ئامادەكردنی: رزگار شێخ حهسهن وتنهوهی وانهكان به ڕیگای ڕاستهوخۆ له باوترین و ناسراوترین كاری مامۆستایانه كه كاری لهسهر دهكهن بۆ فێركردنی خوێندكاران ، ئهم رێگایه دهیان ساڵه به شێوهیهكی رۆتین پیاده ئهكرێت بێ ئهوهی پێشكهوتنێكی ئهوتۆی به خۆوه ببینێت ، بهمهش له پرۆسهی فێركردندا مامۆستایانی ئێمه و سیستمی پهروهردهییمان سودێكی ئهوتۆی له سیستمی فێركردن و پهروهردهیی وڵاته پێشكهوتوهكان وهرنهگرتوه، بهڵكو وهك رۆتنێكی پیشهیی ئهم كارهی ئهنجامداوه، بۆ گۆرینی ئهم بارودوخه سیستمی پهروهرده و بهرپرسیارانی ههوڵیانداوه توانای پهروهردهیی و فێركاری مامۆستایان گهشه پێبدهن ، ، ههوڵیانداوه مامۆستا ئهنجامی نموونهیی پێشكهش بكات ، كه دیاره ئهمهش ئهنجامی باوهربوونی سیستمی پهروهردهیه به توانا و لێهاتوییهكانی مامۆستا چهندین رێگا ههیه نیشاندهرێك بۆ بهرزبوونهوهی ئاستی زانستی و لێهاتووی مامۆستایان، یهكێك له دیاترین ئهو نیشاندهرانه بریتیه له ڕاگهیاندنی ئهنجامی تاقیكردنهوهكان ،وهزارهت دهستكهوت و توانای مامۆستایان نیشانی ڕاگهیاندنهكان دهدات ، له پێشكهوتنه پهروهردهیهكان دڵنیامان دهكاتهوه ،سهره ئهنجام هاوڵاتی تاكه ئاواتی تێپهڕاندنی قۆناغێكی خوێندنه به منداڵهكهی، دواجار ئهم دهسكهوتهی بهدیهات ،هیچ داواكاریهكی نامێنێت ،ساڵانی ڕابوردوو به هۆی دۆخی ههرێم لهو تهنگژه داراییهی كه توشی هاتبوو بایكۆتی هۆڵهكانی خوێندن هاته ئاراوه و بهشێك له كاتی خوێندن به ههدهر ڕۆشت، بهڵام نه پهروهردهكاران ،نه پسپۆڕانی بواری بهرێوهبردنی دهوڵهت،نه دایك وباب به خهم بوون ، سهر ئهنجام ساڵی خوێندن تهواو كرا بهڵام ئامانجه پهروهردهییهكان بهدینههــات ، ههموو بهرزبونهوهیهكی دهنگی ناڕازی لهبهرامبهر ئهم ناحهقیهدا ، تۆمهتبار دهكرا به پیاوی حكومهت ، دواجار ههموان گهیشتینه ئهم ئهنجامه؛ لهشكرێك له قوتابی نهخوێندهوارمان پێشی خۆمان دا ، ئێستا هێنده دهنگمان لاوازه لهبهردهم دایك وباوكدا ، لهبهرامبهر ههر دواكاریهكمان بۆ هاوكاری لهبهرزكردنهوهی توانای زانستی قوتابی ،بهدهنگی بهرز دهڵێن ئێوهن هۆكاری دواكهوتنی توانای زانستی منداڵهكانمانن به هۆی داواكاریهكانتان به دابینكردنی موچه ،ئهوهی زۆرترین نیگهرانی لای من دروست دهكات تهنها لهشكره نهخوێندهوارهكه نیه ،به ڵكو ئهو مامۆستا مانگرتوانهیه كه بێ هیچ ئهنجامێك و به دهستی بهتاڵ جارێكی تر گهڕاونهتهوه خوێندنگاكان و فێری ئهدهبیاتێك له قسهكردن بون ههموو شتێك به ڕهش و سپی دهبینن، واتا گهیشتۆته ئاستێك زمانی خۆنیشاندانهكانی گواستۆتهوه ناوهندهكانی خوێندن و ڕێگهنادات ههڵسهنگاندن بۆ تواناو لێهاتوی بكرێت به بیانوی نهبونی موچه ، بهڵكو ههموو قوتابیان به قهرزاداری خۆی دهزانێت ، زۆر كهم مامۆستا دهبینیت كه ئهركی مامۆستایهتی وهك فێركارێكی پهروهردهی ببینێتهوه ،به ڵكو تهنها فهرمانبهرێكه كاردهكات به زمانی كات و پاره ، واتا هیچ لــه زانسته پهروهردهییهكان پهره پێنادات تا بگاته ئاستی زانستی پهروهرده كراو ،به پێی ئهو ئهزمونهی كه لهناو سێكتهرهكانی پهروهرده بهدهستم هێناوه ، دڵنیام هۆكاری ههرهسهرهكی پهككهوتنی سیستهمه جیاكانی پهروهرده ، بهشی زۆری مامۆستایان لێی بهرپرسن . لــه ئێستا به هۆی هاتنه پێشی ئهم دۆخه كه ڕوبهڕوی ههموو دونیا هاتوهبۆتهوه ، هۆكاری ڕاوهستانی پرۆسهی خوێندن ، كهدیاره هۆكارێكی سروشتی ناچاریه توشی مرۆڤایهتی هاتوه ، مهترسیهكانی هێنده گهورهن ناكرێت فهرامۆش بكرێت ،ههرێم لهگهڵ ئهوهی وهرزێك و 30 ڕۆژ له خوێندنی تێپهڕاندوه ،بهڵام زیاتر له 70 ڕۆژ له خوێندن به هۆی خۆپارێزی و كهرانتینا له دهستچووه ،واتا خوێندن لهبهردهم مهترسی نهگهیشتن بهو ئامانجانهیه كهله پێناویدا دهوڵهت خهرجیهكی زهبهلاحی بۆ تهرخان كردوه ، ئایا دهكرێت ههمان كاری ساڵانی ڕابوردو دوباره بكهینهوه قۆناغ تێپهڕێنین له پێناو چۆڵكردنی قۆناغی یهكهمی خوێندن ، تا ئامادهبین بۆ وهرگرتنی منداڵانی تهمهن ڕێگه پێدراو بۆ ساڵی خوێندنی 2020-2021 ، ئایا من وهك باوكێك كوا مافی فێربونی منداڵهكانم ،ئایا ئهكرێت بۆ ههریهك لهم دۆخانه ڕو له كوردستان دهكات ژمارهیهك منداڵ و فێرخواز گرفتار بن و به پێی پێویست فێر نهبن ،بێگومان دهلێم نهخێر ناكرێت ، ئیتر بهسێتی به ڕێكردن و دروستكردنی لهشكرێك له نهخوێندهوار ، گهر به ئێمهی پهروهردهكار دهڵێن ،چیتان دهوێت ، دڵنیابن سازش لهسهر تێپهڕاندن ناكهین به ژمارهیهك ڕۆژ ، یان بهفێركردنی له دورهوه بهناوی فێركردنی ئهلهكترۆنی ،تا به تهواوی وردهكاریهكانی نهزانین له شێوه ، پێشكهشكردن ، ئامانج ، ههڵسهنگاندن ، ڕون نهبێت ، لام گرنگه پێشنیاری خۆم بنوسم بۆ تێپهڕاندنی خوێندن به هیوام بتوانین هاوكاربین ،پرس پێكراوبین لــه كێشه پهروهردهییهكان .. وڵاته پێشكهوتوهكان هاوشێوهمانن له دواكهوتنی خوێندن : ڕێگاكانی فێركردن له سیستهمه جیاوازاكانی دونیا به پێی ئاستی پێشكهوتنیان جیاوازه له وڵاتانهی ئاستێكی بهرزی پێشكهوتنی پهروهردهیی و فێركارییان برێوه ، چهندین تهكنیكی نوێی ئاسانكاری لهبهردهستدایه كه بتوانن به كهمترین كاریگهری لهسهر پرۆسهی پهروهرده قۆناغی كۆرۆنا تێپهریین ، ئهمهش بههۆی دهستهبهربوونی پێداویستی خوێندن به شێوهی جیاواز ، بۆ نموونه بهكارهێنانی كۆمپیوتهر به شێوهی بهبڵاو ، بوونی ئهپلیكهیشتنی تایبهت له قوتابخانه و ناوهندهكانی فێربوون ، بوونی ئینتهرنێت له ههموو ماڵێك ، ئهمه سهرهرای خهرجكردنی ملیارهها دۆلار لهلایهن دهوڵهتهوه بۆ چارهسهركردنی پرسه پهروهردهییهكان . ههرێمی كوردستان : بێگومان گرنگه بزانین ئێمه ئاستی پێشكهوتنی ههرێمی كوردستان له رووی پهروهردهییهوه چۆن و له كام ئاستدا پۆلێن ئهكرێت ، تا خۆمان ببینین و بزانین چیمان بۆ دهكرێت له گهڵ قۆناغی كۆرۆنا كه بێگومان كاریگهری گهورهی لهسهر سیستمی پهروهرده ههیه ، ،لهوانهیه ئێستا كات ڕێگه نهدات به شێوهیهكی زانستی ئهم ههڵسهنگاندنه ئهنجام بدهین ، ، بهڵكو لێدهگهڕێین تا له كاتێكی تردا داتا و نیشاندهرهكان نیشان بدهین و توانا پهروهردهیهكانی ههرێم به داتا و زانیاری ورد بخهینه روو و بهراوردی بكهین لهگهڵ سیستمه پهروهردهییه پێشكهوتوهكان . لێرهدا ئهمهوێت به پێی تێگهیشتنی خۆم و ئهو ئهزمونهی له پهروهرده بهدهستم هێناوه ،پێشنیار بكهم لهم دۆخه ههستیارهی ههرێمی كوردستان پهیرهوی چ جۆره پرۆسهیهكی فێركاری و پهروهردهیی بكرێت تا بتوانین وا بكهین پهروهرده له ههرێمی كوردستان ئامانجه بنهرهتییهكانی خۆی بهدیبهێنێـت و تهنها بهرێكردنی ساڵ و دهرچواندنی خوێندكاری فێرنهبوو نهبێت، ئهوهی من لێرهدا پێشنیاری ئهكهم بریتیه له فێركردنی خودی یاخود پلانی كیلهر فێركردنی خودی (پلانی كیلهر) چییه ؟ ڕێگای( فێركردنی خودی) یان پلانی( كیلهر) یهكێك له ستراتیجهكانی فێربونی تاكهكهس ، لهبهر ئهوهی تاك بهههوڵی خۆدی خۆی فێردهبێت ، هاوكات فێربون له پۆلدا نیه بهڵكو فێرخواز خۆی شوێن و كات دیاریدهكات ، لهم رێگای فێركردنهدا پرۆسهی پهروهردهیی به ئامانجی خۆی ئهكات ، ئهم رێگایه له فێركردن له پێناو بهدیهێنانی ئامانجهكانیدا ئهم ههنگاوه پهروهردهییانه له خۆ ئهگرێت ( تێگهیشتن ، قهبارهی زانیاری ، فیدباك ، پێداچونهوه ، چاودێری ، ئاڕاستهكردن ، ڕێنمایی ،ههڵسهنگاندنی قهبارهی دابهشكراو ، ههڵسهنگاندنی كۆتایی ) ، (خوێندكاری دهرنهچوو له ڕێگای دوبارهی ههڵسهنگاندن و نیشانكردنی لاوازی دهتوانێت ههڵسهنگاندن دوبارهبكاتهوه چۆن سود له فێركردنی خودی ( پلانی كیلهر) وهربگرین له ههرێمی كوردستان ؟ پێشنیار ئهكهم به ههنگاوانهی خوارهوه سوود له پلانی فێركردنی خودی وهربگرین له ههرێمی كوردستاندا و بهو هۆیهوه بتوانین ساڵێكی سهركهوتوو له فێركردن و پهروهرده به ئاكام بگهیهنین یهكهم : دیاریكردنی پرۆگرامی نهخوێندراو له ههنگاوی یهكهمدا بهشه وانهی نهخوێندراو دیاری ئهكرێت لهلایهن وهزارهتهوه ، پێویسته لهسهرهتای پلان نیشاندراو بێت دووهم : دابهشكاری پرۆگرام بهسهر بهشه وانهدا، دواتر پرۆگرام بهشێوهیهكی ورد و زانستی دابهش ئهكرێت بهسهر بهشهوانهكاندا سێیهم : ههنگاوی سێیهم دهستنیشانكردنی مامۆستای به ئهزمونه تا وانه جیاوازهكان بڵینهوه ، ژمارهیهك مامۆستای به ئهزموون له پۆلێكی نمونهیدا ( واته ژمارهی خوێندكارهكانی دیاریكراو بێت ) مامۆستا وانه بلێتهوه و پاشان ئهم وانه وتنهوهیه دیكۆمێنت بكرێت له رێگای تۆماركردنی دهنگ و رهنگهوه ،واتا گرنگه بۆ ههر پرۆگرامێك كه له چهند بهشه وانهیهك پێك دێت ، ژمارهیهك مامۆستای جیاواز به بهپێی جیاوازی وتنهوهو لێهاتوی بهشداربن ، تا فرهیی له وتنهوهو لێهاتوی بهدیبێت ، كه دهبێته هۆكاری هاوكاری له حهزی گوێگرتن و گهیاندنی زانیاری جیاواز له ڕوی پێشكهشكردنهوه بۆ قوتابی . چوارهم: ئامادهكردنی ژمارهیهك پرسیار ، لهسهر ههر وانهیهك ژمارهی پێویست له پرسیار ئاماده دهكرێت ، هاوپێچی تۆمارهكه بكرێت تا قوتابیان دوای گوێگرتن بتوانێـ ههڵسهنگاندن بكات و ئاسۆی تێگهیشتنی فراوان بێت پێنجهم : گهیاندنی زانیاری به ڕێگای سیدی ، قوتابخانهكان ڕاستهو خۆ به پلانێك دیكۆمینتهكان و سیدیهكان بگهیهننه دهستی كهسوكاری قوتابیان ڕێنماییان پێبدرێت به پێی شوین و جۆرو ئاستی كۆمهڵایهتیان له گهڕهكهكاندا . شهشهم : دروستكردنی گروپی مامۆستاو دایك وباوكان : به پێی تایبهتمهندی و قۆناغهكان ، گروپهكان دروست بكرێت ، تا له ڕێگهی تێل و چات بهردهوام چاودێری قوتابیان بكهن له بهرامبهر ههرپێویستیهكدا مامۆستایان هاوكاربن بۆ قوتابیان . مامۆستایان دهوامی فهمی له قوتابخانهكاندا بكهن : گرنگه مامۆستا بێته قوتابخانهو لهكاتی پێویست كهههندێك دایك و باوك ناتوانن سیستهمهكه بهكاربێنن لهبهر نهخوێندهواری ئهمان له ڕێگهی ڕاستهوخۆ بهگرنگی دان به خۆپارێزی تاك بۆ تاك قوتابیان فێربكهن . حهوتهم : ههڵسهنگاندن ، لهم ئاستهدا پرۆسهی ههڵسهنگاندن بهرێوه دهچێت، دهبێت بهردهوام بۆ ههر ههفتهیهكی خوێندن له ڕێگهی گروپهوه پرسیار ئاڕاسته بكریت ،داوا بكریت وهڵامهكه بگهڕێتهوه به لهبهر گرتنهوه واتا نوسینی لهسه لاپهڕهو وێنهگرتنی ، دیسان هاوكاری ئهو دایك وبابانه بكرێت كه نهخویندهوارن یان بهشدارنین لهسیستم به ڕێگهی ڕاستهو خۆ كاریان لهگهڵ بكرێت . ههشتهم : كۆتا ههڵسهنگاندن ، قوتابیان ئاماده دهبن له قوتابخانهكان لهكاتی دیاریكراو به ڕێنمای خۆپارێزی تا ههڵسهنگاندنی كۆتایی بكرێت . تێــبینـی : قۆناغهكانی یهكهم و دووهم دهتوانرێت گهر ئهم فێركردنی خودییه نهیانگرێتهوه دهوام بكهن ، وهدهتوانرێت به هۆی پۆلی خوێندنی زۆر ڕهچاوی دوری نێوانیان یان چاودێری خۆ پارێزی بكرێت ،دیاره ژمارهی قوتابی كهم و بونی ژمارهی مامۆستای زیاد دهتوانێت كۆنترۆڵی جێبهجێكردنی ڕێنماییه تهندروستیهكان بكرێت . گرنگه بهڕێزان ئهم پێشنیاره لهبهرچاو بگرن كه تێكڵاوكردنێكه له فێركردنی خودی و دوور و كۆمپیوتهر و ڕاستهوخۆ ،واتا ههوڵمداوه سود وهرگرم لهههموو جۆرهكانی فێركردن ، تا لهوه تێبگهین ئاسان نیه سیستهمێك كه پێشتر پراكتیك نهكراوه ئێستا بمانهوێت جێبه جێی بكهین ،وهپاشان ڕهچاوی درێژهكێشانی دۆخهكه بكرێت ،تا بتوانین سهركهوتنێك نیشان بدهین له ئاستی زانستی ،وهههوڵ بدهین خوێندن له پۆلهكان بهێنینه دهرهوه ڕزگاری بكهین له دهست مامۆستای نهشارهزا ،لهگهڵ ئهوهی ئهم شێوازه چاوی دایك و باوك و قوتابی دهكاتهوه تا چاودێری مامۆستا بن بۆ ڕاستكردنهوهی ههڵهكانی ، وهپاشان جیاوازی شێوازهكانی مامۆستا لهیهك وانه دهبینن كه گرنگه قوتابی چاو كراوه بێت تا بتوانێت خۆی ههوڵی فێركردن بدات یان دایك و باوك به هۆی ئهم دیكۆمێنتانهوه له وانهكان لهبهردهستێتی دهتوانێت ههڵسهنگاندن بۆ قوتابی و لێهاتوی مامۆستا بكات له ساڵانی خوێندن یان له خوێندنهكانی كهتی تایبهت تا چهند منداڵهكهی فێركراوه چهند منداڵهكهی فێركراوه.
راپۆرتی : درەو سەر بە هیچ حزبو لایەنێكی سیاسی نییە، تەنانەت كەسایەتییەكی دیارو ناسراوی ناو پرۆسەی سیاسی عێراقیش نییە، بەڵام لەڕێوڕەسمی ڕاسپاردنیدا زۆرینەی هێزە سیاسییەكان ئامادەبوون، وەك دەوترێت عێراق لەمێژە ئاهەنگی سیاسی لەوشێوەیەی بەخۆیەوە نەبینیوە. ڕەنگە ئەمە یەكێك بێت لەخاڵە سەرەنج ڕاكێشەكان لەپرۆسەی ڕاسپاردنی مستەفا كازمی_دا. كازمی، لەیەكێك لەهەرە قۆناغە هەستیارەكانی كە عێراقی پێدا تێپەڕدەبێت، تەنها بۆ هێزە شیعییە ناكۆكەكان نەبووە خاڵی بەیەكگەیشتنو ڕێككەوتن، بەڵكو وێڕایی دروستكردنی كۆدەنگییەكی سیاسی كەموێنە لەسەر ئاستی زۆرینەی هێزە سیاسییەكانی عێراق، هەڵوێستی ئێرانو ئەمریكاشی یەكخست. دۆستی نەیارەكانە واشنتۆنو تاران كە ماوەیەكی زۆرە لەسەر هیچ پرسێكی عێراق نەك هەر هاوڕانین، بگرە لەناكۆكییەكی توندو ڕووبەڕووبونەوەیەكی بەوەكالەتو ڕانەگەیەندراودان، بۆ یەكەمجارە لەسەر ڕاسپاردنی كازمی جۆرێك لە هاوڕاییو مورتاحییان پێوە دیارە. هەردوو وڵات پێشوازییان لەڕاسپارنی كازمی كرد بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقو ئامادەییان دەربڕی بۆ هاوكاریكردن لەگەڵ حكومەتی نوێ بۆ سەركەوتن بەسەر كێشەكانیدا. وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە فەرمی پێشوازی لە ڕاسپاردنی كازمی كرد، هاوكات حسێن ئەمیر عەبدولاهیان یاریدەری سەرۆكی پەرلەمانی ئێران بۆ كاروباری نێودەوڵەتی ڕایگەیاند: ڕاسپاردنی كازمی بۆ پێكهێنانی حكومەت، بڕیارێكی تەواو عێراقییەو هیچ لایەنێكی بیانی دەستوردانی تێدا نەكردووە. لەتازەترین هەڵوێستی واشنتۆن_یشدا، دیڤید شینكەر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری خۆرهەڵاتی نزیك لەلێدوانێكدا بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاندووە: ئەگەر كازمی عێراقییەكی پابەندبێت لە بەدیهێنانی سەروەری عێراقو ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی، كارێكی زۆر گەورە دەبێت، پێشمانوایە زۆرباش دەبێت بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەكانمان. ڕونیشكردووەتەوە، بەغداد پێویستی بە گرتنەبەری هەنگاوە ئەگەر دەیەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكا بەهێزبكات. هاوسەنگی دەپارێزێت كازمی لەیەكەم لێدوانی تەلەفیزیۆنیدا دوای ڕاسپاردنی هیچ ئاماژەیەكی بە ناكۆكییەكانی واشنتۆنو تاران لەسەر خاكی عێراق نەكرد، تەنها ئەوە نەبێت خواستی حكومەتەكەی پیشاندا بۆ پاراستنی جۆرێك لە هاوسەنگی لەگەڵ دۆستو دراوسێكان. ئەوەش هیوای ئەوەی زیاتر كردووە، كازمی بتوانێت عێراق بگێڕێتەوە بۆ ناوچەی خۆڵەمێشی لەنێوان واشنتۆنو تاران، كە لەسەردەمی عادل عەبدولمەهدی_دا بەتەواوی جێیهێشتبوو و، بەشێوەیەكی ئاشكرا لایەنداریی سەربازگەی ئێرانی دەكرد. یەكێك لەو خاڵانەی كە لەبەرژوەندی كازمی_یە، نزیكییەتی لە ئەمریكییەكان، پێش ئەوەی پەیوەندییەكانی خۆی لەم ماوەیەی دواییدا لەگەڵ تاران ڕێكبخاتەوە. كازمی بەوپێیەی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراق بووە، پەیوەندییەكی فراوان ناوخۆییو دەرەكیو زانیاری لەسەر تەواوی هێزە سیاسییەكانو گروپە چەكدارەكان هەیە، هەموو ئەوانەش لەبەرژوەندی ئەو بوو بۆ ڕاسپاردنی. ئەسعەد جەنابی شڕۆڤەكاری سیاسی بە سایتی (حوڕە)ی ڕاگەیاندووە: كازمی بەهێزترین دەزگای ئەمنیی لە عێراق بەڕێوە بەرێوەبردووەو، ڕەزامەندییەكی فراوانیشی لەسەر بووە لە ئیدارەدانی ئەو دەزگایە لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆ و دەرەوە. تارانی دڵنیاكردووە بەگوێرەی سەرچاوەیەكی نزیك لە حزبوڵای لوبنانی كە بۆ ئاژانسی "فرانس پرێس" قسەیكردووە: كازمی بەمدواییە سەردانی بەیروت_ی كردووە، بەوەش توانیویەتی ئەو تۆمەتانەی كە لەلایەن گروپەكانی نزیك لە ئێرانەوە ڕووبەڕووی دەكرێنەوە، بیڕەوێنێتەوە. ئەوەش لەكاتێكدایە، سەرچاوە ئاگادارەكانی عێراق ئاشكرایان كرد: كازمی هەردوو گەورە بەرپرسی ئێرانی (عەلی شەمخانی)و(ئیسماعیل قائانی) بینیوە، كە بەم دواییانە سەردانی عێراقیان كرد. تاقیكراوەی سیاسی نییە ئەو پێشهاتە تازانەشی لەگۆڕەپانی سیاسی عێراق لەم چەند مانگەی دوایدا هاتونەتەگۆڕێ، بەتایبەت گۆڕانی هاوكێشەی سیاسی دوای خۆپیشاندانەكان، ڕۆڵیان هەبووە لە دیاریكردنی كازمیو، هێزە سیاسییەكان ناچار بوون كەسایەتییەك ڕابسپێرن بۆ پێكهێنانی حكومەت كە بەجۆرێك لە جۆرەكان بەشێك لەخواستی شەقامی تێدابێتو، لەو دەمووچاوە تاقیكراوانە نەبێت كە خەڵكی عێراق لێی بێزاربوونو بەسەرچاوەی نەهامەتییەكانی خۆیانی دەزانن. ئاژانسی"فرانس پرێس" لەزاری سەرچاوەیەكی سیاسی باڵای عێراقەوە بڵاویكردووەتەوە: ئێران دەخوازێت جۆرێك لە هێوركردنەوە لە گۆڕەپانی سیاسیو ئەمنیی عێراق بێتەكایەوە لەچوارچێوەی پرۆسەیەكی چارەسەری فراوانتر كە لەناوچەكە هاتووەتەگۆڕێو، كازمی_یش بۆ ئەم قۆناغە یەكێك لەڕوخسارەكانی ئەو پرۆسەیەیە. ئەو سەرچاوەیە جەختیكردووە: ڕاسپاردنی كازمی بەدەستكەوت بۆ عێراق دادەنرێت، بە تایبەت لەم قۆناغە ئابورییە سەختەداو، بۆ زامنكردنی تازەكردنەوەی ئەو لێخۆشبوونەی كە ئەمریكا بۆ بەغدادی كردووە لەسزا سەپێنراوەكانی سەر ئێران. لای خۆیەوە، محەمەد كەریم پەرلەمانتاری عێراق بە ڕۆژنامەی "ئەلعەرەبی ئەلجەدیدی" ڕاگەیاندووە: كازمی پەیوەندییەكی هاوسەنگی هەیە لەگەڵ ئەمریكاو ئێرانو، پێشتریش دانوستكارێكی سەركەوتوو بووە لەنێوان عێراقو وڵاتانی ترو، توانایەكی باشی هەیە لەچارەسەری كێشەو قەیرانەكان. هەموویان بەدڵیانبووە عیزەت شابەندەر پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە توتیتێكدا ڕایگەیاندووە: حكومەتەكەی كازمی بەرهەمی سازانێكی ئیقلیمیو نێودەوڵەتییەو دەڵێت:"دوای چەند مانگێك لەسەر لێشوایو نائومێدی، جارێكی تر سازانی ئیقلیمیو نێودەوڵەتی باڵیكێشا بەسەر دۆخی سیاسی لەعێراق". ئەوەی وایكردووە، لێكدانەوەی سازانی ئیقیلمیو نێودەوڵەتی نزیكترین ئەگەربێت: یەكەم: پتەوی پەیوەندی كازمی بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، هەماهەنگی نێوان دەزگای هەواڵگری عێراقو ئەمریكییەكان لەشەڕی داعش ئەم پەیوەندییەی توندوڵتر كردووە. دووەم: ئێرانییەكان هیوایان لەسەر هەڵچینوە بتوانێت جۆرێك لەهاوسەنگی ڕابگرێت. + لەسەر ئاستی ئەمنیی، بە حوكمی نزیكی لە ئەمریكییەكان سنورێك بۆ هەڕەشەو هێرشەكان دابنێو ناوچەكە لەئەگەری بەریەككەوتنێكی نوێ دووربخاتەوە. + لەسەر ئاستی ئابوریش، لێخۆشبوون بۆ بازگانیكردنی بەغداد لەگەڵ تاران درێژ بكاتەوە، كە ئێران سودی دارایی زۆری لێدەبینێت لەم قۆناغە سەختەدا. سێیەم: بوونی پەیوەندییەكی بەهێز لەگەڵ سعودییە، كە بەوتەی سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەكان، مستەفا كازمی دۆستێكی نزیكی محەمەد بن سەلمان جێنیشنی پادشای سعودیەیە. ئایندەی پەیویەندییەكان یەكلادەكاتەوە مایكل نایتس نوسەر لە پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتەكانی خۆرهەڵاتی نزیك لەتویتێكدا دەڵێت: كازمی پیاوێكی هۆشیارەو باش بیردەكاتەوە، دەتوانێت هاوسەنگی بدۆزێتەوە لەوەی پەیوەستە بەهەوڵەكانی ئێران دژی بەرژوەندییەكانی عێراق. پێشیوایە: ئەگەر حكومەتەكەی كازمی تێپەڕێت، عێراق دەرفەتێكی زۆر زیاتری دەستدەكەوێت بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ ویلایەتەیەكگرتووەكان سەبارەت بە هاوكارییە ئابورییەكانو، لێخۆشبوون لە سزاكانو، پشتیوانی سەربازی. ئەمركییەكان كە خۆیان بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆیەكی ستراتیجی لەگەڵ حكومەتی داهاتووی عێراق ئامادەكردووەو، بڕیارە لەناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی داهاتوودا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دەستی پێبكەن، دانانی كەسێكی گونجاو لە شوێنی عادل عەبدولمەهدی پرسێكی هێجگار گرنگ بوو بەلایانەوە. مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكاو گەورە بەرپرسانی تری وەزارەتەكەی لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاماژەیان بەوەدا، بەنیازن لەدانوستانەكانی ئایندەدا كۆی پرسە گرنگەكان بخەنە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ عێراقییەكان بە ئایندەی بوونی سوپای ئەمریكاش لە عێراق. بۆیە ڕاسپاردنی مستەفا كازمی كە پەیوەندییەكی باشی هەیە لەگەڵیان لەقۆناغی شەڕ دژی ڕێكخراوی داعش تا دەگاتە پرۆسەی لەناوبردنی ئەبوبەكری بەغدادی پێشهاتێكە جێگەی ڕەزامەندییانەو، پێشبینی دەكرێت ئەم كۆدەنگییە لەئایندەی سیاسی نزیكی عێراقدا ڕەنگبداتەوەو، بەلای كەمەوە جۆرێك لەسەقامگیری ئەمنی بهێنێتەدیو ڕێگری لەئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەكە بكات.
راپۆرتی: فازڵ حەمە رەفعەت – محەمەد رەئوف رێكخراوە خێرخوازییەكان لە هەرێمی كوردستان هاوشێوەی هەموو بوارەكانی تر دابەشبوون بەسەر پارتە سیاسیەكاندا، سەرچاوەی داهاتی ئەم رێكخراوانە ناڕونەو ماوە لەدوای ماوە لەكاتی قەیرانەكاندا دەردەكەون، سەرباری زۆری ژمارەیان ئەم رێكخراوە خێرخوازیانە نەیانتوانیوە دەستكاری ژمارەی رێژەی هەژاری بكەن لەهەرێمی كوردستان. كاری خێرخوازی لە هەرێمی كوردستان بەم دواییە نوسراوێكی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ ئاشكرا بوو كە تیایدا داوا لە رێكخراوی ( UNHCR) دەكات، هاوكاری و یارمەتیەكانی لە رێگەی رێكخراوی (دەزگای خێرخوازی بارزانی)ەوە بگەیەنێتە هەرێمی كوردستان، ئەمە لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ناوەندی سیاسی هەرێمی كوردستانیش كاردانەوەی لێكەوتەوە، وا لێكدرایەوە، وەزیری ناوخۆ كە خۆی سەربە پارتیە دەیەوێت، كارە خێرخوازییەكانی سەردەمی كۆرۆنا بكات بخاتە خزمەتی حزبەكەیەوە. ئێستا لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی رێكخراوی خێرخوازی هەن دەستی باڵاو سەرچاوەی دارایی بەهێزیان هەیە، ئەمانە رێكخراوی سەربەخۆ نین و حزبە سیاسیەكان لە پشتیانەوە راوەستاون،ئەمە وای كردووە كە خەڵكی متمانەیان بەم رێكخراوە خێرخوازیانە نەبێت، لە هەرێمی كوردستان دەزگایەكی خێرخوازی یەكگرتوو نیەكە خەڵكی بە متمانەوە كۆمەكەكەی ئەوەوە بگەیەننە هاوڵاتیانی كەمدەرامەت، ئەو رێكخراوە كە لەناو گۆڕەپانەكەدان و زیاتر دەركەوتوون و باسی كارەكانی خۆیان دەكەن سەرباری زۆری ژمارەیان بەڵام نەیانتوانیوە، كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەی رێژەی هەژاری و نەداری و دەستباری حكومەت بن جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزارییەكان، بۆیە زۆرجار وا لێك دەدرێت و كە كارەكانیان وەك هەڵكمەتی هەڵبژاردن و كاری حزبی لێكدەدرێتەوە. رێكخراوە خێرخوازیەكان كامانەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەم دەزگایە وەكو خۆی دەڵێ" دەزگایەكی ناحكومیی و ناسیاسی و قازانج نەویستە"، ساڵی 2005 لە هەولێر دامەزراوە. مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگاكەیە. بەپێی قسەی خۆی، سەنتەری پرۆژە خێرخوازییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی (مرۆڤە)و لەهەر كۆمەڵگەو سنوورێكی جوگرافیدا مرۆڤەكان پێویستیان بە هاوكاری مرۆیی هەبێ لە هەر سێكتەرێك دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە ئەركی خۆی دەزانێت هاوكارییان پێشكەش بكات. ئەم دەزگایە مۆڵەتی كاركردنی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لەچوارچێوەی رێكخراوە ناحكومیەكان وەرگرتووەو ساڵی ۲۰۱٦ دا لە ئەمریكا مۆڵەتی كاركردنی وەرگرتووە. بەپێی قسەی خۆی، دەزگاكە سنوری كاركردنی سنوری كوردستان و عێراقی تێپەڕاندووەو لە وڵاتانی (توركیا- سوریا- یۆنان- سربیا…) كاریكردووە. سەرچاوەی دارایی دەزگاكە روون نییە، بەڵام،خۆی دەڵێ" بۆ ئەنجامدانی پرۆژەكان پشت بە هاوبەش و سپۆنسەرەكانی دەبەستێت كە رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و كۆمپانیا ناوخۆییەكانی كوردستان و عێراقن". بارەگای سەرەكی دەزگاكە له هەولێرە، بەڵام ئۆفیسی لە چەندین ناوچە هەیە لەوانە لە (دهۆك، هەولێر، سلێمانی، كەركووك، شنگال، نەینەوا، گەرمیان)، نوێنەرایەتیشی هەیە لە ئەوروپا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا. دەزگای مرۆیی مام ئەم دەزگایە سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستانەو بەپێی زانیارییەكان لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی رۆڵی سەرەكی لە دروستكردنیدا هەبووە. ئەم رێكخراوە چەند هەفتەیەكە دەستبەكاربووەو فەلاح سەلاح سەرۆكایەتی دەكات كە یەكێكە لە كادیرە دیارەكانی یەكێتی لەسنوری كەركوك. هێڵی كاركردنی رێكخراوەكەو بواری كارەكانی هێشتا روون نییەو تائێستا بواری كارەكانی خۆی دەبینێتەوە لە پێشكەشكردنی كۆمەكی تەندروستی بە ناوەندە تەندروستیەكان، رێكخراوەكە دەستپێشخەرییەكیشی بەناوی "پەلەچارە" راگەیاندووە، پەلەچارە خزمەتگوزارییەكی تەندروستی دەزگاكەیە كە خەڵك دەتوانن پەیوەندی پێوەبكەن و ژمارەیەك پزیشك وەڵامی پەیوەندییەكان دەدەنەوەو لەبارەی نەخۆشییەكانەوە راوێژیان پێدەكرێت. دروستكردنی دەزگایەكی خێرخوازی بەناوی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی لەبەرامبەر دەزگای خێرخوازی بارزانی-یە كە پارتی دیموكراتی كوردستان بەناوی كۆچكردوو مستەفا بارزانی دامەزرێنەری پارتەكەوە دروستیكردووە. دەزگای روانگە ئەم دەزگایە لە ساڵی ۲۰۱۳وە دەستی بەكاركردن كردووە، لەلایەن ئیدرس نێچیرڤان بارزانییەوە بەڕێوەدەبرێت. ئەم رێكخراوە خۆی وەكو رێكخراویێكی "ناحكومیی" پێناسە دەكات، بەڵام بەردەوام بەهۆی نێچیرڤان بارزانییەوە پێگەی بەهێزی لەناو حكومەتدا هەبووە. وەكو خۆی دەڵێت ئەركی سەرەكی ئەم رێكخراوە بریتییە لە: 🔹 هێنانەدی جیهانێك كە هەموو تاكێك دەستیبگات بە پەروەردەیەكی جۆری باش. 🔹 پەرەدان بەو سەكۆیانەی كە لاوان دەتوانن تواناكانی خۆیانی تێدا تاقی بكەنەوە. بەگشتی وەكو خۆی دیاریكردووە، دەزگای روانگە لە چوار بواری سەرەكیدا كاردەكات كە بریتین لە (پەروەردە، لاوان، ژینگە، كەسانی لێقەوماو). ئەم رێكخراوە هاوكات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا هاتوەتەسەر هێڵی كاری خێرخوازی، لەكاتێكدا ئەم رێكخراوە پێشتر تەنیا لەڕێگەی ڤێستیڤاڵێكەوە ناسراوە كە تێیدا لاوانی بەهرەمەندی خەڵات كردووە. سەرچاوەی دارایی ئەم رێكخراوە ناڕوونە. رێباز فاون دەیشن رێباز فاوندەیشن، كە رێكخراوێكی خێرخوازییەو لە ساڵی (2007) وەك دامەزراوەیەكی ناحكومی لە بەریتانیا دامەزراوە، بەناوی كۆچكردوو ( رێباز كۆسرەت رەسوڵ) درووست كراوە كە كوڕی كۆسرەت رەسوڵ عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێیتەوە( رێباز كۆسرەت رەسوڵ) ناونراوە و ئێستا لەلایەن (دەرباز كۆسرەت رەسوڵ) كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتیەوە سەرپەرشتی دەكرێت. رێكخراوی رێباز فاون دەیشن لەم بوارانەدا كاردەكات: 🔹 پەروەردەو خوێندنی باڵا 🔹 تەندروستی 🔹 مرۆیی وەك لە پەیجی رەسمی خۆیان بڵاویان كردۆتەوە، ئەم رێكخراوە وەك دامەزراوەیەكی نێودەوڵەتی لە بەرێوەبەرێتی رێكخراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ناوی تۆماركراوە, وەك زۆرێك لە رێكخراوەكانی دیكە ئەم رێكخراوەش لە سەردەمی دەركەوتنی كۆرۆنادا سەرقاڵی كاری خێرخوازیەو بەپێی راگەیەنراوێكی كە لە 28/3/2020 بڵاویان كردۆتەوە " خواردن بەسەر شەش هەزار خێزانی كەمدەرامەت و هەژار و كەمئەندام و كەسوكاری شەهید لە كوردستان دابەش دەكەن" دەزگای خێرخوازی شەهید عەتا ئەم دەزگایە بەناوی (عەتا محەمەد حاجی مەحمود) كوڕی محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستانەوە ناونراوە كە ساڵی ۲۰۱٤ لە شەڕی دژ بە داعش لە سنوری كەركوك شەهید بوو. كوڕێكی محەمەد حاجی مەحمود بەناوی (رێبین) سەرۆكی دەزگاكەیە. بارەگای رێكخراوەكە لە گەڕەكی چوارباخی شاری سلێمانییە. بەپێی ئەوەی لە سایتی رەسمی رێكخراوەكەدا بڵاوكراوەتەوە ئامانجی دەزگاكە كە" دەزگایەكی مرۆیەو هەڵگری پەیامی مرۆڤایەتی گەورەیە بۆ دروست كردنی پەیوەندی دۆستانە و مرۆڤانە لەگەڵ ئەو خێزانە بەڕێزانەی كە پێویستیان بە هاوكاری هەیە بە بێ جیاوازی ئاین و نەتەوەو ڕەگەز و زمان." و كار دەكات بۆ: 🔹 خزمەتكردنی كەس وكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و خانەوادەی سەربەزی هێزەكانی پێشمەرگە 🔹 كەرتەكانی خوێندن وتەندروستی 🔹 گەشەپێدانی ئاستی هۆشیاری گشت چین و توێژەكانی كۆمەڵگا سەرچاوەی داهاتی رێكخراوەكە ناڕوونە. ئەم دەزگایە لەدوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە زیاتر رۆڵی دەركەوتووەو كارو چالاكییەكانی دەبینرێت. لە نوێترین چالاكی ئەم رێكخراوە لە رۆژی 6/4/2020دابووە كە هاوكارییان گەیاندوەتە (100) خێزانی كەمدەرامەتی قەزای سەید سادق. رابیتەی ئیسلامی كورد ئەم رێكخراوە ساڵی ۱۹۸۸ لە توركیا لەلایەن كۆمەڵە كەسایەتییەكی ئیسلامی كوردەوە بە سەرۆكایەتی دكتۆر عەلی قەرەداغی دروستكراوە. هەمان ساڵ رێكخراوەكە وەكو رێكخراوێكی خێرخوازی مرۆڤدوست لە ئەڵمانیا مۆڵەتی وەرگرتووەو دواتر لقی لە وڵاتانی (سوید، بەریتانیا، ئەڵمانیا) كردوەتەوە. رێكخراوەكە لە نیوەی یەكەمی ساڵی ۱۹۹۲وە لە ناو هەرێمی كوردستان دەستی بەكاركردن كردووەو لقی لە هەولێرو سلێمانی و دهۆك و كەركوك كردوەتەوەو مۆڵەتی كاركردنی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە، ساڵی ۲۰۰٥ رێكخراوەكە مۆڵەتی كاركردنی لە حكومەتی عێراقیش وەرگرتووە. رابیتەی ئیسلامی كورد یەكەم رێكخراوی خێرخوازیی كوردییە دوای كشانەوەی سوپای عێراق لە كوردستان، كە لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا له ساڵانی شەڕی ناوخۆیی حزبەكاندا، رۆڵی گرنگی هەبوو لە ئەنجامدانی پرۆژە خێرخوازییەكان. بەهۆی ئەوەی رێكخراوەكە زیاتر لە ژێر هەژموونی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستاندا بوو، هەرزوو كەوتە ژێرفشاری پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان. رێكخراوەكە تۆمەتباردەكرا بەوەی زیاتر كارەكانی لە دروستكردنی مزگەوتدا چڕكردوەتەوە، سەرباری ئەمە گومان لەسەر سەرچاوە داراییەكەی دروستدەكرا. وردەكاری سەرچاوەی دارایی رێكخراوەكە روون نییە، بەڵام بەپێی ئەوەی پێشتر بەرپرسانی رێكخراوەكە خۆیان باسیانكردووە، لەسەردەمێكدا كۆمەكیان لە خەڵكی خێرخواز لە وڵاتانی كەنداوی عەرەبی وەرگرتووە. دوای ئەو رەخنانەی كە ئاڕاستەی دەكرا، ئەم رێكخراوە بواری كاركردنی فراوانكرد بۆ دروستكردنی قوتابخانەو بنكەی تەندروستی و پرۆژەی ئاو، ئەمە لە پاڵ یارمەتیدانی خەڵكانی هەژارو كەمدەرامەت، ئەم رێكخراوە تائێستا ماوەو بەردەوامە لە كاركردن، بەڵام چیتر وەكو نەوەدەكانی سەدەی رابردوو ناو و پێگەی لە گۆڕەپانەكەدا نەماوە، ئەمە رەنگە بەشێكی پەیوەندی بە لەدەستدانی سەرچاوە داراییەكانییەوە بێت و بەشێكی تر پەیوەندی بە بوژانەوەی دۆخی ئابوری هەرێمی كوردستانەوە هەبێت. دەزگای خێرخوازی بەخشین ئەم دەزگایە سەربە كۆمەڵی ئیسلامییە، بارەگای سەرەكی لە گەڕەكی كازیوەی شاری سلێمانییە. ئەم دەزگایە سەرباری پێدانی كۆمەك بەخەڵكی كەمدەرامەت، نەخۆشخانەیەكیشی بەناوی "بەخشین"وە لە سلێمانی هەیە، نەخۆشخانەكە بەهۆی خزمەتگوزارییەكانی و هەرزانی نرخ ناوبانگێكی باشی لەناو خەڵكدا هەیە، بەمدواییە بەرپرسانی تەندروستی سلێمانی هەندێك كێشەیان بۆ كاری نەخۆشخانەكە دروستكرد، بەڵام بەهەوڵێكی عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵ لەڕێگەی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی ئێستای یەكێتییەوە نەخۆشخانەكە لە داخستن رزگاركرا. سەرباری كارە باشەكانی، بەهۆی ئەوەی ئەم دەزگایە سەربە كۆمەڵی ئیسلامییە، زۆرجار بە چاوی گومانەوە لەكارەكانی دەڕوانرێت. سەرچاوەی سەرەكی داهاتی دەزگاكە كۆكردنەوەی خێرو زەكاتە لە خەڵكانی دەوڵەمەند. کارەکانی شاسوار عەبدولواحید شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ سەرباری ئەوەی کە هیچ دەزگایەکی دیاریکراوی تایبەت بە کاری خێرخوازی دروستنەکردووە، بەڵام ماوە لەدوای ماوەو لەکاتی قەیرانەکاندا جێگە دەستی خۆی لەو بوارەدا دەردەخات. کارەکانی شاسوار زیاتر وەکو کێبرکێیە لەگەڵ هێزە دەسەڵاتدارەکان و بۆ گەیاندنی پەیامێکی سیاسی روون و بێ پەردەیە، ئەو لەو رێگەیەوە دەیەوێت بڵێ من لە جێبەجێکردنی پرۆژەکاندا لە حکومەت خێراترم، ئەوانەی شاسوار ئەنجامی داون هیچیان پرۆژەی ستراتیژی و درێژخایەن نین، سەرباری ئەوە بەکارهێنانیان لە ڕووی میدیاییەوە بۆ خزمەتکردن بە پرۆژە سیاسییەکەی، لە بایەخی مرۆیی کارەکانی کەمکردوەتەوە. خێرخوازان سەرباری ئەم رێكخراوانە لە هەرێمی كوردستان چەندین كەسایەتی و سەرمایەداری دیكە لە دەرەوەی حزبە سیاسیەكان كارەكانی خۆیان دەكەن ئەمانە ئەو كەسانەن كە ئارەزووی كاری خێرخوازیان هەیە، ئەمانە بەشێكی زۆریان بۆ خەڵكی ناسراو نین بەو پێیەی كە دەزگای راگەیاندنیان نیەو كە بانگەشە بۆ كارە خێرخوازیەكانیان بكات، زیاتر ئەمانە وەك ئارەزوویەكی ئایینی یان حەزێكی كۆمەڵایەتی ئەم كارانە دەكەن.
راپۆرتی: درەو لەكۆتایدا بەرەی ئێران سەركەوت، هەرچەندە گروپە شیعییەكانی سەر بەو سەربازگەیە لەم كاندیدە تازەیەش(مستەفا كازمی) دردۆنگنو تۆمەتی ئەمریكبوونی دەدەنە پاڵ، بەڵام بەلایانەوە گرنگە سەرۆك كۆمار نەیتوانی عورفی سیاسی باو لەعێراق بشكێنێو، بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕای هێزە سیاسییەكان كاندیدی سەرۆك وەزیران دیاریبكات. لەگەڵ ئەوەی ڕاسپاردنی كازمی بۆ پۆستی سەرۆك یەكێك لە قەیرانە سیاسییە ئاڵۆزەكانی عێراقی كۆتایپێهێنا، بەڵام ئەو ڕاستییەی سەلماندەوە، كە هێزە سیاسیەكانی عێراق بەكوردو سوننەو شیعەوە نایانەوێت بنەمای پشكێنەی حزبیو تائیفی تێپەڕننو، هیچ دەستكارییەكی هاوكێشەی سیاسی بكرێت. ئەوەش بەومانایەی خۆپیشاندانەكانی چەند مانگی ڕابردوو لەعێراق هیچی لەواقیعی سیاسی نەگۆڕیوە، خواستی دەستگرتن بەدەسەڵاتی لەلایەن حزبەكانەوە نەهەژاندووەو، هیچ گۆڕانێك لەعێراقی پێشو دوای خۆپیشاندانەكان ڕووینەداوە. كازمی لەجێی زورفی ئەمڕۆ (مستەفا كازمی) 53 ساڵ لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراقەوە ڕاسپێردرا بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت، بەوەش دەبێتە گەنجترین سەرۆك وەزیر لە مێژووی دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە. ڕاسپاردنی كازمی دوای ئەوەهات هەر ئەمڕۆ عەدنان زورفی بە فەرمی پاشكەشێی كرد لە ڕاسپاردنی، بەوەش دۆسیەی كەسایەتی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق یەكلابوەوەو، عێراقیش لە یەكێك لە هەرە قۆناغە سەختەكانی قەیرانی سیاسی پەڕییەوە. ئەم هەنگاوە دوای ڕێككەوتنی ئەو هێزە شیعییانە هات كە بە سەربازگەی ئێران ناودەبرێن، كازمی بوو بە خاڵی بەیەك گەیشتنی دوو سەربازگە ناكۆكەكەی شیعە، كە لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەمانگی كانونی یەكەمی ساڵی ڕابردوەوەوە لە ململانێیەكی سیاسی توندابوون لەسەر دیاریكردنی كەسایەتییەك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران. كوردو سوننە پێش شیعە كەوتن موبارەكەی هێزە كوردییەكان بۆ ڕاسپاردنی (مستەفا كازمی)و، دواتریش پشتیوانی سوننەكان بۆ ناوبراو تەنانەت پێشئەوەی هێزە شیعییەكان بەفەرمی ڕاسپاردنی ڕابگەیەنن، ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ بوونی ڕێككەوتنێكی ژێربەژێری سیاسی لەنێوان زۆرینەی هێزە شیعیو كوردیو سونییەكان لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا. وەك دەوترێت ڕێككەوتنو پشتیوانی هێزەكان بەجۆرێك گەرموگۆڕی پێوەدیارە، پێش دەستپێكردنی گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت، كابینەكەی (كازمی) زەمانەتی تێپەڕاندنی لەپەرمان كراوە. بەڕای ئاگایانی دۆخی سیاسی عێراق، ئەوەی وایكرد (كازمی) ئەو پشتیوانییە بەرفراوانە بەدەستبهێنێتو(عەدنان زورفی) نەتوانێت بەدەستی بهێنێت، زورفی كاندیدی سەرۆك كۆماری عێراقو هەندێك لەهێزە شیعییەكان بوو، هەرچەندە كوردو سوننە دژی نەبوون، بەڵام نەیانوسیت ببنە بەشێك لەكێشەكانی ناوماڵی شیعەو ناكۆكییەكانی نێوان لە بەرخاتری زورفی قوڵبكەنەوە، بەتایبەت ئەو بنەمایە لەعێراق یەكلابووەتەوە كە سەرۆك وەزیران كەسایەتییەكی شیعەیە. هاوكات نەشیانویست بڕیاری دیاریكردنی سەرۆك وەزیران لەدەست هێزە سیاسییەكانەوە بگوزارێتەوە بۆ دەستێكی تر، چونكە كوردو سوننەش لەئایندەدا بۆ پۆستی سەرۆك كۆمارو پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دورنییە ڕووبەڕووی هەمان شەڕ نەبنەوە، ئەوكات شیعەكانیش هەڵوێستێكی بێلایەنانەیان دەبێو ئەم "چاكەیە"ی ئێستایان دەدەنەوە، بەوەی نەبنە بەشێك لە كێشە ناوخۆییەكانن. پشكی هەرێم ئەولەویەتە بۆ كورد پرسی جەوهەری مەسەلەی نادردنی بودجەو پشكی هەرێمی كوردستانە، بۆ ئەوەش بەردەوام پێویستی بەپشتیوانی ناوماڵی شیعەو ڕەزامەندی هێزە شیعییەكانە، بۆیە لەپێناو شەخسێك سەركێشی بە مەسەلەیەوە ناكات. لەپرسی پێكهێنانی كابینەی حكومەتیشدا، پشكی خۆی لەوەزارەتەكانو دیاركردنی وەزیرەكان دوو داواكاری ترن، كە ئەگەری بەهێز ئەوەیە لەرێككەوتنە سیاسییە نهێنییەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەوەش یەكلاكرابێتەوە، بۆیە پشتیوانییەكە بێنرخ نییە. سوننەكانیش بەهەمان شێوەیە، كۆمەڵێك بەرژوەندیو داواكاری تایبەت بە خۆیان هەیە، ئەوەش لەڕێی گفتوگۆ و پشتیوانیكردنی كاندیدی زۆرینەی ناوماڵی شیعەوە دەتوانن بەدەستیبهێنن، بۆیە بۆ ئەوانیش شەخس بەلایانەوە گرنگ نییە، هێندەی ئەوەی چیان دەستدەكەوێت لەپشتیوانیكردنیدا. زورفی گرەوێكی دۆڕاو بوو هەروەك چاوەڕواندەكرا (عەدنان زورفی) ڕاسپێردراوی پێشوو بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت لەژێر فشاری هێزو گروپە شیعییەكانی نزیك لەئێران داوای لێبوردنی كردو لەراسپادنی بۆ پێكهێنانی حكومەت كشایەوە. زورفی لەڕۆژی 17ی ئازاری ئەمساڵ لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لەدەرەوەی خواستی هێزە شیعییەكانی نزیك لەئێران بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ ڕاسپێردرا، ئەوەش هێندەی تر كێشە سیاسییەكانی عێراقی ئاڵۆزتر كرد. لەگەڵ ئەوەی زورفی توانی ماوەیەك سەرسەخستانە بەرگەی فشارەكان بگرێت، بەڵام لەكۆتایدا نەگەیشتە ئەوەی كابینەكەی بخاتە بەردەم پەرلەمانو، وەزیرەكانی ڕووناكی ببینن، هەرچەند مۆڵەتە دەستورییەكەی بەردەمی زیاتر لە هەفتەیەكی مابوو. بەگوێرەی هەندێك سەرچاوە، ئەوەی وایكرد پرۆسەكە بەو خێراییە كۆتایبێت، هێزە سیاسییە شیعییەكان بەڵێنی پۆستێكی باڵایان بەزورفی داوە لەحكومەتی داهاتوو لەبەرامبەر كشانەوەیو پێداگری نەكردنی لەسەر پێكشەكردنی حكومەتەكەی بە پەرلەمان. كێشەیان لەگەڵ سەرۆك كۆمار هەبوو هێزو لایەنە شیعییەكانی نزیك لەئێران لە دیاریكردنی زورفی_دا، كێشەی سەرەكییان لەگەڵ سەرۆك كۆمار بوو زیاتر لەوەی لەگەڵ زورفی بێت. ڕاسپاردنی زورفی_یان بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕای ئەوان بە پێشهاتێكی تازەو مەترسیدار دەزانی، وەك جۆرێك لە قوڵبادانو شكاندنی ئیرادەی سیاسییان لێكدەدایەوە. پێیانوابوو ئەو هەنگاوەی سەرۆك كۆمار تەواوكەری هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمریكایە بۆ سەر هێزە چەكدارەكانیانو هەردووكیان یەك ئامانجیان هەیە ئەویش لاوازكردنی پێگەو ڕۆڵی هێزەكانی سەر بە ئێرانە لە عێراق، بۆیە بێدەنگیان بە جۆرێك لە خۆكوژی و لاوازبوونی ڕۆڵیان دەزانی لەگۆڕەپانی سیاسیو ئەمنیی عێراقو، بەهەر نرخێك بوبێت ئامادەنەبوون قبوڵی بكەن. "كازمی باشی خراپەكانە" بەڕای بەشێك لە ئاگایانی دۆخی عێراق، مستەفا كازمی بەلای هێزو گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێرانەوە هیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ عەدنان زورفی، یان بەپێوەری ئەوان ئەو كەسە نییە متمانەی تەواوی پێبكەن. پێش ئەوەی ناوی (محەمەد عەلاویو عەدنان زورفی) وەك بەربژێری پۆستی سەرۆك وەزیران بچنە سەر مێزی گفتوگۆی شیعەكان، كازمی كاندیدێكی بەهێزبوو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران، بەڵام گروپە شیعییەكان لەنێویاندا كەتائیبی حزبوڵا چەندین تۆمەتیان دایە پاڵ كازمیو بانگەشەی ئەوەیان كرد كە دەستی هەبووە لەكوشتنی قاسم سولەیمانی_دا، بەڵام ئەوەی وایلێكردوون كازمی قبوڵبكەنو زورفی ڕەتبكەنەوە: یەكەم: ڕەتكردنەوەی زورفیو دانانی كازمی، مانای سەپاندنی بڕیاری خۆیانو ڕەتكردنەوەی بڕیاری سەرۆك كۆمار، كە بەجۆرێك لەشەری ئیرادەی دەزانن. دووەم: هێشتنەوەی بڕیاری دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی لەدەستی خۆیانو پیشاندانی ئەو وێنە بەناوەو دەرەوەش كە هێشتا ئەوان خاوەن بڕیاری كۆتاین. سێیەم: ڕێگەنەدان بە دەستبردن بۆ عورفی سیاسی لەعێراقو، گەیاندنی ئەو پەیامەش بەسەرۆك كۆمارەكانی داهاتوو كە دەسەڵاتی ئەوان تەنها ڕاسپاردنە، نەك دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران. چوارەم: ترسی جدیان هەبوو زورفی بەشێك بێت لەپرۆژەیەكی ئەمریكی بۆ لاوازكردنی گروپەكانی حەشدی شەعبی، بەڵام ئەو ترسەیان لەكازمی نییە، چونكە هەر لەسەرتاوە خۆیان ناویان هێناوەتە پێشەوە. پێنجەم: زورفی لەدەرەوەی خواستی ئەوان دیاریكرابوو، بەڵام كازمی لەسەر پێشنیازی ئەوان دیاردەكرێتو لەژێر فەرمانی ئەواندا دەبێو دەتوانن بە ئاسانی مامەڵەی لەگەڵ بكەن. شەشەم: لەدواین سەردانی بۆ عێراق، عەلی شەمخانی ئەمینداری گشتی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران چاوی بە مستەفا كازمی كەوتبوو، ئەوەش جۆرێك لەدڵنیایدا بە گروپە شیعییەكانو لەدوای ئەوەوە جارێكی ناوی كازمی هاتەوە پێشەوە.
وەرگێڕان:درەو زاناكانو لێكۆڵەرەوەكان لەسەرەتای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە نەوەستان لەهەوڵەكانی زانینی سەرچاوەی پەتاكە. لەسایەی نادیاری شوێنی دروستبوونی ڤایرۆسەكە تازەكە، تێۆری جۆراوجۆری بێبەڵگە بڵاوبووەوە كە لەچوارچێوەی هەوڵە شێلگیرەكاندایە بۆ زانینی سەرچاوەی ڤایرۆسەكە. هەندێك پێیانوایە ڤایرۆسی كۆرۆنا پیلانگێڕییەكی ئابورییە، هەندێكی تر تەكنەلۆجیای نەوەی پێنجەمی ئینتەرنێت تۆمەتباردەكەن، لەكاتێكدا تێۆرێكی تر هەیە دەڵێت، چەكێكی بایۆلۆجیە لەچین دروستكراوە، یان سوپای ئەمریكا دروستیكردووەو هێناویەتی بۆ چین، بەڵام زۆرترین ئەو تێۆرانەی لەناو خەڵكدا باوە جەختدەكات، سەرچاوەكەی بازاڕی شاری وۆهانە. تۆڕی "CNN"ی ئەمریكی لەزاری ژمارەیەك شارەزای بواری ڤایرۆساتەوە بڵاویكردووەتەوە، هەر كەسێك بانگەشەی ئەوە بكات سەرچاوەی "كۆڤید_19" دەزانێت خەمڵاندن دەكات، جەختیشدەكەن كە هیچ بەڵگەیەك نییە بیسەلمێنێت حكومەتی چین یان ئەمریكا ڤایرۆسەكەی لەناو خەڵك بەدەستی ئەنقەست بڵاوكردووەتەوە، تائێستاش ئەگەری هەر لەنزیك لەواقیعەوە ئەوەیە، ڤایرۆسەكە لەشەمشەكوێرەوە گوازرابێتەوە. لەگەڵ ئەوەی زاناكان تێۆری پیلانگێڕی بەدوور دەزانن سەبارەت بەوەی ڤایرۆسەكە وەك چەكێكی بایۆلۆجی بەكارهاتبێت، بەڵام ئەوان لەبارەی هەندێ پرسی ترەوە دابەشبوون، بەو تێۆرەشەوە كە بەلای زۆرێكەوە پەسەندە بەوەی ڤایرۆسەكە لە بازاڕێكی وۆهان دروستبووە، ئەوانەی لایەنگری ئەم تێۆرەن پێیانوایە ئەو بازاڕە قەرەباڵغە بەخەڵكو ئاژەڵی كێوی بەهێزترین ئەگەرە. بەڵام ئەوانەی گومانیان هەیە لەودیراسەیە جەختدەكەن چەندین كەس لە تووشبووەكانی سەرەتا هیچ پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆیان نەبووە لەگەڵ بازاڕەكە. ڕووداوێكی ڕێكەوت بووە لەسەرەتای مانگی شوباتدا دوو لێكۆڵەرەوەی چینی تیۆرەیەكیان خستەڕوو كە جەختدەكات ئەسڵی ڤایرۆسەكە دەگەڕێتەوە بۆ ڕووداوێكی ڕێكەوت لەیەكێك لەو دوو تاقیگەیەی دەكەوێتە نزیك شاری وۆهان. بەڵام زۆربەی شارەزایان ئەو تێۆرەیان ڕەتكردەوەو، ڕایانگەیاند هیچ بەڵگەیەك پاڵشپتی ئەتیۆرە ناكات، هەروەك حكومەتی چین ئەو تیۆرەی بەتوندی ڕەتكردەوە. لەبەرامبەردا، ڕیچارد ئەبرایت پسپۆڕی بواری چەكی بایەلۆجی لەزانكۆی ڕۆتجەر ڕایگەیاند،" تیۆری ڕووداو پێدەچێت لۆژیكی بێت و، ئەگەری گەیشتنی ڤایرۆسەكە بە مرۆڤ لەڕێی ڕووداوێكی تاقیگەوە بەدوور نازانرێت". تیۆری بازاڕ بەدوور دەزانێت وپێیوایە هیچ پەیوەندییەكی بەدروستبوونی ڤایرۆسەكەوە نییە، ڕەنگە بەشداریكردبێت لە بڵاوبوونەوەیدا، بەڵام لەشوێنێكی تری وۆهان دروستبووە نزیكەی مانگێك لەوەو پێش. لێكۆڵەرەوەكان كۆكن لەسەر ئەوەی ڤایرۆسەكە لە ئاژەڵەوە گوازراوەتەوە بۆ مرۆڤ، 27 لێكۆڵەر لەبواری تەندروستی گشتی لەسەرانسەری جیهان، نامەیەكیان لە گۆڤاری "زە لانسێت"ی پزیشكی نوسیو تێیدا ئیدانەی تیۆری پیلانگێڕیان كردو، ئاماژەیان بەوەكرد:" تیۆرەكانی پیلانگێڕی هیچ ناكات جگە لەخولقاندنی ترسو پروپاگەندەو، ئەو لایەنداریانەی دەبنە بەربەست لەبەردەم هاوكاری جیهانی بۆ قەلاچۆكردنی ئەو ڤایرۆسە مەترسیدارە". ئەو شارەزایانە بەڵگەی زانستیان خستووەتەڕوو كەپشتیوانی ئەو تیۆرە دەكات بەوەی ڤایرۆسەكە لەسەر زەوی درستبووە، یەكێك لەوانەش (بیتەر داسزاك)ە، كە شارەزایەكی دیاری ڤایرۆساتەو ماوەی 10ساڵە لە چین كاردەكاتو، ڕایگەیاندووە، ئەوان دڵنیان كە "كۆڤید_19" لە شەمشە كوێرەوە هاتووە، بەڵام بەدیاریكراوی ئەو ناوچەیە نازانن كە لێوەی سەریهەڵداوە، یان بەدیاریكراوی لەچی جۆرە شەمشە كوێرەیەكەوە بووە، هەروەك نازانن ژمارەی ئەو ڤایرۆسانەی تر كە بوونیان هەیەو ڕەنگە لەئایندەدا دەربكەون. شەمشەمە كوێرە لەلایەكی ترەوە، مشتومڕ سەبارەت بەوەیە ئاخۆ ڤایرۆسەكە ڕاستەوخۆ لە شەمشەمە كوێرەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، یاخود ئاژەڵێكی تر هەیە لەو نێوەندەدا، داسزاك پێیوایە ڕەنگە شەمشەمە كوێرەیەك ئاژەڵێكی ماڵی لە مەزرایەك توشكردبێت، دواتر ئەو ئاژەڵە بەزویندووی هێنرابێتە بازاڕ، لەنێو خەڵكدا ماوەتەوە لەیەكێك لە گونجاوترین شوێنەكان بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسات، كەئەویش بازاڕی وۆهانی شێدارە. بەڵام ئەو دیراسەیەی كە گۆڤاری " زە لانسێت" بڵاویكردووەتەوە، هەندێك گومانی وروژاندووە سەبارەت بەو تیۆرەو، ڕونیكردووتەوە كە" نزیكەی یەك لەسەرسێی نەخۆشە سەرەتاییەكان پەیوەندییان نەبووە بە بازاڕەكەوە، لەنێو ئەوانەشدا یەكەم نەخۆش كە لە 1 كانوونی دووەم نیشانەكان لەسەری دەركەوتن، كە هیچ پەیوەندییەكەی پەتایی لەنێوان ئەو و حاڵەتەكانی دوای ئەودا نەدۆزرایەوە. هەر لەم چوارچێوەیەدا، فنسنت راكانیلۆ مامۆستای زانستی زیندەوەرزانی وورد لەزانكۆی كۆلۆمبیا پێیوایە خەڵك چونەتە بازاڕی فرۆشتنی ماسیو هەڵگری ڤایرۆسەكە بوون. ئەو تیۆرەیەكی تر بە ڕاست دەزانێتو پێیوایە سەرچاوەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا جوتیارێك بووە، ڤایرۆسەكە لە پیسایی شەمشەمە كوێرەدایە كە جوتیارەكان لەچەندین وڵات وڵات بەكاریدێنن بۆ بەپیتكردنی زەوییەكانیان، دوای تووشبوونی، ئەو جوتیارە چووەتە وۆهانو خەڵكی تری تووشكردووە. سەرچاوە: عەرەبی جەدید
راپۆرتی: محەمەد رەئوف- فازڵ حەمەرەفعەت مام فەتاح كاسبكارێكی گەڕەكی كارێزانی شاری هەولێر بوو، دوو رۆژ دوای نەورۆزی ئەمساڵ بە نەخۆشی كۆچی دوایی كرد، پاش 10 رۆژ لە مردنی ئەو، 23 كەس لە ئەندامانی خانەوادەكەی توشی كۆرۆنابوون. "ئێمە پرسەمان بۆ باوكمان دانەنا، تاوانمان چیە توشی كۆرۆنا بووین، وەزیر بەچی مافێك دەڵێت دوای چاكبونەوەتان دەتان دەینە دادگا" ئەمە وتەی عەبدولڕەزاق كوڕی كۆچكردوو مام فەتاحە. عەبدولڕەزاق هاوسەرو ژمارەیەكی زۆر لە خوشك و براو خوشكەزاو برازاكانی دوچاری كۆرۆنا بوون و هەندێكیشیان كە هێشتا پشكنینەكانیان دەرنەچووە لە كەرەنتینەدان. لە كارێزان چی رویدا؟ رۆژی نەورۆز لەگەڕەكی كارێزانی شاری هەولێر هەمان ئەو گەڕەكەی كە مام فەتاح كۆچی دوایی تێدا كرد، ژنێك كە نەخۆشی درێژخایەنی هەبوو كۆچی دوایی كرد. كەسوكاری ئەو ژنە دەڵێن پرسەیان بۆ مردووەكەیان دانەناوە دانەناوە، بەڵام ئامۆزایەكی بنەماڵەكەیان لە كۆمەڵگەی مەلا ئۆمەری سەر رێگای مەسیفەوە سەردانی كردوون بەمەبەستی سەرەخۆشی، پاش دوو رۆژ لەسەردانەكەی دەركەوتووە توشی كۆرۆنا بووە. وەكوو بەرپرسانی تەندرووستی ئاماژەی بۆ دەكەن ڤایرۆسەكە لە رێگەی ئەو كەسەوە كە لە كۆمەڵگەی مەلا ئۆمەرەوە گوازراوەتەوە بۆ ناو پرسەكانی گەڕەكی كارێزان. مام فەتاح كە تەمەنی (70) ساڵ بوو دوو رۆژ دوای ئەو ژنە كۆچی دوایی كردووە، لەهەمان گەڕەك و پێكەوە دراوسێی یەكدین، بەپێی قسەی خانەوادەی مام فەتاح خزمایەتی لە نێوان هەردوولادا هەیەو كچێكی مام فەتاح براژنی ئەو ژنە بووە كە بەرلە مام فەتاح كۆچی دوایی كردووە، ئەمە وای كردووە، ئەو كەسەی كە لە مەلا ئۆمەرەوە هاتبوو بۆ پرسەكە ڤایرۆسەكە بۆ هەردوو خانەوادەكە بگوازێتەوە. وەزارەتی تەندروستی چی دەڵێت؟ بە پێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی كە 3ی ئەم مانگە بڵاویكردۆتەوە ( 71) كەس بەهۆی ئەو دوو پرسەیەوە توشی كۆرۆنا بوون. توشبوانی گەڕەكی كارێزان حكومەتی هەرێمی خستە بواری نائاساییەوە تا ئەو رادەیەی بۆ ماوەی (48) كاتژمێر رێوشوێنی قەدەغەی هاتوچۆی تا ئەو رادەیە توند كردەوە كە تەنانەت ماركێت و نانەوا خانەكانیشی داخست. مەترسی بارودۆخەكە وای لە وەزیری تەندروستی كرد كە بڵی هەرێمی كوردستان لەبەردەم مەترسی گەورەیەدایە، ئەم قسەیە لەناو خەڵكیش ترسی زۆری درووست كرد. زنجیرەی تۆماركردنی توشبوانی دوو پرسەكە بەم شێوەیە بوو: • رۆژی 3ی نیسان ( 6 )كەس توشبوون • 4ی نیسان ( 6 )كەسی دیكە توشبون • 5ی نیسان (18) كەس توشبون • 6ی نیسان (41) كەس توشبون خانەوادەی مام فەتاح بەپێی قسەی عەبدولڕەزاق كوڕی كۆچكردوو مام فەتاح كە بەتایبەت قسەی بۆ (درەو) كرد، بەتەنیا لە خانەوادەكەی ئەوان (23) كەس توشی كۆرۆنا بوون، بەم شێوەیە:. - خێزانی مام فەتاح و كوڕێكی و بوكێكی لە گەڕەكی كارێزان. - هاوسەرو دووكچی عەبدولڕەزاق كوڕی مام فەتاح لە گەڕەكی زانكۆ. - كچی كوڕێكی مام فەتاح لە گەڕەكی ئاڵتون سیتی. - كوڕێكی تری مام فەتاح لەگەڵ هاوسەرەكەی لەگەرەكی كاریزان. - كوڕێكی مام فەتاح و هاوسەرەكەی و كوڕیكی لە گەڕەكی كانی گەلی. - هاوسەرو منداڵێكی كوڕێكی تری مام فەتاح لە گەڕەكی چناری. پێشتریش وەزارەتی تەندروستی (32) كەسی توشبووی راگەیان لەناو ئەوانەدا (8) كەسیان لە خانەوادەی كۆچكردوو مام فەتاح بوون بەم شێوەیە:. - خوشكێكی خێزانی مام فەتاح لەگەڵ كچێك و دوو كوڕی لە گەرەكی سەركەوتن. - برایەكی خێزانی مام فەتاح و هاوسەرەكەی و دوو منداڵی و دایكی لەگەرەكی سەركەوتن. مام فەتاح خەڵكی (بیرێجنە)ی سەربە كۆمەڵگەی قوشتەپەی هەولێر بووە، پیاوێكی كاسب بووە. عەبدولڕەزاقی كوڕی نیگەرانە لەوەی سەرباری ئەوەی پرسەیان بۆ كۆچی باوكیان دانەناوەو پابەندی رێنماییە تەندروستیەكان بوون (وەكو خۆی دەڵێت) ، لە لایەن حكومەتەوە هەڕەشەی دادگاییكردنیان لێدەكرێت دوای چاكبونەوەیان لە پەتای كۆرۆنا. وەكو عەبدولڕەزاق باسی دەكات ئەوان خۆیان لە بنەڕەتەوە خانەوادەیەكی قەرەباڵغن و لەكاتی پرسەكەدا تەنها كوڕو كچ و براكانی سەردانی ماڵەوەیانكردووە، تەنانەت خێوەتیشیان بۆ پرسەی باوكیان دانەناوە. تەرمی كۆچكردوو مام فەتاح لە گوندەكەی خۆی بەخاكسپێردراوە عەبدولڕەزاقی كوڕی دەڵێت: هەر لەوێ بە خەڵكەكەمان راگەیاند كە ئێمە لە سەر بنەمای رێنماییەكانی حكومەت پرسە دانانێین. عەبدولرەزاق بەم شێوەیە كۆتایی بە قسەكانی هێنا" ئەم كۆرۆنایە شتێك نیە بە ئەنقەست گواستبێتمانەوە، بەڵایەكەو هاتووە، تاوانی ئێمە چیە..؟؟؟" ئێستا خانەوادەی مام فەتاح لەلایەك بەهۆی كۆچی دوایی باوكیانەوە، لەلایەكی تر بەهۆی پەرتبوونی خێزانەكەیان بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناو كەرەنتینەكردنیانەوە، خەمەكەیان بووە بە دوو خەم، لەولاشەوە نیگەرانن لە قسەو باسی ناو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و تۆمەتباركردنیان بە گواستنەوەی ڤایرۆسەكە.
راپۆرتی: درەو ڕەنگە هێزە شیعییەكانی نەیاری (عەدنان زورفی) لەنێوان خراپو خراپتردا، بەناچاری هانایان بۆ خراپەكە بردبێتەوە. پێشئەوەی ناوی (محەمەد عەلاویو عەدنان زورفی) بێتە ناو ناوانەوە، (مستەفا كازمی) چانسێكی بەهێزی بوو بۆ ڕاسپاردنی بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵام هەندێك لەهێزە شیعییەكان بەتوندی ڕەتیانكردەوەو، بەدەستكەلای ئەمریكایان ناوبرد. كە (عەلاوی) شكستهێناو (زورفی) هاتە پێشەوە، جارێكی تر هانایان بۆ (كازمی) بردەوە. لەوەناچێت (كازمی) ئەمجارە بەنرخێكی هەرزان بچێتەوە بەردەستیان، وەك دەوترێت هێشتا ڕەزامەندی پیشاننەداوەو، لیستێك مەرجیشی بۆ هێزە شیعییەكان ڕیزكردووە، چونكە ترسی هەیە هێنانەوە پێشەوەی ناوەكەی تەنها بۆ شكستپێهێنانی (زورفی)بێو، دواتر كەسێكی تر كاندیدبكەن، یان عادل عەبدولمەهدی لەشوێنی خۆی بهێڵنەوە. بەرەی دژە زورفی ڕێككەوتن دوای چەند ڕۆژێك لەكۆبونەوەو دانوستانی بەردەوام، هێزە شیعییە نەیارەكانی (عەدنان زورفی) ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت، گەیشتنە رێككەوتن لەسەر كاندیدكردنی (مستەفا كازمی) سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراق، بۆ سەرۆكایەتیكردنی حكومەتی داهاتوو. بەگوێرەی میدیا عێراقییەكان، ڕێككەوتنە دوای ئەوە هاتووە، شەوی ڕابردوو هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی "فەتح"و نوری مالیكی سەرۆكی "ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا"و عەمار حەكیم سەرۆكی "ڕەوتی حیكمە" لەشاری بەغداد كۆبونەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ترسی جدییان هەبووە لەوەی (زورفی) بتوانێت لەڕێی ئەو پشتیوانییەی لەلایەن بەشێكی بەرچاو لە پەرلەمانتارانەوە لێدەكرێت، كابینەكەی لەدەرەوەی خواستی ئەوان لەپەرلەمان تێپەڕێنێت. سەركردەیەك لە هاوپەیمانی "فەتح" لەلێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی "ئەلعرەبی ئەلجەدید" ئاماژەی بەوەداوە: محەمەد یەعقوبی سەرۆكی حزبی"فەزیلە"و فالح فەیاز سەرۆكی هاوپەیمانی "عەقد" یش، بەشێكن لەو ڕێككەوتنەی (عامریو مالیكیو حەكیم) ئەنجامیداوەو، ڕەزامەندییان پیشانداوە لەسەر كاندیدكردنی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراق لەشوێنی زورفی. ڕوونیشكردووەتەوە: هاوپەیمانی "نەسر" بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی، ڕەتیكردووەتەوە بەشداری ئەو ڕێككەوتنەبكات، نوری مالیكی_یش مەرجی ئەوەی هەیە (كازمیی) لەلایەن زۆرینەی شیعەكانەوە پشتیوانی بكرێت، بۆ ئەوەی پشتگیری بكات. كوردوسوننەو سەدر لەناوەڕاستدا وەستاون سەركردەكەی هاوپەیمانی "فەتح" ئەوەشی ئاشكراكردووە: موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدر، جەختی كردووە كەهیچ تێبینییەكی نییە لەسەر كاندیدكردنی (مستەفا كازمیی)، بەڵام بەدوو مەرج: یەكەم: ڕێككەوتنی هەمووان (شیعەكان) لەسەر پشتیوانیكردنی. دووەم: هێزە سیاسییەكان بەشێوەیەكی ڕەسمی پشتیوانی ئەو كاندیدكردنەكەبكەن. سەدر ئەوەشی بەهێزە سیاسییەكان ڕاگەیاندووە: هاوپەیمانی "سائیرون" بەشداری دانیشتنی متمانەدان بەزورفی دەكاتو، ئەگەر زورفی توانی نیساب تەواو بكات، ئەوا "سائیرون" دەنگ بۆ متمانەدان بە كابینەی حكومەتەكەی دەدات. بەگوێرەی سەرچاوەكە، ئەو هێزە شیعییانەی لەسەر كاندیدكردنی (مستەفا كازمیی) ڕێككەوتوون، پەیوەندییان بە هێزە كوردیو سونییەكانەوە كردووەو، ئەوانیش لای خۆیانەوە پشتیوانیان بۆ هەر بڕیارێك دەربڕیوە كەزۆرینەی سیاسی شیعەكان لەسەری ڕێكبەكەون، چونكە ئەو پۆستە بەپێی عورفی سیاسی لە پشكی پێكهاتەی شیعەیە. وەك دەوترێت ئێستا بەرەی نەیاری چاوەڕێن، (عەدنان زورفی)بكشێتەوە یان لەپەرلەمان شكستبهێنێت، بۆ ئەوەی بەنوسراوی فەرمی كاندیدكردنی (مستەفا كازمی) پێشكەش بە سەرۆك كۆمار بكەن. پێشتر كاندیدكردنی مستەفا كازمی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراق بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، لەلایەن هەندێك لەهێزە شیعییەكانو گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێرانەوە بە توندی ڕەتكرایەوە، لەو گفتوگۆیانەی پێش ڕاسپاردنی محەمەد تۆفیق عەلاویو عەدنان زورفی لەنێوان هێزە شیعییەكاندا بەڕێوەچوو. كازمی.. كاندیدی ناچاری! پێدەچێت ترس لەدەرچوونی زورفی وای لەهێزە شیعییەكان كردبێت بە كازمی ڕازیبن، لەبەرامبەردا هەندێك لەسەرچاوە ئاگادارەكان دەڵێن، كازمی ئەمجارە مەرجی هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستەكەو تائێستا ڕەزامەندی پیشان نەداوە: مەرجەكانی كازمی: یەكەم: پێدانی دەرفەتی تەواو بە عەدنان زورفی لەهەوڵەكانی بۆ پێكهێنانی حكومەت. دووەم: دەربڕینی ڕەزامەندی هێزە شیعییەكان بە نوسراوی فەرمی سەبارەت بە ڕاسپاردنی. سێیەم: دەستوەرنەدان لە پێكهێنانی حكومەتەكەتو پرۆگرامی حكومەتەكەی. چوارەم: ئازادی تەواوی هەبێت لە هەڵبژاردنی وەزیرو پۆستەكانی تر. ئەوەش بەو مانایەی كاندیدكردنی كازمی پێویستی بە ڕەزامەندی ڕای كوردو سونەیە كە پێشتر محەمەد تۆفیق عەلاوی_یان ڕەتكردەوە بەهۆی پێداگری لە دیاریكردنی وەزیرەكانی بەبێ گەڕانەوە بۆ هێزە سیاسییەكان. هەر لەم میانەدا، سایتی "موازین" لەزاری سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەكانەوە بڵاویكردووەتەوە: مستەفا كازمی كۆمەڵێك مەرجی دیاریكردووە لەبەرامبەر دەربڕینی ڕەزامەندی بە ڕاسپاردنی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ، چونكە كازمی ترسی هەیە ناوەكەی بۆ یاری سیاسی كێش بكرێتە ناو گۆڕەپانەكە بۆ شكستپێهێنانی عەدنان زورفیو، دواتر دەستنیشانكردنی كاندیدێكی تر یان هێشتنەوەی عادل عەبدولمەهدی. كوتلەكەی زورفی گەشبینە ئەحمەد حەمەدانی، سەركردە لە هاوپەیمانی "نەسر" دەڵێت: عەدنان زورفی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو ئەوەی لەسەربوو كۆتایی پێهێناوە، پێكهاتەی كابینەی حكومەتەكەی تەواوكردووە، ئێستا چاوەڕێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە بۆ پێدانی متمانە بە حكومەتەكەی. حەمەدانی بە ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە: تائێستا زورفی چانسی باشەو پشتیوانییەكی پەرلەمانیی گەورەی هەیە، ڕێككەوتنی نەیارەكانیشی لەسەر كاندیدكردنی مستەفا كازمی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری، كاریگەری لەسەر چانسی زورفی نابێت، چونكە چانسی زورفی پشتی بە پەرلەمانتاران بەستووە. جەختیشكردووە: زورفی بەنیاز نییە بكشێتەوە، بەڵكو ئەو پێداگرە لەسەر پێكهێنانی حكومەتەكەیو بەدیهێنانی داواكاری چاكسازیو گۆڕانكاری، دوای بەدەستهێنانی متمانەی پەرلەمان، گفتوگۆكانیشی بەردەوامە لەگەڵ پەرلەمانتارانو، كوتلە شیعیوسونیو كوردییەكان پشتیوانی دەكەن.
درەو: " یەكێتی و پارتی بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنایان كردە دەسكەلایەك بۆ تۆڵەی سیاسی و زیندوكردنەوەی كولتوری ناوچەگەرێتی" ئەمە بۆچونی سەنتەری توێژینەوەو راپرسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانە كە لەلایەن د. یەحیا عومەر رێشاوەیەوە ئامادەكراوە. سەنتەری توێژینەوەی یەكگرتوو دەڵێت"حكومەتە هەرێم لە ڕێوشوێنەكانی بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەم نەخۆشیە دەیەوێت بوونی (ئیداریی- سیاسی)یانەی خۆی بسەلمێنێت و وەك بەهانەیەك بۆ دواخستن و دەستكاریكردنی مووچەی كارمەندان بەكاری بهێنێت". دەقی شیكارییەكەی سەنتەری توێژینەوەو راپرسی یەكگرتوو: (كۆرۆنا) لە پەتایەكی سروشتیەوە بۆ جەنگێكی ساردی سیاسیی سەنتەری توێژینەوە و ڕاپرسی یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستان شیكاریی: پ.ی.د.یەحیا عومەر ڕێشاوی 6/4/2020 دەستپێك پەتای (كۆرۆنا) وەك نەخۆشیی و دیاردەیەكی جیهانیی، شوێنەوارە تەندروستیی و جەستەییەكانی تێپەراند، بەرەو شوێنەواری گەورە و كاریگەر لەسەر سێكتەری بازاڕی جیهانیی و ئابوریی وڵاتان و بواری پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكان و باری دەرونیی خەڵك، هەروەها بەرەو ژینگەی خوێندنگە و زانكۆكان و ژیانی ئاسایی هاوڵاتیان بە شێوەیەكی گشتیی، كاریگەریەكان گەشتە بواری سیاسی و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان لەسەر ئاستی جیهان. ئەمرۆ ئەم نەخۆشیە تەنها پەتایەك نییە و پزیشكەكان و نەخۆشخانەكانی بە خۆیەوە سەرقاڵ كردبێت، بەڵكو باس و خواسی سەركردە سیاسیەكانی جیهان و كاروبارەكانی حوكمرانییە لە جیهاندا و سەرجەم دۆسیەكانی بۆ ماوەیەك خستۆتە سەر ڕەفە، باس هەر باسی نەخۆشی (كۆرۆنا)یە و هیچی تر. تەنانەت بە هۆی ئەم پەتایەوە چەندین كۆنفراس و كۆبونەوەی گرنك و هەستیاری سیاسیی و ئابوریی و زانستیی لەسەر ئاستی جیهان دواخراون بۆ كاتێكی نادیار، ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان و ڕێكخراوی تەندورستیی جیهانیی لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی سەختی بوون و زەرورەت و خۆسەلماندندان. ئەم ڤایرۆسە ڤیستیڤاڵ و پاڵەوانێتیە وەرزشیەكانی وەستاند، گەشتی ئاسمانیی پەكخست، جموجوڵی گەشتیاریی لە جیهاندا دووچاری ئیفلیج بوون كرد، كاریگەریی لە سەر سەدان سێكتەری دیكەی ژیانی مرۆڤایەتی دروست كرد، وێرای هەموو ئەمانە ئەم ڤایرۆسە نەبینراوە دزەی كردە نێو كۆشك و ساختمانی سەركردە سیاسیەكانی جیهان و (ترامب و ئەنجیلا مێركل و بۆریس جۆنسن و رۆحانیی) خستە بەر تیشكی (میدیایی – سیاسی) و (پەرژینرێژ - كەرەنتینە) كردن و پشكنینی وردی تەندروستییەوە. (كۆرۆنا) و سرینەوەی نەیارەكان لە ئێستادا (كۆرۆنا) وەك ئامرازێك بۆ یەكتر سڕینەوە و توڵەكردنەوە بە كاردەهێنرێت، لەگەڵ تەشەنەكردنی ئەم پەتایە كێشە و ململانێ ئاشكرا و سڕبوەكانی نێوان وڵاتان، جارێكی دیكە سەریان هەڵدایەوە، بۆ نموونە كاتێك حكومەتی ئەمریكیی لەسەر زاری (دۆناڵد ترامب)وە رێگەی گەشتكردنی بۆ ئەوروپا لە هاوڵاتیانی گرت و (بەریتانیا)ی لێ جیا كردەوە ! ئەو كاتە دەركەوت كە چۆن ئەم پەتایە تێكەڵ بە سیاسەت كراوە و ڕاستی ململانێی نێوان وڵاتانی زلهێز و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكانی خستە ژێر پرسیارەوە. هەر لەسەرەتاوە باس و خواسی ئەوەی گوایە ئەم ڤایرۆسە بەرهەم و دروستكراوی ئەمریكایە و دەیەوێت لە رێگەیەوە تۆڵە لە نەیار و دوژمنەكانی وەك (چین و ئێران) بكاتەوە، بوویە باس و خواسی هەندێك لە دەزگا میدیاییەكان و پانتاییەكی بەرفراوانی لە تۆرە كۆمەڵایەتیەكان داگیر كرد، تەنانەت لە (چین) پەنجەی تۆمەتباریی بۆ سوپای ئەمریكیی بەوەی دەیانەوێت جەنگێكی (ڤایرۆسیی – بایلۆجیی) لە جیهاندا بەرپا بكەن درێژكرا، لە بەرامبەردا سەرۆكی وڵایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا (دۆناڵد ترامب)، لە تویتێكیدا ڤایرۆسی كۆرۆنای بە (ڤایرۆسی چینیی)! ناوزەد كرد، بەمشێوەیە شەڕێكی میدییایی لە نێوان هەردوو وڵاتدا بەرپا بوو، هەندێك لە سیاسەتمەدارانی وڵایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاش رایانگەیاند كە ئەم ڤایرۆسە تاقیكردنەوەیەكی زانایانی (چین) بووە و لە دەستیان دەرچووە !، هەروەها پەنجەی تۆمەتیان بۆ (ڕوسیا) درێژ كرد بەوەی لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە وڵایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكای بە دروستكەری ئەم ڤایرۆسە تۆمەتبار كردووە، كار گەیشتە ئەوەی لە سەرەتای بڵاوبونەوەی پەتاكە (دۆناڵد ترامپ)، حزبی دیموكراتیی وڵاتەكەی خۆی تۆمەتبار بكات، بەوەی دەیانەوێت فوو بكەنە بابەتەكە و قەبارەیەكی گەورەتر لەخۆی پێ بدەن !، جگە لەوەی لە زاری سەركردە باَلاكانی ئێرانەوە چەندین جار لێدوانی ئەوە درا كە ئەم پەتایە ڤایرۆسێكەو لە تاقیگەكانی وڵایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بە تایبەت بۆ ئێران دروست كراوە و ڕەوانە كراوە ! لە لایەكی دیكەوە بەشێك لە چاودێران پێیان وایە بڵاوبوونەوەی خێرای ئەم نەخۆشیەو زۆربوونی قوربانیەكان لە (ئیتاڵیا)، بۆ مشەخۆریی هەندێك لە كۆمپانیاكانی جل و بەرگی (فاشیۆن)ی ئیتاڵیی دەگەڕێتەوە، ئەوان بەڕێگەیەكی نافەرمی و قاچاخ و دوور لە ئاگاداری حكومەت، دوو كرێكاری چینی كە نەخۆشیەكەیان گرتووە، هێناوە بۆ ئیتاڵیا و لە ڕێگەی ئەوانەوە پەتاكە بڵاوبووەتەوە. هەر لەم شەرە سیاسی و میدیاییەدا سعودیە و ئێران كەوتنە هێرشی میدیایی بۆ سەر یەكتر، وەزارتی تەندروستیی ئَێران ئەو لێدوانانەی دەسەڵاتدارانی سعودیەی بەدرۆ خستەوە كە لایان وایە مۆر لە پاسەپۆرتی ئەو هاوڵاتیە ئێرانیانە نەدراوە كە لە ئێرانەوە گەراونەتەوە بۆ سعودیە، لای خۆیەوە سعودیە ئێرانی بە بەرپرسیار لە زیاتر تەشەنەكردنی ئەم ڤایرۆسە لەقەڵەمدا، لەبەرامبەردا بەرپرسانی ئێرانیی داوایان لە سعودیە كرد كۆرۆنا نەكاتە بابەتێكی شەڕ و تەسفیەی سیاسی، هەر لەم میانەیەدا ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیش بابەتی كۆرۆنای بە هەلێكی باش زانی و وەك كارتێكی فشار بەرامبەر حكومەتی ئێرانیی بەكاری هێنا، (ئەنجومەنی نیشتیمانیی بەرگریی ئێرانیی) لە تاراوگە رژێمی ئێرانیان بەوە تۆمەتبار كرد كە لە ڕاگەیاندنی باری نائاساییدا درەنگ كەوتوون و بووەنەتە هۆی تەشەنەكردنی نەخۆشیەكە. لە (لوبنان)یش شەڕێكی (سیاسی – میدیایی) لە نێوان حیزبوڵڵا و پارتە سیاسیەكانی دیكەی گۆڕەپانی سیاسی لوبنان و نێوان حكومەتی لوبنانیدا لەسەر ئەم بابەتە دروست بووە، (كۆرۆنا) وەك ئامرازێك بۆ تۆڵەسەندنەوە لەیەكتر بەكار دەهێنرێت. هەرم لەم میانەدا هەریەك لە حكومەتەكانی میسرو ڤەنزویللا هەڕەشە و سزای توندیان ئاراستەی هەموو ئەوانە كرد كە دەیانەوێت كۆرۆنا بە سیاسیی بكەن، دەزگا ئەمنیەكانی میسر چاودێرییان خستوەتە سەر تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و سێ چالەكەوانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانیان بەوەی دەنگۆو قسەی هەڵبەستراویان لەسەر ژمارەی توشبوان بە نەخۆشی كۆرۆنا لە میسر بڵاو كردووەتەوە دەستگیر كرد. لە ئیسرائیلیش (نەتانیاهۆ) داوای لە حزبە سیاسیەكان و ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەكەی كرد، پێكەوە هاوپەیمانێتیەك دروست بكەن بۆ ڕووبەرووبونەوەی پەتای (كۆرۆنا). (كۆرۆنا) و جیهانگەرایی و دەوڵەت بڵاوبونەوەی ئەم پەتایە و شوێنەوارەكانی ئەو راستیەشی دوپاتكردەوە، كە لەگەڵ بڵاویی و گەورەیی و هەژمونی كۆمپانیا ئابوریە زەبەلاحەكانی دونیا و لەگەڵ ئەوەی زۆربەی سێكتەرە ئابوریی و خزمەتگوزاریی و تەندروستییەكان لە نێو چنگی كۆمپانیای تایبەت و فرە رەگەزەكانن لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام هێشتا دامەزراوەی دەوڵەت و حكومەت ڕۆڵیان بە بەهێزیی ماوەتەوە، ئەوە حكومەت و دەزگاكانیەتی كە دەتوانێت ڕووبەرووی ئەم جۆرە قەیرانانە ببێتەوە، چەمكەكانی نەمانی دەوڵەت و نەمانی سەروەری وڵاتانی نێو دیاردەی جیهانگەرایی خستە ژێر پرسیارەوە. بەڵام بە دیوێكی تردا بڵاوبونەوی ئەم پەتایە وابەستەیی ئابوری زۆرێك لە وڵاتانی لە كاتی قەیرانەكاندا بۆ وڵاتانی زلهێز دەرخست، ئەمەش ڕێگە خۆشكەرە بۆ ئەوەی وڵاتانی زلهێز زیاتر هەژمون و دەسەڵاتی خۆیان بسەپێنن و ژمارەی وڵاتە وابەستەكان زیاتر بن. دیارە بڵاوبونەوەی ئامرازە میدیاییانەكان و بە تایبەت كەناڵە ئاسامانیەكان و تۆڕی ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و جیهانگەرایی میدیا بە شێوەیەكی گشتی، پاڵپشتێكی گرنگ بوون بۆ ئەوەی ئەم ڕووداوە ببێتە ڕووداوێكی جیهانیی و جگە لەوەی پەتاكە پەیوەستە بە تەندروستی و ژیان و مردنی مرۆڤەكانەوە و بابەتێكی هەستیار و مەترسیدارە لەسەر ئێستا و داهاتوی مرۆڤایەتیی، بەجۆرێك هەندێك لە چاودێران باس لە جیهانی (پێش و پاش كۆرۆنا) دەكەن. لەبەر ئەوەی پەتاكە جیاوازی نەكرد لە نێوان وڵاتانی پێشكەوتوو وڵاتانی دواكەوتوودا، پێیان وایە ئەم پەتایە دەبێتە هۆی پێداچونەوەیەكی ڕیشەیی لە سیاسەتی وڵاتان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان بەشێوەیەكی گشتی. ئەگەر نەڵێین ڤایرۆسەكە و نەخۆشیەكە زیاتر بەرۆكی ئەو وڵاتانانەی گرتەوە كە لە سەر ئاستی جیهاندا بە وڵاتانی پێشكەوتوو ناوزەد دەكرێن، وەك چین و وڵایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و ئەڵمانیا. خاڵێك لێرەدا جێگەی ئاماژە پێكردنە، ئەو مەترسیەیە كە ڕووبەرووی جیهان دەبێتەوە لە حاڵەتی ئەوەی ئەم ڤایرۆسە بكەوێتە دەست ڕێكخراوە تیرۆریستیەكان و وەك چەكێكی قركردن بۆ سەر وڵاتێكی دیاریكراو بەكاری بهێنن. ڕەنگە بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە، بەئاگا هێنانەنەوەیەك بیًت بۆ مرۆڤایەتی و ئەوانەی پێشكەوتنەكانی مرۆڤ و شارستانێتیەكەیان لەلوتكە و بە كۆتایی مێژوو دەبینی، ئەم ڤایرۆسە لاوازی مرۆڤی بەرامبەر هەندێك لە دیاردە سروشتیەكان دەرخست، پەیامێكی دایە سیاسیەكان و زانایان لە سنورداریی توانا و ئیمكانیاتیان لە رووبەرووبونەوەی هەندێك لەو قەیران و هەڕەشانەی ڕووبەرووی شارستانیەتی مرۆڤایەتی دەبێتەوە. كۆرۆنا و نەوت و سیاسەت ئەوەی وەك دیارەدەیەكی ئاشكرا لە بڵاوبونەوەی ئەم ڤایرۆسە لەسەر ئاستی جیهان دەبینرێت، كاریگەریەكانیەتی لەسەر سێكتەری وزەو نرخی نەوت، بەجۆرێك بڵاوبونەوەی (كۆرۆنا) نرخی بەرمیلێك نەوتی گەیاندە نزمترین ئاست، نزیك بوویەوە لە (20$)- نەوتی برینت لە 1/4/2020 بە 21.74% تۆماركراوە-. كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر باری دارایی و ئابووری وڵاتان دروست كردو شەڕەكە بە خەستی لە نێوان (ڕوسیا و سعودیە)دا سەریهەڵدا، كاتێك ڕوسیا ویستی ئەم بارودۆخە بقۆزێتەوە و بوونی خۆی لە بازاڕی نەوتدا بسەلممێنێت و هێڵی بەرهەمهێنانی دەستكاری نەكرد، لەبەرامبەردا سعودیە هەندێ ڕێوشوێنی گرتە بەر كە بوویە هۆی دابەزێنی نرخی نەوت و ئەو ئاسەوارە مەترسیدارانەی كە لەسەر ئابوری جیهانی دروست كرد، هەندێكیش بابەتەكە دەگەڕێننەوە بۆ تیۆری پیلانگێڕیی و سیاسەتی وڵایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بۆ دابەزاندنی نرخی نەوت. دابەزینی نرخی نەوت حكومەت و وڵاتانی زلهێزو خاوەن وزەی ناچار كرد بكەونە گفتوگۆ، لە دواین لێدوانی فەرمیدا حكومەتی سعودیە ڕایگەیاند (دۆناڵًد ترامپ) داوای لە سعودیە كردووە تا سەقامگیریی بگەرێتەوە بۆ بازاری نەوتی جیهانیی بەرهەمهێنانی لە نەوت كەم بكاتەوە، هەرچۆن بێت (كۆرۆنا) شڵەژانێكی خستە نێو بازاڕو نرخی نەوت و كاریگەریی لەسەر پەیوەندیە (ئابوری - سیاسی)یەكانی جیهان دروست كرد. ئەگەر وەك نمونە باس لە عێراق بكەین لەسەر ئەم كاریگەریانە، ئەوا عێراق لە بوودجەی ساڵی 2020 یەك بەرمیل نەوتی بە 56 دۆلار خەمڵاندووە و بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئازار زیاتر لە 105 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە كراوەو هەر بەرمیلێك بەتێكڕا بە 21 دۆلار فرۆشراوە. كۆی داهاتاكەشی نزیكەی سێ ملیار دۆلار بووە. ئەمە لە كاتێكدایە قەبارەی فرۆشتنی نەوتی عێراق لە مانگی شوبات 98 ملیۆن بەرمیل بووە، كۆی داهاتاكەی 5.5 ملیار دۆلار بوو، بودجەی 2020 ی عێراقیش لەسەر بنچینەی نرخی نەوتی 56 دۆلاری ڕێكخراوەو هێشتاش پەسەند نەكراوە، بەڵام دابەزینی نرخی نەوت بۆ ئاستی 20 دۆلار كورتهێنانی بودجە بە ڕادەیەكی بەرچاو بەرز دەكاتەوەو ئاسەوارەكانی لەسەر بواری ئابووری كاریگەریی لەسەر ڕەوشە سیاسیەكە دروست دەكات. (كۆرۆنا) و كەرتی تەندروستی و بزنس لەمەودوا لەپاڵ هێزی سەربازی و هێزی ئابوریی وڵاتاندا، لە داهاتوودا هێز و توانای (تەندروستی)ش دەبێتە پێوەرێك بۆ توانا و هەژموونی وڵاتان، (كۆرۆنا) زۆر بە ڕوونی دەریخست سیستەمی ئابووری و تەندروستیی و پەروەردەیی وڵاتێك دەتوانێت وەك هەڕەشە بۆ ئاسایشی نیشتیمانیی دەركەوێت، دیارە ئەم پەتایە بووە وێناو دەرخەری سیاسەتی تەندروستیی هەندێك وڵات و ڕادەی هەماهەنگیی و لێك تێگەشتنی نێوان دەزگا حكومیەكان لە هەندێ وڵاتدا، (لە نێوان ساڵانی 2000 بۆ 2020 لانی كەم چوار پەتای كوشندەی جیهانیی لەسەر ئاستی جیهان بڵاوبوەتەوە: سارس، مێرس، H1N1و كۆرۆنا)، بۆ نموونە ئیتاڵیا، كە هەندێك لە چاودێران حكومەت و دەزگا پەیوەندیدارەكان بەوە تۆمەتبار دەكەن، كە نەیانتوانی لە ئاستی ڕووداوەكەدابن و هەماهەنگی پێویست نەكراوە بۆ چۆنێتی ڕووبەرووبونەوەی پەتاكە. جگە لەوەی ئەم پەتایە لەرزۆكی و فشۆڵی سیستمی تەندروستی هەندێ وڵاتی گەورە و دەوڵەمەندی دەرخست، بەوەی ئەم سیستمە بەرگەی بارێكی كتوپری لەم شێوەیەی نەگرت و بەپێی هەندێك ڕاپۆرتی تەندروستی جیهانیی بۆ ساڵی 2019 هەموو وڵاتانی جیهان توانای بەرگریی ئەم جۆرە نەخۆشیانەیان زۆر لاوازە و بەشێكی زۆر لە سیستمی تەندروستی تەنها بۆ دەوڵەمەندەكانە و هەژارەكان ناتوانن سوودی لێ وەربگرن. لە لایەكی دیكەوە ئەم پەتایە كێشە و گرفتەكانی نێو وڵاتانی یەكێتی ئەوروپای دەرخست، هەندێك لە وڵاتانی وەك ئیتاڵیا و ئیسپانیا گازەندەیان ئاراستەی یەكێتی ئەوروپا كرد، كە لەم قەیرانەدا وەك پێویست هاوكاری و هەماهەنگیان لەگەڵ نەكردوون و لە نیوەی رێگەكەدا بەجێیان هێشتوون، هەندێك لەو وڵاتانە هەر لە ئێستەوە بیر لەوە دەكەنەوە كە لەو یەكێتیە بكشێنەوە. هەر لەم میانەیەدا شەڕی كۆمپانیاكانی (دەرمان)یش وەك كارتێكی سیاسیی لەسەر ئاستی جیهان خۆی خزاندە نێو باس و خواسی ئەم پەتاو نەخۆشیە و هەندێك تۆمەت دەخەنە پاڵ كۆمپانیاكانی دەرمان و لە پشتیشیانەوە هەندێك لە حكومەتەكان، بەوەی دەیانەوێت پێكوتە و چارەسەری ئەم نەخۆشیە بكەنە فرسەتێكی دەوڵەمەند بوونی زیاتر و بەكارهێنانی وەك كارتی فشاری سیاسی بۆ سەر وڵاتانی تر. خۆ ئەگەر وڵاتێك ئامادە بێت لە ململانێی سیاسیدا مافی ژیان لە هاوڵاتیانی وڵاتێكی دیكە بسەنێتەوە، چەكی كیمیایی و ئەتۆمیی بەرهەم بهێنێت و ئەگەر بیەوێت بەكاری بهێنیت، دوور نیە ڤایرۆسێكیش بۆ هەمان مەبەست بۆ سرینەوەی بەرامبەرەكەی بەكار بهێنێت. مێژوی مرۆڤایەتی و جەنگە جیهانیەكانیش دەیان نمونەی لەم شێوەی لە خۆگرتووە، ئەگەرچی لە بارودۆخی سیستمی ئێستای جیهانیدا بەكارهێنانی ئەو جۆرە چەكانە بەدوور دەزانرێت، بەڵام مەحاڵیش نیە، هەربۆیە نووسەرێك پێی وایە كە پێویستە وڵاتان چاو بە پەیوەندیەكانیان لە بواری سێكتەری سیاسیی و تەندروستیدا بخشێننەوە و (جیهانگەریی تەندروستیی) بۆ بەدەمەوە هاتن و چارەسەركردنی ئەم پەتا جیهانیانە دروست بكەن. (كۆرۆنا)ی گرێدراو بە (سیاسەت) لە هەرێمی كوردستان لێرەدا پێویستە ئاماژە بە تێكەڵبونی ئەم پەتایە بە ململانێكانی نێوان (یەكێتی و پارتی) لە هەرێمی كوردستاندا بكەین، بە جۆرێك هەندێك جار بڵاوكردنەوەی نەخۆشیەكە و ڕێوشوێنەكانی بەرگریی لە نێوان هەردوو دەڤەر، لە زاری بەشێك لە بەرپرسە سیاسەكانەوە دەبیستراو لەڕێگەی كەناڵەكانی راگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە ئەم شەڕە لەسەرەتای بڵاوبونەوەی نەخۆشیەكە گەرم كراو كولتوری دەڤەر و ناوچە و هەژمونی دەسەڵاتی نێوان هەردوو حزب جارێكی تر سەریهەڵدایەوە، (كۆرۆنا) حزبەكانی لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان و پەیوەندی ئاڵۆزی نێوان لایەنەكان و دواكەوتنی موچە هێنایە دەنگ، ( لە دەرنجامی پەتای كۆرۆنا) بەیاننامەیان دەركرد و كەناڵە سیاسیەكانی حزبە سیاسیەكان لە باس و خواسی جموجوڵی سیاسی و گۆڕانگاریە سیاسیەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق و كوردستان، گۆڕرا بە باس و خواس و شرۆڤەكردنی وردەكاریی پەتاكە، جگە لەوەی لێكەوتەكانی پەتاكە تێكەڵ كرا بە ململانێكانی نێوان هێزە نەیارەكانی نێو شاری سلێمانی و تۆمەتباركردنی یەكتر و شەری میدیایی، كار گەشتە باسكردنی نەبونی نەخۆشی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان و سكاڵا تۆمار كردن و تەشەنەكردنی بابەتەكە بۆ شەری میدیایی و گەیاندنی بە دادگاكان. هەروەها حكومەتە هەرێمی كوردستان لە ڕێوشوێنەكانی بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەم نەخۆشیە دەیەوێت بوونی (ئیداریی- سیاسی)یانەی خۆی بسەلمێنێت و وەك بەهانەیەك بۆ دواخستن و دەستكاریكردنی مووچەی كارمەندان بەكاری بهێنێت، ئەمەش بووبە هۆی ئەوەی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستان و حزبەكانی دیكە و ئەندام پەرلەمانەكانی هەرێم لە بەغدا هەڵویستی توند بەرامبەر حكومەت دەرببڕن و بەیاننامە دەربكەن، حكومەت ناچار بكەن لەم بڕیارەی لە بارودۆخی بڵاوبونەوەی نەخۆشی (كۆرۆنا)دا پاشگەز ببێتەوە. دەرەنجام 1ــ (كۆرۆنا) قەیران و ململانێی نێوان وڵاتانی تۆختر كردەوەو ئەم پەتایە تێكەڵ بە سیاسەت كرا، ڕاستی ململانێی نێوان وڵاتانی زلهێزو پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكانی خستە ژێر پرسیارەوە. 2ــ ئەم پەتایە لە لایەن هەندێك هێزی سیاسی و سەركردە سیاسیەكانەوە بەكار دەهێنرێت بۆ تەسفیەی حسابات و تۆڵەكردنەوە لە نەیارە سیاسیەكانیان. 3ــ دامەزراوەی حكومەت ڕۆڵیان بە بەهێزی ماوەتەوە و حكومەت و دەزگاكانیەتی كە دەتوانێت رووبەرووی ئەم جۆرە قەیرانانە ببنەوە، چەمكەكانی نەمانی دەوڵەت و نەمانی سەروەری دەوڵەت كەوتنە ژێر پرسیارەوە. 4ــ پێدەچێت دەرەنجامەكانی ئەم پەتایە ببێتە هۆی پێداچونەوە بە سیاسەتی وڵاتان و ڕێكخراوە نێودەڵەتیەكان و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان بەشێوەیەكی گشتی. 5ــ تیۆری پیلانگێڕیی هێشتا لە نێو شیكردنەوە سیاسیی و ئابوریی و تەنانەت تەندروستیەكاندا حزوری هەیە و كاریگەریی لەسەر هەڵوێستی وڵاتان هەیە. 6ــ رەنگە لەداهاتوودا هێز و توانای (تەندروستیی) ببێتە پێوەرێك بۆ توانا و هەژموونی وڵاتان، سیستمی تەندروستیی دەتوانێت وەك هەڕەشە بۆ ئاسایشی نیشتیمانیی وڵاتێك دەركەوێت. 7ــ هێزەكانی دەسەڵات لە هەرێمی كوردستاندا بە تایبەت (یەكێتی و پارتی)، بڵاوبونەوەی ئەم نەخۆشیەیان كردە دەسكەلایەك بۆ تۆڵەی سیاسی و زیندوكردنەوەی كولتوری ناوچەگەرێتی. ========================= لە نوسینی ئەم شیكاریەدا سوود لەمانەی خوارەوە وەرگیراوە: https://www.aljazeera.net/news/politics/2020/3/12/%D9%83%D9%88%D8 فیروس "كورونا".. سلاح مستجد للفوز بمعارك سیاسیە https://www.shorouknews.com/columns/view.aspx?cdate=14032020&id=30ca750d-de32-4583-aafb-840a155f5adc هل یغیر فیروس كورونا من السیاسە العالمیە؟ https://elaph.com/Web/opinion/2020/03/1285398.html تداعیات فیروس كورونا الجغرافیە – السیاسیە زریان رۆژهەڵاتی، كاریگەریە سیاسی و ئەمنییەكانی كۆرۆنا لەسەر كوردستان، ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو. زانیاریەكان سەبارەت بە نرخی نەوت بە سوپاسەوە لە پسپۆری ئابوری (بیلال سەعید) وەرگیراوە.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف عەدنان زورفی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق لەدوو هێڵەوە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ پارتی، لەگەڵ یەكێتیش هێڵێكی كردوەتەوە، لایەنەكانی تری هەرێمی كوردستان جگە لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی فوئاد حسێنی وەزیری دارایی، هیچ بەرچاوڕونییەكیان نییە، شەڕی ئێرانو ئەمریكا لە دانانی عەدنان زورفی لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا ماڵی شیعەی پەرتكردووە، رەنگە كوردیش بەبێ كێشەی لێی دەرنەچێت، (درەو) لەم راپۆرتەدا وردەكاری دانوستانی لایەنە كوردییەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق بڵاودەكاتەوە. سەرەتای قۆناغێكی نوێ كەمتر لە دوو هەفتە لەبەردەم عەدنان زورفیدا ماوە بۆ ئەوەی كابینەی حكومەتەكەی بخاتەبەردەم پەرلەمان بۆ وەرگرتنی متمانە. زورفی لەسەر پشكی پێكهاتەی شیعەكان راسپێردراوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، ئەمە نەریتێكە لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە 2003وە لە عێراق داكەوتووە، پۆستی سەرۆك وەزیران دەبێت لە دەستی كەسێكی شیعەمەزهەبدا بێت. زورفی شیعەیەكی جیاوازە، ئەو لە بری ئێران وەلائی بۆ ئەمریكا هەیە، دەوترێت ئەمریكا پشتیوانی بەهێزی لێدەكاتو دەیەوێت حكومەتەكەی سەركەوێت، ئەمە وایكردووە زورفی بەلوتبەرزییەوە مامەڵە بكات، ئەوانەی لە نزیكەوە دەیناسن دەڵێن ئێستا تەنانەت ئامادە نییە وەڵامی نامەو پەیوەندی تەلەفۆنی هەموو كەسێك لەناو توێژی سیاسی عێراقدا بداتەوە. لەدوای كوژرانی قاسم سلێمانییەوە ناو ماڵی شیعە لە عێراق بەتەواوەتی پەرتەوازە بوو، ئەمە قۆناغی دوای "حاجی قاسم"ە، نەبوونی كۆدەنگی لەناو شیعەكان بۆ دیاریكردنی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران وایكرد دواجارو بۆ یەكەمجار ئەمریكییەكان بەشێوەیەكی بەهێزتر داخڵی هاوكێشەی سیاسی عێراق ببن، تاران ناتوانێت لایەنە شیعەكان یەكبخات، بەڵام واشنتۆن بۆ سەرخستنی عەدنان زورفی، لایەنگرانی خۆی لە عێراق لەوانە محەمەد حەلبوسی سوننەمەزهەبی سەرۆكی پەرلەمانو هاوپەیمانە كوردەكانو هەندێك لە شیعە دۆستەكانیشی یەكخستووە، ئەمە سەرەتای قۆناغێكی سیاسی نوێ دەبێت لە عێراق ئەگەر ئێران خۆی كۆنەكاتەوە. زورفیو شیعەكان شیعەكان لەسەر عەدنان زورفی ناكۆكن، موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدرو حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر، پشتیوانی لە زورفی دەكەن، شیعەكانی تر یاخود ئەوانەی ناویان لێنراوە "ولائییەكان"و بەتەواوەتی پشتیوانی لە ئێران دەكەن، زورفی بە كاندیدی "دەزگای هەواڵگری ئەمریكا" ناودەبەنو بەتوندی لەدژی راوەستاونەتەوە، ناڕێكی ناوماڵی شیعە وایكردووە هێشتا پێكهاتەكانی تر بەتەواوەتی متمانەیان بە دۆخەكە نییەو ناتوانن بەشێوەیەكی راستەوخۆ دانوستان لەگەڵ زورفی دەستپێبكەن، بەڵام سەرباری ئەمەش ئەوانەی بەدۆستەكانی ئەمریكا ناسراون، تاڕادەیەك قسەی خۆیان لەگەڵ زورفی بڕیوەتەوە. ئیسماعیل قائانی كە شوێنی قاسم سولەیمانی وەكو فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران پڕكردوەتەوە، لەدوای دەستبەكاربوونیەوە لە چەند رۆژی رابردوودا بۆ یەكەمینجار سەردانی عێراقی كرد، قائانی هاتبوو بۆ ئەوەی نێو ماڵی شیعە رێبكخاتەوە، ئەوەی بە ئاشكرا وتیو ویستی لە ژورە تاریكەكان بچێتە دەرەوە ئەوە بوو كە "ئێران قایل نییە بەوەی عەدنان زورفی ببێت بە سەرۆك وەزیرانی عێراق"، بەڵام ئەوەی كە نەیوت ئەوەیە، رەنگە ئێران لە پشتەوە زۆر كێشەی لەگەڵ دانانی زورفیدا نەبێت، بەتایبەتی ئەگەر حكومەتەكەی زورفی وەكو ئەوەی بڕیاری لەسەردراوە بۆ ماوەی یەك ساڵ بەردەوام بێتو سەرباری ئەوە تاران بە دانانی وەزیرە وەلائییەكانی خۆی لە عێراق، حكومەتەكەی زورفی ئابلۆقە بدات تا ئەوكاتەی یەكساڵی تەمەنی خۆی تەواو دەكاتو بارگەو بنەی خۆی دەپێچێتەوەو دەڕوات، بەڵام ئاڵنگارییە گەورەكە بۆ تاران ئەوەیە بۆ یەكەمینجارە لە عێراقی دوای سەددامدا واشنتۆن دەستی باڵای هەیە لە دانانی سەرۆك وەزیرانێكی شیعەمەزهەبدا، ئێرانییەكان ترسیان هەیە ئەمە ببێت بە پێشینەیەكی خراپو دۆسیەی عێراقیان لەدەست دەربچێتو بەغداد بۆ ئەمریكییەكان چۆڵ بكەن. میدیای فەرمی ئێران بەمدواییە یەكێك لە بەڵگەنامە دزەكراوەكانی سایتی ویكیلیكسی بڵاوكردەوە تایبەت بە عەدنان زورفی كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاكانی دەستبەكاربوونی زورفی وەكو پارێزگاری نەجەف، بەپشتبەستن بەو بەڵگەنامەیە زورفییان تۆمەتباركرد بەوەی "پیاوی ئەمریكایە". زورفی لەو سەردەمەی كە پارێزگاری نەجەف بووە، شەڕی لەدژی میلیشیاكانی سوپای مەهدی كردووە كە سەربە موقتەدا سەدر بوون، شیعە وەلائییەكان بەردەوام ئەمە بەبیری موقتەدا سەدردا دەهێننەوە بۆ ئەوەی دەست لە پاڵپشتیكردنی زورفی هەڵگرێت، بەڵام سەدر هێشتا بەروونو راشكاوی دژایەتی خۆی بۆ زورفی رانەگەیاندووەو پاڵپشتی دەكات. ئەمڕۆ هەشت گروپی چەكداری شیعە لەبەیاننامەیەكی هاوبەشدا هەڕەشەیان كرد هێرشبكەنەسەر هێزەكانی ئەمریكا، عەدنان زورفیشیان وەكو كاندیدی دەزگای هەواڵگری ئەمریكا ناوبردوو هۆشدارییان بە پەرلەمانتاراندا دەنگ بە كابینەكەی نەدەن، ئەمانە گروپە چەكدارەكانی لایەنگری ئێران بوون. سوننەكانو عەدنان زورفی لەدوای هەڵبژاردنی وەكو سەرۆكی پەرلەمان، محەمەد حەلبوسی بووە بە ژمارەیەكی گەورەی ناو پێكهاتەی سوننەكان، حەلبوسی پێگەكەی وەكو سەرۆكی پەرلەمانو توانا داراییە بەهێزەكەی لە خزمەتی سیاسەتەكانی خۆیدا بەكاردەهێنێت، ئەو پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ كورد هەیە، یەكێك لەوانە بوو كە توانی شكست بە محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی پێشووی عێراق بهێنێت، ئەو بەپێچەوانەی سەركردەكانی تری سوننە لەدوای روخانی سەددامەوە، زیاتر بەلای كورددا شكاوەتەوەو دەیەوێت كورد بەكاربهێنێت بۆ راستكردنەوەی پێگەی سوننە لە عێراق، لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لێكتێگەیشتنێكی كردو حكومەتی محەمەد تۆفیق عەلاوی لەباربرد، لەگەڵ سەركردەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیشدا پەیوەندی توندوتۆڵی هەیەو ماڵێكیشی لە سلێمانی هەیە. حەلبوسی لەوانەیە پاڵپشتی لە عەدنان زورفی دەكاتو دەیەوێت كابینەكەی سەركەوێت، حەلبوسیو بەرهەم ساڵح، دوو دوانەی سەرۆكایەتین لە عێراق كە ئێرانییەكان پێیانوایە یەكلابونەتەوە بۆ ئەمریكا، لەحاڵێكدا هەردووكیان بەرلەوەی پۆستەكانیان وەربگرن بەڵێنی ئەوەیان بە ئێرانییەكان دابوو پشتیوانی كردنەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بكەن، ئێرانییەكان پێیانوایە هەردووكیان بەڵێنەكەی خۆیان شكاندووە، بەڵام ئیتر ئەمە عێراقی دوای "حاجی قاسم"ەو هاوكێشەكان لە گۆڕانكاریدان. كورد لە كابینەی زورفیدا عەدنان زورفی كاندیدی راسپێدراوی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقە، لە سەرەتاوە پارتی دیموكراتی كوردستان بە دوردونگی تەماشای كاندیدكردنی زورفی كرد، چونكە لەلایەك كاندیدی بەرهەم ساڵح بوو، لەلایەكی تریش ناوماڵی شیعە كۆدەنگ نەبوون لەسەر كاندیدكردنی. زورفی لەدوو رێگەوە خۆی گەیاندە ناو دڵی پارتی، لەلایەك لەرێگەی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقەوە هێڵێكی گەرمی پەیوەندی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردەوەو لەلایەكی تر لەڕێگەی فوئاد حسێنی كۆنەدۆستی خۆی، هێڵێكی تری پەیوەندی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی رێكخست. ئێستا فوئاد حسێن وەزیری دارایی عێراق بە نوێنەرایەتی كورد دانوستان لەگەڵ زورفی دەكات، بە ئاشكرا دووجار لەگەڵ زورفی كۆبووەتەوە، بەڵام ژمارەی گفتوگۆ نائاشكراكانی نازانرێت، لەم سەرەتاوە فوئاد حسێن زەمانەتی ئەوەی لە عەدنان زورفی وەرگرتووە خۆی لە پۆستی وەزارەتی دارایدا بمێنێتەوە، واتە فوئاد حسێن بەر لە كورد، دانوستانی بۆ خۆی كردووەو خۆی زامن كردووە. زورفی تاڕادەیەك پارتی مسۆگەر كردووە، بەمدواییە لەرێگەی محەمەد حەلبوسیو نوێنەرێكی یەكێتییەوە لە بەغداد هێڵێكی پەیوەندی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی كردەوە، لاهور شێخ جەنگی بەدۆستەكانی ئەمریكا لەناو یەكێتی تەماشا دەكرێت، بەڵام كێشەكە ئەوەیە هاوسەرۆكەكەی تر كە بافڵ تاڵەبانییە بەدۆستی ئێرانییەكان ئەژماردەكرێتو تاران دەتوانێت كاریگەری لەسەر دابنێت، هێشتا سەرەتای گەمەكەیە، بەڵام رەنگە لە كۆتایدا زورفی یەكێتی بەسەر دووبەرەی لاهورو بافڵدا دابەشبكات. لاهور شێخ جەنگی كە ئێستا دانوستانی لەگەڵ زورفیدا دەستپێكردووە، دەیەوێت ئەمجارە یەكێتی بەجیا بچێتە ناو دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی عێراقەوە، هەندێك لە یەكێتییەكان دەڵێن لە دانوستانەكانی پێشوودا مەسعود بارزانی خۆی كردووە بە خاوەنی دەستكەوتەكان، لەكاتێكدا ئەوانیش پاڵپشت بوون. بەڵام رەنگە ئەمریكییەكان لەدوا ساتەكاندا یەكێتیو پارتی لەسەر پشتیوانی لە عەدنان زورفی یەكبخەن، هەڵبەت ئەگەر ئێرانییەكان پێشوەختە كاری خۆیان لەسەر بەشەكەی تری یەكێتی نەكردبێت. لەنێوەندی پارتیو یەكێتیدا، پارتە سیاسییەكانی تری هەرێمی كوردستان دۆشداماون، چاوەڕوانی یەكلابونەوەی هەڵوێستەكان دەكەن. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە چەند رۆژی رابردوودا فوئاد حسێن بە تەلەفۆن قسەی كردووە لەگەڵ جەلال جەوهەر ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕانو لەبری عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە كە ئێستا لە دەرەوەی وڵاتە، هاوكات قسەی لەگەڵ عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیو سەلاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كردووە، وردەكاری ناوەڕۆكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە نازانرێت، بەڵام ئەوەی كە دەزانرێت ئەوەیە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان پەیوەندیداربوون بە دۆسیەی عەدنان زورفی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق. جەمال كۆچەری ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) وتی:" ئەو وەفدەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كە بۆ دانوستان لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی دروستكراوە وەكو خۆی ماوەو یەكگرتوو دەیەوێت لەچوارچێوەی وەفدی لایەنە كوردستانییەكان بەشداری دانوستان لەگەڵ عەدنان زورفی بكات". بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامیو یەكگرتووی ئیسلامی سەرباری ئەوەی هەندێك لە نوێنەرەكانیان لە پەرلەمانی عێراق دژی ئەوەبوون لەگەڵ پارتیو یەكێتی بەشداری دانوستان بكەن، بەڵام دواجار حزبەكانیان بە هاوبەشی لەگەڵ پارتیو یەكێتی بەشداری دانوستان لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی كرد، چاوەڕوان دەكرێت بۆ دانوستان لەگەڵ عەدنان زورفی هەمان سیناریۆ دووبارە ببێتەوە. زورفی دركی بەوە كردووە، هەندێك لە نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عێراق پابەند نابن بە بڕیاری سیاسی وەفدی لایەنە كوردییەكان، بۆیە بەپێی زانیارییەكانی (درەو) هەوڵیداوە هێڵێكی دانوستان لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە ناڕازییانە بكاتەوەو ئەوانیش بخاتە ناو بازنەكەی خۆیەوە، بەڵام تائیستا بەهۆی دۆحی كوروناوە هیچ كۆبونەوەیەكی فەرمی لەگەڵدا نەكردوون. لەنێوان پارتیو یەكێتیو بڕیاری پارتە سیاسییەكانی خۆیاندا، هەندێك لە نوێنەرانی كورد بەتایبەتی لە فراكسیۆنەكانی گۆڕانو كۆمەڵو یەكگرتوو هەروەها پەرلەمانتارە جیابووەوەكانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ سەرگەردان بوونو دەیانەوێت لەسەر بنەمای بەرنامەی حكومەتەكەی دەنگ بە كابینەكەی زورفی بدەن یاخود رەتی بكەنەوە.
راپۆرتی: درەو بەرەی ڕەتكەرەوەی (عەدنان زورفی) گرەو لەسەر نەگۆڕیی نەریتی سیاسی دەكەن لەعێراق، ئەو نەریتەی پایەكی گرنگی پشكێنەیەو پرۆسەی سیاسی لەسەر بنیاتنراوە. ئەوان لەو بڕوایەدان كوردو سوننە سەركێشی شكاندنی ناكەنو خۆیان ناكەن بە بەشێك لەكێشەكانی ناوماڵی شیعە، وێڕایی فشاری ژێر بەژێری تاران كە بەردەوام كاریگەری هەبووە لەیەكلاكردنەوەی هاوكێشە سیاسییەكانی عێراق. لەبەرامبەردا (زورفی)یش، هاوشانی پشتیوانیكردنی لەلایەن هەندێك لەهێزە شیعییەكانەوە، گرەو لەسەر هاوڕێیەتیو نزیكایەتی دەكات لەپەرلەمانتاران، بەوپێیەی خۆی پەرلەمانتارەو پەیوەندییەكی باشی هەیە لەگەڵ زۆرێكیان، ئەوەش وەك دەوترێت ڕۆڵی دیارهەبووەو، توانیویەتی قەناعەت بە هەندێكیان بكات، تەنانەت بە پێچەوانەی ڕای هێزە سیاسییەكانیشیان متمانەی پێدەن. وێڕایی بەردەوامی ناكۆكییەكانو شكستهێنانی هەوڵەكانی بۆ ڕازیكردنی ئەو هێزە سیاسییانەی ڕاسپاردنی ڕەتدەكەنەوەو، پێش تەواوبوونی ئەو مۆڵەتە دەستورییەی لەبەردەمیدایە بۆ پێشكەشەكردنی كابینەی حكومەتەكەی كە كەمتر لە دوو هەفتەی ماوە، ئەمڕۆ (عەدنان زورفی) سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو پرۆگرامی حكومەتەكەی پێشكەش بە پەرلەمانی عێراق كرد. پرۆگرامی زورفی پرۆگرامی حكومەتەكەی زورفی كۆمەڵێك خاڵو بڕگەی گرنگی تێدایە بۆ ئەم قۆناغەی ئێستای عێراق كە دیارترینیان ئەمان: + ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لەماوەیەك كە سالێك تێپەڕنەكات. + پاراستنی خۆپیشاندەرانو جێبەجێكردنی داواكارییە ڕەواكانیانو لێپرسینەوە لەبكوژانی خۆپیشاندەرانو هێزە ئەمنییەكانو ڕادەستكردنیان بە دادگا. + ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناو تەرخانكردنی بودجەیەكی گونجاو بۆ بنبڕكردنی. + پەلەكردن لە تەواوكردنی پرۆژە یاسای بودجەی 2020و تێپەڕاندنی لەپەرلەمان. + كەمكردنەوەی خەرجییە ناپێویستەكان بۆ چارەسەكردنی كورتهێنانی دارایی كە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە ڕووبەڕووی عێراق بووەتەوە. + هێشتنەوەی چەك لەدەستی دەوڵەتو كردنەدەرەوەی هێزی چەكدار لەشارەكانو كۆتایهێنان بە دیاردەی چەكداری تێیاندا. + چارەسەركردنی دۆسیەی ئاوارەكانو كاركردن بۆ گێڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان. + ئەنجامدانی چاكسازی لەوەزارەتو دامەزراوەكانی حكومەت. + زورفی ئەمجارە حەشدی شەعبی لەبیرنەكردو، لە پرۆگرامی حكومەتەكەیدا جۆرێك لەدڵنیای دانێو بەڵێندا، هەوڵ بۆ بەهێزكردنی تواناكانیان بداتو، ڕێگە بگرێت لەهەر كردنە ئامانجێكی دەرەكی عێراق. تۆپەكەی هەڵدایە پەرلەمان بەگوێرەی سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەكانی عێراق، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بەنیازە داوا لەپەرلەمانی پەرلەمان بكات لەچەند ڕۆژی داهاتوودا كۆبونەوەیەك ڕێكبخات بەمەبەستی دەنگدان لەسەر حكومەتەكەی. گرەوی (زورفی) لەسەر كۆكردنەوەی زۆرترین پەرلەمانتارە لەو كوتلانەی كە ڕاسپاردنی ڕەتدەكەنەوە، بەوپێیەی خۆی پەرلەمانتارەو هاوڕێیەكی نزیكیانە. نوسینگەی (محەمەد حەلبوسی) سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لەبەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ شەممە سەرۆكی پەرلەمان كارنامەی وزاری سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی بەدەست گەیشتوووە. زۆرینەی پێویستی كۆكردووەتەوە (نەدا شاكر جەودەت) پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "نەسر" كە كوتلەكەی(زورفی)یە لەپەرلەمان، لەلێدوانێكدا بۆ سایتی "بەغداد ئەلیەوم" ڕایگەیاندووە: زورفی توانیویەتی زۆرینەی پەرلەمان بەدەستبهێنێتو، پێشبینی دەكەن لەم هەفتەیەدا پەرلەمان كۆببێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر كابینەی حكومەتەكەی. لای خۆیەوە، بەها ئەعرەجی جێگری سەرۆك وەزیرانی پێشوی عێراق لەتویتێكدا دەڵێت: ئاماژە نوێكان دەریدەخەن، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو زۆرینەی پێویست بۆ تێپەڕاندنی كابینەی بەدەست دەهێنێت هەر كات ئەنجومەنی نوێنەران توانی دانیشتنێكی تایبەت بۆ پێدانی متمانە بە حكومەت ڕێكبخات لەماوەی دەستوریی دیاریكراودا. ئاماژەی بەوەشداوە: هەندێك لەو كوتلانەی لەچوارچێوەی ئەو هاوپەیمانێتیانەن كە ڕاسپاردنی (زورفی) ڕەتدەكەنەوە، دانوستانكاری لاوەكی دەنێرێن بۆ زانینی پشكیان لەحكومەتی داهاتوو. بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان ئەوەی وایكردووە، (زورفی) بەو شێوە چاوەڕواننەكراوە بەرنامەی حكومەتەكەی ڕەوانەی پەرلەمان بكات، دوو هۆكارن: یەكەمیان: جوڵاندنی پرسی نایاسایبونی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بەڕاسپاردنی (زورفی)لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی دوێنێ هەینی سەرۆكایەتی كۆمار مەرسومی دامەزراندنی ئەو دادوەرەی كشاندەوە كە نیسابی یاسایی بڕیارەكەی دادگای تەواوكرد. دووەمیشیان: دەنگۆی بەهێز هەیە (ئیسماعیل قائانی) فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران لەسەردانەكەی چەند ڕۆژی ڕابردوویدا بۆ بەغدادو كۆبونەوەی لەگەڵ هێزە شیعییەكان سەركەوتوو نەبووەو نەیتوانیوە هەڵوێستی هێزە شیعییەكان یەكبخات، ئەمەش گوڕێكی باشیداوە بە (زورفی) بۆ جوڵەكردنو دەرفەتی تێپەڕاندنی حكومەتەكەی زیاتر كردووە. لەلایەكی ترەوە زورفی پشتیوانی ئەمریكای بۆ خۆی مسۆگەركردووەو ئەمریكا دەیەوێت كابینەكەی زورفی تێپەڕێت و كۆتایی بە پرسی كابینەی نوێی حكومەت بهێنێت و لەوێوە عێراق لە چنگی ئێران دەربهێنێت گرەوەكە لەسەر هەڵوێستی كوردو سونەیە ئەوە لەكاتێكدایە، هێزە نزیكەكانی ئێران، بەدیاریكراوی هاوپەیمانی"فەتح"و"ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا" تائێستا بەتوندی دژی ڕاسپاردنی (زورفی)ینو، پێداگریدەكەن لەسەر كشانەوەی یان شكستپێهێنانی لەپەرلەمان. (عامر فایز) پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "فەتح" ئەمڕۆ شەممە لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە: كوتلە شیعییەكان دابەشبوون لەنێوان ڕەتكردنەوەو پەسەندكردنی ( زورفی)، ئەو دابەشبوونەش دیمەنەكە ئاڵۆزتر دەكاتو تێپەڕاندنی كابینەی (زورفی) قورس دەكات، ئەگەر ئەوە بەهەند وەربگرین كە كوتلە سونییو كوردییەكان پێشێلی عورفی سیاسی قبوڵنەكەن، كە تەئكید لەسەر پێویستی ناونانی سەرۆك وەزیران دەكات لەلایەن گەورەترین كوتلەی پەرلەمانەوە. گروپە چەكدارەكان هەڕەشە دەكەن هەر لەچوارچێوەی ململانێكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقدا، 8 گروپی چەكدار ( عەسائیبی ئەهلی حەق، كەتائیبی سەید ئەلشوهەدا، حەرەكەی ئەوفیا، حەرەكەی جوندولئیمام، حەرەكەی نوجەبا، كەتائیبی ئیمام عەلی، سەرایای عاشورا، سەرایای خۆراسانی) كە خۆیان بە بەرەی (مقاوەمە) ناوبردووە لەبەیاننامەیەكی هاوبەشدا، (عەدنان زورفی)یان بە بەكرێگیراو و، كاندیدی دەزگای هەواڵگری ئەمریكا ناوبردووەو، بەهەموو شێوەیەك تێپەڕاندنیانی حومەتەكەیان ڕەتكردووەتەوە، هۆشداریشیان داوە بە سەرۆك كۆماری عێراق بەوپێیەی بەراسپاردنی ناوبراو پێشێلی داواكاری خۆپیشاندەرانو ڕێنماییەكانی مەرجەعەیەتی كردووەو، ئاشتی كۆمەڵایەتی خستووەتە مەترسییەوە. هاوكات ئیدانەی ئەو پەرلەمانتارانەشیان كردووە كە پشتیوانی (زورفی) دەكەن، بەپێویستیان زانیوە داوای لێبوردن بكەن لەو هەڵەیەی كردوویانە.
راپۆرتی: درەو چاوەڕواندەكرێت لەچەند كاتژمێری داهاتوودا هەموو ڕیسە سیاسییەكە لەعێراق ببێتەوە بەخوریو ململانێكان بگەڕێنەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم. ڕۆژی هەینی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق بڕیاریدا بەكشاندنەوەی مەرسومی سەرۆكایەتی تایبەت بەدامەزراندنی دادوەر (محەمەد كوبەیسی) وەك ئەندامێكی ڕەسەن لەدادگای باڵای فیدراڵی عێراق. كشاندنەوەی مەرسومەكە لەسەر بنەمای پەسەندكردنی دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی بوو لەسەر بڕیارێكی دادگای بەرایی كەرخ كە فەرمانیدا بەنادەستوری بوونی مەرسومەكەی سەرۆكایەتی كۆمار، ئەوەش دوای ئەوەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری نامەیەكی ئاراستەی سەرۆكایەتی كۆمار كرد. لەبەیاننامەكەدا،كە ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بڵاویكردووەتەوە، هاتووە: جارێكی تر ئەنجومەنی باڵای دادوەری داوا لەئەنجومەنی نوێنەران دەكات بۆ پەلەكردن لە دارشتنی دەقێكی جێگرەوە بۆ چارەسەكردنی بۆشایی دەستوریو یاسایی بەهۆی نەبوونی دادگایەك نیسابی یاسای تەواوبێت، پەنای بۆ ببرێت لە ململانێ دەستوریو یاساییەكاندا. نیساب تەواو نەبووە بەپێی مادەی 3 لەیاسای ژمارە 30 ساڵی 2005 نیسابی یاسایی بۆ بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بە 9دادوەر تەواودەبێت، بەڵام بەكشاندنەوەی مەرسومی دامەزراندنی ئەو دادوەرە، نیسابی یاسایی لە یاسایبونی ڕاسپاردنی (عەدنان زورفی) لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراقەوە كێشەی تێدەكەوێت. (بەرهەم ساڵح ) سەرۆك كۆماری عێراق، پێش ئەوەی (عەدنان زورفی) بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ ڕابسپێرێت، ڕۆژی 16/3/2020 نامەیەكی ئاراستەی دادگای باڵای فیدراڵی كرد، سەبارەت بە یاسایی بوونی ئەو هەنگاوەی ناویەتی كە بەبێ گەڕانەوە بۆ هێزە سیاسییەكان (زورفی) ڕاسپاردووە، لەبەرامبەردا دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بە بڕیارێك وەڵامی سەرۆك كۆماری دایەوە كە ئەوە لەدەسەڵاتەكانی خۆیەتیو هیچ پێشێلكارییەكەی یاسایی تێدانییە. سەرۆك كۆمار ناچارە پاشگەزبێتەوە بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق كە ڕۆژی 17ی مانگی ئازاری ڕابردوو دەرچوو، ئیمزای 9 دادوەری لەسەربوو، یەكێك لەو دادوەرانە (محەمەد كوبەیسی)بوو، كە سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لەئێستادا مەرسومی دامەزراندنەكەی كشاندووەتەوە، كێشەكە لێرەوە دەستپێدەكات. بەوپێیەی كێشەی یاسایی بۆ مەرسومی ڕاسپاردنی (زورفی) دروستدەكاتو ڕەنگە لەچەند كاتژمێری داهاتوودا سەرۆك كۆماری عێراق ناچاربێت مەرسومی ڕاسپاردنی (زورفی)یش بكشێنێتەوە. پێشتریش، بڕیارەكە مشتومڕێكی توندی دروستكرد لەنێوان دادگای باڵای فیدراڵیو ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، (فائق زێدان) سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری ڕایگەیاند: مافی ڕاسپاردنی كاندید بەبێ ڕەزامەندی ئەو كوتلەیەی كاندیدی كردووە، بەهیچ جۆرێك ناگوێزرێتەوە بۆ سەرۆك كۆمار، چونكە ئەو شرۆڤەیە هەڵەیە بەتایبەت لەدادگایەكەوە دەرچووە، كە نیسابی یاسایی تەواو نییە. نەیارەكانی زورفی هەڕەشە دەكەن (محەمەد غەبان) سەرۆكی كوتلەی "فەتح" لەپەرلەمانی عێراق، لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك هۆشداریداوەتە (بەرهەم ساڵح) و دەڵێت:"ئەگەر سەرۆك كۆمار مەرسومی ڕاسپاردنی عەدنان زورفی نەكشێنێتەوە ناچار دەبین بە ئاشكراكردنو خستنەڕووی ئەو بەڵگەنامانەی دەریدەخات دەستور پێشێلكراوەو بەتاڵی پرۆسەی ڕاسپاردنەكە دەسەلمێنێت". پێشتریش (غەبان) ئاماژەی بە بڕیاری دەستەی گشتی دادگای تەمیزی فیدراڵی كردبوو لە 17/3/2020و، پاڵپشت بەو بنەما یاساییەی دەڵێت، ئەوەی لەسەر بەتاڵ بنیاتبنرێت بەتاڵە، داوای لەسەرۆك كۆمار كرد مەرسومی تایبەت بە ڕاسپاردنی (عەدنان زورفی) هەڵبوەشێنێتەوە، ئاماژەی بەوەشكردبوو، هەر هەوڵێك بۆ خۆدزینەوە لەو بڕیارە تێناپەڕێو بەپێچەوانەی ئەوە پێشێلكارییە دەستورییەكان ئاشكرادەكەن كە لەو ڕێیەوە پرۆسەی ڕاسپاردنەكە ئەنجامدراوە. لێكەوتەكانی كشانەوەی مەرسومەكە (عەدنان شەریفی) پسپۆڕی یاسایی لەلێدوانێكدا بۆ پێگەی "موازین" دیارترین لێكەوتەكانی كشاندنەوەی مەرسومی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق تایبەت بەدامەزاردنی ئەو دادوەرە وەك ئەندامێكی ڕەسەن لەدادگای فیدراڵی لەچەند خاڵێكدا دەستنیشانكردووە: 1-وەستانی تەواوەتی دادگای فیدراڵی لە ئەنجامدانی كارەكانی بەوپێیەی دوای كشانەوەی مەرسومی سەرۆكایەتی كۆمار نیسابی یاسایی دادگاكە تەواونابێت بۆ بڕیاردان. 2- سەرۆكایەتی كۆمار وەڵامی بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵیو نامەكەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری داوەتەوە كە بڕیاری دامەزراندنی دادوەر (محەمەد كوبەیسی) بە نایاسایی داناوە، بەوپێیەی ئەو دادوەرە ڕەوانەی خانەنشینی كراوەو مافەكانی تایبەت بە خانەنشینی وەرگرتووە، بەوەش هەر بڕیارێك كە لەدادگای فیدراڵییەوە دەرچووە بە بەتاڵ ئەژمار دەكرێت. 3- لەسەر ئەوبنەمایەش بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی كە دەسەڵاتی داوە بە سەرۆك كۆمار بۆ ڕاسپاردنی كەسایەتییەك بۆ پێكهێنانی حكومەت نایاساییەوەو، ڕەنگە ناچاربێت پەنا بۆ كشاندنەوەی ڕاسپاردنەكەی بەرێت. 4- دەسەڵاتی دادوەری لەحاڵەتی بۆشایی دەستوریدایەو پێویستە لەسەر ئەنجومەنی نوێنەران یاسایەكی جێگرەوە بۆ مادەی 3 لەیاسای دادگای فیدراڵی دەربكات كە دادگا هەڵیوەشاندەوە بەهۆی نادەستوری بوونی، كە مافی خۆ كاندیدكردنی بۆ ئەندامێتی دادگاكە داوە بە ئەنجومەنی باڵای دادوەریو پەسەندكردنی لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە. 5- ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەتوانێت چارەسەری ئەو كێشەیەبكاتو وڵات ڕزگاربكات لەو بۆشاییە مەترسیدارە بە دەركردنی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینكردنی ئەو دادوەرە لەسەر داوای دادگای فیدراڵی بەوپێیەی دادوەری یەدەگەو بەوپێیەش دەبێت هەموو ئەو پاداشتانەی كۆتایی خزمەت وەریگرتووە بیگێڕێتەوە، چونكە یاسای دادگای فیدراڵی تەمەنی ئەندامانی دادگاكەی دیارینەكردووە. بە بۆچوونی ئاگایانی دۆخی عێراق، سیناریۆی نزیك ئەوەیە، بەمنزیكانە هەندێك هێزی سیاسی لەدادگای بەرایی سكاڵایەك تۆماردەكەن لەسەر ئەو بنەمایەی ئەو مەرسومەی (زروفی)لەسەر ڕاسپێردراوە، لەئاكامی بڕیارێكی پێچەوانەی یاسا سەرچاوەی گرتووە لە دادگای فیدراڵی بەهۆی تەواونەبوونی نیسابی یاسایی. دادگای بەرایی_یش بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مەرسومی ڕاسپاردنی (زورفی) دەردەكات، سەرۆك كۆماریش بەناچاری مەرسومی ڕاسپاردنی (زورفی) دەكشێنێتەوە، بەوەش هەنگاوە سیاسییەكان دەگەڕێنەوە چوارگۆشەی یەكەمو، جارێكی تر ڕاسپاردنی كاندیدو پرسی گەورەترین كوتلە دێتەوە پێشەوە.
راپۆرتی: درەو راپۆرتێكی نهێنی ئەنجومەنی وەزیرانی ئاماژە بەوە دەكات بەهیچ شێوەیەك باسی كەمكردنەوەی موچە نەكرێت و دابەشكردنی موچە لە رۆژ45 تا 60 رۆژ دوابخرێت، لەبەر ئەوەی داهاتی مانگی چوار تەنها (520ملیۆن) دۆلارەو (419) ملیۆن دۆلار لەدەستدراوە. بەپێی پەیپەرێكی ئامادەكراوی كە لەلایەن تیمێكی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئامادەكراوەو ناوەڕۆكەكەی لەبەردەستی (درەو)دایە، كۆمەڵێك پێشنیاز دەخاتە بەردەست حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دەرباز بوون لەو بارودۆخەكەی كە ئێستا روبەروی حكومەت بۆتەوە بەتایبەتیش بۆ موچەی مانگی داهاتوو كە لە ناوەڕاستی مانگی چواردا دابەشدەكرێت. پەیپەرەكە باس لە داهاتی خەمڵێنراوی مانگی چوار دەكات كە لە كۆی ( 939) ملیۆن دۆلارەوە بۆ (520 ملیۆن) دۆلار كەمیكردەوە كە بەم شێوەیەیە:. - داهاتی نەوتی هەرێم كە رۆژانە ( 435) هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكرێت و داهاتی مانگێكی فرۆشی نەوت بە (20)دۆلار بۆ هەربەرمیلێك دەكاتە ( 261 ملیۆن) دۆلار، لەم بڕە: - 60 ملیۆن دۆلار بۆ كۆمپانیای رۆز نەفت - 30 ملیۆن دۆلار بۆ توركیا مافی گواستنەوەی نەوت - 50 ملیۆن دۆلار بۆ قەرزی توركیا - 120 ملیۆن دۆلار دەمێنێتەوە كە (50%) بۆ كۆمپانیای بەرهەمهێن دەچێت كەواتا هەرێم لە مانگی (4) تەنها (60 ملیۆن) دۆلاری بۆ دەمێنێتەوە لە فرۆشی نەوتی هەرێم. - داهاتی ناوخۆ بەپێی خەمڵاندنی وەزارەتی دارایی بۆ مانگی (4) تەنها (60ملیۆن) دۆلار دەرێت - ئەگەر بەغداد بۆ مانگی (4) پارە وەكو خۆی بنێرێت (383 ملیۆن) دۆلار. - 17 ملیۆن دۆلار هاوكاری هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی - كۆی گشتی داهاتی خەمڵێنراو بۆ مانگی (4) دەكاتە (520 ملیۆن) دۆلار. - ئەگەر بەراوردی داهاتی مانگی (1) بە مانگی (4 ) بكەین لە داهاتی ناوخۆ و فرۆشی نەوتی هەرێم (419ملیۆن) دۆلار لەدەستدراوە. پێشنیاز بۆ موچەی مانگی چوار (كە موچەی مانگی یەكە): لیژنە باڵاكەی ئەنجومەنی وەزیران پێشنیازی كردووە كە لە مانگی (4) كە داهاتی گشتی (520) ملیۆن دۆلار دەبێت(475 ملیۆن) دۆلاری بۆ موچە تەرخانبكرێت كە خۆی پێویستی بە(755 ملیۆن) دۆلار هەیە و (45 ملیۆن) دۆلاریش بۆ میزانیەی تەشغیلی بێت. لیژنەكە 3 پێشنیازی كردووە:- پێشنیازی یەكەم: بەهیچ شێوەیەك باسی كەمكردنەوەی موچە نەكرێت ( بۆیە لە راگەیەنراوەكەی ئەنجومەنی وەزیراندا باس لەوە كرایە كە دەستكاری موچە ناكرێت) چونكە یاسای چاكسازی ئامادە نیەو پارەیەكی زۆریشمان بۆ ناگەڕێتەوەو موچە لە ماوەی (30 )رۆژدا دابەش نەكرێت بەڵكو (45) رۆژ یان (60) رۆژ جارێك بێت پێشنیازی دووەم: ئێمە مانگانە پێویستمان بە (755 ملیۆن) دۆلار هەیە بۆ موچە بەڵام ئێستا (475 ملیۆن) دۆلارمان بۆ دابیندەكرێت كەواتە دەبێت (279 ملیۆن) دۆلار كەمبكرێتەوە لە موچەی مانگی (4) كە دەكاتە (37%)ی كۆی گشتی موچە وە دیاری بكەین زۆترین موچە (3) ملیۆن دینار بێت و كەمترین موچەش (250 هەزار) دینار بێت لە شارستانی سەربازی ەوە موچەی خانەنشینی (60 ) رۆژ جارێك موچەیان پێبردرێت چونكە ناتوانین بە پێی یاسا موچەكانیان كەمبكەینەوە. پێشنیازی سێیەم: - هەموو (30) رۆژ جارێك موچە بدەین بەم شێوەیە: - یەكەم: تەواوی موچەی بنەڕەتی (50%)ی دەرماڵەی بنەرەتی و خێزان و منداڵ بدەین - دووەم: (50%) دەرماڵەی ترسناكی بۆ ئەو كەسانەی كە بەكردەیی لە كەرتی سەربازی و ئەمنی كاردەكەن بدەین
راپۆرتی: درەو زیاد لەهۆكارێك وادەكەن ترس لەڕوودانی كودەتای سەربازی لەعێراق گریمانەیەكی واقیعیو چاوەڕوانكراو بێت نیگەرانیی بەردەوامی ئەمریكا لەهەژموونی ئێران لەعێراق و ئەو جەنگە كراوەیەی واشنتۆن لەگەڵ گروپە چەكدارەكانی شیعە لەعێراق لەسەرەتای ئەمساڵەوە دەستیپێكردووە، چۆڵكردنی چەند بنكەیەكی سەربازیو، كۆكردنەوەی هێزەكانی لەدوو بنكەی سەربازی(حەریرو عەین ئەسەد)و بەهێزكردنی ڕێوشوێنە ئەمنییەكانو دانانی سیستمی بەرگری پاتریۆت لێیان، گیرۆدەبوونی تاران بە پەتای كۆرۆنا، ڕاسپاردنی كەسێك بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ لەعێراق لەدەرەوەی خواستی هێزەكانی نزیك لەتاران، كۆمەڵە ئاماژەیەكن بۆ ئەگەری رودانی كودەتا لە عێراقدا. كودەتای سەربازی یەكێك بوو لەو كارتە بەهێزانەی ئەمریكا لەسەروبەندی هەوڵەكانی بۆ ڕووخاندنی رژێمی پێشوو كاری لەسەر دەكرد، ئامانجی واشنتۆن لەوكاتەدا هاندانی فەرماندەكانی سوپای عێراق بوو بۆ ئەنجامدانی كودەتا بەسەر رژێمی (سەدام حسێن)دا، بەڵام هەوڵەكانی شكستهێناو، سەرەنجام لەڕێی هێزەوە ئەوكارەی كرد. لێروە بەدواوە، بڕوای باو كودەتای وەك زۆرێك لەڕووداوە خوێناوییەكانی تری لەعێراق كرد بە بەشێك لەمێژوو. دیموكراسیو بەشداری پێكهاتە جیاوازەكان لەناوەندی بڕیاری سیاسی، كۆتایهاتنی سەردەمی تاكحزبیو دابەشبوونی هێز بەسەر كۆمەڵێك ناوەندی جیاواز، ئەو قەناعەتەی تۆخكردەوە كە عێراق سەردەمی كوەدەتای تێپەڕاند. بەڵام زۆری پێنەچوو ترس لەكودەتا هاتەوە ناو فەرهەنگی سیاسیو، ئەمریكاو سیاسییەكانی عێراق چی وەك ترسێكی جدیو، هەمیش وەك كارتی سیاسی بەكاریانهێنا. كودەتا وەك كارتی فشار لەسەردەمی (نوری مالیكی)داو، بە دیاریكراوی ساڵی 2008 ترس لەئەگەری ڕوودانی كودەتا لەعێراق وەك مەترسییەكی جدی هاتەوە بەرباس، ژمارەیەك لەسەركردە عێراقییەكان لەوانە(عادل عەبدولمەهدی، مەسعود بارزانی، ئەحمەد چەلەبی) وەك ئەگەرێكی چاوەڕوانكراو ئاماژەیان پێدا. ئەمریكییەكان لەو سەردەمەدا ڕۆڵی دیاریان گێڕا لەگەورەكردنی مەترسی ڕوودانی كودەتا لەعێراق، ئەوەش زیاتر بۆ دروستكردنی فشار بوو لەسەر حكومەتی (نوری مالیكی) بۆ ئیمزاكردنی ڕێككەوتنی ئەمنیی لەگەڵ واشنتۆن بەو مەرجانەی خوازیاریبوون. ململانێكانی ناو هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەش لەوكاتەدا ڕێگەخۆشكەر بوو بۆ قسەكردن لەئەگەری ڕوودانی كودەتا، بەپاساوی شكستهێنانی دەسەڵات لەعێراقو، بەبنبەست گەیشتنی پرۆسەی سیاسی. هەرێمی كوردستانیش لەوكاتەدا لەگەڵ حكومەتەكەی (نوری مالیكی) لەكێشمەكێشدا بوونو، سوپای عێراق پرۆسەی سەربازی (هەڵمەتی سوارچاكان)ی ، لەناوچەكانی ناوەڕاستو باشوری عێراق دەستپێكردبوو، لەگەڵ هێزی پێشمەرگەش ڕووبەڕوو وەستابوون، بۆیە وروژاندنی ئەو پرسە لەوكاتەدا بایەخی خۆی هەبوو. دوای ڕەوینەوەی دۆخەكە، باسكردن لە كودەتا لەعێراق وەك سیناریۆیەك لێكدرایەوە بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتی سیاسی، ئەمریكا ئەوەی ویستی بەدەستیهێناو ڕێككەوتنەكەی بەمەرجەكانی خۆی تێپەڕاند. سیاسییەكانی عێراقیش هەریەكەو بەجۆرێك توانیان پێگەی خۆیانو ئاراستە سیاسییەكان لەململانێكاندا بەهێزبكەن، بەڵام ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیع لەئارادا نەبوو، یان دواتر دەنگی نەما، ئەگەری ڕوودانی كودەتا بوو لەعێراق!. تاران وروژاندویەتی ئێستا جارێكی تر ئەم مەسەلەیە هاتووتەوە بەرباس، بەڵام ئەوەی ئەمجارە پركەسەی وروژاندووە نە ئەمریكایەو نە سیاسییەكانی عێراقن، بەڵكو دەزگا هەواڵگریو ئەمنییەكانی ئێرانن، كە بەوتەی خۆیان زانیاری وردیان لەسەر جموجۆڵەكانی واشنتۆن لەعێراق دەستكەوتوەو، كودەتای سەربازی وەك ئەگەرێكی نزیكو چاوەڕوانكراو بۆ هەڵگێڕانەوەی سیستمی حوكم لەعێراق لەئارادایە. بەرپرسانی ئێران دەڵێن، واشنتۆن سەرقاڵیی تارانی بە پەتای كۆرۆنا قۆستوەتەوەو دەیەوێت دەسەڵات لەبەرژوەندی خۆی بگۆڕێت لەعێراق. ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ ڕاسپاردنی (عەدنان زورفی) بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ لەعێراق كەهێزەكانی نزیك لە ئێران بەچاوی ترسو گومانەوە لێیدەڕوانن. ڕۆژنامەی "ئەلجەریدە"ی كوەیتی ڕۆژی 22 مانگی ئازاری ڕابردوو لەزاری سەرچاوەیەك لە(فەیلەقی قودسی) ئێرانییەوە بڵاویكردەوە: سوپای پاسدارانی ئێرانو گروپە چەكدارەكانی سەربە حەشدی لەحاڵەتی ئامادەباشیدانو، پێشبینی دەكەن كودەتا سەربازی بە پشتیوانی ئەمریكا لەبەغداد ڕووبدات بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دەسەڵات. بەوتەی سەرچاوەكەی سوپای قودس، واشنتۆن سەرقاڵیی تارانی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا قۆستوەتەوەو هەوڵی جێبەجێكردنی پلانی كودەتا دەدات لەعێراق، وتوشیەتی: بەرپرسانی ئێران بەچڕی لەگەڵ كوردو سوننە كەوتونەتە گفتوگۆ بە ئامانجی پێكهێنانی هاوپەیمانێتیەك بۆ ڕووبەڕووبونەوەی پلانە نوێكەی ئەمریكا. وروژاندنی پرسی كودەتا لەعێراق لەلایەن ئێرانەوە، هاوكاتە لەگەڵ هاتنە پێشەوەی ناوی (عەدنان زورفی) پارێزگاری پێشوی نەجەفو سەرۆكی كوتلەی هاوپەیمانی نەسر، كە ڕۆژی 17 مانگی ئازاری ڕابردوو لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراقەوە ڕاسپێردرا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، هێزەكانی نزیك لەئێران بەتوندی دژی وەستاونەتەوەو ڕاسپاردنەكە بە پلانێكی ئەمریكی دەزانن بۆ لێدانی بەرەی"مقاومە" وەك خۆیان دەڵێن. بەتایبەت لەم كاتەدا كە لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق لەشەڕێكی دەستەویەخەدان. "درۆی كودەتا" (ماجید سامەرائی)نوسەرو ڕاگەیەندكاری عێراقی لەوتارێكدا لەژێر ناونیشانی "درۆی سیناریۆی كودەتای سەربازی لەعێراق" دەڵێت: لەكاتێكدا جیهانو عێراق سەرقاڵی دابینكردنی توانای پێویستن بۆ ڕووبەڕووبونەوەی كارەساتی پەتای كۆرۆنا، رژێمی تاران بایەخ نادات بەمردنی ملیۆنان كەس لەوڵاتەكەی یان لەعێراق، بەڵكو ئەو سەرقاڵی ڕووبەڕووبونەوەی كێشەكانی هەژمونیەتی لەعێراق. دەشڵێت: حزبە میلیشاكانی ئێران نیگەرانن لەڕاسپاردنی (عەدنان زورفی)و هەموو توانا سیاسیو ئیعلامییەكانیان خستووەتەكار بۆ شكستپێهێنانی، بە وروژاندنی مەسەلەی پیلانگێڕی. (سامەڕائی) لەبەشێكی تری وتارەكەیدا ئاماژە بەوەدەكات: كودەتای سەربازی لەعێراق درۆیەكی ئێرانی ناشرینە، ئەمڕۆ دووبارە دەبێتەوە، بیرمانە پێش چەند مانگێگ چۆن بانگەشە بۆ ئەو چیرۆكە كرا بەهەواڵێك گوایە (تاڵیب شغاتی) سەرۆكی دەزگای دژەتیرۆری عێراق هەوڵی كودەتای داوە، دواتر لەلایەن خۆیەوە بەدرۆخرایەوەو ئاماژەی بەوەكرد كە پێگەی دەزگاكە هاككراوە. شیعەكان لەوەشدا ناكۆكن سیاسییەكانی شیعە ڕای جیاوازیان هەیە، باقر جەبر زوبەیدی یەكێك لەسەركردە دیارەكانی شیعە لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی: ئەوانەی گرەو لەسەر كودەتایەكی چاوەڕوانكراو دەكەن، یان وەك داهۆڵ لەسەر دوو ئاست بەكاریدەهێنن( كەرەستەو ناكۆكی) بەتایبەت ناكۆكییە شیعییەكان كە سنوری لۆژیكی تێپەڕاندووەو بووەتە ناكۆكی شەخسی. كەرەستەكانیش گرنگترینیان بوونی سوپای ئەمریكایە لە(بەلەدو تاجیو شەرقاتو كەركوك)، كە بڵاوەیان پێكراوە لە هەردوو بنكەی (حەریر) لەهەولێرو (عەین ئەسەد) لە ئەنبار جێگیركراون بۆ پاراستنی هێزەكانیان لەهێرشی مووشەكی. زوبەیدی لەبەشێكی تری نوسینەكەیدا دەڵێت: ئەم هەنگاوە هاوكات لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییانەی بەمدواییە لەوەزارەتی بەرگریو فەرماندە سەربازییەكان ڕوویداوە، بە تایبەت لە فەرماندەی دەزگا گرنگو هەستیارەكان كە لەسەر ئەمریكا حساب دەكرێن، كە بە نوكی ڕەمەكە دادەنرێن لەهەر جوڵەیەك بۆ ئەنجامدانی كودەتای سەربازی، وێڕای هەندێك لە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیو هێزە نەرمەكانی تر. لای خۆیەوە، (حەسەن فەدعەم) پەرلەمانتاری ڕەوتی حیكمە، لەتویتێكدا دەڵێت: ئەوەی باسی كودەتای سەربازی یان پیلانگێڕی دەكات بۆ ڕووخاندنی سیستمی سیاسی لەعێراق، نەزانە یان لەڕیزی دوژمنە. دەشڵیت: عێراق لەوە بەهێزترو هۆشیار ترە كەهەندێك پێشبینی دەكەن، هەر پیلانگێڕییەك لەئارادبێت شكست دێنێت وەك چۆن پیلانگێڕی داعش شكستیهێنا. جوڵەكان ئاسایی نین بەڕای شارەزایان، كۆمەڵێك ئاماژەی جدی بونیان هەیە كە هۆكاری واقیعین بۆ ئەوەی خوێندنەوەی جوڵەیەكی نائاسایی بۆ بكرێت. بەرپرسانی ئەمریكا لەزیاد بۆنەیەكدا نەیانشاردووەتەوە پلانی پەلوپۆكردنی گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێرانیان هەیە كە بەسەرچاوەی هەڕەشەی دەزانن بۆ سەربەرژوەندییەكانی واشنتۆنو ژیانی سەربازانیان لەعێراق. ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ ئەو دەنگۆ بە هێزانەی كە ئاماژە بەوەدەكەن بەرپرسانی واشنتۆن لەچەندین كەناڵی جیاوازەوە نیگەرانی خۆیان لە هەژموونی ئێران بە بەرپرسانی عێراق گەیاندووەو، تەنانەت هەڕەشەی ئەوەشیان لێكردوون ئەگەر سنورێك بۆ دەستوردانی ئێران دانەنێن، هەمان مامەڵەی تاران_یان لەگەڵ دەكەنو دەستبەرداریان دەبن خۆیان بەتەنها ڕووبەڕووی قەیرانە سیاسیو ئابورییەكان ببنەوە. لەگەڵ ئەوەی تائێستا هیچ سەرچاوەیەكی سیاسی، تەنانەت میدیاكانی ئەمریكاش باسیان لەئەگەری ڕوودانی كودەتا لە عێراق نەكردووە، بەڵام ڕۆژنامەكانی ئەمریكا بەڕوونی باس لەئامادەكارییەكانی ئەمریكا دەكەن بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی لەگروپە چەكدارەكان، ڕێكسختنەوەی هێزەكانو دانانی سیستمی مووشەكی پاتریۆت_یش لەهەردوو بنكەی سەربازی (حەیرو عەین ئەسەد) لەهەولێرو خۆرئاوای عێراق كە لەئێستادا ئەمریكا سەرقاڵیەتی، بەڕای بەشێك لەچاودێران لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكاندایە بۆ قۆناغێكی سەختر. زۆرێك لە ئاگایانو زانیارییە ڕۆژنامەوانییەكانیش خوێندنەوەیەكی دوورتر بۆ ئەو جوڵە سەربازییانە ئەمریكاو كشانەوەی هێزەكانی دەكەن لەبنكە سەربازییەكانی (كەی وەنو قائیمو گەیارە). پێیانوایە مەسەلەكە تەنها وەشاندنی گورزی سەربازی نییە لە گروپەكانی حەشدی شەعبی، بەڵكو لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكی فراوانتردایە كە ئامانجی سەرەكی كۆتایهێنانە بەپرۆسەی سیاسی لەعێراقو دورخستنەوەی نوخبەی سیاسی ئێستایە لەدەسەڵات، كە واشنتۆن پێیوایە زۆرێك لەهێزە بڕیار بەدەستەكانی وەلائیان بۆ ئێرانە.
راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازڵ حەمەرەفعەت حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستكاری موچەی موچەخۆران ناكات، بەپێی كۆكردنەوەی داهات موچە دابەش دەكات، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، پێدەچێت ماوەی دابەشكردنی موچە لە (30) رۆژەوە درێژبكرێتەوە بۆ (45) رۆژ، بەڵام بۆ مانگی داهاتوو كێشەی موچەی نابێت. لە بڕینەوە بۆ درێژكردنەوە ! فشارەكان، حكومەتی هەرێمی كوردستانی ناچاركرد خۆی بەدوور بگرێت لە بڕینی موچەی موچەخۆران ، لەبری ئەوە حكومەت چاوی لە زیادكردنی داهاتو درێژكردنەوەی كاتی دابەشكردنی موچەیە لە (30) رۆژەوە بۆ (45) رۆژ كەمتر یان زیاتر، ئەمە بەپێی ئەو داهاتانەی كە مانگانە وەزارەتی دارایی دەستی دەكەوێت بۆ دابینكردنی موچەی موچەخۆران. رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" ئەوەی تائێستا وتراوە لەسەر موچەی موچەخۆران، هیچی راست نیەو هەتا ئێستا هیچ بڕیارێك لەوباریەوە نەدراوە، نە بڕیاردراوە بە بڕینی موچەو نە نیازیشی هەیە دەستكاری موچەو دەرماڵەی موچەخۆران بكرێت". بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای قەیرانەكاندا، بڕیاردراوە دەستكاری موچە نەكرێت، بۆ دەرماڵەكانیش تەنها ئەو دەرماڵانە ببڕدرێت كە نادادپەروەرانەنو ئەو كەسانە لێ سودمەند دەبن كە مافی وەرگرتنی ئەو جۆرە دەرماڵانەیان نییەو ئەمە جیاوازی دروستكردووە لەنێوان وەزارەتێك بۆ وەزارەتێكی تر. هەوڵەكانی حكومەت بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دارایی، بەشێوەیەك دەبێت لەبری دەستبردن بۆ موچەی موچەخۆران، بیر لە زیادكردنی داهاتەكان دەكرێتەوە بە چەندین میكانیزمو شێوە، سبەینێ ئەنجومەنی وەزیران جارێكی تر لەرێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە كۆدەبێتەوە، بڕیاری كۆتایی لەبارەی ئەم بابەتەوە لە كۆبونەوەی سبەینێدا دەدرێت. موچەی مانگی داهاتوو ئامادە دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەم مانگە كە موچەی مانگی (12/2019)ی موچەخۆران دابەشدەكرێت، پارەی موچەی تەواوی وەزارەتەكانی لەبەردەستدایە، ئەوەش دوای گەیشتنی پارەكەی بەغداد، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بۆ موچەی مانگی داهاتوو كە موچەی مانگی (1/2020)ە، تا ئاستێك ئەویش چارەسەركراوە، كە بڕیارە لە رۆژی 17/4/2020 دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگی 1/2020 بكرێت، چارەسەرەكە بەو شێوەیەیە كە بڕێك پارەی تایبەتی حكومەتی هەرێم لە بانكی (RT)ی لە هەولێر هەڵگیراوە، زیاتر لە (150 ملیۆن) دۆلارە كە دەكاتە نزیكەی (200 ملیار) دینار، لەگەڵ پارەكەی بەغداد كە (441 ملیار) دینارە، لەگەڵ داهاتی ناوخۆو داهاتی نەوت، موچەی مانگی داهاتووش ئامادە دەبێت. بەڵام حكومەتی هەرێم بۆ موچەی مانگی (2/2020) و مانگەكانی دواتر كێشەی بۆ دروست دەبێت، بۆیە دەیەوێت بەشێوەیەك موچە دابەشدەكات، كە ماوەكەی درێژبكاتەوەو هەفتانە موچەی چەند وەزارەتێك دابەشدەكات، تا داهاتی زیاتر بگاتە دەست حكومەتو دابەشی بكات. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، حكومەت لەبری دەستبردن بۆ موچەی موچەخۆران، چەند هەنگاوێك دەگرێتەبەر كە ئەمانەن: • ئەوەی پەیوەندی بە موچەی موچەخۆرانەوە هەیە، دەستكاری ناكرێت. • لەبری بڕینی تەواوی دەرماڵەكان، هەوڵی رێكخستنەوەیان دەدات بەم شێوەیەیە: - دەرماڵە جێگیرەكان سێ جۆرن ( بڕوانامە، هاوسەرگیری، منداڵ) ئەو دەرماڵانەن كە هەركەسێك سەرەتا دادەمەزرێت بۆ دەبەسترێت بەبێ جیاوازی لەنێوان وەزارەتو فەرمانگەكانی حكومەت. - دەرماڵە ناجێگیرەكان كە ژمارەیان (21) جۆرەو پاڵپشتی یاساییان هەیە، لە وەزارەتو فەرمانگەیەكەوە بۆ وەزارەتو فەرمانگەیەكی دیكە جیاوازە. • موچەی موچەخۆرانی هەرێم كە مانگی رابردوو (898 ملیار دینار بووە، (54%)ی دەرماڵەیەو (46%)ی موچەی بنەڕەتیە، بۆیە حكومەتی هەرێم بە نیاز نیە دەستكاری دەرماڵەكان بكات، بەڵام بەپێی یاسای چاكسازیو ئەو دەسەڵاتەی كە پەرلەمانی كوردستان لە مادەی (5)ی یاساكەدا بە ئەنجومەنی وەزیرانی داوە، دەرماڵەكان رێكدەخاتەوە، بۆ نمونە دەرماڵەی ئەو فەرمانبەرانەی كە هەمان ئەرك دەبینن، بەڵام دەرماڵەكەیان لەنێوان وەزارەتی (خوێندنی باڵاو پەروەردە)دا جیاوازە، دەرماڵەكەیان رێكدەخرێتەوە، بۆ هەمان شێوە بۆ هەموو وەزارەتەكانی تریش. بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی لیژنەی ( پەیڕەوەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی)دا، بڕیاریانداوە ئەو دەرماڵانە رێكبخەنەوەو دەرماڵەی هەندێك لەو كارمەندو موچەخۆرانە ببڕێت كە بەوشێوەیەن. • تا ئاستێك تیمی حكومەت لە كابینەی نۆیەم كە لە ( پارتی، یەكێتی ، گۆڕان) پێكهاتووە، كۆكن لەسەر ئەو بۆچونەی كە دەڵێ:" لەبری بڕٍینی موچەو دەرماڵە، دابەشكردنی موچە بەپێی ئەو داهاتە بێت كە كۆدەكرێتەوەو دەخرێتە بەردەست وەزیری دارایی و ئەوكات دابەشی بكات، ئیتر ئەگەر ماوەی دابەشكردنی موچە بۆ 45 رۆژیش درێژبێتەوە ئاسایی بێت". حكومەت بەنیازی چیە؟ حكومەتی هەرێمی كوردستان دركی بەوە كردووە بڕینی موچەو دەرماڵەو پاشەكەوت بەئاسانی لای موچەخۆران هەزم ناكرێت، بۆیە ئامادە نیە قەیرانێكی تر بۆخۆی دروست بكات، لیژنەی باڵای روبەرووبونەوەی قەیرانەكان بیری لە چەند هەنگاو رێكارێك كردوەتەوە لەوانە: • رێكخستنەوەی داهاتەكان، ئەویش لەرێگەی زیادكردنی باج لەسەر كۆمپانیاكانو چاكسازی لە خاڵە سنورییەكان. • جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی بەتایبەتیش خانەنشینی پلە باڵاكانو رێكخستنەوەی دەرماڵەو بڕینی دووموچە. • دواخستنی پێدانەوەی قەرزی كۆمپانیاكانی نەوت. • سەندنەوەی قەرزەكانی حكومەت لای كۆمپانیاو سەرمایەدارەكان. داهاتەكانی حكومەت بەپێی خشتەیەك كە دەست (درەو) كەوتووە، داهاتی بەردەستی وەزارەتی دارایی بۆ موچەی ئەم مانگە (12/2019 ) بریتی بووە لە (898 ملیارو 555 ملیۆن) دینارە، بەم شێوەیەیە: • داهاتی فرۆشی نەوت: (345 ملیارو 203 ملیۆن) دینار • پارەی بەغداد: (453 ملیار) دینار • تەمویلی هاوپەیمانان: (21 ملیار) دینار • داهاتی ناوخۆ: (91 ملیارو 232 ملیۆن) دینار • پارەی قەرزی بانكە ئەهلییەكان كە دەبڕدرێت لە موچە (11 ملیارو 880 ملیۆن) دینار. لە نێوان دوو مانگدا، پارەی موچەی موچەخۆران نزیكەی (6 ملیار) دینار زیادی كردووە، لە (892 ملیارو 828 ملیۆن) دینارەوە زیادی كردووە بۆ (898 ملیارو 555 ملیۆن) دینار. سەبارەت بە هۆكاری زیادكردنەكە سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو)ی راگەیاند، بەهۆی بەرزكردنەوەی پلەی سەربازیو دامەزراندنی یەكەمەكانی زانكۆو پەیمانگاكانەوە بووەو چاوەڕەوان دەكرێت بەهۆی دامەزراندنەكانەوە لە مانگی داهاتوودا كۆی موچە ببێتە (903 ملیار) دینار. داهاتی هەرێم لەئێستادا • پارەی بەغداد: (441 ملیار) دینار • تەمویلی هاوپەیمانان: (21 ملیار) دینار • داهاتی ناوخۆ: بەپێی وتەی بەرپرسان لەئێستادا بۆ نزیكەی (30 ملیار) دینار دابەزیوە، بەڵام بەو رێكارانەی كە بڕیارە حكومەت بیگرێتەبەر وەك زیادكردنی باج لەسەر كۆمپانیا گەورەكانو سەندنەوەی قەرزەكان لە كۆمپانیاكان، چاوەڕەوان دەكرێت لەدوای پەتای كۆرۆنا داهاتی ناوخۆ مانگانە بگاتە زیاتر لە (300 ملیار) دینار. • داهاتی نەوت كە لەم مانگەدا (345 ملیارو 203 ملیۆن) دینار دراوە بە وەزارەتی دارایی بۆ موچەی موچەخۆران، پێناچێت بەو شێوەیە بمێنێتەوە، چاوەڕەوان دەكرێت تەنها بڕی (150 ملیار) دینار بخرێتە بەردەست وەزارەتی دارایی، بەڵام ئەگەر كۆمپانیاكانی نەوت قەرزەكانیان لە حكومەت وەرنەگرنەوە كە مانگانە (200 ملیار) دینارە، چاوەڕەوان دەكرێت سامانە سروشتیەكان بتوانن مانگانە (300 ملیار) دینار بخاتە بەردەست وەزارەتی دارایی بۆ موچە. بەم شێوەیە ئەگەر حكومەت ئەو رێكارانە بگرێتە بەر، پێدەچێت بتوانێت بەسەر قەیرانەكەدا زاڵ بێتو داهاتی مانگانەی بگەیەنێتە زیاتر لە ( ترلیۆنێك) دینار، كە مانگانە (898 ملیار) دینار بۆ موچەو (150 ملیار) دینار بۆ خەرجی وەزارەتەكانە.
درەو: "تارماییەكە لە پشتی ئاشتی هەورامیەوە، ، ماوەی دوو دەیەیە لەبواری نەوتی هەرێمدا كاردەكات، راوێژكارو دەڵاڵ و فرۆشیاری نەوتی هەرێمە، بیرۆكەی ئابوری سەربەخۆی خستە بەردەم بەرپرسانی حكومەت، سەرەنجام هەرێمی كوردستان بودجەكەی لەبەغداد بڕدراو كەوتە ژێر باری قەرزێكی گەورەوە، تا ئەمڕۆ هاوڵاتیانی هەرێم باجی ئەو بیرۆكەیە دەدەن " ئەو ( مورتەزا لاخانی murtaza lakhani )یە ناوێكی دیاری نێو كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان و جیهانە، بەریتانیەكی بە رەگەز پاكستانییە. خاوەن و سەرۆكی كۆمپانیای فرۆشیاری نەوتی هەرێمە بەناوی (IMMS). شەڕی دەزگا ئەمنیەكان لە سەری مورتەزادا تەقیەوە شەڕی بەیاننامەی دەزگا ئەمنیەكانی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر كەیسێكی ئەمنی بە ئاشكراكردنی كەیسێكی گەندەڵی گەورە كۆتایی هات، دەزگای زانیاری یەكێتی كە سەربە ئەنجومەنی ئاساییشی هەرێمە لە وەڵامی رونكردنەوەیەكی ئاساییشی هەولێردا كەبە رێنماییكارو سەرپەرشتیكاری سیخوری تۆمەتباری كردبوو، بڵاویانكردەوە كە (250 ملیۆن) دۆلار لەلایەن كۆمپانیایەكی وزەی روسیەوە دراوە بە یەكێك لە كوڕەكانی بنەماڵەی سەرۆكی حكومەت. كەیسی (250 ملیۆن) دۆلار چەند وەڵامێكی حكومەت و بەدواداچوونی پەرلەمانتارانی بەدوای خۆیدا هێناو دەنگۆی دیارنەمانی (ملیارێك) دۆلاری داهاتی نەوتی هەرێمی لە یەكێك لە بانكەكانی لوبنانیشی هاتەسەر، ئەو فشارانە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ناچاركرد بە لێكۆڵینەوە بۆیە ئەمڕۆ داوای لە سەرۆكایەتی داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان كرد " پێویستە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ ئەم دەنگۆیانە بكەن و داواش لە هەموو لایەنەكان دەكەین هاوكاریی داواكاریی گشتی بكەن بۆ ئەوەی راستییەكان بۆ خەڵك ئاشكرا بكرێت". سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنها ئاماژەی بەكەیسەكە كردوو خۆی لە ناونهێنان پاراست، بەڵام پەرلەمانتاران راستەوخۆ ناوی (مورتەزا لاخانی)یان لەپاڵ ئەو دوو كەیسەی گەندەڵیەدا خستە روو. عەلی حەمە ساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە رونكردنەوەیەكدا لەدوای راگەیاندنەكەی سەرۆكی حكومەت رایگەیاند: ئەمڕۆ كۆی زانیاری و بەڵگەنامەكانم لە ٢١ پەڕەدا خستە بەردەست سەرۆكی داواكاری گشت، ئەویش پەیوەندی بە ٢٥٠ ملیۆن دۆلارەكەی روزنەفت ھەیە لە ساڵی ٢٠١٧ و ٢٠١٨، پێشتر لەگەڵ گلینكۆرو ڤیتۆڵیش كاری ھاوشێوە كراوە لەلایەن كەسێكی بەڕەگەز پاكستانی كە ناوی مورتەزایە!" پێشتریش لە نوسینێكدا ( سەركۆ ئازاد گەڵاڵی ) پەرلەمانتاری یەكێتیش تێوەگلانی ( مورتەزا لاخانی) لە نەوتی هەرێم راگەیاندبوو: ئاشتی هەورامی و سەروی ئەویش بۆ ئەوەی پارەی شیرینی نەوت ڕاستەوخۆ لە ڕوزنەفت وەرنەگرن، بەناوی نێوەندگیری و ڕێكەوتن دەڵاڵێك داخڵی نێوان خۆیان و ڕوزنەفت و كۆمپانیای كار دەكەن بۆ وەرگرتنی 250 ملیۆن دۆلار، بۆ ڕێكەوتنێك كە پێكهاتووە لە 5 بلۆكی نەوتی و بازرگانی نەوت و بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، ئەو دەڵاڵەش 1 ملیار دۆلاری نەوتی هەرێم لەبانكێكی لوبنانی دادەنێ كە ئێستە بۆیان ناگەڕێنرێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان ئەو كەسەش (مورتەزا لاخانی) بەڕەكەز پاكستانیە". مورتەزا لاخانی كێیە.؟ مورتەزا لاخانی بە ئەندازیاری فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان ناودەبرێت، ئەو نێوەندگیرە لەنێوان بەرپرسانی هەرێم و ئەو كۆمپانیایانەی كە نەوتی هەرێم دەكڕن. لاخانی تەمەنی نزیكەی (٦۰ ساڵ)ە، لە لەندەن دەژی، بەڵام لە هەولێریش ماڵی هەیە، دەوترێت ئەو كەسەی دەیەوێت پێی بخاتە ناو بازرگانی نەوتەوە لە هەرێم، ئەبێ شەوێك بەشداری ئاهەنگی نۆشینی شامپانیا بكات لە ماڵەكەی لاخانی، خواردنی میوانەكانیش لە دوبەیەوە رەوانەی ماڵەكەی لاخانی دەكرێت لە هەولێر. مورتەزا لاخانی بە رۆژنامەی (فاینەنشاڵ تایمزی)ی بەریتانی راگەیاندووە " لە كەراچی پاكستان لە دایكبووم و لە لەندەن گەورەبووم،." لاخانی پیاوێكە كە بەهێمنی ئەدوێ، پێڵاو بەبێ گۆرەوی لەپێ ئەكات و كراسی دوو رەنگ لەبەرئەكات، لە شاری كاراچی پاكستان لەدایكبووە، بەڵام لە لەندەن گەورەبووە، بەرلەوەی چانس بەرەو شاری ڤانكۆڤەری كەنەدا كێشی بكات. لاخانی لەبارەی چیرۆكی ژیانی خۆیەوە دەڵێ:" توانیم لە هیچەوە شتێك لەخۆمدا دروست بكەم، سەرەتای كاركردنم بە خاوێنكردنەوەی حەوزی كبریت لە كەنەدا دەستیپێكرد. بنەماڵەی لاخانی نزیكن لە هۆزی "بۆتۆ" كە هۆزێكی بەهێزی پاكستانە، هەروەها پەیوەندی بەهێزیان لەگەڵ مارك ریچ گەورە بازرگانی نەوت هەیە كە دامەزرێنەری كۆمپانیای جلینكورە. لاخانی و هەورامی لاخانی سەرەتای ساڵانی ۲۰۰۰ رووی لە بەغداد كردووە بۆ كاركردن لەبواری نەوت بەرامبەر بە خۆراك، ئەو لە دوای ساڵی ۲۰۰۳وە زیاتر بازرگانییەكەی لە عێراق جێگیركردووەو چاوی بڕیوەتە نەوتی هەرێمی كوردستان، ئەگەرچی لەبەغداد تێوەگلاوە لە پلانێكی ئاڵۆزدا بۆ كڕینی نەوتی عێراق و خۆدەربازكردن لەو كۆتوبەندانەی كە ئەوكات بەهۆی سزا ئابورییەكانەوە بەسەر رژێمی سەددامدا سەپێندراوە، لەوانە قەدەغەكردنی فرۆشتنی نەوت،. بەڵام لەوبارەیەوە هیچ تۆمەتێك لەسەر لاخانی و كۆمپانیای گلینگور ساغنەكرایەوە، ئەمە سەردەمەكەی دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی نەوت بەرامبەر بە خۆراك. لە كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 2006دا كاتێك ئاشتی هەورامی پۆستی وەزیری سامانە سروشتیەكانی وەرگرت، لاخانی كۆمپانیاكەی دەهێنێتە كوردستان و لە پاڵ ئاشتی هەورامیدا كار لە نەوتی هەرێمدا دەكات، كۆمپانیاكەی كەلوپەل و پێداویستی بۆ ئەو كۆمپانیا بیانییانەی بواری نەوت دابین كردووە كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن، لاخانی نوێنەرایەتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی كردووە لە چەندین پرۆژەی هاوبەش لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان، لاخانی وەك گەورە راوێژكاری ئاشتی هەورامی لە پشت تەواوی بیرۆكەكانی ئاشتی هەورامیەوە بووە لە بواری نەوت و غاز. بەپێی قسەی لاخانی كە بۆ ( فاینەنشاڵ تایمز) قسەیكردووە" موچەكەم لەلایەن حكومەتی هەرێم یەك ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە بەهۆی قەیرانی دارایی هەرێم موچەكەم بۆ ٢٥٠ هەزار دۆلار كەم بۆتەوە" لاخانی لە ساڵی 2014 ەوە گرێبەستێكی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان واژۆكرد بۆ تێپەڕاندنی كارە لۆجیستییەكانی نەوتی هەرێم كە خۆی لە باركردنی نەوتی خاو لە بەندەری جەیهانەوە و چاودێریكردنی عەمبارەكانی نەوت و هەماهەنگی لەگەڵ خاوەن كەشتییەكان و وەزارەتی وزەی توركیا و كۆمپانیاكان. لەو كاتەدا بیرۆكەی ئابوری سەربەخۆ و نەوتی سەربەخۆ دەدەن بە گوێی بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا و بەرپرسانی هەرێم رازی دەكەن، هەربۆیە بیرۆكەی فراوانكردنی نەوتی هەرێم بۆ ( ملیۆنێك ) بەرمیل دەدەن بە گوێی هەموو لایەكدا، بۆیە بەرپرسانی هەرێم رازی نابن نەوت رادەستی بەغداد بكەن و لەبەرامبەردا بەغداد بەشە بودجەی هەرێمی بڕی كە مانگانە ( ترلیۆنێك و 200 ملیار) دینار بوو، بڕی (850 ملیار) دینار بۆ موچەو ( 350 ملیار) دیناریش بۆ وەبەرهێنان تەرخان دەكرا، لەدوای ئەو بڕیارە حكومەتی هەرێم روبەرووی قەیرانی گەورەی دارایی بوەوە بەتایبەتیش دوای درووست بونی داعش و دابەزینی نرخی نەوت. ساڵی ۲۰۱٤ هەرێمی كوردستان دەستیكرد بە فرۆشتنی نەوت بەشێوەی سەربەخۆ لەرێگەی بۆری نەوتی توركیاوە، لێرەوە لاخانی بەتەواوەتی جێپێی خۆی لە كەرتی نەوتی هەرێمدا جێگركرد، ئەو لەگەڵ ئاشتی هەورامی سەرەداوی نەوتی هەرێمیان گرتە دەست، لاخانی خشتەی زەمەنی ناردنی نەوتی هەرێمی بۆ بەندەری جەیهانی توركیا ئامادەدەكرد، چاودێری ئەمبارەكانی دەكرد، هەماهەنگی لەگەڵ خاوەن كەشتییەكانی گواستنەوەی نەوت و كۆمپانیا بازرگانییەكانی توركیادا دەكرد كە بۆرییەكانی نەوتیان بەڕێوە دەبرد، تا ئەمڕۆش سەرەداوی نەوتی هەرێم و داهاتەكەی و فرۆشتنی و مامەڵەكردنیان لەگەڵ كۆمپانیاكان لەدەستی خۆیاندایەو بەتەواوی رادەستی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەكراوە. سەرچاوەكان: https://www.ft.com/content/02a7065a-78cd-11e5-933d-efcdc3c11c89 https://uk.reuters.com/article/uk-iraq-kurdistan-oil/exclusive-how-kurdistan-bypassed-baghdad-and-sold-oil-on-global-markets-idUKKCN0T61HL20151117 https://almasalah.com/ar/news/63246/ContactUS.html http://iraqicparchives.com/index.php/sections/2016-04-17-20-22-47/65673-2017-10-29-19-30-28 https://lloydslist.maritimeintelligence.informa.com/LL1130517/Oil-trader-begins-West-Africa-STS-route-for-Venezuelan-cargoes https://uk.reuters.com/article/uk-lebanon-bankmed-suit/oil-trader-imms-sues-lebanons-bankmed-for-1-billion-court-filing-idUKKBN1Y128W?fbclid=IwAR1m-PwZSCs6z9qHakk1b1FrMq-LFdFH7fK1FMlA86N65bJvJKJJ3IlgY0s https://fliphtml5.com/jeod/xsff/basic/151-200