داهاتی نەوتی هەرێم لە نێوان هەرێم و کۆمپانیا سۆمۆدا

2025-10-01 19:52:15
درەو:
🔻 ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاندووە، کە لە ڕۆژی 27ی ئەیلوولی 2025 ەوە، بە تێکڕایی ڕۆژانە (195 هەزار) بەرمیل نەوت، لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ کراوە؛
🔹 بەپێی نرخی جیهانی نەوت لە ئێستادا هەر بەرمیلێک نەوت بەهاکەی (65) دۆلارە، ئەگەر نەوتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانای سۆمۆوە بەو نرخە بفرۆشرێت، بەم پێیە کۆی داهاتی (195 هەزار) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە و (5 ملیۆن و 850 هەزار) بەرمیل نەوت بە تێکڕای مانگانە، دوای لێدەرکردنی (16) دۆلار بۆ تێچووی هەر بەرمیلێک، بڕی پوختەی ئەو داهاتەی دەمێنێتەوە بەرامبەربە (378 ملیار و 378 ملیۆن) دینار.
🔹 پاڵپشت بە ڕاگەیەندراوەکانی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی لە ماوەی ڕابردوودا، هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە تێکڕای (33) دۆلار لە بازاڕەکانی ناوخۆ ساغدەکرانەوە، بەم پێیە کۆی داهاتی (195 هەزار) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە و (5 ملیۆن و 850 هەزار) بەرمیل نەوت بە تێکڕای مانگانە، دوای لێدەرکردنی (16) دۆلار بۆ تێچووی هەر بەرمیلێک، بڕی پوختەی ئەو داهاتە دەمایەوە بەرامبەربوو بە (131 ملیار و 274 ملیۆن) دینار.
نەوتی هەرێم لە نێوان هەرێم و کۆمپانیا سۆمۆدا
چوارشەممە 1ی ئۆکتۆبەری 2025، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، لە بڕگەیەکی ڕاگەیاندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە؛ "ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانیی خۆی بۆ بەردەوامبوون لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە، کە لە ڕۆژی 27ی ئەیلوولی 2025 ەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردن و لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، بە تێکڕایی ڕۆژانە (195 هەزار) بەرمیل نەوت، لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە، ڕادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی سۆمۆ کراوە و لە بازاڕی جیهانی فرۆشراوە، داهاتەکەی گەڕاوەتەوە بۆ گەنجینەی فیدڕاڵ".
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە (195 هەزار) بەرمیل نەوت، ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ کردوە، واتە مانگانە بە تێکڕا دەکاتە (5 ملیۆن و 850 هەزار) بەرمیل، لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە، جیاوازی ئەو داهاتە چەندە، لە فرۆشتنی نێوان هەرێم و کۆمپانیای سۆمۆ دێتە ئاراوە؟
• داهاتی فرۆشی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای هەرێمەوە؛
پاڵپشت بە ڕاگەیەندراوەکانی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی لە ماوەی ڕابردوودا، هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە تێکڕای (33) دۆلار لە بازاڕەکانی ناوخۆ ساغدەکرانەوە، بەم پێیە؛
- (195 هەزار) بەرمیل لێکدانی (30) ڕۆژ، دەکاتە (5 ملیۆن و 850 هەزار) بەرمیل نەوت مانگانە.
- (5 ملیۆن و 850 هەزار) بەرمیل نەوت لێکدانی (33) دۆلار دەکاتە (193 ملیۆن و 50 هەزار) دۆلار.
- ئەگەر تێچووی هەر بەرمیلێک بە تێکڕا (16) دۆلار بێت، ئەوا بڕی (93 ملیۆن و 600 هەزار) دۆلار خەرجی کۆمپانیاکان دەبێت.
- دوای لێدەکردنی خەرجی کۆمپانیاکان بڕی (99 ملیۆن و 450 هەزار) دۆلار وەک پوختەی داهاتی نەوت دەمایەوە کە بەرامبەرە بە (131 ملیار و 274 ملیۆن) دینار، ئەگەر (1) دۆلار بەرامبەر (هەزار و 132) دیناربێت.
• داهاتی فرۆشی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە
بەپێی نرخی جیهانی نەوت لە ئێستادا هەر بەرمیلێک نەوت بەهاکەی (65) دۆلار، بەم پێیە؛
- (195 هەزار) بەرمیل لێکدانی (30) ڕۆژ دەکاتە (5 ملیۆن و 850 هەزار) بەرمیل نەوت مانگانە.
- (5 ملیۆن و 850 هەزار) بەرمیل نەوت لێکدانی (65) دۆلار، دەکاتە (380 ملیۆن و 250 هەزار) دۆلار.
• ئەگەر تێچووی هەر بەرمیلێک بە تێکڕا (16) دۆلار بێت، ئەوا بڕی (93 ملیۆن و 600 هەزار) دۆلار خەرجی کۆمپانیاکان دەبێت.
• دوای لێدەکردنی خەرجی کۆمپانیاکان بڕی (286 ملیۆن و 650 هەزار) دۆلار، وەک پوختەی داهاتی نەوت دەمێنێتەوە، کە بەرامبەرە بە (378 ملیار و 378 ملیۆن) دینار، ئەگەر (1) دۆلار بەرامبەر (هەزار و 132) دیناربێت.
