پایته‌خت له ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی پیسبوونى ژینگەدا
2024-10-14 18:28:10
درەو:
نەبەز رەشاد، بەسەرپەرشتی تۆڕی نیریج بۆ رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاری
گوندى تهرجان سەر بە ناحیەی شەمامکە وبە دووری 20کم ده‌كه‌وێته باشوورى رۆژ ئاواى هه‌ولێر،ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی هەزار کەس دەبێت، بە هۆی نزیکییەوە لە ژمارەیەکی زۆری پاڵاوگەی سووتەمەنی، دانیشتوانەکەی گلەیی دەکەن و ترسیان هەیە دۆخەکە کاریگەری خراپ بکاتە سەر تەندروستییان، هەروەك باس لەوەش دەکەن کە دەرمان و پزیشك لە نەخۆشخانەی گوندەکەیاندا وەکو پێویست نین.
گولیزار تەمەن( 60 ساڵ( دانیشتووی گوندەکەیە، بە نائومێدییەکی زۆرەوە دۆخی ژیانی خۆی دەگێڕێتەوە و پێمان دەڵێت "ئاوهەوای گوندەکەمان بۆگەن بووە، هەرکە دەچمە دەرەوە و دێمە ژوورەوە هەناسەم تەنگ دەبێت و دەبێ ئامێری هەناسەدان بەکاربهێنم".
"لەبەر پسیبوونی هەوا لە ژوورەوەش ناتوانین ئامێری فێنککەرەوە داگیرسێنین".
لە درێژەی گێڕانەوەکانیدا دایکە گولیزار دووپاتی دەکاتەوە کە لە ژوورەوەش ناتوانن ئامێری فێنککەرەوە داگیرسێین هەوای پیس وبۆنی ناخۆشی سووتەمەنی بڵاودەبێتەوە". ئاماژەش دەدات بەوەی کە تەنانەت ئەگەر دەمی خۆشیان بگرن بۆنی ناخۆش وهەناسەتەنگی دۆخیان خراپتر دەکات".
مام بەکری هاوسەریشی بەوپەڕی نائومێدییەوە پێمان دەڵێت "تەمەنێکمان لەم گوندەی خۆماندا بەڕێکردووە، ئێستایش بەهۆی پاڵاوگەکانی سووتەمەنییەوە سێ لە ئەندامانی خێزانەکەم تووشی نەخۆشی هەناسەتەنگی بوون و باری تەندرووستیان خراپە".
ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە کاتێك لەبەر گەرما دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکەیان بکەنەوە، بەهۆی بۆنی ناخۆشەوە دەبێ بە پەلە دایخەنەوە، هەر بەو هۆیەشەوە زۆر بە ئەسەفەوە سوێند دەخوات ژیان لە گوندەکەیاندا نەماوە، بەڵام توانایان نییە رووبکەنە شوێنێکی دیکە.
به پشت به‌ستن به چه‌ند راپۆرت و داتایه‌كى فه‌رمى لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانى پارێزگاى هه‌ولێر و بۆچوونى شاره‌زایان و توێژینه‌وه‌ى زانستى به‌رپرسانى بوارى ژینگه، دەرکەوتووە کە بوونى ئه‌و ژماره زۆره‌ى پاڵاوگە له سنوورى ناحییه‌ى گوێر و گونده‌كانى نزیك شارى هه‌ولێر هه‌ڕه‌شه‌ى ژینگه‌یى گه‌وره‌ن له‌سه‌ر ئاو هه‌وا و خاك و سه‌رهه‌ڵدانى جۆره‌ها نه‌خۆشى له‌سه‌ر دانیشتووانى چه‌ند گوندێكى ناوچه‌كه.
هەر لەو گوندەدا سلێمان نوری، كه كارى ئاژه‌ڵدارى ده‌كات و ته‌مه‌نى 50 ساڵه گلەیی خۆی دەکات و دەڵێت" ئێمە کە بە بوونی ئەم هەموو پاڵاوگه و بۆنە ناخۆشانە ڕازین، دەبوو گرنگی بە بنکەی تەندروستیمان بدەن و بە چاککردنی شه‌قام و ڕێگا و بانەکەمان هاوکاری گوندەکەمان بکەن".
لەهەمانکاتدا محەمەد سەباح کە گه‌نجێكى گوندهكهیە وتهمهنى 30 ساڵه پێیوایە "ژیانی دانیشتوانی گوندەکەیان لەمەترسیدایە، هیچ رێگەچارەیەکیشمان لەبەردەستدا نییە مەگەر تەنها کۆچ بکەین و بەجێی بێڵین".
له سنووری پارێزگای هه‌ولێر ژماره‌یه‌كی به‌ر چاو له پاڵاوگە هەن، رۆژ به رۆژ له زیادبووندان كه زۆربه‌یان ئەهلین و ده‌كه‌ونه باشووری پارێزگای هه‌ولێر.
بەگوێرەی لێدوانی پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو ژماره‌یان (138) پاڵاوگەیه، هەر لەناوجهرگهى شاری هه‌ولێره‌وە تا دەگاتە ڕێگای گشتی هه‌ولێر- گوێر و هه‌ولێر- مه‌خمور و هه‌ولێر- كه‌ركوك . سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم کە نەیوەیست ناوی بڵاوبکرێتەوە رایگەیاند لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا تەنها چوار پاڵاوگە مۆڵەتی فەرمیان هەیە کاربکەن، لەم ژمارەیشیان دوو دانەیان لە هەولێرن و دانەیەك لە سلێمانی و یەکێکیشیان لە دهۆکە، ئەوانەی تر هیچیان مۆڵەتی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتیه‌كان و دەستەی ژینگەیان نییە و مەرجە ژینگەییەکانیان جێبەجێ نەکردووە.
د. سەنگەر ساڵح، مامۆستای کۆلیژی زانست لە زانکۆی سەلاحەدین چەند وردەکارییەکی بۆ ئاشکرا کردین و وتی "دووری پاڵاوگەكان له‌رێگای سه‌ره‌كی و له سنووری ناحیه‌و گونده‌كان ده‌گاته ده‌وروبه‌ری (300م تاكو 1500م) هه‌ر پاڵاوگەیهك له ماوه‌ی (24) كاتژمێردا نزیكه‌ی (100ته‌ن تاكو 200ته‌ن) نه‌وتی خاو ده‌پاڵێون بۆ گاز و به‌نزین و قیڕ به‌مه‌ش ده‌بێته هۆی پیسبوونی ژینگه".
تیشکیشی خستە سەر ئەوەی "گرنگترین پیسكه‌ره‌كانی ده‌رهاویشته‌ی پیشه‌سازی نه‌وت بریتی یه له هایدرۆكاربۆنات و ئاوێته‌ی گۆگرد (ئۆكسیدی گۆگرد وهایدرۆگۆگرد) هه‌روه‌ها یه‌كه‌م ئۆكسیدی كاربۆن و ته‌نۆلكه‌ی هه‌ڵواسراو".
هەروەها وتی "كۆگاكان سه‌رچاوه‌ی گرنگی ده‌رچوونی هه‌ندێ غاز و هه‌ڵمی هایدرۆكاربۆنین به‌ڵام یه‌كه‌كانی گه‌رم كردن و هایدرۆجینی سه‌رچاوه‌ی گرنگی ده‌رچوونی غازی ترشن وه‌كو گۆگردی هایدرۆجین (H2S). هه‌روه‌ها هه‌ڵم له ماتۆرهكانی پاڵه‌په‌ستۆ ده‌رده‌چێ و بڵاودهبێتهوهوه یاخود له‌كاتی باركردن و گواستنه‌وه هه‌ندێ جۆری كاربۆناتی سووك ده‌رده‌چێ و به هه‌وادا بڵاوده‌بێته‌وه".
به‌پێى ئاماره‌كانى ده‌سته‌ى پاراستن و چاككردنى ژینگه لە ئێستادا لە ناحیەی گوێر نزیکەی حەفتا پاڵاوگەی نایاسایی و بێ مۆڵەت هەن و بەبێ بوونی هیچ مەرجێکی سەلامەتی کار دەکەن هاوکات بێ گوێدانە پیسبوونی ئاو و هەوای ژینگە و تەندروستی دانیشتووانی گوندەکانی دەوروبەریان ڕۆژانە بە درێژایی کارکردن یان هەوای پیس و گازی ژەهراوی دەڕژێننە ئاسمانی هەولێر و ناوچەکە.
ژینگەی هەرێم: داوامان کردووە پاڵاوگە نایاساییەکان دابخرێن
عەبدوڵڕەزاق خه‌یلانى، وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم له‌وباره‌یه‌وه دەڵێ" لە ساڵی 2016 ەوە نووسراومان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە و داوای داخستنی ئەو پاڵاوگە نایاساییانەمان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستاش ڕێژەیەکی زۆریان ماون و دانەخراون". هۆکاری داواکارییەکەیشیان گەڕاندەوە بۆ ئەوەی " پاڵاوگەکان هیچ مەرجێکی سەلامەتی جێبەجێ ناکەن و بوونەتە هۆکارێکی راستەوخۆی پیسبوونی ژینگە و سەرهەڵدانی جۆرەها نەخۆشی کوشندە".
ئاشکراشی دەکات کە "ئەو پاڵاوگانەی دەوروبەری هەولێر نایاسایین و رەزامەندی هیچ دامەزراوەیەکی حکومیان نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەستەی ژینگە پێشتر پێشنیاری بۆ کردبوون ئەگەر کار بکەن دەبێ بەپێی رێنماییەکان بێت ئەگەر نا دەبێ دابخرێن".
قوربانیەك: بەدرەنگەوە زانیمان هۆکاری زیاتر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانمان پاڵاوگەکانن
مەسعود عەبدوڵلا، ته‌مه‌ن ( 45 ساڵ) و پیشه‌ى شوفێرە، قوربانییەکی دانیشتووی گوندی تەرجانە و توشی نەخۆشی هەستیاریی پێست بووە، ئەو بۆچوونی وایە کە خەڵکی ناوچەکە له‌سه‌ره‌تاى دانانی ئه‌و پاڵاوگانەدا هیچ شتێکیان دەربارەی مه‌ترسییه‌كانى پاڵاوگەکان نه‌ده‌زانى، به‌ڵام له‌م چه‌ند ساڵه‌ى دوایدا پاش بڵاوبوونەوەی چه‌ندین حاڵەتی تووشبوون بە نهخۆشىیەکانی وه‌ك ره‌بۆو هه‌ستیارى پێست و شێرپه‌نجه‌و نه‌خۆشییه‌كانى جگه‌ر و بەگوێرەی دەرەنجامە پزیشکییەکان، پێدەچێت هۆکاری سەرەکیی ئەو نەخۆشیانە راستەوخۆ پەیوەندی بەم پاڵاوگانەوە هەبێت".
هەروەها بە داخێکی زۆرەوە وا هەست دەکات "ئیدی خەڵکی دێیەکەیان بووەتە قوربانی و شوێنەکەشیان بووە بە ناوچەیەکی پیشەسازی بەشێوەیەك کە نە ئاو نە خاکەکەی کەڵکی ژیانیان نەماوە".
*ئەم بەدواداچوونە بەسەرپەرشتی تۆڕی نیریج بۆ رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاری بەرهەمهاتووە لەچوارچێوەی پڕۆژەی "رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاریی بۆ ئاشکراکردن و بەدواداچوون"، بە سپۆنسەری کونسوڵگەری ئەمریکا لە هەولێر.
پارێزگاری هەولێر: لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەت پاڵاوگە نایاساییەکان دادەخەین
لەمبارەیەوە ئومێد خۆشناو، پارێزگاى هه‌ولێر لە مانگی ئابی رابردوودا دواى كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان له كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند بڕیارمانداوه به داخستنى پاڵاوگه نایاساییەکانی سنووری پارێزگا.
خۆشناو، ئاماژه‌ى به‌وه‌دا کە بڕیاره‌كه له‌سه‌ر راسپارده‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ته‌و تیمه‌كانمان له‌سه‌رجه‌م به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كان به‌بێ هیچ جیاوازییه‌ك هه‌ڵمه‌تێكى فراوانیان ده‌ستپێكردووه‌و به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ر به‌دواداچوونى پڕۆسه‌كه.
"پاڵاوگەکان کاریگەری خراپیان لەسەر باشوور و رۆژئاوای هەولێر داناوە".
به‌پێى چه‌ند توێژینه‌وه‌یه‌كى زانستى كه له لایه‌ن هه‌ریه‌ك له كۆلێژى زانست و كشتوكاڵ و ژینگه‌ى زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین له لایه‌ن قوتابیانى ماسته‌ر و دكتۆرا ئه‌نجامدراوه و ئامادەکاری ئەم بەدواداچوونە دەستی کەوتوون "پاڵاوگەكان بەبەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی سنووری هەولێر كاریگه‌رى خراپ و نه‌رێنیان له‌سه‌ر خاك و هه‌وا و رووه‌كى ناوچەکانی رۆژئاوای هەولێردا زیاترە".
لە توێژینەوەکاندا پشتڕاستکراوەتەوە کە ژینگە و ئاووهەوای ناوچەکانی نزیك پاڵاوگەکان به ته‌واوەتى چووەتە قۆناغێکی مه‌ترسیدار، هاوکات كانزا قورسه‌كانى ئه‌و ناوچه‌یه كاریگه‌رى خراپی بۆسەرر هۆڕمۆنى ده‌ره‌قى و جگه‌ر و جۆره‌كانى شێرپه‌نجه و پێست و گه‌ڵاى دار و ئاوى خواردنه‌وه‌و خاكى كشتووكاڵى هه‌یه.
" ئامێرێك رۆژانە 21 ماددە و 19 گازی زیانبەخش لە هەولێر دەستنیشان دەکات"
ئاماره‌كانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ژینگه‌ى هه‌ولێریش هێما بۆ ئەوە دەکەن کە ئامێرى پیسبوونى هه‌واى هه‌ولێر رۆژانە 21 ماددە و 19 گازی زیانبه‌خش له هه‌ولێر دەستنیشانیان دەکات، داتاکانیش پێمان دەڵێن ساڵ به ساڵ ژینگه‌ی هه‌ولێر پیستر ده‌بێت و هۆكارى سه‌ره‌كیشی بۆ بوونی ئەو پاڵاوگانە دەگەڕێتەوە کە لە باشوور و رۆژئاوای هەولێردان.
د.شێروان غه‌فور، مامۆستاى زانكۆ‌و پسپۆرى بوارى ژینگه له باره‌ى كاریگه‌رى ئه‌و گازانهى له ئۆتۆمبێل ده‌رده‌چن سەبارەت بە هۆکارەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی پەیوەست بە ژینگەوە دەڵێت "گازى یه‌كه‌م ئوكسیدى كاربۆن (CO) كه گازێكى ژهراوهیه و كاریگه‌رى زۆر خراپى هه‌یه له‌سه‌ر كۆئه‌ندامى هه‌ناسه‌دان و له‌گه‌ل هیمۆگلوبینى خوێن یه‌ك ده‌گرێت و كاربۆكسی هیمۆگلۆبین (Co-HB)پێکدەهێنێت". روونیشیدەکاتەوە کە سەرەنجام ده‌بێته هۆی كوشتنى خرۆكه سووره‌كانى خوێن و تووشبوون بە نه‌خۆشى شێرپه‌نجه‌ى خوێن و كه‌مبوونه‌وه‌ی ئۆكسجین (O2) له خوێندا كه وا ده‌كات دڵ زیاتر كاربكات و ماندووبێت و ببێته هۆی سه‌ر ئێشان و گێژبوون".
تەندروستی هەولێر: رێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە بەرزبووەتەوە
دوای ئەوەی هەوڵماندا ئامارێکی تایبەت بە رێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە سنووری باشوور و رۆژئاوای هەوڵیردا بەدەستبهێنین، وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رەتیکردەوە هیچ ئامارێكى دروست له‌باره‌ى نه‌خۆشییه‌كانى شێرپه‌نجه‌و نه‌خۆشى دیكه تایبه‌ت به‌و سنوورانه تۆمار كرابێت، پێیوایە ئه‌وه پێویستی به تیمى شاره‌زا و توێژینه‌وه‌ى زانستى هه‌یه". به‌ڵام پشتڕاستی دەکاتەوە کە به‌شێوه‌یه‌كى گشتیى نه‌خۆشییه‌كانى شێرپه‌نجه ساڵ دواى ساڵ روو له زیادبووندان و به پێى دوایین ئامارى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى ته‌ندروستى هه‌ولێر کە لەماوەی ته‌نها شه‌ش مانگى یه‌كه‌مى 2024 زیاتر له ( 3 هه‌زار) حاڵه‌تى نه‌خۆشى شێرپه‌نجه تۆماركراون ئه‌و رێژه‌یه‌ش به‌راورد به ساڵانى رابردوو به‌رزه.
لەمبارەیەشەوە د. یه‌حیا عومه‌ر، مامۆستا له كۆلێژى زانست لە زانکۆی سەڵاحەدین كه دوو توێژینه‌وه‌ى له‌وباره‌یه‌وه ئه‌نجامداوه، ئاماژه به‌وه‌ده‌كات، ئه‌و گازانهى كه له پاڵاوگە و كارگه‌كانى ئه‌و ناوچانه ده‌رده‌چن كاریگه‌رى خراپیان له‌سه‌ر شێرپه‌نجه‌و گێژبوون و جۆره‌ها نه‌خۆشى تر هه‌یه".
فەرمانگەی ژینگەی هەولێر: لەم ماوەیەدا لەنێوان 30 تا 40 پاڵاوگەی نایاسایی داخراون
دڵشاد هیرانی، بەرپرسی فەرمانگەی ژینگەی هەولێر سەبارەت بە رێکارەکانی داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان ئاشکرای دەکات کە لەم ماوەیەدا لەنێوان 30 تا 40 پاڵاوگە داخراون و پرۆسەکەش بەردەوامە و بەمنزیکانە پارێزگاری هەولێر راگەیەنراوی خۆی دەبێت و لەوکاتەدا بە فەرمی وردەکارییەکانی داخستن و جێبەجێکردنی بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان ئاشکرا دەکات.
راپۆرتێکی فەرمی: ژینگەی هەولێر بەچەندین شێوە پیس دەکرێت
به پێى راپۆرتێکى ده‌سته‌ى چاکكردنو پاراستنى ژینگه‌ى هه‌رێم و فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى هه‌ولێر، له ئێستادا كێشه ژینگه‌ییه‌كانى هه‌وایى شارى هه‌ولێر به‌گشتى بریتین له تێبینى كردنى بوونى چڕه دوكه‌ڵێك له ئاسمانى شارى هه‌ولێر به هۆى زۆر هۆكار، له‌وانه زۆربوونى ژماره‌یه‌كى زۆر له پاڵاوگە له سنوورى باشوور و رۆژئاواى هه‌ولێر و زۆری ژماره‌ى ئوتومبیڵ كه سه‌رچاوه‌ى ده‌ردانى زۆر له گازه خنكێنهرهكانه له‌گه‌ڵ تهنۆلكهى هه‌ڵواسراوه‌كان و قورقوشم ، هەروەها به‌رده‌وام زۆربوونى پرۆژه پیشه‌سازییه‌كان كه ده‌بنه هۆى بڵاوبوونه‌وه‌ى دوكه‌ڵ و ته‌پوتۆز و زیاد بوونى رێژه‌ى بڵاوبوونه‌وه‌ى گازه پیسكه‌ره‌كان.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هێما بۆ ئەوە کراوە کە خراپی جۆری سووته‌مه‌نى و زۆر بوونى پرۆژه‌كانى نشته‌جێ بوون و زۆریی ژمارەی مۆلیدەی کارەبا و به‌كارنه‌هێنانى مه‌رجی ژینگه‌یی زانستی سه‌رده‌م لە چاره‌سه‌ركردنى زبڵ و پاشماوه له زبڵخانهكان به گشتى كاریگهرىیان له‌سه‌ر پیسبوونی ژینگەی شارى هه‌ولێر هەیە، سەرەڕای ئەوەی رێژەی سەوزایی لەئاستی گەورەبوون و فراونبوونى رووبه‌ری شاردا نییە و پشتێنه‌ى سه‌وزیش لەچواردەوری شارەکەدا نییە.
*ئەم بەدواداچوونە بەسەرپەرشتی تۆڕی نیریج بۆ رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاری بەرهەمهاتووە لەچوارچێوەی پڕۆژەی "رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاریی بۆ ئاشکراکردن و بەدواداچوون"، بە سپۆنسەری کونسوڵگەری ئەمریکا لە هەولێر.