Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

  مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) جارێکی تریش بە دڵخۆشییەکی گەورەوە کەوتنی یەکێک لە رژێمە بنەماڵەییە، ئەمنییە، میلیشیاییە، خوێناوییە، داخراوەکانی ناوچەکە دەبینین. شارەکان دەبینین ئازاد دەبن، دەرگای زیندانەکان دەشکێن و بەناھەق زیندانکراوەکان بە پێکەنینەوە دێنەدەرەوە. ئەمڕۆ ئیتر ھەموومان شایەتی کۆتاییھاتنین بە دەسەڵاتی ترسناکی خێزان و بنەماڵەی ئەسەد لە سوریادا. ئەوەی بڵاودەبێتەوە وێنەی ئەو مرۆڤە دڵخۆشانەیە کە پەیکەرەکانی ئەسەدی باوک و ئەسەدی کوڕ دەڕوخێنن و بە تێڵا بە پێڵاو لە سەری بڕاوی پەیکەرەکان ئەدەن، منداڵان دەبینین بە پێکەنینەوە میز بەسەری پەیکەرەکانیاندا دەکەن. ئەوەی دەردەکەوێت دووبارەبوونەوەی ئەو وێنانەیە کە دوای کەوتنی رژێمەکەی سەدام حوسەین لە ساڵی ٢٠٠٣دا لەزیاد لە شوێنێکی عێراقدا، بینیمان. ئەوەی لە پشتی ئەم دڵخۆشییەوە ئامادەیە، ئەو رێگا نادیار و رۆژگارە نەناسراوەیە کە لە رۆژ و مانگ و ساڵەکانی داھاتوودا دێتەکایەوە. رۆژگارێک دەشێت دووبارەکردنەوەیەکی ترسناکی دۆخی عێراقی دوای کەوتنی رژێمەکەی سەدام حوسەین بێت، سەرلەنوێ بیناکردنەوەی ھەمان ئەو کابوسە بەعسییە تۆقێنەرەبێت کە بنەماڵەی ئەسەد و حیزبی بەعس لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا دروستیانکردبوو، بەڵام بەناوی تر و لە لایەن بکەری سیاسیی و بەتایبەتی دینیی، ترەوە. شتێک لە ئێستادا لێی دڵنیاین ئەوەیە سوریای بنەمالەی ئەسەد و مۆتەکەی بەعس کۆتاییهات و سوریایەکی تازە بەریوەیە بۆ دروستبوون. قۆناغێکی گواستنەوە و بڕێکی بەرچاو لە فەوزا ئامادەیە. پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە ئایا بەڕاستیی سوریا بەڕێوەیە بۆ چوونە ناو سەردەمی ئازادییەوە؟ ئەو سوریایەی دروستدەبێت سوریای سیستم و کۆمەڵگایەکی سیاسیی کراوە و دیموکراسیی و ئازادییخواز دەبێت، یان سوریایەکی بەعسیانە لەژێر ناو و ناونیشانی دیکەدا؟   گومانی تێدا نییە ئایندەی سوریا ئایندەیەکی بێ کێشەی سیاسی ھەمەجۆر نابێت. بوونی کێشەی سیاسیی بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیانی سیاسیی، ھیچ کایەیەکی سیاسیی لە جیھاندا بوونی نییە بەبێ کێشەی سیاسیی، ھەمیشە کۆمەڵێک ململانێ و دۆخی نەخواستراو دێنەپێشەوە، کە سەرچاوەی دروستبوونی کێشەی ھەمەجۆرن لەنێوان بکەرە سیاسییەکاندا. بەڵام ئەوەی کە کێشە سیاسییەکانی ئەم ناوچەیەی ئێمە لەزۆرر ڕووەوە لە کێشەی شوێنەکانی تر جیادەکاتەوە، نەبوونی ئاسۆیە بۆ چارەسەرکردنیان. نەبوونی بکەری سیاسیی چارەسەرخواز و ھەڵگری پرۆژەی بەیەکەوەژیانی نیشتیمانیی ھێزە جیاوازەکانە بەیەکەوە. ئەوەی لەم ناوچەیەدا باڵادەستە کۆمەڵێک دەوڵەت و ھێز و گروپی سیاسیی و میلیشیای چەکدارین، کە لۆژیکی نەفیکردنی ھەمووشتێک لە دەرەوەی خۆیاندا، ئاراستەیان دەکات.   سوریا نموونەیەکی بەرچاوی دۆخێکی  لەو بابەتەیە، وڵاتەکە پڕە لە ھێزی یەکدی نەفیکەر. بڕێکی گەورە لە ترس و بێمتمانەیی لەنێوان ھێزە سیاسیی و گروپە دینیی و ئەتنییەکانی وەڵاتەکەدا ھەیە. وڵاتەکە پڕ لە سوپا و میلیشیای جیاواز، ھەندێکیان خۆیان بە سوپا و میلیشیای خودا دەزانن و بەناوی دین و خوداوە دەجەنگن، ھەندێکی تریان سوپای ئەم یان ئەو گروپی ئەتنیی و ئەم یان ئەو ھێزی ناوچەیی و ئیقلیمین. لاوازیی یان غیابی بەرفراوانی کولتوریی لێبوردن، نەبوونی سیاسەتێکی عەقڵانیانەی لەبیرکردن، ھەموو ئەمانە تێکەڵ بە چەندان شێوازی جیاوازی ڕقیی ھەمەجۆر، ڕقی دینیی و ئایدیۆلۆژیی و ئەتنیی و بنەماڵەیی و کۆمەڵایەتیی. ئەوەی ئەم دۆخە لەو سوریادا ئاڵۆزتر و ترسناکتر دەکات ئەو راستییە تاڵەیە کە بڕیاری سیاسیی لەو وڵاتەدا، نە لە دەستی حکومەتی سوریادایە، نە لە دەستی ھێزەکانی ئۆپۆزیسیۆندا و نە لە دەستی خەڵک و کۆمەڵگاکەشدایە. ئەوانەی بڕیارە سەرەکییەکان لەو وڵاتەدا ئەدەن ھێزە ئیقلیمیی و ھێزە جیھانییە جیاوازەکانن. ئەم ھێزانەش جەنگی مان و نەمان لەگەڵیەکتریدا دەکەن. پێدەچێت تا ئەم ساتە براوەی ژمارەیەکی ململانێکانی ناو سوریا، تورکیا و دۆڕاوی ژمارەیەکیش، ئێران بێت. لەسەرێکی دیکەوە ھەر ھێزێکی سەربازیی و میلیشیاییش گەر دەسەڵاتی ھەبێت و بتوانێت، حکومەتێکی تایبەت بۆ خۆی دروستدەکات. ئێستا لە سوریادا چەندان حکومەتی جیاواز ھەیە، لەوانەش بۆ نموونە، ”حکومەتی موەقەت“، ”حکومەتی ئینقاز“، پاشماوەکانی”حکومەتەکەی بەشار ئەسەد“. ناوچەکەش دابەشبووە بەسەر ئیقلیمێکی سونی و ئیقلیمێکی عەلەوی و ئیقلیمێکی کوردیدا، کە شتێک ئەوتۆ بەیەکەوە کۆیان ناکاتەوە. ئەوەی لەناو ئەم ململانێیانەدا وێرانە  خودی ”دەوڵەت“ خۆیەتی وەک دەوڵەت،  وەک فیکرە، وەک دەزگا و میکانیزمی ھاوبەش، وەک دەرەنجامی ”گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی“ لەسەرڕێککەوتو، وەک ”چوارچێوەیەکی ھاوبەش“ لەنێوان پێکھاتە جیاوازەکانی وڵاتەکەدا، وەک داوەرێکی بێلایەن لەنێوان دینەکان و ئەتنیەکان و گروپە جیاوازەکاندا. ئەو ھێزانەی خۆیان بە ئەلتەرناتیڤی رژێمە خوێنڕێژ و بەربەرییەکەی بەشار ئەسەد دەزانن، ھەڵگری بەرنامە و دونیابینییەک نین بتوانێت دەوڵەت بەو مانایانەی سەرەوە بەرجەستەبکات. ئەو ھێزە ئیقلیمیی و جیھانیانەش کە لەو وڵاتەدان  بە دوای قازانج و خواستی تایبەتی خۆیان و چنینەوەی دەسکەوتی تایبەتەوەن. دوای ئەو ھەموو جەنگ و پێکدادان و کوشتارەش، کە لە دەیەی ڕابردوودا لەو وڵاتەدا ڕوویداوە، تا ئێستاش نەخشەیەکی سیاسیی بوونی نییە ھێما بۆ چوونەدەرەوە لەو دۆخە ناھەموارەی ئەمڕۆ و دووبارەنەبوونەوی کابوسەکانی، بکات. دیدگایەک بۆ دەوڵەت بوونی نییە بتوانێت وەک چوارچێوەیەکی سیاسیی ھاوبەش بۆ کۆکردنەوەی ھێز و گروپ و پێکھاتە جیاوازەکانی ناو وڵاتەکە بەیەکەوە، بیبینێت. لەڕاستیدا دەوڵەت وک دەوڵەت، چوارچێوەیەکی بیرلێکراوە نییە و بەشێکی گەورەی ئامرازەکانی دروستکردنی وەک ھاوبەشێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و دەزگایی و یاسایی ھاوبەش، لەئارادا نییە.   لە ڕاستیدا ھیچ شتێک لەم ناوچەیەدا ھێندەی ”دەوڵەت“ بیرلێنەکراوە و رێزلێنەگیراو و نائامادەکراو نەکراوە. زۆرینەی ئەو چوارچێوە سیاسییانەی لەم ناوچەیەدا دروستکراون و سەپێنراون، بە لۆژیکی بەر لە دروستبوونی دەوڵەت وەک دەوڵەت، کاریانکردوە و کاریانپێکراوە. ئەم بەگژاچوونەوەی کارکردنی دەوڵەت وەک دەوڵەت، ھاوشان بووە و، تا ئەم ساتەش ھاوشانە، بە بەگژاچوونەوەی مافەکانی مرۆڤدا، لە مافە سیاسییەکانەوە بیگرە بۆ مافە کۆمەڵایەتیی و دینیی و فەرھەنگییەکان و لە مافە تاکەکەسەییەکانەوە بیگرە بۆ مافە کۆیی و دەستەجەمعییەکان. ھەموو ئەمانەش لەژێر ناونیشانی بەگژاچوونەوەی ھێرشی ”ئیمپریالیزمی کولتوریی خۆرئاوا“ و ”گەڕانەوە بۆ رەسەنایەتیی و موقەدەساتی خەڵک“. وەک ئەوەی مرۆڤەکانی ئەم بەشەی دونیا مافی ھەبوونی ئەو مافانەیان نەبێت. ھاوکات نمایشکردنی بەرگریکردن لە مافی کەمینەکان و مافی ژنان و مافی پێکھاتە جیاوازەکان، وەک بەرگیکردن لە کولتوری ئیمپریالیزم و کۆلۆنیالیزم و کوفر و خۆرئاوای موناقیق. ئیدانەکردنی چەمکەکانی وەک دیموکراسیەت، ئازادیی، مافی مرۆڤ، یەکسانیی، بەناوی ئەوروپایی و خۆرئاواییبوونی ئەو چەمکانەوە، تەنھا بەتاڵکردنەوەی مێژووی ئەم ناوچەیە نییە لە ھەر مانایەکی پۆزەتیڤ و ئینسانیی، بەڵکو ھەوڵدانی بە ئەبەدیکردنی ئەو کولتورە ناشیرینەشە کە ھیچ رێزێک بۆ مرۆڤ و بۆ ماف و بۆ ژیان، دانانێت. ئەم ھێزانە رێک لەو کاتانەدا کە رەخنەی رووەکارە ئینسنایی و ڕۆشنگەر و مافپەروەرەکەی فەرھەنگی سیاسیی ئەوروپایان کردوە و دەکەن، بەناوی گەڕانەوە بۆ کەلەپوری رەسەن و خۆماڵییەوە، یان بەناوی بەرگریکردن لە دین و موقەدەساتی کۆمەڵایەتییەوە، رێک لەوکاتەدا رووکارە ھەرە ناشیرین و کابوسییەکانی کەلەپوری بەشە ھەرە ترسناکەکانی جیھانیان زیندوکردۆتەوە و خستۆتەگەڕ. دەوڵەتی دەزگا و یاسا و ماف رەفزکراوە و دەوڵەتی تاکەکەسیی و خێزانیی و بنەماڵەیی پەیڕەوکراوە. دەستوری دیموکراسیی و لێکجاکردنەوەی دەسەڵاتەکان پشتگوێ خراوە و دەستوری کۆکردنەوەی ھەموو دەسەڵاتەکان و بە ئەبەدیکردنی لە دەستی ئەم یان ئەو ستەمگەر و ھێز و بزاوت و بنەماڵەی سیاسییدا، پیادەکراوە. زیندان دروستکراوە بەڵام ڕای ئازاد حەرام کراوە، ڕاونان و دەربەدرکردن بە شێوەیەکی سیستماتیکی ڕوویداوە، بەڵا مافی ھەبوونی ماڵ و ھەبوونی ژیان سڕاوەتەوە. باس لە نیشتیمان کراوە، بەڵام شتە ھەرە گشتییەکانی نیشتیمانەکە خەسخەسە و بەتایبەت کراوە، چەمکەکانی گەل و میلەت و نەتەوە بەکارھاتوە، بەڵام بنەماڵە و مەزھەب و تائیفە سەرەوەر و باڵادەستکراوە. بە درێژایی مێژووی دروستبوونیان، بەشی ھەرەزۆری ھێزە دینیی و ھێزە نادینییەکان لەسەرجەمی ناوچەکەدا، خەڵکی ناوچەکەیان لە شۆکێکی ئەخلاقییەوە بۆ شۆکێکی ئەخلاقیی تر بردوە. جارێک خەڵکیان بەناوی بێدینیی و لادان لە دینەوە ، کوشتوە، جارێک بەناوی سەروەری و یەکێتی نەتەوەییەوە. ھێزێک بەناو سۆسیالیزمەوە خەڵکی گرتوە و کوشتوە، ھێزێکی تر بەناوی گەڕانەوە بۆ ئیسلام و بونیادنانەوەی خەلافەتەوە، جارێک ئەو ژنانەیان کوشتوە کە بە ویستی ئەوان جلیان لەبەرنەکردوە، جارێکی تر کێیان ویستبێت کوشتوە بەناوی بریندارکردنی ئەم یان ئەو موقەدەسی دینیی و نادینییەوە. لە راستیدا ناکرێت مێژووی ئەم جۆرە ھێزانە لەم ناوچەیەدا بخوێنینەوە و تۆشی شۆکی ئەخلاقیی و ئینسانی گەورە نەبین، تا ئەو شوێنەی شۆکبوون لەوەبخەن شۆکبوون دروستبکات و ئەنجامدانی تاوان بکەنە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی ڕۆژانەی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگاکانی ناوچەکە. تراژیدیای ڕاستەقینەی کۆمەڵگای سوریی ئەوەیە دەسەڵاتی ”حیزبی بەعس“ بڕوات و دەسەڵاتی ھێزێکی سەلەفیی وەک ”ھەیئەی تەحریری شام“ بێتە کایەوە، بەشار ئەسەد بڕوات و جولانی بێتەکایەوە، ئێران لە سوریادا نەمێێت و تورکیا شوێنەکەی بگرێتەوە، حیزبوڵای لوبنانی بڕوات و سوپای ئازادی سەر بە تورکیا بێتەجێی.   دۆخی سوریا تەنھا دۆخێکی ناوەکیی سوریا و تایبەت بە سوریا نییە، لەناو ھەموو وڵاتەکانی ئەم ناوچەیەدا سوریایەکی تایبەت ئامادەیە، مەسەلەی تەقینەوەی ئەو سوریایە، لە غیابی ھەموو ئەو شتانەدا کە باسمکرد، تەنھا مەسەلەی کاتە. ئەو فۆرمە لە حوکمڕانیی و ئەو شێوازانە لە ھێزی ئۆپۆزیسۆن و ئەو تێگەیشتنە خێزانیی و بنەماڵەیی و دینیانەی بۆ دەوڵەت و ماف و دیموکراسیەت و جیاوازیی لە سوریادا ھەیە، لە سەرجەمی وڵاتەکانی ناوچەکە و مۆدێلی باڵادەستی حوکمڕانیکردنیاندا ھەیە.  لە پێش ھەمووانیشەوە لە ھەرێمە شێواو و قەیراناوییەکەی، ئێمەدا.    


(درەو): هەناردەی نەوتی كوردستان بۆ توركیا بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی پاریسەوە راوەستا، ئێستا فەرەنسا ژمارەیەك كۆمپانیای نەوتی رەوانەی كوردستان كردووەو پشتیوانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت دەكات.  کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان ئەمڕۆ لەگەڵ د. یان بڕیم کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان كۆبووەتەوە. راگەیەندراوی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان باسلەوە دەكات، كەمال محەمەد لەم دیدارەدا سوپاسی پاڵپشتی و هەوڵەکانی حکومەتی فەرەنسا كردووە بۆ خێرا دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بۆری بۆ بەندەری جەیهانی توركیا، كە بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریسەوە، لە 25ی ئازاری 2023وە راوەستاوە. "لە ساڵی نوێ ئاماژەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی سۆمۆ زۆرن و لەئێستادا لە قۆناغی هەموارکردنەوەی بڕگەیەکی ماددەی یاسای بودجە دایە" وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم وا دەڵێ. كونسوڵی فەرەنسا باسی لە هاتنی ژمارەیەک لە گەورە کۆمپانیاکانی وڵاتەكەی كردووە بۆ هەرێمی كوردستان بەتایبەتی کۆمپانیاکانی نەوت، وتویەتی: هیوادارم هەماهەنگی و هاوکاری پێویستی ئەو كۆمپانیایانە بکرێت بۆ وەبەرهێنانی گەورە لە كوردستان.  لەبەرامبەردا وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم ئاماژەی بەوەكردووە، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ ئابوریی عێراق و هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری هەیەو بەشێکی زۆری کورتهێنانی بودجە چارەسەر دەکات.


(درەو): ماوەی 8 رۆژە یەكەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بە (كراوەیی) ماوەتەوە، بەهۆی رێكنەكەوتنی لایەنە براوەكان لەسەر پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت، دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵنەبژێردراوە، سەرۆكی یەكەم دانیشتن كە بە تەمەنترین ئەندامەو سەربە جوڵانەوەی (نەوەی نوێ)یە ئەمڕۆ هەوڵیداوە رۆژی سێ شەممە وەكو وادەی سازدانی دانیشتن دیاری بكات، بەڵام سەرۆكی دیوانی پەرلەمان كە سەربە (یەكێتیی)ە، دەسەڵاتی دیاریكردنی وادەی دانیشتنی لێ وەرگرتەوە.  كوردەوان جەمال سەرۆكی فراكسیۆن نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ ئاگادارییەكی لە گروپی (واتس ئاپ)ی پەرلەمانتاران بڵاوكردەوە. لە ئاگادارییەكەدا، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ بەناوی (محەمەد سلێمان) سەرۆكی تەمەنی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانەوە كە ئەویش سەربە نەوەی نوێیە، داوای لە پەرلەمانتارانی كوردستان كرد رۆژی سێ شەممەی ئەم هەفتەیە كاتژمێر 11ی بەیانی لە هۆڵی پەرلەمان ئامادە بن بەمەبەستی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان.  بەگوێرەی زانیارییەكی (درەو)، ئەدمینی سەرەكی گروپی (واتس ئاپ)ی پەرلەمانتاران ئاگادارییەكەی سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێی سڕیوەتەوەو دواتر ئاگادارییەكی ئەردەڵان محەمەد سەرسپی سەرۆكی دیوانی پەرلەمانی كوردستان بڵاوكراوەتەوە كە سەربە یەكێتیی نیشتمانییە.  دەقی ئاگادارییەكەی سەرۆكی دیوانی پەرلەمان بەمشێوەیە:  ئەندامانی بەڕێزی پەرلەمانی کوردستان سڵاو و ڕێز.. بانگهێشت و دانانی بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمان، رێکاری پەیرەوی خۆی هەیە و بە سەرۆکایەتی دیوانی پەرلەماندا تێدەپەڕێت، و ناکرێت ئەو ڕێوشوێنانە وەک خۆیان جێبەجێ نەکرێن ، و بۆ ئاگاداری بەرێزتان ئەگەر بانگهێشت و بەرنامەی کار هەبێت لە لایەن سەرۆکایەتی دیوان بڵاو دەکرێتەوە لە سایتی فەرمی پەرلەمان  ، بۆیە لە دەرەوەی ئەو ڕێوشوێنانە هەر هەوڵێکی دیکە هیچ لێکەوتەی یاسایی و پەیرەوی لێناکەوێتەوە بۆ ئاگاداری بەرێزتان. لەگەڵ رێزدا. رۆژی 2ی ئەم مانگە، خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان یەكەم دانیشتنی خۆی گرێدا، دوای سوێندخواردنی پەرلەمانتاران، سەرۆكی تەمەنی پەرلەمان كە سەربە نەوەی نوێیە بانگەوازی كرد بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، بەڵام نیسابی یاسایی بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پێك نەهات، بۆیە لەوكاتەوە تائێستا دانیشتنەكە بە (كراوەیی) ماوەتەوەو پارتی و یەكێتیی و جوڵانەوەی نەوەی نوێ كە براوەی یەكەم و دووەم و سێیەمی هەڵبژاردنن، لەسەر پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەت نەگەیشتونەتە رێككەوتن. 


درەو: داهاتی بەردەستی حكومەتی هەرێم (761) ملیار دینار پارەی بەغداد (320) ملیار دینار داهاتی ناوخۆ، (20) ملیار دینار پارەی هاوپەیمانان، كۆی گشتی دەكاتە ( ترلیۆنێك و 101 ملیار) دینار كە زیاتر لە (100) ملیار دیناری زیاترە لە خەرجی موچە كە (995) ملیار دینارە، ئەمە سەرەرای پارەی داهاتی نەوت كە بەشی زۆری بۆ كۆمپانیاكانە مانگانە (360) ملیۆن دۆلار واتا (540) ملیار دینارە، رۆژی (18/10/2024) وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان دوایین موچەی دابەشكردووە كە موچەی مانگی ئەیلولی (2024)ە، تا ئێستا كە لە مانگی كانونی یەكەمداین هێشتا موچەی مانگی تشرینی یەكەم و تشرینی دووەم دابەشنەكراوە، لە كاتێكدا موچەخۆرانی عێراق موچەی مانگی تشرین یەكەم و دووەمیشیان وەرگرتووە. حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێستادا پێویستی بە (995) ملیار دیناری مانگانەیە تەنیا بۆ موچەی موچەخۆران، حكومەتی عێراق موچەی مانگی تشرینی یەكەمی ناردووەو بڕەكەی (761 ملیار) دینارەو خراوەتە سەر لقی هەولێری بانكی ناوەندی، بەڵام بەرپرسانی حكومەتی هەرێم ئەو بڕە پارەیەیان وەرنەگرتووەو پێیان وایە (234) ملیاری  تری پێویستە بۆ تەواوكردنی موچە، بە رێژەی ( 24%) كورتهێنانی هەیە، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت هەموو بیانوویەكی بەغدایان بڕێوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند لە پشكی موچە هیچ رەسیدێك نەماوە بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم و هەرێم پابەند نەبووە بە رادەستكردنی گومرگ و داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان. بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت بە داهاتی ناوخۆیی ئەو بڕە كورتهێنانە پڕبكاتەوە. پێشتر وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند داهاتی مانگانەی ناوخۆ (320) ملیار دینارە، كە زیاترە لە بڕی كورتهێنانەكە. ئەمە سەرەرای داهاتی نەوت كە هیچ بڕێكی ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان،رۆژانە لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم نزیكەی (300) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێندرێت، نرخی بەرمیلێك بە (35-41) دۆلار دەفرۆشرێت و بەشی زۆری داهاتەكەی بۆ كۆمپانیاكانە لە بری خەرجی بەرهەمهێنان، كۆی داهاتی رۆژانەی نەوت (12) ملیۆن دۆلار و مانگانە دەكاتە (360) ملیۆن دۆلار واتا (540) ملیار دینار. داهاتەكانی حكمەتی هەرێمی كوردستان مانگانە بۆ مانگی تشرینی یەكەم: •    (761) ملیار دیناری پارەی بەغداد •    (320) ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ •    (20) ملیار دیناری هاوپەیمانان •    كۆی گشتی: ( ترلیۆنێك و 101 ملیۆن) دینار (540) ملیار دینار داهاتی نەوت كە بەشی زۆری داهاتەكەی بۆ كۆمپانیاكانە


درەو:  سوریا لە (14) پارێزگا پێكهاتووەو رووبەرەكەی (185 هەزارو 180) كیلۆمەتر دوجایە ئێستا دابەشبووە بەسەر هێزوو گروپ و دەسەڵاتی بەشار ئەسەددا بەم شێوەیە: •    هەسەدە (كورد) زیاتر لە (40%)ی خاكی سوریای لەژێر دەستدایە و پارێزگاكانی (حەسەكە، رەقە، دێرەزور) كۆی گشتی ئەو سێ پارێزگایە روبەرەكەیان دەكاتە (76،010)كم2 ی لەخاكی سوریا  بەڵام بەشێك لەو پارێزگایانە لەژێر دەستی گروپە چەكدارییەكاندایە بۆیە بە گشتی زیاتر لە (74 هەزار)كم2 خاكی سوریا لەژێر دەستی هەسەدەدایە. •    گروپە چەكداییەكانی سوریا لە ئێستادا  پارێزگاكانی (حەلەب، ئیدلیب، حەما)یان لەژێر دەستدایە كە كۆی گشتی رووبەری ئەو سێ پارێزگایە (33،480)كم2 لە خاكی سوریا بەڵام بەشێك لە شاروشارۆچكەكانی حمس و ناوچەكانی تری لەبەردەستدایە كۆی گشتی ئەو خاكەی لەژێر دەستی گروپە چەكدارییەكاندایە نزیكەی (37 هەزار) كم2 كە دەكاتە (20%)ی خاكی سوریا. •    ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی سوریا (بەشار ئەسەد) كە رۆژ بەرۆژ ناوچەی زاتر لەدەسدەدات بریتیە لە (8) پارێزگا ئەوانی ( دیمەشق، ریفی دیمەشق، حمس، لازقیە، تەرتوس، دەرعا، قونەیتەرە، سوەیدا) كە خۆی گشتی روبەرەكەی دەكاتە (77،184)كم2 خاكی سوریا بەڵام بەشێك لەناوچەكانی حمس و شارەكانی تر لەو پارێزگایانە لەژێر دەستی گروپە چەكدارییەكاندایە بۆیە لە ئێستادا رووبەری ژێر دەسەڵاتی حكومەتی سوریا دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بریتیە لە نزیكەی (74 هەزار) كم2 كە دەكاتە رێژەی (40%)ی تەواوی خاكی سوریا. •    ئەم رووبەرانە رۆژانە گۆڕانكارییان بەسەردا دێت دەسەڵاتی ئەسەد رۆژانە رووبەری دەسەڵاتدارێتی لەدەستدەدات و دەسەڵاتی هەسەدە لەلایەك و گروپە چەكدارییەكانی تر لەلایەكی تر رووبەری خاكی  زیاتر بەدەستدەهێنن و كۆنترۆڵی دەكەن.   نەخشەكە بەدەستكارییەوە وەرگیراوە لە ( nors for studies)  


سەركەوت شەمسەدین/ واشنتۆن - ئەمریکا ئەم پێشهاتە نوێیە ئێستای سوریا بە درێژکراوەی شەری ناوخۆ ئەزانێ لە نێوان “ئۆپۆزسیۆ /نوسرە/تورکیا/بەروی شام” دژی “ئەسەد/ئێران/روسیا”  و هیچ رۆڵێک بۆخۆی نابینێت لەو جەنگە و لە دورەوە تەماشاکەر ئەبێت. - ئەمریکا و هەسەدە رێکەوتنیان هەیە لە شەر دژی داعش “نەک تیرۆر، واتە شەرەکە دژی داعش ەنەک گروپە تیرۆرستیەکانی تر” لە ناوچەیەکی دیاریکراو. ئەو رێکەوتنە بۆ پاراستنی کورد نیە لە تەلرەفعەت و حەلەب، تەنانەت مەنبجیش گەرەنتی نیە، مەزڵوم و هاورێکانی ئەمە باش دەزانن. - ئەمریکا تەنیا لەوکاتە پشتیوانی هەسەدە ئەبێت کە گروپە چەکدارەکانی تەحریری شام یان تەنانەت میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سوریا هەوڵبەن مەترسی لەسەر هیزەکانی ئەمریکا دروستبکەن و بەرەو ناوچەکانی هەسەدە (باکوری رۆژهەڵاتی سوریا) هەنگاو بنێن، ئەو کات روبەوری زەبری کوشندەی ئەمریکا ئەبنەوە، بۆیە لە ئێستادا جۆلانی و گروپەکەی تەنیا شەری ئەسەد ئەکەن، خۆشیان لە شیعە و میلیشیاکانی نزیک ئێران ئەپارێزن، بەڵام هیزی تری دروستکرووی تورکیا هەیە، ئەوان هەوڵەدەن مەنبج و کۆبانێ کۆنترۆڵ بکەن و کورد لە فورات دوربخەنەوە. - ئەمریکا لەمێژە فشار لەهەسەدە ئەکات دێرەزور کۆنترۆڵ بکات، بەتایبەت دەوری فورات زیاتر کۆنترۆڵ بکات و میلیشیاکانی نزیک ئێران لە سنورە دوربخاتەوە ،بەڵام هەسەدە بەهۆی بونی سوپای ئەسەد خۆی لەوە پاراست، بەڵام ئێستا دەرفەتێک هەیە هەسەدە هەردوو بەری فورات کۆنترۆڵبکات و تاکە سنوری فەرمی (بو کەمال) بەدەستی ئەسەد لەگەڵ عێراق بەکەوێتە دەست هەسەدە و ئەمریکا، بۆیە دەرفەت بەس لێرە هەیە هەسەدە پێگەی فراوان بکات. - تورکیا پەلەیەتی هەتا بەر لە هاتنی ترەمپ دۆخێکی نوێ لە سوریا بخولقێنێ، ئەمریکا و ئێران و ئیسرائیل بە دۆخی سوریاوە سەرقاڵ بکات. - ئێران لەرێگەی عێراق و خۆشی راستەوخۆ پەیامی ناردووە  بۆ ئۆردوگان، کە ئەگەر ئەسەد بکەوێت ئەوە سنوری  تورکیا هیچ ئارامییەک بەخۆیەوە نابینێت و لە دۆخەی سوریا خراپتر، رون نیە کام سنور بەڵام باسێک هەیە لە بەکارهینانی “کورد” و بەهێزکردنیان دژی تورکیا. - ئەسەد بەدەستی ئەحراری شام ناکەوێت (لاواز ئەبێت) بەڵام رەنگە لە ناوخۆ شێوە ئینقلابێک بکرێت و دۆخێکی نوێ بێتە ئاراوە کە دەرفەت بە  گفوگۆی سەردەمێکی نوێ بدات لە سوریا. - سەردەمی نوێ لە سوریا بریتیە لە کۆتای هاتنی عروبە و سەرەتای نیزامێکی ئیسلامی-سونی ئەبێت لە سوریا، کە  رەنگە دیمەشق پایتەختەکەی نەبێت. - عێراق لە باشترین دۆخی سیاسی وئابوری و ئەمنی خۆیدایە کە دوای شەری کەنداو، بۆیە عێراق ئەستەمە خۆی لە شەری سوریا بگڵینێ، رەنگە هەوڵبدات هەندێ ناوچەی ستراتیژی سنورەکەی لەگەڵ سوریا کۆنترۆڵ بکات هاوشێوەی تورکیا، بەڵام ئەوەش سنوردار ئەبێت.


درەو: لوقمان حەوێز ئەندامی کۆمەڵەی گەردونناسی تکساس  ئەو کلکـە هەڵمیـانە Vapor.Trails چیـن لە دوای تـوربۆی فڕۆکەکانـەوە جـار جـارە لە ئاسـمانی کوردسـتان دەبینـرێن..؟ ڕاسـتی و دروسـتی ئەم بابەتە چـیە..؟ سـوتەمەنی فڕۆکەکان وەکو سوتەمەنیەکانی تر لە ماددەی هایدرۆکاربۆنی (نەوتی) پێک دێن، پێکهاتەی سەرەکی ئەو سوتەمەنیانە بریتین لە کاربۆن و ئۆکسجین و هایدرۆجین، کاتێک دەسوتێت تەنیا گەرمی و دوو بەرهەمی تری سەرەکی دروست دەکات، دوو بەرهەمەکەش هەڵمی ئاو و گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنە، ئەو کلکە هەڵمیانەی لە دوای فڕۆکەکانەوە دەیانبینین هەڵمی ئاوە یەکسەر دەبێتە هەور ئەگەر دۆخی ئەتمۆسفیر گونجاو بوو و فڕۆکەکە لە بەرزایی نزیکەی 8000 مەتر یان هەندێک زیاتر بوو لە ئاستی دەریاوە... کاتێک ئەو هەڵمە لە توربۆی فڕۆکەکەوە دەردەچێت بەهۆی ئەوەی هەڵمەکە گەرمە ئەگەر هەوای دەوروبەری ئەو بەرزاییە زۆر سارد و وشک بێت یەکسەر هەڵمەکە دەبێتە کریستاڵی بەفرینی و بەچاو نابینرێت، بەڵام ئەگەر هەوای ئەو بەرزاییە وشک نەبوو و زۆر ساردیش نەبوو هەروەها ڕێژەیەکی دیاریکراو لە شێ هەبوو تیایدا ئەوا هەڵمەکە یەکسەر دەبێتە هەور و بۆ دیدی ئێمە لەسەر زەوی وەکو کلکی هەڵمی بەدوای فڕۆکەکەوە دەردەکەوێت و لەوانەیە بۆ چەند کاتژمێرێک بمێنێتەوە و خۆی وەک هەور بنوێنێت، ئەمە لەڕووی زانستیەوە وەکو هەموو ئەو هەڵمەی ترە کە لە دەریا و زەریاکانەوە بەرز دەبنەوە و کاتێک دەگەنە چینێکی دیاری کراو لە هەوای سارد هەڵمەکە دەگۆڕێت بۆ هەور... نەوەک هەر بێ زیانن ئەو کلکە هەڵمیانە بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەو کلکانەی لە توربۆی فڕۆکەکانەوە دروست دەبن جگە لە بەخشینی جوانیەک بە ئاسمان بە تایبەتی لەکاتی خۆر ئاوا بوون یان خۆر هەڵاتن هیچ زیان و کاریگەریەکیان نیە لەسەر بەرگە هەوا، تەنیا گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن نەبێت کە زۆر بوونی ڕێژەکەی لە هەوا بۆتە هۆی دروستبوونی دیاردەی قەتیس بوونی گەرمی لە بەرگە هەوای گۆی زەوی و دوا جار تا ڕادەیەک بۆتە سەرهەڵدانی دیاردەی گەرمبوونی گۆی زەوی، باس کردن لە بڵاوکردنەوە و ڕژاندنی ماددەی کیمیاییش لە ڕێگەی ئەو هەڵمەی لە فڕۆکەکانەوە دەردەچێت لەو فڕۆکانەوە جگە لە تیۆرێکی پیلانگێڕی و درۆیەک یان هەواڵێکی هەڵبەستراو زیاتر هیچی تر نیە و وردەکاری ئەو بابەتەشم لە ڕێگەی بەستەرێک لە کۆمێنت داناوە، تەحەدای هەر کەسێک دەکەم ئەگەر سەرچاوەیەکی زانستی یان ڕەسەن لە هەر دامەزراوەیەکی زانستی لە جیهان باسی لەوە کردبێت کە ئەو کلکە هەڵمیانە ماددە و گازی ژەهراوی بن بەمەبەست بڵاوبکرێنەوە یان بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی هەورەکان وبردن و بەلاڕێدا بردنیان بێت، وەکو وتم ئەوە تەنیا قسەکانی گڕوپەکانی تیۆرەکانی پیلانگێڕیە کە هیچ بنەمایەکی ڕاستیان تێدا نیە...  دیاردەی چاندنی هەور یان پیتاندنی هەوریش بۆ زۆرکردنی ئەگەری باران بارین لە هەندێک جۆر لە هەور بابەتێکی ترە و ئەوە لە ڕێگەی فڕۆکەی تایبەتی دەکرێت و پەیوەندی بەو کلکە هەڵمیانەوە نیە، لەو دۆخەدا بە زۆری چەند ئاوێنەیەک دەکرێنە نێو هەورەکان لەوانە AgI یۆدیدی زیو،  Solid.Co2 دڕای ئایس، یان خوێ NaCl، ئەو دیاردەیە ئەسڵەن کلکی هەڵمی دروست ناکات و هەتا ئەو ئاوێتانە لەسەر زەویەوە بە چاویش ئەستەمە ببینرێن لەکاتی ڕژاندنیان بەنێو هەورەکان...  بۆ زانیاریتان لە هەموو کاتێدا بە بەردەوامی بە شەو و ڕۆژ پتر لە 5000 فڕۆکەی بازرگانی و گەشتیاری بە ئاسمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوەیە و هەمان ئەو سوتەمەنیانە دەسوتێنن کە فڕۆکەکانی سەر شارەکان و ناوچەکانی کوردستان دەیسوتێنن...  ئەو کلکە هەڵمیانەی لەم چەند ڕۆژەی دوایشدا بەشێوەی بازنەیی دەرکەوتوون لەسەر ئاسمانی ناوچەکانی کوردستان پێم وایە هـی دڕۆن و فڕۆکەی سەربازین کاری چاودێریکردن و گرتنی وێنە و ڤیدیۆ بە ڕێزۆڵیوشنی بەرز دەکەن، بۆ ئەوەی بەخێرایی بەسەر ناوچەکەدا تێنەپەڕن و وردەکاری تەواو کۆبکەنەوە بۆیە بەشێوەی بازنەیی دەسوڕێنەوە و دەفڕن...


هاوڕێ تۆفیق پاش گفتوگۆیەکی دوور و درێژ لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ ، هەردوولا لە ماوەی رابردوو ڕێکەوتن کە هەرێم دەستبکاتەوە بە بەرهەم هێنانەوەی نەوت و فرۆشینی لەرێگای( کۆمپانیای سۆمۆ )وە، بۆ تێچوی هەر بەرمیل نەوتێک بەشێوەیەکی کاتیی برێ ١٦ دۆلاری ئەمریکی بۆ تەرخان دەکرێت،  بەهەمان شێوە بەگوێرەی بریاری پێشووتری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە(٢٤٨٥٧) لە بەرواری ٢٠٢٤/١١/٥ هەردوو حکومەت پێکەوە پێویستە لە ماوەی دوو مانگدا کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی راوێژکاری هەڵبژێرن کە نرخاندنی تێچووی بەرمیلێک نەوتیان بۆ دیاری بکات . ئەو کاتە، ئەبێ هەردوو حکومەت بەو نرخە تازەیەوە پابەندبن. بەو پێیەی لە ناو قانونی بودجەدا نرخی تێچوی هەر بەرمیل نەوتێک ،هاوشێوەی نرخی تێچوی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوتی فیدراڵە. بۆ مەبەستی جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنە  پێویستە قانونی بودجە هەموار بکرێتەوە، حکومەتی فیدراڵ پرۆژە یاسای هەموارکردنەکەی ناردوە بۆ پەرلەمان و ئەوانیش خوێندنەوەی یەکەمی یاساییان بۆیکردوە ،بەپێی خشتەی دانیشتنی پەرلەمان ،سبەینێ  لە کارنامەدا هاتوە هەتاوەکو   خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکەن، پاشان لە دانیشتنێکی تردا دەنگدانی لەسەر دەکرێ. ئەگەر ئەم کارە بکرێ ، گرێ گوێرەیەکی داخراو ئەکرێتەوەو ئاسۆیەکی روون بۆ باشکردنی توانای دارایی هەرێم هەڵدێت.  


درەو: بەشی راپرسی لە دامەزراوەی میدیایی درەو لە دوای ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن و بۆ وەرگرتنی رای خەڵكی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن و پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان راپرسیەكی ئەنجامداوە، كە لێرەدا بەشێك لەو راپرسیە بڵاو دەكاتەوە، (بەشی راپرسی درەو) لە كاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن (5) راپرسی لەناو خەڵكی ئەنجامداو بۆ حزب و لایەنە سیاسیەكان و كۆمپانیاكان، لە ئێستاشدا بەشی راپرسی درەو بەردەوامە لە ئەنجامدانی راپرسی لەسەر پرسەكانی رۆژ و پرسە ئابوری و بازرگانی و كۆمەڵایەتی و سیاسیەكان.   بەشێك لە راپرسیەكەی درەو                    


(درەو): (بەخودای گەورە سوێنددەخۆم، كە بەرژەوەندی گەلی كوردستان و یەكێتی گەل و شكۆو ماف و ئازادییەكانی هاوڵاتیان و سامانی گشتیی بپارێزم و ئەركی ئەندامیەتیی بەڕاستیی و دڵسۆزییەوە جێبەجێ بكەم) سبەینێ كاندیدە هەڵبژێردراوەكانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كە ژمارەیان (100) كەسە، ئەم سوێندە دەخۆن و ئیتر لەدوای سوێندەكەوە دەبن بە ئەندامی پەرلەمان و هەموو ئەرك و مافێكی ئەندامێتییان دەكەوێتەسەر هەر پەرلەمانتارێك (8) ملیۆن و (3) پاسەوان و خانوو یان شوقەیەك وەردەگرێت. بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، ئەگەر كاندیدێكی هەڵبژێردراو (بەبێ پاساوی رەوا) لەماوەی دانیشتنی یەكەمەوە تاوەكو 30 رۆژ ئەم سوێندە نەخوات، ئەوا ئیتر مافی سوێندخواردنی نامێنێت، واتا نابێت بە پەرلەمانتار. مافەكانی پەرلەمنتاری كوردستان •    دوای تەواوبوونی خۆی پەرلەمان بۆی هەیە بگەڕێتەوە بۆ وەزیفەو سەرپشكە لەوەی موچەی خانەنشینی پەرلەمان یاخود موچەكەی تری وەربگرێت، بەپێی یاسای چاكسازی دەتوانێت موچەی خانەنشینی پەرلەمان رەتبكاتەوەو وەرینەگرێت. •    ماوەی ئەندامێتییەكەی (4 ساڵی پەرلەمانتاربوون) بۆ مەبەستی سەرەموچەو پلەبەرزكردنەوە (ترقیە)و خانەنشینیی هەژمار دەكرێت. •    لە هەر وەرزێكی یاساداناندا مافی 15 رۆژ مۆڵەتی هەیە، بەسەریەكەوە بێت یاخود پچڕ پچڕ. •    پەرلەمانتار دەتوانێت مۆڵەتی نەخۆشیی بەپێی رێكارەكان وەربگرێت. •    پەرلەمانتار ئەگەر لەكاتی پەرلەمانتاریدا كۆچی دوایی بكات، موچەی خانەنشینیی بۆ میراتگرەكانی تەرخان دەكرێت. •    فراكسیۆن یاخود ئەندام ئەگەر لەبەر هەڵوێستێكك بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمان بكات، بەئامادەنەبوو هەژمار ناكرێن. •    هەریەكە لە دەستەی سەرۆكایەتیی و ئەندامانی پەرلەمان موچەو دەرماڵەی مانگانە وەردەگرن. موچەی دەستەی سەرۆكایەتیی و پەرلەمانتاران •    (100) پەرلەمانتار لە سبەینێوە موچە وەردەگرن. •    موچەی پەرلەمانتارێك (8 ملیۆن و 83 هەزار ) دینارە •    موچەی (100) پەرلەمانتار دەكاتە (808 ملیۆن) دیناری مانگانە. •    هەر پەرلەمانتارێك شوقەیەك لە پاك سیتی یان خانوویەك لە گوندی ئیتالی یەك وەردەگرێت بۆ چوار ساڵی پەرلەمانتاری. •    هەرپەرلەمانتارێك سایەقێك و دوو پاسەوانی بۆ دابین دەكرێت. ئەركەكانی پەرلەمانتار •    ئامادەبوون لە دانیشتنەكانی پەرلەمان، ئەگەر بەبێ هۆیەكی رەوا ئامادەی دانیشتنەكان نەبوو، سەرۆكی پەرلەمان بە نوسین سەرەنجی رادەكێشێ، ئەگەر ئامادەنەبوونی دووبارەبووەوە 5%ی موچەكەی لە هەر دانیشتنێك كە ئامادە نەبێ دەبڕێت، سەرباری پارە بڕین ئەگەر سێ دانیشتنی یەك لەدوای یەك یاخود 5 دانیشتنی پچڕ پچڕ ئامادە نەبێت، ئامادەنەبوونەكەی لە سایتی پەرلەمان بۆ بڵاودەكرێتەوە، خۆ ئەگەر ئامادەنەبوون هەر بەردەوام بێ، سەرۆكی پەرلەمان بابەتەكە بخاتە بەردەم پەرلەمان و پەرلەمان متمانە لەو ئەندامە وەربگرێتەوە. •    لە رۆژی سوێندخواردنەوە وەكو پەرلەمانتار، ئەندام بە دەستلەكاركێشاوە لە كارەكەی پێشووی دادەنرێت و پێویستە پەیوەندی بە كاری پێشووی خۆیەوە ببڕێت و خۆی بۆ پەرلەمانتاری تەرخان بكات. •    پەرلەمانتار لەماوەی كارەكەیدا نابێت خۆی یان لەرێگەی كەسانی ترەوە گرێبەست لەگەڵ پەرلەمان یاخود حكومەت بكات، نابێ سیفەتی ئەندامێتیی پەرلەمان بقۆزێتەوە بۆ كاری بازرگانیی و دارایی. •    نابێت پەرلەمانتار دەست لە كاروبارەكانی هەریەك لە دەسەڵاتەكانی (دادوەریی) و (جێبەجێكردن) وەربدات، تەنها لە چوارچێوەی پسپۆڕیەتی یاسادانان و چاودێریی نەبێت. •    نابێت پەرلەمانتار كۆكردنەوە بكات لەنێوان ئەندامێتیی پەرلەمان و ئەندامێتیی ئەنجومەنێكی دیكە لە ئەنجومەنی هەڵبژێردراوەكان. •    ئەگەر پەرلەمانتار پۆستی وزاری وەرگرت، بە دەستلەكاركێشاوە لە ئەندامێتیی پەرلەمان هەژمار دەكرێت. پەرلەمانتارو پارێزبەندیی جگە لەو مافانەی كە دوای سوێندخواردن وەریدەگرێت، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان (پارێزبەندیی) وەردەگرێت. پارێزبەندیی بەمشێوەیە: •    لەرۆژی سوێندخواردنەوە، پەرلەمانتار پارێزبەندیی پەرلەمانیی دەبێت و ناتوانێ بەبێ مۆڵەتی پەرلەمان تەنازولی لێ بكات. •    پەرلەمانتار ئازادی ئاخاوتن و رادەربڕینی تەواوی هەیە لەكاتی ئەنجامدانی كاری پەرلەمانیدا، بەڵام دەبێت رەچاوی رێزگرتن لە دامەزراوە دەستورییەكانی هەرێم بكات. •    بەبێ مۆڵەتی پێشوەختەی پەرلەمان، پەرلەمانتار راوەدوو (ملاحقە)و لێكۆڵینەوەی لەگەڵ ناكرێت، نابێ ماڵ و نوسینگەكەی پشكنینی بۆ بكرێت یاخود دەستگیر بكرێت، تەنیا لەو حاڵەتەدا نەبێت كە تاوانێكی بینراوی ئەنجام دابێت. •    هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر پەرلەمانتار بە دەنگی زۆرینەی ئامادەبووانی دانیشتنی پەرلەمان دەبێت.  


مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) ناوچەکە بە قۆناغێکی مێژووی هێجگار سەخت و پر لە کارەسات و ئەگەری کارەساتی گەورەتردا، تێدەپەڕێت. سەیری هەر بەشێکی دەکەیت، چەندان هێزی ناشیرین و ترسناک و خوێناوی، هێزی دژ بە مرۆڤ و دژ بە ژیان، دەبینین. شتێک بەناوی هێزی بەرگریکەر لە مرۆڤ و لە ماف و لە ژیان نادۆزینەوە. ئەوانەی کە هەن و کاەردەکەن، باس لە بەرگریکردن لە دین و لە خودا و لە خاک، باس لە بەرگریی لە ئیمان و لە موقەدەسات دەکەن. «ھیئە تحریر الشام» لەماوی ٤ رۆژی رابردوودا نزیکەی ٢ ھەزار کیلۆمەتر دووجای خاکی سوریای کۆنترۆڵ کردوە و لە ئەستاشدا هیچ ئاماژەیەک لە ئارادانییە، نیشانیبدات لە چ لە خاڵێکدا دەکشێت دۆخەکە هێمنبکرێتەوە و ئەم شەپۆلە تازەیە لە پەلاماردان، بوەستێنرێت. هەموو ئەمانە لەناوچەیەکدا پڕ لە پیلان و ململانێی جیۆپۆلیتیکی سەخت و ملشکێن کە چەندان گەمەکەری گەورە لەناویدا چالاکانە کاردەکەن، لەوانەش تورکیا و ئێران و ئیسرائیل، ئینجا روسیا و ئەمریکا. ئەوەی کۆی ئەو ململانێیانە ئاراستەدەکات هەیمەنە و دەستگرتنە بەسەر کۆی ناوچەکە و سەپاندنی ئیملای سیاسییە بەسەر ئەو لایەنایەدا کە لەم ململانەیەدا دەدۆڕێن. ئەوەیشی لێرەدا ژێر پێنراوە چەمکی «سەروەریی» ە کە چەمکی ژمارەیەک و سەرەکیی رێکخستنی پەیوەندیی نێوان دەوڵەتەکانە. بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە سوپایەکی دینیی سەلەفی جیهادی پڕ لە ڕق و تەماحی دینیی، بە پاڵپشتی ئیخوانییەکی وەک ئەردۆگان، پەلاماری حەڵەب و ئیدلیب و حەما و ناوچەکانی تری سوریا ئەدات. ئەوەی ئەم هەزە بیەوێت دەیکوژێت و ئەوەی بخوازێت، دەیڕوخێنێت. کەسانێکی زۆری بێتاوانیش هەن ئەم هێزە سەلەفییە جیهادییە بیەوێت بیانکوژێت و زۆرشتیش هەیە بیەوێت بیروخێنێت. لە ئاسمانیشەوە پەلاماری فرۆکەکان دەبینین کە بەدوای خۆیاندا خوێنێکی زیاتر و زیاتر دەرێژن. شەپۆلی تازەی هەڵاتن و ڕاکردن و بێماڵکەوتنیش، خێمەی زیاتر و کەمپی پەناهەندەی هەڵاتوانی تریش، دێتەپێشەوە.   یەکێک لە پرسیارەکان ئەوەیە ئایا، بۆ نموونە، شارێکی وەک حەڵەب کە نزیکەی ٤ ملیۆن مرۆڤی تێدادەژیی چی لێدێت؟ چۆن بەڕێوەدەبرێت؟ پێداویستییە ئینسانییە ھەرە سەرەتاییەکانی ناوی چۆن دابیندەکرێت؟ چۆن لانی هەرەکەمی ئاشتیی و ئارامیی لەناویدا دەپارێزرێت، چۆن سیستمی تەندروستیی و خوێندن و فێربوون لەناویدا کاردەت، چی لە ئابوریی شارەکە دەکرێت؟ وەڵامدانەی پۆزەتیڤی هەموو ئەم پرسیارانە پێویستیان بە دەوڵەت ھەیە بۆ دابینکردنی لانی هەرە کەم و هەرە سادەیان. دەوڵەت، وەک غائیبێکی گەورەی ناو دۆخەکە. ئەو هێزەی ئێستا حەڵەب و شوێنەکانی تری کەوتۆتە ژێردەست «ھیئە تحریر الشام»ە، کە ھێزێکی سەلەفی جیھادییە و هەمان دیدگای ئەلقاعیدە و داعشی بۆ کۆمەڵگا و مرۆڤ و دین و حوکمڕانیی هەیە. هێزێکی بێڕادە توندوتیژ و داخراو، دژ بە هەر کەس و دید و روانینێک لە خۆی نەچێت، لەناوبردنی هەرشتێکیش ئەو چەند کەسەی ئەو هێزە، بەڕێوەدەبەن. ئەو هێزانەیش کە لەناو «ھیئە تحریر الشام»دا کۆبوونەتەوە،  بریتین لە «جەبھەی نوسرە» و «جەبھەی ئەنساری دین» و «جەیشی سونە» و «لیوای حەق» و ھتد… هەر بە ناوەکانیاندا دیارە ئێمە لە بەردەم چ جۆرە هێزێک و چ ئەگەرێکی گەورەی بەربەریەتی دینیی و چ دیدگایەکی سیاسیی داخراو و روانینێکی فەرهەنگی وێرانکەرداین. وەک ووتم ئەم هێزانە لە رووی دینیی و ئایدیۆلۆژییەوە ھەڵگری ھەمان دیدگا و ئایدیۆلۆژیای رێکخراوی ئەل قاعیدە و داعشن. دەیانەوێت سوریا و هەر شوێنێکی تر بکەوێتە ژێردەستیان، بگۆرن بۆ «ئیمارەتێکی ئیسلامی» لە سەر مۆدێلی داعش و تاڵەبان. ئەوەی لەمەیشدا غائیبی ژمارە یەکە، بیرۆکەی دەوڵەت و ھاوڵاتیی و پێکەوەژیان و رێزگرتنی جیاوازیی و گرێبەستی کۆمەڵایەتییە، کە هەم مرۆڤەکان وەک مرۆڤی یەکسانی خاوەن ماف و هەم ژیان خۆیشی وەک پێدراوێکی پیرۆز، مامەڵەبکات. ئەوەی لەپاڵ هێزێکی وەک «ھیئە تحریر الشام»دا بە شێوەیەکی بەرفروان و هەمەلایەن ئامادەیە، رقی دینییە. ڕقێکی دینیی کە ئامادەیە تا ئاستی خنکاندنی هەمووشتێک بڕوات کە ئەو دیدگا دینییە وەک نەشیاو و قبووڵنەکراو بیبینێت. ڕقی دینیی تەنھا هەر ڕق نییە بە تەنھا، ھەستێک نییە لە ساتەوەختێکی تایبەتدا وەک دەرەنجامی بەریەکەوتنێکی کاتی لەگەڵ نادین، یان دژە دیندا، دروستببێت. رقی دینیی بەشێکی گەورەی مێژووی ڕقە لە جیهاندا، زۆر زیاترە لەوەی تەنها بەرھەمی ئەو دۆخە کاتیی و سادەیە بێت، کە بکەرە دینییەکان لەناویدا، ئامادەن. رقی دینیی ڕقێکی دەزگایی ڕێکخراو و بە سیستامتیک کراوە، لەناو کتێب و مەزهەب و کەلەپوری دێرینی ئەم یان ئەو خوێندەوار و فیرقە و تائیفەی دینییەوە دێت ولە ئەستاشدا چەندەها دەزگا و پارت و ماشێنی میدیایی درێژەی پێئەدات و بەهێزی دەکات. رقی دینیی بەشێکە لە چۆنیەتی ئیشکردنی رێکخراوی ستەمگەرانی بواری دین لە کۆمەڵگادا. رق لەم دۆخانەدا وەک گوتارێکی ھاوشان بە دینداریی و وەک بەشێکی ناوەکیی و دانەبڕاویش لە خودی دینداریی خۆی، کاردەکات. سیاسەتی ڕق بەشێکی دانەبڕاوە لەو جۆرە لە دینداریی کە لەلایەن ئەم بەشە ھەرە داخراو و ھەرە سەلەفیی و ھەرە ترسناکەوە، هەڵگیراوە. شوناسی ئەوانەیش کە ڕقە دینییەکەیان ڕووبەڕوو دەکرێتەوە، ئەوانەی وەک دوژمنی دینەکە سەیردەکرێن، شوناسێکی سنووردار و کۆنکریت و دەستنیشانکراو نییە، بەڵکو شوناسێکی کراوەیە بۆ هەموو ئەوانەی ئەو رقە دینییەیان ئاراستەدەکرێت و بەردەکەوێت. لە پەیوەندیدا بە کوردانی رۆژئاواوە رقی «ھیئە تحریر الشام» هەم رقێکی دینیی و ئایدیۆلۆژییە، هەم رقێکی ناسیۆنالیستییە، هەم رقێکی جیۆپۆلەتیکی. هەموومان دەزانین ئەوانەی «ھیئە تحریر الشام» هاریکاریی دەکەن و دەجوڵێنن و ئاراستەدەکەن، دەوڵەتی تورکیایە. دەوڵەتێکی کە لە ئێستادا شوێنی کۆبوونەوەی رقى ناسیۆنالیستیی و رقى دینییە لە هەرشتێک پەیوەندی بە کورد و کوردبوونەوە هەبێت. وەکچۆن بەرجەستەکەری رقێکی جیۆپۆلیتیکییە کە لەسەرێکەوە پەیوەندیی بە مەسەلەی کوردەوە هەیە، لەسەرێکی دیکەوە بە بوونی زیاد لە گەمەکەرێکی ئیقلیمی بەهێزی تر.    


(درەو): "16 دۆلارەكە رێككەوتنی سەرەتاییە، هەرێمی كوردستان بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك داوای 22 دۆلاری دەكرد" نوێنەری وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ بۆ ئەوەی پەرلەمانتاران هێوربكاتەوە بەمشێوەیە قسەی كرد.  لەبارەی هەمواری ماددەی 12ی یاسای بودجەی گشتیی كە تایبەتە لە نرخی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق میوانداری (باسم محەمەد خزەیر) بریكاری وەزارەتی نەوت بۆ كاروباری دەرهێنانی نەوت و (سلام حەمدان داغر) بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی یاسایی و (عەلا یاسری) بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ئابوریی و (خزەیر عەباس) بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)ی كرد. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لیژنەی دارایی سەرقاڵی ئامادەكردنی راپۆرتی خۆیەتی تایبەت بە هەمواری بودجە، لەچوارچێوەی راپۆرتەكەدا پێویستە وەزارەتی پەیوەندیدار كە وەزارەتی نەوتی فیدراڵە زانیاری تەواو بخاتەڕوو سەبارەت بە چۆنیەتی رێككەوتن لەنێوان هەرێم و بەغداد لەسەر هەمواری یاسای بودجە هەروەها ئەو بڕەی پارەی كە دیاریكراوە لەگەڵ ئەو كۆمپانیایەی كە لە داهاتوودا دەستنیشان دەكرێت بۆ ئەوەی خەمڵاندن بكات بۆ تێچووی نەوتی هەرێمی كوردستان. "بۆ ئەوەی لە رۆژانی داهاتوودا راپۆرتی خۆی پێشكەشی ئەنجومەنی نوێنەران بكات، لیژنەی دارایی پێویستی بە هەموو وردەكارییەكان هەیە كە لە ناوەڕۆكی دەقی هەمواری یاسای بودجەدا هەن، ئەمە بۆ ئەوەیە دوای خوێندنەوەی دووەم هەموارەكە ئامادەبێت بۆ دەنگدان" نەرمین مەعروف وا دەڵێ:  لە كۆبوونەوەكەدا مشتومڕ دروستبوو لەبارەی ئەو 16 دۆلارەی كە لە هەمواری یاسای بودجەدا وەكو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك نەوتی كوردستان دیاریكراوە، تا ئەوكاتەی كۆمپانیایەكی بیانی خەمڵاندن بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت دەكات لە هەر كێڵگەیەك. بەقسەی نەرمین مەعروف، لە كۆبوونەوەكەدا نوێنەری وەزارەتی نەوتی عێراق باسی لەوەكردووە، لەماوەی رابردوودا لە ئەنجامی دانوستانەكانی نێوان هەرێم و بەغداد گەیشتونەتە ئەم رێككەوتنە سەرەتاییە، بەتایبەتی بابەتی بابەتی دیاریكردنی بڕی 16 دۆلار بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك نەوتی كوردستان، هەرێمی كوردستان دوای 22 دۆلاری كردووە بۆ بەرهەمهێنانی یەك بەرمیل نەوت. هەمواری مادەی 12/دووەم/ ج لە یاسای بودجەی سێ ساڵەی فیدڕاڵی، تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم، تێیدا لەبری (6 دۆلار)، بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك لە نەوتی هەرێم بڕی (16 دۆلار) دیاریكراوە، ئەمە تا ئەوكاتەی لەماوەی 60 رۆژدا کۆمپانیایەکی پسپۆری نێودەوڵەتی؛ خەمڵاندنێکی راستەقینەو دادپەروەرانە دەکات بۆ تێچووی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم و لەسەر ئەم بنەمایە نرخێكی نوێ دەچەسپێندرێت.  ئەم هەموارە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە پەسەندكراوەو رەوانەی پەرلەمان كراوە، رۆژی 26ی ئەم مانگە پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ هەموارەكە كرد، بڕیارە رۆژی پێنج شەممەی ئەم هەفتەیە خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكرێت. لەدوای راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم لە 25ی ئازاری 2023وە، یەكێك لە ناكۆكییە سەرەكییەكانی نێوان هەولێرو بەغداد بریتی بوو لە نرخی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت، كە لە یاسای بودجەی عێراقدا بڕی 6 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك دیاری كرابوو، حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا بیانییەكان بەم نرخە قایل نەبوون.  لەسەر بنەمای ئەم رێككەوتنەو هەمواری یاسای بودجە، وەكو كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم بە وەكالەت دەڵێ، پێشبینی دەكرێت لەسەرەتای ساڵی ئایندەوە هەناردەی نەوتی هەرێم بە بۆری بۆ بەندەری جەیهانی توركیا دەستپێبكاتەوە.


درەو: پارتی دەیەوێت سەرۆكی حكومەت و هەرێم بەرێت و سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكان بۆ یەكێتی بێت, یەكێتی چاوی لە سەرۆكی هەرێمەو سەرۆكی پەرلەمان رەت دەكاتەوە. وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سلێمانی كۆدەبنەوە, لەسەر پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان, گفتوگۆی سەرەكی ئەمڕۆ لەسەر كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان و دیاریكردنی سەرۆك و جێگرو سكرتێری پەرلەمانە لەیەكەم دانیشتندا. (درەو) زانیویەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بەو ئاراستەیە گفتوگۆ دەكات كە سەرۆكی حكومەت بۆ مەسرور بارزانیەو لای پارتی دەبێت سەرۆكی هەرێمیش بۆ نێچیرڤان بارزانی دەبێت و جێگرانی بۆ یەكێتی و سەرۆكی پەرلەمانیش دەداتە یەكێتیو پارتی دەیەوێت لەیەكەم دانیشتنی پەرلەمانی كوردستاندا كە رۆژی 2ی مانگ بەرێوە دەچێت سەرۆك و جێگر و سكرتێری پەرلەمان هەڵبژێردرێنو ئەگەر یەكێتی ئامادەنەبوو بەو پرۆسەیە ئەوا پارتی دیموكراتی كوردستان لەیەكەم دانیشتندا سەرۆكی پەرلەمان هەڵدەبژێرێت  كە (د. ڤالا فەرید) ەو بەشێوەی كاتی هەتا رێككەوتن دەكرێت, سكرتێری پەرلەمان هەڵدەبژێرێت (مونا قەهوەچی)یە, بە شێوە . بە پێی بە دواداچوونەكانی (درەو) یەكێتی چەند سیناریۆیەكی ئامادەكردووە بۆ گفتوگۆ, لەیەكەم سیناریۆدا داوای سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەكات و دەیەوێت كۆی پرۆسەی سیاسی لە هەرێم بە پۆستەكانیشەوە بكاتە یەك پاكێج, بەڵام یەكێتی تموحی لە سەرۆكی هەرێمدایە بەو پێیەی بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) قوباد تاڵەبانی چی دیكە جێگری سەرۆكی حكومەت یان هەرێم وەرناگرێت و دەیەوێت یەكێك لە پۆستە باڵاكان وەربگرێت, (درەو) زانیویەتی یەكێتی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی ناوێت بۆیە لە نێوان رەتكردنەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و پۆستی سەرۆكی حكومەتدا چاوەڕوان دەكرێت پۆستی سەرۆكی هەرێم بدرێتە یەكێتی, لەبەرامبەر سەرۆكی پەرلەمانیش یەكێتی چەند وەزارەتێكی گرنگ وەربگرێت لەگەڵ جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان. واتا پۆستەكان لە نێوان یەكێتی و پارتی بەم شێوەیە دەبێت: -    سەرۆكی حكومەت بۆ پارتی جێگر بۆ یەكێتی -    سەرۆكی هەرێم بۆ یەكێتی جێگر بۆ پارتی و ئەگەر لایەنی ئۆپۆزسیۆن بەشدار بێت جێگرێكیش بۆ ئۆپۆزسیۆن. -    سەرۆكی پەرلەمان بۆ پارتی و جێگر بۆ یەكێتی.   تا ئێستا یەكگرتوو هەڵوێست بڕیاری یەكلاكەرەوەیان داوە بەشداری كابینەی دەیەم ناكەن، نەوەی نوێ داوای سەرۆكی حكومەت یان سەرجەم وەزارەتەكان دەكاتو بەرەی گەل خۆی یەكلا نەكردووەتەوەو هاوپەیمانی خۆی یەكلاكردووەتەوەو بەشداری كابینەی دەیەم دەكات, كۆمەڵ بەشداری پەرلەمان و حكومەت ناكات, پێكهاتەكان پێنج كورسیە دوو كورسی نزیكە لە یەكێتی و سێ ئەندامیان نزیكن لە پارتی و بەشداری كابینەی دەیەم دەكەن و لە پەرلەمانیش بەشدار دەبن  


ئەمڕۆ لە شاری لاهای هۆڵەندا لە چوارچێوە كارەكانی (CSP29)مین كۆنگرەی ساڵانەی وڵاتانی ئەندامی رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی( OPCW  ) فیلمێكی بەڵگەنامەیی دامەزراوەی میدیایی درەو) نمایشكرا , لە كۆنگرەكەدا باڵیۆزو نوێنەری (196) وڵاتی جیهان بەشداربوون و لە ماوەی پێنج رۆژدا وتاریان پێشكەركرد ساڵانە لە رۆژانی (25 -29)ی 11 بەردەوام دەبێت. فیلمی بەڵگەنامەیی (گۆپتەپە) كە باس لە كیمیابارن و ئەنفالكردنی گوندی (گۆپتەپە) دەكات لە چوارچێوەی قۆناغی چوارەمی ئەنفال لە 3ی ئایاری 1988. ئەم فیلمە بەڵگەنامەیی (گۆپتەپە) كە باس لە كیمیاباران و ئەنفالكردنی خەڵكی گۆپتەپە دەكات، لە فیلمە بەڵگەنامەییەكەدا مامۆستا (فەرهاد لەتیف) كاركتەری سەرەكیەو (22) كەس لە خێزان و بنەماڵەكەی شەهید بوون. لە كاتی نمایشی فیلمە بەڵگەنامەییەكە بەرپرسانی (OPCW ) بەشدارییانكرد و داوایانكرد زیاتر قوربانیانی كیمیابارانی ناوچە جیاوازەكانی كوردستان بە جیهان بناسرێت لە رێگای فیلم و بەڵگە فیلمەكانەوە.     (دامەزراوەی میدیایی درەو) لە ساڵانی داهاتوو بەڵگە فیلمی دۆكیۆمێنتەری لەسەر كیمیابارانی ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان دەباتە لاهای. بەڵگە فیلمی (GOPTAPA) بەرهەمی دامەزراوەی میدیایی درەو نوسین و دەرهێنان: هەڵمەت عەلی وێنەگرتن: هاوتا عومەر ئیدیت: میران قارەمان      


(درەو):  بۆ رێگریكردن لە قاچاخچێتی مرۆڤ و ماددە هۆشبەرەكان و پرسی گەڕاندنەوەی ئەو عێراقییانەی كە مافی مانەوەیان نییە، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا رێككەوتنی لەگەڵ حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان كردووەو لەم چوارچێوەیەدا بڕی 500 هەزار پاوەند تەرخان دەكات. خاتوو (ئێڤێت كوپەر) وەزیری ناوخۆی بەریتانیا چەند رۆژێكە لە عێراقە، ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەریەكە لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی كۆبووەوە، رێبەری ئەحمەدی وەزیری ناوخۆشی بینیوە.  وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا راگەیەندراوێكی لەبارەی ئەنجامی سەردانی خاتوونی وەزیر بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە، باسلەوە دەكات رێككەوتنێكی گرنگ لەگەڵ عێراق ئیمزا كراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەکانی قاچاخچێتی خەڵک و تاوانە ڕێکخراوەکان لە سەرانسەری ناوچەکەو ئەوروپا.  وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ئەمە بە یەكەمین رێككەوتنی ئەمنیی وڵاتەكەی لەگەڵ عێراق ناودەبات و دەڵێ: لەچوارچێوەی ئەم رێككەوتنەدا بەریتانیا پابەندە بە دابینکردنی تا 300 هەزار پاوەند بۆ راهێنانی ئەمنیی پاراستنی سنور بۆ عێراق. راهێنانەکە لەسەر تاوانی کۆچبەریی ڕێکخراو و ماددە هۆشبەرەکان دەبێت، توانای جێبەجێکردنی یاسای عێراق لە سنورەکاندا زیاد دەکات.  هەر لە چوارچێوەی ئەم رێككەوتنەدا، حکومەتی بەریتانیا بەڵێنیداوە 200 هەزار پاوەند بدات بۆ پشتگیریکردنی لەو پرۆژانەی كە لە هەرێمی كوردستان تواناكان لە بواری كۆچی نایاسایی و ئاسایشی سنورەكان بەرزدەكەنەوە.  هەریەكە لە حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەریتانیا رێككەوتوون لەسەر ئەنجامدانی هەڵمەتی رووبەڕووبونەوەی ئەو زانیارییە چەواشەكارانەی كە قاچاخچییەكان لەرێگەی تۆڕی ئینتەرنێتەوە بڵاوی دەكەنەوە، لەپاڵ ئەمەدا باس لە كاركردنی زیاتر دەكەن بۆ گەڕاندنەوەی ئەو كەسانەی كە مافی مانەوەیان لە بەریتانیا نییە.  وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا دەڵێ: تۆڕەكانی قاچاخچێتیی مرۆڤ كە لە دەرەوەی عێراق كاردەكەن، بە هەرێمی كوردستان و ئەوروپاشەوە، بەرپرسیارن لە بازرگانیكردن لە هەزاران كەس لەسەرتاسەری جیهان. "ئەم پابەندبوونە گرنگانەی نێوان حکومەتی بەریتانیاو عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەیەکی ڕوون دەنێرن بۆ باندە قاچاخچییە تاوانبارەکان، کە ئێمە بڕیارمانداوە لە سەرانسەری جیهان کاربکەین بۆ ئەوەی بەدوایاندا بگەڕێین" وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا وا دەڵێ.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand