Draw Media

ڕق لە خود: بیرکردنەوە بە زمانی دوژمنان

Draw Media

2024-05-19 14:00:34



مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)

لەم ھەفتەیەدا دوو رووداو ھاتنەپێشەوە کە پەیوەندییەکی ناوەکیی بەھێز و ھەمەلایەنیان بە دیاردەی رقلێبوونەوە ھەیە، دوو رووداو لە دوو شوێنی جیاواز و لە لایەن دوو لایەنی جیاوازەوە. یەکەمیان ڕووداوی دادگایکردنی ھەندێک لە نوێنەرە سیاسییەکانی مەسەلەی کورد بوو لە تورکیادا، دادگایکردنی دەمیرداش و ئەحمەد تورک و ھاوڕێکانیان و سەپاندنی سزایەکەی نائینسانیی و ستەمگەرانەی ھێجگار قورس. دووھەمیان
مانشێتی سەرەکیی ڕۆژنامەی خەبات بوو لە ھەولێر کە لە لاپەڕەی یەکەمی رۆژنامەکەدا دەنووسێت ” ”لە سنووری سلێمانی پەکەکە ھێزی چەکدار دروست دەکات و دەیانێرێتە قەندیل و ڕۆژئاوا“.

ئەوەی ئەم دوو رووداوە بەیەکەوە گرێئەدات، جگە لە ڕەھەندە سیاسییەکان، ڕەھەندێکی سایکۆلۆژیی ترسناکە کە رق بنەماکەیەتی. رقی بەشێکی بەرچاوی ھێزە سیاسییەکانی ناو تورکیا لە کورد لە رووداوی یەکەمیاندا و رقی بەشێک لە کورد بەرامبەر بە کورد خۆی لە ڕووداوەکەی ھەولێردا. یەکەمیان ڕقی دەوڵەت و بەشێکی کۆمەڵگای تورکیی بەرامبەر بە کورد بەرجەستدەکات، دووھەمیان رقی بەشێکی کورد بەرامبەر بە کورد خۆی. یەکەمیان شوناسی یەکێک لە ناحەز و دوژمنە سەرەکیی و گەورەکانی مەسەلەی کورد و خەڵکی کوردستان بەرجەستدەکات. دووھەمیان تەماھیکردنێکی تەواوەتی لەگەڵ ئەو ھێزە ناحەز و دوژمنکارە، نیشانئەدات. لەیەکەمیاندا رق لە کورد لە تورکیادا چەند تێکۆشەر و خەباتگێرێکی مەدەنی کورد بە دەیان ساڵ زیندانیی ناھەق و نایاسایی مەحکومدەکات. لە دووھەمیاندا رقی ھێزێک لە ھێزە سیاسییەکانی کوردستان ژیانی دانیشتوانی شارێک لە شارە ھەرە گەورەکانی ھەرێمی کوردستان دەخاتە ژێر ھەڕەشەی زیاتر و مەترسیی گەورەوە. لە تورکیادا بنەمای تاوانباریکردنەکە شارۆچکەیەکی کوردییە بەناوی ”کوبانی“یەوە، لە دووھەمیاندا شارێکی گەورەی کوردستانە بەناوی ”سلێمانی“یەوە. یەکەمیان دیاردەی ”ئەویترنەفرەتیی“، واتە رق لە کەسانی لەخود نەچوو ئامادەیە، لە دووھەمیان دیاردەی ”خودنەفرەتیی“، واتە رقبوونەوە لە خود خۆی. یەکەمیان ناحەز و دوژمنێکی سیاسیی بکەرەکەیەتی، دووھەمیان ھێزێکی کوردیی کە بەھەمان عەقڵیەت و خەیاڵ و سایکۆلۆژیای ئەو ھێزە ناحەزەوە سیاسەت بەرامبەر بە خودی کورد خۆی، ئەنجامئەدا.

ھەواڵی ئەو ئازارە گەورەیەی لە باکورەوە ھات، ھەموومانی جارێکیتر بردەوە ناو حیکایەت و سەردیاتی چەوساندنەوە و غەدر و تاوانکاری بەرامبەر بە مرۆڤی ئێمە وەک کورد و  پێشێلکردنێکی بەرچاو و شەقاوانەی مافە ھەرەسەرەتاییەکانی مرۆڤ. بێگومان لە رێگای سیستمێکی سیاسیی ستەمگەر و دەسەڵاتگەر و تاوانبارەوە. ئەو ئازارەی لە زیندانیکردنی ناھەقی دەمیرداش و ئەحمەد تورک و ھاوڕێکانیانەوە ھات، لە ھەولێردا، نەک دەنگ و سەداکەیمان نەبیست، بەڵکو رۆژنامەی خەبات، رۆژنامەی پارت و بنەماڵە حوکمڕان و باڵادەستەکەی ناو سیاسەتی کوردیی، بە ھەمان زمانی دەوڵەتە ستەمگەر و تاوانبارەکەی تورکیا دوا، زمانێک لە چل ساڵی رابردوودا ئەم دەوڵەتە کوردی لە ھەموو شوێنێکی جیھاندا، پێتاوانبار دەکەن.

ئەوەی ڕۆژنامەی خەبات بڵاویکردۆتەوە، تەنھا ھەواڵێک نییە کە دەشێت ڕاست یان ناڕاست بێت، مەسەلەکەش پەیوەندیی بە ”سبقی سەحافییەوە“ نییە، ئەوەی ئەو ڕۆژنامەیە ئەنجامیئەدات، قسەکردنە بە زمانی یەکێک لە دوژمنە ھەرە سەرسەختەکانی دۆزی کورد و خەڵکی کوردستان لە ھەمووو جیھاندا، مەبەستم دەوڵەتی تورکیایە، بە تایبەتی باڵە ھەرەڕاستڕەو و دینیی و سەربازییەکە ئەو دەوڵەتەیە. بڵاوکردنەوەی ئەو ھەواڵە، لە مانا ھەرە سادەکەیەدا، رەوایەتی بەخشینە بە سەرجەمی ھەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیا و ھێزە ڕاسترەوەکانی ئەو وڵاتە لە ھەرێمی کوردستان بەگشتیی و لە ناوچەی سلێمانی بەتایبەتیی. ھەرەشەیەک کە دەشێت وێرانکاریی شارێک و دانیشتوانەکەی لێبکەوێتەوە و کارەساتێک لە قەبارەی کارەستای ئەنفالدا دروستبکات.

  لە ماوەی ڕابردوودا سەرە گەورەکانی دەوڵەتی تورکیا بە شێوەیەکی بەردەوام سلێمانی وەک شوێنێک دەناسێنن کە پارتی کرێکارانی کوردستان لەناویدا حوکمڕانە و وەک جێگایەک نمایشیدەکەن کە دژ بە دەوڵەت و نەتەوەی تورکە. رۆژێک وەزیری بەرگریی تورکیا و ڕۆژی دواتر وەزیری دەرەوە ی ئەو وڵاتە و رۆژێکی تریش خودی سوڵتانە موسڵمانەنەکی تورکیا، ئەردۆغان خۆی ئەو تۆمەتانە بڵاودەکەنەوە و ھەڕەشەی مامەڵەکردنی ناوچەکە وەک بەرەیەک لە بەرەکانی جەنگ، دەکەن. ڕۆژنامەی خەبات، بە ھەمان زمانی حوکمڕانانی تورکیا، ئەم تاوانبارکردنە پشتڕاستدەکاتەوە و بەھانەیەکی گەورە ئەداتە دەستیان بۆئەوەی ھەرەشەکانیان بە ئاسانیی جێبەجێبکەن.
قسەکردنی ھێزێکی سیاسیی کوردیی لەسەر خودی کورد خۆی، بە ھەمان زمان و لۆژیکی سیاسیی ناحەزانی کوردستان، تەنھا بەشێک لە ململانێی سیاسیی پاسۆلۆژیانەی نێوان ھێزە سیاسییەکانی کوردستان نییە. تەنھا تەماھیکردنێکی تەواویش لەگەڵ ئەو ھێزە ناحەزانەدا نییە، تەنھا گوێڕایەڵییەکی ھەرزان و نابەرپرسیاریش نییە بۆ پاراستنی ھەندێک پێگەی دەسەڵات لە بەرامبەر ھێزە کوردستانیەکانی تردا، بەڵکو دەربڕی ئەو دیاردە ترسناکەیە کە من چەندساڵێک لەمەوبەر لە چەند نووسینێکدا ناوی دیاردەی ”خودنەفرەتیی“ م لێنا.  خودنەفرەتیی وەک جۆرێک لە سایکۆلۆژیای سیاسیی کە ڕق لە خود دروست و  ئاراستەیدەکات. مانشێتەکەی ڕۆژنامەی خەبات بەرجەستەکردنێکی ڕۆژانە و بەرچاویی ئەم دۆخی خودنەفرەتییەیە. بەرجەستەکردنی سیاسەتێکە رق لە کورد خۆی ئاراستەی دەکات و نەفرەتکردن لە کوردبوون خۆیشی جەوھەر و ناوەرۆکەکەی، دەستنیشاندەکات. ئەوەی وا دەکات ڕۆژنامەی سەرەکیی پارتێکی سیاسیی حوکمڕان لە ھەرێمدا بە زمانی ھێزە راسیستییە دژەکوردەکانی تورکیا بدوێت، خودنەفرتییە و ھیچیتر.  
وەکچۆن تورکیا دەیەوێت لە ڕێگای دەزگاکانی دەوڵەتی تورکییەوە خەڵکی کوردستان زەلیلبکات، بەھەمانشێوە ڕۆژنامەی خەباتیش بەم کارەی ھەمان کار، لانیکەم بەرامبەر بە شارێک لە شارەکانی کوردستان، ئەنجامبدات.

بە بۆچونی من چەمکی خودنەفرەتی چەمکی ھەرەسەرەکیی و بنەرەتیی لێکدانەوە و شیکردنەوەی سیاسەتی کوردییە لە دونیای دوای ڕاپەڕیندای. شوناسی سیاسیی ئێمە لەمڕۆدا شوناسێکە لەسەر ڕق لەیەکتری و رقبوونەوە لە خود خۆی، بونیادنراوە. لە ڕاستیدا خودنەفرەتیی تەنھا لەناو شوناسی سیاسیی ئێمەدا ئامادەنییە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ ژێرخانی سەرەکیی شوناسی ھێزەکان لە دونیای ئێمەدا، لەوانەش شوناسی دینیی و کولتوریی ئێمە، لەپاڵ شوناسە سیاسییەکەدا.

بەبێ تازەکردنەوەی پەیوەندیی خۆمان بە خۆمانەوە، بەبێ ناشتنی سایکۆلۆژیا و عەقڵیەت و خەیاڵی بیمار و نەخۆشی خودنەفرەتیی، زەحمەتە بتوانین لە ھیچ بوارێکی ژیانی گشتیی و پێکەوەییماندا شتێکی مانادار ئەنجامبدەین. حوکمڕانانی ھەرێم جگە لەوەی فەشەلێکی ھەمەلایەنەیان ھێناوە لەوەدا بتوانن شوناسێک بەناوی ”ئێمە“یەکی سیاسیی دەستەجەمعییەوە بەرھەمبھێنن، ھاوکات چەندان ”من“ی سیاسیی و دینیی و کولتوریی نارسیستی بیماریان بەرھەمھێناوە، کە ھەر ”من“ێک لەسەر رق و نەفرەتکردن لە ”من“ەکانی تر دەژیی و دەخوازێت لەسەر حیسابی ھەریەکێک لەوانە، بئاوسێت. ئەم ئاوسانی خودە سیاسییە، ئەوەی لە ھەرێمدا ھەیە و باڵادەستە، جۆرێکی تایبەتە لە دەسەڵاتداریی. تەواو ناکۆک و دژ بە سیاسەتی دروستکردنی خودێکی نەتەوەیی و نیشتیمانیی بەرپرسیار، کە بتوانێت لە دەرەوەی رق و فۆرمە جیاوازەکانی خودنەفرەتییدا، مامەڵەی خۆی و مامەڵەی میلەتەکەی بکات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand