درەو:
🔻 یەکەی توێژینەوەی وزە؛
🔹 بەهای هەناردەی نەوتی سعودیە لە ماوەی نێوان کانوونی دووەم تا حوزەیرانی 2026 (115.77 ملیار) دۆلار بووە، لە بەرامبەر (104.64 ملیار) دۆلار لە هەمان ماوەی ساڵی 2025دا.
🔹 داهاتی هەناردەی نەوتی سعودیە لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2026دا بە ڕێژەی 10.6٪ کە هاوتای (11.13 ملیار) دۆلارە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو زیادی کردووە.
🔹 سەرەڕای ئەوەی قەبارەی هەناردەی نەوتی خاوی سعودیە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە رووی لە دابەزین کرد، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخەکەی قەرەبووی ئەو دابەزینەی کردەوە.
🔹 سعودیە، بە پێچەوانەی زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەوە، بەراورد بە ئەوان کەمتر زیانی پێگەیشتووە؛ ئەوەش بەهۆی گواستنەوەی زۆرینەی پشکی هەناردەکەی لە ڕێگەی هێڵی بۆری «ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا»وە کە درێژ دەبێتەوە بۆ بەندەری یەنبوع لە سەر دەریای سوور.
سەرەتا
داهاتی هەناردەی نەوتی سعودیە لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2026دا بە ڕێژەی 10.6٪ کە هاوتای (11.13 ملیار) دۆلارە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو زیادی کردووە؛ ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی خاو و بەردەوامبوونی ئاڵۆزییە جیوستراتیژییەکان و پەککەوتنی جووڵەی دەریاوانی لە تەنگەبەری هورمزدا.
بەپێی ئامارە فەرمییە نوێیەکان کە لەلایەن «یەکەی توێژینەوەی وزە»وە (کە بنکەکەی لە واشنتۆنە) دەستکەوتوون، بەهای هەناردەی نەوتی سعودیە لە ماوەی نێوان کانوونی دووەم تا حوزەیرانی 2026 بۆ (115.77 ملیار) دۆلار بەرز بووەوە، لە بەرامبەر (104.64 ملیار) دۆلار لە هەمان ماوەی ساڵی 2025دا.
بەرزبوونەوەی داهاتەکە هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی تێکڕای نرخی نەوتی خاوی سووکی عەرەبی بە ڕێژەی 31.5٪ لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵدا، بە جۆرێک تێکڕای نرخەکەی گەیشتە 96.88 دۆلار، بە بەراورد بە 73.65 دۆلار لە هەمان ماوەی ساڵی 2025دا.
سەرەڕای ئەوەی قەبارەی هەناردەی نەوتی خاوی سعودیە لە ماوەی ناوبراودا بەهۆی جەنگی ئێرانەوە رووی لە دابەزین کرد، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخەکەی قەرەبووی ئەو دابەزینەی کردەوە. سعودیە، بە پێچەوانەی زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەوە، بەراورد بە ئەوان کەمتر زیانی پێگەیشتووە؛ ئەوەش بەهۆی گواستنەوەی زۆرینەی پشکی هەناردەکەی لە ڕێگەی هێڵی بۆری «ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا»وە کە درێژ دەبێتەوە بۆ بەندەری یەنبوع لە سەر دەریای سوور.
داهاتی هەناردەی نەوتی سعودیە لە نیوەی یەکەمی 2026دا
ئەنجامی مانگانەی داهاتی هەناردەی نەوتی سعودییە لە نیوەی یەکەمی 2026دا ناجێگیر بوو، کە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانکارییەکانی نرخی نەوتی خاو و قەبارەی هەناردەکراو، بە جۆرێک بەهای هەناردەی مانگانە بەم شێوەیە بووە:
کانوونی دووەم: 17.63 ملیار دۆلار.
شوبات: 19.14 ملیار دۆلار.
ئازار: 24.79 ملیار دۆلار.
نیسان: 18.48 ملیار دۆلار.
ئایار: 18.89 ملیار دۆلار.
حوزەیران: 16.84 ملیار دۆلار.
داهاتی وڵاتەکە لە سەرجەم مانگەکانی نیوەی یەکەمی 2026دا، مانگەکانی کانوونی دووەم و حوزەیران نەبێت، لەسەر بنەمای ساڵانە ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە.
بەپێی ئامارەکانی دەستەی گشتیی ئامار، مانگی ئازاری 2026 بە تۆمارکردنی (24.79 ملیار) دۆلار بەرزترین ئاستی مانگانەی داهاتی هەناردەی نەوتی سعودیەی لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2022ەوە تۆمار کرد، کە لەو کاتەدا گەیشتبووە 26.83 ملیار دۆلار.
لە دوو مانگی دواتریشدا داهاتەکە لە سەرووی ئاستی (18 ملیار) دۆلارەوە جێگیر بوو، پێش ئەوەی لە حوزەیرانی ڕابردوودا دابەزێت بۆ (16.84 ملیار) دۆلار، کە بەمەش نزمترین ئاستی لە ئایاری 2025ەوە تۆمار کرد.
چارتی یەکەم گۆڕانکارییەکانی مانگانەی داهاتی هەناردەی نەوتی سعودیە تا حوزەیرانی ڕابردوو دەردەخات:
چارتی یەکەم

هەناردەی نەوتی سعودیە
بەپێی ئامارەکانی یەکەی توێژینەوەی وزە، تێکڕای هەناردەی نەوتی خاوی سعودیە لە ڕێگەی دەریاوە بە ڕێژەی 14٪ دابەزی و گەیشتە (5.11 ملیۆن) بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە نیوەی یەکەمی 2026دا، لە بەرامبەر (5.95 ملیۆن) بەرمیل لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا.
لە ڕووی مانگانەوە، وڵاتەکە ساڵی 2026ی بە ورە و گوڕێکی بەهێزەوە دەستپێکرد، بە جۆرێک لە مانگەکانی کانوونی دووەم و شوباتدا هەناردەکەی بۆ بەرزترین ئاستی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بەرز بووەوە، پێش ئەوەی شەپۆلێکی بەدوای یەکی دابەزین دەست پێ بکات، وەک لەم ئامارانەی خوارەوەدا دەردەکەوێت:
کانوونی دووەم: 6.61 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
شوبات: 7.11 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
ئازار: 4.50 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
نیسان: 4.14 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
ئایار: 3.74 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
حوزەیران: 4.59 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
ئاڵۆزییەکانی تەنگەبەری هورمز بووە هۆی ڕاگرتنی بەشێکی گەورەی بارکردنی نەوتی سعودیە لە بەندەری رەئس تەنورە لە سەر کەنداوی عەرەبی، کە یەکێکە لە گەورەترین بەندەرەکانی هەناردەکردنی نەوت لە جیهاندا.
لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، وڵاتەکە سوودی لە ئامادەیی هێڵی بۆری «ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا»، ناسراو بە «پترۆلاین»، وەرگرت کە نەوت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتەوە دەگوازێتەوە بۆ بەندەری یەنبوع لە سەر دەریای سوور، بە توانای گواستنەوەی (7 ملیۆن) بەرمیل لە ڕۆژێکدا؛ ئەمەش کاریگەرییەکانی داخستنی تەنگەبەری هورمزی تا ڕادەیەک سووک کردەوە.
لە لایەکی ترەوە و لە بواری بەرهەمهێناندا، تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی سعودیە لە نیوەی یەکەمی 2026دا دابەزی و گەیشتە (8.05 ملیۆن) بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بە بەراورد بە (9.06 ملیۆن) بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا.
چارتی دووەم

سەرچاوە
وحدة أبحاث الطاقة - أحمد شوقي، إيرادات صادرات النفط السعودي في النصف الأول.. وأعلى مستوى شهري (إنفوغرافيك)، 2026-08-25؛
https://shorturl.at/mbSfi