یەكێتی داوای پۆستی سەرۆك وەزیران دەكات
2024-11-11 18:43:50
راپۆرتی: درەو
لایەنەكان چاوەڕوانی یەكلاكردنەوەی تانەكان و پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانن، بەڵام لە پشتی پەردەوە گفتۆ و را گۆڕینەوە لەسەر شێوازی پێكهێنانی حكومەت و پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم هەیە.
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) یەكێتی داوای پۆستی سەرۆك وەزیران دەكات، پێش هەڵبژاردن پارتی سەرۆكی كابینەی دەیەمی بۆ مەسرور بارزانی لای خۆی یەكلاكردەوە، نەوەی نوێ بە مەرجی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران دەچێتە حكومەتەوە، كۆمەڵ بڕیاریداوە نەچێتە حكومەت و پەرلەمان، هاوپەیمانی دەچێتە حكومەت، یەكگرتوو و گۆڕان و هەڵوێست ناچنە حكومەت، بەرەی گەل هێشتا بڕیاری نەداوە بۆچوونە حكومەت.
پارتی دیموكراتی كوردستان:
پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، خاوەنی (39) كورسی و (812 هەزارو 794) دەنگ و براوەی یەكەمی پەرلەمانە، پێشتر رایگەیاندبوو كە مەسرور بارزانی دەبێتەوە سەرۆكی كابینەی دەیەم و سەرۆك وەزیران مافی پارتی دیموكراتی كوردستانە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو) پارتی دیموكراتی كوردستان لە رێگەی كارەكتەرە سیاسیەكانیەوە پەیوەندی و راگۆڕینەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان دەست پێكردووە بەمەبەستی زانینی روانینیان لەسەر پێكهێنانی حكومەت و پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم، تەنانەت لەگەڵ چەند كاندیدێكی تری لایەنەكاندا قسەیان كردووە بۆ تەواوكردنی زۆرینە (50+1) بۆ ئەوەی بتوانن حكومەت پێكبهێنن و دواتر فەرموو لە لایەنەكانی تر بكەن، پارتی (39) كورسی هەیە، (3) كورسی كۆتاكانیش كە نزیكن لە پارتی دەكاتە (42) كورسی واتا پێویستی بە (9) كورسی تری پەرلەمان هەیە بۆ (50+1)، هەموو هەوڵێكی لە پێناو ئەوەیە بەبێ یەكێتی ئەو زۆرینەیە پێكبهێنێت و دواتر داوا لە یەكێتی بكات بچێتە كابینەكەیەوە.
پارتی دەیەوێت هەندێك لایەن رازی بكات تەنیا دەنگ بە كابینەكە بدەن نیساب لە پەرلەمان تەواو بكەن، ئاساییە نەچنە ناو حكومەت، بەڵام دەتوانن لە پەرلەمان دەنگ بە كابینەكە بدەن و (50+1) مسۆگەر بكەن نەشچنە حكومەت ئاساییە، ئێستا پارتی چاوی لە تەواوكردنی نیسابی یاساییە و كۆكردنەوەی (50+1)ە .
پارتی دەیەوێت سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی حكومەت، جێگری سەرۆكی پەرلەمان بۆ خۆی بەرێت لە وەزارەتەكانیش وەزارەتی ناوخۆی دەوێت.
یەكێتی نیشتمانی كوردستان
یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە خاوەنی (23) كورسی و (409 هەزارو 548) دەنگە، لە ئێستادا لە گفتوگۆی ناوخۆییدایە بۆ ئەوەی خواستی خۆی بۆ بەشداری لە كابینەی دەیەم بخاتە روو، زۆرترین هەوڵی یەكێتی لە ئێستادا بۆ ئەوەیە رێگری بكات تا پارتی دیموكراتی كوردستان نەتوانێت (50+1) تەواو بكات، بۆ ئەو مەبەستەش قسەی لەگەڵ زۆربەی لایەنەكان كردووە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو) یەكێتی ژمارەیەك سیناریۆی ئامادەكردووە بۆ بەشداری لە كابینەی داهاتووی هەرێمی كوردستان، سینارۆی یەكەم داوای پۆستی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەكات و دەیەوێت ئەگەر پۆستی سەرۆك وەزیرانیشی دەستنەكەوێت پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەستبخات.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ
جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان خاوەنی (15) كورسی و (292 هەزارو 32) دەنگە، ئێستا ئەو جوڵانەوەیە لە راوێژی ناوخۆییدایە بۆ بەشداریكردن لە حكومەت یان ئۆپۆزسیۆن بوون، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) نەوەی نوێ مەیلی بەشداری لە كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هەیە، بەڵام بە كۆمەڵێك مەرج و داواكاریی نایەوێت ئەزمونی گۆڕان دووبارە بكاتەوە، وەك لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند: ئامادەین لەحکومەتدا بین ئەگەر پۆستی سەرۆک وەزیران بە دەست نەوەی نوێوە بێت یان تەواوی پۆستەکانی سەرۆکایەتی هەرێم، پەرلەمان و 23وەزارەتەکە بەدەست ئێمەوەبێت.
نەوەی نوێ بەر لە پێكهێنانی پەرلەمان و حكومەت، پۆستی سەرۆكی (تەمەن)ی پەرلەمان وەردەگرێت، واتا یەكەم پۆست لەدوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لای نەوەی نوێ دەبێت، كە ئەو پۆستەش ئیشكالیەتی یاسایی درووست دەكات، ئەگەر وەك خولەكانی پێشووی پەرلەمانی كوردستان دانیشتنی یەكەم بە كراوەیی جێبهێڵدرێت تا رێككەوتنی لایەنەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك و جێگرەكانی (دۆزینەوەی فێڵی یاسایی)، چونكە لە خولی پێنجەم كاتێك دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان بە كراوەیی جێهێلدرا فراكسیۆنی نەوەی نوێ ناڕەزاییان دەربڕی و ئەو كارەیان بە نایاسایی لەقەڵەمدا، ئایا لە خولی شەشەم ئەو (فێڵە یاساییە) هێشتنەوەی دانیشتنی یەكەم بە كراوەیی رێەی پێدەدرێت یاخود ئەو قۆناغە تێدەپەڕێندرێت، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت لە یەكەم دانیشتی پەرلەماندا سەرۆك و سكرتێر و جێگر هەڵدەبژێردرێت.
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان خاوەنی (7) كورسی و (117 هەزارو 44) دەنگە، هەرزوو بڕیاریدا بەشداری لە كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا ناكات و وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆن دەمێنێتەوە، هێشتا روون نیە ئەوە دەبێتە بڕیاری كۆتایی یاخود رووداوەكانی داهاتوو ناچاریان دەكات بەشداری حكومەت بكەن.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) هەریەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان گفتوگۆیان لەگەڵ یەكگرتوو كردووە بۆ پرسی كابینەی حكومەتی هەرێم، بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر داوای لە یەكگرتوو كردووە و تەنانەت توركیاش داوای كردووە یەكگرتوو بەشداری لە كابینەی دەیەمدا بكات، بەڵام یەكگرتوو تا ئەمساتە سەرجەم داواكارییەكانی رەتكردووەتەوە.
رەوتی هەڵوێست
رەوتی هەڵوێست لەیەكەم ئەزمونی بەشداریان لە خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بوونە خاوەنی (4) كورسی پەرلەمان و (56 هەزارو 8) دەنگ، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لە ئێستادا لە گفتوگۆی ناوخۆییدان بۆ بەشداری لە پەرلەمان و حكومەت، زانیارییەكانی (درەو) ئاماژە بەوە دەكەن، هەڵوێست چاوەڕێی یەكلاكردنەوەی تانەكان و پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنن. دواتر دەچنە پەرلەمانی كوردستان و وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆن دەمێننەوە لە پەرلەمان، بۆ بەشداری لە حكومەتیش لایەنەكان لەگەڵ رەوتی هەڵوێست لە گفتوگۆدان بەڵام هێشتا رەوتی هەڵوێست بڕیاری كۆتایی نەداوە بۆ بەشداری لە كابینەی دەیەمی حكومەت.
كۆمەڵی دادگەری گوردستان
كۆمەڵی دادگەری لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان خاوەنی (3) كورسی و (64 هەزارو 864) دەنگە، كۆمەڵی دادگەری كوردستان هەرزوو رایگەیاند، بەشداری لە پەرلەمان و حكومەت ناكات و بڕیارەكەشیان بڕیاری كۆتاییە، بەڵام قسەی زۆر لەسەر شوێنگرەوەی پەرلەمانتارانی كۆمەڵ دەكرێت، شوێنگرەوەیان بەپێی زنجیرەی كاندیدەكانی كۆمەڵ دەبێت، بۆ نمونە ئەو دوو كاندیدەی كۆمەڵ كە لە سنوری سلێمانی دەرچوون، ئەگەر نەچن، دیوانی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان داوای دوو كاندیدی تری دوای ئەوان دەكات لە كۆمسیۆن لە هەمان لیستی كۆمەڵ، ئەگەر لە ماوەی (90) رۆژدا واتا (3) مانگدا ئەوان نەهاتن دواتر داوای دوو كاندیدی تری هەمان لیست دەكات بۆ ماوەی (90) رۆژی تر واتا (3) مانگی تر بەو شێوەیە تا تەواوی لیستەكەی كۆمەڵی دادگەری لە سلێمانی تەواو دەبێت كە (27) كاندیدە، كە ئەگەر هیچ یەك لە كاندیدەكانی كۆمەڵ نەچن ئەوا بە كۆی ئەو وادەیەی دەیەوێت (39) مانگ دەكات، كە (3 ساڵ و 25رۆژ) دەخایەنێت ئەو پرۆسەیە.
بەرەی گەل
بەرەی گەل لە یەكەم بەشداریدا لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان خاوەنی (2) كورسی و (33 هەزارو 461) دەنگە، بەرەی گەل پێیان وایە هەڵبژاردن دیزاین كراوەو دەنگەكانیان براوە بۆ لیستەكانی تر، هێشتا هیچ بڕیارێكیان نەداوە بۆ بەشداری لە پەرلەمان و حكومەت، هەرچەند پێش پرۆسەی هەڵبژاردن ئەوان دەیانوت دەچینە حكومەت ، بەڵام لەدوای پرۆسەی هەڵبژاردن هیچ بڕیارێكی رەسمیان نەداوە.
هاوپەیمانی هەرێمی كوردستان.
هاوپەیمانی هەرێمی كوردستان كە لە حزبەكانی (سۆسیال دیموكرات، شیوعی، زەحمەتكێشان) پێكهاتووە لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان خاوەنی (1) كورسی و (13 هەزارو 188) دەنگە، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) هاوپەیمانی هەرێمی كوردستان بەشداری كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات و وەزیرەكەش بەر پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان دەكەوێت (رێبین محەمەد حاجی مەحمود)و كاندیدە دەرچووەكەی هاوپەیمانی (بەپێی رێككەوتنی پێشوەختەی نێوانیان) دەدرێت بە كاندیدی حزبی شیوعی كە (عوسمان زیندانی)یە لە بازنەی سلێمانی و پۆستەكانی تری حكومەتیش دەدرێت بە حزبی زەحمەتكێشان، لە دەستەو بەڕێوەبەرە گشتییەكان.
بزووتنەوەی گۆڕان
بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان خاوەنی (1) كورسی و (11 هەزارو 636) دەنگە، ئەگەر چی بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لایەنە براوەكان بەتایبەت پارتی ویەكێتی كێبەركێ دەكەن بۆ هاوسۆزی لایەنەكان ئەوانەش كە خاوەنی یەك كورسین، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان پێشترو لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا بڕیاری كشانەوەیدا لە حكومەتی هەرێم و حكومەتە خۆجێییەكان و بەشداری نەكردن لە كابینەی نوێی حكومەتدا، بەڵام گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم ئەوانیش دەگرێتەوە.
پێكهاتەكان
پێكهاتەكانی كوردستان ( توركمان ، مەسیحی) لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان خاوەنی (5) كورسی و (31 هەزارو 188) دەنگن، ئەوان دابەشبوون بەپێی نزیكی لە ( یەكێتی و پارتی )یەوە سیانیان نزیكن لە پارتی و دوانیان نزیكن لە یەكێتی، ئەوان بەشداری حكومەت دەكەن و چاویان لە سكرتێری پەرلەمان و دوو وەزارەتە لە كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
پۆستە باڵاكانی هەرێمی كوردستان
- سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
- جێگری سەرۆكیپەرلەمانی كوردستان
- سكرتێری پەرلەمانی كوردستان
- سەرۆكی هەرێمی كوردستان
- جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان
- جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان
سەرۆكی حكومەت
- جێگری سەرۆكی حكومەت
- وەزیری ناوخۆ
- وەزیری داد
- وەزیری پێشمەرگە
- وەزیری دارایی
- وەزیری تەندروستی
- وەزیری پەروەردە
- وەزیری ئاوەدانكردنەوە
- وەزیری شارەوانی
- وەزیری خوێندنی باڵا
- وەزیری پلاندانان
- وەزیری رۆشنبیری
- وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی
- وەزیری گواستنەوە
- وەزیری ئەوقاف
- وەزیری كارەبا
- وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان
- وەزیری هەرێم بۆكاروباری پێكهاتەكان
- سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران
- سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران
-