🔻 ڕاپۆرتی فەرمانگەی میدیاو زانیاری
🔹 لە دوای ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق لە 20ی تشرینی دووەمی 2024. سەرەڕای بوونی چەندین بڕیاری فەرمیی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکە بە شێوەیەکی هاوبەش، حکومەتی فیدراڵیی عێراق، بە شێوەیەکی تاکلایەنە مامەڵەی لەگەڵ دەرەنجامەکان کردووە.
🔹 حکومەتی عێراق ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی لە 14.14% بۆ 12.68% کەم کردووەتەوە، کە کاریگەریی نەرێنیی ڕاستەوخۆی لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2027 دەبێت.
🔹 دوای نزیکەی 2 ساڵ لە تێپەڕبوونی پرۆسەکە، دەرکەوت کە حکومەتی فیدراڵی پابەندی ڕێککەوتنەکان نەبووە.
🔹 لە ناوچە کوردستانییەکان پرۆسەکە بێ بەشداریی ڕاستەقینەی تیمە هاوبەشەکانی پێکهاتەکان بەڕێوە چوو.
🔹 وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ، بەبێ ڕەچاوکردنی بڕیارە پابەندکەرەکان و بەبێ تەواوکردنی پرۆسەی بەراوردکاری، ئەنجامەکانی ڕاگەیاند (کۆی دانیشتووانی عێراق: 46,118,793 و هەرێمی کوردستان: 6,519,129 کەس).
🔹 سەرەڕای ئاراستەکردنی 28 نووسراوی فەرمی بۆ سەرۆکایەتییەکانی عێراق و ئەنجامدانی 5 سەردانی فەرمی بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکان و بەدەستهێنانی داتای خاو، هیچ وەڵامێکی ئەرێنی و کرداری نەدراوەتەوە.
🔹 بەرپرسانی فیدراڵ دەڵێن پرۆسەی بەراوردکردنی داتا لەگەڵ ساڵی 1957 پێویستیی بە زیاتر لە 12 ساڵ هەیە، لە کاتێکدا بەپێی هەڵسەنگاندنە زانستییەکان، ئەگەر ئیرادەی سیاسی و ئامێری پێویست هەبێت، ئەم پرۆسەیە کەمتر لە 6 مانگی دەوێت.
🔹 تا ئێستا بڕەپارەی تەرخانکراو (13.8 ملیار دینار) بۆ خەرجییەکانی سەرژمێری لە هەرێم دابین نەکراوە.
پوختەی ڕاپۆرت
ئەم ڕاپۆرتە تیشک دەخاتە سەر ئەو ئاستەنگ و پێشێلکارییانەی، لە دوای ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق لە 20ی تشرینی دووەمی 2024 هاتوونەتە ئاراوە. سەرەڕای بوونی چەندین بڕیاری فەرمیی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکە بە شێوەیەکی هاوبەش، حکومەتی فیدراڵیی عێراق، بە شێوەیەکی تاکلایەنە مامەڵەی لەگەڵ دەرەنجامەکان کردووە. ئەمە جگە لەوەی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی لە 14.14% بۆ 12.68% کەم کردووەتەوە، کە کاریگەریی نەرێنیی ڕاستەوخۆی لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2027 دەبێت.
یەکەم: پاشخان و ڕێککەوتنە پێشوەختەکان
پێش ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێری، گفتوگۆی چڕ لەنێوان وەزارەتەکانی پلاندانانی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان ئەنجام درا، کە بووە هۆی دەرچوونی کۆمەڵێک بڕیاری گرنگی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ (بڕیارەکانی 24853، 24859، و 24860). گرنگترین خاڵەکانی ئەم بڕیارانە بریتی بوون لە:
بەڕێوەبردنی هاوبەش: پێکهێنانی تیمی هاوبەش لە سەرجەم پێکهاتەکان (کورد، عەرەب، تورکمان، مەسیحی و ئێزدی) بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری لە ناوچە کوردستانییەکان.
وردبینیی داتاکان: بەراوردکردنی داتاکانی سەرژمێریی 2024، لەگەڵ تۆمارەکانی سەرژمێریی ساڵی 1957 و داتای وەزارەتەکانی (ناوخۆ، بازرگانی، کۆچ و کۆچبەران).
پاراستنی هاوبەش: داتاکان لەژێر سەرپەرشتیی هاوبەشی هەردوو حکومەتدا دەبن و تۆمارێکی تایبەت بۆ ناوچە کوردستانییەکان دروست دەکرێت.
تەرخانکردنی دارایی: دابینکردنی 13.83 ملیار دینار بۆ وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکە.
دووەم: پابەندنەبوون و پێشێلکارییەکانی حکومەتی فیدراڵ
دوای نزیکەی 2 ساڵ لە تێپەڕبوونی پرۆسەکە، دەرکەوت کە حکومەتی فیدراڵی پابەندی ڕێککەوتنەکان نەبووە:
پەراوێزخستنی تیمە هاوبەشەکان: لە ناوچە کوردستانییەکان پرۆسەکە بێ بەشداریی ڕاستەقینەی تیمە هاوبەشەکانی پێکهاتەکان بەڕێوە چوو.
ڕاگەیاندنی تاکلایەنە: وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ، بەبێ ڕەچاوکردنی بڕیارە پابەندکەرەکان و بەبێ تەواوکردنی پرۆسەی بەراوردکاری، ئەنجامەکانی ڕاگەیاند (کۆی دانیشتووانی عێراق: 46,118,793 و هەرێمی کوردستان: 6,519,129 کەس).
پشتگوێخستنی هەوڵەکانی هەرێم: سەرەڕای ئاراستەکردنی 28 نووسراوی فەرمی بۆ سەرۆکایەتییەکانی عێراق و ئەنجامدانی 5 سەردانی فەرمی بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکان و بەدەستهێنانی داتای خاو، هیچ وەڵامێکی ئەرێنی و کرداری نەدراوەتەوە.
بیانووی نالۆژیکی بۆ دواخستن: بەرپرسانی فیدراڵ دەڵێن پرۆسەی بەراوردکردنی داتا لەگەڵ ساڵی 1957 پێویستیی بە زیاتر لە 12 ساڵ هەیە، لە کاتێکدا بەپێی هەڵسەنگاندنە زانستییەکان، ئەگەر ئیرادەی سیاسی و ئامێری پێویست هەبێت، ئەم پرۆسەیە کەمتر لە 6 مانگی دەوێت. هەروەها ناردنی داتاکان بۆ هەرێم بەستراوەتەوە بەم پرۆسە درێژخایەنەوە کە پێشێلکارییەکی ڕوونە.
خەرجنەکردنی شایستە داراییەکان: تا ئێستا بڕەپارەی تەرخانکراو (13.8 ملیار دینار) بۆ خەرجییەکانی سەرژمێری لە هەرێم دابین نەکراوە.
سێیەم: کێشەی دەستکارییکردنی ڕێژەی دانیشتووان و مەترسییە داراییەکان
لە سەرەتای ساڵی 2026، وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ، بەفەرمی دانی بەوەدا نا کە ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، بەپێی داتا خاوەکان %14.14ـە. بەڵام لە مانگی نیسانی هەمان ساڵدا، وەزارەتەکە بە شێوەیەکی نایاسایی ئەم ڕێژەیەی دابەزاند بۆ %12.68، بە بیانووی دەرکردنی ژمارەی ئاوارە و پەنابەرانی نیشتەجێی هەرێم لە ئامارەکە، ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە حکومەتی هەرێم ئەرکی ئیدارەدان و دابینکردنی خەرجییەکانی بەشێک لە ناوچە کوردستانییەکانی لە ئەستۆدایە و میوانداریی سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەر دەکات.
ژمارەی دانیشتووانی ناوچە هاوبەشەکان کە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەدەبردرێت 500 هەزار کەسە و هەریەک لە ناوچەکانی (سەنتەری شارۆچکەی شێخان، شارەدێی زێلکان، شارەدێی فایدە و شارەدێی قەراج، گوێڕ و دیبەگە لە سنووری شارۆچکەی مەخموور) لەخۆدەگرێت، ئەو ناوچانە سەرجەم خەرجییەکانیان لەسەر ئەستۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بەڵام حکوومەتی عێراق دانیشتووانی ئەو سنوورانەی بۆ خۆی ئەژمارکردووە و وەک بەشێک لە دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی نەناساندووە.
چوارەم: هەڵوێست و داواکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری دەکات لەسەر:
جێگیرکردنی پشکی (14.14%): حکومەت داوا دەکات پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2027، لەسەر بنەمای ڕێژەی (14.14%) جێگیر بکرێت. دابەزاندنی ئەم ڕێژەیە دەبێتە هۆی بێبەشکردنی هاووڵاتییانی هەرێم لە پشکی دامەزراندن، بەشەخۆراک، دەرمان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان.
قەرەبووکردنەوەی هەڵە مێژووییەکان: لەنێوان ساڵانی 2019 بۆ 2025، هەرچەندە بەپێی یاسا پشکی هەرێم (12.67%) دیاری کرابوو، بەڵام بەپێی داتاکانی وەزارەتی داراییی هەرێم، بەتێکڕا تەنها %3.31ـی بودجەی فیدراڵی گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان. دووبارەکردنەوەی ئەم ستەمە ئابوورییە بە پشتبەستن بە داتای دەستکاریکراوی سەرژمێری، جێی قبووڵ نییە.
تێبینی؛ ئەم ڕاپۆرتە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە کراوە.
وێنەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق