Draw Media

"گرێبەستە نەوتییەكانی كوردستان هەموار بكرێنەوە"

"گرێبەستە نەوتییەكانی كوردستان هەموار بكرێنەوە"

2024-11-13 14:32:24


(درەو):
هاوكات لەگەڵ سەردانی سودانی بۆ هەولێر، وەزارەتی نەوت و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە بەغداد كۆبوونەتەوەو باسیان لە هەمواری گرێبەستە نەوتییەكانی كوردستان كردووە. 
بۆ تاوتوێكردنی پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی نەوت و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە بارەگای وەزارەت لە بەغداد كۆبوونەوە. عەتوان عەتوانی سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمان سەرۆكایەتی كۆبوونەوەكەی كرد، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت بەشداربوو.
راگەیەندراوی وەزارەتی نەوت لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە دەڵێ:" گفتوگۆ كرا لەبارەی پەیوەندی نێوان وەزارەتی نەوت و هەرێمی كوردستان سەبارەت بە كێڵگە نەوتییەكان و رادەستكردنی بەرهەمی نەوت و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان".
راگەیەندراوی سەرۆكی لیژنەی دارایی نوسیویەتی: لە كۆبوونەوەكەدا باس لەدواین پەرەسەندن و لێكتێگەیشتنەكان كراوە سەبارەت بە كۆتاییهێنان بە ناكۆكییە نەوتییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هاوكات لەگەڵ گەیشتنی رەشنوسی پێشنیارە یاسای هەمواری بودجە لەلایەن حكومەتەوە بۆ پەرلەمان بەمەبەستی دەنگدان لەسەری، كە ئەم دۆسیەیە چارەسەر دەكات.
لەم كۆبوونەوەیەدا، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی فیدراڵ كە هاوكات جێگری سەرۆك وەزیرانیشە بۆ كاروباری وزە باسی لە بڕیاری حكومەتی فیدراڵ كردووە لەبارەی "رادەستكردنی نەوتی هەرێم بە كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق بەگوێرەی بڕی پێویستی بەرهەمهێنان"، بەوپێیەی بەوتەی ئەو، كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لایەنی رێگەپێدراوە لە هەناردەكردنی نەوتی عێراق. 
وەزیری نەوت وتویەتی: داهاتی نەوتی هەناردەكراوی هەرێم دەخرێتە حسابێكی تایبەتەوە، چەند بڕە پارەیەكی لێدەبڕدرێت بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی ئەو بڕە نەوتە لەلایەن كۆمپانیاكان و، ئەو بڕە پارەیە وەكو پێشینە بە كۆمپانیاكان دەدرێت.    
حەیان عەبدولغەنی باسی لەوەكردووە" بەگوێرەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، لیژنەیەكی راوێژكاریی لەماوەی 60 رۆژدا رادەسپێردرێن، ئەم لیژنەیە دەبێت لەلایەن هەردوو وەزارەتی نەوت و دارایی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمەوە قبوڵكراو بن، لەبەر رۆشنایی ئەو رێككەوتنەی كە لەگەڵ تیمە راوێژكارییەكە ئیمزا دەكرێت، سەرلەنوێ بڕی نرخی نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو لە هەرێم لەلایەن كۆمپانیا نەوتییەكانەوە ئەژمار دەكرێت و ئەوەی لە داهاتی نەوتەكە دەمێنێتەوە دەگەڕێندرێتەوە بۆ ناو بودجەی دەوڵەتی فیدراڵیی". 
عەتوان عەتوانی سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانیش لە كۆبوونەوەكەدا قسەی كردووەو وتویەتی:" لیژنەكەمان دیداری لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم هەبووەو گەیشتوونەتە ئەو دەرەنجامەی كە گرنگە گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێم بەوشێوەیە بن كە لەگەڵ دەستوری عێراقدا بگونجێن، بەوپێیەی گرێبەستەكانی هەرێم گرێبەستی (هاوبەشیكردن)ن نەك گرێبەستی (هاوبەشی لە قازانج)دا. ئارەزوویەك لە هەردوولاوە هەیە بۆ هەمواركردن و گونجاندنی گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێم. 
پرسی هەمواركردنەوەی گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان یەكێك لەبەربەستە سەرەكییەكان بووە لەبەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت دوای راوەستانی لە 25ی ئازاری 2023دا، حكومەتی هەرێم پێشوازی لە بڕیاری حكومەتی فیدراڵ كردووە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت و دیاریكردنی نرخی بەرهەمهێنان و گواستنەوە لەرێگەی هەمواری یاسای بودجەوە، بەڵام هێشتا بەڕوونی و بۆ رایگشتی هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئەگەری هەمواری گرێبەستە نەوتییەكان نەكردووە.  
"تا ئەوكاتەی كە گرێبەستەكان لەڕووی یاساییەوە دەگونجێندرێن، دەبێت قۆناغێكی راگوزەر هەبێت، بۆ ئەوەی دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم بكرێت لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە" عەتوانی وا دەڵێ، لەمەشدا ئاماژەی بە بڕیاری ئەمدواییەی حكومەتی فیدراڵی كردووە بۆ ئەژماركردنی (16دۆلار) بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك نەوت لە هەرێم تا ئەوكاتەی لەلایەن لیژنەی راوێژكارییەوە نرخەكان یەكلادەكرێنەوە. 
كۆبوونەوەی وەزارەتی نەوت و لیژنەی دارایی پەرلەمان لە بەغداد هاوكاتە لەگەڵ سەردانی ئەمڕۆی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان كە یەكێك لە تەوەرە سەرەكییەكانی پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمە بە بۆری بۆ بەندەری جەیهانی توركیا. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand