پێگەی لایەنە سیاسییەکان لە سنوری بازنەی پارێزگای هەولێر

Draw Media

2024-06-25 09:12:07



شیكاری: درەو
 

🔻 لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2021) لەسەر ئاستی سنوری پارێزگای هەولێر ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەجۆرێک بووە کە؛
🔹 پارتی پلەی یەکەمی گرتووە و (262 هەزار و 800) دەنگی بە ڕێژەی (59%)ی دەنگەکانی بەدەست هێناوەو (19) کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت.
🔹 نەوەی نوێ بە پلەی دووەم دێت و (79 هەزار و 245) دەنگی بە ڕێژەی نزیک لە (18%)ی بەدەستهێناوەو (6) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت.
🔹 یەکێتی سێیەم بووەو (65 هەزار و 862) دەنگ و نزیکەی ڕێژەی (15%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوەو (5) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت.
🔹 کۆمەڵی دادگەری بەبێ ئەوەی لە دوو بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبێت چوارەم بووەو (19 هەزار و 517) دەنگ و ڕێژەی (4.4%)ی دەنگەکانی سنوری پارێزگای هەولێری بەدەستهێناوەو (1) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت.
🔹 بزوتنەوەی گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامی بەبێ ئەوەی لە دوو بازنە کاندیدیان هەبێت، پلەی پێنجەم و شەشەمیان هەیە، هەریەکەو بە ڕێژەی (1%) دەنگەکانیان بەدەستهێناوەو کورسی پەرلەمانی کوردستانیان بەرناکەوێت.

یەکەم؛ پارێزگای هەولێر لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان
چاوەڕوان دەکرێت پێش کۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. لە دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەشێک لە بەندەکانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە بیانووی نادەستوری بوونیانەوە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو. لەوکات بەدواوە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییە بۆ ڕێکخستنی ڕێوشوێنەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
لەو چوارچێوەیەشدا ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە چوارچێوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە (4ی حوزەیرانی 2024) یاسای دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد، کە هەرێمی کوردستان دابەشی سەر (4) بازنەی هەڵبژاردن دەکات.
لە دەقی بڕیارەکەی ئەنجومەنی کۆمسیاراندا هاتووە، هەرێمی کوردستان دابەشکراوە بەسەر (4) ناوچە (بازنە)ی هەڵبژاردن ئەوانیش؛ بازنەکانی "هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە"ن.
بەپێی بڕیارەکە، پەرلەمانی کوردستان لە (100) کورسی پێکدێت و دابەشکراوە، بەم شێوەیە: هەولێر (34 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (1) کورسی بۆ تورکمان، سلێمانی (38 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (1) کورسی بۆ تورکمان، دهۆک ( 25 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی، بازنەی هەڵەبجە (3 کورسی) گشتی بەبێ هیچ کورسییەک بۆ پێکهاتەکان تەرخان کراوە.
ئەوەی لەم ڕاپۆرتەدا جێگەی بایەخ دەبێت بازنەی پارێزگای هەولێرە، کە (32 کورسی) گشتی  و (2) کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکانی (تورکمان و مەسیحی) تەرخان کراوە. سنوری ئیداری پارێزگای هەولێر پێکدێت لە (قەزای ناوەندی هەولێر، دەشتی هەولێر، سۆران، شەقڵاوە، کۆیە، خەبات، چۆمان، ڕەواندز و مێرگەسور) و ناحیەکانی سنوری پارێزگا و قەزاکانی پارێزگاکە.
بەپێی گوتەی گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق "جومانە غەلای" کە لە (21ی نیسانی 2024)دا ڕایگەیاندووە؛ "کۆی گشتی ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی گشتی بریتییە لە (هەزار و 266) بنکە... پارێزگای هەولێر (498) بنکەی هەڵبژاردنی تێدا دەبێت. وێستگەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بریتییە لە (6 هەزار و 298) وێستگە... (2 هەزار و 203) وێستگەی دەنگدانیش لە پارێزگای هەولێر دەبێت".
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، (2 ملیۆن و 888 هەزار و 162) کەس لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەدا، کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای هەولێر بریتییە لە (ملیۆنێک 11 هەزار و 348) دەنگدەر، بەشێوەیەک (928 هەزار و 823) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (82 هەزار و 525) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە.


دووەم؛ بازنەی پارێزگای هەولێر لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا
1.    ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران (10/10/2021) لە سنوری پارێزگای هەولێر
بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئاستی گشتی سنوری پارێزگای هەولێر و سەرجەم قەزاو ناحیەکانی کە دابەشی سەر (4) بازنەی هەڵبژاردن کرابوون، ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە کە لە (خشتەی یەکەم)دا هاتووە، بەجۆرێک؛
-    پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی یەکەمدا بووەو (262 هەزار و 800) دەنگی بەدەستهێناوە بە رێژەی (59%).
-    نەوەی نوێ لە پلەی دووەمدا بووەو (79 هەزار و 245) دەنگی بەدەستهێناوە بە رێژەی (18%).
-    هاوپەیمانی کوردستان (یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان) پلەی سێیەمیان گرتووە و (70 هەزار و 107) دەنگیان بەدەستهێناوە بە ڕێژەی نزیک (16%).
-    کۆمەڵی دادگەری کە لە (2) بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووەو لە پلەی چوارەمدا بووەو (19 هەزار و 517) دەنگی بەدەستهێناوە بە ڕێژەی (4.4%).
-    یەکگرتووی ئیسلامی تەنها لە دوو بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووەو لە پلەی پێنجەمدا بووەو (3 هەزار و 990) دەنگی بەدەستهێناوە بە نزیکەیی (1%).
-    سەرجەم لایەنەکانی دیکە (8 هەزار و 594) دەنگیان بەدەستهێناوە بە رێژەی زۆرتر لە (2%).
خشتەی یەکەم


2.    ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران (10/10/2021) لە سنوری پارێزگای هەولێر و بەرکەوتەی کورسییەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان
بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئاستی گشتی سنوری پارێزگای هەولێر کە دابەشی سەر (4) بازنەی هەڵبژاردن کرابوون، ئەنجامی دەنگی لایەنەکان و بەرکەوتەی کوردسییەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان بەم شێوەیە دەبێت کە لە (خشتەی دووەم و سێیەم)دا هاتووە، بەجۆرێک؛

-    پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی یەکەمدایەو (262 هەزار و 800) دەنگی هەیە بە رێژەی (59%) و (19) کورسی پارێزگای هەولێری بۆ پەرلەمانی کوردستان بەردەکەوێت.
-    نەوەی نوێ لە پلەی دووەمدایە بە (79 هەزار و 245) دەنگ و بە رێژەی نزیک لە (18%). لەسەر ئەم بنەمایە و بەپێی سیستمی نوێی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان (6) کورسی پارێزگاکەی بەردەکەوێت.
-    یەکێتی نیشتمانی کوردستان (بە بێ ژمارەی دەنگەکانی بزوتنەوەی گۆڕان کە هاوپەیمانیان هەبوو) پلەی سێیەمی گرتووە و (65 هەزار و 862) دەنگی بەدەستهێناوە بە ڕێژەی نزیک لە (15%) و لەسەر ئەم بنەمایە (5) کورسی گشتی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت لە کۆی (32) کورسی گشتی پارێزگەکە.
-    کۆمەڵی دادگەری کە لە (2) بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووەو لە پلەی چوارەمدایەو (19 هەزار و 517) دەنگی هەیە بە ڕێژەی نزیک لە (4.4%) و (1) کورسی پەرلەمانی کوردستانی لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگای هەولێری بەردەکەوێت.
-    بزوتنەوەی گۆڕان (بە بێ ژمارەی دەنگەکانی یەکێتی نیشتمانی کە هاوپەیمانیان هەبوو) و لە (2) بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووەو لە پلەی پێنجەمدایەو (4 هەزار و 245) دەنگی هەیە بە ڕێژەی (1%) و هیچ کورسییەکی پەرلەمانی کوردستان بازنەی پارێزگای هەولێر ناباتەوە.
-    یەکگرتووی ئیسلامی تەنها لە دوو بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووەو لە پلەی شەشەمدایەو (3 هەزار و 990) دەنگی بەدەستهێناوە بە کەمتر لە ڕێژەی (1%)ی گشتی دەنگەکان و هیچ کورسییەکی پەرلەمانی کوردستان بازنەی پارێزگای هەولێر ناباتەوە.
-    سەرجەم لایەنەکانی دیکە (8 هەزار و 594) دەنگیان بەدەستهێناوە بە رێژەی زۆرتر لە (2%) و هیچ کورسییەکی پەرلەمانی کوردستان لە بازنەی پارێزگای هەولێر نابەنەوە.
-     (2) کورسی کۆتای سنوری پارێزگای هەولێر بەر پێکهاتەی (مەسیحی و تورکمان) دەکەوێت.

خشتەی دووەم


خشتەی سێیەم

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand