پەینی کیمیایی، بکوژە گەورەکەی خاک و ژینگە

Draw Media

2024-09-20 11:16:06




کۆچەر هەمزە
 جگە لە کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا، کە خۆیان لە وشکانی و کەمکردنەوەی شێ و کانزا خۆراکییەکانیدا دەبیننەوە، خاکی کشتوکاڵیی لەزۆربەی وڵاتانی دنیادا کەوتووتە بەر پراتیکی درێژ نەخایەن و زیادەڕۆیی لە بەرهەمدار کردنیندا، ئەویش بەهۆی پیشەسازیی پەیینی کیمیاییەوە کە دەبێتە هۆی تێکدانی ژیانی هەمە-جۆریی ناو خاک. پەیینی کیمیایی بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەسەر ژینگە و تێکدانی خاک هەیە لە ئاستی ناوەندە زانستییەکانی جیهاندا، بەیەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سیستمی ژینگەیی دادەنرێت.  هەرێمی کوردستان بەدەر نییە لە کاریگەرییەکانی تێکچوونی ژینگە و خاک بەهۆی پەینی کیمیاییەوە، ئەویش بەچەند هۆکارگەلێکی جیاواز کە هەندێکی دەگەڕێتەوە بۆ نائاگای جووتیاران، هەندێکیش لەپێناو زیادکردنی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان.
دارا عەلی، جووتیارێکی ناچەی بازیانە، یازدە ساڵە خانووی پلاستیکی بەکار دەهێنێت بۆ بەرهەمهێنانی خەیار، ئێستاش وەک باسی دەکات بەرهەمەکەی زۆر کەمی کردووە، تەنانەت ماوەی بەرهەمەکەش کورت بووەتەوە و درێژە ناکێشێت. دارا عەلی دەڵێت، "سێ ساڵی یەکەم، یەک وەرز خەیارم دەچاندو تا مانگی یانزە بەرهەمم باش بوو، بەڵام ئێستا بەرهەم کورت مەودایە و کەمتر بۆتەوە، ڕەنگی قەد و گەڵاکانیشی زەردو لاواز بووە، وای لێهاتووە بەو پەینە نەبێت بەرهەمم نابێت". ئەم جووتیارەی ناوچەی بازیان لە سلێمانی، هۆکاری سەرەکی کەمی بەرهەمەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ زۆر بەکارهێنانی پەینی کیمیایی، باسی ئەوەش دەکات کە ئەو هیچ زانیارییەکی لەسەر بەکارهێنانی ئەو پەینانە نەبووە کەبەکاری هێناون، کەسیش ڕێنمایی نەکردووە، "مەمنون دەبم ئەگەر یەکێک هەبێ چارەسەرێکم پێ بڵێت چونکە خاکەکەم تەواو بێهێز بووە"، ئەو وا دەڵێت.
 دکتۆر کەمال حەمەکریم لە بەشی سامانە سروشتییەکان لە کۆلیجی زانستە ئەندازیارییەکان لەبارەی پەیینی کیمیاییەوە دەڵێت، "ماددەیەکی دەستکرد کە یەکێک یان زیاتر لە توخمە خۆراکییەکانی تێدایە وەک نایترۆجین، فسفۆر و پۆتاسیۆم کە پێویستن بۆ بەرهەمهێنان و گەشەی ڕووەکەکان". شێوازی بەکارهێنانی پەیینەکە بەشێوەی پرژاندن یان بەشێوەی هێڵ لەنێوان ڕووەکەکانیاندا دادەنرێت، دەبێت کەمێک دوور بێت لە ڕەگی ڕووەکەکەوە یان بەشێوەی بازنەی دادەنرێت و لە دەوری قەدی ڕووەکەکە دەگیرێتەوە و بەشێوەی سپرای دەڕژێت بەسەر گەڵاکاندا، یان تێکەڵ دەکرێت لەگەڵ ئاوی ئاودێریدا یان بەئامێری تایبەت وەک دەرزی بەقوڵایی شەش ئینج دەدرێ لەنزیک ڕەگی ڕووەکەکە. بەگوێرەی ڕێنماییەکانی ئەم پسپۆرە، ئەگەر ڕووبەری زەوییەکە فراوان بوو، هیلیکۆپتەر بۆ ڕشاندنی پەیینەکە بەکاردەهێنرێت، یان ئەگەر تۆبۆگرافییەکەی جیاواز بێت، دەکرێت بەشێوەی دەنکۆڵە بەتایبەت پەینە نایترۆجینییەکان لەگەڵ قوڕەکە تێکەڵ بکرێت، بۆ کێڵگەی برنج بە ڕێژەی 1 بۆ 10 دەنکۆڵە بە قوڵای پێنج سانتیمەتر لەنێوان ڕیزەکانی مەرەزەدا دادەنرێت.
 سەبارەت بە زیانەکانی پەینە کیمیاییەکان دکتۆر کەمال دەڵێت، "بەکارهێنانی پەینی کیمیایی بۆ ماوەیەکی درێژ دەبێتە هۆی زیادبوونی ترشیی خاک و کاریگەری خراپی لەسەر میکرۆبەکان دەبێت کە لە خاکەکەدا دەژین، هەروەها زۆربوونی ئافاتەکان. جگە لەوەش زیاد بەکارهێنانی پەینە نایترۆ جینییەکان دەبێتە هۆی گەرمبوونی بەرگەهەوا، بۆ نمونە نیترات لەناو خاکدا لە ئەنجامی کۆمەڵێک کارلێککردن بەهۆی Denitrifying Bacteria ئەم نیتراتە دەگۆڕێت بۆنایترۆجین و دەیکاتە بەرگی هەواوە، تێکەڵبوونیان لەگەڵ ئاوەکاندا دەبێتە هۆی گۆڕانکاری پێکهاتەی خوێدا و دروستبوونی دیاردەی Eutrophication کە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لەپێکهاتەی سیستمی ژینگەییدا وەک زیادبوونی بەرهەمهێنانی قەوزە و ڕووەکی ئاویی، ئەمەش کاردەکاتە سەر کەمبونەوەی جۆرەکانی ماسی و تێکچوونی گشتی کوالیتی ئاو".


یەکێکی تر لە جووتیارەکانی ناوچەی بازیان لە ناشارەزای جووتیارانەوە دەست پێدەکات و دەڵێت "ئێمەی جووتیار کەمتر شارەزاییمان لەسەر پەینە کیمیاییەکان هەیە نازانین زیانیان کەمە یان زۆر، یان کامەیان زیانی لەوی تریان زیاتر و کەمترە، چونکە لە چەند وڵاتێکی جیاوازەوە پەیینی جۆراوجۆر دەهێنرێنە هەرێمی کوردستان، وەک ئەڵمانیا، چین، بەریتانیا و وڵاتی تر. ئێمە نازانین پەیینی کام وڵات باشە و هی کام وڵات خراپە".  ڕێبوار خالید دەگێڕێتەوە کە چۆن جووتیارانی کوردستان زیاتر چاویان لەسەر نرخی پەیینەکەیە، بۆنمونە جۆری ئەڵمانیی هەیە كە بڕێکی بە 100 دۆلار دەفرۆشرێت، هەمان بڕی جۆری چینیی بە 50 دۆلارە، جووتیارەکان پەنا بۆ ئەمەی دووەمیان دەبەن، چونکە هەرزانترە. ئەمەش تاڕادەیەک بەگوێرەی قسە ئەو زیان بە ڕووەکەکانمان دەگەیەنێت. بەلای جووتیارەوە، پەیینی باش، گران لەسەر جووتیاران  دەکەوێت و لەم بارەیەوە رێبوار خالید دەڵێت، "من لە 2017ەوە تا ئێستا کە دەکاتە 7ساڵ بەڕێژەیەکی دیاریکراو پەیین بەکاردەهێنم واتە بۆ هەر خانوویەکی پلاستیکی و هەر 3 ڕۆژ جارێک 2 کیلۆ بۆ 2کیلۆ و نیو پەیینی کیمیایی بەکاردەهێنم نەک 5 کیلۆ، تا ئێستاش سوپاس بۆ خوا کێڵگەکەم بێ کێشەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ساڵانە کە بەرهەمەکەم تەواو بوو خەیار بێت یان تەماتە یان بیبەر، خاکەکەم دەکێڵمەوە و پاشەڕۆی پەلەوەری دەواجینەکانی تێدەکەم یان پەینی ئاژەڵ و پاشان ئاوی دەکەینە سەر، چونکە باراناو ناگاتە خانووە پلاستیکییەکان، بۆیە ئەو ئاوە لە زستان دەبێتە زوقم و دەیبەستێت ئەمەش وەک جۆرێک لە پاراستنی خاکەکەم بەکاریدەهێنم".
سەبارەت بە وەرگرتنی ڕێنمایی لە فرۆشیارانی پەیینە کیماییەکان باسی ئەوە دەکات کە ڕێنمای دەکرێن و هەر دوکانێک کە ئەو شتەکانی لێدەکڕێت دەبێت دوو ئەندازیاری لێبێت، کە لەلایەن حکومەتە و دانراون و ئەوان دیاری دەکەن کە بۆ هەر خانوویەکی پلاستیکیی لە دەرمان ڕشاندندا 100سیسی یان 150 سیسی لەو دەرمانەی بۆ هەر 100 لیترێک. لە ڕووی ئاوادانەوە بۆ پەیینی کیمیایی، ڕێنمای ئەوەیان دەکەن کە بۆ هەر خانوویەکی پلاستیکی دوو کیلۆ بەکار بێنین، بەڵام زۆر جار جوتیاران لەگەڵ ئەو ڕێنماییانە ناڕۆن زیادەڕۆیی دەکرێت.
موسلیم محمد ئەندازیاری کشتوکاڵی باس لە زیانەکانی زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی پەیینی کیمیاییدا دەکات و جۆری زیانەکانیش بەم شێوازەی خوارەوە ڕوون دەکاتەوە: کەڵەکەبوونی ماددە قورسەکانی وەک کادمیۆم، قوڕقوشم، مس، کرۆم، نیکڵ کە ئەم توخمە قورسانە دوای کەڵەکەبوونیان لەناو خاکدا دەمێننەوە و لەناو ناچن و لە ڕێگەی خۆراکەوە دەچنە لەشی مرۆڤەوە. بەمەش لەخانە چەورییەکانی لەشی مرۆڤدا کەڵەکە دەبن و کاریگەرییان هەیە لەسەر کەمبوونەوەی چالاکیی ئەندامەکانی لەش بەتایبەتی جگەر. هەروەها ئەم توخمە قورسانە کە دەڕژێنە ڕووبار و دەریاچەکانەوە دەبنە هۆی لەناچوون و کەمکردنەوەی گیانەوەرە ئاوییەکان بەتایبەت ماسی، ئەمە جگە لە پیسبوونی ئاوی ژێرزەوی.
زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی نایترۆجین دەبێتە هۆی دروستبوونی نیترات لەناو ئەو سەوزە و میوانەی ئەو جۆرە پەینەیان بۆ بەکارهاتووە، نیتراتیش لە لەشی مرۆڤدا دەگۆڕێت بۆ نیتریت کە ئەمیش لەگەڵ (ئەمینییەکان) یەکدەگرێت و ژەهر لە لەشی مرۆڤدا دروست دەکات و پێی دەوترێت نایترۆ-ئەمینی. ئەم ماددەیەش بەپێی توێژینەوەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی بە ماددەیەکی شێرپەنجەیی هەژمار دەکرێت.
هەروەها زیاد بەکارهێنانی پەیینە کیماییەکان دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی چالاکی بەکتریا و زیندەوەر و مێرووەکانی ناو خاک. زۆرجاریش دەبێتە هۆی لەناوچوونیان، بەمەش کرداری شیکردنەوەی ماددەکان لە خاکدا هێواش دەبێتەوە، هەروەها کەمبونەوە و دابەزینی بەرهەمهێنانی خاک بەو شێوەیەی کە ئێستا خاکەکەی دارا عەلی تووشی بووە.
کێشەکە تەنیا کەمبوونەوەی بەرهەم نییە، بگرە ئەو بەرهەمە کەمەش کە هەیە ڕووبەڕووی نەخۆشی دەبێتەوە، ئەوەش دەرەنجامی ڕووەکەکانە بەرامبەر نەخۆشیی، واتا زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی ماددە کیمیاییەکاندا بەرگری ڕووەک بەرامبەر ئافات و نەخۆشییەکان کەمدەکاتەوە، بەتایبەت نەخۆشییە کەڕووییەکان. لەگەڵ ئەوەشدا زیان بەبینای خاک دەگەیەنێت و زۆرجار پرۆسەی خزمەتکردنی خاک قورستر دەکات وەک کێڵان و شیکردنەوە.
 وەک ئەندازیار موسلیم محمد باسی دەکات، ئەگەر لەناو خانووە پلاستیکییەکان پەیینی کیمایی زۆر بەکاربێت زیانەکانی زیاترە بەرامبەر زەویەکی دەرەوە، ئەویش بەهۆی دەردانی گازەکانی (N2O,NO) کە ئۆکسیدەکانی نایترۆجینن و کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر پیسبوونی هەوا و گەرمبوونی هەیە.


یەکێکی تر لەزیانەکانی زۆر بەکارهێنانی پەیینە کیمیاییەکان ئەوەیە کە ترشێتی خاک زیاد دەکات. ئیتر بەکتریا و زیندەوەرانی ناو خاک ناتوانن لەناو ئەم بڕە زۆرەی ترشیدا بژین و لەگەڵ کۆمەڵێک ڕووەک ژیانیان سنوردار دەبێت و بەرەو لەناوچوون دەچن. هەروەها گازەکانی وەک ئەمۆنیا و دوانە ئۆکسیدی نایترۆجین و دوانە ئۆکسیدی گۆگرد و ڕێژەی ترشەباران زیاد دەکات. ئەمەش هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی ترشێتی ناو سەوزە و میوە و هەروەها زۆربوونی ڕێژەی شەکر. ئەندازیار موسلیم دەڵێت، "زیاد بەکارهێنانی پەینی کیمیایی دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی ڤیتامین سی لەناو سەوزە و میوەکاندا بەتایبەت زیاد بەکارهێنانی پەینی نایترۆجینی، ڕێژەی %20 ڤیتامین سی ناو بەرهەمەکان دادەبەزێنێت".  
عادل حەمەد جووتیارێکی ناوچەی دەربەندیخانە کە تەنیا گەنم بەرهەم دەهێننێت، لەم بارەیەوە دەڵێت "لەگەڵ ئەوەی پەینی کیمیاییشم بەکارهێنا، گەنمی ئەمساڵم بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو کەمتری کردووە". ئەو باس لەوەش دەکات کە لەو شوێنانەی پەینی کیمییایی لێ دەکڕێت، هیچ ڕێنمایی ناکرێن لەسەر شێوازی بەکارهێنان، چونکە بەگوێرەی زانیاریی ئەو، فرۆشیارەکان کەسانی ناشارەزان، زۆربەی کات کەسی نەخوێندەوار خاوەن دوکانەکەیە. ئەمەش وایکردووە بەشێک لە جووتیارەکان پاش کڕینی پەینە کیمیاییەکان، دەبێت بچنە نزیکترین بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ناوچەکانیان تا شێوازی بەکارهێنان و جۆرەکەشیان بۆ ڕوون بکەنەوە. عادل حەمەد دەڵێت، "من پێم باشە ساڵانە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان سەردانی کێڵگەکەم بکەن و پشکنینم بۆ بکەن تا من بزانم چ جۆرە پەیینێک و چەند و چۆن بەکاری بهێنم، بەڵام بەداخەوە ئەمە ناکرێت، لەگەڵ نەبوونی ئەمەش کۆمەڵێک پەیین بەناوی جیاواز لەبازاڕەکان هەیە کە ئێمە نازانین کوالیتیان چۆنە و لە کوێوە هاتوون، ئەویش لەبەر نەبوونی کوالیتی کۆنترۆڵی باش لەهەرێمی کوردستان. ئەمەش جارێکی تر بارگرانیی بۆ ئێمە دروستکردووە". ئەم جووتیارە باس لەساڵی نەوەدەکانی سەدەی پێشوو دەکات کە حکومەت خۆی پەیینی کیمیایی هێناوە و دابەشی کردووە بەسەر جووتیارەکاندا، لەگەڵ ڕێنمایکردن، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ دەگوزەرێت شێوازێکی هەرەمەکی بەکارهێنانی پەیینی کیمیاییە لەلایەن جووتیارەوە ئەمەش لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی تر بەپێی جۆری ئەو کشتوکاڵەی دەکرێت جیاوازی هەیە.
فەریدوون حەسەن بەڕێوەبەری گشتی ڕێنمایی کشتوکاڵی هەڵەبجە، سەبارەت بەوەی تا چەندێک ڕێنمایی دەدرێت بە جووتیار، باس لەوە دەکات کە بەهۆی نەبوونی بودجە و نەبوونی پارەی پێویست کارمەندەکانیان لە ڕووی سەردانیکردنی کێڵگەکان و پشکینین ناتوانن بەردەوام هاوکاری جووتیارانی ناوچەکە بن. بەپێی قسەکانی ئەو، کارەکە پێویستی بە ئۆتۆمبیل و کارمەندی تایبەتمەند هەیە، نەبوونی پارە و دامەزراندن ئەم کارەی ڕاگرتووە. لەم بارەیەوە دەڵێت، "لەگەڵ ئەوەش ئێمە لە هۆبەی دەرچوون، هەندێک جار بە ئۆتۆمبێلی خۆمان، هەندێک جاریش بەو بڕە پارە کەمەی لەبەردەستماندایە، ساڵانە دەچینەکێڵگە کشتوکاڵییەکان بۆ ڕێنمایی جووتیاران، بەڵام بەداخەوە کەمتەرخەمی یەکەم جووتیارەکان خۆیانن کە تا لێیان نەقەومێت و زەرەر نەکەن ڕوو لە فەرمانگە پەیوەندیدارەکان ناکەن، کە کاتیش تێپەڕی شتێکی ئەوتۆ ناکرێت".
ئاماژەش بۆ ئەوە دەکات کە زۆرجار، جووتیار بە ویستی خۆی پەیینی کیمیایی دەکڕێت و بێ گەڕانەوە بۆ کەسی شارەزا بەکاری دەهێنێت، واتە لایەنی حکومی چاودێری و سەرپەرشتی پرۆسەکە ناکات، ئەم کارەش پێکهاتەی خاک تێکدەدات و توشی تەسەممی دەکات، ئیتر وردە وردە دەبێتە خاکێکی بێ پیت. لەلایەکی ترەوە لەگەڵ لەدەستدانی خاکیش جووتیارەکان بەهۆی نەزانی و خۆنەپاراستنەوە لەکاتی ڕشتنی دەرماندا، تووشی نەخۆشی جیاواز دەبن وەک نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و هەناسە و پێست. بەڵگەی ئەم قسەیەش بەگوێرەی فەرەیدوون حەسەن، توێژینەوەکان و پڕبوونی خەستەخانەکان بەبەردەوامی کە زۆر ڕوونە لەڕابردوودا ئەم نەخۆشیانە بەم شێوەی ئێستا بەربڵاو نەبوون.
سەبارەت بە شوێنەکانی فرۆشتی پەینی کیمیایی و دەرمانەکان، دووبارەی دەکاتەوە کە ئەمەش بەشێکی پەیوەستە بە نائاگایی جووتیار و نەبوونی چاودێری حکومەت، چونکە زۆرێک لە فرۆشیارەکان دەرچووی بەشی تایبەت بە دەرمان و پەیین نین، بە شێوازێکی هەڕەمەکی ماددەکان دەفرۆشن. ئەگەر شوێنێکی باش و تایبەتمەند هەبێت و بە شێوازی ستاندارد ڕێنمای دەرمانەکان بە جووتیار بفرۆشێت ئەوا دەبینی ئەو شوێنە بەردەوام چۆڵە و کڕیاری کەمە، چونکە وەک دەڵێت "بەشێک لە جووتیاران دەیانەوێت پەیین و دەرمانی زیاتر بەکار بهێنن تا بەرهەمی کێڵگەکانیان زۆرتر بێت و قازانجی زیاتر بکەن".
نازە مستەفا یەکێکە لە فرۆشیارەکانی دەرمان و پەیینە کیماییەکانە لەکۆمپانیای لالۆ لە شاری سلێمانی. بە بۆچوونیی ئەو جووتیار لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی زانیارییان زۆر کەمە لەسەر چۆنییەتی و شێوازی بەکارهێنانی پەیینەکان، ئەوانەش کە شارەزاییەکیان هەبێ زۆر کەمن. نازە مستەفا دەڵێت، "وەک خۆم و شوێنی کارەکەم تا بتوانم ڕێنمایی دەدەم بە جووتیار لەوەی کە بەکارهێنان لە وەرزێک بۆ وەرزێکی تر گۆڕانی بەسەردا دێت و هەروەها لە سەرەتای دروستبوونی ڕووەک تا پێگەیشتنی بەرهەم، بەشێوازی جیاواز پەیین بەکاردێت، کە هەندێکی لەسەرەتادا بەکاردێت بەرپرسە لە گەشەی ڕووەک و دواتر جۆری تر بەکاردێت کە بەرپرسە لەجۆری بەرهەم و قەبارە و ڕێژەکەی. ئەگەر خەیار وەک نموونە وەربگرین، کە لەم ناوچەیەی ئێمە زۆر دەچێنرێت، من بە جووتیار دەڵێم خانوویەکی پلاستیکی دەبێت تەنیا نیو کیلۆ بەکار بێت بەشێوازی ستاندارد، کە لێرە زۆرینەی خانووە پلاستیکییەکان پێنج سەد مەترن، بەڵام جووتیار خۆی زۆر کات ڕێژەیەکی زۆرتر بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی بەرهەمی زیاتری هەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی گەڵای خەیار زەرد هەڵگەڕێت، چونکە ڕێژەیەکی زۆر لە خوێ لە خاکەکەدا کۆ دەبێتەوە، لە ڕاستیدا پەیینەکە ئەمەی دروستکردووە. ئەمەش زۆرجار ناچارمان دەکات ماددەیەکی تر بدەین بە جووتیارەکان، ئەویش دژە خوێیە.
پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر کارزان هەورامی لەبارەی پیسپبوونی کێڵگەکانی جووتیارانی هەرێم دەڵێت، "بەو پێیەی من لەناوچەی شارەزوور زۆر کارم کردووە و بینیومە کە لەکێڵگەکان ڕێژەیەکی زۆر پەینی کالیسێۆم و نایترۆجین و فسفۆڕ بەکاردەهێنرێن، بەڵام کەمتر توخمە خۆراکییە دەگمەنەکان بەکاردەهێنن وەک زینک و سلینێۆم کە ئەوانە زۆر پێویستن لەناو خۆراکی ئێمەدا هەبن".‌
 دکتۆر کارزان هەورامی باسی ئەوە دەکات کە چۆن دوای پشکنینی خاک بۆیان دەرکەوتووە یەکێک لەسەرچاوە سەرەکییەکانی پیسبوونی خاک لە هەرێمی کوردستان زۆر بەکارهێنانی پەیینی کیمیاییە. ئەوەش ڕوون دەکاتەوە کە زۆربەی کات لە پشکنینی خودی ڕووەکەکەوە گەیشتوونەتە ئەو دەرەجامە، بەتایبەت کە گەڵاکەی سەوزێکی تۆخە و لە دورەوە دیارە. ئەو لەم بارەیەوە دەڵێت، "ئێمە لەگەڵ بەکارنەهێنانی پەیینی کیمایی نین بەڵکو زۆر کات دەڵێین دەبێت بەکار بێت بەڵام چەندێتی و چۆنیەتی لە خاکێکەوە بۆ خاکێکی تر جیاوازە، زۆر خاک هەیە بۆ جۆرە ڕووەکێک گونجاوە بەڵام جووتیارەکان، بە پەیینێکی کوالێتی خراپ بەرهەمێکی تری لێ بەرهەم دێنن، ئەمەش هۆکاری سەرەکی هەم پیسبوونی خاک و ژینگە و هەم بەرهەمە خۆراکییەکەیە، چونکە زۆربەی پەیینی کیمیایی خراپ، ژەهری تێدایە و ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو ڕووەک و بەرهەمەکە و دەگوازرێتەوە بۆ ئێمەی مرۆڤ، بۆیە ئێمە پێویستە ئاگامان لە تەندروستی خاکمان بێت، ئەگەر خاک تەندروست بوو واتە ژینگە پاکە و مرۆڤیش تەندروستە. ئەمەش پەیوەستە بە تەمەن درێژیمان واتە ئەگەر خاکێکی پاک و باش و تەندروستمان هەبێت تەواوی مرۆڤایەتی ناوچەکە باش و تەندروست دەبێت".
بە گوێرەی ئەم پسپۆرە، پەینی کیمیایی تایبەتمەندییە فیزیای و کیمیاییەکانی خاک لەناو دەبات، بەمەش زیندەوەرە وردەکانی ناو خاک دەمرن، چونکە ڕێژەی ترش و تفتی ناو خاک بەرز دەکاتەوە و  دەبێتە هۆی کوشتنی مێرووەکان. کە مێرووەکان نەمان، واتە باڵندەکانیش نامێنن ئەمەش نیشانەی ئەوەیە وردە وردە ئەو ژینگەیە بەتەواوی لەناو دەچێت.  بۆ ئەوەی ئێمە ڕێگری لەم پێشهاتە بکەین، پێویستە بزانین چ جۆرە پەیینێک بەکاردێنین، هەروەها ڕێژەی بەکارهێنانی؟ لەگەڵ ئەم پرسیارەدا، دکتۆر کارزان باس لەوە دەکات چۆن ڕووبکەینە پەیینی ئۆرگانیکی، واتە ئەو پەیینە سروشتییەی کە باوباپیرانمان بەکاریان دەهێنا، چونکە ماددەی ئەندامی واتە ئۆرگانیکی لە خاکدا بەرزتر دەکاتەوە، کرمەکان دەبوژێنێتەوە و ئەو مێرووانە چالاک دەکاتەوە کە سوودیان هەیە بۆ خاک. یان دەتوانرێت پەیینی سەوز بەکار بێت کە ئەویش بریتییە لەو گژوگیا سەوزەی لە بەهاردا دەبڕدرێت و دووبارە دەکرێتەوە بە پەیین یان کۆمپۆست واتە بەرماوەی ئەو خۆراکەی دەمێنێتەوە بەکاربێنن، یان هەندێک هاندەری گەشەی زیندەوەرە وردەکان هەیە بەکاردێت. هەر وردیلەکانی ناو خاک خۆیان کۆمەڵێک کەڕوو بەرهەم دەهێنن کە خاک دەبوژێنێتەوە و بەرهەمەکان زیاد دەکات، ئەمانە هەمووی جێگرەوەکانی پەیینی کیمیایین و بۆ جووتیاریش تێچوەکەی کەمترە.
شڤان حەسەن، فرۆشیاری پەیینی کیمیایی و بابەتەکشتوکاڵییەکانە لە شاری سلێمانی، پێی وانییە جووتیارانی هەرێم بتوانن ڕێژەیەکی زۆر لە پەیینی کیمیای بکڕن و بەکاری بهێنن تا ببێتە هۆی پیسبوونی خاک، چونکە بەلای ئەوەوە نرخەکانیان گرانە زۆرجار وا دەکات جووتیار کەمتر لە ڕێژەی پێویست بەکار بهێنێت. ئەو دەڵێ "بۆ نمونە لە ناوچەی پێنجوێن تەماتە بەنەوار دەکردرێت، نەوارێک نزیکەیی دۆنمێک کەمترە، ڕێنمای ئێمە بۆ ئەم نەوارە چوار کیلۆ بۆ پێنج کیلۆیە یان پێنج کیلۆ بۆ دۆنمێک کە دەکاتە 2500 مەتر چوارگۆشە، بەڵام زۆر کات جووتیار بەهۆی نرخەکەیەوە کەمتر لەم بڕە بەکار دەهێنێت". لە بەرانبەردا ڕێبوار خالید باس لەوە دەکات ساڵانە بە بڕی حەفتاو پێنج بۆ هەشتا ملیۆن دینار، پەیینی کیمیایی و ماددە کشتوکاڵییەکان دەکڕێت، بەهەمان شێوە دارا عەلی بۆ بیست و حەوت خانووی پلاستیکی کە ئەمساڵ خراپترین بەرهەمی خەیاری هەبووە، زیاتر لە بیست و پێنج ملیۆن دیناری خەرجکردووە. دارا عەلی دەڵێت، "بۆ هەر خانوویەکی پلاستیکی ئەندازیارێکیان بۆ داناوین بەڵام ئەوان تەنیا ئیشیان ساغکردنەوەی پەیینە کیمیاییەکانە و تا ئێستا هیچ کام لەو ئەندازیارانە لەسەر خراپ بەکار هێنان یان چۆنیەتی بەکارهێنان، هیچیان پێ نەگوتووین، ئەمەش وایکردووە من ئێستا خاکەکەم بە پیت نەبێت و بەرهەمەمم کەم و خراپ بێت".
بە پێچەوانەوە، ژینۆ محمد پسپۆڕی پیسبوونی ژینگە، پێیوایە جووتیاران ڕێژەیەکی زۆر لە پەیینی کیمیایی بەکاردەهێنن و بەپێی پێویستی پەیڕەوی ڕێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ یان ئەندازیاری کشتوکاڵیی ناکەن. ئەم پسپۆرە ژینگەییە لەم بارەیەوە دەڵێت، "ئەوان خۆیان بەخاوەن خاک دەزانن و موڵکدارێتییەکەی دەگەڕێننەوە بۆ خۆیان، تەنیا بەو شێوە خاکەکەیان بەکاردێنن کە خۆیان دەیانەوێت تەنانەت ڕێگا نادەن پشکنینیان بۆ بکرێت تا بزانرێت بۆ کام جۆری بەرهەم و ڕووەک گونجاوە". ئاماژەش بۆ ئەوە دەکات کە پشکنین دەریدەخات چی کانزایەکی خۆراکیی لە خاکەکەدا کەمە و دەبێت بەپێی ئەوە ئەو جۆرە پەینە بکڕدرێت. بە پێچەوانەوە، بەکارهێنانی دەرمان بەشێوەیەکی هەرەمەکی دەبێتە هۆی پیسبوونی خاک و ژینگە، چونکە پەیینی کیمیایی کاتێک بەکاردەهێنرێت کە بزانرێت خاکەکە لە چی کانزایەکی خۆراکی کەم یان زیادە. کاتێک ماددەیەکی کیمیایی بەکار دەهنێرێت و لەبنەڕەتدا لە خاکەکەدا هەیە، ئەوا هاوسەنگی ناهێڵێت و وردیلەکانی ناو خاک لەناو دەبات کە کاریان بەپیتکردن وچالاککردنی کانزا خۆراکییەکانە. دواتر ئەو بەشە زیادەی کە ڕووەکەکە هەڵی نامژیێت دادەچۆڕێتەوە چینی خوارەوەی خاک و ئاوی ژێر زەوی تێکدەدا، بڕێکیش لەم ماددانە لەگەڵ باراناودا بەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکاندا دەڕۆن و لە کۆتاییدا دەڕژێنە ناو چەم و دەریاچەکانەوەو تێکیان دەدەن، دەبنە هۆی قەوزەیەکی زۆر کە ئەمەش ڕێگری لە چوونەژوورەوەی تیشکی خۆر دەگرێت بۆ بەشی ژێرەوەی ئاوەکان. بەم شێوەش ئۆکسجینی ژێرەوەی ئاوەکان کەمدەبێتەوە و زیان دەگاتە ماسی و زیندەوەرە ئاوییەکان. کەواتە ئەگەر بەکارهێنانی پەینی کیمیایی بەشێواز و مامەڵەیەکی دروست نەبێت زیانەکانی زیاترن، هەم بۆ خاک و هەم بۆ ژینگە و خەڵکیش.
ژینۆ محمد پێی وایە کە مەرج نییە جووتیار تەنیا لە ڕێگەی پەینی کیمیاییەوە کانزا خۆراکییەکان بخاتە ناو خاکەوە، بەڵکو چەندین ڕێگای تر هەن وەک بەکار هێنانی پەیینی ئۆرگانیک کە یەکێکە لە دروستترین ڕێگاکان، چونکە تەواو سروشتییە، لەهەمان کات بەروبومێکی تەواو تەندروست و سروشتیی لێ وەبەرهەم دێت. ڕێگایەکی تر دەورانکردنی کشتوکاڵە، بۆ نمونە ئەگەر جووتیار ساڵێک زەوییەکەی کردە گەنم، نابێت ساڵی داهاتووش هەر گەنم بێت کە هەموو کانزا بە سوودەکانی خاک دەبات بۆ خۆی. بۆیە باشترە ساڵی دواتر بکرێت بەیەکێک لە پاقلەمەنییەکان چونکە سروشتی پاقلەمەنییەکان وایە کە جۆرێک لە بەکتریایی سوودبەخش لە ڕەگەکانیان دروست دەکەن و نایترۆجین بۆ خاکەکە زیاد دەکەن. دەکرێ ساڵی دواتر نەکرێت بەهیچ شتێک و وەک خۆی بهێڵرێتەوە هەتاکو ڕێژەی ئۆرگانیی خاکەکە زیاد بکات، پاشان ساڵی چوارەم بکرێت بەو بابەتەی کە جووتیار دەیەوێت. ئەم شێوازی دەورانە وادەکات خاکەکە هەم بەپیت بێت هەم کانزای ئۆرگانیکی زۆر بێت، کە دەرەنجامەکەی بەروبومێکی پڕ و کوالیتی بەرز دەبەخشێت.
سەبارەت بە ڕێگریکردن لە زیاد بەکارهێنانی پەیینی کیمیایی پێی وایە ناتوانرێت ڕاستەوخۆ ڕێگری لە جووتیاران بکرێت، بەڵام دەکرێت لە ڕێی وەزارەتی کشتوکاڵ و بەڕێوەبەرایەتییەکانەوە ڕێنمای بڵاوبکرێتەوە کە بەکارهێنانی پەیینی کیمیایی بەو جۆرەی هەیە، خراپە لەهەمانکاتیشدا، هەروەها دەکرێ لە ڕێگەی نوسینگە کشتوکاڵییەکانەوە کەمێک هاوردەکردنی پەیینی کیمیاوی سنوردار بکرێت و  گرنگیی بدرێت بە بازاڕی پەیینی ئۆرگانیک.
پەیینی ئۆرگانیکیش، وەک ئەم توێژەرە ئاماژەی بۆ دەکات، ئەگەر پاشەڕۆی پەلەوەر یان ئاژەڵ بێت، ناکرێت بەڕێژەیەکی زۆر و ڕاستەوخۆ بکرێتە سەر زەوییەکە، چونکە ئەم پەیینەش هەندێک جۆری نەخۆشی و بەکتریای تێدایە و دەگوازرێنەوە بۆ ناو خاک، بۆیە دەبێت ئەویش چەند گۆڕانێکی بەسەردا بێت و بکرێت بە پەیینی کۆمپۆست واتە شی بووەوە. دواتریش جۆر و کوالیتی کۆمپۆستەکە دیاری بکرێت و بەپێی پێویستی زەوییەکە و بەرهەمەکە بەکاربێت.
جووتیار خالید جێگری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی لەم بارەیەوە، دەڵێت "بەکارهێنانی پەینی کیمیایی بابەتێکی زانستییە و پێویستیەکی ڕووەکییە، وەک چۆن مرۆڤ پێویستی بە خۆراکە بەهەمان شێوە ڕووەکیش پێویستی بە خۆراکە، بەڵام دەبێت دڵنیابین لەوەی کە ڕووەکەکە پێویستی پێیەتی و پێشتر ئامادەکاری کرابێت و پشکنین بۆ ڕووەک و خاک و جۆری پەیینەکەش کرابێت. لە هەرێمی کوردستان بەهۆی کەمی بوونی تاقیگە و زۆری تێچووی پشکنین، زۆربەی کات جووتیار ئامادەی ئەم پشکنینانە نییە کە ئەمەش دووجار زیانی پێدەگەیەنێت: جارێک کە نازانێت خاکەکەی چی تێدایە، جارێکیش دەکەوێتە بەردەستی بازرگانەکان و بە ئارەزووی خۆیان ئاراستەی دەکەن لەپێناو قازانج. باجی ئەمەش زۆرە و کاتی پێگەیشتنی بەرهەمەکانیان جووتیاران گلەیی ئەوە دەکەن کە قازانجیان نەکردووە".
جووتیار خالید دەگێڕێتەوە کە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ و لقەکانی، کار دەکەن لەسەر ئەوەی ڕێنماییەکانیان لەسەرجەم قەزا و ناحییەکاندا، پاڵنەری جووتیاران بێت کە هەم پەیینی کیمیایی کەم بەکاربهێن هەم ماددە قڕکەرەکانیش کە هۆکاری پیسبوونی ژینگە و بەرهەمی ناتەندروستن. وەک باسی دەکات، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی و لقەکانییەوە، چەندین جار خولی کشتوکاڵی بۆ هۆشیارکردنەوەی جووتیاران لەسەر کاریگەریەکانی زیاد بەکارهێنانی پەیینی کیمیایی کراوەتەوە و دەرئەنجامی باشی هەبووە.
پێنجوێن و بازیان لەو شوێنانەن لە دەستپێکی وەرزی کشتوکاڵەوە پشکنینی تاقیگەیی بۆ خاک و ئاو کراوە، وەک دیاریکردنی ڕێژەی پەیینی کیمیایی لەناو خاکدا، هەروەها دیاریکردنی کانزا خۆراکییەکان ناو ئەو ئاوەی بەکاری دەهێنن. ئەم دیارکردنەش بەگوێرەی قسەکانی جووتیار خالید، یارمەتی ئەوە دەدات بڕی ئەو پەیینە کیمیاییە دیاری بکرێت کە جووتیارەکان بەکاری دەهێنن، چونکە لە ئاوەکەدا بڕێک لە کانزاکان هەن و پێویست بە پەیینی کیمیایی زۆر ناکات. ئەمەش یەکێکە لەو ڕێگایانەی لە ڕووی تێچوون و قازانجەوە دەرەنجامی باشی بۆ جووتیارەکان هەبووە.
هەموو ئەو چیرۆکانەی لەم ڕاپۆرتەدا هاتوون و هەروەها زانیاری و ڕاوبۆچوونی پسپۆرەکان، ڕاستیی کاریگەرییە خراپەکانی ماددە قڕکەرەکان و پەیینی کیمیایی لەسەر خاک  زیاتر ڕوون دەکەنەوە. بەردەوامبوونیش لە  بەکارهێنانیاندا بەبێ ڕێنماییە زانستییەکان، خاکە کشتوکاڵییەکان لەبەرهەم دەخات. ئەمەش تەنها بەهۆشیاریی جوتیاران و ڕێنماییەکان چارەسەر نابێت، بەڵکو پێویستی یاساو تەشریعاتی نوێ هەیە لە بواری کشتوکاڵ و پاراستنی سیستمی ژینگەیی لە کوردستاندا، هەروەها هەمە-جۆریی ناو خاک.

* ئەم راپۆرتە لەچوارچێوەی پرۆژەی رۆنامەوانی ژینگەیی عێراق بەرهەمهاتووە كە ئينتەر نیوز پاڵپشتی دەكات

یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان ناتوانن ژینگە بپارێزن

خاکەکە تینوویەتی؛ وشکایەتیی زەوی لە ڕۆژئاوای هەولێر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand