درەو: سەید سادات وەزیری پێشووی پەیوەندییەكان لە ئەفغانستان لە ئەڵمانیا كاری گەیاندنی خواردن دەكات. سادات دەڵێت: دەمتوانی گەندەڵ بمو چەندان ملیۆن دۆلار بەدەستبێنم. لە رابردوودا وەزیر بوم و خزمەتی خەڵكە دەكرد ئێستاش كاری گەیاندن دەكەم لە كۆمپانیای لیفراندۆ و خزمەتی خەڵك دەكەم. سەید سادات دوو ساڵ وەزیری پەیوەندییەكان بووە لە حكومەتی ئەفغانستانو سێپتەمبەری 2020 لە پێناوی بەدەستهێنانی داهاتوییەكی باشتر كۆچی كردووە بۆ ئەڵمانیا. سادات دەڵێت: من شانازی بە كارەكەمەوە دەكەم دەمتوانی و دەشكرا ببم بە یەكێك لە وەزیرە گەندەڵەكانو چەندان ملیۆن دۆلار بەدەستبهێنم, دەمتوانی چەندان باڵاخانە یان هۆتیل لێرە یان لە دوبەی بكڕم و پێویستم بە كاركردن نەبێت, بەڵام خۆشحاڵم بە كارەكەمو دەرونم ئاسودەیەو هەشت بە هیچ پەشیمانییەك ناكەم. سادات بەهۆی كارەكەی ئێستایەوە رەخنەی زۆری ئاراستە دەكرێت بەڵام ئەو دەڵێت: دەبێت هەموو كەس كاربكات, تۆ خەرجی زۆرت لەسەر شانەو پێویستە كرێی خانوو بدەیت, پێویستە پارە پەیدا بكەیت بۆ ژیان لەبەرئەوە پێویستە كاربكەیت. دەشڵێت: ئەگەر لە رابردوودا وەزیر بووم مانای ئەوە نیە بێ كاربمو هیچ نەكەم, من هەموو سیاسییەكان هاندەدەم هەمان هەنگاوی من بنێنو دوای خانەنشین بونیان كاربكەن و پێویستە لەسەریان وەك هەموو خەڵك كاربكەن.
راپۆرت: درەو بافڵ تاڵەبانی لە كۆی (124) ئەندام، ئیمزای (96) ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆكردوەتەوە بۆ ناردنە دەرەوەی لاهور شێخ جەنگی، ئێستا ناكۆكییەكە لەسەر ئەوەیە بڕیارەكان تەنیا بە كۆكردنەوەی ئیمزا جێبەجێ دەكرێن یان سازدانی كۆبونەوەی سەركردایەتی، لاهور شێخ جەنگی داوای بژاردەی دووەمیان دەكات و دەڵێت "من شەرعیەتم لە سەركردایەتی وەرگرتووە". شەڕی ئیمزا دوای نزیكەی (50) رۆژ لە تەقینەوەی كێشەكانی نێوانیان، دواجار هاوسەرۆكەكانی یەكێتی بۆ یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكانیان بگەڕێنەوە بۆ سەركردایەتی حزبەكەیان. دوێنێ بافڵ تاڵەبانی بە تاكو بە گروپ ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی بانگهێشتی "دەباشان" كرد بۆ ئەوەی پێشنیازێكی نوێیان لەبارەی لاهور شێخ جەنگییەوە بخاتە بەردەم. كرۆكی ئەو پێشنیازەی كە بافڵ تاڵەبانی خستویەتییە بەردەم ئەندامانی سەركردایەتی لە (5) بڕیارەوە سەرچاوەی گرتووە كە رۆژی 24ی ئەم مانگە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەبارەی چارەنوسی لاهور شێخ جەنگییەوە دەریكردووەو پۆختەكەی ئەوەیە لاهور شێخ جەنگی تاوەكو دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق كە رۆژی 10ی ئۆكتۆبەر بەڕێوەدەچێت، سەفەری دەرەوەی وڵات بكات. سەرچاوەیەكی نزیك لە ماڵی مام جەلال بە (درەو)ی راگەیاند، رۆژی 24ی مانگ كە وەفدی مەكتەبی سیاسی یەكێتی سەردانیان كردووە، لاهور شێخ جەنگی پێی وتوون" من وەكو هاوسەرۆك شەرعیەتم لە سەركردایەتی یەكێتی وەرگرتووە، بڕۆن ئیمزای 63 ئەندامی سەركردایەتیم بۆ بهێنن واتە 50+1ی كۆی ئەندامانی سەركردایەتی، هەر بڕیارێك دەریدەكەن، جێبەجێی دەكەم". بەپێی قسەی سەرچاوەكە، لاهور شێخ جەنگی هەمان پێشنیازی بۆ نێوەندگیرە ئێرانییەكان كردووەو لەسەر ئەم بنەمایە بووە كە بافڵ تاڵەبانی دەستی بە كۆكردنەوەی ئیمزای ئەندامانی سەركردایەتی كردووە. بەڵام لەبەرامبەردا لاهور شێخ جەنگی دوێنێ راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو رەتیدەكاتەوە داوای ئیمزای كردبێتو دەڵێ" داوای كۆبونەوەی رەسمی ئەنجومەنی سەركردایەتیم كردووە". سەرچاوە نزیكەكان لە ماڵی مام جەلال دەڵێن "تائێستا بافڵ تاڵەبانی 94 ئیمزای پشتیوانی ئەندامانی سەركردایەتی بۆ پاڵپشتی لە بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسی كۆكردوەتەوەو ژمارەی ئیمزاكان لە 100 ئیمزا نزیك دەبێتەوە". ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی (124) كەسە، بەر لە تەقینەوەی ناكۆكییەكانیان بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی پێكەوە نزیكەی (96) ئەندامیان هەبوو، بەڵام زۆرینەی سەركردایەتیی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی بوون. هەندێك لە لایەنگرانی لاهور شێخ جەنگی لە سەركردایەتی دوێنێ چوونە دەباشانو ئیمزایان لەسەر پێشنیازەكەی بافڵ تاڵەبانی كرد، بەڵام دواتر كە لە دەباشان گەڕانەوە راگەەیەندراویان بڵاوكردەوەو رایانگەیاند "پەشیمانن لە ئیمزاكانیان، چونكە بە ڕوونی لە ناوەڕۆكی پێشنیازەكەی بافڵ تاڵەبانی تێنەگەیشتوون كە بۆ كردنەوەی لاهور شێخ جەنگییە لە كوردستان". كەسە نزیكەكانی لاهور شێخ جەنگی باس لەوە دەكەن، نزیكەی (40) ئەندامی سەركردایەتی لەگەڵ پێشنیازەكەی بافڵ تاڵەبانیدا نینو ئیمزایان لەسەر نەكردووە. ئیمزا یان كۆبونەوە ؟ ئێستا كە هەردوو هاوسەرۆك حساباتی خۆیان بردووەتە سەركردایەتیو كار لەسەر ژمارەو دەنگ دەكەن، ئایا سەركردایەتی كۆدەبێتەوەو بڕیار دەدات ؟ یاخود ئیمزاكان بەبێ كۆبونەوە راستەوخۆ دەبن بە بڕیار. ئێستا تۆپ لە گۆڕەپانی بافڵ تاڵەبانیدایە، ئایا راستەوخۆ ئیمزاكانی سەركردایەتی بە بڕیار لەسەر لاهور شێخ جەنگی ئەژمار دەكات یاخود دوای كۆكردنەوەی ئیمزاكانیش كۆبونەوەی سەركردایەتی رێكدەخاتو بڕیارەكان جێبەجێ دەكات؟ بەتایبەتیش كە ئێستا بافڵ تاڵەبانی لەرێگەی ئیمزاكانەوە بۆی روون بوەتەوە كە دەتوانێت كۆبونەوەی سەركردایەتی رێكبخات. چارەنوسی ئیمزاكانی سەركردایەتی یەكێتی، كە چارەنوسی لاهور شێخ جەنگی پێوە بەستراوەتەوە لە چەند كاتژمێری داهاتوودا یەكلا دەبێتەوە، ئەگەر لاهور شێخ جەنگی لەچوارچێوەی دەستپێشخەرییو نێوەندگیری نوێدا بژاردەیەكی نوێ دیاری نەكات یاخود بە بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسی قایل نەبێت، رەنگە لەرێگەی سەركردایەتییەوە بژاردەی قورستری بەسەردا بسەپێندرێت. بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسی چین ؟ رۆژی 24ی ئەم مانگە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی كۆبووەوە، ئەم كۆبونەوەیە بۆ ناردنی پەیامێكی نوێ بوو بۆ لاهور شێخ جەنگی. بەپێی قسەی كەسە نزیكەكان لە لاهور شێخ جەنگی لەم كۆبونەوەیەدا لەكۆی (17) ئەندامی مەكتەبی سیاسی (8) كەسیان ئامادەبوونو بەوتەی ئەوان ئەم رێژەیە ناكاتە (50+1)ی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی بە هاوسەرۆكەكانەوە. ئەوانەی بەشداربوون لە كۆبونەوەكە ئەمانە بوون: • بافڵ تاڵەبانی (هاوسەرۆك) • رەفعەت عەبدوڵا • شاناز ئیبراهیم ئەحمەد • شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ (شاڵاو ئەندامی مەكتەبی سیاسی نییە، لەبری دەربازی برای بەشداری كردووە) • فەهمی بورهانو ستران عەبدوڵا (ئەمانە ئەندامی سەركردایەتین، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەرپرسی مەكتەبن، بەشداربوون لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسیدا). • سەعدی ئەحمەد پیرە (لەرێگەی سكایپەوە بەشداربووە) • حامید حاجی غالی ئەوانەی بەشدارنەبوون لە كۆبونەوەكەدا ئەمانە بوون: • لاهور شێخ جەنگی (هاوسەرۆك) • بورهان سەعید سۆفی • رزگار عەلی • رزگار حاجی حەمە • دكتۆر میران میراودەلی (فەرمانی دەستگیركردنی هەیە) • قادر عەزیز • ئاسۆ مامەند • سۆران جەمال تاهیر • ئەمین بابەشێخ بڕیاری كۆبونەوەكە ئەوانەی بەشداربوون لەم كۆبونەوەیەدا، چەند بڕیارێكیان لەبارەی لاهور شێخ جەنگی دەركرد كە ئەمانەن: • لاهور شێخ جەنگی لەماوەی (سێ) رۆژدا (دوای دەرچوونی بڕیارەكە) سەفەری دەرەوەی وڵات بكاتو تاوەكو دوو هەفتە دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە دەرەوەی وڵات بمێنێتەوە. • لاهور شێخ جەنگی هێزە نافەرمییەكانی بڵاوە پێ بكات، دواتر هێزە فەرمییەكان لە دەوروبەری ماڵەكەی دەكشێندرێتەوە. • بافڵ تاڵەبانی هێزە فەرمییەكان رادەسپێرێت سەلامەتی لاهور شێخ جەنگی بپارێزن تا ئەوكاتەی سەفەرەكەی دەكات. • كۆی هێرشی میدیا سێبەرو ئاشكراكان رابگیرێت. • لاهور شێخ جەنگی پشتیوانی خۆی سەرخستنی هاوپەیمانی كوردستان (هاوپەیمانی یەكێتیو گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق)و پرۆسەی حزبی لەناو یەكێتیدا رابگەیەنێت. بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسی گۆڕانكاری لە كێشەی نێوان هاوسەرۆكەكان دروستكرد، بەپێی ئەم بڕیارانە تۆمەتەكان لەسەر لاهور شێخ جەنگی هەڵگیراونو دوای چونەدەرەوەی لە كوردستان دەرفەتی گەڕانەوەی پێدراوە، سەرباری ئەمە وەكو بەرپرسێكی یەكێتی داوای لێكراوە پاڵپشتی لە هاوپەیمانی كوردستان بكات بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق. گفتوگۆ لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی دوای دەركردنی ئەم بڕیاریارانە، وەفدێكی مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی یەكێتی كە پێكهاتبوون لە (شاڵاو عەلی عەسكەریی، شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ، فەرید ئەسەسەرد) سەردانی لاهور شێخ جەنگییان كرد لە گردی سەرچنارو ئەم بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسییان پێگەیاند. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەم كۆبونەوەیەدا لەبارەی بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسییەوە، لاهور شێخ جەنگی وتویەتی:" من شەرعیەتم لە مەكتەبی سیاسی وەرنەگرتووە تاوەكو مەكتەبی سیاسی بڕیارم بۆ دەربكات، دەبێت ئەم بڕیارانە لە سەركردایەتییەوە دەربچن". چارەنوسی بڕیارەكان تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە، هیچ یەكێك لە بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی جێبەجێ نەكراون، لاهور شێخ جەنگی هێشتا لە "گردی سەرچنار"ە لە سلێمانی، هێزە چەكدارەكانی هەردوولا بەرامبەر بەیەكترو لە شوێنی خۆیانن، میدیاو سۆسیال میدیای فەرمیو سێبەری هەردوولا بەردەوامن لە كەمپەین دژی یەكتر، لاهور شێخ جەنگی هیچ پشتیوانییەكی بۆ هاوپەیمانی كوردستان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا رانەگەیاندووە.
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) بەشی دووەم گەر فەلسەفەی سیاسیی مارکسییزم ململانێی سەرەکیی لە کۆمەڵگای سەرمایەدارییدا بە ململانێی نێوان کار و سەرمایە دابنێت و تیۆرییەکەی ئیبن خەلدونیش ململانێی سەرەکیی لە کۆمەڵگای عەرەبیی ئیسلامییدا بە ململانێی نێوان بەداوەت و شارستانییەت دابنێت، ئەوا بە بۆچوونی من لە کۆمەڵگای کوردستاندا ململانێی سەرەکیی نە لە نێوان پرۆلیتار و سەرمایەداردایە و نە لەنێوان کۆچبەر و خەڵکی شاردایە، بەڵکو لەنێوان گروپە ستراتژییەکانی شار و گونددایە. ئەم گروپانە کاتێک دەبن بە گروپی ستراتیژیی و کردەی ستراتیژییان دەبێت کە لەدەوری کاریزمایەکدا کۆببنەوە و خۆیان لەناو ڕێکخراوێکی سیاسییدا رێکبخەن و پرۆگرامی سیاسیی تایبەت بە خۆیان بەرهەمبهێنن. ململانێی نێوان جەلالیی و مەلاییەکان و پاشان ململانێی نێوان کۆمەڵە و قیادە موەقەتە و لەدوای ڕاپەڕینیشەوە جارێکی تر ململانێی نێوان یەکێتیی و پارتی و یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان، لە هەموو قۆناغەکاندا، چ لە شاخ و چ لە شار، یان بە شەڕی ناوخۆیی، یاخود بە نائارامیی و توندوتیژیی و سزادان کۆتایی هاتووە. ئەم پێکدادان و ململانێ توندوتیژ و جەنگە ناوخۆییانەی نێوان گروپە ستراتیژییەکان کۆمەڵگای کوردییان دابەشکردووە، چ لە شاخ و چ لە شار بە فۆرم و قوڵایی جیاواز، گاریگەریی گەورەیان لەسەر گەشەی کۆمەڵگای کوردییدا جێهێشتووە. ململانێی ناو کۆمەڵگای کوردیی تەنها لەنێوان ڕێکخراوەکانی ئەم دوو گروپەدا نییە، بەڵکو لەناو خودی ئەو گروپە شاریی و خێڵانەشە کە لەسەر دەسەڵاتی ڕەمزیی و پرسی سیاسیی و فیکریی و بەرژەوەندیی ئابووری و کێشەی شەخسیی، ململانێی توندیان هەبووە و هەیە. ئەم ململانێیەی نێوان ئەو دوو گروپە ستراتیژییە سەرەکییەی ناو کۆمەڵگای کوردیی تەنها رەهەندی سیاسیی نییە، بەڵکو دوو رەهەندی سەرەکیی تری هەیە. یەکەمیان رەهەندێکی کۆمەڵایەتیی ناوچەیی و دووهەمیشیان رەهەندێکی مەزهەبیی. ڕەهەندە ناوچەییەکە بریتییە لە خەستبوونەوەی دەسەڵات لەناو پارتیدا لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە لەدەوری بنەماڵەی بارزانییەکان و لەڕووی جوگرافیشەوە لە ناوچەی بادینان. رەهەندی دووهەمیشیان بریتییە لەو پاشخانە مەزهەبییەی کە وەکو خۆڵەمێش لە نائاگایی سەرکردەکان و موریدەکانیان ماوەتەوە، ئەویش ململانێی نێوان تەریقەتی قادریی و نەقشبەندییە. بەبۆچوونی من ئەم ڕەهەندە مەزهەبییە دوای دروستبوونی گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردیی و سەرهەڵدانی گوتاری چەپگەرایی لەلایەن گروپە ستراتیژییەکانی شارەوە کاڵدەبنەوە و کاریگەرییان لەسەر وشیاریی تاک و گروپەکان لاواز دەبێت. بەم چەشنە لەو چرکەساتەوەی ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزم و مارکسیزم دێنە ناو ململانێی گروپەکانەوە، ناکۆکییەکانی ناو کۆمەڵگای کوردیی ڕەهەندە مەزهەبییەکەی خۆیان لەدەستدەدەن و دەبن بە ململانێی نێوان هێزێکی کۆنزەرڤاتیڤی کوردیی کە خێزان و بنەماڵە و لۆکالیزم چەقەکەیەتی لەلایەک و هێزێکی چەپگەرا کە گروپە شارییەکان چەقە کۆمەڵایەتییەکەی پێکدەهێنن. خەسڵەتێکی تر لە خەسڵەتەکانی ململانێی نێوان گروپەکان بریتییە لەوەی کە گروپی یەکەم هەمیشە ئەو گروپەیە کە گرنگیی و کردەی ستراتیژیی خۆی لەدەستنادات. پارتی دیموکراتی کوردستان گەرچی لەلایەن گروپە ستراتیژییەکانی شارەوە دروستدەکرێت، بەڵام دوای گۆڕینی بۆ حیزبێکی بنەماڵەیی کۆنزێرڤاتیڤ وەک گروپێکی تۆکمەی یەکانگیر دەمێنێتەوە و بەئاسانی دابەشبوونی تێدا دروستنابێت و دەتوانێت قەیرانەکانی تێپەڕێنێت. بەپێجەوانەوە هەموو گروپە شارییەکان لە پرۆسەی دابەشبوون و لێکترازان و یەکگرتنەوەی بەردەوامدان. پاش ڕوخانی دەوڵەتی بەعس و دامەزراندنی دەسەڵاتدارێتی کوردیی، چەندین رێکخراوی سیاسیی لە کۆمەڵگای کوردییدا لەدایکدەبن و چەندین حیزب و کۆمەڵە و جوڵانەوە و بزوتنەوەی سیاسیی دروستدەبن و چەندینی تریش تێکەڵ بەیەکتر دەبن و هەندێکیشیان دابەشدەبن و بڕێکیشیان خۆیان هەڵدەوەشێننەوە و لەناو حیزبێکی تردا ئامێزاندەبن، لە وێنەی کۆمەڵەی ڕەنجدەران و ئاڵای شۆڕش، شوراکان، پارتی گەل و پاسۆک و سۆسیالیست، حیزبی زەحمەتکێشان و هتد. سەردەمی زێڕینی دەسەڵاتدارێتی کوردیی زۆر ناخایەنێت، ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی کە هەریەکەیان پێشوەختە بە قووتدانی گروپ و رێکخراوە بچووکەکان کاریان لەسەر قەبەکردنی جەستەی سیاسیی و پێگەی جەماوەریی خۆیان دەکرد، بە شەری ناوخۆ کۆتاییدێت. جیابوونەوە یان کڕینی هەموو کەسایەتییەک یان سیاسییەک یان گروپێک لە حیزێکەوە بۆ یەکێک لە حیزبەکانی دایک دەبێت بە هەواڵێکی گرنگ و وەک سەنگەرگواستنەوە وێنادەکرێت و لەناو میدیادا پروپاگەندەی گەورەی بۆدەکرێت. بەشێوەیەکی گشتیی هەمیشە دوو پاڵنەری سەرەکیی بوونەتە هۆکاری هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ یان گرژیی و توندوتیژیی. یەکەم هەوڵی کۆنترۆڵکردنی سامانی ئابوورییەکان و داهات بەگشتی و داهاتی گومرک بەتایبەت، دووهەمیشیان هەوڵی داگیرکردنی جوگرافیای زیاتر بۆ گەورەکردنەوەی سنووری دەسەڵاتدارێتیی حیزبەکان. ئەم دوو خاڵی ململانێیە لە شاخەوەوە بۆ شار شۆڕدەبێتەوە و بەردەوامیی دەبێت. خەسڵەتێکی تری حیزبە کوردییەکان بریتییە لە کۆتایی سەردەمی جەماوەرییبوونیان. سەردەمی زێڕینی حیزبە کوردییەکان، وەک حیزبی جەماوەریی، لەدوای شەڕی ناوخۆوە کۆتایی دێت و چیدی زۆرینەی هاونیشتیمانیانی هەرێم حیزبە شۆڕشگێڕەکانی شاخ وەک نوێنەری خەون و بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەشاردا تەماشاناکەن، چونکە هەریەکەیان دەبن بە موڵکی شەخسیی کاریزمایەک و خێزانێکی سیاسیی دیاریکراو و منداڵەکانیان. ئەوەی ئەوان لە دەسەڵاتدا دەهێڵێتەوە سێ خاڵی سەرەکین. یەکەمیان ئەو سیستەمە حوکمڕانییەی دروستیانکردووە دوورە لە هەموو پرنسیپەکانی دیموکراسیی و بووە بە یەکێک لە مۆدێلەکانی سیستەمە دەسەڵاتگەرەکانی ناوچەکە. دووهەم کۆنترۆڵکردنی کایەی ئابووری و سەربازیی و پۆلیس و ئاساییش و دادگا و بەکارهێنانیان بۆ یەکلاییکردنەوەی هەموو کێشەیەکی سیاسیی یان ناڕەزایەتییەکی کۆمەڵایەتیی. سێهەم دابەشبوونیان بەسەر ئەو سیستەمە ئیقلیمییەی کە لە ناچەکەدا بەرقەرارە، واتە بوونی پارتی بە بەشێک لە ئاساییشی نەتەوەیی تورکیا و یەکێتیش لە ئاساییشی نەتەوەیی ئێران. ئەم دۆخە جیۆپۆلیتیکییە و قوڵاییە ستراتیژییەی ناوچەی سلێمانی بۆ ئێران و ناوچەی بادینان بۆ تورکیا هەیەتی، یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی پاراستن و گەرەنتیی هێشتنەوەی دەسەڵاتدارێتیی ئەم دوو حیزبە. ئەم هاوکێشەیە بە فۆرم مۆدێلی تر بۆ حیزبەکانی تریش لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکەدا ڕاستە.
شیكاری: درەو لە هەرێمی کوردستان ( ملیۆنێك و 900 هەزار) ئۆتۆمبێلی هەیەو رۆژانە پێویستیان بە (5 ملیۆن) لیتر بەنزینە،واتە ڕۆژانە شۆفێران نزیكەی (5 ملیار) دینارو ساڵانەش نزیكەی ( 2 ترلیۆنێک) دینار لە کڕینی بەنزیندا خەرج دەكەن، شوفێرانی عێراق لیتری بەنزین بە (450) دینارەو لە هەرێم بە (950) دینار، بەو پێیەش شۆفێرانی هەرێمی كوردستان ساڵانە نزیكەی (900 ملیار ) دینار زیادە خەرج دەکەن بۆ کڕینی بەنزین بەراورد بەو نرخەی لای حکومەتی ناوەندی دەفرۆشرێت. ژمارەی و جۆری ئۆتۆمبێل لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە (ملیۆنێک و 915 هەزار) ئۆتۆمبێل هەن. بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆ، سەرباری (19 هەزار) ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و ئۆتۆمبێلەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کە لە ئامارەکەدا تۆمارنەکراون، ژمارە و جۆرەکانی ئۆتۆمبێلی تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان بەمشێوەیەیە(بڕوانە خشتەی ژمارە (1)): دابەشبوونی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان بەسەر پارێزگاو شارەکانی هەرێمی کوردستان زۆرترین ژمارەی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە پارێزگای هەولێرەوەو پارێزگای سلێمانی بە پلەی دووەم و پارێزگای دهۆک بەپلەی سێیەم دێت، (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) بەشی هەرە زۆری ئەو ئۆتۆمبێلانە بە بەنزین و بەشێکی کەمیشیان بە گازوایل کار دەکەن و بەپێی وتەی (وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان/ کەمال ئەتروشی) "هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە (5 ملیۆن) لیتر بەنزینە، لەو بڕە تەنیا نزیکەی (1 ملیۆن) لیتر بەرهەمی نێوخۆییە و ئەوی دیکەی هاوردە دەکرێت". هاوکات بە وتەی (ئەحمەد محەمەد/ گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان) "بەپێی ئەو زانیارییانەی لای ئێمە هەیە، لە هەرێمی کوردستاندا رۆژانە نزیکەی (7 ملیۆن) لیتر بەنزین و گازوایل دەسووتێندرێن". کاریگەری نرخی بەنزین لەسەر خەرجی شۆفێرانی هەرێمی کوردستان لە هەرێمی کوردستان نرخی بەنزین بەردەوام ڕووی لە هەڵکشانەو حکومەتی هەرێم ناتوانێت و نایەوێت کۆنترۆڵی ئەو بەرزبوونەوەیە بکات، لە ئێستادا (24ی ئابی 2021)، لە پارێزگای سلێمانی نرخی لیترێک بەنزین بەمشێوەیەیە؛ سوپەر = 975 دینار موحەسەن = 900 دینار نۆرماڵ = 850 دینار بەڵام لە پارێزگای هەولێر نرخەکان بەرزترن بەشێوەیەک بەنزینی سۆپەر هەزار دیناری تێپەڕاندووە و بەمشێوەیەیە: سۆپەر = 1100 دینار موحەسەن = 975 دینار بەنزینی کار = 850 دینار بەپێی ئەو نرخانەی سەرەوە بێت و بەجێگیری بمێنێتەوە، بەتێکڕا نرخی لترێک بەنزین (940) دینارە، ئەگەر (5 ملیۆن) لیتر پێویستی شۆفێرانی هەرێمی کوردستان پڕبکاتەوە ئەوا؛ - ڕۆژانە/ (5 ملیۆن) لیتر x (940) دینار= (4 ملیار و 700 ملیۆن) دینار - مانگانە/ (4 ملیار و 700 ملیۆن) دینار x (30) رۆژ = (141 ملیار) دینار - ساڵانە/ (141 ملیار) دینار x (12) مانگ = (ترلیۆنێک و 962 ملیار) دینار ئەو بڕەش کە شۆفێران لە کڕینی بەنزیندا بە خەرجی دەدەن زیاترە لە کۆی موچەی دوو مانگی سەرجەم موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە بێ هیچ لێبڕینێک، کە (850 ملیار) دینارە لە مانگێکدا. ئەمە لە کاتێکدایە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی نرخی بەنزین لە سەردەمی شەڕی داعشیشدا بەزبوونەوەی بە خۆوە نەبینی تا ئێستاش بە (450) دینار جێگیر کراوە، لێرەدا ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بە هەمان ئەو نرخە بوایە کە لە حکومەتی ناوەندی جێگیر کراوە، خەرجی بەنزین چەند دەبوو؟ - ڕۆژانە/ (5 ملیۆن) لیتر x (450) دینار= (2 ملیار و 250 ملیۆن) دینار - مانگانە/ (2 ملیار و 250 ملیۆن) دینار x (30) رۆژ = (67 ملیار و 500 ملیۆن) دینار - ساڵانە/ (67 ملیار و 500 ملیۆن) دینار x (12) مانگ = (810 ملیار) دینار کەواتە ئەو زیادە خەرجییەی شۆفێرانی هەرێمی کوردستان لە کڕینی بەنزیندا خەرجی دەکەن لە ژێر سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەراورد بە نرخی بەنزین لای حکومەتی ناوەندی بۆ هەر لیترێک بەنزین (490) دینارە، بە گشتیش بریتییە لە؛ - ڕۆژانە/ (5 ملیۆن) لیتر x (490) دینار= (2 ملیار و 450 ملیۆن) دینار - مانگانە/ (2 ملیار و 450 ملیۆن) دینار x (30) رۆژ = (73 ملیار و 500 ملیۆن) دینار - ساڵانە/ (73 ملیار و 500 ملیۆن) دینار x (12) مانگ = (882 ملیار) دینار چۆن پێداویستی بەنزین لە هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، بەپێی لێدوانی وەزیری سامانە سروشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە (5 ملیۆن) لیتر بەنزینە، لەو بڕە تەنیا نزیکەی (1) ملیۆن لیتر بەرهەمی نێوخۆییە و ئەوی دیکەی هاوردە دەکرێت. کەواتە بەهۆی ئەوەی حکومەت پاڵپشتی بازاڕی بەنزین ناکات، 75%ی بەنزینی پێویستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە هاوردە دەکرێت. بەپێی وتەی (هەژار ئازاد/ بەڕێوەبەری گشتیی پاڵاوگەی کار) "ئەگەر بەتەواوەتی نەوتی خاویان بدرێتێ لە پێویستیی نێوخۆ زیاتر بەرهەم دەهێنین. بەڕێوەبەری گشتیی پاڵاوگەی کار لەبارەی توانای کارکردنی پاڵاوگەکەیانەوە ئاماژەی بەوە داوە، "نزیکەی 25% بۆ 30%ی توانای گشتیمان بەکاردەهێنین. پاڵاوگەی کار توانای بەرهەمهێنانی 160 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە لە رۆژێکدا. ئەوەی رۆژانە لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە پێماندەبەخشرێت 30 هەزار بۆ 35 هەزار بەرمیل نەوتە. بەوەش پاڵاوگەکەمان 25%ی کاردەکات". هاوکات (عومەر خەتاب/ بەڕێوەبەری تەکنیکیی پاڵاوگەی بازیان ئاماژەی بەوە کردووە، "توانای بەرهەمهێنانی پاڵاوگەی بازیان لە رۆژێکدا (40 هەزار) بەرمیل نەوتە، بەڵام ئێستا (20 هەزار) بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت، واتە کار بە 50%ی توانای خۆی دەکات". بەپێی زانیارییەکانی (بڕیاردەری لیژنەی وزە و سامانەسروشتیەكانی پەرلەمانی كوردستان/ سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی) لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە، پاڵاوگەكانی ( كار، قەیوان، لاناز) توانای دابینكردنی نەوت و بەنزینی كوردستانیان هەیە، بەڵام هەر لیترێک بەنزین بۆ عێراق بە (٤٥٠) دینار دابینی دەکەن، بەڵام لە بازاڕەکانی بە زیانر لە )٨٠٠( دینار دەیفرۆشنەوە. بەپێی زانیارییەکانی ئەو پەرلەمانتارە لە هەرێمی كوردستان دوو پاڵاوگە هەیە، هەردووكیان نەوت و بەنزین بۆ عێراق دەپاڵێون . پاڵاوگەی كار لە هەولێر رۆژانە (50 هەزار) بەرمیل نەوت دەپاڵێویت و (25 هەزار) دەداتەوە بە عێراق و (25 هەزار) بەرمیلیش بۆ ناوخۆ دەپاڵێوێت، ئەوەی بۆ عێراقی دەنێرێتەوە لیتری دەدرێت بە (450) دینار بەڵام ئەوەی بۆ ناوخۆی هەرێم دەیپاڵێوێت لیتری دەداتە (800 و 900) دینار. لە پارێزگای سلێمانی پاڵاوگەی بازیان ( قەیوان) هەیەو رۆژانە نزیكەی (40 هەزار) بەرمیل نەوت و بەنزین دەپاڵێویت و دەینێرێتەوە بۆ عێراق، لەوێ لیتری دەدرێتەوە بە (450) دینار، پاڵاوگەی لاناز رۆژانە (30 هەزار) بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت و نەوتە خاوەكە لە سوریا دەكڕێت و بەرهەمەكەی لە بازاڕی هەرێمی كوردستان دەفرۆشێتەوەو بە نرخی بازار. هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین 1. کەمی بەرهەمهێنانی بەنزین لە پاڵاوگەکانی ناوخۆ بەهۆی کەمی پێدانی نەوتی خاو لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە. 2. حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ پاڵپشتیەک پێشکەشی پاڵاوگەکانی نەوت ناکات، لە پێناو کۆنترۆڵکردنی نرخی بەنزین. 3. بەپێی قسەی بازرگانان و هاوردەکارانی بەنزین حکومەتی هەرێمی کوردستان باجی زۆری خستووەتە سەر هاوردەکردنی بەنزین. 4. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەوەی خۆی هیچ پاڵپشتییەکی کەرتەکە ناکات، ناتوانێت نرخەکەشی دیاری بکات. 5. بە ڕێژەی %100 بازرگانی بەنزین بەدەست کەرتی تایبەتەوەیە. 6. قۆرخکاری بەرهەمهێنان و هاوردەکردنی بەنزین بۆ چەند کۆمپانیایەکی حیزبی دیاریکراو. 7. نەبونی خەزانی گەورەی بەنزین بۆ پاڵپشتی کردنی کەرتەکە لە حاڵەتی دروستبوونی قەیراندا. 8. زیادبوونی خواستی بەنزین لە نێوخۆی ئێران و کەمبوونەوەی هاوردەکردنی بەنزین لەو وڵاتە.
( درەو): كونسوڵخانەی ئەمریكا لە ھەولێر رەتیدەكاتەوە بۆ ناونوسكردن كەسی بانگھێشت كردبێت بۆ وەرگرتنی ڤیزاو ناردنیا بۆ ئەمریكا بەھۆی ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا كاریان لەگەڵ ئەمریكا كردووە. لە ھەندێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەنگۆی ئەوە بڵاوكرایەوە گوایە كونسوڵخانەی ئەمریكا لە ھەولێر، بۆ ناونسكردن بانگھێشتی ئەو كەسانەی كردووە كە لە ساڵانی رابردوودا لە عێراق و ھەرێمی كوردستان كاریان لەگەڵ ئەمریكا كردووە. بەپێی ئەو دەنگۆیانە ناونوسكردنی ئەم خەڵكانە بۆ ئەوە بووە ڤیزای كۆچكردنیان بۆ ئەمریكا بۆ بكرێ، چونكە ئەمریكییەكان ھاوشێوەی ئەفغانستان دەیانەوێت لە عێراق و ھەرێمی كوردستان بكشێنەوە. بەڵام كونسوڵخانەی ئەمریكا لە ھەولێر بەتەواوەتی ئەم دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە. لە رونكردنەوەیەكدا كە وتەبێژی كونسوڵخانەی گشتی ئەمەریكا لە ھەولێر بۆ (درەو)ی ناردووە، ھاتووە:" هەر هەواڵێك بانگەشەی ئەوەدەكات ئەو خەڵكانەی كاریان بۆ حكومەتی ئەمریكا كردووە پێویست دەكات لە كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا ناویان تۆماربكەن هەڵبەستراوو و نادروستە". وتەبێژی كونسوڵخانەی ئەمریكا دەڵێ:" تكایە ئاگادار بن تەنها تۆڕە كۆمەڵایەتیە فەرمی و وێبسایتە فەرمیەكانی حكومەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تاكە سەرچاوەی فەرمی هەواڵ و زانیارین دەربارەی خزمەتگوزاری و كاروبارەكانی تایبەت بە ڤیزە و ڤیزەی كۆچ لێرە لە هەرێمی كوردستان و عێراق".
درەو: هەرێمی پەنجشیروەكو كابوڵی پایتەختو پارێزگاو هەرێمەكانی تری ئەفغانستان نەكەوتە ژێر دەسەڵاتی بزوتنەوەی تالیبانو هێشتا ئەو ناوچەیە پێگەو ئایكۆنێكی هێزە بەرهەڵستكارەكانە. لەم هەرێمەدا هێزەكانی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا بەزینو شكستیان هێنا, هەروەها تالیبانیش كە كۆتایی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو دەسەڵاتی لە ئەفغانستان گرتە دەست نەیتوانی ئەم ناوچەیە كۆنترۆڵ بكاتو ناوچەكە لە سەدەی نۆزدەیەم و لەكاتی داگیركاری بەریتانیاشدا خۆی پاراست. ئێستا هەرێمی پەنجشیر یان بانشیر دوای كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی ئەفغانستان لەلایەن تالیبانەوە بوەت پەناگەی هەموو ئەو هێزو گروپانەی كە حكومداریی تالیبان رەتدەكەنەوەو لە ماوەی رابردوودا ئەمروڵا ساڵح جێگری سەرۆكی ئەفغانستانیش پەنای بردە ئەوێو ئێستا لەگەڵ ئەحمەد مەسعود كوڕی ئەحمەد شا مەسعود خۆیان بۆ رووبەڕوبونەوەی تالیبان ئامادەدەكەن و دەیانەوێت لەدژی تالیبان بجەنگن ئەگەر دانوستانەكان شكستیان هێنا كە مەسعودی كوڕ تێیدا سورە لەسەر جێگیركردنی سیسمتی لامەركەزیی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات ئەوە لە پێناوی " بەدیهێنانی سیستمێك كە بتوانێت دادپەروەری كۆمەڵایەتیو یەكسانیو مافو ئازادییەكان بۆ هەموان دەستەبەربكات". ئەم هەرێمە چیرۆكێكی مێژوویی هەیە كە سەدان ساڵە ئەفغانییەكان شانازی پێوەدەكەن و لێرەدا دەیگێڕینەوە: دۆڵی " پێنج شێرەكە" ناوچەكە دەكەوێتە(130 )كیلۆمەتری باكوری خۆرهەڵاتی كابوڵی پایتەختو نزیك لە سنوری پاكستانەوە, روبەرەكەی (3610 )كیلۆمەتر چوارگۆشەیەو ژمارەی دانیشتوانەكەی 173 هەزار كەسەو زۆرینەیان بە ئەحمەد مەسعودیشەوە سەر بە نەتەوەی تاجیكن. هەرێمەكە بە ناوی " پەنجشیر" بەناوبانگە كە بەواتای پێنج شێر دێتو بە بانشیریش ناودەبرێت و بە دۆڵی پەنجشیر ئاماژەی بۆدەكرێت لەبەرئەوەی چواردەوری بە شاخی بەرز دەورەدراوە. ناوەكە بە گوێرەی گێڕانەوەی ئەفغانییەكان لە چیرۆكێكەوە وەرگیراوە كە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی دەیەم, كاتێك پێنج برا لەسەردەمی سوڵتان مەحمود غەزنەوییدا بەنداوێكیان لەبەردەم ئاوای ئەو لافاوانەدا داناوەكە رژاونەتە دۆڵەكەو بەوهۆیەوە ئەو پێنج برایە نازناوی " پێنج شێرەكە" یان بەسەردا بڕاوە. ناوچەكە بەوە جیادەكرێتەوە كە خاوەنی چەندان چیای بەرزو روباری سازگارەو سروشتێكی ناوازەو دڵڕفێنی هەیەو ئەمەش وایكردووە لە كۆنەوە ببێتە جێی بایەخی ئەفغانییەكان. بزوتنەوەی تالیبان تائێستا نەیتوانیوە بنكەیەكی جەماوەریی لەو هەرێمدا بونیاد بنێت رەنگە ئەوەش بگەڕێتەوە بۆئەوەی كە زۆرینەی لایەنگرانی بزوتنەوەكە سەر بە نەتەوەی پشتۆنن, هەر لەبەرئەوەشە تالیبان لەو ناوچەیە پێشوازیی لێ ناكرێت. هەروەها دۆڵی پەنجیشر مەزاری فەرماندەی سەربازیی ئەحمەد شامەسعودی لێیە كە نازناوی " شێرەكەی پەنجشیر" لێنراوە ئەوەشبەهۆی ئەوەی لە بەرەنگاربوونەوەی هێزەكانی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو لە ساڵی 1979 رۆڵی بەرچاوی گێڕاوەو سەرەڕای بوونی چەكو كەرەستەی سادەی سەربازی توانی بەسەر سۆڤیەتەكاندا سەربكەوێتو ساڵی 2001 لەلایەن رێكخراوی قاعیدەوە تیرۆركرا. دانیشتوانی دۆڵەكە شانازی بەوەوەدەكەن كە بەرەنگاری تالیبانو سۆڤیەت بونەتەوەو تاڕادەیەك توانیویانە ئاشتی لە هەرێمەكەیاندا بەرقەراربكەن. سۆڤیەت پاشان تالیبان لە دۆڵەكەدا چەندین نەفەق هەن كە هەتائێستاش وەك پەناگەیەكی پتەو ماوەنەتەوە بەرامبەر بە چەكی ئاسمانیی جگە لە سەختی ناوچەكەو بوونی شاخی بەرزو ئەشكەوت و روبارو بەوەش توانی بۆ ماوەی 10 ساڵ لەبەردەم داگیركاری یەكێتی سۆڤیەتدا خۆڕاگربێتو نەكەوێت. شارەزاو پرۆفیسۆری روسی مارگ گالیۆتی لە كتێبەكەیدا دەربارەی بەرگری شامەسعود لەم ناوچە ستراتیژیە بە رستەی " لە ئەفغانستان شێر ورچ ماڵی دەكات" وەسفیكردووە. لە ساڵی 1996 بۆ 2001 ئەحمەد شامەسعود فەرماندەیی ناوچەكەی كرد بۆ روبەڕوبونەوەی بزوتنەوەی تالیبانو سەرەڕای كۆنترۆڵكردنی هەموو ئەفغانستان تالیبان نەیتوانی پەنجشیر كۆنترۆڵ بكات, لەو ماوەیەدا شامەسعود چەندین گروپی جیاوازی ئەفغانی كۆكردەوەو هاوپەیمانێتی باكوری وڵاتی دامەزراند كە باكوروو خۆرهەڵاتی وڵاتی كۆنترۆڵكرد. ئێستا كە بۆجاری دووەم تالیبان هەموو ویلایەتەكانی ئەفغانستانی داگیركردووە. كوڕەكەی ئەحمەد شامەسعود دەیەوێت سەركردایەتی ناوچەكە بكاتو هاوشێوەی باوكی روبەڕووی تالیبان ببێتەوە بەڵام بە توانایەكی كەمتر لەوەی باوكی هەیبوو. لە ئەوپەڕی هەژمونیدا هاوپەیمانێتی باكور كە شامەسعود دایمەزراند نوێنەرایەتی زیاتر لە 30%ی دانیشتوانی وڵاتی دەكردو خۆڕاگریو بەرگری لەدژی تالیبان بۆ چەندان ساڵ بووە هۆی سەرنجڕاكێشانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كە دەستیكرد بە هاوكاریكردنی هێزەكانی بۆ كۆنترۆڵكردنی وڵاتو روخاندنی دەسەڵاتی تالیبان دوای روداوەكانی 11ی سێپتەمبەری 2001 كە 3000 ئەمریكی بوونە قوربانیو رێكخراوی قاعیدە ئەنجامیدا. هەرچەندە بۆ چەندین دەیەیە ئەم ناوچەیە كۆنترۆڵكردنی لەلایەن هێزەكانی دەرەوەی زۆر سەخت بووە, بەڵام ئێستا كە هەوڵدەدات جارێكی تر بەرگری دەستپێبكات بە هێزەكانی تالیبان گەمارۆدراوەو هەروەها پێشبینیش ناكرێت جارێكی تر ئەمریكاو روسیا وەك دوو زلهێزی جیهان دەستوەردان بكەن, بێجگە لە نزیكییان لە ئێرانییەكانەوە كە رۆژانی هاوپەیمانێتی باكوردا لەگەڵ بەرخۆدانی ناوچەكەدا بوون لەدژی تالیبان, ئەمەش بەو واتایە دێت كە سەرچاوەكانی هێزی بەدەرستی ئەحمەد مەسعود جیاوازترە لەوانەی كە لەبەردەستی باوكیدا بوون لە سەردەمی سۆڤیەتو تالیبانی پێشودا. ئەحمەد مەسعود لە وتارێكیدا كە نوسیویەتی دەڵێت:" چەندین ئەمبار چەكو تەقەمەنیمان هەیە كە لەسەرخۆو لەسەردەمی باوكمەوە كۆمان كردوەتەوە, چونكە دەمانزانی ئەو رۆژە دێت كە ئەگەر تالیبان هێرشی سەربازی بكات ئەوا هێزو پێداویستی لۆجیستی تەواومان نابێت و زۆر بەخێرایی دەتوێینەوە ئەگەر دۆستەكانمان لە خۆرئاوا بەبێ دواكەوتن دەستی هاوكاریمان بۆ درێژنەكەن". هەتائێستا تالیبان هەوڵی نەداوە بچێتە بانشیرەوە, بەڵام لە هەموو لایەكەوە گەمارۆی داوە, ئایا ئەم بزوتنەوەیە دەتوانێت "شێرەكان" دەستەمۆ بكات كە ورچە روسیەكە لە پێشودا نەیتوانی بیكات؟ چەندان نەوە تەنها جەنگیان بینیوە سنوری نوێی ئەفغانستان لە كۆتاییەكانی سەدەی 19دا كێشراوە لەو كاتەدا كە ركابەری لە نێوان ئیمپراتۆریەتی بەریتانیو و روسیای قەیسەری لە لوتەكەدا بوو, ئەفغانستانی نوێ بووە ناوچەیەكی جێ ململانێو ناكۆكیی ئایدیۆلۆجیو هەژمونی بازرگانی. لە چارەكی كۆتایی سەدەی بیستەمەدا ئەفغانستان بەدەست وێرانكاریی جەنگی ناوخۆوە دەیناڵاند كە بەهۆی داگیركردنی لەلایەن یەكێتی سۆڤیتەتەوە لە ساڵی 1979 بۆ 1989 زۆر زیاتر بوو. سیستمی كۆماری شیوعی ئەفغانستان لە 1989 تا 1992 خۆی راگرت بەرامبەر بەرهەڵستكارە ئیسلامییەكان. دوای حوكمڕانییەكی كورتی گروپە موجاهیدەكان بزوتنەوەی تالیبان دەركەوت دژی حزبە دەسەڵاتدارەكانی وڵات كە سەرەتا بریتی بوو لە گروپێك لە خوێندكاری ئاینی توندڕەو. تالیبان توانی بۆماوەی 5 ساڵ لەدەسەڵاتدا بمێنێتەوە, بەڵام بەهۆی داڵدەدانی چەكدارەكانی قاعیدەو ئوسامە بن لادنی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هێرشیكردە سەری و بۆماوەی 20 ساڵ شەڕی لەدژی چەكدارانی تالیبانو قاعیدە بەردەوام بوو بەڵام دواجار شەڕەكە بۆ كشانەوەی ئەمریكاو رادەستكردنەوەی دەسەڵات لە تالیبان كۆتایی پێهات. و لە (BBC)یەوە وەرگیراوە
مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) حیکایەتی گەڕاندنەوەی تاڵەبان بۆ حوکمڕانییکردنی ئەفگانستان ڕووداوێکە بە ھەموو مانایەک جیھانییە. چەندان گەمەکەری ناوەکیی و ئیقلیمیی و جیھانی لەو گەڕانەوەیەدا بەشدارن و و چەندان سود و قازانج و دەسکەوتی ناوەکیی و دەرەکی جیاواز لەناویدا بەیەکدادەن. بەر لەوەی ھەموو وڵاتەکەیان بکەوێتە ژێردەست، ئەمریکا لە دانوساندابوو لەگەڵ تاڵەباندا. لە دانوسانەکەدا ئەمریکییەکان خەریکی ڕازیکردنی تاڵەبان و دەسەڵاتدارە فەرمەیەکەی ئەفگانستان بوون حکومەتێک نوێ پێکبھێنن تیایدا تاڵەبان زۆرینە پێکبھێنێت. ئەمەش وەک ھەنگاوێک بۆ کۆتاییھێنان بە جەنگێک کە لە کۆتایی ھەفتاکانەوە لەو وڵاتەدا ھەڵگیرساوە و بەردەوامە. بەڵام خێرایی کەوتنی حکومەتەکەی ئەفگانستان سەرسوڕھێنەربوو، کە حکومەتێکە لە سەرجەمی جومگە سەرەکیی و ناسەرەکییەکانی حوکمڕانییەکەیدا بەشێوەیەکی ترسناک و تاسەر ئێسقان گەندەڵە. ئەوەی بینیمان ئاشبەتاڵکردنی تەواوی ھێزە سەربازیی و ئەمنییەکان بوو، کە جگە لە ئەمریکییەکان و ئەوروپەیەکان، بڕێکی بەرچاوی کۆمەڵگای ئەفگانیی خۆشی تووشی شۆک کرد. ئەوەی ئەمریکا و ھێزە ئەوروپییەکان تیایدا فەشەلیان ھێنا دروستکردنی ئەو بوونەوەرە سیاسییەیە کە دوو سەدەیە ناوی ”دەوڵەت نەتەوە“ یان ”دەوڵەتی نەتەوە“ی لێنراوە. دامەزراندنی دەوڵەتێکی ھاوبەش بۆ نەتەوەیەک بە لانی ھەرەکەمی ئامێزانبوونی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگییەوە، دەوڵەتێکی جێگیر کە تەعبیر لە ”ئیرادەی گشتیی“ نەتەوەیەکی جێگیر بکات و بتوانێت وەک ”چوارچێوەیەکی گشتیی“ کۆبوونەوەی پێکھاتە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە، دەستبەکاربێت. ھەروەھا دەوڵەتێک کاری سەرەکیی و ژمارە یەکی دروستکردنی ”ھاوڵاتیی یەکسان“ و ”خاوەن ماف“ و ”بەرپرسیار“ بێت لەو وڵاتەدا. ھاوڵاتییەک ”پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی“ بە خۆی و بەوانیترەوە گرێیبدات و ئەوە نیشانبدات خواست و ویست و ئارەزووی پێکەوەژیانیانێکی ێارام و ماناداریان ھەیە. ئەم فەشەلە تەنھا فەشەلی ئەمریکیەکان و ئەوروپییەکان نەبووە و نییە لە ئەفگانستاندا، بەڵکو فەشەلی بەشێکی بەرچاوی میلەتانی ئەو ناوچەیە و ئەو ھێزە سیاسیی و ئایدیۆلۆژیانەیە کە ماوەی سەدەیەکە لەناو مێژووی ئەو میلەتاندا دەستبەکارن، لە کۆمۆنیست و ناسیۆنالیست و ھێزە عەلمانییەکانەوە بیگرە بۆ ھێزە ئیسلامییە جۆربەجۆر و فرەمەشرەبەکان. لەئێستادا ئێمە ئەم فەشەلە لە بەشێکی گەورەی ناوچەکەدا ئامادەیە، ھەرکەسێک سەیرێکی خێرایدۆخی سوریا و یەمەن و لیبیا و عێراق و لوبنان و بەحرێن و ئێران و تورکیا بکات، بە ئاسانی ئەم ڕاستییە سادەیەی، لە چەندان فۆرم و ئاست و ڕادە و پلەی جیاوازدا بۆ دەردەکەوێت. پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە بۆچی دەوڵەتێکی جێگیر و کارکەر و لەلایەن ھەمووانەوە وەک چوارچێویەکی گشتیی قبووڵکراو، دروستنەبووە و دروستنابێت؟ بۆچی ”ھاوڵاتیبوون“ نابێت بە پرۆژەی سەرەکیی ناو ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ئەو وڵاتە؟ چی وادەکات ھێزە جیاوازەکانی ناو ئەو وڵاتە و دراوسێکانیشی لە دۆخی گەڕانەوەیەکی بەردەوامدابن بۆ شوناسە ناوچەیی و دینیی و ئەتنییەکان؟ بۆ شتێک بەناوی ”نەتەوەیەکی سیاسیی“ ھاوبەشەوە دروستنابێت کە بە ھەمووان شتێک لە شوناس و شتێک لە متمانە و شتێک لە چاوەڕوانی پۆزەتیڤ و شتێک لە کەرامەت ببەخشێت؟ ھەندێک کەس وەڵامێکی ئاسان و سادە بەم پرسیارانە ئەدەنەوە و دەڵێن خەتاکە خەتای کولتورە، ئەوە کولتوریی ئەو وڵاتەیە ناھێڵێت ئەو نەتەوە سیاسیە دروستببێت. لەو وڵاتەدا کولتوی قبووڵکرن و ڕێزگرتن لە دەسەڵاتی مەرکەزیی بوونیی نییە، لەباتی ئەمە کولتوری ھەرکەس بۆ خۆی و ھەرکەس حاکمی خۆی باڵادەستە. خەڵکی ئەو وڵاتە شتێک بەناوی دەوڵەتەوە ناناسن و قبووڵناکەن. ئەم لێکدانەوە کولتورییە تەواو پڕکێشە و ئیشکالییە، نەک تەنھا بۆ دۆخی ئەفگانستان بەڵکو بۆ بەشێکی زۆر ناوچەکە. بە بۆچونی من ئەوەی، بە پلەی یەکەم، ڕێگرە لە دروستبوونی نەتەوە و ھاوڵاتیی و پەیمانی کۆمەڵایەتیی کولتور نییە، بەڵکو خودی دەوڵەت خۆیەتی. مۆدێلێک لە دەوڵەت کە تەواو پیسخۆرە و گەندەڵیی جەوھەری حوکمڕانییەکەی و لۆژیکی ئیشکردنی دەزگاکانی ئاراستەدەکات. گەندەڵییەکی سیستماتیک و ئامادە لەھەموو ئاستەکاندا، لە سەرۆک و حوکمڕانانی وڵاتەکەوە بۆ فەرمانبەرانی ڕێزەکانی خوارەوە. دەوڵەت لەم دۆخانەدا لەوەدەکەوێت ھاوبەشێکی یاسایی و دەزگایی و ئەخلاقیی بێت، بەڵکو دەگۆڕێت بۆ دەغیلەیەکی کونکراو ھەر کەس لە ھەوڵی ئەوەدابێت زۆرترین پارەی لێدەربھێنێت. ئارنست گیڵنەر کە باس لە پرۆسەی دروستکردنی نەتەوە دەکات، باس لە ساتەوەختێکی ھێجگار دەکات کە بە ”ساتەوەختی یەکسانی“، لحڤە المساواە ، egalitarian moment، ناویدەبات. دەوڵەت بۆئەوەی ببێت بە دەوڵەتی نەتەوە پێویستی بە دروستکردنی ئەو ساختەوەختە یەککسانە و بەردەوامیدانە پێی. ساتەوەختێک تیایدا دەوڵەت ھەمووان وەک ھاوڵاتی یەکسان دەبینێت و مامەڵەدەکات و دەزگاکانی دەوڵەت دەبنە پیادەکەری ئەم لۆژیکە تایبەتە. بەڵام کەی دەوڵەت چینێکی حوکمڕانیی گەندەڵی دروستکرد و لۆژیکی گەندەڵیی بوو بە لۆژیکی حوکمڕانیکردنەکە، ئەودەم ھەمووشتێک لە وڵاتەکەدا ئەگۆڕێت بۆ کاڵایەکی قابیلی کڕین و فرۆشتن، لە دەزگاکانی دەوڵەت خۆیەوە بۆ ئینتیما و ویژدان و خواست و زمان و چاوەڕوانیی و تەفسیرکردنی کەسەکان بۆ دونیا. دەوڵەت کە ھێزی گەندەڵ و خێزانی گەندەڵ و بنەماڵەی دەسەڵاتداری گەندەڵ و سوپای گەندەڵ و سەرکردەی سیاسیی گەندەڵ و بیرۆکراسیەتی گەندەڵی دروستکرد، ھەرچیەکی بۆ دروستبکرێت نەتەوەیەکی سیاسیی خاوەن متمانەی بۆ دروستناکرێت.
شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو) ئەم هەفتەیە، هەفتەی یەکلاکردنەوەی کابینەی پێشنیارکراوی ئیبراهیم ڕەئیسییە لە پەرلەمانی ئێران، کە دەکاتە کابینەی سێنزەیەمی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە لیستی کابینەکەیدا ١٩ وەزیری پێشنیار کردووە، ئەوەی تێبینی دەکرێت، کابینەکە بە بێڕەچاوکردنی ڕەوتە دیارە سیاسییەکان و حزبەکان دەستنیشانکراوە، بەڵام لەولاوە لە بری کرانەوەی زیاتر و سوودوەرگرتن لە توانامرۆییەکانی نێو ئێران، بە ثێجەوانەوە زۆرترن هاوڕێ و کەسە نزیکەکانی خۆیی و خزمەکان و پشتیوانە سوپاییەکانی و باندە قوڵەکانی نێو ئابووری دەولەتی لەخۆگرتووە. زۆرینەی وەزیرانی پێشنیارکراو، زۆرینەی وەزیرەکان لەو نەوەیەن کە وەک خودی ئیبراهیم ڕەئیسی، پەروەردەکراوی نێو شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانن، لەڕووی ئەزموون و بیرکردنەوە و رەفتارییانەوە. ئەمانە نەوەیەکن کە لەسەردەمی جەنگی هەشتساڵەی ئێران-عێراقدا لەڕووی سیاسییەوە دەرکەوتن و دەستیان کردە چالاکیی جۆراوجۆر، زۆرینەشیان لە برغووی سەرەکی ماشینی بناژۆخوازەکانن و بەشێکیشیان لە موحافیزکارە مەزهەبیی و ڕسطڕەوەکانی نێو پرۆسەی سیاسیی ئێرانن و وابەستەن بەو کەسایەتی و باڵە پڕهەژموونانەی کە جەمسەربەندی ململانێکانی نێو شیرازەی سیاسیی پێکدەهێنن، واتە کەمتر لەسەر بنەمای تەکنۆکرات و لێهاتوویی دەست نیشان کراوون، بەڵکو زیاتر وەک وەلا و دڵسۆزی بۆ بنەماکانی شۆڕش و مەزهەب و بناژۆخوازیی شانسی وەزیربوونیان دەستخستووە، نەک پێشینەی ئەزموونی و لێهاتوویی. تێبینیی گشتی ڕۆژی شەممە 21/8/2021 لە وتاری دەسپێکی خستەنەڕووی وەزیرە پێشنیارکراوەکان و بەرگریکردن لێیان، ئیبراهیم ڕەئیسی جەختی لەسەر چەند کلیلەوشەیەک کردەوە کە بەو کلیلانە وەزیرەکانی پێ هەڵبژاردووە و پیوەری بوون: حکومەتێکی شۆڕشگێڕ، خەڵک¬تەوەر، دژەگەندەڵ و گەنج، هەروەها جەختیشی کردەوە لەسەر دوو خاڵ بەرنامەی کاری خۆی بەڕێوە دەبات: یەکەم پابەندی بە ڕێنماییەکانی ڕێبەری کۆمار و هەنگاوی دووەمی شۆڕش(هەنگاوی دووەمی شۆڕش، ڕێبەری باڵای ئێران دوو ساڵ لەمەوبەر لە یادی چلساڵەی شۆڕشدا ناوی نا و مەبەست لێی قۆناغی دووەمی شۆڕشی ئێرانە کە ئەرکی "هەناردەکردنی زیاتری شۆڕش و بەرگری ئەبەدیی لە شۆڕشە و بەرامبەر وەستانە دژی ئیستیکباری ئەمریکا و ڕۆژئاوا). بەڵام کاتێک دیققەت لە کابینەکە دەدەین، ئەوا نەک ئەو پیوەرانەی کە خۆی لەوتاری پێشکەشکردنەکەدا خستنیەڕوو، لەبەرچاو نەگیراون، بەڵکو زۆر حزب و ئاراستەی نێو شیرازە و رەوتەکانیش پەراوێز خراون، سێ رەخنەی توند لە کابینەکەی ڕەئیسی دەگیرێن کە جێگەی سەرنجن: ١. وەک کابینەکانی پێشتر نوێنەری پێکهاتە نەتەوەیی و مەزهەبییەکانی تێدا نییە، بۆ یەکەمییان کەمتەرخەمی و بێمتمانەیی ڕەئیسی دەردەخات و بۆ دووەمیان بەپێی دەستووری ئێران، ڕێگە نادرێت هیچ وەزیرێکی سوننی یان هەر مەزهەبێکی دیکە جگە لە دوانزەئیمامی شیعە بێتەسەرکار، تا هەنووکە وابووە و لەمەودواش سەختە ئەو ڕەوتە بەردەوام نەبێت. ٢. وەک کابینەکەی ڕۆحانی، ڕەئیسیش هیچ ژنێکی کاندید نەکردووە و وادیارە کابینەیەکی پیاوانە دەردەچێت. ٣. وەزیرەکانی لە پێڕی بناژۆخوازانی دروشمگەرا و بەهایی (ارزشی) دەستنیشان کردووە، کە ئەمەش بۆ خۆی پەراوێز خستنی ستوونی باڵ و ئاراستەکانی دیکە و پێچەوانەی دروشمەکانی خۆیەتی. کەواتە کابینەی خەڵکی کامیە و خەڵک کێیە؟ یەکێک لە پێوەرەکانی رەئیسی لە وتارکەیدا، خەڵکییبوون-ی کابینەکەیەتی، بەڵام وەک خرایەڕوو و وردەکارییەکەشی پاشتر دێت، زۆر توێژ و پێکهاتە و ئاراستەی سیاسیی ونەتەوەیی و مەزهەبی فەرامۆش کراوون. کەواتە خەڵک لە دیدی ئەودا کێیە؟ زۆرێک لەڕەخنەگران لەوباوەڕەدان کە خەڵک لە دیدی ڕەئیسیدا، تەنها ئەوانە دەگرێتەوە کە لە نوێژی هەیتنید و ڕێپێوانە مەزهەبییەکان و مەراسیمەکاندا بەشدارن و هەواداری دەوڵەتی ئیسلامین. بۆیە دیسانەوە، ئەم کابینەیە ناتوانێت دڵی خەڵک کە تینووی خزمەتگوزاری، چاککردنی بژێوی و ئازادیی یەکسان بۆ هەمووان دەستەبەر بکات. ئاراستەکانی نێو کابینە دەکرێت بەگشتی وەزیرانی پێشنیارکراو بەسەر سێ دەستەدا دابەش بکرێن: ١. نزیکان و دڵپەسەندانی پێشتری ئەحمەدی نەژاد و کابینەکەی دەگرێتەوە: ئەمەش وەک رەخنە ئاراستەی ڕەئیسی دەکرێت کە گەرچی ئەحمەدی نەژاد خۆی لە دەسەڵات و کاریگەریی لەسەر جومگەکانی حوکم دوورخراوەتەوە، بەڵام میرات و دیدگاکانی دیارە هەر دڵپەسەندی ڕەئیسین و ئەمەش نیشانەی ئەوەیە سەردەمی جیاکاریی و سنووردارکردنی ئازادییەکان و دژە ئەورووپایی و ئەمریکایی هەر لەلوتکەدا دەمێنێتەوە کە بەشێکی گرفتەکانی سیاسەت و دۆخی ئابووریی ئێران بەهۆی ئەم دیدگا داخراوانەوەیە. لە نموونەی وەزیرەکانی نزیک لە ئەحمەدی نەژادەوە دەکرێت ناوی ئەمانە بهێنرێت: محرابیان(وزە)، سەجادی (وەرزش)، ئەحمەد وەحیدی (ناوخۆ)، زەرغامی (میراتی کولتووری) ، عەبدوڵاهیان (دەرەوە)، ڕۆستەم قاسمی (ڕێگاوبان و شارسازی) ، لە لیستی رەشی گەمارۆکانی ئەمریکادایە، وەزیری پێشووی نەوتی سەردەمی ئەحمەدی نەژاد بوو، ناسراوە بە پێچپێلێدانی گەمارۆکان و سپیکردنەوە و شکاندنی گەمارۆکان بە ڕێگەی جۆراوجۆر لەدەرەوەی ئێران، جەوادی ئوجی-ش دیسانەوە هەر لە نزیکانی کابینەکەی نەژاد بوو (وەک وەزیری نەوت دیاری کراوە)، ئەوکات ڕۆستەمی قاسمی کە وەزیری نەوت بوو، بە بەرپرسی گواستنەوەی زێڕ بۆ وڵاتە دراوسێکان و پێچپێلێدانی گەمارۆکان لەسەر ئێران و هاوردەکردنی کاڵا و شمەک بە ڕێگای ناباو و قاچاخ. عیسا زارع پوور (وەزارەتی پەیوەندییەکان) کە لەسەردەمی ئەحمەدی نەژاددا چەندین پۆستی باڵای جیاجیای وەرگرتووە. ٢. هاوڕێیانی کار کە پێشتر بەجۆرێک لە جۆرەکان لە تیمی کاری خودی ئیبراهیم ڕەئیسی یاخود لە خزمانی خۆی لەقەڵەم دەدرێن: خەتیب (وەزیری ئیتڵاعات) و ئەندامی سوپا، سەرۆکی دەزگای پاراستن و ئیتلاعاتی دەسەڵاتی دادوەری و سەرۆکی دەزگای پارێزگاری مەزاری قودسی ڕەزەوی بووە، حسەینی رەحیمی (وەزارەتی داد)، باغگولی (وەزارەتی پەروەردە) لە تیمی کاری پێشتری رەئیسی لە مەزارگەی قودسی رەزەوی مەشهەد، ڕەزا فاتمی ئەمین وەزارەتی پیشەسازی و کانەکان و بازرگانی (صمت). ٣. وەزیرەکانی دیکەن، کە زیاتر ئەزموونی زانکۆیی و سەنتەرەکانی توێژینەوە و راوێژکارییان هەیە، کە ئەمانیش لەدەستەبەندی سیاسیی و جەمسەربەندی رەوتەکاندا، دیسانەوە پابەندی گروپی بناژۆخوازانن. بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە بناژۆخوازان، بەهێزترین وەزیر کە ئەگەری پەسەندکردنی هەیە، ئەمیر عەبدوڵاهیانی یاریدەدەری پێشووی جەواد زەریفە و پەسەندکردنی تاڕادەیەک یەکلابووەتەوە، ئەگەرچی عەبدوڵاهیان پێنج ساڵ لەمەوبەر لەلایەن جەواد زەریفەوە لە کارەکەی دوورخرایەوە. هەرچەند بە ئەگەری زۆر زۆرینەی ڕەهای وەزیرەکان ڕای پەسەندکردن وەردەگرن، چونکە ڕەوتی زاڵی نێو پەرلەمان هەر هەمان ڕەوتە کە جادە و پیداویستی بۆ ئیبراهیم رەئیسی تەخت کرد تا بێڕکابەرێکی ڕاستەقینە هەڵبژاردنەکان بباتەوە. بابەتی پێشتر: ئێراننامە (1) .. هەڵبژاردن لەئێراندا ئێراننامە (2) سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی ئێراننامە (3) ..شورای پاسەوان؛ پێگەی لە سیسستەمی سیاسی و ڕۆڵی لەهەڵبژاردنەکاندا ئێراننامە (4): ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ پێگە و دەسەڵاتەکانی ئێراننامە (5): سێ هەڵبژاردنەکەی ٢٠٢١ی ئێران؛ ئامار و تێبینیی گشتی ئێراننامە (6): سوپا و سیاسەت؛ کاندیدانی سوپایی و سەرکۆمارێتی ئێران ئێراننامە (7): هەڵبژاردنێکی بێڕەنگ بۆ قۆناغێکی سەخت ئێراننامە (8): کورد و هەڵبژاردنی سەرکۆماری ئێران ئێراننامە (9): سەرکۆماری نوێ و یەخانگیرییەکانی سیستەمی سیاسیی ئێران ئێراننامە (10): هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران؛ براوە و دۆڕاوە ڕاستینەکان لەئەنجامەکانەوە ئێراننامە (11): ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەریی؛ پێشینە و ڕۆڵ و شێوازی هەڵبژاردنی ئێراننامە 12: کۆڕبەندی دیارییکردنی بەرژەوەندیییەکان؛ پێگە و سروشتی دەسەڵاتی ئێراننامە (13): ئەهواز ڕادەپەڕێت... لە ئاوی خۆڕایی شۆڕشەوە، تا شۆڕشی تینووەکان ئیێراننامە (14): ڕەئیسی بە ڕەئیسی کەسێتی و تەگەرە ئایندەییەکانی سەرکۆماری ئێران ئێراننامە (15): سەردەمی ڕەئیسی؛ هەنگاوی دووەمی شۆڕش یان دبلۆماسییەتی کراوە
شیكاری: درەو لە پاڵ عێراق و ئەفغانستان، لە هەرێمی كوردستانیش، هێزی سەربازی لەدەستی حزب و بەپرس و گروپە جیاوازەكاندایە،زۆرترین بندیوارو گەندەڵی لە سلكی سەربازیدا دەكرێت، بەڵام لە هەر روداوو گۆڕانكارییەكدا ئەو هێزانە كە پڕچەك و زەبەلاحن بەرگە ناگرن و هەرەس دەهێنن، سوپای عێراق لە 6ی حوزەیران كاتی هاتنی داعش و پێشمەرگە لە 16ی ئۆكتۆبەر كاتی هاتنی حەشدی شەعبی و سوپای ئەفغانستان لە 15ی ئاب كاتی هاتنی تاڵیباندا. عێراق و ئەفغانستان عێراق و ئەفغانستان ئەو دوو دەوڵەتەی زۆربەی جار پێکەوە ناویان دێت، بەتایبەتی لە دوای ڕوداوەکانی 11ی سێپتەمبەری ساڵی (2001)، پاشان داگیرکردنی هەردوو وڵات لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە لە ساڵەکانی (2001) و (2003)ەوە. لەماوەی نزیکەی 20 ساڵی ڕابردوودا ئەم دوو دەوڵەتە سەقامگییریان بەخۆە نەدیوە، گەندەڵی هەمەلایەنە هەردوو وڵاتی تەنیوە، بە تایبەتی لە دامەزراوەی سوپادا، بەجۆرێک بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لە ساڵی (2020) هەردوو دەوڵەت پلەکانی (16 و 17)ی گەندەڵترین دەوڵەتانی دنیایان گرتووە، وەک ئەوەی دوو دەوڵەتی کۆپی یەکتربن لە سەر دوو زەمینی جیاواز. ئەگەر چی کەوتنی حکومەتی ئەفغانستان تا ڕادەیەک چاوەڕوان کراو بوو، بەتایبەتی لە دوای بڕیاردان لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە لە تەممووزی (2021). ئەمەش لەدوای ئەوە هات جۆ بایدن ئیدارەی سەرۆکایەتی ئەمریکای گرتە دەست، دواتریش دەستکردنی بە گفتوگۆ و دانوستانی ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی گەورەی تاڵیبان لە ساڵی (2020) کە چەندین گەڕی دانیشتنیان لە قەتەر بەڕێوەبرد، ئەوە دوای هات ئەمەریكا سەدان ملیار دۆلار خەرجی و بەکوشتدانی هەزاران سەرباز و کوژرانی (38) هەزار مەدەنی و درێژە کێشانی نزیکەی بیست ساڵ جەنگ هات. لەم ڕاپۆرتەدا تیشک دەخەینە سەر یەک لە هۆکارە دیارەکانی کەوتنی خێرای حکومەتی ئەفغانستان کە "گەندەڵییە لە کەرتی سوپا"ی ئەو وڵاتەدا، دوای ئەویش بەراوردی هەمان ئەو مۆدێلە لە "گەندەڵی کەرتی سوپای عێراق"دا دەکەین. گەندەڵی لە نێو سوپای ئەفغانستان (هێزەکانی بەرگری و ئاسایشی نیشتمانی ئەفغانستان) زۆربەی چاودێران و گۆڤار و ڕۆژنامە نێودەوڵەتییەکان کەوتنی خێرای حکومەتی ئەفغانستان و بەدەستەوەدانی وڵاتەکە بە بزوتنەوەی تاڵیبان، دەگەڕێننەوە بۆ چەند هۆکارێک کە بەهێزترینیان "گەندەڵی"ییەو بە تایبەتیش "گەندەڵی لە نێو سوپا"دا، لە کاتێکدا سەرچاوەکان ئەوە پشت ڕاست دەکەنەوە کە ژمارەی سوپای ئەفغانستان زیاتر لە سێ ئەوەندەی هێزەکانی بزوتنەوەی تاڵیبان بووە کە نزیکەی (60) هەزار چەکدارن، هەندێک سەرچاوەش ئاماژە بەوە دەدەن کە ژمارەی سوپاکە هی بەراوردکردن نییەوە پێنج هێندەی ژمارەی چەکدارەکانی تاڵیبانی تێپەڕاندووە. لە ڕووی ڕاهێنان و پڕ چەککردنیشەوە دابینکردنی خەرجییەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشكرایکردووە، کۆی خەرجییەکان لە ئەفغانستان لە ماوەی ساڵی 2001 تاوەکو کۆتاییەکانی ساڵی 2019 گەیشتوەتە (778) ملیار دۆلاری ئەمریکی، کە خەرجکراوە بۆ ڕاهێنانی نزیکەی (250) هەزار سەربازی ئەفغانی لەلایەن ئەمریکاوە. رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ئەوەشی ئاشکراکردووە سوپای ئەفغانستان خاوەنی (145) فڕۆکەی هەمەجۆر و (21) هێلیکۆپتەر و (23) هەزار ئۆتۆمبێلی جیاوازی سەربازیی بووە. هاوکات بەپێی زانیارییەکانی گۆڤاری "گڵۆباڵ فایەرپاوەر" کە تایبەتە بە کاروباری سەربازی ریزبەندی (75) ی لەسەر ئاستی جیهاندا بە سوپای ئەو وڵاتە داوە، لە رووی توانای سەربازیی و شەڕکەرییەوە. رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز هۆکارە سەرەکیەکانی کەوتنی سوپاو بەرگری نەکردنی لە خاکی وڵاتەکە کە تاکە ئەرکی ئەوە ئاشکرا کردووە، بەپێی ناوەڕۆکی ئەو راپۆرتە گەندەڵی لە نێو دامەزراوەکانی سوپا و هێزە ئەمنییەکان بەتایبەتی لەناوچە دورەدەستەکان هۆکاربووە بۆئەوەی لە سەرەتای هێرشەکانی تاڵیباندا سوپا و هێزە ئەمنییەکان لە بەرامبەر پاراستنی گیانیاندا ئامادەبن چەکەکانیان رادەستی چەکدارانی تاڵیبان بکەن، چونکە ئەو هێزانە نەک پاڵپشتی سەربازی تەنانەت خۆراکی پێوستیشان پێنەدراوەو لە هەندێک لە سەنگەرەکانی شەڕدا سەربازەکان زیاتر لە هەفتەیەک تەنها پەتاتەیان خواردووە. عەبدولحەلیم کە فەرماندەیەکی هێزە تایبەتەکانی ئەفغانستانە بە رۆژنامەکەی وتووە، یەکەکەی کە دەبوو 30 ئەندام بن، تەنیا 15 کەسیان ماوەتەوە، ئەو بە پەیامنێری رۆژنامەکەی وتووە "پەتاتەی سوورکراوە ناتوانێت دەستەبەری بەرگریکردنمان بەرامبەر تاڵیبان بۆ دابین بکات". رۆژنامەی نیویۆرک تایمز باس لە دیاردەی ئاشکرای ژمارەی بندیوار دەکات لە نێو کەرتی چەکداری ئەو وڵاتەدا، بەشێک لە کەوتنی خێرای وڵاتەکەش بۆ ئەوە هۆکارە دەگێڕیتەوە، کە بەپێی بەڵگە نامە فەرمییەکان حکومەتی ئەو وڵاتە خاوەن (300) هەزار سەربازی موچەخۆر بووە، بەڵام ژمارەی ڕاستەقینەی سوپاکە زۆر لەوە کەمتر بووە لەم کۆتاییانەدا دەرکەوتووە کە (50) هەزار سەربازی تێنەپەڕاندووە. جگە لە ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" گۆڤاری "فۆرێن پۆڵسی" ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاماژە دەکات بەوەی گەندەڵی هۆکاری شکستهێنانی سوپای ئەفغانستان بوو لە شەڕی دژ بە چەکدارانی تاڵیباندا. گۆڤارەکە ئاماژەی بەوە داوە، کاتێک پرسیار لە بەرپرسانی ئێستا و رابردووی ئەمریکا و شرۆڤەکاران و شارەزایان دەکرێت کە هۆکارچییە سوپای ئەفغانستان نەیتوانی شەڕی تاڵیبان بکات لە ڕۆژانەی دواییدا؟ ئەوان لە وەڵامدا دەڵێن؛ "گەندەڵی... نهێنی ئەو دیمەنە کارەساتبارەیە، کەبووە بەهۆی لەدەستدانی تواناو لێهاتووی سوپاو دواجاریش بووە بە هۆکاری ئەو داڕوخانە گەورەیەی توشی سوپای وڵاتەکە بوو بەرامبەر چەکدارانی تاڵیبان لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا. گۆڤارەکە ئاماژە بەوە دەدات کە پارەیە نەگەیشتووەتە دەست کەسانی شیاو لە سوپای ئەفغانستان. گۆڤاری "فۆرێن پۆڵسی" نمونەی ئەوەی هێناوەتەوە کە ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئەفغانستان بە میدیاکارانیان وتووە کە 160 فڕۆکەی جەنگی وڵاتەکە لەکارکەوتوون و چاکنەکراونەتەوە و ئەوەش توانای هێزی ئاسمانی وڵاتەکەی لە دژی تاڵیبان بەتەواوی لاوازکردووە. گەندەڵی لە عێراق و ئەفغانستان بەپێی ڕاپۆرتی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی بۆ ساڵی ٢٠٢٠، عێراق لەپێشەوەی ڕیزبەندی وڵاتانی گەندەڵە لە گەندەڵیدا لەدوای ئەفغانستانەوە دێت، لەسەر ئاستی جیهان لەکۆی (١٨٠) وڵات، عێراق رانکی (160)پێدراوەو لە پلەی (١٧)یەمی وڵاتانی گەندەڵی جیهاندایە، لە كۆی (100) نمرەی پێوەری رێكخراوەكە تەنها (٢١) نمرەی پێدراوە. هەر بەپێی بەپێی ڕاپۆرتی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی بۆ ساڵی ٢٠٢٠، ئەفغانستان لە ڕیزبەندی وڵاتانی گەندەڵدا لە پێش عێراقەوەیەو لەسەر ئاستی جیهان لەکۆی (١٨٠) وڵات، رانکی (165)پێدراوەو لە پلەی (16)یەمی وڵاتانی گەندەڵی جیهاندایە، لەكۆی (100) نمرەی پێوەری رێكخراوەكە تەنها (19) نمرەی پێدراوە. گەندەڵی لەنێو سوپای عێراقدا ئەگەرچی گەندەڵی لە عێراقدا زۆربەی کەرتەکانی (ئابوری، بازرگانی، وزەکانی (نەوت و گاز و کارەبا) سیاسی، یاسایی، کشتوکاڵ، پەروەردە، تەندروستی، فەرهەنگ... تاد) گرتووەتەوە، بەڵام کەرتی سەربازی یەکێکە لەو کەرتانەی گەندەڵی گەورەی تێدایە کراوەو ئێستاش بەردەوامە لە بوارەکانی گرێبەستەکانی کڕینی چەک و بودجەو موچەو شێوازی ئیدارەدان و بەخشینەوەی پلەو پۆست و بەرتیل تادەگات بە بندیوار و دروستکردنی میلیشیاو...هتد بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی ژوری توێژینەوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان کە لە تەمموزی 2021 بڵاوکراوەتەوە بە ناونیشانی "گەندەڵی لە عێراق و هەرێمی کوردستان (پێناس و فۆرم و شێواز، لێکەوتە و چارەسەر)" "گەیلان عەباس" ئامادەی کردووە، ئاماژەی بەوە کردووە؛ گەندەڵی زۆربەی سێکتەرو کەرتەکانی عێراقی گرتوەتەوە، بەپێی داتاو ئامارە کۆکراوەکان، قەبارەی گەندەڵی عێراق لە ساڵی 2003ەوە، زیاتر لە400 ملیار دۆلاری تێپەڕاندوە. لەبارەی فەرمانبەرانی بندیوار، لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2014، (حەیدەر عەبادی)، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق رایگەیاند: "تەنیا لە وەزارەتی بەرگریی عێراقدا، (٥٠) هەزار فەرمانبەری سەربازی بندیوار هەن، کە موچە نایاسایی وەردەگرن". لێکۆڵینەوەکە ئاماژەی بەوەش داوە (عەلی عەللاوی) وەزیری دارایی عێراق، رۆژی 19ی شوباتی ٢٠٢٠، لە راپۆرتێکی رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزی بەریتانیدا رایگەیاندوە :"عێراق خاوەنی 300 هەزار موچەخۆری بندیوارە. بندیوارەکان لە بنەمادا بونیان نییە، بەڵام پۆستی حکومی بەناوی وەهمی و کەسانی نەبو دانراوە و موچەکە کەسانی دەستڕۆیشتو وەریدەگرن". بەڵام بەپێی راپۆرتی میدیاکانی عێراق 650 هەزار بندیوار لەدامەزراوەکانی حکومەتی عێراق هەن. زۆرترین بندیوارەکانیش لە وەزارەتە سەربازییەکانی وەک بەرگری و ناوخۆو دامودەزگاکانی ئەو دو وەزارەتەدان. هەر تایبەت بەم پرسە، (فایەق شێخ عەلی)، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، رۆژی 25ی ئایاری ٢٠٢٠، لە تویتێکدا، دەڵێت:"لەنێو هێزەکانی حەشدی شەعبیدا، کە موچەکانیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەدرێت، 82 هەزار بندیوار هەن. چونکە ژمارەی راستەقینەی چەکدارەکانی حەشدی شەعبی 48 هەزار کەسە، بەڵام سەرکردەکانی ئەو هێزە مووچەی 130 هەزار چەکدار لە حکومەت وەردەگرن". لە لێکۆڵینەوەکەدا ئەوەش هاتووە بەگوێرەی ڕەشنوسی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١، بری ٢.٤ ترلیۆن دینار، وەک بودجە و خەرجی بۆ حەشدی شەعبی تەرخانکراوە، ئەمەش زیاترە لەبودجەی تەرخانکراو بۆ شەش وەزارەتی حکومەتی عێراق، کە بەشێکیان وەزارەتی خزمەتگوزارین، ئەوانەش بریتین لەوەزارەتەکانی (داد، دەرەوە، پەروەردە، ڕۆشنبیری، سەرچاوەکانی ئاو، پلاندانان و گواستنەوە). هاوکات بودجەکەیان کەمێک کەمترە لە بودجەی وەزارەتی تەندروستی، نزیکیشیە لە بودجەی تەرخانکراو بۆ پارێزگای بەغدا، زیاتریشە لە بودجەی پارێزگاکانی (نەینەوا، زیقار، نەجەف، دیوانیە) پێکەوە. تیشک خراوەتە سەر ئەوەش کە یەکێکی دیکە لە بوارەکانی ئەنجامدانی گەندەڵی لەعێراق، بریتییە لە گەندەڵی لە دەروازە سنورییەکان، عێراق 22 دەروازەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی هەیە ژمارەیەک لەو دەروازانە لەژێر دەسەڵاتی میلیشیاكانی سەر بە حەشدی شەعبین. بەپێی لێدوانی بەرپرسانی عێراق، داهاتی خاڵە سنورییەکانی عێراق لەدۆخی ئاسایدا (٦) ملیار دۆلاری ساڵانەیە، بەڵام لەو بڕە ئەوەی دەگەرێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، کەمترە لە (1) ملیار دۆلار. ڕاپۆتێکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی جەزیرەش، بەناونیشانی "دەوڵەتی عێراق لە ئاڵنگاری هێز و هەیمەنەی دەوڵەتی هاوتەریب"دا کە توێژەری عێراقی (رائد حامد) نوسیویەتی، ئاماژەی بەوە کردووە، هێزەکانی حەشدی شەعبی ئەگەرچی بەپێی یاسا بەشێکن لە سیستمی بەرگری عێراق، بەڵام زیاتر وەلائیان بۆ ئێران و ڕابەری شوڕشی ئیسلامی ئەو وڵاتە هەیە تا دەوڵەتی عێراق. ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە داوە کە دەستەی حەشدی شەعبی زیاتر لە (164) هەزار سەربازن و (110) هەزاریان دابەشبوون بەسەر (67) فەسیلی (شیعە مەزهەب)دا کە (44) فەسیلیان بەیعەتیان بە ڕابەری باڵای ئێران (عەلی خامنەئی) داوە، (9) فەسیلیشیان حەشدی عەشائیری (سونە مەزهەبن) و (40-50) هەزار چەکداریان هەیە. (9) فەسیلیشیان کە کەمتر لە (10) هەزار چەکدارن لە پێکهاتە دیکەی عێراقن. ئەم وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا جگە لەوەی خاوەن سەرمایەو ئابورییەکی گەورەن، خاوەن چەک تفاقی جەنگی زۆریشن لە چەکی قورس و سوکی ئێرانی و ڕوسی. هێزی سەربازی لە هەرێمی كوردستان لە هەرێمی كوردستان هێزی سەربازی سەرەرای ئەوەی دابەشبووە بەسەر هەردوو حزبی باڵا دەست ( یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان) لەناو حزبەكانیشدا دابەشبووە بەسەر كارەكتەرە سیاسییە باڵا دەستەكاندا. لە كۆی ( ملیۆنێك و 255 هەزار) موچەخۆر ( 432 هەزار)ی لە سلكی سەربازیدایە بەرێژەی (34%) لە كۆی ( 894 ملیار) دیناری موچەی مانگێكی موچەخۆرانی هەرێم (433 ملیار) دیناری بۆ سلكی سەربازی دەڕوات، ئەمە سەرەرای مانگانە (25 ملیار) دیناری هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە. هێزە هەمە چەشنەكان: هێزی پێشمەرگە: - هێزەكانی 70ی یەكێتی - هێزەكانی 80ی پارتی - هێزی پشتیوانی یەكی پارتی - هێزی پشتیوانی دوو یەكێتی - هێزی بەرگری فراكەوتنی یەكێتی - هێزی زێرەڤانی پارتی - ئاساییشی یەكێتی - ئاساییشی پارتی - لیوای نەوت و غاز ( یەكێتی) - لیوای نەوت و غاز ( پارتی) - لیوای سكرتاریەتی یەكێتی - لیوای سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكی پارتی - لیوای تایبەتی جەعفەر شێخ مستەفا یەكێتی - لیوا تایبەتەکانی كۆسرەت رەسوڵ عەلی بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكی هەرێم فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکانە، بەڵام هێزەكان لە هەرێمی كوردستان یەك دەست نیەو لەدەستی سەرۆكی هەرێمدا نیە، بەڵكو دابەشبوون بەسەر یەكێتی و پارتیدا و لەناو یەكێتی و پارتیش دابەش بوون بەسەر بەرپرسە حزبیەكاندا. چەندین جار ئەمریكا و هاوپەیمانان داوای یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەیان كردووە، مەرجی هاوكارییان بەستووەتەوە بە یەكخستنی هێزی پێشمەرگە، بەڵام بەهۆی نەبوونی متمانە بە حكومەت بونی گەندەڵی زۆر لە سلكی سەربازیدا هێشتا ئەو هێزانە لەدەستی حزب و بەرپرسە حزبیەكاندان و یەكنەخراون . رۆژی 21ی تەموزی 2020 بەریتانیا راپۆرتێكی لەبارەی پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە ئاڕاستەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیو هاوسەرۆكەكانی یەكێتیو سەرۆكایەتی هەرێمو سەرۆكایەتی حكومەتو هەردوو وەزارەتی ناوخۆو پێشمەرگە كردووە. بەریتانییەكان لەبارەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ" یەكێك لە كێشە گەورەو ئاڵۆزەكان، موچەو شایستەكانو ڕاژەو خانەنشینیە، گرفتی بوونی سەربازی تارمایی (بندیوار) مەسەلەیەكە لێی تێدەگەین. رەفتاری گەندەڵی هەندێ لە ئەفسەرە باڵاكان كارێكی دیارە، لەگەڵ هەندێ راپۆرت كە ئاماژە بە بوونی موچەو مافی ساختەی دیكە دەكەن". راپۆرتەكە، بەچەند خاڵێكی تر گوزارشتی لە دۆخی وەزارەتی پێشمەرگە كردووەو دەڵێ: • ئەو هێزانەی وەزارەتی پێشمەرگە سەرپەرشتییان دەكات، هێشتا پەتای كاریگەری سیاسی پارتەكانیان لەسەرە. • لكاندنی هێزەكانی 70و 80 بە وەزارەتی پێشمەرگەوە، ئەوە ناگەیەنێت كە ئەم هێزانە كاریگەری پارتە سیاسییەكانیان لەسەر لا دەچێت. ئەم كاریگەرییە رەوایەتی هێزی پیشمەرگە كەمدەكاتەوەو رێگرە لە هەوڵەكان بۆ چاكسازیو یارمەتی تەشەنەسەندنی گەندەڵیو مەحسوبیەت دەدات. • لەناو سەرجەم هێزەكانی پێشمەرگەدا، ئەندامبوون لە یەكێتی یان پارتی ئیلزامییە یاخود پێویستە، ئەگەر كەسێك بیەوێت پلەكەی بەرز بێتەوە، (هەرچەندە وا راپۆرتكراوە كە رێژەیەكی بەرچاو لەوان دەنگیان بۆ هیچ لەم پارتانە نەداوە). • لە زۆربەی سوپا پیشەییەكاندا، ئەندامبوون لە پارتی سیاسی رێگەپێدراودا، مافی هەموو ئەندامانە، بەمەرجێك ناكۆك نەبێت لەگەڵ ئەنجامدانی ئەركەكانی سوپا. بەشێویەكی ئاشكرا ئەمە لە ناو هێزەی پێشمەرگەی وەزارەتدا نییە بە تایبەتی ئەفسەرە باڵاكان. • پێشنیار دەكەین یەكێتیو پارتی هەوڵی دۆزینەوەی میكانیزمی متمانەپێكراو بدەن بۆ راماڵینی كاریگەری سیاسی لەسەر هێزەكانی وەزارتی ناوخۆو پێشمەرگە. • نەبوونی متمانە لەنێوان سەرۆكەكانی یەكێتیو پارتی گەورەترین بەربەستە بۆ كارەكانی چاكسازی لە هێزی پێشمەرگە. كەسیان متمانە بە مەبەستو ئامانجی ئەوەی دیكە ناكات. ئەمەش زۆر بە ئاشكرا لە روداوی (زینی وەرتێ) لە مانگی 4ی 2020دا دەركەوت. هاوشێوەی هێزەكان لە( ئەفغانستان، عێراق، هەرێمی كوردستان) هێزی سەربازی لە عێراق و ئەفغانستان و هەرێمی كوردستان لە چەندین رووەوە هاوشێوەن: - بندیوار لە سلكی سەربازی وەك دیاردەیەكی بەرچاو. - گەندەڵی لە سلكی سەربازی لە كڕینی كەل و پەلی سەربازییدا. - وەلائی سوپا و هێزەكان بۆ حزب و گروپ و بەرپرسە سیاسییەكان. - روخان و هەڵاتنی سوپای عێراق لە 6ی حوزەیرانی 2014 لە كاتی كەوتنی موسڵ بەدەستی چەكدارانی داعش. - هەڵاتن و پاشەكشەی پێشمەرگە لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 لە كاتی گرتنی كەركوك لە لایەن حەشدی شەعبیەوە. - روخان و كەوتنی سوپای ئەفغانستان لە 15ی ئابی 2021 لە كاتی هاتنی بزوتنەوەی تاڵیبان بۆ ناو كابوڵ.
(درەو): بە فەرمانێكی ئەنجومەنی وەزیران، لیوا (مەریوان كەمال) لە پۆستی سەرپەرەشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ لابرا. لە لێدوانێكدا بۆ (درەو)، لیوا مەریوان دەرچوونی فەرمانەكەی پشتڕاستكردەوە، بەڵام رایگەیاند، هێشتا فەرمانەكەی بەدەست نەگەیشتووە. لەبری لیوا مەریوان كەمال، ئەنجومەنی وەزیران (محەمەد تاهیر) بەڕێوەبەری پێشووتری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی كردووە بە سەرپەرەشتیاری مەرزی باشماخ. مەرزی باشماخ یەكێك لەو مەرزانەی هەرێمی كوردستانە كە لەماوەی رابردوودا زۆرترین قسەوباسی لەبارەی قاچاخچێتییەوە لەسەر كراوە، ئەم گۆڕانكارییە لە پۆستی سەرپەرەشتیاری مەرزەكە، هاوكاتە لەگەڵ ناكۆكییە ناوخۆییەكانی یەكێتیدا وەكو دەسەڵاتداری سنورەكە. لیوا مەریوان هۆكاری دەرچوونی فەرمانەكەی حكومەتو دورخستنەوەی لە پۆستەكەی نازانێتو بە (درەو)و وت:" بۆ ئەم بابەتە پرسیار لەو لایەنە بكەن كە فەرمانەكەی دەركردووە". دیارنییە ئایا گۆڕینی بەرپرسی مەرزی باشماخ، هەموو دەروازە سنورییەكانی تر دەگرێتەوە یاخود نا.
هۆکاری ڕاستەقینە بۆ ئەوەی کە تاڵیبان توانی زۆر بە خێرایی دەست بەسەر ئەفغانستاندا بگرێتەوە، ئەو شتەی میدیای لیبراڵی ڕۆژئاوا نایەوێت باسی بکات. سلاڤۆی ژیژەك لە ئینگلیزییەوە: ڕزگار حەمە ڕەشید ٨٠ هەزار سەربازەکەی تاڵیبان دەستیان بەسەر ئەفغانستاندا گرتەوە و شارەکانیش وەك پوولی دۆمینە دەکەوتن، لەکاتێکدا ٣٠٠هەزار سەربازی سەر بە حکومەت، کە بەهێزترن و بەشێوەیەکی باشتر ڕاهێنراون و چەکی باشتریشیان پێیە، کەچی بێ شەڕکردن خۆیاندا بەدەستەوە و توانەوە. ئەمە بۆچی ڕوویدا؟ میدیا ڕۆژئاواییەکان پێمان دەڵێن کە دەتوانرێت چەندین لێکدانەوە بۆ ئەمە بکرێت. یەکەمیان میدیایەکی ڕەیسیستی بێشەرمانەیە کە دەڵێت: زۆر بە سادەیی خەڵکی ئەفغانستان ئەوەندە پێگەیشتوونین تا لە مانای دیمۆکراسی تێبگەن، زۆر تامەزرۆی فێندەمێنتاڵیزمی ئایینین (بانگەشەیەکی زۆر بێمانا و بێهاوتا لە گاڵتەجاریدا). نیو سەدە لەمەوبەر ئەفغانستان وڵاتێکی (تاڕاددەیەك) ڕۆشنبیر بوو، پارتێکی کۆمۆنیستی بەهێزی هەبوو بەناوی پارتی دیمۆکراتی گەلی ئەفغانستان، کەتەنانەت توانی بۆ چەند ساڵێك دەسەڵات بگرێتە دەست. ئەفغانستان تەنیا ئەوکاتە بوو بە فەندەمێنتاڵیستێکی ئایینی، کە هەڵوێستی بەرامبەر داگیرکارییەکەی سۆڤیەت وەرگرت، ئامانجی داگیرکارییەکەی سۆڤێتیش ئەوە بوو ڕێ لە کەوتنی پارتە کۆمۆنیستییەکە بگرێت. لێکدانەوەیەکی تر کە ئەو میدیا ڕۆژئاواییە پێماندەڵێت بریتییە لە تیرۆز، ئەوەی تاڵیبان بێبەزەییانە نەیارە سیاسییەکانی خۆی دەکوژێت. لێکدانەوەیەکیتریشیان باسکردنە لە ئیمان، بە سادەیی تاڵیبان باوەڕیان بەوە هەیە کە ئەوەی دەیکەن گوێڕایەڵیکردنی ئەو فەرمانەیە کە خودا خستوویەتیە ئەستۆیان و سەرکەوتنیان مسۆگەرە، بۆیە دەتوانن ددان بەخۆیاندا بگرن، چونکە کات لەبەرژەوەندی ئەوانە. لێکدانەوەیەکی ئاڵۆزتر و ڕیالیستیانەتر بۆ ئەوەی کە بۆچی تاڵیبان توانی جارێکیتر بەو ئاسانی و خێراییە دەست بەسەر ئەو وڵاتەدا بگرێتەوە، بریتییە لە پشێوی و پاشاگەردانییەك کە شەڕی بەردەوام و گەندەڵیی هۆکارەکەیین. ئەمەش ڕەنگە بووبێتە هۆی دروستبوونی بڕوایەك کە هەرچەندە تاڵیبان ستەم بەکار دەهێنێت و یاسای شەریعە پەیڕەو دەکات، بەڵام بەلایەنیکەمەوە هەندێك ئاساییش و سیستەم فەراهەم دەکات. بەهەرحاڵ، هەموو ئەو لێکدانەوانە وادیارە ڕاستییەکی سادە فەرامۆش دەکەن کە بۆ ئەو تێڕوانینە ڕۆژئاواییە لیبراڵە بۆتەتراوما (خورپەی ڕاتەکێن). ئەویش بێباکیی تالیبانەکانە بەرامبەر ڕزگاربوون و مانەوەی خۆیان بە زیندوویی، هەروەها ئامادەکردنی شەڕکەرەکانیانە بۆ “شەهیدبوون”، بۆ ئەوەی بمرن، نەك تەنیا لە جەنگدا بەڵکو لە کردە خۆکوژییەکانیشدا. ئەو لێکدانەوەیەی پێیوایە تاڵیبان وەك کۆمەڵێك فەندەمینتاڵیست “بەڕاستی باوەڕیان بەوە هەیە” کە ئەگەر ئەوان وەك شەهید بمرن دەچنە بەهەشتەوە، ئەمە لەوێدا کورت دەهێنێت کە ناتوانێت جیاوازیی لەنێوان دوو جۆر باوەڕدا ببینێت: باوەڕ بەمانای تێگەیشتنێکی هوشیارانە (دەزانم من دەچمە بەهەشت، ئەوە ڕاستییە) وە باوەڕ وەك وابەستبوون بە پێگەی تایبەتیی کەسەکە خۆیەوە. بەمانایەکیتر، لەوەدا کورت دەهێنێت بتوانێت توانای ماددی ئایدیۆلۆژیا ڕەچاو بکات “لەم حاڵەتەدا توانای ئیمان”، ئەمەش بە سادەیی لەسەر پتەویی بۆچوونەکانمان نەوەستاوە، بەڵکو لەسەر ئەوە وەستاوە چۆن بوونی خۆمانمان وابەستەی باوەڕەکەمان کردووە: ئێمە کەسانێك نین ئەم یان ئەو باوەڕ هەڵبژێرین، بەڵکو ئێمە خودی باوەڕەکەمانین بەو تێگەیشتنەی ئەم باوەڕە ژیانی ئێمەی لەهەناوی خۆیدا هەڵگرتووە. بەهۆی ئەم خەسڵەتەوە بوو فەیلەسووفی فەرەنسی میشێل فۆکۆ کەوتە ژێر جادووی شۆڕشی ئیسلامیی ١٩٧٨ و دوو جار سەردانی ئێرانی کرد. ئەوەی ئەوی سەرسامکرد تەنیا ئەو هەڵوێستەی قبووڵکردنی شەهیدبوون و ئەو بێباکییە نەبوو بەرامبەر بەوەی کەسێك ژیانی خۆی لەدەست دەدات، بەڵکو بەشێوەیەکی زۆر دیاریکراو ئەو سەرسامییەی فۆکۆ وابەستەی ئەو گوزارشتەی خۆی بوو کە لە “مێژووی ڕاستیی”دا باسی دەکات، ئەویش تۆخکردنەوەی فۆرمی پارتیزان و جەنگاوەرانە بۆ گوتنی – ڕاستیی، وە گۆڕان لەڕێی خەبات و تێکۆشانەوە، وەك دژێك بەرامبەر ئارامکردنەوە و ناکاراکردن (بێکاریگەرکردن) و ئاساییکردنەوە کە فۆرمەکانی دەسەڵاتە مۆدێرنە ڕۆژئاواییەکانن. ئەوەی بۆ تێگەیشتنی ئەم خاڵە گرنگە، کۆنسێپتی ڕاستییە لە کاردا لەناو گوتارە ڕەخنیی – سیاسییەکەدا، کۆنسێپتی ڕاستیی وەك لایەنداریی، وەك ئەوەیتەرخانکرابێت بۆ پارتیزانەکان. یان، وەك فۆکۆ خۆی باسی دەکات: “ئەگەر ئەم کەسەی دەربارەی ڕەوایەتی ) یان بڵێین ڕەوایەتییەکان( قسە دەکات باسی ڕاستیی بکات، ئەو ڕاستییە ئیتر ڕاستییە گەردوونییەکەی فەیلەسووف نییە. ئەوە ڕاستە کە ئەوگوتارە دەربارەی جەنگی گشتگیر، “ئەو گوتارەی کە هەوڵدەدات ئەوجەنگەی ژێر ئاشتیی ڕوونبکاتەوە”، لەڕاستیدا هەوڵێکە بۆ باسکردنی جەنگ وەك گشتێك وە هەوڵێکە بۆ بونیادنانەوەی ڕێچکەی گشتیی جەنگ. بەڵام ئەمە نایکاتە گوتارێکی گشتئامێز یان بێالیەن، بەڵکو هەمیشە گوتارێکی نیگائامێزە )perspective .)تەنیا لەو مەودایەدا مەیلی بۆ گشتگیریی هەیە کە بتوانێت لەیەك دیوی چەمکەکانەوە لێی بڕوانێت، بیشێوێنێت و لە تێڕوانینی تایبەتی خۆیەوە بیبینێت. بە جۆرێکیتر باسی بکەین، ڕاستیی ئەو ڕاستییەیە کە بتوانرێت تەنیا لە ڕووبەری جەنگەکەی خۆیدا بڵاوبکرێتەوە، لە گۆشەنیگای خواستی سەرکەوتندا و لە کۆتاییشدا، ئەگەر ئەم گوزارشتە گونجاو بێت، بۆ ڕزگاربوونی خودی قسەکەرەکە سەرڕێ بخرێت .” ئایا دەکرێت گوتارێکی لێکئاڵاوی لەو جۆرە ڕەت بکرێتەوە وەك هێمایەك بۆ کۆمەڵگەی بەرمۆدێرن “سەرەتایی” کە هێشتا نەچۆتە ناو تاکگەرایی مۆدێرنەوە؟ هەروەها دەکرێت ژیانەوەی ئەو “سەرەتایی”یە لەمڕۆدا وەك هێمایەك بۆ گەڕانەوەی فاشیست ڕەتبکرێتەوە؟ وەڵامەکە بۆ هەرکەسێك کەمترین شارەزایی لە مارکسیزمی ڕۆژئاوایی هەبێت ئاشکرایە: فەیلەسووفی هەنگاریی جۆرج لۆکاش “Lukács György ” ئەوەی ڕوونکردەوە کە چۆن مارکسیزم “ڕاستییەکی گەردوونییە” نەك لەگەڵ ئەوەشدا کە لایەندارانەیە ” partiality ” بەڵکو لەبەر ئەوەی بەشئامێزە، تەنیا لە پێگەیەکی دیاریکراوی تایبەتییەوە دەستەبەر دەکرێت. دەشێت ئێمە هاوڕا یان دژەڕای ئەم بۆچوونەبین، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەوەی فۆکۆ دوور دەکەوتەوە و لە ئێران بۆیدەگەڕا (فۆرمی ناکۆکیخوازیی “جەنگ” بۆ گوتنی ڕاستیی ) بە شێوەیەکی بەهێز لەو تێڕوانینە مارکسیستییەدا بوونی هەیە کە دەڵێت کەوتنە ناو لە خەباتی چینایەتییەوە ڕێگر نییە لەبەردەم زانینی “بابەتیانە”ی مێژوودا بەڵکو ڕەخساندنیەتی. مانای پۆزەتیڤیستی باو بۆ زانین وەك میتۆدێكی بابەتیانە بۆ واقیع کە بە هۆی وابەستەبونێکی دیاریکراوی تایبەتییەوە نەشێوێنراوە (ئەوەی فۆکۆ بە “فۆرمە ئارامکەر و سستکەر و ئاساییکەرەوەکانی دەسەاڵتی مۆدێرنی ڕۆژئاوا” ناوزەدی دەکات) ئەوە ئایدیۆلۆجیایە بە پوختەترین شێوە – ئایدیۆلۆجیای “کۆتایی ئایدیۆلۆجی”. لەلایەکەوە زانینێکی “بابەتیانە”ی نا – ئایدیۆلۆجی پسپۆرمان هەیە. لەلایەکی ترەوە تاکە پەرشوبڵاوەکانمان هەیە، کە هەر یەکێکیان ئاگایی خۆیانیان لەسەر خودێتی خۆیان چڕکردۆتەوە ” idiosyncratic” ” ئاگا لەخۆبوون”(ئەو چەمکەی فۆکۆ لەو کاتەدا بەکاریهێنا کە وازی لە ئەزموونە ئێرانییەکەی خۆی هێنا)، شتێکی بچووك کە چێژ بە ژیانی تاکەکە دەبەخشێت. لەم تێڕوانینەی تاکگەرایی لیبرالیزم، وە وابەستبوونی گەردوونیی، بەتایبەتی ئەگەر مەترسی سەر ژیانیش بگرێتەوە، گوماناویی و نا-ژیرانەیە… لێرەدا ئێمە ڕووبەڕووی لێکدژییەکی سەرنجڕاکێش دەبینەوە: لەکاتێکدا ئەوە زۆر جێی گومانە کە مارکسیزمی تەقلیدی بتوانێت لێکدانەوەیەکی باوەڕپێکەرمان پێشکەش بکات بۆ سەرکەوتنی تاڵیبان، نموونەیەکی تەواو ئەوروپیمان پێشکەش دەکات لەچەشنی ئەوەی فۆکۆ لە ئێران بەدوایدا دەگەڕا ( وە ئەوەی لە ئێستای ئەفغانستاندا سەرنجمان داگیر دەکات)، نموونەیەکە کە بە هیچ ئایینێکی فەندەمێنتاڵەوە گرێنەدراوە، بەڵکو پەیوەستبوونێکی هەموانییە بۆ ژیانێکی باشتر. پاش سەرکەوتنی گەردوونیی سەرمایەداریی، ئەم گیانی پەیوەستبوونە هەموانییە سەرکوت کرا، وە ئێستا ئەم باری سەرکوتکردنە لەشێوەی فەندەمێنتاڵیزمی ئایینیەوە دەگەڕێتەوە. ئایا دەتوانین مەزەنەی گەڕانەوەی ئەو سەرکوتکراوە بکەین لە فۆرمە گونجاوەکەی خۆیدا وەك وابەستە بە ڕزگاربوونی هەموانەوە؟ لەڕاستیدا نەك دەتوانین مەزەنەی بکەین، ئەوە بە هێزێکی زۆرەوە لە دەرگاکانمان دەدات. با تەنیا ئاماژە بۆ کارەساتی گەرمبوونی گەردوون بکەین – ئەوە پێویستی بە هەڵوێستی هەموانیی زۆر گەورە هەیە، پێویستی بەوەیە لەو فۆرمەی خۆیدا شەهیدی بۆ بدرێت، قوربانییدان بە زۆربەی ئەو چێژبینینانەی پێیان ڕاهاتووین. ئەگەر ئێمە بەڕاستی بمانەوێت بەتەواوی شێوازی ژیانمان بگۆڕین، ناچار دەبین دەستبەرداری تاکگەرایی “ئاگا لەخۆبوون” ببین کە هەموو سەرنجی لەسەر بەکارهێنانی چێژبینینەکانمانە. ئەم کارە بەتەنیا زانستی پسپۆڕ ئەنجامی نادات – بەڵکو پێویستە زانستێکی ڕەگداکوتراوبێت لەوابەستەییەکی هەموانیی قووڵتردا. پێویستە ئەمە وەاڵمەکەمان بێت بۆ تاڵیبان. https://www.rt.com/op-ed/532207-zizek-taliban-retake-afghanistanreason/?fbclid=IwAR2QuNU24KxE1zs16Tzu9OcwW7OiWHI_DCnGFwrpM0Zj0K0Vk6g9ZKxmIds
سەرتیپ جەوهەر - گەلانی ناوچەكە چارەنوسیان بەدەستخۆیان نییە - بەر لە ئەفغانستان، روسیاو ئەمریكا لە عەفرین و سەرێكانی كشانەوە - كشانەوەی ئەمریكاو روسیا لەعەفرین و سەرێكانی، بازرگانی كردن بوو بەچارەنوسی گەلان - ئەمریكا زیاتر لە 6.4 تریلۆن دۆلاری لەعیراق و سوریاو ئەفغانستان خەرجكردووە - هەندێك پێیانوابوو ترەمپ لەستراتیژیەتی ئەمریكا لایداوە، كەچی بایدنیش لەئەفغانستان كشایەوە. كشانەوەی ئەمریكا لەئەفغانستان بەشێكە لەو زنجیرە رووداوەی كە هێشتا كۆتایی نەهاتووەو پێدەچێت روداوی دیكەشی بەدوادابێت. پێشتر چەند روداوێكی دیكەی هاوشێوە لەناوچەكە بووەو لێكەوتەو زیانەكانی لەوەی ئەفغانستان كەمتر نەبووە. بەڵام ئەوەی ئەفغانستان زۆرترین فۆكەس و تیشكی خرایەسەر لەلایەن میدیای ئەوروپی و عەرەبی و ناوچەكە بۆیە لەئێمەوە نزیك بوو. رووداوەكانی ئەو چەند ساڵەی دوایی كە دوایینیان كشانەوەی ئەمریكا بوو لەئەفغانستان، دەكرێت بڵێین چەند رەهەندێكی هەیە، واتە دەكرێت لەچەند سوچێكەوە تەماشای بكەین. یەكەمیان؛ ناوچەكە بەگشتیی واتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو گرنگییەی جارانی بۆ ئەمریكاو بەشێك لەوڵاتانی ئەوروپا نەماوە. جاران بەهۆی بوونی نەوتێكی زۆرو گرنگی وزە، وڵاتانی ئەمریكاو ئەوروپا گرنگی زۆریان بەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدا، بەڵام ئێستا وزە (نەوت) ئەو گرنگییەی جارانی نەماوەو پێدەچێت وڵاتانی زلهێز سیاسەتی خۆیان لەبارەی گرنگیدان بەناوچە نەوتییەكان بگۆڕن. سەرچاوەكانی وزە لەزیادبوونەو وزەی دیكەی دۆزراوەتەوە، بۆیە ئەگەرێكی بەهێز هەیە نەوت دوبارە دابەزینی گەورە تۆماربكات. هەروەك حەمەد بن جاسم سەرۆك وەزیرانی پێشووی قەتەر لەتویتەر نوسی "بەرزبونەوەی نرخی نەوت لەچارەكی كۆتاییەو ئیدی روو لەدابەزیندەكات" مەبەستی سەرۆك وەزیرانی پێشووی قەتەر ئەوەبوو كە دوایین جارە نرخی نەوت بەوشێوەیە بەرز دەبێتەوەو ئیدی بەرەو دابەزین دەڕوات و جارێكی دیكە ئەو نرخە بەخۆیەوە نابینیت. دووەمیان؛ ئەمریكا بەشێوەیەكی گشتیی سیاسەتی خۆی لەچۆنیەتی و شێوەی مامەڵەكردن لەگەڵ ناوچە پِڕ ململانێكان و ناوچەكانی بەرژەوەندی لێیە گۆڕیوە. ئەوەی رودەدات بەشێكە لەسیاسەتی نوێ. ساڵی 2003 ئەمریكا بۆ روخانی رژێمی سەدام، لەنێوان 125 بۆ 150 هەزار سەربازی هێنایە عیراق. ئەو پرۆسەیە، خەرجییەكی ئێجگار زۆر لەسەر ئەمریكا كەوت، ئەمە جگە لەزیانی گەورەی گیانی و روبەرووبونەوەی رەخنە لەناوخۆی ئەمریكاو لەلایەن وڵاتان و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ. سیاسەتی نوێی ئەمریكا لەدوای روداوەكانی سوریا دەستی پێكرد. سیاسەتی نوێی بریتی بوو لەدروستكردنی هێزی سەربازیی ناوچەیی و پشتیوانیكردنیان لەرووی ماددی و مەعنەوی، هەروەها ناردنی چەند تیمێكی هەواڵگری و شارەزا بۆ مەشقپێكردنی ئەو هێزە ناوچەییانە. بۆنمونە دروستكردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە ناوەڕاستی 2015 كە پڕچەكی كردن و مەشقی پێكردن، لەئاسمانیشەوە لەڕێی فرۆكەی جەنگی و فرۆكەی بێ فرۆكەوان و تەكنەلۆژیای نوێ پشتیوانی كردن بێ ئەوەی هیچ هێزێكی شەڕكەری ئەمریكا بەكاربهێنرێت. ئەو سیاسەتە بۆ ئەمریكا خەرجییەكی زۆر كەمتری هەبوو، هەروەك هیچ زیانێكی گیانیشی نەبوو. بۆیە هەمان سیاسەتیان گوێزایەوە بۆ عیراق بەڵام بەجیاوازییەكی كەم، ئەویش جێگیركردنی ژمارەیەكی زۆركەم هێزی سەربازیی لەهەندێ بنكەو شوێنی دیاریكراو وەك بنكەی عێن ئەسەدو هەولێرو فرۆكەخانەی بەغداو چەند شوێنێكی دیكە. سێیەمیان؛ دوو روویی وڵاتانی زلهێز بەرامبەر گەلانی ژێردەستەو لەبەرامبەر ئەو چەمكانەی لەمیدیاكانی خۆیان بانگەشەی بۆ دەكەن لەوانە (دیموكراسی، مافی مرۆڤ، مافی چارەی خۆنوسینی گەلان بۆ گەیشتن بە رزگاریی نیشتیمانیی). روسەكان هەمیشە باسی مافی گەلی كورد لەسوریا دەكەن، لەلێدوانە رۆژنامەوانییەكانیان پشتیوانی لەگفتوگۆی نێوان كوردو رژێمی سوریا دەكەن، بەڵام كە دانوستان و گفتوگۆ لەنێوان كوردو رژێمی سوریا دەبێت، لەسەر مێزی گفتوگۆدا روسەكان لەبەری رژێمی سوریا دادەنیشن و داكۆكی لەرژێمی سوریا دەكەن و داوا لەكورد دەكەن داوای ماف خۆبەڕێوبەریی و رێڤەبەری خۆسەر نەكەن و تەنها چەند مافێكی سەرەتایی رازیبن، وەك مافی خوێندن و بەشداری سیاسی لەدیمەشق. لەگەڵ ئەو لێدوانانەی روسەكان وەك پشتیوانیی لەچارەسەری پرسی كورد لەسوریا، دەبینین لەكۆتایی 2017 لەگەڵ تورك رێككەوتن عەفرینیان رادەستبكەن، سەرباری بڕیاری روبەرووبونەوە، بەڵام تورك توانیان لەسەرەتای 2018 بەهاوكاری گروپە تیرۆرستیەكان عەفرین داگیربكەن و بەهۆیەوە نزیكەی هەزار شەڕڤانی كورد شەهید بوون. هاوكات لەگەڵ دوو روویی روس، دەبینین ئەمریكییەكانیش بێ چاوڕوو چەند ناوچەیەكی رۆژئاوای كوردستانیان بەدەر لەهەموو بەهایەكی مرۆیی و پێچەوانەی ئەو چەمكانەی لەمیداكانی خۆیان و لەلایەن لێپرسراوانیان دووبارە دەكرێتەوە رادەستی تورك كرد. بەهۆیەوە جگە لەئاوارەبوونی سەدان هەزار مرۆڤی كوردو غەیرە كورد، هاوكات سەدان لاوی شەڕڤانی كورد لەوناوچانە شەهید بوون. بەهۆی ئەو كشانەوەیەی ئەمریكا روبەرێكی گەورەی رۆژئاوای كوردستان لە سەرێكانیەوە تاوەكو گرێ سپی كەوتە دەست توركیا. لێرەوە بۆمان دوپات بویەوە كە كشانەوەی روسیا و ئەمریكا لەعەفرین و سەرێكانی، بازرگانی كردن بوو بەچارەنوسی گەلان. بۆیە دەبێ ئەوە لەبەرچاو بگرین كە ئەوەی لەئەفغانستان روودەدات نامۆ نییە بۆ سیاسەتی ئەمریكاو ئەو دوو رووییە لەسیاسەتكردن بەرامبەر گەلانی ناوچەكە. بۆیە دەبینین مەزلوم عەبدێ فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات، لە 13 ئۆكتۆبەر گوتارێكی لە گۆڤاری فۆریەن پۆڵسی ئەمریكا لەژێر ناونیشانی "ئەگەر سەرپشك بین لەنێوان چارەسەر یان جینۆسایدی گەلەكەمان، بێگومان ژیانی گەلەكەمان هەڵدەبژێرین" وتیشی "ئێمە بەسنگی رووتەوە بەرامبەر خەنجەری تورك وەستاوینەتەوە". هەر لەسەر ئەو دوو رووییە لەسیاسەتی ئەمریكا، خان محەمەدیی وەزیری بەرگری ئەفغانستان روو لە ئەشرەف غەنی سەرۆكی وڵاتەكەی دەكات كە نوێنەرایەتی سیاسەتی ئەمریكای دەكرد دەڵێت "دەستەكانی لەدواوە بەستین و ئێمەی فرۆشت و هەڵات". مەبەست لەو قسەیەی محەمەدی ئەمریكا هەموو رێگاكانی لێگرتن و ئەفغانستانی رادەستی تاڵیبان كرد. كاتێك ئەمریكا لەسەرێكانی و گرێ سپی كشایەوەو ناوچەكەی بۆ توركیا جێهێشت بەشێك لەچاودێران پێیانوابوو ئەوەی رویداوە پەیوەندی بەبڕیاری دۆناڵد ترەمپ و سیاسەتی ئیدارەی ترەمپەوە هەیە نەك ستراتیجییەتی ئەمریكا، واتە ترەمپ لەستراتیجییەتی ئەمریكا لایداوەو جۆ بایدن سەرۆكی نوێی ئەمریكا راستی دەكاتەوە، بەڵام دەبینین لەسەردەمی جۆبایدن ئەمریكا لەئەفغانستان كشایەوە. یەكێكی دیكە لەو ئەگەرانەی ئێستا لەناوەندەكانی توێژینەوەو میدیای ئەمریكا یان ئەوروپا باسدەكرێت، پرسی روبەرووبونەوەی چین-ە وەك وڵاتێك كە پێگەیشتووەو خێرا پێشكەوتنی نوێ بەخۆیەوە دەبینیت بەتایبەتی لەرووی ئابوریی و تەكنەلۆجیاوە. بەپێی زانیارییەكانی دەخرێنەروو، ئەمریكا دەیەوێت تواناكانی خۆی كۆبكاتەوەو هەموو هەستەوەرەكانی روو لەچین بكات، تاوەكو رێگە لەو پێشكەوتن و گەشەكردنە خێرایەی چین بگرێت كە پێیوایە مەترسیە بۆسەر ئایندەی ئەمریكاو سەركردایەتیەكەی لەجیهان. بەپێی لێدوانی چەند رۆژلەمەوبەری جۆ بایدن-ی سەرۆكی ئەمریكا، واشنتۆن زیاتر لە دوو تریلیۆن دۆلاری لە ئەفغانستان خەرجكردووە، هەروەك بەپێی "بزنس إنسایدر" توێژینەوەیەك لەزانكۆی براون ماساچۆستس لە 2020 ئەمریكا لەعیراق زیاتر لە دوو تریلیۆن دۆلاری خەرجكردووە. هەروەك بەپێی راپۆرتی ساڵانەی زانكۆی براون لە (2020) خەرجی روبەرووبونەوەی تیرۆر لەعیراق و سوریاو ئەفغانستان لەماوەی رابردوو 6.4 تریلیۆن دۆلار كەوتووە. بێگومان رووداوەكانی چەند ساڵی رابردوو، هەڵسوكەوتی ئەمریكاو روسیا لەناوچەكە خوێندنەوەی زۆری بۆ دەكرێت، هەریەكە لەسوچێكەو رووداوەكان دەبینیت و شیكاریی بۆ دەكات، بەڵام ئەوەی لێی دڵنیاین چارەنوسی میللەتانی ناوچەكە بەدەست خۆیانەوە نییە! بۆیە دەبینین گۆڕانكارییەكان لەژێر كاریگەری سیاسەت و بەرژەوەندی وڵاتان دەبێت نەك خواستی میللەت یان گەلانی ناوچەكە.
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) حیزب له ههرێمی كوردستاندا دەرکەوتێکی نوێیە. ئهم دەزگا بیرۆکراسییە مۆدێرنە بەرهەمی گروپە شارییەکانی کۆمەڵگای کوردییە کە لەسەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە دەبن بە بزوێنەری وشیاریی تاکی کورد و بەرگرییکەر لە مافە نیشتیمانییەکانی. ئهم گروپانە هەم دونیابینیی و گوتارێكی نوێ، هەم وێنا و شوناسێکی تازەیان بۆ تاک و گهل و نهتهوه بهرههمهێنا كه پێشتر له كۆمهڵگای كوردییدا بوونی نهبوو. پشتئەستوور بە پرۆگرامە چواردەخاڵییەکەی سەرۆکی ئەوسای ئەمریکا، ویڵسن کە خاڵی دوازدەهەمینی بریتیی بوو لە سەربەخۆیی بۆ نەتەوەکانی ژێڕدەستی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی کە دواتر لە پەیمانی سیڤەردا بەرجەستەبوو، گوتارێکی سیاسییش لای خوێندەوارانی کوردیش گرۆبوو. ئەو گوتارە سیاسییەی کە ئەم گروپە خوێندەوارەی کورد بەرهەمیهێنا، بریتییه لهوهی كه كوردیش گهلێكه وهكو ههموو گهلهكانی تری دونیا، خاوهن خاك و مێژوو و زمان و كولتووری تایبهت به خۆیهتی و شایانی ئهوهیه نوێنهری ڕاستهقینهی خۆی ههبێت. بهم چهشنه یهكهم خهسڵهتی حیزبی كوردیی بریتییه له شارییبوون و بەرهەمهێنانی گوتاری سیاسیی لەلایەن گروپە خوێندەوارەکانییەوە. واته شار ئهو شوێنکاتەیە كه تیایدا کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی و کولتووری و حیزب و گوتاری سیاسیی لهدایكدهبێت و گەشەدەکات. شار دەبێت بەو نێوەندەی کە لەلایەن گروپە خوێندەوارەکانییەوە وێنایەکی نوێ بۆ چەمکی کوردبوون و ماف و ئازادیی بەرهەمدەهێنێت کە پێشتر لە کۆمەڵگای کوردییدا بوونی نەبوو. خەسڵەتی دووەمی حیزبی کوردیی بریتییە لە ململانێی نێوان دوو گروپی ستراتیژیی کە بە کردە ستراتیژییەکانیان کۆی پرۆسەی سیاسیی و کۆمەڵایەتییان لە هەرێمی کوردستاندا ئاراستەکردووە. ئەو دوو گروپەش بریتیین لە: گروپە ستراتیژییەکانی شار و گروپە ستراتیژییەکانی گوند. هەریەکێک لەم دوو گروپە کاریزمای خۆی بەرهەمهێناوە. کاریزمای سیاسییش لە کۆمەڵگای کوردستان بەشێوەیەکی گشتی لەسەر دوو بنەمای کۆمەڵایەتیی دروستدەبێت. کاریزما یان ئەوەتا سەرمایەیەکی ڕەمزیی کۆمەڵایەتیی، ئایینی هەیە، لە شێوەی شێخ و مەلا و سید و ئاغا و بەگ و هتد، وەک لای شێخ مەحمودی حەفید و مەلا مستەفای بارزانی و پاشان کوڕەکانی دەبینرێت. یان سەرمایەیەکی مەعریفیی و پیشەییان هەیە لە نموونەی نووسەر و ڕۆشنبیر و هونەرمەند، پارێزەر و مامۆستا و ئەفسەر و هتد. وەک لە گروپە ستراتیژییەکانی شاردا دەبینرێت. لە دڵداری شاعیر و ڕەفیق حیلمییەوە تا دەگات بە جەلال تاڵەبانیی و نەوشیروان مستەفا و بەرجەستەی ڕۆڵی ستراتیژیی ئەم گروپە شارییە دەکەن. گەرچی بنەما و پێگەی کۆمەڵایەتیی ئەم دوو گروپە سەرەکییەی ناو کۆمەڵگای کوردستان جیاوازن، بەڵام خاڵی هاوبەشی هەموو حیزبەکانی کوردستان کە خەسڵەتی سێیەمی حیزبە کوردییەکان پێکدەهێنن، بریتییە لە شوناسی بەجەماوەرییبوون. هەموو حیزب و رێکخراوەکانی کوردستانی عێراق خۆیان وەک حیزبی جەماوەریی نماییشدەکەن و خۆیان بە نوێنەری هەموو چینەکانی گەل و نەتەوە، بە کرێکار و جوتیار و هەموو توێژە کۆمەڵایەتییەکانی تری ناو کۆمەڵگا، دەزانن. خەسڵەتی چوارەم، پرۆسەی یهكگرتن و لێكجایبوونهوهیە. حیزبه كوردییهكان له ململانێی بهردهوامدان بۆ قهبهكردنی جهستهی سیاسیی و سەربازیی خۆیان. بەشێوەیەکی گشتیی ململانێی سەرەکیی لە کۆمەڵگای کوردستاندا لە دووئاستدا بەرجەستدەبێت. یەکەمیان ململانێی نێوان کەسایەتییە ناکۆکەکانی ناو حیزب خۆیەتی کە زۆرینەی کاتەکان بە دابەشبوون و جیابوونەوە کۆتاییهاتووە. دووهەمیان ململانێی نێوان حیزبەکانە لەگەڵ یەکتر کە یەکێک لە دەرکەوتەکانی توندوتیژیی و پێکدادانی چەکدارییە. بەم چەشنە فۆرمی ململانێکان تەنها سیاسیی و مەدەنیی نەبوون، بەڵکو لە قۆناغێکدا پەلدەهاوێژێت بۆ ململانێی چەکداریی نێوان حیزبەکان و تادەگات بە تەسفیاتی جەستەیی لەناو خودی حیزبەکان وەک لەدوای شەستەکان و دروستبوونی هەردوو گروپی باڵی جەلالی و مەلایی دەیبینین. هەم ململانێی گروپەکانی ناو یەک حیزب و هەم ململانێی نێوان حیزبەکانیش لەگەڵ یەکتر، جگە لەوەی لەسەر دەسەڵات و سەرمایەی رەمزیی و سەرمایەی ئابووریی بوو، رەهەندێکی شەخسیشی هەبوو کە سایکۆلۆژیای سەرۆکەکان و ڕق و دڕدۆنگیی پاڵنەرەکەی بوو. ئەمەش وادهكات كه ههر یهك لەو گروپە ستراتیژییانە ههوڵی ئهوهبدات کەسان و گروپ و حیزب و رێکخراوە بچووکەکانی تر لهناو جهستهی سیاسیی خۆیدا ئامێزانبکات، بۆئهوهی لهناو كۆمهڵگای كوردییدا لهڕووی قهباره و جهماوهر و چەکدارەوه سەرۆکەکەی ببێت به گەورەکاریزما و حیزبەکەشی ببێت بە حیزبی ژماره یهك. بۆیە یەکێک لە دیاردە دراماتیکییەکانی مێژووی ململانێی حیزبه كوردییهكان، مێژووی یهكگرتن و جیابوونهوهی بهردهوامی گروپە ستراتیژییەکان و کەس و نوخبە سیاسییەکانی كۆمهڵگای كوردییه لهگەڵ یهكتر و لهناو یهكتر. ئەم دیاردەی تێکەڵبوون و جیابوونەوەیە (ئینشیقاق) لە حیزبی هیواوە تاوەکو یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی ئەمڕۆ بە پاساو و هۆکاری جیاواز بەردەوامی هەیە و هێشتا کۆتایی نەهاتووە. خەسڵەتی پێنجەمی حیزبی كوردیی بریتییه له لۆكاڵییبوونی هێزە کۆمەڵایەتییەکەی له شارێك یان ناوچهیهكی دیاریكراودا. هیچ حیزبێكی كوردیی ئەمڕۆ ههمان پێگه و ئامادهگیی و هێزی له شار و شارۆچكهكانی دهرەوهی زێدی خۆیدا نییه. چەندە حیزبه كوردییهكان ناوكێكی ڕەقی کۆمەڵایەتییان هەیە، ئاوهاش ناوکێکی لۆكاڵییان ههیه. حیزبە کوردییەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان چهنده له زێده كۆمهڵایهتیی و جوگرافییه سیاسییەكهیان دوركهونهوه، ئهوهنده ژمارهی دهنگدهر و ئەندام و پێشمەرگەیان كهمدهبێتهوه. ئەم واقیعە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەی لەمڕۆی نەخشەی حیزبایەتیی هەرێمی کوردستاندا بەرقەرارە، ئەو ڕاستییە دەردەخات کە بانگەشەی خۆبەنوێنەرزانینی ڕاستەقینەی هەموو نەتەوە و بەرجەستەکەری ڕوحی گەل، جگە لە گوتارێکی پۆپۆلیستیی بەتاڵ هیچ مانا و ڕەهەندێکی تری نییە. بەکورتیی فاکتە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان شتێکی ترمان پێدەڵێن، بۆنموونە پارتی دیموکراتی کوردستان کە ئەم هەفتەیە ساڵیادی لەدایکبوونی حەفتاوپێنج ساڵەی تەمەنی سیاسیی خۆی کردەوە، لە هەڵبژاردنی 2018دا بۆ پەرلەمانی عێراق، لە پارێزگای سلێمانیی تەنها 48 هەزار دەنگی هێناوە و لەکاتێکدا لە دهۆک 354 هەزار دەنگی هێناوە کە دەکاتە حەوت ئەوەندەی دەنگدەرانی پارێزگای سلێمانیی. بێگومان هەر ئەم خەسڵەتی لۆکاڵییبوونە بۆ یەکێتی و حیزبەکانی تریش ڕاستییەکی سۆسیۆ سیاسییە. ماوێتی
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت دوای نزیكەی دوو دەیە جەنگی نێودەوڵەتی لە ئەفغانستان، كە درێژترین جەنگ بوو لە مێژووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، جارێكی تر بزوتنەوەی ئیسلامی تالیبان گەڕایەوەو جڵەوی دەسەڵاتی گرتەوە دەست، تالیبان چۆن گەڕایەوە ؟ ریشەی فیكری تالیبان لە كوێوە سەرچاوەی گرتووە ؟ ژێرخانی كۆمەڵایەتیو هۆزی پشتۆن رۆڵیان چی بوو ؟ زانكۆی (هارڤارد)ی تالیبان لە كوێیەو رۆڵی چییە لە دروستبوونی ئەم بزوتنەوەیەدا ؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. رێككەوتن لەگەڵ ئەمریكادا بەر لە گەڕانەوەی بۆسەر حوكم، رۆژی 29ی شوباتی 2020 بزوتنەوەی تالیبانو ئەمریكا رێككەوتنێكی مێژوویی دوو قۆڵییان ئیمزا كرد، ئەم رێككەوتنە لە شاری دەوحەی پایتەختی قەتەر كرا، حكومەتی ئەفغانستانو هیچ یەكێك لە پارتە سیاسییەكانی ئەو وڵاتە بانگهێشتی ناو ئەم رێككەوتنە نەكرابوون. بەندەكانی رێككەوتنەكە بەمشێوەیە بوون: • ئەمریكا لەماوەی چوار مانگدا سەرجەم بنكە سەربازییەكانو هێزە بیانییەكان لە ئەفغانستان دەكشێنێتەوە. • حكومەتی ئەفغانستان (5 هەزار) دەستگیركراوی تالیبان لە زیندانەكاندا ئازاد دەكات. • ناوی سەركردەو ئەندامانی بزوتنەوەی تالیبان لە لیستی سزاكانی ئەمریكا دەسڕێتەوە. • ئەمریكا بەڵێن دەدات جارێكی تر هێزی سەربازی بەكارنەهێنێتو دەستوەردان لە كاروباری سیاسی ناوخۆی ئەفغانستاندا نەكات. لەبەرامبەر ئەمانەدا، بزوتنەوەی تالیبان ئەم بەڵێنانەی بە ئەمریكییەكاندا: • رێگە بە هیچ گروپو كەسێك نادەین خاكی ئەفغانستان بەكاربهێنێت بۆ ئەنجامدانی هێرش یاخود دروستكردنی هەڕەشە لەدژی ئاسایشی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی لە داهاتوودا. • (هەزار) كارمەندی دەستبەسەركراوی حكومەتی ئەفغانستان كە سەربە ئەمریكایە ئازاد دەكەین. • دەست بە گفتوگۆی راستەوخۆی ئاشتی دەكەین لەگەڵ حكومەتی ئەفغانستان. چەند رۆژێك دوای ئەم رێككەوتنە، هەندێك لە سەرچاوە فەرمیو نافەرمییەكانی ئەمریكا ئاماژەیان بەوەكرد" تالیبان پەیوەست نابێت بە رێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ حكومەتی ئەفغانستانو زانیارییە هەواڵگرییەكان دەڵێن هەر دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، پەلاماری حكومەت دەداتو جارێكی تر دەگەڕێتەوەو دەسەڵات دەگرێتە دەست". ئایا ئەوە تەنیا رێككەوتن بوو لەگەڵ ئەمریكا كە تالیبانی دوای (20) ساڵ گەڕاندەوە بۆ سەر كورسی حوكم یاخود پاڵنەری تر هەبوو ؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، پەنا بۆ ناسینی رەگوڕیشەی بزوتنەوەی تالیبانو پێگەی لەناو كۆمەڵگەی ئەفغانیدا دەبەین. لەبارەی دروستبوونی تالیبانەوە زۆرینەی توێژینەوەكان مێژووی دروستبوونی بزوتنەوەی تالیبان بۆ ساڵی 1994 دەگەڕێننەوە، بەڵام لەراستیدا مێژووی بزوتنەوەكە ریشەیەكی قوڵتری هەیە، مەلا (عەبدولسەلام زەعیف) یەكێك لە دامەزرێنەرانی ئەم بزوتنەوەیە لە بیرەوەرییەكانی خۆیدا (ژیانم لەگەڵ تالیبان) دەڵێ چەندین ساڵ بەر لە 1994 بزوتنەوەی تالیبان بە هەمان ناوی خۆیەوە وەكو رەوتێكی ئاینیی زانستخواز لە ناوچە گوندنشینەكانی ئەفغانستاندا بوونی هەبووەو كاریكردووە، دواترو لەسەردەمی "جیهادی سۆڤیەتی"دا لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا، گروپی لۆكاڵی چەكداری لە زانایانو خوێندكارانی ئاینی بۆ روبەڕووبونەوەی داگیركەران دروستكردووە. وەكو زۆرینەی رەوتە ئاینییەكانی سەردەمی دوای ئیمپریالیزم لە جیهانی ئیسلامیدا، تەلەبەكانی خوێندنگەی ئاینیی (تالیبان) خۆیان لە هەرجۆرە بەشداریكردنێكی سیاسی بەدور دەگرت، جەختیان خستبوە سەر پرۆسەی پەروەردەو فێركردن، یەكەمین كارلێكی سیاسی تالیبان لە كۆتایی حەفتاكانی سەدەی رابردوودا بوو، واتە چەند مانگێكی كەم بەر لە شەڕی سۆڤیەت، ئەم تێكەڵاوبونەی تالیبان لەگەڵ سیاسەتدا دوو هۆكاری لەپشت بوو: یەكەم: فشاری ئەوكاتی حكومەتی شیوعی ئەفغانستان بۆ ناچاركردنی تالیبان بە پابەندبوون بە پرۆگرامی "چاكسازی كشتوكاڵیی" دووەم: هەڕەشەو راوەدونانی تالیبان لەلایەن حكومەتەوە وەڵامی تالیبان بۆ هەڕەشەكانی حكومەت، بەئامانجگرتنی لایەنگرانی حكومەت بوو. لەسەردەمی داگیركاریی سۆڤیەتو حوكمی شیوعییەكان لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا، تالیبان گروپی چەكداری لە باشوری ئەفغانستان دروستكرد، بەتایبەتی لە قەندەهار، لەم سەردەمەدا تالیبان زیاتر بایەخی بە پەروەردەو فێكردنی ئەو كەسانە دەدات كە لەڕووی ئاینییەوە پەیوەندییان پێوەدەكرد، بەڵام سیستمێكی دادوەریی تایبەت بەخۆی لە ناوچەكانی باشور دروستكردبوو، نێوەندگیریی دەكرد لە ناكۆكی نێوان خەڵكی ناوچەكەدا، بەڵام هیچ ستراتیژو بەرنامەیەكیو حزبێكی سیاسییان نەبوو، تا ئەم سەردەمە لایەنگرانی تالیبان لەناو پارتە سیاسییەكانی تری ئەفغانستاندا كاریان دەكرد، بەتایبەتیش ئەو پارتانەی كە لەڕووی ئاڕاستەی فیكرییەوە لە تالیبان نزیك بوون، لەسەرو هەمویانەوە بزوتنەوەی ئینقیلابی ئیسلامی كە (محەمەد نەبی محەمەدی) رێبەرایەتی دەكرد، مەلا (محەمەد عومەر) كە دامەزرێنەری تالیبانە لە روخسارە سیاسییەكەیدا، ناوەڕاستی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو یەكێك لە فەرماندە سەربازییەكانی بزوتنەوەی ئینقیلابی ئیسلامی بووە، دوای شكستهێنان بە یەكێتی سۆڤیەتو كشانەوەی لە ئەفغانستان لە ساڵی 1989، تالیبان گەڕاوەتەوە بۆسەر كاری خۆی كە خوێندنی ئاینییە. دوای چەند ساڵێك بێدەنگی لەڕووی سیاسییەوە، ساڵی 1994 جارێكی تر تاڵیبان گەڕایەوە بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسیو لەماوەی چەند مانگێكی كەمدا وەكو گەورەترین هێزی كۆمەڵایەتی- سیاسی ئەفغانستان دەركەوت. ریشەی فیكری تالیبان ریشەی فیكری بزوتنەوەی تالیبان بۆ تۆڕێك لە خوێندنگەی ئاینیی دەگەڕێتەوە كە زۆرینەی سەركردەكانی ئەم بزوتنەوەیە تێیدا خوێندویانە، ئەویش خوێندنگەكانی (دیوبەندی)یە (1). ئەم خوێندنگە ئاینییانە بەشێوەیەكی چڕ لە ئەفغانستانو پاكستاندا بڵاوبونەتەوە، سەدەی بیستەم ئەم جۆرە خوێندنگایانە لە ناوچە گوندنشینەكانی هەردوو وڵاتەكەدا گەشەیان كرد، ئەمە لەكاتێكدا بوو لەو سەردەمەدا لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامیدا پێگەی خوێندنگە ئاینییەكان لاواز دەبوو، خوێندنگە هاوچەرخە حكومییەكان شوێنیان دەگرتەوە. دیوبەندی.. هارڤاردی تالیبان رێژەی 90%ی سەركردەكانی بزوتنەوەی تالیبان لە خوێندنگەی ئاینی دیوبەندی پاكستان خوێندویانە، لەناو هەموو ئەو وڵاتانەی كە ئەم خوێندنگەی ئاینییەی تێدا بووە، لقی پاكستان لە هەموویان بەهێزتر بووە، سەركردە سیاسییەكانی ئەم خوێندنگەیە لەسەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی پاكستانەوە لە ساڵی 1947 رۆڵی گەورەیان هەبووە لە نوسینەوەی دەستوری پاكستانو بە ئیسلامیكردنی یاساكان لەو وڵاتەدا، ئەم كارەشیان لەرێگەی دروستكردنی گروپی فشارەوە كردووە، تا ئەو رادەیەی چەندین حكومەتیان لە پاكستان خستووە، ئەمە وایكردووە هەندێك لە توێژەران خوێندنگەی (دیوبەند)ی پاكستان بە "هارڤارد"ی تالیبان ناودەبەنو بەڕێوەبەری ئەم خوێندنگەیەش كە ناوی (شێخ سەمیع حەق)ە بە "باوكی تالیبان" وەسفدەكەن. ئەم پاشخانەی سەركردەكانی تالیبان لە پاكستانو بەشداربوونیان لە دامەزراندنی دەوڵەتێك بە دەستورێكی ئیسلامییەوە كاریگەری لەسەر مامەڵەی ئەوان لە داهاتوودا دەبێت. ئێستا كە ریشەی فیكری بزوتنەوەی تالیبان دەگەڕێندرێتەوە بۆ خوێندنگە ئاینییەكانی (دیوبەند)ی، بابزانین دیوبەندی چی بووە ؟ ئامانجی ئەم خوێندنگە ئاینییانە چی بووە ؟ لەكوێوە پارەیان بۆ دابین دەكرا ؟ پرۆگرامی خوێندنیان چۆن بووە ؟ ناوچەی بڵاوبونەوەیان چۆن بووە ؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە ریشەی فیكری بزوتنەوەی تالبیان دەردەخات. لەبارەی خوێندنگەی دیوبەندی دوای كەوتنی حوكمی وڵاتانی ئیسلامی لە باشوری ئاسیاو داگیركردنی هیندستان لەلایەن بەریتانیاوە، ئەو شۆڕشە ئیسلامییە چەكدارییەی كە زانایانی ئاینی ئیسلام رێبەرایەتییان دەكرد، لە ساڵی 1857دا شكستی هێنا، یەكێك لەوانەی سەركردایەتی ئەم شۆڕشەی دەكرد شێخ (محەمەد قاسم نانوتەیی) بوو كە دامەزرێنەری بزوتنەوەی (دیوبەند)ی بوو (2). دوای شكستهێنانی شۆڕشەكەیان، شێخ محەمەد نانوتەییو زانا ئاینییەكانی تر هەستیان بە خراپی بارودۆخەكە كرد، رۆشنبیری خۆرئاوایی لە ناوچەكە گەشەی دەكرد، بیریان لەوەكردەوە بەشێوەیەكی ئاشتیانە روبەڕووی ئەم تەوژمە نوێیە ببنەوەو پارێزگاری لە ناسنامەی ئیسلامی ناوچەكەیان بكەن، ئیتر لێرەوە بیرۆكەی بایكۆتكردنی داگیركاریی بەریتانیایان لە هەموو بوارەكاندا گەڵاڵە كردو دەستیان كرد بە دروستكردنی خوێندنگەی ئاینی (ئەم خوێندنگایانە دواتر ناویان لێنرا خوێندنگە عەرەبییەكان)، ئەمە بۆ پارێزگاریكردن بوو لە رۆشنبیری ئیسلامی لەبەرامبەر رۆشنبیری خۆرئاوایی لەو سەردەمەدا، خوێندنگە ئاینییەكان دەستیان كرد بە پێگەیاندنی زانایانی ئاینی، بوون بە ئەمبارێكی مرۆیی بۆ گەڕێكی نوێی شەڕ دژی ئیمپریالیزم. خانەی زانستی دیوبەند كە پێی دەوترێت "خوێندنگەی دایك" ساڵی 1877 بە تەنیا یەك مامۆستا (شێخ)و خوێندكارێكەوە دامەزرێندرا، دواتر چەندین خوێندنگەی تری ئاینی دروستكرا، تاكە خوێندكارەكەی خوێندنگەی دایك رێكخراوێكی بەناوی "بەروبومەكانی پەروەردە" دروستكردو سەركردایەتی شۆڕشێكی چەكداری كرد دژی بەریتانییەكان، ئەم خوێندكارە ناوی (مەولانا شێخ هیند مەحمود حەسەن) بوو. لێرەوە دەردەكەوێت ریشەی دروستبوونی خوێندگە ئاینییەكانی (دیوبەندی) دەگەڕێتەوە بۆ روبەڕووبونەوەی داگیركاری بەریتانیاو رۆشنبیری خۆرئاواییو ئەمە تایبەتمەندی یەكەمی خوێندنگە ئاینییەكەیە. تایبەتمەندییەكی دووەمی ئەم خوێندنگە ئاینییانە كە شێخ محەمەد قاسم نانوتەیی لەناو هەشت بنەمای تردا زۆر جەختی لەسەر دەكردەوە، مەسەلەی سەربەخۆیی دارایی بوو، ئەم خوێندنگایانە هیچ جۆرە پاڵپشتییەكی دارایی حكومیو تەنانەت وەقفەكانیشیان قبوڵ نەدەكرد، ئەمە بۆ ئەوە بوو خوێندنگەكان هەمیشە پشت بە خودا ببەستنو ئەم باوەڕە هەرگیز لاواز نەبێت. هاوكارییەكانی ئەم خوێندنگایانە لە خەڵكانی موسوڵمانی ناو كۆمەڵگەوە دابین دەكرا، كە رەوتی نانوتەیی جەختی لەسەر كاراكردنی رۆڵی ئەم كەسانە دەكرد لە كاروباری گشتیدا، لەرێگەی بەشداریپێكردنیان لە پرۆسەی بنیادنانو پارێزگاریكردن لە دامەزراوەیی خوێندنی ئیسلامی سەربەخۆ، ئەم شێوازە كاركردنە ئەنجامی گەورەی لێكەوتەوە، خوێندگە ئاینییەكانی دیوبەندی فراوان كردو كردی بە گەورەترین دامەزراوەی ئاینیی لە كیشوەری ئاسیادا، خوێندنگەكانی دیوبەندی لە (هیندستانو ئەفغانستانو بەنگلادیشو پاكستان)ەوە گەیشتە باشوری ئەفریقاو وڵاتانی خۆرئاوا بەدیاریكراویش بەریتانیا، بەجۆرێك بەپێی ئاماری خانەی زانستی دیوبەندی، ژمارەی خوێندنگە ئاینییەكان (200 هەزار) خوێندنگەی تێپەڕاندووە. تایبەتمەندی سێیەمی ئەم خوێندنگە ئاینییانە، دووبارە دانانەوەی زانایانی ئاینی بوو وەكو چاودێرو پاسەوان بەسەر دابونەریتەكانی كۆمەڵگەوە، كەوتنی دەوڵەتی موسوڵمانی هیندستان لەسەر دەستی بەریتانییەكان، لەو سەردەمەدا بۆشاییەكی سیاسیو یاسایی لە سەركردایەتیكردنی كۆمەڵگەدا دروستكردبوو، ئەمە وایكرد ئەم خوێندنگە ئاینییانە بۆشاییەكە پڕبكەنەوەو لەسەردەمی داگیركاریدا بەریتانیادا رۆڵی سەركردایەتیكردنی كۆمەڵگە لەڕووی زانستیو رۆحیو ئەخلاقیو تەنانەت دادوەریشەوە بدەنە دەست زانایانی ئاینی، ئەو سەردەمە ئەمانە دادگای سەربەخۆییان دروستكرد كە سەربە بەریتانییەكان نەبوو، واتە زانستو فێركردنی ئاینی لە رەهەندی وەزیفیو سودی دنیایی داماڵدراو تەنیا لە رەهەندی پەیامی ئاخیرەتو پارێزگاریكردن لە ناسنامەی ئیسلامی گەلدا كورتكرایەوە. تایبەتمەندی چوارەمی خوێندنگەكان بریتی بوو لە پەیكەری خوێندنگەكان كە (ئەهلی) بوون، بە پارەی دانیشوانی ناوچەكان دروست دەكران، دوربوون لە سەرپەرەشتیو چاودێری حكومەتەكانەوە، پرۆگرامی خوێندن لەم خوێندنگایانە دابەش بوو بوو بەسەر دوو بەشدا، بەشی یەكەم خوێندنی زانستەكانی (ئسوڵی فیقه، تەفسیر، فیقهی هاوچەرخ، حەدیس، زمانی عەرەبیو مەنتیقو فەلسەفە)، بەشی دووەم پەروەردەكردن بوو، ئەم خوێندنگانە بایەخی گەورەیان بە پەروەردەكردنی خوێندكارەكانیان دەدا، بناغەی پەروەردەكردن خۆپاكژكردنەوەی سۆفیانە بووە، بەڵام دور لە شێوازی سۆفیگەرێتی میللی روكەشو سروتو رێوڕەسمەكانی، كە ئەوان بەردەوام رەخنەی توندیان لێگرتووە. ئەم شێوازی پەروەردەكردنە لەرێگەی كارلێكی بەردەوامی نێوان مامۆستاو خوێندكارەكانی لەماوەی ساڵانی دورو درێژی خوێندندا بەرجەستە دەكرا، ئەمە لەپاڵ جێبەجێكردنی كردەیی دەقە شەرعییەكانو چارەسەری بەردەوامی نەفس بۆ رزگاركردنی لە ئاكارە خراپەكانی وەكو (خۆشەویستی دنیا، مەرایی، حەسودی)و خۆبەهێزكردن لە بواری (تەقوا، خشوعو زوهد)دا. لەسەر بنەمای تایبەتمەندییەكانی خوێندنگەی دیوبەندی، توێژەران خوێندنەوە بۆ ئاكارەكانی بزوتنەوەی تالیبان دەكەنو دەڵێن تایبەتمەندییەكانی (دژایەتی داگیركەر، دوركەوتنەوە لە رۆشنبیری خۆرئاوایی، سەربەخۆیی زانستیو دارایی، كاراكردنی رۆڵی كۆمەڵگە لە بنیادنانی دامەزراوە فێركارییەكان، دانانی زانایانی ئاینی وەكو رێبەری بەسەر كۆمەڵگەوە، شێوازی كۆنی خوێندنی ئاینی كە خۆی لە زوهدو پەیوەندی رۆحی بەهێز لەنێوان مامۆستاو خوێندكار دەبینێتەوە، توانای ئیدارەدانی تۆڕە فێركارییەكان بەشێوەیەكی لامەركەزی) لەو تایبەتمەندیانەی خوێندنگەی دیوبەندییە كە جگە لە بزوتنەوەی تالیبان لە هیچ رەوتێكی تری ئیسلامی نەریتیو هاوچەرخدا بەدی ناكرێتو ئەمە هۆكاری مانەوەو سەركەوتنی تالیبانە. ئەو بانگەوازە ئاینییەی كە بزوتنەوەی تالیبان لە هەناویەوە هاتوەتە دەرەوە، شێوازێكی تایبەتە لە قۆناغی نوێگەریو پاش نوێگەریدا، سەرباری ئەوەی هەندێك لە زانایانی ئیسلامی رەخنە لە خوێندنگەی دیوبەندی دەگرن بەوەی بەهیچ جۆرێك سود لە لایەنە ئەرێنییەكانی شارستانی خۆرئاوا وەرناگرێت، بەڵام دان بەوەشدا دەنێن جگە لەم خوێندنگەیە هیچ رێبازێكی تری ئاینی نەیتوانیوە بەمشێوازە خۆی لەبەرامبەر شارستانی خۆرئاوا راگرێت، بەتایبەتیش ئەگەر لە وڵاتێكدا بوبێت كە لەژێر حوكمی بیانییەكاندا بوبێت. رێگای پشتۆن.. ژێرخانی كۆمەڵایەتی تالیبان لەپاڵ مەسەلەی ریشەی فیكریدا، ژێرخانی كۆمەڵایەتی رۆڵی گەورەی گێڕاوە لەوەی تالیبان جارێكی تر هەستێتەوە سەر پێو جڵەوی حوكم بگرێتەوە دەست. ئەو ژێرخانە كۆمەڵایەتییە چی بوو كە وایكرد لە كۆتایی نەوەدەكاتی سەدەی رابردوودا تالیبان دەسەڵات لە ئەفغانستان بگرێتە دەستو دوای (20) ساڵ لە كەوتنی لەشەڕی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا، جارێكی تر بگەڕێتەوە سەر شانۆكە ؟ لەڕووی ئیتنیكییەوە زۆرینەی سەركردەكانی بزوتنەوەی تالیبان سەربە هۆزی "پشتۆن"ن، خەڵكی سەربەم هۆزە لە قەندەهارو كابول لە باشورو خۆرهەڵاتی ئەفغانستانەوە درێژدەبنەوە بۆ سنورەكانی پاكستان، پشتۆنەكان گەورەترین پێكهاتەی ناو ئەفغانستاننو زۆرینەی دەسەڵاتدارەكانی ئەفغانستان سەربەم پێكهاتەیە بوون. دانیشوانی ئەفغانستان بەمشێوەیە دابەشبووە بەسەر پێكهاتەكاندا: • پشتۆن: رێژەی (42%)ی كۆی دانیشتوان پێكدەهێنێت • تاجیك: 27% • ئۆزبەك: 9% • هەزارە (شیعە): 9% • توركمان: 3% • بلوچ: 2% • پێكهاتەكانی تر: ئەوەی دەمێنێتەوە سەرباری ئەوەی نزیكەی (30) هۆزی جیاواز لە ئەفغانستان هەنو ئەم هۆزانە بەرژەوەندیو دابونەریتی تایبەت بەخۆیان هەیە، بەڵام ئاستی پابەندبوون بە بنەماكانی هۆزەوە لەناو پشتۆنەكان زیاترە لە هۆزەكانی تر، رەنگە هۆكاری ئەمە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە هەموو تیرەكانی ناو هۆزی پشتۆن یەك ئاینو یەك زمانو یەك رەگوڕیشەیان هەیە، تا ئەو رادەیەی كۆكراوەیەكی ئەخلاقییان هەیە بەناوی "پشتۆن والی" واتا (رێگای پشتۆن)، جێبەجێكردنی بنەماكانی ئەم كۆكراوەیە پارێزگاری لە شەرەفی هەر تاكێكی ناو پشتۆنەكان دەكات، ئەم نەریتە خێڵەكییە سێ بنەمای سەرەكی لەخۆدەگرێت كە بریتییە لە: • میواندۆستی • تۆڵەكردنەوە • پەنادان جێبەجێكردنی ئەم بنەمایانە لە هەر بارودۆخێكدا بێت لەسەر تاكی پشتۆنی ئەركە، بنەمای پشتۆن لە خێزانەوە دەستپێدەكات بۆ بنەماڵە پاشان تیرەو لە كۆتایشدا هۆز، لە حاڵەتی ئاسایدا هۆز هیچ رۆڵێك بەسەر تاكو خێزانەكاندا نییە، بەڵام لەكاتی شەڕو ناكۆكیدا، ئەنجومەن لە گەورە پیاوانی هۆز دروست دەكرێت، ئەم ئەنجومەنە ناوی "جێرگا"یەو بەشێوەیەكی كاتی دروست دەكرێت، بڕیارەكانیان لەسەر بنەمای شەریعەتی ئیسلامیو دابونەریتی ناوچەكە دەردەكەن. پرسیارەكە ئەوەیە ئایا لەسەردەمی دەوڵەتی هاوچەرخدا كە كۆنترۆڵی هەموو جموجوڵەكانی كۆمەڵگەی كردووە، پشتۆنەكان چۆن توانیویانە پارێزگاری لەم ژیانە كۆمەڵایەتییەی خۆیان بكەن ؟ پشتۆنەكان كە لەناوچە گوندنشینەكاندا بڵاوبونەتەوە، بەردەوام بەرەنگاری هەژموونی دەوڵەتیان كردووە بەسەر ناوچەكانیاندا، لەپاڵ ئەمەدا ئەو ناوچانەی كە تێدا نیشتەجێن لەڕووی جوگرافییەوە ناوچەی سەختن، ئەم جوگرافیایە وایكردووە دەوڵەتە یەك لەدوای یەكەكانی ئەفغانستان نەتوانن بەتەواوەتی كۆنترۆڵی ناوچە گوندنشینەكان بكەن، ئەمە لەكاتێكدایە دانیشتوانی ئەم ناوچانە رێژەی 80%ی كۆی خەڵكی ئەفغانستان پێكدەهێنن. دوربوونی خەڵكی ئەم ناوچانە لە هەژمووی دوڵەت وایكردووە پەیوەندی خێڵەكی لەم ناویاندا بەبەهێزی بمێنێتەوە، لەڕووی بژێویو ئابورییەوە پشت بە خۆیان ببەستن نەك دەوڵەت، سەرباری ئەمانە زۆرینەی هۆزەكان وەكو قەوارەیەكی دژ بە ئیسلامو بەهاكانی تەماشای دەوڵەت دەكەن، لەپاڵ ئەمانەدا دەمارگیری هۆزەكان بۆ رەگوڕیشەو سەربەخۆیی رێژەیی خۆیان وایانكردووە دەوڵەت نەتوانێت كۆنترۆڵیان بكات. قۆناغی دوای سۆڤیەتو پێش تالیبان ئەمە قۆناغێكی راگوزەری قورسو پڕ لە شەڕو ئاژاوەیە لە مێژووی ئەفغانستاندا، حوكمی شیوعییەكان روخاوە، بەڵام هێشتا هەژموونی سیاسیو پەیكەری كۆمەڵایەتی لەناو ئەفغانستاندا ماوە، لەبەرامبەردا ئەو هێزە ئیسلامییانەی كە سەركەوتوون نەیانتوانیوە یەكێتییەكی بەهێز پێكبهێنن. دوو حزبی ئیسلامی لەسەردەمی "جیهادی سۆڤیەت"و شیعوییەكاندا ئەستێرەیان درەوشاوەتەوە كە بریتین لە: • (حزبی ئیسلامی) بە سەرۆكایەتی ئەندازیار (قەلبەدین حیكمەتیار) • (كۆمەڵەی ئیسلامی) بە سەرۆكایەتی پرۆفیسۆر (بورهانەدین رەبانی)و قەرماندەی سەربازی بەناوبانگ ئەندازیار (ئەحمەد شا مەسعود) ریشەی ئەم دوو هێزە ئیسلامییە دەگەڕێتەوە بۆسەر بزوتنەوەیەكی ئیسلامی هاوپەرخ كە كۆمەڵەی (ئیخوان موسلیمین)ەو كار لەسەر راكێشانی خوێندكارانی زانكۆ دەكات لە شاری كابولی پایتەختو شارەكانی تر بەلای خۆیدا. حیكمەتیار سەربە هۆزی پشتۆنە، بورهانەدین رەبانیو ئەحمەد شا مەسعودیش سەربە پێكهاتەی (تاجیك)ن، حزبی ئیسلامی مەركەزیەتێكی بەهێزی سیاسی هەیە، نەك سەربازی، كۆمەڵەی ئیسلامیش خۆی لە پەیوەندییەكی لەرزۆكی فەرماندە سەربازییە لۆكاڵییەكاندا دەبینێتەوە كە زۆرینەیان دەرچووی زانكۆ هاوچەرخەكانن بەڵام بەبێ بوونی هیچ پەیكەرێكی سیاسی بەهێز. ساڵی 1992 بەشێوەیەكی فەرمی حوكمی ئەفغانستان رادەستی هاوپەیمانێتییەك لە كەمینە ئیتنیو ئایدۆلۆژیو ئاینییەكان كرا، بەڵام لە واقیعدا ئەوەی هەبوو دوو هاوپەیمانی دژ بەیەكتر بوو، هاوپەیمانی یەكەم بریتی بوو لە هاوپەیمانێتی (تاجیك) بە رێبەرایەتی سەرۆك (بورهانەدین رەبانی)و (ئەحمەد شا مەسعود)ی وەزیری بەرگری حزبی (كۆمەڵەی ئیسلامی) لەگەڵ ژەنەراڵ دۆستەم كە شیوعییەكی ئۆزبەكییەو لە پاشماوەكانی رژێمی پێشووی ئەفغانستانە هەروەها (هەزارە) شیعەكانو پارتێكی شیوعی كە زۆرینەیان لە خەڵكە شارنشینەكەی هۆزی پشتۆنن، لەبەرامبەر ئەم هاوپەیمانێتییەدا هاوپەیمانێتییەكی تر هەیە كە سەرۆك وەزیران (قەلبەدین حیكمەتیار) سەرۆكایەتی دەكاتو پێكهاتووە لە حزبی ئیسلامیو لایەنگرەكانی كە زۆرینەیان پشتۆنن لەگەڵ پارتێكی شیوعی كە زۆرینەیان خەڵكە گوندنشینەكەی پشتۆنن. ئەم دوو بەرەیە كە لە هاوپەیمانێتییەكدا كۆبونەوە، هەرزوو توشی بەریەككەوتن هاتن، ئەفغانستان كەوتە ناو شەڕێكی خوێناوی ناوخۆییەوە. دەركەوتنەوەی تالیبان قەندەهار كە مەڵبەندی سەرەكی تالیبانو سەركردەكانی بوو، بێ بەش نەبوو لە شەڕەكە، لەپاڵ شەڕدا، پرۆسەی كوشتنو تاڵانیو تاوانی ئەخلاقی زیادیان كرد، خوێندكارانی خوێندنگە ئاینییە نەریتییەكان كۆبونەوە، لە مزگەوتی (سپی) لەناوچەی (سانجیسار)ی قەندەهار بڕیاریاندا روبەڕووی "گەندەڵی"و "تاوانكاریی" ببنەوە، مەلا (محەمەد عومەر) وەكو فەرماندەی خۆیان دیاریكرد، لێرەوە چیرۆكی سەرهەڵدانەوەی تالبیان دەستی پێكرد. سەرباری ئەوەی تالیبان بزوتنەوەیەكی مەلایەتی (خوێندكاری ئاینی)یە وەك لەوەی بزوتنەوەیەكی مەولەوییانە (زانایان) بێت، بەڵام هەندێك لە گەورە زانایان لەوانە (مەولەوی باسانای) فتوای شەرعیبوونی جوڵە نوێیەكەیان دەدات. لەسەرەتای ئەم جوڵە نوێیەدا، تالیبان هیچ بەرنامەو ستراتیژێكی سیاسی نییە، نایەوێت حكومەتی ئیسلامییەكان بڕوخێنێت، تەنیا كار لەسەر چارەسەری خراپی دۆخی ئەمنیو روبەڕووبونەوەی كەسانی رێگر لەناوچەكانی خۆی دەكات، پارێزگای قەندەهار بەتەواوەتی كۆنترۆڵ دەكاتو شەریعەتی ئیسلامی تێدا دەچەسپێنێت، دۆخی ئەمنی جێگیر دەكات، هەندێك وەفد لە پارێزگاكانی ترەوە دەچنە لای سەركردەكانی تالیبانو داوا دەكەن وەكو قەندەهار دۆخی ئەمنی ئەوانیش كۆنترۆڵ بكەن، تالیبان بە سوڵح دەچێتە ناو چەند پارێزگایەكی ترەوە، ژمارەیەكی زۆر چەكدار لە پارتە سیاسییەكانی ترەوە پەیوەندی بە تالیبانەوە دەكەن، لەم كاتەدا داوا دەكرێت شیوعییەكان لەناوو حكومەت دەربكرێنو حكومەتێكی ئیسلامی لە ئەفغانستان دروست بكرێتو كۆتایی بە شەڕ بهێنرێت، بەڵام ئەم داواكاریانە جێبەجێ نابن، تالیبان بەهێزەكەیەوە بەرەو ناوجەرگەی كابولی پایتەخت دەكشێت، تالیبان كە سەرەتا ژمارەی هێزەكەی كەمتر لە (100) كەس بووە، لە كۆتایی ساڵی 1996دا ژمارەی هێزەكەی دەبێت بە (30 بۆ 35 هەزار) چەكدار. رۆژی 26ی سێپتێمبەری 1996 دوای كشانەوەی حكومەتە ئیسلامییەكەو هێزەكەی لە پایتەخت، بزوتنەوەی تالیبان دەچێتە ناو كابولەوە. یەكەمین كارێك كە دوای كۆنترۆڵكردنی كابول دەیكات، بزوتنەوەی تالیبان لە شوێنێكی گشتیو لەبەرچاوی خەڵك (نەجیبوڵلا)ی سەرۆكە شیوعییەكەی پێشوو دەكوژێتو هەڵیدەواسێت، دواتر براكەشی كە بەڕێوەبەری دەزگای ئەمنی بووەو لەناو كۆمەڵگەی نەتەوە یەكگرتووكاندا لە ساڵی 1992 خۆی حەشارداوە، دەردەهێنێتو دەیكوژێت. كەوتنو هەستانەوەی تالیبان تالبیان دوای خستنی حكومەتە ئیسلامییەكەی دوای روخانی سۆڤیەت ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵ حوكمی ئەفغانستانی كرد، ساڵی 2001 دوای هێرشەكانی 11ی سێپتێمبەری ئەمریكا، تۆمەتبار كرا بەوەی پەنای رێكخراوی قاعیدەی داوەو لەخاكی ئەو وڵاتەوە پلانی هێرشەكە داڕێژراوە. ئەمریكا بە سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییەكی نێودەوڵەتی هێرشی كردە سەر ئەفغانستانو حوكمی تالیبانی روخاند، دوای (20) ساڵ شەڕو بەرەنگاری ئێستا تالیبان سەرلەنوێ حوكمی ئەفغانستانی گرتوەتەوە دەست، دیار نییە ئاكامی ئەم پەرەسەندنە نوێیە چۆن دەبێت، بەڵام پرسیاری سەرەكی ئەوەیە، ئەگەر تالیبان تەنیا بە پشكی هۆزی پشتۆن جارێكی تر بەدەسەڵات گەیشتوەتەوە، ئایا ئەوانەی پێش تاڵیبان كە بەهەمان شێوە سەربەم هۆزە بوون، چۆن نەیانتوانی بەرگری لە پێگەی سیاسی خۆیان بكەنو بمێننەوە، بەتایبەتیش هەندێك لەوانە ئیسلامییەكی پشتۆن بوون لە نمونەی (قەلبەدین حیكمەتبار)و دواتریش حامید كارزای كە هەر سەربە هۆزی پشتۆن بوو لەلایەن ئەمریكاوە پشتیوانی دەكرا، رەنگە وەڵامەكە ئەوەبێت، هەندێك لەوانە پشتیان بە شارنشینەكانی پشتۆنو خوێندكارانی زانكۆ بەستبێت، لە حاڵێكدا پشتۆنە راستەقینەكان ئەوانەی گرەوی سەركەوتنو شكست یەكلا دەكەنەوە گوندنشینەكانن، كە هەمان تێڕوانینو بیروباوەڕیان لەگەڵ بزوتنەوەی تالیباندا هەیە. ---------------- پەراوێزەكان: (1)- دیوبەندی: خوێندنگەیەكی فیكری بوو كە ژمارەیەك لە زانایانی ئاینی هیندستان دایانمەزراند، خانەی زانستی ئەم خوێندنگەیە لە شارۆچكەی (دیوبەند)ی هیندستان بوو، بۆیە رێبازەكە ناوی لێنرا (دیوبەندی)، زانایانی ئەم رێبازە بەمشێوەیە پێناسەی خۆیان دەكەن:" ئاینمان ئیسلامە، لە فیرقەی ئەهلی سونەتو جەماعەتین، مەزهەبمان حەنەفییە، سۆفیگەریی رێگامانە، باوەڕمان ماتوریدییە". (2)- محەمەد قاسم نانوتەیی زانایەكی ئاینی بەناوبانگە، ساڵی 1833 لە شارۆچكەی (نانوتە)ی هیندستان لەدایكبووەو هەندێك كەس رێبازەكەی بەناوی ئەم شارۆچكەیەوە ناودەهێنن، شارەزایی قورئانو حەدیس بووە، خاوەنی چەندین پەرتوكە. بۆ نوسینی ئەم راپۆرتە سود لەم توێژینەوەیە وەرگیراوە: تجربة طالبان: قراءة خلدونية سوسيولوجية في جذور وظهور الحركة، إعداد: كرم الحفيان- مركز المجدد للبحوث و الدراسات
شیكاری: درەو هەموو ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەچن هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (10/10/2021) بەڕێوەبچێت، بەڵام ئەوەی ئێستا هەستی پێدەکرێت، خەڵکی هەرێمی کوردستان لە حیزبە سیاسییەکان توڕەن و بانگەشەی هەڵبژاردنیش لە شەقام ساردو سڕو لە سۆشیال میدیا گەرمیییەکی شەرمنانەی پێوە دیارە. هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا ئەنجام دەدرێت؟ لەگەڵ ئەوەی زۆرێک لە چاودێران پێیان وابوو، لەوانەیە هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کاتی خۆیدا و ڕۆژی (10/10/2021) بەڕێوە نەچێت، بەڵام لە ئێستادا هەموو هەنگاوو هەڵوێستەکان ئەوە پیشان دەدەن کە هەڵبژاردنەکە لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوە دەچێت. دواین هەڵوێستی فەرمیش لەو بارەیەوە هەڵوێستی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراقە کە پێکهاتوون لە (بەرهەم ساڵح- سەرۆک کۆماری عێراق، مستەفا کازمی – سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و محەمەد حەلبوسی- سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران) لە ڕۆژی (3/8/2021) نووسینگهی مستهفا كازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند لهسهر داوای مستهفا كازمی هەرسێ سهرۆكایهتییهكهی عێراق به بهشداریی ژمارەیەک لە سەرکردەکانی لایهنه سیاسیهكان كۆبوونەتەوە. لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا هەر سێ سەرۆكایەتییەكە لەسەر ئەوە كۆك بوونە كه ههڵبژاردن لهوادهی خۆیدا ئهنجام بدرێت، داواش لهو لایهنه سیاسیانه بكهن كه له پرۆسهكه كشاونهتهوه، بهشداریی له ههڵبژاردنهكان بكهنو پێكهوه گفتوگۆیهكی ڕاشكاوانه بكهن لهسهر كێشهكان و بهههموان پرۆسهی دیموكراسی سهربخهن. کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکە لە کاتێکدا ئەنجام دراوە کە سەرۆک وەزیرانی عێراق لە گەشتێکی دیبلوماسی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (تایبەت بە ڕێککەوتنی ستراتیجی لەگەڵ ئەو وڵاتە) گەڕابوویەوە. بۆیە تێبینی ئەوە دەکرێت کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پاڵپشتی ئەوە دەکەن کە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بەڕێوەبچێت ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە پاڵپشتی دارایی خۆی بۆ هەڵبژاردنەکە پێشکەش بە (نوسینگەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەعێراق - یۆنامی) کردووە، لەم بارەیەوە ڕۆژی (8/2/2021) نوسینگەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق رایگەیاند، ئاژانسی ئەمریكی بۆ پەرەپێدانی جیهانی بڕیاریداوە (9 ملیۆن 700 هەزار) دۆلار بۆ پشتیوانیكردن لەهەڵبژاردنەكانی عێراق تەرخانبكات. بە گوێرەی راگەیەندراوی نوسینگەی رێكخراوەكە لە عێراق، ئەو پارەیەش لەپەرەدان بەتوانای كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و دابینكردنی چاودێری نێودەوڵەتیدا خەرج دەكرێت. هەر لەم بارەیەوە و دوو هەفتە بەر لە ئێستا باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاند، بە مەبەستی هاوکاریکردنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی عێراق وڵاتهكهی بەم دواییانە (9 ملیۆن و 700 هەزار) دۆلاری پێشکەشی رێکخراوی یۆنامی لە عێراق کردووە. بەمەبەستی هاوکاریکردن لە کاروباری هەڵبژاردن و پلانیشی هەیە پێنج ملیۆن و 200 هەزار دۆلاری دیکەش پێشکەشی عێراق بکات و چاوەڕوانی رەزامەندی کۆنگرێسن. باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئەوەشی رونكردۆتهوه، زیادکردنی هاوکاری ئەمریکا بۆ عێراق دەرئەنجامی گفتوگۆ ستراتیژیەکانی ئەم دوایانەی نێوان هەردوو وڵاتن. بانگەشەی هەڵبژاردن و لە کەشێکی ساردو سڕدا دوای ئەوەی رۆژی (8/7/2021)، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بەزۆرینەی دەنگ بڕیاریدا بە پەسەندكردنی ناوی ئەو كاندیدانەی كە ژمارەیان پێ بەخشرابوو. هاوکات بڕیاریشیدا لە رۆژی دەرچونی بڕیاری پەسەرند کردنی ژمارەی کاندیدەکانەوە، واتە لە رۆژی 8/7/2021ەوە بۆیان هەیە دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن بكەن تاوەكو سەعات 6ی سەرلەبەیانی رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی 7/10/2021. بەڵام وا نزیک (40) رۆژ دەبینەوە بەسەر ئەو وادەیەدا، حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەگەرچی بەشێکیان لە ناو خۆیدا جۆرێک لە گەرم و گوڕییان تێکەوتووە، بەڵام نەیانتوانییوە ئەو گەرم و گوڕییە بگوازنەوە نێو شەقام و گۆڕەپانی گشتییەوە. بەڵکو بە پێچەوانەوە شەقام تا دێت توڕە تر و دوردۆنگ تر دەبێت لە حکومەت و پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە ئێستادا کە دۆخی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لە هەرێمی کوردستان لەو پەڕی خراپیدایەو لێرەو لەوێ خەڵکی وەک ناڕەزایی دژ بە بێ ئاویی و بێ کارەبایی و نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست دێنە سەر شەقامەکان. بەپێی ڕاپۆرتێکی پەیمانگای کوردی بو هەڵبژاردن (KIE) کە لە (1/8/2021) بڵاوی کردووەتەوە، کۆمەڵێک هۆکار وایکردووە کە خەڵک لە بەشداری هەڵبژاردن ساردببنەوە، بەشی زۆری هۆکارەکانیشی دەگەڕێتەوە بۆ؛ 1. نەمانی متمانە لەنێوان دەنگدەر و نوخبەی سیاسی دەسەڵاتدار. 2. بەردەوامی ساختەکاری لە هەڵبژاردن و پاک و بێگەرد نەبوونی پرۆسەکانی هەڵبژاردن. 3. نەبوونی متمانە بە بێ لایەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان. 4. هەڵبژاردن نەیتوانییوە گۆڕانکاری لە ژیانی خەڵدا بکات. 5. دەستێوەردانی دەرەکی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان. 6. زانینی پێشوەختی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن 7. لەدەستدانی متمانە بە پرۆژەی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی. 8. کەمتەرخەمی هاوڵاتیان و هەستنەکردن بە بەرپرسیارێتی. دۆخی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران پارتی دیموکراتی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان لە (30/9/2018) وەک دواین هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای هەولێر (337 هەزار و 280) دەنگ و لە پارێزگای دهۆک (330 هەزار و 39) دەنگ و لە پارێزگای سلێمانی (68 هەزار و 567) دەنگی بەدەستهێنابوو پێکەوە دەکاتە (735 هەزار و 886) دەنگ، بەم پێیەش زۆرترین دەنگی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستانی بەدەستهێناوە. لە ئێستاشدا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پارێزگای هەولێر لە (4) بازنەی هەڵبژاردن (12) کاندید و لە پارێزگای دهۆک لە (3) بازنەی هەڵبژاردن (11) کاندید و لە پارێزگای سلێمانی لە (5) بازنەی هەڵبژاردن (5) کاندید هەیەو چاوی لەوەیە لە کەرکوکیش دەنگەکانی هەڵبکشێت و (2) کانیدیدی هەیە، لە دواین هەنگاویشیدا پارتی بڕیاریداوە لە سەرجەم ئەو ناوچەكوردستانیانەی دەرەوەی هەرێم كە بارەگای نییە نوسینگە بۆ كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بكاتەوەو سەرپەرشتییكردنی نوسینگەكانیش دەدات بە كاندیدەكانی تا خۆیان بانگەشە بكەن. بە وتەی عەدنان كەركوكی، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك_گەرمیانی پارتی دیموكرات " وەك پارتی لە ناوچە کوردستانییەکان بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانیان دەست پێکردووە و بەشێک لە کاندیدەكانیشیان گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، لە ھەر لەناوچەیەكی جێناكۆك و لەهەر پارێزگایەك كە پارتی بارەگای نەبێت نوسینگەیەک دەکاتەوە و سەرپەرشتیی بانگەشەی ھەڵبژاردنی تێدا دەكەن". هەروەها کرمانج عەبدوڵڵا بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەخموور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندووە: ''بارەگاکانی خۆمان وەرگرتووەتەوە و سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەین و کە تەواو بوون بە شکۆوە دەگەڕێینەوە، دوو بارەگامان لە مەخموور و سەرگەڕانن، چونکە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە، لەبەر ئەوەی تێک درابوون، بۆیە بڕیارە پێش هەڵبژاردن بگەڕێینەوە.'' کرمانج عەبدوڵڵا ڕوونیشی کردەوەتەوە: "بە گەرەنتی و سەربەرزییەوە دەگەڕێینەوە و پارێزراویش دەبین و لە کاتی گەڕانەوەش هێزی خۆمان دەبێت بۆ پارێزگاری لە خۆمان، بەڵام کاندیدەکان دەتوانن هەرکاتێک بیانەوێت بگەڕێنەوە، چونکە کادیر و ئەندامانی ئێمە لەوێن و تەنها بەشێک نەبێت، ئەوانیش دەگەڕێنەوە لەگەڵ تەواوبوونی بارەگاکان.'' یەکێتی نیشتمانی کوردستان یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان لە (30/9/2018) وەک دواین هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای هەولێر (100هەزار و 122) دەنگ و لە پارێزگای سلێمانی (224 هەزار و 255) دەنگ و لە پارێزگای دهۆک (25 هەزار و 676) دەنگی بەدەستهێنابوو پێکەوە دەکاتە (350 هەزار و 53) دەنگ، بەم پێیەش لەدوای پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین دەنگی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستانی بەدەستهێناوە. لە ئێستاشدا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان (هاوپەیمانی کوردستان)یان پێکهێناوە، یەکێتی لە نێو هاوپەیمانێتییەکەدا (26) کاندید و بزوتنەوەی گۆڕان (7) کاندیدی هەیە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی لە (5) بازنەی هەڵبژاردن (12) کاندید و لە پارێزگای هەولێر لە (4) بازنەی هەڵبژاردن (5) کاندید و لە پارێزگای دهۆک لە (3) بازنەی هەڵبژاردن (2) کاندید هەیەو لە پارێزگای کەرکوکیش (6) کاندید و لە پارێزگای سەڵاحەدین کاندیدێکی هەیە. بەڵام لە دوای (8ی تەموز)ەوە گۆڕانکاری گەورە لە نێو ئەو حیزبەدا ڕوویداوەو کێشەی قووڵ کەوتووەتە نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی، تا ئێستا دۆخەکە بەردەوامەو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرەدەسەنێت و سەرەڕای نێوەندگیری زۆر بەڵام ئاسۆیەکی ڕوون نییە بۆ چارەسەر، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئەو حیزبە جێهێشووە بۆ دەستکردن بە بانگەشەی هەڵبژاردن و تەنانەت (لاهور شێخ جەنگی) کە پێشتر سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستانی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو لە ڕۆژی (29/7/2021) دەستبەرداری پۆستەكە بوو، (قوباد تاڵەبانی) وەک سەرۆکی نوێی هاوپەیمانێتیەکە ناسێنرا. لە ڕۆژی (7/8/2021) سەرجەم کۆمیتەو مەڵبەندەکان ڕاسپێدراون کادرەکانی ئەو حیزبە دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن بەتایبەی لە سۆسشیال میدیا لۆگوی هاوپەیمانی کوردستان بڵاو بکەنەوە. بۆیە ئەوەی تا ئێستا هەستی پێدەکرێت بانگەشەی هەڵبژاردن لە شەقام ساردو سڕو لە سۆشیال میدیا گەرمیییەکی شەرمنانەی پێوە دیارە. بزوتنەوەی گۆڕان بزوتنەوەی گۆڕان، لە هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان لە (30/9/2018) وەک دواین هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای هەولێر (40 هەزار و 680) دەنگ و لە پارێزگای سلێمانی (153 هەزار و 472) دەنگ و لە پارێزگای دهۆک (6 هەزار و 438) دەنگی بەدەستهێنابوو پێکەوە دەکاتە (200 هەزار و 590) دەنگ، لەدوای پارتی و یەکێتی پلەی سێیەمی دەنگەکانی هەرێمی کوردستانی بەدەستهێنا. لە ئێستاشدا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان (هاوپەیمانی کوردستان)یان پێکهێناوە، گۆڕان لە نێو هاوپەیمانێتییەکەدا (7) کاندیدی هەیە، بەجۆرێک لە پارێزگای سلێمانی لە (5) بازنەی هەڵبژاردن (4) کاندید و لە پارێزگای هەولێر لە (4) بازنەی هەڵبژاردن (2) کاندید و لە پارێزگای کەرکوکیش کاندیدێکی هەیە. بەپێی لێدوانی سەرپەرشتیاری ژوری هەڵبژاردن و ئەندامی لیژنەی باڵای هاوپەیمانی كوردستان " گهشبینین ژمارهی كورسیهكانمان بهرزدهكهینهوه"،"بهوپێیهی ئهمجاره نهتهوهیهكگرتووهكان چاودێری پڕۆسەكەیە بەرەو ئەوە دەڕوات كەمترین ساختەكاری تێدا رووبدات." نەوەی نوێ نەوەی نوێ، لە هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان لە (30/9/2018) وەک دواین هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای هەولێر (55 هەزار و 649) دەنگ و لە پارێزگای سلێمانی (67 هەزار و 137) دەنگ و لە پارێزگای دهۆک (15 هەزار و 736) دەنگی بەدەستهێنابوو پێکەوە دەکاتە (138 هەزار و 522) دەنگ. لە ئێستاشدا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، (15) کاندیدی بەربژێر کردووە و لە پارێزگای سلێمانی لە (5) بازنەی هەڵبژاردن (5) کاندید و لە پارێزگای هەولێر لە (4) بازنەی هەڵبژاردن (4) کاندید و لە پارێزگای دهۆک لە (3) بازنەی هەڵبژاردن (3) کاندید هەیەو لە پارێزگای کەرکوکیش (3) کاندیدی هەیە. نەوەی نوێ هەر زوو لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری نەکردوو ڕێگای ئۆپۆزسیۆنی هەڵبژاردو بەو هۆیەشەوە چاوەڕێی ئەوەیە دەنگەکانی ڕوو لە هەڵکشان بکات، بەتایبەت هەنگاوەکانی ئەم دواییەی لەبارەی هەرزانکردنی نرخی بەنزین و ناردنی تەنکەری ئاوی خواردنەوە بۆ پارێزگای هەولێر و دابینکردنی کەپر بۆ خانەنشینان لە کاتی وەرگرتنی موچەکان، بەردەوامی ڕەخنە گرتن لە حکومەتی هەرێم لە ڕێگای میدیاکانییەوە دەرخەری ئەو ڕاستییە کە ئەم حیزبە بانگشەی هەڵبژاردنی بەشێوەیەکی بەرچاو و جیاواز لە پارتە سیاسییەکانی دیکە دەستپێکردووە. لایەنە ئیسلامییەکان (کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی) ئەگەر چی کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی دوو لایەنی ئۆپۆزسیۆنن لە هەرێمی کوردستان، بەڵام بەراورد بە نەوەی نوێ کەمتر جموجۆڵەکانیان هەست پێ دەکرێت، ڕەنگە بەشێکی هۆکارەکەی ئەوەبێت کە سیستمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کەمتر لە خزمەتی ئەمان و پارتە هاوشێوەکانیان بێت، چونکە سەرەڕای ئەوەی دەنگی چوارەم و پێنجەمیان هەیەو دەکرێت وەک پارتی بچوک لەم هەڵبژاردنە لە قەڵەم بدرێن، سەرباری ئەوەش دەنگەکانیان پەرت بڵاو دەبێتەوە، هەر بۆیە کەمترین کاندیدیشیان پێشکەشکردووە. کۆمەڵی دادگەری لە هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان لە (30/9/2018) وەک دواین هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای هەولێر (42 هەزار و 240) دەنگ و لە پارێزگای سلێمانی (71 هەزار و 183) دەنگ و لە پارێزگای دهۆک (3 هەزار و 902) دەنگی بەدەستهێنابوو پێکەوە دەکاتە (117 هەزار و 325) دەنگ. لە ئێستاشدا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، (5) کاندیدی بەربژێر کردووە و لە پارێزگای سلێمانی لە (5) بازنەی هەڵبژاردن (3) کاندید و لە پارێزگای هەولێر لە (4) بازنەی هەڵبژاردن (2) کاندید و لە پارێزگاکانی دهۆک و کەرکوک هیچ کانیدێکی نیە. هاوکات یەکگرتووی ئیسلامی لە هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان لە (30/9/2018) وەک دواین هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای هەولێر (13 هەزار و 263) دەنگ و لە پارێزگای سلێمانی (38 هەزار و 350) دەنگ و لە پارێزگای دهۆک (32 هەزار و 777) دەنگی بەدەستهێنابوو پێکەوە دەکاتە (71 هەزار و 127) دەنگ. لە ئێستاشدا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، (6) کاندیدی بەربژێر کردووە و لە پارێزگای سلێمانی لە (5) بازنەی هەڵبژاردن (2) کاندید و لە پارێزگای هەولێر لە (4) بازنەی هەڵبژاردن (2) کاندید و لە پارێزگای دهۆک لە (3) بازنەی هەڵبژاردن (2) کاندید و لە کەرکوک هیچ کاندیدێکی نیە.