سەدر لەگەڵ حەلبوسی کۆدەبێتەوە

Draw Media

2022-02-21 18:06:29



 
(درەو):
سەدر گەیشتە بەغداو رەنگە دواتر سەردانی ھەولێر بکات، گەڕێکی نوێی جموجوڵی سیاسی بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆ کۆمارو پێکھێنانی ۆکومەت دەستی پێکردەوە.
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە نەجەفەوە گەیشتە بەغدادو لە یەکەمین وێستگەدا سەردانی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان کرد.
لەسەر داوای مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بڕیارە ھاوپەیمانێتی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) بەمزوانە لە ھەولێر کۆببنەوە، رەنگە دوای بەغدا سەدر سەردانی ھەولێر بکات.
ئەم کۆبونەوانە دوای زنجیرەیەک بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دێت دژی ھەرێمی کوردستان و پارتی وەکو ھاوپەیمانێکی سەرەکی موقتەدا سەدر.
ھاوکات لەگەڵ دەستپێکردنەوەی جموجوڵە سیاسییەکانی موقتەدا سەدردا، لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی (مالیکی+ عامری+ خەزعەلی+ فالح فەیاز+ عەبادی+ حەکیم) باسلەوە دەکەن تێکڕای ژمارەی کورسییەکانیان بۆ (٩٤) کورسی بەرزبوەتەوەو پەرلەمانتاری نوێ پەیوەندی پێوە کردوون، لە ململانێی ناو ماڵی شیعەدا یەکێتی نیشتمانی کەوتوەتە ئەم بەرەیەوە.
دەستپێکردنەوەی دانوستانی نێوان لایەنەکان لەکاتێکدایە بڕیارە رۆژی چوارشەممە دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری خۆی لەبارەی یاسایبوون یان نایاسایبوونی کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ جاری دووەم، رابگەیەنێت.
ئەگەر دادگا کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن رەتبکاتەوە، پارتی کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار نابێت، چونکە لە جاری یەکەمدا کاندیدەکەی (ھۆشیار زێباری) رەتکراوەتەوە.
بەم حاڵەشەوە، ئەگەر رێککەوتن لەنێوان ھەردوو بەرەکەی شیعە (سەدرو لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی)دا نەکرێت، ئەستەمە کۆبونەوەی پەرلەمان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەڕێوەبچێت، چونکە نیسابی یاسایی کۆبونەوەکە پێویستی بە ئامادەبوونی (٢٢٠) پەرلەمانتار ھەیە لە کۆی (٣٢٩) پەرلەمانتار، ھیچ یەکێک لەو دوو بەرەیە ئەم ژمارە کورسییەیان لە پەرلەماندا نییە.
بەگوێرەی دەستور، بەبێ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریش رێوشوێنەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەست پێ ناکات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand