شیكاری: درەو لەکابینەکانی ڕابردووی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوڵاتیان لەگەڵ قەیرانەکانی ئاو و کارەباو نەوت و غاز و بەنزین و پاشەکەوتی موچە... دەست و پەنجەیان ڕاهاتبوو، بەڵام لە کابینەی نۆیەم و کە ناویان نابوو "حکومەتێکی بەهێز"، قەیرانی لێبڕینی موچە و کۆکردنەوەی داهات و بەرتەسکردنەوەی ئازادییەکان و باج و سەرانەشی هاتە سەر. دوای ٩ مانگ و ١٠ رۆژ لە چاوەروانی و گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان، سەرەنجام کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی (مەسرور مەسعود بارزانی) کاندیدی ڕاسپێدراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم لە رۆژی ١٠/٧/٢٠١٩ لەلایەن پەرلەمانی کوردستان متمانەی پێبەخشرا. پێش پێکهێنانی کابینەکەو سەرەتای دروستبوونی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی خوێندنەوەو تێڕوانینی جیاواز هەبوو سەبارەت بە داهاتووی کەبینەکە، تێڕوانینەکان دابەشی سەر دوو ئاراستەبوون ئەوانیش؛ ئاراستەیەکیان پێی وابوو کابینەی نۆیەم جیاوازی نابێت لەگەڵ کابینەکانی پێش خۆی و زیاتر لەوەش کابینەیەکی ئەمنی داخراوتر دەبێت، ئەم گریمانەیەشیان بۆ ئەو باکگراوندە ئەمنییە دەگێڕایەوە کە سەرۆکی ئێستای حکومەتی هەرێم هەیبوو. ئاراستەی دووەمیان، بە پێچەوانەی ئاراستەی یەکەم، چاوەڕوانی حکومەتێکی بەهێز و کاراو بوون و پێیان وابوو ئەزمونێکی نوێی حکومڕانی لە هەرێم کوردستان سەرهەڵدەدات، بەشێکی ئەمەشیان ئاسایی بوونەوەی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، نەمانی شەری داعش، نەمانی كیشهی ئاوارەکان، بدێهنانی خواستی کورد لەبودجە هۆکار گەلێکە بەئاراستەی گەرانەوەی مافە سیاسی و ئابووری و ئیدارییەکان لەبەغدا پاساو دەدا. زیاتر لەوەش هەندێک پێیان وابوو (مەسعود بارزانی) یارمەتیدەرێکی گەورە دەبێت بۆ سەرکەوتنی کوڕەکەی لە کابینەی نۆیەمدا. ئێستا وا نزیک دەبینەوە لە تێپەڕبوونی دوو ساڵ و نیو بەسەر تەمەنی کابینەی نۆیەمدا، بەڵام قەیرانە جۆراو جۆرەکانی کابینەکانی ڕابردوو کە بە میرات مابوونەوە، بەردەوامیان هەیەو لە هەندێک وێستگەو سێکتەردا قوڵبوونەوەی زیاتریان بەخۆوە بینیوە، بارگرانی زیاتر بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دروستبووە، لێرەدا تیشک دەخەینە سەر دیارترین ئەو قەیرانانە. یەکەم: قەیرانی موچە یەکێک لە کاریگەرترین ئەو بابەتانەی ڕاستەخۆ پەیوەندی بە ژیان گوزەرانی هاوڵاتیانەوە هەیە دابینکردنی پژێوی و موچەی موچە خۆرانە، ئەم پرسە ئەگەر بۆ هەر کیان و دامەزراوەیەک جارێک ڕاست بێت، ئەوا بۆ هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیەکانی دووجار ڕاستە، چونکە جگە لەوەی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی لاوازدایەو هاوڵاتیان و خێزانەکان ناتوانن وەک پێویست پشتی پێببەستن، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە (1 ملیۆن و 250 هەزار) موچەخۆرە، ئەگەر دانیشتوانی هەرێمی کوردستان (6 ملیۆن) کەس بێت، ئەوا (20%) دانیشتوانی هەرێمی کوردستان موچە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرن. بە دیوێکی دیکەدا ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین بە تێکڕا هەر خێزانێک لە هەرێمی کوردستان لە (5) کەس پێک بێت ئەوا (1 ملیۆن و 200 هەزار) خێزان لە هەرێمی کوردستان هەیەو واتە بە نزیکەیی هەموو خێزانێک موچەیەکی بەردەکەوێت. ئەم گریمانەیەی سەرەوە گرنگی و بایەخی موچە دەردەخات بۆ هاوڵاتیان و بازاڕ لە هەرێمی کوردستان. بەڵام هێشتا بابەتی هاتن و دابەشکردن و دابەشنەکردنی موچە هاوشێوەی ئەزمونی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەواڵی گەرم و بە پەلەی ئامرازو کەناڵەکانی ڕاگەیاندنە. لە بانگەشەی هەڵبژانی (30/9/2018) لایەنە سیاسییەکان بانگەشەی گێڕانەوەی موچە پاشەکەوت کراوەکان و کردنەوەی ژمارەی حیسابی بۆ موچە خۆران دەکرا، لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم موچەخۆران لە چاوەڕوانی گڕانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکانیان بوون، بەڵام ئەم کابینەیە بیدعەیەکی نوێی داهێناو ناوی نا، لێبڕین، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی (2020) ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد لە خەرج نەکردنی موچەی موچە خۆران (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) لە ئێستادا کە لە کۆتای مانگی کانونی دووەمی ساڵی (2022)ین، بەڵام ڕوون نییە ئەو بڕە پارەیەی کە حکومەتی ناوەندی وەک سلفە دەینێرێت بۆ حکومەتی هەێمی کوردستان بەردەوام دەبێت یاخود نا، چونکە ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن بەبێ ئەو (200 ملیار) دینارە حکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت لە کاتی خۆیدا موچەی موچەخۆران هاوشێوە چەند مانگی ڕابردوو دابەش بکات و ئەگەری ئەوەی هەیە جارێکی تر قەیرانی دابەشکردنی موچە سەرهەڵبدات، ئەگەر ئەو بڕە پارەیەی لە بەغداوە دێت بەردەوام نەبێت. دووەم: کێشەی کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ بەشێوەیەکی گشتی سەرچاوەکانی داهات لە هەرێمی کوردستان بریتین لە (داهاتی ناخۆ، داهاتی فرۆشتنی نەوت، بودجەی عێراق و هاوکاری هاوپەیمانان). بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە داهاتی ناوخۆوە هەیە، یەکێکی دیکە لە گرفتەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بێ دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەردەخات بەرامبەر بە حیزبە سیاسییەکان (پارتی و یەکێتی) لە مەسەلەی گەڕانەوەی داهاتی ناوخۆ بۆ وەزارەتی دارایی بەپێی بەڵگەکان، لە مانگی یەكی (2021) كۆی داهاتی ناوخۆ (374 ملیار) دینار بووە، بەڵام لە مانگی حەوتی ساڵی (2021)ەوە لەگەڵ ناردنی (200 ملیار)ەکەی بەغدا، بەبێ هیچ هۆکارێکی ڕوون داهاتی ناوخۆ كەمیكردووە بۆ(164 ملیار) دینار واتا مانگانە (210 ملیار) دینار كەمیكردووە، کە ئەم بڕە پارەیە هاوتایە بەو بڕەی حکومەتی ناوەند وەک سلفە بۆ حکومەتی هەرێم خەرجی دەکات. لەم بارەیەوە (عەلی حەمەساڵح - سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان) لە سەرەتای مانگی (12)ی ساڵی پار ڕایگەیاند؛ "داهاتی ناوخۆ مانگی شوبات (374 ملیار) دینار بووە بۆ تەمویلی مووچە، مانگی یانزە بووەتە (164 ملیار) دینار، داهاتی سلێمانی لە (161 ملیار) دیناری مانگی یانزە (70 ملیار و 520 ملیۆن) دیناری بۆ تەمویلی مووچە بووە، داهاتی هەولێر لە (186 ملیار) دینارەوە، (93 ملیار 430 ملیۆن)ی بۆ تەمویلی مووچە بووە، واتە نزیکەی (93 ملیار) دینار کەمیکردووە، ئەمەش کەمیکردووە خۆ بۆ پرۆژە نییە، ئەوە پرۆژەکانی سلێمانییە هەموویان وەستاون". هەر لەم بارەیەوە (عومهر گوڵپی - ئهندامی لیژنهی دارایی لهپهرلهمانی كوردستان) له پەیجی خۆی نوسیویهتی: "بۆ بەرچاوڕونی هاوڵاتیان ئەم ڕاستیانە دەخەمهڕوو، داهاتی حکومەت لەمانگی (12) ی ساڵی ڕابردوودا بەپێی زانیارییەکانی حکومەت خۆی بەمجۆرەیە، لە(نەوت)ەوە: بڕی (512) ملیار دینارو لە(گومرگ)یش (150 ملیار) دینار بوه، لە(باج) (50 ملیار) دینارو لە(ڕسومات)یش (١٠٠ ملیار)و لە(هاوکاری هاوپەیمانان) (26 ملیار) بوه، کۆی گشتی داهاتی مانگی دوانزەی ساڵی 2021 بەبێ بەغداو بەپێی ژمارەکانی حکومەت خۆی بریتیە لە(832 ملیار) دنیار کە لەکاتی تردا سەلماندومانە ئەمەش هەموو داهاتی ڕاستەقینە نییە". زیاتر لەوەش دەڵێت "پێیوایە، حکومەت دەتوانێت بەداهاتەکانی (نەوت و ناوخۆ) موچەی سەرجەم وەزارەت و چین و توێژەکان دابەشبکات و چاوەڕێی (200) ملیاری بەغدا نەکات و نوسیویەتی: ئەگەر هەموو ئەو پارانە بگەڕێنەوە خەزێنەی گشتی و وەزارەتی دارایی". سێیەم: زیادکردنی باج و ڕسومات لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بابەتی زیادکرنی باج و ڕسومات یەکێکی دیکە لەو پرسانەی هاوڵاتیان هەرێمی کوردستان نیگەران کردووە، حکومەتی هەرێم بەمەبەستی ڕێکخستن و زیادکردنی داهات (6) لیژنەی پێکهێناوە، ئەوانیش؛ 1. لیژنەی ڕێکخستنی گومرگەکان. 2. لیژنەی پێداچوونەوەی گرێبەستی گومرگەکان. 3. لیژنەی لێبوردنی گومرگی. 4. لیژنەی پێداچوونەوە بە سیستمی باج. 5. لیژنەی پێداچوونەوە بە سیستمی رسومات. 6. لیژنەی پێداچوونەوە بە دۆسیەی نەوت بەپێی ڕاپۆرتێکی (ڕێکخراوی ستۆپ) دەربارەی (چاودێری هەڵسەنگاندن: هەنگاوەکانی چاکسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان)، حکومەتی هەرێمی کوردستان زیادکردنی باج و ڕسومات وەک ستراتیج وەرگرتووە، بۆ زیادکردنی داهات. لە هەنگاوەکان بەردەوام ئاماژە بەوە دەکرێت کە باج و رسوماتەکان بۆ سەر فرۆشتنی کۆمپانیا و دامەزراوە بازرگانی و شوێنی خزمەتگوزاری دەبێت، پێویستە ئەو هەنگاوانە نەبێتە بارگرانی بەسەر هاوڵاتیان. بە بەگوێرەی بە دواداچونەکان ئەو باج و رسوماتانەی حکومەت زیادی کردووە ڕاستەوخۆ بارگرانی بۆ سەر هاوڵاتیان دروستکردووە، لە نمونەی ئەم باجەی خراوەتە سەر شوێنە گەشتیارییەکان لە هۆتێل و مۆتێل و چێشخانەو کافتریا و... ئەو پارەیەی بە شێوەی جیا جیا لە خاڵە سنورییەکان لەلایەن کۆمپانیاکانەوە وەردەگیرێت، وەک چۆن پێشتر وەرگرتنی باج لە کۆمپانیاکانی گەیاندن ڕاستەوخۆ بووە هۆی گرانکردنی یەکەکانی موبایل و ئەنتەرنێت، بەهان شێوە ئەو کەل و پەلانەی باج و ڕسومات لەسەریان زیادی کردووە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان باجەکەی دەدەن، ئەمە سەرەڕای کۆکردنەوی پارەی خاشاک و ئاوو کارەباو ... ڕاستەوخۆ لەسەر هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە. چوارەم: قەیرانی سوتەمەنی لە ئێستادا کە لە وەرزی سەرماو سۆڵەی زستانداین قەیران و گرانی (نەوت و غاز و بەنزین) دیارترین قەیرانە دووبارەوەبووەکانی ساڵانی ڕابردوو و کابینەکانی پێشتر سەریان هەڵداوەتەوە، بە درێژایی ئەم کابینەیەی ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستان کە زیاتر لە (2) ساڵە نەتوانراوە بەشە نەوتی ساڵانەی سەرجەم هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بۆ یەکجار دابین بکرێت و دابەشبکرێت، ئەم لە کاتێکدایە لە مانگی ئابی ساڵی (2021) (کەمال ئەتروشی - وەزیری سامانە سروشتییەکان) لە چاوپێککەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند: "ئەمساڵ پێداویستییە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی لەلایەن بەغداوە دابیندەکرێت، مانگی 10 نەوت بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشدەکرێت، بۆ ئەم زستانە نەوت سپی بەسەر هەموو ماڵێکدا دابەشدەکرێت". بەڵام ئێستا لە کۆتایی مانگی (1ی 2022)داین هێشتا نیوەی خێزانەکانی هەرێمی کوردستان بەشە نەوتی ساڵی پاریان وەرنەگرتووە، سەرەڕای ئەوەی پرۆسەی دابەشکردنی نەوت سستی بەردەوامە نرخی بەرمیلێک نەوت لە (55 هەزار) دینارەوە بەرزکراوەتەوە بۆ (90 هەزار) دینار. کەمی غازی شلی ماڵان یەکێکی دیکەیە لەو قەیرانانەی بۆ زیاتر لە مانگێک دەچێت بەرۆکی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی ڕابردوودا بە هەر بتڵێک غازی ماڵان بڕی (1000 دینار) یان زیادکرد و لە (7 هەزار و 500) دینارەوە بەرزیانکردەوە بۆ (8 هەزار و 500) دینار، بەڵام کێشەکە هەر چارەسەر نەبوو، ئەمە لە کاتێکدایە، كۆمپانیای دانە غاز بەرزكردنەوەی بەرهەمهێنانی غازی لە هەرێمی كوردستان بۆ ئاستێكی پێوانەیی ڕاگەیاند، لە ڕاگەیەندراوێكدا كۆمپانیاكە، كە لە هەرێمی كوردستان كاری بەرهەمهێنانی غازی سروشتی دەكات، ڕایگەیاندووە، لە كێڵگەی كۆرمۆری چەمچەماڵ ئاستی بەرهەمهێنانی غازیان بەرزكردووەتەوە و گەیشتووەتە (452 ملیۆن) پێ چوارگۆشەی ڕۆژانە.، بەراورد بە ساڵی 2018، ئاستی بەرهەمهێنانەكە (50%) زیادیكردووە. گرانی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان سەرەڕای ناردنی زیاتر لە (1 ملیۆن) لیتر بەنزین لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان، فرۆشتنی بە (690 دینار) لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام بە کۆمەڵک هۆکار نەتوانراوە نرخی بەنزینی بارزگانی کۆنترۆڵ بکرێت، ئەوانیش؛ هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین 1. کەمی بەرهەمهێنانی بەنزین لە پاڵاوگەکانی ناوخۆ بەهۆی کەمی پێدانی نەوتی خاو لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە. 2. حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ پاڵپشتیەک پێشکەشی پاڵاوگەکانی نەوت ناکات، لە پێناو کۆنترۆڵکردنی نرخی بەنزین. 3. بەپێی قسەی بازرگانان و هاوردەکارانی بەنزین حکومەتی هەرێمی کوردستان باجی زۆری خستووەتە سەر هاوردەکردنی بەنزین. 4. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەوەی خۆی هیچ پاڵپشتییەکی کەرتەکە ناکات، ناتوانێت نرخەکەشی دیاری بکات. 5. بە ڕێژەی %100 بازرگانی بەنزین بەدەست کەرتی تایبەتەوەیە. 6. قۆرخکاری بەرهەمهێنان و هاوردەکردنی بەنزین بۆ چەند کۆمپانیایەکی حیزبی دیاریکراو. 7. نەبونی خەزانی گەورەی بەنزین بۆ پاڵپشتی کردنی کەرتەکە لە حاڵەتی دروستبوونی قەیراندا. 8. زیادبوونی خواستی بەنزین لە نێوخۆی ئێران و کەمبوونەوەی هاوردەکردنی بەنزین لەو وڵاتە. پێنجەم: نەبوونی کارەبای پێویست کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کونترۆڵکردن و زیادکردنی بڕی کاتژێرەکانی کارەبای نیشتمانی بە هاوڵاتیان پەنایان بردە بەر سیستمی "پێوەری زیرەک"، بەپێی زانیارییەکان تا کۆتایی ساڵی (2021) (1 ملیۆن 124 هەزار) پێوەری زیرەک بۆ هاوبەشانی کارەبای نیشتمانی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دانراوە، بەپێی ئەم پێوەرە هەر بەشداربوویەک دەتوانێت بڕی (40) ئەمپێر کارەبا بەکاربهێنێت. بەڵام تا ئێستا سیستمەکە سەرکەوتوو نەبووەو نەیتوانیەوە وەک پێویست بڕی کاتژمێرەکانی کارەبا زیاد بکات، ئەوە سەرەڕای نادادپەروەری لە پێدانی کارەبای نیشتمانی لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و بەپێی زانیارییەکانی (عەلی حەمەساڵح - سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان) ڕایگەیاند، "تێکڕای کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک جیاوازە". ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیکردووەتەوە، لەم مانگەدا تاوەکو 23ی مانگ، تێکڕا پێدانی کارەبای ڕۆژانە بەمشێوەیە بووە: - هەولێر؛ 11:17 کاتژمێر - دهۆک؛ 10 کاتژمێر - سلێمانی؛ 8 کاتژمێر سەربارەی ئەوە لە (27 ی كانونی دووهمی 2022) بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی لە ڕوونكردنەوەیەكدا بڵاویكردەوە، لە ئێستا پێوەری زیرەكی كارەبا بە (6200) كیلۆوات دیاریكراوە، كە دەكاتە (30) ئەمپێر و دەكوژێتەوە، واتە بەو دۆخەشەوە ناتوانرێت (40) ئەمپێر کارەبا بدرێت بە هاوڵاتیان.
(درەو): بافڵ تاڵەبانی گەیشتەوە سلێمانی، بە هەندێك لە بەرپرسانی حزبەكەی وتووە"دەنگی زۆربەی لایەنە شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیو بەشێك لە پەرلەمانتارە سەربەخۆكانو لایەنە كوردییەكانمان مسۆگەر كردووە، پارتی تەنیا كەوتووە". دوای چەند رۆژێك كۆبونەوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان لە بەغداد، دوێنێ رابردوو بافڵ تاڵەبانی گەیشتەوە سلێمانی، بڕیار بوو ئەمڕۆ كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بكرێتو بەرهەم ساڵح لە كۆبونەوەكەدا بەشدار بێت، بەڵام شەوی رابردوو بە نامە ئەندامانی سەركردایەتی ئاگاداركرانەوە لەبارەی ئەوەی كۆبونەوەكە دواخراوە. سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتی بە (درەو)ی راگەیاند، بافڵ تاڵەبانی دوای سەردانەكەی پێی راگەیاندوین" دەنگی زۆربەی لایەنە شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەدەستهێناوە، بەتایبەت دەنگی دەوڵەتی یاساو هاوپەیمانی فەتحو نەسرو بەشێك لەلایەنەكانی حەشدی شەعبی، لەگەڵ بەدەستهێنانی دەنگی بەشێك لە پەرلەمانتارە سەربەخۆكان". سەبارەت بە دەنگی لایەنە كوردییەكان، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، بافڵ تاڵەبانی وتویەتی" توانیومانە دەنگی فراكسیۆنە كوردیەكان بەدەست بهێنین، ئێستا ئێمە (33) دەنگینو پارتی بە تەنیایەو (31) ئەندامە". هەفتەی رابردوو لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا، بافڵ تاڵەبانی باسی لەوەكرد، پشتیوانی (یەكگرتوو، نەوەی نوێ، كۆمەڵ)یان بۆ دەنگدان بە بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك مسۆگەركردووە. ململانێی پارتیو یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار توندبوەتەوە، هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێرێت، یەكێتی (بەرهەم ساڵح)ی كاندید كردووە، پارتیش (هۆشیار زێباری). پارتی رێككەوتنی لەگەڵ سەدرو حەلبوسیدا هەیەو پێی وایە ئەگەر ئەم رێككەوتنە تێكنەچێت، بە ئاسانی پۆستی سەرۆك كۆمار لە یەكێتی وەردەگرێتەوە، یەكێتیش چاوی لە دەنگی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیو لایەنە كوردییەكانە.
درەو: (درەو) خوێنەرانی ئاگادار دەكاتەوە، سەركەوتوو بوو لە بەدەستهێنانی پاڵپشتی دارایی (سندوقی نیشتمانی ئەمریكا بۆ دیموكراستی)و ئەم پاڵپشتییە داراییە بەكاردەهێنێت بۆ گەشەپێدانی ماڵپەڕەكەی بە هەرسێ زمانی (كوردی، عەرەبی، ئینگلیزی)و راپۆرت و كارە رۆژنامەوانییەكانی. سندوقی نیشتمانی ئەمریكا بۆ دیموكراسی كە بە (NED) ناسراوەو بارەگا سەرەكییەكەی لە واشنتۆنە، بۆ ماوەی دووساڵو لە مانگی (1/2/2024) بۆ (31/1/2026).. بڕی (60 هەزار) دۆلاری بۆ پشتیوانی (درەو) تەرخان كردووە. (درەو) خۆشحاڵە، لەرێگەی وەرگرتنی ئەم پاڵپشتییەی (NED)ەوە، بۆ دامەزراوەكانی درەوەو ناوەوەی كوردستانی سەلماندووە، میدیایەكی (ئازاد، سەربەخۆ، بێلایەنە)و لەم تاقیكردنەوەیەشدا لەلای رێكخراوێكی نێودەوڵەتی وەكو (سندوقی نیشتمانی ئەمریكا)وە بەسەركەوتوویی هاتوەتە دەرەوە. پاڵپشتی دارایی (سندوقی نیشتمانی ئەمریكا بۆ دیموكراتی) بەشێوەیەكی شەفاف بەڕێوەدەچێتو وەكو هەموو ئەو دامەزراوانەی تری عێراقو هەرێمی كوردستان كە پاڵپشتییەكەیان وەرگرتووە، (درەو) دەخاتە ژێر چاودێری شەفافیەتەوە لەسەر ئاستی كۆنگرێسی ئەمریكا، ئەمەش (درەو) زیاتر بەرەو دامەزراوەیبوون دەبات. (درەو) بەهەوڵی چەند رۆژنامەنوسێك دامەزراوەو بەڵێنی ئەوەی بەخوێنەرانی داوە بەشێوەیەكی بێلایەنانە كاربكات، لەم پێناوەشدا لەماوەی رابردوودا دوچاری قەیرانی دارایی زۆر بوەتەوە، بەهۆی ئەم قەیرانە داراییەوە، لەسەرەتای دامەزراندیدا، ماڵپەڕەكە هیچ ئۆفیسێكی نەبووەو رۆژنامەنوسەكانی بەشێوەی ئۆنلاین لەماڵەكانی خۆیانەوە كاریان كردووە، سەرباری ئەمە نەیتوانیوە وەكو پێویست گەشە بە كارە رۆژنامەوانییەكانی بدات. ئێستاو دوای وەرگرتنی پشتیوانی دارایی (سندوقی نیشتمانی ئەمریكا بۆ دیموكراسی)، (درەو) كاركردنی خۆی دەباتە قۆناغێكی نوێو سود لە پشتیوانییە دارایی و مەعنەویەكەی (NED) وەردەگرێت بۆ گەشەپێدانی ماڵپەڕەكەو بڵاوكردنەوەی هەواڵو راپۆرتە بنكۆڵكارییەكانی بە هەردوو زمانی (عەرەبیو ئینگلیزی). لەچوارچێوەی ئەم پاڵپشتییە داراییە، (درەو)، بەشێكی كارەكانی خۆی تەرخان دەكات بۆ ئامادەكردنی راپۆرتی بنكۆڵكاری لەبارەی چاودێریكردنی كەرتی نەوت لە هەرێمی كوردستان، بە ئاڕاستەی شەفافیەتی زیاتر لەم كەرتەدا. (سندوقی نیشتمانی ئەمریكا بۆ دیموكراسی) دامەزراوەیەكی تایبەتی قازانج نەویستە، پاڵپشتی گەشەكردنو بەهێزبوونی دامەزراوە دیموكراتییەكان دەكات لەسەرتاسەری جیهان، ئەم سندوقە ساڵی 1983 دامەزراوەو ئێستا لە عێراقو هەرێمی كوردستان چەندین دامەزراوە سودمەندن لە پشتیوانییە داراییەكانی ئەم سندوقە.
درەو: خالد سلێمان - گۆڤاری ئاییندە ناسی بەرایی خەڵکی کوردستان لە ناکاوێکدا بۆیان دەرکەوت ڕووبەڕووی ئالەنگارییەکی گەورەی ئاو بوونەتەوە، لە کاتێکدا ئاماژەکانی بێئاوی زیاتر لە دەیەیەکە دەرکەوتوون و لە هەندێ ناوەندی میدیادا باس کراون. دەزگاکانی حکومەت، ناوەندەکانی زانکۆ و توێژینەوە، کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیا، هەروەها کۆمەڵگەی کوردستان بەگشتی، بەبێ پێشینە و بەبێ ئاماری پێویست دەربارەی گۆڕانکارییەکانی کەش و دەرەنجامەکانی، لەبەردەم واقیعێکی ژینگەیی بێوێنەدا خۆیان بینییەوە. بێئاوییەکی دەگمەن، بەرزبوونەوەیەکی لەڕادەبەدەری پلەکانی گەرما، زەقبوونەوەی سیاسەتاکانی ئێران و تورکیا لە تینووکردندا، نەبوونی پلانێکی دوورمەودا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر دۆخێکی لەم شێوەیە، خەسڵەتی دیمەنی ئێستای هەرێمی کوردستانن. ئەم باسە هەوڵ دەدات لەسەر فاکتەرەکانی پشت وشکەساڵی، کەمبوونەوەی دابارین و دەرەنجامەکانی بوەستێت و لێیان تێبگات، هەروەها سیناریۆ و چارەسەر و پێشنیارەکان بۆ زامنکردنی داهاتووی کوردستان. کوردستان و حەوزە گەرمەکە کەشی([1]) هەرێمی کوردستان بە پێچەوانەی ناوچەکانی تری باشوور و ڕۆژئاوای عێراق، لەژێر کاریگەریی کەشی حەوزی دەریاری سپیی ناوەڕاستدایە کە لە زستاندا سارد و باراناوییە و پلەی گەرما لەنێوان (2-13)دایە، لە هاوینیشدا وشک و گەرمە و پلەی گەرما لەنێوان (35-40)دایە. تێکڕای پلەی گەرما لە بەهاردا لەنێوان (13-32) پلە و لە پاییزیشدا لەنێوان (24-29) پلەی سیلیزیدایە. ئەم دۆخەی کەشوهەوای کوردستان، بەبێ وەرگرتنی گۆڕانکاری و ناجێگیریی ڕێژەکانی دابارین لە وەرزێکەوە بۆ وەرزێکی تر وەک پێوەرێکی جێگیر، مەزەندە دەکرێت لە سێ دەیەی داهاتوودا گۆڕانکاریی ڕادیکاڵ بەخۆیەوە ببینێت و پلەکانی گەرما بەو شێوەیە نەمێنن. ئەویش بەگوێرەی چەند مۆدێلێکی لاساییکردنەوە لە زانستی کەش و بەرگەهەوادا لەسەر گۆڕانەکان، هەروەها لە ڕێگەی وێنەی سەتەلایتەوە لەسەر حەوزی دەریای سپیی ناوەڕاست. ئاژانسی نیشتمانیی بۆشایی و ئاسمانیی ئەمەریکا (ناسا)، لە ڕاپۆرتێکدا کە لە مارسی 2016 بڵاوی کردەوە، باسی لە تەوژمێکی توندڕەویی وشکانی کرد کە لەنێوان ساڵانی (1998-2012) ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتەوە. بەگوێرەی “ناسا”، لە ماوەی 900 ساڵی ڕابردوودا ناوچەکە تەوژمی لەو شێوەیەی بەخۆوە نەبینیوە کە دەبێتە هۆکاری وەرچەرخانێکی قووڵ لە پاشەکشێی ئاوی سازگاردا و هەڵکشانی دیاردەی وشکانی([2]) لە هەرێمەکەدا. جگە لە چاودێری و ڕاپۆرتەکانی ناسا لە کۆتایی سەدەی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ، سەنتەرەکانی تایبەت بە کەشی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژمارەیەکی زۆر لێکۆڵینەوەیان بڵاو کردووەتەوە، نزیکترینیان لێکۆڵینەوەیەکی ئەنستیتوتی ماساچوستز بۆ تەکنەلۆژیا (MIT) بوو، کە ڕێکەوتی ئەنجامدان و ڕاگەیاندنی دەرەنجامەکانی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2020. لێکۆڵینەوەکەی “MIT” جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە حەوزی دەریای سپیی ناوەڕاست بە شێوەیەکی خێرا و فراوان بەر گۆڕانکارییەکانی کەش کەوتووە و بووەتە گومەزێکی ڕاگرتنی گەرمەهەوا، واتە تەوژمی گەرما لەبریی دۆزینەوەی ڕاڕەوێک بۆ دەرچوون؛ وەک میلی کاتژمێر دەخولێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خاڵەی لێوەی دەست پێ دەکات. لەبەر ئەم هۆکارەش، وەک توێژینەوەکەی ماساچوستز بۆ تەکنەلۆژیا بۆی دەچێت، مەزەندە دەکرێت هەردوو بەری حەوزەکە لە سێ دەیەی داهاتوودا، 40% یان 60% ڕێژەی دابارین لەدەست بدات([3]). بەپێی ئەو مێتۆدەی توێژینەوەکەی لەسەر نووسراوە، ئەوەی کە ڕوو دەدات قەتیسبوونی تەوژمێکی گەرمە لە ئاسمانی ئەم هەرێمەدا بە بەرزیی 10 كیلۆمەتر. گەرمەهەواکە لەبریی دۆزینەوەی ڕاڕەوێک بۆ دەرچوون، وەک میلی کاتژمێر دەسووڕێتەوە. هۆکاری ئەمەش بەپێی پشکنین و ئانالیزەی پڕۆفیسۆر “الفاتح التاهیر([4])” لە “MIT” کە لە هەمان کاتدا نووسەری هاوبەشی لێکۆڵینەوەی ئاماژەپێکراوە، دەگەڕێتەوە بۆ دەرەنجامی گۆڕانکارییە گڵۆباڵەکانی کەش کە ناوچەکەیان تووشی گۆڕانێکی دەگمەن کردووەتەوە: یەکەم: فاکتەری یەکەم گۆڕانە لە ناوچەیەکدا لە بۆشایی ئاسمان پێی دەوترێت “Tropopause”، بە بەرزیی 10 كیلۆمەتر لە زەوییەوە. ئەمەش ئەو ناوچەیەیە کە گۆڕانی کەشی تیا ڕوو دەدات، هەروەها خولانەوەی با. سروشتی گۆڕانەکەش پاڵەپەستۆیەکی بەرزی با بەسەر هەرێمی دەریای سپیی ناوەڕاستدا دەسەپێنێت. فاکتەری دووەم ئەوەیە کە دەریای سپی گۆماوێکی گەورەی ئاوە بە زەوی چواردەوری گیراوە و ڕاڕەوێکی بچووکی هەیە، لەگەڵ گۆڕانی کەشدا، لە زستاندا خاکەکەی دەوروبەری لە ئاوی دەریاکە گەرمتر دەبێت، لە دۆخی سروشتیدا ئاوەکە لە خاکەکە گەرمترە، ئەمەش وا دەکات کە پلەی گەرمای گۆماوەکە لە چواردەوری ساردتر بێت و لە دەرەنجامدا پاڵەپەستۆیەکی بەرز بەسەر دەریاکەوە دروست بکات. ئەو فاکتەرانەش وایان کردووە ئەم حەوزە ببێتە خاڵێکی گەرم لەسەر نەخشەی کەشی جیهان، گڵۆباڵن و دەرەنجامێکی ڕاستەوخۆی دەردانی گازەکانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن و میتانن لەلایەن دەوڵە پیشەسازییە پەرەسەندووەکانەوە. بەپێی هەندێ ناوەندی ئەکادیمی، ئەگەر جیهان لە ساڵی (2010)ەوە هەنگاوی بنایە بۆ کەمکردنەوەی گازە گەرمکەرەوەکان بە ڕێژەی 3.3% لە هەر ساڵێکدا، دەتوانرا لە کۆتایی سەدەی بیست و یەکدا پلەی گەرما لە سنووری (1.5)دا بهێڵرێتەوە، بەڵام ئێستا باس لەوە دەکرێت کە پلەی گەرمای هەسارەی زەوی لە کۆتایی سەدەدا بگاتە 2.7 پلەی سیلیزی([5]). بۆ ئەوەی ئەمە ڕوو نەدات و قەرەبووی ئەو ساڵانە بکرێتەوە کە لەدەست چوون، ڕزگارکردنی زەوی بەگشتی و هەرێمە بەرکەوتووەکان بەدیاریکراوی، پێویستیان بە کەمکردنەوەیەکی زۆرە لە دەردانی گازە گەرمکەرەوەکان. پڕۆفێسۆری جوگرافیا فرێدریک دووران لە زانکۆی تولوز لە فەڕەنسا، پێی وایە کە ئێستا باری جیهان لەژێر گازەکاندا کە هۆکاری گۆڕانکارین لە کەشدا، گرانتر بووە، بۆیە دەبێت لە ئێستاوە دەست بکرێت بە کەمکردنەوەیان([6]) بە ڕێژەی 7% لە هەر ساڵێکدا. بە پێچەوانەی هەر کەمکردنێکی لەم شێوەیە و گەیشتنی گەرما بە سەرووی 2 پلەی سیلیزی، وەک ڕۆژنامەی “لۆمۆند دیپلۆماتیک”ی فەڕەنسی پێشبینیی دەکات، لە هەر پەنجا ساڵێکدا زەوی ڕووبەڕووی نزیکەی چواردە تەوژمی گەرمای خنکێنەر دەبێتەوە، واتە لە هەر 10 ساڵێکدا ڕووبەڕووی نزیکەی سێ وەرزی گەماری چڕ و خنکێنەر دەبینەوە، ئەوەش بە بەراورد بە دۆخی پلەی گەرمای ئێستای زەوی کە (1.1) سیلیزییە و هەر پەنجا ساڵێک نزیکەی پێنج جار زەوی ڕووبەڕووی تەوژمی گەرمای خنکێنەر دەبێتەوە، لە کاتێکدا زەوی لە ساڵی 1900دا هەر پەنجا ساڵێک یەک جار ڕوبەڕووی تەوژمی گەرمیی خنکێنەر بووەتەوە (گرافیکی ژمارە 1). گرافیکی ژمارە (1) کوردستان لەسەر نەخشەی گۆڕانکارییەکانی کەش بەگوێرەی ئەو بەرایەی سەرەوە لەسەر نەخشەی کەشی باشووری حەوزی دەریای سپیی ناوەڕاست کە وەک خاڵی گەرمی گۆڕانکارییە گڵۆباڵەکانی کەش ئەژمار دەکرێت، دەبێ پێشبینی و ئاکاری گۆڕانەکان لە کوردستاندا لەسەر ڕۆشنایی هەمان نەخشە بخوێنرێنەوە. لەوانەیە لە خاڵێکیشدا مەزەندەی زیاتری کاریگەرییەکان لەسەر دابارین بکرێت، چونکە بەپێی لێکۆڵینەوەکەی “MIT”، ئەو بایەی لە بەرزاییەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاستەوە هەڵدەکات، پێش پەڕینەوە بەسەر چیا و ناوچە بەرزەکاندا، بارگاوییە بە هەور و هەڵم و دابارین دروست دەبێت. بەڵام دوای پەڕینەوەی بەرەو نزماییەکان، ڕێژەیەکی کەم هەڵم لە تەوژمەکاندا دەمێنێت، ئەمە جگە لەوەی کە بای بیابانی گەورە کە لە ڕۆژئاوای حەوزی سپیی ناوەڕاستەوە هەڵدەکات، وشک و گەرمە و کاریگەریی زیاتری لەسەر ئاستی داچۆڕین دەبێت، ئیتر لێرەوە بەشێکی ناوچەکە دەبێتە “Rain Shadow”، واتە سێبەرەباران. کاریگەرییەکانی ئەم گۆڕانکارییە لەسەر کەشوهەوای حەوزی سپی، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە کوردستاندا هەستی پێ دەکرێت، فاکتەری ئەمەش وەک لە سەرەتادا ئاماژەی پێ کرا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هەرێم بە پێچەوانەی ناوچەکانی تری عێراق کە لەژێر کاریگەریی کەشی مەداری یان نیمچەمەداریدان، بەستراوە بە کەشی حەوزی ناوەڕاستەوە. ئەگەر تا سەردەمانێک لەژێر ئەم کارگەرییەدا زستانی کوردستان بە دابارین و بەفرەوە دەناسرا، ئێستا کەشی میدیتێرانێ (ناوەڕاست) گۆڕانێکی زۆری بەسەردا هاتووە، ئەمەش وا دەکات چیتر دابارین و بەفری زستان ئەو بڕە ئاوە لە کوردستاندا دابین نەکەن لە ڕابردوودا هەبوو. هۆکاری ئەمەش بەتەنها ناگەڕێتەوە بۆ کەمبوونەوەی دابارین، بەڵکوو بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ دابارینی پچڕپچڕ و ناجێگیر، یان تارماییەباران وەک ئەوەی لە نزماییەکانی کوردستاندا ڕوو دەدات. بە تەماشاکردنێکی ئەم تابلۆیەی خوارەوە، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە نزماییەکانی باشووری سلێمانی لە دیوی گەرمیانی زنجیرەچیاکانی قەرەداغەوە، بە بەراورد لەگەڵ بەرزاییەکاندا، کەمترین دابارینیان بەر کەوتووە. هەڵبەتە بە بەراورد لەنێوان هەردوو وەرزی دابارینی (2020-2021)دا، وەک لە تابلۆی خوارەوەدا دەردەکەوێت (ڕەنگی سوور)، نزمترین ئاستی دابارین؛ ساڵی دووەم واتە 2021 بووە. لێرەدا حەوزی دەربەندیخان وەک لە تابلۆکەدا دەستنیشان کراوە، تەنها دەریاچەکە ناگرێتەوە، بەڵکوو هەموو ئەو ئاوڕێژانە دەگرێتەوە کە ئاو دەگەیەننە دەریاچەکە. گرافیكی ژمارە 2 ([7]) ساڵی 2008 کە وەرزێکی وشکی بەخۆوە بینی و ڕێژەی دابارین کەمتر بووە لەوەی ساڵی 2021، بەڵام لەبەر ئەوەی عەمارەکانی ئاو وەرزی پێشووتری وشکی هاوشێوەیان بەخۆوە نەبینیبوو، کاریگەرییەکەی لەسەر ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ و سروشتی کوردستان کەمتر بوو. لێرەدا یەکێک لە دەریاچەکانی کوردستان وەک نموونە وەردەگرین کە ئەویش دەریاچەی دەربەندیخان و دەوروبەریەتی. بەگوێرەی بەڕێوەبەری بەنداوەکە، ڕەحمان خانی، ڕێژەی دابارین لە ساڵی 2008دا تەنها 224.8 میلیمەتر بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی ڕێژەی دابارین لە 2021دا زیاتر بووە، کەمترین داهاتی ئاو هەبووە. ئەم بەراوردە بە پلەی یەکەم ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە جیاوازییەکان لە داباریندا پەیوەستن بە گۆڕانی کەشەوە نەک ئاوهەوا، کە لە ماوەی زیاتر لە دەیەیەکدا چۆن دەرەنجامەکانی بەڕوونی دەردەکەون، واتە لەگەڵ ئەوەی لە وەرزی وادا هەبووە کە ڕێژەی دابارین بە بەراورد لە وەرزی ئاسایی زیاتر بووە (وەزری 2018-2019 به نموونە)، بەڵام ئامارەکانی ئاو دابەزینیان بەخۆوە بینیوە. ئەگەر ئەم چوار ساڵەی دوایی لە ڕووی دابارینەوە وەک نموونە لە کوردستاندا وەربگرین، تەماشا دەکەین ڕێژەی دابارین لە ساڵی 2019دا دوو ئەوەندە و نیوی ڕێژەی ئاسایی ساڵانە بووە، چوار جاریش زیاتر بووە لە ڕێژەی دابارین لە ساڵی 2021دا، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی بەرزبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو. خاڵێکی تر کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان هەیە، ئەوەیە کە سێ ڕووباری سەرەکی و چڵوپۆکانیان (سیروان، زێی بچووک و زێی گەورە) لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوەن. ئەم پێگە جوگرافییەی ئاویش وای کردووە کە هەرێمەکە لە پێگەیەکی لاوازدا بێت، بەتایبەتی لە سایەی سیاسەتەکانی ئێران و تورکیادا و دان نەنان بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان لە دابەشکردنی ئاودا و ڕەتکردنەوەی پێناسەی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبارە هاوبەشەکان کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە و لە ساڵی 1997 دانراوە([8]). ئەوانەش لەم سێ خاڵەدا کۆ دەبنەوە: یەکەم: قەدەغەکردنی کاریگەریی ئاوە سنووربڕەکان و کۆنترۆڵکردنیان بە شێوەیەک کە زیانی بۆ سەر لایەنەکانی سەر ڕووبارەکان و ژینگە و تەندروستی و سەلامەتی و دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری نەبێت. دووەم: لایەنەکان زامنی بەکارهێنانی ڕێکوپێک و یەکسانی ئاوە سنووربڕەکان بکەن، ئەویش بەپێی خەسڵەتەکانی حەوزە ئاوییەکان و بەرژەوەندیی دانیشتووان. سێیەم: هاوکاری لە ڕێگەی ڕێککەوتن، دەستەی هاوبەش، گۆڕینەوەی زانیاری، لێکتێگەیشتنی بەردەوام، ڕوانگەی هاوبەش و هەڵسەنگاندن. هەردوو وڵاتی دراوسێ (ئێران، تورکیا) نەک تەنها کار بە خاڵەکانی ئەم ڕێککەوتنە ناکەن، بەڵکوو دانیشی پێدا نانێن. لە دانیشتنێکدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی کە وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان حەسەن جەنابی ئامادەی بوو (مانگی ئۆکتۆبەری 2017)، سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان بەئاشکرا بە وەفدەکەی عێراقی وت کە ئەوان دان بە هیچ ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتیدا نانێن لە بارەی ئاوەوە. لەسەر هەمان ڕێچکەی تورکیا، ئێرانیش ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان پشتگوێ دەخات و دانیان پێدا نانێت. لە کۆنگرەیەکدا لەسەر ئاو، کە لە مانگی فێبریوەری (شوبات)ی ساڵی 2018 لە تاران بەسترا، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عیراقچی بەئاشکرا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی ڕێگە لە دەرچوونی ڕووبارەکان دەگرێت و لەناو خاکی ئێراندا “حەپسیان” دەکات. کاریگەریی ئەم سیاسەتەی ئێران و تورکیا کەمتر نییە لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و کەمبوونەوەی ڕێژەی دابارین، چونکە زۆرترین سەرچاوەکانی ئاوی کوردستان لە دەرەوە هەڵدەقوڵن. لە 70%-ی زیاتری سەرچاوەکانی ڕووباری سیروان لە دەرەوەی کوردستانەوەن، هەر چی سەرچاوەکانی ئاوی ڕووباری زێی بچووکە، تەنها لە 20% لە ناوخۆی وڵاتەوە هەڵدەقوڵن و بڕەکەی تر لە چیاکانی مەهاباد و سەردەشتەوە دەچۆڕێن و بەرەو کوردستان شۆڕ دەبنەوە. موحسین حسێن([9]) بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی قەڵادزە، ترسی ئەوە ناشارێتەوە کە ساڵی 2030 كۆتایی تەمەنی زێی بچووک بێت. هەر چی ڕووباری زێی گەورەیە، لەگەڵ ئەوەی لە 62%-ی ڕووبەرە گشتییەکەی لەناو خاکی کوردستان و عێراقدایە، بەڵام بەشی زۆری هەڵقوڵانی ئاوەکەی لەناو کوردستانی باکووری کوردستانەوەیە و تورکیا کۆنترۆڵی دەکات. ئالەنگاری و سیناریۆکان لەگەڵ ئەم نەخشە جوگرافییەی سەرچاوە سەرەکییەکانی ئاوی سەر زەوی لە کوردستاندا، هێشتا زمان و گوتاری سیاسی و ئەکادیمیی فەرمی باس لەوە دەکات کە هەرێم لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕووبەڕووی ئالەنگارییەکان دەبێتەوە، لە کاتێکدا مەترسییەکان ڕیاڵن و بەرۆکیان بە دانیشتووانی کوردستان گرتووە. لە ناوچەکانی کشتوکاڵ، چەم و دۆڵ و ناوچە ئاودارەکان و ڕووبەری سەوزایی و چیاکاندا، بێئاوی بووەتە سیمای وەرزەکان. بەگوێرەی سەردانی مەیدانی و پشکنینی ڕۆژنامەوانیم کە لە هاوینی 2021-دا ئەنجامم داون، لە هەندێ چەمی کوێستانەکانی پشدەردا بێئاوییەکی بێوێنە هەیە، ئەمە جگە لەوەی کە زێی بچووک لەو ناوچەیەدا، لە دەرەنجامی گرتنەوەی لەلایەن ئێرانەوە، لە هاوینی 2021-دا وەک جۆگەلەیەک دیار بوو. نیوەی جووتیارانی چەمی گەورە لە دیوی گەرمیانی چیای زەردە لە باشووری ڕۆژئاوای دەربەندیخان، لەبەر بێئاوی دەستیان لە مەرەزە بەر داوە([10]). لەنزیک گوندی سازان، لە مانگی یۆلیۆ (تەممووز)ی 2021-دا، دیسانەوە بە هۆی سیاسەتی “حەپس”کردنی ئاوەوە لەلایەن ئێرانەوە، سیروان وەک جۆگەلەیەک دەردەکەوێت. هەڵبەتە گرفتی سیروان تەنها لەوەدا نییە کە ئێران لە ڕێگەی بەنداوەوە ڕووبارەکە و چڵەکانی دەخنکێنێت، بەڵکوو ڕێڕەوەکانیان دەگۆڕێت بۆ ناوچەکانی تری ئێران، ئەمەش بۆخۆی ئاکتێکی تاوانکارییە نەک تەنها دژی خەڵکی کوردستان، بەڵکوو دژی کۆی سیستمی ژینگەیی ناوچەکە، چونکە هەر ڕووبارێک بۆ خۆی حەوزێکە و لە ڕووی سروشتییەوە سیستمێکی ژینگەیی تەواوی هەیە. واتە حەپسکردن و گۆڕینی ئاراستەی ئاوی ڕووبارەکە دەبێتە هۆی لەناوبردنی ژیانی سروشتی و هەموو ئەو خەسڵەتانەی حەوزەکە پێک دەهێنن. بەگوێرەی ڕەحمان خانی بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان کە سەرچاوەکەی سیروانە، دەریاچەکە لە ساڵی 2021-دا کەمترین ڕێژەی ئاوی تیا بووە. بەکورتی: هەموو ئەو هۆکارانەی گرێ دراون بە گۆڕانکاریی کەش و دەرەنجامەکانی، کە لە کەمبوونەوەی دابارین و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمادا دەردەکەون، هەروەها سیاسەتی “حەپس”کردنی سەرچاوەکانی ئاو و خنکاندنیان لەلایەن ئێران و تورکیاوە، کوردستان ڕووبەڕووی ئالەنگاریی سەخت دەکەنەوە. جگە لە ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی وزە، سیستمی سروشتیی وڵاتەکەش دەخەنە ژێر مەترسییەوە، بەتایبەتییش سیستمی ژینگەیی و میکرۆئۆرگانیزم([11]). لەپێش ئابووری و سەرچاوەکانی ژیان و خۆراکی خەڵکی کوردستانەوە، ژیانی کێوییانە و کۆی ئیکۆسیستم زیانیان بەر دەکەوێت، ئەمە جگە لەوەی هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر سەقامگیری و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی، چونکە بێئاوی جگە لەوەی دەبێتە هۆکاری لەدەستدانی سەرچاوەی ئابووریی کۆمەڵگە لۆکاڵییەکان، کۆچوڕەویشی لێ دەکەوێتەوە بەرەو سەرچاوەکانی ئاو. دەرەنجامی هەر ڕەوێکی لۆکاڵییش بە هۆی گەرما و نەبوونی ئاوەوە، ململانێی کۆمەڵایەتیی لێ دەکەوێتەوە، بەتایبەتی لە زۆر شوێندا، گەرمیان وەک نموونە، جگە لە وشکانی و بێئاویی سەرزەوی، سەرچاوەکانی ژێرزەمینیش لە کەمبوونەوەیەکی بەردەوامدان و بەشی پێداویستیی ڕۆژانەی لادێنشینەکان ناکەن، ئەمەش هۆکارێک دەبێت بۆ ڕەوکردن بەرەو سەرچاوەکانی ئاو. شارەکانی کوردستان، بەو پێیەی لە گەشەسەندن و فراوانبوونێکی بەردەوامدان، داخوازییان لەسەر وزە و ئاو و خۆراک ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر دەکات، ئەمەش فاکتەرێکی تری پاڵەپەستۆ و دڵەڕاوکێیە لەسەر ئەم دەرامەتە سروشتییە دەگمەنە کە کێشی ژیان و بوونی هەیە، بەڵام بە هەرزانترین بەها لەناو دەبرێت و مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. بە پشتبەستن بەو پێشبینییە زانستییانەی لە سەرەتای ئەم نووسینەدا باس کران، کوردستان بە پلەی یەکەم لەبەردەم سیناریۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی دابارین و بەرزتربوونەوەی پلەی گەرمادایە. بۆ ئەوەی باسکردن لە هەر سیناریۆیەک بەشێک نەبێت لە مەزەندە و خەمڵاندن، لێرەدا پشت بەو سیناریۆیە دەبەستم کە پلاتفۆرمی حکومی-نێودەڵەتی لەسەر هەمەچەشنی و خزمەتگوزارییەکانی ئیکۆسیستم (IPBES([12])) دایناوە و پێی وایە لە حاڵەتی گەیشتنی پلەی گەرمای گشتی بە 1.5 لە ساڵی 2050دا، گۆی زەمین لە 8%-ی ڕووەکەکان لەدەست دەدات، لە 6%-ی مێرووەکان و هەروەها لە 4%-ی ئاژەڵە بڕبڕەدارەکان لەناو دەچن. وەرز و تەوژمی گەرماش وەک لە تابلۆی یەکەمدا خراونەتە ڕوو، دەبنە فاکتێکی دووبارەبووەوە. ئەم سیناریۆیە وا دانراوە کە پلەی گەرما لەسەرووی ئەوەوە نەبێت کە دانراوە. لە هەموو بارێکیشدا گەیشتن بەو پلەیە وەک فاکتێکی لێ هاتووە، چونکە مرۆڤایەتی ئەوەندە گازی گەرمکەرەوەی خستووەتە ئاسمانەوە، دوای سێ دەیە گەرمای زەوی بگەیەنێتە پلە و نیوێک، تەنانەت گەر لەم ساتەوە دەردانی کاربۆن و گازە گەرمکەرەوەکانی تر بگەنە سفر. بەو پێیەی کوردستان لەسەر جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقا و لەژێر کاریگەریی کەشی حەوزی سپیی ناوەڕاستدایە، پلەی گەرما لەوە بەرزتر دەبێت کە لە سیناریۆکەدا هاتووە، کەمبارانییش لە ئێستاوە بووەتە بەشێک لە ناسنامەی کەشی ناوچەکە، کەواتە دەکرێ کەمێک لەو سیناریۆیە دوورتر بڕوانین و بیر لەوە بکەینەوە کە لەبریی هەر وەرزێکی قاتوقڕیی ئاو لە هەر 10 ساڵێکدا، ڕووبەڕووی دوو وەرزی قاتوقڕی دەبینەوە. بەڵام ئەی چی بکەین و چۆن ڕووبەڕووی کەمئاوی ببینەوە؟ ڕاسپاردەکان ئێمە لە کوردستاندا هاوینێکی گەرم و وشکمان بەڕێ کرد، خەڵک هەموو چاوەڕوانی وەرزی دابارینن، توێژینەوەکان لەسەر کەشی ناوچە و کاریگەربوونی بە شێوەیەکی دیار و ڕاستەوخۆ بە دەرەنجامی گۆڕانی کەش، هەروەها ئاماژەکانی کەشوهەواش وا دەردەخەن کە ئەگەری ئەوە هەیە زستانی ئەمساڵیش زۆر جیاواز نەبێت لەوەی پێشوو، ئەی چی بکەین؟ هەموو لایەکمان دەزانین باسی گرفتەکان بکەین، بەڵام ئەوەی گرنگە، پلانی کەمکردنەوەی زیان و لێکەوتەکانە نەک تەنها دووبارەکردنەوەی وێنەکانی وشکەساڵی. زۆربەی پێشنیار و ڕاسپاردەکانی تایبەت بە ژینگە و ئاو لە ناوەندە ئەکادیمی و زانستییەکاندا، ئاراستەی حکومەت و دەزگاکانی دەکرێن، بەڵام لەبەر ئەوەی حکومەتیش، بەبێ پلانێکی دوورمەودا، هەر لە چاوەڕوانیی وەرزی داباریندایە و هیچ ستراتیژێکی دوورمەودای نییە، باشترە ڕاسپاردەکان بۆ خەڵک بن و چۆن یارمەتی بدرێت بگەڕێتەوە بۆ چارەسەری وەها لە وەرزی گەرمی داهاتوودا لە پێناو گەڕان بەدوای سەرچاوەکانی ئاودا، تووشی زیان و ڕەوی بەکۆمەڵ نەبێت. یەکەم: لەبەر ئەوەی وشکەساڵی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، ئاوی بەنداوەکانیش دەگەیەننە ئاستی نەداری و هەژاری، باشترە لە ئاستی لۆکاڵی و سنووری نیشتەجێبوونیاندا دانیشتووان دەست بکەن بە دروستکردنی گۆماوی ژێرزەوی، واتە سەرگیراو، ئەوەش لە پێناو گلدانەوەی بڕێک لەو دابارینەی لە زستاندا هەیە. ئەم میکانیزمە سادەیە دەبێتە هۆی دروستکرنی عەمباری ئاو بۆ ئاودێری و ئاژەڵ و کاروباری ڕۆژانە لە هاویندا. دووەم: سکگوشین و دەستپێوەگرتن لە بەکارهێنانی ئاودا لە ئاستی ماڵانەوە بگرە تا دەگاتە ئاودێری و کاری ڕۆژانە و پیشەسازی. سێیەم: بۆ وەرزێکیش بێت، پێویست دەکات ئەو جۆرە بەروبوومە کشتوکاڵییانە بوەستێنرێن کە پێوستیان بە ڕێژەیەکی زۆری ئاوە و پەنا ببرێتە بەر ئەو بەروبوومانەی کەمترین ئاویان پێویستە. چوارەم: دروستکردنی گۆماوی ئاو لەناو دۆڵ و چیا و دەشتەکاندا بۆ زامنکردنی مانەوەی ئاژەڵە کێوییەکانی کوردستان، بەڵام ئەمەیان پێویستی بە توندوتۆڵکردنی یاسای دارستان و چاککردن و پاراستنی ژینگە هەیە لە “بکوژانی ئاژەڵە کێوییەکان”، چونکە وەرزی تینووێتی لغاوی ڕاوی نایاسایی و تاوان دژی سیستمی سروشتی زیاد دەکات. پێنجەم: دیاریکردنی ڕێژەی ئاوی ڕۆژانە بۆ هەر تاکێک، وەک چۆن ساڵی 2018 شاری کیپ تاون لە باشووری ئەفەریقا پیادەی کرد و توانیی ئیدارەی تینووێتییەکی بێوێنە لە وڵاتەکەدا بکات، چونکە لەو ساڵەدا بە هۆی دانەبارینەوە، بۆ چەند وەرزێک عەمبارەکانی ئاو گەیشتنە ئاستی مەترسیدار لە کەمیدا. شەشەم: پەلەکردن لە جێبەجێکردنی ئەو بەنداوە لۆکاڵییانەی لە قۆناغی کۆتاییدان و دەستیان لێ هەڵگیراوە. بۆ نموونە: بەنداوی خۆرنەوەزان لە سنووری گەرمیان بۆ چەند ساڵێکە لە قۆناغی کۆتاییدا ڕاگیراوە. ئەم بەنداوە و بە گلدانەوەی ئەو بڕە دابارینەی هەیە، بەشێکی زۆری گرفتەکانی دانیشتووانی ناوچەکە چارەسەر دەکات. حەوتەم: لابردن و نەهێشتنی هەموو ئەو کار و بزنسانەی ئاو بۆ مەبەستی “خۆشگوزەرانی” بەکار دەهێنن، وەک شوێنی شتن و پاککردنەوەی ئۆتۆمبێل و مەلوانگە… هتد. هەشتەم: پەیڕەوکردنی یاسایەکی توندوتۆڵ لەبەرامبەر بەفیڕۆدانی ئاودا لە شارەکاندا، وەک دانانی واتەر پەمب بۆ تانکیی سەربانەکان، قەدەغەکردنی بەکارهێنانی ئاوی پاک بۆ پاککردنەوەی جادە و بەر ماڵان، هەروەها لە دوکان و ڕیستۆرانت و قاوەخانە و شوێنە گشتییەکانیشدا. نۆیەم: بەدڵۆپەکردنی ئاودێری بۆ کشتوکاڵ و باخچە و هەموو بوارەکانی ئاودان. دەیەم: سەپاندنی مەرج بەسەر شوێنە گشتییەکانی وەک کۆمپانیا و باخی کەسی و تایبەتدا، هەروەها شوێنەکانی خواپەرستی لە بەکارهێنانی ئاودا و دۆزینەوەی چارەسەری خۆبەخۆیی بۆ ئیدارەکردنی ئەو بڕە ئاوەی وەریدەگرن، هەروەها دانانی مەرجی توندوتۆڵ لە هەڵکردنی بیردا. بەبێ ئەم ڕێکارانە کە بەشێکی زۆریان پەیوەستن بە سیاسەتی حکومەتەوە و بەشێکیان بە سەلیقە و ڕەفتاری ڕۆژانەی هاوڵاتیانەوە لە بەکارهێنانی ئاودا، هیچ شتێکی تر دادمان نادات. دەبێت لەمڕۆوە بکەوینە خۆمان و هاوینی داهاتوو پەشیمانی دەرنەبڕین. لەوانەیە دابارینی چەند ڕۆژێک سەرجەم ئەم قسانە لەبیری خەڵک بباتەوە، بەڵام واقیعی بێئاوی، تەنانەت ئەگەر وەرزێکی تەڕیشمان هەبێت، پێمان دەڵێت پێویستمان بە هەر دڵۆپە ئاوێکە بەفیڕۆ دەدرێت. ئەگەر ئەو خاڵانەی سەرەوە بۆ چارەسەری کاتی بن، ئەوا لە ئاستی دوورمەودادا، بە پلەی یەکەم کوردستان پێویستی بەوەیە ڕۆڵی زانکۆ و سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوە لەم بارەیەوە کارا بکات. ئەنجامدانی پلانی دوورمەودا لە ڕووبەڕووبوونەوەی کەمئاویدا، لەگەڵ ئەوەی پەیوەستە بە بڕیاری سیاسییەوە، بە پلەی یەکەم کاری زانایان و پسپۆڕانی بواری زانستە سروشتییەکان و ئاوە، بە شێوەیەکی دیاریکراویش لە بواری گلدانەوەی ئاودا (Water Harvesting). تا ئەمڕۆ سیاسەتی بنیادنانی بەنداو لە کوردستاندا بە شێوازی کۆن و باو جێبەجێ دەکرێت، لە کاتێکدا خێرایی گۆڕانکارییەکانی کەش بەردەوام بۆچوون و ئانالیزەکان دەگۆڕن و میکانیزم و میتۆدی تر دەهێننە کایەوە. بە کورتییەکەی: کوردستان پێویستی بە پلانێکی هەشتا ساڵەیی (تا کۆتایی سەدە) هەیە، کە لە توانایدا هەبێت مانەوەی خەڵک و وڵات بپارێزێت. سەرچاوەكان (1) لەم نووسینەدا کەش لەبەرامبەر “Climate”دا بەکار دەهێنرێت، ئاوهەواش لەبەرامبەر “Weather”دا. گۆڕانکارییەکان لە کەشی هەرێمێکدا یان لە جیهاندا بەگشتی، لە ڕۆژێک، مانگێک، وەرزێک و دوو وەرزدا دەرناکەون، بەڵکوو دەیەیەک یان زیاتریان دەوێت بۆ ئەوەی هەستیان پێ بکرێت. بۆ نموونە؛ ڕێژەی دابارین و بەفر لە کوردستاندا پێش 40 ساڵ، جیاوازییەکی زۆری هەبووە لەگەڵ ئەو ڕێژەیەی ئێستا هەیە. ئەمە دەرەنجامی گۆڕانکارییەکانی کەشە. لەبەرامبەردا گۆڕانکارییەکانی ئاوهەوا (الطقس) کورتخایەنن و لۆکاڵین، بۆ نموونە ئەمڕۆ زنجیرەچیاکانی قەرەداغ دابارین بەخۆوە دەبینێت، بەڵام ڕۆژی دواتر ساماڵ و هەتاوە، ئەمەیان گۆڕانکارییە لە ئاوهەوادا نەک کەش. (2) Journal of Geophysical research: Atmospheres, March 4, 2016, https://agupubs.onlinelibrary.wiley.com/doi/full/10.1002/2015JD023929 (3) Chandler, David L. (17/6/2020), “Why the Mediterranean is a climate change hotspot”, https://news.mit.edu/2020/why-mediterranean-climate-change-hotspot-0617. (4) خالد سلیمان (28/7/2020)، ” البحر الأبيض المتوسط يشتعل: انخفاض حاد في الأمطار”، https://daraj.com/50999/. (5) Rannard, Georgina (9/11/2021), “COP26: World headed for 2.4C warming despite climate summit – report”, https://www.bbc.com/news/science-environment-59220687. (6) Frédéric Durand, Climat, une conférence à la recherche du temps perdu, LE MONDE diplomatique, Novembre 2021. (7) گرافیكی ژمارە (2) لەلایەن بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان؛ “ڕەحمان خانی”یەوە دروست کراوە. (8) لجنة الأمم المتحدة الاقتصادية لأوروبا: اتفاقية حماية واستخدام المجاري المائية العابرة للحدود والبحيرات الدولية. اتفاقية المياه: الاستجابة للتحديات العالمية للمياه، https://unece.org/sites/default/files/2021-07/ECE_MP_WAT_52_Arabic_WEB.pdf (9) بختیار قادر (5/7/2021)، “مخاوف من اختفاء الزاب الصغير في 2030″، https://www.rudaw.net/arabic/kurdistan/050720216. (10) ژمارەی ئەو خێزانانەی کە دانیشتووی گوندی چرچەقەڵان و لە چەمی گەورە کشتوکاڵ و کاری مەرەزە دەکەن؛ نزیکەی 20 خێزانە، ئەمساڵ لەبەر بێئاوی ژمارەکە کەم بووەوە بۆ کەمتر لە 10 خێزان. (11) سیستمی میکرۆئۆرگانیزم لەو بوونەوەرانە پێک دێت کە بە چاوی ئاسایی نابینرێن، بەڵام ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە بەردەوامبوونی ژیانی سروشتی و بەرهەمهێنانی خۆراک و بەشێکی دانەبڕاوەیە لە کۆی سیستمی ژینگەیی. (12) Intergovernmental Platform on Biodiversity & Ecosystem Services.
راپۆرت: درەو ئیمارات خەریكە شوێنی توركیا دەگرێتەوە، لەدوای دەستبەكاربوونییەوە لە پۆستی سەرۆكی حكومەت، مەسرور بارزانی یەكجار سەردانی توركیای كردووە، بەڵام دووجار چوەتە ئیمارات، لەم سەردانانەدا مەسرور بارزانی كەسی لە تیمی یەكێتیو گۆڕان لەگەڵ خۆی نەبردووە، پارتیو یەكێتی دەیانەوێت سەرمایەگوزاری خۆیان بگوازنەوە بۆ (دوبەی)، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. ئارین لەبری یەكێتیو گۆڕان مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەسەردانێكی یەك رۆژە چووە ئیماراتی عەرەبیو گەڕایەوە، هیچ یەكێك لە وەزیرەكانی یەكێتیو گۆڕانی لەگەڵ خۆی نەبرد، لەم گەشتەدا (ئارین)ی كوڕی هاوەڵێتی دەكرد. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، تیمی یەكێتیو گۆڕان تەنانەت قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانیش ئاگاداری سەردانەكەی مەسرور بارزانی بۆ ئیماراتی عەرەبی نەبوون، وا دەردەكەوێت سەردانەكەی سەرۆك وەزیران سەردانێكی خێزانی بوبێت، بەتایبەتیش كە ئیماراتی عەرەبی سیستمێكی خێزانییەو لەلایەن چەند بنەماڵەكەیەوە بەڕێوەدەبرێت. پەیوەندی نێوان بنەماڵەی بارزانیو بنەماڵەی فەرمانڕەوای ئەبوزەبی نوێ نییە، مەسرور بارزانی دوای دەستبەكاربوونی لە پۆستی سەرۆك وەزیران لە رۆژی 10ی تەموزی 2019دا، یەكەم سەردانی دەرەوەی بۆ توركیا بوو، سەردانی دووەمی بۆ ئیماراتی عەرەبی بوو. 1ی كانونی دووەمی 2019 مەسرور بارزانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمدا سەردانی ئەبوزەبی پایتەختی ئیماراتیان كرد بۆ بینینی پێشبڕكێی ئۆتۆمبیبلی "فۆرمێلا وەن"، لەوێ بەرپرسانی باڵای ئیماراتو محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیەیان بینی. سەردانكردنی ئیمارات بەمەبەستی بینینی پێشبڕكێی "فۆرمێلا وەن"و لەپاڵ ئەمەشدا سازدانی دیداری سیاسی، لە مەسعود بارزانییەوە بۆ نەوەكانی ماوەتەوە، بارزانی ئەوكاتەی سەرۆكی هەرێم بوو، ساڵانە سەردانی ئیماراتی دەكرد بۆ بینینی "فۆرمێلا وەن"، دواین سەردانی بارزانی بۆ ئیماراتی عەرەبی لە رۆژی 23/11/2018دا بوو. حوكمی خێزانیی لە ئیماراتەوە بۆ هەرێم ئیماراتی عەرەبی سیستمێكی فیدراڵی سەرۆكایەتی خێزانییە، لە حەوت ئیمارەت پێكدێت (ئەبو زەبی، دوبەی، شارقە، عەجمان، ئوم قەیوین، رەئس خەیمە، فوجێرە)، هەر ئیمارەتێك لەلایەن بنەماڵەیەكەوە بەڕێوەدەبرێت، سەرۆكی ئەم ئیمارەتانە هەموویان ئەندامن لە ئەنجومەنێكدا بەناوی (ئەنجومەنی فیدراڵ)، لەم ئەنجومەنەدا سەرۆكی وڵاتو سەرۆك وەزیران هەڵدەبژێردێت، تائێستا نەریت وابووە حاكمی ئەبوزەبی پایتەخت سەرۆكی وڵاتو حاكمی شاری (دوبەی) سەرۆك وەزیران بێت، ئەبوزەبی كە لەلایەن بنەماڵەی (ئال نەهەیان)ەوە بەڕێوەدەبرێت، (دوبەی) لەلایەن بنەماڵەی (ئال مەكتوم)، واتە سیستمێكی بنەماڵەیی رێكخراوە. هەرێمی كوردستان هەرێمێكی فیدراڵە لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا، تائێستا دەستوری نییە، سیستمی حوكمڕانییەكەی هێشتا دیار نییە، لەماوەی 12 ساڵی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانیدا، جارێك سەرۆك لەناو پەرلەمانو جاری دووەم سەرۆك راستەوخۆ لەناو خەڵكەوە هەڵبژێردرا، واتە روون نەبوو ئایا سیستمی حوكمڕانی هەرێم سەرۆكایەتییە یان پەرلەمانی یاخود تێكەڵ، بارزانی ئۆكتۆبەری 2017 دەستی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم كێشایەوە، نێچیرڤان بارزانی برازای شوێنی گرتەوە، نێچیرڤان بارزانی كە ئێستا سەرۆكی هەرێمە، لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردراوە. هاوشێوەی ئیمارات، هەرێمی كوردستان لەلایەن بنەماڵە سیاسییەكانەوە بەڕێوەدەبرێت، ئەم سیستمە بنەماڵەییە بەپێچەوانەی ئیماراتەوە رێك نەخراوە، لەروخساردا پەرلەمانی كوردستان دەسەڵاتی باڵایە، بەڵام لە واقیدا دوو بنەماڵە (بارزانیو تاڵەبانی) جڵەوی حوكمڕانییان بەدەستەوەیە، سلێمانیو هەڵەبجەو ئیدارەكانی راپەڕینو گەرمیان لەژێر كۆنترۆڵی تاڵەبانییەكاندایە، هەولێری پایتەختو دهۆكو ئیدارەكانی سۆرانو زاخۆ لەژێر كۆنترۆڵی بارزانییەكاندایە. بەپێچەوانەی بنەماڵە فەرمانڕەواكانی ئیماراتەوە، لەنێوان دوو بنەماڵە فەرمانڕەواكەی هەرێمدا ئێستا هیچ رێككەوتنێك بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی هەرێم بوونی نییە، سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی لەساڵی (1994)، هەرێمی كوردستانی دابەشكرد بەسەر دوو حكومەتدا (حكومەتی یەكێتیو حكومەتی پارتی)، دوای روخانی رژێمی سەددامو دروستبوونی گۆڕانكاری لەناوچەكە، دواجار تاڵەبانیو بارزانی بەناچاریی لە ساڵی 2005دا رێككەوتنێكیان كرد بۆ دروستكردنی حكومەتی یەكگرتووی كوردستان، ئەم رێككەوتنە ناوی لێنرابوو "رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتیو یەكێتی"، بەپێی ئەم رێككەوتن تاڵەبانیو بارزانی پۆستە باڵاكانی هەرێمی كوردستانو عێراقیان لەنێوان خۆیاندا دابەشكرد، بارزانی پۆستی سەرۆكی هەرێمی بردو تاڵەبانیش پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كە پشكی كورد بوو، لەدوای مردنی جەلال تاڵەبانی لە 2017دا، رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتیو یەكێتی لاواز بوو، ئێستا ئەو رێككەوتنە بەتەواوەتی هەڵوەشاوەتەوە، پارتی پۆستی سەرۆكی هەرێمو سەرۆكی حكومەتی هەرێمی بەدەستەوەیەو كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماریش پێشكەش كردووەو دەیەوێت ئەو پۆستەش لە یەكێتی وەربگرێتەوە. هەرێمو ئیمارات لەڕووی ئابورییەوە ئێستا ئیماراتی عەرەبی، لەدوای توركیاو ئێرانو چینەوە، بە چوارەمین هاوبەشی بازرگانی هەرێمی كوردستان ئەژمار دەكرێت، قەبارەی بازرگانی هەرێم لەگەڵ ئیمارات ساڵانە (یەك ملیار) دۆلارە، (120) كۆمپانیای ئیماراتی لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن، قەبارەی سەرمایەگوزاری ئەم كۆمپانیایانە ساڵانە دەگاتە (3 ملیار) دۆلار. یەكێك لە دیارترین كۆمپانیا ئیماراتییەكان كە لە هەرێمی كوردستاندا كاردەكات كۆمپانیای (دانەغاز)ە كە لە كێڵگە نەوتیو غازییەكانی هەرێمدا كاردەكات، ئەم كۆمپانیا ئیماراتییە لە ساڵانی رابردوودا دوو سكاڵای یاسایی لە حكومەتی هەرێم بردەوەو حكومەتی خستە ژێر قەرزەوە. بەگوێرەی داتاكانی وەزارەتی ئابوری ئیمارات، لە ساڵی 2019دا قەبارەی بازرگانی ئیمارات لەگەڵ عێراق بەگشتی گەیشتوەتە زیاتر لە 15 ملیار دۆلار لە ساڵێكدا. ساڵی رابردوو ئیماراتییەكانی بەڵێنیان دا بە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بڕی (3 ملیار) دۆلاری تر بۆ وەبەرهێنانی خۆیان لە عێراق زیاد بكەن. ئەمساڵانەی دوایی ئیماراتی عەرەبی بووە بە روخسارێكی نوێی بزنس بۆ سەرمایەدارو سیاسییە دەستڕۆیشتووەكانی هەرێمی كوردستان، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، بەر لە رووداوەكانی 8ی تەموزی ناوخۆیی یەكێتی، ئیدارەی گشتی یەكێتی لە هەوڵی ئەوەدابووە، فڕۆكەخانەی سلێمانی رادەستی چەند كۆمپانیایەكی ئیماراتی بكاتو گرێبەستی لەمبارەیەوە واژۆ كردووە، لە پاڵ ئەمەدا، زانیارییە نافەرمییەكان باسلەوە دەكەن، بۆ ماوەیەك، بەشێك لە پارەی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان چوەتە ناو یەكێك لە بانكەكانی شاری (دوبەی) ئیمارات. بەم دواییە رۆژنامەی (زە ئەمریكان پرۆسپێكت)ی ئەمریكی لە راپۆرتێكیدا باسی لەوە كرد لە تۆماری خانووبەرەدا لە دووبەی دەركەوتووە كە بنەماڵەی بارزانی لە كۆمەڵگەی بورجی (خەلیفە)و دوورگەی (نەخلە)دا موڵكو ماڵی گرانبەهایان هەیە. ئێستا (دوبەی) بۆ زۆرێك لە بەرپرسانی باڵای حزبیو حكومی هەرێمی كوردستان شوێنی پایتەختەكانی ئەمریكاو ئەوروپای گرتوەتەوە، سەرباری ئەوەی سەروەتو سامانی خۆیان لەوێ دەخەنەگەڕ، ساڵانەو لە پشووەكاندا بۆ كاتبەسەربردن روو لە دوبەی دەكەن. سەرسامی بەرپرسانی هەرێم بە گەشەكردنی دوبەی لەڕووی بیناسازیو ئابورییەوە، وایكرد هەولێر وەكو (دوبەی) عێراق ناوزەد بكرێت، بەڵام هەرگیز هەولێر نەبوو بە (دوبەی)، ئەمساڵ بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە هەولێر ئاو بردی. هەرێمو ئیمارات لەڕووی سیاسییەوە ئیماراتی عەرەبی بەمدواییە وەكو یەكەمین وڵاتی عەرەبی، بەشێوەیەكی ئاشكراو لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی كردەوە. بەهۆی ئەم رێككەوتنەوە، ئێستا ئیمارات بووە بە یەكێك لە وڵاتە بەهێزەكانی ناوچەكە كە لەلایەك دەیەوێت سنوری بۆ هەژمونی ئێران دابنێتو لەلایەكی ترەوە شەڕی توركیا دەكات، لەدوای رووخانی رژێمی سەددامەوە لە 2003دا، ئیماراتییەكان بەردەوام رۆڵیان لەناو عێراقدا هەبووە، بەمدواییە ئیماراتییەكان رۆڵی یەكلاكەرەوەیان هەبوو لە یەكخستنی ماڵی سوننەكانی عێراقو یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، بارزانی ئێستا لەسەر ئەم خەتە گەمەی سیاسی دەكات، بارزانی لەگەڵ سوننەكاندا چوەتە ناو رێككەوتن لەگەڵ سەدرییەكان، ئەم رێككەوتنە ئێرانییەكانی توڕەو ماڵی شیعەكانیشی پەرتكردووە. رۆژی 10ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، لەم هەڵبژاردنەدا لایەنە شیعە دۆستەكانی ئێران دۆڕان، ئەم لایەنانە یەكسەر پەنجەی تۆمەتبار بۆ ئیماراتی عەرەبی راكێشاو تۆمەتباریان كرد بەوەی دەستی هەبووە لە ساختەكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەكەدا لەرێگەی تەكنەلۆژییەوە، ئێستا عێراق لەناو كاردانەوەكانی ئەم هەڵبژاردنەدا دەژیو دیارنییە داهاتووی سیاسی عێراق بەرەو كوێ دەڕوات.
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت) ترس دۆخێكی زۆر تایبەتی دروستكراوی سروشت و مرۆڤە. مۆدێرنە بە پەیمانێكی گەورەوە هاتە ناو مێژووی مرۆڤایەتییەوە، پەیمانی رزگاركردنی عەقڵی ڕاگەیاند لە مەترسییەكانی دین و خورافەت و زاڵبوون بەسەر سروشت و پاراستنی ئینسان لە كارەسات و مەترسییە سروشتییەكان. پەیمانی مۆدێرنە سەروەركردنی زانست و نەهێشتنی مەترسییەكانی نەخۆشیی و دۆزینەوەی چارەسەر بوو بۆ پەتا كوشندەكان. مۆدێرنە واتە دۆزینەوەی ئەنتیبیۆتیكا بۆ نەخۆشییە مەترسییدارەكان لەبری خواردنەوەی ئاوی نوشتە و زیكر و دوعا. لەدوای ئەزموونی سەدان ساڵەی دەسەڵاتدارێتیی ئایین و کەنیسەوە کە ترس لە سزای ئەم دونیا و ئەو دونیا سەرچاوەی پاراستنی دەسەڵات بوو و شەخسی پاپاش نوێنەری ڕاستەوخۆی خودا بوو لەسەر زەوی، دەوڵەتی مۆدێرن سەرهەڵدەدات. دەوڵەتی مۆدێرنیش کە لەسەر بناغەی پەیمانی کۆمەڵایەتیی دادەمەزرێت، هەم مرۆڤی لە زۆر مەترسیی پاراست و هەم چەندین مەترسیی نوێشی بۆ بەرهەمهێنا. دەوڵەتی تۆتالیتاری لەسەدەی بیستەمدا باڵاترین ئاستی دروستکردنی ترس و جەور بوو بۆ ئینسان. هۆلۆکۆست و کۆمەڵکوژییش ماشێنی گۆڕینی زانست و عەقڵ و بیرۆکراسییەت بوو بۆ خزمەتی ئایدیۆلۆژیا وەحشەتگەرەکان لە نموونەی فاشیزم و نازیزم و بەعسیزم. لە مۆدێلی دەسەڵاتدارێتییە ستەمگەرەکاندا ترس بەناوەکیی دەکرێت و دەبێت بە دۆخێکی ئاسایی کە مرۆڤ تیایدا هێندەی لە ناوەوەی خۆی دەترسێت، ئەوەندە لە دەرەوەی خۆی ناترسێت. لە سەدەی دەسەڵاتدارێتییە تۆتالیتارییەکاندا ترس دەبێت بە دۆخێک کە مرۆڤ سانسۆری ناوەکیی خۆی دەکات و رێگەبەخۆی نادات، تەنانەت بەنهێنیش لەناوەوەی خۆیدا جیاواز لە حیزب و سەرۆک و دەوڵەت، بیربکاتەوە. دەوڵەتی سۆسیالیستییش نموونەی ئەزموونی دەسەڵاتدارێتییەک بوو کە هەروەکو چۆن لە ئاستی ئابوورییدا نەوتی بەخۆماڵییکرد، ئاوهاش لە ئاستی کۆمەڵایەتییدا ترسی بەخۆماڵییکرد. واتە ترس لە دەوڵەتی سۆسیالیستیی یان کۆمۆنیستییدا بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر کۆمەڵگادا دابەشکرا، ئەم یەکسانییە بەهایەکی دادپەروەرانەی نییە، بەڵکو بەهایەکی ماتماتیکیی هەیە، واتە بڕ و هێزی ئەو ترسە بەسەر کۆی تاک و گروپەکانی کۆمەڵگادا دابەشکرابوو. کۆمەڵگا لەم جۆرە سیستەمانەدا بەسەر دوژمن و دۆستدا دابەشدەکرێت. ئەوانەی دۆستن و بەشێکن لە راگرتنی سیستەمەکە ترسی هیچیان نییە، ئەوانەی دوژمنیشن دەبێت بەردەوام لە ترسدا بژین، چونکە شوێنێک نییە خۆیانی تێدا حەشاربدەن و ژیانی خۆیان بپارێزن. چ لە دەوڵەتە سۆسیالیستییەکان و چ لە دەوڵەتی بەعسیشدا ترس بەپلەی یەکەم رەهەندێکی سیاسیی هەبوو، نەک کۆمەڵایەتیی، چونکە لەم سیستەمەدا هەموو خزمەتگوزارییەکانی وەک تەندروستیی و پەروەردە و فێرکردن و خانوو و کار، بەشێوەیەکی گشتیی فەراهەمکرابوون، تاکە مەترسییەک کە مرۆڤ هەیبوو ژیانی بکەوێتە بەر هەڕەشەوە، ترسی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی بوو. جۆری ترسەکان کە دەبوونە مەترسیی بۆ سەر ژیان، بریتیی بوون لە بیرکردنەوەی جیاواز و دونیابینییەکی جیاواز لەو دونیابینییەی کە دەسەڵات دیکتاتۆرییەتی پێ دروستکردووە. ترس لە سیستەمی سەرمایەداریی و بەتایبەت دوای داڕمانی سیستەمی سۆسیالیستیی، ترسێکە بە قسەی سیگمۆند باومان شلدەبێتەوە و دابەشدەبێت. لە ئێستادا ترس وەک کۆمپانیایەک بەپرایڤت و بەتایبەتدەکرێت، سەرمایەیەکە و دەوڵەت و کۆمپانیا ئەهلییەکان سەرمایەگوزاریی تێدا دەکەن. بە بۆچوونی باومان لەم سەردەمەماندا تاک خۆی بەپرس دەبێت لە پاراستنی زیاتر و توندوتوڵکردنی ژیان و ماڵی خۆی. لەپاڵ خزمەتگوزاریی گشتیی دەوڵەتیی کە بۆ پاراستنی مرۆڤ و کۆمەڵگا تەرخانکراوە، چەندین سێکتەر و هەلی تر دروستبوون کە مرۆڤ دەتوانێت لێیان سودمەند بێت بۆئەوەی ژیانی پارێزراوبێت و مەترسییەکانی کەمتر ببنەوە. بۆ نموونە لەبری ڕاگرتنی سەگ کە کولتوورێکی کۆمەڵایەتیی تەقلیدیی خۆپاراستنە لە مەترسیی و هەڕەشەی دەرەکیی، ئێستا خانووی تایبەت و دەرگا و پەنجەرەی تایبەت، دانانی سیستەمی چاودێریی کامێرا و تەنانەت تیشکی سەرووی وەنەوشەیی هەیە، هەموو ئەمانە تادەگات بە کرێگرتنی خزمەتگوزاریی دەزگای سێکیوریتی تایبەتەکان بۆ پارەداران و هەبووان، بەشێکن لە خزمەتگوزاریی پاراستن و ڕەواندنەوەی مەترسیی. باومان باس لە مەترسییەکانی سروشت ناکات کە مەترسییگەلێکن لەدەرەوەی ئیرادە و خواستی ئێمەدان، بەڵکو باس لە شکستی مۆدێرنە دەکات لە نەتوانینی پاراستنی مرۆڤ لە هەڕەشەی سروشت. لەمڕۆشدا دەتوانین باس لە پەتای کۆرۆنا بکەین کە فەشەلی مۆدێرنە لە پاراستنی مرۆڤ، جارێکی تر دەخاتە بەر ئەزموون و تاقیکردنەوەیەکی نوێوە. باومان باس لە رەهەندێکی مەترسییدار دەکات کە دەسەڵات چ لە فۆرمە تۆتالیتارییەکەی و چ لە فۆرمە سەرمایەدارییەکەی دەتوانێت بەشێوەیەکی وەحشەتگەرا خۆی نماییشبکات. ئەو نموونەی ساڵی ٢٠٠٥ی ئەمریکا دەهێنێتەوە کە چۆن تۆفانی کاترینا، باشووری ئەمریکای وێرانکرد و لەدوتوێیەوە بەهێزترین دەوڵەتی جیهان و گەورەترین دیموکراسییەتی ئەم سەردەمەمان ڕووە تاریکەکەی خۆی نماییشکرد. فەشەلی ئەمریکا لە پاراستنی هاونیشتیمانیان و خراپی ئیدارەدانی ئەو کارەساتەدا بوو. دوای ئەوەی دۆخێکی فەوزا و لەدەستدەرچوو دروستبوو، دەوڵەت جەبەروتی خۆی نارد، بۆئەوەی نیزام بگەڕێنێتەوە دۆخی جارانی خۆی. ئەم نیزامەش بەڕای باومان ناردنی گاردی نیشتیمانی بوو بە فرمانی کوشتنەوە، بەبێ جیاوازیی بۆ هەموو ئەوانەی نیزام تێکدەدەن. ئەمەش مانای جیاوازیینەکردنە لە نێوان کەسێکدا کە کەرەسەی تەلەفیزیۆنێک دەدزێت و کەسێکیش کە لە برسانا خواردن دەدزێت. واتە دەوڵەت پێشئەوەی بڕوات ئەوانە بنێژێت کە لەبرسانا مردوون و جێگەوڕێگاش بۆئەوانە دابینبکات کە ئاوارە و دەربەدەرن، فەرمانی تەقەکردن و کوشتنی دەرکرد. بەم چەشنە بۆ دەوڵەتی سەرمایەدارییش وەک هەر دەوڵەتێکی تر، ترس لە فەوزا و نەمانی دەسەڵات گەورەترە لە ترسی مردنی هاونیشتیمانیان و شکستی دەوڵەتی مۆدێرن لە پاراستنیان. پرسیارەکە بۆ کۆمەڵگای کوردیی ئەوەیە: ترس چ خەسڵەت و ڕۆڵێک لەناو ستراتیژی دەسەڵاتدا دەگێڕێت؟ ئایا دەسەڵاتی کوردیی چۆن سەرمایەگوزاریی لە ترسدا دەکات؟ ماویەتی
رانانی: بارام سوبحی مام جەلال پێش نەخۆش كەوتنی زۆر بێتاقەت بوو لە مەســعود بارزانی، بە ئاشكراش قسەی دەكرد كە زۆر بێزارە لە هەڵسوكەوتی بارزانی، ئەمە وتەی ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە. هەروەها دەڵێت: كاك مەسعودو پارتەكەی هیچ خوشحاڵنین بە گەڕانەوەی كەركوك بۆ سەر هەرێمی كوردستانو ئێستاش پشتگیری ڕاكان جبوری دەكەن.. پارتی لەپێناوی مانەوەی حیزبەكەی بەردەوام لەلایەن وڵاتانی داگیركەرەوە ئاراستە دەكرێت. مستەفا چاڵاوی جێگری سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، لەكتێبی بیرەوەرییەكانیدا كە لەم رۆژانەدا بڵاوكرایەوە، دەنووسێت: تاكو ڕۆژی ڕوخانی سەدام حوسێن، پارتیو سەدام پەیوەندی زۆر بەهێزیان هەبوو، زۆربەی كاتەكان عودەیو قوسەی دەچوونە هەولێرو دەمانەوە.. لە خەباتی شاخەوە جاشو مستەشارەكان دۆستی پارتی بوون. لەبارەی ریفراندۆمیشەوە دەڵێت: پاراستنو حكومەتی توركیا فێڵیان لە بارزانی كرد. هەروەها دەڵێت: ئەگەر هێزی لایەنەكانی تر نەچوایە بە هانای هەولێرەوە، داعش هەولێریشی دەگرت. كتێبی (كڵپەیەك لە كۆمیتەی ئاگرەوە: چلو حەوت ساڵ بێ دابڕان)، بیرەوەرییەكانی مستەفا چاڵاوی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە كە لە دووتوێی (240) لاپەڕەدا بڵاوكراوەتەوە، لە كتێبەكەیدا باس لە سەرەتای پەیوەندی خۆی بە یەكێتیو سەردەمی شاخو راپەڕینو قۆناغی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەتا ئێستا دەكات. حەفتاو پێنج ملیۆنەكەی بنەماڵەی بارزانی مستەفا محەمەد عەبدوڵا ئەحمەد (مستەفا چاڵاوی)، دەنووسێت: لە ساڵی (1978) مام جەلال نامەی بۆ (حەمایلەخانو ئیدریسو ماڵی بارزانی) نارد كە بەیەكەوە شۆڕش دەست پێبكەنەوە، ئەو چەكانەی یەكێتیش بە تەمابوو بیهێنێت نیوەی بدات بە پارتی چونكە واڕێكەوتبوون، یەكێتی چەك پەیدابكاتو بنەماڵەی بارزانیش ئەو حەفتاو پێنج ملیۆن دینارەی لە ئاشبەتاڵ بردبوویانە ئێران بەو پارەیە پێداویستی شۆڕش پڕبكرێتەوە، بەڵام بنەماڵەی بارزانی ئەو بڕە پارەیەیان نەگێڕایەوەو لای خۆیان هێشتیانەوەو بۆ خۆیان بەكاریان هێنا. لە درێژەی باسەكەیدا، دەنوسێت: دوای ساڵی (1976) كە شۆڕش دروستبووەوە ئەوان لەلایەن ئێرانەوە چەكدار كرابوون بۆ لێدانی بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلی كورد كە یەكێتی نیشتیمانیو هەڤاڵی بەڕێز مام جەلال رابەرایەتی دەكرد. هەر لە رۆژی دروستبوونەوەی شۆڕش لە كوردستان، ئەوان هەمیشە پلانو بەرنامەیان داناوە بۆ لێدانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان. بۆ بەڵگاندنی قسەكانیشی، دەڵێت: تاكو ڕۆژی ڕوخانی سەدام حوسێن پارتی و سەدام پەیوەندی زۆر بەهێزیان هەبوو. زۆربەی كاتەكان عودەیو قوسەی دەچوونە هەولێر و دەمانەوە. پارتی لە مێژووی دروستبوونیەوە ئەوەی گرنگ بووە بەلایەوە مانەوەی پارتی و بنەماڵەكەیان بووە، كورد وەسیلەی مانەوەیان بووە. هەمیشە لەهەر شوێنێ خەباتی ڕزگاریخوازی كورد سەریهەڵدابێت، بۆ لەناوبردنو سەركوتكردنی جوڵانەوەكانی پارچەكانی تری كوردستان، پارتی ئامادەبووە هاوكاری داگیركەرانی كوردستان بكات. پارتی هیچ كات ڕازی نەبووە لە پارچەیەكی كوردستان شۆڕش هەبێت بە ئێستاشەوە. هەڵوەشانەوەی كۆمەڵەی رەنجدەران لاوازبوونی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە حەلكردنی كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستانەوە دەست پێدەكات، چاڵاوی بەم جۆرە باس لە گرنگی كۆمەڵە دەكات. ئەو كە سەرەتای خەباتی بە پەیوەندیكردنی بە كۆمەڵەوە دەستپێكردوە، دەڵێت: كۆمەڵە ڕێكخراوی چەپ بوو خاوەن فیكرو فەلسەفەی خۆی بوو، زۆر جیاواز بوو لە فیكرو دنیابینی لایەنەكانی تری ناو یەكێتی. ئەگەر یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی لێ جیابكرایەتەوە شتێكی زۆر بچوك دەمایەوە. دەربارەی ململانێی نێوان باڵەكانی یەكێتی، دەڵێت: باڵەكانی تری یەكێتی تەكەتولی شەخسی بوون بۆ بەرژەوەندی برادەرانی سەرەوە بوو، بۆ خزمەتكردنی خۆیانۆ وێرانكردنی یەكێتی بوو، (چونكە) ململانێی كۆمەڵە لەگەڵ باڵەكانی تری یەكێتی ململانێی فیكری بوو نەك تەكەتولاتی شەخسی. (تەنانەت) هەموو داهێنانەكانی شۆڕش لەسەر دەستی سەركردەو فەرماندەكانی كۆمەڵە بووە. ناوبراو كاتێك دێتە سەر باسی هەڵوەشانەوەی كۆمەڵە، دەنوسێت: لاوازبوونی یەكێتی لە حەلكردنی كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستانەوە دەستپێدەكات، بۆیە ئێستا خەڵك بە جیاواز لە پارتی سەیرمان ناكات. كۆمەڵە حەل نەكرایا قەت ئەم هەموو ناعەدالەتیەیەی ناو یەكێتی قبوڵ نەدەكرا، تاكو كۆمەڵە هەبوو یەكێتی حزبی خوێندەوارو خەڵك بوو، هەموو حزبە سیاسیەكان حسابیان بۆ كادری كۆمەڵە دەكرد. لەڕووی فیكریو سیاسیەوە كۆمەڵە نوێنەری خەڵكی هەژارو ئەو خانووە قوڕانە بوو كە هەمووجار مام جەلال دەیوت دەبێت بگەڕێینەوە بۆ خانووە قوڕەكان. مام جەلال خۆشی باشیو گرنگی كۆمەڵەی دەزانی. لەو ڕۆژەی كۆمەڵە وەكو فیكرو ڕێباز نەما كەسێتی كادریش شێوێنرا. بەرێوەبردن كەوتە دەست ئەو هەڤاڵانەی كە ڕۆژانە لەباتی پەروەردەكردنی كادر فێری ماستاوكردنیان دەكردن، بۆ ئەوەی پارچەیەك زەوی پێبدەن یان پۆستێكی پێبدەن.. هیچ كات دابەشــكردنی پۆستو پلە لەسەر لێهاتووییو خەباتو دڵسۆزی حساب نەدەكرا. بەرەی كوردستانیو راپەڕینو یەكەم هەڵبژاردن نووسەر كاتێك دێتە سەر باسی دروستكردنی بەرەی كوردستانی، دەڵێت: پێموایە بەرەی كوردستانیو هێنانەوەی بەرەی كوردستانیش كە پارتی ئامادەیە بێتە ناویەوە، لەژێر فشاری كۆماری ئیسلامی ئێران بوو... بەداخەوە پارتی زۆرجار جڵەوی لەلای خۆی نییە، لەپێناوی مانەوەی حیزبەكەی بەردەوام لەلایەن وڵاتانی داگیركەرەوە ئاراستە دەكرێت. سەبارەت بە ئەنجامدانی راپەڕین-یش دەڵێت: دەبوو بە هیچ شێوەیەك داوا لە پارتی نەكرایە ئامادەكاری بكەن بۆ راپەڕینی ساڵی (1991). ئەوان ئەو كاتەی هەڤاڵی بەڕێز مام جەلال داوای لە سەركردایەتی یەكێتیو هێزی پێشمەرگە كرد خۆیان ئامادەبكەن بۆ راپەڕینو چوونە ناو شارەكان، دەیانووت: یەكێتی خەوی دیوە راپەڕین دەبێت لە كوردستان. ئەوكاتەش بڕوایان بە خەباتو تێكۆشان نەبوو لە كوردستان. لەبارەی یەكەم هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان لەرۆژی (19/5/1992)، چاڵاوی دەڵێت: بە بڕوای من هەڵبژاردن لە كوردستان كرا یەكەم هەڵەبوو یەكێتی كردی، هەڵەیەكە تاكو ئێستا خەڵك پێوەی دەناڵێنێت. چونكە لەكاتێكدا چوە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە كە بەرامبەرەكەی پارتی بوو، بەهیچ شێوەیەك بڕوای بە هەڵبژاردن نەدەكرد كە پاك بێتو بێ غەش نەبوو، هەر لە سەرەتاوە بیریان لەوە كردبویەوە كە چۆن دەنگی خەڵكی بە تەزویر بەدەست بهێنن. ئەو لە گێڕانەوەی بیرەوەرییەكانی رۆژانی هەڵبژاردندا، دەنووسێت: هەر كە دەستكرا بە هەرای هەڵبژادن ئیتر كڕینی خەڵك دەستی پێكرد. لە سنوری ئێمە ئەو كات كاك مەسعود هەر ماڵەی پەنجا دیناری بۆ كردنە زەرفەوەو بە دیاری بۆی ناردن، بۆ ئەوەی دەنگی خەڵكی پێ بكڕێت لە هەڵبژاردندا (واتە دەتوانم بڵێم یەكەم هێز كە مرۆڤی ئێمەی والێكرد دەنگی بفرۆشێتو لەو رێگەیەوە لە مەبدەئی كوردایەتیو نیشتیمانی درا، پارتی بوو). چونكە بەو دەنگ كڕینە مەبدەئی نیشتیمانی نەماو حیزب هاتە سەرەوە كە توانیشی پێی سەربكەوێت. ئەو كاتە كەس تەزویری نەدەزانی ئەوان كردیان. ناوبراو كە لەو كاتەدا لە سنوری چەمچەماڵ بووە، دەڵێت: بە بیرم رۆژی هەڵبژاردن كە (19/5/1992) بوو، نیوەڕۆكەی ئێمە زانیمان پارتیەكان چۆن مرەكەبی پەنجەیان دەسڕنەوەو دەستیانكردوە بە تەزویركردن، واتە نیوەی رۆژ تەواوببوو پارتی هەڵبژاردنی خۆی بە تەزویر یەكلایی كردبوویەوە، سەرەڕای پارە دابەشكردنو ئەو هەموو ئەو جاشو كۆنە مستەشارو خۆفرۆشانەی كە دەنگیان بەوان دەدا. لە خەباتی شاخەوە جاشو مستەشارەكان دۆستی پارتی بوون، جاری واهەبوو جاشەكانو مستەشارەكان پارتیەكانیان لەلا جاشترو مستەشارتر بوو بۆ بەعسو بەپێچەوانەشەوە خۆیان بە پارتی دادەنا، واتە لەمێژەوە هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ پارتی نەبوو... بۆ مێژوو دەیڵێم لە سنوری كەركوك – گەرمیاندا بەتایبەت هیچ جاشو خۆفرۆشێك كێشەی لەگەڵ پارتی نەبوو، بەڵكو هەر زۆر پەیوەندییەكی باشیان هەبوو. هەموو مەفرەزە خاسەكان خۆیان بە پارتی دەزانیو بە ئاشكراش خۆیان ئەوەیان دەوت. چاڵاوی لە باسكردنی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمدا، دەڵێت: دەبوو یەك هێز حكومڕانی بكردایە تاكو چەند دەیەیەك، تاوەكو كۆمەڵگا دابەشی ئەم حزبیبونە نەبێ، فرە حزبی هەرچەندە داهێنانی یەكێتیە، بەڵام بۆ قۆناغی دوای ڕاپەڕین نەدەبوو چەند حزبێ لە حكومەتدا بن. حكومەتی فرەیی نەك لە كوردستان لە هەموو دنیا لاوازترین حكومەتە، توانای پێشــكەوتنی نیە، بەس بەناو جوانە نەك بە كردار. مام جەلالو پارتی سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتیو پارتی، چاڵاوی دەڵێت: ئێمە زۆرجار لەگەڵ مام جەلال كە قسەمان دەكرد بۆچی ئەوەندە تەنازول بۆ پارتیو مەسعود بارزانی دەكات؟ دەیوت: ئێوە نایانناسن، ئەوان باكیان بەم هەرێمە نیە. لەپێناوی خۆیان ئامادەن ئەم هەرێمە لەناوبەرن. ئەگەر ئێوەش دەتانەوێ ئەم هەرێمە لەناوبچێت ئەوە لەگەڵ پارتی تێكیبدەن، بەڵام من ئەوەم ناوێ. هەرێمەكەو دەســتكەوتەكەی بۆ من لە یەكێتی گرنگترە. یەكێتی لاوازیش بێ، لەناو ناچێت، بەڵام هەرێمەكە لەناوبچێت بۆ هەشتا ساڵی تر كورد ئەم دەستكەوتەی لە دەست دەچێت، بۆیە من هەرچی پێویست بكات بۆ پارێزگاری لەم هەرێمە دەیكەم، چونكە بوونی كوردی پێوە بەندە. خۆشتان دەزانن كەم فیداكاری نەكراوە بۆ دروستكردنی هەرێمەكە. پاشان چاڵاوی دەڵێت: بەڕاستی ئێمە زۆرمان پێناخۆش بوو كە پارتی لەپێناو سەرۆكو حزبەكەیان هەموو شتێكیان دەكرد، وڵات نەماوە لە ناوچەكەدا بۆ پارێزگاری لە خۆیان نەیهێننە سەر ئەم هەرێمە. لە درێژەی گێڕانەوەكانیدا، چاڵاوی دەڵێت: پێش نەخۆش كەوتنی، مام جەلال زۆر بێتاقەت بوو لە مەســعود بارزانی. بە ئاشكراش قسەی دەكرد كە زۆر بێزارە لە هەڵسوكەوتی بارزانی، هەم لەسەر هەرێمو هەم لەسەر بەغداد، بۆ پەیوەندیەكان لەگەڵ عێراق، هەندێ لە هەڵسوكەوتی بارزانی پێچەوانەی سیاسەتی مام جەلال بوو... بە ئاشكرا لەسەر عێراقو شــیعەكان ڕای زۆر جیاوازیان هەبوو، مام جەلال دەیزانی هەرچیەك بكەن بارزانی بۆ خۆییو حزبەكەی هەر زیاتری دەوێ، كاك نەوشیروانیش ئەو ڕاستیەی دەزانی. جیابوونەوەی گۆڕانو رێككەوتنی دەباشان یەكێك لە رووداوە دیارەكانی دە ساڵی رابردوو دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕانە، چونكە دامەزرێنەرو بەشێكی زۆری سەركردەكانی لە هەناوی یەكتێیەوە هاتنەدەر. چاڵاوی لەوبارەیەوە دەڵێت: ئەو كادرو تێكۆشەرانەی لە ناو یەكێتی نیشتیمانی ببوون بە گۆڕان، بەشێكیان لە داخی نادادپەروەری ناو یەكێتیو لادانی یەكێتی لە مەبادیئەكانی یەكێتی بوو، بەشێكی تریان پێیانوابوو یەكێتی دەڕواتو گۆڕان دەبێتە شوێنگرەوەی یەكێتی، بۆیە گۆڕانیان پێ باش بوو تاكو لە كاتی ڕووخانی یەكێتی ئەوان جێگایان بۆ خۆیان گرتبێتو شوێنیان بۆ خۆیان ئامادەكردبێت لەناو گۆڕان. لەدوای جیابوونەوەی گۆڕان، یەكێك لەو رووداوانەی زۆر باس دەكرێت، رێككەوتنی دەباشانە لەنێوان مام جەلالو نەوشیروان مستەفادا، چاڵاوی لەوبارەیەوە دەڵێت: لەناو یەكێتی بەشێك لە دەسەڵاتداری ناو یەكێتی بە كاك مەلا بەختیاریشــەوە زۆر دژی ڕێكەوتنەكە بوون، بۆیە ئەوانەی ناو یەكێتی كە زۆر لە پارتی نزیكبوون بە دڵی پارتی دژی ڕێكەوتنەكە بوون، چونكە پارتیش هەر لەسەرەتاوە دژی ڕێكەتنەكەبوو، بەوەی دەزانی ڕێكەوتنەكە دەبێتە هۆی ڕێكەوتنی ترو ڕەنگە یەكگرتنەوەش ڕووبدات. ئەوكات ژمارەی كورسیەكانی یەكێتیو گۆران زۆر لەوەی ئەو زیاتر دەبوو، ڕەنگە ببوایەتە هۆی ئەوەی بەرەیەك دروست بێت كە هەندێ لە حیزبەكانی تریش بچنە ناو ئەو بەرەیە، چونكە دۆخەكە وا دەخوازێت. بۆیە پاش ماوەیەك ئەوانەی ناو یەكێتی بە ئاشكرا دژی ئەو ڕێكەوتنەبوون كاریان دەكرد بۆ تێكدانی. لەگێڕانەوەی ئەو قۆناغەدا، درێژە بە باسەكەی دەداتو دەڵێت: ئەوانەی كە لە دژی چاكسازی بوون، هەر ئەوان بوون دژی رێكەوتنەكەبوون.. هەر ئەوان بوون وایان دەكرد مام جەلال لەگەڵ نەوشیروان ڕێكنەبێ. هەر ئەوانیش بوون لە كۆنگرە وایانكرد مام هەندێ قسە لەسەر نەوشیروان بكات. ئەوە بوو دوای كۆنگرە، گوێی لێیان نەگرت و قسەكانی چاككردەوە. زۆر لەو برادەرانە وایان لە مام جەلال گەیاندبوو كە گۆڕان سێ كورسی دێنێت نەك (25)، ئەوانەش زۆر هەوڵیاندەدا یەكێتی بەو شێوەیە بێت كە پارتی وای دەخوازێ هەرواشیان لێكرد. لە دوای نەخۆشكەوتنی مام جەلالەوە كۆبونەوەكانی مەكتەب سیاسیی ئێمە هەموو نهێنیەكانی لای پارتی بوو، لەگەڵ تەواوبوونی كۆبونەوەكەدا وەك ئەوە وابوو پارتی سەرپەرشتی كۆبوونەوەكان بكات. ئێستاكە چەند كەسێكمان هەن ئەو كات ئەندامی مەكتەب سیاسیی بوون، ئێستا لای پارتی مستەشارن بۆ كاروباری میوانداری، پاش ئەوەی بەو دەسەڵاتەی هەیانبوو لەناو یەكێتی بوون بە بازرگان. ریفراندۆمو كەركوك لەبارەی ریفراندۆمی (25/ئەیلول/2017)، چاڵاوی دەڵێت: كەس نازانێ داهاتی ئەم هەرێمە چەندەو چۆن سەرف دەكرێت، تەنها پارتیو توركیا دەزانن، چونكە هەردوولا ڕێكەوتوون بۆ ئەوەی نەوتی هەرێم بفرۆشن. بەبڕوای من پاراستنو حكومەتی توركیا فێڵیان لە بارزانی كردوە، چونكە توركیا قەت قبوڵ ناكات لەم هەرێمە ئەو هەموو دەسەڵاتە سەربەخۆیە هەبێت. بۆیە هانی بەرزانیان دا ڕیفرانۆم بكات، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی هەرێم بچوكبكەنەوەو پێی بڵێن كورد نابێت ئەم هەموو سەربەخۆییەی هەبێ، چونكە هەموو هاوڵاتیەكی كوردستان ئەوەی قەت سیاسەتی نەكردبوو دەیزانی ئەگەر ئەمریكاو ئەوروپا پشتگیریمان نەكەن، هەموو ئەو وڵاتانەی كوردیان تیایە یان بڵێن كوردستانیان داگیركردووە ڕازی نابن نەك لەوەی هەیە زیاتری هەبێت بەڵكو ئەوەی هەشیەتی لەناوی دەبەن، ئەی چۆن بارزانی نەیزانی وایلێدێت! دەربارەی رووداوی شازدەی ئۆكتۆبەر كە پارتی بە "خیانەت" ناوی دەبات، چاڵاوی دەڵێت: ســوپای عێراق ئەو ســوپایەی كە بارزانی دەستی هەبوو لە دروستكردنیدا، چەندین جار ناڵێت سەر بە حزبەكەی خۆیان سەرۆكی ئەو عەمەلیە بوون بۆ گرتنەوەی كەركوك، بەڵام بۆ شاردنەوەی ئەو هەڵە گەورەیەی لە ڕیفراندۆم كرا، باسی خیانەتو خیانەتكاری دەكەن. سەبارەت بە دۆخی ئێستای كەركوكیش دەڵێت: پارتی پێی باش بوو عەرەب پارێزگاری كەركوك بێ نەك ئەندامی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بۆ ئەوەی یەكێتی كەركوك لەدەست بدات، هەرچەندە لەدوای نەمانی هێزی كورد لە كەركوك بە بەرچاوی كاك مەسعودو پارتیەوە ڕۆژانە عەرەبی هاوردە دێتەوە كەركوك بەنوسراوی ڕاكان، بەڵام ئێستاش پشتگیری ڕاكان دەكەن نەك یەكێتی. ئەو لەبارەی پرسی كەركوكەوە دەڵێت: ئەوەی بەكێشەی خۆی دەزانی لە هەرێمی كوردستان لە حزبەكان تەنها یەكێتیو مام جەلال بووە. كاك مەسعودو پارتەكەی هیچ خوشحاڵ نین بە گەڕانەوەی كەركوك بۆ سەر هەرێمی كوردستان، چونكە مێژوو ئەو ڕاستیەی سەلماندووە لەوكاتەی بەرژەوەندییەكانی پارتیو بارزانی دەكەوێتە مەترسیەوە، ئەوان پارتیان لەلا گرنگتر بووە لە كوردو كەركوك. لەبەرئەوەی باڵانسی هێز لە كوردستان نەگۆڕێ كە ئەوان نفوزیان لە كەركوك زۆر كەمەو كەركوك زۆربەی یەكێتییە، هەرگیز نایانەوێ كەركوك بێتەوە سەر هەرێم بۆ ئەوەی باڵانسی هێز نەگوڕێ. بۆ نمونە كاتێك كتۆر نەجمەدین پارێزگاری كەركوك بوو لەسەر لیستی یەكێتیو ژێر بە ژێر لەگەڵ پارتی بوو، كە ئاشكرا بوو یەكێتی ویستی سزای بدات، لەسەر گەندەڵیەكانی حكومەتی عێراق مەلەفی دزیەكانی دەركرد، د.نەجمەدین ڕایكردوو چووە هەولێر كە خۆشی ئەندامی مەكتەب سیاسی یەكێتی بوو نەهاتەوە سنوری یەكێتی، پاشان لەلایەن یەكێتی قبوڵ نەكرا وەكو پارێزگاری كەركوك بمێنێتەوە. داعشو ئایندەی كوردستان لەبارەی پەلامارەكانی داعشەوە، چاڵاوی دەڵێت: پارتی پێیانوابوو كە داعش پەیوەندی نیە بەسەر ئەوانەوە. تا ئەو كاتەی پەلاماری شەنگالیانداو شەنگال لەلایەن داعشەوە گیراو هێزەكانیان بەرەو هەولێر هەڵهاتن، ئەو كارەساتە ڕوویدا، ئینجا پارتیو بارزانی تێگەیشتن كە داعش درۆی لەگەڵیان كردوە. ئەو هەموو هێزەی پارتی لە شەنگال بەشێوەیەك شكا تاكو دهۆكو هەولێر نەوەستانەوەو ئەو كارەساتە بەسەر كوردی ئێزدی هات لە شەنگال، كە لە مێژووی مرۆڤایەتی كەم وێنە بوو. دەیان هەزار لە هێزی چەكداری پارتی لەو سنورە بوون نەیانتوانی بۆ یەك سەعاتیش بەرگری لە خەڵكی شەنگال بكەن، تاكو لە دەستی تیرۆرستانی داعش ڕزگاریان بێت، ئەگەر هێزی لایەنەكانی تر نەچوایە بە هانای هەولێرەوە، هەولێریش دەگیرا. (هەرچەندە) هەندێك سەرچاوە باس لەوە دەكەن ژمارەی ئەو داعشانەی پەلاماری شەنگالیان داوە كەمتر لە سەد كەس بوون، لەكاتێكدا دە بۆ پازدە هەزار چەكداری پارتی لەو سنورە بوون بەهێزی بەرزانیشەوە. لەكۆبەندی باسەكانیداو لە رونكردنەوەی تێڕوانینی بۆ ئایندەی پرۆسەی سیاسی كوردستان، سەركردەكەی یەكێتی دەڵێت: ئەگەر هێزێك بیەوێت لە ڕێگای خەباتی سیاسیو پەرلەمانی لە كوردستان گۆڕانكاری بكات ئەوە لەهەڵەدا دەژین، ئەوەی ئێستاكە لە كوردستان حكومڕانی دەكات خەباتی پەرلەمانیو دەسەڵات لە دەست ئەودایە. ئێستا چلو پێنج كورسی پەرلەمانی هەبێت، لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەچێتە پەنجا كورسی، لەبەرئەوەی بە دەست خۆیەتی چەند كورسی هەبێ، چونكە هەر چەندی بوێت بە تەزویر بەدەستی دێنێت. ئەگەر بە ئازادی هەڵبژاردن بكرایە ئەو (45) كورسیە هەر (25) كورسی دەنگی ڕاستەقینەی خۆیەتیو بیست كوردسی تەزویرە. هەرچی كردبێت بۆی چۆتە سەر، هەرچەندە پەرلەمان هیچ دەسەڵاتێكی نیە، هەر ڕۆژێك پارتی بە چاكی بزانێ دایدەخاتو سەرۆكەكەشی دەردەكات وەكو لە ڕابردوودا كردیان.
درەو: مەسعود بارزانی پەیام بۆ سەڵاحەدین بەهادین و شاسوار عەبدولواحید و عەلی باپیر دەنێرێت و داوایان لێدەكات بێلایەن بن، بافڵ تاڵەبانیش داوای لێیانكردووە دەنگ بە بەرهەم ساڵح بدەن. (درەو) زانیویەتی لە دوو رۆژی رابردوودا مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامی بۆ هەریەك لە سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو، شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی دادگەری ناردووە، كە پێی راگەیاندوون پێویستە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراقدا بێلایەن بن، بەڵام لە دانیشتنی پەرلەماندا پێویستە بچنە ژوورەوەو نیسابی یاسایی تەواو بكەن. بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی پەیامی بۆ نەوەی نوێ و یەكگرتوو و كۆمەڵ ناردووەو داوای لێكردوون دەنگ بە كاندیدی یەكێتی (بەرهەم ساڵح) بدەن.
درەو: هەر هاوڵاتیەكی عێراق و هەرێمی كوردستان داهاتی رۆژانەی (1.9) دۆلار كەمتر بێت، دەچێتە خانەی ئەوانەی کە لەخوار هێڵی هەژارییەوە ژیان بەسەر دەبەن، لەسەر ئاستی خێزانیش ھەر خێزانێك داهاتی رۆژانەی (9.5) دۆلار كەمتر بێت، لە خوار هێڵی هەژارییەوەیە. لەبارەی ھێڵی ھەژارییەوە رێژەی هەژاریی لەسەر بنەمای داهاتی تاک و خێزان دیاری دەكرێت، نەك خەرجی رۆژانەیان. بڵابونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، رێژەی هەژاری لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەرزكردووەتەوە، لە عێراق رێژەی هەژاری لە (20%)ەوە بۆ سەرو (30%) بەرزبووەتەوە، لە هەرێمی كوردستانیش لە (5%)ەوە بۆ نزیكەی (13%)ە بەرزكردووەتەوە. بەپێی ئەو ستانداردەی كە لە عێراق دیاریكراوە، کەمترین ئاستی داھات کە بۆ ھەر تاکێک لە رۆژێکدا بڕی (1.9) دۆلار واتا (2 هەزارو 800 دینار) دینارە، ئەم بڕە پارە مانگانە دەكاتە (57) دۆلار واتا (84) هەزار دینار. کەمترین بڕی داھات لەسەر ئاستی خێزان لە عێراق، رۆژانە بە بڕی (9.5) دۆلارە کە دەکاتە (14 هەزارو 60) دینار، ئەم بڕە پارە مانگانە دەکاتە (285) دۆلار واتا (421 هەزار) دینار. پێشتر حكومەتی عێراق (105) هەزار دیناری دیاریكردبوو وەکو کەمترین ئاست داھاتی مانگانە بۆ هەر تاكێك، ساڵی 2014 نسار روبێعی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق وتی" هەر هاووڵاتییەك داهاتی مانگانەی (105 هەزار) دینار بێ، ئەوا لە ژێر هێڵی هەژاری دایە".كە سەرچاوەكانی داهات (موچە، كرێی كاركردن، سودی بانكی، كرێی هەبوو....) کۆرۆناو ھەژاریی بڵابونەوەی پەتای کۆرۆنا رێژەی هەژاریی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان بەرزكردووەوە، بە وتەی خالید بەتال وەزیری پلاندانانی عێراق ساڵی 2021: 🔹 رێژەی هەژاریی لە عێراق بۆ ٣١٫٧٪ بەرزبوەتەوە،ساڵی ٢٠١٨ ئەم رێژەیە ٢٠٪ بووە. 🔹 ژمارەی هەژاران لە عێراق بەرزبوەتەوە بۆ (١١ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار) كەس، بەر لە قەیرانی كۆرۆنا ژمارەی هەژاران نزیكەی (١٠ ملیۆن) كەس بووە. 🔹 رێژەی هەژاریی لەنێو منداڵانی خوارو تەمەن ١٨ ساڵ لەدوای قەیرانی كۆرۆناوە گەیشتوەتە ٣٨٪. هەژاری لە هەرێم: بەپێی ئامارە نافەرمیەكان، رێژەی هەژاری لە هەرێمی كوردستان بۆ (13%) نزیك بووەتەوە بەتایبەتی ئامارەكە لەدوای هاتنی كۆرۆناوە زۆر زیادی كردووە، ژمارەی دانیشتوانی هەرێم بەپێی ئاماری دەستەی ئاماری هەرێم (6 ملیۆن و 270هەزار) كەسە، بەوپێیەش ژمارەی ئەوانەی هەرێمی كوردستان هەژارن (815هەزار) كەسە بەرێژەی (13%). ئۆفیسی هاوكاریی پەنابەرێتی ئەوروپی (EASO ) لە راپۆرتێكیدا تایبەت بە دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان كە لە 2020 بڵاویكردەوە، دەڵێت: 🔹 رێژەی هەژاری لە هەرێمی كوردستان (12.5% بۆ 13%)ە. بەڵام بەوتەی عەبدولزەهرە هندوای وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق: 🔹 رێژەی هەژاری لە هەرێمی كوردستان (12.5% بۆ 13%)ە. سیروان محەممەد سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێم رایگەیاند، هەر بەپێی دواین رووپێویی لە ساڵی 2018، رێژەی هەژارییان دەرهێناوە بە ستانداردی بانكی نێودەوڵەتی كە لە ( 5.45% )بووە. بەپێی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان، رێژەی بێكاری لە ساڵی 2019دا (9%) بووە و بەهۆی كۆرۆناوە لە لە ساڵی 2020 بۆ (12%-13%) بەرزبووەتەوە. رێژەی هەژاری لە پارێزگاكانی عێراق بە پێی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە 2020دا: رێژەی هەژاری لە پارێزگاكانی هەرێم: هەولێر: 6.7% سلێمانی: 4.5% دهۆك: 8.5% پارێزگاكانی عێراق: موسەنا:52% دیوانیە:48% میسان:45% زیقار: 44% بەسرە:16% واست:19% نەجەف: 12.5% كەربەلا:12% بابل: 11% بەغداد:10% دیالە: 22.5% ئەنبار:17% سەڵاحەدین: 18% نەینەوا: 37.7% كەركوك: 7.6% رێژەی هەژاری لەو وڵاتانەی كە جەنگ و ململانێی تیایە بۆ 2021: سوریا: 90% غەزە:85% یەمەن/ 78% سودان: 77% سوماڵ: 73% لوبنان: 55% لیبیا:45% عێراق:30%
درەو: پارتی و یەكێتی لە ئاستی باڵا بۆ پرسی سەرۆك كۆمار پەیوەندی بە نەوەی نوێوە دەكەن، ئێرانیەكان داوا دەكەن نەوەی نوێ دەنگ بە بەرهەم ساڵح بدەن، هاوپەیمانی (لە پێناو خەڵك) هێشتا بڕیاری كۆتایی نەداوە. جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەگەڵ ئیمتیداد و بەشێك لە سەربەخۆكان هاوپەیمانێتیەكیان پێكهێنا بەناوی هاوپەیمانێتی (لەپێناو خەڵك) سەرۆكی هاوپەیمانێتیەكە (شاسوار عەبدولواحید)ە، ژمارەی كورسیەكانیان وەك خۆیان رایانگەیاندووە (28) كورسیە لە پەرلەمانی عێراقداو، كاندیدی خۆیان هەیە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كە (رێبوار ئەورەحمان) پەرلەمانتاری نەوەی نوێیە، ئەو هاوپەیمانێتیە بۆ جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیش كاندیدەكەیان (34) دەنگی بەدەستهێنا. ئەندامێكی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ كە نەیویست ناوی بهێندرێت بە (درەو)ی راگەیاند: لەسەر ئاستی باڵا یەكێتی و پارتی پەیوەندیان بە نەوەی نوێوە كردووە، هەریەكەیان داوایان كردووە هاوپەیمانی لە پێناو خەڵك دەنگ بە كاندیدەكەیان بدات، لەسەر ئاستی ئیقلیمیش ئێرانیەكان و ئەمریكیەكان بەرەسمی سەردانی نەوەی نوێیان كردووە، ئێرانیەكان داوایان لە نەوەی نوێ كردووە، كاندیدەكەیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بكشێننەوەو دەنگ بە كاندیدی یەكێتی بدەن كە (بەرهەم ساڵح)ە، بەڵام هاوپەیمانی لە پێناو خەڵك هێشتا بڕیاری كۆتایی نەداوە، كە چی دەكەن و هەڵوێستیان چی دەبێت، لەچەند رۆژی داهاتوودا بڕیاری كۆتایی دەدەن. ئەندامەكەی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ ئەوەشی وت: لە گەڕی دووەمدا یەكێتی و پارتی پێویستیان بە دەنگی پەرلەمانتارانی هاوپەیمانی لە پێناو خەڵك دەبێت، جیا لەوەش هاوپەیمانی لە پێناو خەڵك دەتوانێت نیسابی كۆبونەوەكە تەواو بكات یاخود نیساب بشكێنێت، بەو پێیەی نیسابی پێویست بە گەڕی یەكەمی دەنگدان بۆ سەرۆك كۆمار پێویستی بە ٢٢٠ پەرلەمانتار هەیە، هاوپەیمانێتیەكەی (سەدر و حەلبوسی و پارتی) و هەموو ئەوانەی لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەشدار بوون لە دانیشتنی یەكەم، ٢٢٨ پەرلەمانتار بوون، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار پێویستی بە (220) ئەندام هەیە، ئەگەر هاوپەیمانی لە پێناو خەڵك نەچێتە ژوورەوە نیساب تەواو نابێت. رۆژی 8ی مانگی داهاتوو دوایین وادەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق، پارتی دیموكراتی كوردستان كە هاوپەیمانێتی لەگەڵ (سەدرو حەلبوسی) كردووە كاندیدێكیان هەیە (هۆشیار زێباری)، نزیكەی (180) دەنگیان هەیە، كاندیدەكەیان بۆ جێگری سەرۆكی پەرلەمان (180) دەنگی بەدەستهێناوە. یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە بە فەرمی (بەرهەم ساڵح)یان كاندید كردووە، دەنگی پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هەماهەنگی مسۆگەر كردووە، هەریەك لە ئێران و ئەمریكاش پشتیوانی لە بەرهەم ساڵح دەكەن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق. بەپێی نەخشەی ناو پەرلەمانی عێراق، لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق كە پێویستی بە دەنگی (دوولەسەر سێ)ی ئەندامان هەیە واتا (220) ئەندام هیچ یەكێك لە كاندیدەكان ناتوانێت ئەو دەنگە بەدەستبهێنێت و دەكەوێتە گەڕی دووەم كە بە دەنگی زۆرینەی سادە سەرۆك كۆمار هەڵدەبژرێدرێت.
راپۆرت: درەو "پێم وت هەموو رێگایەكی رەواو ناڕەوا دەگرینە بەر بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە" بافڵ تاڵەبانی بەمشێوەیە باسی لە گفتوگۆی خۆیو مەسعود بارزانی كردووە لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە،لەلایەن ئەندانمانی سەركردایەتیەوە بە چەپڵە رێزان پێشوازی لە قسەكانی بافڵ تاڵەبانی كرا، كۆبونەوەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆبونەوەیەكی دژە پارتیانە بوو، راگەیەندراوی كۆبونەوەكەش بەتوندی هێرشی كردە سەر پارتی، بەڵام هێشتا پارتی وەڵامی نەداوەتەوە، لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا باسی چی كرا ؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. تێكچوونی یەكڕیزیی ! دوای هەشت مانگ لە رووداوەكانی (8)ی تەموزو دورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی لە ریزەكانی یەكێتی، ئەمڕۆ بۆ یەكەمجار ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆبووەوە. ئەم كۆبونەوەیە بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بوو، تێیدا بە تێكڕا سەرلەنوێ (بەرهەم ساڵح) بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كرایەوە. ئەمڕۆ رۆژی راگەیاندنی تێكچوونی ئەو یەكڕیزییە بوو، كە لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقدا یارتیو یەكێتی بانگەشەیان بۆ دەكرد، ئەم دوو هێزە دەسەڵاتدارە نەك نەیانتوانی هێزە كوردییەكانی تر لە دەوری خۆیان كۆبكەنەوە، خۆشیان نەیانتوانی بە یەكڕیزی بچنە بەغداد، رەنگە ئەمە سەرەتای كۆتایی چیرۆكی یەكڕیزی كورد بێت لە بەغداد. لە كۆبونەوەكەدا چی وترا ؟ بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی باسی لە هەوڵەكانی خۆی كردووە سەبارەت بە یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار لەگەڵ پارتیدا. بافڵ تاڵەبانی وتویەتی:" داوام لە مەسعود بارزانی كردووە پارتیو یەكێتی پێكەوە بچینە بەغدادو یەك كاندیدیان هەبێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، پێموت ئامادەم بەرهەم ساڵح بهێنمە لات چی تێبینیەكت هەیە لەسەری، چی رێنماییو رەخنەو قسەیەكت هەیە پێی دەڵێنو وا دەكەین پەیوەست بێت بە هەموو بڕیارو هەڵوێستێكی ئێوەوە، بەڵام بارزانی رازی نەبووە". بافڵ تاڵەبانی باسی لەوەكردووە، دوای ئەوەی بارزانی وتویەتی من بەرهەم ساڵحم ناوێت پۆستەكەیم دەوێت و سوربووە لەسەر ئەوەی پارتی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ناكشێنێتەوە ، بە بارزانی وتووە:" ئەگەر كاندیدی تۆ دەرچوو پیرۆزبایت لێدەكەین، ئەگەر كاندیدی ئێمەش دەرچوو پیرۆزباییمان لێبكەن.. چونكە ئێمە هەموو ریگایەكی رەواو ناڕەوا دەگرینە بەر بۆ سەرخستنی كاندیدەكەمان". كاتێك بافڵ تاڵەبانی باسی لە توندی و حەدی قسەكانی كرد لەگەڵ مەسعود بارزانی لە لایەن ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتیەوە دوو جار چەپڵە بۆ بافڵ تاڵەبانی لێدراوە. (درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەدا زۆرینەی ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی پاڵپشتیان لە كاندیدكردنەوەی (بەرهەم ساڵح) كردووە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، جگە لە چەند تێبینییەكی كەم كە هەبووە لەبارەی ئەدای كاركردنی بەرهەم ساڵح لە رابردوودا، هیچ ناڕەزایەتییەكی ئەوتۆ لەبارەی كاندیدكردنەوەی نەبووە. دیارترین كەس كە دژی كاندیدكردنەوەی بەرهەم ساڵح بووە، تەنیا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بووە كە لە كۆبونەوەكەدا لە چوارچێوەی قسەكانیدا وتویەیەتی" كاندیدێكتان بەسەرماندا سەپاندووە"، لەتیف رەشید هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەد یەكێك لەو كەسانەیە كە خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردووە، بەڵام لە كۆبونەوەكەدا باسی لەتیف رەشید وەكو كاندیدی بەدیلی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار نەكراوە. "شەڕی ئیرادە" بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، زۆرینەی ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی لەگەڵ ئەوەبوون شەڕی سەرخستنی كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بكرێتو هەموو رێگایەك بگیرێتە بەر، پێشنیازكراوە هەڵمەتی كۆكردنەوەی پشتیوانی بۆ سەرخستنی بەرهەم ساڵح ناوی لێبنرێت"شەڕی ئیرادە"، ئەمە وەكو ئاماژەیەك بۆ ئەوەی پارتی دەیەوێت ئیرادەی یەكێتی بشكێنێت. كۆبونەوەی دژە پارتی بەگشتی كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆبونەوە بوو دژ بە پارتی، تا ئەو رادەیەی دەكرێت ناوی لێبنرێت "كۆبونەوەی دژە پارتی". (درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەدا باسلەەوە كراوە، یەكێتی شەڕی بردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار لەگەڵ پارتیدا بكاتو بیدۆڕێنێت زۆر باشترە لەوەی تەسلیمی ئیرادەی پارتی و بارزانی ببێت. بەیاننامەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی دوای تەواوبوونی كۆبونەوەكە، بەڕوونی گوزارشتی لە توڕەیی كۆبونەوەكە لە پارتی كرد، بەیاننامەكە جەخت لەسەر چەند خالێك دەكات كە ئەمانەن: • پارتی تاكڕەوانەو لە دەرەوەی یەكڕیزی كورد رێككەوتنی لەگەڵ هەندێك لایەنی سیاسی كردووە (سەدرو حەلبوسی). • پارتی تاكڕەوانە كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار پێشكەش كردووە. • پارتی كێشەی لەگەڵ كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح نەبووە، بەڵكو بۆ چاوبەستەكی یەكێتی داوای گۆڕینی بەرهەم ساڵحی كردووە، بۆ یەكێتی دەركەوتووە تەنانەت ئەگەر بەرهەم ساڵحیش بكشێتەوە، پارتی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كە هۆشیار زێبارییە، ناكێشێتەوە. پارتی وەڵام ناداتەوە ! دوای زیاتر لە پێنج كاتژمێر لە بڵاوبونەوەی راگەیەندراوی كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیو ئەو هێرشانەی كە تێیدا كراوەتەسەر پارتی، تائێستا پارتی وەڵامی نەداتەوە. وا دەردەكەوێت پارتی رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق لەگەڵ سەدرو سوننەكاندا یەكلاكردوەتەوەو یەكێتی بەجێهێشتووە. ئەگەر لە رۆژانی داهاتوودا هیچ گۆڕانكارییەكی سیاسی نوێ روونەداتو هاوپەیمانێتی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) وەكو خۆی بەردەوام بێت، چانسی سەركەوتنی كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لاواز دەبێت، بەتایبەتی لەكاتێكدا سەدرییەكان وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن چاویان لەوەیە سەرۆك كۆماری نوێ لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەی كە كراوە، لەماوەی دیاریكراودا پرسی كوتلەی گەورە لە پەرلەمانی عێراق بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت یەكلابكاتەوە. سەرباری رەخنەی شەقامو لایەنە عێراقییەكان لە هۆشیار زێباری سەبارەت بە تێوەگلانی لە گەندەڵیو لێسەندنەوەی متمانە لێی وەكو وەزیر لە كابینەی حەیدەر عەبادیدا، بەڵام رێككەوتنی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) زامنی سەركەوتنی زێباری بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەكات، تەنانەت ئەگەر هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار سەربكێشێت بۆ گەڕی دووەمیش. لەبەرامبەردا كاندیدی یەكێتی كە بەرهەم ساڵحە، گرەوەكەی لەسەر دەنگی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی (مالیكی+ عامری+ خەزعەلی+ فالح فەیاز+ حەیدەر عەبادی+ عەممار حەكیم)ە، ئەم لایەنانەش ئەگەری لەبەریەكهەڵوەشانەوەیان بەهێزترە لە مانەوەیان بە یەكگرتوویی، سەرباری ئەمەش ژمارەی كورسییەكانیان زۆر كەمترە لە بەرەكەی (سەدر+ بارزان+ حەلبوسی). یەكێتی وەكو ئەوەی هیچ رێككەوتنێكی لەگەڵ سەدر وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن نەكردووە، رێككەوتنی لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی نەكردووە، لەئەگەری بەشدارنەبوونی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە كابینەی نوێی حكومەت، پێشبینی ناكرێت، ئەم لایەنانە بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بكەنو دەنگ بدەن، چونكە بەرەی ئۆپۆزسیۆن هەڵدەبژێرنو دەنگدانیان بە كاندیدی سەرۆك كۆمار، وەكو بەشداریكردنیانە لە دەسەڵاتدا. بەم بارودۆخەوە، چانسی سەركەوتنی كاندیدی یەكێتی بەسەر كاندیدی پارتیدا بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار زۆر لاوازە، ریفراندۆمو لێكەوتنەكانی كۆتاییان هاتووەو بارزانی بڕیاریداوە بەهێزەوە بگەڕێتەوە بۆ بەغداد، لە یەكەم هەنگاویشدا پۆستی سەرۆك كۆمار لە یەكێتی وەردەگرێتەوە. دوای لێسەندنی پۆستی سەرۆك كۆمار هێشتا دەرفەتی ئەوە لەبەردەم یەكێتیدا دەمێنێتەوە بەشداری لە حكومەتدا بكات، بەڵام هەرجۆرە بەشداریكردنێكی دەبێت لەرێگەی پارتییەوە بێتو پارتی پشكی وەزارەتو پۆستەكانی بەغدادی بۆ دیاری دەكات، ئەمە قۆناغێكی نوێی پەیوەندی نێوان پارتیو یەكێتییە وەكو دوو هێزی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستان، دوو هێز كە لەدوای رووخانی رژێمی سەددامەوە لە 2003دا، لەچوارچێوەی رێككەتنی ستراتیژیدا پۆستە باڵاكانی هەرێمی كوردستانو عێراقیان لەنێوان خۆیاندا دابەشكردبوو، پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی، پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ پارتی، ئەم هاوكێشەیە كاتێك كاری پێدەكرا كە هێشتا جەلال تاڵەبانی دامەزرێنەرو سكرتێری یەكێتی لە ژیاندا بوو، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیش لە پۆستی سەرۆكی هەرێمدا بوو، بەڵام ئێستا ئەو دوو كارەكتەرە لە پێگەی سیاسی پێشتری خۆیاندا نینو رێككەوتنی ستراتیژی لەكاركەوتووە، پارتی بەگوێرەی ژمارەی كورسی مامەڵە لەگەڵ یەكێتی دەكات، یەكێتی كورسییەكانی كەمیكردووەو بەدەست كێشە ناوخۆییەكانییەوە دەناڵێنێت.
درەو: داعش لە (2021) دا بە تێکڕایی مانگانە لە عێراق (87) هێرشی ئەنجامداوە و مانگانە (149) قوربانی لێکەوتووەتەوە، لە سوریا بە تێکڕایی مانگانە (31) هێرشی ئەنجامداوە و (74) قوربانی لێکەوتووەتەوە، لە سینا (9) هێرشی ئەنجامداوە و (17) قوربانی مانگانەی لێکەوتووەتەوە. هێشتا "داعش" هێزێکی چالاکی ترسناک و هەڕەشە ئامێزە بۆ سەر ناوچەکە، بە تایبەت لە بەشێک لە ناوچەکانی عێراق و سوریا، کە بە "ویلایەتی عێراق" و "ویلایەتی شام" ناودەبرێن. ئەم ناوبردنە بەو مانایە نییە کە هێزەکانی داعش کۆنتڕۆڵی شوێنێک یان ناوچەیەکی دیاریکراویان لە ژێر دەستدا بێت، بەتایبەت لەدوای شکستهێنانیان لە ناوچەی باغۆزی پارێزگای دێرەزوو لە ساڵی (2019) و تێکشکاندیان وەک دواین ناوچەی ژێر کۆنترۆڵێ ڕێکخراوەکە، بەڵکو بەشی زۆری هێزەکانیان بەشێوەی شانەی نوستوو لەم دوو وڵاتەدا هەن و چالاکی جۆراو جۆر ئەنجام دەدەن. ئەمە لە کاتێکدایە "داعش" لە باکوری ئەفریقا چالاکییەکی ئەوتۆی نەماوە تەنها لە ناوچەی (جەزیرەی سینا) کە بە "ویلایەتی سینا" ناسراوە. هەرچۆنێک بێت لەگەڵ ئەوەی "داعش" لە عێراق و سوریا هیچ ناوچەیەکی جوگرافییان بەدەستەوە نییە، بەڵام بە ئاستێکی تا ڕادەک نزم جموجۆلێیان هەیە و چالاکی ئەنجام دەدەن. لە هەوڵی بونیادنانەوەی دەوڵەتی ئیسلامیدان، لە ناوچەکانی (عێراق، سوریا و سینا) کە سێ ناوچەی گەرمی داعشن لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، سەرباری بوونی هێرشی و چالاکی زۆر کەم و لاواز لە یەمەن و سۆماڵ و لیبیا. چالاکییەکانی داعش لە ساڵی (2021)؛ عێراق پاڵپشت بە داتاکانی هەفتەنامەی (ئەلنەبەئ)ی زمان حاڵی ڕێکخراوەکە هێرش و پەلامارەکانی لە ساڵی (2021) کەمترە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو تر (2020)، ڕێکخراوەکە لە ساڵی (2020) دا بەتێکڕا (110) هێرشی لە ئەستۆ گرتووەو مانگانە (207) قوربانی کەوتووەتەوە، لە کاتێکدا لە ساڵی (2021)دا (87) هێرشی ئەنجامداوە و بە تێکڕای مانگانە (149) قوربانی لە هێرشەکان کەوتووەتەوە، ئەگەر چی ئەمە پاشەکشیەکی گرنگە لە چالاکییەکانی ڕێکخراوەکە، بەڵام هێشتا ژمارەکان گەورەن و هەڕەشەکان جدی و مەترسیدارن، وەکو ئەوەی ئاژانسی بەرگری و هەواڵگری (DIA) ئەمریکی تێبێنی کردووە، ڕێکراوەکە تەرکیزیان کردووەتە سەر هێرشی پەنای سەلامەت (Safe Havens)، وەکو نمونەی تەقینەوە خۆکوژییەکەی 21ی کانونی دووەمی 2021 لە ناوەڕاستی شاری بەغداد دوو خۆکوژ ئەنجامیاندا، یان تەقینەوە خۆکوژییەکەی مەدینە سدر لە 19ی تەموزی 2021، لە هەریەک لە تەقینەوانەدا زیاتر لە (30) هاوڵاتی کوژران. چالاکییەکانی داعش لە ساڵی (2021)؛ سوریا بەهان شێوەی عێراق چالاکییەکانی "داعش" لە سوریا لە ساڵی (2021) پاشەکشەی کردووە بەراورد بە ساڵی (2020)، پاڵپشت بە داتاکانی هەفتەنامەی (ئەلنەبەئ)ی زمان حاڵی ڕێکخراوەکە هێرش و پەلامارەکانی لە ساڵی (2021) کەمترە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو تر (2020)، ڕێکخراوەکە بەتێکڕا لە ساڵی (2020) دا (45) هێرشی لە ئەستۆ گرتووەو مانگانە (95) قوربانی کەوتووەتەوە، لە کاتێکدا لە ساڵی (2021)دا بە تێکڕا (31) هێرشی ئەنجامداوە و مانگانە (74) قوربانی لە هێرشەکان کەوتووەتەوە. چالاکییەکانی داعش لە ساڵی (2021)؛ سینا هەروەک چۆن لە عێراق و سوریا چالاکییەکانی "داعش" لە ساڵی (2021) پاشەکشەی کردووە بەراورد بە ساڵی (2020)م بە هەمان شێوە ئەمە بۆ ناوچەی (سینا)ش ڕاستە، چونکە وەک ئەوەی لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بۆ کردووە ئەم لقەی ڕێکراوەکە جۆرێک نەرمتر مامەڵە دەکەن سەرباری ئەوەی لایەنگریان کەمەوە لە (500) بۆ (1200) چەکدار تێپەڕ ناکەن. پاڵپشت بە داتاکانی هەفتەنامەی (ئەلنەبەئ)ی زمان حاڵی ڕێکخراوەکە هێرش و پەلامارەکانی لە ساڵی (2021) کەمترە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو تر (2020)، ڕێکخراوەکە بەتێکڕا لە ساڵی (2020) دا (16) هێرشی لە ئەستۆ گرتووەو مانگانە (40) قوربانی کەوتووەتەوە، لە کاتێکدا لە ساڵی (2021)دا بە تێکڕا (9) هێرشی ئەنجامداوە و بە تێکڕای مانگانە (17) قوربانی لە هێرشەکان کەوتووەتەوە. سەرچاوە: COLE BUNZEL, Explainer: The Islamic State in 2021, Wilson center, at the site; https://www.wilsoncenter.org/article/explainer-islamic-state-2021 دا
مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) لە چەند ڕۆژی ڕابوردودا ڤیدیۆیەکی کورت لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە تیایدا باوەڕدارێکی سەلەفی لە ئۆتۆمۆبێلەکەی دادەبەزێت و بەرەو پەیکەرێکی لە بەفر دروستکراو دەڕوات و بە لەقە دەیشکێنێت. دوای ئەوە سواری ئۆتۆمۆبێلەکە دەبێتەوە و دەڕوات. ھەواڵی شکاندنی چەندان شێرەبەفریننەش لەلایەن کەسانی باوەڕداری سەلەفی تری لەو جۆرەوە، بیسترا. شکاندنی ئەو پەیکەرە لە بەفردروستکراوانە وەک نمایشکردنی دینداریی ڕاستەقینە و وەک ڕێگرتن لە دروستبوونی شەریک بۆ خودا، ئەو بیرۆکەیەیە لە پشتی ئەم جۆرە کردەوەیەوە ئامادەیە. ئەمانە ئەو جۆرە دیندارەن پێیانوایە بەو شکاندنە ”خودا“ لە شەریک بۆدروستکردن ڕزگاردەکەن. لەو باوەڕەدان خودا پێیوستی بەوانە بۆ ڕێگرتن لە دروستبوونی شەریک بۆی، با ئەو شەریکەش منداڵێک بە بەفر دروستیکردبێت. ئەم جۆرە ئیماندارانە کەسانێکن پێیانوایە دەتوانن ھەم دین و ھەم خودی خودا خۆیشی لە دوژمنە گریمانکاوەکانی خودا بپارێزن. لە دیدی ئەمانەدا ھەموو ئەوانەی تێگەیشتنێکی تریان بۆ دین و بۆ خودا ھەیە جیاواز لە تێگەیشتنی ئەمان، گومڕا و سەرلێشێواون، ئەوان لە. ڕێگای شکاندنی ئەو پەیکەرە بەفرینانەوە دەیانھێننەوە سەر ڕێگای ڕاست، یان لانیکەم نیشانیانئەدەن ڕێگای ڕاستی گەیشتن بە خودا و دینداریی پاکژ چییە و کامەیە. شکاندنی ئەو پەیکەرە بە بەفردروستکراوانە، کۆپیەکی کوردانەی شکاندنی ئەو پەیکەرە گەورەیەی بودایە کە لە ساڵی ٢٠٠١دا تاڵەبان لە ئەفغانستان وێرانیانکرد. ئەودەمیش تاڵەبان، وەک ھێزێکی سەلەفیی، بەناوی بەرگریکردن لە خوداوە و ڕێگرتن لە دروستکردنی شەریک بۆی ،ئەو پەیکەرە مێژووییەی بودایان وێرانکرد. ئەم تێگەیشتنە بۆ دین و دینداریی و ئەم شێوازە لە ھەڵسوکەوت بەناوی دینەوە، سەر بەو شێوازەیە لە دینداریی کە جگە لە بەرجەستەکردنی دیدێکی تەواو بەرتەسک و ترسناک بۆ دین، نارسیزمێکی گەورە ژێرخانە فیکرییی و ئەخلاقیی و دەرونییەکەی پێکدەھێنێت، نارسیسزمێک کە بیمار و ترسناکە و مەیلێکی گەورەی وێرانکردنی کەسانی لەخۆیان نەچووی، ھەڵگرتوە. وێرانکردنی سەرجەمی ئەو شتانەی لەم خودە نارسیستییە ناچن، یان باوەڕیان بە دینداریەکە جیاواز لە باوەڕی ئەو خودە نارسیستییە. ئەم نارسیزمە دینییە کۆمەڵێک باوەڕ دروست و ئاراستەی دەکرن. کە دەشێت گرنگترینیان ئەمانەبێت. باوەڕ بەوەی کە ھەم دینییەکەت و ھەم شێوازی دینداریەکەت تاقە دین و دینداری ڕاستەقینەن لە جیھاندا و ھەموو دین و ھەموو شێوازەکانی تری دینداریی ھەڵە و ناڕاست و گومڕاییە، تۆش وەک ھەڵگری ئەو دینە تایبەتە باشترین دینداری جیھانیت، ئومەتەکەت باشترین ئومەتی سەرزەوییە، کتێبە دینیەکانت باشترین کتێبەکانی جیھانن و کەسایەتییە دینییەکانی ناوی دینەکەت مرۆڤە ھەرە باشەکانی ناو مێژووی مرۆڤایەتین. ھیچ دین و دینداریەکی دیکە نەک بە دین و دینداریی تۆ ناگەن، بەڵکو کوفر و نەزانیی و گۆمڕایین. ھاوکات پێشتوابێت ھەم خۆت و ھەم دینەکەت وەڵامی سەرجەمی پرسیارەکانی مرۆڤ و چارەسەری سەرجەمی کێشەکانی ناو مێژووی مرۆڤایەتیان، پێیە. لەو باوەڕەدابیت سەرجەمی ھەقیقەتەکان لەناو دینەکەی تۆدا و لەناو ئەو دەقە کۆن و بەئەبەدیکراوەکاندان کە بەر لەم سەردەم و ڕۆژگارە نووسراون. پێتوابێت بەختەوەریی مرۆڤەکان تەنھا ئەو کاتە بەدەستدێت کە ھەمووان وەکو تۆ ببن بە ئەندامی ئەو دینە و ژیانیان بۆ لاساییکرنەوەی ژیانی کەسانی ڕابردووی ئەو دینە، کورتبکەنەوە. تا ئەو شوێنەی پێتوابێت پێویستە مرۆڤەکانی جیھانی ئەمڕۆ ببن بە کۆپی ئەو مرۆڤە کۆنانەی لە سەدەکانی ڕابوردودا وردەکارییەکانی ئەم دینەیان داڕشتوە و ژیاون. لەسەروی ھەموو ئەمانەشەوە پێتوابێت ئەو دینە ئەسڵێکی پاکژە و پێویستە ھەموو مرۆڤایەتی دوای بکەوێت و ئەو ئەسڵە بپەرستێت. ئەم خۆ بە پاکژ زانینە ڕەھایە، کە دیوی ئەودیوی، بە گڵاوزانینی ھەموو ئەوانەیە لەتۆ ناچن، یان جیاواز و ناکۆکن بە تۆ، ئەو خاڵەیە ئەم فۆرمە لە نارسیزمی دینیی تەواو ترسناک و وێرانکەر دەکات. لە ڕێگای گڵاو و گومڕاکردنی جیھانەوە خودی خۆت پاکژ و بێھەڵە بزانیت و وێنابکەیت. ئەم فۆرمە لە نارسیزم بە شێوەیەکی بەردەوام و لە ھەمووشوێنێکدا بەدوای سێبەر ق کۆپیەکانی خۆیدا دەگەڕێت، پێشیوایە دەتوانێت لەڕێگای سەپاندنی ئەو وێنانای خۆیشیەوە ھەموو مرۆڤایەتی ڕزگاربکات. ئەم فۆرمە لە دینداریی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیشی بە ترس و دڵەلەرزەی گەورەوە ھەیە، لە ھەناوی ھەموو نارسیستێکدا بوونەوەرێکی ترسنۆکیش ئامادەیە، ترس لەوانیتر و لە بەشێکی گەورەی ئەو جیھانەی لەگەڵ ئەوانیتردا لەناویدا دەژیی. لە ڕاستیدا ئەم فۆرمە لە نارسیزمیی دینداریی دەتوانێت تا ئەو شوێنە بڕوات کە دەبێت بە ئامرازێک بۆ گۆڕینی خودی دین خۆی، بۆ کولتوریی ترس و تۆقاندنی مرۆڤەکان. چ ئەوانەی ھەڵگری ئەم دیدەن بۆ دینداریی دەبێت بترسن و چ ئەوانەیش ھەڵگری ئەم تێگەیشتنە نین، ھەردوولا پێویستە بترسن. سەلەفیەتی دینیی وێنەیەکی بۆ خودا ھەیە تەواو بێبەزەیی و دڵڕەق و تۆڵەخواز، ھاوکات خودایەکی لاواز و پشێبەستوو بە توانای ئینسان بۆ پاراستنی. خودایەک، بۆ نموونە، منداڵێک یان مێردمنداڵێک دەشێت لە ڕێگای دروستکردنی بوکەڵەیەک بە بەفر شەریکی بۆ پەیدابکات و ئەمانیش بۆ پاراستنی ئەو خودایە ئەو بوکەڵە بەفرینە بشکێنن. ئەمجۆرە لە دینداریی ناتوانێت دیندارییەک بێت بۆ ئەو کەسە بە تەنھا خۆی، ناتوانێت باوەڕە دینییەکەی وەک باوەڕێکی شەخسیی تایبەت ببینێت، بەڵکو دەیەوێت بەسەر ھەموو دونیایدا ھەموو مرۆڤایەتیدا بیسەپێنێت. بۆ ئەنجامدانی ئەمەش، لە ساتێک لە ساتەکاندا پێویستی بە ھێزیی چەکدار و سوپای ڕێکخراو دەبێت. مەسەلەکە لە شکاندنی پەیکەرێکی بەفرەوە دەپەڕێتەوە بۆ شکاندنی ژیانی ئەوانەی لە حیساباتی ئەودا دیندارنین. دین لە ھەموو ئەو دۆخانەدا دەبێت بە ھێزێکی چەکدار، وەک پۆلیس، بە تایبەتیی پۆلیسی ڕاونان و پشکنین و لێپرسینەوە. دەبێت بە ئۆفیسێکیش بۆ سانسۆر و پشکنینی بیروباوەڕ. لە ساتێکیشدا دەشێت بگۆڕێت بۆ دەسەڵاتێک بڕیار لەسەر ژیان و مەرگریی مرۆڤەکان بدات. شتێک لە ئیرادەی بەخودابوون لەناو ئەم فۆرمە ترسناکەی نارسیزمی دینیدا ئامادەیە.
راپۆرت: درەو ژمارەكان ئاماژە بەوە دەكەن، سیناریۆكەی 2018 دووبارە نابێتەوە، ئەمجارەیان بارزانی لە بافڵ تاڵەبانی دەباتەوە، ئەگەر یەكێتی پۆستی سەرۆك كۆمار لەدەستبدات، پرسیاری گەورە لەسەر پرسی بەشداربوونی لە كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق دروست دەبێت، گفتوگۆكانی بارزانی و تاڵەبانی بە بنبەست گەیشت لە كاندیدی سەرۆك كۆماردا، یەكێتی بە بەرهەم ساڵح و پارتی بە هۆشیار زێباریەوە دەچنە بەردەم پەرلەمان، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. لە هەموو حاڵێكدا بارزانی سەرۆك كۆماری دەوێت ! پارتیو یەكێتی لەسەر كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق نەگەیشتنە رێككەوتنو هەردوولا كاندیدی خۆیان دەبێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەمە لە دیداری ئەمڕۆی نێوان مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیو بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیدا بەدی كرا. یەكێتی سورە لەسەر كاندیدكردنەوەی (بەرهەم ساڵح) بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، پارتیش (هۆشیار زێباری) كاندید كردووە. سەرەتا وا دەركەوت پارتی بۆ دورخستنەوەی (بەرهەم ساڵح) لە ویلایەتی دووەمی سەرۆكایەتی عێراق، (هۆشیار زێباری) كاندید كردووە، بەڵام بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو پارتیو یەكێتی دەست (درەو) كەوتوون، قۆناغی كشانەوەو گۆڕینی كاندید بەسەرچوو، پارتی سوورە لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆخۆی بەرێت و تەنانەت ئەگەر یەكێتی بەرهەم ساڵحیش لە كاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بكێشێتەوە. لەدوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە، وەكو عورفێك سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق لەنێوان پێكهاتە سەرەكییەكاندا دابەشكراون، پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ شیعە، سەرۆكی پەرلەمان بۆ سوننە، سەرۆك كۆماریش بۆ كورد. بەگوێرەی رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتیو یەكێتی كە بەشێكی زۆری رێككەوتنەكە تایبەت كرابوو بە دابەشكردنی پۆستە باڵاكات، پارتی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی بردو لەبەرامبەر ئەمەدا یەكێتی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی وەرگرت، لەچوارچێوەی ئەم رێككەوتنەدا لە ساڵی 2005وە تاوەكو 2018 پۆستی سەرۆك كۆمار لای یەكێتی بوو، دوو ویلایەتی سەرۆكایەتی مام جەلالو ویلایەتێكی فوئاد مەعسومو ویلایەتێكی بەرهەم ساڵح، بەڵام ساڵی 2018 درزێكی گەورە كەوتە رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتیو یەكێتی، ئەوكات مەسعود بارزانی دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی هەرێم بوو بوو، بۆیە دەیویست پۆستی سەرۆك كۆمار لە یەكێتی وەربگرێتەوە، بۆ ئەوەش لەبەرامبەر كاندیدی یەكێتیدا كە (بەرهەم ساڵح) بوو، پارتیو بەدیاریكراویش مەسعود بارزانی (فوئاد حسێن)ی وەكو كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار خستە بەردەم پەرلەمانی عێراقەوە. سیناریۆكەی 2018 دووبارە دەبێتەوە ؟ ئێستا دۆخی كورد لە بەغداد لەبەردەم دوبارەبونەوەی سیناریۆكەی 2018دایە، پارتیو یەكێتی كۆك نین لەسەر كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمارو هەریەكەیان بەجیا كاندیدی خۆی هەیە، تا ئێرە دوبارە بونەوەی سیناریۆكەیە وەكو خۆی، بەڵام دەرەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بەم دۆخەی ئێستاوە دەریدەخات، ئەمجارەیان بارزانی لە بافڵ تاڵەبانی دەباتەوەو تۆڵەی رووداوەكانی 2018ی لێدەكاتەوە. رۆژی سێ شەممەی ئەم هەفتەیە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی یەكلادەكاتەوە لەبارەی ئەوەی ئایا دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانی عێراق كە رۆژی 9ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو یاساییە یاخود نا. ئەگەر دادگا بڕیار بدات دانیشتنەكە بەپێچەوانەی یاساو دەستورەوە بەڕێوەچوو، ئەوا دەستەی هەڵبژێردراوی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق هەڵدەوەشێتەوەو دەبێت سەرلەنوێ دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان دووبارە بكرێتەوەو دەستەیەكی سەرۆكایەتی نوێ هەڵبژێردرێت، ئەم سیناریۆیە تاڕادەیەك چاوەڕوان نەكراوە. خۆ ئەگەر دادگای فیدراڵی بڕیاربدات لەسەر دەستوریبوونی دانیشتنی یەكەم، ئەوان رێوشوێنەكانی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار وەكو خۆی بەردەوام دەبێتو دەبێت تاوەكو رۆژی 8ی شوبات پەرلەمان سەرۆك كۆماری نوێی عێراق هەڵبژێرێت. لەم نێوەندەدا ئەگەر هەیە بۆ ماوەی چەند رۆژێك دادگای فیدراڵی عێراق ماوەی خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار درێژبكاتەوە، ئەمە دەرفەتی ئەوە دەدات بە پارتیو یەكێتی لەسەر پۆستەكە بگەنە رێككەوتن، بەڵام ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن لە هەموو حاڵێكدا پارتی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كە (هۆشیار زێباری)یە، ناكێشێتەوە. ساڵی 2018 بافڵ تاڵەبانی توانی پۆستی سەرۆك كۆمار لە مەسعود بارزانی بباتەوە، كاندیدی بافڵ تاڵەبانی كە ئەوكات هاوشێوەی ئێستا (بەرهەم ساڵح) بوو، لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردندا بەجیاوازی (219) دەنگ بەرامبەر بە (22) دەنگ بەسەر كاندیدی بارزانیدا كە (فوئاد حسێن) بوو، سەركەوت، بەڵام دووبارەبونەوەی ئەم سیناریۆیە لە 2022دا هەندێك ئەستەمە، چونكە ئێستا بارودۆخەكە گۆڕاوە، ئەوكات بارزانی كە پۆستی سەرۆك كۆماری بە بافڵ تاڵەبانی دۆڕاند، هیچ رێككەوتنێكی لەگەڵ لایەنە عێراقیەكان نەكردبوو، تازە لە دەرەنجامەكانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هاتبووە دەرەوە، لایەنە عێراقییەكان بە توندی دژایەتی بارزانیان دەكرد، پارتی پەیوەندییەكانی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكانو وڵاتانی ناوچەكەو تەنانەت لەسەر ئاستی جیهانیش كێشەی تێكەوتبوو، بارزانی سەرپێچی بڕیاری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردبوو لەبارەی سازدانی ریفراندۆمەوە، بۆیە بە ئاسانی پۆستی سەرۆك كۆماری بە بافڵ تاڵەبانی دۆڕاند، بەڵام ئێستا دۆخەكە گۆڕاوە، پارتیو بارزانی بەهێزێكی زیاترەوە گەڕاونەتەوە بۆ بەغداد، لێكەوتەكانی ریفراندۆم كۆتاییان هاتووە، بارزانی بەر لە هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری 2021، لێكتێگەیشتنی لەگەڵ سەدردا ئیمزا كردووە، سەدر ئێستا براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەو ئەو كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق دروست دەكات، سەرباری ئەمە بارزانی پەیوەندی بەهێزتری لەگەڵ سوننەكان دروستكردووە. بارزانی چۆن سەرۆك كۆمار دەباتەوە ؟ رۆژی 9ی ئەم مانگە لە دانیشتنی یەكەمی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراقدا پارتی هێزی خۆی نیشاندا، ئەم دانیشتنە سیمای هاوپەیمانێتییەكی نوێی سیاسی لە عێراق نیشاندا كە هاوپەیمانێتی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی)یەو لانی كەم ئەم هاوپەیمانێتییە لە كۆی (329) كورسی پەرلەمانی عێراق، خاوەنی (180) كورسییە. لەبەرامبەردا بەرەی نەیارانی هاوپەیمانێتی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) كە بریتین لە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی (واتە ئەو لایەنە شیعانەی كە دژی ئەنجامی هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەر بوونو بریتین لە مالیكی، عامری، خەزعەلی، فالح فەیاز، عەبادی، حەكیم)، ژمارەی كورسییەكانیان دەگاتە نزیكەی (70) كورسی. ئەگەر بارزانیو حەلبوسی لەسەر هاوپەیمانێتییەكەیان لەگەڵ سەدر بەردەوام بن، هیچ چانسێك لەبەردەم لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا ناهێڵنەوە. یەكێتی وەكو لایەنێكی سیاسی كە لە هەڵبژاردنی 10لا ئۆكتۆبەردا (18) كورسی پەرلەمانی عێراقی بردوەتەوە، هێشتا چاوی لەوەیە بەگوێرەی نەریتی باو، پۆستی سەرۆك كۆمار لە بەرژەوەندی خۆی یەكلابكاتەوە، بەڵام بەكردار هیچ هەنگاوێكی ئەوتۆی بۆ بەدەستهێنانەوەی ئەم پۆستە نەناوە، یەكێتی لەنێوان موقتەدا سەدرو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا خۆی یەكلا نەكردوەتەوە، سەرباری ئەمەش لە دانیشتنی یەكەمی پەرلەماندا دەنگی بە محەمەد حەلبوسی نەداوە بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، ئەمە سوننەكانی لە یەكێتی نیگەران كردووە، بەڵام رەنگە بەم خۆ بەدورگرتنە لە ناكۆكییەكانی ناو ماڵی شیعە، یەكێتی هەندێك ئێرانییەكانی لەخۆی قایلتر كردبێت. ئێستا ئەگەر دۆخەكە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، هاوپەیمانێتی (سەدر+ حەلبوسی) لە دانیشتنی دووەمی پەرلەماندا، بەزۆرینەی دەنگ كاندیدی مەسعود بارزانی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كە (هۆشیار زێباری)یە، سەردەخەن، بەڵام چۆن ؟ بەپێی دەستوری عێراق، سەرۆك كۆماری بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق هەڵدەبژێردرێت، دوو لەسەر سێ بەگوێرەی ژمارەی كورسیییەكانی ئێستا پەرلەمانی عێراق كە (329) كورسییە، دەكاتە (220) دەنگ، بەڵام ئەگەر لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردندا بۆ سەرۆك كۆمار هیچ یەكێك لە كاندیدەكان ئەم (220) دەنگەی بەدەست نەهێنا، ئەو دوو كاندیدەی كە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە، دەچنە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەوە، ئەمجارەیان سەرۆك كۆمار بە دەنگی زۆرینەی سادە هەڵدەبژێردرێت، لەمەشدا كاندیدی بارزانی بەسەر كاندیدەكەی بافڵ تاڵەبانیدا سەردەكەوێت، چونكە لە دانیشتنی یەكەمی پەرلەماندا دەركەوت، هاوپەیمانێتی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی)و هاوپەیمانەكانیان خاوەنی لانی كەم (180) دەنگی پەرلەمانن، ئەمە لەكاتێكدایە یەكێتی ئەگەر لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیش بچێتە رێككەوتنەوە، بە (18) كورسییەكەی خۆیەوە هێشتا كۆی ژمارەی دەنگەكانیان لە (100) دەنگ تێناپەرێت، لە دۆخێكی وەهادا، دەنگی لایەنەكانی تر، ئەوانەی كە خۆیان لەنێوان سەدرو چوارچێوەی هەماهەنگی یەكلانەكردوەتەوە بایەخی گەورەی دەبێت، لەوانە دەنگی جوڵانەوەی نەوەی نوێو یەكگرتووی ئیسلامیو كۆمەڵی دادگەرییو دەنگی پەرلەمانتارانی سەربەخۆی عێراق. سەرباری ئەوەی سەدریەكان ناچارن پەیوەستبن بە رێككەوانیان لەگەڵ پارتی و دەنگ بە هۆشیار زێباری بدەن، چونكە پرۆسەی دەنگدان بە سەرۆك وەزیران كە لە پشكی سەدریەكان دەبێت دەكەوێتە دوای پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراقەوە، بۆیە ئەگەر سەدریەكان دەنگ بە كاندیدەكەی بارزانی نەدەن، پارتیش دەنگ بە كاندیدی سەرۆك وەزیران نادات. یەكێتی بەشداری حكومەت دەكات ؟ ئەگەر كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لەبەرامبەر كاندیدی پارتیدا شكست بهێنێت، پرۆسەی بەشداریكردنی یەكێتی لە كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق دەكەوێتە بەردەم پرسیاری گەورەوە، چونكە دوای لە دەستدانی پۆستی سەرۆك كۆمار، یەكێتی دەبێت ئەوە روون بكاتەوە ئایا قایلە لەبەرامبەر لەدەستدانی پۆستی سەرۆك كۆمار پۆستێكی وزاری باڵا لە حكومەتی عێراق وەربگرێت یاخود نا ؟ سەرباری ئەمە، لە هەموو حاڵەكاندا ئەگەر كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق هاوپەیمانێتییەكەی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) دروستی بكات، یەكێتی دەبێت لەرێگەی پارتییەوە بەشداری حكومەتی نوێی عێراق بكات، چونكە یەكێتی هیچ رێككەوتنو لێكتێگەیشتنێكی لەگەڵ سەدر وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردندا نییەو هەرجۆرە بەشدارییەكی دەبێت لەرێگەی رێككەوتنەكەی پارتییەوە بێت. پرسیارێكی تر ئەوەیە، ئەگەر یەكێتی دوای لەدەستدانی پۆستی سەرۆك كۆمار، لە بەشداریكردن لە كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق كشایەوە، پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی لەناوخۆی هەرێمی كوردستان چی بەسەر دێت، ئایا یەكێتی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم دەكشێتەوە كە بە هاوبەشی لەگەڵ (پارتی+ گۆڕان) دروستی كردووە، ئایا كاردانەوەی ئێران چی دەبێت كە بۆ جاری یەكەم لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە پۆستی سەرۆك كۆمار دەكەوێتە دەست پارتی، ئەمانە چەند پرسیارێكن كە رۆژانی داهاتوو ئاسۆی وەڵامەكانیان دەردەكەوێت.
درەو: بارزانی جدیە لە كاندیدكردنی هۆشیار زێباری و نایكشێنێتەوە، دەیانەوێت پۆستی سەرۆك كۆمار لە یەكێتی بسەننەوە، لە ئێستادا قۆناغی گۆڕینی كاندید و كشانەوەی كۆتایی هاتووە، یەكێتی بەشدار نیە لە هاوپەیمانێتیە سێقۆڵیەكە (سەدر، بارزانی، حەلبوسی) بۆیە یەكێتی بۆ وەرگرتنی هەر پۆستێك یان دەبێت بچێتە هاوپەیمانێتیەكەوە یاخود لەگەڵ پارتی رێككەوتن بكات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار یان پۆستی وزاری و بەشداری لە حكومەتی داهاتووی عێراق، لە بری حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان، بارەگای بارزانی بڕیار لەسەر بەشداری كورد لە حكومەتی داهاتووی عێراق دەدات. پارتی نایكشێنێتەوە مەكتەبی سیاسی پارتی رۆژی 18ی ئەم مانگە كە لە بارەگای بارزانی كۆبوەوە، لە كۆبونەوەكەدا (نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، فازڵ میرانی ، ئازاد بەرواری، هۆشیار زێباری) تیایدا بەشداربوون.، پارتی جدی بوونی خۆیان لەسەر كاندیدكردنی هۆشیار زێباری دوپاتكردەوەو رایانگەیاندووە: چەندین ساڵە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لای یەكێتی بووە ئێستا بارودۆخە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكان وا دەخوازێت ئەو پۆستە لای پارتی بێت، بۆیە بەهیچ شێوەیە ئامادەنین هۆشیار زێباری بكشێننەوە. سەرچاوەیەكی باڵا لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو) راگەیاند: پارتی سوورە لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار لەم خولەدا بۆ كاندیدەكەی (هۆشیار زێباری) بێت، ئەمە لە كۆبونەوەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی جەختی لەسەركراوەتەوە، كاتی ئەوەش بەسەرچوو كە یەكێتی كاندیدەكەی (بەرهەم ساڵح) بگۆڕێت و پارتی كاندیدی خۆی بكشێنێتەوە، بەڵكو پارتی ئەو قۆناغەی بەجێهێشتوو ئێستا هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوەیە ئەو پۆستە بۆ پارتی بێت، ئێمە هاوپەیمانێتیمان لەگەڵ سەدرو سونەكان هەیە، دەتوانین بە ئاسانی دەنگی پێویست كۆبكەینەوە ئیتر بۆچی ئەو چانسە لەدەست بدەین و بیدەینەوە بە یەكێتی، كە لەگەڵمان نیە لە بەغداد، سەبارەت بەوەی لایەنە شیعەكان دەنگ بە هۆشیار زێباری نادەن چونكە كەیسی گەندەڵی لەسەرە، ئەو سەرچاوەیە وتی: هۆشیار زێباری خۆی لە بەغداد لەگەڵ زۆربەی لایەنە شیعەكان قسەی كردووەو پێیان راگەیاندووە هیچ كێشەیەكیان نیە، بارزانی هەر كاندیدێك دیاری بكات ئەوان دەنگ بەو كاندیدە دەدەن. قۆناغی گۆڕینی كاندید تەواو بوو پێش كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق، پارتی دیموكراتی كوردستان لای ئاسایی بوو رێكبكەون و پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ یەكێتی بێت، بەمەرجێك بەرهەم ساڵح كاندید نەكەن، چونكە بارزانی ڤیتۆی لەسەر داناوە، بەڵام لەدوای كۆبونەوەكەی پەرلەمان و سەركەوتنی هاوپەیمانێتیەكەی (سەدر، بارزانی، حەلبوسی) لە دانیشتنی یەكەم و هەڵبژاردنی سەرۆك و جێگرەكانی بە دڵخوازی خۆیان، ئیتر پارتی هەڵوێستی خۆی گۆڕی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق: • پارتی لە هاوپەیمانێتیەكەیان لەگەڵ سەدرو حەلبوسی و خەنجەر سەركەوتووبون و بە ئاسانی دەتوانن كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق سەربخەن، چونكە خاوەنی (180 بۆ 200) دەنگی پەرلەمانین، ئیتر بۆچی ئەو كارتە بەكار نەهێنن و بیدەنە یەكێتی لە كاتێكدا یەكێتی ئامادە نەبوو بەشداری كۆبونەوەكە بكات، پارلەمانتارانی سەدر و سونەكان ناچارن دەنگ بە كاندیدەكەی پارتی بدەن (هۆشیار زێباری) چونكە ئەگەر پەرلەمانتارانی سەدر دەنگ بە هۆشیار زێباری نەدەن پرۆسەی دەنگدان بە سەرۆك وەزیران دوای سەرۆك كۆمارە پێویستیان بە دەنگی پارتی دەبێت، بۆیە سەدریەكان بەوە ناسراون كە لەژێر فەرمانی سەدردان و سەدر هەر بڕیارێك بدات ئەوان جێبەجێی دەكەن. • یەكێتی ئامادەنەبوو گوێ لە رای بارزانی بگرێت و سوربوو لەسەر پشتیوانیكردنی بەرهەم ساڵح (ئەگەرچی تا ئێستا بەرەسمی راینەگەیاندووە)، بۆیە بارزانی دەیەوێت تۆڵەی شكستەكەی بكاتەوە كە لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لە 2018 روبەرووی كاندیدەكەی بووەوە (فوئاد حسێن)، تا ئێستا رووداوەكان بەو ئاراستەیە بڕۆن كە هەمان سیناریۆی 2018 دووبارە ببێتەوە، بەرهەم ساڵح و هۆشیار زێباری بكەونە بەرامبەر یەك. • ئێستا زۆربەی لایەنە عێراقیەكان و گوێ لە بارزانی دەگرن و گفتوگۆ لەگەڵ ئەو دەكەن، بۆیە پارتی ئەمجارە بە پلانێكی ووردەوە چووەتە بەغداد و دەیەوێت سەرجەم جومگە هەستیارەكانی (پشكی كورد لە بەغداد) لای خۆی بێت یان لانی كەم لەژێر فەرمان و كۆنترۆڵی خۆیدا بێت. • یەكێتی بەشدار نیە لەو هاوپەیمانێتیەی كە دەیەوێت حكومەتی داهاتووی عێراق پێكبهێنێت، بۆیە ناكرێت بەشدار نەبێت و پۆستی سەرۆك كۆماریشی لابێت، ئەمە كێشە بۆ هاوپەیمانێتیەكە درووست دەكات، لەو حاڵەتەدا یەكێتی ئەگەر بەشدار نەبێت لەو هاوپەیمانێتیە ناتوانێت وەزارەتیش وەربگرێت، تەنیا دەبێت لەگەڵ پارتی رێكبكەوێت و وەزارەت لە پارتی وەربگرێت. • پارتی و هاوپەیمانەكانی دەیانەوێت پێكەوە بە سێقۆڵی سێ سەرۆكایەتیەكە پڕبكەنەوە. - سەرۆكی پەرلەمان سونە جێگرەكانی پارتی و سەدری - سەرۆكی كۆمار كورد جێگرەكانی سونە و سەدری - سەرۆكی حكومەت سەدری جێگرەكانی كورد و سونە - وەزارەتەكان دابەشبكەن بەسەر خۆیاندا قۆناغی كشانەوەو گۆڕینی كاندیدی سەرۆك كۆمار كۆتایی هاتووە، تا یەكێتی لەگەڵ پارتی رێككەوتن نەكەن یەكێتی نەك پۆستی سەرۆك كۆمار ناتوانێت هیچ پۆستێكی دیكە لە حكومەتی داهاتووی عێراق وەربگرێت، پشكی كورد لە حكومەتی داهاتویی عێراق ( سەرۆك كۆمار، جێگری سەرۆكی پەرلەمان، سێ بۆ چوار وەزارەت)، بە پێی رێككەوتن و لە هاوپەیمانێتیە سێ قۆڵیەكە یەكلا دەكرێتەوە. نە سەرۆكایەتی هەرێم و نە حكومەت و نە پەرلەمانی كوردستان لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی عێراق هیچ رۆڵیان نیەو بەشدار نین لە داڕشتنی بەرنامەو خواستەكانی كورد لە حكومەتی داهاتووی عێراق، لە ئێستادا پرسی گفتوگۆ و پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق و بەرنامەی هەرێمی كوردستان لە حكومەتی داهاتووی عێراق تەنیا لە بارەگای بارزانیەوە دەدرێت، كە پێشتر حزبەكانی بەشدار لە حكومەت پێكەوە بڕیاریان لە بەشداری كورد دەدات لە حكومەتەكانی عێراق، تا ئێستا ئەوەی باسی لێوە دەكرێت نە بەرنامەو نە داواكارییەكانی هەرێمی كوردستانە، بەڵكو تەنیا رێككەوتنە لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان. ئەگەر پارتی سەرجەم پۆستەكانی بەغداد بۆخۆی ببات كاریگەری لەسەر ناوخۆی هەرێم و بەشداری یەكێتی لە حكومەتی هەرێم نابێت؟