چواره‌م مه‌رسومی نێچیرڤان بارزانی له‌به‌رده‌م هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌دا

Draw Media

2024-03-19 14:37:03



(دره‌و):
وه‌زاره‌تی دادی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌ (317)ی رۆژنامه‌ی وه‌قایعی كوردستانی بڵاوكرده‌وه‌، هه‌موو ئه‌و یاساو بڕیارو رێنماییانه‌ی كه‌ له‌م رۆژنامه‌یه‌دا بڵاوده‌بنه‌وه‌، راسته‌وخۆ ده‌چنه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌. 
له‌ ژماره‌ی ئه‌مجاره‌ی رۆژنامه‌ی وه‌قایعدا، فه‌رمانی هه‌رێمی ژماره‌ (50)ی ساڵی 2024 دانراوه‌، كه‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌ریكردووه‌و تێیدا رۆژی 10ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵی وه‌كو واده‌ی به‌ڕێوه‌چوونی خولی شه‌شه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دیاریكردووه‌. 
بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌م فه‌رمانه‌ له‌ رۆژنامه‌ی وه‌قایعدا له‌كاتێكدایه‌ دوێنێ پارتی كشانه‌وه‌ی خۆی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ راگه‌یاندو ئه‌مڕۆش یه‌كێتیی نیشتمانی جه‌خت له‌وه‌ ده‌كات ده‌بێت هه‌ڵبژاردن له‌واده‌ی خۆیدا بكرێت. 
نێچیرڤان بارزانی وه‌كو سه‌رۆكی هه‌رێم چوار جار مه‌رسومی بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مان ده‌ركردووه‌و، سێ مه‌رسومیان هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌و هه‌ڵبژاردن نه‌كراوه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌ش هه‌ڵبژاردن دوابكه‌وێت، مه‌رسومی چواره‌میش هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌: 
مه‌رسومه‌كانی نێچیرڤان بارزانی بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌م: 
•    مه‌رسومی رۆژی 24ی شوباتی 2022 بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن له‌ رۆژی 1ی تشرینی یەكەمی 2022.
•    مه‌رسومی رۆژی 26ی مانگی ئازاری 2023، بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن له‌ رۆژی 18ی تشرینی دووەمی 2023. 
•    مه‌رسومی رۆژی 3ی مانگی ئابی 2023 بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن له‌ رۆژی 25ی شوباتی 2024.
•    مه‌رسومی رۆژی 3ی ئازاری 2024 بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن له‌ رۆژی 10ی حوزه‌یرانی 2024.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand