Draw Media

حاكم ناز نوری: سكاڵا لەسەر دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی دەكەم

حاكم ناز نوری: سكاڵا لەسەر دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی دەكەم

2025-10-03 15:00:30



درەو:

حاكم ناز نوری بە (درەو)ی راگەیاند: سكاڵا لەسەر سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی تۆمار دەكەم، چونكە سوكایەتییان بە داواكاری گشتی كردووەو جیاوازی دەكەن لە نێوان داواكاری گشتی و دادوەراندا كە چاودێری تەواوی بڕیارەكانی دادوەران دەكات لە هەموو قۆناغەكاندا، ئەویش هەویەی دادوەرییەكەم. 
لە رونكردنەوەیەكدا سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی دەڵێت: ماوەیەکە کەسانێک کە هیچ سیفەتێکى دادوەرییان نیە و لە پەیکەرى پێکهاتەى ئەنجومەنى دادوەرى دادوەر نین، بەڵام بەناوى دادوەرەوە  خۆیان  دەناسێنن
 

رونكردنەوەیەك لە سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی:
#ڕوونکردنەوە 
ماوەیەکە کەسانێک کە هیچ سیفەتێکى دادوەرییان نیە و لە پەیکەرى پێکهاتەى ئەنجومەنى دادوەرى دادوەر نین، بەڵام بەناوى دادوەرەوە  خۆیان  دەناسێنن و لە سایت و کەناڵەكانەوە دەرئەكەون و قسەو ئاماژەى بێ سەروبەر بڵاودەکەنەوە بەناو خەڵکدا و بوونەتە هۆی دروستکردنى  بێمتمانەیی و چاندنی تۆوی ڕق و کینە لە ناو کۆمەڵگەدا..  
 بۆیە بەناوی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی كە بەشێكە لە ئەنجومەنى دادوەرى هەرێمی كوردستان هەموو ئەوانە ئاگادار دەكەینەوە کە بە کردەیی دادوەر نین و سەربە ئەنجومەنى دادوەرى هەرێمى کوردستان یان دەسەڵاتی دادوەری عیراق نین، جارێکیتر نازناوى دادوەر بەکار نەهێنن و خۆیانی پێ نەناسێنن.
هەر لەو میانەیەدا ماوەیەکە دەبینین کەسێک بەناوی (ناز نوری عارف) بۆ خۆدەرخستن خۆی بە (حاکم ناز)لە کەناڵ و سایتەکان ناوزەد دەکات و  بەپێی حەزی خۆی و چۆنی پێخۆشە سیناریۆ دادەڕێژێت و كەیس دروست دەكات و سوکایەتی بەدامەزراوەی دادوەری و دامەزراوەکانی تر دەکات و هەستی ناسکی خەڵک دەورووژێنێت، گوایە دادوەر بووە و وازی هێناوە.
لە ڕاستیدا ئەو کەسە  هیچ کاتێک دادوەر  نەبووە و لەسەر سەکۆی دادوەری دانەنیشتووە و لەتەمەنیدا دادوەریی نێوان دوو کەسی نەکردووە، بەڵكو ئەم کەسە کاتی خۆی ماوەیەکی کورت بەرپرسی فەرمانگەی  داواکاری گشتی سلێمانی بووە و ساڵی ٢٠١٤ بەر لە هاتنی تەمەنی خانەنشینی بە ڕاپۆرتی لیژنەی پزیشکی بە هۆكاری خراپی باری تەندرووستی و بەپلەی پەككەوتەیی (العجز البدني) خۆی هەواڵەی خانەنشینی کردووە و بە ٨٠٪ی ئیمتیازات و كۆتا موچەی كە لەوكاتەوە تائێستا مانگانە وەریدەگرێت و بەتێكڕایی سەدان ملیۆن دینار دەكات، ماوەی چەندين ساڵە لەماڵەوەیە و یاری بە هەست و سۆزی خەڵک دەكات، كە جێگای پرسیار و تێڕامانە كەسێك بەقسەی لیژنەی پزیشکی پەككەوتەیی هەبێت چۆن ئەتوانێ ئامۆژگاری خەڵك بكات و پەی بەچاكە و خراپە بەرێت، لەكاتێكدا لەو ماوەیەی بەرپرسیارێتی هەبووە هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ چارەسەری گرفتەکان.
بۆیە بەهەموو لایەکی ڕادەگەیەنین قسەو رەفتارەکانی ئەو کەسە لەسەر  دادوەر  حساب نەکەن، چونکە دادوەر نەبووە و هیچ کاتێك ئەو ئەرکەی نەبووە. وە بە مافی یاسایی خۆمانی دەزانین لەسەر ئەم رەفتار و خۆ بە دادوەر ناساندن و سیناریۆ داڕشتن و سوکایەتیکردنە بە دامەزراوەی دادوەری ئاگاداری بکەینەوە كە بە یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسە و هاوشێوەكانی دەكەین بۆ ئەوەی کەسیتر چاوی لێ نەکات و تووشی بەرپرسیارێتی یاسایی  نەبێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand