پاسپۆرتی عێراق لە یەمەن و سۆمال خراپترە

Draw Media

2024-07-24 12:49:23



(درەو):
لەم جیهانەدا پاسپۆرتی عێراقی تەنیا لە پاسپۆرتی (ئەفغانستان)و (سوریا) باشترە، ئەگەر نا لەدوای پاسپۆرتی (یەمەن)و (سۆماڵ) و (فەلەستین)یشەوەیە، نوێترین داتای جیهانی دۆخی پاسپۆرت بڵاوكرایەوە، گەشتكردن بە بێ وەرگرتنی ڤیزا پێوەری سەرەكییە لەم ریزبەندییەدا. 

ریزبەندییەكی نوێ
پاسپۆرتی سنگاپورە لە ریزبەندی بەهێزترین پاسپۆرتەكاندایە لەسەر ئاستی جیهان، ئەمە بەگوێرەی پێوەرەكانی (هینلی) بۆ پاسپۆرتە جیهانییەكان كە تۆڕی (CNN)ی ئەمریكی بڵاویكردوەتەوە.
ئەم پێوەرە كە كۆمپانیای "هینلی ئاند بارتنرز" بۆ مافی هاوڵاتیبوون و مانەوە دەریدەكات كە بارەگاكەی لە لەندەنە،  هەڵدەسێت بە دیاریكردنی توانای پاسپۆرتی هەر وڵاتێك بەگوێرەی ئەوەی ئایا هەڵگرانی ئەو پاسپۆرتە دەتوانن بۆ چەند وڵات بەبێ وەرگرتنی ڤیزا گەشت بكەن. 
بەپێی پێوەرەكە، هەڵگرانی پاسپۆرتی سەنگاپورە ئێستا بەبێ وەرگرتنی ڤیزای پێشوەختە دەتوانن بۆ (195) وڵات و ناوچەی جیهان گەشت بكەن.
لەدوای سەنگاپورە، وڵاتانی (ژاپۆن- ئەڵمانیا- فەڕەنسا- ئیتالیا- ئیسپانیا) بەهێزترین پاسپۆرتیان هەیە كە لە پلەی دووەمدان و هاوڵاتیانیان دەتوانن بەبێ وەرگرتنی ڤیزان بۆ (192) وڵات و ناوچە گەشت بكەن. 
لە پلەی سێیەمدا پاسپۆرتی (نەمسا- فنلەندا- ئیرلەندا- لۆكسەمبۆرگ- هۆڵەندا- كۆریای باشور- سوید) دێت، كە هەڵگرانی پاسپۆرتی ئەم وڵاتانە دەتوانن بەبێ وەرگرتنی ڤیزا گەیشت بۆ (191) وڵات و ناوچە بكەن. 
لیستەكە ناوی هەندێك وڵاتی تریشی تێدایە كە پاسپۆرتەكانیان بەهێزە، لەوانە (بەلجیكا- دانیمارك- نیوزلەندا- نەرویژ- سویسرا- بەریتانیا)، ئەم وڵاتانە لە پلەی چوارەمدان و هاوڵاتییەكانیان بەبێ وەرگرتنی ڤیزا دەتوانن بۆ (190) وڵات و ناوچە گەشت بكەن. 
لەپاش ئەمانە، وڵاتانی (ئوسترالیا- پروتوگال) دێت كە بۆ (189) ناوچە بە پاسپۆرتەكانیان گەشت دەكرێت.
لە پلەی شەشەمدا وڵاتانی (یۆنان- پۆلەندا) دێت كە بە پاسپۆرتەكانیان بە بێ ڤیزا گەشت بۆ نزیكەی (188) وڵات دەكرێت. 
(كەنەدا- كۆماری چیك- هەنگاریا- ماڵتا) ئەمانە لە پلەی حەوتەمدان و پاسپۆرتەكانیان بەبێ ڤیزا توانای گەشتكردنی هەیە بۆ نزیكەی (187) وڵات. 
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە پلەی هەشتەمدایە، پاسپۆرتەكەی بەبێ ڤیزا بۆ نزیكەی (186) وڵات و ناوچە دەڕوات. 
لە پلەی نۆیەمدا پاسپۆرتی (ئیماراتی عەرەبی- ئیستۆنیا- لیتوانیا) هەیە كە گەشتی بێ ڤیزا بۆ 185 وڵات دەكات. 
پاسپۆرتی (ئایسلەندا- لاتیڤیا- سلۆڤاكیا- سلۆڤینیا) لە پلەی دەیەمدان و بۆ (184) ناوچە گەشتی بێ ڤیزا دەكەن. 

دۆخی وڵاتانی ناوچە لە ریزبەندییەكەدا
لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەكە، پاسپۆرتی قەتەری لە ریزبەندی (46)دایە لەسەر ساتی جیهان، هەڵگرانی پاسپۆرتی ئەم وڵاتە بەبێ ڤیزا دەتوانن گەشت بۆ (107) وڵات بكەن. 
پاسپۆرتی كوەیتی لە ریزبەندی (49)دایە لەسەر ئاستی جیهان، هەڵگرانی دەتوانن بەبێ ڤیزا بۆ (99) وڵات گەشت بكەن.
سعودیە لە ریزبەندی (56)ی جیهاندایە، پاسپۆرتەكەی بەبێ ڤیزا دەتوانێت بۆ نزیكەی (88) وڵات بڕوات. سوڵتاننشینی عومان لە ریزبەندی (58)ی جیهاندایە بۆ نزیكەی (86) وڵات دەڕوات. 

عێراق لە ریزی هەرە خراپەكاندا
سەبارەت بە ریزبەندی لاوازترین پاسپۆرت لەسەر ئاستی جیهان، كۆمپانیاكە پاسپۆرتی (ئەفغانستان)ی بە خراپترین دەستنیشان كردووە، چونكە هەڵگرانی ئەم پاسپۆرتە بەبێ ڤیزا تەنیا دەتوانن بۆ (26) دەوڵەت و ناوچە گەشت بكەن، لەدوای ئەویش پاسپۆرتی (سوریا) دێت، كە لە ریزبەندی (102)دایە لەسەر ئاستی جیهان و هەڵگرانی پاسپۆرتی ئەم وڵاتە بەبێ ڤیزا تەنیا دەتوانن بۆ (28) دەوڵەت گەشت بكەن، (عێراق) لە ریزبەندی (101)دایەو هەڵگرانی پاسپۆرتەكەی بەبێ ڤیزا تەنیا دەتوانن بۆ (31) وڵات گەشت بكەن، عێراق تەنانەت دۆخی لە وڵاتێكی وەكو (یەمەن) خراپترە، یەمەن لە ریزبەندی (100)دایە لەسەر ئاستی جیهان، هاوڵاتییەكانی بەبێ ڤیزا دەتوانن بۆ (33) دەوڵەت گەشت بكەن، (سۆمال) دۆخی لە عێراق و یەمەنیش باشترەو لە ریزبەندی (99)ی جیهاندایە، هاوڵاتییەكانی دەتوانن بێ ڤیزا گەشت بۆ (35) دەوڵەت بكەن، (لیبیا) لە ریزبەندی (98)دایەو دەتوانێت گەشت بۆ (39) دەوڵەت بكات، پاسپۆرتی (فەلەستین) لە ریزبەندی (97)دایەو گەشتی (40) دەوڵەت دەكات. 
 یورگ ستیڤن سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای (هینلی) دەڵێ:" توانای گەشتكردن بەبێ ڤیزا بۆ ژمارەیەكی زۆر وڵات چیتر تەنیا بابەتی خۆشگوزەرانیی نییە، بەڵكو بووە بە ئامرازێكی بەهێزی ئابوریش كە دەتوانێت گەشەكردن و هاریكاری نێودەوڵەتی بباتە پێشەوەو سەرمایەگوزاری بیانی رابكێشێت". 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand