كه‌سكین بایندر : كێشه‌ی كورد سنووره‌كانی تێپه‌ڕاندووه و بۆته كێشه‌یه‌كی جیهانی
2025-01-02 09:10:49
درەو:
دیداری رۆژنامه‌وانی: هێمن خۆشناو
كه‌سكین بایندر، هاوسه‌رۆكی پارتی هه‌رێمه دیموكراتیه‌كان (DBP) و ئه‌ندامی په‌رله‌مانی توركیا له‌سه‌ر لیستی پارتی دیموكراسی و یه‌كسانی گه‌لان (DEM) له‌م دیمانه‌یه‌دا كه به رێگای ته‌له‌فۆن ئه‌نجامدراوه، هه‌ڵوێستی پارته‌كه‌ی و بزوتنه‌وه‌كه‌ی له‌مه‌ڕ رووداوه‌كانی ئه‌م دوایه‌ی توركیا و سوریا سه‌باره‌ت به كێشه‌ی كورد ده‌خاته‌ڕوو.
پ: رووداو و گۆڕانكاریه خێراكانی ناو توركیا چۆن ده‌خوێنه‌وه، به تایبه‌تی دوای ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌ی (ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی) له‌مه‌ڕ (عه‌بدولڵا ئۆجالان)؟
كه‌سكین بایندر: ئه‌و په‌یامانه‌ی له 1 تشرینی یه‌كه‌می 2024 تا ئه‌مڕۆ ده‌رباره‌ی كێشه‌ی كورد بڵاوكرانه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو دیمانه‌ی له‌گه‌ڵ به‌ڕێز (ئۆجالان) له ئیمڕالی ئه‌نجامدراوه، به گرنگ و به بایه‌خ ده‌بینین. ئێمه باس له مه‌سه‌له‌یه‌ك ده‌كه‌ین هه‌ر چه‌ند مێژوویی بێت به‌و راده‌یه‌ش پێویستی به چاره‌سه‌ریه. هه‌ڵه‌یه‌كی مێژوویی ده‌بێت ئه‌گه‌ر چاوپۆشی له پرسێك بكرێت كه نه‌وه‌كو ته‌نیا په‌یوه‌سته به گه‌لی كورد به‌ڵكو له نزیكیشه‌وه په‌یوه‌سته به گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. له‌به‌ر ئه‌مه پێویسته كێشه‌ی كورد به شێوازی دیموكراتی و ئاشتیانه چاره‌سه‌ر بكرێت. به‌ڵام نابێت چاره‌سه‌ری ئه‌م پرسه ته‌نیا به په‌یام و شێوازی چاره‌سه‌ری نه‌ریتیانه تاوتوێ بكرێت. ئه‌گه‌ر ده‌رباره‌ی چاره‌سه‌ری په‌یامێك هه‌یه، ده‌بێت ئه‌م په‌یامه به هه‌نگاوی كرده‌یی بسه‌لمێندرێت. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا هه‌ڵوێستێكی راشكاو و ئه‌نجامگیر، گفتوگۆكانی چاره‌سه‌ری ده‌باته قۆناخێكی باڵاتر. به راده‌ی قوڵی و مێژوویی كىشهی كورد، پێویسته ئه‌و ئیراده‌یه توندبێت كه هه‌وڵی چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشه‌یه ده‌دات و ده‌بێت هه‌نگاوه‌كانی چاره‌سه‌ریش ئه‌وه‌نده راشكاوانه و ئه‌نجامگیرانه بن. به پێچه‌وانه‌شه‌وه په‌یام و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كان ته‌نیا له‌سه‌ر كاغه‌ز ده‌مێنه‌وه و چاره‌سه‌ری ئه‌وه‌نده‌ی دیكه زه‌حمه‌تر و ئاڵۆزتر ده‌بێت. له‌به‌ر ئه‌مه گه‌لی كورد ئیتر ده‌خوازێت هه‌نگاوی دیار و راشكاوانه ببینێت. به‌بێ ناولێنان و هه‌نگاوی كرده‌یی، ته‌نیا به‌قسه‌ی باقوبریق و ئه‌جندای بێ پراكتیك ئه‌م مه‌سه‌له‌یه چاره‌سه‌ر نابێت. له‌م سۆنگه‌یه‌وه پێداویستی سه‌ره‌كی هه‌بوونی ئیراده‌ی چاره‌سه‌ریه. به‌ڕێز ئۆجالان تا ئێستا له‌ژێر ناوی چاره‌سه‌ری به ئیراده و به بڕیاره. به‌ڵام هه‌مان ئیراده و بڕیاربوون له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ت نیشان نه‌دراوه. له‌به‌ر ئه‌مه گفتوگۆكانی پێشتری چاره‌سه‌ری بێ ئه‌نجام بوون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رووداوه‌كانی په‌یوه‌ست به چاره‌سه‌ری له‌م دواییانه ده‌رفه‌تێكی نوى ده‌ڕه‌خسێنن. قۆستنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌رفه‌ت ده‌بێته ئه‌ركی هه‌موو هێزه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، به تایبه‌تی ده‌سه‌ڵات. له‌م روانگه‌یه‌شه‌وه ده‌بێت هه‌نگاوی كرده‌یی بنرێت بۆ گه‌یشتن به چاره‌سه‌ری دیموكراتیانه و ئاشتیانه.
پ: ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌ی باخچه‌لی ده‌ره‌نجامی ئه‌و گۆڕانكاریه‌یه كه به‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌په‌رستی توركدا هاتووه، یان ده‌ره‌نجامی پێویستی ده‌وڵه‌ته؟
كه‌سكین بایندر: به‌ستنه‌وه‌ی هه‌ڵوێست وه‌رگرتن له‌باره‌ی مه‌سه‌له‌ی كورد ته‌نیا به بزوتنه‌وه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌په‌رستی و ئه‌و گۆڕانكاریه‌ی به‌سه‌ریدا هاتووه ده‌بێته هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره. چونكه كێشه‌ی كورد له رووی مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه ئه‌و ناونیشانه نیه تاوه‌كو به گۆڕانكاری و وه‌چه‌رخانی ناو پارتێكی سیاسی یان گرووپێك پێناسه بكرێت. به‌و پێیه‌ی ئه‌م كێشه‌یه كه ریشهییترین مه‌سه‌له‌ی جوگرافیاییه، سنووری سیاسی تێده‌په‌ڕێنێت. له‌به‌ر ئه‌مه، سه‌له‌نوێ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی گفتوگۆی چاره‌سه‌ری په‌یوه‌ست نیه به گۆڕانكاری توێژێكی نه‌ته‌وه‌په‌رست كه له‌سه‌ر بنه‌مای دوژمنایه‌تی كورد درێژه به هه‌بوونی خۆی ده‌دات. له پشت به رۆژهڤبوونهوهی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه و په‌یامه‌كانی ئه‌م دوایه لێكه‌وته‌كانی بێ چاره‌سه‌ریی و خۆڕاگری و باوه‌ڕی گه‌لی كورد خۆی حه‌شارداوه. مكوڕبوونی عه‌قڵی ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر چاره‌سه‌رنه‌كردنی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه، تا ئه‌مڕۆ ستراتیژی نزیكبوون له مه‌سه‌له‌ی كورد به شه‌ڕ و سیاسه‌تی نكۆڵی‌كردن هیچ ئه‌نجامی نه‌گرتووه. بۆ چاره‌سه‌رنه‌كردنی كێشه‌ی كورد له رابردوو تا ئه‌مڕۆ هه‌موو رێگایه‌ك تاقیكرایه‌وه. له ناو ئه‌م رێگایانه‌دا نكۆڵی‌كردن له كێشه‌ی كورد له سه‌رووی ئه‌م رێگایانه بووه. به‌ڵام وه‌كو چۆن چاره‌سه‌ریان نه‌كرد، نه‌یانتوانی كێشه‌كه‌ش ریشه‌كێش بكه‌ن، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه كێشه‌ی كورد قوڵتر بووه. له‌گه‌ڵ قوڵبوونهوهشی لێكه‌وته‌كانی له‌سه‌ر كوردستان و توركیا قوڕستر بووه. له پشت هه‌موو كوده‌تا سیاسیه‌كان، ئۆپاراسیۆنه سیاسیه‌كان و كرده‌وه نادیموكراتیهكان كه له‌گه‌ڵ كوده‌تای 12 ئه‌یلول ده‌ست پێده‌كات و ده‌گاته ئه‌مڕۆ، چاره‌سه‌رنه‌كردنی كێشه‌ی كورد خۆی حه‌شار داوه. بێگومان لێكه‌وته‌كانی چاره‌سه‌رنه‌كردنی كێشه‌ی كورد یان نزیكبوونه‌وه له‌م كێشه‌یه به سیاسه‌تی شه‌ڕ ته‌نیا سنووردار نه‌بووه به سیاسه‌تی ناوخۆیی توركیا، به‌ڵكو له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌شدا كێشه‌ی كورد چه‌قی ستراتیژی بووه. ئه‌گه‌ر چاوێك به سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیادا بخشێنینه‌وه له 10 ساڵی رابردوودا ده‌بینین كورد له چه‌قی ئه‌م سیاسه‌ته‌دا بوو. هه‌موو ستراتیژی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌مه بونیادناوه. ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ باسی هه‌بوونی ده‌وڵه‌تی توركیا له عێراق و سوریا بكه‌ین، ئه‌وه له پشت ئه‌م هه‌بوونه سیاسه‌تی په‌یوه‌ست به كورد جێده‌گرێت. ئه‌م سیاسه‌ته‌ش بریتیه له پشتگوێخستنی كورد، به ئامانجگرتنی ده‌ستكه‌وته‌كانی كورد و رێگرتن له به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وتی زیاتر. باشه ئه‌م سیاسه‌ته ئه‌نجامگیر بووه؟ نه‌خێر، به پێچه‌وانه‌وه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا توركیا خسته ناو گێژهڵۆكێكهوه. ئه‌م گێژهڵۆكهش چه‌ندین قه‌یرانی له توركیا به‌دوای خۆیدا هێنا. خۆڕاگری گه‌لی كورد له‌دژی چه‌مكی شه‌ڕ هه‌موو حسابه‌كانی سه‌راوبن كرد. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م خۆڕاگریهشدا حسابی ئه‌نقه‌ره له رۆژئاوا و سوریا مایه‌پووچ بوو. بێگومان ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی پێیگه‌یشتووین له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ندێك راستی خسته‌ڕوو. كێشه‌ی كورد له‌سه‌رووی هه‌موو ئه‌م راستیانه‌وه دێت. ئه‌مڕۆ له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دیزاینكردنهوهیهك هه‌یه كه چهقهكهی سوریایه. له‌ناو ئه‌م دیزاینكردنهوهیهدا كێشه‌ی كورد زیاتر خۆی ده‌سه‌پێنێت. له توركیادا ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات زیاتر دركیان به‌مه كردووه.
به‌بێ ناولێنان و هه‌نگاوی كرده‌یی، به‌قسه‌ی باقوبریق و ئه‌جندای بێ پراكتیك مه‌سه‌له‌ی كورد چاره‌سه‌ر نابێت!
پ: ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌ی باخچه‌لی په‌یوه‌ندی به رووداوه‌كانی سوریاوه هه‌یه؟ ئه‌گه‌ر هه‌یه چۆن به‌یه‌كه‌وه‌یان ده‌به‌ستنه‌وه؟
كه‌سكین بایندر: رووداوه‌كانی رۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست له‌گه‌ڵ كێشه‌ی كورد ئاوێته‌ی یه‌كتر بووه. به‌و پێیه‌ی كاریگه‌ری كێشه‌ی كورد سنووره‌كانی تێپه‌ڕاندووه و بۆته كێشه‌یه‌كی جیهانی. هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره ده‌بێت ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ رووداوه‌كانی سوریا له كێشه‌ی كورد جیابكه‌ینه‌وه. وه‌كو ئێوه‌ش چاودێری ده‌كه‌ن جه‌نگێكی نوێ جیهانه له‌سه‌ر مه‌حه‌كه. له شه‌ڕی ئۆكرانیا – روسیا له ئه‌وروپای رۆژهه‌ڵاته‌وه بگره تا رووداوه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، هه‌موویان وه‌كو به‌شێك له‌م پڕۆسه‌یه سه‌ره‌نج راده‌كێشن. ئه‌م پڕۆسه‌یه كه وه‌كو سیسته‌می نوێی جیهان له قه‌ڵه‌م ده‌درێت له‌گه‌ڵ خۆیدا دیزاینێكی نوێ بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دێنێت. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له سوریادا رووده‌دات یه‌كێكه له ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م پڕۆسه‌یه. به‌و واتایه‌ی رووخانی رژێمی به‌عس كه ته‌مه‌نی 61 ساڵ بوو له 12 رۆژدا ئه‌نجامێكی سه‌ره‌نجڕاكێشه. له هه‌مان كاتدا ئه‌م رووداوه، كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر دروستكردنی هاوسه‌نگی تازه. كه‌واته وه‌كو ده‌یبینن، وه‌چه‌رخانێكی مێژووی له ئارادایه تیایدا هاوسه‌نگیه جیهانیه‌كان به‌خێرایی ده‌گۆڕدرێن. بێگومان له‌ناو دۆخێكی به‌م شێوه‌یه‌دا كێشه‌ی كورد زیاتر خۆی ده‌سه‌پێنێت. كێشه‌ی كورد كه به ساڵانه به سیاسه‌تی شه‌ڕ و نكۆڵی‌كردن رێگای چاره‌سه‌رنه‌كردنی به‌سه‌ر ده‌سه‌پێندرێت، به‌هۆی سیاسه‌تی توركیاوه ئه‌م چارهسهرنهكردنه ئاڵۆزتر بووه. به‌ڵام ئه‌مڕۆ له سایه‌ی ئه‌م رووداوانه‌ی رووده‌ده‌ن، وه‌كو چه‌ندین كێشه‌ی دیكه ئیتر نزیكبوونه‌وه له كێشه‌ی كورد به دونیابینیه‌كی نوێوه خۆی ده‌سه‌پێنێت. پێویستیشه ئه‌م دونیابینیه نوێیه به ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ركردن بێت. چونكه سیاسه‌تی شه‌ڕ نه‌وه‌كو ئه‌م كێشه‌یه‌ی چاره‌سه‌ر نه‌كرد، به‌ڵكو ئاڵۆزتر و قوڵتری كرده‌وه. چۆن سوریا بۆته كلیلی ئاشتی و شه‌ڕ له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ئه‌وه كێشه‌ی كوردیش بۆته پاسۆردی ئه‌م كلیله. به‌م هۆیه‌وه ئیتر كێشه‌ی كورد گه‌یشتۆته ئه‌و ئاسته‌ی خۆی سه‌ر كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بسه‌پێنێت. چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه بۆته مه‌سه‌له‌یه‌كی حه‌تمی، ئێمه‌ش به‌ناو پڕۆسه‌یه‌كی مێژوویی‌دا تێپه‌ڕده‌بین بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م پرسه. ئه‌م واقیعه نوێیه‌ش له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵوێستی ده‌وڵه‌تی توركیا له‌باره‌ی كێشه‌ی كورد ئاشكرا ده‌كات.
سوریا بۆته كلیلی ئاشتی و شه‌ڕ، كێشه‌ی كوردیش بۆته پاسۆردی ئه‌م كلیله.
پ: توركیا چی له كوردانی سوریا ده‌خوازێت؟
كه‌سكین بایندر: ئه‌گه‌ر به كوورتی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بده‌ینه‌وه، توركیا دوێنێ چی كردووه ئه‌مڕۆش به هه‌مان شێوه‌ك هه‌وڵده‌دات تا دان نه‌نێت به هه‌بوونی قه‌واره‌ی كوردانی سوریا. ئه‌گه‌ر شتێك هه‌بێت توركیا له كورد بیخوازێت، ئه‌وه وازهێنانی كورده له داواكاریه‌كانی له‌مه‌ڕ ماف و ئازادیه‌كان، له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكردنی رێنمایه‌كانی توركیا وه‌كو خۆی و ده‌ستگرتن به‌سه‌ر پڕۆفیلی كورد. وه‌كو هه‌موو پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان توركیا ناخوازێت گه‌لی كورد له رۆژئاوا بگاته ده‌ستكه‌وته‌كانی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌وڵده‌دات تا رێگا له ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌لی كورد بگرێت. عه‌قڵی ده‌وڵه‌تی تورك ده‌خوازێ كورد به‌ره‌و ئه‌و شوێنه ئاراسته بكات كه ده‌یخوازێت و له چوارچێوه‌یه‌كدا قه‌تیسیان بكات تا وابه‌سته‌یان بكات.
چاره‌سه‌رنه‌كردنی كێشه‌ی كورد له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا توركیا خسته ناو گێژهڵۆكێكهوه
پ: به گوێره‌ی ئه‌زموونی سیاسیتان، (ئه‌حمه‌د ئه‌لشه‌رع) سه‌رۆكی هه‌ته‌شه (هه‌یئه‌ی ته‌حریر شام) ده‌توانێ هاوسه‌نگیه‌كان بپارێزێت و لایه‌نه‌كان ئیداره بكات؟
كه‌سكین بایندر: مه‌سه‌له‌ی ئیداره‌دانی هاوسه‌نگیه‌كان یان ئاراسته‌كردنیان به‌ره‌و زه‌مینه‌ی چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌یه‌ك نیه په‌یوه‌ست بێت به ناوه‌كان. ئه‌مه مه‌سه‌له‌یه‌كی جیهانی و سیسته‌مه. (ئه‌لشه‌رع) كه‌سێكه تا دوێنێ له‌ناو داعش له موسڵ به‌رپرسیاریه‌تی هه‌بووه له‌ژێر ناوی (جۆلانی). ئه‌مڕۆ وه‌كو سه‌رۆكی هه‌ته‌شه له سوریا هێنراوه‌ته گۆڕه‌پانه‌كه و له‌سه‌ر كوورسیهكهی ئه‌سه‌د دانراوه. رووخاندنی رژێمێكی 61 ساڵه به 12 رۆژ ستراتیژ و سه‌ركه‌وتنی ئه‌لشه‌رع نیه، به‌ڵكو پڵانێكی هێزه جیهانیه‌كانه. له‌به‌ر ئه‌مه هه‌ڵه ده‌بێت ئه‌گه‌ر له كاتی گفتوگۆی چاره‌سه‌ری هه‌میشه‌یی له سوریادا گرنگی به‌ناوه‌كان بدرێت. پێویسته له‌سه‌ر بنه‌مای مۆدێلی حوكمڕانی چاره‌سه‌ری گفتوگۆی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی سوریا بكرێت. ئه‌وه‌ی سوریا پێویستی پێی هه‌یه مۆدێلێكی نوێی هه‌میشه‌یی حوكمڕانی و رێنوێی چاره‌سه‌ریه. فۆڕم و مۆدێلێكی حوكمڕانی فره‌ڕه‌نگ، یه‌كسانیخواز، فرهكلتوور، فره‌ناسنامه و له رووی ئایینیه‌وه هه‌موو سوریه‌كان له‌خۆ بگرێت، ده‌توانێ چاره‌سه‌ری بۆ كێشه‌كانی ئه‌م وڵاته بدۆزێته‌وه. ئه‌م مۆدێله بۆ سوریا نه خه‌یاڵه و نه مه‌حاڵیشه. له‌م وێستگه‌یه‌وه بایه‌خی ئه‌و مۆدێله حوكمڕانیه ده‌رده‌كه‌وێت كه له رۆژئاوادا دروستكراوه. ده‌بێت ئه‌و مۆدێله حوكمڕانیه نوێیه‌ی له رۆژئاوا بونیادنراوه به وردی له‌به‌رچاو بگیرێت و بكرێته مۆدێلی ته‌واوی سوریا.
مۆدێلی ژیانی ئازاد و دیموكراتیانه كه له رۆژئاوا بونیادنراوه، سه‌ره‌ڕای سیاسه‌تی شه‌ڕ و خاپوور كردن بۆ خه‌ڵكی رۆژئاوا بۆته مایه‌ی هیوا و هێزی پێ به‌خشیووه. ئه‌م مۆدێله بۆ خه‌ڵكی سوریا ده‌رفه‌تێكه. كاتی بێت یان هه‌میشه‌یی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی به رێبه‌رایه‌تی (ئه‌لشه‌رع) دروست ده‌كرێت ناتوانێ خۆی له‌سه‌ر پێ بگرێت و سه‌قامگیری به‌رقه‌رار بكات ئه‌گه‌ر مۆدێلی حوكمڕانی رۆژئاوا به بنه‌ما نه‌گرێت. بێگومان ئه‌م پڕۆسه‌یه ته‌نیا كاریگه‌ری له‌سه‌ر (ئه‌لشه‌رع) و (هه‌ته‌شه) به‌جێناهێڵێت، به‌ڵكو كاریگه‌ری له‌سه‌ر دواڕۆژی سوریاش به‌جێدێڵێت. ئه‌گه‌ر مۆدێلی پێویستی حوكمڕانی و سیاسه‌تی ئاراسته‌كراو به‌ره‌و چاره‌سه‌ری په‌یڕه‌و نه‌كرێت، ئه‌وه قه‌یرانه‌كانی سوریا دوای رۆیشتنی ئه‌سه‌دیش هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بن، بگره زه‌مینه‌ی قوڵبوونه‌وه و به‌رفراوانبوونی زیاتریشی هه‌یه. بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی سوریا و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌بێت ئه‌م واقیعه له‌به‌رچاو بگیرێت.
كێشه‌ی كورد سنووره‌كانی تێپه‌ڕاندووه و بۆته كێشه‌یه‌كی جیهانی
پ: پێشڕه‌ویه‌كانی سوپای ئیسرائیل بۆ ناو سوریا چۆن لێكده‌ده‌یته‌وه، ئیسرائیل له سوریادا به‌دوای چی ده‌گه‌ڕێت؟
كه‌سكین بایندر: به‌ر له‌وه‌ی وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌تان بده‌مه‌وه، ده‌مه‌وێت ره‌هه‌ندێكی ئه‌م پرسیاره روون بكه‌مه‌وه. هیچ سیاسه‌تێك و ستراتیژێك له‌مه‌ڕ داگیركاری به راست و ره‌وا نابینین. مه‌سه‌له‌كه په‌یوه‌ست نیه به‌وه‌ی ئیسرائیل ده‌یه‌وێت چی بكات. بۆ ئه‌وه‌ی پڵانه‌كانی سه‌ر سوریا هه‌ڵسه‌نگێنین، ده‌بێت سه‌یری ئه‌و سیاسه‌تانه بكه‌ین كه ئه‌كته‌ره‌كان په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن. ره‌نگه پێویست بكات به‌ر له ئیسرائیل یان هه‌ر هێزێكی دیكه هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ نموونه‌ی توركیا بكه‌ین.
ڕەنگە پێویست بێت ئەو گریمانەیە لە ڕێگەی نموونەی تورکیە پێش ئیسرائیل یان هەر زلهێزێکی دیکە هەڵسەنگێندرێت. چونكه توركیا له ئێستا و له داهاتووشدا، له هه‌موویان زیاتر ئاره‌زووی سه‌پاندنی به‌رفراوانترین كاریگه‌ری هه‌یه له سه‌ر سوریا، له رووی سه‌ربازی و سیاسیه‌وه. توركیا له رۆژی یه‌كه‌مینه‌وه تا ئه‌مڕۆ ویستی سیاسه‌تی فراوانخوازی له‌سه‌ر بنه‌مای نیو – عوسمانی له‌ناوچه‌كه‌دا په‌یڕه‌و بكات. ئه‌مڕۆ هه‌بوونی سوپای توركیا و هێزه پارهمهتریهكانی سه‌ر به توركیا له‌سه‌ر خاكی سوریا، ده‌ره‌نجامی سیاسه‌تی فراوانخوازی ئه‌م وڵاته كه له‌سه‌ر بنه‌مای نیو – عوسمانی په‌یڕه‌و ده‌كرێت. به‌داخه‌وه ئه‌و سیاسه‌ته‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستگرتن به‌سه‌ر دهوڵهمهندیهكانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و سه‌ركوتكردنی داواكاری ئه‌و گه‌لانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م جوگرافیایه ده‌ژین له پێناو دیموكراسی و ئازادی تا رۆژی ئه‌مڕۆ درێژه‌ی هه‌یه. ئه‌م دیفاكتۆیه‌ی له نێوان بلۆكی رۆژهه‌ڵات – رۆژئاوا گیری خواردووه، ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ خۆیدا هاوسه‌نگی نوێ دێنێته‌ئاراوه. ده‌شكرێت قوڵبوونه‌وه‌ی شه‌ڕ و قه‌یران له سوریا دوای غه‌زه و لوبنان وه‌كو به‌شێك له هاوسه‌نگیه‌كان ببینین. تا ئه‌مڕۆ خاكی سوریا میوانداری بۆ شه‌ڕی به وه‌كاله‌ت كردووه. به تایبه‌تی دوای ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی ناوخۆ له سوریادا له ساڵی 2011، له‌لایه‌كی به‌ره‌ی شه‌ڕ هێزه‌كانی ژێر فه‌رمانده‌یی ئه‌مریكا، ئینگلته‌ڕا و ناتۆ هه‌بوو، له‌لایه‌كه‌ی دیكه‌شه‌وه هێزه‌كانی بلۆكی رۆژهه‌لات به سه‌رۆكایه‌تی روسیا و ئێران سه‌نگه‌ریان گرتبوو. هه‌رچه‌نده هێزه هه‌ژموونگه‌ره‌كان به‌خۆیان به‌شداریان نه‌بوون، به‌ڵام شه‌ڕه‌كه له‌لایه‌ن ئه‌و گرووپ و بانده چه‌ته‌گه‌ریانه به‌رده‌وام بوو كه وه‌كو بریكاری ئه‌وان شه‌ڕی به‌وه‌كاله‌تیان به‌ڕێوه ده‌برد. هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ شه‌ڕی به وه‌كاله‌ت، سوریا بووه باخچه‌ی پشته‌وه‌ی هێزه ده‌سه‌ڵاتخوازه‌كان. به‌ڵام له دوای 8 كانوونی یه‌كه‌م له سوریادا قۆناخێكی نوێ ده‌ستی پێكردووه. رووخانی رژێمی به‌عس بووه سه‌ره‌تای قۆناخی وه‌چه‌رخان. بێگومان له‌ناو ئه‌م هاوسه‌نگیه‌دا ئه‌م پرسیاره گرنگی خۆی هه‌یه:" هه‌ڵوێست له‌مه‌ڕ داخوازیه‌كانی خه‌ڵكی رۆژئاوا و سوریا سه‌رباره‌ت به دیموكراسی و ئازادی چی به‌سه‌ر دێت؟". ئه‌و سیاسه‌ته‌ی بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره په‌ره ده‌سێنێت، دواڕۆژی سوریا و ناوچه‌كه دیاری ده‌كات. له‌م قۆناخه نوێیه‌ی كه له سوریا ده‌ستی پێكردووه، توركیا و ئه‌كته‌ره‌كانی دیكه هه‌وڵه‌كانیان ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ تا پێگه‌ی خۆیان به‌هێز بكه‌ن. له داڕشتنی هه‌ر پڵانێك، له دروستكردنی هه‌ر هاوسهنگیهكدا، ئه‌وه‌ی گرنگه ئایا چاره‌سه‌ریه‌كی هه‌میشه‌یی بۆ سوریا دێنێت یان نا. ئه‌گه‌ر ئه‌م هاوسه‌نگیانه نه‌بنه مایه‌ی چاره‌سه‌ری بۆ قه‌یرانی سوریا و مه‌سه‌له‌ی كورد، ئه‌وه شه‌ڕی سوریا زیاتر قوڵ ده‌بێت و به ناوچه‌كه‌دا بڵاوده‌بێته‌وه.