بەرهەمی نەوت  لە كێڵگەكانی (شێخان و تەق تەق)

Draw Media

2022-10-08 09:06:00



 شیكاری: درەو

# کێڵگەی نەوتی تەق تەق لە ساڵی (2021) بەتێکڕا ئاستی بەرهەم گەیشتووە بە (5 هەزارو 940) بەرمیل لە ڕۆژێکداو لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2022)دا بەتێکڕا ئاستەکە زیاتر دەبەزیوەوە گەیشتووە بە (4 هەزار و 850) بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا. واتە بەرهەمی کێڵگەی تەق تەق لەماوە نێوان ساڵی (2011) بۆ ساڵی (2022) بە ڕێژەی (93%) بەرهەمهێنان دابەزیوە، ئەگەر بەراوردەکە بە ساڵی (2014) بکەین ئاستی دابەزینەکە دەگاتە (95%).
# لە کێڵگەی نەوتی شێخان تێکڕای بەرهەمهێنان لە ساڵی (2013)دا بریتی بووە لە (هەزار و 361) بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، تا ساڵی (2021) تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانە گەیشتووە بە  (43 هەزار و 440) بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا. لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2022) ئاستەکە گەیشیووە بە (44 هەزار 900) بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا. بەم پێیەش ئاستی بەرهەمی کێڵگەکە لە ماوەی نێوان ساڵی (2013) بۆ ساڵی (2022) بڕی بەرهەم هێنان بە ڕێژەی (3107%) زیادی کردووە.
# کێڵگەی نەوتی تەق تەق لە زۆنی سەوز هەردوو کۆمپانیای (ئەداکس پیترۆلیۆم)ی چینی و و (گه‌نه‌ڵ ئێنێرجی) توركی کاری تێدا دەکەن.
# کێڵگەی نەوتی شێخان لە پارێزگای دهۆک کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن پترۆلیۆمی بەریتانی کاری تێدا دەکات.
# کیڵگەی نەوتی تەق تەق (30) بیر و شێخان (15) بیری نەوتی تێدایە.

کێڵگەی نەوتی تەق تەق
ناوچەی گرێبەستی کێڵگەی نەوتی تەق تەق بە (60) كم لە باكووری رۆژهەڵاتی شاری كەركوك، (85) كم باشوری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر و (120) كم لە باكووری رۆژئاوای شاری سلێمانیەوە دوورە. لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای هەولێرە بەڵام لە ژێر قەڵەمڕەوی دەسەڵاتدارانی پارێزگای سلێمانیە.
ڕووبەری گشتی ناوچەی گرێبەستی تەق تەق نزیکەی (951) کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. پشكه‌كان دابەشکراون بەسەر كۆمپانیای (ئەداکس پیترۆلیۆم)ی چینی و بەڕێژەی (36%) و (گه‌نه‌ڵ ئێنێرجی) توركی (44%) و (20%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە.‌
ئەگەرچی لەسەرەتاوە بە یەکێک کە کێڵگە گەورەو پڕ بایەخەکانی  بواری بەرهەمهێنانی نەوت لێی دەڕواندرا، ئاستێکی گەورەی بەرهەمهێنانی نەوتی هەبوو، بەڵام خێراییەکی زۆر چاوەڕاون نەکراو ئاستی بەرهەمەکەی ڕووی لە داکشان کرد.
لەم کێڵگەیەدا بۆ یەكەم جار لە ساڵی (1978)دا لەلایەن ڕژێمی عێراقی ئەوكاتەوە (3) بیرە نەوت لێدراوە و بەڵام هیچ وەبەرهێنانێکی تێدا نەکرداوە، لەداوی ڕاپەڕینەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەساڵی (1994-1996) ئەو (3) بیرە نەوتەی پێشتر هەڵکەندراوبوون  سەریان لادرایەوە و  دەستیان کرد بە بەرهەمهێنانی نەوتی خاو. تا ساڵی (2002) نەوتی خاوی کێڵگەکە گەیەندرایە پاڵاوگەی نەوتی سلێمانی و بەشێوەیەكی سەرەتایی  بەنزین و گازۆیل و نەوتی سپیان بە بڕێكی كەم لێ بەرهەم دەهێنا. لە (17/7/ 2002) وە بەڕەسمی گرێبەست واژۆكراوە لە گەڵ كۆمپانیای (گەنەڵ ئینێرجی) توركیدا كە تا ئەو كاتە 6-7 بیرە نەوت هەبوە. بەڵام لەوکات بە دواوە لە سنوری کێگەکەدا ژمارەی برەکان گەیشتووە بە نزیکەی (30) بیری هەڵکەندراو.
لەساڵی (2012) دا بە درێژایی (78) كم بۆری ئەم كێڵگەیە بەسراوەتەوە بە وێسگەی خۆرمەڵەوە  و لەوێشەوە بۆ بۆری بەندەری جیهانی توركیا بۆ هەناردەكردنی نەوت.
ئەوەی جێگەی سەرنجە لەم کێگەیەدا بەخێرایی بڕی نەوتی بەرهەمهێنراو لە کێڵگەکەدا ڕووی لە بەرزبوونەوە دەکرد و چاوەڕێی بەرزبوونەوەی زیاتریش دەکرا، بەڵام بە پێچەوانەی ئەوەی چاوەڕێ دەکرا ڕوویدا، بە جۆرێک ئاستی بەرهەمی نەوتی لە کێڵگەکەدا لە ساڵی (2012) بریتی بوو لە (75 هەزار) بەرمیلی ڕۆژانەو لە ساڵی (2014) بەرهەمەکەی گەیشتە (130 هەزار) بەرمیلی ڕۆژانەو بەرپرسانی کۆپانیاکانی وەبەرهێن لە کێڵگەکەدا ئاماژەیان بەوە دەکرد لە کە داهاتووی نزیکدا بەرهەمی ڕۆژانە دەگەیەنین بە (200 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەڵام لەو کاتد بەدواوە ئاستی بەرهەمی کێڵگەکە زۆر بەخێرایی دادەبەزێت و بەپێی دواین ئامارەکانی کۆمپانیای (گەنەڵ ئینێرجی) لە ساڵی (2021) بەتێکڕا ئاستی بەرهەم گەیشتووە بە (5 هەزارو 940) بەرمیل لە ڕۆژێکداو لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2022)دا بەتێکڕا ئاستەکە زیاتر دەبەزیوەوە گەیشتووە بە (4 هەزار و 850) بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا. بە پێیەش دەتوانین بڵێین ئاستی بەرهەمی کێڵگەی تەق تەق لەماوە نێوان ساڵی (2011) بۆ ساڵی (2022) بە ڕێژەی (93%) بەرهەمهێنان دابەزیوە، ئەگەر بەراوردەکە بە ساڵی (2014) بکەین ئاستی دابەزینەکە دەگاتە (95%). بۆ دابەزینی ئاستی بەرهەمی کێڵگەی نەوتی تەق تەق لە ماوەی سالانی (2011 - 2022) بڕوانە (چارتی ژمارە (1)).
چارتی ژمارە (1) 


کێڵگەی نەوتی شێخان
کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن پترۆلیۆمی بەریتانی وەبەرهێنان لە کێڵگەی نەوتی شێخان دەکات، کێڵگەکە دەکەوێتە سنوری پارێزگای دهۆک، قه‌زای شێخان ده‌گرێته‌وه‌ بە (60) کم لە پارێزگای هەولێرەوە دوورە، ڕووبه‌ری کێڵگەکە نزیکەی (283) کیلۆمەتر دووجایە، کۆمپانیاکە گرێبەستی هاوبەشی بەرهەمهێنانی لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیە و 80%ی پشکی کارکردنی لە چوارچێوەی گرێبەستی شێخان هەیە.
گرێبەستی هاوبەشکردنی بەرهەمهێنانی کێڵگەی شێخام لە ساڵی 2007 لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بەخشراوە، ساڵی (2009) لە یەکەم بیر لە کێڵگەدا بەناوی (SH-1) دۆزرایەوە، بۆ یەکەم جاریش تەمموزی ساڵی (2013) کێڵگەکە گەیشتە قۆناغی بەرهەمهێنان. لەو کاتەوە، زیاتر لە (100 ملیۆن) بەرمیل نەوت بەرهەم هێنراوە. بەجۆرێک کۆی گشتی تێکڕای بەرهەمهێنان لە ساڵی (2013)دا بریتی بووە لە (هەزار و 361) بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، کێڵگەکە بەردەوام لە گەشەسەندندا بووە تا ساڵی (2021) تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانە گەیشتووە بە  (43 هەزار و 440) بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا. لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2022) ئاستەکە گەیشیووە بە (44 هەزار 900) بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا. بۆ زانیاری دەربارەی گەشەی بەرهەمی نەوتی کێڵگەی شێخان لە ماوەی (2013 بۆ 2022) بڕوانە (چارتی ژمارە (2)).
چارتی ژمارە (2)

بەم پێیەش ئاستی بەرهەمی کێڵگەکە لە ماوەی نێوان ساڵی (2013) بۆ ساڵی (2022) بڕی بەرهەم هێنان بە ڕێژەی (3107%) زیادی کردووە، ئەمەش بۆ ئەو پەرەپێدان و وەبەرهێنانە دەگەڕێتەوە کە کۆمپانیاکە لە کێڵگەکەدا ئەنجامی دەدات. کێڵگەکە (14) بیری تێدایە بەرهەمەکانیان دەگوزارێنەوە بۆ دوو وێزگەی عەمبارکردنی نەوتی کێڵگەو لەوێوە بە بۆری نەوتی کوردستان دەگوزارێتەوە، بەم جۆرەی لە خشتەکەدا هاتووە؛
خشتەی
بیرە نەوتییەکانی کێڵگەی شێخان

هەروەها (بڕوانە نەخشەی ژمارە (1)) کە ژمارەی بیرو کارەکانی کۆمپانیای وەبەرهێنەر دەردەخات.
نەخشەی ژمارە (1)
کێگەی نەوتی شێخان


 

ماوەتەوە بوترێت بەپێچەوانەی کێڵگەی نەوتی شێخان بە پێچەوانەی کێڵگەی نەوتی تەق تەقەوە، بە خێراییەکی زۆر گەشەی پێدراوە (چارتی ژمارە (3)) بە ڕوونی گەشەی نەوتی شێخان و پاشەکشەی بەرهەمی تەق تەق نیشان دەدات لە ماوەی ساڵانی (2011) بۆ نیوەی یەکەمی ساڵی (2022).

چارتی ژمارە (3)


بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی هەردوو کێڵگە نەوتییەکە، بڕوانە؛
-    درەو میدیا؛ به‌رهه‌می کێڵگه‌کانی (تاوکێ، ته‌ق ته‌ق، سارتا) ڕووی له‌ دابه‌زین کردووه؛‌
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10971&fbclid=IwAR1S_C8Yp6ScP_YCINHJqJSkIBXNdiaNy6jzsL47EOOle6V2Qbf2zXp1RBI
-    سپی میدیا، نوێترین زانیاری لەسەر ئاستی بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم
https://speemedia.com/dreja.aspx?=hewal&jmare=101129&Jor=22
-    روداوو، ئاستی بەرهەمهێنانی كێڵگەی نەوتی تەق تەق بەرزدەبێتەوە
https://www.rudaw.net/sorani/business/150820143
-    نەوزادی موهەندیس، هۆکارەکانی کەمبوونەوەی نەوتی تەق تەق؛
https://www.shanpress.com/Wtardetails.aspx?jimare=671
-    Genel energy, Production, Taq Taq;
https://genelenergy.com/operations/production/taq-taq/?fbclid=IwAR1w41YY6oLDwfvgWuHsDBAaOt3XIOrDS7Bo48woodkPl3Rm91NEy154NbU
-    Iraq business news, Genel Energy expects Continued Growth;
https://www.iraq-businessnews.com/2021/01/20/genel-energy-expects-continued-growth/
-    Taq Taq throws a spotlight on KRG's future
https://www.argusmedia.com/en/news/1432338-taq-taq-throws-a-spotlight-on-krgs-future
-    Iraq business news, Genel Shares Crash on Taq Taq Reserve Downgrade;
https://www.iraq-businessnews.com/2016/02/29/genel-shares-crash-on-taq-taq-reserve-downgrade/
-    Gulf Keystone Petroleum, Operations, Track record & performance
https://www.gulfkeystone.com/operations/?fbclid=IwAR25bO4n1B57TYO9y1kF_yBVxneiX6Gw_dLZKp2Ndva7d_fDfHzbL4UWljk#production
-    OIL GAS JORNAL, Genel working to debottleneck Iraq Taq Taq oil output;
https://www.ogj.com/exploration-development/article/17257578/genel-working-to-debottleneck-iraq-taq-taq-oil-output


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand