ناكۆكی 200 ساڵە سەریهەڵدایەوە

Draw Media

2023-08-01 15:32:15



(درەو): 
ناكۆكییە سنورییەكانی نێوان عێراق‌و كوەیت جارێكی تر كەوتەوە بەر رووناكی، ئەمەش دوای ئەوەی هەردوو وڵات ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ لەبارەی ئەم ناكۆكییە كە ریشەكەی بۆ نزیكەی 200 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. 
رۆژی یەكشەممەی ئەم هەفتەیە، وەزیرانی دەرەوەی عێراق‌و كوەیت لە بەغداد چاویان بەیەكتری كەوت، هەردووكیان پابەندبوونی خۆیان بە كۆتایهێنان بە دۆسیەی دیاریكردنی سنوری ئاوی نێوان كوەیت‌و عێراق راگەیاند. 
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ شێخ سالم عەبدوڵا جابر سوباحی هاوتا كوەیتییەكەیدا، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق وتی:" باسمان لە دۆسیەی دیاریكردنی سنور كرد، مشتومڕێكی دورو درێژ لەسەر ئەم بابەتە هەیە". 
سەرباری ئەوەی لەدوای هێرشی عێراق بۆ سەر كوەیت، سنوری وشكانی نێوان كوەیت‌و عێراق لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دیاریكرا، بەڵام پرسی سنورە ئاوییەكان لەوكاتەوە تائێستا هەر بە هەڵپەسێردراوی مایەوە. 
پاسەوانی كەناراوەكانی كوەیت ناو بەناو دەست بەسەر بەلەمی راوچییە عێراقییەكاندا دەگرن، ئەمەش بەتۆمەتی ئەوەی بەشێوەی نایاسایی سنوری ئاویی كوەیتیان بڕیوە. 
ساڵح موتێری كە لێكۆڵەرێكی سیاسی كوەیتییە دەڵێ:" بەراورد بە سنوری وشكانی، ناكۆكی سنوری ئاوی نێوان دوو وڵات، بەردەوام وەكو بابەتێكی پڕ گرێ‌و گۆڵ دەمێنێتەوە". موتێری قسەی بۆ سایتی (الحرە) كردووە، باس لەوە دەكات" سنوری وشكانی بە تۆپۆگرافی‌و چەسپاوەكان‌و ئەو نیشانە دیاریكراوانە دەستنیشان دەكرێت كە لەسەر بنەمای پاشخانی مێژوویی‌و دیمۆگرافی رێككەوتنیان لەسەر دەكرێت.. بەڵام سنوری دەریایی كێشەی لە بابەتە تەكنیكییەكاندا هەیە بۆ دیاریكردنی ئاوە نێودەوڵەتییەكان‌و دەرەوەی‌و بنی دەریاو زەریاكان". 

مێژوو چی دەڵێ؟ 
هیشام عەوەزی مامۆستای مێژوو لە زانكۆی ئەمریكی لە كوەیت دەڵێ:" بەڵگەنامە نهێنییەكانی بەریتانیا باس لە ناكۆكییە سنورییەكانی نێوان كوەیت‌و عێراق دەكەن، ئەم بەڵگەنامانە لە 7 بەرگ پێكهاتوون كە هەر بەرگێكیان 700 لاپەڕەیە‌و ناكۆكییە سنورییەكانی نێوان كوەیت‌و عێراق لە ساڵی 1830 تاوەكو ساڵی 1994 لەخۆدەگرن". 
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ناكۆكی لەبارەی هەردوو دوورگەی (بۆبیان)‌و (وەربە) كە كوەیت دەستی بەسەردا گرتوون، خاڵی سەرەكی ناكۆكی مێژووی دورو درێژی نێوان هەردوو وڵاتە.
ساڵی 1961 كاتێك بەریتانیا پاراستنی خۆی لەسەر كوەیت هەڵگرت، عەبدولكەریم قاسم سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق وتی:" كوەیت بەشێكە لە عێراق‌و لێی جیاناكرێتەوە"، چونكە لەسەردەمی عوسمانییەكاندا كوەیت بەشێك بووە لە پارێزگای بەسرە. 
عێراق هەڕەشەی ئەوەی دەكرد سەروەری خۆی بەسەر كوەیتدا بسەپێنێت، بەڵام دواتر بڵاوبوونەوەی هێزی بەریتانیی لە كوەیت، عێراقی ناچار كرد پاشەكشێ بكات. سەرباری ئەوەی رژێمە سیاسییەكانی دواتری عێراق دەستیان لەم بانگەشانە هەڵگرت‌و دانیان بە سەربەخۆیی كوەیتدا نا، بەڵام حزبی بەعس كاتێك دەسەڵاتی گرتەدەست، بە فەرمی دانی نەنا بە سنوری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتدا، لەگەڵ ئەمەشدا هیچ رووداوێكی گەورەی پەیوەندیدار بە ناكۆكییە سنورییەكان تاوەكو ساڵی 1990 رووی نەدا، لەو ساڵەدا عێراق بەدەست قەیرانی ئابوری دوای كۆتایهاتنی جەنگی ئێرانەوە دەیناڵاند، ئیتر لێرەوە سەردەمێكی نوێی ناكۆكی لەگەڵ كوەیت دەستیپێكرد. 
تەموزی 1990 سەددام حسێن سەرۆكی پێشووی عێراق هەریەكە لە كوەیت‌و ئیماراتی عەرەبی تۆمەتبار كرد بەوەی پابەند نین بەو پشكەی كە رێكخراوی ئۆپێك بۆ وڵاتانی ئەندامی دیاریكردووە لەبواری بەرهەمهێنانی نەوت‌و، نەوتی خاو زیاتر هەناردە دەكەن، ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی نرخی نەوت‌و عێراق بێبەش بووە بە داهاتەكانی زێڕی رەش. 
لە پاڵ ئەمەدا، سەددام بانگەشەی ئەوەی دەكرد كوەیت نەوتی خاو لە كێڵگەی (رومێلە) دەدزێت كە دەكەوێتە سەر سنوری نێوان عێراق‌و كوەیتەوە، هاوكات داوای ئەوە دەكرد كوەیت دەستبەرداری هەردوو دوورگەی (بۆبیان)‌و (وەربە) ببێت بۆ عێراق. 
لە 2ی ئابی 1990دا، هێزێكی عێراقی كە لە (100 هەزار) سەرباز پێكهاتبوو، لە سنوری عێراقەوە بەرەو كوەیت پەڕییەوە، توانی لەماوەی چەند كاتژمێرێكدا بگاتە پایتەختی كوەیت. كاتێك یەكەكانی گاردی كۆماری عێراق بەرەو پایتەختی كوەیت دەرۆیشتن، هێزە تایبەتەكانی عێراق ئەركی پاراستنی پێگە سەرەكییەكانیان دەگرتە ئەستۆ، لەوانە هەردوو دوورگەی (بۆبیان)‌و (وەربە)‌و بواری ئاسمانی كوەیت‌و كۆشكی میری كوەیت‌و جێنشینەكەی. 

ئاسایبوونەوەی دۆخەكە
دوای هێرشەكەی سەددام كە لە شوباتی ساڵی 1991دا كۆتایی پێهات‌و بەهۆی دەستوەردانی نێودەوڵەتییەوە بە سەرۆكایەتی ئەمریكا هێزەكانی عێراق لە كوەیت كشانەوە، لە ساڵی 1993دا نەتەوە یەكگرتووەكان سنوری وشكانی‌و ئاوی نێوان عێراق‌و كوەیتی دیاریكرد. سەرباری ئەمە، نەتەوە یەكگرتووەكان ئەو سزایانەی هەڵنەوەشاندەوە كە ساڵی 1990 بەهۆی هێرش بۆسەر كوەیت بەسەر عێراقیدا سەپاند تاوەكو ساڵی 2010، واتا دوای حەوت ساڵ لە روخانی رژێمی بەعس.
دوای كەوتنی رژێمی سەددام لە ساڵی 2003دا، پەیوەندی نێوان كوەیت‌و عێراق وردە وردە بەرەو ئاسایبوونەوە رۆیشت‌و پەیوەندی دیپلۆماسی نێوانیان دەستیپێكردەوە. لە رابردوودا بەرپرسانی عێراقی ئامادەیی خۆیان بۆ داننان بە سنوری وشكانی لەگەڵ كوەیت نیشانداوە، بەڵام سنوری دەریایی هێشتا خاڵی ناكۆكی نێوانیانە، بەغداد دەیەوێت دیاریكردنی سنوری ئاوی گرەنتی ئەوەی پێبدات كە بتوانێت بگاتە ئاوەكانی كەنداو، چونكە لەڕووی ئابوری‌و هەناردەی نەوتەوە پێویستی بەم گەرەنتییە هەیە. 
حكومەتی ئێستای عێراق كە محەمەد شیاع سودانی سەرۆكایەتی دەكات، هەوڵی لێكنزیكبوونەوە لەگەڵ وڵاتانی كەنداوی عەرەبی دەدات‌و دەیەوێت لەبواری هاوكاری ئابوری‌و روبەڕووبونەوەی ماددە هۆشبەرەكاندا پەیوەندی خۆی لەگەڵ ئەو وڵاتانە بەهێز بكات. 
لە چەند مانگی رابردوودا، عێراق پێشوازی لە چەندین بەرپرسی باڵای وڵاتانی هاریكاری كەنداو كردووە، لەناویاندا سەردانی وەزیری دەرەوەی كوەیت لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا. لە سەردانەكەیدا، وەزیری دەرەوەی كوەیت بەڕوونی ئاماژەی بەوەدا كە بۆ پرسی دیاریكردنی سنوری ئاوی لەگەڵ عێراق سەردانی بەغدادی كردووە، بەڵام فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بەگشتی باسی لە دۆسیە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵات دەكرد لەوانە كێڵگە هاوبەشەكانی نەوت‌و روبەڕووبونەوەی مافیاكانی ماددەی هۆشبەرو دۆخی ژینگە.
وەزیری دەرەوەی كوەیت ئاشكرایكرد، رۆژی 14ی ئەم مانگە لیژنەی هونەریی لە بەغداد كۆدەبێتەوە بۆ تەواوكردنی راوێژ لەبارەی دیاریكردنی سنوری ئاویی نێوان هەردوو وڵات". 

سروشتی جوگرافی
ساڵح موتێری كە لێكۆڵەرێكی سیاسی كوەیتی دەڵێ:" كێشەی گەورەی سنوری دەریایی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە دورگەكانی بۆبیان‌و وەربە دەكەونە بەردەم رێڕەوە گرنگە ئاوییەكانی عێراقەوە". 
ئەم دورگانە دانیشتوانیان تێدا نییە‌و لەسەری كەنداوەكەدا هەڵكەوتوون بە دورییەكی كەم لە خاكی هەردوو وڵاتەوە، بۆبیان بەگەورەترین دورگەی كوەیت دادەنرێت كە روبەرەكەی دەگاتە (863 كیلۆمەتر)ی چوارگۆشە، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت یەك لەسەر سێی خاكی كوەیت پێكدەهێنێت (بەگوێرەی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپا).
بەڵام دورگەی (وەربە) بچوكترەو دەكەوێت دووری نزیكەی (100 مەتر) لە خۆرهەڵاتی خاكی وشكانی كوەیت‌و یەك كیلۆمەتر لە باشوری خاكی وشكانی عێراق لەنزیك دەمی شەتول عەرەب، روبەرەكەی بەتێكڕا (37 كیلۆمەتر)ی چوارگۆشەیە (ئەمە بەپێی قسەی هەمان ئاژانسی ئەوروپی). 
موتێری دەڵێ" عێراق نایەوێت دان بەم سروشتە جوگرافیەدا بنێت هاوشێوەی فراوانكردنی رێڕەوە ئاوییەكان.. عێراق ماوەیەكی دورو درێژە داوای ئەم دوورگانە دەكات، بەڵام دەستبەرداربوون لێیان لەلایەن كوەیتەوە سەختە". 
لەبەرامبەردا، مەناف موسەوی سەرۆكی سەنتەری بەغداد بۆ توێژینەوە دەڵێ:" كوەیت دەیەوێت خۆی بخزێنێتە قوڵایی عێراق‌و ناوچەیەكی زۆر هەیە كە لەدوای جەنگ‌و پرۆسەی دیاریكردنی سنورەوە كوەیت لە عێراقی بردووە". 
موسەوی ئاماژە بەوەدەكات" هەوڵی دیاریكردنی سنور رەنگە ئامانج لێی ئەوە بێت جوڵەی گواستنەوەی دەریایی هەراسان‌و بەرتەسك بكرێتەوە‌و ئاستی قوڵایی دیاری بكرێت، هەروەك پەیوەندیداریشە بە پرۆسەی بەندەری موبارەكی كوەیتەوە كە بێدەنگی لێكراوە". 
ساڵی 2011 كوەیت داواكاری عێراقی بۆ راگرتنی پرۆسەی دروستكردنی بەندەری "موبارەكی گەورە" رەتكردەوە‌و دەستی بەو پرۆژەیە كرد لە دورگەی بۆبیان، كە عێراق پێیوایە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی بەشێكی زۆر لە ئاوە نێودەوڵەتییەكانی لە كەنداودا.
بەڵام دوای مشتومڕێكی سیاسی زۆر كە زیاتر لە دوو ساڵی خایاند، ساڵی 2013 هەردوو وڵات گەیشتنە رێككەوتن لەبارەی رێكخستنی پرۆسەی كەشتیەوانی لە (خور عەبدوڵا) كە دەكەوێتە سەر كەنداو.

"پراگماتی"
كارەكانی بنیادنانی پرۆسەی بەندەری "موبارەكی گەورە" كە بەهاكەی زیاتر لە (ملیارێك) دۆلارە، تائێستا تەواو نەبووە، ئەمەش دوای ناكۆكی نێوان عێراق‌و كوەیت لە یەك دەیەی رابردوودا. 
موتێری وتی:" ئەوەی كوەیت دەستیكردووە بە تەواوكردنی قۆناغەكانی تری دروستكردنی بەندەری موبارەكی گەورە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی جۆرێك لە بەرەوپێشچوون هەیە لە دانوستانی نێوان هەردوو وڵاتدا". 
لەگەڵ ئەمەشدا موسەوی بە ئاڕاستەی پێچەوانەدا دەڕوات‌و دەڵێ:" كوەیت زیاتر بایەخ بەم بابەتە دەدات، چونكە دەیەوێت عێراق لەبارەی سنوری كەنداوی عەرەبییەوە بخاتە دۆخێكی شەرمەزاركەرەوە". 
"كۆتایهێنان بەم كێشەیە كە پەیوەندیدارە بە سەروەری عێراقەوە، لەم كاتە كەمەدا، سەرباری ئەوەی لەو هەموو ساڵەدا هیچ چارەسەرێكی بۆ نەدۆزراوەتەوە، زۆر سەختە" موسەوی وا دەڵێ. 
فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەكاتی سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی كوەیتدا رایگەیاند" جەخت لەسەر ئەوە كراوە كۆتایی بە بابەتەكانی سنوری بهێنرێت". 
لەمڕووەوە موتێری دەڵێ:" پراگماتیزم بەسەر هەردوولادا زاڵە" دەستپێكردنەوەی دانوستان لەم مانگەدا ئاماژەیە بۆ ئەگەری "گەیشتن بە دەرەنجامێك"ی بەرجەستە بۆ چارەسەركردنی ئەم ناكۆكییە. 
سەرچاوە: الحرة
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand