دەنگی پێی حەماس لە عێراق

Draw Media

2024-07-17 09:01:35



د. یاسین تەها- پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق

لە چەند هەفتەی رابردوودا هەواڵی میوانداریكردنی بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە عێراق، بوو بە نێوەڕۆكی چەند راپۆرتێكی بیانی و عەرەبی؛ بەپێی هەندێك هەواڵی پشتڕاستكراوەش بزوتنەوەكە ئۆفیسێكی پەیوەندیی لە عێراقدا بەكردەیی كردوەتەوە. ئەم شرۆڤەیە لەبارەی زەمینەو لێكەوتەی ئەم پێشهاتە گریمانكراوەیە لەسەر ئاستی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەڵوێستە دەكات.

دەنگۆكانی گواستنەوەی حەماس بۆ عێراق
رەنگە رۆژنامەی “ژا ناشیونال” كە میدیایەكی ئیماراتییەو بە زمانی ئینگلیزی بڵاودەبێتەوە، یەكەمین هۆكاری بڵاوكردنەوە بێت كە باسی لەوە كرد سەركردەكانی حەماس پلانی جێهێشتنی دۆحەی پایتەختی قەتەریان بەرەو عێراق هەیە. ڕۆژنامەكە، كە بارەگاكەی لە شاری لەندەنە، لە زاری سەرچاوەكانییەوە بانگەشەی ئەوەشی كردووە حكومەتی عێراقی لەسەر میوانداریكردنی حەماس لەسەر خاكەكەی رازی بووە؛ بەشێوەیەك كە ئێران “لە ڕێگەی باڵەكانییەوە” ئەركی پاراستنی نوسینگەو كادرانی بزوتنەوە فەڵەستینییەكە بگرێتە ئەستۆ لە بەغدا. بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەكە، تیمە ئەمنی و لۆجستییەكانی حەماس هاتوونەتە بەغدا بۆ ئامادەكاری؛ لەسەر ئاستە سیاسییەكەشی “ئیسماعیل هەنییە”ی سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی حەماس و نوێنەرانی ئێران و عێراق گفتوگۆی بابەتەكەیان كردووە. پەرلەمانتارێكی ناسراوی عێراق كە سەرۆكایەتیی حزبێك دەكات و نزیكە لە گروپە چەكدارەكان، ئەم زانیارییانەی پشتڕاستكردوەتەوە؛ باسی لەوەش كردووە ئیسماعیل هەنییەو محەمەد شیاع سودانی لەوبارەیەوە بە تەلەفۆن قسەیان كردووە. لە سەرەتایشدا بزوتنەوە فەڵەستینییەكە ئامادەكاری دەكات بۆ ئەوەی وەك دەسپێك ئۆفیسێكی میدیایی لە عێراقدا بكاتەوە[1].
ئەم ڕاپۆرتەو سەرجەم ئەو هەواڵانەی تر كە باس لە گواستنەوەی حەماس دەكەن بۆ عێراق، لە دۆخێكدایە تەشەنەیان كرد كە سێ پێشهاتی هەنوكەیی هەبوون:
یەكەم: كردنەوەی ئۆفیسێك لەلایەن بزوتنەوەی حەماسەوە لە بەغداو نزیك لە فڕۆكەخانەی پایتەخت؛ هەروەها سەردانكردنی ئەو ئۆفیسەش لەلایەن هەندێك هێزی سیاسیی عێراقییەوە بەئاشكرا[2]. بەپێی ئەو زانیارییانەشی بەردەستن، ئۆفیسەكەی حەماس بۆ پەیوەندی و كاری راگەیاندنە، نوسینگەكەش ڕەزامەندییە فەرمییەكانی حكومەتی عێراقی هەیە[3]؛ بەڵام باوەڕێك هەیە ئەمە سەرەتاو تاقیكردنەوە بێت بۆ ئەگەری گواستنەوە لە داهاتوودا، یان لەكاتێكدا پێویست بكاو، سەرەتایش بەم هەنگاوە دەستی پێ كردووە. 
دووەم: چەقبەستنی دانوستانی ئاگربەست و گۆڕینەوەی گیراوەكان لەنێوان حەماس و ئیسرائیلدا؛ لە نێوەندیشیدا باس لەوە كرا گوایە قەتەر كە وڵاتی نێوانگر (وسیگ)و لەهەمان كاتدا میوانداریی باڵی سیاسیی حەماسیش دەكات، ناچار بووە لەژێر گوشاری ئەمریكاو ئیسرائیلدا حەماس ناچار بە گواستنەوە بكات ئەگەر هات و مل بۆ ئاگربەست كەچ نەكات[4].
سێیەم: قسەیەكی تر هەیە كە حەماس خۆی هەواڵ و دەنگۆی گواستنەوەی گریمانكراوی بۆ عێراق وەك كارتی گوشار بەرامبەر قەتەرو وڵاتانی تر بەكار دەهێنێت بۆ ئەوەی زۆر نەخرێتە ژێر گوشارەوە؛ هەروەها دەیەوێت وێنەیەكی وا دروست بكات كە ئەگەر قەتەریش نەبێت، ئەوە جێگرەوەی هەیەو بنكەی سەرەكیی خۆی بۆ عێراق دەگوازێتەوە[5].
دەشێت پێشهاتی یەكەم و سێیەم لەوی دیكە ڕێتیچووتر بن و هەواڵی كردنەوەی ئۆفیسە بچوكەكەی حەماس لە بەغدا كرابێتە بۆمبێكی دووكەڵینی گەورە بۆ دروستكردنی وێنایەك كە حەماس جێگرەوەی قەتەری هەیە، ئەگەرنا هاتن بۆ عێراق بەو ئاسانییە نییە؛ چونكە پاراستنی ئاسایشی حەماس و بڕیاری ئەمنی و سیاسی لە عێراق ئاڵۆزو فرەجەمسەرەو زۆر هاندەر نییە بۆ ئەوەی هەنگاوی لەو شێوەیە بەپەلە بهاوێژرێت. لەم بەینەیشدا ژمارەیەك بەرپرسی ئەمنی و سیاسیی عێراق كە هەڵگری سیفەتی فەرمین لە لێدوانی جیاجیادا، بۆ میدیایەكی قەتەری زانیارییەكانی رۆژنامە ئیماراتییەكەیان ڕەتكردەوەو بە ناڕاست دایانە قەڵەم، بەبێ ئەوەی زۆر بچنە ناو وردەكارییەوە[6]. دوای ئەوەش، لەسەر ئاستی جیاجیا بەرپرسە عێراقییەكان- لەنێویشیاندا وەزیری دەرەوە- جەختیان لەوە كردەوە ئاگاداری بڕیاری گواستنەوەی حەماس نین بۆ عێراق، بەبێ ئەوەی بچنە وردەكاریی ئەوەی ئاخۆ بڕیاری كردنەوەی ئۆفیسەكە ڕاستە یان نا. لای خۆیەوە بزوتنەوەكە لەڕێگەی ئەندامێكی مەكتەبی سیاسییەوە (عیزەت ڕەشقە) تەنیا ڕەتیكردەوە بنكەو بارەگاكانی لە قەتەرەوە بۆ عێراق بگوازێتەوە[7].

زەمینەو پاڵنەری گواستنەوەی گریمانكراوی حەماس بۆ عێراق
ناكرێت باس لە گواستنەوەی حەماس بۆ عێراق بكرێت، بەدەر لە كاریگەریی ئێران و هاوكێشە هەرێمایەتییەكەی ناوچەكە؛ ئەمەش لە دوو گۆشەنیگای جیاوازەوە: یەكەمیان پەیوەندیی بەهێزی حەماس و ئێرانە كە لەپاش هێرشی ئۆكتۆبەری 2023وە لە هەموو كات زیاتر پتەوتر بووە. دووەمیشیان هەژموونی زۆری ئێرانە بەسەر بڕیاری ئەمنیی عێراق و مەحاڵبوونی سەرگرتنی وەها هەنگاوێكە دوور لە كاریگەریی و ڕەزامەندیی ئەو باڵە چەكدارو پێكهاتە سەربازییانەی كە ئەجێندای “بەرەی موقاوەمە”ی ئێرانی جێبەجێ دەكەن. لە دەرەوەی ئەمەش بە شێوەیەكی گشتی چەند فاكتەرو پاڵنەرێكی تری ئەم هەنگاوە بەردەستن، كە دەشێت بەم جۆرە بخرێنە ڕوو[8]:

–لێكەوتەكانی جەنگی غەززە كە نەخشەی سیاسی و هاوپەیمانێتیی ناوچەكەی گۆڕیوە، لەم نەخشەیەشدا عێراقی گروپە چەكدارەكان بەتەواوەتی هاوپەیمانی حەماس و فەڵەستینە دژی ئیسرائیل و ئەمریكا. ئەمەش كۆدەنگیی سیاسی و فەرمیی لەسەر نییەو حكومەت لەهەوڵدایە لە پێگەیەكی مامناوەندی كێبركێ و ململانێكەدا بوەستێت.
–بێزاربوونی قەتەر لە بارگرانییەكانی میوانداریكردنی باڵی سیاسیی حەماس، بەتایبەت كە بەشە سیاسییەكەی كاریگەریی لەسەر بەشە سەربازییە مەیدانییەكەی كەمە لە غەززەو كەرتی ڕۆژاوا؛ ئەمش وایكردووە زۆرجار نێوانگرییەكانی قەتەر كێشەی بۆ دروست ببێت یان لە ئەمریكاوە بخرێتە ژێر هەڵمەت و ڕەخنەو، بە داڵدەدانی تیرۆر تۆمەتبار بكرێت و داوای سزادانی بكرێت.
–هەوڵی ئێران بۆ پارێزگاریكردن لە یەكێتیی حەماس و كۆكردنەوەی پارچە جیاجیاكانی لە ڕێگەی بەغداوە وەك پایتەختێكی عەرەبی.
–هەوڵی ئێران بۆ قۆرخكردنی مەسەلەی فەڵەستین لەڕێگەی پاڵپشتیكردنی ڕەهای حەماسەوە؛ لەم هەوڵەشدا ئێران لەبەردەم رایگشتیی عەرەبی و ئیسلامی، پشتیوانیكردنی فەڵەستین بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆی و ئیحراجكردنی وڵاتانی عەرەبی و كەنداو بەكار دەهێنێت.
–گونجاویی بەغدا وەك پێگەیەكی مامناوەند لە جەنگی بەوەكالەتدا؛ چونكە گواستنەوەی حەماس بۆ بەغدا، ڕاستەوخۆ دەیكاتە بزوتنەوەیەكی ئێرانیی پەتی. بەمەش هاوسۆزیی جیهانی سوننە لەدەست دەدات و دەچێتە خانەی باڵە ئێرانییەكانەوە.

لێكەوتەكانی گواستنەوەی حەماس بۆ عێراق
یەكەم سەرنج لەسەر هاتنی گریمانكراوی حەماس بۆ عێراق، دەشێت تێوەگلانی عێراق بێت لە قەیرانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی؛ بەو پێیەی حەماس لە لیستی هێزە بێزراوەكانی ئەمریكادایە. هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا ئەم چەند لێكەوتە چاوەڕوانكراوە:
–دەشێت هاتنی حەماس بۆ بەغدا، عێراق بخاتە جەمسەری دژەڕۆژاواو لە هەمان كاتیشدا بیكاتە ئامانجی گوشارو گەمارۆ و سزای دارایی ئەمریكی و دامەزراوە ئەوروپییەكان. ئەمەش كاریگەریی لەسەر بەهای دراوەكەی و ئابورییەكەی دەبێت. لەمەشدا سەرجەم پێكهاتەو بەشەكانی عێراق باجەكەی دەدەن- بە هەرێمی كوردستانیشەوە.
–ئەگەری زاڵ ئەوەیە بوونی حەماس لە عێراق، دووچاری هێرشی سەربازی و ئاسمانیی فڕۆكەكانی ئیسرائیلیشی بكاتەوە لەسەر شێوازی باشوری لوبنان كە ئێستا بەهۆی پشتیوانی لە جەنگی غەززە بووەتە گۆڕەپانێكی كراوەی جەنگی ڕۆژانە[9].ی لەو كاتەشدا پەرچەكرداری گروپە شیعەكان بۆسەر بەرژەوەندییە ڕۆژاواییەكان چاوەڕوانكراوە؛ لەمەشدا هیچ گەرەنتییەك نییە كوردستان بەدەر بێت.
–بەپێی هەندێك لێكدانەوە، ئەگەر عێراق داڵدەی حەماس بدات، كێشە بۆ هاوسەنگیی عەرەبی و ئیسلامییش دروست دەكات و لەگەڵ كەنداو و میسرو سعودیەش دووچاری كێشەی دەكاتەوە، چونكە ئەو وڵات و لایەنانەش پەیوەندیدارن بە دۆسیەكەو، بڕیاری تاكلایەنە لەم بوارە كاریگەریی لەسەر ئاسایشی ئەو وڵاتانە هەیە؛ بەتایبەت ئەگەر بێت و میواندارییەكەیان لەلایەن ئەو گروپانەوە بێت كە نەیاری وڵاتانی عەرەبین[10]. گرژییەكانی ئەم دواییەی گروپەكان و وڵاتانی ئوردن و كوێتیش نموونەیەكی بەرچاون.  
–لەسەر ئاستی ناوخۆیی، كۆدەنگی لەسەر میوانداریكردنی حەماس نییە. باوەڕێكی زاڵیش هەیە كە كوردو سوننە دژی ئەو هەنگاوە بن؛ بەو پێیەی دەچێتە خانەی بەهێزكردنی كارتی شیعەی سیاسی و چەكدارەوە، هەروەها دەبێتە هۆی توڕەكردنی ئەمریكاو قوڵكردنەوەی ناكۆكی لەگەڵی. جگە لەوەش بارگرانیی سزای دارایی بۆ وڵاتەكە دروست دەكات كە تێیدا هەموو لا دەبنە قوربانی.
–ئەگەر حەماس هاتە عێراق، ئەوە لەژێر چەتری گروپە چەكدارەكاندا دەبێت. ئەمەش لەسەر حیسابی حكومەت و تێوەگلانە لە جەنگی میحوەرەكان، بەتایبەت كە هەندێك لەوانە بەئاشكرا نایشارنەوە كە سنگ بۆ بەندوباوە ئەمریكییەكان دەردەپەڕێنن و میوانداریی چالاكییەكانی بزوتنەوە فەڵەستینییەكە دەكەن[11].
– مەترسییەكی تری نیشتەجێكردنی بزوتنەوەی حەماس لە عێراق، ئەگەری زیادبوونی چالاکییە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل، ئێران و وڵاتانی دیکەیە؛ بە جۆرێك عێراق دەكاتە گۆڕەپانی سیخوڕیی وڵاتانی پەیوەندیدار[12].
– دەشێت تێوەگلانی گروپە شیعەكان لە پەنادانی حەماس، سودی سیاسی و دیپلۆماسیی بۆ هەرێم هەبێت؛ بەو پێیەی بەشە نزیكەكە دەبێت لە وڵاتانی ڕۆژاوا. لە هەمان كاتدا ئەگەری ئەوەش هەیە بكرێتە ئامانجی هەڵمەتی سیاسی و میدیایی و تەنانەت سەربازییش، بە پاساوی ئەوەی پشتیوانیی كێشەی فەڵەستین ناكات، ئەگەر پێشوازی لە هاتنی حەماس بۆ عێراق نەكات.

حەماس و ئێران
ئەگەرچی بزوتنەوەی حەماس بە شێوەیەكی فەرمی لە ساڵی ١٩٨٧ وەك بزوتنەوەیەكی “بەرگریكار”ی فەڵەستینی لە هەناوی كۆمەڵی “ئیخوان موسلیمین”ەوە ڕاگەیەنراوە، بەڵام بەهۆی چالاكییەكانییەوە دژی ئیسرائیل لە ڕاپەڕینی فەڵەستینییەكاندا لە ساڵی ١٩٩٠ بانگهێشتی تاران كراوەو، لە ساڵی 1991 ئۆفیسی لە ئێران كردوەتەوە. بەهۆی گوشاری ڕۆژاواو ئەمریکاش بۆ سەر ئێران، چ بەهۆی دۆسیەی ئەتۆمی یان پرسەكانی ترەوە، ئێران لە ڕێگەی حەماسەوە وا پیشان دەدات كە کلیلی هەندێک قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەدەستەوەیەو، بەبێ تارانیش ئەو قەیرانانە چارەسەر ناكرێن، لەوانەش پرسی ئاڵۆسكاوی فەڵەستین. ئەمەش جیا لەوەی هێز بە ئێران دەبەخشێت، ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەش لەسەر خاکی ئێران کەم دەکاتەوەو كێشەكانی هەناردەی دەرەوە دەكات[13].
یەكێكی تر لەو هۆكارانەی وا دەكات ئێران دەستبەرداری حەماس نەبێت و هەوڵی پەنادانی لە عێراق بدات، گرنگیی پەیوەندی و وابەستەییی حەماسە وەك بزوتنەوەیەكی سوننە لەگەڵ كۆماری ویلایەتی فەقیهی ئێرانیدا. ئەمەش پاڵپشتییەكی جۆرایەتییە بۆ ئێران كە لە كێبركێیەكی كراوەی شەرعییەت و مەزهەبیدایە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی؛ بەهۆی ئەوەشی میحوەری كاریگەری عەرەبی (كەنداو _ میسر) بەرژەوەندییەكانیان زیاتر لەگەڵ ئەمریكاو ئیسرائیلدایە، ئێران دەرفەتی زیاتری هەیە حەماس بكاتە یەكێك لە ئامرازەكانی خۆی، بەو پێیەی دەرفەت و پشتیوانیی تری نییە. هەر بەم هۆیەشەوە لە ئێستادا حەماسیش ئەندامێكە لەو بەرەیەی كە عێراقی گروپە چەكدارەكان و حزبوڵڵای لوبنان و كۆمەڵی ئەنساروڵڵای حووسی لەخۆ دەگرێت و پێكڕا پێیان دەوترێت “بەرەی موقاوەمە”؛ لەنێو ئەم بەرەیەشدا بەتەنیا حەماس هێزێكی سوننەیە.
هەر بەم هۆیەشەوەیە بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیل مەزەندەی ئەوە دەکەن، ئێران ساڵانە لانی کەم ٧٠ بۆ ١٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ حەماس دابین بکات. پێشتریش ئیسماعیل هەنییە سەركردە لە بزوتنەوەی حەماس لە ساڵی ٢٠٢٢ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە باسی لەوە كردبوو كە، بزووتنەوەکەی ساڵانە ٧٠ ملیۆن دۆلار لە ئێران وەردەگرێت. دوا بە دوای هێرشی حەماسیش بۆ سەر ئیسرائیل لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، خەزێنەی ئەمریکا محەمەد نەسروڵڵا، كادری حەماسی نیشتەجێی قەتەری خستە لیستی سزاكانییەوە. ناوبراو پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئێران هەیەو دەستی هەبووە لە گواستنەوەی دەیان ملیۆن دۆلار بۆ حەماس؛ جگە لەمە خەمڵاندنە ئەمریكییەكان باس لەوە دەكەن بەهۆی پاڵپشتیکردنی ئێران بۆ حەماس و بنیاتنانی توانا سەربازییەكانی، حەماس توانیویەتی هێرشەکانی سەر ئیسرائیل لە 7ی ئۆكتۆبەری 2023 ئەنجام بدات[14].

كۆبەند
گواستنەوەی بنكە سەرەكییەكانی حەماس لە قەتەرەوە بۆ عێراق، یەكێكە لە ئەگەرە كراوەو بژاردە ڕێتێچووەكانی قۆناغی ئایندەو، هاوكات لەگەڵ ئەوەدا بڕیارێكی ئاسان و بێكێشە نییەو تا ئێستا تەنیا لە چوارچێوەی دەنگۆ و شەڕی میدیایی هێزە كاریگەرەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە. ئەم بزوتنەوە فەڵەستینییە لەئێستادا لە ڕێگەی ئۆفیسێكی پەیوەندی و میدیایییەوە بەكردەیی هاتووەتە ناو بەغدای پایتەختەوە؛ هاتنەكەیشی بۆ عێراق دەرهاوێشتەو لێكەوتەی پەیوەندیی بەهێزی بزوتنەوەكەیە بە ئێرانەوە كە بنكەی سەرەكیی “میحوەری موقاوەمە”یە. هاتنی حەماس بۆ عێراق بێ لێكەوتە نابێت و هەندێك لەوانەیش دەشێت كاریگەرییان لەسەر هەرێمی كوردستان هەبێت، چ وەك بەشێك لە عێراق، چ وەك هەرێمێك كە بەرژەوەندیی زۆری لەگەڵ نەیارانی “بەرەی موقاوەمە”دا هەیە. 

[1]  https://bit.ly/3W1kJpd
[2]  https://bit.ly/4eYnK2h
[3]  https://bit.ly/4cXIWUm
[4]  https://bit.ly/3Y3QbWq
[5]  https://bit.ly/3Y3QbWq
[6]  https://bit.ly/4bFptXu
[7]  https://bit.ly/3S5jlRm
[8]  https://bit.ly/4eUhPvf
[9]  https://bit.ly/4eUhPvf
[10]  https://bit.ly/4eZHbaY
[11]  https://bit.ly/4d06bgk
[12]  https://bit.ly/3XWFGnV
[13]  https://bit.ly/3LHhqyV
[14]  https://bit.ly/4cGS2oO

ئەم بابەتە بۆ (خانەی هزریی كوردستان) نوسراوە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand