Draw Media

ئه‌بوبه‌كر كاروانی وەك خاوەن فیکرو قەڵەمێك کە چەندین ساڵە دەربارەی ناسیۆنالیزم و جوڵانەوەی نیشتیمانی و نەتەوەیی کوردستان دەنوسم، پێم وایە ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕێی شۆڕشی ئەیلولەوە بەجەماوەری بوو، بەحوکمی ئەوەی شۆڕشێکی سەراسەری بوو. توێژە جۆراوجۆرەکانی کوردستانی باشور تێیدا بەشداربوون، ماوەیەکی زۆری خایاند، ئەوەش کاریگەریە کلتوری و سیاسی و مەیدانییەکانی زێدەتر کرد. شۆڕشی ئەیلول توانی توانای مرۆڤی کوردو کوردستانی بۆ وێناکردنی کورد وەك نەتەوەیەکی گەورەی خۆرھەڵاتی ناوەراست و گەلی کوردستانی باشور بەھێزتر بکات. پێشمەرگایەتی و شۆڕش و بەرخۆدان و چەکی نیشتیمانی و شەھید و جەنگ، توانیان خزمەتێکی بەرچاو بە خەمڵینی ناسنامەیەکی کوردستانیی جیاواز بکەن. شۆرش توانی ھوشیاری و ھزرو گیانی نەتەوەیی لەناو ئاپۆرای جەماوەردا بڵاوبکاتەوە، بۆ ماوەیەك و لە ئاستێکی دیاریکراویشدا بێت وایکرد ناسیونالیزمی کوردی سنوری ناوچەو خێڵ و زار تێپەڕێنێت و کوردستانی نیشتیمان بخاتە جێگەی (زێد) و کوردو گەلی کوردستانیش بکاتە بەرجەستەکەری ناسنامەیەکی دەستە جەمعی نوێ. بەڵام، بەداخەوە ئەمە تەنھا بەشێکە لە دیمەنەکە چونکە شۆڕش لە ھەناویدا توخمی چەندین لاوازی ستراتیژی و دژبەیەکیی دژ بە ئامانجە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی ھەڵگرتبوو؟! کە دواتر بوونە سەرچاوەی کارەساتێکی نەتەوەیی و سەرھەڵدانی ھەندێ کێشەی وا تاکو ئێستاش بەدەستایەنەوە بتلێینەوە؟! بەشێ لەو کێشانەش پەیوەندیان بە دۆخی پێش شۆڕش دژبەیەکییەکانی ناو پارتیەوە ھەبوو، کە ڕۆڵی پارتی پێشڕەوی لە شۆڕشەکەدا دەگێڕا. پارتی لەکاتێکدا ڕۆڵی گرنگی لە سازدانی خەڵك و ھوشیارکردنەوەیان و گۆشکردنیان بە ئاگایی نەتەوەیی و نیشتمانی دەگێڕاو ڕێبەرایەتی سیاسی و سەربازی شۆڕشی دەکرد، لە ھەمان کاتدا بووە سەرچاوەی تەقینەوەی کۆمەڵێ کێشەی دژ بە سەرەتاکانی ھوشیاری و کاری نەتەوەیی؟! بەمەش بە کردەوە، بە گوتەی بارزانی ڕێبەری شۆڕش حیزبایەتی، بوو بە مایەی (فیتنە). دیارە ھەندێ کەس ئەم دەربڕینەی ناوبراویان وەك بەڵگەیەك بۆ ئیدانەکردنی و لاوازی ھوشیاری حیزبایەتی ئەو بەکارھێناوە، بەڵام ئێمە پێمان وایە وەسفێکی واقیعەکەی کردووە، تاکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت حیزبی کوردی لەو ڕۆڵە فیتنەگێڕییە دژ بە نەتەوەییەی خۆی نەکەوتووە؟! دژبەیەکیەکانی ناوخۆی شۆڕشی ئەیلول لە زۆر شتدا خۆی بەرجەستە دەکرد، بەڵام گرنگترینیان جیاوازی ئایدۆلۆژی ناو پارتی و مۆدێلی سەرکردایەتی و چۆنێتی ئیدارەدانی شۆڕش بوو. ئەم ناکۆکیانەش لە کەموکورتیە ستراتیژیەکانی شۆڕشەوە سەرچاوەیان گرتبوو. کە گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوە بوون: ١- نەبوونی ستراتیژێکی پێشوەختە بۆ ھەڵگیرساندنی شۆڕش وەك بەرەنجامی ھەڵسەنگاندنێکی ھەمەلایەنەی ھەل و مەرجی نێوخۆیی و دەرەکی و بوون و نەبوونی توانستی مێژوویی لەناو کۆمەڵگەی کوردی بۆ لە خۆگرتنی شۆڕش. ڕووداوێکی ناشۆرشگێڕانە، کە بەرگریکردنی خاوەن موڵکە گەورەکان بوو لە بەرژوەندییە چینایەتیەکانیان لە دوای دەرچوونی یاسای چاکسازیی کشتوکاڵی، بوو بە کڵپەی دەسپێکی شۆڕش؟ بە واتایەکی تر، بە مانای وشە پارتی شۆڕشی دەستپێنەکرد، بەڵکو ھەندێ لە سەرکردەکانی بەسود وەرگرتن لەو دۆخە بەسەریاندا سەپاند؟! واتە، دۆخێکی ئاوارتەو لەناکاوی لە پشەوە بوو. ئەم سەرەتایەش تا کۆتایی شەستەکانیش مۆرکی خۆی بە سیمای شۆڕشەکەوە نابوو. شۆڕش لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو ھێندەی کۆمەڵە، سەربەرزکردنەوەو بەرگری و ڕووداو ھەوڵی ھەڵکشاو و داکشاوی بەیەکەوە گرێدراوبوو، بەو ئەندازە بەرجەستەی پەیکەرێکی تۆکمەی دۆخێکی شۆشگێڕانەی چەسپاو و موکوڕ بەرجەستە ناکات. ٢- نەبوونی دیدو ستراتیژێکی ڕوون سەبارەت بە داواکاری و مەسەلە نەتەوەییەکان و پەیوەندی نێوان گفتوگۆو بەرەنگاری چەکداری. بە خوێندنەوەی مێژووی شۆڕشەکەو یاداشتی کاراکتەرەکانی ناوی، ھەستدەکەین داخوازی و گفتوگۆکان بە شێوەیەکی ناھاوسەنگ ملکەچی ھاوسەنگی ھێزو گۆڕینی دەسەڵات لە عێراق بوون؟! ھەندێ جار داخوازییەکان سەقفیان بەرزو ھەندێ جاری تریش بۆ ئاستی لامەرکەزی ئیداری و ھەندێ داخوازی سنورداری وا دابەزیون کە ناشێت ناوی داخوازی شۆرشێکی نەتەوەییان لێبنرێت، بە ئاسانیش لە چوارچێوەی ناسیۆنالیزمدا جێگەیان نابێتەوە. شۆڕشی ئەیلول لەم ڕووەوە گەر ئاماژەبێت بە پاشەکشەی بیری سەربەخۆخوازی لەنێو ماڵی ناسیونالیزمی کوردیدا، بەھۆی کاریگەربوونی پارتی بە بیری چەپ و جەبرە سیاسیەکانەوە، ئەوا لە دوای دەستبەرداربوون لەم خواستە سروشتیەی ھەر ناسیۆنالیزمێكیش، نەیتوانی بە درێژایی شەستەکان ببێتە خاوەنی دیدێکی ڕوون و تۆکمە سەبارەت بە فۆرم و بنمیچی داخوازییەکان، بۆ ئەوەی لە کات و شوێنە جیاوازەکاندا پێیان لەسەر دابگیرێت و بەرگریان لێبکرێت؟! ٣- کێشەی ڕێبەرایەتیکردن وڕۆڵی پارتی لەشۆڕشدا، لەم ڕوەوە پارتی چەندە لەخزمەت شۆڕشدا بوو، بەوئەندازە زیانی لێدا؟! چونکە بووبووە سەر چاوەی ڕاجیاوازی و وناکۆکی لەناو دڵی شۆڕشدا؟! ئەوەی واشی کردبوو دۆخەکە بەم جۆرەی لێبێت، چەند ھۆکارێك بوون لەوانەش: . جوان نەخوێندنەوەی واقیعی کۆمەڵگەی کوردستانی ئەوکاتە. . کاریگەر بوونی حیزبەکەو بەشێك لەسەرکردە دیارەکانی بە چەپ لەوانەش سکرتێری مەکتەبی سیاسی، ئەمەش چەندین بەرەنجامی کارەساتباری لێکەوتەوە، کە ئێرە جێگەی باسکردنیان نیە. . کێبڕکێ لەسەر ئەوەی کێ خاوەن بڕیاری یەکە لەشۆڕشدا. . لەپاڵ سنورداری توانای حیزبەکە بۆ لەخۆگرتنی کۆی ئەو دۆخ ودەرھاویشتانەی شۆڕشەکە ھێنابونیە کایەوە. . بەھەڵە خوێندنەوەی ڕۆڵ وڕەمزیەتی بارزانی وتوانای باڵی سەربازی بۆھەژمونکردن بەسەر دۆخەکەو ئاراستەکردنی وقورسبونی ھەوڵدان بۆئەوەی بارزانی لەودۆخەدا بکەیتەوە بە سەرۆکێکی ئاسایی حیزب. بەکورتی سەرنجام ناکۆکی ودژبەیەکیەکانی ناو پارتی وشۆڕش زۆریان نەخایاند بەشێوەیەکی زۆر خراپ تەقینەوە؟! پارتی کەرتبوو، بەڵام ھاوشێوەی کەرتبونێکی ئاسایی حیزبیی نا، چونکە بەدوای ئەودا شۆڕشیش کەرتبوو، شەڕی ناو خۆ دەستی پێکرد!! دوابەدوای ئەمانەش: جوگرافیای کوردستانی باشور، ناسنامەی نیشتیمانی و مێژوی ھاوچەرخی کورد لەم پارچەدا کەرتبوون، تەنانەت ناسیونالیزمی کوردیش کەرتبوو! کە کارێکی لەوجۆرە ھەرلەبنەرەتەوە بەگوێرەی تیۆرو بەھاکانی ناسیۆنالیزم قابیلی تێگەیشتن نیە، ھەرئەوەش وایکرد ئەم ناسیۆنالیزمە دوچاری چەندین کەماسی ستراتیژی بێت وچەندین خەسڵەتی ناسیۆنالیستانەش لەدەستبدات وبشێوێت. بەم جۆرەوە لەوکاتەوە تاکو ئێستا کوردی باشور، خاوەنی مێژوو ڕەمزو شەھیدوسەرکردەو جوگرافیاو ناسیونالیزم وشۆڕش وبۆنەی ھاوبەش نەما!!! شکستی شۆرشیش لەم ڕوەوە ھێندەی تر کارەساتەکەی قوڵتر کردەوەو کۆمەڵگەی بەرەو لەبەریەکھەڵوەشانەوەی زۆرتر برد. بەم جۆرە گەورەترین وسەراسەرترین شۆرشی نیشتیمانی لەم پارچەدا، بەھۆی چارەسەرنەکردن وتەقینەوەی دژبەیەکیەکانی ناوی وشەڕی دەسەڵات، بووە سەرەتای کۆتایی یەکگرتوویی خاك و خەڵك وشۆڕش جوگرافیاوناسنامەی نیشتیمانی لەم پارچەی کوردستاندا، ئەو عەقڵەی لەئێستا شدا لە ھەرێم وکوردستان و باشوریشدا بڕیاری بەدەستە، درێژکراوەی ھەمان ئەوعەقڵە بریندارە پەرتخوازە نیگەرانە مێژوییەیە؟! ھەربۆیە سی ساڵە لەبەردەم کۆتایھێنان بەدۆخی نانیشتیمانی ونەتەوەییانەی دا بەشبوون، بیناکردنەوەی ھەرێمێکی بەھێزو تۆکمەو یەکگرتوو بەدامەزراوەیی کراو، کۆڵەواری وبێتوانایی خۆی نیشانداوە! توانای بڕینی قۆناغی نیەو وەك کائینێکی زەبون وبێ دەرەتان لە بازنەیەکی داخراوی بئ ئاسۆدا خەریکی دوپاتکردنەوەی حیکایەتە جاڕسکەرەکانی خۆیەتی. دۆخەکە لەم ڕوەوە گەیشتۆتە شوێنێ تەنھا پارتی خۆی بەخاوەنی شۆڕشی ئەیلول بزانێت ویادی بکاتەوە؟! لەکاتێکدا شۆڕشی ھەموو کوردستانیانی باشور بوو، لەچەندین حەڵقەیدا بەرجەستەکەری مێژوی ھاوبەشی تێکۆشانە، خۆبەخاوەنکردنەوەی ھاوبەشیش دەکرێت ھۆکارێك بێت بۆ دەرچون لەزیندانی ئەو ناکۆکیانەی لەھەناویدا سەریان ھەڵدا و تاکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت لەناویدا دەژین، ئەوەش ڕێگەی لێگرتوین بۆئەوەی لەفەزایەکی کراوەی نیشتیمانپەروەریەکی کۆکەرەوەو ڕاستەقینەدا، چێژ لە ھەڵمژینی ھەوایەکی سازگارو شیفابەخش وەربگرین.


سەهین موفتی - پیاوێک، ژنەکەی خۆی کوشت - ژنێک، منداڵەکەی خۆی فڕێدا - بەهۆی گاڵتەو دەمەقاڵێ، گەنجێک هاوڕێکەی خۆی کوشت - برازایێک، مامەکەی خۆی کوشت - باوکێک، دوو کچەکەی خۆی کوشت - نێرینەیەک، هاوسەرەکەیی و خەسووەکەی کوشت - ژنێک، هاوسەرەکەی بە هاوکاری دۆستەکەی کوشت - لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتیی ژنێک کوژرا - یاریی ئەلیکتڕۆنییەکان، گەنجێکی بە کوشتدا - بازرگانێک، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا ٭  ژیانئاوایی تاکەکان، بەهۆی خنکان و وەرگەڕانی ئۆتۆمبێل و رووداوەکانی دی، لەملاوە. ئەمانە، سەردێڕی سەرەکی هەواڵی رۆژانەی مێدیاکانن لەم نیشتیمانەی ئێمەدا، ئەگەر قەیرانی مرۆیی نەبێت، چی ناوێکی دی دەبێت؟  ئەمە، دەسەڵاتی جێبەجێکردن نین ئەم هەموو خوێنەی رشتوون..!  ئەوە، ئێمەین بە خوێنی یەکتر تینووین، بە ناوگەڵی یەکتر برسین، خۆمانین هیچ بەهاو پیرۆزییەکی هەناسەدانی مرۆڤەکان، نابینین...! ئێمەین، میللەتێکین دەبێت حوکمی چەکوش لەسەرمان جێبەجێبکرێت، ئێمەین ژیانمان خۆشناوێت.


ئاری محەمەد هەرسین ڕۆژێکی باراناوی مانگی ٣ ی ١٩٧٥ بوو لە کەوەرتێ نزیکی ناوپردان. گەورەو بچوک، ژن و منداڵ، تەنانەت سروشتیش شڵەژابوو. ئەو ڕۆژە ڕۆژە شوم و ڕەشەکەی کۆچکردن بوو بەرە و ئێران. ئەوڕۆژە کۆتایی پێهێنانی شۆڕشە مەزنەکەی ئەیلول بوو بە موئامەرەیەکی ئیقلیمی. هیچ ڕۆژێک لەو ڕۆژە ناخۆشتر نیە و نابێت. خۆشبەختانە نەمردین و تۆپینی بۆمیدین (سەرۆکی جەزایر)، سەدام حسێن و شای ئێرانمان بە چاوی خۆمان بینی، کە سێ ئەکتەری سەرەکی تاوانە گەورەکە بوون بەرامبەر بە شۆڕشەکەمان. ڕوداوە مێژوییەکان لە چوارچێوەی هەلو مەرجی سەردەمی خۆیاندا هەڵدەسەنگێندرێن. ساڵەکانی شەست لە سەدەی ڕابوردوو، سەردەمی سەرهەڵدانی بزوتنەوە نەتەوەیی و ڕزگاریخوازەکان بو، ئیتر هەر لە لاتین ئەمەریکاوە بگرە هەتا ئەفەریقا، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باشوری خۆرهەڵاتی ئاسیا. لە مێژوی سەد ساڵەی نەتەوەی کورددا شۆڕشی ئەیلول سەر لوتکەی بەرەنگاربونەوە بەرامبەر  داگیرکەر و لەسەرخۆکردنەوەی نەتەوەیەکە لە چوارچێوەیەکی ڕێکخستو و سیستەماتیکدا. هەر لە سەرکردایەتیە سیاسیەکەی بە ڕابەرایەتی ڕابەری نەتەوەیی مەلا مستەفای بارزانەوە بگرە، هەتا ئیدارە ی هێزی پێشمەرگە و ماڵ و منداڵیان… ئیدارەی شار و شارۆچکە و گوندەکان. بە دامەزراوەیی کردنی خوێندن و پڕۆسەی خوێندەواری لەژێردەستی مامۆستایانی شۆڕش لە ژێر بۆمبابارانی فڕۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی عێراق کە دەستکردی دونیای مۆدێڕنەو دیموکرات و سۆسیالیستی بوون… نانەواخانەکانی شۆڕش کە لە بەرەبەیانەوە پێشمەرگە و ماڵ و مناڵیان سەرەیان بۆ کولێرە دەگرت و بە بێ بەرامبەر بو… نەوت و ئەرزاق کە بە بێ بەرامبەر بەسەر بنەماڵەی پێشمەرگە دا دابەش دەکرا… بڕی هاوکاری  شەهیدانەی بنەماڵەی شەهیدان کە لە لایەن تەتەرەکانی (کە هەندێکیان دایک و خوشک و هاوسەری شەهید بون) شۆڕشەوە هەتا سنورە دووردەستەکانی کوردستان دەگەیەنرانە دەستی واریسەکانیان… دروستکردنی سیستەمی ئاودێری و بە بازاڕکردنی بەروبومی کشتوکاڵ بۆ بەکارهێنەری سنوری شۆڕش… ڕادیۆی دەنگی کوردستان بڵندگۆی سەربڵندی و مانەوەی میللەتی کورد بوو… ئەمانەو زۆری تر بەرخۆدان وبەرهەمی شۆڕشی ئەیلول بوون. حیزبایەتی سەردەمی شۆڕشی ئەیلول وەک ئەوەی ئێستا نەبو. حیزبایەتی کارو چالاکیەکی خۆبەخشانەبوو. بەرپرسی حیزبی خزمەتکاری خەڵک بوون. کۆبونەوە و ئەدەبیاتی حیزبی بایەخیان هەبو. کادری حیزبی مامۆستایەک بو بۆ خۆی و، کە قسەی بۆ خەڵک دەکرد هیوا و ڕوناکی سەرکەوتن لە قسەکانی دەباری. کادری حیزبی متەوازع و فیداکاری خاکی پیرۆزی کوردستان بوو.  بێگومان ئەمە مانای ئەوە نیە کە هەموو شت و ژیان لەسەردەمی شۆڕشی ئەیلولدا شامی شەریف بوون. دولەت بوونی پارتی لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدە ی ڕابوردو، بوە هۆی شەڕێکی نەگریسی ناوخۆ کە داخ و ئاخی ئەو براکوژیە هەتا هەتایە نابڕێتەوە. لە شۆڕشی ئەیلولدا بەرپرسیش هەبون کە لەژێر سێبەری بەرپرسیارێتی شۆڕشەکەدا زوڵم و زۆریان لە خەڵک کردوە. بەڵام عەدالەت و کوردایەتیەکەی مەلا مستەفا کونەمشکی لەو بەرپرسە نابەرپرسە فاسیدانە کردبوە قەیسەری، هەر بۆیەش ژمارەیان لە پەنجەکانی دەست تێنەدەپەڕی. ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستانی عێراق بەرهەمی شۆڕشی ئەیلول بو. ڕێکەوتنی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ یەکەم دەستکەوتی مێژویی واقیعی میللەتی کوردە، کە ئێستاشی لەگەڵ بێت لە هیچ پارچەیەکی تری کوردستان دەستەبەر نەبوە. مەگەر هەنگاوە ئازایانەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی لە ٢٥\٧\٢٠١٧ (بڕیاری ڕێفراندۆم) بتوانێت خۆی لەشانی ئەو ڕێکەوتنەی ساڵی ١٩٧٠ بدات، بگرە دە وێرم بڵێم  تێشی پەڕێنێت.  یادی شۆڕشی ئەیلول بەخێر، بە  پێشمەرگە و شەهیدانیەوە… بە باڵەکەی مەکتەبی سیاسی (مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و هەڤاڵ مام جەلال) و باڵی شاخیشەوە… یادی ڕابەری نەتەوەیی و ڕابەری شۆڕشی ئەیلول و فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، مەلا مستەفای بارزان بەخێر… با یادی ٦٠ ساڵەی شۆڕشی ئەیلول ببێتە لەگۆڕنانی ئەو دووبەرەکیەی کە خواستی هیچمان نیە و نەبوە. شانازی کردن بە شۆڕشی ئەیلولەوە سەرەتایەکی بێ بڕانەوەیە… قوربانیدان و کۆڵنەدانە لە پێناو سەرفرازی میلەتێکداو سەوەری خاکی پیرۆزی کوردستانە.


د. شێركۆ عه‌بدوڵڵا- رۆژانه‌ تایبه‌ت له‌ (دره‌و) ده‌ینوسێت   گەمژەیەکم خۆم لێ بووە بە ئەرەستوو   پۆپەشمینم  کەچی بانگم ئەکەن پەتوو   قەلەمونم لە کەوڵی مامە ڕێوی یا    وەی کە خۆشە سەرقاڵم لە بێ ئیشی یا  زەیستانم  ،لە ئێوە وایە مامانم   ڕاپم بەڵام وا بزانن کە حەیرانم   کۆیلەم قەینا،موهیم لای ئێوە سەروەرم  شاجوانێکی ڕەززاگران و عەنتەرم   دەوامێکم خوا وەکیلە عەینی عوتڵەم   مشکم بەڵام بۆرەپیاوی هاوڕێ تەڵەم   کڵاوم بەس میستەر کردومی بە کڵاش  قوبڵي و بامێم وەلێ بەتامی تەڕەماش   برینێکم عالەم بانگم ئەکات چەقۆ   بەردم  قوربان بەڵام بۆ یاری هەڵماقۆ   سەلەفیم و حەزی دنیام ها لە صیغە  سەربانەکەم بێ ستارەیە و بێ چیغە  لادێ نیم و سەد کوێخام لێ پەیدا بووە  ئەو درەنگەم دائیم ئەڵێ هێشتا زووە  جووڵەیەکم قەت قەت ناڕۆم بۆ بەرەو پێش   هەقایەتم بەڵام هەر هەقایەتی مێش


 محەمەد كیانی لە ماوەی دادێ عێراق كۆبونەوەی سەرانی دەزگا مخابەراتیەكانی سوریا و توركیا ڕێكدەخات. كۆكردنەوەی عەلی مەملوك، بەرپرسی مخابەراتی سوری نزیك لە ئێران و دژە كورد، لەگەڵ هەقان فەدان، سەرۆكی میت، بە دەستپێشخەری سەرۆك وەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی، بێ هیچ گومانێك بۆ داڕشتنی پیلانگێڕییە دژی گەلی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان. ئەمە گەمەیەكی خەتەرناكە و دەمگەرێنێتەوە سەردەمی كۆبونەوە چوارقۆلیەكانی ئێران و توركیا و عێراق و سوریای حەفتا و هەشتاكان  بۆ خنكاندنی جولەی كورد لە هەر چوار وڵاتی دەورەبەر. هاوبەشی كورد لە حوكمەتی عێراقی و فیدڕالیەتی هەرێم دەبێ ببێتە هۆكارێكی كاریگەر لە ڕێگرتن لە دژایەتی ناوكۆی ئەو دەوڵەتانە دژی گەلی كورد و شكاندنی ئەو عەقلیەتە شۆڤێنیەی ئەو وڵاتانە دژی گەلی كورد هەیانبوە و هویانە وە دەبێ ببێتە زامنكردنی دوركەوتنەوەی عێراق لە دژایەتی گەلی كورد. سیستەمی فیدڕالی دەبێ بنچینەی چارەنوسی هاوبەش و سەقامگیری ئاشتەوایی گەلانی عێراق بێت. لە جیاتی ئەوەی عێراق ببێتە مەكۆی پیلانگێری لە دژی گەلی كورد دەبا ببایەتە سەمام ئەمانی سەلامەتی گەلی كورد و نمونەی پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی گەلانی جیاواز لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانە بە گەلی كوردیشەوە. لایەنی كەم سیستەمی فیدڕالی عێراق و بەشداری كورد لە حوكمی دەسەڵاتی مەركەزی دەبایە عێراق دوربكاتەوە لە بەشداریكردن لە هەر جۆرە پیلانگێڕیەك لە دژی گەلی كورد، ئەگەر نەشبێتە قەڵای بەرگری لە گەلی كورد. ئێستا كاتیەتی بپرسین بونی كورد لە بەغدا، وە بەتایبەتی سەرككۆماری كورد لە بەغد، ئایا بۆ پێشگری كردنە لە پیلانگێڕی دژی گەلی كورد یان شەرعیەتدانە بە پیلانگێڕی ڕاسیستانەی ئەو دەوڵەتانە دژی گەلی كورد؟ ئایا وەڵامی سەرۆك كۆمار و وەزیر و پەرلەمانتارەكان چییە لە بەڕێوەچونی كۆبونەوەی گەلەكۆمەكردن لە دژی گەلی كورد؟ ئەی هەڵوێستی حوكمەتی هەرێم و حیزبە كوردیەكان چییە؟ بە بەڕێوەچونی كۆبەنەوەیەی سەرانی دەستگا مخابەراتیەكانی ئەو دەوڵەتانە لە عێراق و بە بەشداری چاڵاكانەی عێراق لە كۆبونەوە پیلانگێڕیانە ڕاستگۆیی و دڵسۆزی و دروشمەكانی سەرجەم حیزبە كوردیەكان و حوكمەتی هەرێم بە درۆ دەخاتەوە و تێكدەشكێنێ و سیستەمی حوكمڕانی فیدڕالی و هاوبەشی كورد و عەرەب لە عێراق بە بێ مانا و پوچ دەكاتەوە.


له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج  رۆژی 10-ی ئۆكتۆبه‌ری داهاتوو هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی عیراق به‌ڕێوه‌ ده‌چێت ،هه‌ڵبژاردن هه‌ر بریتی نیه‌ له‌ چوونی یان نه‌چوونی خه‌ڵك بۆ سه‌ر سندوقی ده‌نگدان و ناردنی به‌ربژێری نوێ‌ یان دووباره‌ بۆ پارله‌مان، هه‌ڵبژاردن پرۆسه‌و ته‌قه‌لایه‌كه‌ بۆ جێهێشتنی دۆخێك و گۆڕینی به‌ دۆخێكی جیاوازتر ،له‌ هه‌موو هه‌ڵبژاردنێكا لایه‌نه‌ جیاجیاكان یان پێش هه‌ڵبژاردن هاوپه‌یمانه‌تی ده‌كه‌ن ، یان دوای هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ونه‌ خۆیان بۆ ئه‌وه‌ی به‌شی خۆیان له‌ كێكه‌كه‌ به‌رن و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هاوپه‌یمانه‌تی دێته‌ ئاراوه‌ . هه‌ڵبژاردنی ئه‌م جاره‌ی عیراق ، هه‌ڵبژاردنی پێشخراوه‌ و به‌شێكه‌ له‌ به‌ڵێنه‌كانی سه‌رۆك كۆمارو سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌ خه‌ڵك و خۆپیشانده‌ران، كه‌ هه‌میشه‌ دادو بێدادیانه‌ له‌ ده‌ست بارو دۆخه‌كه‌ ، له‌ عیراقی هه‌مه‌چه‌شن و مۆزائیكا عه‌ره‌ب و كوردو توركمان و كلدۆ ئاشورو سابیئه‌ی مه‌ندائی و شیعه‌و سونه‌و خه‌ڵكی دیكه‌ش هه‌ن ، ئه‌م هه‌مه‌چه‌شنیه‌ له‌ شه‌ناشیلی به‌غدایی  ده‌چێت ، گه‌رچی ئێستا له‌ دنیاشدا وڵاتی یه‌ك نه‌ته‌وه‌ نه‌ما ، به‌ڵام له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی رابردوی پێكه‌وه‌ ژیان له‌ عیراقا له‌ بری ئاشتیانه‌ بێت خوێناویه‌، هه‌موو هه‌ڵبژاردنێك مه‌ترسی و ده‌رفه‌تی خۆی هه‌یه‌ ، ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت عه‌ره‌ب و توركمانی عیراق جگه‌ له‌وه‌ی قوڵایی په‌یوه‌ندی ده‌ره‌كیان هه‌یه‌و پشتیان قایمه‌ ، له‌ ناو خۆشیاندا وێڕای جیاوازی شیعه‌و سونه‌ هه‌میشه‌ مه‌ترسی كۆیان ده‌كاته‌وه‌ ، بۆ نمونه‌ عه‌ره‌بی شیعه‌و سونه‌ سه‌ره‌ڕای جیاوازیان عه‌ره‌بی بوون و عیراقی بوون كۆیانده‌كاته‌وه‌ ، كورد بارو دۆخی له‌وانی تر خه‌راپتره‌ ، گه‌رچی هه‌رێمێكی فیدراڵی هه‌یه‌و زۆرجاریش شێوازی هه‌ست و كه‌وته‌كانی جۆرێكه‌ له‌ یاخی بوون له‌ ناوه‌ند. كورد له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا رووبه‌ڕووی ئاڵه‌نگاری و گیرو گرفت ده‌بێته‌ له‌ به‌غدای دوای ده‌رچوونی ئه‌نجامه‌كان و له‌ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانیش ، به‌ تایبه‌ت له‌ پارێزگای كه‌ركوك كه‌ تا ئێستا به‌ هه‌موو خراپیه‌كیه‌وه‌ ماده‌ی 140یشی تیا جێبه‌جێنه‌كراوه‌ ، كورد وه‌ك هه‌موو جارێك ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش پێكه‌وه‌ نین ، پێكه‌وه‌ بوون به‌و مانایه‌ نا كه‌ هه‌مووبه‌ یه‌ك لیست دابه‌زن ، پێكه‌وه‌ بوون به‌و مانایه‌ی به‌رنامه‌و پڕۆژه‌و ستراتیژی داهاتویان بۆ چوونه‌ به‌غداو به‌شداری پرۆسه‌ی حوكمڕانی و سیاسی چیه‌ . به‌ دیدی جیاجیاو به‌ ته‌ماعی حزبیه‌وه‌ كورد به‌ره‌و به‌غدا ده‌ڕوات نه‌ك به‌ یه‌كدیدی و خواستی كوردیه‌وه‌ ، هه‌ڵبژاردنی پێشوو كورد ململانێیه‌كی سه‌ختی له‌ ناوخۆیدا بۆ بردنه‌وه‌ی كورسی سه‌رۆك كۆمار به‌ ڕێخست ،هه‌ر له‌ ئێستاشه‌وه‌ تارماییه‌كانی هه‌مان ململانێ‌ ده‌ركه‌وتوه‌و به‌ تایبه‌ت پارتی و یه‌كێتی ده‌یانه‌وێت جانتای ئه‌و كێبڕكێیه‌ بۆ بردنه‌وه‌ی كورسی سه‌رۆك كۆمار له‌ به‌غدا دژی یه‌كتر به‌ كار بێنن ، ئه‌مه‌ چه‌ند ده‌كرێت وه‌ك پلانی حزبی سه‌یر بكرێت ده‌هێنده‌ ده‌كرێت وه‌ك پیلانی حزبی سه‌یر بكرێت ، له‌ كاتێكا شه‌ڕی ئه‌م پۆسته‌ پێویست بوو كورد له‌ ته‌ك ئه‌وانی تردا بۆ خۆی بیكات نه‌ك به‌ ویستی حزبی ، هه‌رچه‌نده‌ ململانێكی جاری پێشوو دۆخێكی ره‌خساند كه‌ كورد ، یان لایه‌نی كوردی ركابه‌ر وه‌ك پێویست پاڵپشتی نوێنه‌ره‌كه‌یان نه‌بن له‌ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار ، به‌ڵام بزاوت و جم و جۆڵی به‌رهه‌م ساڵح ئه‌و نه‌رێنیه‌ كوردیه‌ی داپۆشیبوو ، به‌ڕاده‌یه‌ك به‌رهه‌م ساڵح پشتگیریه‌كی عه‌ره‌بی باشی بۆ خۆی مسۆگه‌ر كردبوو، ئێستا كه‌ بیر له‌ ململانێی كوردی له‌ سه‌ر كورسیه‌كه‌ی ئه‌و ده‌كرێته‌وه‌ ، دیار نیه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ لایه‌نێك به‌ هه‌ر بیانویه‌ك ده‌یه‌وێت دایبنا ، ئاراسته‌ی كاره‌كه‌ به‌ره‌و كوێ‌ ده‌بات و ئامانجه‌كه‌ تاچه‌ند له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورده‌ . هه‌ر پلانێك بۆ گۆڕانكاری ئه‌گه‌ر به‌ وردی نه‌خوێنرێته‌وه‌ ، لایه‌نه‌ باش و خراپه‌كانی لێك نه‌درێته‌وه‌ ، ده‌چێته‌ خانه‌ی پیلانه‌وه‌ ، كه‌ ڕه‌نگه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تا ئه‌مه‌ زۆرانێكی ناوخۆی حزبێك بێت بۆ دابه‌شكردنی كورسیه‌كان و شاردنه‌وه‌ی ململانێ‌ ناوخۆیه‌كان ، لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ده‌بێت به‌وردی چاودێری ئه‌و جۆره‌ جم و جۆڵه‌ بكه‌ن و رێگه‌ به‌وه‌ نه‌ده‌ن  سیمای كوردی و په‌یوه‌ندی كوردی له‌ به‌غدا له‌ پرسی كورده‌وه‌ بكرێت به‌ سیماو په‌یوه‌ندی حزبی . ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ هه‌رێم ده‌گوزه‌رێت وێنه‌ی كوردبوونی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌كدا حزباندوه‌ ، كه‌ له‌ داهاتودا ئه‌مه‌ كاریگه‌ری زۆر خراپی ده‌بێت بۆ هه‌رێمه‌كه‌ ، كێشه‌  ئه‌وه‌یه‌ هاوبه‌شه‌كان ، جگه‌ له‌ جێگریه‌كی بێده‌نگ و بێتوانا هیچی تریان نیشاننه‌داوه‌ ، گوازتنه‌وه‌ی ئه‌م وێنه‌یه‌ بۆ به‌غدا هیچ ناهێڵێته‌وه‌ بۆ دیموكراسی و جیازوازی ئه‌رێنی، بۆیه‌ ناكرێت مل بۆ ئه‌مجۆره‌ ویسته‌ بدرێت ، له‌ كاتێكا ئه‌ركی هاوبه‌شه‌كان ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م وێنه‌یه‌ی كوردستانیش راستبكه‌نه‌وه‌ ، وێنه‌یه‌كی لارو یه‌ك ڕه‌نگ و ته‌ڵخ .


د. شێركۆ عه‌بدوڵڵا- رۆژانه‌ تایبه‌ت له‌ (دره‌و) ده‌ینوسێت شورای تاڵیبان ئافرەتی تیا بێ لای مەسڵحەتچی مەوقیفێ مابێ لووتێ ببینی تەبیعی و خواکرد تورک جامانە بنێرێ بۆ کورد هیچ گفتوگۆیەک نەتیجەی هەبێ بیژەن سێ چوار نەوع مەنیجەی نەبێ کاوە بێتەوە بۆ گیانی زوحاک باسی سیاسەت نەکا کاک دەلاک سەرفەرعێک  هەبێ بەبێ کافتیریا ڕۆژێک بگەینە ئاستی نایجیریا کوڕە مەسئولێک ناوی مەولوو بێ کورد هیچ مودەتێک شاعیر نەبووبێ لە قومارێکدا هەرێم نەدۆڕێ هیچ ئینتیخابێ وەزع بگۆڕێ کەس حەز لە چارەی ئەوی تر بکات گورگ هاواری بەرخ تێ بگات مەلا میوان بێ و وتاری نەبێ مۆسیقای غەربی سێتاری هەبێ ژن حەزی نەبێ لە غەیبەت و زەم وشەی موعەزەز بەبێ موکەڕەم  داهاتی گومرگ ئەبەد دەرکەوێ مۆسکۆفیج بەسەر شاخدا سەرکەوێ ئینعاش  پێت نەڵێ  بچۆ ئەهلی ئیتر کەس کچی ناو بنێ لەعلی


ستران عەبدوڵلا ئێمە لە بنچینەدا کوڕی بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێری یاساغین، لەتەواوی «کوردستانەکان» و وڵاتانی دراوسێدا قاچاخی سیاسیین و خۆشیان پێمان نایە. کوڕی بزوتنەوەیەکین ستوونە پتەوەکەی پێکھاتنی، بەھانە سەرەکییەکەی دروستبوون و مانەوەی تا ئێستای ماف و داخوازییە نیشتمانیی و نەتەوەییەکانە. بەم مانایە ئێمە بزووتنەوەی مافەکانین. بۆ ئەوەی ئەم شرۆڤەش جێی خۆی بگرێ و مانای خۆی وەربگرێت گەرەکە ئێمە خەسڵەت و پێگەی خۆشمان بزانین. بزووتنەوەی کوردایەتی تا ئێستاش بزووتنەوەیەکی قاچاخ و دانپیانەنراوە. « لەم بەشەی باشوور دانپیانانێکی نیوداشی ھەیە» ئەوەی تێیدایە و خزمەتی دەکا، ئەوەی پێشمەرگەیەتی و ھەڤاڵی ریزەکانێتی نە دەترسێ و نە دەبێ بترسێ، ھیچ سوکایەتی و جوێن و زبری و ھەڵچوونێکی ناڕەوا پاشگەزی ناکاتەوە، بۆیە ھەق نییە کەس ھەڕەشە و گوشارمان لێ بکا و تۆمەتی ئاست نزم و شەرمەزارمان بۆ بتاشێ. لە داگیرکەر نەترسین حەتمەن لە جاشی فیکری و مەفرەزەی رەدوکەوتوو و میلیشیای ئەلکترۆنی ئێوە ناترسین. بە ویژدانی گیانبازێکی ئازادیخوازەوە لەھەر وێستگەیەکا تۆزێ بیری لێ دەکەینەوە و کەمێ دەست لەسەر دڵ دادەنێین تا بە«چاوی دڵ» ھەڵسەنگاندن بکەین و کەمێکی زۆریش دایبرێژین ئینجا بڕیارە دروستەکە بدەین. لەبەر ئەوە لێکدانەوەیەکی ھەڵەیە ھەندێك کەس پێی وابێ بە زبری و زەبر دەتوانن کار لە روانین و بژاردەکانمان بکەن. ھەر لەرێوە ئەو قەدەرەمان ھەڵبژاردووە،لەبنچینەدا کە پێشمەرگەین ، دیارە پێش مەرگ کەوتوین. کوڕ و کچی کوردایەتیین بە ستایڵی یەکێتیانە و جەلالیانە ، بۆ ھەوەس و فیز پێشمەرگە نیین، بۆ روانینی خۆمان دەروێشین، بە سروشتی بزووتنەوەکەمان قاچاخین فەقەت قاچاخچی نین و بە ئیستلاحی کۆنی عوسمانی «ئەشقیاین»یان «عوساتین »لە پێناوی مەسەلەیەکی رەوادا کە مەسەلەی نەتەوە و نیشتمانەکەمانە.


فازڵ كوردی پاش ئازادکردنی ئەفغانستان لە دەست تاڵیبان و گروپە تیرۆریستە ئیسلامیەکان لەلایەن هێزی هاوپەیمانان، هێزەکانی نەیتۆ پاراستنی ناوشاری (کابوڵ)ی سپارت بە هێزی سەربازی ئەلمانیا بۆ پاراستنی ئەمن و ئاسایشی شار، بۆ ئەم مەبەستە سەربازەکانیان شەو دەبوایە لە شەقامە تاریکەکانی شار بسووڕێنەوە! لەسەر داوای حکوومەتی ئەڵمانیا بۆ پاراستن و سەلامەتی سەربازەکانیان، کۆمپانیای (سیمنس)ی ئەڵمانی پڕۆژەیەکیان گەڵالە کرد بۆ ڕووناک کردنەوەی شەقامەکانی کابوڵ بەتایبەتی ڕێڕەوی سووڕانەوەی شەوانی سەربازەکانی ئەڵمانی! وەک نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکان، (ئەخزەر ئیبراهیمی) منی ڕاسپارد ئەندامێتی شاندکە بکەم بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ حکوومەتی ئەفغانی، پلانەکە داڕێژرا بۆ ئەوەی سەردانی وەزیری پێشەسازی بکەین، کە چوین بۆ وەزارەت و لای کاکی وەزیر پاش شێکردنەوەی بابەتیانەی پڕۆژەکە لەلایەن نوێنەری کۆمپانیاکە هەروەها منیش باسی سوودەکانی ڕووناک کردنەوەی ناوشارەکەم بۆ کرد، کاکی وەزیر ڕووی کردە من و ووتی پڕۆژەیەکی زۆر باشە بەڵام ئێمە چەندمان دەست دەکەوێ؟؟ ""شەقامەکانی پایتەختی بۆ ڕووناک بکەوە بە خۆڕایی، پارەش بدرێ بە کاکی وەزیر""!! لە پڕۆژەیەکی هاوشێوەی (پی ئاڕ تی) لە موسڵ بۆ هاوئاهەنگی نیوان زانکۆی سەڵاحەددین و موسڵ و کۆیە و دهۆک و سلێمانی لەگەڵ زانکۆی (هاوای) بۆ توێژینەوەی زانستی کشتووکاڵی، خۆم سەردانی هەرپێنج سەرۆکایەتی زانکۆکانم کرد و بڕیاری کۆنفرانسێک درا کە دوو پرۆفیسۆری زانکۆی هاوای سەردانی عیراق و کوردستان بکەن. دوو پرۆفیسۆرەکە هاتن و کۆنفرانسەکە بەسترا لە کۆلیجی ئەندازیاری لە زانکۆی سەڵاحەددین بە ئامادەبوونی زانکۆی موسڵ و دهۆک و نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکان لە هەولێر و ئەندامێکی (پی ئاڕ تی) کەرکوک بەڵام زانکۆی کۆیە و سلێمانی ئامادەنەبوون لەبەر ئەوەی سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەددین ڕێگریان کردبوو لە ئامادەبوونیان چونکە پێیان ناخۆش بوو! کۆنفرانسێکی سەرکەوتوو ئەنجام درا و کار گەیشتە مۆرکردنی یاداشتی لە یەکگەیشتن لە نیوانیان زانکۆکان، زانکۆی موسڵ یاداشتەکەیان مۆریان کرد بەڵام سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین (د. ئەحمەد ئەنوەر دزەیی) ووتی ئێمە پێویستمان بە ڕەزامەندی وەزیری خوێندنی باڵا هەیە! گەڕانەوەم بۆ موسڵ دواکەوت بۆ کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵی لەبارەی ئەم پرسە لە گەڵ وەزیری خوێندنی باڵا (د. ئیدریس هادی). هاوشێوەی وەزیرەکەی ئەفغانستان، کاکی وەزیر زۆر بە بەڕاشکاوانە ووتی وەک دەستپێک بۆ ئەم پڕۆژەیە پێویستمان بە پێنج ملیۆن دۆلارە بۆ وەزارەت بۆ کارکردن لەسەر ئەم توێژینەوەیە لەگەڵ زانکۆی سەڵاحەددین! هەروەها ووتی ئێمە ئامادەنین بۆ هەرپڕۆژەیەک ئەگەر گووژمەکەی لە پێنج ملیۆن دۆلار کەمتر بێ و پارەکەش پێشەکی بەر لە دەستپێک بخرێتە سەر هەژماری وەزارەت! پڕۆژەکە شکستی هێنا بۆ زانکۆی سەڵاحەددین بەڵام زانکۆی موسڵ بەردەوام بوون... هاوشێوەی وەزیرەکەی ئەفغانستان، وەزیرەکەی خۆشمان داوای پارەی کرد... ئاو بێنە دەست بشۆ. ئەمە بەشێک لە ئیمێل گۆڕینەوەیەک لەگەڵ زانکۆی هاوای: Please note that all your transportation movements, accommodations, security, and other logistic requirements will be handled by Salahaddin University, for Ron Senykoff and myself (USAID), we will travel with the University of Mosul staff.  The trip will be for one day on May 19th, 2006, to Erbil.  We will meet all of you, including other University Representatives, at the University of Salahaddin's Culture Center (Engineering College Compound). The time will be at 11:00 AM, later at 03:00 PM we will have another meeting with UN and other international organizations. This meeting will be at the UN compound in Erbil. The rest of your trip and staying in the region has been coordinated and organized by University of Koya, including Sulaimania, and University of Dohuk accordingly.   We are looking forward to further opening university to university dialog. Sincerely, Fazil Kurdi   فاچل الکوردی PRT/USAID Senior Programs Assistant UN/NGO Coordinator, U.S. Embassy Office (PRT) Mosul FOB\Camp Courage, APO AE  09334 Office: 1 (240) 553-0661 x4220 --- 0770 308 8336 Cell. [email protected] جێگای وەبیرهێنانەویە لە هاوینی ٢٠٠٣ لە قەندەهار بووم ڕاسپێردرام بۆ ئەندامێتی شاندی دانووستاندی پڕۆژەیەکی گەڵالەکراوی ئاشتی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ بەرقەراری سیاسی و ئەمن و ئاسایش لە ئەفغانستان بۆ گفتوگۆ لەنێوان حکوومەتە تازە بەسەرپێکەوتەوکەی ئەفغانستان بەسەرۆکایەتی حامد کارزای لەگەڵ تالیبان! ئەندامیتی شاندەکە پێکهاتبوو لە من و سەرۆکی بەشی سیاسی و سێ کارمەندی یاریدەدەری ئەفغانی، لە ڕیگای یاریدەدەرەکان کەناڵێکی گفتوگۆمان کردەوە لەگەڵ چەند هەوادارێکی تالیبانی میانڕەو لە قەندەهار (لە پڕۆژەکە تالیبان پۆڵین کرابوون لەنێوان تالیبانی توندڕەو و میانڕەو). هەوادارەکان ووتیان زەمینەسازی کۆبوونەوەیەکمان بۆ سازکردوون لەگەڵ سەرکردەکانمان لە شاری کوێتە لە پاکستان! ڕاپۆرتێکمان بەرزکردەوە بۆ ئەخزەر ئیبراهێمی لە کابووڵ ئەمیش ڕەزامەندی حامد کارزای و هێزی هاوپەیمانانی وەرگرت بەتایبەتی ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی کوێتە! بەیانیەکی زوو ئەو پێنج کەسەی کە کارمان لەسەر پڕۆژەکە دەکرد بە دوو ترومبێڵ بەڕێکەوتین لە قەندەهار بۆ سنووری پاکستان، لەسەر سنوور تالیبان پێشوازیان لێکردین و پارێزگاریان کردین هەتا هوتێلی (سیرینە) لە کوێتە، ئاگادارکراینەوە کە کۆبوونەوەکە لەسەر خوانی نانی ئێوارە بەڕیوەدەچێ لەماڵی یەکێک لە سەرکردەکان! لەگەڕەکێکی میللی پێشوازیەکی گەرم و گوڕیان لێکردین لەلایەن سێ سەرکردەی تالیبان، زۆر بەسادەیی لەسەر عەرز مافووریان ڕاخستبوو هەم بۆ دانیشتن و هەم بۆ خوانی ئێوارە! بۆ دڵنەوایی ئێمە بەر لەهێنانی خواردن و خواردنەوە باسی (پەشتوون والی) یان بۆ کردین کە یەکێکە لە کۆڵەگە هەرەگرنگەکانی کەلتووری پەشتوون کە پێکهاتووە لە سێ پایە (شەرەف، تۆڵە، مێوان و خانەخوێ)! بەپێی ئەوەی ئێمە مێوان بووین و ئەوانیش خانەخوێ، ووتیان ئەمن و ئاسایشی ئێوە پارێزراوە و بەبێ هیچ دوودڵیەک خواردن و خواردنەوەش نۆش کەن! پاش خوانی ئیوارە بەتایبەتی لەمیانی چا خواردنەوە لەسەر هێڵە گشتیەکان پێکهاتین بۆ بەرقەراری سیاسی و ئاسایشی ووڵات لە بەرامبەر چەند وەزیرێک و چەند پۆستێکی کارگێڕی بەتایبەتی لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان! تالیبانەکان زۆر پەرۆشی گەڕانەوە و بەشداری حکوومەت بوون. ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلمان بەرزکردەوە بۆ ئەخزەر ئیبراهیمی لەگەڵ لیستی ناوی سەرکردە میانرەوەکان، ئیبراهیمی داوای کۆبوونەوەیەکی ڕووبەڕووی لەگەڵ ئێمە کرد لە کابوڵ، کۆبوونەوەکە کرا و چاوەڕێی وەڵامی ئەرێنی بووین! پاش گەڕانەوەمان بۆ قەندەهار لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنی ئەخزەر ئیبراهیمی ئاگاداری کردینەوە کە پڕۆژەکە ڕەت کراوەتە لەلایەن چەند کەسێکی شەڕخوازی چاوچنۆکی گەندەڵ کە کۆنترۆڵی جومگە بەهێزەکانی حکوومەتیان بەدەست بوو کە هەتا حامد کارزای دەسەڵاتی بەسەریانەوە نەبوو بەتایبەتی تاجیکەکان بەشێوەیەک وێنای تالیبانیان کردبوو کە تالیبانی میانڕەو بوونی نیە، تالیبان هەموو تووندڕەون و تیرۆریستن! حامد کارزای لەبەر دووبەرەکی حکوومەتەکەی و دابەشبوون بەسەر دوو بەرە (پەشتوون و تاجیک) پڕۆژەکەی ئێمەی هەرەس پێهێنا... ئەو کەسانەی پڕۆژەکەی ئێمەیان هەرەس پێهێنا، لە مانگی ٨ی ٢٠٢١ پاش بڕیاری پاشەکشێی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان بەرگەی ڕۆژێکی پێشڕەویەکانی تالیبانیان نەگرت!!!! بۆ زانیاری و بەرچاوڕوونی، وەک بەڵێندەرێکی شارەزا لە کاروباری کوردستان و عیراق و ئەفغانستان لە مانگی ٧ی ٢٠٠٨ هەتا مانگی ١٠ی ٢٠٢٠ بەشێک بووم لە ستراتیج و داڕێژەری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کوردستان و عیراق و ئەفغانستان لە میانەی کارکردنم بۆ وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی بەرگری. لەبارەی پاشەکشێی ئەم دواییەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان کە لە ٣١ی مانگی ٨ی ٢٠٢١ هێزەکانی ئەمریکا بە یەکجارەکی کشانەوە لە ئەفغانستان: سەرۆکی پێشووی ئەمریکا (دۆناڵد ترەمپ) لە مانگی ٢ی ٢٠٢٠ کەناڵێکی گفتوگۆی ئاشتی کردەوە لە نێوان ئەمریکا و بزووتنەوەی تالیبان پاش ئازادکردنی هەندێک لە سەرکردەکانی تالیبان کە دەستبەسەر بوون لە پاکستان لەوانە (مەلا برادەر) و چەند سەرکردەیەکی دیکە! گفتوگۆکە ڕاستەوخۆ لەژێر سەرپەرشتی (دۆناڵد ترەمپ) و وەزیری دەرەوە (مایک پەمپیۆ) بوو لە ڕێگای زەلمای خەلیلزاد. ""زەلمای خەلیلزاد هیچ دەسەڵاتێکی نەبوو تەنها ڕۆڵی پەیوەندی و هاوئاهەنگ بوو لەگەڵ تالیبان""! پوختەی پڕۆژەکە بریتی بوو لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ١ی مانگی ٥ی ٢٠٢١ بە مەرجێک تالیبان و حکوومەتی ئەفغانی پێکبێن لەسەر حکومەتێکی بنکە فراوان بەهەموو پێکهاتەکانی ئەفغانستان بە بزووتنەوەی تالیبانیشەوە، لەهەمان کات تێکەڵەیەک لە هێزێکی بچووکی ئەمریکا و هاوپەیمانان و ئەفغانستان جێگیر بکرێن لە فڕگەی بەگرام لە ویلایەتی پەروان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرستانی قاعیدە و داعش! بەڵام کاتێک جۆ بایدن سەرۆکایەتی ئەمریکای گرتە دەست زەڵمای خەلیلزادی دەستکراوە کرد بە هەموو دەسەڵتێک کە بە بۆچوونی من گەورەترین هەڵەی جۆ بایدن بوو دەسەڵاتی ڕەهای دایە دەست کەسێکی گەندەڵ و کەسایەتی تێکشکاوی داوێن پیسی وەک زەلمای خەلیلزاد لەهەمان کات کارکردن لەگەڵ سەرۆکی ئەفغانستان (ئەشرەف غەنی) کە من خۆم ئەزموونی کارکردنم لەگەڵ هەبوو لە ساڵی ٢٠٠٢ کاتێ ڕاوێژکاری دارایی (ئەخزەر ئیبراهیمی) نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکان بوو و بۆ ماوەیەکیش لە یەک ژوور دەخەوتین لە کابول! بەهەموو پێوەرێک ئەشرەف غەنی شایستەی سەرکردایەتی نەبوو بەتایبەتی سەرۆکی ووڵات چونکە ئەمیش کەسێکی هەڵپەرست و کەسایەتی تیکشکاوێکی تر بوو هاوشێوەی زەلمای خەلیلزاد. بەکورتی و بە کوردی سێکوچکەی سێ گەندەڵ و کەسایەتی تێکشکاو (جۆ بایدن و ئەشرەف غەنی و زەلمای خەلیلزد) هەرەسیان بە چەکەرەی دیموکراتی هێنا لە ئەفغانستان! جۆ بایدن دوو هەڵەی کوشندەی کرد، هاوشێوەی (جۆرج بووش)ی کوڕ کاتێ دەسەڵاتی ڕەهای دایە زەلمای خەلیلزاد لە عیراق وەک باڵوێزی ئەمریکا دەستنیشانی کرد کە من خۆم ئەزموونی کارکردنم هەیە کاتێ بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی ئاژانسی ئەمریکی بووم بۆ بوژانەوەی نێودەولەتی لە موسڵ. زەلمای خەلیلزاد لەم ئاستە نەبوو ببی بە باڵوێز! دەرئەنجامەکەشی ئەوە بوو عیراقی بە دەردی ئەفغانستان برد. هەڵەی دووەمی (جۆ بایدن) لەبارەی کشانەوەی لە ئەفغانستان هەمان هەڵە کوشندەکەی (بەڕاک ئۆباما) کردەوە کاتێ بۆ بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق! داعش لە ماوەیەکی کوورت تاوانی نزیکەی نیوەی عیراق بگرێت و بەغدا و هەولێریش لەژێر هەڕەشەی داگیرکردن بوون، دەرئەنجامەکەی ئەوەبوو داعش دەولەتی خەلافەتی دامەزراند.. جارێکی تر سەرکردە عیراقیەکان بەهەلەداوان داوای هاوکاری هێزەکانی ئەمریکایان کرد بۆ وەستاندنی پێشڕەویەکانی داعش بەتایبەتی لە ترسی داگیرکردنی بەغدا و هەولێر. جێگای ئاماژەیە، ئەمریکا تاکە هێز کە پێی سەرسام بووبێ لەشەڕی تیرۆرستانی داعش، هێزەکانی سوریای دیموکراتە کە وەک هاوبەشێکی ستراتیجی دەبیندرێن لە 


د. سیروان عه‌لی   بێگومان کۆمەڵگا بەختەوەر تر دەبێت بە هەماهەنگی نێوان تاک و ڕێکخراو و فەرمانگە و دەزگا و دەستەکان بە تایبەتی رێکخراوەکانی کۆمەلگەی مەدەنی و ئەوانەی کار بۆ قازانجی مادی ناکەن. بەڵام ئەوەی لە کۆمەڵگەی ئێستای ئێمە دیارە کاری خۆبەخشی بەرەو لارێیەکی مەرتسیدار دەروات. بە گشتی کاری خۆبەخش بەهایەکی پیرۆز و چالاکیەکی کۆمەڵایەتی پیرۆزە، لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا بووە بە دیاردەیەکی شارستانی بە ئامانجی هاوکاری و پشتیوانی مرۆیی سەرجەم سێکتەرە گرنگەکانی ژیان بە بێ قازانجی مادی بەڵام لە چوارچێوەی یاسایەک ڕێکخراوە. ناکرێ مافی خۆبەخش پێشێل بکرێ و کاری خۆبەخش ببێتە بەدیلی دامەزراندن وەکو ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەبینرێت. ئەوەتا دەبینین و دەبیستین هەندێ بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیار و کاربەدەستی ناڕەسەن هەڕەشە لە کارمەندەکانیان دەکەن: "ئەگەر بە دڵم نەبیت بەڕێت دەکەم و خۆبەخشێک دێنمە شوێنەکەت بە پارەیەکی کەمتر".   دوای دروستبوونی قەیرانی بودجە لە نێوان هەرێم و دەولەتی فدرال لە ناوەراستی دەیەی رابردوو تاوەکو کاتی ئەم نوسینە، کە نزیک دەبێتەوە لە هەشت ساڵ، دامەزراندنی گەنجان سستی تێکەوتووە و تا رادەیەک وەستاوە. هەرچەندە پێشتریش دامەزراندن وەکو پرۆسە تا رادەیەکی زۆر بێ پلان و هەر ڕەمەکی بوو، بەڵام ئیفلیج نەبوو. دەرئەنجامی ئەم ئیفلیجی یە بوو بە مەیدانێکی فراوان بۆ کاری خۆبەخشی بە ناچاری، هاوکات زۆربەی گەنجانی ناچارکرد دەسبەرداری مافی دامەزراندن ببن و کار گەیشتە ئەوەی واسیتە و دەستماچکردن بێتە ئاراوە تاوەکو دەرچوویەکی زانکۆ کارێکی خۆبەخشی دەستەبەر بکات. لە لایەکی ترەوە هەندێ فەرمانگەی حکومی و رێکخراوی نێوخۆیی ئەم هەلەیان قۆستۆتەوە و تواناکانی گەنجان بەکاردێنن بە ناوی (هیوایەکی کز بۆ دەمەزراندن) یا خود بەرامبەر بڕە پارەیەکی زۆر کەم گەنجانی ئەم وڵاتە بخەنە خزمەتی خۆیانەوە. رۆژ بە رۆژیش ئەم هیوایە بەرەو کزی دەروات و دیاردەکەش فراوانتر دەبێ و چاوەروان دەکرێ شوێنی دامەزراندن بگرێتەوە بە بڕە پارەیەکی زۆر کەمتر لە دامەزراندن، سەرباری تێکشکانی باری دەروونی نەوەیەک بە نا هومێد کردن و مەحرومکردنیان لە سامانی نیشتمانی و بە کەم زانینی خۆیان و تواناکانیان. کارکردن بۆ بەدی هێنانی یاسای ڕێکخستنی کاری خۆبەخشی لەم هەرێمە ئەرکی لە پێشینەی هەموو حیزبەکانە بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە چونکە کاری خۆبەخش چۆتە قۆناغێکی پر لە مەترسی. ئەرک و مافەکانی خۆبەخش تێکەڵ کراوە و هیچ هاوسەنگیەکی پێوە دیار نی یە، پاراستنی خۆبەخش لە دەست درێژی بۆ سەر کەرامەت و سوکایەتی پێکردن پێویستی بە هۆشیاری یاسایی هەیە. بەدواداچوون و چاودێریکردنی یاساکەش پێویستی بە سەندیکایەک یا کۆمەڵەیەک هەیە کە توانای داکۆکیکردن و بەرگریکردنی هەبێت لەو هەزاران گەنجە بەشخوراوانە. هەندێک سەرچاوە پێیان وایە سەرەتاکانی کاری خۆبەخشی لە وڵاتە پێشکەوتووەکان وەکو شێوازێک بووە بۆ بەسەربردنی کات بە تایبەت خواپێداو و خانە نشینەکان. هەریەکە و بە پێی کاری پێشووتری دەگەڕایەوە سەر کارەکەی و خزمەتی دەکرد و هاوکات ئارامی و ئاسودەییش بوو بۆ خودی خۆبەخشەکە. لەگەڵ ڕۆژگارا ئەم بۆچوونە گۆڕانکاری بەسەرداهات و گرنگی زیتری پێ درا. شارەزایان و توێژەران داوایان کرد کاری خۆبەخشی پێناسە بکرێ و ڕێزی زیاتر لە خۆبەخش بگیرێ. چونکە کاری خۆبەخش گەیشتە قۆناغێکی پێشکەوتووتر، بۆیە لە چەندین ڕووی کۆمەڵایەتی و دەروونی و کارگێڕی و کەلتوری بوو بە بابەتی توێژینەوە. ئەنجامی هەوڵەکان سەلماندیان کە کاری خۆبەخشی دەکرێتە چوارچێوەی سامانی نیشتمانی و سەرچاوەیەکی مرۆیی گرنگ بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە، تاوەکو لە سەر ئاستی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێ کردن کاری جدی لە سەر کرا. بە داخەوە کاری خۆبەخشین، کە وەکو چەمکێکی کەلتوری بۆنی هاوکاری و مرۆڤدۆستی لێ دێت، لە هەرێمی کوردستان گەیشتۆتە قۆناغی خوێنمژینی گەنجەکان. چونکە خۆبەخشین پێناسە و پێوەری تایبەتی خۆی هەیە پێویستە ئەرک و مافەکانی بە وردی شیبکرێنەوە و بەرژەوەندی هەردولا ڕەچاو بکرێ. لە کۆنەوە کاری خۆبەخشی لەناو کۆمەڵگەی کوردی بە خێر پێناسە کراوە، واتە پاداشتەکەی لای رب العالمین بوو چونکە خۆبەخشەکان خەڵکی خواپێداو بوون. بۆیە ناکرێ ناچارکردنی گەنجی گیرفان بەتاڵ بۆ خزمەتکردنی سەرمایەداری چاوچنۆک یا فەرمانگەی بە ناو حکومی بە کاری خۆبەخشی لە قەڵم بدرێ. هاوکات سودمەندیش نەبێت و وەکو پێویست ڕێزی لێ نەگیرێ و بە کەمیش سەیر بکرێ.  پاڵنەری سەرەکی کاری خۆبەخشی لە بنەرەتدا چەند جۆرێکە: لە کەلتوری هەموو گەلاندا باوە کاری خۆبەخشی لە پێناو مرۆڤایەتی یاخود لە پێناو خودا. دووەم، کاتێک تاک بۆ خودی خۆی و ناوبانگی کەسایەتی خۆی بڕیاری کاری خۆبەخشی دەدات. سێ یەم، هاونیشتمانی یەک خۆی بە بەرپرسیار بزانێ لە بوارێکدا وەکو ئەرکی نیشتمانی. چوارەم، هاونیشتمانی یەک بە خەمی بەرژەوەندی گشتی بێت کاری خۆبەخشینەکەی کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر ژیان و گوزەرانی نەبێت، یاخود بەشدار بێت لە هەڵمەتی نیشتمانی بۆ ئەرکێکی دیاریکراو. وەکو ئەو هەڵمەتە نیشتمانی یەی لە کۆتایی هەشتاکان دەوڵەتی عێراق ئەنجامی دا بۆ بنیاتنانی قوتابخانە. زۆربەی خەڵکی کاسب و موچەخۆری ناچار کرد بەشدار بن بە پێی توانا، ئەوەبوو کەسایەتی دیاری شاری سلێمانی خوالێخۆشبوو علی بۆسکانی پێشنیاری کرد بە تەنها خۆی قوتابخانەیەک بینا بکات. هەروەها ئەو خێرخوازانەی لە کاتی سەرهەڵدانی پەتای کورونا بڕیاریان دا نەخۆشخانە بینابکەن. بۆیە کاری خۆبەخشی لە هەرێمی کوردستان وەکو چەمکێکی خێرخوازی و مرۆڤدۆستی کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە و ڕێکخستنی بە یاسا ئەرکێکی نیشتمانی و مێژویی یە.    لەم نوسینە کورتە چەند نمونەیەک باس دەکەین بە هیوای هۆشیاری زیاتر و وروژاندنی بابەتەکە لە سەر ئاستی کۆمەڵگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان و هێزە سیاسی یە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنەکان. هەروەها ڕۆژنامەنوسان و خوێندکارانی زانکۆ بە تایبەتی بەشەکانی کۆمەڵناسی و دەروونناسی و کارگێڕی و دارایی و سەرچاوە مرۆیی یەکان دەتوانن رۆڵی بەرچاو بگێرن بە توێژینەوەی زانستی بابەتەکە دەولەمەند بکەن و سەرەتایەکیش بێت بۆ سازدانی کۆنفرانسی تایبەت بە کاری خۆبەخش لە کوردستان. وردبوونەوە لە چەند نمونەیەک بەرچاو روونی زیاترمان دەداتێ لەم بوارە. لە میرنشینی دوبەی یاسای ژمارە (٥) ی سالی ٢٠١٨ تایبەتە بە رێکخستنی کاری خۆبەخشی، مادەی (١٥) ئاماژە بە مافەکانی خۆبەخش دەکات. بەپێی یاساکەش هەشت خاڵی دیاری کردوە بۆ شیکردنەوەی مافەکانی خۆبەخش لە چوارچێوەی کەلتوری میرنشینەکەدا، گرنگترینیان ڕێزگرتنە لە خۆبەخش پاراستنی خۆبەخشە لە هەر بێڕێزیەک. لە زۆربەی وڵاتە دراوسێکان و ووڵاتە عەرەبیەکانی ناوچەکە یاسای تایبەت بە کاری خۆبەخشی و پاراستنی مافەکانی خۆبەخش هەیە و کارێکی زەحمەت نی یە. هەروەها لە ولاتە پێشکەوتوەکان نەک تەنها پاراستن و رێزگرتن بەڵکو مافی زیاتری بۆ دیاریکراوە و هەر ڕێکخراو و فەرمانگەیەک لە چوارچێوەی دەسەڵاتی خۆی پاداشتی خۆبەخش دەکات. بۆ نمونە ڕێکخراوی سەینت جۆن ۆف گادSt. John of God ، کە ڕێکخراوێکی تەندروستی ئوسترالی یە، لە دوای (٣) مانگ کاری خۆبەخشی لە کاتی پێویست ئامبولانسی بێ بەرامبەر دابین دەکات بۆ خۆبخش و سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی. جگە لەوەی یاسایەکی تایبەت بە پاراستنی مافەکانی خۆبەخش هەیە لە ئوسترالیا بە ناوی یاسای پاراستنی خۆبەخش ساڵی ٢٠٠١. هەروەها وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یاسایەکی هاوشێوەی هەیە بە ناوی یاسای پاراستنی خۆبەخش ساڵی ١٩٩٧. بۆیە داڕشتنی یاساکە دەبێ کاری لە پێشینەی پەرلەمان بێت چونکە بۆ سەردەمی ئێستا ژمارەی خۆبەخشی ناچاری بە شێوەیەکی بەرچاو روو لە زیاد بوونە.      * دكتۆرا له‌ زمان و كه‌لتورناسی  


د. شێركۆ عه‌بدوڵڵا- رۆژانه‌ تایبه‌ت له‌ (دره‌و) ده‌ینوسێت *رەبتی تیا نی یە, مەسەلەن: وتیان بۆچی گریانت نایە ؟وتی ئاخر ئێستا میزم کرد. *ئەرێنی: شەرت نی یە هەموو پۆزەتیڤێک باش بێت ، مەسەلەن پۆزەتیڤی کۆرۆنا. *بێ ئەقڵی نموونەی زۆرە، مەسەلەن: جوابدانەوەی کۆمێنتی  توڕە و گسکدانی  بیابان. *هەلهەلەی مەخلوق:  هەندێکیان بە ئاسانی  دێنە ناو مەوزوعێکەوە، بەڵام نازانن چۆن لێی دەربچن  مەسەلەن مێش. *دیفاع: بەعزە  حیزبێک وەکو یاریی مار و پەیژە وایە دیفاعی تیا نی یە، مەسەلەن یەکێتی. *نموونەی تر: مانگا تاقە مەمکێکی هەیە بەکۆمەڵێک  گوانەوە، نموونەی تریش زۆرن، مەسەلەن پەیجە سێبەرەکان . *زاکیرە: شت هەیە لە پەلامار و بوختانی  دوشمن زۆر ناخۆشترە، مەسەلەن بێ مەوقیفیی دۆست *خەون:  خۆشبەختانە کوردستانەکەمان دەتوانێ زۆر خەونی  مرۆڤ بهێنێتەدی، مەسەلەن جێی بهێڵیت. *عاسی: عاسیبوون لێی ناخۆشتر نی یە. مەسەلەن عاسیبوونی پژمە لە کونە لووتدا  و عاسیبوونی پەڕلەمانتار لەحیزبەکەی. *موبالەغە: پیاوی کورد عادەتی وایە  هەمیشە موبالەغە  دەکات، مەسەلەن لە ژمارەی موشکیلەکانی و لە حەجمی دەعباکەیدا.


ئه‌بوبه‌كر كاروانی کاتێك چەكی ئیسلامی دەبێت بە بژاردەیەکی عەقڵانی بەردەم ئیسلامیەکان؟ قەیرانی سیستمی سیاسی لە تونس و گێچەڵکردن بە ئیسلامیە دیموکراتیەکانی ئەو وڵاتە، ھاوکاتبوو لەگەڵ سەرکەوتنە خێراو گەورەکەی تاڵیبان و دەستگرتنی بەسەر پایتەخت و دەسەڵات لەو وڵاتەدا. ئەم دیمەن و بەراوردکردنەش ھەتا بڵێی لە ڕووی فیکریەوە بۆ ناوچەی ئیسلامی بەسوێ و ئازاربەخش بوو. ھەندێ کەس و مینبەریش لە ناوەندە ئیسلامییەکە، ئەم دیمەنەیان کرد بە بەڵگە لەسەر ناڕاستبوونی شێوازو بژاردەی ئیسلامییەکانی تونس و ڕاستی ئەوەی تاڵیبان؟! دیوی دووەمی ئەم بەراورد کردن و لێکدانەوەش، بانگەشەیە بۆ ئەوەی تەوژمی ئیسلامی لەوە تێبگات کە تەنھا لە ڕێی ھێزەوە دەتوانێت بە ئامانجەکانی بگات؟ بە پێچەوانەوە، ئەگەر لە ڕێی گەمە دیموکراسیەکەوە بیشیبەنەوە، جیھان و ناوچەکە ڕێزی بەرەنجامەکان ناگرن و کودەتا بەسەر ئەوان و ئیرادەی خەڵك و دیموکراسیشدا دەکەن و لە گۆڕەپانەکە دەکرێنە دەرەوە تا سنوری قاچاخکردنی یاسایی. بەڵام ئەم دیدە ھەڵگری کێشەیە. کێشەی یەکەمیشی لە گشتگیرکردنی ئەزمونێکی تایبەتی دیاریکراوی وەکو ئەفغانستانەوە سەرچاوە دەگرێت چونکە لە زۆر شوێنی تر چەك ھەڵگیراو ھێز بەکارھات، لەوانەش لە عێراق کە ھاوشێوەی ئەفغانستان ئەمریکا داگیری کردبوو، کەچی نەك ھەر بەرەنجامی ئەفغانستان و تاڵیبانی لێنەکەوتەوە، بەڵکو بووە سەرچاوەی جۆرەھا کێشەو شکست و پاشەکشەش. بەم قسەم مەبەستم نیە بڵێم تاکە شوێنێ بشێ گروپێك بە ناوی ئیسلامەوە چەکی تێدا ھەڵبگرێت ئەفغانستانە، بەڵکو دەمەوێت بڵێم؛ بەکارھێنانی ھێزو چەك بژاردەیەکی بەردەوامی بەردەم ئیسلامییەکان لە کات و شوێنە جیاوازەکاندا نیە. واتە لە ھەموو کات و شوێنەکان سەرپشك نین خەباتی مەدەنی بکەن یاخود چەکداری، ئەگەر بیانەوێت چەکەکەیان نەبێتە چەکی گروپێکی توندوتیژی بەتیرۆر پێناسەکراوی سنوردار دژ بە دەوڵەت و کۆمەڵگە. واقیع و مێژوو و عەقڵ پێمان دەڵێن: چەکی ئیسلامی خاوەن پەیام تەنھا لە ٣ کاتدا مانای ھەیەو ھەندێ جاریش وەکو ئەرکی لێدێت: ١- شۆڕشی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازو بەرھەڵستکاری میللەتێك بۆ ڕزگارکردنی خاکەکەی و دەرکردنی داگیرکەر یاخود بەدەستھێنانی ھەندێ لە مافەکانی. ٢- شۆڕشی میللەتێك دژ بە دکتاتۆرو سیستمێکی زۆرداری ناوخۆیی، لە پێناو ئازادی و کەرامەت و دادپەروەری و ژیانێکی باشتر. ٣- بەرگریکردن لە شۆڕش و دژایەتی پڕۆژەی پاکتاوکردنی ئیسلامییەکان و شۆڕش لەگەڵ ھەموو ئەو کەس و ھێزانەی لەم ئامانجەدا ھاوراو ھاوھەڵوێستی ئیسلامییەکانن. لە ھەر سێ حاڵەتەکەشدا، چەکی ئیسلامییەکان بەشێك دەبێت لە پڕۆژەی شۆڕش و بەرخۆدانی مییللەت و کۆمەڵگەیەك نەك چەکی گروپ و بزافێکی ئیسلامی دیاریکراو دژ بە سیستمێکی عەلمانی چونکە بەکارھێنانی چەک بە ناوی ئیسلامیەوە لەم شوێنەدا، ڕەوایەتی ئیسلامی و ئەخلاقیشی نیە. ئەویش لەبەر ئەم ھۆکارانەی خوارەوە: أ- شانسی سەرکەوتنی یەکجار کەمە. ب- سەریش کەوێت بۆ نمونە لە ڕێی کودەتایەکی سەربازیەوە، نمونەیەکی سەرکوتکارو ناشیرینی سیاسی و حوکمرانی پێشکەش دەکات و دەبێتە سەرچاوەی جۆرەھا مەینەتی بۆ گەل و وڵاتەکەی. ج- دەکەوێتە بەر پەلاماری توندو خوێناوی دەوڵەت بەپشتیوانی چەندین وڵات و ڕێکخراو. د- وێنای گروپێکی نامۆ بە بەرژەوەندی و ئایینی کۆمەڵگەیان لێدەگیرێت، ئەوەش لای توندئاژۆکان سەردەکێشێ بۆ ئیدانەکردنی کۆمەڵگەو یەکسانکردنی لەگەڵ دەسەڵات و دەست لێوەشاندنی!. و- چوونە نێو لیستی تیرۆری ناوچەیی و نێودەوڵەتی، لەگەڵ ھەموو ئەو بەرەنجامانەی لەمە دەکەونەوە. نمونەش لەم بارەوە زۆرو دڵتەزێنن لە وێنەی: گروپی جیھادو کۆمەڵەی ئیسلامی میسری و ھەوڵە شکستخواردووە خوێناویەکەیان لە ھەشتاکانی میسر، راپەڕینی چەکداری حەما لە سوریا لە ساڵی ١٩٨۲دا کە نزیکەی ٣٠٠٠٠ کەس تێداچوو و شارەکەش نیمچە خاپورکرا. ئەزمونی ئیسلامییە چەکدارەکانی جەزائیر لە نەوەتەکاندا، حیزبی نەھزەی تاجیکی و... ھتد. بۆیە، ھەر چەکێکی ئیسلامی لەم سەردەمەدا لە دەرەوەی خواست و ویستی میللەت و کۆمەڵگاوە ھەڵبگیرێت و بۆ ئامانجی گروپیی بەکاربھێنرێت، با بەناوی ئیسلامیشەوە بێت، دەبێت بە چەکێکی ناشیرین، بێ پەیام و تێکەڵ بە جۆرەھا کردەی نائەخلاقیش دەبێت. جگە لە وێرانی و خوێن و کارەساتیش ھیچ شتێ لە دوای خۆی بەجێناھێڵێت. پێش دەسەڵاتیش یاخود شانبەشانی ئەو، گۆمەڵگەو ڕای گشتی ڕەتیدەکەنەوە. بەڵام، کاتێك پێ لەسەر تاکە بژاردە بوونی بژاردەی کاری مەدەنی دادەگرین، لە سایەی نەبوونی بزوتنەوەیەکی چەکداری نیشتیمانی، یاخود شۆرشێكی میللی لە پێناو ئازادیدا، تاکو ئیسلامییەکانیش ببن بە بەشێك لێیان، مانای وانیە پێمان وانیە کە زیاد لە ئاست و شێوازو میکانیزمێکی خەباتی مەدەنیمان ھەیە. یاخود ھەر بە لۆژیکی خودی خەباتی مەدەنی، ناتوانیین ڕەخنە لە ھەندێ ھێزو لەوانەش ھێزە پاشخان ئیخوانیەکانی ھەندێ لە وڵاتانی بەھاری عەرەبی بگرین، لەسەر ھەندێ: خۆشباوەڕی، کەم ئەزمونی سیاسی و دەرفەت لەدەستدان بۆ شۆڕش و خۆ بەھێزکردن و پوچەڵکردنەوەی ستراتیژی دژە شۆڕش، ھەروەھا بە گوێرەی پێویست شۆڕشگێڕنەبوون لە قۆناغی ڕاگوزەری دوای شۆڕش. ھەروەھا بە چەشنێ جوڵانەوە وەك ئەوەی لە سوید بن نەك ھەندێ وڵاتی عەرەبی کە کلتوری دکتاتۆریەت و ستەمکاری ڕەگ و ڕیشەیەکی قوڵ و بەھێزی سەدان ساڵەی ھەیە. لە ڕەگدەرکێشانیشی، بەرچاوروونی و بە برشتی و پێداگری شۆڕشگێڕانەی شۆڕشگێڕان دەخوازێت. ئیسلامییەکانی ئەو وڵاتانە شەرەفی بەشداریکردن لەشۆڕشەکانیان پێ بڕاوە، بەشێکی گرنگی جەستەی شۆڕشیان پێکھێنا، شۆڕشەکانیش ھی کۆمەڵگە بوون. بۆ دەرکردنی داگیرکەرێکی بێگانەو دەسەڵاتێکی دەستنیشانکراوی ئەو نەبوون، ھاووێنەی ئەفغانستان، بەڵکو دژ بە کۆمەڵێ دەسەڵاتدارو نوخبەیەکی دەسەڵاتداری زۆردارو گەندەڵی بە ڕواڵەت نیشتیمانی بوون لە پێناو جێگرەوەیەکی دیموکراسی، نان و ئازادی و کەرامەتی ھاوڵاتیان، نەك دروستکردنی میرنشینێکی ئیسلامی، چونکە کۆمەڵگە بە ئایدۆلۆژیاو تەوژمە جیاوازییەکانیانەوە بەشداربوون. ئیسلامییەکان تەنھا بەشێکی شۆرشەکانیان پێکدەھێنا. تەنانەت سەرەتا ئەوان بەرپایان نەکردن بە تایبەتیش لە شەپۆلی یەکەمدا، بەڵکو دوای چەند ڕۆژێ پێوەیان پەیوەست بوون، بەڵام پیاوانەو ڕۆڵی گەورەیان لە سەرخستنیاندا گێرا. ئێستاش سەرەڕای ئەوەی شۆرشەکان دووچاری پاشەکشە بوون، لە ڕووی ئەو بەھاو دروشمە ھاوبەشانەی ھەڵیانگرتبوون و ئەو جێگرەوەی ھەوڵیان بۆ دەدا، بۆ دونیای ئەمڕۆو کۆمەڵگە موسوڵمان نشینەکانی سەردەم، ھەر ئەوان ڕاست و پێوەرن چونکە جێگرەوەی ڕێکنەکەوتنی تەوژمەکانی کۆمەڵگەیەك لەسەر سیستمی سیاسی و پێکەوەژیانی ئاشتیخوازانەو فرەیی و ڕێزگرتن لە ئازادیە بنچینەییەکان، یان ستەمکاری و خۆسەپاندن و سەرکوتە، یاخود شەڕی ناوخۆو فەوزاو شەڕی ھەمووان دژ بە ھەمووان. بەم جۆرەش، نمونەی تونس سەرەڕای ئەوەی دەبێت ڕەخنەی لێبگیرێت، بۆ پێشخستن و پڕکردنەوەی کەلێنەکانی بەرامبەر نمونەی تاڵیبان وەك ئەسڵی قیاس لەسەرکراو دەمێنێتەوە. ئەفغانستان و تاڵیبانیش جگە لە ھەندێ ڕووی سنوردار توانای نمونە بوونیان نیە، خوداش حەزکات ئەوەش باس و خواسی بابەتێکی ئایندەمانە.


 ئاسۆ حاجی لەگەڵ هەر هەنگاوێک لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ، هەندێک دەنگی ناڕازی بڵند دەبن و رەخنەی لێدەگرن و هەولدەدەن هەنگاوەکە بۆ دواوە ببەنەوە، بەڵام پێداگری و سووربوونی سەرۆکی حکومەت لە جێبەجێکردنی ئەو یاسایە کە داوایەکی لە مێژینە و گشتگیری خەڵکی کوردستان بووە، ئامادەکاری بۆ چوونەپێشی هەنگاو و قۆناغێکی دیکە دەکرێ، نەک پەشیمان بوونەوە و گەڕانەوە بۆ دواوە. کۆنە پەڕلەمانتارانی کوردستان کە ئەوانەی عێڕاقیش لە چوارچێوەی یەکێتیەکدا سەریان بەیەکەوە ناوە، لەوەتەی بە گوێرەی یاسای چاکسازی موچەکانی ئەوان هەموارکراوەتەوە نەک بڕدراوە، دەنگی ناڕەزاییان بڵند بووە، ئەو دەستکاری کردنە بە نا دەستوری و نا یاسایی لە قەڵەم دەدەن! لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان خاوەنی دەستور نیە و دەستکاری کردنی موچەکانیش بەگوێرەی یاسایێکە کە لە پەڕلەمانی کوردستان دەرچووە.  رەنگە لە جێبەجێکردنی ئەو یاساییە هەندێک کەس بکەونە بەرێ، و موچەیان ببڕدرێ یان دەستکاری بکرێ کە شایەنی ئەوە بن لەو موچەیە زیاتر وەربگرن و ئیمتیازاتی زیاتریان پێبدرێ، کە ئەوانە بە دڵنیایەوە کەمینەیەکن، کە باجی زۆرینەیەکی مشەخۆر دەدەن کە چەندین ساڵە لە موچەی قەبە و ئیمتیازاتی زۆر تێرنەبووینە و هێشتا دەڵێن:”هل من مزید”. بە درێژایی ساڵانی رابردوو، هەموو رەخنەکان و پەنجەی تاوانباری و کەمتەرخەمی بۆ حکومەت درێژ دەکرا، کە رووبەڕووی گەندەڵی نابێتەوە و چاکسازی ناکات، ئێستا کە حکومەت دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، دەنگی ناڕەزایی لە هەمان شوێن و سەرچاوە و کەس بەرزبۆتەوە، ئەوجارەیان حکومەت بەوە تاوانبار دەکرێ کە چاکسازی و دەکا و هەوڵی سنووردانان بۆ گەندەڵی دەدا، ناڕەزایەتیەکە و رەخنەکان لەو روانگەیە کە بەرژەوەندی ئەوان تێکچووە، نەک لە پێناو بەرژەوەندی گشتی. ئەو ناڕەزاییانە زیاتر لەو سیاسیانە دەبیسترێ کە ساڵانی خەبات و قوربانیدانیان بە قەبارەی موچەکەیان دەپێون، لەو کەسانەش کە بەبێ ئەوەی رۆژێک فەرمانبەری حکومەت بن، پلە و پۆست و موچەی تایبەتیان بۆ بڕاوەتەوە، ئەوانە تەنها نوێنەرایەتی کەمینەیەک دەکەن کە چەندین ساڵە لەو ئیمتیازاتە نا یاساییانە بەهرەمەند بووینە، لە دژی ئەو پڕۆسەیەشن کە لە بەرژەوەندی ئەو زۆرینەیەدان کە هاواریان لە دەستی ناعەدالەتی و گەندەڵی دەچووە بەڕەکەی ئاسمان. سەرۆکی حکومەت لە بەجێگەیاندنی ئەو کارەی بە ناو و ناوەڕۆک ‘مەسرور‌ ە، سرورەکەی زۆرینەی خەڵکیشی گرتۆتەوە کە هەست دەکەن سەرۆک حکومەتێک و کابینەی حکومەتێکیان هەیە لەگەڵ ئەو کارنامەی سوێندیان بۆ جێبەجێکردنی خواردووە راستگۆن، پیاوی کردارن نەک گوفتار.


د. شێركۆ عه‌بدوڵڵا- رۆژانه‌ تایبه‌ت له‌ (دره‌و) ده‌ینوسێت   _تەصەور ئەكەم  ئەم حەفتەیە شەش كۆڵەكە بۆ عاسمان دابنێن . +چۆن ئەزانی؟ -ئەی ئەوە نی یە پارتی چاكسازی ئەكات!!   *** -لەوە ئەچێ برادەران قنگیان ببێ بە ماش. +چۆن ئەزانی؟ -زۆر مەشغوڵن ، سەریان بووە بە ئاش.  *** _ قەرار دەرچووە سوێندی درۆ بە گوناح حساب ناكرێ. +چۆن ئەزانی؟ -مەلایەكی دوانزە عیلم دەڵاڵی عەرزەو خانووشە. *** -لەوانەیە پیرەمێرد  عیلمی غەیبی پێ بووبێت. +چۆن ئەزانی؟ ئاخر نوێنەرەكانی ئەمڕۆش هەرزە وەكیلی شاری خامۆشانن. *** -من ئەقڵم بێ لە ئاودەستیش حەرەسی بۆ دائەنێن. +چۆن ئەزانی؟ ئەی ناڵێن لەگەڵ تڕی خۆیدا شەڕ ئەكات؟! *** -خۆتان هیلاك مەكەن ، سەرەوە فەحسكردنی ناوێ. +چۆن ئەزانی؟ -ژێرەوەییم بینی ، هەلاهەلا بووە. *** -ئێرە بە كەڵكی ژیان نەماوە. +چۆن ئەزانی گەورەم ؟ -كیتابمان بۆ هاتووە. *** هەبێ و نەبێ ئەو فیتەرە یەكێتی یە. +چۆن ئەزانی؟ -عەرزم كرد سەیارەكەم تەقەی تێكەوتووە، ئەڵێ  موشكیلە نی یە، دەنگی تەسجییلەكەی زیاد كە.


 سالاری بازیان سیستەمی هاوسەرۆکایەتی ئەم سیستەمه له ٨ هەشت کتێبی نزیکەی ١٠٠٠ هەزار لاپەڕەی لەسەر نووسراوە بە قەڵەمی نووسەری بە تاشەبەردەکانی ئیمڕاڵی یەوە گیردراوە له سەروبەندی كه مام جلال نه خۆش كه ووت من خۆم ئەم سیستەمەم بۆ یەکێتی پێشنیار کرد وەلی ووتم ئەبێت یەکێ لەهاوسەرۆکەکان  هێرۆخان بێت له چەند مانگی ڕابووردوو له پانێلی هەمان شێوە هاوارمان كرد و ووتمان ئەم سیستەمە ئەبێت فەلسەفەکەی شۆڕبێتەوە ئایە گوێتان لێگرتین؟ ئێستا پرسیارەکان لێرەن ئەوانەی سیستمەکەیان مەتڕەح کرد چەند دێڕی ئەم ١٠٠٠ هەزار لاپەڕەیان خوێندەوە ؟ وێراین پێتان بڵێین کاکە با یەکێکی ژن، بێت؟ دەروێشێ جەسارەتی کرد بڵێ كاكه سیستەمەکە لەنگه سیستمەكه بۆ مۆڕاڵی سیاسی و بەشداری ژن؛ بیناكردنی دیموكراتیه؟ چاپلوسێ نەبوو  یەک ڕۆژ ماستاو نەكاو بڵێ براله هاوسەرۆكایەتی بۆ دابەشكردنی غەنیمەتی دوای جەنگ نیه؟  جاسوسێ نەهات ڕاپۆرتێ به ویژدانەوه بدات پێتان بڵێ كاكه خەڵك له ئەتوارتان ئەترسێ نەوەك خۆشی بوێن؟  ڕاوێژكارێكتان نەهات بڵێ بابه كەوتوون بەسەر دونیایەك له خەزێنەی ٤٥ ساڵ و خوێن و خەباتدا؟ ئەم كاسەلێسانەی قسەی یەکترتان بۆ ئەهێن تۆڕیان دەنەدەرەوە؟ دووربین مەخفیەك ویژدانی نەجوڵا بڵێ لەشی ڕووت و قوتی تێكوشەرانی دێرینتان بۆ چی یه؟ توڕەیان مەكەن و بادار و بەرد به یەکەوە گڕ نەدەن ؟؟ قەلەم بەدەستیێ نەهات بڵێ له بری یەك شكاندن فەلسفه و فكری سیاسیتان گەشه پێبدەن مۆڕاڵ بكەنەوه بیری ئێستا و داهاتوو؟ قاچاخچیهك نەهات بڵی كاكه وا ئابڕوومان ئەچێت ؟؟ یاریكەرێك نەهات بڵێ بە پوولی دۆمینه خانوو دروست كردن كه یەكێكی ڕووخا كەس به پێوه نامێنێت؟ هەرچی تۆوكەی ئه وەش دەدوریتەوه  سیاسیەكی بەویقاڕ و  دونیا دیده مووحبەتی نەكردبڵی( سەركەوتن بەسەر شاخی هیمالایه دا چەندین ساڵی دەوێ كەوتنه خوارەوه چركه یه كی به سه)  ئێوه ئاسان و زووكەووتن بەسەریدا ئەوانەی (كاك نەوشێروانیان. )دەرپەڕاند ئێوه  دوورتان خستنەوە وەلی تحصیل حاصل له نەتیجه دا ئەوانەی پێتان ئەووتن كۆن وەك خۆیان مانەوه ئەوەندە بە ئارامی  دان به خۆدا گرتندا ڕۆژیان بەڕێدەكرد بەهاری كورتی هاوسەرۆكی تەمەنی كورتی پایزی خۆیان نەزایه ی كردن نه له ناو بران به ڵكو دەبێت جارێكیتر بەحكمەتی دانایی له دیزاینی یەكێتیدا نەقشیان هەبێت . چوونكه هەم پەیوەندیەكی شریتی نەپچراویان هەیه هەم چەرخی دەورانی یەکێتی به كامی دڵی ئەوان وەرچەرخا غرور گەورەترین دەردە بۆ مرۆڤ (گەڵای دار وەختێ دەکەوێتە سەرزەوی فکر ئەکاتەوە بۆتە تەڵا) لە کۆنگرەی چوار تەواو بووین لە کۆبوونەوەیەکی هەڤاڵانی مەڵبەندی ڕێکخستنی سلێمانیدا( ووتم خراپترن کۆنگرە لە مێژووی یەکێتی دا ئەم کۆنگرەیە بوو هەڤاڵان ئێمە چووین ئێوە نەهاتن ئێمە سێ ژەم نانی باشمان خوارد ئێوە نەتان خوارد) هەر کەس بیەوێت سەرۆکی یەکێتی بێت دەبێت چەند ستوونی هەیە لە بیری نەکات  ١/گیرفانی هی خەڵک بێت گیرفانی خەڵک هی ئەو بێت.  سەرکردە بە پارە نابێتە سەرکردە بەڵکو ئەبێتە پولدار هیچ سەرکردەیەکی  پولدار ئارام سەری نەناوەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یا کوژراوون یا لە زیندان غەفەخان بوون یا لە تاراوگە دیقیان کرد  ٢/ده ست له یه خه ی بازاڕ بكاته وه و گه نده ڵكاران بده نه دادگاو دادگاش ئازاو ئازاد بێت حه رام بوو هه مووكه س حه رام  ٣/شۆڕبێتەوە بەناو کێشە و ئازاری کۆمەڵگە دا دەست و پەنجەی لەگەڵ نەرم  بکات. ٤/ئیدارەی ململانێکان بدات نەوەک تەسفیە چوونکە لە دەستیدا دەشکێ تەکەتوولچیەکان بۆ دەرەوە سیاسەتێکە دەردی یەکێتی تیمار ناکات قوڵتری ئەکات. ٥/تا نەفەسی ڕەخنە، ئازادی ووتاردان  بێت یەکێتی بەهێزتر  زیاتر دەبێت. ٦/یەکێتی سازمانە ئەمە قسەی سیاسیەکی دیاری ئێرانیەکانە وەلی ووتی کە کێشەتان ئەوەیە سەرکردەکانتان ئەم سازمانەی بۆ  ڕێکناخرێت. ٧/ژیانی حیزبایەتی  کە لە ناو یەکێتیدا شەت و پەت بووە چاک بکرێتەوە ئەندام بۆتە کادیر، کادیر بۆتە بەرپرس، بەرپرس بۆتە جێگر ( بایدن) نیوەی گۆی زەوی بەڕێوە دەبات یەک جێگری هەیە. لێپرسراو مەڵبەندمان هەیە ٦٠ شەست جێگری هەیە زۆر کادیر یەعنی زۆری کێشە و کەمی کارکردن. ٨/یەکێتی ناناسینەوە ئەم باشترین پڕماناترین ڕستەیە  وەلی دەبێت چەتری یەکێتی سێبەر بۆ هەموو ڕەنگ و شار و خەڵکەکەی بێت چه تری یه تۆوی عشق  و خۆشەویستی بڕوێنێتەوە  یەکێتی لە بازاڕ بەرژەوەندی رزگار كرێ تێڕوانین بۆ یەکێتی لە بەرژەوەندیەوە بگوریت بۆ عیشق... لایەنی کەم عەدالەت خوازی بکرێتەوە پرەنسیپ و لەنێوخۆدا جارێكی تر بگوازریته وه بوناو كومه لگا لە ڕووی کرداریەوە کارێکی دژوارە وەلی شاعیر ووتەنی ( لە پەنجەرەوە سەیرکردنی جوانی باران و, تیشکی خۆر،  كوچه سه یركردنی عیشقەکەت کارێکی ترسنۆکانەیە دەبێت خۆت بەیتە بەر بارانەکە و تەڕ بیت ڕێک سەیری چاوی عیشقەکەت کەی خۆت  بدەیتە بەرخۆر...بێته ناو كوچه كه وه شه رو ئاشتی كوچه كه بكه یت داد  و هاوار بكه یت مردن وژیان له ویدا بببینیت له یوتو پیاوه ببیته واقع )ئەگەر نا شەوێک دەخەووین بەیانیەک هەڵدەستین بۆ مەرگی حزبەکەمان ئەگرین



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand