Draw Media

گفتوگۆی: درەو "چەكدارانی داعش بە ئاشكرا لە چیای قەرەچوغن، نە سوپای عێراق و نە لیوای 14ی سەربە سیروان بارزانی تەقە لە داعش ناكەن، چەكدارانی داعش بە رێككەوتن لەوێن و پارتی بە ئاشكرا هاوكاریان دەكات و بەریداونەتە خەڵكی، چەكدارانی داعش بەناو رەبیەكانی پێشمەرگەدا هاتوون بۆ گوندی خدرجیجە" ئەمە وتەی غازی فەیسەڵ فەرماندەی پێشمەرگەی خۆبەخش و كارگێڕی مەڵبەندی قەرەچوغی یەكێتیە. غازی فەیسەڵ كە بەوتەی خۆی ناوچەكە بەتەواوی شارەزایەو چەندین ساڵە شەڕی داعش دەكات لەوێ‌، لە گفتوگۆیەكی (درەو)دا وردەكاری روداوەكەی خدر جیجەو پەلامارەكانی داعش لەو سنورە دەخاتەڕوو: دەقی گفتوگۆكەی (غازی فەیسەڵ) فەرماندەی پێشمەرگەی خۆبەخش و كارگێڕی مەڵبەندی (20 )ی قەرەچوغی یەكێتی: ماوەی چەند ساڵێكە لەوناوچانە شەڕی داعش دەكەم شارەزای تەواوی ناوچەكەم و ئاگاداری تەواوی جموجوڵەكانی داعشم لەو ناوچانە. دەیان بەڵگەم لەبەردەستە كە برادەرانی پارتی لە چیای قەرەچوغ هاوكاری و یارمەتی چەكدارانی داعش دەكەن، بەئاشكرا لە خەڵكیان بەرداون و نان و ئاویان دەدەنێ، دەیان بەڵگەم داوەتە دەزگا ئەمنییەكان و تەنانەت هاوپەیمانانیش. شاخی قەرەچوغ درێژیەكەی (25 بۆ 30 ) كیلۆمەترە بەرزیەكەی بەژنی كورتە (800) مەترە، شاخێكی ئاسان و سەهلەو سەخت نیە تا نەتوانرێت بەسەر چەكدارانی داعشدا زاڵ بین. شاخی قەرەچوغ دیوی لای مەخمور ناحیەی قەراجە دیوی لای خدر جیجە بەلای هەولێرەوە ناحیەی دیبەگەیەو ناوچەی كەندێناوەیە، ئەم ناوچەیە لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدایە، شاخی قەرەچوغ دیوی لای قەراج تەختانیەكەی نەك چیایەكەی لەژێر كۆنترۆڵی سوپای عێراقە، سەر شاخی قەرەچوغیش هێزی پێشمەرگەو لیوای 14ی لێیە كە سەربە سیروان بارزانیە، لێناگەڕێن هیچ هێزێكی دیكە تێكەڵیان بێت. گوندی خدر جیجە ئەو گوندەی كە شەوی رابردوو چەكدارانی داعش چەندین هاوڵاتی و پێشمەرگەیان تێدا شەهید كرد، سەربە ناحیەی دیبەگەیە لە دیوی هەولێری چیای قەرەچوغ، واتا لە سنوری ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەیە، بەپێی زانیارییەكانی من، چەكدارانی داعش بەناو رەبیەكانی پێشمەرگەدا هاتوون بۆ گوندەكان، رەبایەكانیش هەموویان لێك نزیكن، گوندی خدر جیجە دەكەوێتە دامێنی چیای قەرەچوغ كە زیاتر لە (35 ) رەبیەی لیوای 14ی سیروان بارزانی لێیە، ناوقەدی شاخەكەش چەكدارانی داعشی لێیە، بە ئاشكرا‌و بە ئیسراحەت دەسورێنەوەو دەردەكەون و چالاكی خۆیان دەكەن و شەوانە دەچنە گوندەكان. لە نێوان گوندی خدر جیجەو سەر شاخەكە داعشی لێیە، بەتەنیش رەبیەكانی پێشمەرگەدا هاتوچۆ دەكەن و مەرحەبای یەكدیش دەكەن، خۆم قسەم لەگەڵ پێشمەرگەكان كردووە، ئەوان دەڵێن پێیان وتووین نابێت یەك تەقە لە چەكدارانی داعش بكەن، چەندین جار هاوپەیمانانم ئاگاداركردووەتەوە بەتایبەت فەرەنسی و ئەمریكیەكان، فەرەنسییەكان توندن بەرامبەر بە داعش بەڵام ئەمریكیەكان لوعبەی دەكەن. چەكدارانی داعش شەو درەنگ دەچنە سەر گوندی خدر جیجە، پێدەچێت بۆ بارمتە گرتن و پارە سەندن چوبێتن، بەڵام كاتێك خەڵكی گوندەكە لێیان دێنە دەست، ئیتر شەڕ دروست دەبێت، هەشت بۆ نۆ پێشمەرگە لە مزگەوتی گوندەكەبوون (ئەوان سەر بە لیوای 14 نین، لە هەر گوندەو گروپێك پێشمەرگەیان دروستكردوە بۆ پارێزگاری لە گوندەكان) ئەوان بە ئۆتۆمبێل دەچن بە هاواری تەقەكانەوە، بەرلەوەی داببەزن داعش تەقەیان لێدەكەن یەك پێشمەرگە شەهید دەكەن و سیانیشیان بریندار دەكەن، لە كاتی گواستنەوەی بریندارەكان بۆ هەولێر، ئۆتۆمبێلە مێك زەمینیەكەیان وەرگەڕاو دوو پێشمەرگەی برینداریش شەهید دەبن، دواتر هێزێكی تایبەتی سەربە لیوای هەولێر دەچن بۆ گەڕانی ناوچەكە، دەكەونە كەمینی داعشەكانەوەو لێیان دەدەن و هەموویان شەهید دەكەن، لەم هەموو شەڕەدا لیواكەی سیروان بارزانی كە (35) رەبیەیان لەسەر چیای قەرەچووغەو لەناوچەی شەڕەكەن، یەك تەقە ناكەن و نایەن بەدەم خەڵك و پێشمەرگەكانەوە.  ئەو لیوایەی (14) سەر شاخی قەرەچوغ بۆخۆیان نایەنە خوارەوە، گوندەكانیان بە هەندێك خەڵكی ناوچەكە سپاردووەو فەوجێكیان بۆ كردوونەتەوە، هەربۆیە لە كاتی شەڕەكەدا تەنیا ئەو پێشمەرگانە شەڕیان كرد كە سەربەو فەوجانەن كە دروستیان كردوون.  من چەندین ساڵە لە ناوچەكەم شەڕی داعش دەكەم، دەزانم ئەوان لە كوێن و چی چەكێكیشیان پێیە، كڵاشینكۆف و ئاربیجی و ئێم فۆریان پێیە، ئەو چەكە حەراریانەش كە بەكاریان دێنن، ئەو ئێم فۆرانەیە كە لە هەولێر و سلێمانی دەیكڕن و دووربینی حەراری دەخەنە سەری كە هەردانەیەكی بە (80) وەرەقەیە.. چیای قەرەچووغ بە دیوی دیبەگەو كەندیناوە پێشمەرگەی لێیەو لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم و پێشمەرگەدایە، بەدیوی مەخمورو قەراجدا لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراقدایە و سوپای عێراقی لێیە، لە دیوی سوپای عێراقەوە پێشتر فیرقەی سێ لەوێ بوون، سوپای عێراق كە زۆربەیان سونەیە وەزیری بەرگری كە جبوریەو خەڵكی قەراجە ماڵی لە هەولێرە زۆربەی كەسە نزیكەكانی داعشن، برایەكیشی لەسەر ئەوەی داعش بووە ئێستا لە زیندانە، ئەو فیرقەیەی سوپای عێراق كە لە مەخمورە، ئەوانیش هەموو سونەن و ماڵی فەرماندەی فیرقەكەش لە هەولێرە بە رێككەوتن ئەو داعشانە لەوێن كەسیان تەقە لە داعش ناكەن نە سوپای عێراق و نە لیواكەی سیروان بارزانی.   یەكێتی لەوناوچەیە هێزی نیە، بەڵام من بۆخۆم چەند كەسێكم لەگەڵەو ناوماناوە هێزی خۆبەخش و چەندین جار لەگەڵ هاوپەیمانان و سوپای عێراقی دانیشتنم كردووەو پەیوەندیم باشەو كۆبونەوەم هەیە. هەموو كەسێكی ئەو ناوچەیە دەزانێت كە چۆن هاوكاری داعش دەكرێت، چەند بە ئاشكراو بە بێ ترس لەناوچەكەدا دەسوڕێنەوەو بە بەردەم رەبیەكانی پێشمەرگەدا هاتووچۆ دەكەن، لە هەندێك ناوچەی چیای قەرەچوغ بارەگای پێشمەرگەو بارەگاو شوێنی مانەوەی داعش چەند سەد مەترێك لەیەكەوە دوورە، تا ئێستا چەكدارانی داعش یەك تەقەیان لەو رەبیەیانە نەكردووەو بەبەردەمی رەبیەكاندا هاتوچۆ دەكەن و لە رەبیەكانیشەوە یەك تەقە لە چەكدارانی داعش نەكراوە، ئەو پێشمەرگانەشی شەهید بوون هیچیان سەربەو لیوایەی سیروان بارزانی نین كە لیوای (14) یەو لەسەر شاخی قەرەچوغ (35) رەبیەیان هەیە. بۆچی كەس ناپرسێت ئەو چەكدارانەی داعش دوای پەلامارەكە بۆ كوێ چون؟ كە چەندین كیلۆمەتر لەولای گوندی خدرجیجەوە هەر پێشمەرگەی لێیە، ئەی لەكوێوە هاتن و بۆ كوێ چون؟       


درەو: راپۆرتی كەركوك ناو  كوڕەكانی ئیسماعیل خەلیل، لەسەربانی خانووەكەیاندا لە گوندی خدر جیجەی بناری چیای قەرەچوغ سەنگەریان گرت، كاتێك هەواڵی هێرشی ژمارەیەك چەكداری داعش گەیشتە گوندەكەیان. كوڕە گەورەكان دەستیان بە وەڵامدانەوەی تەقەی چەكدارانی داعش كرد و بەرزانی 11 ساڵیش فیشەكی بۆ دەبردن. نزیك كاتژمێر 10ی شەوی پێنجشەممە 2ی كانونی یەكەم، چەكدارانی داعش هێرشیانكردە سەر گوندی خدر جیجەی سەر بە قەزای مەخمور، خەڵكی گوندەكە و ئەو پێشمەرگانەشی كە لە خاڵێكی سەربازیدا لەناو گوندەكە جێگیركرابون پێكەوە وەڵامی هێرشەكانی داعشیان دایەوە. یەكێك لە كوڕەكانی ئیسماعیل خەلیل، بە (كەركوك ناو)ی وت "هەركە دەست بە تەقەكردن كرا، چەكمان هەڵگرت و چوینە سەر بانی ماڵەكە و سەنگەرمان لێگرتن، بە هەموو جۆرە چەكێك تەقەمان لێدەكرا، كڵایشنكۆف، قەناس تەنانەت ئاڕپی چی-یش، تا توانامان هەبوو بەرگریمان كرد، دوو برام لە تەنیشت خۆمەوە كەوتن، بە چەكی قەناس پێكران، فیشەكم پێنەما... هاوارمكرد بەرزان فیشەك بێنە". بەرزان (11 ساڵ)، بەدەم هاواری براكەیەوە دەچێت و فیشەكەكان لە ژورەوە هەڵدەگرێت و بەرەو سەربان رادەكات. "گەیشتە سەر پەیژەكە و بەرلەوەی بگاتە سەربان كەوت"، بەرزان پارچەیەك فیشەكی ئاڕ پی چی بەركەتوو بەهۆیەوە گیانلەدەستدا. ئەوە سێیەم كوڕی ئیسماعیل خەلیل بوو كە لەو روداوەدا گیانلەدەستبدات. بەرزان ئیسماعیل خەلیل (11ساڵ) لە هێرشەكەی داعش بۆ سەر گوندی خدر جیجە لە سنوری مەخور گیانیلەدەستدا لەگەڵ سەنگەرگرتنی كوڕەكانی ئیسماعیل خەلیل، پێشمەرگەكانی ناو گوندەكەش - لەناو مزگەوتی  گوندەكە جێگیربون - لەو شەڕەدا پێشمەرگەیەكیان بەچەكی قەناس پێكراو دەستبەجێ گیانیلەدەستدا. هەروەها سیانی تریش برینداربون. سەرچاوەیەک لە هێزەكانی پێشمەرگە لە سنوری چیای قەرەچوغ، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەکاتی گواستنەوەی سێ بریندارەکە بۆ نەخۆشخانە، لە رێگا ئۆتۆمبێلەكە توشی روداوی هاتوچۆ دەبێت و بەهۆیەوە پێشمەرگەیەك گیانلەدەستدەدات... بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی-ش یەكێكی تر لە بریندارەكانی ئەو شەڕە كۆچیی دوایكرد". بەوەش كۆی قوربانییەكانی گوندی خدر جیجە دەبێتە شەش كەس. دوای روداوەكە، هێزەكانی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی لە بناری چیای قەرەچوغ ئەنجامدەدەن، بە ئامانجی راوەدونانی چەكدارانی داعش. عەقید نەجات خولە، فەرماندەیەكی هێزەكانی پێشمەرگە لەو ناوچەیە بە (كەركوك ناو)ی وت "ئۆتۆمبێلێكی هێزەكانی پێشمەرگە لەكاتی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا دەكەوێتە بۆسەی چەكدارانی داعش و بە داخەوە حەوت كەس شەهید دەبن". كۆی ژمارەی كوژراوەكانی شەوی رابردوی مەخمور، دەبێتە 13 كەس، بەڵام وەزارەتی پێشمەرگە بەیانی ئەمڕۆ هەینی لە دواین راگەیەنراویدا تەنیا ئاماژەی بە كوژرانی حەوت پێشمەرگە و سێ مەدەنی كردووە. عەقید نەجات خولە جەختیكردەوە "ئەو مەفرەزەیەی پێشمەرگە كە كەوتنە بۆسەی چەكدارانی داعشەوە، ویستبویان رێگریی بكەن لە دەربازبونی ئەو چەكدارانەی داعش كە هێرشیان كردبووە سەر گوندی خدر جیجە". "خۆم لە نزیك شوێنی روداوەکە بوم لە گوندی نازی کاند، بۆسەکە لەڕێی بۆمبێکی چێنراوەوە بوو". زنجیره‌ چیای قه‌ره‌چوغ، له‌ رۆژهه‌ڵاتی قه‌زای مه‌خمور و باشوری خۆرهه‌ڵاتی پارێزگای نه‌ینه‌وا، ناوچەیەكی تاڕادەیەك سەخت و زنجیرە چیای بەرزی لێیە و گونجاوە بۆ خۆحەشاردانی چەكدارانی داعش. هەروەها سنوری نێوان هێزه‌ عیراقییه‌كان و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یە. بەڵام شوێنی شەڕەكەی شەوی رابردوو لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە. مەخمور/ ئازاری 2020/ ئۆپەراسیۆنی چیای قەرەچوغ، فۆتۆ: دژە تیرۆری عیراق لە دوای راگەیاندنی كۆتاییهێنانی دەسەڵاتی داعش، لەلایەن حكومەتی عیراقەوە لە كۆتایی 2017، بەردەوام چەكدارانی داعش لەو زنجیرە چیایانە چالاكییان هەبووە دژ بە هێزە ئەمنییەكان و هاوڵاتیانی مەدەنی. بەپێی فەرماندەكانی پێشمەرگە لەو ناوچەیە، لە هێرشەكەی شەوی رابردوو "لانیكەم 40 چەكداری داعش بەشداربون و دابەشبون بەسەر دوو مەفرەزەدا". قەزای مه‌خمور، كە ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكە و له‌ دوای 2003ه‌وه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ئیداره‌ ده‌درا، به‌ڵام له‌ روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ه‌وه‌ كاتێك هێزه‌ عیراقییه‌كان بۆ ناوچه‌كانی جێناكۆك گه‌ڕانه‌وه،‌ دۆسیه‌ی ئه‌منیی و ئیداری له‌ژێر ده‌ستی حكومه‌تی عیراقدایە. وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە راگەیەنراوەكەیدا كە بەیانی ئەمڕۆ هەینی سێی كانونی یەكەم بڵاویكردەوە، "خوێنی شەهیدانمان بەفیڕۆ ناچێت و تیرۆریستان و ئەوانەی پاڵپشتیشیان دەکەن، دەبێ باجێکی گەورە بدەن". هەروەها رایدەگەیەنێت، کە هەماهەنگی و هاوکاری نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری و هاوپەیمانان، "پێویستە لە قۆناغی چەق بەستویی بێتە دەر، زۆر بەخێرایی و  بەبێ چاوەڕوانیکردن دەبێت ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دەستپێبکەین... نابێت تیرۆرستانناوچەی پارێزراوی خۆیان هەبێت". دیمەنێك لە هێرشی داعش بۆ سەر گوندی خدر جیجە ئەو شەڕە دوای دوو كاتژمێر هات، لە هێرشی ژمارەیەك چەكداری داعش بۆ سەر گوندی لیهبان لە سنوری ناحیەی سەرگەڕان لە باكوری كەركوك كە تاڕادەیەك هاوسنورە لەگەڵ بناری چیای قەرەچوغ. غازی فەیسەڵ، فەرماندی ھێزە خوبەخشەکانی قەرەچوغ – هێزێكی خۆبەخشە دژی بە چەكدارانی داعش لەو ناوچەیە شەڕدەكەن-، وتی "لە شەڕەكەی گوندی لیهبان، داعش تێكشكێنراوە و زیانی گیانی نەبووە". هاوڵاتییەكی گوندی خدر جیجە بەیانی ئەمڕۆ هەینی بە (كەركوك ناو)ی وت "سێ كەسمان لەدەستدا، ژیانی كەسمان پارێزراو نییە، ئەم ناوچەیە لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمدایە و كاری ئەوانە ژیانمان بپارێزن". هاوكات سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان، داوای كاردانەوەی توند و خێرایان كرد لە دژی چەكدارانی داعش لە عیراق، بۆ ئەوەش جەختیان لە هەماهەنگی زیاتری پێشمەرگە و هێزە عیراقییەكان كردەوە، ئەوەش بە پشتیوانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی. كاردانەوە و هەنگاوەكانی داهاتوو هەرچییەكبن، ئیسماعیل خەلیل ئەمڕۆ سێ كوڕی بەخاكسپارد، لەكۆی شەش كوڕ، دڵنیاش نییە لەوەی ئایندەی سیانەكەی تری چی دەبێت!


  درەو: مەسعورد بارزانی پەیامێكی توند و یەكلاكەرەوە ئاراستەی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق دەكات و دەڵێت " كورسیەكەی هەرێم كەمال ئاغا بەرامبەر بە كورسیەكەی سەرۆك كۆماری عێراقە" دوای زیادبوونی دوو كورسی بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان و كەمكردنەوەی دوو كورسی لە پارتی دیموكراتی كوردستان، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی زۆر نیگەران دەبێت و پێی وایە زیادبونی كورسیەكانی یەكێتی بە هەوڵی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق كراوە لە رێگەی كەریم تەمیمی راوێژكاری سەرۆك كۆمار بۆ كاروباری هەڵبژاردن و حاكم عومەر ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانەوە . سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی بە (درەو)ی راگەیاند: مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە رێگەی كەسێكی نزیكیەوە پەیامێكی توندی ئاراستەی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق كردووە لەسەر زیادكردنی ئەو دوو كورسیە بۆ یەكێتی. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بە پەیامەكەی مەسعود بارزانی كردو رایگەیاند: پەیامەكەی بارزانی زۆر توندووبووەو بە كەسێكی نزیكی خۆی بۆ بەرهەم ساڵحی ناردووە و بە روونی پێی راگەیاندووە: -    بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمارو فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری كورسیەكانی پارتیان دزیوە.. -    دەبێت بەرهەم ساڵح ئەوە بزانێت ئەو كورسیەی زیادی كردووە لە هەولێر بۆ هەرێم كەمال ئاغا لەبری كورسی سەرۆك كۆمارە. -    ئەم پەیامە تایبەتە بە خودی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، وەك ئاماژەیەك بەوەی رازیە بەوەی كەسێكی تر لەناو یەكێتی پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرێت بەڵام بەرهەم ساڵح نەبێت.  لەدوای پەیامەكەی مەسعود بارزانی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوەتەوەو بە هەمان نەفەسی پەیامەكەی مەسعود بارزانی بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوەوبەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقی تۆمەتباركرد بە دەستكاری كردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و  رایگەیاند: بە دەستوەردانی سەرۆك كۆمار، ماوەی تانە لێدان بە نایاسایی درێژكرایەوە بەمەبەستی دەستكاریكردنی ئەنجامەكان مەسعود بارزانی بەروونی رای خۆی دەربڕیوە كە رێگە نادات بەرهەم ساڵح ببێتەوە بەسەرۆك كۆماری عێراق، ئایا یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بەرپرسانی ئەو حزبە دەچنە ژێر بڕیارەكەی مەسعود بارزانیەوە، یاخود هاوشێوەی 2018 خۆیان بڕیار دەدەن و بە بێ بارزانی كورسی سەرۆك كۆمار بۆ بەرهەم ساڵح مسۆگەر دەكەنەوە.   


 راپۆرتی: درەو هەرێمی کوردستان خاوەنی (39) زانکۆی حکومی و ناحکومییە بە جۆرێک وەزارەتی خوێندنی باڵا خاوەنی (18) زانکۆ و کۆلێژە زانکۆییە، لەگەڵ (21) زانکۆی ناحکومی، سەرەڕای بوونی (14) پەیمانگای ناحکومی. زیاتر لە (150) هەزار خوێندکار لە زانکۆو پەیمانگا حکومییەکان دەخوێنن مانگانە پێویستان بە (7 ملیار) دینارە بۆ خەرجکردنی دەرماڵەکانیان، لە کاتێکدا وەزارەتی خوێندنی باڵا دەیان سەرچاوەی داهاتی هەیە و داهاتەکەی ساڵانە بە (100 ملیار) دینار دەخەمڵێندرێت. زانکۆ و دامەزراوە ئەکادیمیەکانی کوردستان هەرێمی کوردستان خاوەنی (39) زانکۆی حکومی و ناحکومییە بە جۆرێک وەزارەتی خوێندنی باڵا خاوەنی (18) زانکۆ و کۆلێژە زانکۆییە، لەگەڵ (21) زانکۆی ناحکومی، سەرەڕای بوونی (14) پەیمانگای ناحکومی. بەپێی داتاکانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی تا ساڵی خوێندنی (2020 - 2021)، (147 هەزار و 731) خوێندکار لە زانکۆ حکومییەکان دەیانخوێند، بەڵام ئێستا ڕێژەکە بەرزبووەتەوە. چونکە لە ساڵی نوێی خوێندنی (2021 - 2022)  (47 هەزار و 746) خوێندکاری نوێ لە زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان وەرگیراون ، بێگومان ژمارەیەک خوێندکاریش لە ساڵی ڕابردوودا خوێندنیان تەواو کردووە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ڕێژەکەیان ناگات بەو ژمارەیەی کە لە ئەمساڵی خوێندن وەرگیراون، بۆیە ژمارەکە لە ئێستادا بەرزتربووەتەوە. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە گەیشتووە بە ( 150 هەزارو 560) خوێندكار. پێویستە ئاماژە بەوەش بکەی کە بە پێی زانیارییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا (30 هەزار و 308) میلاکی مامۆستاو فەرمانبەری هەیە، بەشێوەیەک بە شێوەیەک نزیەکەی (11 هەزار) کەسیان مامۆستان و ئەوانیتر فەرمانبەرن. هەر بەپێی زانیارییەکان کە پێشتر ئاماژەمان پێدا زانکۆ پەیمانگا حکومی ناحکومییەکان بریتین لە؛   یەکەم/ زانکۆ حکومیەکان لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا (18) زانکۆ و دامەزراوەیی حکومی هەیە، کە دابەش بون بەسەر شارەکانی کوردستان، ئەوانیش؛ (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) خشتەی ژمارە (1) لیستی ناوی زانکۆ و دامەزراوە حکومیەکانی هەرێمی کوردستان دووەم/ زانکۆ تایبەتەکان تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان (21) زانکۆ و لقی زانکۆیی لە شارەکانی کوردستان کراونەتەوە، كه‌ ئه‌مانه‌ن: (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) خشتەی ژمارە (2) لیستی ناوی زانکۆ تایبه‌ته‌كانی هەرێمی کوردستان سێیەم/ پەیمانگە تایبەت و ناحکومییەکان بەهەمان شێوە بەسود وەرگرتن لە یاسای زانکۆ تایبەتەکان و، لەبەر ڕۆشنایی ڕێنمای کردنەوەی پەیمانگەی تایبەت تا ئێستا (١٤) پەیمانگە لە شار و شارۆچکە جیاکانی هەرێمی کوردستان بەپسپۆڕی جیا و بەپێی پێداویستەکانی بازاری کار کراونەتەوە، كه‌ ئه‌مانه‌ن: (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)) (خشتەی ژمارە (3)) لیستی ناوی په‌یمانگه‌ تایبه‌ته‌كانی هەرێمی کوردستان وەرگرتنی خوێندکار لە زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان (2018 -2021) بەپێی داتاکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە چوار ساڵی ڕابردوودا (167 هەزار و 683) خوێندکار لە زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان وەگیراون، بەڵام پێویستە تێبینی ئەوە بکرێت بەشێک لە ژمارەیە لە ئێستاد خوێندنیان تەواو کردووە، بەتایبەت ئەوانەی پەیمانگاکانیان خوێندووە، بۆیە کۆی ئەو ژمارەیەی سەرەوە لە ئێستادا کەمترە، وەرگرنی خوێندکارانیش بەم جۆرە بووە؛ (بڕوانە خشتەی ژمارە (4)) -     ساڵی خوێندنی (2018-2019): (28 هەزار و 608) خوێندکاروەرگیراون  لە کۆی (47 هەزار و 681) پێشکەشکار. -    ساڵی خوێندنی (2019-2020): (41 هەزار و 698) خوێندکاروەرگیراون  لە کۆی (56 هەزار و 531) پێشکەشکار. -    ساڵی خوێندنی (2020-2021): (49 هەزار و 496) خوێندکاروەرگیراون  لە کۆی (59 هەزار و 698) پێشکەشکار. -    ساڵی خوێندنی (2021-2022): (47 هەزار و 746) خوێندکاروەرگیراون  لە کۆی (52 هەزار و 532) پێشکەشکار. (خشتەی ژمارە (4)) ژمارەی خوێندکاری وەرگیراو لە زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان ساڵانی (2018 -2021) جۆرەکانی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان بەگشتی جۆرەکانی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان بەشێوازی (گشتی، پارالێڵ، ئێواران)ن، بەپێی داتاکانی بەردەست بۆ ساڵی خوێندنی (2019-2020) لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان بەراورد بە ساڵێک پێشتر بە ڕێژەی (30%) کورسی پلانی خوێندنی بەرایی زیاد کرا، کە لەو ساڵەدا  (41 هەزار و 833) خوێندكار بە سیستمەکانی (زانکۆلاین، پارالێل و ئێواران( وەرگیران، بەشێوەیەک: 1.    لە خوێندنی گشتی و (خۆڕایی) (28 هەزار و 185) خوێندکار و بە ڕێژەی (74%)ی لەکۆی گشتی وەرگیران. 2.    لە خوێندنی پارالێڵ (پارە) (3 هەزار و 136) خوێندکار و بە ڕێژەی (8%)ی لەکۆی گشتی وەرگیران. 3.    لە خوێندنی ئێواران (5 هەزار و 544) خوێندکار و بە ڕێژەی (14%)ی لەکۆی گشتی وەرگیران. 4.    لە قۆناغی دووەمی وەرگرتندا (1 هەزار و 481) خوێندکار و بە ڕێژەی (4%)ی لەکۆی گشتی وەرگیران. بۆ ساڵی خوێندنی (2020-2021) لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان لەو ساڵەدا  (49 هەزار و 496) خوێندكار بە سیستمەکانی (زانکۆلاین، پارالێل و ئێواران( وەرگیران، بەشێوەیەک: 1.    لە خوێندنی گشتی و (خۆڕایی) (32 هەزار و172) خوێندکار و بە ڕێژەی (65%)ی لەکۆی گشتی وەرگیران. 2.    لە خوێندنی پارالێڵ (پارە) (8 هەزار و 909) خوێندکار و بە ڕێژەی (18%)ی لەکۆی گشتی وەرگیران. 3.    لە خوێندنی ئێواران (8 هەزار و 414) خوێندکار و بە ڕێژەی (17%)ی لەکۆی گشتی وەرگیران. بۆ ساڵی خوێندنی (2021-2022) لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان لەو ساڵەدا  (49 هەزار و 496) خوێندكار بە سیستمەکانی (زانکۆلاین، پارالێل و ئێواران( وەرگیران، بەشێوەیەک: 1.    لە خوێندنی گشتی و (خۆڕایی) (31 هەزار و28) خوێندکار و بە ڕێژەی (65.5%)ی لەکۆی گشتی وەرگیران. 2.    لە خوێندنی پارالێڵ (پارە) (9 هەزار و 370) خوێندکار و بە ڕێژەی (19.8%)ی لەکۆی گشتی وەرگیران. 3.    لە خوێندنی ئێواران (6 هەزار و 960) خوێندکار و بە ڕێژەی (14.7%)ی لەکۆی گشتی وەرگیران. داهات و خەرجییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا تا ئێستا داهات و خەرجی وەزارەتی خوێندنی باڵا بە ناڕوونی ماوەتەوە، پەرلەمانتارانیش نەیانتوایوە بگەن بە زانیاری دروست لەو بارەیەوە، بەڵام ئەوەی ڕوونە وەزارەتەکە بەچەندین شێوازی جیاواز پارەی دەستدەکەوێت، ئەوانیش (خوێندنی پارالێڵ، خوێندنی ئێواران، بەکرێدانی کافتریاکان، رسوماتی زانکۆ تایبتەکان، رسوماتی پەسەند کردنی بڕوانامەکان، سەنتەرە جیاوازەکانی زمان و کۆمپیوتەر،  بەکرێدانی موڵکەکانی وەزارەت و چەندین ڕێگەو شێوازی تر). جێی ئاماژەیە بەپێی لێدوانێکی عومەر گوڵپی، ئەندامی لێژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی کوردستان کە بە ماڵپەڕی بوار نیوزی راگەیاندووە: "داهاتی وەزارەتی خوێندنی باڵا رون نییە چەندە؟ بۆیە ئێمە پێشتر پرسیارمان لەبارەی داهاتی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ وەزیری خوێندنی باڵا ناردووەو لە وەڵامدا وەزیری خوێندنی باڵا دەڵێت: بۆ زانینی داهاتی وەزارەتەکەی، پرسیار لە وەزارەتی دارایی بکەن، بۆیە ئێمە جارێکی دیکە پرسیاری زانینی داهاتمان بۆ وەزیر ناردۆتەوەو ئەگەر وەڵام نەداتەوە ئەوا پرساندنی لە پەرلەمانەوە بۆ دەکەین". گوتوشیەتی: "بەپێی خەملاندنەکانمان داهاتی وەزارەتی خوێندنی باڵا بە درێژایی ساڵ 100 ملیار دینار دەبێت". دەربارەی خەرجکردنی داهاتەکەشی بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران 70%ی داهاتی زانکۆکان بۆ خۆیان و 30%ی بۆ حکومەت دەبێت. بەم پێیەش ئەگە داهاتی وەزارەتی خوێندنی باڵا ساڵانە (100 ملیار) دیناربێت، (70 ملیار) دیناری خۆیان خەرجی دەکەن و (30) ملیار دیناریشی دەگێڕنەوە بۆ گەنجینەکانی وەزارەتی دارایی. ئەمە سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی دارایی بەشێکی تر لە خەرجییەکانی وەزارەتی دارایی دابین دەکات، بە پێی نوێترین زانیاری لە ڕۆژی 30/11/2021 وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری ڕونكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌ خه‌رجی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "خه‌رجییه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ‎له‌ 1/1/2021 تاوه‌كو 24/11/2021 ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ٣٦٩ نوسراوی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی دراوه‌ كه‌ بڕه‌كه‌ی (14 ملیار و 262 ملێون و 911 هه‌زار و 240) دیناره‌. ئه‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ تاوه‌كو 15/12/2021 زیاتر ده‌بێت". بەم پێیەش ئەو خەرجییانەی لە ساڵێکدا (15ملیار) دینار تێدەپەڕێنێت. ‎ دەرماڵەی خوێندکاران لە نێوان وەزارەتی دارایی و خوێندنی باڵا  دوای ئەوەی لە کۆتاییەکانی ساڵی 2014 خەرجکردنی دەرماڵەی قوتابیان و زانکۆ حکومییەکان ڕاگیرا، ساڵانە خوێنکاران بۆ ئەو مافەی خۆیان بە شێوازی جیاجیا فشار لە حکومەت دەکەن بۆ خەرجکردنی دەرماڵەکانیان، لە ئەمساڵدا لە نیوەی دووەمی مانگی 11ی ئەمساڵ فشاری خوێندکاران توندبووەو خۆپیشاندانی گەورەی لێکەوەتەوە، تا ئێستاش حکومەتی هەرێم بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی نەداوە بۆ چارەسەرکردنی ئەوە پرسە. بەپێی لێکدانەوەکان حکومەتی هەرێم و بەتایبەت وەزارەتی دارایی نایەوێت بچێتە ژێر ئەو خەرجییەوەو خواستی ئەوەی هەیە کە وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەو پرسە چارەسەر بکات، وەزارەتی خوێندنی باڵای لە توانایدا نییە دەرماڵەی خوێندکاران خەرج بکات. خەرجی دەرماڵەی خوێندکارێکی دەرەوەی پارێزگاکان مانگانە (100 هەزار) دینار و بۆ ناوەوەی پارێزگانیش (40 هەزار) دینار و ئەوانەشی کە لە بەشەناوخۆییەکان دەمانەوە مانگانە (60 هەزار دینار)یان بۆخەرجکراوە لە ساڵانی ڕابردوو. بەو پێیەش کۆی دەرماڵەی خوێندکاران مانگانە پێویستی بە (7 ملیارو 343 ملیۆن) دینار هەیە، چونکە ژمارەی خوێندكارانی زانكۆ حكومیەكان ( 150 هەزارو 560) خوێندكارن و (84 هەزار505) خوێندكاری لە ناوخۆی پارێزگاكانن و (64 هەزار593) خوێندكاری دەرەوەی پارێزگاكانن و (هەزار و 462) خوێندكاری پارێزگاكانی دەرەوەی هەرێمن و پێویستیان بە (7 ملیارو 343 ملیۆن و 500 هەزار) دینار مانگانە هەیە بۆ تەواوی خوێندكاران.  


  ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت)   لە پەراوێزی دیالۆگی مەنامەدا کە پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی لە بەحرێن سازیکردبوو، هەردوو ڕۆژنامەی ئەڵمانی، (فرانکفۆرتەر ئەلگەماینە تسایتونگ) و (دی ڤێلت) چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ مەسرور بارزانی سەبارەت بە پرسی کۆچی کوردان، سازکرد. بەپێی ئەو داتایانەی لەبەردەستی ئەو رۆژنامەنووسانەدایە، لەنێوان 10.000 بۆ 15.000 کەس لەسەر سنوری بێلاڕوس و پۆلۆنیادا گیریان خواردووە. نزیکەی سەدا حەفتایان لە عێراقەوە هاتوون و لەو ژمارەیەش سێ لەسەر چواری هاوڵاتی هەرێمی کوردستانن. سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە چاوپێکەوتنەکەیدا بەچەشنێک باس لە دیاردەی کۆچی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکات، وەک ئەوەی دیاردەیەکی نامۆ بێت بە دۆخی سیاسیی و ئابووریی وڵاتەکەی، چونکە بە بیستنی ئەو هەواڵە لە میدیاکانەوە توشی سەرسامییەکی گەورە بووە. مەسرور بارزانی وەک سەرکردەیەکی بێئاگا لە دۆخی وڵاتەکەی خۆی قسەدەکات و دەڵێت، „ئێمە ئاگامان لێ نەبوو چی ڕوودەدات، توشی موفاجەئە بووین دوای ئەوەی بۆمان ڕوونبووەوە چەند کەس لە کوردستانی عێراقەوە بەرەو بێلاڕوس بەڕێکەوتوون“. لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە کاتێک باپیری مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی نسکۆی شۆڕشی حەفتاوچواری کرد، پاشان لە جەنگی عێراق و ئێرانی ساڵانی هەشتاکانەوە، تاوەکو کۆتایی جەنگی عێراق و هاوپەیمانان لە سەرەتای نەوەدەکان و تادەگات بە کۆڕەوەکە، هاوڵاتیانی کوردستان بە شێوەیەکی سیستەماتیک ناچار بە کۆچ دەکرێن. هاونیشتیمانیانی کوردستان یان لە وڵاتی خۆیان پەناهەندەی ناوخۆیی بوون، یان لەدەرەوەی وڵاتەکەی خۆیان داوای پەناهەندەییان کردووە. شەڕی خوێناوی نێوان باوکی سەرۆکوەزیران و باوکی جێگرەکەی هەزاران پەناهەندەی ناوخۆیی بەرهەمهێنا و دەیان هەزار کەسیش وڵاتی خۆیان بەجێهێشت و ڕویان لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و کەنەدا و ئوسترالیا کرد. کۆی ئەو شەپۆلی کۆچانەی سەدەی ڕابردوو و ئەم سەدەیە دەرئەنجامی جەنگ و تیرۆری دەوڵەتیی و وێرانکردنی ژینگەی کۆمەڵایەتیی و نادادیی و هەژاریی و نەبوونی خزمەتگوزاریی و داوەشانی سیستەمی پەروەردەیی و تەندروستیی بوون. کاتێک لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا دەیان هەزار دۆلار بۆ خوێندنی سەرۆکوەزیران لە دەزگا و زانکۆ تایبەتەکانی بریتانیا و ئەمریکا سەرفدەکرا، بە دەیان هەزار هاوڵاتیی مەدەنیی کوردستان لە جەنگی ناوخۆیی هەڵدەهاتن، بۆئەوەی ژیانی خۆیان و منداڵیان لەو جەهەنمە بپارێزن کە دوو حیزبە باڵادەستەکەی هەرێم بۆیانیان بەرهەمهێنابوو. سەرۆکوەزیران لە درێژەی قسەکانیدا دەیەوێت ئەو وەهمە وەک حەقیقەت بۆ میدیای ئەڵمانیی نماییشبکات کە هەموو ئەوانەی هەرێمەکەی ئەویان بەجێهێشتووە لەبەر برسێتیی و نەداریی نەبووە، بەڵکو زیاتر وەک موغامەرەیەکی فەردیی و بڕیارێکی نامەفهوم نماییشی دەکات، ئەو دەڵێت، „خەڵکانێکی تێدابوو کە دۆخی ئابوورییان باش بووە، هەموویان ڤیزایان هەبوو و بە ڕەسمیی لە ڕێگای هێلە ئاسمانییەکانەوە سەفەریان کردووە.“ کاتێک مرۆڤ ئەم ڕستانە دەخوێنێتەوە، بەقووڵی توشی سەرسامیی دەبێت لە توانای شیکاریی سەرۆکوەزیرانی میللەتێک کە چەند بێئاگایە لە دۆخی ژیان و گوزەرانی میللەتەکەی خۆی و ژیانی خەڵکانی میللەتانی تری دونیاش. جیاوازیی نێوان هەڵهاتنی خەڵک لە دەوڵەتە ستەمگەرەکان و دەوڵەتە هەژارەکان لەگەڵ هەڵهاتنی خەڵک لە هەرێمی کوردستاندا ئەوەیە کە یەکێکیان بە نهێنی هەڵدێت و ئەوی تریان بە ئاشکرا، بەڵام هۆکارەکانی یەک سەرچاوەیان هەیە. بەپێی ئەو داتا نێودەوڵەتییانەی لەبەردەستتان هەموو کەسێک ئەوسا لە کوردستانی دەوڵەمەندەوە بێت یان لە ئەفریقای هەژارەوە لە ئەفغانستانەوە بێت یان لە سوریاوە، لەنێوان 7.000 بۆ 10.000 دۆلار سەرفدەکات تاوەکو دەگات بە ئەوروپا. گروپە قاچاچییەکانیش ساڵانە ملیاردەها دۆلار لەو پیشەسازیی بازرگانییکردنە بە ژیانی مرۆڤەکانەوە قازانجدەکەن. قاچاخچییەکان فرۆشیاری خەونی ئەوروپیین بۆ ئەوانەی ژیانیان لە وڵاتی خۆیاندا جەهەنمە. ئەوەی لەو چاوپێکەوتنەدا تووشی سەرسامیی زیاترمان دەکات پێشنیارەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمە بۆ چارەسەری کێشەی پەنابەرانی کورد و عێراقیی. ئەو داوا لە ئەوروپییەکان دەکات یارمەتییان بدەن دژ بە باندە قاچاخچییەکان هەنگاوبنێن، تاوەکو خەڵکی وڵاتەکەمان هەڵنەخەڵەتێنن و لەپێناو گەیشتن بە ئەوروپاش ئەو رێگا پڕ لە مەترسییە نەگرنە بەر! ئەم باندانە بە بۆچوونی مەسرور بارزانیی „تەنها بۆ ئاساییشی ئێمە مەترسییدار نین، بەڵکو بۆ ئاساییشی ئەوروپاش“. ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە ئەوەیە مێژووی کۆچ پێمان دەڵێت زۆرینەی ڕەهای کورد بە سەرکردە و خەڵکی ئاساییەوە بەشێوەی ڕەسمیی سەفەری نەکردووە، بەڵکو بەڕێگای قاچاخەوە بووە. مەسرور بارزانیی دەبایە بیزانیبایە کە لە پەڕینەوەى باپیری لە ڕوباری ئاراسەوە بۆ یەکێتیی سوڤێتی ئەوسا تا دەگاتە ڕەوەکە و جەنگی ناوخۆیی پارتی و یەکێتی، خەڵکی کوردستان بە قاچاخ سنورەکانیان بڕیوە. بێگومان چ قاچاخییکردن بە مرۆڤ و چ قاچاخییکردن بە سامانی وڵات مەترسییە بۆ سەر ژیانی ئینسانەکان و ئابووریی دەوڵەت. یەکێتی ئەوروپا ساڵانە ملیۆنەها یۆرۆ دەبەخشێت بە تورکیا بۆئەوەی سنوورەکانی ئەوروپای بۆ بپارێزێت و ئێستاش سەرۆکی هەرێم داوای یارمەتیی لە ئەوروپا دەکات بۆئەوەی کۆمەکیان بکات دیاردەی بەقاچاخبردنی خەڵک بنەبڕ بکەن وەک ئەوەی تاوانی قاچاخچییەکان بێت کە خەڵکی وڵاتی ئێمە هەڵدەخەڵەتێنن، بۆئەوەی بەرەو هەندەران هەڵبێن! ئەو بڕوای وایە وڵاتەکە پارەی زۆرە و پێویستی بە کۆمەکی دارایی نییە، بۆیە داوا لە ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپا دەکات هەوڵی زیاتر بدەن بۆ رێگریی لە دیاردەی قاچاخ و کۆمەکی عێراق بکەن بۆ ریفۆرم و دژایەتیکردنی گەندەڵیی. دوباره مرۆڤ توشی سەرسامیی دەبێت کاتێک سەرۆکوەزیران قاچاخچییەکان بە مەترسیی بۆ سەر ئاساییشی کوردستان و ئەوروپا وێنادەکات، لەکاتێکدا ئەو هەرێمۆکەی کە خۆی سەرۆکایەتیی حکومەتەکەی دەکات پڕاوپڕە لە قاچاخچیی نەوت و گاز و بەنزین و ئەلکهول و دەرمان و ئۆرگانی جەستە و جگەرە و جگەر و هتد کە مەترسیی جیدین بۆ سەر ئابووریی و ئاساییشی کوردستان.   ئەمە یەکەمینجار نییە سەرۆکی حکومەتی هەرێم توشی سەرسوڕمانمان دەکات. مەسرور بارزانی وەک زۆرێکی تر لە سەرکردە سەرمەستەکانی تر بە سیاسەتی نیولیبراڵیزمی ئەمریکیی وادەزانێت هەموو دونیا ئەمریکایە و وەک خوێندنەکەی خۆی نرخی زانکۆ بە هەزاران دۆلارە، بۆیە لە سەروبەندی خۆپیشاندانەکاندا سەرسامیی خۆی دەربڕی و گوتی: لە کوێی دونیادا خوێندن بە خۆڕاییە؟! بارزانی هاوشێوەی نائاگاییەکەی لە دۆخی وڵاتەکەی کە بۆچی هەزاران کەس کۆچدەکەن، لەوەش بێئاگایە چ لە ئەوروپا و چ لە عێراقیش دەستوورێک بوونی هەیە کە خوێندن وەک مافێکی گشتیی پێناسدەکات و دەوڵەت دەبێت بە خۆڕایی پێشکەشی هاوڵاتیانی بکات. ئەوەی لە سیاسەتی پەروەردەیی وڵاتاندا جیاوازە بڕی کۆمەکەکان و مۆدێلی کۆمەکەکانە لە قۆناغە جیاوازەکانی خوێندن و ژیانی شەخسیی و خێزانییدا. دەبێت ئەو زانیارییە هەڵەیە بۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێم ڕاستبکەینەوە کە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی بۆ سەیران و گەشت ناچن بۆ ئەوروپا، بەڵکو بۆ دۆزینەوەی ژیانێکی پارێزراو و کەرامەتدار و دادپەروەر موجازەفە بەژیانی خۆیانەوە دەکەن، بۆئەوەی بگەن بە دەوڵەتانێک کە یاسا تیایاندا سەرەوەرە و قاچاخچیی سیاسیی بەڕێوەی نابات. کەس بەدوای میللەتێکی تردا ناگەڕێت بۆئەوەی تیایدا بتوێتەوە، بەڵکو بەدوای وڵاتێک و حکومەتێکی یاساییدا دەگەڕێت کە تیایدا مافی تاکەکان و شوناسە کۆمەڵایەتیی و ئایینی و ئەتنیی و جێندەرییەکانی گروپە کۆمەڵایەتییەکان پارێزراو بن. ئەو کەسەی سەری خۆی هەڵدەگرێت و تاراوگە هەڵدەبژێرێت، خیانەت لە نیشتیمانەکەی ناکات، بەڵکو ئەو کوالیتی ژیانە بەنەفرەتدەکات کە حکومەت و خێزانە سیاسییەکانی وڵاتەکەی بۆیان بەرهەمهێناوە.  کوردیش وەک عەرەب خەریکە ببێت بە گەلێکی بێ قەزییە. ئەم میللەتە ساڵانێکی زۆر خاوەن قەزیە بوو، خاوەن چیرۆکی سیاسیی و تراژیدیای ئینسانیی گەورە بوو، خاوەن خەون و ئیرادەی مانەوە بوو. لەسایەی دەسەڵاتی سوڵتانیی کوردییدا هەڵهاتوەکانمان پێویستیان بە چیرۆکی دروستکراوی نوێ و قەزیەیە، بۆئەوەی بەپێی یاساکانی ئەو وڵاتانە بتوانن مافی پەناهەندەیی وەربگرن.


 درەو: وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی مانگی تشرینی دووەمی نەوتی عێراقی بڵاوكردەوە: * بڕی (98) ملیۆن (192) هەزار و( 317) بەرمیل نەوتی خاو هەناردەکراوە. * داهاتی نەوت گەیشتوەتە (7) ملیار و(590) ملیۆن  دۆلار، دەكاتە زیاتر لە (ترلیۆن) دینار  * ڕۆژانە تێکڕا (3) ملیۆن و (273)هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە. * تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوت گەیشتوەتە ( 77.33) دۆلار. داهاتی مانگی تشرینی یەكەم نەوتی عێراق نزیكەی (7 ملیارو 680 ملیۆن) دۆلارە   وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی مانگی تشرینی یەكەمی نەوتی عێراقی بڵاوكردەوە: * بڕی (96) ملیۆن (708) هەزار و( 660) بەرمیل نەوتی خاو هەناردەکراوە. * داهاتی نەوت گەیشتوەتە (7) ملیار و(680) ملیۆن  دۆلار. * ڕۆژانە تێکڕا (3) ملیۆن و (120)هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە. * تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوت گەیشتوەتە ( 79.37) دۆلار.   وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی مانگی ئەیلولی نەوتی عێراقی بڵاوكردەوە: * بڕی (92) ملیۆن (422) هەزار و( 485) بەرمیل نەوتی خاو هەناردەکراوە. * داهاتی نەوت گەیشتوەتە (6) ملیار و(711) ملیۆن (7) هەزار دۆلار. * ڕۆژانە تێکڕا (3) ملیۆن و (81)هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە. * تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوت گەیشتوەتە ( 72.6) دۆلار.   وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی مانگی ئابی نەوتی عێراقی بڵاوكردەوە: * بڕی (94) ملیۆن (660) هەزار و( 239) بەرمیل نەوتی خاو هەناردەکراوە. * داهاتی نەوت گەیشتوەتە (6) ملیار و(533) ملیۆن (142) هەزار دۆلار. * ڕۆژانە تێکڕا (3) ملیۆن و (054)هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە. * بەرهەمی نەوتی كەركوك : ( 3 ملیۆن و 124هەزارو 309) بەرمیل نەوت بووە  * تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوت گەیشتوەتە ( 69) دۆلار.   وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی مانگی تەموزی نەوتی عێراقی بڵاوكردەوە: * بڕی (90) ملیۆن (467) هەزار و( 794) بەرمیل نەوتی خاو هەناردەکراوە. * داهاتی نەوت گەیشتوەتە (6) ملیار و(513) ملیۆن (792) هەزار دۆلار. * ڕۆژانە تێکڕا (2) ملیۆن و (918)هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە. * بەرهەمی نەوتی كەركوك : ( 3 ملیۆن و 12هەزارو 435) بەرمیل نەوت بووە  * تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوت گەیشتوەتە ( 72) دۆلار.    داهات و فرۆشی مانگی حوزەیرانی نەوتی عێراقی بڵاوكردەوە: * بڕی (86) ملیۆن (765) هەزار و( 589) بەرمیل نەوتی خاو هەناردەکراوە. * داهاتی نەوت گەیشتوەتە (6) ملیار و(141) ملیۆن (77) هەزار دۆلار. * ڕۆژانە تێکڕا (2) ملیۆن و (892)هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە. * بەرهەمی نەوتی كەركوك : ( 3 ملیۆن و 75هەزارو 237) بەرمیل نەوت بووە  * تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوت گەیشتوەتە ( 70.778) دۆلار.


درەو: داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بەڕێژەی (56%) كەمیكردووە بە جۆرێك لە مانگی یەكی 2021 كۆی داهاتی ناوخۆ (374 ملیار) دینار بووە لە مانگی یانزەی 2021 كەمیكردووە بۆ(164 ملیار) دینار واتا مانگانە (210 ملیار) دینار كەمیكردووە.  بە پێی راگەیەندراوی سەمیر هەورامی وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان: داهاتی ناوخۆ بۆ تەمویلی موچە مانگی یەكی 2021: 374 ملیار دینار بووە بەڵام داهاتی ناوخۆ بۆ تەمویلی موچە مانگی یانزەی 2021: 164 ملیار دینار بووە واتا لە نێوان (11) مانگدا داهاتی ناوخۆ (210 ملیار) دینار بەرێژەی (56%) كەمیكردووە، ئەم كەمكردنە بە شێوەی پلە بەندی بووە.  مانگی یەك: 374 ملیار دینار مانگی دوو: 374 ملیار دینار مانگی چوار كەمبووەتەوە بۆ : 269 ملیار دینار مانگی شەش كەمبووەتەوە بۆ: 194 ملیار دینار مانگی هەشت: 164 ملیار دینار مانگی 10: 164 ملیار دینار مانگی یانزە بووە بە : 164 ملیار دینار بەبەردەوامی داهاتی پارێزگای سلێمانی ( ٤٣٪) و پارێزگاكانی هەولێرو دهۆك (٥٧٪) بووە، واتا هەموو مانگێك رێژەكە وەك خۆیەتی و نە زیادی كردووە نە كەم: كۆی داهاتی ناوخۆی مانگی یەكی 2021ی هەرێم: 374 ملیار دینار بووە بەشێوەیەك  (161 ملیار) دیناری داهاتی پارێزگای سلێمانی بووە بەرێژەی (43%) و (213 ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆی پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك بووە بەرێژەی (57%) ئەم رێژە بەبەردەوامی وەك خۆی ماوەتەوە ئەگەر رێژەی داهاتیش كەمیكردبێت، كۆی داهاتی ناوخۆ لە مانگی 11ی 2021: (164 ملیار ) دینار بووە، داهاتی پارێزگای سلێمانی (70 ملیار) دینار بووە بەرێژەی (43%) و داهاتی هەولێر و دهۆك (94 ملیار) دینار بووە بەرێژەی (57%). مانگی یەكی 2021: كۆی داهاتی ناوخۆ (374 ملیار) دینار بووە داهاتی سلێمانی (161 ملیار) دیناربووە مانگی سێی 2021: كۆی داهاتی ناوخۆ (310 ملیار) دینار بووە داهاتی سلێمانی (123 ملیار) دیناربووە مانگی شەشی 2021: كۆی داهاتی ناوخۆ (194 ملیار) دینار بووە داهاتی سلێمانی (83 ملیار) دیناربووە مانگی یانزەی 2021: كۆی داهاتی ناوخۆ (164 ملیار) دینار بووە داهاتی سلێمانی (70 ملیار) دیناربووە كۆی داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە 1/1/2021 تا 30/11/2021: ( دوو ترلیۆن و 559 ملیار)  دینار بووە لەو رێژەیە: داهاتی پارێزگای سلێمانی(ترلیۆنێك و 102 ملیار)دینار بووە بەرێژەی ٤٣٪ داهاتی پارێزگاكانی هەولێرو دهۆك ( ترلیۆنێك و ٤٥٧ ملیار ) دینار بووە بەرێژەی ٥٧٪    


درەو: وەرگێرانی د. بەرهەم خالید رۆژنامەی ھائارێتزی ئیسرائیلی بابەتێكی بڵاوكردوەتەوە بە ناونیشانی (کوردستانی عێراق مێرگە ئارامەکەیە. ئەی کەواتە خەڵکەکەی لەبەرچی ھەڵدێن؟) تێیدا بە ووردی باسی دۆخی ئابووری و سیاسی هەرێمی کردووە.  دیڤید رۆسنبێرگ نوسەری بابەتەكە وەڵامی پرسیارەکەی خۆی ئەداتەوە کە بۆچی خەڵکی هەرێم کۆچ ئەکەن و كۆمەڵێك داتاو زانیاری لەسەر  ھەرێم خستوەتەڕوو لە ئەمە هەندێک لە خاڵە سەرەکییەکانیەتی: * گەندەڵی لەناوخۆی هەرێم بەجۆرێک بەربڵاوە کە چیتر بە ئاسانی چارەسەر ناکرێت.  * کوردستانی عێراق ئەگەر نەشبوبێتە سەنگافورە و دوبەیەکی دیکە وەک پێشتر ناوزەد دەکرا، بەڵام ناوچە کوردییەکان لە عێراق وەک دورگەیەکی دەگمەن وابوو بۆ ئاشتی لە ناوچەکەدا.  * لە کۆی ١٧ هەزار کۆچبەری سنوری نێوان بیلاروسیا و پۆڵەندا نزیکەی ٨ هەزار کەسیان خەڵکی کوردستانی عێراقن.  *کوردەکان ئامادەن بڕە پارەی زۆر کە نزیکەی پێنج هەزار دۆلارە و زیاتریش بدەن لە پێناو هەڵاتن لە نیشتیمانەکەیان.  * کوردستانی عێراق بریتییە لە چیرۆکێکی سەقامگیری سیاسی لەدەستچوو. ئەگەرچی بۆ ماوەی دوو دەیە دوور بوو لەو توندوتیژی و ئاژاوەی عێراق و شەڕی ناوخۆی سوریا لە کاتێکدا سنورێکی دوورو درێژی هەیە لەگەڵ هەریەک لە عێراق و سوریا. ئەوە سەرەڕای هاوسنوری لەگەڵ دوو دراوسێی سەقامگیر، بەڵام بێزارکەر کە تورکیا و ئێرانن، بەڵام کوردستانی عێراق هەرگیز سودی لەو سەقامگیری و ئارامییە نەبینی *هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئەو دوو پارتەی کە هاوبەشی دەسەڵاتن لەو هەرێمە نیمچە دەوڵەتەدا وایانکرد هەرێمەکە لە رووی ئابوورییەوە ببێتە وڵاتێکی كرێخۆر و پشتبەستوو بە داھاتی نەوت و بوارەکانی دیکەی ئابووریان فەرامۆشکرد.  *حکومەتی کوردستان رێژەی موچەخۆری حکومی لە هەموو شوێنێکی جیهان زیاترە جگە لە کوبا (کوردستان بە رێژەی ٦٥٪-٦٨٪ موچەخۆری هەیە و کوبا ٨٥.٢٪).  * حکومەت توانای نییە ئیشی گونجاو بۆ زۆرینەی خەڵکەکەی دابین بکات. هەروەها خەڵکە باش و زیرەک و بەتواناکەش دانەمەزرێنێت، چونکە دوو حزبە دەسەڵاتدارەکە (یان وردتر بڵێم دوو خێزانە دەسەڵاتدارەکە) پلە وەزیفییە حکومییەکان وەک کارتێک بەکاردەهێنن بۆ دامەزراندنی لایەنگرەکانی خۆیان و سزادانی لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆن و نەیارەکانیان.  *لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٠٧ هەتا ٢٠١٣ نرخی نەوت بەرز بوو بە جۆرێک تێکڕای بەرهەمی ناوخۆی ساڵانە بە رێژەی ١٢٪ لە گەشەسەندندا بوو. زۆری پارەی نەوت و سەقامگیری کوردستان کە ببوە هۆی راکێشانی وەبەرهێنە بیانییەکان بەداخەوە شکستیان هێنا. *لە بری دامەزراندنی کارگەو پەرەدان بە کشتوکاڵ و کێڵگەکان ئەو پارە زۆرە تەنها لە دروستکردنی مۆڵی گەورە و باڵەخانە و شوقەدا خەرجکرا تەنها ئەوە گرنگ بوو لایان شتە رووکەشەکان بدرەوشێنەوە و دیاربن. * بۆ چەندین ساڵ فەرمانبەرانی حکومی لە هەرێم لە باشترین دۆخدا نیوە موچەیان وەردەگرت و  قەرزەکانی سەر هەرێم گەیشتنە زیاتر لە ٢٨ ملیار دۆلار.   * حکومەتی کوردستان داتا و زانیاری ئابووری ورد ناخاتەڕوو لە کاتی خۆیدا، بەڵام راپۆرتە بێلایەن و وردەکان ئەوە ئەخەنەڕوو کە ئاستی بێکاری لە هەرێمدا بەرزبوەتەوە، خێزانەکان دەناڵێنن لە دۆخی داراییان، گەنجەکان بە ژمارەی زۆر کۆچ دەکەن. حکومەت مایەپوچ بووە. کەرتی تایبەتیش بوونی نییە بۆ هەستانەوەی حکومەت لەو شکستە.  * ئەگەرچی لە ئێستادا نرخی نەوت تاڕادەیەک بەرزبوەتەوە، لەسەر سەرکردایەتی کورد پێویستە کە دووجار بیربکاتەوە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش ساڵی ٢٠١٥.  لەسەر کاغەز، هیچ هۆکارێک نییە وابکات کوردستان دۆخی خراپتر بێت لە عێراق. دەکرێت کوردستان بتوانێت سود لەو سەقامگیرییە ببینێت لە رووی ئابوورییەوە بە تایبەت کە توانای کشتوکاڵیی هەیە و ناوچەکەشی شوێنێکی بازرگانی گرنگە و وڵاتانی خۆرئاواش بە چاوێکی باش سەیری ئەکەن.  * ئەگەر ئیرادەی سیاسی و دانایی هەبێت دەتوانێت قازانجە نەوتییەکانی بە ئاراستەی گەشەپێداندا بەرێت لە بری قەڵەوکردنی لیستی موچەی حکومەت.  *رێژەی گەندەڵی لە کوردستان کەمتر نییە لە عێراق، بەڵکو بەشێکیشە لە تاوانی گەندەڵی لە عێراق. نەک تەنها بەرپرسە سیاسییە باڵاكان، بەڵکو سەدان هەزار کورد لە خەڵکی ئاسایی خۆیان و خێزانەکانیان لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون و بونەتە بەشێک لە سیستمە گەندەڵەکە. بۆیە پاککردنەوەیان و ئەنجامدانی چاکسازی زۆربەی ئەوانە ئازار دەدات.  * حکومەت دەیەوێت کۆچبەرەکان بگەڕێنەوە کوردستان، بەڵام هیچ بەڵگەیەک نییە نیشانی بدات کە بەرپرسانی کورد لە وانەکە فێربوبن: ئەوەتا مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بە تەواوی بابەتەکە رەتدەکاتەوە و تەنها وەك تاوانێكی تایبەت بە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە وەسفیدەکات.  *رەنگە لە کوردستان دانپیانان کێشە راستەقینەکە بێت كە لە ھەمانكاتدا هەنگاوی یەکەمیش دەبێت بەرەو چاکسازی، بەڵام وەک دەردەکەوێت بارزانی ئامادەنییە ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵبگرێت.    


 درەو: دوای چوار ساڵ لە دەستبەكاربوونی وەك پارێزگاری سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەكر دەستلەكار دەكێشێتەوەو كاندیدی بەهێزی یەكێتی (د. عزەت سابیر)ە. رۆژی 3/12 چوار ساڵ تێپەر دەبێت بەسەر دەستبەكاربوونی د. هەڤاڵ ئەوبەكر پارێزگاری سلێمانی كە لە نوسراوێكی خۆیدا هاتووە كە لە رۆژی 3/12/2017 دەستبەكاربووە، بۆ 3/12/2021 چوار ساڵ دەكات. (درەو) چەند جارێك پەیوەندی بە د. هەڤاڵ ئەبوبەكرەوە كرد بەڵام وەڵامی پەیوەندیەكانی نەدایەوە، بەڵام (درەو) قسەی لەگەڵ چەند كەسێكی نزیكی د. هەڤاڵ ئەبوبەكرد ئەوان رایان گەیاند كە د. هەڤاڵ ئەبوبەكر ئاماژەی بەوە كردووە، ماندوو بووەو دوای چوار ساڵ و لە یادی دەستبەكاربوونیدا كە دەكاتە 3/12یاخود رۆژانی دواتر  دەستلەكار دەكێشێتەوە. بەدەستلەكاركێشانەوەی د. هەڤاڵ ئەبوبەكر دەبێت ئاڵوگۆڕ لە پۆستەكانی هەڵەبجەو سلێمانیش دەكرێت. واتا پارێزگاری سلێمانی بۆ یەكێتی دەبێت و كاندیدی بەهێزی یەكێتی (د. عزەت سابیر) پەرلەمانتاری پێشوو و ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیە بۆ پارێزگاری سلێمانی. لەبەرامبەردا پارێزگاری هەڵەبجە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت و قایمقامی سلێمانیش لە نێوان گۆڕان و یەكێتی ئاڵوگۆڕی پێدەكرێت. لە هەڵبژاردنی 2014ی ئەنجومەنی پارێزگاكان د. هەزاڵ ئەبوبەكر سەرۆكی لیستی بزوتنەوەی گۆڕان بوو بەتەنیا خۆی ( 241 هەزارو 241 ) دەنگی بەدەستهێنا و لیستی گۆڕانیش (12) كورسی لە ئەنجومەنی پارێ.گای سلێمانی بردەوە لەبەرامبەر (11) كورسی بۆ یەكێتی.     


  (درەو):  نزیكەی (50) رۆژە رێكخەری گشتی‌و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دەستیان لەكاركێشاوەتەوە، بەڵام هێشتا شوێنەكانیان پڕنەكراوەتەوە، بڕیارە دەستەیەكی كاتیی بۆ بەڕێوەبردنی گۆڕان لە (9) كەس دروست بكرێت، ئەوانەی ئەركی دروستكردنی ئەم دەستەیەیان پێ سپێدراوە، سبەینێ مۆڵەتەكەیان كۆتایی دێت‌و هێشتا دەستەكە دروست نەكراوە. ئەو دەستەیەی كە دروست نەكرا ! سبەینێ ئەو وادەیە كۆتایی دێت كە جڤاتی نیشتمانی‌و گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئەو لیژنەیە دیاریان كردووە كە كار لەسەر دروستكردنی دەستەیەكی كاتیی دەكات بۆ بەڕێوەبردنی بزوتنەوەكە لە شوێنی خانەی راپەڕاندن كە دەستی لەكاركێشاوەتەوە.  ئەو لیژنەیەی كە هەردوو جڤاتەكە رایانسپاردووە قسە لەگەڵ هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەكە بكات بۆ بەشداریكردن لە دەستەی بەڕێوەبردنی كاتیی گۆڕان، لە (5) كەس پێكدێت كە بریتین لە هەریەكە لە:  •    بەختیار ئەولی- رێكخەری ژوری پەیوەندییە سیاسییەكان •    نەسرین جەمال- ئەندامی جڤاتی گشتی •    هادی ئەكرەم- لە گروپی لۆبی •    حەمە حسێن- ئەندامی جڤاتی نیشتمانی •    سیروان- نوێنەری رەوەندی كوردی لە بەریتانیا بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئەم لیژنە پێنج كەسییە لە رۆژی 17ی ئەم مانگەوە لەگەڵ ژمارەیەك كەسایەتی رازی‌و ناڕازی بزوتنەوەی گۆڕان لە ناوخۆ‌و دەرەوەی وڵات قسەیان كردووە‌و بانگهێشتیان كردوون بۆ ئەوەی ببن بە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی كاتیی گۆڕان تا ئەو كاتەی كۆنفرانس دەكرێت، زۆرینەی ئەوانەی قسەیان لەگەڵدا كراوە، ئامادەی كاركردن نین‌و هەندێك مەرجیان هەیە‌و باس لە جیاكردنەوەی موڵك‌و ماڵی گۆڕان‌و كۆمپانیای وشە، هەندێكی تر باس لە دارایی گۆڕان‌و شەفافیەتی داهات‌و خەرجی، پرسی كشانەوەی گۆڕان لە حكومەت دەكەن.  لەبارەی دەستە كاتییەكە (درەو) دەقی پرۆژەی دروستكردنی (دەستەی بەڕێوەبردنی گۆڕان) دەستكەوتووە.  بەپێی ئەم پرۆژەیە، دەستەی بەڕێوەبردن، لە (9) ئەندام پێكدێت‌و ئەندامەكانی لە هەردوو جڤاتی (گشتی)‌و (نیشتمانی) پەسەند دەكرێن، ئەم بڕگەیەی پرۆژەكە كێشەی دروستكردووە، ئەوانەی رەخنەیان هەیە دەڵێن جڤاتی گشتی بەپێی دەستوری ناوخۆیی گۆڕان ئۆرگانێكی (راوێژكاری)یە‌و پێشێلكردنی دەستورە بڕیاری پەسەندكردنی ئەندامانی دەستەكەی پێدراوە.  پرۆژەكە باس لەوەدەكات، لە دروستكردنی دەستە (9) كەسییەكەدا دەبێت رەچاوی نامەكەی نەوشیروان مستەفا بكرێت، كە باسی (تێكەڵكردنی توانای گەنجەكان‌و ئەزمونی بەتەمەنەكان) دەكات، سەرباری ئەمە پرۆژەكە بەمەرج دایناوە نابێت هیچ یەكێك لەوانەی ئێستا پۆستی حزبییان لەناو گۆڕان‌و لە حكومەت‌و حكومەتە خۆجێییەكان هەیە، ببن بە ئەندام لەم دەستە كاتییەدا.  لەبارەی دروستكردنی دەستە كاتییەكە لە بنەڕەتەوە كێشە هەیە، هەندێك دەڵێن دروستكردنی دەستە بۆ بەڕێوەبردنی بزوتنەوەكە "نادەستوری"یە، چونكە ئەگەر ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دەستیان لەكاركێشاوەتەوە، دەبێت بە كەسانی تر شوێنەكانیان پڕبكرێتەوە، نەك دەستەی كاتیی بۆ بەڕێوەبردنی حزبەكە دروست بكرێت.  عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان‌و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن كە دەستیان لەكاركێشاوەتەوە، بەڵام وەكو كاربەڕێكەر رۆژانە لە گردی زەرگەتە كاروباری خۆیان بەڕێوەدەبەن، جگە لە (دەرباز محەمەد) كە بەتەواوەتی دەستبەرداری پۆستی ئەندامی خانەی راپەڕاندن بووە.       


درەو: ئامادەكردنی: خالید رەزا  لە هۆڵەندا لە تەمەنی ٥ هەتا ١٦ ساڵی، خوێندن ئیلزامیە. واتە مناڵ کەتەمەنی دەگاتە پێنج ساڵ دەبێ بخرێتە قوتابخانە  و هەتا ١٦ ساڵ دەبێ بڕوانامەی خوێندنی هەبێ گەر نەیبێ دەبێ هەتا ١٨ ساڵ بخوێنێ تا شەهادەیەک بەدەست دێنێ. لە هۆڵەندا دەرماڵەی خوێندن لە تەمەنی ١٨ ساڵیەوە هەتا زانکۆ ئەدرێ و بەپێی ئاست و قۆناغەکانی خوێندن دەگۆڕێ. خوێندکارێکی خوێندنگە پیشەییەکان (mbo)وەکو سەناعە و تیجارەی لای خۆمان .. کەمتر لە خوێندکارێکی پەیمانگا و زانکۆکان دەرماڵە وەردەگرن.هەول ئەدەم لە خوارەوە بەکورتی ڕونی بکەمەوە.  وەزارەتی (خوێندن، کەلتورو زانست)ی حکومەتی هۆلەندا بەش یان بڵێم سەنتەرێکی هەیە بەناوی جێبەێکاری خزمەتگوزاری خوێندن DUO )Dienst Uitvoering Onderwijs ) کە زۆر کاری وەزارەتەکە بەڕێ دەکات، یەکێ لەوانە دەرماڵە و دانی پارەی خوێندنە. خوێندکاران لە قۆناغی پیشەییەوە هەتا پەیمانگا و زانکۆکان بۆ داواکردنی دەرماڵە و دانی پارەی خوێندن لەڕیی ئەم سەنتەرەوە ئیشوکارەکانیان ڕیک دەخرێ. ئێمە لێرەدا تەرکیز لەسەر دانی پارەی خوێندن و وەرگرتنی دەرماڵەی خوێندکار دەکەین.  لە هۆڵەندا لە قۆناغی پەیمانگا و زانکۆکاندا خوێندکار هەم پارەی خوێندن ئەدات، هەم پارەی خوێندن وەردەگرێ. لە خوێندنی پیشەییدا کە تەمەن دەگاتە ١٨ ساڵ ،پارەی خوێندن نادرێ و خۆڕاییە بەلام دەرماڵەی خوێندن ئەدرێ بە خوێندکار. دەرماڵە یان منحە بە پێی بەرزری و نزمی ئاستی خوێندن چەردەکەی دەگۆڕێ. لە خوارەوە بەکورتی جۆرەکانی دەرماڵە و دانی پارەی خوێندن ڕوون دەکەینەوە. # دەرماڵەی بنەڕەتی  (basisbeurs ) # دەرماڵەی سەربار(ئیزافی) (aanvullende beurs) # دەرماڵەی هاتوچۆ(کارتی هاتوچۆ) (studentenreisproduct) # قەرزی خوێندن (Lening) خوێندن لە هۆلەندا هەتا پۆلی ١٢ بەخۆڕاییە.بەلام لەدوای ئەوە بە پارەیە. کەم و زۆری پارەکەش پشت ئەبەستێ بە ئاست و بەرزی خوێندنەکە. بۆ نمونە ئەگەر تەمەنت ١٨ ساڵ بێ بۆ فێربونی پیشەیەک بخوێنی، هەم دەبێ پارەی خوێندنەکە بدەیت، هەم مافی وەرگرتنی دەرماڵەی بنەڕەتی و هەر سێ جۆرەکەی تر هەیە کە داوای بکەیت. پارەی ئۆپلایدنێک 608 یۆرۆیە، ئەمە ئەتوانی بەیەکجار لەڕیی هەمان سەنتەرەوە(DUO) بیدەیت، یان بە ٩ جار بیدەیت. بەڵام لەهەمان کاتدا ئەم خوێندکارە مافی وەرگرتنی دەرماڵەی هەیە، ئەمەش بەپێی باروگوزەرانی خوێندکارە ئەبێ ئەگەر لەگەڵ دایک و باوکی دا بژی بڕی کەمتر وەردەگرێ، ئەگەر لەدەرەوەی ئەوان بژی زیاتر. لەم خشتەیەدا هەر چوار جۆرەکەی سەرەوە بۆ ئەوانەی کە بۆ وەرگرتنی دپلۆمای پیشەیەک ئەخوێنن کە مەبەستمان لە (mbo) کە دەکاتە ئاستی قوتابخانەی پیشەزی و بازرگانی و کشتوکاڵ ی لای خۆمان.سەری ئەم خشتەیە بکە: لەو خشتەی سەرەوەدا خوێندکار دەتوانی دیاری بکات  داوای هەموو ئەو بڕەپارانە بکات  یان بەشێکی بکات لە مانگێک دا. لەدەرماڵەی بنەڕەتی ئەبەخشرێ. دەرماڵەی سەربار یش پشت ئەبەستێ بە ئاستی بژێوی خوێندکارەکە، ئەگەر داهاتی خیزانەکەیان کەم بێ و خوشک و برای تری هەبێ دەتوانی بۆ پێداویستی خوێندن و ژیانی داوای پارەی زیاتر بکات. ئەگەر هاتوو لەماوەی ١٠ ساڵ دا توانی خوێندن تەواوبکات و بڕوانامەی ئیشکردن بەدەسبهێنێ، ئەوا لەهەموو ئەو پارانەی کە بەناوی دەرماڵەوە وەریگرتوە دەبەخشرێ. ئەوەی وەک قەرز وەریگرتوە، دەبێ بیداتەوە. دانەوەشی لەدوای دووساڵی یەکەمی ئیشکردن لێوەردەگیرێتەوە، بەپێی کەموو زۆری موچەکەی. جگە لەو مافانەی سەرەوە کە خوێندکار هەیەتی، خوێندکار مافی وەرگرتنی کارتی هاتوچۆی گشتی خۆڕایی هەیە کە مانگانە دەکاتە +-  ٣٠٠ یۆرۆ، بەتەنها لە ویکەندەکان واتە لە شەمە و یەک شەمە کە عوتڵەیە کرێی هاتوچۆی گشتی بە داشکاندن ئەدات. هەموو ئەو ئیمتیازاتانەی لە پشوی هاوین یشدا بۆ سەرف دەکرێ. ئەگەر لەماوەی ١٠ ساڵ دا ئەو خوێندنە تەواو بکەیت و بڕوانامە وەربگریت، ئەوا لەهەموو ئەو پارانەی کە وەک دەرماڵە وەرت گرتوە دەبەخشرێیت. خۆئەگەر لەو ماوەیەدا بڕوانامەت بەدەست نەهێنا، ئەوا جگە لە دەرماڵە کە دەبەخشرێ، قەرزەکانی لێ وەردەگیرێتەوە. # سەبارەت بە خوێندکارانی پەیمانگا و زانکۆکان (HBO&WO) ئەوانەی لە پەیمانگا و زانکۆکان دەخوێنن. مافیان هەیە ئەم پارانە وەربگرن. خوێندکارێک ئەگەر پێویستی بەوە نەبێ کە پارەی خوێندن قەرز بکات، خۆی توانای هەبێ بیدات ئەوە دەتوانی قەرزی نەکات. لەم خشتەیەی خوارەوەدا بڕی ئەو پرانە پیشێ‌ن ئەدەین: ئەوە جگە لە کارتی هاتوچۆی گشتی ماکسیمەم بەپێی ساڵەکانی خوێندن هەتا ٥ ساڵ خوێندکار وەری دەگرێ و بەخۆڕایی سواری هۆیەکانی هاتوچۆی گشتی دەبێ کە مانگانە ٣٠٠ یۆرۆیەک دەکات ئەمیش بە خۆڕایی. تەنها ویکەندەکان واتە شەممان و یەکشەممان کە دەوامی ڕەسمی نیە پارەی هاتوچۆ ئەدەن ئەویش بە داشکاندنەوە. لە هۆلەندا خوێندنی زانکۆ و پەیمانگاکان بە پارەیە، ساڵێ‌نە لە نێوان (1800-2000) یۆرۆدایە بۆ ئەوانەی کە هاولاتی هۆلەندین یان لە یەکێ لە وڵاتانی ئەوروپادابێ. بەلام بۆ بێگانە واتە ئەوانەی لە وڵاتانی ترەوە دێن بۆ خوێندن، ساڵانە دەبێ پارەیەکی زۆر بدەن بەپێی ئاستی خوێندنەکان لە نێوان (10-20)  هەزار یۆرۆدایە. خوێندکاردەبێ لەماوەی 10 ساڵدا تەواوی بکات و بڕوانامە بەدەست بێنێ. ئەگەر تەواوی کرد لەدانەوەی دەرماڵەکان(بە دەرماڵەی بنەڕەتی و سەربارەوە) ئەبەخشرێ. ئەو بڕە پارانەی وەکو قەرز بۆ پێداویستی خۆی کردویەتی، لەدوای خوێندن لە داوی دووەم ساڵی دەستکردن بەئیشەوە ئەیداتەوە بەحکومەت، بڕی دانەوەی مانگانەی پشت ئەبەستێ بە کەم و زۆری موچەکەی. وەرگرتنی قەرزەکە و دانەوەی بەهەمان ڕێنتەوە ئەبێ کە ڕێنەتەکەی زنیک دەبێتەوە لە سفر! لەکاتێک دا بانکەکان پارە بە نزیکەی 10٪ بەقەرز ئەدەن! ئەو زانیاریانەی سەرەوە هەمووی لە سایتی وەزارەتی خوێندن، کەڵتوور وزانست لە بەشی (DUO) وەرگیراوە. تێبینیەکی گرنگ: بڕی ئەو پارانەی کە خویندکار مافی وەرگرتنی هەیە، لە ماکسیمەم و مینیمەم پشت ئەبەستی بە داهاتی دایک و باوکی خوێندکار. بۆ نمونە ئەگەر داهاتی ساڵانەی خێزان لە ٣٣ هەزار یۆرۆ کەمتر بوو، خوێندکار مافی هەیە ماکسیمەم وەربگرێ و ئەگەر لەسەر و ئەو بڕە پارە داهاتیان بێ، خوێندکار بۆی هەیە مینمەم پارەی کۆمەکی خوێندن وەربگرێ. سەرنجێکی گرنگ سەبارەت بە دانەوەی ئەو قەرزەی کە خوێندکار، لەکاتی خوێندن دا دەیکات. بۆنمونە ئەگەر خوێندکارێک هەتا خوێندن تەواو دەکات ٥٠ پەنجا هەزار یۆرۆی قەرز کردبێ. بە پێی یاسا دوای ئەوەی کە ئیشدەکات، دەبێ لەماوەی ١٥ ساڵ دا قەرزەکە بداتەوە. وەکو باسمان کرد دانەوەی بڕی قەرزی مانگانە لە دوای دوەم ساڵی ئیشکردنەوە دەست پێ دەکات، بڕی دانەوەی قەرزەکەش پشت بە کەموو زۆری موچەی مانگانەی دەبەستێ. ئەگەر موچەکەی کەم بێ لەبەزترین حاڵەتدا 4٪ ی لێ دەبڕن. با بلێین دەکاتە ٨٠ یۆرۆ، واتە لە ساڵیک دا ٩٦٠ تەنها نۆسەدو  شەست یۆرۆ ئەداتەوە، لە ١٥ ساڵەکەدا دەکاتە ١٤هەزار و ٤٠٠ یۆر. بەپێی یاسا لە باقی قەرزی ٥٠ هەزارەکە دەبەخشرێ. بیگومان حکومەت بەتەنها ئەو هەموو پارەیە لە خوێندکاردا خەرج ناکات کەلەم نوسینەدا ئاماژەمان پێداوە، بەڵکە هەر خوێندکارێک لەسەر حکومەت لانیکەم ٣٠ هەزار یۆرۆ دەکەوێت. حکومەت گرنگی بە خوێندن دەدات و پارەی خەرج دەکات، چونکە داهاتی ولات لە پێگەیاندنی ئەمانەدایە. ئێستە ڕوونە کە لەهۆلەندا حکومەت جەند هاوکاری پرۆسەی خوێندن و پەروەردە دەکات.     


درەو: یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڕیاریداوە ئەگەر حكومەتی هەرێمیك وردستان دەرماڵە بۆ خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان خەرج نەكات ئەوا یەكێتی خۆی دەرماڵە بۆ خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان خەرج دەكات.  بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی دوای كۆبونەوەی لەگەڵ ژمارەیەك لە خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان رایگەیاند: حكومەت نەیتوانی وەك پێویست وەڵامی خوێندكاران بداتەوە، وەك حزب میكانیزمێك بۆ چارەسەركردنی دەدۆزینەوە. سەرچاوەیەكی باڵای ناو یەكێتی بە (درەو)ی راگەیاند ئەگەر حكومەت چارەسەری كێشەی دەرماڵەی خوێندكاران نەكات ئەوا یەكێتی نیشتمانی كوردستان خۆی بڕێك پارە تەرخان دەكات بۆ دەرماڵەی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكانی دەڤەری سلێمانی. كۆی دەرماڵەی خوێندكارانی زانكۆكانی دەڤەری سلێمانی مانگانە نزیكەی (3 ملیار) دینارە.  خۆپیشاندانەكان هێور بوونەوە، چاوەڕوان دەكرێت حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری خەرجكردنی دەرماڵە بۆ خوێندكاران بدات، جا بەناوی دەرماڵەوە بێت یان هەر ناوێكی تر.


درەو: مەسعود بارزانی دەیەوێت لە 2022 راپرسی دەستور ئەنجام بدرێت و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش لەكاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت. دوێنێ لە پیرمام مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و زانا مەلا خالید سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی كۆبوەوە. بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) مەسعود بارزانی بە تیمی پەرلەمانی پارتی راگەیاندووە، كە دەبێت بەزوترین كات دەستوری هەرێم ئامادە بكرێت و لە 2022 بخرێتە راپرسیەوە. سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش مەسعود بارزانی رایگەیاندووە دەبێت هەڵبژاردن لەكاتی خۆی ئەنجامبدرێت و كۆمسیۆنێكی نوێ درووست بكرێت ئەگەر لایەنەكان لەسەر پێشنیازەكانی پارتی رازی نەبوون ئەوا (9) دادوەر دابنرێت بۆ كۆمسیۆن. ئەگەرچی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنە لە وادەی  خۆیدا، بەڵام  بەپێی بارودۆخی ناوخۆییان یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان خوازیارن هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوابخرێت.   بەڵام نەوەی نوێ و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە دەنگ و كورسیەكانیان لەپەرلەمانی عێراق زیادیان كرد لەگەڵ هەڵبژاردنن لەوادەی خۆی، خوازیاری هەڵبژاردنی كۆمسیۆنێكی نوێشن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان. 


درەو: ئامادەکردنی: ڕێباز جوامێر عەبدولكەریم پرۆسەی بوجەی کارپێکردن بریتییە لە پەرەپێدانی پلانەکانی دارایی. پڕۆسەکان بودجەیەکی گشتگیری سەرەکی له خۆ دەگرێت که پێویستی به پلاندانان هەیە لە هەموو قۆناغەکانی ئه و کارەدا. بە گشتی، پرۆسەی تەرخانکردنی بودجە پێویستی بەم هەنگاوانەی خوارەوە هەیە؛ ئامادەکردن و جێبەجێکردن و چاودێری کردن و ڕاپۆرتکردن. بۆیە ئەو هەنگاوانە گرنگن لەئامادەکردنی پڕۆژەکانی بودجەی کارپێکردنی پارێزگاکان و وەزارەتەکان.  زنجیرەی پلاندانانی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمانگی حوزەیران و تەمموزی هەموو ساڵێک دەستپێدەکات و هەندێک جاریش لەو ماوەیە تێپەڕ دەبێت کە لە مانگی ئەیلول تەواو دەبێت. بەشی چالاکیەکان لە کاتێکدا کە مێژووی هەموو خەرجییە ڕاستەقینەکانی شەش مانگی ڕابردوویان دەست دەکەوێت، کۆی خەرجییەکان کەڕەت ژمارە دوو دەکات بۆ بەدەستهێنانی بودجە بۆ ساڵی دارایی داهاتوو. پرۆسەی ئامادەکردنی بودجە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواو مەرکەزییە، چونکە پرۆسەکە لەم چەند هەنگاوەی خوارەوە لە خۆ پێک دێت:       قۆناغەکانی بودجەی کارپێکردن لە هەرێمی کوردستان   قۆناغی ئامادەکاری وەک هەنگاوی یەکەم، ئەنجومەنی وەزیران دەست دەکات بە توێژینەوە بۆ بارودۆخی ئابووری و کۆمەلایەتی بۆ دیاریکردنی سیاسەتی دارایی پێویست. ئەنجومەنی وەزیران بە پشت بەستن بە سیستەمی سیاسی هەرێم، نەخشەی سیاسەتەکە دەکێشێت. وەزارەتەکان داوا لە بەڕیوەبەرایەتیەکانی سەر بە وەزارەتی تایبەتمەند دەکەن وە بە شێوەیەکی سەرەکی داوا لە بەڕێوەبەرایەتی دارایی و ژمێریاری دەکات بودجەی خەمڵێنراو بۆ ساڵی داهاتوو ئامادە بکات. دوای ئەوە بەڕێوەبەرایەتی دارایی و ژمێریاری بودجەی خەمڵێنراو ئامادە دەکات و دەینێرێتەوە بۆ وەزارەتی تایبەت مەند. پاشان وەزارەتەکان بودجەی پێشنیازکراو ڕەوانەی وەزارەتی دارایی دەکەن بۆ ئەوەی ڕەزامەندیی ئەوان وەربگرن. دواتر ئەنجومەنی وەزیران ڕێنمایی و ڕاسپاردە بۆ سەرجەم وەزیرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دیاری دەکات. وەزارەتی دارایی لەگەڵ وەزارەتەکانی تر گفتوگۆ دەکات بۆ ناردنی بودجەی خەمڵێنراویان. هەر کە وەزارەتی دارایی بودجە لە هەموو وەزارەتەکان وەردەگرێت، لە یەک پاکێجدا کۆیان دەکاتەوە. لە مانگی ئەیلول دا، وەزارەتی دارایی پێشنیاری بودجەی ساڵانە ئامادە دەکات و ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەکات بۆ گفتوگۆی زیاتر لەسەری. قۆناغی جێبەجێکردن و پەسەندکردن لەسەرەتای مانگی تشرینی یەکەمدا، سەرۆک وەزیران ڕەشنووسی بودجەی گشتی ڕەوانەی پەرلەمان دەکات. بودجەکە بۆ بودجەی گشتی و یاسا پەیوەندیدارەکان بە لیژنەی چاودێری دارایی و ئابووری و وەبەرهێنان، دەنێردرێت. لیژنە پەیوەندیدارەکان لەوانە دارایی و ئابووری و وەبەرهێنان ڕاپۆرتی خۆیان لەسەر ڕەشنووسی یاسای بودجە پێشکەش دەکەن. لەسەر هەر لیژنەیەک پێویستە تێبینی خۆیان سەبارەت بەو بڕگەی کە پەیوەندی بە تایبەتمەندێتی ئەوەوە هەیە لە بودجەی گشتی و حساباتی کۆتایی پێشکەش بکەن. دواتر ڕاپۆرتی لیژنەی دارایی و ئابووری و وەبەرهێنان دابەش دەکەن . پەرلەمان، دەشێت لە پڕۆژە یاسای بودجەدا تەرخانکردنەکان لابدات یان کەم بکاتەوە ودووبارە تەرخانکردن بۆ بودجەکە بکات. ڕاپۆرتەکە بە شێوەیەکی گشتی بابەتەکان باس دەکات، پێش ئەوەی بچێتە سەر گفتوگۆکردن لەسەر دەرگاکانی پڕۆژە یاسای بودجە و پەسنکردنی ئەحکامەکانی . دوای گفتوگۆیەکە، ئەندامان دەنگ لەسەر یاسای بودجە دەدەن بۆ پەسەندکردنی. لەم قۆناغەدا، بودجە بۆ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت بەمەبەستی پەسەندکردنی.  دوای پەسەندکردنی لەلایەن پەرلەمانەوە، بودجەی پەسەندکراوی ساڵانەی هەرێم لە ڕۆژنامەکانی کوردستاندا بلاودەکرێتەوەو لەم بەروارەوە کاری پێدەکرێت.   قۆناغی پیادەکردن  وەزارەتی دارایی بودجەی پەسەندکراو ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی گەنجینە دەکات. هاوکات، وەزارەتی دارایی ڕێنمایی لەسەر هەر ئەرکێکی کاری لەناو بودجەی پەسەندکراودا دیاری دەکات. ئەوخەرجیانەی ئەنجام دەدرێن، لە نێو تەرخانکراوەکان و دەسەلاتەکان دا دەدەنرێن. خەرجکردنی بودجەی پڕۆژەکان بۆ حیسابە سەرەکییەکان، دەنێردرێت . ئەنجومەنی وەزیران بۆ مەبەستی ئاماژەپێدراو، دەسەڵات بە وەزیر و دەستەکان دەدات.    حکومەت داوای کۆکردنەوەی داهات دەکات لە سەرجەم وەزارەتەکان، هەر یەکەیان لە سنووری دەسەڵاتی خۆیدا. داهاتەکە بە کرێ دانیش لە خۆ دەگرێت، کە ئەمە پشت دەبەستێت بە ڕادەی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە هاوڵاتی بە کرێی خەمڵێنراو لە حکومەت وەریدەگرێت. بە هەمان شێوە، باجیش هەیە کە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە کۆدەکرێتەوە. حساباتی کۆتایی پابەندبوونی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی یەکەکانی ژمێریاری و یاساکانی دارایی، هەڵدەسەنگێنێت ، لەوانە یاسای بودجە. واتە خەرجی ئەنجامدراوی حساباتی کۆتایی و داهاتی کۆکراوە، لەو ماوەیەدا کە بودجەکەی تێدا جێبەجێ کراوە.  لە یاسای بودجەی ساڵی دارایی ٢٠١٣ دا، دەسەڵاتەکان بەم شێوەی خوارەوە بووە: وەزارەتی پلاندانان بڕی پێویستی بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنان لەناو بودجەی وەبەرهێناندا گواستووەتەوە . وەزارەتی دارایی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان،بڕی پێویستی گواستنەوە بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنان لەنێوان وەزارەتەکان و لە سنووری تاکە پارێزگارێک و لە ناو بودجەدا پشتڕاستکراو دا، ئەنجامدەدات. ئەوان رێگەیان بە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریان داوە بە ئەنجامدانی گواستنەوە لە نێوان سەرچاوەکانی خۆیان. دواتر، وەزارەتی پلاندانان گواستنەوەی لەنێوان بوجەکان دا  ئەنجام دەدات، جگە لە ناونیشانێک کە جیاکرایەوە کە ڕەنگە مووچە بگوازێتەوە لەکاتێکدا وەزارەتی دارایی گواستنەوەی لەنێوان بەشەکانی تەرخانکراوەکانی بودجەدا ئەنجامدا. هەروەک ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە نابێت هیچ گواستنەوەیەک لەنێوان پارێزگاکاندا لەناو تەرخانکردنەکاندا بکرێت. لەگەڵ ئەوەش، ڕێگە بە ئەنجامدانی گواستنەوەی تەرخانکراوەکانی خەرجییەکانی وەبەرهێنان (بودجەی وەبەرهێنان) بۆ خەرجیی کارپێکردن، نادرێت.   قۆناغی چاودێریکردن (ڕاپۆرتکردن) قۆناغی کۆتایی پرۆسەی بودجە، بریتیە لە قۆناغی وردبینی و ڕاپۆرتکردن. لەم قۆناغەدا، خەرجکردنی پارەی گشتی، وردبینی دەکرێت بۆ دڵنیاکردنەوەی بەرپرسان و ڕای گشتی. ئەم قۆناغە جەخت لەسەر دوو بوار دەکاتەوە وەک؛ یەکەم، ئەو پارانە بە گوێرەی نیازی یاسایی بەکارهێنراون و هیچ پارەیەک بە نایاسایی و بۆ دەستکەوتی کەسی خەرج نەکراوە. دووەم، دامو دەزگا حکومیەکان بە کاراترین و کاریگەرترین شێوە و بە گوێرەی سنووری یاسایی و دامەزراوەیی بەرنامە و چالاکیەکان ئەنجام دەدەن. هەروەها، لەم قۆناغەدا، ئەم ئامانجانەی خوارەوە  بەدی دەهێنرێن: •    دڵنیابوون لە داهاتەکان بەپێی رێساکان و خەرجییەکان بەپێی ئەحکامەکانی بودجەی ساڵانە و دارایی بەپێی رێسا داراییەکان.  •    دڵنیابوونەوە لەوەی کە هەموو پارە و بازرگانییە جێگیرەکانی حکومەت لە مەبەستەکانیان بەکار هاتوون. •    کارکردن لەسەر ئەوەی کە خەرجییە گشتییەکان بە عەقڵانی و مەنتقی خەرج بکرێن. •    دڵنیابوونەوە لەوەی کە دامو دەزگاکانی حکومەت ڕێنماییەکان جێبەجێ دەکەن.  •    دەستنیشانکردنی هەر هەڵەیەک و ناڕێکیەک، کە لە دامو دەزگاکانی حکومەت دا، روودەدات.  •    پێداچونەوە و پەیڕەوی کردن لە ڕێسا و ڕێنماییە داراییەکان. •    جەخت کردنەوە لەوەی کە هۆیەکان و ڕێوشوێنەکانی دارایی گونجاون بۆ بەدەستهێنانی گەورەترین ئەنجامی پێشبینیکراو بە کەمترین تێچوون. •    زیادکردنی تواناو کاریگەری دامو دەزگاکانی حکومەت. •    جەختکردنەوە لەوەی کە تۆمار و بەیان و راپۆرتە داراییەکان، بە شێوەیەکی ڕاست و دروست، بەو شێوەی کە لەلایەن ڕێسا و رێنماییەکانی بەرکار دەستنیشانکراوە،  پارێزراوو ئامادە کراوە. دوو جۆری چاودێریکردن هەیە، ئەمەش دەوەستێتە سەر ئەو لایەنەی چاودێریکردنەکەی ئەنجامداوە؛ کە بریتیە لە چاودێری ناوخۆیی و چاودێری دەرەکی.    چاودێری ناوخۆیی ( وربینی پێش ئەنجامدانی خەرجیە) ئەمە ئامادەکاری خەمڵاندنی کارایی سیستەم و کەمکردنەوەی مەترسیەکان لەخۆ دەگرێت. پرۆسەی وردبین کردن پێرەوی لە مەسەلە گرنگەکانی چاودێری ناوخۆیی دەکات و چالاکیەکانی سیستەمی چاودێریکردن و زانیاری باشتر دەکات بۆ کەمکردنەوەی مەترسی لەپرۆسەی بڕیارداندا. چاودێری ناوخۆ پێداچوونەوە دەکات بە پرۆسەی چۆنیەتی بەکارهێنانی خزمەتگوزاریەکانی بەردەست و پێشنیاری شێوازی کاریگەر بۆ دابینکردنی ئەو خزمەتگوزاریانە دەکات. هەروەها ئەوان لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ دەزگاکانی وردبینی دەرەکی. هەروەها بەشداری دەکەن لە پێدانی زانیاری بە شێوەیەکی بەردەوام، لەسەر باری جێبەجێکردنی پلانی وردبینی ساڵانە.          چاودێری دەرەکی: چاودێری دەرەکی تیشک دەخاتە سەر ئەو بابەتە گرنگ و ئەرکە گرنگانە کە پەیوەندی بە خەرجکردنی بودجەوە هەیە و چاودێری خەرجییە گشتیەکانی حکومەت دەکات. لەهەرێمی کوردستان سێ لایەن هەن کە دەستیان هەیە لە کۆنترۆڵ کردن و چاودێریکردن، ئەوانیش بریتین لە:  1- چاودێری پەرلەمانی 2-دیوانی چاودێری دارایی (وردبینی پێش ئەنجامدانی خەرجیە) 3- دەزگاکانی ڕاگەیاندن و کۆمەڵگەی مەدەنی   بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی (2013) بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی ساڵی 2013 دا، ئەوە بوو؛ •    بودجەی گشتی عێراق (138,424,608,000,000) دیناری عێراقی بووە.  •    بودجەی سیادی لە بودجەی گشتیدا (40,381,584,000,000) ی دیناری عێراقی بووە. •    بودجەی پارێزگا لە بودجەی گشتی (10,101,945,000,000) دیناری عێراقی بووە. •    بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان (7,256,000,000,000) دیناری عێراقی بووە. •    بودجەی پترۆ دۆلار (1,317,805,000,000) دیناری عێراقی بووە •    ئەو بودجەیەی ماوەتەوە (79,367,274,000,000) دیناری عێراقی بووە. لە کاتێک دا کۆی داهات و خەرجی حکومەتی هەرێمی کورستان بەم شێوەی خوارەوەیە: بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕی (17%) بەم شێوەی خوارەوە بووە: (79 , 367 , 274 , 000 , 000 * 17 % )  =  (13,492,436,000,000) دیناری عێراقی. پشکی هەرێم لە بودجەی پارێزگاکان و پترۆ دۆلار (914,298,000,000) دیناری عێراقی بووە.  کەواتە ڕێژەی بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2013 بەم شێوەیە بووە: 13,492,436,000,000دیناری عێراقی + 914,298,000,000 = 14,406,734,000,000 دیناری عێراقی.  خەرجی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2013 دا کورتهێنانی بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2013 دا:  کورتهێنانئی بودجە، بریتیە لە جیاوازی نێوان ئەوەی حکومەت لەداهات دەستی دەکەوێت و ئەوەی خەرجی دەکات.     


راپۆرت: درەو حکومەتی عێراق لە دە مانگی ڕابردوودا بە بەهای نزیکەی (٨٨) ترلیۆن  دینار نەوتی فرۆشتووە، واتە داهاتی نەوت بۆ هەر مانگێک بریتی بووە لە (٨.٨) ترلیۆن دینار. بەم پێیە بەو جۆرەی لە یاسای بودجەدا هاتووە، داهاتی نەوت توانیوییەتی سەرەڕای پڕکردنەوەی کوتهێنان مانگانە نزیکەی (١٣٠) ملیار دینار سەرێڕێژ بخاتە سەر بودجەی گشتی عێراق. داهات و خەرجی لە بودجەی گشتی (2021)ی عێراقدا یەکەم: داهات بەپێی یاسای بودجەی گشتی عێراق ژمارە (٢٣)ی ساڵی (٢٠٢١) کۆی داهاتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ بە (١٠١) ترلیۆن و (٣٢٠) ملیار و (١٤١) ملیۆن و (٩٨٤) هەزار دینار خەمێندراوە، لە سەرچاوەکانی؛ 1.    بەپێی یاساکە داهاتی نەوت بەڕێژەی (٨٠%) و بە (٨١) ترلیۆن و (١٧١) ملیار و (١١٢) ملیۆن و (٥٠٠) هەزار دینار خەمڵێندراوە. 2.    بەپێی یاساکە نرخی نەوت بە (٤٥) دۆلاری ئەمریکی دیاریکراوە بە مەرجێک ڕۆژانە بڕی (٣) ملیۆن و (٢٥٠) هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکرێت، جگە لە نەوتی هەرێمی کوردستان کە بە (٢٥٠) هەزار بەرمیل نەوت دەستنیشان کراوە. 3.    بەپێی یاساکە داهاتی نانەوتی بەڕێژەی (٢٠%) و بە(٢٠) ترلیۆن و (١٤٩) ملیار و (٢٩) ملیۆن و (٤٨٤) هەزار دینار دیاریکراوە. دووەم: خەرجی یاساکە خەرجییەکانی بە (١٢٩) ترلیۆن و (٩٩٣) ملیار و (٩) ملیۆن و (٢٩١) هەزار دینار تەرخان کردووە بۆ بوارەکانی (خەرجی بەکاربردن، خەرجی سەرمایەگوزاری و خزمەتگوزاری و گەشەپێدان، خەرجی لەناکاو ...هتد). سێیەم: کورتهێنان کورتهێنان بە (٢٨) ترلیۆن و (٦٧٢) ملیار و (٨٦٧) ملیۆن و (٣٠٧) هەزار دینار هاتووە، بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەش بەپێی یاساکە پشت دەبەسترێت بە؛ 1.    پڕکردنەوەی کورتهێنان بە گریمانەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا. 2.    زیادکردنی بڕی هەناردەی نەوت. 3.    پەنابردنە بەر قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی. داهاتی فرۆشی نەوتی عێراق لە (١٠) مانگی یەکەمی ساڵی (٢٠٢١) بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوت، حکومەتی عێراق لە (١٠) مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا (٩٠٢) ملیۆن و (٤١٦) هەزار و (٧٣٧) بەرمیل نەوتی هەناردەی وڵاتانی دەرەوە کردووە. بە تێکڕای ڕۆژانەش لەو ماوەیەدا (٢) ملیۆن و (٩٦٠) هەزار و (٤٠) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە. هاوکات بە تێکڕای دە مانگەکە یەک بەرمیل نەوتی بە (٦٧.٠٤) دۆلار فرۆشتووە. کۆی گشتی ئەو نەوتەی فرۆشتوویەتی بەهاکەی (٦٠) ملیار و (٦٦١) ملیۆن و (٥١٢) هەزار دۆلار بووە، کە هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراقی بەهاکەی (١٤٥٠) دینارە، بەو پێیەش داهاتی نەوتی عێراق لە دە مانگی ڕابردوودا (٨٧) ترلیۆن و (٩٥٩) ملیار و (١٩٢) ملیۆن و (٤٠٠) هەزار دیناری عێراقی بووە. (بڕوانە وردەکاری فرۆشی نەوت لە خشتەو چارتەکە)ی خوارەوە. داهاتی نەوت لە نێوان یاسای بودجە و دۆخی بازاڕدا یەکەم: داهاتی نەوت بەپێی یاسای بودجەی گشتی عێراق لە ساڵی ٢٠٢١ داهاتی نەوت بەڕێژەی (٨٠%) و بە (٨١) ترلیۆن و (١٧١) ملیار و (١١٢) ملیۆن و (٥٠٠) هەزار دینار خەمڵێندراوە. بەڵام لە واقعدا تا کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ داهاتی نەوت (٨٧) ترلیۆن و (٩٥٩) ملیار و (١٩٢) ملیۆن و (٤٠٠) هەزار دیناری عێراقی بووە، بەم پێیەش هێشتا (٢) مانگی ساڵ ماوە عێراق بەبەهای (٦) ترلیۆن و (٧٨٨) ملیار و (٧٩) ملیۆن و (٩٠٠) هەزار دینار داهاتی نەوتی زۆرترە لەو داهاتەی کە لە یاسای بودجەدا بۆ کۆی ساڵاکە خەمڵاندبووی. چونکە بەو پێیەی لە یاسای بودجەدا هاتووە نرخی یەک بەرمیل نەوت بە (٤٥) دۆلار خەمڵێندرابوو، بەڵام (وەک لە خشتەکەدا هاتووە) هیچ کات نەوتی عێراقی بەو نرخە نەفرۆشراوە، بەڵکو هەمیشە گرانتر لەو نرخە فرۆشتوویەتی بە تێکڕای هەر (١٠) مانگی یەکەمی ساڵەکە یەک بەرمیل نەوتی عێراقی بە (٦٧.٠٤) دۆلار فرۆشراوە، واتە هەموو بەرمیلێک نەوتی بە (٢٢.٠٤) دۆلار زیاتر فرۆشتووە لەو نرخەی لە یاساکەدا هاتووە. سەرباری ئەوەی کە لە یاساکەدا هاتووە "ڕۆژانە بڕی (٣) ملیۆن و (٢٥٠) هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکرێت، جگە لە نەوتی هەرێمی کوردستان کە بە (٢٥٠) هەزار بەرمیل نەوت دەستنیشان کراوە". بەڵام بەتێکڕای مانگانەو بەتێکڕای گشتی دە مانگەکە، هیچ کات فرۆشی نەوتی عێراق نەگەیشتووە بەو بڕە، بەڵکو بە تێکڕای ڕۆژانەی (٢) ملیۆن و (٩٦٠) هەزار و (٤٠) بەرمیل فرۆشی نەوتی بووە لەو ماوەیەدا، واتە هەموو ڕۆژێک (٢٨٩) هەزار و (٩٦٠) بەرمیل نەوت کەمتر فرۆشراوە بەراورد بەو بڕەی کە لەیاسای بودجەدا دەستنیشان کراوە. ئەمەش ئەوە دەردەخات ئەگەر حکومەتی عێراق ئەو بڕەی کە یاساکە دیارییکردووە، هەناردەی بکردایە، واتە بە تێکڕا هەموو ڕۆژێک لە ماوەی ئەو دە مانگەدا (٢٨٩) هەزار و (٩٦٠) بەرمیل نەوت زیاتری بفرۆشتایە ئەوا دەیکردە (٨٦) ملیۆن و (٩٨٨) هەزار بەرمیل نەوت و بەتێکڕا هەر بەرمیلە نەوتێکی بە (٦٧) دۆلار بفرۆشتایە بەهاکەی دەیکردە (٥) ملیار و (٨٢٨) ملیۆن و (١٩٦) هەزار دۆلاری بەرامبەر بە (٨) ترلیۆن و (٤٥٠) ملیار و (٨٨٤) ملیۆن (٢٠٠)هەزار دینار و دەهاتە سەر داهاتی فرۆشی نەوت و بودجەی گشتی عێراق. دووەم: خەرجی یاسای بودجەی گشتی عێراق خەرجییەکانی بە کورتهێنانیشەوە بە (١٢٩) ترلیۆن و (٩٩٣) ملیار و (٩) ملیۆن و (٢٩١) هەزار دینار خەمڵاندووەو تەرخانی کردووە بۆ بوارەکانی (خەرجی بەکاربردن، خەرجی سەرمایەگوزاری و خزمەتگوزاری و گەشەپێدان، خەرجی لەناکاو ...هتد). واتە بۆ هەر مانگێک بڕی (١٠) ترلیۆن و (٨٣٢) ملیار و (٧٥٠) ملیۆن و (٧٧٤) هەزار و (٢٥٠) دینار. هەر بەپێی یاساکە داهاتی نەوت بەڕێژەی (٨٠%)ی بودجەی گشتی خەمڵێندراوە. واتە پێویستە لەو بڕەی مانگانە دیاری کراوە بڕی (٨) ترلیۆن و (٦٦٦) ملیار و (٢٠٠) ملیۆن و (٦١٩) هەزار و (٤٠٠) دینار لە ڕێگەی فرۆشی نەوتەوە بەدەست بخرێت. وەک دەبینین لە دە مانگی ڕابردوودا بە بەهای (٨٧) ترلیۆن و (٩٥٩) ملیار و (١٩٢) ملیۆن و (٤٠٠) هەزار دینار نەوت فرۆشراوە، واتە داهاتی نەوت بۆ هەر مانگێک بریتی بووە لە (٨) ترلیۆن و (٧٩٥) ملیار و (٩١٩) ملیۆن و (٢٤٠) هەزار دینار. بەم پێیەش سەرەڕای پڕکردەنەوەی کوتهێنان دەبینن مانگانە داهاتی نەوت (١٢٩) ملیار و (٧١٨) ملیۆن و (٦٢٠) هەزار و (٦٠٠) دینار سەرێڕێژی هەیە. سێیەم: کورتهێنان لە یاسای بودجەی گشتی عێراقدا هاتووە کورتهێنان بە (٢٨) ترلیۆن و (٦٧٢) ملیار و (٨٦٧) ملیۆن و (٣٠٧) هەزار دینار خەمڵێندراوە، بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەش بەپێی یاساکە پشتی بەستووە بە؛ 1.    پڕکردنەوەی کورتهێنان بە گریمانەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا. 2.    زیادکردنی بڕی هەناردەی نەوت. 3.    پەنابردنە بەر قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی. بەڵام وەک دەبینین خاڵی یەکەم، کە گریمانەی بەرزبوونەوەی نەوتە، بەڕوونی بەدیهاتووە، خاڵی دووەم و سێیەمیش پێچەوانەکەی جێبەجێکراوە، چونکە لەلایەک کەمتر لەو بڕەی نەوت فرۆشراوە کە یاساکە دەستنیشانی کردووە، هاوکات حکومەتی عێراق لە بری پەنا بردن بۆ قەرزی دەرەکی، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە قەبارەی قەرزە دەرەکییەکانی عێراق ڕووی لە دابەزین کردووە. لە بەشی پێشوودا ئەوەمان ڕوونکردووەتەوە کە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت نەک تەنها کورتهێنانی پڕکردووەتەوە، بەڵکو لە دە مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢١، بودجەی گشتی عێراق سەرڕێژی کردووە.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand