سبەینێ حكومەت كۆنابێتەوە

Draw Media

2023-05-02 13:55:17



(درەو): 
بڕیاربوو سبەینێ نوێنەرێكی یەكێتیی بچێتە ناو كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران‌و وەرەقەی یەكێتیی بخاتەڕوو، بەڵام ئەم هەوڵە شكستی هێنا، ئەنجومەنی وەزیرانیش سبەینێ كۆبونەوەی ئاسایی خۆی ناكات. 
سبەینێ چوارشەممەیە، وادەی كۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانە، بەڵام ئەنجومەنی وەزیران كۆنابێتەوە. 
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، وەزیرەكان نامەیەكیان بۆ چووە، تێیدا ئاگاداركراون لەوەی سبەینێ ئەنجومەنی وەزیران كۆنابێتەوە، بەڵام هۆكاری ئەوەی بۆچی كۆبونەوە ناكرێت، لەنامەكەدا روون نەكراوەتەوە. 
بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، دوای ئەوەی رۆژی 17ی نیسانی رابردوو وەفدێكی حكومەت سەردانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی كردووە‌و داوای لێكردووە بگەڕێتەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت‌و لەوێ كێشەكانی بخاتەڕوو، قوباد تاڵەبانی وەرەقەیەكی ئامادەكردووەو بەنیاز بوو لەرێگەی نوێنەرێكی تیمی یەكێتیی وەرەقەكە بنێرێتە ناو كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ خستنەڕووی كێشەكان بەدیاریكراویش كێشەی دارایی سلێمانی.
بەڵام راگەیاندنی پڕكردنەوەی شوێنی وەزیرەكانی یەكێتیی لەناو حكومەت بە ژمارەیەك كاندیدی لاهور شێخ جەنگیی لەلایەن میدیاكانی پارتیی، ئەم هەواڵەی شكستی پێهێنا. 
(درەو) زانیویەتی، ئەگەر هەواڵەكە شكستی نەهێنایە، بڕیاربووە لە كۆبونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیراندا، نوێنەری یەكێتیی وەرەقەی دارایی یەكێتیی بخاتەڕوو.
یەكێتیی هاوكات لە بەغدادەوە هەوڵێكی دەستپێكردووە بۆ  جیاكردنەوەی دارایی سلێمانی لەناو بودجەی گشتیی عێراق، ئەمەشی وەكو بژاردەیەك داناوە بۆ ئەگەری رێكنەكەوتنی لەگەڵ پارتی لەسەر پرسە داراییەكان، وەفدی یەكێتیی لە بەغداد (رەفعەت عەبدوڵا) بڕیاردەری یەكێتیی سەرۆكایەتیی دەكرد‌و مالیكی‌و عامری‌و حەلبوسی بینی، بە فەرمی داوای جیاكردنەوەی دارایی سلێمانیی كرد‌و شیعەكان وەڵامی ئەرێنییان بە یەكێتیی داوە پاڵپشتی لێبكەن.  
(درەو) زانیویەتی، هاوكات لەگەڵ سەردانی وەفدەكەدا بۆ یەغداد، چەند رۆژی رابردوو دوور لە چاوی كامێراكان وەفدێكی یەكێتیی كە پێكهاتووە لە هەریەكە لە (دەرباز كۆسرەت رەسوڵ- خەسرو گوڵ محەمەد- شێخ ئەحمەدی نۆكان- بەرپرسی نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی) سەردانی تارانی كردووە بۆ تاوێكردنی پرسی دارایی سلێمانی لەناو بودجەی عێراق‌و چەند بابەتێكی ئەمنیی.  
دواخستنی كۆبونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیران لەكاتێكدایە بڕیارە سبەینێ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان رابگەیەنێت. 
لە حاڵی رەتكردنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەماندا، پەرلەمانی كوردستان توانای دەركردن یان هەمواركردنی هیچ یاسایەكی نامێنێت، ئەمە وادەكات لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بۆ سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان، بەناچاری پەنا بۆ یاسا كۆنەكە ببەن‌و بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنیش بدەنە دەست كۆمسیۆنەكەی عێراق، چونكە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی كوردستان تەمەنی یاسایی بەسەرچووە‌و پەرلەمان بەهۆی ناكۆكیی نێوان پارتی‌و یەكێتییەوە نەیتوانیوە كۆمسیۆنەكە كارابكاتەوە‌و یاسای هەڵبژاردنیش هەموار بكات. 
یەكێتیی لەرێگەی نوێنەرەكانییەوە، ئەمڕۆ لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵای یاسایی لەبارەی چەند بڕگەیەكی یاسای هەڵبژاردنەكانی كوردستان تۆماركرد، ئەم سكاڵایانە رەنگە دادگای فیدراڵی ناچار بكات، سبەینێ راگەیاندنی بڕیارەكەی لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بۆ كاتێكی تر دوابخات، چونكە ئەگەر سكاڵا لەسەر یاسای هەڵبژاردن هەبێت، هیچ دەرەچەیەك بۆ سازدانی هەڵبژاردنێكی نوێ لە كوردستان نامێنێتەوە‌و دەبێت پێشوەختە دادگای فیدراڵی دەرەچەی بۆ بدۆزێتەوە. 
سكاڵاكانی ئەمڕۆی یەكێتیی لە دادگای فیدراڵی بۆ ئەوەیە، ئەگەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان هەڵوەشایەوە، لایەنەكان ناچار نەبن بە یاسا كۆنەكە بچنە ناو هەڵبژاردنەوە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand