هه‌فته‌ی داهاتوو دانوستانی كه‌ركوك ده‌ستپێده‌كات

Draw Media

2024-02-24 10:21:51



(دره‌و): 
هه‌فته‌ی داهاتوو دانوستان بۆ رێككه‌وتن له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێی كه‌ركوك ده‌ستپێده‌كات، به‌ره‌ی توركمانی ره‌تیده‌كاته‌وه‌ هیچ رێككه‌وتنێكی به‌رایی له‌سه‌ر دابه‌شكردنی پۆسته‌كان كرابێت و ده‌ڵێ:" سورین له‌سه‌ره‌ پێشنیازه‌كه‌مان بۆ ئه‌وه‌ی پۆستی پارێزگار به‌ نۆره‌ بێت".
له‌ لێدوانێكدا بۆ (دره‌و)، قه‌حتان وه‌نداوی به‌رپرسی لقی كه‌ركوكی به‌ره‌ی توركمانی عێراق ره‌تیكرده‌وه‌ هیچ رێككه‌وتنێكی به‌رایی بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌كانی پارێزگای كه‌ركوك له‌نێوان پێكهاته‌كاندا كرابێت. 
قه‌حتان وتی: دانوستان به‌رده‌وامه‌و تائێستا هیچ رێككه‌وتنێك نییه‌، كۆبونه‌وه‌كه‌ی چوار شه‌ممه‌ی رابردوو له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئاسایی بوو بۆ دروستكردنی ده‌سته‌یه‌ك بۆ گفتوگۆی نێوان هاوپه‌یمانێتییه‌كانی كه‌ركوك. 
"تائێستا هیچ كارنامه‌یه‌ك نییه‌ كه‌ لێكتێگه‌یشتنی له‌باره‌وه‌ بكرێت سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی پۆسته‌كانی كه‌ركوك، هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌ست به‌ كۆبونه‌وه‌ ده‌كرێت بۆ رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌و كارنامه‌یه‌" به‌رپرسی لقی كه‌ركوكی به‌ره‌ی توركمانی وا ده‌ڵێ. 
ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق داوای له‌ كوتله‌ سیاسییه‌كان كردووه‌ له‌ماوه‌ی (7) رۆژدا پێشنیازی خۆیان پێشكه‌ش بكه‌ن له‌باره‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێی له‌ كه‌ركوك. 
به‌ره‌ی توركمان بۆ چاره‌سه‌ری ناكۆكییه‌كان له‌سه‌ر پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك پێشنیازی ئه‌وه‌ی كردووه‌ وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگار به‌ نۆره‌ بێت له‌نێوان پێكهاته‌كاندا، به‌جۆرێك بۆ ماوه‌ی چوار ساڵی ته‌مه‌نی پۆسته‌كه‌، هه‌ر 16 مانگ جارێك پۆسته‌كه‌ له‌لای یه‌كێك له‌ پێكهاته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی (كوردو عه‌ره‌ب و توركمان)، قه‌حتان لاوه‌ندی به‌ (دره‌و)ی راگه‌یاند" وه‌كو توركمان هێشتا سورین له‌سه‌ر ئه‌م پێشنیازه‌ی خۆمان و ئه‌مه‌ تاكه‌ پێشنیازی ئێمه‌یه‌". 

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە 16 كورسی پێكدێت، ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی 18ی كانونی یه‌كه‌می 2023ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، به‌مشێوه‌یه‌ كورسییه‌كانی كه‌ركوكی دابه‌شكرد: 
•    كورد (یەكێتی و پارتی): 7 كورسی
•    لایەنە عەرەبییەكان: 6 كورسی 
•    توركمانەكان: 2 كورسی
•    كۆتای مەسیحی: 1 كورسی
ئه‌مڕۆ كه‌ناڵی (كوردسات)ی سه‌ربه‌ یه‌كێتیی نیشتمانی رایگه‌یاند، لایەنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رێككەوتوون لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان بەجۆرێك:
•    پارێزگار بۆ یەكێتیی 
•    سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ لایەنە عەرەبییەكان
•    قایمقامی ناوەند بۆ توركمان
•    جێگرانی پارێزگار بۆ پارتی و لایەنە عەرەبییەكان
•    بڕیاردەری ئەنجومەنی پارێزگا بۆ توركمان 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand