"شایستەی كۆمپانیاكانی نەوت لە هەژماری ئیسكرۆی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان گەرەنتیكراوە"
.png)
2025-10-01 16:09:26
(درەو):
كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان كە لە كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم پێكدێت و بە "ئەپیكور" ناسراوە، راگەیەندراوێكی لەبارەی میكانیزمی پێدانی پارەی بەرهەمهێنانی نەوت بڵاوكردەوە.
لە راگەیەندراوەكەیدا "ئەپیكور" باسلەوە دەكات، حكومەتی عێراق قەرەبووی پارەی شایستەی تایبەت بە بەرهەمهێنانی ئەو نەوتە دەكاتەوە؛ كە لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم بەرهەمدەهێنرێت و رادەستی كۆمپانیای (سۆمۆ) دەكرێت بۆ هەناردەكردن لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە.
ئەپیكور ئاشكرایكردووە، بازرگانێكی دیاریكراوی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان، نەوتەكە دەفرۆشیت و شایستەی كۆمپانیاكان لە هەژماری (ئیكسرۆ)ی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی نەوت دادەنێت، ئەمەش گەرەنتی پێدانی پارەی كۆمپانیاكانە.
بەگوێرەی رێككەوتنی سێقۆڵی وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم و كۆمپانیا بیانییەكان، لەبەرامبەر نرخی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم، بە نەوتی خاو قەرەبووی كۆمپانیا بیانییەكان دەكرێتەوە، ئەم كارەش لەرێگەی كۆمپانیایەكی بێلایەن جێبەجێ دەكرێت كە پارەی پشكی كۆمپانیاكان لەسەر ژمارە حسابییەك دادەنێت.
ئەپیكور ئاماژەی بەوەكردووە، بەگوێرەی یاسای بودجەی عێراق، بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك نەوت كە رادەستی (سۆمۆ) دەكرێت، وەزارەتی دارایی عێراق بەشێوەیەكی كاتیی بڕی 16 دۆلار دەدات.
