Draw Media

خالد سلێمان کانی بامێ ناوێکی گرێدراوە بە سیستمێکی ژینگەیی سروشتیی داهێنەرەوە، هەروەها بە هۆشیارییەکی خۆڕسکەوە دەربارەی گرنگیی پاراستنی هەمە-چەشنی کە باوکم پێی بەخشیم. کانی بامێ کە دەکەوێتە ناوچەی گەرمیان، باشووری ڕووباری ئاوەسپی، هەمە-چەشنییەکی دەگمەنی تیا بوو: ئاوی سازگار، باڵندەی کۆچەریی ڕووی تێدەکردو هی تر بەجێی دەهێشت، بۆقی زۆرو جۆراجۆر، پونگەو نەعنا بەسەوزایی و بۆنی خۆشیانەوە، زۆر جۆری تریش لە ڕووەکی کێوی؛ گۆلە مەرەزەکانی مەنسووری خاڵیشم لەبیر ناچێت، کە سەرچاوەی دەرامەتی خێزانەکەی بوو. لە کانی بامێ، هەر جۆرێک سەرچاوەی خۆراکی جۆرێکی تر بوو. بۆقێک لەسەر بوونەوەرەکانی ناو ئاوەکەدا دەژیا، باڵندەیەکی لەق لەقیش لەسەر بۆقەکە دەژیا. برنج لەسەر ئاوە دەژیا، ئێمەش لەسەر برنجەکە. سیستمی ژینگەیی فێرمان دەکات کە برنجیش جۆرە، وەک گیانلەبەرێکیش جۆرە. زەوییەکانی چواردەوری چەمی کانی بامێ بۆ باپیرەم دەگەڕایەوە لەلای دایکمەوە. لە وەرزێکی زیاتری دروێنەی گەنمدا، باوکم لە لەو زەویانەدا جوتیاریی دەکردو گەنم و جۆی دەچاند. من و خوشکی لەخۆم گەورەترم، نەزیرە، هەموو چێشتەنگاوێکی هاوین خواردنمان بۆ باوکم دەبرد، دایکم چەند نانێکی گەرم و دۆو کەرەی تازە دەرچووی لە مەشکەی دەخستە ناو چاورۆکەیەکەوە؛ من و نەزیرەش هەڵمان دەگرت بەرەو کێڵگەکانی گەنمی لای کانی بامێ دەکەوتینە ڕێ. ساڵێکیان گەنمەکانی باوکم کەوتبوونە دیوی باکووری چەمەکەوە، ملەیەک هەبوو بەچاوی مناڵیمان بەرزو سەخت بوو، هەر لەو چەمەوە بۆ سەردەکەوتین و دەمانبڕی تا دەگەیشتینە لای باوکم . زۆرجار لە چەمەکدا دوادەکەوتین و باوکیشم لەگەڵ ئەوەی برسی و ماندووی ناو کێڵگەی گەنم بوو، لێی نەدەپرسین بۆ چی دواکەوتوین. دەیزانی مناڵین و شتێک لەسەر ڕێگە هەر دەبێت تا سەرنجمان ڕابکێشێت. لە راستیدا من و نەزیرە خواردنەکەمان دەخستە لاوەو لە چەمی کانی بامێدا بەدووای بەچکە لەق لەقدا ڕامان دەکرد، ڕۆژێکیان ڕاکردنەکەمان بە زایە نەچوو، بەچکەیەکمان گرت و  جارێکی تر، کەوتینەڕێ بۆ کێڵگەکەی باوکم.  لەق لەقی دایک وازی لێ نەهێناین و بەسەرسەرمانەوە لەشەقەی باڵی دەدا، ئێمەی دڵخۆش  بە بەچکەیەکەوە لە ناو دەستماندا هەنگاوەکانمان خێراتر دەکردو ئەویش زیاتر باڵەکانی بەیەکدا دەدا. پێش گەیشتنمان بەچەند هەنگاوێک، باوکم درکی بەوەکرد چی لە ئارادایەو لەق لەق بەدووای بەچکەدا نەبێت ئەوەندە لە کەس نزیک نابێتەوە. کە گەیشتین پێی وتین بەچکەکە بەرەڵا بکەین و وازی لێ بهێنین. بەزمانە سادەکەی خۆی باسی پەیوەندی نێوان ئێمەو گیانلەبەرانی بۆ کردین، زمانەکەی باوکم بەدەریش نەبوو لە جۆرێک لە ترساندن، بۆ نموونە باسی گرنگیی لەق لەقی کرد کە چۆن مار دەخوات. دەیەویست پێمان بڵێت کە دەگەرێینەوە بۆ ماڵەوە، مار لەسەر ڕێگا پێمانەوە نادات، چونکە لەق لەقەکان دەیانخۆن.  ئەم چیرۆکەم لە کاتێکدا بیردەکەوێتەوە، کە لە ڕاپۆرتێکەوە دەچمە سەر ڕاپۆرتێکی تر لەسەر لەناوچوونی شەشەمی گەورەی جۆرەکان لەسەر زەوی، ئەویش بەهۆی تێکدانی جێلانە سروشتییەکانیانەوە لەلایەن مرۆڤایەتیییەوە، لە پێناو کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی خۆراک و زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی داهاتەکانی زەویدا، گۆڕانی کەشیس لەولاوە بگرە. پێش قسەو ڕاپۆرتی زاناکان لەسەر  مەحفبوونی شەشەمی گیانلەبەران، کانی بامێکەی ئێمە، لە چەمێکی پڕ لە هەمە-چەشنی و جۆرەکانەوە: ئاو، پونگەو نەعنا، مار، بۆق، لەق لەق، کڵاوکوڕەو جۆری تر، گۆڕا بۆ خاکێکی دەیم و بۆر، کەس بڕوا ناکات ڕۆژێ لە ڕۆژان ژیانی کێویانەی بەخۆوە بینیبێت. بەکورتیەکەی کە ئاوەکە وشکی کرد، سەوزایی نەماو خۆراکی گیاخۆرەکان لە بنهات و لەناچوون، ئاژەڵە گۆشتخۆرەکانیش کە لەسەر  گیاخۆرەکان دەژیان، یان ڕەویانکرد، یان ئەوانیش مەحفبوون. ئێستا کانی بامێ چەمێکی وشک و برینگە، نە لەق لەق ڕوی تێدەکات و نە ژیانی هەمە-چەشنی تیایە. بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەش کە دەیانخوێنمەوە، هەموو گۆی زەوی لەسەر ڕێگەکەی کانی بامێیە. بەگوێرەی زۆرینەی ڕاپۆرتی سەنتەرو دەستەو زانکۆ جیهانییەکان، کە لەم ساڵانەی دوواییدا بڵاوبوونەتەوە، زۆربەی جۆرەکان لە ناوچە کەمەرییەکاندا، بەتایبەتیش لە چیاو دوورگە زەریاییەکاندا، ڕووبەڕووی لەناوچوون دەبنەوە. ئەوەی ئاشکراشە زۆربەی جۆرەکانی باڵندەو شیردەرو وشکاوییەکان لە ئەمریکای ناوەڕاست و باشوور، ئەفریکای باشووری بیابان و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیای نزیک هێڵی ئیستیوادا دەژین. ئەم ناوچانە دارستانی ئیستیوایی و نیمچە ئیستیوای شێدارو گەڵای پان و بەرینان هەیە، واش مەزەندە دەکرێت کە زۆربەی جۆرە کێویەکان و هەروەها جۆری بوونەوەرەکانی ئاوی شیرین لە خۆدەگرن. لەبەر ئەم هۆکارەش، وا دادەنرێت ئەو جۆرانەی شیردەرو باڵندەو وشکاوییەکان کە ئامەژەیان بۆ کرا، زۆربەی ئەم کۆمەڵە کێوییە دیاریکراوانە بگرنەوە. ئەوەی ئێستا ڕوودەدات جیاوازە، چونکە حاڵەتی لەناوچوون بەشێوەیەکی فراوان لە کێشوەرەکاندا بەربڵاوە، لە کاتێکدا زۆربەی حاڵەتەکانی لەناوچوون لە 1500 ساڵی پێشوودا لە دوورگە زەریاییەکاندا ڕوویانداوە. ئامارەکان باس لەوە دەکەن کە بەربڵاویی لەناوچوونی جۆرەکان لە بیست ساڵی ڕابووردودا، هەروەک دوورگە زەریاییەکان، لەکێشوەرەکانیشدا بڵاوبوەتەوەو گەیشتووەتە 50%.  ئەمڕۆ، جۆرەکانی شیردەرو باڵندەو وشکاوییەکان بەشێوەیەکی دراماتیکی توشی لەناوچوون دەبنەوە، ئەمەش پاڵی بە توێژەرو زانای زۆرەوە لە بواری هەمە-چەشنیدا ناوە، لەناوچوونێکی پێشوەختەی شەشەم ڕابەگەیەنن. ڕاپۆرتە زانستیەکانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ڕیتمی لەناوچوونی ئێستای جۆرەکان 100 تا 1000 جار زیاترە لەوەی پێش زاڵبوونی مرۆڤ بەسەر زەویدا بەملیۆنان ساڵ ڕوویداوە. پێنجەم لەناوچوونی گشتیی جۆرەکانیش لەسەر زەوی دەگەرێتەوە بۆ 65 ملیۆن ساڵ و  76%ی جۆرەکانی لەسەر زەوی لەناوبرد. لە 500 ساڵی پێشووداو بەپێی یەکێتی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ژینگە، مرۆڤایەتی بووەتە هۆکاری لەناوچوونی 869 جۆر لە بوونەوەرەکان. ئەگەر دۆخەکەش لەسەر ئەم ڕیتمە بەردەوام بێت، ئێمە لەبەردەم لەناوچوونی شەشەمداین، چونکە هەزاران ساڵە، ڕێگەی باوباپیرانمان لە ڕاوشکاری و کشتوکاڵ و زیادەڕۆیی لەبەکارهێنانی زەوی و بوونەوەرەکانیدا بەرنەداوە. مرۆڤایەتی نیوەی لانەی ئاژەڵانی گۆڕیوە بۆ کشتوکاڵ و نیشتەجێبوون، ئەمە جگە لە ماڵیکردن و ملکەچکردنی جۆرێکی زۆر لە ئاژەڵان یان جیاکاری و بەباشتر زانینی ماڵییەکان لەبەرامبەر کێویەکاندا، ئێمە هەڵۆیەکی ڕاوی ماڵیمان پێ باشترە لە باڵندەیەکی کێوی، سەگێکی ماڵیمان پێ باشترە لە ڕێوییەک، ئەمە جیاکاریی دەستی مرۆڤ، چونکە بونەوەرەکانی تر جیاکاریی نازانن. دروستبوونی کێشوەرو زەریاکان و جێگیربوونیان بەم شێوەیە کە دەرەنجامی گۆڕانکاری جیۆلۆجییە، پێویستی بەملیۆنان ساڵ بووە، جۆری بوونەوەرو بنەچەکانیشیان لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە جیۆلۆجیانەدا گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، بەردەوامیش جۆرو بنەچەی نوێ لەسەر زەوی دەرکەوتووە. لەناوچوونی یەکەمەوە کە وا مەزەندە دەکرێت بگەڕێتەوە بۆ 440 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا، لەناوچوونی جۆرەکان پەیوەست بووە بە گۆڕانکارییە جیۆلۆجیە بەردەوامەکان. لەو ئاژەڵانەش کە پێش دەرکەوتنی مرۆڤ لەسەر زەوی، لە پێنج لەناوچوونی گەورەدا لەناوچوون، تەنها 2 تا 4% یان، ئەمڕۆ لە نێوانماندا دەژین و ئەوانی تر هەموو مەحفبوون.  ئەم لەناوچوونەی ئەمڕۆ ڕوودەدات، دەرەنجامی گۆڕانکاری جیۆلۆجی نیە یان کەوتنی نەیزەکێک بەسەر زەویدا، وەک چۆن مەزەندە دەکرێت لەناوچوونی پێنجەمدا ڕوویدابێت، بەڵکو دەرەنجامی پێشکەوتنی شارستانیەتی مرۆڤایەتییە کە دۆخی زەوی گەیاندووەتە ناهەموارییەکی بێوێنە لە مێژوودا. ئەم دۆخە ناهەموارە بەپێوانەی ژیانی مرۆڤ هەروەها بەپێوانەی ژیانی جۆرەکانی تر لە مێروویەکی بچووکەوە تا ئاژەڵێکی زەبەلاح، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئیتر ئێمە لەبەردەم ترسێکی گەورەداین و تەمەنی زەوی زۆر کورت بووەتەوە. ئەگەر سەرنجێکی ژمارەی مرۆڤەکان لەسەر زەوی بدەین، دەبینین لە 0.01% تێپەڕ ناکات، بەڵام لەسەرەتای سەرهەڵدانی شارستانیەتەوە ئەم ژمارە کەمە بووەتە هۆی لەناوچوونی 80%ی بوونەوەرەکانی تر. لەناوچوونەکەش جۆرێکی دیاریکراو ناگرێتەوە، بەڵکو  هەموو ئاژەڵان، بۆ نموونە ئاژەڵە ناسراوەکانی وەک ورچی جەمسەر، ماسیە گەورەکانی وەک قرش، ئەسپی ئاوی و ماسی ناو ڕووبارە سازگارەکان و ڕووەکی حەوزی سپی ناوەڕاست. بەم شێوەیەش  بەڵگەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە جۆرە ئاویەکان وەک جۆرەکانی تر ڕووبەڕووی لەناوچوون دەبنەوە. واش مەزەندە دەکرێت ژمارەی ئەو ئاژەڵانەی لەژێر مەترسی لەناوچووندان، بگاتە 17000 جۆر، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی بۆشاییەکی گەورە لە سیستمی خۆراک و ئاسایشی ژینگەییدا. هۆکارەکەش ئەوەیە کە ئەم هەمە-چەشنییەی ئێستا، کە پێویستی بە ملیۆنان ساڵ بووە تا جێگیر ببێت، ڕۆڵێکی بنەڕەتی هەیە لە سیستمی ژینگەیی و ئەو خزمەتگوزاریانەی کە سیستمە ئایکۆلۆژییەکان پێشکەشی دەکەن: وەک خۆراک بەخشین، سوڕی ئاو، پێکهاتەی خاک و پاراستنی، بەرگری لە جۆری داگیرکەرو زیانبەخش (مشەخۆر)، پیتاندنی ڕووەک، رێکخستنی کەش و لەناوبردنی پیسبوون و درم و پەتا، ئەمڕۆ ڕووبەڕووی تێکچوونێکی دەگمەن بووەتەوە. ئەم سیستمە داهێنەرە، ساڵانە بڕی 33 ترلیۆن دۆلار خۆراک پێشکەشی مرۆڤ و بوونەوەرەکانی تری سەر زەوی دەکات، ئەم بڕەش دوو ئەوەندەی ئەو خۆراکەیە کە چالاکی مرۆیی بەرهەمی دەهێنێت. بۆ نموونە 5000 تا 7000 هەزار جۆری ڕووەک بۆ دروستکردنی دەرمانی میللی و نوێ بەکار دەهێنرێن، زیاتر لە 100 ملیۆن تەن لە جۆرە ئاوییەکان، تیایاندا ماسی و نەرمۆڵە و توێکڵدارەکان بەشداری لە دابینکردنی ئاسایشی خۆراکی جیهانیدا دەکەن، هەروەها ئاژەڵە کێویەکان بەشدارییەکی بەرچاو لە دابینکردنی خۆراک و دەرامەتی ژیانی زۆرێک لەو وڵاتانەدا دەکەن کە گیرۆدەی دەستی هەژاری و نەبوونی ئاسایشی خۆراکن.  کامانەن هەڕەشەی نەمانی جۆرەکان؟  ئەو هۆکارە سەرەکیانەی لە پشت تێکچوونی سیستمی ئایکۆلۆژییەوەن لەسەر زەوی، بە پلەی یەکەم مرۆیین، جیاوازیشن لەهۆکارەکانی لەناوچوونە گەورەکان کە پێش ملیۆنان ساڵ، لەسەر زەوی ڕوویانداوەو بە پێنج ڕووداوە گەورەکە ناسراون. توێژینەوە زانستیەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئێستا بە لەناوچوونی شەشەمدا تێپەڕ دەبین، ئەویش لەدەرەنجامی گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی کەش. لەهەموو بارێکیشدا نابێت هەموو هۆکارەکان لە گۆڕانی کەشدا ببینرێن، چونکە بەشێکی زۆریان پەیوەستن بە چالاکی مرۆییەوە، کە کە ڕاستیدا کەمتر نیە لە هۆکارەکانی تری مەحفبوونی جۆرەکان لەناو سیستمی ژینگەیی و هەمە-چەشنیدا. دەکرێ هۆکارە ڕاستەخۆکان کە لە پشت نەمانی ئاژەڵانەوە دەوەستن، لەم خاڵانەی خوارەوەدا کۆبکرێنەوە: یەکەم: تێکدانی لانەی ئاژەڵان لەدەرەنجانی کشتوکاڵ و لەناوبردنی دەوەن و دارستانە سروشتییەکان. دووەم: زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاژەڵان وەک بازرگانی و ڕاوشکاریی ...هتد. سێیەم: پیسبون لە دەرەنجامی سوتاندنی وزەی ژێرزەوی (نەوت، گاز و خەڵووز)، بەکارهێنانی پلاستیک و کەرەستەی کیمیاوی و هۆکاری تر. چوارەم: بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتا لە ژیانی کێویانەو ئاویدا. پێنجەم: دەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی جۆری داگیرکەرو مشەخۆر کە هەڕەشە لە کۆمەڵگەی جۆرە ڕەسەنەکان دەکەن. وەک بڵاوبوونەوەی جۆرێک لە قارچکی ژەهراوی کە لە کۆتایی سەدەی ڕابووردوو، سەرەتای ئەم سەدەیەدا بوە هۆی نەمانی جۆری بۆقی ئاڵتوونیی لە ئەمریکای باشووردا.  شەشەم: گۆڕانی کەش: ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، زریان، کەمبوونەوەی ئاو و خۆراک، توانەوەی ڕووبارە بەستووەکانی جەمسەرەکان کە دەبێتە هۆی تێکدانی لانەی جۆرە جەمسەرییەکان و هەروەها دوورگە زەریاییەکان لە دەرەنجامی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریادا، ئەو زیانانەش لەولاوە بگرە کە دەگاتە باخچە مەرجانییەکان.  بەنسبەت ئاژەڵە شیردەرەکانەوە، تێکدانی لانە سروشتییەکانیان و زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانیاندا، وەک کۆکردنەوەو بازرگانی، بووەتە هۆی ئەوەی 35% لە جۆرەکانیان بکەونە ژێر هەڕەشەی لەناوچوونەوە، هەروەها 30% لە جۆرەکانی باڵندەو ئەوەش پەیوەستە بە بوونەوەرە وشکاوییەکانەوە 29% یان لەژێڕ هەڕەشەی لەناوچوونی ڕاستەوخۆدان. بەگوێرەی یەکێتی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ژینگە، کارلێکردن لە نێوان دیارە توندو ناهەموارەکانی کەشدا، وەک وشکانی، تیۆری دیارو سەرەکییە لە کەمبوونەوەی زۆرو فراوانی جۆرە وشکاوییەکاندا. هەرچەندە، هەڕەشەکان لەسەر سیستمی ئاوی زەریاو شیرین زۆر ڕوون نین، وادیارە زیادەڕۆیی لە بەکارهێناندا هەڕەشە گەورەکەیە دژی جۆرە ئاوییەکان، دووای ئەوەش هەڕەشەی تێکدانی لانەکانیان دێت.  وادیارە، لەدەستدانی لانەی جۆرەکان، هەڕەشەی یەکەم بێت دژی جۆرەکانی ئاوی سازگار، دووای ئەوەش هەڕەشەی نەخۆشی و پەتا دێت کە جۆرە داگیرکەرو مشەخۆرەکان لەسەر سەر سیستمی ژینگەیی دروستی دەکەن. ئەوەی ناسراوە لەسەر هەمە-چەشنی ئەوەیە کە هەڕەشەکانی لەناوچوون، بەگوێرەی گۆڕانکارییەکانی کات دەگۆڕێن. لە پێشدا جۆری داگیرکەرو مشەخۆر، گەورەترین هەڕەشە بوون بۆ سەر باڵندە، دووای ئەوەش زیادەڕۆیی لە بەکارهێنان و تێکدانی لانەکانیاندا، بەڵام ئەمڕۆ، تێکدانی لانە بووەتە هەڕەشەی یەکەم، دووای ئەوەش جۆری داگیرکەرو مشەخۆر و زیادەڕۆیی لە بەکارهێناندا. دووریش نیە بەهۆی گۆڕانکاری کەشەوە، گۆڕانکاری بەسەر ئەم دۆخەشدا بێت. ئەمەش بەگوێرەی ڕاپۆرتی سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەسەر هەڵکشانی گەرما لە 1.5 ەوە بۆ 2.0 لەنێوان 2030-2052 کە ساڵی 2018 بڵاوکرایەوە.  واش مەزەندە دەکرێت بەرزبوونەوەی گەرمای زەوی بۆ 2.0 پلەی سێلزی، دەیان ملیۆن مرۆڤ و بوونەوەر جیهاندا بخاتە بەردەم هەڕەشەی تەوژمی گەرماو بێئاوی و لافاو و زریانەوە، بەتایبەتی لەشارەکانی ڕۆخی دەریادا. توێژینەوە زانستیەکانیش لەم بوارەدا ترسی ئەوە ناشارنەوە کە دۆخێکی ئاوەها ببێتە هۆی لەناوچوونی نیوەی جۆرەکان لەسەر زەوی، ڕێک وەک ئەوەی پێش دوو دەیە زیاتر، لە لادێکەی ڕوویدا.   


درەو: بۆ هەر پەرلەمانتارێكی عێراق مانگانە (25 ملیۆن) دینار خەرج دەكرێت، بۆ موچەی خۆی و ستاف و كرێی خانووی پەرلەمانتارە.   ئەو پارەیەی كە مانگانە دەخرێتە ژمارە بانكی پەرلەمانتارێكی عێراق بەم شێوەیەیە:  •    كۆی موچەی مانگێكی پەرلەمانتار: (7 ملیۆن و 400 هەزار ) دینارە،  (5 ملیۆن) دینار موچەی بنەڕەتی و (2ملیۆن و 400) هەزار دینار دەرماڵەی میوانداریی. •    مانگانە بڕی ( 3 ملیۆن) دینار بۆ كرێی خانوو یان شوقەی پەرلەمانتار خەرجدەكرێت •    مانگانە بڕی ( 15 ملیۆن و 200هەزار) دینار دەخرێتە سەر ژمارە بانكی پەرلەمانتارێكی عێراق، بۆ ستافێكی (16) كەسی لە ( پاسەوان و سكرتێر و راگەیاندندكار)بۆ پەرلەمانتارێك دابین دەكرێت، موچەی هەریەكێكیان (950 هەزار) دینارەو دەكاتە ( 15 ملیۆن و 200 هەزار) دینار، پەرلەمانتار خۆی ئازادە لە شێوازی دابەشكردنی، بەشێك لە پەرلەمانتاران ئەو بڕە پارەیە نادەنە ئەو ستافەو برێكی كەمیان دەدەنێ و دەوامیان پێناكەن •    كۆی گشتی ئەو پارەیەی بۆ پەرلەمانتارێكی عێراق مانگانە خەرج دەكرێت بریتیە لە ( 25 ملیۆن و 200 هەزار) دینارە لەگەڵ چەند ئیمتیازێكی تر. •    ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق (329) كەسە، كۆی ئەو پارەیەی بۆیان خەرج دەكرێت دەكاتە ( 8 ملیار و 290 ملیۆن) دینار. •    لەدوای تەواو بوونی چوار ساڵی پەرلەمانتاری خانەنشین دەكرێت ئەوانەی تەمەنیان (45) ساڵ و (15) ساڵ خزمەتیان هەیە.    


درەو: ئێرانیەكان لە پارتی دیموكراتی كوردستان توڕەن "بەڵێنەكەتان شكاند" نێچیرڤان بارزانی نیگەران بووە لەو شێوە بەشداریكردنەی پارتی، بافڵ تاڵەبانی وتویەتی" نابمە بەشێك لە تێكدانی ناو ماڵی شیعە". لە دانیشتنی یەكەمی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراقدا ململانێكان چوونە قۆناغێكی ترەوە، مەسعود بارزانی و محەمەد حەلبوسی چوونە بەرەی سەدرەوە، چوار چێوەی هەماهەنگی كۆبونەوەكەیان بایكۆتكرد، فراكسیۆنی یەكێتیش بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی دانیشتنەكەیان جێهێشت، خەریكە مەشهەدە سیاسیەكان رونتر دەبێتەوە، دابەشبوونی لایەنەكان بەسەر جەمسەرەكاندا دەركەوتوون، لایەنە كوردیەكان دابەشبوون بەسەر سێ ئاراستەدا، پارتی بۆ لای سەدریەكان و یەكێتی بایكۆت و لایەنەكانی تریش ئۆپۆزسیۆن، سونەكان دابەشبوون تەقەدوم و عەزم بۆلای سەدریەكان و مەشهەدانی بۆلای چوارچێوەی هەماهەنگی و بەشێكیشیان خۆیان دوورگرتووە، شیعەكانیش بۆ دوو جەمسەری ناكۆك دابەشبوون.  ئێرانیەكان توڕەن پێشتر ئیرانیەكان چەند جارێك سەردانی هەولێر و سلێمانیانكرد، بەڵێنیان لە پارتی و یەكێتی وەرگرتبوو كە نەبنە بەشێك لە ململانێكانی ناو ماڵی شیعە و تا خۆیان یەكلا نەكەنەوە بەشداری لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا نەكەن، بەڵام پارتی بەرەی سەدری هەڵبژاردو یەكێتیش بایكۆت.  بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) ئێرانیەكان توڕەن لە هەنگاوەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و سونەكان بۆ درووستكردنی زۆرینە لەگەڵ سەدریەكان، ئێرانییەكان بە روونی رایانگەیاندووە ئێمە لە سەدرییەكان نیگەران نین، بە پلەی یەكەم لە پارتی دیموكراتی كوردستان و خودی مەسعود بارزانی نیگەرانین، چونكە ئەوان بەڵێنیان دابوو نەبنە بەشێك لە كێشەكانی ناوماڵی شیعەو تا خۆیان یەكلا نەكەنەوە نەچنە بەشدار نەبن لە هیچ پرۆسەیەكدا بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق، بەڵام پارتی بەرەی سەدریەكانی هەڵبژاردوو، كێشەی ناو ماڵی شیعەی لە قازانجی سەدر یەكلاكردەوە، ئێرانیەكان بەروونی رایانگەیاندووە كە ئەم هەڵوێستە قبوڵناكەن، چونكە ئەو هەنگاوەی حەلبوسی و بارزانی بە پلەی یەكەم دژی ئێران بووە نەك لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی. بە پێی زانیاریەكانی (درەو) نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دوو رۆژ پێش دانیشتنەكەی پەرلەمانی عێراق بەروونی بە سەرۆكی پارتی و مەكتەبی سیاسی حزبەكەی راگەیاندووە، بڕیاری بەشداریكردن و چونە بەرەی سەدر بڕیارێكی درووست نیە، بەروونی وتویەتی، ئێمە چی قازانجێكمان كردووە لە سەدریەكان، ئەوان چییان بۆ كردین لە بودجەی هەرێم و تا ئێستاش سەدر پێی وایە پێشمەرگە میلیشیایە، ئێتر ئەم بڕیارە لە پێناو چی؟ ئەمە سەرەرای ئەوەی ئێمە دەبینە بەشێك لە كێشەكانی ناو ماڵی شیعەو دەبینە بەشێك لە بەرەی دژ بە ئێران لە كاتێكدا ئێمە بەڵێنمان داوە كە نەبینە بەشێك لە كێشەكانی ناو ماڵی شیعەو تا خۆیان یەكلا نەكەنەوە بەشداری لە هیچ پرۆسەیەكدا نەكەین. هەنگاوە سێقۆڵیەكەی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) تەنیا رەهەندی ناوخۆیی نیە بەڵكو بەشێكە لە ئەجێنداو ململانێیەكی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، ئەوەی دوێنێ روویدا بەروونی سەرخستنی ئەجێندای ( ئەمریكا و بەریتانیا و ئیمارات و توركیا) بوو بەسەر بەرەی ئێرانی ( مالكی، عامری، تاڵەبانی).   یەكڕیزییەكەی پارتی و یەكێتی پارتی و یەكێتی بە وەفدێكی هاوبەش لە بەغداد بوون، بەڵام بافڵ تاڵەبانی لە بەغدا و مەسعود بارزانی لە پیرمام بڕیاری یەكلاكەرەوەیان دەدا، ئەمە یەكڕیز و وەفدی هاوبەشی نێوانیانی هەڵوەشاندەوە. بارزانی بڕیاری خۆیدا لەگەڵ سەدر و حەلبوسی رێككەوتنی كردو پرسەكانی تێپەڕاند، بافڵ تاڵەبانیش بڕیاریداو فراكسیۆنەكەی لە هۆڵی پەرلەمان كشاندەوە. بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندووە ئێمە نابینە بەشێك لە كێشەو ململانێكانی ناو ماڵی شیعە، وەك چۆن نامانەوێت ئەوانیش ببنە بەشێك لە كێشەكانی ناو ماڵی كوردی، هەرچەندە باس لەوە دەكرێت كە بافڵ تاڵەبانی لەسەر پێشنیازی ئێرانیەكان لە هۆڵی پەرلەمان كشاوەتەوە، ئێرانیەكان پێیان راگەیاندووە، ئەگەر لەم قۆناغەشدا سودمەند نەبن، ئێمە لە داهاتوودا قەرەبووی ئەو هەڵوێستەتان دەكەینەوە.  بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) سەدرییەكان چەند جارێك پەیوەندییان بە بافڵ تاڵەبانیەوە كردووە و پێیان راگەیاندووە، دەمانەوێت لەگەڵمان بن، پاڵپشتان دەبین لە دانانی سەرۆك كۆمارو ئەو كاندیدەی خۆتان دەتانەوێت و پێدانی پۆستی وزاری پێتان، بەڵام بافڵ تاڵەبانی بەو پێشنیازانە رازی نەبووەو وتویەتی نامانەوێت ببینە بەشێك لە كێشەی ناو ماڵی شیعە.  ململانێی سەرۆك كۆمار زۆرینەی پەرلەمانی ( سەدر، بارزانی ، حەلبوسی) دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان بۆخۆیان برد و سەرۆكە سونیەكەیان بۆ حەلبوسی مسۆگەر كرد بەدەنگی (200) ئەندام واتا (61%)ی ئەندامانی پەرلەمان، ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بن، دەتوانن بە ئاسانی سەرۆك وەزیران بۆ سەدریەكان مسۆگەربكەن و سەرۆك كۆماریش بۆ پارتی، چونكە خۆیان زۆرینەن و ئەتوانن بە ئاسانی هەموو بڕیارێك تێپەڕێنن. تا ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان بە حەزەرەوە باس لە پرسی سەرۆك كۆمار دەكات، نایەوێت لەوە زیاتر یەكێتی نیگەران بكات، ئەوان دەیانەوێت فشار لەسەر یەكێتی درووست بكەن بۆ گۆڕینی كاندیدی سەرۆك كۆمار، چونكە تا ئێستا بەرپرسانی یەكێتی باس لەوە دەكەن تاكە كاندیدیان ( بەرهەم ساڵًح)ە كە لەلایەن مەسعود بارزانیەوە ڤیتۆی لەسەرە. بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) پارتی بە یەكێتیان راگەیاندووە كە ئەوان دەبێت لانی كەم دوو كاندید پێشكەشبكەن و رەزامەندی بارزانی لەسەر یەكێكیان بێت، نیازی پارتی ئەوەیە كە یەكێتی كەسێكی تر لە بری بەرهەم ساڵح كاندید بكات و بیكەن بە كاندیدی كورد. ئەمە سەرەرای ئەوەی زۆرینەكەی ( سەدر، بارزانی، حەلبوسی) دەیانەوێت تەواوی پۆست و جومگە سەرەكیەكانی عێراق لە دەستی خۆیاندا بێت و خۆیان بڕیار لەسەر پرسە گرنگەكان بدەن و هیچ پۆست و كەس و لایەنێك رێگر نەبێت لە جێبەجێكردنی ئەجێنداكانیان بۆ چوار ساڵی داهاتوو، ئەم بەرە سێقۆڵیە دەیانەوێت پێكەوە هەرسێ سەرۆكایەتیەكە كۆنترۆڵ بكەن، حەلبوسی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەدر سەرۆكایەتی حكومەت و پارتیش سەرۆكایەتی كۆمار، بۆیە بارزانی نایەوێت كەسێك لە سەرۆكایەتی كۆمار بێت پێچەوانەی ئەچێنداو روانینی ئەو بێت. ئەوەی پەیوەندی بەناوخۆی یەكێتیشەوە هەیە، تا ئێستا بافڵ تاڵەبانی پشتیوانی لە بەرهەم ساڵح دەكات، ناوی د. خەسرەو گوڵ محەمەد و عیماد ئەحمەد بەگەرمی دێت، د. لەتیف رەشید چاوی لە پۆستەكەیەو چەند جارێك بەرپرسانی پارتی بینیوەو پێی راگەیاندوون، ئەگەر ئێوە كاندیدی خۆتان دەبێت من خۆم كاندید ناكەم ئەگەر بەرهەم ساڵح كاندید بێت منیش خۆم كاندید دەكەم. ئێستا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەرگای خۆپاڵاوتنی كردووەتەوە بۆ سەرۆك كۆماری عێراق،      


 شیكاری: درەو  ئەو (٣٢٩) پەرلەمانتارەی عێراق كە دوێنێ سوێندی یاساییان خوارد بە سەرجەمیان (٤ ملیۆن) دەنگیان بەدەستهێناوە لەكۆی (22 ملیۆن) كەس كە مافی دەنگدانیان هەبووە، (18 ملیۆن) كەس دەنگیان پێنەداون، بەم جۆرەش ئەندامانی خولی ئێستای پەرلەمانی عێراق بە ڕێژەی (١٨%)ی دەنگی دەنگدەرانی عێراق گەیشتوون بە پەرلەمان! بەهۆی سیستمی هەڵبژاردنەوە، کاندیدی سەرنەکەوتوو هەیە ژمارەی دەنگەکەی زۆرترە لە دەنگی (٣١٥) لەو کانیدانەی سەرکەوتوون بۆ ئەنجومەنی نوێنەران. زیاتر لەوەش ئەو دەنگەی بەدەستی هێناوە زیاترە لە دەنگی (٨) کاندیدی سەرکەوتوو پێکەوە! ئەنجامی هەڵبژاردن رۆژی 30/11/2021 دەستەی دادوەریی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، دوای پێداچوونەوە بە تانەکاندا، ئەنجامی کۆتایی و پەسەند کردو ناوی کاندیدە سەرکەتووەکانی بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بڵاوکردەوە. هەر بەپێی ئەنجامەکان، ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە (٢٢ ملیۆن و ١١٦ هەزار و ٣٦٨) هاوڵاتی عێراقی بوونە، بەڵام کۆی ژمارەی دەنگدەران گەیشتووەتە (٩ ملیۆن و ٦٢٩ هەزار و ٦٠١) دەنگ، ئەوەش دەکاتە ٤٤٪ی کۆی ژمارەی دەنگدەرانی عێراق. هاوکات ٨٪ی دەنگەکانیش پووچەڵبوون، کە دەکاتە (٧٢١ هەزار و ٩٧٩) دەنگ، بەو پێیەش (٨ ملیۆن و ٨٧١ هەزار و ٦١٢) دەنگیان بە ڕاستەقینە هەژمار کراوەن. بەپێی دوا زانیارییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن (٢١) هاوپەیمانی و (١٠٨) حیزبی سیاسی (٧٨٩) کاندیدی سەربەخۆ لە ڕێگەی (٣ هەزار و ٢٢٥) کاندیدەوە بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کردووە. کاندیدە سەرکەوتووەکان (١٣٨) یان لە هاوپەیمانێتییەکان و (١٤٨) کاندیدی حیزبە سیاسییەکان (٤٣) یان سەربەخۆ بوونە، دیارتیرین لایەنە سەرکەوتووەکانیش بریتین لە رەوتی سەدر (٧٣) كورسی و هاوپەیمانی تقدم (محەمەد حەلبوسی): (٣٧) كورسی و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا (نوری مالیكی) (٣٣) كورسی و پارتی دیموكراتی كوردستان: (٣١) كورسی  (بۆ وردەکاری ئەنجامەکان بڕوانە پاشکۆی ڕاپۆرتەکە) کاندیدی ئافرەت لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت (٢٥%)ی پێکهاتەی ئەنجومەنی نوێنەران لە ئافرەتان پێکبێت، واتە لە (٣٢٩) کورسی پەرلەمان دەبێت بە لانی کەمەوە (٨٣) نوێنەریان ئافرت بن، بەو هۆکارەش عێراق دابەشی (٨٣) بازنەی هەڵبژاردن کرا. بەڵام بەپێی ئەنجامەکانی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمسیۆن (٩٥) کاندیدی ئافرەت و بە ڕێژەی (٢٨.٨٧%) سەرکەوتوون بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، جێی ئاماژەیە لەو (٩٥) کاندیدە ئافرەتە تەنها (٣٨) کاندیدیان بە کۆتا سەرکەوتوون (٥٧) کاندیدیان ڕێژەی دەنگی پێویستیان بەدەستهێناوە.  ڕیزبەندی 10 کاندیدی سەرکەوتووی خاوەن زۆرترین دەنگ بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ئەو (١٠) کاندیدە سەرکەوتووەی زۆرترین دەنگیان بەدەست هێناوە، سەرجەمیان لە ڕەگەزی نێرن و کانیدیدی یەکەمیان (یەکگرتوو)ەوە و لە پارێزگای دهۆک (٥٦ هەزار و ٧٠٢) دەنگی بەدەستهێناوەو (٦) کاندیدیان لە (پارتی دیموکراتی کوردستان)ن (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) ڕیزبەندی 10 کاندیدی سەرکەوتووی خاوەن کەمترین دەنگ بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەو (١٠) کاندیدەی بە کەمترین دەنگ سەرکەتوون سەرجەمیان لە ڕەگەزی (مێ)ن و (٨) کاندیدی یەکەمیان بە کۆتا سەرکەوتوون، دوو کاندیدی کۆتاییان (واتە نۆیەم و دەیەمیان) دەنگی پێویستیان لە بازنەکانی خۆیا بەدەست هێناوەو بەبێ سیستمی کۆتا سەرکەوتوون، ئەو کاندیدە سەرکەوتووەشی کەمترین دەنگی بەدەستهێناوە لە بازنەی (٣) پارێزگای کەربەلایەو تەنها (هەزار و ٧٣٠) دەنگی بەدەستهێناوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (٢)) نادادپەروەری لە ئەنجامی هەڵبژاردن  یەکەم: بەپێی داتاکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن، ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە (٢٢ ملیۆن و ١١٦ هەزار و ٣٦٨) هاوڵاتی عێراقی بوونە، بەڵام کۆی ژمارەی دەنگدەران گەیشتووەتە (٩ ملیۆن و ٦٢٩ هەزار و ٦٠١) دەنگ، ئەوەش دەکاتە نزیکەی ٤٤٪ی کۆی ژمارەی دەنگدەرانی عێراق. هاوکات ٨٪ی دەنگەکانیش پووچەڵبوون، کە دەکاتە (٧٢١ هەزار و ٩٧٩) دەنگ، بەو پێیەش (٨ ملیۆن و ٨٧١ هەزار و ٦١٢) دەنگیان بە ڕاستەقینە هەژمار کراوە. بەڵام بەپێی داتاکانی کۆمسیۆن ئەو (٣٢٩) کاندیدەی سەردەکەون بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە سەرجەمیان (٤ ملیۆن و ٦٨ هەزار و ٦٢٧) دەنگیان بەدەستهێناوە (بڕوانە پاشکۆی ڕاپۆرتەکە)، بەم جۆرەش بێت ئەندامانی خولی داهاتووی عێراق بە ڕێژەی (١٨.٤%)ی دەنگی دەنگدەرانی عێراق گەیشتوون بە پەرلەمان! دووم: بەهۆی سیستمی هەڵبژاردنەکەوە، سەرەڕای ئەوەی بەشێک لەو کاندیدانەی سەرکەوتوون لە بازنەکانی خۆیان، دەنگیان کەمترە لە کاندیدێکی سەرنەکەتووی بازنەیەکی تر، بە پێچەوانەوە ڕوویداوە. بۆ نمونە لە بازنەی (١)ی پارێزگای هەولێر کاندیدی ژمارە (٢٤) کە (فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی)یەو لە نێو کاندیدە دەرنەچووەکان لەسەر ئاستی سەرجەم بازنەکانی هەڵبژاردنی عێراق زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوەو کە (٢٧هەزار و٦٠٤) دەنگە، ئەو ژمارە دەنگەش زۆرترە لە دەنگی (٣١٥) لەو کانیدانەی سەرکەوتوون بۆ ئەنجومەنی نوێنەران. زیاتر لەوە، ئەو ژمارە دەنگەی ناوبراو بەدەستی هێناوە زیاترە لە دەنگی (٨) کاندیدی سەرکەوتوو پێکەوە کە بە کۆتا و کەمترین دەنگەیان هەیە لە نێو کاندیدە سەرکەوەتووەکان و هەر هەشتیان (٢٣ هەزار و ٩٦٨) دەنگیان بەدەست هێناوە (بگەڕێوە خشەتی ژمارە (2))      پاشکۆی ڕاپۆرت وردەکاری ئەنجامەکانی هەڵبژاردن  


 (درەو): وەفدی هاوبەشی پارتی‌و یەكێتی لە بەغداد بەبێ ئەنجام هەڵوەشایەوە، یەكێتی بایكۆتی دەنگدان بە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق دەكات.  وەفدی هاوبەشی پارتی‌و یەكێتی بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان سەبارەت بەپێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، هەڵوەشایەوە.  ئەم وەفدە هاوبەشە كە (عیماد ئەحمەد) ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی سەرۆكایەتی دەكرد، ئەركەكەی تەنیا چەند كۆبونەوەیەك بوو لەگەڵ رەوتی سەدرو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی‌و لایەنە سوننەكان.  وەفدەكە لەكاتێكدا سەردانی بەغدادی كرد، پێشوەختە، پارتی رێككەوتنی خۆی لەگەڵ رەوتی سەدر وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن كردبوو.  لەكاتێكدا وەفدەكەی عیماد ئەحمەد لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان لە بەغداد گفتوگۆی دەكرد، پارتی لە هەولێرەوە رێككەوتنی خۆی لەگەڵ سەدرو سوننەكان یەكلاكردەوە.  ئێستا یەكێتی لە پارتی نیگەرانە‌و پێیوایە فێڵی لێكراوە، بۆیە پەرلەمانتارانی یەكێتی كە ژمارەی (18) كەسە، ئێستا لە هۆڵی پەرلەمانی عێراق چونەتە دەرەوە‌و دەنگ بە هەڵبژاردننی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی نوێی عێراق نادەن.  پارتی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان وەردەگرێت‌و (شاخەوان عەبدوڵا)ی كاندید كردووە، یەكێتی دەنگ بە كاندیدەكەی پارتی نادات، ئەمەش وادەكات، پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەنگ بۆ كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار نەدات كە پشكی یەكێتییە.  بەگشتی ناكۆكی ئێستای یەكێتی لەگەڵ پارتی لەسەر دوو خاڵ چڕبوەتەوە، كە ئەمانەن:  یەكەم: یەكێتی پێیوایە پارتی فێڵی لێكردووە‌و بەجیا خۆی رێككەوتنی لەگەڵ رەوتی سەدر كردووە دووەم: پارتی ڤیتۆی لەسەر (بەرهەم ساڵح) هەیە‌و نایەوێت بۆ جاری دووەم بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید بكرێتەوە، یەكێتی هێشتا تاكە كاندیدی (بەرهەم ساڵح)ەو نایەوێت كاندیدی خۆی بگۆڕێت بەمدۆخەوە، پێشبینی دەكرێت سیناریۆی ساڵی 2018 دووبارە ببێتەوە، كاتێك پارتی‌و یەكێتی بە دوو كاندیدی جیاوازەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار چونە بەردەم پەرلەمان (بەرهەم ساڵح‌و فوئاد حسێن)، كاندیدی یەكێتی دەنگی زۆرینەی هێناو پۆستەكەی وەرگرت.   


مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) لە ساتەوەختی دەرکەوتنییەوە زارا محەمەدی مۆدێلێک لە بەرگریکردن نیشانئەدات کە ھەڵگری کۆمەڵێک تایبەتمەندییە و قابیلی لەسەروەستان و ڕاڤەکردەنە. بەر لە ھەمووشتێک ئەم خاانمە دەزانێت ئەو کردەیەی ئەو ئەنجامیئەدات ڕژێمی جمھوری ئیسلامی و دەسەڵاتی ئایەتوڵا و ئاخوندەکان ناڕوخێنێت. کۆتایی بە سیستمە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیەکەی دەسەڵاتدارانی ئێران ناھێنێت. دەشزانێت زیندانکردن و ئازاردان دەرەنجامێکی حەتمی ئەو کردە تایبەتەی بەرگریکردنە. پرسیارەکە ئەوەیە بەرگریکردن لەم دۆخەدا چ مانایەکی ھەیە؟ چۆن لێی بڕوانین و بە چ شێوەیەک لێی تێبگەین؟ بە بۆچوونی من ئەم شێوازە لە بەرگریکردن کورتنابێتەوە تەنھا بۆ بەرەنگاربوونەی سیاسەتێکی دەرەکیی قێزەون،  سیاسەتی یاساغکردنی زمانی میلەتێک لە سەدەی بیست و یەکەمدا، تەنھا بەگژاچوونەوەی ڕاسیزمی دەوڵەتیش نییە کە مرۆڤەکان لەسەر بنەمای زمان لەیەکتری جادەکاتەوە و ڕێ لە فێربوونی ئەم یان ئەو زمانیان دەگرێت. ھاوکات ئەم بەرگریکردنە تەنھا کردەی ڕەفزکردن و پێداگرتن لەسەر پێداویستی کۆتاییھاتن بە جیھانێکی نائینسانیی تایبەتیش، نییە.  بەرگریکردن لێرەدا بەر لە ھەمووشتێک کردەیەکی پۆزەتیڤە، پێداگرتنە لەسەر فۆرمێکی تایبەت لە مرۆڤبوون، دروستکردن و پاراستننی وێنەیەکی خودە کە بەشێکی زۆری ماناکانی بوون و ژیانی، لە ھێشتنەوە و داڕشتنەوەی بەردەوامی ئەو وێنەیەدا بەرجەستەیە.  بەرگریکردن لێرەدا، گەر بە زمانی فەیلەسوی فەرەنسی میشێل فوکۆ بدوێین، جۆرێکە لە مشورخوردنی مرۆڤ لە خود خۆی، پاراستن و ڕزگارکردنی ئەو خودەیە لە بڕێکی زۆر لەو میکانیزمی کۆنترۆڵ و دیسپلینکردنە دەرەکییانەی کە سیستمە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و دینییەکە، بەسەر مرۆڤدا دەیسەپێنرێت. ڕێگرتنە لەوەی مرۆڤ بگۆڕێت بۆ خودێکی ئاراستەکراو و گوێڕایەڵ و تەسلیمبوو بە میکانیزم و گوتارە باڵادەستەکانی ئەو سیستمانە. کردەی بەرگریی لێرەدا تەنھا کردەی ڕەفزکردنی ئەو میکانیزمە دەرەکییە سەپێنراوانە نییە، بەڵکو کردەیەکی ناوەکیی بەرھەمھێنیشە، کە تیایدا مرۆڤێک خۆی خۆی دروستدەکات و پێ لەسەر ئەوەدادەگرێت بە مەرجەکانی خۆیەوە لەو ژینگە کۆنترۆڵکراوەدا درێژە بە ژیانی بدات. بەرگریی لێرەدا کەسایەتییەک دروستدەکات لە دەرەوەی ئاسۆی چاوەڕوانییەکانی دەسەڵاتدا بژیی و کار لەسەر شوناسی تایبەتی خۆی بکات، ئیتر لە چاوەڕوانییەکانی دەسەڵاتی سیاسییەوە بیگرە، بۆ چاوەڕوانییەکانی دەسەڵاتی دینیی و لەوانیشەوە بۆ چاوەڕوانییەکانی دەسەڵاتە ڕەمزییەکانی ئەو دەوڵەتە ڕاسیستییە.  لەسەرێکی دیکەوە کردەی بەرگریکردنە چەندە کردەی دروستکردنی خودێکی تەلسیمنەبوو و یاخییە، لە ھەمانکاتدا کردەی ڕێگەگرتنیشە لە ڕوخانی ناوەکیی مرۆڤەکە خۆیشی، ڕێگرتن لە سڕینەوەی ناوەکیی مرۆڤەکە لە ناوەوەی خۆیدا. بەم مانایە ئەم کردەیە بەر لەوەی کەسەکە بکات بە شۆڕشگێڕێکی نەتەوەیی و نیشتیمانیی و سیاسیی، دەیکات بە مرۆڤێک لە خەمی پاراستنی مرۆڤبوونی خۆی و لە خەمی پاراستنی ئەو مەرجانەدا بێت کە شوناسێکی تایبەتی پێئەبەخشن. شوناسێک پێشئەوەی لەبەردەم جیھانی دەرەوەدا نمایشیبکات، لەبەردەم خۆی و لە پەیوەندیدا بە خۆیەوە، نمایشیدەکات. بە زمانێکی سادەتر بدوێم کردەی بەرگریکردن وا لە زارا محەمەدی دەکات کەسێکبێت بە مەرجەوە بژیی، ڕێزی خۆی و ڕوانینەکانی خۆی بگرێت، مشوری ئینسانبوونی خۆی بخوات، بە تەنگ ئەو وێنە و دید و ڕوانین و زمانەوە بێت کە ئەو دەکەن بەو کەسە تایبەتەی لەو ساتەوەختە مێژووییە تایبەتەدا ڕێیکەوتۆتە ناو ئەو جیھانە تایبەتەوە، کە تیایدا دەژیی.  بەم مانایە کردەی بەرگریکردن لێرەدا کردە و دەستپێشخەریی تاکەکەسیی ماناداری ئەم خانمەیە کە لە ڕێگایەوە خۆی دەبێت بە نووسەر و داھێنەری شوناسی خۆی، وەک مرۆڤێک لەناو ژینگەیەکی نائینسانیی و دڕندەدا. وەک ووتم کردەی بەرگریکردنەکە بە پلەی یەکەم ڕزگارکردنی خود خۆیەتی لە بڕێکی زۆر لەو میکانیزمانەی کۆنترۆڵ و دیسپلین و ئاراستەکردنی دەرەکیی. کە جۆرێک لە مرۆڤی ڕامکراو  بەرھەمدەھێنن.  ئەم گەڕانەوەیە بۆ خود خۆی و ئەم مشورخواردنە لە ئینسانبوونی ئینسان خۆی، کارێکی ھێجگار گرنگە لە ژینگەیەکدا ئەگەری شۆڕش و ئەنجامدانی گۆڕانکارییی خێرا و گەورە و ماناداری تیادا لاوازبووبێت. پرۆژەیەکی کۆیی بەرگریکردن و ھەوڵی ڕێکخراو و سیستماتیکی بۆ دەسکاریکردنی ئەو دونیایە، بوونی نەبێت یان زۆر لاواز و پەراوێزیبێت. لە ڕاستیدا مشورخواردن لە خود خۆی، لەوەی مرۆڤ چ کەس و بوونەوەرێک بیت، لە چ پەیوەندییەکادا بیت لەگەڵ خودی خۆیدا، بەشێکی ھێجگار گرنگ و سەرەکیی ھەر کردەیەکی بەرگریکردنە بیەوێت بەرگرییەکی ڕاستەقینە و ماناداربێت. ئینسان بۆ ئەوەی بتوانێت بەشێکبێت لە پرۆژەی ئازادیی و سەربەخۆبوونێکی دەستەجەمعی، پێویستە سەرەتا ئەو پرۆژەیەی لە ناوەوەی خۆیدا و لە پەیوەندیدا بەخۆیەوە ھەڵگرتبێت. لەم دۆخەدا کردەی بەرگریکردن کردەی داھێنان و دروستکردنی خود خۆیەتی بەپێی خواست و ویست و دید و ھۆشیاریی ناوەکیی ئەو خودە خۆی، نەک تەنھا بەپێی لۆژیکی کاردانەوە بەرامبەر بە فشارە دەرەکییەکان و بەگژاچوونەوەی ئەو فشارانە.  کە ئەمە دەڵێم نامەوێت لە قورسایی فشارە دەرەکییەکان کەمبکەمەوە، بە پێچەوانەوە فشارە دەرەکییەکان پاڵنەری ھێجگار گرنگن، زارا محەمەدی کورد نەبوایە و لە ئێرانی ڕژێمی ئایەتوڵاکاندا نەژیایە، بێگومان کەسێکی دیکە و ژنێکی دیکەی لێدەردەچوو. ئەوەی من دەمەوێت بەرگریی لێبکەم ئەو پاڵنەرە ناوەکییانەیە کە کەسێک بەرەو ئەوەدەبەن ھەوڵی ڕزگارکردنی ئینسانبوونی خۆی بدات، لە ژینگەیەکدا یەکێک لە میکانیزمە سەرەکییەکانی لە ئینسانخستنی ئینسانە. مشورخواردنەوە لە خود خۆی و پاراستن و ھێشتنەوەی ئینسانەکەی ناو کەسەکە خۆی، شەپازلەیەکی گەورەیە لە ڕوخساری میکانیزمە باڵادەستەکانی لە ئینسانخستنی ئینسانەکان خۆیان. زارا محەمەدی ئەو شەپازلە ئینسانییە گەورەیەیە لە ڕوخساری سیاسەتی لە ئینسانخستنەی ئینسان، لەمڕۆکەی ئێراندا.  گەڕانەوە بۆ ئەو دێڕە شیعرەی قانعیش کە دەڵێت ”قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی ھیوای بە بەندیخانەیە“، دەسکارییەکی تەواوی ماناکانی زیندان و پێچەوانەکردنەوەی ئەرک و واجیبەکانی زیندانە وەک دەزگایەکی سەرەکیی کۆنترۆڵ و دیسپلینکردن. گۆڕینی ماناکانی زیندانە  لە شوێنێکەوە بۆ چاندنی بەزاندن و تەسلیمبوون لەناوەوەی مرۆڤدا، بۆ قوتابخانەیەک بۆ فێربوون و دروستبوونو خۆداھێنانی نوێ. ئەمەش دیسانەوە درێژەی ئەم ستراتیژیەتی مشورخواردنەیە لە خود خۆی. ڕێک لەو کاتەدا کە زارا محەمەدی بەرەو زیندان دەچێت و بەرگریکردنەکەی ڕەھەندێکی بەرچاو و بینراو وەردەگرێت، ئێمە دەنگ و سەدا و قسەکانی دەبسیتین، بەمەش ماناکانیکردەی بەرگریکردنەکەی  گەورەتر و گشتیتر دەبێت، لە ھەمانکاتدا لە ھەرێمی کوردستاندا یادی قاسم سلێمانی کرایەوە و بەجۆرێک باس لەم کەسایەتییە کرا، ھەموو مانایەکی پۆزەتیڤی لە بەکارھێنانێکی بەرپرسیارانەی زمان و قسەکردن و دەرکەوتن سەندەوە. لەباتی ڕێزگرتنی قسەکەرەکان لە خودی خۆیان و لەباتی بەتەنگەوەھاتن و مشورخوردنیان لە زمان و خود و قسەکانیان، بوون بە داھۆڵێکی بەتاڵی فوتێکراو، یان بە تەسجیلێک چەند بەرپرسێکی ئێرانی ئەو شتانەیان لەسەر تۆمارکردبێت کە لەوانەیە خودی ئەو بەرپرسانە خۆیشیان، باوەڕیان پێینەبێت. ئەوەی لە یادکردنەوەی قاسم سلێمانی لە ھەرێمدا گوترا، ھێندەی نمایشکردنی سوکایەتیکردنی قسەکەرەکان بوو بە خودی خۆیان و  بە زمان و بە کردەی قسەکردن خۆیشی، ھێندە نمایشکردنی ھیچ شتێکی دیکە، نەبوو. بەم شێوەیە ئێمە لەیەک کاتدا دوو شتی تەواو ناکۆکمان بینیی: لەسەرێکەوە مۆدێلێکمان لە بەرگرییکردن بینی کە مرۆڤ بەھۆیەوە بەر لە ھەمووشتێک لە خەمی ئینسانبوونی خۆیدایە، لە سەرێکی دیکەوە مۆدێلێکمان لە تەسلیبوون بینی، کە مرۆڤ تیایدا بەر لە ھەمووشتێک سوکایەتی بە خودی خۆی دەکات.


درەو: حكومەتی هەرێم موچەی بەشێكی موچەخۆرانی بە دراوی ( 5 هەزار) دیناری دابەشدەكات، لەو پرۆسەیەدا خێرێكی تر لە موچەی موچەخۆران دەكات. بەشێكی زۆری موچەخۆران موچە بە دراوی (5 هەزار) دیناری وەردەگرن، كە زۆربەیان كۆن و دڕاو وخراپن، لە بەستەیەكی (500 هەزار) دیناریدا بڕی نزیكەی (20 بۆ 30) هەزار (5 ھەزار) دیناری كۆن و خراپ ھەن. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، حكومەت لە گۆڕینەوەی دۆلار بە دراوی (5 هەزار) دیناری قازانج دەكات، بەو پێیەی ئەگەر نرخی (100) دۆلاری ئەمریكی لە بازاڕدا بە (148 هەزار) دینار بێت بە دراوی (25 هەزار)ی و (10هەزار) دیناری، ئەوا بە دراوی (5 هەزار) دیناری نرخی (100) دۆلار بە (148 هەزارو 100) دینارە، واتا لە هەر (100) دۆلارێك حکومەت زیاتر لە (100) دینار قازانج دەكات، بۆیە لە ئێستادا موچەی زۆرێك لە موچەخۆران بە دراوی (5 هەزار) دیناریە. حكومەتی هەرێم مانگانەی پارەی داهاتی نەوت کە بەدۆلار دەگەڕێتەوە، لە رێگەی بانك و نوسینگەكانەوە ئاڵوگۆڕ دەكات. پارەی داهاتی نەوت (350 ملیۆن) دۆلارە، مانگانە دەكاتە (518 ملیار) دینار، واتا لەو ئاڵوگۆڕەدا ئەگەر بە دراوی (5 هەزار)ی بێت، ئەوا بڕێك پارە بۆ حكومەت یاخود نوسینگەو ئەو بانكە دەگەڕێتەوە كە پارەكەی لێ ئاڵوگۆڕ دەكرێت.


(درەو):  ئەمڕۆ یەكەمین دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت، بەگوێرەی دەستوری عێراق، لەم دانیشتنەكە (سەرۆكی پەرلەمان)‌و (دوو جێگر) بۆ سەرۆكی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێن.  دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەپێی دەستور بەشێوەی "راستەوخۆو نهێنی"ی دەبێت، سەرۆكی‌و جێگرەكانی سەرۆكی پەرلەمان بە "زۆرینەی رەها"ی دەنگی پەرلەمانتاران هەڵدەبژێردرێن.  ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق (329) ئەندامە، زۆرینەی رەها واتە دەبێت (165) پەرلەمانتار بە جیا دەنگ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان‌و هەردوو جێگرەكەی بدەن.  بەپێی ئەو عورفە سیاسییەی لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە ساڵی 2005ەوە لە عێراق پەیڕەو دەكرێت، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پێكهاتەی سوننەیە، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ شیعەیە‌و جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پێكهاتەی كوردە.  سەرباری هەندێك ناكۆكی، سوننەكان لەناوخۆیان لەسەر ئەوە رێككەوتوون جارێكی تر (محەمەد حەلبوسی) بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كاندید بكەنەوە، ئەم رێككەوتنە لە ئیماراتی عەرەبی كراوە‌و لە بارەگای بارزانی لە پیرمام موبارەكە دەكرێت.  حەلبوسی پێشتر لە یەكێتی نزیك بوو، ماڵێكی لە سلێمانی هەبوو، بەڵام بەمدواییە لە پارتی‌و مەسعود بارزانی نزیك بوەتەوە‌و پارتی پشتیوانی دانانەوە لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دەكەن.  خولی پەرلەمان بەپێی دەستوری عێراق، ماوەی (4 ساڵ) دەخایەنێت، وادەكەی لە یەكەمین دانیشتنی خولی نوێوە دەستپێدەكات.  پێشبینی دەكرێت لە دانیشتنی سبەینێدا، حەلبوسی وەكو سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردرێتەوە، بەڵام بەپێی ئەوەی باسدەكرێت، ڤیتۆی ئێرانی لەسەرە، ئەگەر ئاستەنگ بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دروست ببێت، كۆبونەوەی سبەینێ پەرلەمان بە كراوەیی دەهێڵدرێتەوە تا ئەوكاتەی لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن.  رێژەی یاسایی بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق "نیساب"، بەگوێرەی دەستوری عێراق، زۆرینەی رەهایە، وادە بەڕێوەچوونی هەر كۆبونەوەیەك پێویستی بەوەیە لانی كەم (165) ئەندام ئامادەبن.  بڕیارەكان لەناو پەرلەمانی عێراق، دوای تەواوبوونی نیسابی یاسایی، بە دەنگی "زۆرینەی سادە"ی پەرلەمانتاران تێدەپەڕێت.  دەسەڵاتەكانی پەرلەمان  دەستور، ئەركی پەرلەمانی عێراقی بەمشێوەیە دیاریكردووە:  •    دەركردنی یاسا فیدراڵییەكان •    چاودێریكردنی كاری دەسەڵاتی جێبەجێكردن •    هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار •    رێكخستنی پرۆسەی پەسەندكردنی پەیماننامە‌و رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان لەرێگەی یاساوە كە دوو لەسەرسێ پەرلەمانتاران دەنگی پێبدەن •    پەرلەمان بە دەنگی "زۆرینەی رەها"ی ئەندامەكانی، لەسەر پێشنیازی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی پڕكردنەوەی ئەم پۆستانە پەسەند دەكات: -    دانانی سەرۆك‌و ئەندامانی دادگای پێداچونەوەی فیدراڵی -    دانانی سەرۆكی داواكاری گشتی -    دانانی سەرۆكی دەستەی چاودێری دادوەریی •    دانانی باڵیۆز‌و خاوەن پلە تایبەتەكان، لەسەر پێشنیازی ئەنجومەنی وەزیران •    دانانی سەرۆكی ئەركانی سوپا‌و یاریدەدەرەكانی‌و ئەوانەی لە پلەی فەرماندەی فیرقە بەرەوسەرن، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری، لەسەر پێشنیازی ئەنجومەنی وەزیران سەرۆك كۆمار چۆن لادەبرێت ؟ •    پەرلەمان لێپرسینەوە لە سەرۆك كۆمار دەكات لەسەر داوای زۆرینەی رەهای ئەندامانی پەرلەمان •    لادانی سەرۆك كۆمار لە پۆستەكەی بە زۆرینەی رەهای دەنگی پەرلەمان، دوای تاوانباركردنی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، لە یەكێك لەم حاڵەتانەدا:  -    شكاندنی سوێندی دەستوریی -    پێشێلكردنی دەستور -    ناپاكی گەورە حكومەت چۆن هەڵدەوەشێتەوە ؟ •    پەرلەمان دەتوانێت بە "زۆرینەی رەها"ی دەنگی ئەندامەكانی متمانە لە وەزیرەكانی حكومەت وەربگرێتەوە •    سەرۆك كۆمار دەتوانێت داوای وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران پێشكەشی پەرلەمان بكات •    پەرلەمان لەسەر داوای یەك لەسەر پێنجی ئەندامەكانی، دەتوانێت داوای سەندنەوەی متمانە لە سەرۆك وەزیران بكات.. •    پەرلەمان بە "زۆرینەی رەها"ی دەنگی ئەندامەكانی متمانە لە سەرۆك وەزیران وەردەگرێتەوە •    لە حاڵی وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆك وەزیران، كابینەی حكومەت بە دەستلەكاركێشاوە ئەژمار دەكرێت •    لە حاڵی وەرگرتنەوەی متمانە لە حكومەت بەگشتی، سەرۆك وەزیران‌و وەزیرەكان بەردەوام دەبن لە پۆستەكانیان وەكو كاربەڕێكەر بۆ ماوەیەك كە لە (30) رۆژ زیاتر نەبێت، تا ئەوكاتەی ئەنجومەنێكی وەزیرانی نوێ دروست دەكرێت •    پەرلەمان مافی بانگهێشتكردنی بەرپرسانی دەستە سەربەخۆكانی هەیە‌و دەتوانێت بە دەنگی "زۆرینەی رەها"ی ئەندامەكانی لەپۆستەكانیان دوریان بخاتەوە •    پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامەكانی، لەسەر داوایەكی هاوبەشی سەرۆكی كۆمار‌و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، رەزامەندی دەدات لەسەر راگەیاندنی جەنگ، باری نائاسایی •    حاڵەتی باری نائاسایی بۆ ماوەی 30 رۆژ رادەگەیەنێت‌و دەتوانێت وادەكە درێژتریش بكاتەوە •    حكومەت پرۆژەیاسای بودجە دەخاتە بەردەم پەرلەمان بۆ پەسەندكردنی •    ئەندامانی پەرلەمانی عێراق حەسانەی یاساییان هەیە‌و لەو ماوەیەدا كە پەرلەمانتارن، روبەرووی دادگا ناكرێنەوە، مەگەر پەرلەمان بەزۆرینەی رەها حەسانەیان لەسەر هەڵبگرێت پەرلەمان چۆن هەڵدەوەشێتەوە ؟ •    لەسەر داوای یەك لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان یاخود داواكاری سەرۆك وەزیران لەسەر رەزامەندی سەرۆك كۆمار، بە "زۆرینەی رەها"ی دەنگی ئەندامەكانی، پەرلەمان دەتوانێت خۆی هەڵوەشێنێتەوە، بەڵام ئەم كارە نابێت لەكاتێكدا بكرێت كە سەرۆك وەزیران بۆ لێپرسینەوە بانگهێشتی پەرلەمان كرابێت.  •     لە حاڵی هەڵوەشانەوەی پەرلەماندا، سەرۆك كۆمار بانگەواز بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەكات لەماوەیەكدا كە لە (60) رۆژ زیاتر نەبێت لە رۆژی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانەوە، لەم حاڵەتەدا ئەنجومەنی وەزیرانیش بە دەستلەكاركێشاوە ئەژمار دەكرێت‌و بەشێوەی كاربەڕێكەر كاروبارەكان بەڕێوەدەبات


 (درەو): غازی كەركوكی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە شوقەكەی خۆی لە سلێمانی لەلایەن هێزێكی تایبەتی یەكێتییەوە دەستگیركرا، دەستگیركردنەكەی غازی كەركوكی پەیوەندی بە هەوڵی ژەهرخواردكردنی سەرۆكی دەزگای زانیارییەوە هەیە. دوای رەتكردنەوەی هەواڵەكە ! دوێنێ شەو هێزێكی ئەمنی كە دەوترێت سەربە هێزەكانی دژە تیرۆرو دەزگای زانیاری یەكێتی بوون، (غازی كەركوكی) ئەندامی سەركردایەتی یەكێتییان دەستگیركرد‌و رەوانەی زیندانیان كرد.  دوو هەفتە لەمەوبەر، (درەو) بۆ یەكەمینجار دەستگیكردنی (غازی كەركوكی) بڵاوكردەوە، بەڵام ئەوكات غازی كەركوكی لەرێگەی پۆستێكی فەیسبوكەوە هەواڵەكەی (درەو)ی رەتكردەوە‌و دواترو لە هەمان شەودا بەجلوبەرگی خەوتنەوە گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە‌و رایگەیاند، لەناو ماڵەكەی خۆیدایە لە سلێمانی دەستبەسەر نەكراوە.  بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو یەكێتی دەستی كەوتووە، نزیكەی سێ هەفتەیە غازی كەركوكی لە شوقەكەی خۆی لە پرۆژەی (قەیوان ستی) لە گەڕەكی راپەڕینی شاری سلێمانی، دەستبەسەركراوە.  دانا غازی، كوڕی غازی كەركوكی دوێنێ شەو لە ئاكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك ئاشكرایكرد" هێزێكی یەكێتی باوكیان رفاندووە"، دواتر نوسینەكەی ئەبدەیت كردەوەو نوسی:" هێزێكی یەكێتی نیوەی شەو هەڵیانكوتایە سەر ماڵی باوكم غازی كەركوكی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بردیان بۆ شوێنێكی نادیار. ئایا ئەمە پرنسیپی حزبی و یاساییە؟". هۆكاری دەستگیركردنەكەی بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لەسەر زانیاری ئەمریكییەكان، (غازی كەركوكی) لەلایەن دەزگای زانیاری یەكێتییەوە لە میوانخانەیەكی تایبەتی یەكێتی دەستبەسەركراوە، دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی دەستگیركردنی لە (درەو)، غازی كەركوكی لەمیوانخانەكەوە گواستراوەتەوە بۆ شوقەكەی خۆی. سەرچاوەكان لەناو یەكێتییەوە باسلەوە دەكەن، غازی كەركوكی تۆمەتبارە بەوەی هەوڵی "ژەهرخواردكردن"ی ئەژی ئەمین سەرۆكی دەزگای زانیاری یەكێتی داوە، یەكێك لە پاسەوانەكانی غازی كەركوكی بەناوی (دلێر) كە لەدەرەوەی وڵات بووە، گەڕێندراوەتەوە سلێمانی‌و دانی بەوەدا ناوە غازی كەركوكی بە هەوڵی ئێرانییەكان، لە رێگەی حەشدی شەعبیەوە هەوڵی ژەهرخواردكردنی ئەژی ئەمین سەرۆكی دەزگای زانیاری داوە.  


درەو: لەماوەی دوو هەفتەدا حكومەتی هەرێم موچەی تەنیا حەوت وەزارەتی دابەشكردووە، بە بڕی (377 ملیار) دینار، لە كاتێكدا حكومەت (520 ملیار) دینار داهاتی لەبەردەستدایە.  لە 25ی مانگی رابردووە كابینەی سێ قۆڵی ( پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان) دابەشكردنی موچەی مانگی 12ی ساڵی رابردووی راگەیاندووە، لەماوەی ئەو دوو هەفتەیەدا تەنیا موچەی حەوت وەزارەت و دامودەزگای دابەشكردووە بە بڕی (377 ملیار) دینار. ئەو وەزارەت و دامەزراوانەی تا ئێستا موچەیان وەرگرتووە: وەزارەتی تەندروستی: 50 ملیار دینار وەزارەتی پێشمەرگە: 133 ملیار دینار ( بەبێ 32 ملیار دیناری هاوپەیمانان بۆ لیوا هاوبەشەكان) واتا موچەی پێشمەرگە لای وەزارەتی دارایی (101 ملیار) دینارە وەزارەتی دارایی: 11 ملیار دینار وەزارەتی كاروباری شەهیدان: 855 ملیۆن دینار زیندانیە سیاسیەكان: 2 ملیار دینار كەسوكاری شەهیدان: 35 ملیار دینار وەزارەتی ناوخۆ: 178 ملیار دینار كۆی گشتی: 377 ملیار و 855 ملیۆن دینار واتا تا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان (377 ملیار) دینار موچەی دابەشكردووەو نزیكەی (520 ملیار) دیناری ماوە بۆ دابەشكردنی كۆی موچە كە نزیكەی (900 ملیار) دینارە، واتا تا ئێستا (41%)ی موچەی دابەشكردووەو (59%)ی موچەی موچەخۆران دابەشنەكراوە. بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) حكومەتی هەرێم بۆ موچەی مانگی (12) زیاتر لە (520 ملیار) دیناری لەبەردەستدا بووە، (360 ملیار) دیناری داهاتی نەوت و (160 ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆ.  ئێستا كابینەی سێقۆڵی بەم شێوازی دابەشكردنی موچەیە هەموو رۆژەكانی مانگی تەرخانكردووە بۆ دابەشكردنی موچە، موچەی مانگێك تەواو ناكات دەستبەدابەشكردنی موچەی مانگێكی تر دەكات، سەرباری ئەمەش هێشتا فەرمانبەران لەكاتی خۆیدا موچە وەرناگرن . ئەمە لەكاتێكدایە كە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بەرزبونەوەی بەردەوام بەخۆوە دەبینێت و داهاتی ناوخۆ و باج و رسوماتیش زۆر زیادی كردووە، كابینەی مەسرور بارزانی چەند مانگێكە لێبڕینی موچەی هەڵگرتووە بەڵام شێوازی دابەشكردنی موچەی بەجۆرێك رێكخستووەتەوە كە هەمانكاریگەری مانگەكانی لێبڕینی موچەی لەسەر بژێوی موچەخۆران درووست كردووە. دۆخەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت قەیرانی موچە بۆ كابینەی مەسرور بارزانی دەبێت بە قەیرانێكی ئەبەدی و چارەسەرناكرێت، رەنگە دواجار بە كابینەی قەیرانی موچە ناوببرێت.  


راپۆرت: درەو جارێكی تر كورد دەچێتەوە ناو دانوستان بۆ پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی حكومەت لە عێراق، وا دیارە ئەمجارەش دانوستانی كورد لە بەغداد لەسەر پۆستە حكومییەكان چڕدەبێتەوە، بەوپێیەی تائێستا پارتی‌و یەكێتی وەكو دوو لایەنی دانوستانكار كارنامەی خۆیان سەبارەت بە گفتوگۆكانیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان لەبارەی چۆنیەتی چارەسەركردنی پرسە هەڵپەسێردراوەكان بۆ رایگشتی لە هەرێمی كوردستان رانەگەیاندووە.  ئەمە لەكاتێكدایە، ئەم ئێوارەیە وەفدی هاوبەشی پارتی‌و یەكێتی بەفەرمی لە بەغداد دەستیان بەگفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق كرد‌و لەیەكەمین وێستگەی گفتوگۆكاندا سەردانی دەستەی سیاسی رەوتی سەدریان كرد وەكو لایەنی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن.  لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە ساڵی 2003، ئەمە هەشتەمین كابینەی حكومییە كە لە عێراق دروست دەكرێت. پشكی كورد لە كێكەكەی بەغداد رۆژی یەكشەممەی داهاتوو، خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق یەكەمین دانیشتنی خۆی سازدەدات، ماوەی دوو رۆژ دەرفەت لەبەردەم لایەنە سیاسییەكاندا ماوە بۆ ئەوەی دانوستانەكانیان ببڕێننەوە، بەپێچەوانەوە دەبێت پەرلەمانی عێراق هاوشێوەی خولی پێشوو، دانیشتنی یەكەمی خۆی بە كراوەیی بهێڵێتەوە تا ئەوكاتەی لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن.  سەرەتای دانوستانەكان بە رێككەوتن لەسەر پۆستی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق (سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگرەكانی، سەرۆك كۆمار، سەرۆكی حكومەت) دەستپێدەكات.  ئەگەر كابینەی وزاری لەڕووی ژمارەی وەزارەتەكانەوە وەكو خۆی بمێنێتەوە كە ئێستا (22) وەزارەتە، پشكی كورد لە كابینەی هەشتەمدا بەمشێوەیە دەبێت:  •    پۆستی (سەرۆك كۆمار) بۆ یەكێتی  •    پۆستی (جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان) بۆ پارتی  •    (3 بۆ 4) وەزارەت لە كابینەی نوێی حكومەتدا، یەكێك لە پۆستە وزارییەكان پۆستی باڵا دەبێت (وەزارەتی دەرەوە یاخود وەزارەتی دارایی)، پارتی دوو وەزارەت دەبات، یەكێكیان وەزارەتێكی باڵا دەبێت، یەكێتیش وەزارەتێك دەبات •    چەندین پۆستی باڵا لە بەڕێوەبەری گشتی‌و بریكاری وەزیرو باڵیۆزو دەستە سەربەخۆكان، ئەم پۆستانە لەنێوان پارتی‌و یەكێتی دابەش دەكرێن‌و هەندێكجار بەشی لایەنە سیاسییەكانی تری كوردستانیشی لێدەدرێت ئەمە هاوكێشەی دابەشكردنی پشكی كوردە لە پۆستەكانی بەغداد لەدوای روخانی سەددامەوە. خواستی كورد لە عێراقدا لەدوای روخانی رژێمی پێشووەوە لە ساڵی 2003، لایەنە كوردییەكان بەشدارن لە پەرلەمان و حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقدا، لە 18 ساڵی رابردوودا كە كورد بەشداری سەرەكی بووە، كێشە و گرفتەكانی كورد لە عێراق لەبری چارەسەركردنی زیاتر بوون، ئەمەش هەندێك بۆ خراپی سیاسەتی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقی دەگێڕنەوە، هەندێكی تر دەیخەنە ئەستۆی خراپی ئاستی نوێنەرانی كورد. ئێستا هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی ژمارەیەك كێشە و پرسی هەڵپەسێردراویان لەگەڵ حكومەتی عێراقدا هەیە، كە هەندێكیان نوێن.  دۆسیەی یەكەم:  ماددەی 140ی تایبەت بە یەكلاكردنەوەی چارەنوسی كەركوك‌و ناوچە "كێشەلەسەرەكان"، كە تائێستا بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوەو لە 16ی ئۆكتۆبەریشەوە دۆخەكە خراپتر بووەو كورد بەتەواوەتی كۆنترۆڵی ئەمنی‌و ئیداری ئەو ناوچانەی لەدەستداوە، گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو، پێویستی بە گفتوگۆی چڕو سەختی لایەنە كوردییەكان دەبێت لە بەغداد، بەڵام پارتی‌و یەكێتی بەر لە شەڕی جێبەجێكردنی ئەم ماددە دەستورییە لە دانوستانەكانیان لەگەڵا لایەنە عێراقییەكان، لەناو خۆیاندا لەسەر كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركوك ناكۆكن، بەهۆی ئەم ناكۆكییەوە، لە هەردوو كابینەی عادل عەبدولمەهدی‌و مستەفا كازمیدا، پۆستی پارێزگاری كەركوك نەگەڕایەوە بۆ كورد، ساڵی 2018 كە كابینەی حەوتەمی حكومەت لە عێراق دروستكرا، ئەوكاتیش هاوشێوەی ئێستا، پارتی لەبری پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی، داوای پۆستی پارێزگاری كەركوكی دەكرد، وەفدی هەردوولا دوای پێكهێنانی حكومەت، چەند دانیشتنێكیان كرد بۆ دیاریكردنی كاندیدێكی هاوبەش، بەڵام نەگەیشتن بە رێككەوتن، لەكاتی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمیشدا، یەكێتی بەشداریكردنی لە حكومەتەكەدا بەستەوە بە پڕكردنەوەی پۆستی پارێزگار لەلایەن كاندیدێكی یەكێتییەوە، بەڵام ئەم مشتومڕەش بەبێ ئاكام كۆتایی هات.  دۆسیەی دووەم: نەوت‌و غاز ئەمەش یەكێكە لە دۆسیە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداد، بەهۆی نەبوونی یاسای نەوت و غازەوە لە عێراق، فرۆشتنی نەوت‌و سامانە سروشتییەكانی تری هەرێم لەسەر ئاستی دەرەوە كێشەی بۆ دروستبووە‌و ساڵانە لەچوارچێوەی بودجەی گشتی عێراقدا رێككەوتنی لەرزۆكی لەبارەوە دەكرێت‌و چارەسەری ریشەیی بۆ نەدۆزراوەتەوە.  پەسەند نەكردنی یاسای تایبەت بە نەوت‌و غاز وایكردووە، هەردوولا (هەولێرو بەغداد) لەروانگەی خۆیانەوە لێكدانەوە بۆ دەستور بكەن، ناشەفافبوونی پرۆسەی نەوتیش لە هەرێمی كوردستان هێندەی تر كێشەكەی قورس كردووە، بەوهۆیەوە بەغداد پشكی هەرێمی لە بودجەی گشتی عێراق راگرتووە، ئەمەش یەكێكە لە پرسە قورسەكان‌و دیار نییە لە كابینەی حكومەت و پەرلەمانی داهاتووی عێراقدا نوێنەرانی كورد دەتوانن لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان یەكلایی بكەنەوە یاخود هاوشێوەی ساڵانی پێشتر لەچوارچێوەی یاسای بودجەدا، پاش لێدەكردنی داهاتی نەوت، بڕەپارەیەك بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین دەكرێت. دۆسیەی سێیەم: كێشەی یارمەتی دارایی و سەربازی پێشمەرگە بەپێی دەستوری عێراق هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەشێكە لە سیستمی بەرگری عێراق، دەبێت لەچوارچێوەی بودجەی سیادی عێراقدا خەرجییەكانی پێشمەرگە دابین بكرێت لەنمونەی چەك و تەقەمەنی و راهێناو موچە، بەڵام تائێستا حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق ئەم پرسەیان بە هەڵپەسێردراوی هێشتوەتەوە، لەمەشدا هەندێكجار رەخنە لە لایەنە كوردییەكان بە تایبەتی (پارتی و یەكێتی) دەگیرێت كە لە چەند ساڵی رابردوودا نەیانتوانیوە ئامارێكی ورد لەبارەی ژمارەی پێشمەرگەوە بە حكومەتی عێراق بدەن.  دۆسیەی چوارەم: پلەو پۆستەكان‌و بەشداری سیاسی كورد لە عێراق بەپێی رێژەی نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عێراق كە نزیكەی 20%ە، دەبوو بە هەمان رێژە كورد ئامادەگی لە هەموو دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراقدا هەبێت، بەڵام ئەم رێژەیە لە هەندێك دامەزراوەی وەكو سوپادا لە خواروو رێژەی 2%وەیە، سەرباری ئەمە چەندین پۆست هەن لە بەغداد كە لە دەستی كورددا بوون و دواتر لابردنی بەرپرسە كوردەكان بە هەر هۆكارێك، خەڵكانی تر لە پێكهاتەی كورد دانەنراون، ئەمەش بەشێكی بەرپرسیارێتییەكەی لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی عێراقدایەو بەشەكەی تری دەكەوێتە ئەستۆی هەموو لایەنە كوردییەكان بەتایبەتیش (پارتی و یەكێتی) وەكو دوو بەشداری سەرەكی.


درەو: راكان جبوری دەچێتە پەرلەمانی عێراق، بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، پارتی و یەكێتی كاندیدی خۆیان هەیەو توركمان و عەرەبیش داوای دەكەن. راكان جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك، لەسەر لیستی هاوپەیمانی عەرەبی كەركوك سەركەوت بۆ پەرلەمانی عێراق، بە ئەگەری زۆر دەچێتە پەرلەمانی عێراق و سوێندنی یاسایی دەخوات، چونكە ئەگەر نەچێتە پەرلەمان بە پێی یاسای هەڵبژاردن ئەو كاندیدە دەچێتە شوێنەكەی كە زۆرترین دەنگی هەیە، لەدوای راكان جبوری ( وەسفی عاسی عوبەیدی) كاندیدی بەرەی عەرەبی یەكگرتوو لە بازنەی سێی كەركوك دەچێتە شوێنەكەی، واتا هاوپەیمانێتیەكەی راكان جبوری كورسیەك لە دەستدەدات، بۆیە  چونی راكان جبوری بۆ پەرلەمانی عێراق یەكلابووەتەوە. لەدوای چوونی راكان جبوری بۆ پەرلەمانی عێراق، ململانێكان بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك لە نێوان یەكێتی و پارتی و لایەنی توركمانی و عەرەبی زیاتر دەبێت. لایەنی كوردی دەڵێن پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ كوردە، بەو پێیەی كورد لە كۆی (12) كورسی ئەو پارێزگایە (6) كورسی بەدەستهێناوەو مافی خۆیەتی پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ خۆی مسۆگەر بكات، لەناو كوردیشدا یەكێتی لە كۆی (6) كورسی (3) كورسی هەیە. لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان باس لەچەند كەسێك دەكرێت بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، دیارترینیان ( خالید شوانی و رێبوار تەها)ن كە هەردووكیان ئەندامی سەركردایەتی یەكێتین. خالید شوانی لەلایەن ماڵی مام جەلالەوە پشتیوانی لێدەكرێت و چانسی زۆرە، رێبوار تەها لەلایەن گروپی كەركوكیەكانەوە پشتیوانی لێدەكرێت و بەتەواوی خۆی بۆ ئەو پۆستە یەكلاكردووەتەوە، چونكە لەكاتی دانانی لێپرسراوی مەڵبەندەكانی كەركوك و سەڵاحەدین، رێبوار تەها رەتی كردووەتەوە لێپرسراوێتی مەڵبەند وەربگرێت، بەو پێیەی خۆی بۆ پارێزگاری كەركوك ئامادەكردووە. هەرچی پارتی دیموكراتی كوردستانە ئەویش پارێزگاریس كەركوك بە مافی خۆی دەزانێت و دەڵێت كاندیدەكەمان لە كەركوك (شاخەوان عەبدوڵا) زۆرترین دەنگی كەركوكی بەدەستهێناوە.  لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان باس لە دژوار فایەق دەكرێت بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، دژوار فایەق ئێستا راوێژكاری مەسعود بارزانیە بۆ كاروباری مادەی (140). پێكهاتەی توركمان لە ئێستادا (2) ئەندامیان سەركەوتووە بۆ پەرلەمانی عێراق، ئەوانیش پارێزگاری كەركوك بە مافی خۆیان دەزانن، بۆیە (ئەرشەد سالحی) لە بەرەی توركمانی چاوی لەو پۆستە وەری بگرێت بە پشتیوانی توركیا.  لە پێكهاتەی عەرەبیش خالید مەفرەجی چاوی لە پۆستی پارێزگاری كەركوكە، كە پێكهاتەی عەرەبی لە هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری رابردوو (4) كورسیان بەدەستهێنا.     


هێمن محه‌مه‌د عه‌بدوڵا هێزی نه‌رم بریتییه‌ له‌ توانایی به‌ده‌ستهێنانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان به‌ شێوازی نه‌رم و نیان و ئاشتییانه‌ی دوور له‌ توندوتیژی و سوپا، هه‌روه‌ها دوور له‌ گوشاری ئابووری و پێدانی پاداشتی دارایی (به‌رتیل)، سه‌ركه‌وتنی هێزی نه‌رم په‌یوه‌سته‌ به‌ ڕاده‌ی پێشكه‌وتوویی و ده‌وڵه‌مه‌ندی كلتوری وڵاته‌وه‌ و له‌ هه‌مان كاتیشدا زیره‌كیی و لێوه‌شاوه‌یی نێردراوه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌، ئه‌م هێزه‌ زیاتر له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تییدا به‌كارده‌هێنرێت و سه‌رچاوه‌كانی جێبه‌جێكردنیشی جۆراوجۆرن، میدیا یه‌كێكه‌ له‌ ئامرازه‌ گرنگه‌كان كه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌م هێزه‌دا به‌كارده‌هێنرێت، چه‌مكی هێزی نه‌رمیش بۆ یه‌كه‌مجار له‌دوای ڕوخانی یه‌كێتی سۆڤێته‌وه‌ به‌كارهێنرا.      ئێمه‌ تا ڕاده‌یه‌ك ئاشناین به‌ ئه‌وه‌ی هێزی نه‌رم كه له‌لایه‌ن حكومه‌ت و یه‌كه‌ ده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه‌‌‌ به‌كارده‌هێنرێت به‌تایبه‌تیش له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌كی دا بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنجی جه‌ماوه‌ری جیهانیی به‌ لای وڵاته‌كانیاندا ڕابكێشن و ڕووه‌ جوانه‌كه‌ی خۆیان نیشانی جیهانی ده‌ره‌وه‌ بده‌ن، هه‌روه‌ها بتوانن به‌ شێوه‌یه‌كی نه‌رم و نیان و ئاشتییانه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر بڕیاری سیاسی حكومه‌ته‌كانی تر دروستبكه‌ن، ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌رنجڕاكێشه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕێكخراوه‌ توندڕۆكان په‌نا ببه‌نه‌ به‌ر به‌كارهێنانی ئه‌م جۆره‌ هێزه‌، چونكه‌ هه‌میشه‌ ئه‌وه‌مان بینیوه‌ كه‌ ئه‌م جۆره‌ ڕێكخراوانه به‌ زه‌بری هێز و ئه‌نجامدانی توندوتیژیی ویستوویانه‌ خۆیان بسه‌پێنن، ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م كاره‌ی بۆ تاڵیبان و گرووپ و بزووتنه‌وه‌كانی هاوشێوه‌ی ئاسان كردووه‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌, ئه‌م تۆڕانه‌ مه‌رجی سه‌پێنراوی وه‌كو پێویستیی هه‌بوونی كیانی فه‌رمی دانپێدانراو یان ده‌وڵه‌تیی نیه‌ هه‌تا له‌ هێزی نه‌رمدا به‌كارببرێت، ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش له‌ ڕێگه‌ی تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ هێزی نه‌رمی تاقیكردووه‌ته‌وه‌ و ته‌نها له‌ ئه‌مریكا 250 هاووڵاتی په‌یوه‌ندییان به‌ داعشه‌وه‌ كردووه‌ و قایلی كردوون بڕۆنه‌ سوریا، هه‌روه‌ها هه‌زاران كه‌سی تر كه‌ هه‌ڵگری پاسپۆرتی ئه‌وروپیین په‌یوه‌ندییان به‌ داعشه‌وه‌ كردووه‌،  بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبانیش سوودی له‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وه‌رگرتووه‌ و ده‌یان هه‌زار هه‌ژماری فه‌رمی و نافه‌رمی دامه‌زراندووه‌ تا به‌هۆیانه‌وه‌ هێزی نه‌رمی خۆی به‌گه‌ڕبخات بۆ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ری ئه‌فغانییه‌وه‌ قه‌بوڵ بكرێن و له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تییدا جێپێی خۆیان بكه‌نه‌وه‌، له‌م باسه‌دا ئه‌وه‌ ده‌خه‌ینه‌ڕوو كه‌ چۆن تاڵیبان توانیویه‌تی به‌هۆی تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ هێزی نه‌رم تاقی بكاته‌وه‌ و لێره‌شه‌وه‌ سەرقاڵی گۆڕینی خۆیەتی لە بزووتنەوەیەکی چەکدارەوە بۆ حکومەتێکی شارستانی.      تاڵیبان كاتێك له‌ ئه‌یلولی ساڵی 1996 له‌ ئه‌فغانستاندا ده‌سه‌ڵاتیان په‌یدا كرد، ئینته‌رنێتیان قه‌ده‌غه‌ كرد و له‌ هه‌ر ماڵ و شوێنێكدا ته‌له‌ڤزیۆن و كامێرا و كاسێتی ڤیدیۆییشیان به‌دی بكردایه‌ ده‌یانشكاند و له‌ناویان ده‌بردن، به‌ڵام ورده‌ ورده‌ له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كاندا ڕۆیشتن، وتیان دوژمنه‌كانمان كه‌ناڵی میدیاییان هه‌یه‌ و ئێمه‌ش پێویسته‌ هه‌مانبێت، له‌ ساڵی 2005 دا ماڵپه‌ری فه‌رمییان به‌ ناوی (ئه‌لئه‌ماره‌) دامه‌زراند و هه‌تاوه‌كو ئێستا به‌م ناوه‌وه‌ له‌ تویته‌ر و تۆڕه‌كانی تریش نووسین و ڤیدیۆ و په‌یامه‌كان به‌ زمانه‌كانی عه‌ره‌بی و ئینگلیزی و سێ دیالێكتی ئه‌فغانی بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشیان له‌لایه‌ن لیژنه‌ی فه‌رهه‌نگی بزووتنه‌وه‌كه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت, ئێستا هه‌زاران هه‌ژماریان له‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا هه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێكیان فه‌رمی و هه‌ندێكیشیان نافه‌رمین و له‌لایه‌ن كه‌سانی نادیاره‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێن كه‌ هاوسۆزییان بۆ بزووتنه‌وه‌كه‌ هه‌یه‌، له‌م دواییانه‌دا كه‌ ئه‌مریكا وڵاته‌كه‌ی چۆڵكرد ئه‌وه‌ بوو میدیاكانی جیهان هه‌ڵهاتنی خه‌ڵكی ئه‌فغانستانیان بڵاوده‌كرده‌وه‌ له‌ كاتێكدا كه‌ چه‌كدارانی بزووتنه‌وه‌كه‌ ته‌قه‌یان لێ ده‌كردن و ترسیان بڵاوده‌كرده‌وه‌، به‌ڵام تاڵیبان له‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ وێنه‌ی ئاشتی و سه‌قامگیریی وڵاته‌كه‌ی بڵاوده‌كرده‌وه‌ و ترس و تۆقاندنه‌كانی به‌ درۆ ده‌خستنه‌وه‌، تۆماس جۆنسۆن مامۆستا له‌ كۆلێجی توێژینه‌وه‌ی باڵای ده‌ریایی (سه‌ربازیی) له‌ كالیفۆرنیا ده‌ڵێت " تاڵیبان تێگه‌یشت كه‌ بۆ بردنه‌وه‌ی جه‌نگ پێویستی به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی چیرۆك هه‌یه‌ چونكه‌ هه‌موو هاوڵاتییه‌كی ئه‌فغانیی مۆبایلی زیره‌كی پێیه‌، بۆیه‌ دركیان به‌وه‌ كرد كه‌ له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ ده‌توانن به‌ جه‌ماوه‌ر بڵێن كه‌ پێویسته‌ چ شتێك بكه‌ن"، تاڵیبان ئه‌وه‌ی ویستوویه‌تی له‌ فه‌یسبووك، یوتیوب و تویته‌ره‌وه‌ بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌، كاتێكیش كه‌ تۆڕه‌كانیان له‌سه‌ر ئه‌و سێ سه‌كۆیه‌ داده‌خران له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانه‌وه‌ ئه‌وا ده‌یان هه‌ژماری تریان داده‌مه‌زراند به‌تایبه‌تیش له‌ڕێگه‌ی تویته‌ره‌وه‌ كه‌متر به‌ربه‌ستیان بۆ درووستكراوه‌، به‌وپێیه‌ی ئه‌فغانستانی ئه‌مڕۆ زۆر جیاوازه‌ له‌و ئه‌فغانستانه‌ی كه‌ تاوه‌كو 2001 یش هه‌وڵی قه‌ده‌غه‌كردنی ئینته‌رنێتی تێدا ده‌درا له‌لایه‌ن تاڵیبانه‌وه، ‌ئێستا بزووتنه‌وه‌كه‌ مۆبایلی زیره‌كیان  خۆشه‌وێت و هه‌زاران هه‌ژماریان له‌سه‌ر تۆڕه‌كانی فه‌یسبووك، تویته‌ر و یوتیوب هه‌یه‌، به‌پێی ئامارێكی ساڵی 2020 یش نزیكه‌ی 23 ملیۆن كه‌س له‌و وڵاته‌دا مۆبایلی زیره‌كیان پێیه‌ كه ده‌كاته‌ ڕێژه‌ی زیاتر 70% ی دانیشتووانی ئه‌و وڵاته‌.      له‌ دوو ده‌یه‌ی ڕابردوودا تاڵیبان هه‌وڵی داوه‌ له‌ چه‌ند ئاستێكدا كار به‌ هێزی نه‌رم بكات، له‌ نێوان ساڵانی 2002 هه‌تا 2009 به‌شێوه‌یه‌كی چڕ كاری له‌سه‌ر ناوبانگی خۆی ده‌كرد له‌ ناوخۆی ئه‌فغانستاندا و ده‌ستیكرد به‌ به‌كارهێنانی تۆڕه‌كانی كۆمۆنیكه‌یشن و به‌كاریده‌هێنان بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌یامه‌كانی، له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ وته‌بێژی بزووتنه‌وه‌یان ئاراسته‌ كرد بۆ په‌یوه‌ندییگرتن له‌گه‌ڵ ئامرازه‌كانی میدیا و په‌خشكردنی هه‌ڵوێسته‌كانی بزووتنه‌وه‌كه‌ له‌ ڕێگه‌یانه‌وه‌، به‌مجۆره‌ش توانی به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان زیندووبوونی خۆی بسه‌لمێنێت و بڵێت كه‌ ئێمه‌ له‌ هه‌ناوی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌فغانستانداین، له‌نێوان ساڵانی 2009-2017 شدا ته‌ماحه‌كانی گه‌وره‌تر بوون و پێیان خسته‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌، چیتر له‌گه‌ڵ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ میدیاكانی ئه‌فغانستاندا له‌گه‌ڵ میدیاكانی جیهانیشدا ئاشنایه‌تی و په‌یوه‌ندی درووستكرد، به‌ جۆرێك كه‌ میدیاكانی جیهانی كرد به‌ سه‌كۆیه‌ك بۆ گواستنه‌وه‌ی په‌یام و نیازه‌كانی، بێجگه‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌ ڕێگه‌ی چه‌ند ئێستگه‌یه‌كی ڕادیۆییه‌وه‌ پلانی چالاكییه‌كانیان بڵاوده‌كرده‌وه‌، په‌یام و بڵاوكراوه‌كانی تاڵیبان ته‌نها له‌ چوارچێوه‌ی سیاسی و سه‌ربازییدا قه‌تیس نه‌بوون به‌ڵكو به‌رنامه‌ی تایبه‌تیان هه‌بوو به‌ شیعر و ئه‌ده‌ب و ته‌نانه‌ت مۆسیقا و چیرۆكی دڵخوازی خۆیان له‌ ڕێگه‌ی ئێستگه‌كانه‌وه‌ بڵاوده‌كرده‌وه‌، ئه‌مه‌ش وای كرد كه‌ سه‌رنجه‌كان له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌كه‌ تاڕاده‌یه‌ك بگۆڕێن، تاڵیبانێك كه‌ هه‌میشه‌ په‌نای بردبووه‌ به‌ر چه‌ك ئێستا دێت چیرۆك و هونه‌ری تر به‌ گوێی گوێگرانییدا ده‌دات، هاوكات ده‌رفه‌تیان بۆ په‌یامنێرانی كه‌ناڵه‌كانی جیهان ڕه‌خساند تاوه‌كو بڕۆنه‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی تاڵیبانه‌وه‌ و وێنه‌ بگرن و چاوپێكه‌وتن ئه‌نجامبده‌ن، ئه‌وه‌ش به‌ ڕای سه‌ركرده‌كانی ڕێكخراوه‌كه‌ له‌پێناو ڕوبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پڕۆپاگه‌نده‌ی حكوومه‌ته‌كانی خۆرئاوایه‌، له‌نێوان ساڵانی 2017 هه‌تا 2021 یشدا تاڵیبان  زیاتر دركی به‌وه‌ كرد كه‌ پێویستیی به‌ به‌ده‌ستهێنانی ڕه‌وایه‌تی له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا هه‌یه‌، بۆیه‌ گرنگییدانه‌كانی چڕكرده‌وه‌ له‌سه‌ر ڕای گشتی جیهانیی به‌ به‌كارهێنانی تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ئامرازه‌كانی تری میدیا، هه‌وڵیاندا له‌م ڕێگایه‌وه‌ خۆیان بگۆڕن بۆ بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی، له‌م ساڵانه‌دا بزووتنه‌وه‌كه‌ توانی چه‌ندین پێگه‌ له‌سه‌ر فه‌یسبووك و تویته‌ر و یوتیوب دابمه‌زرێنێت و هه‌تاوه‌كو ئێستاش كاریان له‌سه‌ر بكات. تاڵیبان له‌ سێ ئاستدا تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئاراسته‌ كردووه‌      تاڵیبان له‌ چه‌ند ئاستێكی جیاوازدا تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندنی به‌كارهیناوه‌ بۆ به‌هێزكردنی هێزی نه‌رمی خۆی، له‌لایه‌ك ڕوبه‌ڕووی جه‌ماوه‌ری ئه‌فغانی و له‌ لایه‌ك به‌ره‌و ڕووی سوپای ئه‌فغانی و له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ ڕوبه‌ڕووی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی و جه‌ماوه‌ری جیهانیی بووه‌ته‌وه‌.      له‌ سه‌ره‌تاكانی مانگی ئایاری 2021 دا كاتێك ئه‌مریكییه‌كان و هێزه‌كانی ناتۆ ده‌ستیانكرد به‌ جێهێشتنی ئه‌فغانستان، تاڵیبان له‌گه‌ڵ ئاماده‌كاری سه‌ربازییه‌كاندا هه‌ڵمه‌تێكی گه‌وره‌ی له‌ تۆره‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستپێكرد، سات به‌ ساتی جموجۆڵ و گۆڕانكارییه‌كانی له‌ ده‌سه‌ڵاتدا ده‌دا به‌ چاو و گوێی جه‌ماوه‌ری ئه‌فغانییدا، هه‌ڵمه‌ته‌كان به‌ جۆرێك كاریگه‌ر بوون كه‌ ئه‌مروڵڵا ساڵحی جێگری سه‌رۆكی ئه‌فغانستان له‌ په‌یامێكدا داوایكرد هیزه‌كانی سوپا و جه‌ماوه‌ری ئه‌فغانی به‌ پڕۆپاگه‌نده‌ و بڵاوكراوه‌ ناڕاسته‌كانی تاڵیبان نه‌خه‌ڵه‌تین كه‌ له‌باره‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كانی خۆیان و هه‌ڵهاتنی سوپاوه‌ بڵاویانده‌كه‌نه‌وه‌، له‌ ئاستی ڕوبه‌ڕووه‌ستانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییشدا‌، سوهه‌یل شاهین نێردراوی تاڵیبان بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ تویتێكدا كه‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا بڵاویكرده‌وه‌ ڕایگه‌یاند: تاڵیبان ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییدا بكرێته‌وه‌ و خوازیاره‌ گفتووگۆیان له‌گه‌ڵ بكات و به‌ركه‌وتنێكی ئه‌رێنیانه‌ی له‌گه‌ڵیاندا هه‌بێت، خودی شاهین له‌ سه‌كۆی تویته‌ر زیاتر له‌ 530 هه‌زار فۆڵۆوه‌رسی هه‌یه‌.       تاڵیبان زانیویه‌تی ژماره‌ی به‌كارهێنه‌رانی تویته‌ر له‌ وڵاته‌كه‌یدا زۆره‌، بۆیه‌ زیاتر سه‌رنجی له‌سه‌ر تویته‌ر بووه‌، له‌ تویته‌ردا چه‌ند ته‌كنیكێكیان به‌كارهێناوه‌ له‌ ئاراسته‌كردنی هێزی نه‌رمدا، بۆیه‌ به‌رده‌وام جریوه‌كانیان به‌ عه‌ره‌بی و ئینگلیزی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، له‌ هه‌مان كاتدا ته‌كنیكی چه‌ندباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌ گرنگه‌كانیان به‌كارهێناوه‌، هه‌روه‌ها جریوه‌كان به‌ ئاراسته‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ناوخۆیی (خه‌ڵكی ئه‌فغانیی) له‌لایه‌ن زه‌بیحوڵڵا موجاهیده‌وه‌ كراون و ئه‌م هه‌وڵیداوه‌ ئاسایش و ئارامی ناوخۆی وڵات له‌سه‌رده‌می تاڵیبان به‌ هه‌ردوو شێوه‌زاری پشتۆی و دری بڵاوبكاته‌وه‌ ئه‌مه‌ش له‌پێناو ئه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری ئه‌فغانیی هه‌ڵنه‌یه‌ن و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ وێنه‌یه‌كی ترسناك بۆ بزووتنه‌وه‌كه‌ دروست نه‌كه‌ن, هاوكات به‌كارهێنانی به‌رده‌وامی به‌كارهێنانی هاشتاگ له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی درووشمه‌كاندا بۆ ئه‌وه‌ی خێراتر بڵاوببنه‌وه‌ و زووتر بدۆزرێنه‌وه‌ یان ببینرین یه‌كێكی تر بووه‌ له‌ شێوازه‌كانیان له‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا, ته‌كنیكێكی تریان به‌كارهێنانی كه‌ناڵی جێگیره‌وه‌ بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام په‌یامی خۆیان به‌ گوێی كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان و جیهاندا بده‌ن و لێیان دانه‌بڕێن, هه‌ر بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن یوتیوبه‌وه‌ سانسۆریان خرابێته‌ سه‌ر ئه‌وا له‌ تۆڕی ستریم یارد سه‌ریان ده‌رهێناوه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر تویته‌ر مه‌ودای فراوان نه‌بووه‌ بۆ ناوه‌ڕۆكه‌ دورودرێژه‌كانیان ئه‌وا له‌ تیلیگرامه‌وه‌ بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ چه‌ند تۆڕێكی تری جێگیره‌وه‌دا. به‌ده‌ر له‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ته‌كنیكی تری هێزی نه‌رم      له‌ نامیلكه‌یه‌ك به‌ ناوی (چۆن تاڵیبان له‌ گونددا سه‌ركه‌وت) نووسه‌ری ئه‌مریكی مارك سكستون ئه‌وه‌ ڕوون ده‌كاته‌وه‌ كه‌ چۆن ئه‌ندامانی بزووتنه‌وه‌كه‌ پێش ئه‌وه‌ی گوندێك كۆنترۆڵ بكه‌ن هه‌ڵمه‌تی هاوشێوه‌ی هه‌ڵمه‌تی په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانیان ڕێكده‌خست، ڕوبه‌ڕوو گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك خێڵ و پیاوانی ئایینی دا له‌ گونده‌كاندا درووست ده‌كرد، له‌وێشه‌وه‌ كارلێكیان له‌گه‌ڵ گوندنشیناندا ده‌كرد و هه‌وڵی قایلكردنیان ده‌دا، دواتریش له‌وانه‌وه‌ زانیارییان ده‌ستده‌كه‌وت، ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ندێك باردا به‌شێك له‌ گوندنشینه‌كان شانبه‌شانی چه‌كدارانی تاڵیبان شه‌ڕیان ده‌كرد،  ئه‌ندامه‌ چالاكه‌كانی تاڵیبان له‌ پێش گرتنه‌ ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتیش چاویان كه‌وتو‌وه‌ به‌ پیاوانی ئایینی، سه‌رۆك هۆزه‌كان، ته‌نانه‌ت ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌شی كه‌ پێچه‌وانه‌ و دژی به‌رنامه‌یانن تاوه‌كو بتوانن له‌گه‌ڵیاندا كۆڕاییه‌ك درووستبكه‌ن به‌ ئاراسته‌ی چونه‌پاڵ ڕه‌ئییه‌كانی ئه‌وان و قایل كردنیان.      كه‌ناڵی جه‌زیره‌ یه‌كێك له‌ گرنگترین سه‌كۆكانی گواستنه‌وه‌ی زانیارییه‌كان بووه‌ له‌باره‌ی تاڵیبانه‌وه‌، له كاتی نزیكبوونه‌وه‌ی تاڵیبان له‌ كابولی پایته‌خت تاوه‌كو ئێستا ئه‌م كه‌ناڵه‌ له‌ ڕێگه‌ی ته‌له‌ڤزیۆن، ماڵپه‌ر، فه‌یسبووك، ئینستاگرام و یوتیوبه‌وه‌ سه‌دان هه‌واڵ و ڕاپۆرتی له‌باره‌یانه‌وه‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌شێكی زۆریان له‌ سوودی ئه‌و گرووپه‌دا بوون، به‌شێك له‌وانه‌ بانگه‌شه‌ن بۆ تاڵیبان و تواناكانی به‌ڕێوه‌بردنی و به‌شێكی تریشیان گواستنه‌وه‌ی لێدوانی به‌رپرسان و گۆشه‌نیگای بزووتنه‌وه‌كه‌یه.      له‌ نوێترینیاندا، چاوپێكه‌وتنێكی عه‌بدولقه‌هار به‌لخی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌فغانستانه‌ له‌گه‌ڵ جه‌زیره‌دا كه‌ له‌ ڕۆژی (9ی تشرینی یه‌كه‌می 2021) بڵاوبووه‌ته‌وه‌، وته‌بێژه‌كه‌ چه‌ند لایه‌نێكی گرنگ له‌باره‌ی سیاسه‌ت و گۆشه‌نیگای گرووپه‌كه‌ له‌ دنیای ئه‌مڕۆدا ده‌خاته‌ڕوو، له‌ پرسی گروپه‌ توندڕه‌وه‌كانی وه‌كو داعش و قاعیده‌دا وته‌بێژ وه‌ڵامێك ده‌داته‌وه‌ كه‌ به‌ جیهان ده‌ڵێت ئێمه‌ وه‌كو ئه‌وان نین به‌ڵكو ئه‌وان توندڕه‌ون و خه‌ڵك ئه‌وانی ناوێت، به‌ جیهانی ئیسلامییش ده‌ڵێت ئێمه‌ سازش له‌سه‌ر بنه‌ماكانی ئایینه‌كه ناكه‌ین و ڕێگه‌ ناده‌ین سنووره‌كانی ئیسلام ببه‌زێنرێت، وته‌بێژ چه‌ند ته‌وه‌رێكی تریش باس ده‌كات، له‌وانه‌ش په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهان و دراوسێكاندا، خواستی خۆیان نیشانده‌دات بۆ ئه‌نجامدانی دیالۆگ و به‌ستنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌كدا به‌تایبه‌تیش ئه‌مریكا و چین و ڕووسیا، باس كردن له‌ مافی مرۆڤ و مافی ئافره‌تان، ئازادی ڕاده‌ربڕین، ئازادی ڕۆژنامه‌وانیی، وه‌ڵامدانه‌وه‌ی تۆمه‌ته‌كانی سه‌رۆكی تاجیكستان، په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ (ئێران، تاجیكستان، ئۆزبه‌كستان، پاكستان) به‌شی تری گفتوگۆكه‌ن كه‌ له‌ گرنگترین ئه‌و باس و خواسانه‌ن كه‌ تاڵیبان پێویستییه‌تی جیهان گوێی لێ بێت و له‌ ده‌می خۆیانه‌وه‌ بیبیستن.            میدیا، ده‌كه‌وێته‌ ناو قوتابخانه‌ی دیپلۆماسییه‌تی گشتی خۆسه‌پێنه‌وه،‌ ئه‌م قوتابخانه‌یه‌ پێی وایه‌ كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندنی خێرا (ته‌له‌ڤزیۆن، ڕادیۆ، گۆڤار، تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان) كه‌ناڵی خێرا و خۆسه‌پێنن و ده‌توانن له‌ ڕێگایانه‌وه‌ كار له‌سه‌ر گۆڕینی ئاراسته‌ی بیركردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر بكرێت, ده‌توانین بڵێین هێزی نه‌رمی بزوتنه‌وه‌ی تاڵیبان زیاتر له‌ چوارچێوه‌ی میدیا و تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندایه‌ و نه‌یتوانیوه‌ له‌ پراكتیكدا جێپێی خۆی دیاری بكات.      دوای واژۆكردنی ڕێككەوتنی نێوان ئەمریكا و بزوتنەوەی تاڵیبان لە ده‌وحه‌، وتەبێژی بزوتنەوەكە ڕایگەیاند " تەواوی هێرشە چەكدارییەكانمان لە ئەفغانستاندا ڕاگرتووە, چاوەڕوانین ئەمریكا بەڵێنەكانی جێبەجێ‌ بكات و ئەفغانستان جارێكی دیكە دەگەڕێتەوە بۆ ژێر پەیڕەوكردنی سیستمی ئیسلامی"، ڕێككەوتنه‌كه‌ دەنگدانەوەی زۆری لە ناوەندە سیاسی و میدیاییه‌كاندا هه‌بو,   گرنگترین خاڵه‌كانی بریتی بوون له‌ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا و ڕێگەنەدانی تاڵیبان بە گەڕانەوەی ڕێكخراوی قاعیدە بۆ ئەفغانستان, ڕێككەوتنەكە لەسەر ئاستی جیهان بەشداری تێدا كرا و زیاتر لە 20 وڵاتی ناوچەكە نوێنەریان لە مه‌راسیمه‌كه‌یدا هەبوو.  


راپۆرت: درەو ماوەیەكە مەسرور بارزانی ناچێتە بارەگای ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر، لە نوسینگەكەی خۆیەوە لە (پیرمام) حكومەت بەڕێوەدەبات، وەزیرەكان دەستیان ناگات بە سەرۆكی حكومەت فەرمان لە ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی حكومەت وەردەگرن، ئومێد سەباح ئێستا سێبەری مەسرور بارزانی‌و سەرۆك وەزیرانی دووەمی هەرێمی كوردستانە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.  سەرۆكایەتی لە پیرمامەوە سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بووەتە سێبەری سەرۆك وەزیران‌و لەبری مەسرور بارزانی بڕٍیار بۆ وەزیرەكان دەردەكات.  لەدوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم نایەوێت راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ وەزیرەكاندا بكات، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، ماوەی نزیكەی ساڵێكە مەسرور بارزانی نەچووەتە بارەگای ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر. مەسرور بارزانی كارەكانی لەرێگەی (ئومێد سەباح) سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بەڕێوەدەبات، هەموو پەیوەندی‌و كاروباری وەزارەتەكانی بە ئەنجومەنی وەزیرانەوە، لەرێگەی ئومێد سەباحەوە دەكرێت.  لەو ماوەیەدا كە نەچوەتە بارەگای ئەنجومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی لە نوسینگەی تایبەتی خۆی لە (پیرمام)ەوە كارەكانی رایی دەكات، جگە لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران كە لە هۆڵی (سەعد عەبدوڵا) بەڕێوەدەچێت، نەك لە ئەنجومەنی وەزیران، وەزیرەكان نابینێت، كاری بەهەر فەرمانبەرو بەرپرسێكی ئەنجومەنی وەزیران هەبێت، بانگهێشتان دەكات بۆ نوسینگەكەی خۆی لە پیرمام. یەكێك لە وەزیرەكانی حكومەتی هەرێم بە (درەو)ی راگەیاند" لە ئێستادا ئێمە دوو سەرۆك وەزیرانمان هەیە، یەكەم مەسرور بارزانی كە كەسمان بە ئاسانی دەستمان پێی ناگات، دووەم ئومێد سەباح كە زۆربەی ئیشوكارەكانمان لە رێگەی ئەوەوەیە". بەپێی قسەی ئەم وەزیرە" تەنانەت لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیراندا مەسرور بارزانی قسە گشتییەكان دەكات‌و گفتوگۆكان‌و وەڵامدانەوەی وەزیرەكان بۆ ئومێد سەباح جێدەهێڵێت". بۆشایی نێوان سەرۆك وەزیران‌و وەزیرەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم هێندە گەورە بووە، تەنیا لە بۆنە گشتییەكاندا كە مەسرور بارزانی تێیدا بەشدار دەبێت بەتایبەتی بۆنەی كردنەوەی پرۆژەی وەزارەتەكان، وەزیرەكان، سەرۆك وەزیران دەبینن. وەزارەت‌و یاسا ئێستا دەسەڵاتێكی بێسنور لای ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانە، لەناو بینای ئەنجومەنی وەزیران تەنیا ئومێد سەباح‌و قوباد تاڵەبانی و ئامانج رەحیم دەوام دەكەن، هەموو فەرمانێكی ئەنجومەنی وەزیران‌و پەیوەندی نێوان وەزارەتەكان‌و ئەنجومەنی وەزیران لە رێگەی ئومێد سەباحەوە دەبێت. ئەمە لەكاتێكدایە هەموو وەزارەتەكان یاسای تایبەتی خۆیان هەیەو یاساكە دەسەڵاتی بە وەزیرەكان داوە، كاروبارەكانی خۆیان بەڕێوەببەن، بەڵام لەم كابینەیەدا زۆربەی دەسەڵاتەكان لای سەرۆك وەزیران كۆبوەتەوە، زۆربەی وەزیرەكانیش ترسیان لە كاردانەوەی مەسرور بارزانی هەیە لەبارەی بڕیارەكانیانەوە، بۆیە دەگەڕێنەوە بۆلای ئومێد سەباح، كارگەیشتوەتە ئەوەی تەنانەت لە كڕینی ئۆتۆمبێل‌و خەرجی بچوكیشدا، فەرمان دەردەكرێت‌و دەنوسرێت (بە فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت) كراوە. ئومێد سەباح لە پڕكردنەوەی پۆستی لایەنەكاندا لە كابینەی نۆیەم، لەگەڵ پشتیوان سادقدا نوێنەرایەتی پارتی‌و سەرۆكی حكومەتی كردووە‌و تیمی یەكێتی‌و گۆڕان گفتوگۆیان لەگەڵدا كردووە.  ئێستا تەنانەت گواستنەوەی فەرمانبەرێك لە وەزارەتێكەوە بۆ وەزارەتێكی تر، دەبێت ئومێد سەباح ئیمزای لەسەر بكات، ئومێد سەباح رۆڵی (نێچیرڤان ئەحمەد) سەرۆكی پێشووی دیوانی حكومەت دەگێڕێت بەپێگەیەكی بەهێزترەوە. سێبەرەكەی سەرۆك وەزیران كێیە ؟ سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ناوی تەواوەتی (ئومێد سەباح عوسمان)ە، لە دایكبووی: 1980 كەركوكە، خێزاندارە‌و باوكی سێ منداڵە. ئومێد سەباح دكتۆرای لە (یاسای تایبەت) لە زانكۆی سلێمانی بەدەستهێناوە، درەوشانەوەی ئەستێرەی بەختی ئەم پیاوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2012 كە مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان كردی بە وتەبێژی فەرمی سەرۆكایەتی هەرێم.  كاركردنی لەگەڵ مەسعود بارزانی، دەرفەتی ئەوەی بۆ ئومێد سەباح خۆشكرد، لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا كە كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان)ە، بكرێت بە سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران. لە هەموو پرسە گرنگەكانی كابینەی نۆیەمدا، بەتایبەتی پرسی دانوستانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغداد سەبارەت بە بودجە، ئومێد سەباح بەشداربووە‌و رۆڵی كارای هەبووە وەكو چاو و گوێی سەرۆك وەزیران لەناو گفتوگۆكاندا.   ئەمە لەكاتێكدایە سەرۆكی تیمی پارتی لەناو حكومەت (پشتیوان سادق) وەزیری ئەوقاف‌و كاروباری ئاینییە. پەیوەندی وەزیرو سەرۆك وەزیران تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، (2 ساڵ‌و 6 مانگ)ی تەمەنی خۆی تەواو كردووە‌و هەرێمی كوردستان لەبەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندایە.  پەیوەندی نێوان مەسرور بارزانی‌و تیمە وزارییەكەی هەر لەسەرەتای كابینەكەوە بە گرژی‌و ئاڵۆزی دەستی پێكرد، لەسەرەتای كابینەكەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران ناڕازی بوو لە دەسەڵاتەكانی‌و گلەیی هەبوو لەوەی مەسرور بارزانی بەپێچەوانەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی پێشووەوە، هیچ رۆڵێكی بۆ جێگری سەرۆك وەزیران نەهێشتوەتەوە، تەنانەت واژۆی قوباد تاڵەبانی لەسەر هیچ نوسراوێكی حكومی نابینیت، ئەوكات مەسرور بارزانی باسی لەوە دەكرد، حكومەتی سەرتاسەری دروست دەكات‌و ئیتر ئەو سەردەمە بەسەر چووە قوباد تاڵەبانی وەكو سەرۆك وەزیرانی ناوچەی سلێمانی مامەڵە بكات، لە گفتوگۆیەكدا سەرۆك وەزیران‌و جێگرەكەی كێشەكەیان چارەسەركرد‌و قوباد تاڵەبانی پەیوەست بووەوە بە ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بەڵام هێشتا بەربەستەكان لەبەردەم قوباد تاڵەبانیدا ماون، بەمدواییە‌و بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق قوباد تاڵەبانی بڕیاریدا لەناوچەی گەرمیان زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیدان‌و ئەنفالكراواندا دابەش بكات، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی كە سەربە پارتییە‌و نزیكە لە مەسرور بارزانییەوە، وەڵامی دایەوە‌و رایگەیاند، كەس دەسەڵاتی دابەشكردنی زەوی نییە، ئەمە جارێكی تر قوباد تاڵەبانی توڕە كردەوە‌و بە راگەیەندراوێك وەڵامی وەزیرەكەی پارتی دایەوە.  مانگی نیسانی 2020 پەیوەندی نێوان تیمی پارتی‌و یەكێتی وەكو دوو لایەنی سەرەكی پێكهێنەری حكومەت، لەسەر ئاڵۆزییەكانی "زینی وەرتێ" ئاڵۆزی تێكەوت، مەسرور بارزانی ئەوكات وەكو ئاماژەیەك بۆ یەكێتی رایگەیاند" بەهیچ شێوەیەك قبوڵی ناكەین بە رواڵەت حكومەتی یەكگرتوو هەبێت، بەڵام لە بەشێكی دیكەی هەرێم دەسەڵاتداری تر هەبێت‌و دژایەتی حكومەت بكەن"، تیمی یەكێتی لە حكومەت لەسەر ئەم قسانە، نامەیەكی ناڕازایەتی ئاڕاستەی مەسرور بارزانی كرد.  حوزەیرانی 2021، هەریەكە لە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی لەسەر پشكی گۆڕان‌و خالید شوانی وەزیری كاروباری هەرێم لەگەڵ بەغداد لەسەر پشكی یەكێتی، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی كێشەی موچە، چونە بەردەم پەرلەمانی كوردستان، لەم دانیشتنەدا پەرلەمانتارانی پارتی هێرشیان كردەسەر وەزیرەكانی گۆڕان‌و یەكێتی، ئەمە وایكرد، ئاوات شێخ جەناب‌و خالید شوانی بۆ ماوەیەك نیگەرانن ببن‌و نەگەڕێنەوە بۆ وەزارەتەكانیان، بڕیار بوو دەستلەكاربكێشتەوە، بەڵام وایان نەكرد‌و جارێكی تر گەڕانەوە بۆسەر كارەكانیان. نزیكەی مانگێك لەمەوبەریش وەكو ناڕەزایەتییەك لەبەرامبەر دەستڕۆیشتووی ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ماوەیەك دارا رەشید وەزیری پلاندانان لە پشكی یەكێتی بایكۆتی دەوامی وەزارەتەكەی كرد.  بەمدواییانەش كە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، قوباد  تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستان (هاوپەیمانی یەكێتی‌و گۆڕان بۆ هەڵبژاردن) بوو، قوباد تاڵەبانی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ هێرشی كردەسەر پارتی و  بە حزبی "تاكڕەو" ناوی برد، ئەمە مەسرور بارزانی توڕەكرد، داوای كرد لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا لێكۆڵینەوە لە قسەكانی قوباد تاڵەبانی بكرێت، بەڵام قوباد تاڵەبانی خۆی لەم مشتومڕە لادا‌و چەند كۆبونەوەیەكی حكومەت بەشداری نەكرد، بەڵام دواتر‌و لە كۆبونەوەیەكدا لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ مەسرور بارزانی روبەڕووی یەكتر بونەوە‌و مەسرور بارزانی بە قوباد تاڵەبانی دەڵێت ئەم هەڵوێستانەت جێگەی قبوڵكردن نیە، قوباد تاڵەبانیش وەڵامی دەداتەوە كە من فەرمانبەری تۆ نیم بۆت نیە خۆت توڕە بكەیت.  ناكۆكی تیمی یەكێتی‌و پارتی لە حكومەت، بەردەوام كاریگەری لەسەر بەڕێوەچوونی حكومەت هەبووە، بۆیە لە كۆبونەوەكانی نێوان مەكتەبی سیاسی هەردوو حزبدا زۆرجار باس لە چارەسەركردنی ئەم ناكۆكیانە دەكەن.  بزوتنەوەی گۆڕانیش وەكو لایەنی سێیەمی پێكهێنەری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم ناڕازییە لە بەشدارییەكەی‌و بەمدواییانە سەرلەنوێ لەناو گۆڕاندا گفتوگۆ لەبارەی ئەگەری كشانەوە لە حكومەت گەرم بووە‌و ئەمە پارتی لە گۆڕان توڕەو نیگەران كردووە. كەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتیەكان دوای ماوەیەكی كەم لە دەوامكردن لە وەزارەتەكەی ماوەیەكە چووەتە دەرەوەی وڵات، هەندێك دەڵێن نیگەرانەو هەندێكیش دەڵێن بۆ چارەسەری تەندروستی لە دەرەوەی وڵاتە، سەفین دزەیی كە بە كەسێكی نزیكی نێچیرڤان بارزانی دادەنرێت و سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم كەمترین كات دەچێتە دەوامی فەرمانگەكەی، ئاشتی هەورامی یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزەو سامانە سروشتیەكان و محەمەد حاجی یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری تەندروستی دەوام ناكەن.  


  درەو: دوو كوتلە بەهێزەكەی سوننە لە عێراق هاوپەیمانی تەقەدوم و هاوپەیمانی عەزم پێش كورد‌و شیعە رێككەوتن‌و بڕیاریاندا بەیەك هاوپەیمانێتی بچنە ناو یەكەمین دانیشتنی پەرلەمانی نوێی عێراق‌و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی هاوپەیمانی تەقەدوم كاندیدی هاوپەیمانێتیە نوێیەكە دەبێت بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران‌و خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانی عەزمیش سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییە نوێیەكە دەكات. ئێوارەی پێنجشەممە پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی نوێ لە نێوان هاوپەیمانی تەقەدوم بەسەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی‌و هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر راگەیەندراو هەردوولا بڕیاریاندا بە هاوپەیمانێتییەكی یەكگرتوو بەشداری یەكەمین دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بكەن كە بڕیارە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت. هاوپەیمانێتییە نوێكەی نێوان حەلبوسی‌و خەنجەر لەكۆی 329 كورسی ئەنجومەنی نوێنەران خاوەنی 64 كورسییەو زۆرینەیان نوێنەرایەتی ئەو پارێزگایانە دەكەن كە لەدەستی داعش رزگاركراون. هاوپەیمانی تەقەدوم ئێوارەی چوارشەممە لە بەیاننامەیەكدا داوای لە سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم خەمیس خەنجەر كرد سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییە نوێەكە بكات لە پێناو یەكخستنی هەڵوێستەكان و خزمەتكردن بە پارێزگاكانیان. لایخۆشیەوە خەمیس خەنجەر پێشوازی لەو بەیاننامەیەی تەقەدوم كردو بە هەنگاوێكی مێژووی وەسفكردو رایگەیاند سەرەڕای فەشارێكی زۆر بۆ دوورخستنەوەیان لە یەكتر ئەو هەڵوێستە بەرز دەنرخێنن‌و بەردەوام دەبن لە خزمەتكردنی عێراق و پارێزگاریكردن لە مافەكانی خەڵك. بە گوێرەی زانیارییەكان هاوپەیمانێتییە نوێكەی نێوان تەقەدوم و عەزم, محەمەد حەلبوسی كاندید دەكاتەوە بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران‌و خەمیس خەنجەریش سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییەكە لە ئەستۆ دەگرێت. رێككەوتنی حەلبوسی‌و خەنجەر هەروا بێ‌ كاردانەە تێنەپەڕی‌و ناكۆكی خستە نێو هاوپەیمانی عەزمەوەو نەیارەكانی حەلبوسی لەنێو ئەو هاوپەیمانێتییەدا هەنگاویان لەدژی خەمیس خەنجەر هەڵگرت و بە نوسراوی فەرمی ئیمزایان بۆ لادانی خەنجەر پێشكەشی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كردووە. مشعان جبوری كە وەك كاندیدی سەربەخۆ كورسییەكی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەدەستهێناوەو ئێستا پەیوەندیكردووە بە هاوپەیمانێتی عەزمەوە لە تویتەر رایگەیاند كوتلەی عەزم 14 كاندیدی سەركەوتووە بۆ پەرلەمان‌و 3 كاندیدی تریش پەیوەندییان پێوەكردووەو لەو ژمارەیەش 12یان هەڵوێستیان لەگەڵ خەنجەردایەو تەنها سێ‌ پەرلەمانتار كە موسەننا سامەڕایی پێشڕەوییان دەكات هەوڵدەدەن خەنجەر لە سەرۆكایەتی عەزم دووربخەنەو زۆرینەی ئەوانەی ئیمزایان كۆكردوەتەوە كاندیدی دەرنەچوون. جبوری ئاشكراشیكردووە كۆتایی بە پشووەكەی لەگەڵ خێزانەكەیدا هێناوەو گەڕاوەتەوە بەغداد بۆ ئەوەی بەرگری لە هاوپەیمانی عەزم بكات و داواش دەكات ئەوانەی لە عەزم جیابونەتەوە لە بڕیارەكەیان پاشگەز ببنەوە. ئەنجومەنی نوێی نوێنەرانی عێراق رۆژی یەكشەممەی داهاتوو یەكەمین كۆبونەوەی بە سەرۆكایەتی مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی تەمەن ئەنجامدەدات‌و تائێستا دوو كوتلە بەناوبانگەی شیعە رەوتی سەدر‌و هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر كاندیدی سەرۆك وەزیران‌و پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمان رێكك نەكەوتون‌و پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش كە زۆرینەی كورسییەكانی كوردیان لە ئەنجومەنی نوێنەراندا بەدەستهێناوە لەسەر كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق رێكك نەكەوتون كە لە دوای 2003ەوە وەك نەریتێك ئەو پۆستە بە كورد دراوە.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand