پێگەی لایەنە سیاسییەکان لە سنوری بازنەی پارێزگای دهۆک

Draw Media

2024-06-25 18:46:44




شیكاری: درەو

🔻 لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2021) لەسەر ئاستی سنوری پارێزگای دهۆک ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەجۆرێک بووە کە؛
🔹 پارتی پلەی یەکەمی گرتووە و (261 هەزار و 543) دەنگی بە ڕێژەی (66%)ی دەنگەکانی بەدەست هێناوەو (16) کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت.
🔹 یەکگرتووی ئیسلامی تەنها لە دوو بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووە، بە پلەی دووەم دێت و (81 هەزار و 144) دەنگی بە ڕێژەی (20.5%) بەدەستهێناوەو (5) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت.
🔹 یەکێتی کە لە دوو بازنەی هەڵبژاردن بەشداری کرد، سێیەم بووەو (25 هەزار و 40) دەنگ و بە ڕێژەی زیاتر لە (6%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوەو (2) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت.
🔹 نەوەی نوێ لە سەرجەم بازنەکان کاندیدی هەبوو، پلە چوارەمی گرتووە بە (19 هەزار و 292) دەنگ و ڕێژەی نزیک (5%)ی دەنگەکانی سنوری پارێزگای دهۆکی بەدەستهێناوە، (1) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت.
🔹 کاندیدە سەربەخۆکان (7 هەزار و 47) دەنگیان بە نزیکەی ڕێژەی (2%)ی دەنگەکان و بە پلەی پێنجەم دێن و کورسی پەرلەمانی کوردستانیان بەرناکەوێت.
🔹 سۆسیالست لە سەرجەم بازنەکانی پارێزگای دهۆک کاندیدی هەبوو، لە دوای سەرجەم لیست و لایەنە بەشداربووەکانەوە بوو، بە (هەزار و 911) دەنگ و بە رێژەی (0.5%)ی دەنگەکان و هەریەک لە بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی دادگەری هیچ کاندیدێکیان لەو پارێزگایە پێشکەش نەکرد.

یەکەم؛ پارێزگای دهۆک لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان
چاوەڕوان دەکرێت پێش کۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. لە دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەشێک لە بەندەکانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە بیانووی نادەستوری بوونیانەوە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو. لەوکات بەدواوە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییە بۆ ڕێکخستنی ڕێوشوێنەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
لەو چوارچێوەیەشدا ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە چوارچێوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە (4ی حوزەیرانی 2024) یاسای دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد، کە هەرێمی کوردستان دابەشی سەر (4) بازنەی هەڵبژاردن دەکات.
لە دەقی بڕیارەکەی ئەنجومەنی کۆمسیاراندا هاتووە، هەرێمی کوردستان دابەشکراوە بەسەر (4) ناوچە (بازنە)ی هەڵبژاردن ئەوانیش؛ بازنەکانی "هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە"ن.
بەپێی بڕیارەکە، پەرلەمانی کوردستان لە (100) کورسی پێکدێت و دابەشکراوە، بەم شێوەیە: هەولێر (34 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (1) کورسی بۆ تورکمان، سلێمانی (38 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (1) کورسی بۆ تورکمان، دهۆک ( 25 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی، بازنەی هەڵەبجە (3 کورسی) گشتی بەبێ هیچ کورسییەک بۆ پێکهاتەکان تەرخان کراوە.
ئەوەی لەم ڕاپۆرتەدا جێگەی بایەخ دەبێت بازنەی پارێزگای دهۆکە، کە (24 کورسی) گشتی  و (1) کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکانی (مەسیحی) تەرخان کراوە. سنوری ئیداری پارێزگای دهۆک پێکدێت لە قەزکانی (قەزای ناوەندی دهۆک، ئامێدی، ئاکرێ، بەردەڕەش، زاخۆ، سیمێل و شێخان) و ناحیەکانی سنوری پارێزگا و قەزاکانی پارێزگاکە، وەک لە نەخشەکەدا هاتووە.
نەخشەی پارێزگای دهۆک


بەپێی گوتەی گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق "جومانە غەلای" کە لە (21ی نیسانی 2024)دا ڕایگەیاندووە؛ "کۆی گشتی ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی گشتی بریتییە لە (هەزار و 266) بنکە... پارێزگای دهۆک (264) بنکەی هەڵبژاردنی تێدا دەبێت. وێستگەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بریتییە لە (6 هەزار و 298) وێستگە... (هەزار و 595) وێستگەی دەنگدانیش لە پارێزگای دهۆک دەبێت".
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، (2 ملیۆن و 888 هەزار و 162) کەس لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەدا، کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای دهۆک بریتییە لە (735 هەزار و 543) دەنگدەر، بەشێوەیەک (680 هەزار و 443) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (55 هەزار و 100) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە.

دووەم؛ بازنەی پارێزگای دهۆک لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا
1.    ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران (10/10/2021) لە سنوری پارێزگای دهۆک
بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئاستی گشتی سنوری پارێزگای دهۆک و سەرجەم قەزاو ناحیەکانی کە دابەشی سەر (3) بازنەی هەڵبژاردن کرابوون، ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە کە لە (خشتەی یەکەم)دا هاتووە، بەجۆرێک؛
-    پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی یەکەمدا بووەو (261 هەزار و 543) دەنگی بەدەستهێناوە بە رێژەی (66%).
-    یەکگرتووی ئیسلامی کە لە (2) بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبوو، لە پلەی دووەمدا بووەو (81 هەزار و 144) دەنگی بەدەستهێناوە بە رێژەی (20.5%).
-    هاوپەیمانی کوردستان (کە پێکهاتبوو لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام لە سنوری پارێزگای دهۆک تەنها یەکێتی لە دوو بازنەی پارێزگاکە کاندیدی هەبوو) پلە سێیەمی گرتووە و (25 هەزار و 40) دەنگی بەدەستهێناوە بە ڕێژەی نزیک (6.3%).
-    نەوەی نوێ لە پلەی چوارەمدا بوو، بە بەدەستهێنانی (19 هەزار و 292) دەنگ و ڕێژەی (4.9%)ی دەنگەکان.
-    کاندیدی سەربەخۆ تەنها لە دوو بازنەی هەڵبژاردن خۆیان پاڵاوتبوو (7 هەزار و 47) دەنگی بەدەستهێناوە بە ڕێژەی (1.8%)ی دەنگەکان.
-    پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان، بە بەدەستهێنانی (هەزار و 911) دەنگ و ڕێژەی (0.5%)ی دەنگەکان لە دوای سەرجەم لایەنە بەشداربووەکانەوە بووە.
-    بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی دادگەری لە هیچ بازنەیەکی پارێزگای دهۆک کاندیدیان نەبووە و هیچ دەنگێکیان لەو پارێزگایە تۆمار نەکردووە.
خشتەی یەکەم


2.    ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران (10/10/2021) لە سنوری پارێزگای دهۆک و بەرکەوتەی کورسییەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان
بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئاستی گشتی سنوری پارێزگای دهۆک کە دابەشی سەر (3) بازنەی هەڵبژاردن کرابوون، ئەنجامی دەنگی لایەنەکان و بەرکەوتەی کوردسییەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان بەم شێوەیە دەبێت کە لە (خشتەی دووەم)دا هاتووە، بەجۆرێک؛

-    پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی یەکەمدایەو (261 هەزار و 543) دەنگی هەیە بە رێژەی (66%) و (16) کورسی پارێزگای دهۆکی بۆ پەرلەمانی کوردستان بەردەکەوێت.
-    یەکگرتووی ئیسلامی کە لە (2) بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبوو، لە پلەی دووەمدا بووەو (81 هەزار و 144) دەنگی بەدەستهێناوە بە رێژەی (20.5%)، لەسەر ئەم بنەمایە (5) کورسی گشتی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت لە کۆی (24) کورسی گشتی پارێزگەکە.
-    هاوپەیمانی کوردستان (کە پێکهاتبوو لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام لە سنوری پارێزگای دهۆک تەنها یەکێتی لە دوو بازنەی پارێزگاکە کاندیدی هەبوو) پلە سێیەمی گرتووە و (25 هەزار و 40) دەنگی بەدەستهێناوە بە ڕێژەی نزیک (6.3%)، بەپێی سیستمی نوێی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان (2) کورسی پارێزگاکەی بەردەکەوێت.
-    نەوەی نوێ لە پلەی چوارەمدا بوو، بە بەدەستهێنانی (19 هەزار و 292) دەنگ و ڕێژەی (4.9%)ی دەنگەکان، هیچ کورسییەکی پەرلەمانی کوردستان پارێزگای دهۆکی بەرناکەوێت.
-    کاندیدی سەربەخۆ تەنها لە دوو بازنەی هەڵبژاردن خۆیان پاڵاوتبوو (7 هەزار و 47) دەنگی بەدەستهێناوە بە ڕێژەی (1.8%)ی دەنگەکان، ئەو رێژەیەش بەشی ئەوە ناکات کورسی مسۆگەر بکەن
-    پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان، بە بەدەستهێنانی (هەزار و 911) دەنگ و ڕێژەی (0.5%)ی دەنگەکان لە دوای سەرجەم لایەنە بەشداربووەکانەوە بووەو هیچ کورسییەکی پەرلەمانی کوردستان ناباتەوە.
-    بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی دادگەری لە هیچ بازنەیەکی پارێزگای دهۆک کاندیدیان نەبووە و هیچ دەنگێکیان لەو پارێزگایە تۆمار نەکردووە.
-    لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆکیش (1) کورسی کۆتا دەمێنێتەوەو بۆ پێکهاتەی (مەسیحی).

خشتەی دووەم


بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand