Draw Media

پەرلەمانی كوردستان، لەنێوان بەڵێنی زۆر و بێكرداریی حیزبەكاندا

پەرلەمانی كوردستان، لەنێوان بەڵێنی زۆر و بێكرداریی حیزبەكاندا

2025-10-20 20:19:14


درەو:
🔻 پاڵپشت ڕاپۆرتی دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان، بۆ هەڵبژاردنەکانی خولی پێنجەم و شەشەمی پەرلەمانی كوردستان؛
🔹 كۆی‌ بەڵێنەكانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بۆ دەنگدەرانی‌، لەهەڵبژاردنی ساڵی (2018) بریتیی بوو لە (62) بەڵێنی‌ هەڵبژاردن (77%)ی بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکردووە، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەم لە ساڵی (2024)، (85%)ی بەڵینەکانی دووبارەبوون.
🔹 بەڵێنەكانی‌ یەکێتی نیشتمانی كوردستان بۆ دەنگدەرانی‌، لەهەڵبژاردنی ساڵی (2018) بریتیی بوو لە (181) بەڵێنی‌ هەڵبژاردن (92%)ی بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکردووە، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەم لە ساڵی (2024)، (96%)ی بەڵینەکانی دووبارەبوون.
🔹 بەڵێنەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دەنگدەرانی‌، لەهەڵبژاردنی ساڵی (2018) بریتیی بوو لە (228) بەڵێنی‌ هەڵبژاردن (99%)ی بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکردووە، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەم لە ساڵی (2024)، (93%)ی بەڵینەکانی دووبارەبوون.
🔹 بەڵێنەکانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ دەنگدەرانی‌، لەهەڵبژاردنی ساڵی (2018) بریتیی بوو لە (50) بەڵێنی‌ هەڵبژاردن (100%)ی بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکردووە، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەم لە ساڵی (2024)، (100%)ی بەڵینەکانی دووبارەبوون.
🔹 بەڵێنەکانی یەکگرتووی ئیسلامی بۆ دەنگدەرانی‌، لەهەڵبژاردنی ساڵی (2018) بریتیی بوو لە (126) بەڵێنی‌ هەڵبژاردن (99%)ی بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکردووە، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەم لە ساڵی (2024)، (94.5%)ی بەڵینەکانی دووبارەبوون.
🔹 بەڵێنەکانی کۆمەڵی دادگەری بۆ دەنگدەرانی‌، لەهەڵبژاردنی ساڵی (2018) بریتیی بوو لە (69) بەڵێنی‌ هەڵبژاردن (97%)ی بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکردووە، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەم لە ساڵی (2024)، (77.4%)ی بەڵینەکانی دووبارەبوون.
🔹 بەڵێنەکانی ڕەوتی هەڵوێست بۆ دەنگدەرانی‌، لەهەڵبژاردنی خولی شەشەمی ساڵی (2024) بریتیی بوو لە (143) بەڵێنی‌ هەڵبژاردن و بەڵێنەکانی بەرەی گەل بۆ دەنگدەرانی‌ بریتیی بوو لە (278) بەڵێنی‌ هەڵبژاردن، هەردوو پارتەکە یەکەم جاریان بوو بەشداری هەڵبژاردن بکەن.

ڕاپۆرتی دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان

پێشەکی
پەرلەمانی كوردستان بەپێی یاسا "تاكە مەرجەعی سیاسی و دەستوورییە بۆ بریاردان لەسەر پرسە چارەنووسسازەكانی گەلی كوردستانی عیراق"، لە رووی یاساییەوە چەتری كۆكەرەوەی سەرجەم بیر و بۆچوونە جیاوازەكانی پێكهاتە جیاجیاكانی خەڵكی هەرێمی كوردستانە و تاكە دامەزراوەیە شەرعیەتی ئەوەی هەبێت بەناوی سەرجەم هاوڵاتیانەوە بڕیار دەربكات و هەڵوێستی روون رابگەیەنێت، لەم پێناوەدا بەهەموو ئەو رەخنەو سەرنجانەش كە لەسەریەتی پێویستە پشتگیری بكرێت، كۆسپ و لەمپەرەكانی بەردەمی هەڵگیرێن، دەست نەخرێتە كاروبارییەوەو سەربەخۆیی تەواوی بۆ بگێڕدرێتەوە تا بە ئەركە یاسایی و پەیڕەوییەكانی خۆی هەڵسێت.
وێڕای ئەوەی دووای دوو ساڵ بۆشایی یاسایی و بێ پەرلەمانی لە هەرێم، لە 20/10/2024 هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەم ئەنجامدرا، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدابێت كە ساڵێك تێپەڕیوە هێشتا وەك ئەوە وایە هیچ نەكرابێت و ئەو بۆشاییە یاساییەی لەهەرێمدا هەبوو بەردەوامە. چونكە لەیەكەم دانیشتندا ئەندامان تەنها سوێندی یاساییان خوارد و دانیشتنەكە بە كراوەیی هێڵرایەوە.
ئەو رەوشەی لە ساڵی رابردوودا گوزەراوە، پێچەوانەی هەموو ئەو بەڵێنانەیە كە لیستەكان لەسەروبەندی بانگەشەكاندا بە دەنگدەرانیانداوە. ئۆباڵیشی دەكەوێتە ئەستۆی هەردوو هێزی سەرەكی پارتی و یەكێتی كە بەرپرسیارن لێی. ئەو هێزانەی بە ئۆپۆزسیۆنیش ناسراون، كە هیچ كاریگەرییەكیان بەسەر گۆڕانكارییەكانەوە نیە، بەقەد سەنگ و قورسایی خۆیان لەم بەرپرسیارێتییە بەدەر نین. 
لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا زۆر ئاساییە لیستەكان گوتاری هەڵبژاردنیان هەبێت، كە پێویستە گوتارەكان روون و ورد و ئومێد بەخش و واقیعی بن و هیوا دروست بكەن لای هاوڵاتی دەنگدەر، بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت لەهەرێمدا زۆرینەی گوتاری لیستەكان بێ قەناعەت و بنەمای فیكری و واقیعین، ئەمەش دەچێتە چوارچێوەی گوتاری چەواشەوە. هەر بۆیە كاتێك لەم راپۆرتە ورد دەبینەوە ئەوە خراوەتە روو كە لیستەكان بەر لە هەڵبژاردن زۆرترین بەڵێنیانداوە، بەڵام لەدوای هەڵبژاردندا كەمترینیان جێبەجێ كردووە. نەك هەر ئەمە بەڵكو زۆرینەیان دوای هەڵبژاردن پێچەوانەی بەڵێنەكانیشیان هەڵسوكەوتیان كردووە.
حیزبە دەسەڵاتدارەكان لە كارنامەكانیاندا داوای سەروەری یاسایان كردووە، بەڵام دوای هەڵبژاردن هەر خۆیان بەشێك بوون لە هۆكاری یاسا شكێنیەكان. لە كارنامەكانیاندا داوای بەجێهێنانی پرەنسیپە دیموكراتیەكان و ئازادی سیاسی و رێكخراوەییان كردووە، كەچی هەر خۆشیان دیموكراتیەتیان پێشێلكردووەو ئازادییەكانیان بەرتەسك كردۆتەوە. لە كارنامەكانیاندا داوای سەربەخۆیی دادگاكانیان كردووەو دواتر هەر خۆشیان دادگاكانیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكار هێناوە. لە كارنامەكانیاندا داوای شەفافیەت دەكەن و هەر خۆشیان هۆكاری ناڕوونی داهات و شاردنەوەی زانیارییەكانن. ئەم بەڵێنانەو دەیان و سەدان بەڵێنی تر كە تەنها بۆ ریكلام و كۆكردنەوەی دەنگ بەدەنگدەرانیان داوەو دواتر بیریان چۆتەوە. 
حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكانیش لە كارنامەكانیاندا بەڵێن گەلێكی گەورەتریان لەقەبارەی خۆیان بە دەنگدەرانیان داوە، بە ئاستێك باری خۆیان قورس كردووە كە نەك هیچیان پێ جێبەجێ نەكراوە بەڵكو كەمترین هەوڵیشیان بۆ جێبەجێكردنیان داوە.
دەكرێ بڵێین بەڵێنی لیستەكان بەبێ جیاوازی، تەنها دیاردەیەكی زمانەوانی و دەنگەدەنگێكەو لەچوارچێوەی قسە و نوسینی سەر لاپەڕەكان زیاتر هیچی تر نەبووە، هەر بۆیەش هەمیشەو هەڵبژاردن لەدوای هەڵبژاردن هەمان بەڵێنەكانی پێشوویان لەسەر كلێشەیەكی جێگیر، بەچەند دەسكارییەكی وشەو زمانەوانییەوە دووبارە كردۆتەوە، بێ ئەوەی هیچی وایان لێ جێبەجێ كردبێ و بەبێ ئەوەی تاكی دەنگدەریش لێپێچینەوەی لێكردبن.
ئەگەر وانیە، بۆچی دوای ئەو سەدان بەڵێنەی دەدرێن، هەڵبژاردنەكان لەوادەی خۆیاندا ناكرێن، كە دەشكرێت ساختەكاریان تیادا ئەنجامدەدرێت؟ پرۆسەی سیاسی و پەرلەمان پەك دەخرێت، یاساكان پێشێل دەكرێن، شەفافیەت نیە و گەندەڵی بەربڵاو، مافی مرۆڤ پێشێل دەكرێت و ئازادییە سیاسی و مەدەنییەكان بەرتەسك دەكرێنەوە، رۆژنامەنوس و چالاكوانان رووبەڕووی هەڕەشەو ئەشكەنجە دەبنەوە، دامەزراوە فەرمیەكان پەك دەخرێن، دەست دەخرێتە كاروباری دادگاو دادوەرانەوە، خزمەتگوزارییەكان وەك پێویست نین، داهات دیار نیە، ئەمانە و سەدان گرفتی تر كە بەرۆكی هاوڵاتیانیان گرتووە، لەكارنامەی هەموو لیستەكاندا بەڵێنی چارەسەركردنیان دراوە، كەچی هەڵبژاردن لەدوای هەڵبژاردن، بەردەوام لەناو بازنەیەكی بۆشدا دەخولێینەوە.
ئێمە لە دامەزراوەی پەی، هەروەك لە لە دووانزە ساڵی رابردوودا چاودێری هەردوو خولی چوارەم و پێنجەمی پەرلەمانمان كردووە، لە خولی شەشەمیشدا بەهاوكاری رێكخراوی سندوقی پاڵپشتی دیموكراسی NED))ی ئەمەریكی لەچوارچێوەی پڕۆژەی چاودێریكردنی پەرلەماندا بەردەوام دەبین لەسەر پرۆسەی چاودێریكردن، بەڵام بەهۆی نەبوونی پەرلەمان لە ئێستادا و پەك كەوتنی كارەكانییەوە، راپۆرتی ئەمجارەمان تەرخان كردووە بە بەڵێنەكانی هەڵبژاردنەوە، چ لەسەر ئاستی حیزبە سیاسییەكان یا وەك كاندیدان لە بانگەشەكاندا بۆ كۆكردنەوەی دەنگ سەدان بەڵێنیان بە دەنگدەرانیان دا، دوای هەڵبژاردنەكەش نەك هەر پشتیان تێكردن و خاوەنی بەڵێنەكانی خۆیان نەبوون، بەڵكو پەكی دامەزراوەكەشیان خست.
لە راپۆرتەکەدا چاودێری بەڵێنەكانی هەڵبژاردنی لیستە سەرەكییەكانی (پارتی، یەكێتی، گۆڕان، نەوەی نوێ، یەكگرتوو و كۆمەڵ) كراوە لە خولی پێنجەمی پەرلەمان و ئاستی جێبەجێكردن و پشتگوێ خستنیان خراونەتە روو. بەراوردی بەڵێنەكانی لیستەكان لە خولی پێنجەمدا لەگەڵ خولی شەشەمدا كراوەو رێژەی بەڵێنە دووبارەكان خراوەتە روو كە لە خولی پێشوودا كاریان لەسەر نەكردوون و لەم خولەشدا دیسانەوە بەدەنگدەرانیان داوەتەوە.  

یەکەم؛ بەرنامەی پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەم و شەشەمی پەرلەمانی كوردستان
1.    بەرنامەی پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان 2018
بەرنامەی‌ لیستی‌ پارتی بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان‌ لە (10) بەش پێكهاتبوو، هەر بەشێك دابەش بووە بۆ سەر چەندین تەوەرو سێكتەرێكی‌ جیاواز، بەجۆرێك بەرنامەكە ئەوەندە فراوان بوو، ئەوەندە بەڵێنی‌ هەڵبژاردنی‌ تێدابوو كە هەندێكیان جێبەجێكردنیان ئەستەم بوو، وهەندێكی‌ تریشیان هیچ پێوەندییەكیان بەپەرلەمانی‌ كوردستانەوە نەبوو.
بەشی‌ یەكەمی‌ بەرنامەی‌ لیستی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان (10) بەڵێنی‌ هەڵبژاردن لەخۆ دەگرت. بەشی‌ دووەم (12) بەڵێنی‌ تێدابوو، بەشی‌ سێیەمیش (8) بەڵێن ، وبەشی‌ چوارم (3) بەڵێن، وبەشی‌ پێنجەم (4) بەڵێن  ، وبەشی‌ شەشەم (5) بەڵێن ، وبەشی‌ حەوتەم (5) بەڵێن ، وبەشی‌ هەشتەم (6) بەڵێن و، بەشی‌ نۆییەم (5) بەڵێن و بەشی‌ دەیەم (4) بەڵێنی لەخۆ دەگرت،و كۆی‌ بەڵێنەكانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بۆ دەنگدەرانی‌، بریتیی بوو لە (62) بەڵێنی‌ هەڵبژاردن كە پێویست بوو لەماوەی‌ چوار ساڵی‌ خولی پێنجەمی‌ پەرلەمانی‌ كوردستاندا جێبەجیێان بكات.
لەماوەی‌ چوار ساڵی‌ تەمەنی‌ خولی پێنجەمی‌ پەلەمانی‌ كوردستاندا، لیستی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان كە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانیش لەدەستی خۆیاندا بووە، لەو (62) بەڵێنەی‌ بەدەنگدەرانی دابوو، لە پەرلەماندا وەك داڕشتنی یاسا تەنها (14) بەڵێنی جێبەجێكردووە، جگە لەمانە هەوڵی بۆ جێبەجێكردنی (14) بەڵێنی تریش داوە بەڵام جێبەجێ نەكراون، واتە بە گشتی بە حكومەت و پەرلەمانەوە پارتی لەو (62) بەڵێنەی دابووی (34) بەڵێنیان بەهیچ شێوەیەك كاریان لەسەر نەكراوەو بەمەش ڕێژەی بەڵێنە جێبەجێكراوەكانی لەماوەی چوار ساڵدا دەگاتە (%22.5)، ئەوانەی تری جێبەجێ نەكردووەو بەدینەهێناوە، كە لەكاتی‌ هەڵبژاردنەكاندا بانگەشەی‌ بۆ كردووە.

2.     بەرنامەی پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان 2024
بەرنامەی‌ لیستی‌ پارتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان‌ لە (14) تەوەر پێكهاتووە، هەر تەوەرێك بەسەر چەندین خاڵ دابەشكراوە، بەجۆرێك بەرنامەكە ئەوەندە فراوانەو ئەوەندە بەڵێنی‌ هەڵبژاردنی‌ تێدایە كە هەندێكیان جێبەجێكردنیان ئەستەمە، وهەندێكی‌ تریشیان هیچ پێوەندی‌ بەپەرلەمانی‌ كوردستانەوە نییە.
تەوەری یەكەمی‌ بەرنامەی‌ لیستی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان كە تایبەتە بە (بواری سیاسی)، (26) بەڵێنی‌ هەڵبژاردنی لەخۆ گرتووە،و تەوەری دووەم تایبەتە بە بواری (كارگێڕی و ئابوری و چاكسازی گشتی) (20) بەڵێنی‌ هەڵبژاردنی لەخۆ گرتووە،و تەوەری سێیەم تایبەتە بە بواری (كشتوكاڵ و پیشەسازی و بازرگانی و گەشتوگوزار) لە (16) بەڵێن پێكهاتووە،و تەوەری چوارەم تایبەتە بە بواری (خزمەتگوزاریی گشتی) و (8) بەڵێنی‌ لەخۆ گرتووە. تەوەری پێنجەم تایبەتە بە بواری (پێشمەرگە و شەهیدان و ئەنفالكراوان) و (11) بەڵێنی‌ هەڵبژاردنی لەخۆ گرتووە، تەوەری شەشەم تایبەتە بە بواری (دامەزراوە ئەمنییەكان و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ) كە (4) بەڵێنی‌ لەخۆ گرتووە،و تەوەری حەوتەم تایبەتە بە بواری (تەندروستی گشتی) و (8) بەڵێنی‌ لەخۆ گرتووە، وتەوەری هەشتەم تایبەتە بە بواری (ئافرەت و پاراستنی خێزان) كە (6) بەڵێنی‌ لەخۆ گرتووە،و تەوەری نۆیەم تایبەتە بە بواری (كار و هەلی كار) و (7) بەڵێنی‌ لەخۆ گرتووە، وتەوەری دەیەم تایبەتە بە بواری (پەروەردە و خوێندن و خوێندنی باڵا) لە (10) بەڵێن پێكدێت،و تەوەری یانزەهەم تایبەتە بە بواری (كولتور و وەرزش و لاوان) و (11) بەڵێنی‌ لەخۆ گرتووە. تەوەری دووانزەهەم تایبەتە بە بواری (مافی مرۆڤ و ئازادییەكان) لە (8) بەڵێنی پێكهاتووە. وتەوەری سیانزەهەم تایبەتە بە بواری (پێكەوە ژیان و لێبوردەیی) لە (10) بەڵێن و دووا تەوەریش تەوەری چواردەهەمە كە تایبەتە بە بواری (ڕۆشنبیری و میدیا) و (10) بەڵێنی‌ هەڵبژاردن لەخۆ دەگرێت.
بەگشتی كارنامەی پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بۆ دەنگدەرانی ‌بریتییە لە (155) بەڵێنی‌ هەڵبژاردن كە پێویست دەكات لەماوەی‌ چوار ساڵی‌ خولی‌ شەشەمی هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ كوردستاندا جێبەجیێان بكات،و لەو (155) بەڵێنە (133) بەڵێنی دووبارەیە كەدەكاتە ڕێژەی (%85.8) پێشتر و لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا پارتی بە دەنگدەرانیدابوو بەبێ ئەوەی كاریان لەسەر بكات. 

دووەم؛ بەرنامەی یەکێتی نیشتمانی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەم و شەشەمی پەرلەمانی كوردستان
1.     بەرنامەی یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان 2018
بەرنامەی‌ لیستی‌ یەكێتی‌ لە (5) بەش پێكهاتبوو، هەر بەشێك دابەش دەبووە سەر چەندین مادەو سێكتەری‌ جیاواز، بەجۆرێك بەرنامەكە ئەوەندە فراوان بوو ئەوەندە بەڵێنی‌ هەڵبژاردنی‌ تێدابوو كە هەندێكیان جێبەجێكردنیان ئەستەم بوو، هەندێكی‌ تریشیان هیچ پێوەندیەكیان‌ بەكاری‌ پەرلەمانی‌ كوردستانەوە نەبوو.
ئەو بەڵێنانەی‌ یەكێتی‌ بەدەنگدەرانی‌ خۆیدابوو، بریتی بوو لەپێشەكییەكی‌ (9) خاڵی‌، ئینجا لەبەشی‌ یەكەمدا (17) بەڵێنی‌ هەڵبژاردنی‌ بەدەنگدەرانی‌ خۆیدابوو، لەبەشی‌ دووەمیشدا (9) بەڵێن هەبوو، لەبەشی‌ سێیەمیشدا (33) بەڵێن درابوو، لەبەشی‌ چوارەمدا (80) بەڵێن و بەشی‌ پێنجەمیش (35) بەڵێنی لەخۆ دەگرت، بەم شێوەیە كۆی‌ گشتی‌ بەڵێنەكانی‌ لیستی‌ (105) ی‌ یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان دەگەیشتە (183) بەڵێن.
لەماوەی‌ چوار ساڵی‌ تەمەنی‌ خولی‌ پێنجەمی‌ پەلەمانی‌ كوردستاندا، لیستی‌ یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان لەكۆی‌ (183) بەڵێن، كە بەدەنگدەرانی‌ خۆیدا بوو، تەنیا (14) بەڵێنی‌ بەشێوەیەكی‌ تەواو جێبەجێكردووە، كار بۆ جێبەجێكردنی‌ (17) بەڵێنی تریش كردووە، بەڵام جێبەجێ نەكراون.
2.    بەرنامەی یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان 2024
بەرنامەی‌ لیستی‌ یەكێتی‌ لە (16) بەش پێكهاتووە، هەر تەوەرێك بەسەر چەندین خاڵ دابەشكراوە، بەجۆرێك بەرنامەكە ئەوەندە فراوانەو ئەوەندە بەڵێنی‌ هەڵبژاردنی‌ تێدایە كە هەندێكیان جێبەجێكردنیان ئەستەمە،و هەندێكی‌ تریشیان هیچ پێوەندی‌ بەپەرلەمانی‌ كوردستانەوە نییە.
بەشی یەكەمی‌ بەرنامەی‌ لیستی‌ یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان كە تایبەتە بە (سێكتەری سیاسی و دیبلۆماسی) و (9) بەڵێنی‌ هەڵبژاردنی لەخۆ گرتووە،و بەشی دووەمی تایبەتە بە (سێكتەری كارگێڕی و ئابوری) و (18) بەڵێنی‌ لەخۆ گرتووە،و بەشی سێیەمی تایبەتە بە (كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان، كەمئەندامانی سەنگەر و زیندانیانی سیاسی و ڕێكخستنە دێرینەكان) و (7) بەڵێن‌ لەخۆ دەگرێت، بەشی چوارەمی تایبەتە بە بواری (ناوچە دابڕێنراوەكان و ماددەی 140) لە (6) بەڵێن پێكهاتووە،و بەشی پێنجەمی تایبەتە بە بواری (ئاسایش و پێشمەرگە) كە (13) بەڵێنی‌ لەخۆ گرتووە،و بەشی شەشەمی تایبەتە بە بواری (گەنجان و ڕۆشنبیری و هونەر) لە (13) بەڵێن پێكهاتووە. وبەشی حەوتەمی تایبەتە بە بواری (پەروەردەو خوێندنی باڵا) و (12) بەڵێن لەخۆ دەگرێت، وبەشی هەشتەمی تایبەتە بە بواری (تەندروستی) كە (22) بەڵێن‌ لەخۆ دەگرێت،و بەشی نۆیەمی تایبەتە بە بواری (كشتوكاڵ و ئاودێری و ئاژەڵداری) لە (22) بەڵێن پێكهاتووە،و بەشی دەیەمی تایبەتە بە بواری (گەشتوگوزار) و (14) بەڵێنی‌ لەخۆ گرتووە،و بەشی یانزەهەمی تایبەتە بە بواری (پیشەسازی و وزە) و (7) بەڵێنی‌ هەڵبژاردن لەخۆ دەگرێت،و بەشی دووانزەهەمی تایبەتە بە بواری (وەرزشی) و (11) بەڵێنی‌ تیادا هاتووە،و بەشی سیانزەهەمی تایبەتە بە بواری (گرنگیدان بە ژنان) و (7) بەڵێن لەخۆ دەگرێت،و بەشی چواردەهەمی  تایبەتە بە بواری (ژینگەپارێزی) و (14) بەڵێنی‌ لەخۆ گرتووە، بەشی پانزەهەمی تایبەتە بە بواری (كرێكاران و كاسبكاران و پیشەوەران) و (5) بەڵێنی‌ تیادا هاتووە و دوا بەشیش بەشی شانزەهەمە كە تایبەتە بە پرسی (كۆچبەران) و تیایدا (1) بەڵێنی‌ هەڵبژاردنی لەخۆ گرتووە.
بەگشتی كارنامەی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان بۆ دەنگدەرانی ‌بریتیە لە (181) بەڵێنی‌ هەڵبژاردن كە پێویست دەكات لەماوەی‌ چوار ساڵی‌ خولی‌ شەشەمی هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ كوردستاندا جێبەجیێان بكات، لەو (181) بەڵێنە (174) بەڵێنی دووبارەیە كە كە دەكاتە ڕێژەی (%96.1)  پێشتر و لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا یەكێتی بە دەنگدەرانی دابوو بەبێ ئەوەی كاریان لەسەر بكات. 

سێیەم؛ بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەم و شەشەمی پەرلەمانی كوردستان

1.    بەرنامەی بزوتنەوەی‌ گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان 2018
بەرنامەی‌ لیستی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان لە (4) تەوەر پێكهاتبوو، هەر تەوەرێك دابەش بوو بۆ سەر كۆمەڵێك بەش و سێكتەری‌ جیاواز، بەجۆرێك بەرنامەكە ئەوەندە فراوانەو ئەوەندە بەڵێنی‌ هەڵبژاردنی‌ تێدایە كە هەندێكیان جێبەجێكردنیان ئەستەم بوو، هەندێكی‌ تریشیان هیچ پێوەندیان‌ بەكاری‌ پەرلەمانی‌ كوردستانەوە نەبوو.
ئەو بەڵێنانەی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان بەدەنگدەرانی‌ خۆیدابوو، لەتەوەری‌ یەكەمدا (33) بەڵێن، ولەتەوەری‌ دووەمیشدا (72) بەڵێن هەبوو، ولەتەوەری‌ سێیەمیشدا (56) بەڵێن درابوو لەتەوەری‌ چوارەمیشدا (67) بەڵێنی‌ هەڵبژاردنی لەخۆ گرتبوو، بەم شێوەیە كۆی‌ گشتی‌ بەڵێنەكانی‌ لیستی‌ (148) ی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان، دەگەیشتە (228) بەڵێن، كە بەزۆرترین بەڵێنی‌ هەڵبژاردنی‌ نێو چوار لیستەكانی پەرلەمان دادەنرا.
لەماوەی‌ چوار ساڵی‌ تەمەنی‌ خولی پێنجەمی‌ پەلەمانی‌ كوردستاندا، لیستی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان تەنها (2) دانەی لەو (228) بەڵێنەی‌ دابووی جێبەجێی كردووە كە لەكاتی‌ هەڵبژاردنەكاندا بانگەشەی‌ بۆ كردووە، كاری بۆ جێبەجێكردنی‌ (5) دانەشیان كراوە، كە پڕۆژە یاسای بۆ ئامادەكردووەو پێشكەشی پەرلەمانی كردووە، بەڵام جێبەجێ نەكراون.
2.    بەرنامەی لیستی‌‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان 2024
بەرنامەی‌ لیستی‌ گۆڕان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان لە چەند تەوەرێك پێكهاتووە، كە بریتین لە: عێراق و هەرێم كە (10) بەڵێنی‌ هەڵبژاردنی لەخۆ گرتووە، ئامانجە نیشتمانییەكان و دیموكراتییەكان (9) بەڵێن، وحكومەت و پەرلەمان (12) بەڵێن، دادی كۆمەڵایەتی (9) بەڵێن، تەندروستی و ژینگەپارێزیی‌ (10) بەڵێن، گەنجان (8) بەڵێن، خوێندكاران‌ (6) بەڵێن، ئافرەتان (7) بەڵێن، پرۆژەی‌ ستراتیجی‌ (4) بەڵێنی لەخۆ گرتووە.
بەگشتی كارنامەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دەنگدەرانی لە خولی شەشەمی پەرلەماندا ‌بریتیە لە (75) بەڵێنی‌ هەڵبژاردن كە پێویست دەكات لەماوەی‌ چوار ساڵی‌ ئەم خولەدا جێبەجیێان بكات، لەو (75) بەڵێنە (70) بەڵێنیان دووبارەن كە كەدەكاتە ڕێژەی (%93.3)  پێشتر و لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا گۆڕان بە دەنگدەرانی دابوو بەبێ ئەوەی كاریان لەسەر بكات.

چوارەم؛ بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەم و شەشەمی پەرلەمانی كوردستان
1.    بەرنامەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان 2018
بەرنامەی‌ لیستی‌ نەوەی‌ نوێ‌ بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمان لەپێشەكییەك و (50) بەڵێنی‌ هەڵبژاردن پێكهاتبوو، تیایدا ئاماژە بۆ ئەوەش كرابوو كە ئەوە بەرنامەی‌ چوار ساڵە، هەر بەڵێنێك لەم بەڵێنانە بەوردەكاری‌ زۆرەوە نوسرابوونەوە، بەرنامەو بەڵێنەكانیش زۆربەیان پەیوەندییان بەلایەنی‌ ئابووری‌ و پیشەسازی‌ و بازرگانی‌ و بانكییەوە هەبوو، بەرنامەكە بەجۆرێك فراوان بوو ئەوەندە بەڵێنی‌ هەڵبژاردنی‌ تێدا بوو كە هەندێكیان جێبەجێكردنیان ئەستەم بوو،و هەندێكی‌ تریشیان هیچ پێوەندی‌ بەكاری‌ پەرلەمانی‌ كوردستانەوە نەبوو.
لەماوەی‌ چوار ساڵی‌ تەمەنی‌ خولی پێنجەمی‌ پەرلەمانی‌ كوردستاندا، لیستی‌ نەوەی‌ نوێ‌ هیچ یەكێك لەم (50) بەڵێنەی‌ جێبەجێ نەكردووەو بەدینەهێناوە، كە لەكاتی‌ هەڵبژاردنەكاندا بانگەشەی‌ بۆ كردووە، تەنانەت بۆ هیچ كامێكیان پڕۆژە یاساشی ئامادە نەكردووەو پێشكەشی پەرلەمانی نەكردووە.

2.     بەرنامەی لیستی‌‌ نەوەی‌ نوێ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان 2024
بەرنامەی‌ لیستی‌ نەوەی نوێ بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان لە چوارچێوەی خۆیدا (37) بەڵێنی هەڵبژاردنی بە دەنگدەرانی داوە بۆئەوەی لەم خولەدا جێبەجێیان بكات، و بەهەمان شێوەی خولی ڕابردووی، نەوەی نوێ زۆربەی بەڵێنەكانی پەیوەندییان بەلایەنی‌ ئابووری‌ و پیشەسازی‌ و بازرگانی‌ و بانكییەوە هەیە.
بەگشتی كارنامەی نەوەی نوێ لەو (37) بەڵێنەی‌ داویەتی هەر هەموویان (%100) دووبارەن و (بەدەسكارییەكی كەمی زمانەوانییەوە) كە لە هەڵبژاردنی پێشووتریشدا لە خولی پێنجەم بەدەنگدەرانی دابوو بەبێ ئەوەی كار لەسەر هیچ كامیان بكات و هیچ پڕۆژەیاسایەكیشیان بۆ ئامادەو پێشكەش بكات.

پێنجەم؛ بەرنامەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەم و شەشەمی پەرلەمانی كوردستان
1.    بەرنامەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (بەرەو ئیصلاح)بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان 2018
لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان لە چوارچێوەی لیستێكدا بەناوی (بەرەی ئیصلاح)ەوە بە ژمارە (134) بەشداری هەڵبژاردنیان كرد. بەرنامەی‌ لیستەكە (126) بەڵێنی لە خۆ گرتبوو كە بەدەنگدەرانیان دابوو، هەریەك لە بوارەكانی: حوكمی ڕەشید، دژایەتی كردنی گەندەڵی، گەشەپێدانی ئابوری، خزمەتگوزارییە گشتییەكان، ئاسایش و ئاشتی كۆمەلایەتی، ڕۆشنبیری و هونەر و وەرزش، ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتان و گەنجان و چەند بوارێكی دیكەی لەخۆ گرتبوو.
بەرنامەو بەڵێنەكانی یەكگرتووش هاوتای حیزبەكانی تر زۆر فراوان بوو، ئەوەندە بەڵێنی‌ هەڵبژاردنی‌ تێدا بوو كە هەندێكیان جێبەجێكردنیان ئەستەم بوو، هەندێكی‌ تریشیان هیچ پەیوەندی‌ بەكاری‌ پەرلەمانی‌ كوردستانەوە نەبوو.
لەماوەی‌ چوار ساڵی‌ تەمەنی‌ خولی پێنجەمی‌ پەلەمانی‌ كوردستاندا، لیستی‌ یەكگرتوو توانیویەتی تەنها (1) بەڵێن لەم (126) بەڵێنەی‌ دابووی جێبەجێی بكات، جگە لەمانە لەهەوڵی بۆ جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی تریش لەم خولەدا داوە و(21) پێشنیازە یاساو بڕیاریشی پێشكەشی پەرلەمان كردووە، بەڵام هیچ كامیان نەچوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە و نەیتوانیوە بەڵێنەكانی بباتە سەر كە لەكاتی‌ هەڵبژاردنەكاندا بانگەشەی‌ بۆ كردوون،و بەشێك لە هۆكارەكانیش ئەوە بووە كە دەسەڵات ڕێگای نەداوە بەوەی پڕۆژەكانی ئۆپۆزسیۆن بخرێنە بەرنامەی كارەوەو بچنە بواری جێبەجێكردنەوە.
2.    بەرنامەی لیستی‌ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان 2024
بەرنامەی‌ لیستی‌ یەكگرتووی ئیسلامی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان لە چوار تەوەرە پێكهاتووە، كە بریتین لە: تەوەری یەكەم: گەیشتن بەحوكمی ڕەشید كە (15) بەڵێنی لەخۆگرتووە، تەوەری دووەم : پاراستنی ماف و دەسكەوتەكانی گەلی كوردستان لەچوارچێوەی دەستوردا (5) بەڵێن، تەوەری سێیەم بەناونیشانی تاكێكی باش خێزانێكی بەختەوەر، كۆمەڵگایەكی زیندوو (17) بەڵێن،و  تەوەری چوارەمیش بەناونیشانی بنیادنانی ئابووریەكی فرە دەرامەت و كۆمەڵگەیەكی هاوسەنگ و گەشەسەندوو وهاوڵاتیەكی بەرهەمهێن (18) بەڵێن لەخۆ دەگرێت. 
بەگشتی كارنامەی یەكگرتووی ئیسلامی بۆ دەنگدەرانی ‌بریتییە لە (55) بەڵێنی‌ هەڵبژاردن كە پێویست دەكات لەماوەی‌ چوار ساڵی‌ خولی‌ شەشەمی هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ كوردستاندا جێبەجیێان بكات، لەو (55) بەڵێنە (52) بەڵێنیان دووبارەن كەدەكاتە ڕێژەی (%94.5)  پێشتر و لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا یەكگرتوو بە دەنگدەرانی دابوو، كە نەیتوانی جێبەجێیان بكات.

شەشەم؛ بەرنامەی کۆمەڵی دادگەری بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەم و شەشەمی پەرلەمانی كوردستان
1.     بەرنامەی لیستی‌ كۆمەڵی دادگەری كوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان 2018
لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا، كۆمەڵی دادگەری كوردستان بە ژمارە (194) بەشداری هەڵبژاردنیان كرد. بەرنامەی‌ لیستەكە (69) بەڵێنی لە خۆ گرتبوو كە بەسەر حەوت تەوەردا دابەشكرابوو و بەدەنگدەرانیان دابوو، هەریەك لە بوارەكانی: یەكەم: سیاسی (9) بەڵێن، دووەم: یاسایی (7) بەڵێن، سێیەم: ئابووری و خۆشگوزەرانی (13) بەڵێن، چوارەم: ئایینی (7) بەڵێن، پێنجەم: پەروەردەو فێركردن (11) بەڵێن، شەشەم: كۆمەڵایەتی (11) بەڵێن، حەوتەمیش شەفافیەت و دادگەری (11) بەڵێنی لەخۆ گرتبوو.
لەماوەی‌ چوار ساڵی‌ تەمەنی‌ خولی پێنجەمی‌ پەلەمانی‌ كوردستاندا، لیستی‌ كۆمەڵ توانیویەتی تەنها (2) بەڵێن لەم (69) بەڵێنەی‌ دابووی جێبەجێی بكات، جگە لەمانە لەهەوڵی بۆ جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی تریش لەم خولەدا داوە و (22) پێشنیازە یاساو بڕیاریشی پێشكەشی پەرلەمان كردووە، بەڵام هیچ كامیان نەچوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە و نەیتوانیوە بەڵێنەكانی بباتە سەر كە لەكاتی‌ هەڵبژاردنەكاندا بانگەشەی‌ بۆ كردوون.
2.    بەرنامەی لیستی‌‌ كۆمەڵی دادگەری كوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان 2024
بەرنامەی‌ لیستی‌ كۆمەڵی دادگەری بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان لە نۆ تەوەرە پێكهاتووە، كە بریتین لە: 
تەوەری یەكەم: بنەما گشتییەكان (9) بەڵێنی لەخۆ گرتووە، وتەوەری دووەم: سیاسەت و بەڕێوەبردن (9) بەڵێن، وتەوەری سێیەم: كاروباری یاسایی (12) بەڵێن، وتەوەری چوارەم: ئیسلام و بەها باڵاكان (7) بەڵێن، وتەوەری پێنجەم: ئابووریی و خۆشگوزەرانی (15) بەڵێن، وتەوەری شەشەم: پەروەردە و فێركردن (13) بەڵێن، تەوەری حەوتەم: كاروباری كۆمەڵایەتی (6) بەڵێن، وتەوەری هەشتەم: ژینگە و تەندروستی (8) بەڵێن، وتەوەری نۆیەمیش: تایبەتە بە وەرزش و لاوان و (5) بەڵێنی لەخۆ گرتووە.
بەگشتی كارنامەی كۆمەڵی دادگەری بۆ دەنگدەرانی ‌بریتییە لە (84) بەڵێنی‌ هەڵبژاردن كە پێویست دەكات لەماوەی‌ چوار ساڵی‌ خولی‌ شەشەمی هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ كوردستاندا جێبەجیێان بكات، لەو (84) بەڵێنە (65) بەڵێنی دووبارەن كە دەكاتە ڕێژەی (%77.4) پێشتر و لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا كۆمەڵ بە دەنگدەرانی دابوو، بەڵام نەیتوانی بوو جێبەجێیان بكات.

 

حەوتەم؛ بەرنامەی رەوتی هەڵوێست بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان 2024
بەرنامەی‌ لیستی‌ ڕەوتی هەڵوێست بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان لە (15) تەوەرە پێكهاتووە، كە بریتین لە: 
تەوەری یەكەم: ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی (5) بەڵێنی لەخۆ گرتووە، تەوەری دووەم: بەنیشتیمانی كردنی هێزی پێشمەرگەو هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ (15) بەڵێن، تەوەری سێیەم: دۆسیەی وەبەرهێنان (5) بەڵێن، تەوەری چوارەم: دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان (6) بەڵێن، تەوەری پێنجەم: دۆسیەی خانەنشینی و كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانییانی سیاسی (2) بەڵێن، تەوەری شەشەم: دۆسیەی پارێزگاریی ژینگەو تەندروستی (21) بەڵێن، تەوەری حەوتەم: كێشەكانی ڕێگەوبان و گواستنەوەی گشتی (10) بەڵێن، تەوەری هەشتەم: پلانی ستراتیژیی پەروەردەو فیربوون (21) بەڵێن، تەوەری نۆیەم: سێكتەری وەرزش (6) بەڵێن، تەوەری دەیەم: دیدی ڕەوتی هەڵوێست بۆ خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان (7) بەڵێن، تەوەری یانزەهەم: نەهێشتنی توندوتیژی (4) بەڵێن، تەوەری دووانزەهەم: دیدی نەهیشتنی بێكاری و هەژاری (10) بەڵێن، تەوەری سیانزەهەم: ئازادیی رادەربرین و مافی مروف (7) بەڵێن، تەوەری چواردەهەم: كشتوكاڵ (13) بەڵێن، تەوەری پانزەهەمیش: كێشەكانی ئاو و سەرچاوە ئاویەكان (11) بەڵێنی لەخۆ گرتووە.
بەگشتی كارنامەی ڕەوتی هەڵوێست بۆ دەنگدەرانی ‌بریتییە لە (143) بەڵێنی‌ هەڵبژاردن كە پێویست دەكات لەماوەی‌ چوار ساڵی‌ خولی‌ شەشەمی هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ كوردستاندا جێبەجیێان بكات.
 
هەشتەم؛ بەرنامەی بەرەی گەل بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان 2024
بەرنامەی‌ لیستی‌ بەرەی گەل بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان لە (21) تەوەرە پێكهاتووە، كە بریتین لە: 
تەوەری یەكەم: پەرلەمانی كوردستان (5) بەڵێنی لەخۆ گرتووە، تەوەری دووەم: ئازادییەكان (9) بەڵێن، تەوەری سێیەم: دەسەڵاتی دادوەر (8) بەڵێن، تەوەری چوارەم: پەیوەندییەكانی هەرێم (7) بەڵێن، تەوەری پێنجەم: مافی پێكهاتەكان (4) بەڵێن، تەوەری شەشەم: پرسی ناوچە جێناكۆكەكان (9) بەڵێن، تەوەری حەوتەم: ژنان (10) بەڵێن، تەوەری هەشتەم: كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا (19) بەڵێن، تەوەری نۆیەم: كەرتی تەندروستی (18) بەڵێن، تەوەری دەیەم: كەرتی كشتوكاڵ و سامانی ئاژەڵ (19) بەڵێن، تەوەری یانزەهەم: كەرتی ئابووری و سامانی سروشتی (32) بەڵێن، تەوەری دووانزەهەم: كەرتی خزمەتگوزاری و گەشتوگوزار (21) بەڵێن، تەوەری سیانزەهەم: كەرتی وەرزش (9) بەڵێن، تەوەری چواردەهەم: بوارەكانی كلتور و هونەر و وێژە (9) بەڵێن، تەوەری پانزەهەم:  كەرتی ژینگە (14) بەڵێن، تەوەری شانزەهەم:  بواری كۆمەڵایەتی (14) بەڵێن، تەوەری حەڤدەهەم:  سەرمایە گوزاری لە توێژی گەنجان (7) بەڵێن، تەوەری هەژدەهەم:  پرسی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و قۆربانیانی كیمیاباران (17) بەڵێن، تەوەری نۆزدەهەم:  ئاسایشی نیشتمانی (پێشمەرگە، ئاسایش و هێزەكانی ناوخۆ) (32) بەڵێن، تەوەری بیستەم: تەكنەلوجیای نوێ زیرەكی دەستكرد و پێشهاتەكانی (8) بەڵێن، تەوەری بیست و یەكیش:  ڕەوەندی كوردی (7) بەڵێن لەخۆ دەگرێت.
بەگشتی كارنامەی بەرەی گەل بۆ دەنگدەرانی ‌بریتییە لە (278) بەڵێنی‌ هەڵبژاردن كە پێویست دەكات لەماوەی‌ چوار ساڵی‌ خولی‌ شەشەمی هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ كوردستاندا جێبەجیێان بكات.
 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand