مەریوان وریا قانع یەكشەممان تایبەت بە (درەو) دەینوسێت
لە ماوەی پێشوودا، هەواڵی یەکگرتنەوەی هێزە سەربازییەکانی هەرێم و دروستکردنی سوپایەکی نیشتیمانی هاوبەشمان بیست. باس لەوەکرا کە یەکەی٧٠ ی سەر بەیەکێتی و یەکەی ٨٠ ی سەر بە پارتی، یەکیانگرتوە و ناوەکانیان گۆڕاوە بۆ فەرماندەیی «دەڤەری یەک» و فەرماندەیی «دەڤەری دوو». ئەم «یەکگرتن!!!»ەش وەک دەسکەوتێکی مێژوویی سیاسیی و سەربازیی گەورە بە کۆمەڵگاکە فرۆشرا. هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ دوو ئۆرگانی حیزبین و گۆرینی ناوەکانیان بۆ «فەرماندەیی دەڤەری یەک» و « فەرماندەیی دەڤەری دوو» هیچ لە واقیعی مۆدێلی حوکمڕانییەکە و دابەشبوونی ناوچەکان، پەیوەندییەکانی دەسەڵات، ناگۆڕێت. سێ ئەندام لە پێنج ئەندامە سەرەکیی و بەردەوامەکەی ئەجومەنی ئاسایشی نێودەولەتی، مەبەستم ئەمریکا و بریتانیا و فەرەنسایە، چەندان ساڵە لە هەوڵی یەکخستنەوەی ئەو هێزانەدان، بە چەندان شێوازی جیاواز فشاریی زۆریان لە هەردوو هێزەکە و زۆرجار هەرەشەی وەستاندنی هاریکاریی و یارمەتییەکانیان لە حکومەتی هەرێم، کردوە. بەڵام نەیانتوانی پارتی و یەکێتی بەرەو یەکخستنێکی راستەقینەی ئەو دابەشبوونە سەربازییە ببەن.
ئەوەی ئێستاش روویداوە زیاتر لە دیکۆری یەکگرتنەوەیەکی بۆش و بێبنەما، لە رووداوێکی میدیایی دەچێت، نەک شتێکی دیکە و جیاواز بکرێت چاوەروانی یەکگرتنەوەیەکی راستەقینەی لێبکرێت. پاڵنەرە سەرەکییەکانی ئەم «یەکگرتنەوە»یەش پاڵنەری ناوەکیی نین، بۆ نموونە گۆرانی روانینی حومکڕانان و دەسەڵتادارانی کورد نییە بۆ خۆیان و بۆ کۆمەڵگاکە و بۆ حوکمڕانییەکەیان، بەشێک نییە لە ئیرادەیەکی سیاسیی بۆ ریفۆرمکردن و پێسخستنی ئەزموونە سیاسییەکە، بەلکو پەیوەستە بە ئەگەری زۆر بەهێزی بەجێهێشتنی یەکجارەکی کوردستان لەلایەن هاوپەیمانانەوە.
بە دیوی ئەودیودا راستە هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ ئێستا بە فەرمیی و لەرووی یاساییەوە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن، بەڵام هەرێم نە سەرزەمینی کارکردنی یاسایە و نە یاسا لەناویدا رێزی لەدەگیرەت، نە سەرزەمینی کارکردنی فەرمیی و دەزگاییە. ئەوەی هەیە و کاردەکات لۆژیکی سیستمێکی سوڵتانیی حیزبیی و بنەماڵەیی داخراوە کە چاوەڕوانی لانی هەرەکەمی هیچ کارێکی نیشتیمانییان لێناکرێت. ئەوەی گوایە ئێستا ئیتر شتێک بەناوی پێشمەرگەی یەکێتیی و پێشمەرگەی پارتییەوە نەماوە، بەڵکو تەنها پێشمەرگەی کوردستان هەیە، دروشمێکی میدیایی هەرزانە و هیچ پەیوەندییەکی بەو واقیعە سیاسیی و سەربازیی و بیرۆکراسییە سەختەی دابەشبوون و مۆنۆپۆڵکردنی دەسەڵاتەوە لە دوو زۆنە سەرەکییەکەدا، نییە.
ئەو فۆرمە لە دەسەڵات کە لە دونیای ئێمەدا هەیە، هیچشتێک نایباتەوە ناو دەسەڵاتێک، شەرعیەتی خۆی لە نیشتیمانیبوونەوە بەدەستبهێنێت. لە راستیدا نیشتیمان وەک گوتراوێکی سیاسیی، وەک دیدگایەکی سیاسیی و بیرۆکراسیی و سەربازیی تایبەت، وەک پێکهاتەکی دەزگایی و وەک فەرهەنگێک دەسەڵات لەناویدا کاربکات، بوونی نییە. بەپێچەوانەوە سیستمی حوکمرانیی لە دونیای ئێمەدا بونیادێکی هەیە ناکۆک بە حوکمڕانییەکی نیشتیمانی بەرپرسیار و قابیلی لێپرسینەوە و داوەریکردن. لە سێ دەیەی رابردوودا سەرجەمی ئەو پێداویستییانە وێرانکراون کە دەشێت حوکمڕانییەکی نیشتیمانیی بەرپرس و تازەگەر دروستبکات، حوکمرانییەک بتوانێت هەنگاوێک، نا تەنها سانتیمەترێیک، دۆخەکە بەرەو پێشەوە ببات.
وەک ووتم، لە ئاستی بیرکردنەوەی سیاسیدا لەباتی ئامادەگیی دیدگایەکی نیشتیمانیی و کراوە بۆ حوکمرانیی، جۆرێکی خێزانیی سوڵتانیزمی سیاسیی ئامادەیە و کاردەکات. سوڵتانیزمی سیاسیی بەمانای ئامادەگیی سیستمێکی سیاسیی دەسەڵاتگەر، تیایدا دەسەڵات بەشێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن تاقە «رابەر» و «سەرۆک» و «مەرجەع»ێک و لەلایەن تۆرە داخراوەکەی دەوروبەریەوە قۆرخکراوە. لە ئەزموونی هەرێمدا ئەو تۆرە داخراوە تۆڕێکی خێزانیی و بنەماڵەییە. سەرجەمی دەزگا و دامەزراوەکانی ئەو حوکمڕانییە، بە یاسا و رێنماییەکانییەوە، بە ماشینە بیرۆکراسییەکەیەوە، لە خزمەتی زەعیمە سوڵتانییەکە و تۆڕە داخراوەکەی دەوروبەریدایە.
ئەو فۆرمە لە دەسەڵات کە لە دونیای ئێمەدا هەیە، هیچشتێک نایباتەوە ناو دەسەڵاتێک، شەرعیەتی خۆی لە نیشتیمانیبوونەوە بەدەستبهێنێت
شەرعیەتی سیاسیی ئەم سیستمە سوڵتانییە، شەرعیەتێکی قەیراناوییە، پێیەکی لەناو «عەسەبیەتی» خێڵ و بنەماڵە و خێزان و ناوچەگەریدایە، پێیەکەی تری لەناو مێژووی شۆڕش و پێشمەرگایەتیدا، قامکێکیشی لەناو هەڵبژاردنێکی ئاراستەکراودا کە زۆرینەی کۆمەڵگاکە بایکۆتی دەکات. لەهەمووشیاندا ئەوەی سەرەکیی و بنەڕەتییە بەخشینی شەرعیەتە بە حوکمێکی خێزانیی داخراو و بەحیزبێکی سیاسیی کە وەک موڵکی شەخسی ئەو خێزانە کاردەکات. لەراستیدا ئەم جۆرە لە سوڵتانیزم ناتوانێت هەلگری هیچ یەکێک لەو چەمک و دیدگایانە بێت کە دەسەڵات لە ئاستێکی فراوانتر و کراوەتر و بەرپرستردا دەبینێت، جیاواز لەو دیدگا سوڵتانیە داخراوەی باسکرا. ئەمەیە وادەکات دیدی ئەم مۆدێلە لە دەسەڵات نە بۆ هێزی سەربازیی، نە بۆ بیرۆکراسیەتی دەوڵەت، نە بۆ جێگۆڕکێ و پێشکەوتنی کۆمەلایەتیی، نە بۆ یاسا، دیدێکی دەرە سوڵتانیی بێت. بۆ نموونە، دینێکی نیشتیمانیی و نەتەوەیی بێت و لەناو دیدگا و سایکۆلۆژیای سوڵتانیزمدا نووقم نەبووبێت. حوکمرانیی لەم مۆدێلەدا سەرزەمینیی شەخسیی و خێزانیی و بنەماڵەیی ئەو رەهبەر و سەرکردە و مەرجەعانەیە، کە دروستکراون.
لە ئاستی دەزگاییدا ئەوەی هەیە و کاردەکات، ئەوەی کاریگەریی لەسەر سەرجەمی پەیوەندییەکانی دەسەڵات و هاوکێشەکان جێدەهێلێت، هێزە سەربازیی و میلیشیایی و ئەمنییەکانە. هێزی سەربازیی و حیزبیی، ئامرازی خۆپاراستن و بەرگریکردن لە نیشتیمان نییە، بەڵکوئامرازی پاراستنی رەهبەر و نوخبە سوڵتانییە حوکمرانەکەی دەوری ئەو رەهبەرەیە. ئەم دۆخەیە وادەکات هێزی سەربازیی لە جۆرە حوکمرانییەدا زیاتر ماشێنی سەرکەوتکردن و چەپاندنی نەیارانی ڕەهبەر و حوکمرانییە سوڵتانییەکە بێت، نەک ئامرازیی بەرگریکردن لە نیشتیمان. ئەسڵەن لەناو ئەم جۆرە لە حوکمرانیدا شتێک بەناوی نیشتیمانەوە بوونی نییە تا هێزە سەربازییەکان بەرگریی لێبکەن. ئەوەی هەیە سوپای رەهبەر و سوپای حیزب و سوپای بنەماڵەیە. ئەم جۆرە سوپایەش ئەرکێکی دەستوریی نییە جێبەجێی بکات، ئەرکی ئەوان پاراستنی نوخبە سوڵتانییە حوکمڕانەکەیە.
لەئاستی پەیوەندییشیدا بە کۆمەڵگاکەوە، لەسەرێکەوە میدیایەکی ئاراستەکراو، بە لەشکرێک موچەخۆری هەمەجۆرەوە خەریکی پینەوپەڕۆکردنی نووقسانییە بونیادییەکانی سیستمەکە و داپۆشینی ناشیرینییە هەمەلایەنەکانین. لەسەرێکی دیکەوە لە رێگای دروستکردنی ماشنێکی حیزبیی و بیرۆکراسیی قۆرخکراوەوە، خەریکی قۆرخکردنی سەرجەمی رێگاکان و میکانیزمەکانی جێگۆڕکێی کۆمەڵایەتین. لەم ڕێگایەشەوە سەندنەوەی هەر ئەگەرێکی پێشکەوتن و جێگۆڕکێی کۆمەڵایەتیی لە دەرەوەی ئینتیما بۆ تۆڕی داخراوی نوخبە سوڵتانییەکە خۆی.
ئەسڵەن لەناو ئەم جۆرە لە حوکمرانیدا شتێک بەناوی نیشتیمانەوە بوونی نییە تا هێزە سەربازییەکان بەرگریی لێبکەن
هەموو ئەمانەش لە کاتێکدا وەک خۆیان پارێزراون و بەردەوامیان پێدراوە، کە هەرێم لە دۆخی بەجێهێشتندایە لەلایەن ئەو هێزە جیهانییانەوە کە پاراستنی هەرێمیان لە ناوچەکەدا وەک یەکێک لە ئەرکەکانی خۆیان دەبینیی. لە سێ دەیەی رابردوودا ئەم حوکمڕانییە جگە لە پەیرەویکردنی لۆژیکە سوڵتانییە داخراوەکەی خۆی، پەیڕەوی هیچ ڕا و بۆجوون و پێشنیاز و ئاگادارکردنەوەیەکی هیچ کەس و لایەنێکی نەکردوە. نە گوێی لە ڕێنمایی و هەڕەشەکانی هەر سێ ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایش گرتوە، نە لە نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان و نە لەو دەنگە ناوەکیە دڵسۆزانەیش کە لەناو هەرێمەکە خۆیدا قسەیانکردوە. ئەوەی لە ئێستادا دەیبینین دەرەنجامی کەڵەکەبوونی ساڵانێکی درێژی ئەو هەڵە گەورە و ستراتیژیی و ئەو کەلەرەقیی و بوغزە سیاسییانەیە، کە هەرێمی لەناوەوە وێرانکردوە.
دروستکردنی سوپایەکی نیشتیمانی دەبوایە چەند دەیەیەک لەمەوبەر رووبدات، ریفۆرمی سیستمە سیاسییە سوڵتانییەکە دەبوایە دەیان ساڵ لەمەوبەر بکرایە، کۆتاییهێنان بەو سیستمە حیزبیی و شەخسییەی میدیای ئاراستەکراو دەبوایە هەر لە سەرەتاوە نەهێڵدرایە دروستببێت، ئەو بەحیزبیکردنەی ماشێنە بیرۆکراسیەکە نەدەبوایە رێیپێبدرێت. ئەو بێنرخ و بێکار و بەدیکۆرکردنەی پەرلەمان، کە ساڵەهایە لەئارادایە، دەبوایە لە رۆژی یەکەمەوە رێیلێبگیرێت. تەنانەت ئەو بێنرخکردنەی خودی حکومەت خۆیشی نەدەبووایە هەرگیز روویبدایە، هتد.. کە ئەمانە بەرهەمی کارکردنی عەقڵیەت و دەرەنجامی باڵادەستیی لۆژیکە سوڵتانییەکەی حوکمڕانیەکە بێت، ئەوەی پێویستە بگۆڕدرێت ئەم عەقڵیەت و لۆژیکە سوڵتانییەیە. ئەم عەقڵیەت و لۆژیکە سوڵتانییەیە ناهێڵێت هێزی هاوبەش و بیرۆکراسیەتی هاوبەش و میدیای هاوبەش و زمانی هاوبەش و خەونی هاوبەش و ئیرادەی هاوبەش، هەبێت و دروستببێت. ئەوە ناهێڵێت خەڵکی هەرێم نیشتیمانێکی هاوبەشیان هەبێت.