایەوە هەستیاریی لەنێوانماندا دروست نەبێت". 

 

بەڵام لە رونكردنەوەیەكدا ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە  رەتیدەكاتەوە هیچ یەكەیەكی هێ.ەكانی پێشمەرگە جوڵەی پێكرابێت و هێزی پێشمەرگە نەگەڕاوەتەوە بۆ نزیك خورماتوو  

دەقی روونكردنەوەكەی وەزارەتی پێشمەرگە:
هەندێك لەهۆكارەكانی راگەیاندن‌و لەسەر زمانی فەرماندەیەكی هێزەكانی پێشمەرگە‌و كەسانی دیكە هەواڵی گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ نزیك دوزخورماتوو یان جوڵەپێكردنی دوو فەوجی هێزەكانی پێشمەرگە بەرەو فەلوجە بڵاوكراوەتەوە.

ئێمە وەكو وەزارەتی پێشمەرگە ئەو هەواڵانە بەگشتی رەتدەكەینەوە‌و جەختدەكەینەوە كە نەهیچ یەكەیەكی هێزەكانی پێشمەرگە جوڵەی پێكراوە‌و نەفەرمانی جوڵە كردنیشی هەیە بۆهیچ یەكەیەك‌و گشت هێزەكانی پێشمەرگە لەبنكە‌و بارەگا‌و هێڵی سەرەكی بەرگری‌و شوێنەكانی خۆیانن‌و بۆئاگاداری هەموو لایەك كە هەرهەواڵێك لە هەرسەرچاوەیەك بلاوبكرێتەوە فەرمی نەبێت‌و لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگە وە رێگاپێدراو نەبێت هەواڵی ناڕاستە‌و بێ بنەمایە‌و پەسەند نییە.
فەریق جەبار یاوەر مەندە
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand