لێكەوتە عێراقی و هەرێمایەتییەكانی "ئاشتەوایی"ی هەولێرو تاران

Draw Media

2024-05-12 11:04:19



د. یاسین تەها-  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق

سەردانی "نێچیرڤان بارزانی"، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی هاوەڵی بۆ تاران، كە سروشتێكی ئاشتەواییانەی هەبوو، لەسەر ئاستەكانی ناوخۆو عێراق و ناوچەكە پێشهاتێكی لێكەوتەدارە؛ بەتایبەت پاش دوو ساڵ لە گرژی و تۆمەتگۆڕینەوەو هێرشی موشەكی و درۆنیی ئێران و باڵەكانی. ئەم شرۆڤەیە هەوڵدەدات لە دەرەوەی لێكەوتە ناوخۆییەكانی هەرێم، كاریگەری و پەیوەندیی ئەو كرانەوە نوێیە لە گۆشەنیگای هاوكێشەی عێراق و ناوچەكەوە بخوێنێتەوە.

دوو وێستگەی كاریگەر لەسەر سەرانەكەی تاران
سەردانی سێ ڕۆژەی سەرۆكی هەرێم و شاندی یاوەری بۆ ئێران (5_8 ئایار) كە ئاژانسی "میهر"ی ئێرانی بە "ئاشتبوونەوە" هەژماری كردووە[1]، لە وەڵامی بانگهێشتنامەیەكی فەرمیی تاراندا هات.[2] لە دیدارەكانیشدا شاندەكە بەكۆمەڵ و سەرۆكی هەرێمیش بەتەنیا چاویان بە سێگۆشەی دەسەڵاتی ئێستای ئێران كەوتووە، ئەوانیش بریتین لە "عەلی خامنەیی"، ڕابەری شۆڕش، "ئیبراهیم ڕەئیسی"، سەرۆك كۆماری ئێران و، "محەممەد قاڵیباف"، سەرۆكی پەرلەمان. زانیارییە نافەرمییە ئێرانییەكانیش ئاماژە بەوە دەكەن؛ سەردانەكە جگە لە لایەنی پڕۆتۆكۆڵی و فەرمی، دانیشتن و دیداری تایبەت و پشتپەردەیشی لەخۆ گرتووە. ئەو دیدارانەیش بەرهەمی لێكگەیشتنی پێشوەختەی نێوان هەردوولا بوون و، دانیشتنەكان زیاتر بۆ چەسپاندنی بووە.[3]
سەردانە هەمەلایەنەكەی شاندی هەرێم، كەمتر لە هەفتەیەك پاش سەردانێكی چڕوپڕی سەرۆكی هەرێم بۆ بەغدا، ئەنجام درا؛ كە ناونیشانە سەرەكییەكەی، چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێرو بەغدا بوو، بەڵام لە ناواخندا دۆسیەی هەڵبژاردنی هەرێم پانتاییەكی گەورەی پێكدەهێنا. ئەم دوا سەردانەیش كە دوو ڕۆژی خایاند (27 و 28ی نیسان)، دووەم سەردانی نێچیرڤان بارزانی بوو بۆ بەغدا لە ماوەی یەك مانگدا؛ بەرنامەكەیشی دیداری فەرمی و حكومی و سیاسی و حزبیشی لەگەڵ لایەنە عێراقییە جۆربەجۆرەكان لەخۆ گرتبوو.[4]
هەروەها سەردانی شاندی هەرێم بۆ تاران، لە پاش پێشوازیكردنی سەرۆك كۆماری توركیا هات لە هەولێر، پاش سەردانی بەغدا (22ی نیسان)؛ ئەو سەردانەیش كە بە "مێژوویی" لە قەڵەم درا، بە مۆركردنی 26 لێكگەیشتن و ڕێككەوتننامەی ئاشكرا لەنێوان بەغداو ئەنقەرە كۆتایی هات. دوای كۆتاییهاتنیشی، سەرۆك كۆماری توركیا ستایشی ئەنجامەكەی كرد، بەتایبەت ئەو بەشەی كە پەیوەست بوو بە سەردانی هەولێرو گەرموگوڕی لە پێشوازی و دیدارەكان.[5] هەرچەندە هیچی فەرمی لەبارەی پەیوەندیی ئێران و هەڵوێستی لە سەردانی ئەردۆغان ئاشكرا نەكراوە، بەڵام لە پاش بەغدا، لایەنی پەیوەندیداری ڕاستەوخۆ بەو سەردانەی ئەردۆغان بۆ عێراق و هەرێم، دەسەڵاتدارانی تارانن؛ هەم وەك هێزێكی هەرێمایەتیی ڕكابەری توركیا لە عێراقدا، هەم بەشێك لە ئەجێندای سەردانەكە كە پەیوەندیی بە بەرەنگاربوونەوەی جموجۆڵ و چالاكییەكانی “PKK”وە هەیە پەیوەندیدارە بە ئێرانەوە، بەڵكە بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ تاران ناچێتە پێشەوە، بەو پێیەی هەندێك ڕایەڵی پەیوەندی و، هەروەها بەریەككەوتنیان لەسەر سنورەكان هەیە.

ئامانجە سەرەكییەكانی سەردانەكە
بەپێی سەرچاوە ئێرانییەكان، ئامانجەكانی سەردانی شاندەكەی هەرێم جۆراوجۆر بوون، بەڵام ئەوەی پەیوەندیی بە لایەنە عێراقییەكەیەوە هەیە زیاتر بریتییە لە: جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنیی ئێران و عێراق كە لە 19ی ئازاری 2023 دا واژۆ كرا. ڕێككەوتنەكە پەیوەستە بە دۆخی هێزە بەرهەڵستكارو ئۆپۆزیسیۆنە كوردییەكانی ڕۆژهەڵات لەناو خاكی هەرێم و، ئێران گازندەی لە شێوازی جێبەجێكردنی هەیە، بەڵام ئەوەیشی لا ڕوونە كە هێزە فیدراڵییەكانی عێراق لە ناوچە سنورییەكانی هەرێمدا نین و "لە هەرێمێشدا جۆرێك لە ئازادیی جموجۆڵی هێزی هاوپەیمانان هەیە"؛ بۆیە دەربارەی وردەكارییەكەی، ناچارە خۆی ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا بكات.[6] بۆ ئەم مەبەستەیش لەگەڵ "وەزیری ناوخۆی هەرێم" لەسەرهێڵن كە سەرپەرشتیی ئەو دۆسیەیە دەكات.
لە پەنا دۆسیەی ئەمنیشدا ئاڵوگۆڕی بازرگانی، ئامادەیی بەرچاوی هەبووە لە ئەجێندای سەردانەكە، چونكە زانیارییە بەردەستەكان ئەوە دەردەخەن پەیوەندییە بازرگانییەكان كاریگەر بوون بە گرژییەكانی ئەم دوو ساڵەی دوایی نێوان هەولێرو تاران و، كەوتووەتە ژێر كاریگەریی بەئامانجگرتنە موشەكییەكان. ئەمەیش بۆ ئێران بابەتێكی هەستیارە چونكە قەبارەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و هەرێم پێش پەرەسەندنی ئەو گرژییانەی دوایی و لە ساڵی ڕابردوودا (2023) گەیشتبووە نزیکەی دوو ملیارو 500 ملیۆن دۆلار[7]؛ ئەمەیش بۆ تاران كە لەژێر گەمارۆی جۆربەجۆری ئەمریكی و ئەوروپیدایە جێگەی بایەخ و گرنگیی زۆرە و نایەوێت ببێتە قوربانیی ناكۆكییە ئەمنی و سیاسییەكانی نێوان هەردوولا.
هەرچەندیشە تۆمەتباركردنی هەرێم بە داڵدەدانی مۆساد، یەکێک لەو بابەتانەیە کە هەمیشە گرژی و ئاڵۆزیی لەنێوان هەردوولادا دروستكردووەو، هەروەها پاساوی هێرشەكانی ئێرانیش بووە بۆ سەر هەولێر لە دوو ساڵی ڕابردوودا، كەچی ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە كە لەم سەردانەی شاندەكەی هەرێمدا بەئاشكرا نەوروژێنراو ئاماژەی بۆ نەكرا! لەبارەی هۆكاری ئەمەیشەوە سەرچاوە ئێرانییەكان باس لەوە دەكەن، پێش سەردانەكە هەردوولا لەبارەی ئەو پرسەوە گەیشتوونەتە جۆرێك لە لێكگەیشتن. بەهۆی ئەوەیشی قۆناغێكی نوێ لە پەیوەندییەكانی هەردوولا لە كاتی سەردانەكەوە دەستیپێكردووە، ئێرانییەكان نەیانویستووە ئەو تۆمەتانە لە سەروبەندی سەردانەكەدا بورووژێنن، "بەو پێیەی پێشتر لێكگەیشتنی تەواوی لەبارەوە گەڵاڵە كراوە".[8] ئەوەیشی ئەم زانیارییانە پشتڕاستدەكاتەوە هەندێك لێدوانی ئەرێنییانەی ئێرانین دەربارەی هەرێم، لەوانەیش: ئاخاوتنی "سارا فەلاحی"، ئەندام لە لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران، كە پاكانە بۆ حکومەتی هەرێم دەكات لە تۆمەتی پەنادانی چالاكییە دژەئێرانییەكان؛ لەگەڵ ئەوەیشدا جەخت دەكاتەوە، "حزب و لایەن و کەسایەتیی سیاسیی کاریگەر هەن لە هەرێمدا، كە لە دژی ئێران چالاكییان هەیە".[9]
بەشێوەیەكی گشتییش لە ڕۆژی سەردانەكەوە تۆنی لێدوانە فەرمییە ئێرانییەكان دەربارەی هەرێم، جیاوازیی هەیە لە ماوەكانی ڕابردوو كە ئێرانییەكان بەبێ سێ و دوو هەرێمی كوردستانیان بە هۆكارێكی مەترسی لەسەر ئاسایشی ئێران دەدایە قەڵەم. پێناچێت ئەم لێكگەیشتنە لە دەرەوەی ئاگاداری و ڕەزامەندیی ئەمریكا بێت چونكە بەپێی ئەو كاردانەوە ئەمریكییانەیشی ئاشكرا كراون، ئەم هێوربوونەوەی گرژییە لەنێوان هەولێرو تاران، ناكۆك نییە لەگەڵ خواستی واشنتۆن بۆ پارێزگاریكردن لە ئۆقرەیی ئێستای عێراق. لەم نێوەیشدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هاوكات لەگەڵ ئەوەی ڕەتیكردووەتەوە بچێتە وردەكاریی سەردانی شاندی هەرێم، ئەوەی  ڕاگەیاندووە "هانی ئەو دیالۆگانە دەدەن كە ئامانجی ڕاگرتنی گرژییە، هەروەها ئۆقرەیی زیاتر بەدی دەهێنێت؛ لەو بابەتانەیش كە پەیوەستە بە ئێرانەوە".[10]

ناوبژیوانیی تاران لەنێوان هەولێرو بەغدا

بەپێی هەندێك لێكدانەوە، یەكێك لە ئامانجە ڕانەگەیەنراوەكانی سەردانی سەرۆكی هەرێم بۆ تاران، هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانی و پاڵپشتیی ئێرانە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەولێرو بەغدا، بەو پێیەی ئێران دەتوانێت گوشار لە هێزە سیاسییە عێراقییەكان بكات، بەتایبەت شیعەكانی هاوپەیمانی تاران.[11] ئەم لێكدانەوەیەش لەگەڵ سروشتی پێكهاتەی حوكمڕانیی عێراقدا دێتەوە كە ئێستا بەدەست لایەنەكانی "چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە"وەیە. ئەم بەرەیەش لە سێ جەمسەر پێكدێت كە شوێنكەوتەو هاوپەیمان و دۆستە نزیكەكانی ئێرانن. ئەگەر ئێرانیش ئەمە بكات، لە بەرژەوەندیی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراقیشە كە بە دوای قۆناغێكی ئارام و پردێكی پەڕینەوەی هێوردا دەگەڕێت تا دەگاتە هەڵبژاردنی گشتیی ئۆكتۆبەری 2025. دەشێت هەر ئەم فاكتەرەیش بێت هانی "سودانی"ی دابێت كە نێوانگیری بكات. لەم بارەیشەوە سەرۆكی هەرێم لە تاران، نەیشاردەوە كە سەرۆک وەزیرانی عێراق، یارمەتیدەری ڕێكخستنی سەردانەكە بووە. جەختی لەوەش كردەوە "چەندان کۆبوونەوەی نهێنی"یان هەبووە تا دیدارەكانی تاران سەری گرتووە.[12]
بەپێی ئەو لێدوانە فەرمییانەشی لە دەستەی ڕاوێژكارانی سودانییەوە بڵاو كراونەتەوە، بەغدا هانی هەموو بەرەوپێشچوونێك دەدات لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەت ئێران؛ هەروەها "حكومەتی فیدراڵ بەئەرێنی تەماشای سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم دەكات".[13] ئەم هەڵوێستە ئەرێنییەیش لەسەر سەردانەكە زیاتر لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە گرژییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بارگرانی و شەرمەزاری (ئیحراجبوون) بۆ سەرۆك وەزیران و سیاسەتی كابینەكەی دروستدەكات و لە كرانەوە بەڕووی هەولێردا دەستی دەبەستێت. ئەو كاتانەشی ئێران هەولێری بەئامانج گرتووە، بنكە سیاسییەكەی حكومەتی سودانی كە "چوارچێوەی شیعی"یە، ڕێگەی نەداوە زۆر بەرەنگاری تاران ببێتەوە. لە لاكەی ترو لەبەرامبەردا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پێداویستییەكانی سەروەری و ڕایگشتیی عێراقییش چاوەڕێی ئەوەیان لێكردووە هەڵوێست و پەرچەكرداری هەبێت لەسەر ئەو هێرشانەی، هەولێر وەك بەشێك لە عێراق دەكاتە ئامانج.
لە دەرەوەی عێراقی فەرمی و لەسەر ئاستی گروپە وابەستەكانی ئێرانیش، كۆتا بەیاننامەی وتەبێژی سەربازیی كەتیبەكانی حزبوڵڵا (7ی ئایار)، كە سەرۆك ئەركان و سێ لیوایان لەنێو حەشدی شەعبیدا هەیە (45، 46، 47)، هێرش دەكاتە سەر ئیمارات و ڕێگەی گەشەپێدانی توركیا، بەڵام هیچ ئاماژەیەك بە هەرێمی كوردستان ناكات؛ لە كاتێكدا لە بەیاننامەكانی پێشوودا (15ی ئادار) جەختی لەوە كردبووەوە "هەولێر لانكەی سیخوڕییەو بنكەی پلانگێڕیی زایۆنییە".[14] دەشێت ئەم خۆبواردنەی "حزبوڵڵا"ش لە هەولێر، یەكێك بێت لە دەرەنجامەكانی كرانەوەی هەولێر بەڕووی تاراندا، چونكە لە ئەزمونەكانی پێشوودا دەركەوتووە چارەسەری قەیرانەكان لە عێراقی ئێستادا بە گەڕانەوە بۆ تاران دەبێت؛ بەتایبەت كە هەندێك لە باڵە كاریگەرە حوكمڕانەكانی بەغدا پەیوەست و شوێنكەوتەی بڕیاری تارانن.[15]

هاندەرەكانی تاران بۆ كرانەوە بەڕووی هەولێردا
میدیای فەرمیی ئیرانی و لێدوانە سیاسییە شیعییەكان، وەها وێنای سەردانەكەیان كردووە كە پەنابردنی هەرێمە بۆ تاران و هەوڵی دڵنیاكردنەوەیەتی، بەڵام بەپێی پێدراوە بەردەستەكان نزیكبوونەوەو هەڵدانەوەی پەڕەیەكی نوێی بەرژوەندییەكی هاوبەشە لەنێوان هەردوولا، چونكە جگە لە ئاسایش و دۆسیەی هێزە بەرهەڵستكارەكانی ئێران لە هەرێمی كوردستان، ئێران نیگەرانییەكی تری گەورەی هەیە كە پەیوەستە بە ڕێگەی بازرگانیی "گەشەپێدان"ەوە لەنێوان بەسرەو توركیا كە تێچووەكەی 17 ملیار دۆلارەو بڕیار وایە وڵاتانی كەنداو (سعودیه‌، ئیمارات، قەتەر، كوێت) وەبەرهێنانی تێدا بكەن.[16] ئێرانییەكان پێیانوایە ئەم ڕاڕەوە بازرگانییە كە بڕیارە ساڵی 2050 كۆتایی بە قۆناغی سێیەمی بێت، دەشێت ببێتە ڕكابەری ئێران لە نەخشەی جیۆسیاسیی ناوچەكەدا، چونكە ئەم پرۆژەیە وا دەكات عێراق پشت بكاتە ئێران وەك سەرچاوەیەكی سەرەكیی بازرگانی و لەبەرامبەردا ڕووی خۆی بگوازێتەوە بەرەو هێڵی كەنداو- بەسرە- توركیا. ئەمەش بە مانای لەدەستدانی بازاڕێكی گرنگ دێت بۆ ئێران.[17]
ئێران و كوردستان لەوەدا هاوبەشن كە بێبەش كراون لە نەخشەو پلانە تێورییەكانی "ڕێگەی گەشەپێدان"، ئەمەش هەم دەرفەتێك بۆ نزیكبوونەوە دەڕەخسێنێت و هەم لێكەوتەكانیشی بۆ هەردوولا جێگەی نیگەرانین ئەگەر سەر بگرێت. هەرچەندە ئێرانییەكان تائێستا دان بە خۆیاندا دەگرن و زۆر بەئاشكرا دژی "ڕێگەی گەشەپێدان" لێدوان نادەن، بەڵام "كەتیبەكانی حزبوڵڵا" كە پەیوەستن بە سوپای پاسدارانەوە، لەدوا ڕاگەیەنراوی خۆیاندا جەخت لەوە دەكەنەوە "ڕێگەی گەشەپێدان هێشتا سەرچاوەی دڵەڕاوكێیە"؛ داوای ئەوەش دەكەن گەرەنتیی بنجبڕو یەكلاكەرەوەی ستراتیژییان پێبدرێت بەر لە دەستكردن بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە[18]، كە عێراق دەكاتە كەناڵێكی وشك بۆ بەستنەوەی كەنداو بە توركیا.
جگە لە هۆكارە ئابورییەكەی، دەشێت پشتیوانیی ئه‌مریكا بۆ "ڕێگەی گەشەپێدان" كه‌ هۆكارێكە بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ژمونی ئێران له‌ عێراق و یارمه‌تیی سەربەخۆبوونی ئابوریی عێراق دەدات، بەشێك بێت لە هۆكارەكانی دڕدۆنگی و نیگەرانییەكانی تاران. لە ڕوانگەی ئێرانییەكانیشەوە "ڕێگەی گەشەپێدان"، هۆكارێكە بۆ به‌هێزبوونی په‌یوه‌ندیی ئابوری و سیاسیی عێراق و توركیا. هه‌ر جۆره‌ زیادبوونێكی هه‌ژموونی ئەنقەرەش‌ له‌ عێراقدا، به ‌واتای كه‌مبوونه‌وه‌ی هه‌ژموونی ئێرانە؛ ئەمە جگە لەوەی ترانزێتی "ڕێگەی گه‌شەپێدان‌" ده‌توانێت هۆكاری لادانی بازرگانی و گواستنه‌وه‌ بێت له‌سه‌ر ئه‌و ڕێگەیانه‌ی كە بە ئێراندا گوزەر دەكەن.[19]
ئەوەشی نیگەرانیی ئێران لە پەلكێشانی توركیا لە عێراق زیاتر دەسەلمێنێت ئەوەیە، پاش واژۆكردنی 26 لێكگەیشتن و ڕێككەوتننامە لەنێوان بەغداو ئەنقەرەو سەردانی ئەردۆغان بۆ بەغداو هەولێر، ئێرانییەكانیش 23 بەڵگەنامەو تەوەرەی دانوستانیان دیاریكردووە وەك دەرفەتی هاریكاریی ئابوری لەنێوان تاران و بەغدا، بۆ ئەوەی هاوشێوەی توركیا لەگەڵ عێراق، بیكەن بە لێكگەیشتن و ڕێككەوتننامە.[20] هەندێك لەو دۆسیەو بوارانەیش پەیوەندیی بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە، بەو پێیەی چوار خاڵی سەرەكیی ئاڵوگۆڕو بازرگانییەكی فراوانی لەگەڵ ئێراندا هەیە لەچوارچێوەی پەیوەندییە بەرفراوانەكانی نێوان عێراق و ئێران.
بەپێی ڕاپۆرتە ئێرانییەكان، تاران چاوی لەسەر ئەوەیە كەڵك لە هەرزانیی گواستنەوە و شمەكی بازرگانی لە نێوان ئێران و هەرێم وەرگرێت بەراورد بە تێچووی زۆری ئاڵوگۆڕی بازرگانیی عێراق لەگەڵ توركیا، هەروەها دەسەڵاتدارانی ئێران تا ڕاددەیەك كێشەیان هەیە بەدەست بەربەستە هونەرییەكان و خراپیی ژێرخانی مەرزەكانی ئێران لەگەڵ ناوەڕاست و باشوری عێراق؛ پێشیان وایە هەرێم باشترو خێراتر دەتوانێت كێشە هونەرییەكانی هاتوچۆی بازرگانی چارەسەر بكات بەراورد بە پارێزگا عێراقییەكان.[21]

قۆناغی نوێی پەیوەندییەكانی هەرێم و تاران
سەرۆكی هەرێم پێیوایە لە پاش سەردانەكەی تاران لاپەڕەیەكی نوێ لە پەیوەندییەكانی هەردوولا هەڵدراوەتەوەو دەرگە لەسەر قۆناغێكی نوێ خراوەتە سەرپشت.[22] بە لای ناوەندە ئێرانییەكانیشەوە ئەوە گرنگە كە هەرێمی كوردستان بەفەرمی دڵنیاییی ئەوەی داوەتە ئێرانییەكان كە خاكەكەی نابێتە سەرچاوەی هیچ هەڕەشەیەكی ئەمنی و، نابێتە هۆكاری تێكدانێكی ڕەوش و بارودۆخی ئێران.[23] هەروەها ئێرانییەكان ئەوەیشیان بەلاوە مەبەستە، هەرێمی كوردستان لە پەنا پشتبەستنی زۆر بە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ بەغدا، تارانیش بكەن بە هاوبەش لە نەخشەڕێی چارەسەرو، جارێكی تر بگەڕێنەوە بۆ هەماهەنگی لەگەڵ ئێران لەسەر شێوازی ساڵانی پاش ڕاپەڕینی 1991و پاش ڕوخاندنی ڕژێمی سەددام لە 2003 كە ئەم سیستەمە سیاسییەی ئێستای عێراقی لێ بەرهەم هات.[24]

دوو لێكەوتەی كرانەوەی گرێی پەیوەندییەكان
بەپێی ئاماژەنما بەردەستەكان ئەم كرانەوەیە نوێیەی هەولێرو تاران، لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە دوو جۆر لێكەوتەی دەبێت كە دەشێت بەم جۆرە بخرێنەڕوو:
-    لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێم كرانەوەی هەولێر بەڕووی تاراندا جارێكی تر "پارتی دیموكراتی كوردستان"و هێزە شیعە بنەڕەتییەكانی عێراق دەخاتەوە سەر هێڵی گفتوگۆو پەیوەندیی گەرموگوڕ. لەم نێوەندەیشدا زانیارییەك هەیە كە جگە لە سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق، نوری مالیكی، سەرۆكی "دەوڵەتی یاسا"ش ڕۆڵی دیوە لە ئاسانكاریكردن بۆ كرانەوەی پارتی بەڕووی تاران و سەردانی بەرپرسێكی ئەو حزبە بۆ ئێران.[25]

دەرەنجامی "ئاشتەواییەكە"، جگە لە دەستكەوتی سیاسی و حزبیی تایبەت لە دۆسیەكانی هەڵبژاردن و گوشارەكانی دادگەی فیدراڵی بۆ پارتی، دەكرێت لێكەوتەی ئەرێنیی گشتیشی هەبێت لەسەر پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا، لەبەر ئەوەی سەرۆكایەتیی حكومەت و سەرۆكایەتیی هەرێم و دۆسیەی نەوت و بنەجێكردنی موچە، بەشی زۆری لە هەولێرن. هەرەها چاوەڕێی ئەوەش لە باشبوونی پەیوەندییەكان دەكرێت تارمایی هێرشی موشەكی و درۆنیی ئێرانی و عێراق لە ئاسمانی هەرێم دووربخاتەوە، لانی كەم لە مەودای نزیك و ناوەڕاستدا.
-    لەسەر ئاستی هەرێمایەتی، "ئاشتەوایی هەرێم و تاران" گرنگییەكەی لەوەدایە، لە دوو ساڵی دواییدا یەكێك لە ئاڕاستە سەرەكییەكانی چارەسەركردنی گرژیی ناوچەكە، گەڕانەوەیە بەرەو ڕۆژهەڵات لە بری پشتبەستی تەواوەتی بە ئەمریكاو ڕۆژئاوا. ئەم سیاسەتەش كە لە ئاداری 2023دا بە ڕێككەوتننامەی تاران و ڕیاز بە نێوانگیریی چین گەیشتە لوتكە، سەرباری ئاڵنگاری و لێكەوتە گەرم و سەختەكانی جەنگی غەززەو هێرشی 7ی ئۆكتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، هێشتا هەر خۆڕاگرە. ئەمەش ڕێخۆشكەرە بۆ گەڵاڵەبوونی باوەڕێك، كە "مەرج نییە واشنتۆن تاكە سەرچاوەی چارەسەری كێشەكانی ناوچەكە بێت"؛ بەتایبەت كە ئەمریكا لەم ساڵانەی دواییدا پاشەكشەی لە زۆر دۆسیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردووە بە مەبەستی خۆتەرخانكردن بۆ پرسی گرنگتر لە ئۆكرانیاو ڕۆژهەڵاتی ئاسیا. سەرباری ئەمەش ئەم ئۆقرەیییەی ئێستای نێوان سعودیه‌و ئیمارات لەگەڵ ئێران، دەشێت تێكبچێت، چونكە ئاشتەواییەكی چاوەڕوانكراوی ئیسرائیل و سعودیه‌و ئیمارات بە نێوانگیریی ئیدارەی بایدن لەئارادایە.[26] لە حاڵەتی سەرگرتنی ئەم سیناریۆ ڕێتێچووەیشدا، هەرێمی كوردستان هەر پێویستیی بە گەرەنتی و دڵنیایی هەیە كە بە ئاگری ئەو جەمسەرگیرییە توندە چاوەڕوانكراوە نەسوتێت كە كێشمەكێشی زلهێزو گەورەكانەو، باشترین دڵنیاییش هەبوونی پەیوەندی و لێكگەیشتنە لەنێوان هەردوو جەمسەرە سەرەكییەكەی ناوچەكە، كە تاران و واشنتۆن- تەلئەبیبە.

  

[1].  https://bit.ly/4byAwlo

[2].  https://bit.ly/4auxRZn

[3].  https://bit.ly/3UymPMI

[4] . https://bit.ly/4bbAoIK

[5].  https://bit.ly/4dAU0Ic

[6].  https://bit.ly/3wtFNvK

[7].  https://bit.ly/3USlbqi

[8].  https://bit.ly/3JYcJzL

[9].  https://bit.ly/3JWjguC

[10].  https://bit.ly/3UCN1Wg

[11].  https://bit.ly/4bdgQUq

[12].  https://bit.ly/44zsTc8

[13].  https://bit.ly/3WSVsQj

[14].  https://bit.ly/4ag2OQT

[15].  https://bit.ly/3wk7yHf

[16].  https://bit.ly/3JXQz0k

[17].  https://bit.ly/3Wz1CEM

[18].  https://bit.ly/3ydoQGF

[19].  https://bit.ly/3KgepF3

[20].  https://bit.ly/3yfCHw5

[21].  https://bit.ly/3wu9sVC

[22].  https://bit.ly/44zsTc8

[23].  https://bit.ly/3V4nZB7 ؛
https://bit.ly/3JX83tM

[24].  https://bit.ly/3QGsaQV

[25].  https://bit.ly/3Wxz7av

[26].  https://bit.ly/4b8Zhow

سه‌رچاوه‌ی بابه‌ت: خانه‌ی هزریی كوردستان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand