ئەردۆگان کۆتایی حەکایەتەکە

Draw Media

2023-05-13 07:17:01



سه‌ردار عه‌زیز

ئەردۆگان بیباتەوە یان بیدۆڕێنێت، حەکایەتەکەی تەواوبووە. حەکایەتی ئەردۆگان، حەکایەتی دین نیە، وەک لە دەرەوە هەوادارانی هەوڵی وێناکردنی دەدەن، بەڵکو وەک لە ئەدەبیاتی تورکیدا ئاماژەی پێدەدرێت، حەکایەتی تورکی ڕەش و تورکی سپییە.

تورکیا هەمیشە بە دوو حەکایەت بەڕێوەچووە، یەکێکیان مۆدێرن، ئەویتریان کەلەپور یان ترادیشیون. کە لە پەنجاکان یەکەمجار دەرفەت دەڕەخسێت بۆ هەڵبژاردن، مۆدێرنە بەرامبەر ترادیشیون دەدۆڕێت. بەڵام چیرۆکی مۆدێرنەی تورکی هەمیشە چیرۆکی مۆدێرنەی زەبر بووە. مۆدێرنەی تورکی کە خۆی لە دەوڵەتگەرایی، سوپا، لاییک و ڕۆژئاواییەتیدا دەبینێتەوە، هەرگیز حیکایەتێکی ئاسان نەبووە. ئەم حیکایەت بەزۆری باوەڕوداران یان هەوادارانی خەڵکی شارە گەورەکان و شارە کەنارییەکان بوون، لە بەر کۆمەڵێک خەسڵەتی دیار وەک شاربوون، گەشتیاریی، بیرۆکراسییەت و خوێندەواریی.

دیندارانی تورک هەمیشە هەستیانکردوە کە دەوڵەت بۆ ئەوان نیە، بۆیە خۆیان وەک تورکی ڕەش تەماشا دەکەن. لە کودەتای هەشتاوە، پۆستمۆدێرنەی تورکی دەستپێدەکات. دەوڵەت دەستبەرداری زۆر خەسڵەتی دەبێت بۆ بازاڕ. ئەو سەردەمە سەردەمی نیولیبرالیزمی تاتچەرو رێگن بوو لە ئاستی سیاسیدا. لە ئاستی فیکریدا جێگرتنەوە هایەک و فریدمان بوو بە مارکس و ئینجلز.

پاڵەوانی ئەم قۆناغە سۆفییەکی نیمچەکوردی، نیمچە لیبرالی بەناوی ئۆزالە. لەوێوە موسوڵمانە تورکەکان دەبنە بۆرژوای بچوک. بەڵام ئێستا زۆریان سەرمایەدارن و مناڵەکانیان شارنشین و خاوەن بڕوانامەی زانکۆ دەرەکییەکان و زمانزانن. ئەوانیش سپی بوونەوە. نوخبەی ئاک پارتی پەرتبوون. گەندەڵ بوون. حەکایەتەکە تەواوبوو. حەکایەتی داهاتوو لە تورکیا، حەکایەتی دادپەروەریی و یەکسانیی و فرەیی دەبێت، بەڵام بە بوونی ڕێگریی زۆر. ئێستا حەکایەتی ترادیشیونخوازەکان پێگەو ڕۆڵ و گەورەیی تورکیایە، ئەم حەکایەتە دەمێنێتەوە. هەوڵئەدم بۆی بگەڕێمەوە، ئەگەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانم بە دڵ بێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand