زمان و سیاسەت

Draw Media

2024-09-22 11:14:13



مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)

ئەوەی گوێ لە هێزە سیاسییەکانی ئەمرۆکەی هەرێم بگرێت، بە تایبەتی لەم سەردەمی خۆئامادەکردنەدا بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن، ئەو راستییە سادەیەی بۆ دەردەکەوێت کە زمانی سەرجەمی هێزەکان زۆر هاوشێوە و وەک یەکە. زۆربەشیان هەمان شێوازی دەرکەوتن و جوڵانەوە و خۆنمایشکردن لەناو ژیانی گشتیدا، نیشانئەدەن.
ئەو زمانەی لەم شانۆگەرییە سیاسییەدا کە کاردەکات، زمانی گەیشتن و پەیوەندیکردن  بە کۆمەڵگاوە نییە، زمانی ئەگەری دۆزینەوەی یەکتریی و نزیکبوونەوە لە داڕشتنی دیدگایەکی هاوبەش و نیمچە هاوبەشیش نییە، کە، بۆ نموونە، بتوانێت لانی کەم، ئاسۆیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگاکە، نیشانبدات. ئەو زمانەی کە کاردەکات و هێزەکان رۆژانە قسەی پێدەکەن زمانی کۆنترۆڵکردن و سەیتەرکردنە بەسەر ئەوانەدا کە قسەیان بۆ دەکەن و گوێیان لێدەگرن. لە ڕێگای ئەم کۆنترۆڵکردنەشەوە زمانی دابەشکردن و پارەچەپارچەکردنی کۆمەڵگاکەیە بەسەر هەوداری دژ بەیەک و بەرگریکاری حەماسیی.
 ئەم زمانە سیاسییە، بەر لە هەموو شتێک، زمانێکی رەش و سپییە، بە لۆژیکێکی دوولایەنەی دژبەیەک، دونیا بەسەر باش و خراپ و دز و پیاوچاک و دڵسۆز و خائیندا دابەشدەکات. هەر هێزێکیش کە قسەدەکات وای نیشانئەدات خۆی لایەن و باش و پیاوچاک و دڵسۆزەکەیە و ئەوانیتریش لایەنە خراپ و دز و خائینەکەن. هێزە ئیسلامییەکان لۆژیکی حەڵال و حەرام و دەشێ و ناشێ و دین و عەلمانیەت بۆ ئەم زمانە دۆگماییە زیاد دەکەن و کێشەکان چەندان جار قووڵتر و ترسناکتر دەکەنەوە.

هەر لە بنەڕەتەوە لەناو کایەی سیاسیی و دینیی کۆمەڵگاکەشدا، زمانێک ئامادە نییە لەسەر هێنانەوەی ئەرگومێنت و گفتوگۆکردن ئیش بکات. زمانێک هەستبکرێت لە پشتییەوە پرۆژەیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ئامادەیە، بۆ نموونە، هەوڵی دروستکردن و پەروەردەکردنی هاوڵاتی بدات نەک لایەنگر.  یان خەریکی دارشتنی سیاسەتێکبن وا لە مرۆڤەکان بکات، بتوانن ئەرگومێنتی عەقڵانی بۆ باسکردنی کێشەکان و بۆ شێوازی چارەسەرکردنیان بهێننەوە. یان لانی کەم توانای دەستەبەرکردنی ئەگەری گفتوگۆکردن بڕەخسێنێت. یاخود زمانی گفتوگۆیەکی دینیی کە ئەم گروپ ئەویتر بە گومڕا و بیدعەچی و ئەهلی جەهەنەم نەزانێت.

ئەوەی هەیە زمانێکی پڕ لە توندوتیژیی رەمزییە، زمانێک تێکەڵێکی ناعەقڵانیی لە وەعزی ئەخلاقیی و لۆژیکێکی سادە بەڵام ترسناکی کۆمەڵگا بۆ ڕەش و سپی و نارسیزمێکی سیاسیی و دینیی ترسناک، ئاراستەی دەکات. ئەم زمانەش نە زمانی گفتوگۆکردن و لێک تێگەیشتنە، نە زمانی راگۆرکێیە، نە زمانی هەوڵدانیشە بۆ قەناعەت هێنان بە یەکتری، نە زمانی لانی هەرەکەمی ڕێزگرتن و قبوولکردنی یەکتریە، نە زمانی دەستەبەرکردن و پاراستنی جیاوازییەکانیشە. کێشەکانیش لەلای هەر لایەنەک لە لایەنەکان بەم شێوەیە نمایشدەکرێن: ئەوانیتر لە رووی ئەخلاقییەوە تەواو نین، لە ڕووی دینیشەوە نوقسانن، وەک ئێمەش زانا و شارەزا و لێزانین نین.

هەموو ئەمانە لە دۆخێکدا کە کێشەکانی دونیای ئێمە نە کێشەی بێئەخلاقییە، نە کێشەی بێدینییە، نە کێشەی نەبوونی سیاسیەکی نارسیستی خۆ بە فریادڕەس زانە. هیچ یەکێک لەوانە کێشەی ئەو واقیعە مێژووییە ئاڵۆزە نییە. کێشەکان، لە ئاستە سەرەکییەکانیدا، کێشەی چۆنیەتی حوکمڕانیکردن و چۆنیەتی تێگەیشتن لە دەسەڵات و دەسەڵاتدارێتیە. کێشەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و پاراستنی جیاوازییەکانی ناوی و دەستەبەرکردنی هێمنیی و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی و لانی هەرەکەمی هاودەردیی و هاوخەمیی، هاوبەشە. بە مانایەکی دیکە کێشە سەرەکییەکانی دونیای ئێمە کێشەیەکی دووسەرەن. لە سەرێکەوە بوونی تێگەیشتن و روانینێکی تەواو هەڵە و ترسناکە بۆ دەسەڵات و دەسەڵاتدارێتی. لەسەرێکی دیکەوە بوونی تێگەیشتن و روانینێکی تەواو هەڵە و ترسناکە بۆ کۆمەڵگا خۆی، بە تایبەتی هەلەی وێناکردنی کۆمەڵگا وەک پۆلێکی خوێندنی یەکپۆش و هاوشێوە و یەک مەنهەج، کە مامۆستایەک لەسەروی هەمووانەوە بەڕێوەیان ببات.

ئەو زمانەی لە ئێستادا ئیشدەکات و کێشەکانی پێ دەستنیشاندەکرێت، باز بەسەر کۆی ئەو کێشە سەرەکیی و بنەرەتییانەدا ئەدات کە باسمکردن. گەشە بەو سێ ئاکار و تێگەیشتنە خراپە شئەدات کە لە وەعزی ئەخلاقی و دابەشکردنی سادەی شتەکاندا بۆ ڕەش و سپی و لە بوون و ئامەدەگی نارسیزمی سیاسیی ترسناکدا بەرجەستەن. لە ڕاستیدا ئەو سێ تێگەیشتنە نادروستەن کە، بە پلەی یەکەم، ڕێگە لە گەیشتن بە هەر «گرێبەستێکی کۆمەلایەتی تازە» دەگرن بتوانێت وەک «سەرەتایەکی تازە» بۆ دەسکاریکردنی ئەو دونیا شێواوە بێتەکایەوە و کاربکات.  
کۆمەڵگاکە نە پێویستی بە وەعزی ئەخلاقییە، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هیچ کێشەیەک بە وەعز و نەسیحەتی ئەخلاقیی سادە چارەسەر نەکراوە. نە پێویستی بەو لۆژیکی دابەشکردنی دونیایە بۆ ڕەش و سپی و حەڵال و حەرام، ئەم لۆژیکەش هێندەی لۆژیکی یەکتری سڕینەوە و جەنگ و پێکدادانە لۆژیکی هیچ شتێکی دیکە نییە. نە پێویستیشی بەو هەموو نارسیستە سیاسییە کە هەریەکێکیان خۆی و گروپەکەی وەک سەرەتا و کۆتایی هەمووشتێک دەبینێت.

 نە وەعزی ئەخلاقیی، نە لۆژیکی دابەشکردنی شتەکان بۆ ڕەش و سپی و نە نارسیزمی سیاسیی هیچ شتێکیان بۆ چارەسەر ناکرێت. ئەوەی پێویستە ڕێکەوتنی کۆمەڵگاکەیە لەسەر ئەوەی چۆن ژیانی گشتیان لەو سەرزەمینە تایبەتەدا بەڕێوەببەن. چۆن کاروبارە گشتییەکانیان ڕێکبخەن، چ یاسایەک ئاراستەیان بکات، کام دەزگا دروستبکەن، کام میکانیزم بۆ لێپرسینەوە و بەرپرسیاربوون و سزادان دابنێنن. چ ژینگەیەک بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیی و پاراستنی مافە بنەرەتییەکانی مرۆڤ بخولقێنن. بە کورتییەکەی، چۆن هاوڵاتییەکی بەرپرس و چالاکی خاوەن ماف دروستبکەن بتوانێت هەم خۆی ئیدارەی ژیانی تایبەتی خۆی بدات، هەم بەیەکیشەوە و لەگەڵ ئەوانیتردا ئیدارەی ژیانی پێکەوەیی و هاوبەشیان بدەن.

ئەوەی پێویستە گەشەدانە بەو تێگەیشتنەی کە پێیوایە ژیانی گشتیی لەیەککاتدا هەم ژیانێکە پر لە جیاوازیی، هەم ژیانێکیشە یەکتری تەواوکەر. کەسەکان لەیەکتری جیاوازن بەڵام هاوکات یەکتری تەواودەکەن.  ئەوەیش کە بەیەکەوە کۆیاندەکاتەوە «گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی»ە کە هەمووان، نەک زۆرینە، لەسەری ڕێکەوتبن، نەک ئەم یان ئەو سیاسی نارسیست، نەک ئەم یان ئەو ئاین و ئاینزا، ئەم یان ئەو ئایدیۆلۆژیای سیاسیی.
 ئەوەی لە ئێستادا پێویستە، لانیکەم لە ئاستی زماندا، بەرهەمهێنانی زمانێکە توانای بیرکردنەوە لەو «گرێبەستە کۆمەڵایەتیی»ە مەیسەر بکات و ئەو جیاوازبوون و تەواوکارییەیش هەموو کۆمەڵگایەک پێویستی پێیەتی، هەم دروستبکات و هەم بیشی پارێزێت.

کۆمەڵگاکە زمانێک پێویستە سیاسەت وەک موڵک و ئەرکی هەموو تاکەکەسێک بناسێنێت، چونکە ئەرکی ژمارە یەکی سیاسەت دروستکردنی پێکەوەژیانێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و دینیی هاوبەش و هێمنە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand