د. نیاز نەجمەدین نرخی نەوت لە 80 دۆلار تێپەڕیوە و پێشبینیی دەكرێت بگاتە 90-100$ لە كۆتایی ئەمساڵدا. بۆ وڵاتانی نەوتیی، ئەمە هەمیشە هەواڵێكی خۆشە، چونكە لە ئابوریی جیهانەوە پارەی زیاتریان بۆ دێت. بەڵام ئەمجارە رەنگە جیاواز بێت، ئەگەر ئەمریكا نەتوانێت قەرزەكانی بداتەوە، ئەوەی ئابوریناسان پێی دەڵێن "debt default". ئێستا جیهان گەیشتۆتە بەر لەم قۆناغە، ئەوەی پێی دەڵێن "موزایەقەی قەرز-debt distress". قەرزەكانی جیهان گەیشتۆتە 296 ترلیۆن دۆلار، كە نزیكەی 20 ترلیۆنی لە دەستپێكی پەتای كۆرۆناوە زیاد بووە. نزیكەی 40 دەوڵەت گەیشتونەتە قۆناغی "موزایەقەی قەرز"، لەوانە كامیرۆن كە 23.8%ی جی دی پی (GDP) بۆ دانەوەی قەرزەكانی خەرج دەكات بەرامبەر بە تەنها 3.9% لەسەر تەندروستیی (جی دی پی واتە كۆی داهاتی نیتشمانیی). زامبیا لە 44%ی داهاتی ساڵانەی حكومەتەكەی بۆ قەرزدەرەكانێتی، یەكەم دەوڵتیش بوو كە رایگەیاند توانای دانەوەی قەرزەكانی نەماوە. ئەمریكا، ئەو دەوڵەتەی سەدەیەكە ئاغای جیهانە، توشی هەمان مەترسیی بۆتەوە. قەرزەكانی ئەمریكا لە 100%ی جی دی پی تێپەڕاندووە ( بە تێكڕا، هەر كەس 70-80 هەزار دۆلار قەرزارە). (یابان و چین یەكی زیاتر لە ترلیۆنێك و بەڕیتانیا نزیكەی نیو ترلیۆنیان لای ئەمریكایە). لە سەرەتای 1980كاندا، قەرزەكانی حكومەت سفر بوو، لە 1990دا یەك ترلیۆن دۆلار بوو. جۆرج دەبلیو بۆش گەیاندییە 10 ترلیۆن، ئۆباماش 20 ترلیۆن، واتە 70%ی جی دی پی (جەنگی دژە تیرۆر و قەیرانی 2008 و زیادكردنی خەرجیی بۆ تەندروستیی و شتی دیكە كەڵەكەیان كرد). (لە بەرنامەیەك لە یوتیوب ئەم داتایانەم وەرگرتووە). بەهەرحاڵ، سەقفی ئەمجارە تا نزیكەی 29 ترلیۆن دۆلار بەرز دەكرێتەوە بەشێوەیەكی كاتیی. وەزیرەی دارایی (سكرتێری خەزێنەی) ئەمریكا جانێت ییڵن چووە كۆنگرێس و وتی: سەقفی قەرز بەرزنەكەنەوە، تەنانەت پارەم نابێت چەكی موچەی سەربازان لە كاتی خۆیدا بدەم (موچەكانیان دوا دەكەوێت!)، جگە لە دواكەوتنی موچەی 50 ملیۆن كەسی بەتەمەن و 30 ملیۆن خێزان كە لەسەر كرێدتی باجی منداڵەكانیان هاوكاریی وەردەگرن تا بژین. داهاتی باج لە ئەمریكا دەرەقەتی خەرجییەكانی حكومەت نایەت و چاپكردنی پارەش سەلامەت نییە و گرانی لێ دەكەوێتەوە. لەم كەش و هەوا تازەدا، سەقفی قەرزیش بەرزبكرێتەوە، تازە ترس و دڵەڕاوكێكە دروست بووە و دەستكەوتنی قەرز قورس بووە (نرخی فایدە بەرز دەبێتەوە بۆیە گران دەكەوێت لەسەرت قەرز بكەیت). ئەو شاخە بەرزەی قەرز كە ئەمریكا چۆتە ژێریی وای كردووە وەبەرهێنەران لە بەهای دۆلار بترسن و دڵیان لە مشتیاندایە، تەنانەت بەهای پشكەكانیشیان سەقامگییر نییە. مەترسیی هەرەسی ئابوریی جیهان لەبەردەمماندایە، ئەگەرچی هەندێك لە ئابوریناسان دەڵێن: چەند قەرزت دەستدەكەوێت وەستاوەتە سەر ئەوەی چەند متمانەت هەیە. ئەمریكا متمانەی هەیە و مەترسیی نییە تەنانەت زیاتریش قەرزار بێت. ئەگەر كۆنگرێس سەقفی قەرزی (واتە سنوری قەرز كە یاسایەكە لە 1939ەوە دانراوە تا حكومەت جڵەو بكات و خۆی نەخاتە ژێر قەرزی زەبەلاحەوە) بەرز نەكردایەتەوە، ئەوا بەهای دۆلارەكەی گیرفانی تۆ و حكومەتەكەشت هاڕڕەی دەكرد، نە تۆ ژنت بۆ دەهات و نە كاندیدەكان و حزبەكانیان دەیانتوانیی ساحێبی پەیمانەكانیان بن تەنانەت ئەگەر راستگۆش بن. (ئەوانەی ئەیانەوێت لە بەهای دۆلار تێبگەن، دەبێت بەردەوام چاودێریی ئەمریكا بكەن). ئا لێرەدایە ئێمە پێوە ئەبین: كێشەكەمان هەر ئەوە نییە خۆشگوزەرانیی ئێمە تەنها بە نرخی نەوتەوە (نەك كاندیدەوە!) نەبەستراوەتەوە، بەڵكو بە نرخی دۆلاریشەوە. بۆ ئەوەی ئەمە روونەدات، یان كاریگەرییەكەی كەم بكرێتەوە، پێویستمان بە سیاسیی و بڕیاربەدەستێكە دەستوبرد بكات لە رووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسیاینەی بەردەممان بەوەی وەبەرهێنان هەمەڕەنگ بكات و رۆحی هەمئاهەنگیی و هاریكاریی بكاتەوە بە بەری كۆمەڵگەكەدا نەك لە گروپی بچوكدا قەتیسی بكات. قەیران هەمیشە ماتڕیاڵێك بووە بۆ ئابورییناسان تا تیۆرییەكانی خۆیانی پێ بسەلمێنن و بەڵگەی زیاتر بهێننەوە. دوو گفتوگۆ لەم كاتانەدا بڵاودەبێتەوە. یەكەمیان ئەوەیە: ئایا قەرز مەترسییدارە؟ هەندێك دەڵێن نەخێر، ئەم دڵەڕاوكییە چییە دروستتان كردووە؟ تۆ هەڵەیت كە وادەزانیت هەموو كات ئەوە باشە "پێ بە قەد بەڕەكەی خۆت راكێشیت". قەرز نەكەیت ئابوریی زیاتر خاودەبێتەوە. قەرز بكە، بەڵام بۆ وەبەرهێنان بێت (وەك خوێندن یان خانوو بكڕە) نەك بۆ ژوری میوان. هەندێكی تر دەڵێن هەموو شت پرەنسیپی خۆی هەیە. رۆژێك دێت كۆی داهاتەكەت بەش بەسی نرخی سودی قەرزەكەت دەكات و تیا دەچیت. كە خەڵك و و بزنسكار و حكومەتەكانیش بە مایەپوچیی بینیانیت، ئیتر هەر تاقەتیان نییە سەلامیشت لێ بكەن چجای قەرزت بدەنێ! گفتوگۆی دووەم، فكری ئابورییە. هەندێك دەڵێن: كێ ئەو هەموو قەرزەی كرد جگە لە حكومەتەكان؟ ئەمانن خەڵك و پاشەكەوتكاریان فریودا و پارەكانیان لە پشكدا خەرج كرد كە وەبەرهێنانی راستەقینە نییە یان بۆ خۆشیی ژیان و پێداویستیی خەرجیان كرد (واتە بەكاربردن) و بەخەسار چوو. حكومەت بە نەفرەت بكەن، چونكە لە كوێدا قەیران هەبوو، حكومەت هەیە. هەندێكیش ئەڵێن قەرزاربوونی كەرتی تایبەت و بازاری ئازادەكەتان مەسڕن بەناو چاوی حكومەتدا. بازاڕی ئازادەكەی ئێوەیە مرۆڤی كردووە بە مرۆڤێكی چڵێس و هیچ بەشی ناكات. ئیدی ئەمیان شەیتانەكە بە حكومەت و ئەویان بە بازاڕی ئازادی دەزانێت. ماركسیی و كۆمۆنیستەكانیش (لەوانە ئابوریناس ریچارد ۆڵف) ئەڵێن: بۆستن.. چی وایكرد هەم حكومەت و هەم خەڵك و بزنسكار قەرزەكانیان بەفیڕۆ ببەن؟ ئەم هەموو قەرزە بۆ نەخرایە ئەو وەبەرهێنانەی ئێوە دەڵێن و بۆ گەندەڵیی تیادا كرا؟ وەڵامەكەی وون مەكەن، مەسەلەكە سیستمی سەرمایەدارییە كە هەمیشە مرۆڤ دەشێوێنێت و هیچی تری پێ ناكرێت جگە لەوەی بە دروستكردنی كێشەیەك (وەك قەرز) كێشەیەكی تر چارە دەكات (وەك زیادەمەسڕەفیی)، پاشان بۆ رزگاربوون لە قەرزەكە ئەبێ گرانیی (هەڵئاوسان) بخاتەوە، ئیدی بەو شێوەیە لەم كێشەیە بۆ ئەوی دی دەڕوات تا لە شوێنێكدا دەتەقێتەوە. هەر یەك لەم تێزە فكرییانە كەموكوڕیی خۆیان هەیە. هەر یەكیش بۆشاییەك پڕ دەكەنەوە و دەبێت هاوكاری یەكتر بن و یەكتر تەواو بكەن لە بری ئەوەی بیەوێت بەڵگەی زیاتر بۆ خۆی بهێنێت. بەس وادەردەكەوێت لە ماوەی كورتخایەندا جگە لە چارەسەرە تەقلیدییەكان شتێكی نوێ لە ئارادا نییە و ئەمەش مانای ئەوەی جیهان لە مەترسیی گەورەدایە. بەڵام مرۆڤ زیرەكە و زۆری تر نابات شتێكی گونجاو هەر دەدۆزێتەوە و ئێمەی كوردە حەیاتەكەش چیمان لەسەرە؟ بەكارهێنانەكەی.
پهیكار عوسمان - حکومەتی کازمی لەوەدا بردییەوە، کە تەزویری سنوردارکرد. بەڵام لەوەدا دۆڕاندی، کە نەیتوانی زۆرینەی عێراقییەکان بباتەوە سەر سنوقی دەنگدان. - خۆپیشاندەرانی عێراق، لەوەدا سەرکەوتووبوون، کە هەڵبژاردنی پێشوەختەیان سەپاند. بەڵام لەوەدا فەشەلیان هێنا، کە نوێنەرایەتییەکی بەهێزیان هەبێ و هەڵبژاردنەکە ببەنەوە. - سەرکەوتنی سەدرییەکان ئیجابییە. لەوێوە نا، کە شتێکی زۆر جیاوازو موهیمیان لێ چاوەڕوان بکرێ. بەڵکو لەوێوە کە لە وجودی شەقامێکی ملیۆنی خۆپیشاندەردا، کابینەکان لاوازو لەرزۆکن و کاریان لەبەر ناڕوات. بەڵام ئەگەر حکومەتەکە هی خۆیانبێ و هەر لەناو پایتەختدا جەماوەرێکی ملیۆنیی هەبێت، ئیتر ڕەنگە لە حکومەت بچێ. - خاڵێکی تری ئیجابی، پاشەکشێ ی حەشدییەکانە، کە چاکەی ئەمە ئەگەڕێتەوە بۆ قوربانیدانی خۆپیشاندەران و بۆ سنوردارکردنی تەزویر. - هەڵکشانەوەی مالکی شتێکی ئاساییە، چونکە لەڕاستیدا بەس سەدرییەکان و دەعوە، هێزی ڕاستەقینەی ساحەی شیعەن، ئەوانیتر پترۆ دۆلارو دەستێوەردانی ئێران فووی تێکردون. - سونەکان لەڕێگەی سەرخستنی حەلبوسییەوە، موتڵەگ و عەلاوی و نوجێفییان تێپەڕاندو نوێ تاقیئەکەنەوە. کۆنی گەندەڵ ئەولاترچێ، بەڵام نوێ ی پۆپۆلیستیش، وەکو قومارەو چەنێك ئومێدێکی ئانییە، ئەونەش نائومێدییەکی دواترە. - کازمی و کۆمسیۆنی نوێ، تا ڕادەیەکی باش، تەزویریان کۆنترۆڵ کرد، چونکە خۆیان تەرەف نین لە ململانێکەدا. سەرۆكەکانی پێشتر، خۆیان ڕکابەربوون و کۆمسیۆنیش نوێنەری لایەنە مونافسەکان بوون، ئیتر تەزویریش زۆربوو. دەی ئەگەر ئەو دووانە ڕەبت بکەینەوە،، یەعنی حکومەت و کۆمسیۆن، خۆیانن کە تەزویر ئەکەن و ناکەن! - هیچ هەڵبژاردنێكی پاك و ئازاد، سەتا سەتی خەڵك بەشداری تیا ناکات. بەڵکو ڕێژەی بەرزی بەشداریی، عادەتەن لە شەست بۆ حەفتا، ئەوپەڕی هەشتایە. هەشتا بەرەو سەریش، مەساحەی تەزویرو دیکتاتۆرەکانە. یەعنی کاتێ بەشداری سەتا چلە، مانای وانیە بایکۆت سەتا شەستە. چونکە ئەسڵەن یارییەکە لە سەت نیە، بەڵکو لە حەفتاو هەشتایە! - بەڵام قەبارەی بایکۆت گەورەیەو لە کۆی هەموو هێزەکانی ساحەکە گەورەترە. ئەوەش نایەکی زۆر شایستەیە بۆ کۆی هێزەکان و لێرەدا هەموویان دۆڕاون. وەلێ ئەگەر دەسەڵات جارێك دۆڕابێت، موعارەزە دووجار دۆڕاوە، چونکە ئەوانە ناڕازیین و ناڕازییش قەرارە دەنگی ئۆپۆزسیۆنبێ! - لە وێنە گەورەکەدا هەمووی دۆڕاوە، بەڵام لە مەساحە بچوکەکەدا، جۆرێکی تر لە بردنەوەو دۆڕان هەیە، کە ئەمە بەشێکە لە وێنەکە نەك هەمووی. یەعنی ئەوەی کە لێرەدا سەرکەوتووە، تەنیا لێرەدا سەرکەوتووە، نەك لە کۆی وێنەکەدا. بەڵام ئەوەی کە دۆڕاوە، لە کۆی وێنەکەو هەردو مەساحەکەدا دۆڕاوە! - شکستی سەربەخۆکان، لەوێوە خراپە، کە هەیمەنەی حیزبەکان بەسەر سیاسەتەوە تۆخترئەکاتەوەو ئیتر جگە لە حیزب ڕێگایەکی تر نامێنێ بۆ بەشداری سیاسی. بەڵام لەوێدا ئیجابییە کە پێ ی وتین، شەڕەدەم و جنێوبازی، بەدیلی دزی و گەندەڵی نیە، بەڵکو تاکەکەی تری داکشانی سیاسییەو لێرەدا بێدەنگییەکەی بایکۆت، نایەکی گەورەبوو بۆ دەنگەدەنگ! - نەوەی نوێ، لە ساحەی پۆپۆلیزمدا، لە سەربەخۆکانی بردەوەو وتی ئەگەر ئێوە بەس دەمتان هەیە، ئێمە دەم و تەنکەرە ئاویش. بەڵێ نەوەی نوێ تەنیا لە شەڕە دەمدا نەچەقیوەو بەردەوام بواری تری نمایش ئەدۆزێتەوەو ساحە بۆ یارییەکەی خۆی فراوان ئەکات. بەڵام یاری فکرو پرۆژەو سیاسەتی باڵا نا، بەڵکو یاری نزمی "وروژاندن"! - گۆران پرۆژەیەکی قەلەقبوو لەنێوان عەقڵانیەت و وروژاندندا. ئەم دووانەش پێکەوە ناکوڵێن. چونکە ئەگەر پێکەوەبن، هەمیشە عەقڵ ئەدۆرێ و وروژاندن سەرئەکەوێ. ئاخر عادەتەن زۆرینە، حەوسەڵەی بیرکردنەوەی نیەو هەر بە هەستەکان، لەگەڵ ورژاندنەکەدا شەکل ئەبێ و لە عەقڵانیەتەکە ئەپچڕێ. گۆڕان ئەبوو لە عەقڵانییەت و پێنج کورسییەوە دەستپێبکا بۆ سەرەوە. نەك لە وروژاندن و بیستوپێنجەوە بۆ خوارەوە! - مەسەلەن لە بەرنامەیەکی ڕووبەڕوودا، کاك نەوشیروان تەرحێکی عەقڵانیی عەرز ئەکاو ئەڵێ ئێمە دژی کەس نین، تەنیا دژی فەسادین. بە کردەیی واشی ئەکرد، لەگەڵ هەموو لایەنەکان دائەنیشت و سەردانی هەمووشیانی ئەکرد. بەمەش پێمان ئەڵێ سیاسەت بریتییە لە کاری هاوبەش و کۆبوونەوەی هەمووان لەسەر پرۆژەی گشتی، نەك ڕقبازی و پچڕان و یەکتری داپڵۆسین. بەڵام هەر پێنج دەقە دوای ئەوە، ڕاپۆرتێکی بڕیار نامیق، ڕیسەکەی ئەکردەوە بە خوری و شتەکە ئەبوویەوە بە شەڕی شەخسی و ئیتر دانیشتنی نەوشیروانیش لەگەڵ فڵان، ئەبوو بە عەیبە. ئەوەشی کە لەناو خەڵکا جێ ی ئەگرت، ڕاپۆرتە وروژێنەرەکەی بڕیار بوو، نەك خیتابە عەقڵانییەکەی نەوشیروان. - جا بەوبەختیی کورد ئەوەیە کە شتی خراپ زوو وەرئەگرێ و ئیتر ئێمەش بەرەو پێشەوە نەچووین و گەڕاینەوە بۆ دواوە. لە گۆڕانێکی قەلەقەوە، هاتین بۆ نەوەی نوێ ی یەکلایی. بەڵام یەکلایی بەلای وروژاندنەکەداو ئیتر بڕیار نامیق بوو بە حیزب و بە مۆدێلی باوی سیاسەتی ئێمە! - یەعنی وروژاندن خەلەلێکبوو لە گۆڕاندا، ئەبوو ئەوەی کە دوای گۆڕان دێت، چاكیبکاتەوەو کەشێکی ئارامترو عەقڵانیتر دروستبکاو هەنگاوێ بەرەوپێش بچین. نەك خودی خەلەلەکە بکاتە بناغەو کۆڵەکەی پرۆژەکەی. - بێینەوە سەر هەڵبژاردن، نەوەی نوێ بە تەکنیکی "گڵۆپەکە"، کاندیدە لاوازەکانی خۆی پاراست لەوەی کە موقاڕەنە بکرێن بە کاندیدە بەهێزەکانی بازنەکان. ئەمەش بۆ ئەمسەر یارییەکی زیرەکانەبوو. بۆ ئەوسەریش ستافێکی لاواز، باشتر کۆنترۆڵ و ئاڕاستە ئەکرێن. - بۆ ئەوانەی کە ڕەقەمیان بۆ گرنگەو لەداخی تەزویر بایکۆتیان کرد، ڕەنگە سەرکەوتنی ئەمجارەی نەوەی نوێ، گەڕانەوەی ئومێدێك بێت و وایان لێبکات کە هەڵبژاردنی داهاتوو بچنەوە سەر سنوقەکان. بەڵام بۆ ئەوانەی کە تۆزێ لە ڕەقەم واوەتر ئەڕوانن. پۆپۆلیزم، بۆ ئێستا نائومێدییەکی نوخبەوییەو بۆ دواتریش نائومێدییەکی گشتی! - کاتێ بە دەستی خۆت، هەموو کۆڵەکە مەعنەوی و گشتییەکانی حیزبەکەت ئەشکێنی و لە پرۆژەیەکی سیاسییەوە ئەیکەی بە دوکانێکی سیاسی، ئیتر دوکانەکە هەر بۆ داخستن باشە. لەڕاستیدا تاکە خزمەت و داهێنانێك، کە لەبەردەم گۆڕاندا مابێت، خۆ هەڵوەشاندنەوەیە. ئاخر یەکێ لە سیفەتە ناقۆڵاکانی حیزبی کوردی، عینادییەکەیەتی و ئەوکاتەشی کە پێویست نیە هەبێت، هەر عینادی ئەکاو دەڕابەکەی داناداتەوە! مەسەلەن حیزبی شیوعی، سەردەمانێك پێویستی قۆناغ و حیزبی یەکەمی عێراق بوو. دەی ئێستا هیچیش نیەو هەیە! حسك سەردەمانێك عەرزی ئەدڕی و هێزی دووەمی شاخ بوو. دەی ئێستا هیچیش نیەو هەشە. هاتنی گۆڕان جوان بوو، گرنگە کۆتاییەکەشی جوانبێ و ئەو نەریتە دابهێنێت، کە حیزب گەیشتە قۆناغی هیچ و "ڕەهەندی گشتی" تیا نەما، ئیتر لەوێدا خۆشی نەمێنێ و درێژەیەکی ناپێویستی نەداتێ. - ئەگەریش بەتەمای بەردەوامبوون و هەستانەوەن، بۆ نا، ئەوەش ئەبێت. ئەزانی چۆن؟ بە گواستنەوەی بەرپرسیارێتی، لە شانی ئەوەوە بۆ شانی خۆت. خۆی ئەوان هەر بە یەکتر تۆمەتبارکردن و خۆ بێبەریکردن وایان لە گۆڕان کرد. ئەگەر بەتەمان هەر بەوەش چاکیکەنەوە، لێیگەڕێن باشترە. - (حیزبی دەنگدەر) هەستیارەو (حیزبی بنکە نەگۆڕ) بێ هەستە. بێ هەستیی بە مانای جنێو نا. بەو مانایەی کە هەستیار نیە بەرامبەر ئەوەی کە ئەگوزەرێ و وەلائێکی نەگۆڕی هەیە، کە بەهێزترە لە گۆڕاوەکانی دنیای سیاسەت. پارتی و یەکێتی لەم نەوعەن و پشتبەست بە دەسەڵات و پارەو چەك و کەسوکاری شەهیدو شەرعیەتی شۆڕش.. شتی وا ئەکەن کە نابێ بکرێ و ئەشیکەن، چونکە دڵنیان لە بوونی جەماوەرێکی نەگۆڕ لە هەموو حاڵێکدا. بەڵام گۆڕان حیزبی دەنگدەری گۆڕاوە، کەچی خۆی لێبووبوو بە حیزبی بنکە نەگۆڕو ئەو شتانەی ئەکرد، کە دەنگدەرەکان پێ ی هەستیارن! - پارتی براوەی یەکەمی ڕەقەم و دۆڕاوی یەکەمی ئەخلاقی سیاسی بوو. چونکە ٣٠٠هەزار کەمی نەکردوە، بەڵکو ئەوەندە هەزار تەزویری لێ دەرکەوتووە! - یەکێتیش ئەوە حەجمی ڕاستەقینەی خۆیەتی و ئەو کاتەی کە لەمە زیاتری ئەهێنا، مەسەلە حاجی قاسم بوو نەك ئاغای لالەزار. دەی ئاشکرایە بۆشایی قاسمیش بە نورەدین پڕنابێتەوە. - ئیسلامییەکانیش بە براوەو دۆڕاویانەوە، هێشتا لە نیومەترییەکەدان و نەچوونەتە مەسبەحی گەورەکان. ئێستەش من لەوە تێنەگەیشتم، یەکگرتوو چوار بەرێ و کۆمەڵ یەك، یان کۆمەڵ چوار بەرێ و یەکگرتوو یەك، فەرقی چیەو ئەم یارییەی بەینی خۆیان چ عیلاقەی بە ئێمەوە هەیە؟ - دۆڕاوێکی تری هەڵبژاردن پەکەکەبوو. مەبەستم بانگەوازە بێتامەکەی جەمیل بایك نیە. بەڵکو ئەمەوێ بڵێم، کاتێ شەنگال بەدەست پەکەکەیەو کورسییەکانی پارتی ئەیبات،، ئەمە یەعنی وڵات بە پشوبەو وریابە بەڕێوە نابرێ. خەڵك لە گەندەڵی بێزارە، بەڵام لە نێوان گەندەڵی و عەسکەرییدا، گەندەڵی هەڵئەبژێرێت. نیزامی شمولی و بە عەسکەرکردنی خەڵك و بە معەسکەرکردنی کۆمەڵگا، لە دوورەوە جوان و جیڤارا دیارە، بەڵام لەناوەوە کاسترۆیەو شوێنی ژیان نیە! - دواجار لەم هەڵبژاردنەدا سۆسیال میدیا لە میدیای بردەوە. سۆسیال میدیا وەکو زمانحاڵی ناڕەسمی بایکۆت و میدیاش وەکو زمانحاڵی ڕەسمی دەنگدان. سۆسیالمیدیا فەزایەکی فراوانترەو جێ ی حزیبی و ناحیزبی و بەشداری و بایکۆت و هەموو نەوعەکانی تێدا ئەبێتەوە. بەڵام میدیا تەسکەو هەر بەقەت ئەجندای حیزبەکەیەتی.
عهدالهت عهبدوڵڵا ئهگهرچی نهشارهزایییهكی فكریی گهورهیه كه تهنها پرۆسهی ههڵبژاردن بكرێته پێوهر بۆ ئامادهبوونی سیستهمی دیموكراسی، چا جای لهو مۆدێله عێراقییهی كه رۆژنامهی نیویۆرك تایمز-_ی ئهمریكی ناوی لێ نابوو: كۆنترۆڵكردنی سیاسهت به چهك و پاره!، بهڵام ئهگهر ئهو تێگهیشتنه ساویلكانهیهشمان، وهك پێوهر، بۆ دیموكراسی قبوڵ بێت، ئهوا له ئهزموونی ئهم ههڵبژاردنهی عێراقدا، به ههرێمی كوردستانیشهوه، نهك كورتی هێنا، بهڵكو به ئاشكرا تێكشكا تا ئهو رادهیهی كه چاودێرانی نێودهوڵهتیی ههڵبژاردنهكه داوای بهخۆداچوونهوه له پارته سیاسییهكانی عێراق بكهن، بهتایبهتی دوای ئهوهی، جارێكی تر، رێژهی بهشداریكردن له ههڵبژاردنهكهدا تهنانهت نهگهیشته 50% و له باشترین حاڵدا 41%ی تێنهپهڕاند. واته له كۆتاییدا، نزیكهی 16 ملیۆن هاووڵاتیی دهنگدهر له كۆی 25 ملیۆن كهس كه مافی دهنگدانیان ههبووه، بایكۆتی ههڵبژاردنهكهیان كردووه، ئهمهش رووداوێكه، چهندین شیكردنهوهی سیاسی بۆ ئایندهی نادیاری عێراق ههڵدهگرێت، بهتایبهت كاتێك زۆربهی دانیشتوانی ئهم وڵاته، به ههرێمی كوردستانیشهوه، به تهواوی پشت له پرۆسهی ههڵبژاردن دهكهن و وهك میكانیزمێك بۆ گۆڕانكاریی سیاسیی نایبینن. بایكۆت، بهو رێژه گهورهیه، دهلالهتی سیاسیی زۆری ههیه، یهكهمینیان ئهوهیه كه سهرلهنوێ سهقامگیری سیاسی و ئهمنی و كۆمهڵگهیی كهوتۆته ناو چهندین پێشهات و سیناریۆی جیاجیاو مهترسیداری داهاتووهوهو بههیچ جۆرێك مسۆگهر نییه. جارێ دهستنیشانكردنی سهرهك وهزیران و پێكهێنانی كابینهی داهاتووی حكومهت و دابهشكردنی پۆست و بهركهوتهكان، دهبێته بهربهرهكانییهكی Challenge گهورهو به ئاسانی روونادات، چهندین هێزی سیاسی لهبهردهم بژاردهی ههڵبژاردنی به ئۆپۆزسیۆنبووندان، ئۆپۆزسیۆنبوونیش له ئهزموونی سیاسیی عێراقدا واته كردنهوهی دهرگاو پهنجهرهش بهڕووی دهستێوهردانی زیاتری دهرهكی، چونكه زۆربهی هێزه عێراقییهكان، به سروشتی حاڵ، لینكی خۆیان لهگهڵ هێزه ههرێمایهتی و نێودهوڵهتییهكاندا ههیهو له ململانێی ناوخۆییدا بهگهڕی دهخهن. لهلایهكی تر، پرهنسیپی نوێنهرایهتیكردن، بههۆی بایكۆتهوه، دوچاری زهبری كوشنده بووه. هیچ گروپێكی براوه له عێراقدا ناتوانێ بهبێ بڕێكی زۆر له شهرمی سیاسی باس له نوێنهرایهتیكردنی خهڵكی عێراق بكات، چونكه له كۆتاییدا نوێنهری كهمینهیهكی دهنگدهرن كه تهنها 41%ی دهنگدهرانی وڵات پێكدههێنن. واته ئهنجامی ئهمجارهی ههڵبژاردن، سیستهمی نوێنهرایهتیی خستۆته قهیرانێكی گهورهوهو له ههموو كاتێكدا شهقامی عێراقی له پهرلهمانتاران و هێزهكانیان زیاتر مافی لافی نوێنهرایهتیكردنی عێراقییهكانیان ههیه. دۆخهكه بۆ ههرێمی كوردستانیش ههروایه. لهكاتێكدا كه پارتی و یهكێتی و نهوهی نوێ له میدیاكانیانهوه ئاههنگ و شایی بۆ كورسییهكانیان دهگێڕن، شینی لهدهستدانی متمانهی زیاتر له نیوهی خهڵكی كوردستانیان پهردهپۆش كردووه!. پارتی پتر له 300 ههزارو یهكێتی نزیكهی چارهكه ملیۆنێك و نهوهی نوێ_ش دهیان ههزار دهنگیان دۆڕاندووه. گۆڕان، ئهگهرچی دۆڕاو خراپیش دۆڕا، بهڵام زوو به زوو دانی به شكستی گهورهی خۆیدا نا، ئهمهش ئهگهری بهخۆداچوونهوهو گۆڕانكاریی لهبهردهمدا واڵا دهكات، ههرچی یهكێتییه، ئهوا تا ئێستا له واقعی خۆی ههڵدێت و كورتهێنانهكانی له ههولێر خستۆته ئهستۆی ساختهكاری و، له كهركوكیش له ئهستۆی كاندیده سهربهخۆكان و، له سلێمانیش(ئهندامه بێ وهفاكان!) وهك له ههندێ سۆشیال میدیاوه دهبیسترێت..! واته تا ئێستا به رهسمی نایهوێت دان بهوهدا بنێت كه نزیكهی چارهكه ملیۆنێك خهڵكی لێ بۆتهوهو نیوهی كورسییهكانی له كهركوك و زۆربهی كورسییهكانی له ههولێر و، چهند كورسییهكی له ناوهندی سلێمانی دۆڕاندووه، به ئهگهری لهدهستدانی پۆستهكانی داهاتووی سهرۆكایهتیی كۆمار و پارێزگاری كهركوكیشهوه.. تاقه دهسكهوتیشی له دهۆك و دوزخۆرماتوو و نهینهوایهو هیچیتر. ههرچی پارتییه، راسته كورسییهكی زۆری هێناوهو له كهركوك و سلێمانی چۆته پێشهوه، بهڵام هاوكات سهدان ههزار دهنگی لهدهستداوه، لهوهش خراپتر كه دهبێ حسابی وردی بۆ بكات، رێژهی كهمی بهشداریی دهنگدهرانی پارێزگای پایتهخته، ههولێر، كه ئاماژهیهكی سیاسییه بۆ لاوازبوونی پێگه جهماوهرییهكهی كه ههرگیز به پێگهی نیابی داناپۆشرێت كه وهك پشك له یاسای ههڵبژاردندا دانراوهو پێشوهخت بهشی پارێزگاكان دیاری كراوه.
رێبوار کەریم وەلی بەسەرنجدان لە ژمارەی دەنگی حزبە سیاسییەکان لە کوردستان بۆ ھەڵبژاردنەکانی ١٠/١٠، دەردەکەوێ کە جگە لە یەکگرتووی ئیسلامی ھەموو حزبەکانی دیکە لەڕووی ژمارەی دەنگدەرەوە لە پاشەکشەیەکی دراماتیکیدان. * کەمکردنی ئەو ژمارە زۆرەی دەنگ، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە تەنھا لەو چوار ساڵەدا، سەدان ھەزار دەنگدەری نوێ پەیدا بوونە، دەبێ بۆ حزبەکان لەڕووی سیاسی و رێکخستنی جەماوەرییەوە وەک کارەسات ئەژمار بکرێ، نەک مەستی سەرکەوتن بن! * ژمارەی کورسی پێوەری سەرکەوتن نییە، چونکە لەو سیستەمە پێڕەوکراوەدا، ئەو کورسییانە لە ھەموو حاڵەتێکدا، بۆ سێ پارێزگاکە مسۆگەر بوون، ئەوەی مابۆوە ئەوانە کەرکوک، موسڵ و دیالە بوون کە لەوێش ھەر بەزمەکەی جارانە بەنسبەت کوردەوە. * کەمکردنی دەنگ ئەگەر بەشێکی پەیوەست بێت بەوەی حزبەکان نەیانتوانیوە تەزویر بکەن، بەشەکەی دیکەی و ھەرە کاریگەرەکەی دەرخەری ئەو راستییەیە کە دەنگدەر متمانەی بە حزبەکان نەماوە. حزبەکان لەو دوو بژاردەیە دەبێ یەکیکێان وەکو ئەسبابی کەمبوونەوەی دەنگەکانیان قەبوڵ بێت. جا خۆیان سەرپشکن! * بە نسبەت یەکێتیی نوێ کە چەند مانگێکە بانگەشەی ئەوەی بۆ خۆی دەکرد کە حزبی مافیاو قاچاخچی بووە رەنگبێ دەستخستنی ١٥-١٦ کورسی سەرکەوتن بێت! بەڵام بە دەستھێنانی تەنھا ١٥٠ ھەزار دەنگ لە ھەموو عێراق، دەبێ جێی ھەڵوەستە بێت و، پێویستیشی بە داوای لێبوردنێک دەکات. پێش ھەموانیش لە نورەدین! * پارتیش کە بە حیسابی خۆی کورسیی لە دەست نەداوە، پتر لە سێ سەد ھەزار دەنگی دۆڕاندووە. تەنھا لە بادینان کاندیدێکی یەکگرتوو، پتر لە دوو کاندیدی سەرکەوتووی پارتی دەنگی ھێناوەو، لە ھەولێریش ئەنجامەکان ھی پێداھەڵاگوتن نین. بە تایبەتیش لەو شوێنانەی نەوەی نوێ کاندیدی ھەبووە، ئەگەر زیاتر لە کاندیدێکی ھەبوایە ئەگەری سەرکەوتنی ھەبوو. مەعقول نییە سەرۆکی دەزگای ھەڵبژاردنی حزب بیت و سەرکەوتنت مسۆگەر نەبێ و بچییە ناو کێبەرکێوە!؟ بۆیە پارتیش داوای لێبوردنێک قەرزاری دەنگدەرەکانیەتی. * جا خۆشترین شت بە نسبەت پارتی و یەکێتییەوە ئەوەیە کە بە ھەردووکیان نزیکەی ملیۆنێک موچەخۆرو، کاتێکیش دەیانەوێ کۆنگرەی حزبی بکەن، یەکی یەک ملیۆن ئەندامیان ھەیە! * داوای لێبوردن شمولی بزووتنەوەی گۆڕان ناکات. ئەوان دەمێکە دوکانەکەیان ئیفلاسی کردبوو، بەس ھەر پێداگر بوون لەسەر ئەوەی بازاڕیان دەبێتەوە! گۆڕان باجی بێھەڵوێستیی خۆی دایەوە، حزب کە بێھەڵویست بوو دەنگدەرەکەشی بەرامبەری ھەمان رەفتار دەنوێنێ. بە تەحەدداوە گۆڕان یەک سەبەبی نەبووە تا دەنگدەرەکەی بڵێ لەبەر ئەو ھۆکارە دەنگی پێدەدەم. بۆیە تازە سوھراب مردووەو ھیچ دەرمانێکیش زیندووی ناکاتەوە.
پهیكار عوسمان کێشەی شۆڕش، هەر ئەو قەداسەتە وەهمییە نیە کە بە باڵای خۆیدا ئەیبڕێ و شەرعیەتی داگیرکردنی دنیاکەی لێوە ئەهێنێ.. تا ئێرا گڕێیە. بەڵام ئەوەی کە گرێکە توند ئەکاتەوەو ئەیکا بە گرێ کوێرە، مەسەلەی خوێنە! یەعنی شۆڕش، لە ڕێگەی وروژاندن و دروشمە حەماسی و عاتفییەکانییەوە، ئاسایی هەست و هۆشت داگیرئەکاو بە ئارەزووی خۆی ئەتهێنێ و ئەتبا. بەڵام هەر بەونە وازت لێ ناهێنێ، بەڵکو بە کوشتیشت ئەدا. چونکە خوێنی ڕژاوی تۆ، تەوقێکی ئەستورە، ئەکرێتە ملی کەسوکارەکەت و ئیتر حیزب، جگە لە کۆیلەی ئایدۆلۆژی، کۆیلەی خوێنیشی بۆ دروستئەبێ، کە ئەمەیان تەوقێکی مسۆگەرتر و جێگیرترە. ئاخر مەستێکی ئایدۆلۆژیی، هەرچەن دۆگماو دەمارگیریش بێت، بەئاگاهاتنەوەی مەحاڵ نیەو ئەشێ ڕووبدا. وەلێ "دیلی خوێن" گرێکەی قووڵترو دەروونی بریندارترە. دنیایەك فاکتەری ئابوری و مەلەسەی عورف و عادەتیش دێتە گۆڕێ، کە هەمووی پشتیوانی گیانی تۆڵەو وەفاداربوون بۆ "خوێن" ئەکاو بەمەش "کۆیلەی خوێنیی" دروست ئەبێت! ئەوەی کە هەموو حیزبەکان، بە خۆیان ئەڵێن حیزبی شەهیدان و ئەوەی کە هەموو سیاسییەکان، سەری زمان و بنی زمانیان کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانەو نمایشی بەردەوامی دەستماچکردنی دایکی شەهید.. ئەوانە لەخۆڕاو سودفەیەکی سیاسی نیە. بەڵکو ئەوە پلانی توندکردنەوەی ڕابیتەی خوێنەو بەکورتی: ئەگەر داوی دروشم و پارەو هەڕەشە نەتگرێ، ئەتخەنە مەوقیفێکەوە کە خوێن بتگرێ! حیزبەکان هەر لەوێوە نەبوون بە بنەماڵەیی، کە لە سەرەوەی هەرەمەکەدا، تەنیا دەساودەسی ویراسی و خوێنی ڕووئەدا. بەڵکو لە خوارەوەش، فەلسەفەی حیزبی کوردی ئەوەیە کە، لە هەر بنەماڵەیەك نەفەرێك بدە بە کوشت و تا قیامەت کەسوکارەکەی خوێنگیری خۆت بکە! بەڵێ حیزبەکان تەنیا لە سەرەوە نەبوون بە بنەماڵە، بەڵکو لە خوارەوەش، توڕێکی فراوانی مناڵی شەهیدو ژنی شەهیدو دایکی شەهیدو خزمی شەهید.. دروستکراوەو ئیتر وەكچۆن خوێن بە خێڵەوە ئەتبەستێ، هەر خوینیش بە حیزبەوە ئەتبەستێ و لێرەشەوە حیزب و خێڵ ئەبن بە یەك و جیاوازییان نامێنێ. ئیتر حیزب خەریکی کەرنەڤاڵی خێڵەو خێڵ خەریکی کەرنەڤاڵی حیزبەو بە هەردوکیشیان پەیوەندی خوێن توند ئەکەنەوە. ئەو هەموو کاندیدکردنەی مناڵە شەهید، وەفانیە بۆ شەهید. بەڵکو توندکردنەوەی پەیوەندی خوێنە لەنێوان حیزب و ئەندامەکانداو پەیامێکیشە بۆ ئەوانەی کە خوێنیان نەداوەو پێیان ئەڵی، تاکە ڕێگا بۆ چوونە پێشەوە، ڕێگای خوێنەو ئەبێ هەمیشە سەغی بن لە بەخشینیدا بە حیزب! ئەو هەموو هجومەی پارتی و یەکێتی لە بانگەشەیا ئەیکەنە سەر یەك، مەسەلە هەر غیابی فکرو فەشەلی ئیدارە نیە، کە بە گەرمکردنەوەی کۆنەقین دایئەپۆشن. بەڵکو بەشێکیشی بۆ خوێنگیرکردنی ئەو هەموو خێزانەیە، کە لە شۆڕش و شەڕەکانی ناوخۆدا، کوڕیان بە کوشت درا! بیناکردنی ئینسان و وڵات، پێویستی بە گیانی لێبوردەیی و پێکەوەژیانە. بەڵام حیزبی نەگریسی ئێمە، لەپێناو دەسکەوتی بچوك و ئانیی، خەریکی بڵاوکردنەوەی ڕق و وروژاندنی گیانی تۆڵەسەندنەوەن. ئێمە کە بە قۆناغی شەڕی ناوخۆدا ڕۆشتووین، ئەبوو دەسەڵات، بە پلانی ورد، خەریکی خاوکردنەوەی دەمارەکان بن، کەچی بەتەواوی توانایانەوە خەریکی گرژکردنین! لەولاوە موعارەزەو پۆپۆلیستەکانیش، لە بەتاڵی و بۆشی خۆیاندا، پێتناڵێن، وەرە دەنگم بدەرێ لەبەرئەوەی ئەمە فکرو پرۆژەکەمە. بەڵکو پێتئەڵێ فرسەتە وەرە ڕقی خۆت هەڵڕێژەو تۆڵەی خۆت بکەرەوە لە دەسەڵات! ئا لەم خوێنبازییەدا، پەکەکە داویەتی بەلای پارتی و یەکێتیداو هەلهەلەو هوتاف و تەفەنونێکی سەیرو سەمەرە ئەکات لە مەسەلەی شەهیددا. ئێمە بەردەوام ئەوە لە هەڤاڵان ئەبیستین، کە پارتی و یەکێتی بەس ئیهتمام بە شەهیدی سەرکردە ئەیەن و ئەوانەی تر ئیهمال ئەکەن، بەڵام پەکەکە ئەو فەرقە ناکات. دەی ئەمە بەدیوێکا عەدالەت و ئینسافە. بەڵام بەدیوێکیشا ڕیکلامی بەکوشتدانەو پێتئەڵێ، من مەکینەیەکی باشتری بەکوشتدانی ئێوەم و وەرن با من بتانیەم بە کوشت! هەڵبەتە حیزبی ئیسلامی، لە مەسەلەی تەقدیسی شەهیددا، خۆیان وەستاو شێخی کارن و تەواوی ئەو پیاهەڵدان و تەقدیسەی شەهیدیش، پرۆڤەو خۆئامادەکردنە بۆ ئەو کاتەی کە فووی جیهادی پیائەکەن. فیکری چەپ و ئایدۆلۆژیای شۆڕشگێڕییش، کاتێ موتوربە ئەبێت لەگەڵ جەنگی ساردو ململانێ ی جەمسەرەکاندا، ئیتر هیچ نیە جگە لە کارگەیەکی خوێن و مەکینەیەکی بەکوشتدانی ئینسان. بێگومان پێوەری زۆر هەیە، بۆ ناسینەوەی حیزبی باش و خراپ، لە بابەتی پێوەری گەندەڵی و بەڵێنی درۆ و فەشەلی ئیداریی و مەسەلەی فیکری و زۆر شتی تر.. گرنگە پێوەری شەهیدیشی بۆ ئیزافەبکەین و یارییەکە پێچەوانە بکەینەوە. چیتر لەبری ئەوەی حیزبەکان، بە شەهیدبازی هەستمان بجوڵێن و فریومان بدەن،، ئێمە بە شەهیدبازیدا "مەکینەکانی مەرگ" و کارگەکانی دروستکردنی "کۆیلەی خوێن" بناسینەوە! ئێمە چەنێك قێز لە دزی نەوت ئەکەینەوە، گرنگە ڕێك ئەونەش قێز لە توجاری خوێن بکەینەوە. هەر حیزبێکیش خەریکی شەهیدبازی بوو، ئەوە مەکینەی بەکوشتدانی تۆ و بەکویلەکردنی کەسوکارتە. دەنگنەدان بە حیزبەکانی شەهیدان و بە مناڵی شەهیدەکان، ئەرکێکی هۆشیارانەیە. چونکە ئەوە پاشەکشێیە بە پەیوەندی خوێن، لەبەرژەوەندی پەیوەندی عەقڵ. بزانە هەموو تۆخکردنەوەیەکی خوێن، لەسەر حسابی کاڵکردنەوەی عەقڵە. چونکە تۆخکردنەوەی خوێن، بۆ ئەوەیە کە دەمار بتگرێ و کۆنتاکتت لەگەڵ ئاگایی خۆت و حەق بپچڕێ و ئیتر تۆ بە حەق و ناحەق پاسەوانی نەگۆڕی حیزب بیت! ئێمە ئەبێ نیشتمانی هاوڵاتی و پەیوەندی هاوڵاتیبوون دروستبکەین. هاوڵاتیش بریتییە لەو خەڵکەی، کە پەیوەندییەکی ناخوێنی بەیەکیانەوە ئەبەستێك. هێزەکانی ئێمەش، هێزی نیشتمانسازی و دەوڵەتداری نین، چونکە کار بۆ دروستکردنی پەیوەندی یاسایی و دامەزراوەیی ناکەن، بەڵکو کار بۆ تۆخکردنەوەی ڕابیتەی خوێن ئەکەن. تەوریسی سیاسی ناو حیزبەکان، دەسەڵاتی بنەماڵەو باوك و کوڕو ئامۆزاکان، کاندیکردنی لەشکرێك مناڵە شەهید، کاندیدکردنی خوشك و ژن و مێردی یەکتر.. ئەمانە هەمووی نمونەی ئەو عەقڵیەتەن، کە هێشتا لە سەقافەتی خوێندایەو زۆری ماوە بۆ سەقافەتی هاوڵاتیبوون! مناڵی شەهیدەکان ئەگەر خۆشیان کەسانی بەتواناو شایستەبن، بەڵام جۆری پەیوەندییەکە، بەریئانە نیەو کاندیدکردنەکەیان جۆرێکە لە ساختەچێتی سیاسیی. ئەوان پێشتر باوکیان ئیستغلالکراو بەکوشت درا. دواتر کەسوکارەکەی ئیستغلالکران و کران بە کویلەی خوین. ئینجا هاتوون ئێمەی پێ ئیستغلال بکەن و عەتفی دەنگدەری پێ بجوڵێنن. ئەمەش یارییەکی گڵاوەو کاری دروست ئەوەیە کە، ئێمە سەقافەتی هاوڵاتیبوون دروستبکەین و مناڵی شەهیدەکانیش، لەناو عەدالەتی ئەو هاوڵاتیبوونەدا، نازو حەقی خۆیان بدرێتێ. نەكئەوەی سەقافەتی خوین قووڵکەینەوە، کە کانگای ناعەدالەتییەو کە ئەوان و ئێمەش تیایدا قوربانیین و تەنیا بازرگانەکانی خوێن لێ ی سودمەندن! بێگومان لە دۆخی ناچاریداو لە وجودی ستەمکاریدا، جۆرێك لە قوربانیدان و خۆبەختکردن هەیە، کە لوتکەی هەڵوێستی ئێنسانەو شتەکە لەوپەڕی بەرپرسیارێتی و ئازادی و هۆشیاریی ئینسانەکەوە دێت. بەڵام خوێنبازی و شەهیدبازی، بۆ گەمژاندن و کۆیلەکردنەو ئیتر کاتیەتی ئەم سیحرە بەتاڵ بکرێتەوە! شەهید وەکو خۆی و لەو دۆخە باڵایەیدا کە باسمانکرد، شایەنی ئەوپەڕێ ڕێزە. بەڵام شەهید وەکو کەرەستەی کردنی کەسوکارەکەی بە کویلەی خوێن و وروژاندنی عەتفی جەماوەرو قوڵکردنەوەی سەقافەتی خوێن، ئەمەیان شایەنی زبڵدانە. ئەوەی کە مناڵ خوێنی باوکی ئەکات بە پردی پەڕینەوە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی. ئەوەی کە حیزب خوێنی شەهید ئەکات بە پردی پەڕینەوە بۆ بەرژەوەندییە تەسك و بچوکەکانی.. ئەمانە ئیستغلالی شەهیدە نەك ئیحترامی شەهید. تێبینی: شەهید کەسێکی بە (مەوزوع) گەمژێنراوی دابڕاو لە (زات) نیە، کە لەلایەن مێگەلەکەیەوە بە کوشت دراوە. بەڵکو شەهید کەسێکی ئاگایەو چەنێك لەناو گروپ و ئایدۆلۆژیاو مەوزوعدایە، ئەونەش لەناو ئاگایی و ئیرادەو زاتی خۆیدایەو ئا لەوێدا ئەگاتە مەقامی شەهادەت. گەورەترین کێشەی دینەکان، ئەوەیە کە لەلایەن سەڵاتین و کاهین و فەقیهەکانەوە، ئەکرێت بە مەوزوع و لە زات دائەبڕێنرێ. مەوزوعەکەش موقەدەسە، ئیتر نابێ قسەی تیابکەیت و تەنیا ئەبێ تەسلیمی ببیت. دەی چارەسەری ئەوە، تەنیا سەلاتەو سەڵاتیش بریتییە لە ڕەبتبوونی مەوزوع بە زاتەوە. چونکە شتەکان لەوێدا مانادارن و کاتێك لە زات دائەبڕێن، ئیتر ئەکەونە بۆشیایی ماناوەو ئیتر شتەکە ئەبێتە حەشیش و معەلەباتێکی ئامادە، بۆ گەمژاندن و مێگەلاندن! یەعنی ئەوەی کە لە زمانی دیندا پێ ی ئەوترێ "سەڵات"، هەر ئەوەیە کە لە زمانی مۆدێرندا پێ ی ئەوترێ "هۆشیاری". هەردوکیشی هەر بریتییە لە حزوری ئاگایانەی تۆ. ئەم مانایەش لە دوو لاوە لێ ی ئەدرێ. لەلایەك سەڵات یەکسانکرا بە هەنێ حەرەکات. لەلایەك ڕۆشنبیری یەکسان کرا بە دژەدینی. کە ئەمە هیچیان وا نیەو هەردوکیان هەر خۆتی بە ئاگایی. کێشەی حیزب و ئایدۆلۆژیا مۆدێرنەکانیش هەر ئەمەیەو خۆیان نە باشن نە خراپ و مەسەلەکە ئەوان نین، مەسەلەکە تۆیت. چەنێك زاتی خۆت ئامادەبێ، پەیوەندیشت بە مەوزوعەوە، ئەونە ئاگایانەیە. ئیتر ئازادانە ئەژیت و ئازادانە ئەمریت و شەهیدیش ئا ئەمەیەو یەعنی تۆ شاهیدی زاتی خۆتیت و لە ئاگایی نەپچڕاویت. چەنێکیش زاتی خۆت ون و غائیب بێت، پەیوەندیت بە مەوزوعەوە، ئەونە کۆیلانەو جاهیلانەو دەمارگیرانەیەو لێرەدا ژیان و مردنیشت تەنیا ڕەگەڵ کەوتنەو ئیتر تۆ شەهید نیت، چونکە شاهیدی زاتی ئاگای خۆت نیت.
د. سەیران تەھا بەدەر لەئەنجامدانی هەڵبژاردنو لایەنە ئەرێنیەكانی بۆ پرۆسەی دیموكراسیو پێشخستنی كۆمەڵگاكان كە بەڕێگەیەكی دروست ئەنجامدەدرێت، بەڵام لەم وڵاتانەی ئێمەدا لایەنی نەرێتی گەورەترین کاریگەری خراپی لەسەر لایەنی دەرونیو بۆچونی تاكەكان دروستدەكات؟ چونكە ئەوەی بینیومانە هەر لەساڵی 1992وە تائێستا هەڵبژاردن بۆ كەسانی هەلپەرست گەورەترین فرسەت بوە، بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتی مادیو گەندەڵی لەسەر حسابی كەسانی هەژارو كەمدەرامەت. لەسایەی هەڵبژاردنەكاندا گەورەترین فرسەت بوە بۆ كاری نایاسایی دەستبردن بۆ موڵكی گشتیی، هەر لەدروستكردنی خانوی زیادەڕۆیی كە لەئەنجامدا گەڕەكی زیادەڕۆییو شێواندنی شارو شارۆچكەكانی لێكەوتەوە، هەروەها داگیركردنی زەوییو زاری كشتوكاڵی بەتایبەتی دۆنمە زەوییە بەردەڵانیەكان (صخری)وە لەسەر (محرماتی شەقامی سەرەكی) لەماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا بەخێرایی خانوو دروستدەكرێت لەبەرچاوی شارەوانیو یەكەی ئیدارییو بەڕێوهبەری ناحیە، كەچی چاوپۆشیان لێدەكەنو كەس بەرپرسیارێتی هەڵناگرێت. داگیركردنی زەوییو زارو موڵكی گشتی زۆرجار دەرئەنجامی خراپتری لێكەوتوەتەوە كە بەئاشكرا ڕۆژانە لەشاشەی تیفیەكانەوە دەیان هەواڵی شەڕی دەستەویەخەی چەكداری كە كوژراو بڕینداربوون لەنێوان عەشیرەتو بنەماڵەكاندا ڕودەدەنو دەیان بیستین، بەڵام دوای 30 ساڵ لەحوكمڕانی كوردی لەبری چارەسەركردن، بەڵکو بوون بەدیاردەو لەهەموو هەڵبژاردنەكاندا دووبارە دەبنەوەو پێشێلكاری زیاتر دەكرێت لەئەنجامی چاوپۆشی لێكردنیان بۆ كۆكردنەوەی دەنگێكی زیاتر؟ قێزەونترین دیاردە كە بەتایبەتی لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا زیاتر سەرهەڵدەدات، سەنگەر گواستنەوەو تەراتێنی حیزبایەتیە، كە كێ زۆرترین نرخیان لەسەر دابنێت؟ كە چۆن بتوانن سود لەم فرسەتە وەربگرن لەپێناو پۆستو پلەو پارەی زیاتر بەدەستبهێنێت، جا ئەم دیاردەیە نەك هەر لەناوسیاسیەكاندا باوە (لەئەندامی باڵای حزبەكان تا دەگاتە وەزیرو ئەندام پەرلەمانو ڕاوێژکارەكانیان)، بەڵکو تەنانەی هونەرمەندو میدیاكارانیشی گرتۆتەوە؟ كە بێئەوەی شەرم لەخودو ڕابردووی خۆیان بكەن، دەكەونە پیاهەڵدان بەحیزبو ئەوكەسانەی كە ڕۆژانێك هەرخۆیان بون زۆرترین دوژمنایەتیو قێزەونترین وشەو دەستەواژەیان بەرامبەریان بەكارهێنابێت. كارەساتە كە سەوزەو میوەفرۆش لەناوەڕاستی شەقامە سەرەكیە پڕ لەمەترسیەكاندا لەبەرچاوی پۆلیسو فەرمانگەی هاتوچۆوە وەك پێشانگا میوەكانیان دەخەنەڕوو، بەناوی پەیداكردنی بژێوی ژیان دەستدرێژیدەكەنەسەر مافی گشتی هاتوچۆو مەترسی بۆ سەر سەلامەتی ژیانی خەڵکانی تر دروستدەكەن، بەڵام لەپێناو هەڵبژاردن بێدەنگی لێدەكرێتو هیچ ڕێكارێك بەرامبەریان ناكرێت؟ ئەمانە لەپێناو كۆكردنەوەی دەنگێكی زیاتر بۆ ئەو ئەندام پەرمانانەی كە سبەینێ دەوڵەمەند دەبن كە تیاندایە دوایی بەیەك وشەش بەشداری دانیشتنێكی پەرلەمان ناكەن.
رێبوار کەریم وەلی راستییەکەی من کاک فازڵ و ئەویش بە باب و باپیرەوە ئێمە لەو سەردەمەوە کە لە ڕاژان "موتنی" بوو و ھێشتا بۆ "میرانی" تەرفیعی نەکردبوو دەناسین. پێم سەیر بوو کە بە زەحمەت ناوی باپیرمی بە بیر مابوو!؟ * ھەموو ئەو قسانەی لە رووداو کردنی بیرو ڕای خۆیەتی و ئازادە. لەو شوێنەی جوملەیەکی خۆی عەتفی من دەکات و وەسفی حاڵم دەکات، نازانم بە چ مەبەستێک من بە قاچاغ ناو دەبات!؟ ئینجا زانیاریی ھەڵەش دەدات کە گوایە من لە تورکیا دەژیم!؟ * کاک فازڵ لە سەرەتای قسەکانیدا باسی مەودای ئازادی و رەخنە لە خۆگرتن لەناو پارتیدا دەکات و باسی رەخنەگرتن لە نسکۆی ١٩٧٥ دەکات، بەڵام خۆشی باش دەزانێ کە ھەموو ئەوانەی کە ئەو راپۆرتانەیان نووسی تەخوین کران و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، ئەو نامیلکانەی ئەو سەردەمە وەک کتێبەکەی دکتۆر مەحمود و سامیی رەحمەتی و زۆری دیکە تەنھا لە ئەوروپا دەست دەکەون! * ئینجا بەندە بۆ دەبێ قاچاغ بێ؟ ئەگەر مەودای ئازادیی رادەربڕین ھێندە بەرفراوان بێ؟! * کەسێک لە کوردستان و لە پارتی قاچاغ بێ، چۆن لە تورکیا جێگەی دەبێتەوە!؟ وەک ئەوە وایە ئاکپارتی و ئەردۆغان بەدواتەوە بن و تۆش لە ھەولێر فیکەی سمێڵت بێ! نا کاک فازڵ من چوار ساڵە ئەمری گرتنم ھەیە لە تورکیا و پێشتریش بە شەفاعەت و تکا و رجا دەمتوانی بە تورکیادا ھاتوچۆ بکەم. کەواتا لە تورکیا نیم. * بەڵێ قاچاغم، بە شانازییەوە لەبەر ئەوەی لەسەر دزی و گەندەڵی شاربەدەر نەکراوم، لەسەر ئەوەی باوەڕم بە ئازادی ھەیە، دژی سزادانی مرۆڤەکانم لەسەر را دەڕبڕین، دژی حکومڕانیی ئەمنی و ئیستخباراتیم و فیکە لێدان بۆ سیاسییەکان لە لایەن گەنجەکانی وڵاتەکەم لام ئاساییە.
ئاسۆ عەبدوللەتیف چەند رۆژێکیتر عێراق لە ڕێگەی هەڵبژاردنێکی ناچاریی و پێشوەختەوە، قاچەکانی دەخاتە قۆناغێکی نوێ، بەڵام هەرگیز ناتوانێت لەو فۆرم و بەرگ و بەها سیاسییە تەقلیدیی و مەزهەبیانە، لابدات و خۆی ریفۆرم بکات. هەڵبژاردنی ئایندە دەتوانێ کام مۆدێل و نەزم و ڕوانگە بگۆڕێ لەکاتێکدا ئەو هێزە دەوڵەتییە شاراوەیەی ناوی لیواو سەرایاکانی حەشدە دەتوانێ هەر یاساو بڕیارێک بە زۆرینەی پەڕلەمانی تێپەڕێنێت. بۆیە هەڵبژاردن و دەرەنجامەکانی ئەوەندە هیوابەخش نابێت عێراق و هەرێم بخاتە دۆخێکی نوێی بەڕێوەبردنی سیاسی و ئابوریی گەشە سەندوو، چونکە دەوڵەتی قووڵی میلیشیایی بەهێز هەیەو ڕێگرە بۆ ئەو کرانەوەو خەونەو ئەمریکیەکانیش تەماشاکەرن. دیموکراسیەت و کردەی هەڵبژاردن چەندە کردەیەکی شەفاف و مۆدێرنە لە دنیای کراوەو لیبڕاڵدا، وەلێ لەم وڵاتانە دوو ئەوەندە کردەیەکی ترسهێن و دەریچەیەکە بۆ سەردەرهێنانی فاشیزم و بەربەریزم و زۆرینەیەکی چەکداریی دژە دیموکراسی بریار ئەدات و حاڵەتی نائاسایی دروست دەکات بە جۆرێک پاڵاوگەی نەوتیی دەبات، بەندەرو دەریچە بازرگانیەکان قۆرخ دەکات. لەم عێراقە تائیفیی و مەزهەبگەرایەدا، دیسپلینی (تجنید) و بە سەربازکردن و حەشدکردنی کۆمەڵگاو بڕینەوەی ئیمتیازو میزانیەی بێشوومار و فەرزکردنی ڕوانگەو بیری شۆڤێنیەت و مەرجەعیەتی ئاینیی بۆتە ستراتیژی رێبەرە ئاینییەکان، لەوە دەرچووە دیاردە بێت. بۆیە هەڵبژاردن کۆتایی بەو ستراتیژە ناهێنێت بگرە پاڵپشتە بۆی بۆ ئەوەی بە زۆرینەی پەرلەمانیی باشتر یاساکانی بۆ رێک بخات وەک یاسای دامەزراندنی فەرمی دەستەی حەشدی شەعبی لە ساڵی ٢٠١٦. کە ئەوە بەشێک بوو لە کودەتایەک دژی دیموکراسی. ئەو هەنگاوە مەترسیدارانە بۆ بە ئۆردوگاکردنی عێراق و میلیتاریزەکردنی تاکەکانی، گوتاری نەگۆڕی شیعەی زاڵی نەجەف و مەرجەعیەتە، چەمک و بنەماخوازیی و سیستمی ڕەگداکوتراون و بە ئاوڕشێنی گوتاری مەرجەعیەت و مەسڵەحەتی ڕەهبەریی شوێنی ترەوە بەندە. ئیتر عێراق ئەو تائیفیەت و پۆپۆلیزم و حەشدگەرا مەزهەبییە بەڕێوەی دەبات و خۆشیان کاراکتەرەکانی ئایندەی دوای هەڵبژاردن دیاریی دەکەن، کورد بەو کورسیانەشەوە کە دەیباتە پەرلەمان سەرەرای هەندێک پەرش و بڵاویی ئەگەر سوپاو هێزی تۆکمەو یەکگرتووی نەبێ دوچاری دۆخی خراپ دەبێتەوە. ئینجا هەندێک کاندیدای بەناو سەربەخۆ، بەو قیڕەسازیی و پرۆژە وەهمی و ئەجێندا سیاسیانەوە کە حەنان و وەلائیان بۆ ئەو نەزم و ئاوازو عبودیەتانەی عێراق هەیەو زمانیان گەرمە بۆ دەستکاری قەوارەی هەرێم، بزانن یان نا لە ژێر جەبری توندی نا ئەخلاقی ئەو کودەتایەدان.
رەحمان غەریب لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا، هەندێ گوتاری ئاگرین و باو، لە سەركردەی لایەنێكی هەڵبژاردنەوە بەس بوو بۆ جۆشدانی شەقامی بانگەشەكەران، بەڵام ئەوەی بانگەشەی ئەم هەڵبژاردنە لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو جیا دەكاتەوە، ئەوەیە كە حەماسەت لە شەقامێكە، بانگەشەی لیستە ركابەرەكان لە شەقامێكی دیكە، تا هەنووكە هیچ كۆڵان و دوڕیانێك نەیگەیاندوون بەیەكتر. حەماسەتی نورەدینی یەكێتی لەناو بانگەشەدا، شەقامی بێدەنگی و بایكۆت و خۆڵەمێشی توشی سەرسورمانكرد، ئەو پرسیارەی بێ وەڵام هێشتەوە كە ئاخۆ سەرچاوەی ئەو حەماسەتەی نوردەین لە كوێوە هەڵقوڵاوە و بۆ نەگوازراوەتەوە بۆ ئەودیوو؟ بۆ نورەدین گڕی بەردایە بانگەشەی یەكێتی؟ چاوەروانی نوردەین بوون یان كارەكتەرێكی تر؟ بۆ ئەمجارە نورەدین دەركەوت ؟ چونكە لە بانگەشەكانی تر حەماسەت لە شێوەی نورەدین شەقامەكان و بنكەی هەڵبژاردنەكانی جۆش دابوو، ئۆتۆمبێلی پر لە گەنجی بەحەماس دیمەنەكەیان پر كردبوو لە سەماو هەڵپەڕكێ، یەكێتیش نورەدینی زۆر بوو، ئەم نوەردەینە گەر لەوێ بوایە ئەوەنە دەرنەدەكەوت. خۆم مەعجیبم بەم كارەكتەرە، دەنگی من بۆ حزبەكەی نورەدین نییە، بەڵام لەناو ئەو هەموو سەركردایەتی و بنكە فراوانەی (ی.ن.ك)، یان ئەوانەی چاوەروانن داروپەردووی ئەم هەڵبژادنە بەسەر نوردەیندا بروخێ، ئەم خوڵقاندنی ئەم حەماسەتە بۆ حزبەكەی گرنگە. چۆن دەنگدان مافە، دەنگنەدانی ئارەزوومەندانەیش هەر مافە، مەرجی كاریگەری هەردووكیان ئەوەیە بە هۆشیارییەوە پراكتیك بكرێن، چونكە دیموكراسییەت لە سنودقی كەللەسەرەوە دەست پێدەكات نەك سندوقی دەنگدان، جۆرج تەرابیشی وای ووت. جا بۆ ئەوەی دەرئەنجامی باشت دەستبكەوێت، ئەبێت پێشتر هاوڵاتییەكی هۆشیار بە پرەنسیپەكانی دیموكراسی پەروەردە بووبن، تا بریاری چوون و نەچوونی بۆ سەر سندوقی دەنگدان رەنگدانەوەی فەرهەنگی دیموكراسی بێت. بۆ نورەدین و هاورێكانی، ئەوانەشی لە شەقامی بایكۆتەوە بە سەرسوڕمانەوە تەماشایان كرد، بۆ هەموو لیستە ركابەرەكانی تریش كە چونەتە قۆناغی گەرمی بانگەشە( ئەوەی مەلا بەختیار بە قۆناغی داغی وەسفكرد) ئەو راستییە زۆر سادەیە بزانن: كەس ناتوانێت بە ناشیرینكردنی بەرامبەر نمونەكانی خۆی جوان بكات، ئەگەر لە بنچینەدا نمونەی جوانی پێشكەش نەكردبێت. ئینجا ئەبێت وا وێنای قۆناغی (داغ)ی بانگەشەی هەڵبژاردن بكەین كە مەبەست لێی "داغ"كردنی پرۆسەی دیموكراسی نییەو بانگەشە لە دروشمەوە بگوازینەوە بۆ واقیع، هاتوهاواری لیستە ركابەرەكان بگوازرێتەوە بۆ كردار، لە بەڵێنی رەنگاورەنگەوە ببێتە مەسەلەیەكی هەستپێكراو لە ژیانی هاوڵاتیان. پاشان دەنگدەر مەكەن بە دوژمنی یەكتر، چونكە لۆژیك ئامادەیی هەبێت دوای دەنگدان، لە بەغدا كۆدەبنەوە، رێكدەكەون لانی كەم لەسەر خاڵە هاوبەشەكانتان و نورەدینیش لە شارەزورەوە نەك بە یەكێتی و گۆڕان بە هەمووان دەڵێت: پێكەوە بەهێزترن.
رابون مەعروف ساڵی ٢٠١١ تازە لە بەریتانیا گەڕابومەوە، لەگەڵ کاك نەوشیروان دانیشتبوین و گفتوگۆمان دەکرد. باس ھاتە سەر پارتی و لە شوێنێکدا کاك نەوشیروان وتی: کەسانێکی زۆر کە بە حیسابی خۆیان لە پارتی ناڕازین، لە جەھل و گەمژەییەوە پارتیان کردوە بە دێو! ئەمانە خەڵکیان لە پارتی تۆقاندوە. گوایە بۆ شکاندنی پارتی، درۆی شاخداری ئەوتۆ دەکەن، خەڵکێك لە ئاودەست و ژوری نوستنیش، لە 'کامێرای پارتی' دەترسن! ئەمانە ھەرکەسێکیان خۆشنەویست، بوختانی پێدەکەن کە خۆی بە پارتی فرۆشتوە. بەوجۆرە بۆچونێکیان لای خەڵك دروستکردوە کە پارتی کێوێکە و ناکەوێ و دێوێکە و نابەزێ! حیزبەکان، کە ئێستا رکەبەری دەکەن لەسەر لاساییکردنەوەی پارتی، یان بە ئاشکرا و بە نھێنی خەریکی سات و سەودان لەگەڵ پارتی، بۆ ئەوەی درز و کەلێن و عەیب و عاری خۆیان داپۆشن، ھەر کەسێك رەخنەیان لێبگرێت، بوختانی پێدەکەن کە خۆی بە پارتی فرۆشتوە! بۆ ئەوەی خەڵك سەرنج و دیقەت لە وێنەی راستەقینەی حیزبەکان نەدەن. بۆ ئەوەی خەڵك نەبینن کە ئەم حیزبانە نەك فەرقیان لەگەڵ پارتی نییە، بەڵکو حەسودی دەبەن کە وەك پارتی بن! ئێوە دیقەت بدەن: ئەگەر بڵێیت، ئێستا یەکێتی وەك پارتی حیزبی بنەماڵە و عائیلەیە و لە ناوچەی دەسەڵاتی یەکێتی وەك ناوچەی پارتی دزی و تاڵانیی سامانی گشتی ھەیە: ئیتیھامت دەکەن بە پارتی! بڵێ، گۆڕان وەك پارتی حیزبی بنەماڵە و بەرژەوەندی تایبەتی کەسانێکە، ئیتیھامت دەکەن بە پارتی! بڵێ، نەوەی نوێ بە ساڵێك پێش پارتی دایەوە لە بەبنەماڵەكردنی حیزب: بڵێ نەوەی نوێ کەڵت و کۆمپانیای یەك کەس و خێزانەکەیەتی و ئەوانەیتر ھەمو شاگرد و ملکەچ و موچەخۆرن، ئیتیھامت دەکەن بە پارتی! بڵێ، ئیسلامیەکان بە طاڵیباندا ھەڵدەدەن، بەڵام نەوەکانی خۆیان دەنێرن بۆ ئەوروپا و ئەمەریکا، ئاخر ئەمە نیفاقە!! ئیتیھامت دەکەن بە پارتی! ئێ خەڵکەکەش دەڵێن: ئەگەر ئەم ھەمو بوختانە راستبێت، کەواتە ھەموان پارتیبونێك قەرزارن! یەکێك لە درۆ گەورەکان ئەوەیە کە گوایە زۆربەی پەڕلەمانتار و سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆن چونەتە لای پارتی! لە راستیدا چەندجار لەوە زیاتر چونەتە لای یەکێتی! دەیان سەرکردە و بەرپرس و پەڕلەمانتاری ئۆپۆزیسیۆن چونەتە لای یەکێتی، بەڵام نابێتە رۆژەڤ و بابەت! ئەزانن بۆ؟ چونکە کاسبییە پیسەکەی حیزبەکان ئەوە ناخوازێ! ئێوە دیقەت بدەن: لە ھەمو ئەو سەرکردە و پەڕلەمانتارانەی لەسەر بەبنەماڵەکردن، نەوەی نوێیان جێھێشت، تەنھا و تەنھا یەك پەڕلەمانتار چوەتە لای حیزبی دەسەڵات.. بەڵام سەرنج بدەن، ئەو پەڕلەمانتارە چوەتە لای یەکێتی نەك پارتی! لە ٣٠ ساڵی رابردو تەنھا دو پەڕلەمانتار و یەك وەزیری ئۆپۆزیسیۆن چونەتە لای پارتی، دیقەت بدەن تا کەناڵەکانی پارتی موقابەلەیەك لەگەڵ ئەوانە دەکەن، کەناڵی ئێن ئار تی چەندان موقابەلەی ئەوانە دەکات و لێدوانەکانیان بڵاو دەکاتەوە و گەورە و موھیمیان دەکات! ئەزانن بۆ؟ چونکە کاسبیە پیسەکە پێویستی بەوەیە! لە راستیدا، پارتی نە کێوە و نە دێو! بەڵکو حیزبەکانیتر گەڕ و گول و بێڕوئیا و سەرلێشێواون! لە رێگەی بە دێوکردنی پارتی و بوختان و چەواشە، رێگە دەگرن لە ھۆشیاربونەوەی خەڵك و دۆست و لایەنگرانیان، کە کراون بە کۆیلەی ملکەچ و بێ شکۆ و بێ سەروەری! رێگە دەگرن لە سەرھەڵدانی ھۆشیاری رەخنەگرانە، تا پرسیار نەکرێ: ئێستا زانیمان: پارتی حیزبی بنەماڵە و ئامرازی سەرکوت و بێدادی و پایەماڵکردنی ئەخلاقی سیاسییە! بەڵام پرسیارێك: ئەی ئێوە خۆتان چین؟ ئێوە چۆن لە پارتی جیاوازن؟ بۆ ئەوەی نەپرسن: جا کە ئێوەش وەك پارتی حیزبی بنەماڵە و ئامرازی بەرژەوەندی تایبەتی و پایەماڵکردنی سەروەری تاك و بنەماکانی ئەخلاقن، کەواتە خەڵك بۆ پشتیوانیتان بکات؟ *مەبن بە کۆیلە و ئامرازی چەواشەکاری!
خالید رەزا لەم هۆڵەندایە، کە لە ناوجەرگەی ئەوروپا و یەکێک لە وڵاتە باش و دیمۆکراسییەکانە، زیاتر لە ٦ مانگە (١٧ی ٣ی ٢٠٢١) هەڵبژاردنی پارلەمان کراوە. هەتا ئێستە حیزبەکان نەیان توانیوە لەسەر بەرنامەیەک بۆ پێکهێنانی کابینە، رێک بکەون. ئاسۆش رون نیە و لە ئێستەدا قسە لەسەر ئەوە ئەکرێ، کە کابینەی کەمینە پێک بهێنن!.. ئێستە لە هۆلەندا ١٩ فراکسێۆن بە کورسی جیاجیاوە لە پارلەماندان. هیچ حیزبێ نەی توانیوە و ناشتوانێ زۆرینەی کورسییەکان لە کۆی ١٥٠ کورسی، بەدەست بهێنێ. بۆیە بۆ پێکهێنانی کابینە ئەبێ حکومەتی هاوپەیمانی دروست بکرێ. زۆرترین کورسی لە حیزبەکەی مارک روتە (VVD)یە، کە ٣٤ کورسی هەیە!. حکومەت لە پێش هەڵبژاردنەوە، لە ٢١-١-٢٠٢١وە حکومەتی کاربەڕێکەرە، بە ئێستەشەوە. لێرە زۆرترین گێرمەوکێشە لەسەر بەرنامەی چوار ساڵی کابینەکەیە نەک پۆستەکان، کە هەر حیزبە و لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا، بەڵێنی بە دەنگدەرەکانی داوە، هەریەکە و بە پێی ژمارەی کورسییەکانی ئەیەوێت لە پرۆگرامی چوار ساڵی کابینەکەدا بەشێکی، نەک هەمووی تیا جێ بکاتەوە. هەر لەسەرەتای هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە، حیزبەکان لە دیبەیتەکانیاندا هەندێ هێڵیان بۆ خۆیان دیاریکردوە، بۆ نمونە حیزبێ وتویەتی: "لە پێکهینانی کابینەی نوێدا لەگەڵ فڵان حیزب کار ناکەم" ئێستە ئەمە روی داوە، بۆ نمونە، حیزبە براوەکان نایانەوێ لە گەڵ حیزبەکەی خێیرت ڤیلدەرس (Pvv) و حیزبەکەی جێری باودێت فۆروم فۆر دیمۆکراسی (FVD) کە هەردوکیان دو حیزبی پۆپۆلیست و دژە یەکێتی ئەوروپان و بە هەردوکیان (١٧+٥) ٢٢ کورسی پارلەمانین، لە دەرەوەی یارییەکەن و هیچ حیزبێ نایەوێ لەگەڵیان هاوپەیمانی ببەستێ. لەبەر ئەوەی بەرەی راست و بەرەی چەپ و دیمۆکرات، تا ئێستە نەیان توانیوە بگەنە رێکەوتن و زۆرینەی پارلەمانی پێک بهێنن. بۆیە لە ئێستەدا بیر لە کابینەی کەمینەی پارلەمانی ئەکەنەوە، بە سەرۆکایەتی مارک روتە، کە لە بری ئەوەی ببن بە خاوەنی ٧٦ کورسی یان زیاتر کە لەم چرکە ساتەدا هەموو هەوڵەکانیان بۆ هاوپەیمانتیەتیەکی ٧٦ کورسی پارلەمانییە! ئەگەر ئەمە ڕوو نەدات ئەوا ئەیانەوێ کابینەی کەمینە بە هاوپەیمانی ٣ حیزب و بە کۆی ٧٢ کورسی لە ١٥٠ کورسی دروست بکەن. بێگومان ئەمەش بێ ئاریشە و بێ تەنگوچەڵەمە نابێ. خۆ ئەگەر ئەمەش رو نەدا، ئەوا بە دور نازانرێ، کە هەڵبژاردن سەرلەنوێ بکرێتەوە. بە کورتی و کرمانجی لە ناوەڕاستی مانگی یەکەوە واتە ٩ مانگە، حکومەتەکەی مارک ڕوتە، کابینەی کار بەڕێکەرە. بۆیە بەلاتانەوە سەیروسەمەرە نەبێ کە لەم وڵاتانەش لە پرۆسەی پیکهێنانی کابینەدا، شتیی وا ڕوو ئەدات ئەم کورتە نوسینە بۆ؟ لە راستیا بۆ بەرچاورونی کوردستانیانە، لە کوردستان بن یان لە هەر شوێنێکی تر. تا بزانن لە وڵاتێکدا، کە لە سەدەی ١٦وە هەیە و لە ساڵی ١٨١٤وە نیزامی پاشایەتی هەیە، ئەم جۆرە شتانەی تیا رو ئەدا. خەڵکەکەش لە چون بۆ دەنگدان سارد نەبونەتەوە و بەشداریکردنیان لە دەنگدان، وەکو ماف و ئەرک ئەبینن. بۆیە نابێ خەڵکی کوردستان دەسبەرداری مافی دەنگدان و ئەرکی دەنگدان ببن، چونکە ریگا دروستەکە ئەوەیە، بچن بۆ دەنگدان و بایکۆت نەکەن. لەبەر ئەوەی ئەڵتەرناتیڤ نیە، بایکۆتکردن بارودۆخی ئێستەی کوردستان ئەگەر خراپتر نەکا، باشتری ناکات. بێگومان رەنگە من لە زۆر کەس زیاتر لەم حکومڕانییە و لەم دەسەڵاتە ناڕازی بم و ئەتوانم کتێبێ لەسەر کەموکوڕی و خراپەکانیان بنوسم، بۆیە ئەم نوسینەی من ناچێتە خانەی بەرگریکردن لێیان. بەڵکو ئەمەوێ هانی خەڵک بدەم بچن بۆ دەنگدان، چونکە دەنگدان، بەشداریکردنە لە گۆڕینی ئەمری واقیعدا. دواتر پرتەوبۆڵە هیچی لێ سەوز نابێ و کورد وتەنی: لە پاش باران کەپەنک! بۆیە داوا لە هەمو ئەوانە ئەکەم، کە ئەمناسن، برۆن دەنگی خۆتان بدەن بەو کاندیدانەی، کە دڵخوازی خۆتانە. پێشینان وتویانە: "کردە پەشیمانی باشترە، لە نەکردە پەشیمانی"...
هونەر تۆفیق مۆدێلە سوڵتانیەکەی میراتی دەستەڵات لەهەرێمی کوردستاندا ،کاریگەری ڕاستەوخۆی کردۆتە سەر ژیانی سیاسی و جڤاکی ئینسانی کوردی . بیرکردنەوە و فەرهەنگی ئێمە خەریکە ئەوەی تێدا دەچەسپێت کە دەبێت میراتی سیاسی لەباوکەوە بۆ منداڵەکانی بمێنێتەوە . لەکاتێکدا ئەگەر سەیری ئەرشیفی سەردەمی شاخ و پێش ڕاپەڕین بکەین . سەرەکیترین گلەیی شۆڕشگێڕەکانمان لە ڕژێمەکەی سەدام حوسەین ئەوەبوو کە زۆربەی دەزگا حکومیە هەستیارەکانی دەوڵەتی سپاردووە بە کوڕەکانی خۆی . بەڵام ئێمە ئەزموونەکەی ئەومان ڕادیکالانەتر بۆ منداڵ و کەسوکاری دەستەڵاتی کوردی دووبارە کردۆتەوە . ڕەگ داکوتانی ئەو فەرهەنگە سوڵتانیەی میراتی سیاسی باوک بۆ منداڵەکانی بەتایبەتی لە دیمەنی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پارلەمانی عێراقدا هەستپێدەکرێت . زۆرێک لە کاندیدەکان بانگەشەی هەڵبژاردنەکەیان بە شەهیدبوونی باوکیانەوە یان ئازابوونی باوکیانەوە یان سیاسی بوون و ڕۆشنبیری باوکیانەوە دەکەن . داوا لە دەنگدەرەکانیان دەکەن ، لەبەرخاتری باوکە شەهید و ئازا و سیاسی و خوێندەوارەکانیان دەنگیان پێبدەن . وەک چۆن بەهۆی باوکە دەستەڵاتدارەکەوە دەبێت نەوەکەی ببێت بە میراتگر و فەرمانڕەوا ، بەرەو چەسپاندی ئەو دیاردەیەش دەچین کە دەبێت بەهۆی باوکە شەهید و ئازاکانیشەوە نەوەکانیان ببن بە پارلەمانتار ..
حسێن عەلی شەریف بەر لەچەند ساڵێك كە تازە قاوە خواردنەوە بوبوو بە مۆركی موسەقەفبوونو شاریبوون، خوشكەزاكانم دەعواتی كافتریایەكیان كردم لە سلێمانی. هەر كە گەشتینە بەردەم كافتریاكە، پیاوێكی بە ویقار لەبەردەم دەرگاكەدا فەرموو فەرمووی لێكردین. من بە دیمەنی خۆچەماندنەوەو خۆبچوككردنەوەی پیاوەكە تەواو شەرمەزاربوومو بەهیچ شێوەیەك حەزم نەكرد بەوشێوە بیبینم. خوشكەزایەكم گوتی: خاڵۆ ئێرە جێگایەكی زۆر ڕاقیە! منیش بەتەواوەتی ترسم لێنیشت، چونكە هەمیشە كێشەم هەبووە لەگەڵ ناوی ڕاقی. هەمیشە لە جێگای ڕاقیدا هەستم كردووە ئەوە من نیم دانیشتووم، بەڵكو ئەوە كەسێكی درۆزنە لە پێستی مندا. لە جێگای ڕاقیدا جگە لە كۆمەڵێك دەموچاوی ناڕاقی هیچی تر نابینیت، خەڵكانێك كە تەنها خەریكی نمایشكردننو گرنگی بە چواردەوری خۆیان نادەنو بە پۆزەوە سەیری ئەملاولا ئەكەن. وابزانم نزیكی چل هەزار دیناریان بۆ قاوەو ئاوەكە لێوەگرتین! بەخوشكەزاكانم گوت: ئەمە ناخۆشترینو گرانترین قاوە بوو كە تائێستا خواردبێتمەوە، چونكە لە نەرویج لە خۆشترین جێگادا تەنها پارەی یەكەم قاوە ئەدەیتو دواتر چەند قاوە ئەخۆیتەوە لەسەر هەمان پارەیە! بۆ شەوەكەشی دەعواتیانكردم بۆ جێگایەك كە پێیان ئەگوت لایڤ موزیك، ڕەنگە ناوەكەشی بەهەڵە بڵی. ئەتوانم بڵێم یەكێكبوو لە ناخۆشترین شەوەكانی ژیانم، بەڵام سەیرم لەوە ئەهات كە ئەو هەموو خەڵكە لەوێ دانیشتبوونو جێگای كەسی تر نەئەبویەوەو هەر مێزیك لانی كەم سێسەد بۆ چوارسەد دۆلاری ئەویست. لەوانم پرسی باشە خەڵكی هەر باسی بێ پارەیی ئەكەن كەواتە ئەمە چیە من ئەیبینم؟ دواجار داوام لێكردن كە بەزوترین كات لەو جێگایە بمبەنە دەرەوە، چونكە بەڕاستی كوڕی ئەوێ نەبوومو بەهەڵە كەوتبوومە ئەوێ. من لەسەرەتای ژیانی ئەوروپاشمدا كە شەش ساڵی یەكەمی سینگڵ بووم، تەنها یەكجار دیسكۆم بینیوە. هەمیشە هاوڕێكانم ئەیانگوت بۆ نایەی بۆ دیسكۆ بەڵكو ئافرەتێك پەیدابكەیت! منیش ئەمگوت ئافرەتیك لە دیسكۆدا دەستبكەوێت هەر لە دیسكۆشدا لە دەستئەچێت. ئەوجارەش كە چومە دیسكۆ هیندە دیاردەی ناشیرینم لە هاوزمانەكانی خۆم بینی شەرمم بەخۆم ئەهات. جا لەسەرەتای كۆڕەوی كوردان بۆ ئەوروپا، لە زۆربەی وڵاتەكان كوردیان لە دیسكۆكان نەئەكردە ژورەوە! هۆكارەكەش ڕەگەزپەرستی نەبوو، بەڵكو كوردەكان هەر لە سەرەتاوە بەسەرخۆشی ئەرۆشتنە دیسكۆكان زۆرینەیان سەر لەئێوارە بە چوار بیرەی ئاڵدی ولیدڵ* خۆیان سەرخۆش ئەكرد بۆ ئەوەی لە دیسكۆكاندا بیرە نەكڕن، چونكە بیرەی دیسكۆ گرانبوو! عەبەی حەمەومین كەوكوژ، بەوەشەوە نەئەوەستاو هەمیشە بیرەكانی پڕئەكرد لە خوێ! چونكە ئەیگوت ئەگەر خوێی تێبكەیت زوتر ئەتگرێت! لەهەموو دونیادا خەڵك بۆئەوە ئەخواتەوە كە خۆشحاڵبێت، كەچی ئێمە خواردنەوەمان بۆ خەفەت ئەخواردەوە، هەربۆیە كە بەدمەست ئەبووین ئیتر سەرەتا بۆ دایكمان ئەگریاینو دواتر بۆ هەڵەبجەو ئەنجا بۆ شەهێنی خوشكەزامان! هەربۆیە ژنو كچە ئەوروپییەكان خۆیان لە كورد لائەدا. زۆرینەی كوردەكان لە دیسكۆكاندا كە پرسیاریان لێئەكرا خەڵكی كوێیت؟ نەیانئەگوت كە خەڵكی كوردستانین! هەریەكەو وڵاتێكی تری بۆ خۆی هەڵئەبژارد، یۆنانی، ئیتالی، مەغریبی، توركی، ئیتر ئاوەها. جا كە بەمنیان ئەگوت بۆ نایەی بۆ دیسكۆ؟ منیش ئەمگوت كاكە ئێوە هەریەكەو میلەتێكتان بۆ خۆتان هەڵبژاردوە، ئێ منیش جگە لە كورد لە هیج نەتەوەیەكی تر ناچم! ئەسحاوەكە نامیقی فەتاح بێسەر لە دیسكۆیەكدا گوتبووی خەڵكی یابانم! ئەوانیش گوتبوویان ئەی بۆلە یابانی ناچیت؟ ئیتر گوتبوی بۆ یابانی چۆنە؟! كوردەكان پێچەوانەوەی دیسكۆكان كە نەیانئەگوت كە كوردن، بەڵام لە یۆنان كە بلیتی پاسیان نەئەكڕیو بەڕەش سەرئەكەوتن، هەر كە كۆنترۆڵ ئەهاتو داوای بلیتی ئەكرد، یەكسەر ئەیانگوت: كوردۆس، سەدام هوسەین، بۆمب، هەڵەبجە، عەبدوڵا ئۆجەلان! لەزەتی كوردستان لەوەدایە كە بۆ چا خواردنەوە بڕۆیتە چاخانەیەكو بۆ نانی بەیانی لەگەڵ ئەو خەڵكەدا نانو ماستێك بخۆیت، كە برسیت بوو لای سۆفی نیعمەتو وەستا تالیم دوو شیش كەباب بخۆیت. لەزەت لە شوینی ڕاقیدا نیە، ئەو شوێنانەی كە ناویان ناوە شوینی ڕاقی، جگە لە مرۆڤی ڕەق هیچی تری تیا نیە، جگە لە خواردنی پیسو خەڵكی دەمامكدارو پۆزلێدەر هیچی تر نابینیت. براگیان منیش یەكەم عەشایەرم *ئاڵدی و لیدڵ هەرزانترین سۆپەرماركێتن لە ئەوروپا !
جەلال جەوهەر ١- بایکۆتکردنی پرۆسەی دەنگدان؟ لە ئەزمونی خەباتی سیاسی وشارستانی گەلاندا، جەماوەر بەیەکگرتوویی زۆربەی كات لایەنێکی هەرە سەرەکی و یەکلاکەرەوە بووە لە پرسە چارەنوسسازەکان و کارە سیاسیەكاندا. لە هەر جێگایەکیش جەماوەر خۆی بەدوورگرت لە پرۆسە و پرسە سیاسیەکان، و باوەڕی بەخۆی نەبووبێت خاوەنداریەتی پرسە سیاسیەکانی خۆی بکات، چارەنووسی جەماوەری لەم جۆرە ناڕۆشن و نادیار وهەمیشە لەژێر هەڕەشە و مەترسی فاکتەری دەرەکیدا دەبێت. پاوانكردن وداگیركردنی مەیدانی سیاسیی ھەرێمی كوردستان لە لایەن ھێز ولایەنە سیاسیەكان و دەسەڵاتداران بە تایبەت، و پەراوێزخستنی جەماوەر، و گرفتار و گیرۆدەكردنیان بە كێشە و قەیرانی سیاسی ئابوری و دارایی و ئەمنی، وبێبەش كردنیان لەمافە رەواكانیان، ھەموو ئەمانە جەماوەری كوردستانی عێراقیان تارادەیەكی زۆر لە پەلوپۆ خستووە. لەھەر جێگایەكیش جەماوەر پێک نەکرا و خرایە دەرەوەی كایە سیاسیەكان و ھاوبەشی راستەقینە نەبوو لە پرسە گرنگ و چارەنوسسازەکان، جەماوەر گیانی بەرپرسیاریەتی تێدا لاواز دەبێت و نامێنێت، سەرئەنجام جەماوەر دڵسۆزی و خۆشەویستی و پابەندبونی نامێنێت بۆ میللەت و نیشتیمان، کە ئەمیش کارەسات و مەترسیە هەرە گەورەكەیە لە ئەمڕۆ و داهاتووی کوردستانی عێراق . گەندەڵی و زوڵم و بێدادی و بێخەمی و بێمنەتی دەسەڵات لە ھەرێم، ناڕەزایەتی دروستكردوە لە كوردستانی عێراق، لەبەر ئەوە دەربڕینی ناڕەزایەتی بە ھەموو شێوازەكانی شارستانی بە رووی دەسەڵاتدارانی ھەرێم راستە و رەوایە،...، بۆیە بونی نارەزایەتی قسە و گفتوگۆی لە سەر نیە لەم بابەتەدا، بەڵكو قسەمان لە سەر ئەوەیە؛ ئایا بایكۆتكردنی ھەڵبژاردنەكان و پرۆسەی دەنگدان قازانج و دەسكەوتی چیە بۆ دەنگدەران ؟ ئایا بایكۆتكردنی پرۆسەی دەنگدان قەیران وكێشەكان چارەسەر دەكات ؟ ئەی كە دەنگدەرانی ناڕازی بایكۆتی دەنگدان دەكەن بەدیلیان چیە لە جێی ھەڵبژاردنەكان و پرۆسەی دەنگدان؟ ئەو دەنگدەرە ناڕازیانەی دەیانەوێت بایکۆتی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و دەنگدان بکەن چەند جۆرێكن : یەکەمیان: ئەو ناڕازیانەن کە بایکۆتی پرۆسەی دەنگدان بە هەڵوێست دەزانن لە دژی دەسەڵاتداران، بەڵام بەدیلی ھەڵبژاردنەكان و پرۆسەی دەنگدانیشیان نیە!؟ بەڕای ئێمە ئەم بایکۆتە خزمەتی دەنگدەری ناڕازی ناکات، بەڵکو هەلێکی زۆر دەڕەخسێنێت بۆ زۆرترین تەزویر و ساختە بۆ بەرژەوەندی دەسەڵاتدارانی كوردستانی عێراق، چونکە دەسەڵاتداران توانایان هەیە سوود لەو ناوانە وەربگرن کە بایكۆتی پرۆسەی دەنگدانیان كردوە، بەم جۆرە بایکۆتکردن و بەشداری نەکردن لە پرۆسەی دەنگدان ڕاستەوخۆ خزمەتی ئەو لایەن و هێزانە دەکات کە دەسەڵات و توانای تەزویریان هەیە، کەواتە بایکۆتکردنی دەنگدان تەمەنی هەموو ئەوانە درێژ دەکاتەوە، کە دەستێکی باڵایان هەبووە و هەیە لە گەندەڵی هەمەجۆر و زوڵم وبێدادی، ودروستکردنی قەیرانی سیاسی و ئابوری و دارایی لە عێراق و هەرێم. دووەمیان: ئەو ناڕازیانەی کە بایکۆتی پرۆسەی دەنگدان دەکەن لە نا ئومێدی و لە بێ بڕوایی بە بەشێكی زۆری ھێز ولایەنە سیاسیەكانی كوردستان وعێراق، ولە بێ ھیوابوون لە گۆڕانکاری بۆ باشكردنی دۆخی ھەرێم وعێراق... دیارە بێ هیوایی و نائومێدی ئاماژەیەکی تەندروست نیە بۆ توانا و ئیرادە و ویستی مرۆڤ، مرۆڤی بێ ئومێد و بێ بڕوا دەچێتە خانەی نەبوو، چونکە نائومێدی و بێ هیوایی سەرەتایەکە بۆ خۆ بەدەستەودان وتەسلیم بوون، و قبوڵکردنی زوڵم وزەلیلی و ڕەزیلی،...، ئەمە جگە لەوەی بایکۆتی لەم جۆرەش هەر خزمەتی ڕاستەوخۆی ئەو هێز و لایەنانە دەکات کە توانای تەزویر و ساختەیان هەیە. توێژێکی تری دەنگدەران هەیە، ئەوانەن کە دوور و بێ ئاگان لە دونیای سیاسەت، و سەرقاڵ و خولیای ژیان وبەرژەوەندی خۆیانن. ئەوانە بێ خەمن بۆ دۆخی سیاسی کورد لە ناوچەکە، بەشداریکردن و نەکردن لە دەنگدان وەک یەکە لای ئەوان، گرنگی و ڕۆڵی دەنگی خۆیان نازانن، و نایانەوێت کەم و زۆر تێکەڵی کاری سیاسی و بەشێک بن لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و دەنگدان. ئەمانیش زیان دەگەیەنن بە خۆیان و پرسی کورد، چونکە بەشێكن لە رەوشی گشتی کوردستان. لەڕووی سیاسیشەوە، بایکۆتیكردنی هەڵبژاردنەکان و پرۆسەی دەنگدان بە بەردەوامی، بەبێ ھۆكارێكی مەنتقی وبڕواپێكراو، وبەبێ ئامادەكردنی بەدیلێكی باش بۆ ئەم قۆناغە، ھەڵوێستی دەنگدەران لاواز دەكات،...، بەم شێوەیە دەنگدەران دوائەكەون لە جێبەجێكردنی بەشێك لە ئەركەكانی خۆیان، و بێبەش دەبن لە بەدەستھێنانی بەشێك لە مافەكانیان، چونكە دەنگدان ھەم مافێكی دەستوریە، وھەم ئەركێكی سەرەكی قۆناغەكەیە، بە ھۆی دۆخی قەیراناوی وئاڵۆز وھەستیاری كوردستانی عێراق. ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە، بەشداری نەكردن لەدەنگدان لە قازانی كێدایە، وكێ زەرەری لێدەكات ؟ بەكورتی ؛ بەشداری نەكردن لەدەنگدان لە قازانجی ئەو ھێزانەیە كە توانای تەزویریان ھەیە، وبە زەرەر و زیانی زۆرتری ئەوانە تەواو دەبێ كە بایكۆتی دەنگدان دەكەن. ٢- یان بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدان؟ پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و دەنگدان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، یەکێکە لە ناشرینترین و خراپترین شێوازی هەڵبژاردنەکان لە جیهان، بەهۆی تەزویر و ساختە و دەستکاری ئەنجامی دەنگدان، ودەستێوەردانی دەوڵەتان لە کاروباری هەڵبژاردنەکان، بۆ بەرژەوەندی لایەنە دەسەڵاتدارەکانی عێراق و هەرێم، هەروەها بەهۆی بێ خەمی و خەم ساردی بەشێکی دەنگدەران لە بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدان. دیارە هەڵبژاردنەکانی عێراق وهەرێم دایک و باوکی هەموو گەندەڵیەکانە، گەندەڵی لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و دەنگدان، حکومەتی گەندەڵی لێ لەدایک دەبێت، هەر لەبەرئەوەشە، عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە، یەکێکە لە دەوڵەتە هەرە گەندەڵەکانی جیهان. لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا تا ئامڕۆ لە كوردستانی عێراق بژاردەیەكی باشترمان نیە لە ھەڵبژاردنەكان و بەشداری كردن لە پرۆسەی دەنگدان و بەشەكانیتری خەباتی شارستانی بۆ بەدەستھێنانی ئامانج و داواكاریەكانی جەماوەر. لەگەڵ هەموو لایەنە خراپەکانی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان وپرۆسەی دەنگدان لە ماوەی (٢٩)بیست و نۆ ساڵی ڕابردوودا لەهەرێم، ھەڵبژاردنەكان لایەنی باشی ھەبوە تاڕادەیەك و گۆڕانكاریشی بەدوای خۆیدا ھێناوە. بۆ بەر چاوڕونی زیاتر وتێگەیشتنی زۆرتر لە سەر لایەنە باشەكانی ھەڵبژاردنەكان، ولەسەر دروستبونی ڕا وھەڵوێستی جیاوازی دەنگدەران لەسەر پارت ولایەنە سیاسیەكان و ڕهنگدانەوەیان لە سەرھەڵبژاردنەكان و پرۆسەی دەنگدان، كە بوە ھۆی گۆڕانكاری دیار لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان لە نێوان ھەڵبژادنێك وھەڵبژادنێكی تردا، بەراوردێك دەكەین لە نێوان ئەنجامی ھەڵبژاردنەكانی(١٩٩٢/٥/١٩)، كە دەنگدەران بە رێژەیەكی زۆر باش بەشداریان تێداكرد، ئەوە بوو لە دوای فەرز و جیاكردنەوەی دەنگەكان، یەكێتی وپارتی لە ١٠٠٪ كورسییەكانیان بە دەستھێنا، لەگەڵ ئەنجامی ھەڵبژاردنەكانی (٢٠١٣/٩/٣٠)، كە دەنگدەران بەرێژەیەكی باش بەشداریان تێداكرد، پارتی و یەكێتی ٥٦٪ی كورسییەكانیان بەدەسھێنان، و٤٤٪ ی كورسییەكانیان لەدەستدا، ئەمە گۆڕانكاریكی گەورەو زۆر ودیار بوو لە ڕا وھەڵوێستی دەنگدەران لە ماوەی (٢١) بیست و یەك ساڵدا. لێرەدا، بۆمان دەردەکەوێت ئەوەی دەتوانێت گۆڕانکاری زۆر و گرنگ و بنەڕەتی بکات لە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەکاندا، ڕۆڵی جەماوەر و هەڵوێست و بڕیاری دەنگدەرانە، چونکە بەشداریکردنی دەنگدەران بەگشتی لە پرۆسەی دەنگدان، جگە لەوەی ڕووبەری تەزویر و ساختە بەرتەسک دەکاتەوە و کەمتر دەکات، گۆڕانکاری گرنگیش بە دوای خۆیدا دەهێنێت، وتوانا وئازایەتی و ئومێدێکی نوێش دەبەخشێت بە جەماوەر، و ئەوە هەنگاوی یەکەم و سەرەتایی و بنەڕەتیش دەچەسپێنێت لە خەباتی شارستانی و پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان. بەشێوەیەکی گشتی هەرکاتێک دەنگدەران بەگشتی بەشداریان کردبێت لە پرۆسەی دەنگدان، ڕووداو وگۆڕانکاری نوێ وگرنگی بەدواوە بووە، وهەرکاتێکیش جەماوەر ودەنگدەران بایکۆتی پرۆسەی سیاسی ودەنگدانیان کردبێت بەشێوەیەکی عەفەوی، بێگومان نائومێدی وکێشە وقەیرانی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، و لەهەر قەیرانێکی سیاسی و ئابوریشدا، جەماوەر ودەنگدەران ھەمیشە قوربانی و زەرەرمەندی یەكەم بون. لەبەرئەوە، بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدان لە دۆخی ناسک و ناسەقامگیر و ئاڵۆزی ئەمڕۆی کوردستانی عێراق، ئەرک و بەرپرسیاریەتی نیشتیمانیە، خۆدزینەوە و بەشداری نەکردن لە پرۆسەی دەنگدان لەم دۆخەی ئەمڕۆدا، جگە لەوەی زیانی زۆری دەبێت بۆ دەنگدەر خۆی، زیانی گەورە و قورسیشی دەبێت بۆ پرۆسەی سیاسی و پرسی کورد لە کوردستانی عێراق و ناوچەکە. لێرەدا بەپێویستی دەزانم ئەوە بڵێم بە جەماوەر ودەنگدەرانی کوردستانی عێراق، كە هەڵبژاردنەکان و بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدان وخەباتی شارستانی تەنیا بژاردەیە لە بەردەم جەماوەری كوردستانی عێراق لەم قۆناغە، وئەركی جەماوەر وھەموو ھێز ولایەنەكانە ئەوە بكەن بە کەلتوری خەبات و تێکۆشانی میللەتەكەمان بۆ ناوخۆی كوردستانی عێراق، بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان.
د. نەزاكەت حسێن ئەگەر بە وردی ڕامانێكمان هەبێت لە سەر بارودۆخی عێراق، دەبینین، هەڵبژاردن لە زۆربەی كاتەكاندا سەنگی مەحەك نەبووە بۆ چارەسەری كێشەكانی ناو عێراق، بەتایبەتی لە ئێستادا كە هێزی چەكداری ناحكوومی و میلیشا لە دەرەوەی یاسا و دەوڵەت بڕیار دەدەن، ئەوەش بنەما بەهێزەكانی دەوڵەتی كە ئابووری و سەقامگیرییە، لەرزۆك كردووە. واتە سەقامگیری و ئاسایشێكی جێگر و یاساسەروەری بوونی نییە، تاكو بتوانرێت بە پەرلەمان و یاسا گرفتەكان یەكلا بكرێنەوە، سەبارەت بە هەرێمی كوردستانیش ڕاستە تا دەنگ و كورسیی كورد زۆرتر بێت، زیاتر كاریگەری دەبێت لە سەر پێگەی كورد لە بەغدا، بەڵام ژمارەی كورسییەكانی كورد هەرگیز هۆكار نەبووە بۆ ئەوەی بتوانێت ڕێگر بێت لە دەركردنی یاسایەك، ئەگەر حیسابی بۆ پێكهاتەی گەورەی كورد نەكردبێت، چونكە زۆرینەی پەرلەمانتارەكان، هەر چەند جیاوازی و ناكۆكی لە نێوان خۆیان هەبووبێت، بەڵام لە بەرامبەر كورد زوو یەكیان گرتووە و پلان و پیلانیان لە دژی كوردستانیان داڕشتووە. ئەگەرچی ناكرێت بوترێت ژمارەی كورسیی پەرلەمان بۆ كورد گرنگ نییە، بەڵام لە ئێستای عێراقدا نە سەروەریی یاسا، نە ئابوورییەكی بەهێز، نە سەقامگیریی سیاسیی ئەو وڵاتە، ئەوە نییە كە پەرلەمان بتوانێت، كێشەكان و بڕیارەكانی بۆ یەكلا بكاتەوە. ئەوە دۆخە نالەبارە كۆمەڵێك فاكتی هەیە، یەكێكیان ئەوەیە كە عێراق لە ئێستادا سەربەخۆیی سیاسی نییە و خۆی مەرجەعی بڕیاری خۆی نییە، واتە هێزە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەكان لەگەڵیدا هاوبەشن لە دیاریكردنی هەر بڕیار و جووڵەیەكدا، كاركردن و دەوڵەتداری لە بارودۆخێكی ئاوادا ئاسان نییە، كە بەغدا ببێتە جەمسەرێك یان بەشێك لەگەڵ ئەو هێزە ناوخۆیی و ئیقلیمییانەی كە بڕیارەكان دەردەكەن. لە كەشێكی ئەوتۆی سیاسیدا ئەگەرچی كورد كاری بەرچاوی بۆ دەستەبەری شەراكەتی ڕاستەقینە كردووە و لە پێناوی بەرژەوەندیی هاوبەشدا بەردەوام پەنای بۆ وتووێژ و دانوستان بردووە، بۆیە دەبێت بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆی لە عێراق و كاریگەریی لەسەر ناوخۆ و ناوچەكانی دەوروبەریشی بەشێكی بەرچاو بێت لەو هاوكێشەیە، كە بە بێ بەشداریی كورد نەتوانرێت، لەسەر چارەنووسی ئەو وڵاتە بڕیارێك بدرێت، بەڵام ئەمە دەیەوێت تا كورد بچێتە ئەو پێگەیە و ئەمەش بە تەنیا بە بە كورسیی پەرلەمان ناكرێت. ئەو دابەشكارییە كە بۆ عێراق كراوە و سێ پێكهاتەی كورد و شیعە و سوننە دەگرێتەوە، لە سەر حیسابی كورسیی پەرلەمان نەكراوە، تا بە تەنیا كورسییەكانی پەرلەمان زامنی بكەین، مەترسیی گەورەش ئەوەیە كە بە دەستووریش زامن نەكراوە، تا لێی بێ خەم بین. بۆیە دەبێت بە هەوڵی زیاتر ڕێكاری دیكە پێگە و بوونی خۆمان بهێڵینەوە، بە تایبەتی لە ئێستادا ڕێككەوتنەكە لە سەر حیسابی ئەو سێ پێكهاتەیەش خەریكە تێك دەچێت، ئەوەتا سوننە بەردەوام لە لاوازبووندایە و توێندراونەتەوە، سیمای وڵات لە ئێستادا وڵاتێكی عەرەبیی مەزهەبییە كە تەنیا شێعە تێیدا باڵادەستە، كە پارە و میلیشیا و سەرچاوەی ئابووریی وڵاتیش هەر لای ئەوانە. بۆیە عێراق وردە وردە بەرەو تێكچوونی ئەو هاوكێشەیە دەڕوات، كە لەسەر ئەو سێ پێكهاتەیە داڕێژدرابوو. ئەوە جێی مەترسییە و بێگومان كوردیش ئەگەر وریا نەبێت، قوربانیی گەورە و زەرەرمەندی ئەو تێكچوونە دەبێت. بۆیە گرنگە پارێزگاری لە كورسییەكانی پەرلەمانمان بكەین، بەڵام لە دەرەوەی ئەوە كورد دەبێت خۆی بە بەشێك لەو پێكهاتە نیشتمانییە بزانێت لە عێراق و زیاتر خۆی بخاتە ناو ئەو هاوكێشەیەی كە بڕیار دەدات بۆ عێراق و خۆی بە بەشێك لە پرۆسە نیشتمانییەكە بزانێت بۆ پارێزگاری لە بوونی عێراقێكی فرەیی، چونكە مانەوەی عێراق وەك پێكهاتەی دەوڵەتێكی فرەیی، زامنی مانەوەی هەرێمی كوردستانیشە نەك تەنیا كورد لە بەغدا، بۆ ئەمەش نابێت تەنیا چاوی لە كورسیی پەرلەمان و پۆستی سەرۆك كۆماری بێت، چونكە وەك وتمان، ئەوانە ئێستا بڕیاردەری یەكەم و یەكلاكەرەوەی كێشەكان نین. كورد دیپلۆماسییەكی كارامەی پێویستە و پێگەیەكی بەهێزی دەسەڵاتی دەوێت، سەركردەی كاریزما و بە ئەجندای دەوێت، پارتێكی دەوێت سەركردایەتیی ئەمە بكات و، لە ناو ئەو هاوكێشە ئیقلیمی و نێودەڵەتییەدا هەل بدۆزێتەوە و خۆی بگونجێنێت و بەرژەوەندیی هاوبەش دروست بكات. ئەمانە و پاراستنی دەستكەوتەكان پارتێكی تۆكمەی دەوێت كە خاوەن ئەو سەركردە كاریزما و بڕیاردەر و خاوەن ئیعتیبارە بێت لای وڵاتانی زلهێز و ئیقلیمی، بێگومان ئەمەش لەم هەرێمەدا تەنیا لە پارتی دیموكراتی كوردستان دەبیندرێت كە خاوەنی ئەو سەرۆكە كاریزمایە بێت و توانای ئەو هێزە و هەوڵانەی هەبێت، وەك لە ماوەی ڕابردووشدا توانی بە هێزی دیپلۆماسی سەرنجی زۆر لە وڵاتان ڕابكێشێت و هەولێر بكاتە مەڵبەندی دیپلۆماسی و دانوستان و لێك نزیك كردنەوە، ئاواش دەتوانێت ئەو ئەزموونە بەرێتە بەغدا و ئەو كار لەسەر عەقڵییەت كردن و دیپلۆماسییە سەركەوتووە بەكار بهێنێت و، بەرژەوەندیی هاوبەش بدۆزیتەوە و، خۆی بكاتە جەمسەرێكی گرنگ لە نێوان هاوكێشەكەدا. تاكو بە مە نەك تەنیا پارێزگاری لە پێگەی كورد بكات لە عێراق، بەڵكو كورد بە ڕاستی ڕۆڵی هەبێت لە ئیدارەدانی عێراق و لە بڕیارسازیی سیاسی بۆ ئێستا و داهاتووی ئەم وڵاتە بەشدار بێت و، بە بێ كورد هیچ شتێك بۆ عێراق یەكلا نەكرێتەوە. پارتی دیموكراتی كوردستان، جگە لە هێزە دیپلۆماسییە بەرچاوەكەی، توانیویەتی ناوخۆی هەرێمیش لە ئاستێكی بەرز و بەهێزی سەقامگیری ڕابگرێت و، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش حكومەتێكی سەركەوتوو بووە لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا لە ڕووی حوكمڕانییەوە نموونەی جوانی پێشكەش كردووە. كەواتە پارتێك كە لەسەر ئاستی حوكمڕانی، حزبی و ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەهێز بوو، دەتوانێت شان بداتە ژێر باری ئەو بەرپرسیاریەتییە كە خوشگوزەرانی و خزمەتگوزاری و دەستكەوتی زیاتر بۆ گەلەكەی مسۆگەر بكات.