کوێخای بێ رەعیەت، رەعیەتی بێ کوێخا

Draw Media

2023-12-13 10:25:32



عەدنان عوسمان
 ( لە پەراوێزی لێدوانەکانی  وەزیری ناوخۆی هەرێم)

کاک مەسعود بارزانی لە گێڕانەوەیەکیدا باس لەوە ئەکات کە جارێک بە هێزێکەوە لەگەڵ باوکی رێیان ئەکەوێتە ناوچەیەک کوێخایەکی لێئەبێت. بارزانی باوک بە کوێخا ئەڵێ تۆ کوێخای بێ رەعیەتیت و ئێمەش رەعیەتی بێ کوێخا، بۆیە ئەم ماوەیە لای تۆ ئەبینە رەعیەت وتۆش کوێخامان بە!

دوالێدوانی کاک رێبەر ئەحمەدی وەزیری ناوخۆی هەرێم، رێک ئەوەمان بەبیردا ئەهێنێتەوە کە ئەم حکومەتە چیتر رەعیەتی نەماوە یا باشترە بڵێم لەخەمی رەعیەت نەماوە، رەعیەتیش ئیتر دەبێ ئەم دەسەڵاتە بە کوێخای خۆی نەزانێت!
وەزیری ناوخۆی هەرێم لە لێدوانێکیدا لە ١٠/١٢/٢٠٢٣ دەڵێت: (هەر کەس گلەیی هەیە لە خانەقینەوە تا زاخۆ، با ئاراستەی بەغدای بکەن. خۆپیشاندان بکەن بۆ داوا رەواکانتان بەڵام رووی داواکانتان دەبێت لە بەغدا بێت).

کەمترین قسەیەک لەسەر ئەم لێدوان یا فەتوایە ئەوەیە کە ئەمە ئیعلانی ئیفلاسی هەرێمە لە ئاست داخوازیەکانی خەڵک و ئاشبەتاڵبونێتی لە نوێنەرایەتی کردنی هاوڵاتیانی هەرێم. راستە ئەم پێشان دانی دەستەپاچەیی و بێئیرادەیی و لاوازیە، ماوەیەکە لە دەسەڵاتدارانی ئەم کابینەو حزبەکانیانەوە ئەیبیستین و ئەبینینکە گوایە ئەیانەوێت جەماوەری هەرێم روبەڕوی بەغداو دەسەڵاتدارانی عێراق بکەنەوە، بەڵام یەکەم جارە ئاوا بە زەقی ئەم حکومەتە ئیعلانی بێتوانایی و دەستەپاچەیی خۆی بکات.

بە گوێرەی دەستوری عێراق، کە گوایە کوردێک شەونخونی جێبەجێکردنی ئەکات!، ئەم هەرێمە خاوەن دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری خۆیەتی. بە گوێرەی مادەکانی ١١٧،١٢٠،١٢١،١٤١ هەرێمی کوردستانخاوەنی پەرلەمان و حکومەتە کەهەم دەبێ نوێنەرایەتی خەڵکی هەرێمەکەبکات وهەم  دەبێ پاریزەری مافەکانیان بێت و سەرپەرشتی دامودەزگاکانی بکات. بەڵام بە گوێرەی ئەم لێدوانەو هاوچەشنەکانی بێت، ئەوا ئەم حکومەتی هەرێمە ئیتر توانای نوێنەرایەتی و ئیدارەدانی نەماوەو دەبێ بۆ هەمو پرسێک روی دەمی هاوڵاتیان لە بەغدا بێت. بەو مانایەی کە گەر بەغدا موچەو بودجەی نارد ئەوا کوێخایەکی باشەو گەر نەشی نارد ئەوا کوێخایەکی خراپە! لە هەردوحاڵەتدا هەرێم شانی خۆی خاڵی کردوەو بەرپرسیارێتیەکەی روبەروی بەغدا کردۆتەوە.

 لێرەدا هەقە بپرسین ئەم حکومەتە کە خۆی نەتوانێت هاوڵاتیانی بژیەنێت و ئیدارە بدات، هەروەها نەتوانێت نوێنەرایەتیان بکات و مافیان بستێنێت، ئیتر حیکمەتی هەبون و مانەوەی چیە؟ ئەی ئەرکەکانی چین؟ بون و نەبونی چ مانایەکی بۆ هاوڵاتی هەرێم ئەبێت؟

کاتێک بەرپرسێکی باڵای کابینەکە شانخاڵی کردنی حکومەت رابگەیەنێت لە ئیدارەدان و نوێنەرایەتی کردنی دانیشتوانانی هەرێم، ئیتر ئەم وەفد و وەفد کاریە بە دۆسێی خاڵی و نەبونی هیچ پرۆژەیەکەوە، مانای چیە؟

ئەم وتارە بۆچوونی نوسەرەكەی خۆیەتی

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand