عێراق نەوت بدات و لوبنان خزمەتگوزاریی بداتەوە
2024-11-14 15:32:42
(درەو):
حكومەتی عێراق بۆ ساڵی چوارەم لەسەر یەك، رەزامەندی نیشاندا لەسەر نوێكردنەوەی رێككەوتنی سوتەمەنی لەگەڵ لوبنان، رێككەوتنێك كە ناوی لێنراوە "نەوت لەبەرامبەر خزمەتگوزاریی"و ئەمجارە بڕەكەی بۆ (2 ملیۆن) تەنی ساڵانە زیادكراوەو وەكو هەنگاوێك تەماشا دەكرێت بۆ چارەسەركردنی قەیرانی كارەبا لە بەیروت.
حكومەتی عێراق هاوكات رەزامەندی نیشانداوە لەسەر درێژكردنەوەی كاركردن بە رێككەوتنی ئێستا بۆ ماوەی مانگێكی تر، واتا تا كۆتایی 2024، ئەمەش بەمەبەستی تەواوكردنی ئەوەی لە دەقی گرێبەستەكە هاتووە.
وەلید فەیاز وەزیری وزەو ئاوی لوبنان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاگاداركراینەوە لەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی نیشانداوە لەسەر داواكارییەكەمان بۆ درێژكردنەوەی گرێبەستی فیول ئۆیڵ (رۆنی سوتەمەنی كە گۆگردەكەی بەرز بێت)، تاوەكو كۆتایی ساڵی 2025.
ماوەی گرێبەستەكەی نێوان عێراق و لوبنان لە كۆتایی مانگی رابردوو كۆتایی هات، بەڵام تا كۆتایی ئەمساڵ درێژكراوەتەوەو پاشان بۆ ساڵی داهاتووش گرێبەستەكە درێژكراوەتەوە.
بەگوێرەی گرێبەستە درێژكراوەكە، لوبنان دەتوانێت تەواوی ئەو بڕە سوتەمەنییە باربكات كە لە گرێبەستەكەدا هاتووە واتا بڕی (1.5 ملیۆن) تەن، ئەمەش لەرێگەی فەراهەمكردنی توانای باركردنی سوتەمەنی بەبڕی 125 هەزار تەن لەماوەی مانگێكدا بەدرێژایی ساڵی ئایندە.
رێككەوتنی نەوت بەرامبەر بە خزمەتگوزاریی
حكومەتی عێراق بۆ ساڵی چوارەم، رەزامەندی لەسەر داوای وەزیری وزەی لوبنان نیشانداوە، بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستی دابینكردنی پێداویستی سوتەمەنیی بۆ لوبنان بە هەمان مەرجەكانی ساڵانی پێشوو، لەگەڵ ئەگەری زیادكردنی بڕی سوتەمەنی هەناردەكراوی عێراق بۆ لوبنان بۆ بڕی (2 ملیۆن) تەنی ساڵانە، لەبری تەنیا 1.5 ملیۆن تەنی ساڵانی پێشوو.
تەموزی 2012 عێراق گرێبەستێكی لەگەڵ لوبنان كرد، بەمەبەستی دابینكردنی سوتەمەنی وێستگەكانی كارەبای ئەو وڵاتە، لەبەرامبەر ئەمەدا لوبنان بە بەهای سوتەمەنییە هەناردەكراوەكە پێداویستییەكانی عێراق لە بواری خزمەتگوزاریی و كاڵای بەردەست لە بەیروت پڕبكاتەوە.
رێككەوتنی نەوت بەرامبەر بە خزمەتگوزاریی دووجارو لە ساڵانی 2022و 2023دا درێژكراوەتەوە، رێككەوتنەكە دەڵێ لوبنان یەك ملیۆن تەن رۆنی سوتەمەنی كە ئاستی گۆگردەكەی بەرز بێت بۆ ماوەی ساڵێك هاوردە دەكات و لەرێگەی تەندەری مانگانەوە (لەنێوان 75 هەزار بۆ 85 هەزار) تەن دەدرێت بە دامەزراوەی كارەبا لە لوبنان.
لەسەر بنەمای ئەم رێككەوتنە، حكومەتی عێراق حسابێكی لە (بانكی لوبنان) كردوەتەوە، ئەم حسابە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت بۆ كڕینی خزمەتگوزاری لەناوخۆی لوبنان بە لیرەی لوبنانی.
كارەبا لە لوبنان
وەزیری وزەی لوبنان سوپای گەل و سەركردایەتیی عێراق دەكات كە بەردەوامن لە یارمەتیدان و پاڵپشتی لوبنان لە هەموو ئەو بارودۆخە سەختەی كە بەسەریدا هاتووە، چاوی لەوەیە بەشێوەیەكی خێرا گرێبەستە نوێكراوەكە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
ئەو بڕە سوتەمەنییەی كە ئێستا عێراق بە لوبنانی دەكات واتا (1.5 تەن) هاوكارە بۆ دابینكردنی كارەبا بۆ ماوەی 4 تا 6 كاتژمێر لە رۆژێكدا، بەڵام ئەگەر وەكو ئەوەی لە گرێبەستە نوێیەكەدا هاتووە ساڵی ئایندە بڕەی سوتەمەنییەكە بۆ (2 ملیۆن) تەن زیاد بكرێت ئەوكاتە سوتەمەنییەكەی عێراق توانای ئەوەی دەبێت رۆژانە 5 بۆ 8 كاتژمێر كارەبا بۆ لوبنان دابین بكات.
نزیكەی 30 ساڵە لوبنان بەدەست قەیرانی كارەباوە دەناڵێنێت، بەڵام ئەم چوار ساڵەی دوایی زیاتر قەیرانەكە قوڵبووەتەوە، ئەمەش دوای ئەو تەنگژە داراییە هات كە لوبنانی گرتەوەو وای لە حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی ئەو وڵاتە كرد توانای بەگەڕخستنی وێستگەكانی كارەبایان نەمێنێت.