"ئەپیكور"و سامانە سروشتییەكان هیچ ناڵێن

Draw Media

2024-07-23 08:12:18



(درەو): 
ژمارەیەك لە كۆمپانیا وەبەرهێنەكانی نەوت جارێكی تر چوونەوە دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، باسی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتیان كردووە، بەڵام هێشتا نە كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان و نە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانیش هیچ قسەیەكیان لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە نەكردووە. 
لە دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، وەفدێكی حكومەت لەگەڵ بەشێك لە كۆمپانیا وەبەرهێنەكانی نەوت كۆبوونەوە. 
ئەندامانی وەفدەكەی هەرێم پێكهاتبوون لە (ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران- ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران- عەبدولحەكیم خەسرۆ سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچوون- كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت. 
نە گروپی پیشەسازی نەوتی كوردستان "ئەپیكور"و نە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هیچ راگەیەندراوێكیان لەبارەی كۆبوونەوەكە بڵاونەكردوەتەوە، تەنیا ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران شتێكی كورتی لەبارەی كۆبوونەوەكە نوسیوەو دەڵێ:" باس لە شەراکەتی هاوبەش و ستراتیژی لەنێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان کراو  دوایین سەردان و گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لەبارەی پرسی نەوت لەچوارچێوەی دەستور گفتوگۆیان لەبارەوە ئاڵۆگۆڕ کرا".
سەرۆكی دیوان باسلەوە دەكات" چارەسەری پرسی نەوت و گاز و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و جددیەتی حکومەتی هەرێم بۆ ئەو پرسە لە کۆبوونەوەکەدا خرایەڕوو".
رۆژی 9ی حوزەیرانی ئەمساڵ جارێكی ترو لەسەر داوای وەزارەتی نەوتی عێراق، لە بەغداد وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم و كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق كۆبوونەوە، بڕیاربوو لەم كۆبوونەوەیەدا ناكۆكییەكان چارەسەر بكرێت و دەست بە هەناردەی نەوتی هەرێم بكرێتەوە لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا، بەڵام كۆبوونەوەكە كۆتایی هات و لەوكاتەوە تائێستا هەم بەغدادو هەم هەولێر بێدەنگییان لێكردووەو هەناردەی نەوتیش دەستی پێ نەكردوەتەوە. 
دوای راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بۆری عێراق- توركیا بۆ بەندەری جەیهان لە 25ی ئازاری 2023، بەغداد مەرجێكی سەرەكی هەیە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، ئەویش هەمواركردنەوەی گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێمە لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت، ئەمەش بابەتێكە كە سەرباری نیشاندانی نەرمی لەمدواییەدا، بەڵام هێشتا هەم حكومەتی هەرێم و هەم كۆمپانیاكانیش بە هەستیارییەوە لێی دەڕوانن، حكومەتی هەرێم پێشترو چەندجارێك بە فەرمی رەتیكردوەتەوە گرێبەستە نەوتییەكانی رادەستی بەغداد بكات. 
لەپاڵ كێشەی گرێبەستە نەوتییەكان، نرخی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان یەكێكی تر لە ناكۆكییەكانی نێوان هەولێرو بەغدادە كە تائێستا یەكلانەكراوەتەوەو بەربەستە لەبەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، یاسای بودجه‌ی عێراق بۆ به‌رهه‌مهێنانی هه‌ربه‌رمیلێك نه‌وت بڕی (6) دۆلاری داناوه‌، به‌ڵام كۆمپانیا بیانییه‌كانی كه‌رتی نه‌وتی هه‌رێم بۆ به‌رهه‌مهێنانی هه‌ر به‌رمیلێك داوای (22) دۆلار ده‌كه‌ن، بۆ كرێی گواستنه‌وه‌ی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت، عێراق بڕی (دۆلارێك و 60 سه‌نت)ی داناوه‌، هه‌رێم بۆ هه‌ر به‌رمیلێك داوای (7 دۆلار) ده‌كات، بۆیه‌ ناكۆكییه‌كه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ قوڵه‌.
سەرباری راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێگەی بۆرییەوە، بەڵام بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان رانەوەستاوە، بەرپرسانی عێراق باسلەوە دەكەن هەرێم لەئێستادا رۆژانە 220 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی توركیاو ئێران دەكات بە نرخێكی زۆر كەمتر لە نرخی بازاڕی جیهانی، حكومەتی هەرێم لەدوای راوەستانی هەناردەی نەوت بە بۆری، هیچ زانیارییەكی بۆ رایگشتی لەبارەی هەناردەی نەوت بە تانكەرو داهاتەكەی بۆ خەزێنەی گشتیی ئاشكرا نەكردووە، پەرلەمانی كوردستانیش هەڵوەشاوەتەوەو هیچ چاودێرییەك لەسەر داهاتی تانكەرەكانی نەوت نییە. 
پێدەچێت هەولێرو بەغداد هەردوولا لەم ناكۆكییە سودمەند بن، بەغداد بەهۆی راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە، پشكی هەناردەی نەوتی خۆی لەچوارچێوەی سیاسەتی (ئیپێك +) لە نەوتی باشور زیادكردووە، حكومەتی هەرێمیش كە بەپێی یاسای بودجە لە حاڵەتی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت بە بۆری دەبوو داهاتی نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات، ئێستا ئیتر بە تانكەر دەیفرۆشێت و داهات ناگەڕێنێتەوە، توركیاو ئێرانیش وەكو دوو وڵاتی كاریگەر لەسەر پرسی نەوت و سیاسەت لە عێراق هەردووكیان سودمەندن لە نەوتە هەرزانەكەی كوردستان و بێدەنگییان هەڵبژاردووە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand