درەو: وەرگێڕان: گ.ق خۆكوشتن لەناو ژنان و كچانی ئێزدی زیادیكردووە جیاواز لە روداوەكانی پێشوو لە ئێستادا چەند حاڵەتێكیان بەهۆی (گێچەڵی ئەلكترۆنی)یەوەو لە ترسی ئابڕوچون خۆیان دەكوژن، لە چەند رۆژی رابردوودا دوو حاڵەتی هاوشێوە لەناو كچانی ئیزدیدا رووییانداوە. رێکخراوێکی تایبەتمەند بە دۆکیومێنتکردنی بارودۆخی ئێزدیەکان رایدەگەیەنێت کە حاڵەتەکانی خۆکوشتن کە بەم دواییانە لە کەمپەکانی ئێزدیەکان لە عێراق رویدا "حاڵەتی جیان وپەیوەندار نین بەیەکەوە"، هەرچەندە کاتی رودانیان نزیکن و لە سێ حاڵەتیشیاندا قوربانیەکان ژنی گەنجن. سێ کچی گەنج گیانیان لەدەستدا، دوانیان لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا، گەنجێکی ئێزدیش بە خۆکوشتن – وەک راگەیەنرا- لە ماوەی دوو رۆژدا، رێکخراوەکەش دەڵێت کە دوانیان دوچاری "گێچەڵی ئەلکترۆنی" بوونەتەوە. هەر سێ کچەکەش لە کەمپەکانی شاریا وئیسیان وبیرسفی بوون لە پارێزگای دهۆک. بەڕێوەبەری لقی شەنگالی "رێکخراوی ئێزدی بۆ دۆکیومێنتاری"، خەیرە عەلی ئیبراهیم، لە لێدوانێکیدا بۆ پێگەی "ئەلحوڕڕە"ی رایگەیاند کە دوو کچی گەنجی ١٥ ساڵان دوچاری گێچەڵی ئەلکترۆنی بونەتەوە لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە کە وای لێکردون خۆیان بکوژن "لە ترسی ئابڕووچوون". ئیبراهیم ووتیشی کە کچی سێیەمیان بەهۆی کێشەی خێزانی وهاوسەرگیری وئاڵۆزی لەگەڵ خێزانەکەیدا خۆی کوشتووە. بەپێی سەرچاوەیەک لەناو کەمپی شاریا "کچان لەناو کەمپەکەدا هەندێك جار لەلایەن کەسانی دەستڕۆیشووەوە ئیستیغلال دەکرێن(هەڵدەخەڵەتێنرێن)". پەیڕەوکارانی ئایینی ئێزدی کە لە کەمپەکاندا جێگیر بوون رزگاریان بوو لەو کوشتارە بە کۆمەڵەی چەکدارانی داعش بەرانبەر هەزاران رۆڵەی ئێزدی لە شەنگال ئەنجامیاندا، وبەگوێرەی سەرژمێریە جیاوازەکان زیاد لە ٥٠٠٠ ژنی ئێزدی ڕفێندران، کە تەنها ژمارەیەکی کەمیان لێ ئازادکرا. سامان داود کە رۆژنامەنوسێکی ئێزدیە بە سایتی "ئەلحوڕڕە"ی ڕاگەیاند کە حاڵەتەکانی خۆکوشتن زۆرن، لەدوای ساڵی ٢٠١٤، و ئەو پاکتاوەی کە دوچاری ئێزدیەکان بوەوە لەکاتی داگیرکادنی ناوچەکانیان لەلایەن داعشەوە، پاڵەتێکی دەروونی خراپی لەلای هەموویان دروست کردووە بەبێ جیاوازی. بەڵام ئیبراهیم دەڵێت زانیاریەکانی کە لەلای ئەون ئاماژە بەوە دەدەن کە "ئەو سێ کچە گەنجە لەبەر هۆکارێکی پەیوەست بەو جینۆسایدە خۆیان نەکوشتووە، چونکە لەو کاتەدا ئەوان مناڵ بوون لە تەمەندا". لەگەڵ ئەمەشدا ئیبراهیم دان بەوەشدا دەنێت کە "لێکەوتەی ئاوارە بوون وژیان گوزەراندن لە کەمپەکاندا هۆکار بوون بۆ دروست بوونی چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی کە پێشتر ئێزدیەکان پێی ئاشنا نەبوون، لەوانەش بەکارهێنانی بێ ئاگاییانەی ئەنتەر نێت". نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لە راپۆرتێکیاندا لە مانگی پێشوودا، هۆشداریان داوە دەربارەی زیادبوونی حاڵەتەکانی خۆکوشتن لەم ساڵانەی پێشوودا. بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی ٢٠١٩ زیاتر لە ٥٩٠ کەس لە عێراقدا مردوون بەهۆی خۆکوشتنەوە، و ١.١١٢ کەسی دیکەش هەوڵی خۆکوشتنیان داوە، کە رێژەی (٨٠٪)یان لە ژنان بوون. بە درێژایی ساڵانێکی زۆر، چەندین خێزانی عێراقی ناڵاندویانە بەدەست کێشەی تەندروستی عەقڵیەوە کە هۆکارەکەی ململانێکانی رابردوو وبارودۆخە ئابووریەکە بوون. داودی رۆژنامەوان دەڵێت "لێکەوتەکانی ئاوارەبوون وجینۆساید بەردەوام دەبن چونکە بارودۆخی ئێزدیەکان هێشتا خراپە چ لەناو کەمپەکان یا لە ناوچەکانی خۆیان، بەهۆی خراپی رەوشی گوزەران ونەبوونی هیچ هەلێکی کار، وبڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناش هێندەی دیکە نەهامەتیەکانی زیادکردن کە لە دوای ئاوارەبوونیانەوە ماوەی شەش ساڵە بەردەوامە". رێژەیەکی زۆر لە ئاوارە ئێزدیەکان هێشتا لە خێمە(چادر)دان کە دەبوو ئەم دۆخە کاتی بێت وپاشان بگوێزرێنەوە بۆ ناو "کابینە" یان بینای بەردی وکۆنکرێتی. هەمان سەرچاوە لەناو کەمپی شاریاوە ووتی "بارودۆخەکە زۆر خراپە لە کەمپەکەدا، وباری دەروونی وکۆمەڵایەتی بەشێوەیەکی زۆر خراپ داڕماوە" و"رودانی کارەساتی زیاتر"یشی بەدوور نەزانی.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت پارتی بەرەو بەغداد بەرێكەوتو دەیەوێت هاوپەیمانێتی گەورە لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بكات، یەكێتیش لە سلێمانییەوە دەیەوێت لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان لەژێر چەتری خۆیدا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق كۆبكاتەوە، گۆڕان لەنێوان پارتیو یەكێتیدا دابەشبووە بەسەر چەند ئاڕاستەیەكدا، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بڕیاریان نەداوەو چاوەڕێی جموجوڵی پارتیو یەكێتین.. لەم راپۆرتەدا زانیاری زیاتر. دەرگا بۆ هەفتەیەك كرایەوە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دوێنێ دەرگای تۆماركردنی ناوی حزبو هاوپەیمانێتییە سیاسییەكانی بۆ ئەو لایەنانە كردەوە كە دەیانەوێت بەشداری هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بكەن، هەڵبژاردنێك كە تائێستا دیارنییە ئایا لەوادەی خۆیدا لە 6ی حوزەیرانی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت یاخود دوادەخرێت بۆ كاتێكی دورتر. ئەو لایەنانەی دەیانەوێت بچنە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، تەنیا ماوەی هەفتەیەكیان لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی ناوی خۆیان تۆمار بكەن، رۆژی شەممەی وادەكە كۆتایی دێت. هاوكات لەگەڵ كردنەوەی دەرگای تۆماركردنی ناوی حزبو هاوپەیمانێتییە سیاسییەكان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، سەرەتای جموجوڵێكی سیاسی لە هەرێمی كوردستان دەستی پێكرد. یەكێتی لە سلێمانیو پارتی بەرەو بەغداد ! ئەمڕۆ وەفدێكی یەكێتی بەسەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی، دور لە چاوی كامێراكان خۆیان كرد بە "گردی زەرگەتە" مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕاندا لە شاری سلێمانی. میدیای هیچ یەكێك لەو دوو حزبە هەواڵی ئەم كۆبونەوە سیاسییەیان بڵاونەكردەوە، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو)، یەكێك لە تەوەرەكانی سەردانەكە پەیوەندی بە پرسی دروستكردنی هاوپەیمانێتییەوە هەیە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق. هاوكات لەگەڵ جموجوڵی یەكێتی لە سلێمانی، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو پارتی دەست (درەو) كەوتوون، وەفدێكی باڵای پارتی گەیشوەتە بەغداد، وەكو باسدەكرێت، وەفدەكەی پارتی پێكهاتوون لە هەریەكە لە (هۆشیار زێباری، جەعفەر ئیمنیكیو رۆژ نوری شاوەیس) ئەندامانی مەكتەبی سیاسی. ئامانجی سەردانی وەفدی پارتی بۆ بەغداد، گەڕانە بەدوای هاوپەیمانێتی نوێدا، چەند رۆژێك لەمەوبەر هۆشیار زێباری لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی (الشرقیە) وتی:" پێشنیازێك هەیە بۆ ئەوەی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق هاوپەیمانێتی لە دەرەوەی نەتەوەو مەزهەب بكەین بەتایبەتی لەگەڵ ئەو لایەنانەی ناو سوننەو شیعە كە نزیكین لە یەكترو دەتوانین بگەینە رێككەوتن". بەگشتی ئێستا پارتیو یەكێتی جڵەوی دەستپێشخەرییان بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتی لەناو چوارچێوەی هەرێمو دەرەوەی هەرێم لەدەستدایەو لایەنەكانی تر تەماشاكەرنو مامەڵە لەگەڵ جموجوڵەكانی ئەو دوو حزبەدا دەكەن. پارتی چی دەوێت ؟ پارتی كە لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا بوو بە گەورەترین حزب لەسەر ئاستی عێراق، دەیەوێت لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا پارێزگاری لە پێگەی بەهێزی خۆی بكات، بۆ ئەمەش ئەمجارە چاوی لە دروستكردنی هاوپەیمانێتی گەورەیە لەسەر ئاستی عێراق. هەر جۆرە رێككەوتنو هاوپەیمانێتییەكی پارتی لەگەڵ لایەنە سوننەو شیعەكان، بۆ قۆناغی دوای هەڵبژاردنو دروستبوونی پەرلەمانی نوێی عێراق دەبێت. لەناو شیعەكاندا، پارتی چاوی لە رەوتی سەدرە، كە هەموو پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن زۆرینەی كورسییەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بباتەوە، لەپاڵ ئەمەدا چەند لایەنێكی تری شیعە هەن كە دۆستایەتییان لەگەڵ پارتی باشەو دەكرێت هاوپەیمانێتییان لەگەڵدا دروست بكات، لەوانە بەدرییەكان بە سەرۆكایەتی هادی عامریو رەوتی حیكمەی عەممار حەكیم. لەناو سوننەكانیشدا، پارتی پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە لایەنەكاندا هەیە، بەتایبەتیش بەرەی عێراقی كە ئوسامە نوجێفی سەرۆكایەتی دەكاتو (35) پەرلەمانتاری لەگەڵدایەو بەمدواییە بۆ لێدان لە پێگەی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دروستكراوە. لەناوخۆی هەرێمی كوردستانیش پارتی دروستكردنەوەی هاوپەیمانێتی كوردستانیی لە پەرلەمانی عێراق بەباش دەزانێت، هاوپەیمانێتییەك كە خۆی سەركردایەتی بكات. پارتی بۆ عێراقی دوای هەڵبژاردن پێشوەختە چەند خەونێكی هەیە، كە لەرێگەی هاوپەیمانێتی سیاسییەوە دەتوانێت بەدییان بهێنێت، خەونی گەورە دروستكردنی پاڵپشتیی بەهێزی داراییو سیاسییە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، ئەمە لەپاڵ هەوڵی پارتی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لە یەكێتی. یەكێتی لە هەڵبژاردنێكی نوێدا سەركردایەتی نوێی یەكێتی كە لەكۆتاییەكانی ساڵی 2019دا متمانەی كۆنگرەی چوارەمی وەرگرتووە، هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق یەكەمین تاقیكردنەوەیە لەبەردەمیدا، سەركەوتنی لەم هەڵبژاردنەدا، كاریگەری لەسەر پێگەی سەركردایەتییە نوێیەكە دەبێت لە كۆنگرەی پێنجەمدا. لەناو یەكێتیدا چەند بۆچونێك هەیە، بەڵام زاڵترینیان ئەوەیە، یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، سەركردایەتی هاوپەیمانێتییەك بكاتو بزوتنەوەی گۆڕانو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان لەژێر چەتری خۆیدا كۆبكاتەوە. بۆچونێكی تر هەیە، یەكێتی بۆ هەڵبژاردنەكە لەگەڵ پارتیو گۆڕاندا بە هاوپەیمانێتییەك بەشداری بكات. رۆژی شەممەی داهاتوو دواین مۆڵەتی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقە بۆ تۆماركردنی ناوی هاوپەیمانێتییە سیاسییەكان، یەكێتی دەیەوێت بۆ رۆژانی بانگەشەی هەڵبژاردنی قسەی گۆڕان ببڕێتو پێی بڵێ ئێمە بانگهێشتمان كردوون بۆ هاوپەیمانێتی، بەڵام ئێوە شوێن پارتی كەوتوون، ئەمە ئەگەر هاوپەیمانێتی سێقۆڵی لەنێوان پارتیو یەكێتیو گۆڕاندا نەكرێتو یەكێتیو پارتی بەجیا لەیەكتر بچنە ناو هەڵبژاردنەكەوە. گۆڕان لەنێوان چەند بۆچونێكدا ! لەناو بزوتنەوەی گۆڕانیشدا چەند بۆچونێك هەیە سەبارەت بە چۆنیەتی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا. بۆچونێك كە عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكەو مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆكی هەرێم بانگەشەی بۆ دەكەن، داوا دەكات بزوتنەوەی گۆڕان بچێتە هاوپەیمانێتییەكە سێقۆڵییەوە لەگەڵ پارتیو یەكێتی، ئەمانە پێیانوایە تەنیا بەم رێگەیە گۆڕان دەتوانێت گرەنتی كورسییەكانی بكاتەوە لە پەرلەمانی داهاتووی عێراقدا، ئەم ئاڕاستەیە باوەڕی وایە، تەنانەت ئەگەر یەكێتیش نەهاتە ناو هاوپەیمانێتییەكەوە، بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی هاوپەیمانێتی بكات. لەبەرامبەردا ئاڕاستەیەكی تر هەیە كە داوا دەكات، گۆڕان بەتەنیا بچێتە ناو هەڵبژاردنەكەو بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن بتوانێت ناڕازییەكانی گۆڕانو دەنگی ناڕازیی بەگشتی لە سنوری سلێمانی بۆخۆی كۆبكاتەوە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا گۆڕان دوای هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتیو یەكێتی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا، دەتوانێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق وەكو لایەنێكی نەیاری سیاسەتی پارتیو یەكێتی دەنگی ناڕازیی بۆخۆی كۆبكاتەوە؟ لەنێوان ئەم دوو بۆچونەدا، قسەی تریش هەیەو هەندێك دەڵێن، ئەگەر گۆڕان نەیتوانی بەشێوەی سەربەخۆ بچێتە ناو هەڵبژاردنەكە، لانی كەم با لەگەڵ پارتیدا هاوپەیمانێتی نەكاتو لەبری پارتی هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەكێتی گرێ بدات، چونكە بنكەی جەماوەری گۆڕان لەسنوری دەسەڵاتی یەكێتیداو گۆڕان لەم رێگەیەوە دەتوانێت گرەنتی چەند كورسییەك بكات لە سنوری یەكێتیدا، بەڵام ئەمەش جارێكی تر هاوپەیمانێتی گۆڕان لەگەڵ پارتی دەخاتەوە ژێر پرسیار، مەگەر ئەوەی دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، جارێكی ترو لەسەر ئاستی عێراق، گۆڕان بچێتەوە ناو هاوپەیمانێتییەكی نوێوە لەگەڵ پارتی. لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی هەرێمی كوردستان كە بریتین لە هەریەكە لە (كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی، حزبی شیوعی، جوڵانەوەی نەوەی نوێ) تائێستا بڕیاری كۆتاییان لەبارەی چۆنیەتی بەشداربونیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نەداوە. هەوڵی دروستكردنی لیستێكی ئیسلامی لەنێوان (كۆمەڵو یەكگرتوو و بزوتنەوەی ئیسلامی) پێشتر شكستیهێناو پێناچێت لیستێكی لەوجۆرە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووش لە دایك ببێت. جوڵانەوەی نەوەی نوێ رەنگە هەوڵێك بدات بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتییەك لەنێوان هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان، حزبی شیوعیو سۆسیالیستو لایەنە چەپەكانیش دەرگایان لەبەردەمدا كراوەیە بۆ ئەوەی هاوپەیمانێتی دروست بكەن. روخساری كۆن بە ناوی نوێوە ! دۆخی عێراق گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، لەدوای ئەو خۆپیشاندانە بەرفراوانەی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووی عێراق كە عادل عەبدولمەهدی ناچاركرد دەست لە پۆستی سەرۆك وەزیران بكێشێتەوە، ئێستا ئیتر هەموانو بەدیاریكراویش لایەنە شیعەكان لەوە گەیشتوون، نەوەیەكی نوێ لە گۆڕەپانەكەدا قسە دەكات كە چیتر خەونی لەسەر هێزە نەریتییەكان هەڵنەچنیوەو چاوی لە ئایندەیەكی جیاوازترە، بۆیە لایەنە نەریتییەكان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پێشوەختە ناوی خۆیان گۆڕیوەو بەو ناوە نوێیانەوە دەچنە ناو پرۆسەكە. بەگوێرەی زانیارییەكان، زۆرینەی هێزە سیاسییەكان ناوی خۆیان لە تۆماری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكاندا گۆڕیوە، بۆ نمونە هاوپەیمانێتی عێراقییەكان كە عەممار حەكیم سەرۆكایەتی دەكات، ناوی خۆی كردووە بە هاوپەیمانی (تصحیح) واتە "راستكردنەوە"، فالح فایازی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی ناوی كوتلەكەی گۆڕیوە بۆ (حقوقیون)، بەیان جەبر سۆلاغس كە یەكێكە لە سەركردەكانی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی كوتلەیەكی دروستكردووە بەناوی (إنجاز)، محەمەد شیاع سودانی كە وەزیرێكی پێشووەو سەركردەی حزبی دەعوەیە كوتلەیەكی بەناوی (الفراتین) پێكهێناوە، عەبدولحسێن عەبتان كە پەرلەمانتارو وەزیری پێشووە كوتلەی (وعی) دروستكردووە، ژمارەیەك ئەندامی رەوتی حیكمەی عەممار حەكیمیش كوتلەیەكیان بەناوی (المستقبل) دروستكردووە. هاوپەیمانێتییەكانی نوری مالیكیو هادی عامریو موقتەدا سەدریش بەنیازی ئەوەن ناو و روخساری نوێ بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو كاندید بكەنو زۆرینەی لایەنەكان نایانەوێت بە روخساری كۆن بچنە ناو ململانێی هەڵبژاردنەوە. بۆ زانیاری زیاتر لەسەر پێگەی حزبە كوردیەكان لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقدا دەتوانیت سەیری ئەم راپۆرتە بكەیت
شرۆڤە: ھاوڕێ تۆفیق ھەموو وڵاتێکی دیموکراسی راستەقینە پێویستی بە پەرلەمانێکی ڕاستەقینە ھەیە. چەندین ساڵە خەڵکی کوردستان لە ڕۆڵی پەرلەمان ناڕازین، لەئێستایا چاڵێک لە نێوان خەڵک و ئەندامانی پەرلەمان کە نوێنەری ھەڵبژێردراوی خەڵکن دروستبوە. ئاشکرایە ھەموو ئەم بیرکردنەوانە بەھۆی خراپی رۆڵی پەرلەمانەوە دروستبون ، خەڵک دەیان یاسای گرنگی پێویستە، بەڵام دەرناچن، بەشێک لەیاسا دەرچوەکانیش کەموکورتی و کێشەیان ھەیە، پەرلەمان ئەبوایە لە پێشەوەی رووداوەکان بوایە، نەک وەکو ئێستا لە دوای رووداوەکانەوە بێ. روونە، ئەم گلەییانە لە پەرلەمان بەشی زۆری ئەگەڕێتەوە بۆ ھۆی خراپی جۆری بیرکردنەوەی سیاسی حیزبەکان . ئاشکرایە کوردستان پێویستی بە پەرلەمانێکی راستەقینەی بەھێز ھەیە، بێگومان ژیانی پەرلەمانیش وەکو ھەموو بوارەکانی تری ژیان بەردەوامە لەگەشەکردن و پێشکەوتن ھەروەکو چۆن پیشەسازی ئۆتۆمبێل و تەکنۆلۆژیا زۆر پێشکەوتوون و گۆراون، ئاواش پەرلەمانەکان پێشکەوتوون و گۆڕاون .بۆ نموونە ئۆتۆمبێلێکی ئەمرۆ ،تەواو جیاوازە لە ئۆتۆمبێلێکی ساڵی پەنجاکان و زۆر شتی تر .بەھەمان شێوەش داودەزگاکانی دەوڵەتیش بەردەوام لە پێشکەوتن و گۆرانکاریدان لە وڵاتە دیموکراسییە دێرینەکان کە خاوەنی پەرلەمانی دێرین و رەسەنن، ئەوان بەردەوام ھەوڵئەدەن پەرلەمانەکانیان چاکتر و بەھێزتر بکەن. بۆ ئەو مەبەستەش یەکێک لە رێگا گرنگەکان کەگرتیانەبەر چاککردنی (پەرلەمان) بوو لە پێکھاتەو پرۆسەی دەنگدان و قانون دەرکردنی ،ئەمەش بۆ ئەوەی پەرلەمانێکی بەھێزوچالاکیان ھەبێت وخەڵک ھەستی ھەڵاوێرکردن و بێدادی بۆ دروستنەبێ .بۆ ئەو مەبەستە، چەند کارێکی گرنگیان کرد، یەکێک لەو کارە گرنگانە، لەباتی ئەوەی کە پەرلەمان یەک ئەنجومەن بێ . پەرلەمانانیان کرد بە دوو ئەنجومەن . بێگومان ئەو ولاتانەی کە پەرلەمانیان یەک ئەنجومەنە، وڵاتانی مەرکەزی و تاکڕەون، پەرلەمانی یەک ئەنجومەن لەدونیا بەرەو لەناوچون ئەچێ . سەرەتا پێویستە،باسی لایەنی خراپی پەرلەمانی یەک ئەنجومەنی بکەین لە ھاوشێوەکانی پەرلەمانی عێراق و کوردستان: یەکەم : قانونە دەرچوەکان لەبەرژەوەندی کوتلەی زۆرینە ئەبن و ھیچ فلتەرێکیش نیە بۆ ئەوەی قانونە دەرچوەکان وردبینی بکا ،یان رایبگرێ، یان تانەی لێ بدا .دیارە لە عێراقدا مافی تانەدان لەو قانونانەی کەپەرلەمان دەریان ئەکا لەبەردەم دادگای فیدراڵی ھەیە ، بەڵام لە کوردستان بەھیچ شێوەیەک مافی تانەلێدان نیە ، چونکە لە بنچینەدا دادگای باڵای ھەرێم نیە کەئەمەیان کێشەیەکی تری گرنگی بونیەویی سیستەمی سیاسی و دادوەری ھەرێمە.بۆیە قانونی پەرلەمانی کوردستان بێ فلتەرە، زۆرینە دەستبەرز ئەکاتەوەو ئیتر ئەبێ بە قانون، کە ئەمەش جەوھەری بێدادییە. دووەم؛ کەمینە سیاسی و نەتەوەیی و ئاینییەکان بەھۆی ئەم سیستەمە یەک ئەنجومەنیەوە ،بێ نرخ ئەکرێن وھیچ دەورێکیان نامێنێ، تەنانەت وەکو بڵێی ھەر لە پەرلەماندا نین . زۆرینە چی بیەوێ ئەیکا، وەکو ئێستای پەرلەمانی عێراق و کوردستان. سێیەم؛ لە رووی کلتوری سیاسیەوە ئەو سیستەمە گەشە بە پاوانخوازی حیزبی و سیاسی ئەکاو بەو ھۆیەوە خەڵک باوەریان بە پەرلەمان و دەوڵەت نامێنێ. پەرلەمان دوو ئەنجومەنی چیەـ پەرلەمان لەرووی بنەمای گشتیەوە لەسەر بنەمای بەدیھێنانی یەکسانی و چەسپاندی دادپەروەری جوگرافی و لامەرکەزی لەدوو ئەنجومەن پێکدەھێنرێ. بە مانایەکی تر ژمارەی گشتی کورسییەکانی پەرلەمان بەسەر دوو ئەنجومەنا دابەش ئەکرێن ،بۆ نمونە پەرلەمانی ئەمریکی لە دوو ئەنجومەن پێکھاتوە،ئەنجومەنی یەکەمیان ناوی ئەنجومەنی نوێنەرانە کەپێی دەڵێن کۆنگرێس ،ژمارەی نوێنەر بەپێی ژمارەی دانیشتوانە، بەم ھۆیەوە ئەو شارانەی گەورەن، نوێنەریان زۆر ئەبێ و شارە بچوکەکانیش کورسیان کەم ئەبێ .کەواتە لەم حاڵەتەدا پەرلەمان بریاری ئەبێ بە بریاری شارە گەورەکان و بچوکەکانیش پەراوێز ئەخرێن ! ئەی چارەسەر چیە ؟وەڵامەکەی بوونی ئەنجومەنی دووەمە، کەپێی ئەڵێن ئەنجومەنی پیران (سینات) ئەم ئەنجومەنە بە یەکسانی و بەبێ رەچاوکردنی گەورەو بچوکی شارەکان لەرووی ژمارەی دانیشتوانەوە، بەڵکو بە شێوەیەکی یەکسان بۆ ھەر ولایەتێک، دوو نوێنەریان ھەیە .بەھۆی پەرلەمانی دوو ئەنجومەنەوە لامەرکەزی و دادپەروەری چەسپاوە و بە دەستورو قانون ئەرک و پسپۆری دوو ئەنجومەنەکە دیاریکراوە، بۆ نموونە ،کەئەنجومەنی یەکەم قانونێک دەرئەکات زۆر جار بۆ پەسەندکردنی پێویستی بە متمانەی ئەنجومەنی دووەمە کە پیرانە، ھەندێک جاریش ئەو قانونەی ئەنجومەنی یەکەم دەریکردوە، ئەنجومەنی دووەم رەتیدەکاتەوەو تەنانەت ھەندێک جار دەیگێڕێتەوە بۆ ئەنجومەنی یەکەم. سەبارەت بە پێشنیاری دوو ئەنجومەنی بۆ پەرلەمانی کوردستان ،بە کورتی و کوردی بەم شێوەیە؛ پەرلەمانی کوردستان بکرێ بە دوو ئەنجومەنی ھەڵبژێردراو ، یەکەمیان (ئەنجومەنی نوێنەران) بێ و ژمارەی کورسییەکانی ١٠١ کورسی بێ و بەپێی ژمارەی دانیشتوان، کورسیەکان بۆ شارەکان دیاری بکرێ، واتە بۆ سەدو یەک نوێنەر کورسیەکانیان دابەشی کۆی دانیشتوانی ھەر چوار پارێزگاکەی ھەرێم بکرێ. ئەو کاتە بەپێی کەمی و زۆری ژمارەی دانیشتوانی ھەر پارێزگایەک ژمارەی کورسی خۆی بەر ئەکەوێ . ئەنجومەنی دووەمیان (ئەنجومەنی ھەرێم )بێ ،ئەم ئەنجومەنە لە ٤٠ کورسی پێکبھێنرێت و بۆ ھەر چوار پارێزگاکە و بە یەکسانی ،بۆ ھەر پارێزگایەک ١٠ نوێنەریان پێ بدرێ. دەسەلات و پسپۆری ھەردوو ئەنجومەنەکە لە ئێستایا بە قانون و لەداھاتوش بە دەستور رێکبخرێ. سودەکانی ئەم دوو ئەنجومەنییە؛ یەکەم، عەدالەت لە نێوان شارە گەوەرەکان و بچوکەکان دروست ئەبێ ،بۆ نمونە پارێزگای ھەڵەبجە ژمارەی دانیشتوانی کەمەو بچوکە، بۆیە نوێنەریشی کەم ئەبێ لەپەرلەمان ،بەلام بەھۆی پەیرەوکردنی ئەم دوو ئەنجومەنییەوە ئەو کێشەیە چارەسەر ئەبێ و دادپەروەری تارادەیەکی باش بەدیئەھێنرێ. دووەم، ھەستی جیاکاری نەتەوەیی و ئاینیی و ناوچەکان کاڵ ئەکاتەوەو پراکتیزەی لامەرکەزییەتی کارگێڕی و دارایی ئەکا. سێیەم؛ قانون دەرکردن بەیەک قۆناغ نابێ ئەمەش ئەبێتە فلتەرێک ،یان بڵێین جۆرێکە لە وردبینیکردنی قانونەکان، بۆ نمونە ئەنجومەنی یەکەم ،قانونی وەبەرھێنان دەرئەکا، خەڵک پێیان وایە ئەم قانونە زۆرتر لە بەرژەوەندی کۆمپانیاکانە وەک لە بەرژەوەندی خەڵک، بۆیە ئەنجومەنی دووەم کە ئەنجومەنی ھەرێمەکانە ،مافی گێرانەوەی قانونەکەی بۆ ئەنجومەنی یەکەم ھەیە و ئەتوانێ پەسەندی نەکا. چوارەم؛ لە پەرلەمانی دوو ئەنجومەنییا ھەندێک لەو قانونانەی رەھەندی نیشتیمانی و نەتەوەییان ھەیە ئەبێ ئەنجومەنی دووەم بە دەنگدانی دوو لەسەر سێی دەنگ پەسەندی بکا ،ئەمەش ئەبێتە ھۆیەکی گرنگ بۆ ھاوسەنگی ھێز و لەلایەکی ترەوە پاوانکردن و تاکرەوی تارادەیەکی باش کەم ئەکاتەوە. پێنچەم؛ سیستەمی دوو ئەنجومەنی ، ئەبێتە ھۆی پەیڕەوکردنی ڤیتۆی پەرلەمانی ،لەناو پەرلەماندا، ئەنجومەنی ھەرێم ئەبێتە بەبەرستێکی قانونی زۆر باش بۆ پاراستنی ھاوسەنگی و دادپەروەری، بە تایبەت ئەو قانونانەی کە گرنگن و پەیوەستن بە ژیانی خەڵکەوە وەکو قانونی بودجە و ھەڵبژاردن و ھتد. لە کۆتاییا؛ چاککردنی سیستەمی کارکردنی پەرلەمان لەم پێکھاتە یەک ئەنجومەنییەی ئێستاداو گۆرینی بۆ پەرلەمانێکی دوو ئەنجومەنی ، یەکێتیی قەوارەی ھەرێمی کوردستان ئەپارێزێ و گۆرانێکی باش ئەخاتە ناو ژیانی دەوڵەتداری و سیاسەوە، ئەم مەسەلەیە باسێکی گرنگ و ئاڵۆزە ، ئیرادەی خەڵک و حزبەکانی ئەوێ، بەلام وەرچەرخانێک ئەبێ لە ژیانی پەرلەمانی گەلی کوردستان.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت كۆبونەوەی سبەینێی پەرلەمانی كوردستان تاقیكردنەوەیەكی نوێیە بۆ پەیوەندی پارتی لەگەڵ گۆڕانو یەكێتی، فراكسیۆنی یەكێتی دەنگ بە كاندیدی پارتی دەداتو كاندیدەكە خزمایەتی لەگەڵ خێزانی ئیبراهیم ئەحمەددا هەیە، فراكسیۆنی گۆڕان نیوەی ئەندامەكانی دەنگ نادات، پارتی هۆشداری بە گۆڕان داوە لەمەودوا بەپێی ژمارەی دەنگەكانی سبەینێی پەرلەمان مامەڵەی كورسی لەگەڵ گۆڕان دەكات، جگە لە (جوڵانەوەی نەوەی نوێ)، زۆرینەی لایەنە ئۆپۆزسیونەكانو پەرلەمانتارانی سەربەخۆ یەكلابونەتەوە دەنگ بە كاندیدی پارتی نادەن. لایەنەكانی حكومەت لەبەردەم تاقیكردنەوەكی نوێدا سبەینێ پەرلەمانی كوردستان دانیشتنێكی نائاسایی دەكات بۆ دەنگدان لەسەر كاندیدی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان. پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەر پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتووە، پارتی (كەمال ئەتروشی) بۆ ئەم پۆستە كاندید كردووە، ئەمڕۆ ئەتروشی چووە ناو پەرلەمان، تیمی پەرلەمان پەراوەیان پێكرد تاوەكو سبەینێ شێوازی بەڕێوەچوونی دانیشتنەكەو سوێندخواردن بزانێت. حزبە سیاسییەكان لەئێستاوە دوودڵنو چاوەڕی ئەنجامی دانیشتنی سبەینێی پەرلەمان دەكەن، پارتی كێشەی نییەو زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستەوەیە، بەبێ دەنگدانی لایەنەكانی تریش متمانە بە كاندیدەكەی خۆی بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەبەخشێت، بەڵام دەیەوێت ئەم بابەتە بكات بە تاقیكردنەوەیەك بۆ هاوپەیمانەكانی لەناو حكومەت. وەزیر خزمی یەكێتییە ! كەمال ئەتروشی كە راستەوخۆ لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتییەوە كاندیدكراوە بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان، خزمایەتی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش هەیە. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە (درەو) لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، كەمال ئەتروشی خزمایەتی لەگەڵ "گەلاوێژخان"ی هاوسەری ئیبراهیم ئەحمەدو دایكی هێرۆخان هاوسەری كۆچكردوو جەلال تاڵەبانی سكرتێری پێشووی یەكێتیدا هەیە، واتە لەدایكەوە بە خزمایەتی دەگاتەوە بە هەریەكە لە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیو بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیو قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەوانەی ئاگاداری ئەم خزمایەتییەن پاڵپشتی لەوە دەكەن فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان دەنگ بە كاندیدەكەی پارتی بدەن بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان. لەبەرامبەردا بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لەناو سەركردایەتی یەكێتیدا هەندێك دەنگ هەیە كە داوا دەكات یەكێتی دەنگ بە كاندیدەكەی پارتی نەدات. بەڵام لە هەموو حاڵەكاندا یەكێتی وەكو هاوبەشێكی پارتی لە حكومەت ناچارە دەنگ بۆ كەمال ئەتروشی بدات، وەك چۆن پێشتر پارتی دەنگی بۆ وەزیرەكانی یەكێتی داوە، بۆیە بڕیاری كۆتایی یەكێتی ئەوەیە سبەینێ فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمان متمانە بە كاندیدەكەی پارتی ببەخشێت، بەپێچەوانەوە جارێكی تر گرژیو ئاڵۆزی بۆ پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حزب دەگەڕێتەوە، واتا كەمال ئەتروشی تاقیكردنەوەیەكی نوێیە بۆ ئاستی پەیوەندییەكانی پارتیو یەكێتی. سبەینێ پارتی قەبارەی گۆڕان دیاری دەكات بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی (درەو) كەلە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە دەستی كەوتوون، ئەمڕۆ كاردۆ محەمەد بەرپرسی ژوری پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان سەردانی پەرلەمانی كوردستانی كردووەو ئومێد خوشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی بینیوە. بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەشیان بۆ (درەو) ئاشكراكرد، لەو دیدارەدا ئومێد خوشناو بەرپرسی ژوری پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕانی ئاگاداركردووە لەوەی سبەینێ لە پرۆسەی پێدانی متمانە بە وەزیری سامانە سروشتییەكان قەبارەی تەواوەتی بزوتنەوەی گۆڕان دیاری دەكەنو لەمەودوا بەپێی ژمارەی دەنگەكانیان لەناو پەرلەمان، پارتی مامەڵەیان لەگەڵ دەكات. بزوتنەوەی گۆڕان خاوەنی (12) كورسییە لە پەرلەمانی كوردستان، ئەم كورسییانە ئێستا پەرت بوون، (6) كەسیان لە دەرەوەی پۆلی سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕان دەخوێنن، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ئەم درزەی لەناو فراكسیۆنەكە دروستكرد. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە تائێستا لەبەردەستدایە، پێدەچێت لە كۆبونەوەی سبەینێی پەرلەماندا (6) پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان دەنگ بە كاندیدەكەی پارتی نەدەن، ئەمە لەكاتێكدایە پارتی پێشتر متمانەی بە وەزیرەكانی گۆڕان بەخشیوە. ئەگەر پارتی هەڕەشەكەی ئومێد خوشناو بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەوا لەدوای كۆبونەوەی سبەینێوە دەبێت لەبری 12 كورسی، بە (6) كورسی پەرلەمان مامەڵە لەگەڵ گۆڕان بكاتو ئەمەش دواجار كاریگەری لەسەر پڕكردنەوەی پۆستە بەتاڵەكانی گۆڕان دەبێت لەناو حكومەت. پارتیو گۆڕان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتدا شەریكن، هەندێك لە بەرپرسانی گۆڕان رەخنەی لە پارتی هەیە كە بەتەواوەتی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی جێبەجێ نەكردووە، لەبەرامبەریشدا پارتی رەخنەی لە گۆڕان هەیە بەوەی هەندێك لە پەرلەمانتارەكانی پەیوەست نین بە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت لەنێوان هەردوولاوە. ئۆپۆزسیۆن چی دەكات ؟ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی ناو پەرلەمانی كوردستان بریتین لە (كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی، جوڵانەوەی نەوەی نوێ، سەربەخۆكان، حزبی شیوعی). ئەم لایەنانە هیچ یەكێكیان لەناو پەرلەمان متمانەیان بە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم نەبەخشیوە كە كابینەیەكی سێقۆڵی نێوان (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان)ە، بەڵام ئێستا هەندێكیان لەبارەی دەنگدان بە كاندیدی پارتی بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان دوودڵن. كۆمەڵو یەكگرتوو بە فەرمی رایانگەیاندووە، سبەینێ دەنگ بە كاندیدەكەی پارتی نادەن، بەڵام جوڵانەوەی نەوی نوێ دەڵێ:" هێشتا بڕیاری خۆی یەكلانەكردوەتەوەو سبەینێ چەند پرسیارێك لە كاندیدەكەی پارتی دەكاتو لەسەر ئەو بنەمایە دەنگ دەدات یاخود نا". حزبی شیوعی كوردستانیش كە یەك كورسی هەیە لە پەرلەمان دەنگ بە كاندیدی پارتی نادات، محێدین حەسەن كە پەرلەمانتاری شیوعی-یە، بە (درەو)ی راگەیاند، ئەو دەنگ بە كاندیدەكەی پارتی نادات. پەرلەمانتارانی سەربەخۆ لە پەرلەمانی كوردستان ژمارەیان (4) كەسە، ئەمانە ئەو پەرلەمانتارانەن كە لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ جیابونەتەوەو بریتین لە هەریەكە لە (مەم بورهان قانع، شادی نەوزاد، سیروان بابان، دیاری ئەنوەر)، پێشبینی دەكرێت لەم چوار پەرلەمانتارە، لانی كەم (3) پەرلەمانتاریان دەنگ بۆ كاندیدەكەی پارتی نەدەن. ئەگەر پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی نەوەی نوێ دەنگ نەدەن، بەتێكڕا ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی كە متمانە بە كاندیدی پارتی بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان نادەن ژمارەیان دەگاتە (26) پەرلەمانتار. وەزیر چۆن متمانە وەردەگرێت ؟ بەپێی یاسای بەركار لە هەرێمی كوردستان وەزیر بە دەنگی (50+1)ی كۆی ئەندامانی پەرلەمان متمانە وەردەگرێت، ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان لە كوردستان (111) كەسە، واتا سبەینێ بۆ ئەوەی كەمال ئەتروشی وەكو وەزیری سامانە سروشتییەكان متمانە وەربگرێت، دەبێت (56) پەرلەمانتار دەنگی (بەڵێ)ی بۆ بدەن. فراكسیۆنی پارتی بەتەنیا خۆی (45) كورسی هەیە، (11) كورسی كۆتاكانیش بۆ پارتی یەكلابوەتەوە، واتە پارتی لەگەڵ هاوپەیمانەكانی بەتەنیا خۆی لەم خولەی پەرلەماندا (56) دەنگی مسۆگەری هەیەو زۆرینەی پەرلەمانی كۆنترۆڵكردووە. بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەی سبەینێدا، كاندیدی پارتی بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان لانی كەم (80) دەنگی مسۆگەرەو بە ئاسانی متمانە وەردەگرێت، دەنگەكان بەمشێوەیەن: • پارتیو كۆتاكان: (56) دەنگ • یەكێتی: (18) دەنگ، یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان (21) كورسی هەیە، بەڵام چەند ئەندامێكی فراكسیۆنەكە بەهۆی پشووی پەرلەمانەوە لە گەشتی دەرەوەی هەرێمی كوردستانیان كردووە. • بزوتنەوەی گۆڕان: 12 كورسی هەیە، پێشبینی دەكرێت تەنیا (6) پەرلەمانتار دەنگ بە كاندیدەكەی پارتی بدەن. • لیستی سەردەم: یەك كورسی هەیە كە (باپیر كامەلا)یە دەنگ بە كاندیدی پارتی دەدات.
(درەو): دوای سێ ساڵ لە داخستی سنورەکان و شەڕی میدیایی قورسی نیوان کەناڵی (جزیرە)و (عەرەبییە)، دواجار قەتەرو سعودیە بڕیاریاندا پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوەو سنورەکانیان بەڕووی یەکتردا بکەنەوە، ئەمە دواین هەوڵی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپە بۆ دروستکردنی فشار لەسەر ئێران. رێککەوتن بە فشاری ئەمریکا ئەحمەد ناسر سوباح وەزیری دەرەوەی کوەیت ئاشکرایکرد، رێککەوتن کراوە لە ئێوارەی ئەمڕۆوە سنوری وشکانی و دەریایی و ئاسمانیی لەنێوان سعودیەو قەتەردا بکرێتەوە. کردنەوەی دەروازەکان، بەهۆی نێوەندگیری شێخ نەواف ئەحمەد جابر سوباحی میری کوەیتەوە بووە، شێخ نەواف لەبارەی ئیمزاکردنی ئیمزاکردنی بەیاننامەی لوتکەی (عولا) بەتەلەفۆن لەگەڵ هەریەکە لە محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیەو تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەر قسەی کردووە. بەگوێرەی قسەی وەزیری دەرەوەی کوەیت، قەتەرو سعودیە رێککەتوون لەسەر ئەوەی هەموو کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن. ئەم رێککەوتنە بەر لە چەند کاتژمێرێک دێت لە (٤١)هەمین کۆبونەوەی لوتکەی وڵاتانی هاریکاری کەنداو کە بڕیارە سبەینێ لە شاری (عولا)ی سعودیە دەست بەکارەکانی بکات. کۆبونەوەی لوتکەی وڵاتانی هاریکاری کەنداو بڕیاربوو مانگی کانونی یەکەمی رابردوو بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ئەو هەوڵی نێوەندگیرییەی کە لەنێوان قەتەرو سعودیەدا هەبوو، وادەی کۆبونەوەکە دواخرا، لەڕاستیدا کێشەی نێوان قەتەرو سعودیە لەوە گەورەتر بوو بەنێودەندگیری میری کوەیت چارەسەر ببێت، بەڵام فشاری دواین رۆژەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا کاری خۆی کرد. لەبارەی کێشەی سعویەو قەتەرەوە سعودیەو هاوپەیمانەکانی لەناوچەی کەنداوی عەرەبی واتا (بەحرەین و ئیماراتی عەرەبی) هەروەها میسر، مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٧ هەموو پەیوەندییەکی خۆیان لەگەڵ قەتەردا راگرت. سعودیەو هاوپەیمانەکانی ئەوکات قەتەریان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە پاڵپشتی "گروپە توندڕەوە ئیسلامییەکان" دەکات و سەرباری ئەمەش لە ئێرانەوە نزیکە. بەڵام دواجار فشارەکانی ئەمریکا سعودیەی هێنایە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ قەتەر، ئەمریکا دەیەوێت ئێران لەناوچەکەدا بەتەواوەتی پەراوێز بخات، یەکێتی نێوان وڵاتانی کەنداوی عەرەبی هوکارێکی باشە بۆ ئەم پەراوێزخستنە. سێ ساڵ لەمەوبەر کاتێک سعودیەو ئیمارات و بەحرەین و میسر بڕیاریاندا بایکۆتی قەتەر بکەن، هەر چوار وڵاتەکە بواری ئاسمانی و دەروازە وشکانی و ئاوییەکانی خۆیان لەگەڵ قەتەر داخست و ئەم بایکۆتە تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوام بوو، بەڵام سعویە وەکو رێبەری وڵاتانی دژە قەتەر ئیتر دەروازەکانی خۆی کردوەتەوەو پێشبینی دەکرێت رێککەوتنەکە لانی کەم بەحرەین و ئیماراتی عەرەبیشی بۆ زیاد بکرێت. لەوکاتەوە کە لەلایەن سعویەو وڵاتانی تری کەنداوەوە بایکۆت کراوە، قەتەر بۆ دابینکردنی پێداویستی خەڵکی وڵاتەکە کە ژمارەیان (٢ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار) کەسە پشتی بە هاوردەکردنی پێداویستییەکانی لە دەرەوە بەستووە بەتایبەتیش تورکیا. چوار وڵاتەکە پێشتر (١٣) مەرجیان دانا بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەنییەکانیان لەگەڵ قەتەر، یەکێک لەو مەرجانە داخستی کەناڵی (جەزیرە) بوو لەلایەن قەتەرەوە، مەرجێکی تر ئەوە بوو قەتەر پەیوەنییە سەربازییەکانی لەگەڵ تورکیا سنوردار بکات و بنکەی سەربازی تورکیا لە وڵاتەکەی دابخات و پەیوەندی خۆی لەگەڵ بزوتنەوەی (ئیخوان موسلیمین) رابگرێت و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران کەمتر بکاتەوە، بەڵام ئەوکات قەتەر جێبەجێکردنی تەواوی ئەو مەرجانەی رەتکردەوە. یەکێک لە نیگەرانییەکانی سعودیەو میسرو ئیمارات و بەحرەین لە قەتەر، بوونی کەناڵی (جەزیرە)، ئەم کەناڵە کە بارەگاکە لە شاری دەوحەی قەتەرە، لەلایەن ئەو وڵاتانەوە تۆمەتبار دەکرێت بە هەوڵدان بۆ دروستکردنی ئاژاوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت دوای رێککەوتنی قەتەر لەگەڵ سعودیە ئیتر کەناڵی جەزیرەش تۆزێک هەواڵەکانی لەبارەی سعودیەوە نەرم بکاتەوە. هەوڵی وڵاتانی کەنداو بۆ ئاشتەوایی لەنێوان خۆیاندا هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکانیان بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جۆ بایدن، هەروەک ئاشتەواییەکە دوای ماوەیەکی کورت دێت لە ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیمارات و بەحرەین لەگەڵ ئیسرائیل، ئیسرائیلییەکان چاویان لەوەیە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ چەند وڵاتێکی تری کەنداو بەتەواوەتی ئاسایی بکەنەوە لەوانە سعودیەو قەتەر. ئاسایبونەوەی پەیوەندی نێوان قەتەرو سعودیە کاریگەری گەورەی لەسەر دۆخی لیبیاو یەمەن و سوریاش دەبێت کە هەردوو وڵات تێڕوانینی جیاوازیان هەیە لەبارەی دۆخی ئەو وڵاتانەوە.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت ئەم هەفتەیە كۆتایی بە زەمەنی ئاشتی هەورامی دێت، پیاوێك كە زیاتر لە (14) ساڵە جڵەوی دۆسیەی نەوت و غازی هەرێمی كوردستانی بە ناڕوونی لە جانتاكەیدا هەڵگرتووە. رۆژی چوار شەممە پەرلەمانی كوردستان متمانە بە (كەمال ئەتروشی) دەبەخشێت، لەدوای هەورامی، ئەتروشی دووەم وەزیری سامانە سروشتییەكانە لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا، ئایا ئەمە كۆتایی سەردەمی ئاشتی هەورامییە ؟ ئایا دۆسیەی نەوت لە لەندەنەوە دەگەڕێتەوە بۆ هەولێر ؟ ئایا مەسرور بارزانی بەتەواوەتی جڵەوی دۆسیەی نەوت لە نێچیرڤان بارزانی وەردەگرێتەوە ؟ شوێنگرەوەكەی ئاشتی هەورامی كێیە ؟ كەمال ئەتروشی كە مەسرور بارزانی بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان كاندیدی كردووە، سیڤییەكی قورسی خوێندن و كاركردن لە بواری نەوتدا هەیە، سەرباری ئەمە، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی پاڵپشتی لێدەكات. واتە هەم ئەزمونی لەبواری نەوتدا هەیە، هەم پاڵپشتی سیاسی گەورە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەتروشی بەم پاڵپشتییە گەورەوە دەتوانێت نەوتی هەرێم لە تەنگژەو ناڕوونی دەربهێنێت و بیخاتە سەر رێڕەوێكی دروست كە داهاتەكەی لە خزمەتی خەڵكی كوردستاندا بێت و لەژێر هەژموونی كەسانی دەستڕۆیشتوو دەریبهێنێت ؟ ئەتروشی ساڵی 1955 لەدایكبووە، 1975 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی جیۆلۆجیای لە كۆلیژی زانستەكانی زانكۆی بەغداد بەدەستهێناوە، دوای تەواوكردنی خوێندن دەستی بەكاركردن كردووە لە بواری (جیۆفیزیا)دا، تاوەكو 1985 كاری بۆ كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراق كردووە. چوەتە دەرەوەی وڵات بۆ خوێندن، ساڵی 1987 خوێندنی باڵای لەزانكۆی (بۆردۆ)ی فەڕەنسا تەواوكردووەو بڕوانامەی ماستەری لەبواری (جیۆفیزیای دۆزینەوەی نەوت)دا بەدەستهێناوە، لە هەمان زانكۆ ساڵی 1991 بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری (جیۆفیزیای نەوت- دۆزینەوەو بەرهەمهێنان)دا بەدەستهێناوە. دوای تەواوكردنی خوێندنی دكتۆرا، كەمال ئەتروشی لە پەیمانگەی فەڕەنسی بۆ نەوت دەستی بە كاری توێژینەوە كردووە، شارەزایی (35 ساڵ)ی لە بواری جیۆفیزیای نەوتدا هەیە، لەگەڵ چەندین دامەزراوەو كۆمپانیای گەورەدا كاریكردووە، لەوانە: • كۆمپانیاكانی (Elf)ی فەڕەنسی • ئاژانسی نێودەوڵەتی كەنەدا • توێژەرو وانەبێژ لە زانكۆكانی (مكگیل)و (كارلتۆن)ی كەنەدی • كۆمپانیای نەوتی كوەیت (KOC) بۆ دۆزینەوەو بەرهەمهێنانی نەوت • كۆمپانیای (پترۆناس)ی مالیزی • كۆمپانیای (تۆتاڵ)ی فەڕەنسی ئەتروشی چی دەگۆڕێت ؟ دەستبەكاربوونی كەمال ئەتروشی لە پۆستی وەزارەتی نەوت، ئەگەر گۆڕانكاری گەورەش لەو ژێرخانەدا دروست نەكات كە لە (14) ساڵی رابردوودا ئاشتی هەورامی كاری لەسەركردووەو تەنیا خۆی سەری لێدەردەكات، لانی كەم لەم سەرەتاوە مەسرور بارزانی ناچار دەكات چەند گۆڕانكارییەك لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكاندا بكات. یەكێك لە دیارترین ئەو گۆڕانكارییانەی كە دەبێت مەسرور بارزانی لەگەڵ دەستبەكاربوونی ئەتروشیدا بیكات، هەڵوەشاندنەوەی سێ نوسراوی خۆیەتی كە هاوكات لەگەڵ دەستبەكاربوونی لە پۆستی سەرۆك وەزیران لەبارەی دۆسیەی نەوتەوە دەریكردوون. مەسرور بارزانی رۆژی 15ی تەموز 2019 بەفەرمی لە پۆستی سەرۆك وەزیران دەستبەكاربوو، ئەو رۆژەی دەستبەكاربوو، یەكەمین كارێك كە كردی، دەركرنی فەرمانێك بوو بە ژمارە (4). مەسرور بارزانی بەم فەرمانە (ئاشتی هەورامی) كرد بە یاریدەدەری خۆی بۆ كاروباری وزە، ئەمە یەكەمینجاربوو لە ئەنجومەنی وەزیراندا پۆستێكی لەوشێوەیە دروست بكرێت، چونكە لە هەرێم هیچ یاسایەكی لەبارەی یاریدەدەر بۆ سەرۆك وەزیران بوونی نییە، لە یاسای ئەنجومەنی وەزیرانو پەیڕەوی ناوخۆی حكومەتو تەنانەت لەیاسای نەوتو غازیشدا بەهیچ جۆرێك باسی پۆستێكی لەم شێوەیە نەكراوە. لە فەرمانی ژمارە (4)دا مەسرور بارزانی كۆمەڵێك دەسەڵاتی بە ئاشتی هەورامی بەخشی وەكو یاریدەدەری خۆی بۆ كاروباری وزە، لەوانە: • بەئەنجامگەیاندنی ئەو ئەركە تایبەتانەی لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە پێی رادەسپێردرێت لە بواری وزەدا. • ئامادەبوون لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی نەوتو غازو داڕشتنی بەرنامەی كۆبونەوەكان. مەسرور بارزانی لەبەردەم پەرلەمانی كوردستاندا وەكو سەرۆك وەزیران سوێندی یاسایی خوارد، نەك وەكو وەزیری سامانە سروشتییەكان، هەندێك لەیاساناسان دەڵێن مەسرور بارزانی ناتوانێت دەسەڵاتی وەزارەتێك بە كەسێكی تر ببەخشێت كە هی خۆی نییە، واتا بە فەرمانی ژمارە (4) مەسرور بارزانی شتێكی بەخشوە كە هی خۆی نەبووە. ئەوەی جێگەی سەرەنجە، دوای فەرمانی ژمارە (4) كە لە یەكەمین رۆژی دەستبەكاربونیدا دەریكردووە، دوو رۆژ دواترو لە رۆژی (17)ی تەموزدا، مەسرور بارزانی بەهەمان ناوەڕۆكی فەرمانی ژمارە (4)وە، فەرمانێكی تری بە ژمارە (9) دەركردووەو بەهەمان شێوە، هەمان دەسەڵاتەكانی بەخشوەتەوە بە ئاشتی هەورامی. فەرمانی ژمارە (4)و ژمارە (9) لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستاندا بڵاوكراونەتەوە، دیارنییە بۆچی سەرۆك وەزیران لەماوەی دوو رۆژدا دوو فەرمانی بەدوو ژمارەی جیاواز، بەڵام بەهەمان ناوەڕۆكەوە بۆ ئاشتی هەورامی دەركردووە. نۆ رۆژ دوای دەستبەكاربوونی، مەسرور بارزانی لە رۆژی 24ی تەموزی 2019دا فەرمانی سێیەمی بە ژمارە (12) بۆ ئاشتی هەورامی دەركردووە، ئەم فەرمانە تەنیا بە زمانی ئینگلیزیی هەیەو ئاڕاستەی دادگاو كۆمپانیا نەوتییەكان كراوە، ئەوەی جێگەی سەرەنجە ئەم فەرمانەش تائێستا لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاونەكراوەتەوە. فەرمانی ژمارە (12)ی مەسرور بارزانی دەتوانرێت وەكو فەرمانێكی نهێنی لە پشت دامەزراوەی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان تەماشا بكرێت، فەرمانەكەی كە تایبەتە بە دۆسیەی نەوت، نهێنی بونەكەی جارێكی تر ئەو راستییە دوپاتدەكاتەوە كە دۆسیەی نەوتی هەرێم بەشێوەیەكی ناشەفاف بەڕێوەدەچێت. (درەو) دەقی ئەو نوسراوە نهێنییەی لەچەند كۆمپانیایەكی بواری نەوتەوە لە ئەوروپا دەستكەوتووە، بەپێی نوسراوی ژمارە (12)، مەسرور بارزانی جارێكی تر خۆی خستوەتە شوێنی وەزیری سامانە سروشتییەكانو هەموو دەسەڵاتەكانی ئەو وەزارەتەی بەخشیوە بەخۆیو دواتر لە خۆیەوە دەسەڵاتەكانی گواستوەتەوە بۆ ئاشتی هەورامی. لە نوسراوی ژمارە (12)دا مەسرور بارزانی ئەم دەسەڵاتانەی بە ئاشتی هەورامی بەخشیوە: • ئاشتی هەورامی لەبری وەزیری سامانە سروشتییەكانەو سەرجەم دەسەڵاتەكانی وەزیری پێدراوە. • دەسەڵات دراوە بە ئاشتی هەورامی بەشداری كۆبونەوەی ئەنجومەنی نەوتو غازی هەرێم بكاتو راوێژو رێنمایی پێشكەش بكات، سەرپشك كراوە دەنگو پێگەی وەزیری سامانە سروشتییەكان بەكاربهێنێت. • ئاشتی هەورامی سەرپشك كراوە بۆ ئەوەی رێنماییو فەرمان دەربكات لە بوارەكانی نەوتو غاز، پاڵاوتن، گواستنەوەی سوتەمەنی، گرێبەستەكان، شیكردنەوەی گرێبەستەكان، سیاسەتی غاز. • كۆكردنەوەو وەرگرتنی پارە لە كۆمپانیاكانی نەوت، ئەوانەی لە بواری نەوتو غازی هەرێمدا كاردەكەن. • ئاشتی هەورامی شایستەی دارایی كۆمپانیاكانی نەوت دەدات وەك پارەی گرێبەستی گواستنەوەو فرۆشتنی نەوت. • ئاشتی هەورامی كاری دانوستانو ئیمزاكردنی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكانی گواستنەوەی سوتەمەنی، بەرهەمە نەوتییەكان، پاڵاوتن، فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەكانو گرێبەستە هاوشێوەكانیان دەكات. • ئاشتی هەورامی بڕیاردەدات لەسەر كێشە لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان، دانوستانو رێككەوتنو یەكلاكردنەوەی كێشەی گریبەستەكان. • ئاشتی هەورامی ئەم كارانە دەكات، پێشكەشكردنی رێنمایی، ئاڕاستەكردن، بڕیاردان لەسەر پلانی یەكخستنی كێڵگە نەوتییەكان، پەرەپێدانی هاوبەش. • ئاشتی هەورامی دەسەڵاتی راگرتنو خەرجكردنی پارەی راوێژكارو شارەزایانو راوێژكاری یاساییو وردبینیو ژمێریارو راوێژكارانی تری هەیە بەوشێوەیەی كە خۆی بەشیاوی دەزانێت. • ئاشتی هەورامی هەموو دەسەڵاتێكی هەیە لە خەرجكردنی پارە بۆ دادوەرانو خەرجی دادگاكانو هەر بڕە پارەیەك كە لیژنەی دادوەرییو دادگاكان داوای دەكەن. بەر لە پێدانی متمانە بە كەمال ئەتروشی لە پەرلەمانی كوردستان، دەبێت مەسرور بارزانی ئەو سێ نوسراوەی خۆی هەڵوەشێنێتەوە كە لەدوای دەستبەكاربوونیەوە بۆ ئاشتی هەورامی دەریكردووە، بەبێ ئەوە دەسەڵاتەكانی كەمال ئەتروشی كەموكورت دەبن. نەوت لەناو جانتادا ! ئەم رۆژانە كە هەرێمی كوردستان بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتو رێكنەكەوتن لەگەڵ بەغداد بەناو قەیرانێكی دارایی سەختدا گوزەر دەكات، كابینەی مەسرور بارزانی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان پڕدەكاتەوە. پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە 2005ەوە دروستكراوە، لەو كاتەوە تائێستا ئەم وەزارەتە لای پارتی بووە، لە كابینەی نۆیەمیشدا كە ئێستا مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، ئەم پۆستە هەر لای پارتی ماوەتەوە. لە ماوەی (15) ساڵی رابردوودا كە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دروستكراوە، یەك پیاو ئەم پۆستەی بەڕێوەبردووە كە ئەویش ئاشتی هەورامی بووە، هەورامی سەرەتا لەڕێگەی بەرهەم ساڵحەوە لە لەندەنەوە گەڕێنرایەوە بۆ هەرێمی كوردستانو پێشنیاز كرا بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، بەڵام دواتر بوو بە یەكێك لە دۆستە نزیكەكانی نێچیرڤان بارزانی. مانەوەی ئاشتی هەورامی بۆ ماوەی 14 ساڵ لە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتیەكاندا وایكرد بەتەواوەتی كۆنترۆڵی كەرتی نەوت بكات و بەبێ بونی ئەو، بەڕێوەبردنی وەزارەتەكە ئەستەم بێت، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە مەسرور بارزانی لە كابینەی نۆیەمدا سەرباری ئەوەی ئاشتی هەورامی لە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دوورخستەوە، بەڵام بەناچاری پۆستێكی نوێی لە دەرەوەی یاساكان بۆ داتاشیو كردی بە یاریدەدەری خۆی بۆ كاروباری وزەو هەر بەناچاریش لەماوەی كەمتر لە دوو هەفتەدا سێ فەرمانی بۆ دەركردووەو دەسەڵاتی پێداوە. پرسیارەكە ئەوەیە ئایا بە دەستبەكاربوونی كەمال ئەتروشی لە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان بەتەواوەتی كۆتایی بەسەردەمی ئاشتی هەورامی دێت ؟ زیاد لە هۆكارێك هەیە بۆ ئەوەی ئاشتی هەورامی بۆ چەند ساڵی داهاتووش قسەی لە كەرتی نەوتی هەرێمدا هەبێتو لە گۆڕەپانەكەدا بمێنێتەوە، بەتایبەتیش ئەوەی كە لەم كابینەیەدا یاریدەدەری مەسرور بارزانییە بۆ كاروباری وزە. سەرباری ئەمە، ژمارەیەك دۆسیەی یاسایی لەسەر حكومەتی هەرێم هەن كە لە دادگا روبەڕووی ئاشتی هەورامی كراونەتەوە، ئەمە وا دەكات بۆ چەند ساڵی داهاتووش هەورامی قسەی لەبواری نەوتدا هەبێت، لەوانە: • وەزارەتی سامانی سروشتییەكانی هەرێم لەدادگای عێراق سكاڵای یاسایی لەسەرە بەهۆی ئەوەی بەبێ رەزامەندی حكومەتی عێراق نەوتی فرۆشتووە، لەمەشدا ئاشتی هەورامی ئامانجەكەیە. • سكاڵای یاسایی كۆمپانیا (دایناستی پترلیۆم) لەسەر ئاشتی هەورامی لە دادگای لەندەن، ئەم سكاڵایە تایبەتە بە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانو مانگی شوباتی ئەمساڵ بڕیاری كۆتایی لەسەر دەدرێت، ئەگەر ئاشتی هەورامی بدۆڕێت، هەرێم (ملیارێكو 600 ملیۆن) دۆلاری تر بۆسەر لیستی قەرزە (28 ملیار) دۆلارییەكەی زیاد دەبێت. • ئاشتی هەورامی لەماوەی 14 ساڵ مانەوەی لە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان، وەزارەتەكەی لەناو جانتاكەی خۆیدا هەڵگرتووە، لە كوردستان خاوەنی هیچ بیناو بارەگایەكی دیاریكراو نەبووە، كە پەرلەمانتارانو دامەزراوەكانی تری چاودێری سەردانی بكەنو وردبینی لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوتدا بكەن، مەسرور بارزانیو كابینەكەی بەردەوام پێویستیان بە جانتاكەی ئاشتی دەبێتو ئەمەش دەرفەتی مانەوەی ئاشتی لە گۆڕەپانەكەدا فەراهەمتر دەكات. • رێككەوتنی (50 ساڵە)ی بواری وزە لەنێوان هەرێمی كوردستانو توركیا بە ئاگاداری ئاشتی هەورامی كراوەو ئەمە ئاشتی هەورامی بردوەتە ناو فایلە نهێنییەكانی حكومەتەوەو چانسی مانەوەی بۆ فەراهەم دەكات. نەوت.. لە لەندەنەوە بۆ هەولێر ئاشتی هەورامی لە شاری لەندەن، لە بینایەكدا لە تەنیشت باڵیۆزخانەی ئیسرائیلو لە ناوچەیەكدا لە پشت كۆشكی (باكینگهام) كارەكانی بەڕێوە دەبات، تائێستا مامەڵە بە دۆسیەی نەوتەوە دەكات، لەو بینایەدا كە هەورامی دەوامی تێدا دەكات ژمارەیەك كارمەندی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانیش هەن لەگەڵ راوێژكارێك بەناوی (مایكڵ هاوەرد) كە مانگانە بڕی (40 هەزار) دۆلار موچە وەردەگرێت. ئاشتی هەورامی بە تەلەفۆن لەگەڵ بەرپرسانی حكومەت قسەدەكات، جارێكیش بەشێوەی "ئۆنلاین" بەشداری لە كۆبونەوەی حكومەتدا كرد. بەمدواییەو لە كۆتایی سەرۆكایەتیە 17 ساڵییەكەی نێچیرڤان بارزانیدا لە حكومەت، وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بوو بە خاوەنی یەكەمین بینای خۆی، بیناكە دەكەوێتە نزیك بانكی كوردستانەوە لە هەولێر، بەڵام كاتێك نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆكی حكومەتی بە جێهێشت، بیناكەی كرد بە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێمو جارێكی تر وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی بێ ماڵ كردەوە. ئێستا وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بینایەكی هەیە لەبەرامبەر ئەنجومەنی وەزیران كە ژمارەیەك بەرپرسو كارمەند كاری تێدا دەكەن، بە دەستبەكاربوونی كەمال ئەتروشی، دۆسیەی نەوت لە لەندەنەوە دەگەڕێتەوە بۆ هەولێرو جڵەوی دۆسیەی نەوت لە نێچیرڤان بارزانییەوە دەكەوێتە دەستی مەسرور بارزانی.
راپۆرت: محەمەد رەئوف - فازڵ حەمەرەفعەت حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت وێنای ساڵی 2020 وەكو ساڵێكی قورسی دارایی بگۆڕێتو دەڵێت لەو ساڵەدا بە تێكڕا (8) موچەی بە فەرمانبەران داوە، ئایا ئەمە راستە ؟ كورتەیەك لە ساڵی 2020 حكومەتی هەرێمی كوردستان (8) موچەی دابەشكردووە، لەم (8) موچەیە، (3) موچەی هی مانگانەكانی ساڵی 2019 بووە، واتا بەتێكڕا كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان) تەنیا (5) موچەی مانگەكانی 2020ی بۆ فەرمانبەران خەرجكردووە. ناتوانێت وێنای دۆخەكە بگۆڕێت ! كابینەی مەسرور بارزانی لەدواین ساتەكانی ساڵی 2020دا جارێكی تر جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ساڵی 2020 بە تێكڕا (8) موچەی دابەشكردووە، حكومەت دەیەوێت ئەم وێنایە لە زەینی موچەخۆراندا بچەسپێنێت، بەڵام لێدانەوەی ژمارەكان پێچەوانەی ئەم قسەیە نیشان دەدات، چۆن ؟ تێكڕای خەرجی موچە بۆ هەرمانگێك لە هەرێمی كوردستان (894 ملیار) دینارە، كۆی خەرجی موچەی (12) مانگ واتە ساڵێك، بڕەكەی (10 ترلیۆنو 728 ملیار) دینارە. ئەو پارەیەی كە حكومەتی هەرێم بە تێكڕا بۆ موچەی مانگەكانی 2020 خەرجی كردووە، بڕەكەی تەنها (3 ترلیۆنو 650 ملیار) دینار بووە، واتا حكومەت لە 2020دا تەنها رێژەی (34%)ی كۆی ئەو پارەیەی خەرجكردووە كە بۆ موچە تەرخانكراوەو لە ساڵەكەدا بڕەكەی (10 ترلیۆنو 728 ملیار) دینارە. ئەو (8) موچەیەی كە حكومەتی هەرێم لە ساڵی 2020دا دابەشیكردووە، بەمشێوەیە بووە: • لە 13/1/2020 موچەی مانگی (10)ی 2019 دابەشكراوە (ئەم مانگە موچەی تەواو بەفەرمانبەران دراوە بەبێ لێبڕین) • لە 9/ تا 7/3/2020 موچەی مانگی (11)ی 2019 دابەشكراوە (ئەم مانگە موچەی تەواو بەفەرمانبەران دراوە بەبێ لێبڕین) • لە 28/3/2020 موچەی مانگی (12)ی 2019 دابەشكراوە (ئەم مانگە موچەی تەواو بەفەرمانبەران دراوە بەبێ لێبڕین) • لە 5/5/2020 موچەی مانگی (1)ی 2020 دابەشكراوە (ئەم مانگە موچەی تەواو بەفەرمانبەران دراوە بەبێ لێبڕین) • لە 4/7/2020 موچەی مانگی (2)ی 2020 دابەشكراوە (موچە بە لێبڕینی 21% دابەشكراوە) • لە 17/8/2020 موچەی مانگی (3)ی 2020 دابەشكراوە (موچە بە لێبڕینی 21% دابەشكراوە) • لە 15/10/2020 موچەی مانگی (9)ی 2020 دابەشكراوە (موچە بە لێبڕینی 18% دابەشكراوە) • لە 10/12/2020 موچەی مانگی (10)ی 2020 دابەشكراوە (موچە بە لێبڕینی 21% دابەشكراوە) پاشەكەوتەكانی نێچیرڤان بارزانی ساڵی 2020 حكومەتی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان) بۆ كەمكردنەوەی گوڕی ئەو قەیرانە داراییەی كە لەسەری بوو، بەبڕیارێك دەستكاری ساڵی دارایی كرد. مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بەبڕیارێك، موچەی مانگەكانی (4، 5، 6)ی 2019ی لەسەر شانی خۆی لابردو خستیە ئەستۆی كابینەی نێچیرڤان بارزانی، موچەی ئەم سێ مانگەی فەرمانبەران بوو بە "پاشەكەوت"و قەرز لەسەر شانی نێچیرڤان بارزانی، قەرزێك كە دیارنییە ئایا حكومەت رۆژێك لە رۆژان بۆ فەرمانبەرانی دەگەڕێنێتەوە یاخود نا ! هەر بەو بڕیارە، مەسرور بارزانی، موچەی مانگەكانی (7، 8)ی 2020ی كابینەكەی خۆی خستەئەستۆی حكومەتی بەغداد بەبەهانەی ئەوەی بەغداد موچەی نەناردووە، چارەنوسی ئەم دوو موچەیەش نادیارەو تائێستا وەفدی حكومەتی هەرێم نەیتوانیوە بەغداد قایل بكات بەوەی موچەی ئەو دوو مانگە بگەڕێنێتەوە. مەسرور بارزانی بەگشتی بەرپرسیارێتی (5) موچەی فەرمانبەرانی لەئەستۆی خۆی هەڵگرتو خستیەئەستۆی نێچیرڤان بارزانیو بەغداد. واتا حكومەتی هەرێمی لە 2020 تەنها (8) موچەی دابەشكردووە بە بڕی (6 ترلیۆن و 332 ملیار) دینار، لە (8) موچەیە (3) موچەی مانگەكانی (10، 11، 12)ی 2019 بووە، كە بڕەكەی (2 ترلیۆنو 682 ملیار) دینار بووە. بەڵام بۆ (12) مانگەكەی ساڵی 2020 بەگشتی تەنها (5) مانگی حكومەت موچەی دابەشكردووە بە بڕی (3 ترلیۆنو 650 ملیار) دینار، ئەمە لەكۆی (10 ترلیۆنو 728 ملیار) دیناری خەرجی موچەی هەموو ساڵەكە. داهاتی حكومەت لە 2020دا ئەو پارەیەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 2020 دا لە بەغدادەوە پێی گەیشتووە بەمشێوەیە بووە: • بڕی (453 ملیار) دینار لە 17/1/2020 نێردراوە • بڕی (453 ملیار) دینار لە 2/3/2020 نێردراوە • بڕی (453 ملیار) دینار لە 26/3/2020 نێردراوە • بڕی (453 ملیار) دینار لە 24/4/2020 نێردراوە • بڕی (320 ملیار) دینار لە 16/8/2020 نێردراوە • بڕی (320 ملیار) دینار لە 12/10/2020 نێردراوە كۆی گشتی ئەو پارانەی كە لەساڵی 2020دا لە بەغدادەوە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە بڕەكەی (2 ترلیۆنو 399 ملیار) دینار بووە. واتا حكومەتی هەرێمی لەو (6 ترلیۆنو 332 ملیار) دینارەی كە لە 2020دا بۆ موچە خەرجیكردووە، تەنیا بڕی (2 ترلیۆنو 399 ملیار) دیناری لە بەغدادوە بۆ هاتووەو پاشماوەی خەرجییەكانی تری موچەی بەم داهاتانەی تر دابین كردووە: • (160 ملیار) دیناری پارەی هاوپەیمانان لە ساڵەكەدا بەتێكڕا • (3 ترلیۆنو 773 میار) دیناری داهاتی حكومەت خۆی لە ساڵەكەدا بە تێكڕا واتا داهاتی (نەوتو ناوخۆ). ئەم هاوكێشەیە دەریدەخات ئەو خەرجییەی كە حكومەتی هەرێم لە 2020دا بۆ موچە كردویەتی، داهاتەكانی بەمشێوەیە بووە: • رێژەی (60%)ی خەرجی موچەی فەرمانبەران لە 2020دا بە داهاتەكانی حكومەتی هەرێم خۆی دابەشكراوە. • رێژەی (38%)ی خەرجی موچەی 2020 بەو پارەیە پڕكراوەتەوە كە لە بەغدادوە هاتووە. • رێژەی (2%)ی خەرجی موچەی 2020 پارەی هاوپەیمانان دابینی كردووە. داهاتی ئێستای حكومەت لە ئێستادا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پێی ناوەتە ساڵی 2021وە دەیەوێت ئەمساڵ یاسای بودجە بباتە ناو پەرلەمان، بەبێ پارەكەی بەغداد، داهاتی هەرێم بەمشێوەیە: • داهاتی نەوت: 280 ملیۆن دۆلاری مانگانە • پارەی هاوپەیمانان: 17 ملیۆن دۆلاری مانگانە • داهاتی ناوخۆ: 180 ملیار دیناری مانگانە • كۆی گشتی داهاتی حكومەت لە مانگێكدا: 600 ملیار دینارە بەگوێرەی ئەم داهاتانە، ئەگەر بەغداد لە بودجەی 2021ی خۆیدا هیچ پارەیەك بۆ حكومەتی هەرێم نەنێرێتو حكومەتی هەرێم چاكسازی گەورە نەكات بۆ بەرزكردنەوەی داهاتەكانی، ئەوا بۆ ساڵی نوێ حكومەت ناچار دەبێت ئاستی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران لە 21%وە بۆ بۆ (33%) بەرزبكاتەوە. مەسرور بارزانی بە لێبڕینی موچەی فەرمانبەران دەڵێ"دابەشكردنی موچە بەگوێرەی ئەو داهاتەی لەبەردەستی حكومەتدایە"، واتا تەنانەت نایەوێت هاوشێوەی كابینەی نێچیرڤان بارزانی ئەو لێبڕینەی موچە ناوبینێت "قەرز" یاخود "پاشەكەوت"، مەسرور بارزانی بڕی (28 ملیار) دۆلار قەرزی لە كابینەكانی پێشی خۆیەوە بە میراتی بۆ بەجێماوە، ترسی هەیە لە گەورەبوونی قەبارەی ئەم قەرزانە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا بیر لەوە دەكاتەوە بۆ چەندین كابینەی داهاتوو هەر خۆی سەرۆكایەتی حكومەت بكات، بەڵام دەیەوێت باری لاری قەرزە كەڵەكەبووەكانی حكومەت لەسەر شانی فەرمانبەران راستبكاتەوە.
راپۆرتی: (ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان) لە ماوەی یەكساڵی رابردوودا (2) پەرلەمانتار هی قسەیەكیان نەكردووە لە كۆبونەوەكانی پەرلەماندا و (4) پەرلەمانتار یەك جار قسەیان كردووە، لەماوەی ساڵێكدا پەرلەمانی كوردستان تەنها (16) دانیشتنی ئەنجامداوە، كە دەبوو (70) كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجام بدات، لەماوەی ساڵێكدا پەرلەمانی كوردستان (59) كاتژمێر كۆبۆتەوە، دەبوو لەماوەی ئەم ساڵەدا پەرلەمان (210) كاتژمێر كۆ ببێتەوە، دەقی راپۆرتەكەی (ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان) پەرلەمانی كوردستان بە ژمارە پوختەی كارو چالاكییەكانی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2020 ی قەیران و كۆرۆنادا ساڵی 2020 لە جیهان بەگشتی و لەكوردستان بەتایبەت، ساڵی قەیران و نەهامەتی و گرژی و ئاڵۆزی بوو، قەیرانەكانی ئابووری، سیاسی، تەندروستی، پەروەردەیی و كۆمەلایەتی تەشەنەی سەندبوو، بار و گوزەرانی هاولاتیان سەخت بوو و ئەگەر وابڕوات بەرەو خراپتریش دەچێت، كەشی سیاسی گرژبوو، جا چ لەنێوان هیز و لایەنە كوردستانیەكان بێت یا لەنێوان هەولێر و بەغدا، یا لەگەل ولاتانی دەوروبەر، ڤایرۆسی كۆڤید-19 بڕستی لەبەر هاولاتیان بڕیبوو و پەكی هاتووچۆ و كارو كاسبی خستبوو، پرۆسەكانی پەروەردەو فێركردن و خوێندنی بالا پەكیان كەوتبوو و تا ئێستاش دەستیان پێ نەكردۆتەوە، بەهەدەردانی سامان و داهاتی ناوخۆ زۆر و زۆرتر بوو لەلایەن هێزە باڵا دەستەكان و كۆمپانیاو گروپەكانیانەوە. ئەمانەو چەندان قەیران و بابەتی تر كە بەرۆكی خەلكی كوردستانی گرتبوو، ئەوەی دەبوایە رۆڵی هەبێت و جێدەستی بەسەر روداوەكانەوە دیار بێت پەرلەمانی كوردستانە كە پێویست بوو وەك لەیاسادا هاتووە مەرجەعی باڵا بێت، نەك سەرقاڵی كاری لابەلا بێت. ئێمە وەك (ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشە پێدان) كە ماوەی حەوت ساڵە بە هاوكاری و پشتیوانی رێكخراوی سندوقی نیشتمانی بۆ پاڵپشتی دیموكراسی (NED) ی ئەمەریكی (پرۆژەی چاودێری و هەلسەنگاندنی پەرلەمانی كوردستان)مان گرتۆتە ئەستۆ و تا ئێستا (16) راپۆرتمان لەسەر بلاوكردۆتەوە،بەمەبەستی دروستكردنی فشاری مەدەنی و راستەڕێ كردنی كاری پەرلەمانی و پێگەیشتنی پرۆسەی دیموكراسی و هێنانەكایەی كۆمەڵێكی مەدەنی لە هەرێمی كوردستاندا، بۆ ئەوەی رۆَڵی پەرلەمانی كوردستان وەك خۆی و روونتر بۆ هاولاتیان بخەینە روو، لەم كورتە راپۆرتەدا تەنها بە ژمارە باس لە پەرلەمان دەكەین لەماوەی یەك ساڵی رابردوودا، كە ئاخۆ بە ئەركەكانی خۆی هەڵساوە وەك مەرجەعێكی باڵا، یاخود رۆڵی پەراوێز خراوەو سەرقاڵ كراوە بەكاری لابەلا!؟ ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان 31/12/2020 پەرلەمانی كوردستان بە ژمارە 1-لەماوەی ساڵێكدا پەرلەمانی كوردستان تەنها (16) دانیشتنی ئەنجامداوە، ئەمە لەكاتێكدا بەپێی پەیرەو پێویست بوو لەو ماوەیەدا كە دوو خولی گرێدانی (پایزە) و (بەهارە) لەخۆدەگرێت، (70) كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجام بدات، ئەمە جگە لە كۆبوونەوەی نائاسایی كە لەكاتی پشووەكاندا دەكرێت. 2-لەماوەی ساڵێكدا پەرلەمانی كوردستان (4) دانیشتنی كە راگەیاندبوو دوای خستووە، ئەمەش بەهۆی ململانێی سیاسی و لاوازی دەستەی سەرۆكایەتیەوە كۆبوونەوەكان دواخراون. 3-لەماوەی ساڵێكدا پەرلەمانی كوردستان تەها (59) كاتژمێر كۆبۆتەوە، لەڕابردوودا كۆبوونەوە هەبووە نیو كاتژمێر و كۆبوونەوەش هەبووە دە كاتژمێری خایاندووە، ئەگەر وەك نەریتێك وەریبگرین و هەر كۆبوونەوەیەك تەنها (3) كاتژمێری بۆ دابنرێت، پێویست بوو بەلای كەمەوە لەماوەی ئەم ساڵەدا پەرلەمان (210) كاتژمێر كۆ ببێتەوە، ئەمە جگە لە كاتژمێری كۆبوونەوە نائاساییەكان ئەگەر بكرابووایە. 4-لەماوەی ساڵێكدا و لە كۆی (12) كۆبوونەوەدا (168) جار تۆماری ئامادەنەبوونی ئەندامی پەرلەمان تۆمار كراوە جا بەهۆی ئامادەنەبوونەكە بەهۆی (غیاب)ەوە بووبێت، یا مۆڵەت یا بایكۆت، لەكاتێكداتۆماری ئامادە نەبوونی ئەندامان لە (4) كۆبوونەوەشدا تۆمار نەكراوە یا رانەگەیەنراوە، بۆیە لەبەردەست نەبوو، ئەگینا ژمارەكە لەوە زیاترە. سەبارەت بە ناوی ئەوانەی ئامادە نەوبوون لە كۆبوونەوەكان هەمووی لە پێگەی پرۆژەی چاودێری پەرلەمان (www.payied.org) لەبەشی ئامادەنەبوونی پەرلەمانتاران هەیە. 5-لەماوەی ساڵێكدا پەرلەمان تەنها خوێندنەوەی بۆ (9) پرۆژە یاسا كردووە، سەرباری ئەو كێشەو گرفتانەی هەن،سەرباری بوونی كەلێنی یاسایی لەهەرێمی كوردستاندا، ژمارەیەكی كەم پرۆژە یاساو بڕیار خوێندنەوەیان بۆ كراوە. ژمارەیەك پرۆژە یاساش هەیە ئەندامان پێشكەشیان كردووە بەلام سەرۆكایەتی پەرلەمان نەیخستۆتە بەرنامەی كارەوەو خوێندنەوەی بۆ نەكردووە. 6-پەرلەمانی كوردستان لەماوەی ساڵێكدا تەنها (5) یاسای پەسەند كردووە. كە بریتین لەمانە: لە ماوەی ساڵێكدا تەنها ئەو پێنج یاسایە پەسەند كراون: -یاسای ژمارە (1)ی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرو كارتێكەرە عەقلیەكان لەهەرێمی كوردستان عێراق. -یاسای ژمارە (2)ی چاكسازی لەموچەو دەرماڵەو بەخشین وئیمتیازاتەكان وخانەنشینی لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق. -یاسای ژمارە (3)ی رێگریكردن لەبەقاچاخ بردنی نەوت و گاز ولێدەرهێنراوەكانیان لەهەرێمی كوردستان-عێراق. -یاسای ژمارە (4)ی یاسای ماف وئەركەكانی نەخۆش لەهەرێمی كوردستان-عێراق. -یاسای ژمارە (5)ی یاسای لەئەستۆكردن لەهەرێمی كوردستان. 7-لەماوەی ساڵێكدا تەنها دوو بڕیار پەسەندكراوە كە كەتایبەت بە بابەتی كارگێڕی پەرلەمان نەبن: -بریاری ژمارە (1)ی سالی 2020: بریاری بۆنە فەرمیـیەكانی پێكهاتەی توركمان لەهەرێمی كوردستان. -بریاری ژمارە (5)ی ساڵی 2020: سەبارەت بە چۆنیەتی پێشكەشكردنی پێشنیازە یاسا و بریار لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە. 8-لەماوەی ئەم ساڵەدا پارێزبەندی لەسەر یەك پەرلەمانتار هەڵگیرا، ئەویش بەپێی بڕیاری ژمارە (4)ی ساڵی 2020، پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار (سۆران عمر سعید) هەلگیراو بەناچاری دەستی لەكار كێشایەوە. 9-لەماوەی ئەم ساڵەدا وێرای ئەو هەموو ناڕەزایی و كەموكوڕی و داوایەی هەبوو، متمانە لە هیچ وەزیرێك نەسەنراوەتەوە. 10-لەماوەی ئەم ساڵەدا لەلایەن ژمارەی یاسایی ئەندامانەوە (2) جار داوای پرساندنی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی كراوە. 11-لەماوەی ئەم ساڵەدا هیچ كام لە سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی كە بانگهێشتكرابوون بۆ لێپرسینەوە، ئامادە نەبوون بچنە بەردەم پەرلەمان. 12-لەماوەی یەك ساڵدا (14) داوا ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كراوە بەمەبەستی ئامادە بوونی ئەندامانی ئەنجومەن لەبەردەم پەرلەمان. بەلام (9) لەو ئەندامانەی ئەنجومەنی وەزیران ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان نەبوون. 13-لەماوەی ئەم ساڵەدا لە كۆی (23) ئەندامی ئەنجومەنی وەزیران، تەنها (16) جار ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران ئامادەی دانیشتنی لیژنەكان بوون بەمەبەستی گفتوگۆ و میوانداری. 14-لەماوەی ئەم ساڵەدا لە گرژی و خۆپیشاندانەكاندا هەشت پەرلەمانتار پەلامار دراون. 15-نەك هەر ئەمساڵی 2020، بەلكو حەوت ساڵە بودجەی هەرێمی كوردستان لەپەرلەمان پەسەند نەكراوە، پەرلەمانیش بێدەنگە. 16-نەك هەر ئەمساڵی 2020، بەلكو نۆ ساڵە ژمێرەی كۆتایی نەچۆتە پەرلەمانی كوردستانەوە، پەرلەمانیش بێدەنگە. 17-لەماوەی ساڵی 2020 نازانرێت ئەندامانی پەرلەمان چەند پرسیاریان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كردووە، چونكە سەرۆكایەتی پەرلەمان شەفاف نیەو ئەو داتایانە ناخاتە بەردەست، بەلام بەپێی وتەی ئەندامان و خودی سەرۆكی پەرلەمانیش زۆرینەی پرسیارەكانی ئەندامان لەلایەن حكومەتەوە وەلام نادرێنەوە. بۆ نمونە سەرۆكی پەرلەمان لە كۆبوونەوەی رۆژی 1/3/2020ی پەرلەماندا وتی:"لەئێستادا زیاتر لە 115 پرسیاری پەرلەمانتاران كە ئاراستەی ئەندامانی كابینەی وزاریی حكومەتی هەرێم كراون وەڵامنەدراونەتەوە". 18-لەماوەی ساڵێكدا لیژنەكانی پەرلەمان كە ژمارەیان (19) لیژنەیە تەنها (165) كۆبوونەوەیان كردووە، لەكاتێكدا بەپێی پەیرەو بەلای كەمەوە پێویست بوو بە هەر نۆزدە لیژنەكە لەماوەی ئەم ساڵەدا (456) جار كۆبونەوە بكەن. 19-لەماوەی ساڵی 2020 دا لەو (165) كۆبوونەوەیەدا (313) جار ئامادەنەبوون تۆمار كراوە، كە بەبەراورد لەگەل كۆبوونەوەكان رێژەكە زۆرە. 20-لەماوەی ساڵێكدا بە هەموو لیژنەكانەوە پێویست بوو (33) راپۆرت بنوسن و پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی بكەن، بەلام تەنها (11) راپۆرتیان نوسیوەو (22) راپۆرتیان پشتگوێ خستووە. 21- لەماوەی ساڵێكدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان وەك راگەیەنراو لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی خۆیو لە راگەیاندنەكاندا (93) جار پیرۆزبایی لە جەژنەكانی سەری سال و رەمەزان و قوربان و جەما و رۆژی ئالا و جەژنەكانی تر و پیرۆزبایی دامەزراندنی حزب و رێكخراوەكان و بابەتی تری لەم جۆرەی كردووە. 22-لەماوەی ساڵێكدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان وەك راگەیەنراو لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی خۆی و لە راگەیاندنەكاندا (76) جار پرسەو سەرەخۆشی لە هەندێك لەو كەسایەتیانەی كۆچی دواییان كردووە. 23-لەماوەی ئەو ساڵەدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان وەك راگەیەنراو لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی خۆی و لە راگەیاندنەكاندا (3) راگەیەنراوی تایبەتی بە (PKK) دەركردووە كە هەریەك لەو راگەیاندنانە تەعبیر لە رایی یەكێك لەئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی دەكات، رەنگدانەوەو تێڕوانینی حزبەكانیانی تیادا دانراوە. یەك راگەیەنراویش سەبارەت بە هێرش و پەلامار و بۆردومانی توركیایە بۆ هەرێمی كوردستان. 24-لەو ساڵەدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان وەك راگەیەنراو لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی خۆی و لە راگەیاندنەكاندا (1) راگەیەنراوی تایبەتی سەبارەت بە سوتاندنی بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا دەركردووە. 25- بەپێی كۆبوونەوەكانی دەستپێكی هەردوو خولی بەهارەو پایزە لە رۆژانی(1/3/2020) و (2/9/2020)، سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان لە كۆبوونەوە بەلێنی جێبەجێكردنی بەڵێن گەلێكیان دا كە ۆی لە (141) خاڵ دەبینیەوە، بەلام كەمترینیان لێ جێبەجێ كراوە، كە گرنگترینیان بریتی بوون لە: -كاراكردنەوەی لیژنەی دەستوور. -هێنانی بودجەی (2020) بۆ پەرلەمان. -گەڕانەوەی پاشەكەوتی مووچە بە یاسا. -فرەكردنی سەرچاوەكانی داهات. -دڵنیایی كۆمەڵایەتی و تەندروستی. -چارەنوسی فەرمانبەرانی گرێبەست. -دامەزراندنی یەكەمی زانكۆكان. -یاسای خانەنشینی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ. -وەبەرهێنان. -دەروازە سنورییەكان. -پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی. -ئەنجومەنی دەرمان و خۆراك. -رێكخستن و فرۆشتنی هاوردەكردنی لێدەرهێندراوەكانی نەوت. 26-بەدرێژایی ساڵی 2020 ئەندامانی پەرلەمان بەم جۆرە قسەیان لەناو هۆڵی پەرلەمان كردووە: -دوو پەرلەمانتار هیچ قسەیەكیان نەكردووە. -چوار پەرلەمانتار (1) جار قسەیان كردووە. -دە پەرلەمانتار (2) جار قسەیان كردووە. -هەشت پەرلەمانتار (3) جار قسەیان كردووە. -یانزە پەرلەمانتار (4) جار قسەیان كردووە. -هەشت پەرلەمانتار (5) جار قسەیان كردووە. -یانزە پەرلەمانتار (6) جار قسەیان كردووە. -سێ پەرلەمانتار (7) جار قسەیان كردووە. -شەش پەرلەمانتار (8) جار قسەیان كردووە. -حەوت پەرلەمانتار (9) جار قسەیان كردووە. -شەش پەرلەمانتار (10) جار قسەیان كردووە. -نۆ پەرلەمانتار (11) جار قسەیان كردووە. -پێنج پەرلەمانتار(12) جار قسەیان كردووە. -یەك پەرلەمانتار (13) جار قسەی كردووە. -دوو پەرلەمانتار (14) جار قسەیان كردووە. -سێ پەرلەمانتار (16) جار قسەیان كردووە. -یەك پەرلەمانتار (17) جار قسەی كردووە. -یەك پەرلەمانتار (18) جار قسەی كردووە. -دوو پەرلەمانتار (19) جار قسەیان كردووە. -دوو پەرلەمانتار (20) جار قسەیان كردووە. -یەك پەرلەمانتار (21) جار قسەی كردووە. -یەك پەرلەمانتار (23) جار قسەی كردووە. -یەك پەرلەمانتار (24) جار قسەی كردووە. -یەك پەرلەمانتار (27) جار قسەی كردووە. -یەك پەرلەمانتار (30) جار قسەی كردووە. -یەك پەرلەمانتار (36) جار قسەی كردووە.
درەو: سۆران محەمەد – کەركوك ناو هیچ حزبێكی سیاسی لە پێكهاتە جیاوازەكانی كەركوك پشتگیری لە بەرهەرێمبونی پارێزگای كەركوك ناكەن، بەپێچەوانە دژایەتی خۆیان بۆ هەر هەوڵێكی لەو شێوەیە رادەگەیەنن و پێیانوایە ئەجێندای دەرەكی لە پشتە. دژایەتی حزب و لایەنە سیاسییەكانی عەرەب، كورد و توركمان لە كەركوك دوای ئەوە دێت دهستهیهک له چالاکوان و کهسایهتی و یاساناسان پڕۆژهیهکیان بۆ به ههرێمبونی پارێزگاکه راگەیاند، ئەوەش به ئامانجی چارهسهری یهکجاریی کێشهکانی ئیدارهدان و "گهڕانهوهی داهات و خزمهت" بۆ خهڵک. محەمەد سەمعان، وتەبێژی بەرەی تورکمانی، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە وەک بەرنامە و سیاسەتی کارکردن دژی هەر پلان و ئەجێندایەکین کە لە دەرەوەی خواستی پێكهاتەكانی كەركوك بێت"، زیاتر وتی "توركمان دژایەتی بە هەرێمبونی پارێزگاكە دەكات، بەڵێ كارکردن بە ماددەی 140 وەستاوە، بەڵام دەبێت پێكهاتە و لایەنەكانی كەركوك لەسەر پڕۆژەیەكی هاوبەش رێكبكەون نەك بە هەرێمبونی پارێزگاكە". محەمەد پێیوایە بەهەرێمبونی كەركوك خواستی هەموو پێكهاتەكان نییە، بۆیە دژایەتی دەكەن. حاتم تائی، وتەبێژی ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی لە کەرکوک - لە كۆمەڵێك حزب و هۆز و عەشیرەتی كەركوك پێكدێت-، رایگەیاند كە هەموو پارێزگاكانی عیراق یەك چارەنوسیان هەیە و وتی "ناكرێت كەركوك بە تەنیا جیابكرێتەوە، ئێمە دژایەتی هەوڵی لەو شێوەیە دەكەین". تائی، وتی "ئێمە باوڕمان بە دەستور و یاسا هەیە کە چارەنوسی ئەم شارە یەکلایی بکاتەوە، نەک ئەجێندا و پڕۆژی دەرەوەی دەستور و یاسا". ئەوەش لەكاتێكدا بەپێی ماددهی 119ی دهستوری عیراق، ههر پارێزگایهک یان زیاتر مافی پێکهێنانی ههرێمێکیان ههیه به پشتبهستن به داواکارییهک بۆ ئهنجامدانی راپرسی. لە 24ی كانونی یەكەم و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا پڕۆژەیەك بۆ بەهەرێمبونی پارێزگای كەركوك راگەیەنرا. هیوا حهسهن، ئهندامی دهستهی سهربهخۆی به ههرێمکردنی کهرکوک له کۆنگرهکهدا وتی ئهوان سهر به هیچ لایهنێکی سیاسیی و ئایینی و نهتهوهیی نین، بهڵکو ئامانجیانه بهپێی دهستور کهرکوک بکهنه ههرێمێکی سهربهخۆ تا پشکی خۆی له داهات و دهستکهوتی فیدراڵی وهربگرێت و خزمهت به هاوڵاتیانی بکات. بەڵام ئەحمەد رەفیق، وتەبێژی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "45 ساڵە یەکێتی لە کەرکوک و کوردستان و ناوچەکە کار بۆ کوردستانیبونی کەرکوک دەکات، ئێمە لەو پێناوەدا کاردەکەین و هیچ بەدیلێکی تر جگە لە کوردستانیبونی پارێزگاكە و جێبەجێکردنی ماددەی 140 بە پەسەند نازانین". ماددەی 140ی دەستوری عیراق كە خاوەندارێتی كەركوك یەكلاییدەكاتەوە، دەبوو لە كۆتایی ساڵی 2007 جێبەجێبكرێت، بەڵام بەهۆی ناكۆكییەوە 13 ساڵ تێپەڕبووە بەسەر ئەو وادەیەدا و تائێستا لە كۆی سێ قۆناغی ماددەكە (ئاساییكردنەوە، سەرژمێریی و راپرسی)، هێشتا قۆناغی ئاساییكردنەوە كۆتایی نەهاتووە. له کاتی کۆنگرەی راگهیاندنی به ههرێمکردنی کهرکوک، دوو گهنج ناڕهزاییان دهربڕیی و به دهنگی بهرز داوای جێبهجێکردنی ماددهی 140ی دهستوریان کرد بۆ یهکلایکردنهوهی چارهنوسی پارێزگاکه، بهرلهوهی لهلایهن رێکخهرانی کۆنگرهکهوه دوربخرێنهوه. بەڵام ئاههنگ ئهنوهر ئەندامێكی دهستهی سهربهخۆی به ههرێمکردنی کهرکوک، دهڵێت "پێمانوایه به هەرێمکردنی کەرکوک زۆر باشترە لە ماددەی 140، چونکە ساڵانێکە ئەو ماددەیە سڕکراوە و هیچ هەنگاوێکی بۆ نەنراوه". پێمانوایه به هەرێمکردنی کەرکوک زۆر باشترە لە ماددەی 140 قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی بە هەرێمبونی كەركوك، بەپێی یاسای ژمارە (13)ی ساڵی 2008ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و بە پشتبەستن بە مادەی (119)ی دەستوری هەمیشەیی عیراق بەڕێوەدەچێت، ئەوەش سەرەتا کۆکردنەوەی ئیمزای دانیشتوانی پارێزگاکەی دەوێت و لە قۆناغی داهاتودا راپرسی و دەنگدان بۆ بون یان نەبونی هەرێمێکی سەربەخۆ. ئاهەنگ ئەنوەر، پارێزهر و ئەندامی دەستەی به ههرێمکردنی کهرکوک به (کهرکوک ناو)ی وت "دەمانەوێت لهرێی بهههرێمکردنی کهرکوکهوه داهاتی کەرکوک بۆ کەرکوکییهکان بگهڕێنینهوه و خزمهت به ههموو توێژ و نەتەوەکان بکهین". پێشتر ههوڵی به ههرێمکردنی کهرکوک ههبووه، به تایبهت له نێو ژمارهیهک لایهنی عهرهبی و تورکمانییهوه، بهڵام دواتر بێدهنگی لێکراوه.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت شوێنگرەوەكەی قاسم سولەیمانی لە بەغداد چاوی بە بەرهەم ساڵحو مستەفا كازمی كەوتووە، جارێكی تر باس لە گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا دەكرێت لە بەغدادەوە بۆ هەولێر، ئێران ترسی هەیە لە كۆتایی ویلایەتی سەرۆكایەتییەكەیدا ترەمپ گورزێكی تری سەربازی بوەشێنێت، هەر جۆرە پەرەسەندنێكی سەربازی هەرێمی كوردستان دەخاتەوە ژێر فشاری ئێرانییەكان، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. هێرشێك لە یادی حاجی قاسمدا رۆژەكانی كۆتایی ساڵ بۆ عێراق باش نییە، سێیەمین رۆژی ئەمساڵ كاتێك خەڵكی عێراق لە پشووی سەری ساڵدا بوون، هەواڵی كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانو ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی عێراق بیست، هەواڵی كوژرانی قاسم سولەیمانیو كاردانەوەی ئێران، پشووەكەی كرد بە هەواڵی شەڕێكی چاوەڕواننەكراو. شەوی یەكشەممەی ئەم هەفتەیەش كە خەڵك ئامادەكارییان بۆ پشووەكانی سەری ساڵ دەكرد، جارێكی تر ناوچەی سەوزی بەغداد كەوتەوە بەر هێرشی موشەكیی، ئەمە ناوچەیەكی پارێزراوی ئەمنییەو بارەگای باڵیۆزخانەی ئەمریكای تێدایە. بەگوێرەی قسەی سوپای عێراق، لەو شەوەدا، لانی كەم هەشت موشەك لەناوچەی سەوز كەوتونەتە خوارەوە، سوپا بەرپرسیارێتی ئەم هێرشە دەخاتە ئەستۆی "گروپە لەیاسادەرچووەكان"، بەڵام بەرپرسێكی ئەمریكی وتی:" نزیكەی 21 موشەك ئاڕاستەی ناوچەی سەوزكراوەو هەندێك لە موشەكەكان چەند بینایەكی ناوچەی سەوزیان پێكاوە". ئەمریكا لە باڵیۆزخانەی خۆی لە ناوچەی سەوز، سیستمی دژە موشەكی جێگیركردووە كە پێی دەوترێت "C-RAM"، سیستمەكە روبەڕووی هێرشەكە بووەوە. شانەی راگەیاندنی ئەمنیی حكومەتی عێراق وتی، هێرشە موشەكییەكە لە سەربازگەی "رەشید"ی باشوری بەغدادەوە، ئەنجامدراوە. هێرشەكە هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی یادی یەكساڵەی كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، كە بەرپرسانی كوردو عێراقی بە "حاجی قاسم" ناویان دەهێنا، بۆیە ئەمریكییەكان پەنجەی تۆمەت بۆ ئێرانییەكان رادەكێشن. سوپای ئەمریكا هەڕەشە دەكات فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریكا لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، ئەو هێرشە موشەكییەی كە یەكشەممە كرایەسەر ناوچەی سەوز لە بەغداد، بەدڵنیایی میلیشیا لەیاسادەرچووەكان ئەنجامیانداوە كە ئێران پاڵپشتییان لێ دەكات. فەرماندەیی ناوەندی دەڵێ، لەو هێرشەدا هیچ ئەمریكییەك بریندار نەبووە، بەڵام زیان بە بیناكانیان گەیشتووە، ئەمەش ناپاكییەكی راستەوخۆیە لە سەروەری عێراق، هۆشداری دەدات لەوەی بەرپرسیارێتی كوژرانی هەر هاوڵاتییەكی ئەمریكی لە ئەنجامی ئەو هێرشانەوە، دەكەوێتە ئەستۆی میلیشیاكانی سەربە ئێران. ترەمپ لەبەردەم چەند بژاردەیەكدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ماوە تەواوبووی ئەمریكا لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، لەبارەی ئەو هێرشەوە نوسی، بەرپرسیارێتی كوژرانی هەر هاوڵاتییەكی ئەمریكی دەكەوێتە ئەستۆی ئێرانو دەبێت بەباشی بیر لەوە بكاتەوە. ترەمپ دەڵێت:" گوێمان لە قسەوباسی تر دەبێت لەبارەی ئەوەی هێرشی دیكە دژی ئەمریكییەكان ئەنجام دەدرێت"، لەگەڵ ئەم قسانەدا، ترەمپ وێنە سێ موشەكی بڵاوكردەوە كە نەتەقیونەتەوە. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە، بەرپرسانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا لە كۆشكی سپی كۆبونەتەوەو تاوتوێی چەند بژاردەیەكیان كردووە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران. بەگوێرەی قسەی سەرچاوەكە، وەزیری دەرەوەو بەرگریو راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەییو چەند بەرپرسێكی تری ئەمریكا بەشداربوون لەو كۆبونەوەیەداو لەسەر چەند بژاردەیەك بۆ روبەڕووبونەوەی ئێران رێككەوتوون تاوەكو بەمزوانە بیخەنە بەردەم دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی وڵات. ترەمپ رۆژی 20ی مانگی داهاتوو ماوەی سەرۆكایەتییەكەی تەواو دەبێتو كۆشكی سپی بۆ جۆ بایدن چۆڵ دەكات، پێشبینی دەكرێت قەیرانێكی سیاسی گەورە لەدوای خۆی بۆ بایدن بەجێبهێڵێت، ئێرانییەكان نایانەوێت توشی ئەم شەڕە ببن، چاویان لەوەیە لەگەڵ بایدندا جارێكی تر رێككەوتنە ئەتۆمییەكە زیندوو بكەنەوەو ئاهێك بهێننەوە بەبەری دۆخی ئابوری وڵاتەكەیان كە بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە لە پەلوپۆ كەوتووە. باڵیۆز لە بەغدادەوە بۆ هەولێر ! هاوكات لەگەڵ هێرشەكەی ئەم هەفتەیەدا، جارێكی تر قسەوباس لەبارەی داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد كەوتوەتەوە بەر باس. سایتی "ئەكسیوس" لەزاری دوو بەرپرسی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە، ئەمریكا بەنیازە باڵیۆزخانەكەی لە بەغداد دابخاتو ئەم هەنگاوەش یەكێكە لەو بژاردانەی كە پێشنیاز كراوە بۆ تۆڵەكردنەوە لە ئێران، كە ترەمپ بە دەوڵەتێكی "سەرپەرەشتیاری تیرۆر" ناوی دەبات. سایتەكە باسی لەوەكردووە، ئەگەر بەغداد بەجێبهێڵێت، رەنگە ماسیۆ تویلەر باڵیۆزی ئەمریكا بگوازێتەوە بۆ هەولێر یاخود بنكەی ئاسمانی "ئەسەد" لە خۆرئاوای عێراق. هەرێمی كوردستان لەنێوان تارانو واشنتۆندا هەر كاتێك قسەوباس دێتەسەر داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد، میدیا جیهانییەكان یەكسەر ئاماژە بە گواستنەوەی باڵیۆزخانەكە دەكەن بۆ هەولێر، ئەمەش هەرێمی كوردستان دەخاتە ژێر فشاری ئێرانییەكانەوە. ساڵی رابردوو كاتێك قاسم سولەیمانی كوژرا، مانگێك دوای كوژرانیو بەدیاریكراوی لە رۆژی پێنجی كانونی دووەمدا، لایەنە شیعەكان لە پەرلەمانی عێراق كۆبونەوەو بڕیاریاندا هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بكەنە دەرەوە. نوێنەرانی كورد بە هەموو پارتە سیاسییەكانەوە بەشدارییان لەو كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراقدا نەكرد، پێكهاتەی شیعە بەتەنیاو بەبێ پێكهاتەی كوردو سوننە بڕیاریاندا لەسەر دەركردنی هێزە بیانییەكانو هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی ئەمنیی نێوان ئەمریكاو عێراق. كردنەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، لەدوای كوژرانی قاسم سولەیمانییەوە ئیتر بوو بە هێڵی سەرەكی سیاسەتی ئێران لە عێراقدا، بەرپرسانی ئێرانی ئەمەیان بە تۆڵەی گەورەی خوێنی سولەیمانی ناودەبرد، بۆیە فشارەكانیان لەسەر هێزە سیاسییەكانی عێراق لەوبارەیەوە توندكردەوە. ئەوكات سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان (سەرۆكایەتی پەرلەمان، حكومەت، هەرێم) كۆبونەوەو بەپێچەوانەی بڕیاری لایەنە شیعەكانەوە، رایانگەیاند، ئەوان مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق كە ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكات، بەپێویست دەزانن بۆ روبەڕووبونەوەی هەڕەشەكانی "داعش". هەر ئەو سەردەمە، عادل عەبدولمەهدی كە سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەر بوو، لەبارەی ئەم بابەتەوە سەردانی هەرێمی كوردستانی كردو لەگەڵ مەسعود بارزانیو نێچیرڤان بارزانیو نێچیرڤان بارزانیو مەسرور بارزانیو كۆسرەت رەسوڵ كۆبووەوە. كاتێك شیعەكان بڕیاریاندا هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بكەنەدەرەوە، ئیتر قسەوباس لەبارەی گواستنەوەی هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا لەناوچەكانی عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردسان هاتەئاراوە. ئەوكات سەرچاوەیەكی باڵا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند، كۆماری ئیسلامی ئێران لەڕێگەی نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران، نامەیەكی بەزمانێكی توند ئاڕاستەی هەریەكە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانو مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتو قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت كردووە. لەو نامەیەدا، تاران هۆشداری بە هەرێمی كوردستان دابوو لەبارەی ئەوەی دەبێت پەیوەست بێت بە بڕیاری پەرلەمانی عێراقەوە بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق. نامەكەی ئێران بۆ هەرێمی كوردستان جەختی لەسەر ئەم خاڵانە كردبوو: • هەرێمی كوردستان لەگەڵ عێراقدا یەك جوگرافیای سیاسیو سەربازییە. • دوای كردنەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، هەرێمی كوردستان نابێت ببێت بە پەناگە بۆ هێزەكانی ئەمریكا. "پێشبینی شەڕ ناكەم" سەرباری هەڕەشەكانو توندبوونەوەی سەرلەنوێی بارودۆخی پەیوەندییەكانی نێوان واشنتۆنو تاران، بەڵام كینیس ماكینزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریكا ئەگەری روودانی پێكدادانی نوێ لەنێوان ئەمریكاو ئێران بەدوور دەزانێت، ماكینزی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تۆڕی (ABC)دەڵێ:" مەترسیییەكی گەورە هەیە ئێران لە یادی یەكساڵەی كوژرانی قاسم سولەیمانیدا هەڕەشە لە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بكات لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست". ماكینزی باسی لەوەكرد، دەزگای هەواڵگری ئەمریكا تێبینی ئەگەری روودانی هێرشی كردووە لەناو عێراق لەلایەن ئێرانو ئەو گروپانەی كە ئێران پاڵپشتییان لێ دەكات، بەڵام ئەمریكا نایەوێت بارودۆخەكە لەگەڵ ئێران توندبكاتەوەو لەو باوەڕەشدا نییە ئێران بیەوێت لەم كاتەدا جەنگ لەگەڵ ئەمریكا هەڵگیرسێنێت. لە لێدوانێكی جیاوازتردا بۆ رۆژنامەی "وۆڵ ستریت ژۆرناڵ"، ماكینزی وتی:" هێرشەكەی شەوی یەكشەممە، لە ساڵی 2010وە تائێستا گەورەترین هێرش بووە كە كراوەتەسەر ناوچەی سەوز". قائانی لە بەغداد بووە دوێنێ میدیا فەرمییەكانی ئێران ئاشكرایانكرد، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسو شوێنگرەوەی قاسم سولەیمانی سەردانی بەغدادی كردووە. ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە بەغداد رایگەیاند، ژەنەڕاڵ قائانی چاوی كەوتووە بە هەریەكە لە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمارو مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقو ژمارەیەك بەرپرسی تر. تائێستا وردەكاری تەواوەتی گفتوگۆی قائانی لەگەڵ بەرهەم ساڵحو مستەفا كازمی نازانرێت، بەڵام سایتی "روسیا تودەی" لەزاری سەرچاوەیەكی عێراقییەوە بڵاویكردوەوە، لەسەردانەكەیدا بۆ بەغداد ئیسماعیل قائانی بەبەرپرسانی عێراقی وتووە:" ئێران دژی هێرشە موشەكییەكەیە بۆسەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا". هەمان سەرچاوە وتویەتی:" هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە دوو رۆژی رابردوودا یەكێك لەو كەسانەیان دەستگیركردووە كە شەوی یەكشەممە موشەكەكانی ئاڕاستەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا كردووە، دەستگیركراوەكە فەرماندەی هێزی موشەكە لەناو یەكێك لە گروپە چەكدارەكاندا". "كاری ناحەكیمانە" وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەكدا قسەكانی دۆناڵد ترەمپی لەبارەی تۆمەتباركردنی ئێران بە تێوەگلانی لە هێرشە موشەكییەكەی ناوچەی سەوز، رەتكردەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێ:" واشنتۆن بەرپرسیارێتی تەواوەتی ئاكامی هەر كارێكی نا حەكیمانە دەگرێتەئەستۆ كە لەم قۆناغەدا ئەنجامی بدات.. تۆمەتەكانی ئیدارەی ئەمریكا لەبارەی هێرشە موشەكییەكەوە، دووبارەیەو هیچ بنەمایەكی نییەو كۆشكی سپی خۆی دروستی كردووە". محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لە تویتێكدا نوسی:" خستنەبەر مەترسی هاوڵاتیانی ئەمریكا لە دەرەوەی وڵاتەكەیان، سەرەنج لەسەر شكستە كارەساتبارەكانی ترەمپ لەناوخۆی وڵات هەڵناگرێت". جەواد زەریف وێنەی چەند تویتێكی پێشتری دۆناڵد ترەمپی بڵاوكردەوەو هۆشداریدا لە دووبارەكردنەوەی هەوڵەكانی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ لەگەڵ ئێران لە كۆتایی ولایەتی یەكەمی سەرۆكایەتییەكەیدا بە ئامانجی ئەوەی جارێكی ترو بۆ ویلایەتی دووەم وەكو سەرۆك هەڵبژێردرێتەوە.
درەو: هبە قودسی- شەرقولئەوسەت وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت سەرباری پەڵپگرتنی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و مشتومڕ لەبارەی چونەدەرەوەی لە کۆشکی سپی و بەشداریکردنی لە مەراسیمی رادەستکردنی دەسەڵات و ئاهەنگی دانانی سەرۆکی هەڵبژێردراو جۆ بایدن لە ٢٠ی کانونی دووەمی داهاتوو، ئامادەکاری و پلانی جێهێشتنی کۆشکی سپی لەسەروبەندنی دەستپێکردن و جێبەجێکردندایە. کارەکە تەنیا لە سەرۆک ترەمپ و میلانیای هاوسەریدا کورت نابێتەوە، بەڵکو فەرمانبەرانی کۆشکی سپیش دەگرێتەوە کە دەستیان کردووە بە دانانی پلان بۆ هەڵگرتنی هەنگاو لە ژیانیان و پێشکەشکردنی داواکاری بۆ کاری تر. زۆرجار سەرۆکەکانی پێشتر هەندێکیان کتێب بڵاودەکەنەوە لەبارەی هەڵوێست و وێنای سیاسی خۆیان و ئەو جەنگانەی کە لەماوەی کارکردنیان لە کۆشکی سپی کردوویانە هەروەها ئەو نهێنی و بابەتە شاراوانە شیدەکەنەوە کە لە پشت بڕیارە سیاسییەکانیانەوە بووە، باراک ئۆباماو پێشتریش جۆرج بوشی کوڕو بیل کلینتۆن وایانکرد، هەروەها دیک چینی جێگری پێشووی سەرۆک و هیلاری کلینتونی کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکاو وەزیری دەرەوەی پێشووی. هەندێکیش دەچنە ناو کاری خێرخوازی یان ئارەزووەکانیان و کاری وانەبێژی، بەڵام فەرمانبەران و ئەوانەی لە کۆشکی سپی کاردەکەن، زۆرجار هەندێکیان دەچن بۆ کۆمپانیا تایبەتەکان کە بۆندی سەرەنجڕاکێشیان پێشکەش دەکەن، هەندێکی تر روو لە دروستکردنی کۆمپانیای تایبەت دەکەن بۆ پێشکەشکردنی راوێژی سیاسی و خزمەتگوراری پەیوەنییە گشتییەکان و بابەتی تر. سەبارەت بە سەرۆک ترەمپ، پێدەچێت زۆرکەس سەرسام بوبن لەبارەی ئەوەی دوای دەرچوونی لە کۆشکی سپی چی دەکات، پێشبینی زۆر هەیە، سەرۆک نایەوێت لەبارەی پلانی خۆی دوای رۆشتنی لە پۆستەکەی قسە بکات. کەسە نزیکەکانی دەڵێن ئەو دەزانێت کاتی تەواو بووە تەنانەت ئەگەر هەوڵی پێشکەشکردنی تانەی یاسایی زیاتریش بدات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی. ترەمپ بەفەرمی پیرۆزبایی لە بایدن نەکردووەو وەکو براوەی هەڵبژاردنەکانی دانی پێدا نانێت. هەندێک پێشبینی دەکەن ترەمپ بگەڕێتەوە بۆ هاوینەهەوارە شکۆدارەکەی لە مار لارگۆی فلۆریدا، هەندێکی تر پێشبینی گەڕانەوەی دەکەن بۆ نیویۆرک و لەوێوە ئیدارەی شەڕی دروستکردنی کەناڵێکی تەلەفزیۆنی بدات بۆ بانگەشەکردن بۆ خۆی و هێرشکردن بۆسەر ئیدارەی بایدن و ئامادەکاریکردنی بۆ خۆکاندیدکردنەوەی بۆ ساڵی ٢٠٢٤. بەڵام سەرۆک ترەمپ هێشتا ئاشکرای نەکردووە چی دەکات کاتێک بایدن بە فەرمی دەچێتە ناو کۆشکی سپییەوە. کەسە نزیکەکانی سەرۆک ترەمپ دەڵێن دەستی کردووە بە راوێژکردن لەبارەی دروستکردنی کۆمپانیایەکی میدیایی دیجتاڵی، یاریدەرەکانی لە گفتوگۆو مشتومڕدان لەبارەی کڕین یان سەرمایەگوزاریکردن لە کۆمپانیای "نیوماکس"ی هەواڵیی، تاوەکو وای لێبکەن ببێت بە رکابەری تۆڕی "فۆکس نیوز". پێشبینییەکانی جیاوازن لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەکردنی ترەمپ لەگەڵ کێشەو سکاڵا یاساییەکان کە لەدوای دەرچوونی لە کۆشکی سپی روبەڕووی دەبێتەوە، بۆ زانیاری ژمارەیەک سکاڵای یاسایی لەسەر ترەمپ هەن کە لانی کەم هەندێکیان پەیوەندیدارن بە ناوزڕاندن و هەندێکی تر پەیوەندییان بە چەواشەکارییەوە هەیە سەبارەت بە هەندێک لە کاڵای کۆمپانیاکانییەوە. میلانیا ترەمپ و بارۆنی کۆڕی دوای گەیشتنی ترەمپ بە کۆشکی سپی لە کانونی دووەمی ٢٠١٧دا، میلانیای هاوسەری و بارۆنی کوڕی نەچوون بۆ کۆشکی سپی تا لەوێ بژین، میلانیا وتی چاوەڕوانی ئەوە دەکات بارۆنی کوڕی ساڵی خوێندنی لە نیویۆرک تەواو بکات (ئەوکاتە بارۆن تەمەنی ١٤ ساڵ بوو). ئێستاش، پێدەچێت چاوەڕوانی ئەوە بکات خوێندنی ناوەندیی تەواو بکات سەرباری ئەوەی بەهۆی پەتای کۆرۆناوە لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە دەخوێنێت، رەنگە بارۆن بگوازێتەوە بۆ خوێندنگەی فۆرت لۆدەردیل لە فلۆریدا، کە خوێندنگەیەکی ناوەندییەو بەوە ناسراوە ژمارەیەکی زۆری کوڕی دەوڵەمەندەکان و کەسانی دەستەبژێر تێیدا دەخوێنن. پێشبینییەکان زۆردەبن لەبارەی بەردەوامبوونی میلانیا لە ژیانی هاوسەرێتی لەگەڵ ترمپ، راپۆرتەکان باسلەوە دەکەن داوای جبابونەوە دەکات و چەند هەنگاوێکی هەڵگرتووە بۆ زامنکردنی ئەوەی بارۆنی کوڕی هەمان پشکی برا گەورەکانی لە ئیمپاتۆریەتە گەورەکەی باوکی وەرگرێت. هەندێک لە کەسە نزیکەکان لە خانمی یەکەم دەڵێن ئەو بەردەوامی دەدات بە بەشداریکردنی لە هەندێک کاری خێرخوازی و روبەڕووبونەوەی توندوتیژی ئینتەرنێتیی، هەندێکی تر دەڵێن کتێبێک لەبارەی ژیانی خۆیەوە لە کۆشکی سپی بڵاودەکاتەوە هاوشێوەی ئەوەی میشیل ئۆباما کردی، ئەمەش کارێکە ملیۆنان دۆلار قازانجی لێ دەکات. زۆرێک لە هاوڕێکانی بیرۆکەی گەڕانەوەی میلانیا بۆ نمایشی جلوبەرگ رەتدەکەنەوە. ئیڤانکا ترەمپ و جارید کۆشنەر راپۆرتەکان باسلەوە دەکەن ئیڤانکای کچی ترەمپ و جارید کۆشنەری هاوسەری پلان بۆ ئەوە دادەنێن بگوازنەوە بۆ فلۆریدا، ئیڤانکا پارچە زەوییەکی گەورەی لە دورگەیەکی نزیک شاری میامی کڕیوە بەبڕی (٣٠ ملیۆن) دۆلار کە نازناوی "پەناگەی ملیاردێرەکان"ی لێنراوە بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی کەسانی دەوڵەمەندو خەڵکە بەناوبانگەکەن. کەسە نزیکەکانی ئیڤانکا بە تۆڕی "CNN"یان وتوە ئەو بیر لەوە دەکاتەوە خۆی بۆ پۆستێکی سیاسی کاندید بکات له ویلایەتی فلۆریدا، بەڵام هێشتا بڕیاری خۆی لەمبارەیەوە یەکلانەکردوەتەوە. مایک پێنس مایک پێنسی جێگری سەرۆک و کارین پێنسی هاوسەری پلان دادەنێن بۆئەوەی لە کۆشکی سپییەوە بگوازنەوە بۆ ماڵێک لە دەوروبەری واشنتۆنی پایتەخت، بەڵام پێنس تائێستا هیچ پلانێکی رانەگەیاندووە لەبارەی ئایندەی ژیانی سیاسی خۆیەوە. بڕیارە پێنس دوای مۆڵەتی جەژنەکانی کرسمس گەشتێک بۆ بەحرەین و ئیسرائیل و پۆلەندا بکات. لاری کودلو-ی راوێژکار لاری کودلوی راوێژکاری ئابوری کۆشکی سپی کەسە نزیکەکانی ئاگادارکردوەتەوە لەوەی تەنیا بەدەرچوونی لە کۆشکی سپی و هاتنی بایدن بۆسەر پۆستەکەی، پلان دادەنێت بۆ ئەوەی کارێکی لەبواری راگەیاندندا دەستکەوێت، کودلو بەرلەوەی بچێتە کۆشکی سپی پسپۆڕێکی ئابوری و پێشکەشکارێکی بەناوبانگ بوو لە تۆڕی "CNBC"، سەرچاوەکانی دەڵێن بۆندی زۆری بۆ هاتووە. مارک میدوز سەرۆکی فەرمانبەرانی کۆشکی سپی رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" رایگەیاند، مارک میدوز سەرۆکی فەرمانبەرانی کۆشکی سپی چەند هەنگاوێکی هەڵگرتووە بۆ دامەزراندنی کۆمپانیایەکی راوێژکاریی تایبەت بە خۆی و ئێستا یاریدەدەرەکانی لە کۆشکی سپی هەڵدەبژێرێت بۆ ئەوەی لەگەڵیدا بەشداری بکەن لە دروستکردنی کۆمپانیاکەدا، زۆرجار گەورە فەرمانبەرانی کۆشکی سپی هەڵدەستن بە دروستکردنی کۆمپانیای راوێژکاریی تایبەت لە بواری سیاسی و ئابوری یاخود لە بواری پەیوەنییە گشتییەکان، بۆ ئەمەش سود لەو پەیوەندییانە دەبینن کە دروستیان کردووە یان لەو ئەزمونەی لەکاتی کارکردنیان لەناو کۆشکی سپی وەریانگرتووە. جیسۆن میلەر یاریدەدەری تایبەتی ترەمپ جیسۆن میلەر یاریدەدەری نزیکی سەرۆک ترەمپ و مایسترۆ تایبەتەکەی بۆ کەمپەینی هەڵبژاردن پلان بۆ ئەوە دادەنیت وتارو کتێب لەبارەی سەرۆکایەتییەکەی ترەمپ و ساڵەکانی لە کۆشکی سپی بڵاوبکاتەوە، لەم حاڵەتەشدا بە هاوکاری لەگەڵ ترەمپدا کاردەکات و ترەمپ قسەی کۆتایی دەبێت لە فۆرم ۆ ناوەڕۆکی ئەو وتارو کتێبانەی کە بڵاوی دەکاتەوە.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لەبەرامبەر دیناری عێراقی دیارییەكی گرنگە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار مانگانە نزیكەی (80 ملیار) دینار داهاتی حكومەت زیاد دەكات، بەم دۆخە ئابورییە نوێیەوە، ئەگەر (320 ملیار) دینارەكەی بەغداد بەردەوام بێت، حكومەت مانگانە بەبێ لێبڕین دەتوانێت موچە دابەشبكات، خۆ ئەگەر بەغداد پارەكە نەنێرێت، دەبێت رێژەی لێبڕین بۆ 40% بەرزبكاتەوە، بەڵام لەهەردوو بارەكەدا نرخ بەرزدەبێتەوەو هێزی كڕین لاواز دەبێت، لەمەشدا چینی فەرمانبەرو هەژاران زەرەرمەند دەبن، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. دۆخێكی دارایی نوێ ئەمڕۆ بانكی ناوەندی عێراق بەفەرمی نرخی (100 دۆلار)ی ئەمریكی بە (147 هەزار) دینار بۆ هاوڵاتیان جێگیركرد، نرخەكە لەنێوان وەزارەتی داراییو بانكی ناوەندیدا (145 هەزار) دینارە بۆ هەر (100 دۆلار)ێك. حكومەتی عێراق ساڵێكی قورسی دارایی بەرێ دەكات، ساڵێك كە تێیدا بەهۆی قەیرانی سەرهەڵدانی كۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوتەوە داهاتەكانی كەمیكرد، ئامادەكردنی پرۆژە یاسای بودجەی 2021 بە ناوەڕۆكەكەیدا دەردەكەوێت خەڵكی عێراق دەبێت چاوەڕوانی ساڵێكی دارایی قورستر بكەن. ئەم پرۆژەیە رۆژی پێنج شەممەی رابردوو خرایە بەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، هەر ئەو رۆژە كۆپییەكی پرۆژەكە دزەی كردە ناو میدیاكانو دەركەوت پرۆژە یاساكە كار لەسەر كەمكردنەوەی خەرجییە گشتییەكان دەكات. ژمارەیەك لە بەرپرسانی عێراقی كە كاریان لەسەر ئامادەكردنی ئەم پرۆژە یاسایە كردووە، بە ئاژانسی هەواڵی (فرانس پرێس)یان راگەیاندووە، لە نوسینی ئەم پرۆژەدا ئامانجیان "خۆراگری" عێراقە دوای ئەو قەیرانە داراییە بێ پێشینەی كە بەهۆی كۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوتەوە روبەڕووی وڵات بووەتەوە. لە رەشنوسی بودجەی 2021دا ژمارەیەك رێوشوێن بۆ روبەڕووبونەوەی دۆخی خراپی دارایی حكومەت دیاریكراوە، یەكێكیان بەرزكردنەوەی بەهای دۆلارە لەبەرامبەر دیناری عێراقی، پێشتر لە بانكی ناوەندی عێراق (100 دۆلار)ی ئەمریكی بە (119 دینار)ی عێراقی دەفرۆشرا، بەڵام لە پرۆژەی بودجەدا ئەم رێژەیە زیادكراوە بۆ (145 هەزار) دینار. بڕیار نەبوو، بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار ئاوا بەزویی ئاشكرا ببێت، بەڵام دزەكردنی رەشنوسی پرۆژەی بودجە بۆ ناو میدیاكان، هەرزوو بازاڕی شێواندو نرخە نوێیەكەی جێگیركرد، ئەمە لەكاتێكدایە هێشتا پرۆژەی بودجە لە حكومەت دەنگی لەسەر نەدراوەو ئاڕاستەی پەرلەمانیش نەكراوە، ناچار ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراقو بانكی ناوەندی نرخە نوێیەكەیان بە فەرمی جێگیركرد. بە دەستكاریكردنی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار لە یاسای بودجەدا، بەرپرسانی عێراق دەیانەوێت هەندێك فشاری خەرجی موچە لەسەر حكومەت كەمبكەنەوە، كە گەورەترین رێژەی خەرجییەكانی حكومەت پێكدەهێنێت. ژمارەی فەرمانبەرانی عێراق (بە 682 هەزار فەرمانبەری هەرێمەوە كە بەفەرمی تۆماركراوە) بە تێكڕا نزیكەی (4 ملیۆن) فەرمانبەرە، لەگەڵ (3 ملیۆن) خانەنشینو (ملیۆنێك) كەس كە موچەی چاودێری كۆمەڵایەتی وەردەگرن. رێژەی 90%ی داهاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوتەوە بەدەست دێت، ئەم داهاتە بە دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ حكومەتی عێراق، ئەگەر بەهای دۆلار لەبەرامبەر دینار بەرزبكرێتەوە، حكومەت دەتوانێت لە دابینكردنی خەرجییەكانیدا بڕێكی زیاتر لە داهاتی بۆ بگەڕێتەوە. سەرباری ئەوەی حكومەت لەم رێگەیەوە دەتوانێت موچەی فەرمانبەرانی زامن بكات، بەڵام دابەزاندنی بەهای دینار لەبەرامبەر دۆلار بە زیان بۆ چینی موچەخۆرو هەژاران كۆتایی دێت، چونكە بازرگانەكان كاڵاو پێداویستییەكان بە دۆلار هاوردەی عێراق دەكەنو ناچارن بۆ فرۆشتنەوە لەناوخۆی وڵات بە دینار، نرخ بەرزبكەنەوە، ئەمەش وادەكات توانای كڕین لای چینی موچەخۆرو هەژاران لاواز ببێت. هەندێك پێشبینی دەكەن ئەم دۆخە داراییە نوێیەی عێراق، رێژەی هەژاریی لە وڵات بۆ (40%)ی كۆی ژمارەی دانیشتوان كە نزیكەی (40 ملیۆن) كەسە، بەرزبكاتەوە. حكومەت بەهەموو شێوەیەك دەیەوێت قەبارەی داهاتەكانی خۆی زیاد بكات، بۆ ئەمەش تەنیا پەنای بۆ دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی نەبردووە، هاوكات بەپێی رەشنوسی بودجەی 2021 دەیەوێت قەبارەی داهاتی نانەوتیی بۆ (18 ترلیۆن) دینار بەرزبكاتەوە لەكاتێكدا ئەم داهاتە لە بودجەی 2019دا بە (11 ترلیۆن) دینار دیاریكراوە، هەرچی داهاتی نەوتیشە، بەپێی ئەوەی لە رەشنوسی بودجەدا هاتووە پێشبینی دەكرێت بۆ ساڵی داهاتوو بگاتە (73 ترلیۆن) دینار، كە ئەمەش (20 ملیار) دینار لە بودجەی 2019 كەمترە. بەهۆی ناكۆكییە سیاسییەكانەوە، عێراق ئەمساڵ یاسای بودجەی نەبوو، پێشبینی بودجەی 2021 ئەوەیە عێراق هەر بەرمیلێك نەوت بە (42 دۆلار) بفرۆشێت، ئەم پێشبینییەش زۆر كەمترە لە نرخی ئێستای بازاڕی نەوتو نرخی بەرمیلی نەوت لە بودجەی 2019دا كە بە (56 دۆلار) دیاریكرابوو. ساڵی 2019 بودجەی عێراق گەورەترین قەبارەی تۆماركردو گەیشتە (133 ترلیۆن) دینار، بەڵام بودجەی 2021 زۆر زیاترەو كۆی گشتی خەرجی وڵات بە (150 ترلیۆن) دینار خەمڵێندراوە. دۆلارو داهاتی نوێی عێراق رێژەی 90%ی داهاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوتەوە بەدەستدەهێنرێت، داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی رابردوو (3 ملیارو 394 ملیۆنو 988 هەزار) دۆلار بووە، ئەگەر بە نرخی مانگی رابردوو ئەژماربكرێت، واتە هەر (100 دۆلار) بەرامبەر بە (119 دینار)، ئەوا لەو مانگانە داهاتی عێراق بە دینار (4 ترلیۆنو 40 ملیارو 35 ملیۆن) دینار بووە. ئەگەر هەمان داهات ئێستا بە جیاوازیی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار ئەژمار بكرێت، واتە هەر (100 دۆلار) بەرامبەر بە (145 هەزار) دینار، داهاتی هەمان بڕ لە فرۆشی نەوت بە دینار دەبێت بە (4 ترلیۆنو 922 ملیارو 732 ملیۆن) دینار، ئەمە دەریدەخات پلانی دابەزاندنی بەهای دینار بڕی نزیكەی (ترلیۆنێك) دینار داهاتی نەوتی بۆ حكومەت زیادكردووە كە بەهۆیەوە حكومەت دەتوانێت مانگانە كورتهێنانی خۆی پڕبكاتەوە. بەهای دۆلارو هەرێمی كوردستان هاوكێشەی دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریكی هەمان كاریگەری لەسەر حكومەتو خەڵك لە هەرێمی كوردستانیش دەبێت، حكومەت لەم پلانە سودمەندو هاوڵاتیانیش زەرەرمەند دەبن. حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چەندین سەرچاوەیەكەوە داهاتی دەستدەكەوێت، بەشی زۆری داهاتەكان بە دۆلار بۆ حكومەتی هەرێم دەگەڕێنەوە، بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار لەبەرامبەر دیناری عێراقی لەم قەیرانە داراییە سەختەدا، وەكو دیارییەكە بۆ حكومەتی هەرێم. بەپێی دواین داتاكان كە دەست (درەو) كەوتوون، ئەو داهاتانەی كە بە "دۆلار" دەست حكومەتی هەرێم دەكەون، بەبێ (320 ملیار) دینارەكەی بەغداد، مانگانە بەمشێوەیە: • داهاتی نەوت: 270 ملیۆن دۆلار • پارەی هاوپەیمانان: 17 ملیۆن دۆلار • داهاتی ناوخۆ: 170 ملیار دینارە، نزیكەی (30 بۆ 50 ملیۆن)ی بە دۆلارە بەپێی ئەم هاوكیشەیە، حكومەتی هەرێم مانگانە تەنیا بە دۆلار، لانی كەم (317 ملیۆن) دۆلاری دەستدەكەوێت، ئەم پارەیە ئەگەر بە نرخی پێشتر واتە (100 دۆلار) بەرامبەر بە (125 هەزار) دینار ئەژماربكرێت، بەدینار دەكاتە (380 ملیار) دینار، بەڵام ئەگەر بە نرخی نوێی دراو واتە (100 دۆلار) بەرامبەر (145 هەزار) دینار ئەژماربكرێت، داهاتەكە دەكاتە (460 ملیار) دینار، ئەمە دەریدەخات بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار لەبەرامبەر دینار مانگانە نزیكەی (80 ملیار) دینار بۆ حكومەتی هەرێم زیاد دەكات. بەرزبونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار، بەتێكڕا داهاتی مانگانەی حكومەتی هەرێم بەبێ (320 ملیار) دینارەكەی بەغداد، دەگەیەنێتە زیاتر لە (530 ملیار) دینار. حكومەت بۆ خەرجی موچە، مانگانە پێویستی (894 ملیار) دینار هەیە، ئەگەر هاوشێوەی مانگی رابردوو بە لێبڕینی 21%ەوە موچە دابەشبكات، پێویستی بە (730 ملیار) دینار هەیە. ئەگەر (320 ملیار) دینارەكەی بەغداد بەردەوام بێت، حكومەتی هەرێم بەم نرخە نوێیەی دۆلارەوە، دەتوانێت مانگانە بەبێ لێبڕین موچەی فەرمانبەران دابەشبكات، بەڵام ئەگەر پاڵپشتی (320 ملیار)ەكە نەمێنێت، دەبێت رێژەی لێبڕینی موچە بۆ 40% بەرزبكاتەوە، ئەمەش دۆخێكی خراپتر دروسدەكات بەتایبەت لەكاتێكدا بەهۆی نزمكردنەوەی بەهای دینار لەبەرامبەر دۆلار، نرخ بەرزدەبێتەوەو توانای كڕین لاواز دەبێت.
درەو: راپۆرتی: فەرھاد علادین و کێنس پۆڵوک - گۆڤاری فۆرن پۆڵسی ئەگەر حکومەتی عێراق نەتوانێ لە مانگی یەکی ساڵی داھاتوو موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت بدات ، لەوانەیە ببێتە هۆی ناسەقامگیری و توندوتیژی بەرفراوان . بۆیە پێویستە بەپەلە ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵشتی و هاوکاری دارایی بەغدا بکەن قەیرانی نوێی عێراق دوایین شتە کە پێویستی بە جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێدراوی ئەمریکا هەیە. بەداخەوە لەوانەیە ئەمە یەکەم کێشەی سیاسەتی دەرەوە بێت کە ڕووبەڕووی بۆتەوە عێراق بەرەو داڕووخانی دارایی دەچێت ، شڵەقانی دارایی لەم کاتە هەستیارەیدا ڕەنگە سیستەمە سیاسییەکەی داڕمێنێ، کە ئەکرێ جارێکی تر گەڕێکی دیکەی شەڕی ناوخۆ هەڵگیرسێنێت ماوەی زیاتر لە دوو دەیەیی ڕابردوو گەندەڵی کێشەیەکی دوو سەرانەی بۆ عێراق دروست کردووە . عێراقێکی لاواز و ناسەقامگیر و حکومەتێکی دەستەمۆ، بەو مانایەی هەموو لایەنە سیاسییە سەرەکییەکان ، یەک وەزارەت یان چەند وەزارەتێک بەڕێوە دەبەن. ئەوان ئەم شێوازە لە بەڕێوەبردنە بیرۆکراسییانە پەیڕەو دەکەن ، نەک بۆ خێری وڵات بەڵکو وەک تۆڕێکی پشتیوانی گەورەی گەندەڵی کە داهاتی نەوت لە خەزێنە هەڵدەلوشن و دەیبەن بەرەو ناوچەکانی خۆیان لە شێوەی کار و قۆنتەرات ...هتر. لە ئەنجامی ئەمە ئێستا حکومەت تاڕادەیەکی زۆر گەورەترین دامەزرێنەرە و ڕێژەیەکی قەبەی بژێوی و گوزەرانی خەڵک لەسەر دەوڵەت حسابە - یا ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی مووچە و مووچەی خانەنشینییەوە ، یان ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی گرێبەستەوە یان دابینکردنی کەلوپەل و خزمەتگوزاری بۆ ئەوانەی لە لیستی مووچەخۆرانی حکوومەتدان . تەنانەت بازرگانی بچووک لە عێراق لە کۆتاییدا پشت بە حکومەت دەبەستێت چونکە زۆرێک لە کڕیارەکانیان، بە تایبەت لە شارە گەوەرەکان، خۆیان لە لایەن حکوومەتەوە پارەیان پێدەدرێت بە ڕێگەیەک یان زیاتر. سەرەڕای ئەوەش حکومەتی عێراق هێشتا مانگانە " سەبەتەی خۆراک " لە ڕێگەی سیستەمی دابەشکردنی گشتیەوە دابین دەکات کە وەک بەشێکی گرنگ دەمێنێتەوە لە ژیانی ڕۆژانەی کرێکار و خەڵکە هەژارەکەی عێراقدا. . سەیر نییە لە ساڵی 2004 ەوە کرێکارانی کەرتی گشتی سێ ئەوەندە زیادکردووە وحکومەت 400% مووچە زیاتر دەدات لەچاو 15 ساڵ لەمەوبەر. بەم شێوەیە حکومەت و داهاتی نەوتەکەی بوونەتە بزوێنەری سەرەکی ئابووری عێراق و دابینکەری خەڵکی عێراق. سەرەنجام ئەوەیە کە بەغدا هەموو مانگێک پێویستی بە 5 ملیار دۆلارە بۆ پێدانی موچە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و موچەی خانەنشینی ، هەروەها 2 ملیار دۆلاری تر بۆ بیمەی خزمەتگوزاریە بنەڕەتیەکان و تێچووی وەگەڕخستن . لەگەڵ ئەوەشدا، لە سەرەتای پەیدابوونی پەتای COVID-19 و هەرەس و داتەپینی نرخی نەوت (کە ڕێژەی لە سەدا 90ی داهاتی حکومەت دابین دەکات) داهاتی مانگانەی عێراق لە نێوان 2.5 ملیار دۆلار و 3.5 ملیار دۆلاردا بەرز و نزمی کردووە واتە بەغدا مانگانە 3,5 بۆ 4,5 ملیار کورتهێنانی هەیە. ئێستا عێراق پارە تەرخان دەکات بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە لە مانگی ١٠ ، عەلی عەللاوی وەزیری دارایی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند " یەدەگی بانکی ناوەندی عێراق 53 ملیار دۆلارە" . لەو کاتەوە پەرلەمان یاسای پڕکردنەوەی کوررتھێنانی بودجەی دەرکرد کە ڕێی بە حکومەتدا 10 ملیار دۆلار قەرز بکات بۆ پێدانی موچە بۆ مانگیەکانی ١٠ و ١١ و ١٢ ی 2020 . کە کۆی قەرزەکانی عێراق ئەگەیەنێتە 80 ملیار دۆلار، بەپێی سەرچاوە حکومی وپلانە پێشنیارکراوەکانی بودجە، وە وڵاتەکەی ناچار کردووە زیاتر لە 12 ملیار دۆلار لە بودجەی ساڵانە تەرخان بکات بۆ دانەوەی بڕی ئەم قەرزانە و سووی قەرزەکان، کە ئەمانە کورتهێنانی سەرمایەی حکومەت زیاتر دەکات. ڕەنگە تا هاوینی 2021 ، یەدەکی بانکی عێراق بە دراوی قورس بە شێوەیەکی مەترسیدار کەم دەبێتەوە . لەراستیدا حکومەت دەیتوانی پارەی نەختینە دابین بکات لانی کەمی پابەندە داراییەکانی بە وتەی بەرپرسانی عێراق ، بەهۆی ئەوەی یەدەکی دراوی عێراق بەرەو پوکانەوەی تەواو دەچێت ، حکومەت ناچاردەکرێت پارە چاپ بکات بۆ پێدانی قەرز بەحکومەت کە خەرجی مووچەو خەرجییەکانی وەگەڕخستنی پێ دابیندەکات ، ئەوەش مەترسی ڕوودانی هەڵئاوسانی بەربڵاوی لێ دەکرێت . بەهۆی مەترسییەکانی کۆنترۆڵنەکردنی هەڵئاوسان، رەنگە لە ماوەیەکی نزیکدا بەغدا بەهای دراوەکەی کەمبکاتەوە، بەڵام ئەمە دیسان مەترسی گەورەی ئابووری و سیاسی ئەخوڵقێنێ کەمکردنەوەی بەهای دراو بەبێ تەریب بوونی لەگەڵ چاکسازی ئابوریی ، کە هێزە سیاسییەکانی عێراق ڕەتیدەکەنەوە پەیڕەوی بکەن. لەوەش زیاتر، لەوانەیە کەمکردنەوەی بەهای دراوەکەی ببێتە هۆی هەڵئاوسانی زیاتر بە هەڵمبوون و دیارنەمانی دراوی قورس، مانای وایە بەم زووانە عێراق ناتوانێت پارەی هاوردەکردنی خۆراک و کاڵاکان بدات . عێراق هاوردەیەکارێکی تەواوی هەموو شتێکە جگە لە نەوت، ئەگەر دەورانی پارە و بەهای دینارە کەم بێتەوە ، کاڵاکان کەم دەبن و نرخی کاڵا بەرز دەبێتەوە . دینار لەماوەی شەش مانگدا نرخەکەی بەتەواوەتی لەدەست دەدات . هەندێک لە بەرپرسانی حکوومەتی عێراق بە سادەیی هیوا دەخوازن بە پێشبینی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بەهاری ئەمساڵدا. بەڵام زۆربەی پێشبینیەکان پێیان وایە بەرزبوونی نرخی نەوت لە سەدا 10 بۆ 15زیاتر نابێ ، بەپێی وتەی بازرگانی نەوت و شیکەرەوەکان ،ئەم ڕێژەیە زۆر کەمە بۆ ڕزگاربوون لە قەیرانی مەترسیداری عێراق. تەنانەت ئەو ڕێژەیەش دەبێت بە سفر ئەگەر هەناردەی نەوتی عێراق و لیبیاو ئێران فراوان بوو لەبەر ئەوەی سعودییەکان و ڕووسەکان بەرهەمهێنان زیاد دەکەن بۆ پاراستنی پێگە و بەشی هەناردەکراویان لە بازاڕی ووزەی جیهان. ئەگەر عێراق نەیتوانی بەرردەوام بێت لە پێدانی موچە وە لانیکەمی خەرجییەکانی حکومەت و تێچووی وەگەڕخستن ، ئەوە ئەنجامی ماڵوێرانکەری لێ دەکەوێتەوە . مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕۆژی 17ی تشرینی دووەم، هۆشداری دا و وتی:"ئێمە لە مانگی 1دا ڕووبەڕووی کێشەی پێدانی مووچە دەبینەوە. ئێستا ئاگادارتان دەکەم" وەک تەکنۆکراتێکی بێ پێگەی دەسەڵاتی سیاسی ، کازمی نەیتوانی پاڵ بە لایەنە سیاسییەکانی عێراقەوە بنێت بۆ چارەسەر ، تەنیا بوو لەچارەسەری کێشەکە. لە 13 ی ئۆکتۆبەر حکومەت وەرەقەیەکی چاکسازی ئامادەکرد هەرچەندە دەست بەجێبەجێکردنی نەکراوە و سەرەنجام هیچ هەوڵێک نەدرا بۆ کەمکردنەوەی مووچە و کەمکردنەوەی ژمارەی فەرمانبەرانی حکوومەت و تەنانەت نەهێشتنی ئەو سەدان هەزار فەرمانبەرە وەهمییەی لە لیستی مووچەخۆرانی بەغدان لە ترسی زویربوونی سەرکردە سیاسییە گرنگەکانی عێراق . کاتێک دەسەڵاتی گرتە دەست، کازمی پشتیوانییەکی بەرفراوانی هەبوو: لە لای تێکڕای عێراقییەکان و ئەو هەزاران کەسەی کە لە شەقامەکاندا خۆپیشاندانیان دەکرد، لە لایەن دامەزراوی ئایینی شیعی عێراقەوە، لە لایەن حزبە سیاسییە شیعییە میانڕەوەکانەوە، لای زۆربەی سوننەکان و تەنانەت لە کوردیشەوە ئەو بە سیاسییەکی زیرەک و کاریگەر وە نزیک لە ئەمەریکاییەکان بینرا. لەگەڵ ئەوەشدا ترسێکی گەورە لە سەرانسەری وڵاتدا هەیە کە ( کازمی ) ناتوانێت سیستەمی تێکشکاوی عێراق چاک بکات . ئەو قەیرانە ئابوریەی کە لە ئەنجامی بردنەدەرەوەی پارە بۆ دەرەوەی عێراقەوە دروست دەبێت دەبێتە لەدەسدانی متمانەی تەواوەتی بە کازمی هاوکات ئێرانیەکان کە دژایەتی کازمی دەکەن ، هەوڵ دەدەن ئاژاوەکە بقۆزنەوە بۆ ئەوەی هەژموون و کاریگەری خۆیان بەسەر حکوومەتی عێراقدا بچەسپێنێن . بە دڵنیاییەوە قەیرانی دارایی دەبێتە هۆی ئەوەی خۆپیشاندانی بەرفراوانی شەقام دروست بێت، عێراقییەکان جارێکی دیکە داوای گۆڕینی حکومەت دەکەن تەحەدای مانەوەی حکومەت ئەکرێ ئەگەر نەیتوانی مووچە بدات و سەرۆک وەزیران متمانەی لەدەسدابێت گروپە چەکدارەکان و هۆزەکان و لەوانەش میلیشیا چەکدارەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن ، هەوڵدەدەن ئەو بۆشاییە پڕبکەن و ڕۆڵی هێزە ئەمنییە رەسمییەکان وەتەک بخەن لە عێراقدا. هەمان ئەم گروپانەش شەڕیش دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە ڕەنگە هەوڵ بدەن دەست بەسەر سەرچاوەکانی داهاتدا بگرن وەک کێڵگەنەوتییەکان، بەندەرەکان، دەروازە سنوورییەکان، کاری بازرگانیی گەورە، زەویی کشتوکاڵی و موڵکی تایبەت. لە وەها بارودۆخێکدا جارێکی تر دەکرێت تەشەنەسەندنی ململانێی چەکداری و داگیرکاری خاک دووبارەبێتەوە، جگە لەو ناوچانەی کە ئاسایشێکی تۆکمە و بەهێزیان هەیە ، وەک هەرێمی کوردستان. لەگەڵ ئەوەشدا تەنانەت هەرێمی کوردستانیش لە کێشە ئابورییە ناوخۆییەکان پارێزراو نابێت مەگەر ئەوەی کە بتوانرێت سەرچاوەی دارایی خۆی فراوان بکات ، چونکە لە ڕووی داراییەوە پشت بە بەغدا دەبەستێت. ڕەنگە دیار ترین ئامانجی کورد کەرکوک و کێڵگە نەوتییەکانی بێت ، بەڵام ئەمە تەنیا دەبێتە هۆی توندکردنی ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا، بەدەر لە میلیشیا شیعەکان، کە بەر بە هەرجووڵەیەکی لەو جۆرە دەگرن . هاوشێوەی دۆخی پێشوو لە ٢٠٠٥تا٢٠٠٧ وە ٢٠١٤بۆ ٢٠١٧ خولێکی دیکەی ململانێ و ناکۆکی ناوخۆ دەبێت لە عێراق کە هەمیشە لە دراوسێکانی عێراقەوە پشتیوانی دەکرێن لاوازی عێراق گرنگە بۆ هەموویان و چاوەڕوانی دەستوەردانیان لێدەکرێت بۆ مسۆگەر کردنی بەرژەوەندییەکانیان . تورکیا هەست بە هەڕەشە دەکات بەرامبەر دەستکەوتەکانی کورد، بە تایبەتی ئەگەر هەرێمی کوردستان کەرکوک وەربگرێتەوە، ئەنقەرە ناچار دەکات بەرگری لە تورکمانەکانی ئەوێ بکات و ڕێگە لە کورد بگرێت خەونی سەربەخۆیی ببوژێنێتەوە . ئێران هەر لە ئێستاوە کار بۆ بەدەستهێنانەوەی هەژموونی زاڵی خۆی دەکات لە بەغدا و تاران ناتوانێت دەستبەرداری داهاتی بازرگانی عێراق ببێت (کە نزیکی 12 ملیار دۆلار دەبێت) و نایەوێت دەرفەتی قاچاخ و دەستڕاگەیشتن بە بازاڕەکانی دارایی نێودەوڵەتی لە دەست بدات.. ڕەنگە سعودییەکان وەڵامی هەر سەرهەڵدانەوەیەکی کاریگەری نفوسی ئێرانی بدەنەوە بە پاڵپشتی کردنی گرووپ و هۆزە سوننەکان بە پارە و چەک بۆ بەرگری لە خۆیان ، بە تایبەت کاتێک ڕیاز ناتوانێت پشت ببەستێت بە بوونی هێزێکی زۆری ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، وەک چۆن لە ساڵی 2006 دا کردیان . دەکرێ عێراق بە ئاسانی بگەڕێیتەوە بۆ شەڕی ناوخۆ، لەگەڵ ئەوەی هێزە هەرێمییەکان (ناوچەییەکان) دژی دەستتێوەردانی هەردوولایەنەکە و ئەوانی دیکەش دەوەستنەوە. بە هۆی بارودۆخەکە و گرنگی عێراق بۆ ناوچەکە و بازاڕی نەوتی جیهانی ، ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناتوانن بێهەڵوێست بن . بێگومان لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ئیدارەکەیداو هاوکات لەگەڵ پەتای کۆرۆنا و چارەسەرکردنی قەیرانی زۆری ئابووری ، بایدن توانای ئەوەی نابێت کە ئەمە بکاتە ئەولەویەتی کارەکانی ، بەلام بە ڕۆڵگێڕانی خێرای لەئێستەدا ئاسانتر دەبێت لەوەی دواتر بژاردەی قورستر هەڵبژێرێت، کاتێک عێراق لە لێواری کەوتندا دابێت. وا چاوەڕوان دەکرێت دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکانی وەک بانکی جیهانی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و دەوڵەتانی کەنداوی فارس و تەنانەت هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا ش بڕێک پارە تەرخانکەن . سەرەتای دەستپێکردنی قەیرانی عێراق. قەیرانی سیولە یە. عێراق پێویستی بە پارە دەبێت بۆئەوەی ڕێگە لە داڕمانی سیستمە داراییەکەی بگرێت.کە یەکەم دۆمینی حکومەتە دەکەوێت . ئەگەر ئەمریکا بەڵێنی بڕێکی زۆربدات، ڕەنگە 1 ملیار دۆلار بێت، ئەوە لەگەڵ بڕە پارەی تەرخانکراوی دیکەی وڵاتان دەبێتە پاکێجێکی گەورەتری 5 بۆ 10 ملیار دۆلاری بۆ عێراق. بیرۆکەی دابینکردنی 1 ملیار دۆلار لە بودجەی هاریکاری فریاکەوتن بۆعێراق لەوانەیە لەم ساتەدا مەحاڵ بێت.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت پارتیو پەكەكە لەلایەك لەشەڕدانو لەلایەكی ترەوە لە بازرگانی نەوتدا پێكەوە كاری هاوبەش دەكەن، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سنوری نێوان باشورو رۆژئاوای كوردستان پێكدادان لەنێوان هێزەكانی پارتیو پەكەكە رویدا، لەو شوێنەدا كە شەڕەكە رویداوە، رۆژانەی 45 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژئاوای كوردستان دێتە ناو هەرێمی كوردستانو بەبۆری نەوتی هەرێمدا رەوانەی توركیا دەكرێت، دیار نییە ئایا داهاتی ئەم نەوتە دەچێتە ناو خەزێنەی حكومەتی هەرێم یاخود نا ؟ بازرگانیو شەڕ بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سنوری نێوان باشورو رۆژئاوای كوردستان شەڕ لەنێوان هێزێكی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە)و هێزەكانی پێشمەرگەی پارتی دیموكراتی كوردستان رویدا. بەپێی قسەی سەربەست لەزگین بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە، ژمارەیەك "چەكداری پەكەكە" ویستویانە لە رۆژئاوای كوردستانەوە بێنە ناو هەرێمی كوردستانو پێشمەرگە رێگری لێكردوون، بەوهۆیەوە شەڕ رویداوە. سەربەست لەزگین راستەوخۆ هێزی یەكینەكانی پاراستنی گەل دەبەستێتەوە بە پەكەكەو دەڵێ:" ئێمە رێگەنادەین هیچ قاچاخچییەك، هیچ چەكدارێك لەبەرچاوی ئێمەو لەژێر سێبەری حكومەتی هەرێمی كوردستان بە رێگەی ناڕەواو ناشەرعی بێتە نێو هەرێم، نە پەكەكەو نە غەیری پەكەكە.. هەموو لایەك ئەوە دەزانن هێزەكانی یەپەگە لەژێر ئاڕاستەو راسپاردەو فەرمانی سەركردایەتیی پەكەكە كار دەكات". ئەگەر ئەمە دروست بێت یەپەگە لەژێر فەرمانی پەكەكەدا بێت، هەرجۆرە بازرگانییەكی پارتی لەگەڵ رۆژئاوای كوردستان بەواتای بازرگانی دێت لەگەڵ پەكەكە. لەو سنورەدا كە شەڕەكە رویداوە، پارتی بازرگانی لەگەڵ رۆژئاوای كوردستانو بە دیاریكراویش لەگەڵ پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) هەیە. بازرگانی پارتیو پەیەدە رۆژی 30ی تەموزی ئەمساڵ مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە رۆژئاوای كوردستان، گرێبەستێكی لەبواری نەوتدا لەگەڵ كۆمپانیای (دەلتا كریسنت ئینێرجی)ی ئەمریكیدا ئیمزا كرد. بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، كۆمپانیا ئەمریكییەكە ئێستا رۆژانە (100 هەزار) بەرمیل نەوت لە رۆژئاوای كوردستان بەرهەمدەهێنێت، لەم رێژەیە رۆژانە (45 هەزار) بەرمیل نەوت لەڕێگەی بۆرییەوە رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات، كۆمپانیای (لاناس) نەوتەكەی رۆژئاوای كوردستان وەردەگرێتو دەیكاتە ناو بۆری هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ توركیاو رەوانەی بازاڕەكانی جیهانی دەكات. لەم پرۆسەیەدا كۆمپانیا (لاناس) رۆژانە (45 هەزار) بەرمیل نەوتی قورسی رۆژئاوای كوردستان وەردەگرێتو لەبری ئەوەی نەوتەكەی رۆژئاوا تێكەڵی نەوتی هەناردەكراوی هەرێمی كوردستانی دەكات، لە كێڵگەیەكی تری هەرێمی كوردستان رۆژانە (45 هەزار) بەرمیل نەوتی سوك وەردەگرێتو لە پاڵاوگەكەی خۆی لە نزیك "گوێر" دەیپاڵێوێتو لەناوخۆدا دەیفرۆشێت. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو پارتی دەست (درەو) كەوتوون، داهاتی ئەم هاوكێشە بازرگانییەی نێوان پارتیو پەیەدە بەمشێوەیە: • كۆمپانیای (لاناس) هەر بەرمیلێك نەوتی رۆژئاوای كوردستان بە (17 دۆلار) وەردەگرێتو بە (32 دۆلار) دەیفرۆشێت. • داهاتی ئەم پرۆسەیە مانگانە (43 ملیۆن) دۆلارە، لەم پارەیە (23 ملیۆن) دۆلاری بۆ ئیدارەی رۆژئاوای كوردستانو كۆمپانیا ئەمریكییەكە دەڕواتو لەبەرامبەردا (20 ملیۆن) دۆلاری بۆ كۆمپانیای (لاناس)و ئەو كەسەیە كە لە پشت كۆمپانیاكەوەیە، كە دەوترێت فەرماندەیەكی دەسترۆیشتووی سەربازی پارتییە. • جیاوازی كڕینو فرۆشتنی هەر بەرمیلێك نەوتی رۆژئاوای كوردستان، بۆ ئەو بەرپرسەی پارتی كە نەوتەكە وەردەگرێت (15 دۆلار) قازانجە، رۆژانە (45 هەزار) بەرمیل نەوت لە رۆژئاواوە دەچێتە ناو بۆری نەوتی هەرێم، قازانجی جیاوازی نرخی كڕینو فرۆشتن بە تێكڕا رۆژانە (675 هەزار) دۆلارە. • تائێستا نازانرێت داهاتی فرۆشتنی نەوتی رۆژئاوای كوردستان هیچ بڕێكی دەچێتە ناو خەزێنەی حكومەتی هەرێمەوە یاخود نا. دوێنێ سایتی (intelligence online)ی هەواڵێكی لەبارەی بازرگانی نەوت لەنێوان رۆژهەڵاتو باشوری كوردستان بڵاویكردەوە، ئەم سایتە هاوبەشكاریی حكومەتی دەوڵەتانی ئەوروپیو ئەمریكای باكورو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستو ئاسیایە لە بواری ئاڵوگۆڕی زانیاریو بڵاوكردنەوەی زانیاری باوەڕپێكراو لە بوارەكانی بزنس. سایتەكە دەڵێ:" سەرەڕای ئەوەی ئەمریكا سزای ئابوری بەسەر سوریادا سەپاندووە، بەڵام دەروازەیەكی هێشتوەتوەتەوە بۆ كۆمپانیا نەوتییەكانی ئەمریكا بۆ كاری بازرگانی نەوت لەنێوان سوریاو هەرێمی كوردستان". بەگوێرەی سەرچاوەكانی زانیاری لەناو حكومەتی هەرێمی كوردستان كە سایتەكە لە راپۆرتەكەیدا پشتی پێبەستوون، ئێستا كۆمپانیای (دەلتا كرێسنت ئینێرجی)ی ئەمریكی، كە كاری بەرهەمهێنانی نەوت دەكات لە رۆژئاوای كوردستان، رێككەوتنی لەگەڵ هەریەكە لە پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە)و پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە بۆ بازرگانی نەوت، ئەمەش لەژێر چاودێری پارێزگاری دهۆكو چەند بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستاندا دەكرێتو تانكەكانی ئەمریكا لە سنور پاسەوانی دەكەنو حكومەتی عێراقیش ئاگادارە. سایتەكە نوسیویەتی، ئەم پرۆسەیە تاوەكو كۆتایی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئێستا ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە 20ی كانونی دووەمی ساڵی داهاتوو، بۆیە كۆنگرێسو نوێنەری ترەمپ لە سوریا رۆژی 9ی دێسەمبەری ئەمساڵ شایەتییان داوە كە ئاگادارن لەم بازرگانییە. سایتەكە باسی لەوەكردووە، هەولێر بووەتە ناوەندی كۆكردنەوەو سەرەنجڕاكێشانی بازرگانانی نەوت لەسەر ئاستی جیهانو ساغكردنەوەی نەوت لەڕێگەی توركیاوە. جگە لە نەوت، لە سنوری نێوان رۆژئاواو باشوری كوردستان هەندێك بازرگانی تر لەنێوان پارتیو پەیەدەدا هەیە، لەوانە هاوردەكردنی ئاژەڵ بەشێوەی قاچاخ لە رۆژئاواو ناردنی شیشو چیمەنتۆ لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ رۆژئاوا. رۆژئاواو گرێبەستی نەوت رۆژی 30ی تەموزی رابردوو مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە رۆژئاوای كوردستان، رێككەوتنێكی لەگەڵ كۆمپانیای (دەلتا كریسنت ئینێرجی)ی ئەمریكیدا ئیمزا كرد، ئەمە رێككەوتنێك بوو كە ماوەیەكی زۆر بوو لە تاریكیدا بەنهێنی كاری لەسەر دەكراو دواتر گەیەندرایە ئەنجام. لەكاتی ئیمزاكردنیدا، حكومەتی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا، توركیا، ئێرانو روسیا دژی رێككەوتنەكە قسەیان كرد، باسیان لەوەدەكرد گرێبەستی بەرپرسانی رۆژئاوای كوردستان لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكەدا، رەزامەندی حكومەتی دیمەشقی بۆ وەرنەگیراوەو سەروەری سوریای پێشێلكردووە، توركیا كە ئێستا لەرێگەی پارتییەوە نەوتی رۆژئاوای كوردستان رەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكات، سەرەتا دەیوت ئەم گرێبەستە وەكو دانپێدانانی ئەمریكایە بە ئیدارەی رۆژئاوای كوردستاندا، كە بەلای ئەوانەوە ئەم ئیدارەیە درێژكراوەی پارتی كریكارانی كوردستان (پەكەكە)یەو گرێبەستەكە سەرچاوەی دارایی بۆ (پەكەكە) دابین دەكات كە بەلای ئەنكەرەوە پارتێكی "تیرۆریستە". لەبارەی گرێبەستەكەوە وردەكاری گرێبەستی نەوتیی نێوان ئیدارەی رۆژئاوای كوردستانو كۆمپانیا ئەمریكییەكە لەبەردەستدا نییە، نە هێزەكانی سوریای دیموكرات لە رۆژئاوای كوردستانو نە ئەمریكاش بەفەرمی وردەكارییان لەبارەی گرێبەستەكە بڵاونەكردوەتەوە، بەڵام دەوترێت مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كە یەكێك بووە لە پاڵپشتكارە سەرسەختەكانی ئیمزاكردنی گرێبەستەكە، رۆژی 30ی تەموز لەبەردەم كۆنگرێسدا بە سیناتۆری كۆماریی لیندسی گراهام-ی وتووە:" رێككەوتنەكە كاتێكی دورودرێژی خایاندووەو ئێستا ئێمە لەبواری جێبەجێكردنداین". بەپێی هەندێك زانیاریی كە میدیاكانی ئەوروپاو ئەمریكا بڵاویانكردوەتەوە لەوانە سایتی (ئەلمۆنتیۆر)، رێككەوتنە نەوتەییەكەی هێزەكانی سوریای دیموكراتو كۆمپانیای (دەلتا كریسنت ئینێرجی)ی ئەمریكی بۆ ماوەی (25 ساڵ)ە، واتە نیوەی ئەو كاتەی كە لەرێككەوتنی نەوتی نێوان هەرێمی كوردستانو توركیادا هاتووەو بە رێككەوتنی (50 ساڵە) ناودەبرێت. سایتی (ئەلمۆنیتۆر) دەڵێ:" مەزڵوم كۆبانێ تۆوەكەی نێچیرڤان بارزانی دەچێنێتەوە، نێچیرڤان كە سەرۆكی حكومەتی هەرێم بوو، ساڵی 2013 رێككەوتنی نەوتیی لەگەڵ توركیا ئیمزاكرد، دەوترێت دەستی لە رێككەوتنەكەی نێوان هێزەكانی سوریای دیموكراتو كۆمپانیای (دەلتا كریسنت ئینێرجی)ی ئەمریكیشدا هەیە، بەڵام نازانرێت هەڵوێستی مەسرور بارزانی ئامۆزای كە ئێستا سەرۆكی حكومەتە لەوبارەیەوە چییە. ئەوەی تائێستا باسدەكرێت لەبارەی رێككەوتنەكەی نێوان ئەمریكاو هێزەكانی سوریای دیموكرات، گرێبەستەكە دروستكردنی دوو پاڵاوگەی نەوت لەخۆدەگرێت، یەكێكیان بۆ دابینكردنی سوتەمەنی بۆ ناوچەكانی رۆژئاواو باكوری سوریا، ئەوی تر بۆ وەبازاڕخستنی نەوت. لەبارەی كۆمپانیا ئەمریكییەكەوە كۆمپانیای (دەلتا كریسنت ئینێرجی) كە نەوتی ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكراتی وەرگرتووە، یەكێك لە دامەزرێنەرانی ئەم كۆمپانیایە (جیمس كین)ە كە پێشتر باڵیۆزی ئەمریكا بووە لە دانیمارك، ئەم پیاوە لە كۆمپانیاكەدا چەند هاوبەشێكی تری هەیە یەكێك لەوانە (جیمس ریس)ە كە ئەفسەرێكی خانەنشینی هێزی "دەلتا"ی ئەمریكایەو پێشتر خاوەنی كۆمپانیایەكی ئەمنی بووە، هەروەها (جۆن دۆریر) كە بەڕێوەبەری جێبەجێكاری نەوتەو دەوترێت شارەزاییەكی زۆری لەبواری كاركردندا هەیە لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. لیستی خاوەندارێتی كۆمپانیا ئەمریكییەكە دەریدەخات كۆمپانیاكە زیاتر لە كۆمپانیایەكی حكومی دەچێت وەك لەوەی كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت بێت، هەندێك دەڵێن ئەمە هۆكارەكەیە كە ئیدارەی ترەمپو بەدیاریكراویش مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا هەوڵی زۆریان داوە بۆ ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە. خاوەنەكانی كۆمپانیا ئەمریكییەكە دۆستایەتیی بەهێزیان لەگەڵ هەندێك لە بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە، بۆیە پێشبینی دەكرێت پارتیو بەدیاریكراویش نێچیرڤان بارزانی رۆڵی لە ئیمزكردنی رێككەوتنەكەدا هەبوبێت. نەوت لە سوریا تائێستا هیچ توێژینەوەیەكی وردو پشتڕاستكراوە لەبارەی كەرتی وزە لە سوریا لەبەردەستدا نییە، لەسەردەمی حوكمی حافز ئەسەدی باوكەوە لە ساڵی 1973 نەوت لە سوریا وەكو نهێنییەكی نەتەوەیی تەماشادەكرێتو زانیاری پێویستی لەبارەوە ناخرێتەڕوو، هەندێك هۆكاری كەمی زانیاری لەبارەی ئەم كەرتە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، كە تەنانەت رژێمی بەشار ئەسەدی كوڕیش تاوەكو بەر لە راپەڕینی خەڵك لە ساڵی 2011، ناوی ژمارەیەك لە كێڵگەكانی نەوتی شاردوەتەوە، بەڵام دوای ئەوەی وڵات روبەڕووی شەڕی ناوخۆیی بووەتەوە، خەڵكی سوریا زانیویانە جگە لەو كێلگانەی نەوت كە لە پرۆگرامی خوێندندا لە قوتابخانەكان ناوەكانیان بیستووە، هەندێك بیرە نەوتی تریش هەن، ئەم بیرە نەوتانە ئەوكاتە ئاشكرابوون كە لەماوەی ساڵانی 2014 بۆ 2017 رێكخراوی داعش دەستی بەسەر روبەرێكی فراوانی خاكی سوریادا گرت. شاراوەیی دۆسیەی نەوت لە سوریا گەیشتوەتە ئاستێك لەسەردەمی ئەسەدی باوكو كوڕیشدا داهاتی نەوت وەكو ژمارە نەچووەتە ناو بودجەی وڵاتەوە، ئەگەر داخڵیش كرابێت بە ژمارەو بڕی ساختە تۆماركراوە. بەگوێرەی راپۆرتێك كە ساڵی رابردوو سایتی "ئۆیڵ برایسز" بڵاویكردوەتەوە كە سایتێكی تایبەتمەندی بواری نەوتو وزەیەو بارەگاكەی لە بەریتانیایە، تێكڕای یەدەگی نەوت لە سوریا (2 ملیارو 500 ملیۆن) بەرمیلە، ئەمەش بڕێكی زۆر كەمە بەبەراورد بە یەدەگی نەوتی وڵاتێكی وەكو سعودیە كە بڕەكەی نزیكەی (268 ملیار) بەرمیلە، واتە یەدەگی نەوتی سعودیە زیاتر لە (100 هێندە) لە یەدەگی سوریا زیاترە، یەدەگی نەوتی سوریا لەسەر نەخشەی یەدەگی نەوتی جیهان رێژەی (0,14)ی كۆی گشتی نەوتی یەدەگی جیهان پێكدەهێنێت. بەپێی راپۆرتەكان، تاوەكو بەر لە سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی لە سوریا لە ساڵی 2011دا، ئاستی وەبەرهێنانی نەوت لە سوریا رۆژانە نزیكەی (380 هەزار) بەرمیل بووە، بەڵام سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ساڵی 2016 رایگەیاند، لەدوای دەستپێكردنی شەڕەوە ئاستی وەبەرهێنانی نەوتی سوریا رۆژانە بۆ (40 هەزار) بەرمیل دابەزیوە، بەم گرێبەستە لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكە، رۆژئاوای كوردستان ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی سوریای بۆ (100 هەزار) بەرمیل بەرزكردەوە. كەرتی نەوت لە سوریا بەهۆی ساڵانی شەڕی ناوخۆوە زیانی گەورەی بەركەوت، وەزارەتی نەوتی سەربە حكومەتی بەشار ئەسەد قەبارەی ئەو زیانانەی كە تاوەكو ساڵی 2017 بەر كەرتی نەوتی سوریا كەوتووە، بە زیاتر لە (62 ملیار) دۆلار خەمڵاند. نەوت لای شەڕڤانان ! رێژەی 75%ی یەدەگی نەوتی سوریا دەكەوێتە ناوچەكانی دەوروبەری پارێزگای دێرزور لە خۆرهەڵاتی وڵات. شەڕڤانانی كورد لەچوارچێوەی هێزەكانی سوریای دیموكراتدا، بەخوێنی خۆیان ساڵی 2017 چەكدارانی "داعش"یان لە ناوچەكانی خۆیان پاككردەوە، ئەمە وایكرد رێژەی 90%ی كێلگە نەوتییەكانو یەدەگی نەوتی سوریا بكەوێتە ژێر كۆنترۆڵی ئەوانەوە، ئێستا تەنیا رێژەی 10%ی نەوتی سوریا لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی بەشار ئەسەددایە لە دیمەشق. بەگوێرەی هەندێك خەمڵاندن، لەدوای ئەوەی ساڵی 2017 داعشیان لە ناوچەكە دەركردووە، هێزەكانی سوریای دیموكرات بەرمیلێك نەوتیان بە (30 دۆلار) فرۆشتووەو مانگانە لە فرۆشی نەوت نزیكەی (10 ملیۆن) دۆلاریان دەستكەوتووە، راپۆرتەكان باسلەوەدەكەن نەوتی ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكرات تاوەكو بەر لەم رێككەوتنە، بەسێ رێگا هەناردەكراوە، بەشێكی رۆیشتووە بۆ رژێمی ئەسەدو بەشێكی تری بۆ ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی بەناو "ئۆپۆزسیۆنی سوریا"و بەشێكی تریشی رەوانەی هەرێمی كوردستان كراوە، واتە بازرگانی پارتی لەگەڵ رۆژئاوای كوردستان، مێژویەكی كۆنتری هەیە. زۆربەی نەوتی دۆزراوەی سوریا دەكەوێتە ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستانو سنورەكانی نێوان سوریا لەگەڵ توركیاو عێراق، نەوت بەمشێوەیە دابەشبووە بەسەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكراتدا: • زۆرترین گێڵگەی نەوت كە دەكەوێتە پارێزگای دێرزور، لە ساڵی 2017وە لەژێر كۆنترۆڵی یەكینەكانی پاراستنی گەلدان، لەوانە كێڵگەی (عومەر) كە گەورەترین كێڵگەی نەوتە لە سوریا هەروەها كێڵگەی (تەنەك) كە دووەم گەورە كێڵگەی نەوتە لە دێرزور. • هەر لە دێرزور چەند كێڵگەیەكی تری نەوت هەن كە دەكەونە ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی سوریا لەوانە كێڵگەی (وەرد)و (تیم)، بەڵام ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەم دوو كێڵگەیەدا كەمە بەهۆی ئەوەی وێستگەی كۆكردنەوەی ئەو نەوتەن كە لە كێڵگەكانی (عومەر)و (تەنەك)ەوە بۆیان دەڕوات. لە درێرزور چەند كێڵگەیەكی تر هەن لەژێر كرۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكراتدان لەوانە كێڵگەكانی (دیرۆ، جوفرە، خەراتە) كە رۆژانە زیاتر لە (2 هەزار) بەرمیل نەوتیان تێدا بەرهەمدەهێنرێت، هەر لەم ناوچەیە كێڵگەی غازی (كۆنیكۆ) هەیە. • بەگشتی كۆی نەوتی بەرهەمهێنراو لە كێڵگەكانی ناوچەی دێرزرو رۆژانە بە (30 هەزار) بەرمیل دەخەمڵێندرێت. • لە پارێزگای (حەسەكە)ش كێڵگەی (رومێلان) هەیە، ئەمە یەكێكە لە دیارترین كێڵگەكانی نەوت لە سوریا كە لەژێر كۆنترۆڵی كورددایەو (هەزارو 322) بیرە نەوت لەخۆدەگرێت ئەمە سەرباری نزیكەی (25) بیری غاز، ئەم كێڵگانە بەشێوەیەكی گشتی دەكەونە ناوچەكانی (شەدادی، جبسە، هول) ئەمە سەرباری كێڵگەكانی ناوچەی (مەركەدە)و (تشرین كوبەیبیە. • لە پارێزگای (رەققە)ش ژمارەیەك بیرە نەوت هەن كە لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكراتدان. • لە پارێزگای حمس ژمارەیەك كێڵگەی نەوت هەن، بەرهەمی رۆژانەی نەوتی ئەم كێڵگانە نزیكەی (9 هەزار) بەرمیلەو بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەلایەن هێزەكانی روسیاوە بەڕێوەدەبرێن. بەپێی خەمڵاندنەكانی ساڵی 2017، یەدەگی غازی سروشتی سوریا دەكەوێتە ناوچەكانی تەدمورو كەناری تەرتوسو بانیاس، ئەگەر سوریا ئەم یەدەگەی دەربهێنێت دەبێت بە سێیەمین وڵاتی هەناردەكاری غازی سروشتی لەسەر ئاستی جیهان. بەگوێرەی قسەی پیاوێكی خاوەنی كاری ئەمریكی كە بۆ رێكخراوی گڵۆباڵ دیڤیلۆپمێنت كۆرپۆریشن (GDC) كاردەكات" خۆبەڕێوەبەرێتی باكوری سوریا ئەگەر بەشێوەیەكی دروست كێڵگەكانی نەوت بەڕێوەببات، دەتوانێت رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت" واتە زیاتر لەو بڕە نەوتەی كە دەوترێت بەر لە شەڕی ناوخۆیی لە سوریا بەرهەمهێنراوە. لەنێوان ئەمریكاو روسیادا ململانێ هەیە لەسەر وزەی سوریا، ئەمریكییەكان چاویان لە نەوتە، روسەكانیش چاویان بڕیوەتە غازەكەی سوریا.
مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح (تایبەت بە درەو دەینوسن) شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزاییدەربڕین، تێکەڵ بە توڕەبوونێکی مێژوویی گەورە، کۆمەڵێک ناوچەی جیاوازیی ھەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە. زیاد لە بەشێکی کۆمەڵگاکە لەسەر سەرشەقامەکانن و بەشدارن لە دروستکردنی ئەم شەپۆلە تازەیەدا. بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونەوە کە پێیوایە ئەم شەپۆلی ناڕەزایەتییە تەنھا شەپۆلی گەنجانە، ئێمە پێمانوایە شەپۆلەکە زۆر فراوانترە لەوەی تەنھا بۆ ناڕەزایەتیی گەنجان کورتبکرێتەوە. ڕاستە ژمارەی گەنجانی بەشداربوو گەورەیە، بەڵام ھاوکات کەسانی سەر بە گروپە کۆمەڵایەتیییە جیاوازەکان و پیشەوەر و بێکار و تەمەنەکانی تریش، چالاکانە لە سەر شەقامن و بەشدارن لەم ڕووداوە گشتییەدا. شەقامی ئەمجارە شەقامێکی پلورالە، شەقامی سەرجەمی ئەو توێژە کۆمەڵایەتییە جیاوازانەن کە ھیچیان نەماوە بیدۆڕێنن، کە توانای سەبر و دانبەخۆگرتنیان نەماوە، کە ئومێدێک شکنابەن پاڵیان پێوەبنێت چاوەڕوانی شتێک بن. ئەمڕۆکە سوپایەک لە مرۆڤی نائومێد و پڕوکاو و وەڕس، مرۆڤی پەراوێزخراو و بەزیادەحیسابکراو، کەسانێک کە ھەستناکەن مافیان ھەیە و کەرامەتیان پارێزراوە، مرۆڤگەلێک ژمارەیەکی بەرچاویان لەژێر ھێڵی ھەژارییەوە دەژیین، لەسەر شەقامن. لە دونیای ئێمەدا ئەم فۆرمە لە توڕەبوونی کۆمەڵایەتیی مێژووی ھەیە، لەپڕ و لە بۆشاییدا دروستنەبووە، ئەزموونێکی حوکمڕانیی ناشیرین و تارمایی تاوانبارێک لە پشتییەوە ئامادەیە کە ھەمووان وردەکاریی کارکردن و تۆنی ھەڕەشەکانی دەناسن و ھەمووانیش دەزانن چۆن دروستبووە و کێ دروستیکردوە. ئەو مێژوو و تارماییە مێژوو و تارمایی ئەو مۆدێلە سوڵتانییە بنەماڵەییەیە کە سێ دەیەیە دەستی شێوێنەرانەی چەند خێزانێکی سیاسیی خستۆتە ناو ورد و درشتی ژیانی ئەو کۆمەڵگایەوە. ھەموو ھەرێمەکەشیان، بە ئابوریی و دەزگا و پەیوەندییەکانیەوە، بە سوپا و میدیا و یاساکانییەوە، بە سامانی سەرزەویی و ژێرزەوییەوە، وەک موڵکی شەخسیی خۆیان و خزم و ناسراوەکانیان مامەڵەدەکەن و چۆنیان بوێت بەو شێوەیە دەیانخەنەگەڕ و بە میزاج و سایکۆلۆژیای خۆشیان بەڕێوەیاندەبەن. لەھەموو ئەمەشدا عەقڵیەتی بەئەبەدیرکردنی دەسەڵاتی بنەماڵەکان و خواستی مانەوەی ھەتاھەتاییان لەسەر دەسەڵات، ڕێنماییکەریانە. خودی دانیشتوانی ھەرێمەکەش وەک ڕەعیەتێکی بێماف و بێحورمەت وێنادەکەن، کە پێویستە سوپاسگوزاربن، ئەوان و نەوەکانیان حوکمڕانییان دەکەن. ئەمڕۆکە ئەم مۆدێلە لە دەسەڵاتدارێتیی بۆ جارێکی تر بە بنبەستێکی نوێ گەیشتوە، وەک جارەکانی تریشی دیسانەوە جگە لە توندوتیژیی و هێزی چەکدار، جگە لە تیرۆری بەڵتەجییەکانیان، شتێک نەماوە بتوانێت بیانپارێزێت. ئەم مۆدێلە دەسەڵاتدارێتییە لەپاڵ دروستکردنی چەند بنەماڵەیەکی ملیاردێر و بازنەیەکی داخراو لە ملیۆنێری نزیک لە بنەماڵە حوکمڕانەکانەوە، ژمارەیەکی گەورەی دانیشتوانی ھەرێمەکەی ھەژارخستوە. سیاسەتی ئابووریی هەرێم، کە یەکێکە لە سیاسەتە ھەرە خراپەکانی ئابوریی رەیعی نەوت، شێوازێکی تازەی لە ھەژاریی و نەداریی و دۆخێکی دروستکردوە، بەشێکی بەرچاو لە خەڵک توانای دابینکردنی لانی ھەرەکەمی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی ڕۆژانەیان نەماوە. بژێوییان لەبەردەم ھەڕەشەی بەردەوامدایە و ناتوانن ژیانێکی سادە و ئاسایی بۆ خۆیان و منداڵەکانیان دابینبکەن. سیاسەتی ئابوریی ھەرێم تەنھا یەک ناوی ھەیە: ”ئابوریی فرۆشتنی نەوت و دزینی پارەی ئەو نەوتە“. ئەم ئابورییە بەشێوەیەک داڕێژراوە و بەدەزگاییکراوە کە نوخبە سوڵتانییە بازرگانەکەی ھەرێم لە ھەموو دۆخێکدا سەرمایەکەی کەڵەکەبکات و تابێت دەوڵەمەندتر ببێت، بەڵام قەیران و کێشە و کارەساتە ترسناک و گەورەکانی ئەو شێوەڕێکخستنە بۆ خەڵکی ھەرێمەکە بەجێبھێڵێت. لە ئێستادا ئەو مۆدێلە ئابورییە لە فرۆشتنی نەوت و دزینی پارەکەی، گۆڕاوە بۆ نەفرەتێکی ھەمەلایەنە و لە بەردەم ئەنجامدانی تاوانی ڕۆژانە و گەورەدایە: لەپێش ھەمووانیشەوە تاوانی نەدانی موچەی مانگانەی فەرمانبەرانی ھەرێمەکە. بە ھەموو مانایەک پێنەدانی موچە، کە دەرەنجامی شێوازێکی تایبەتی ڕێکخستنی سیستەمە ئابورییەکەیە، تاوانێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقیی گەورەیە و دەچێتە خانەی برسیکردنێکی سیستماتیک و ڕێکخراوەوە. بە کورتییەکەی ئەم ئابورییە ڕەیعییە کە لەسەر تاڵانکردنێکی سیستماتیکی ھەرێمەکە کاردەکات، لەسەرێکەوە دەستەبەرکردنی کەڵەکەکردنی زیاتری سەرمایە بۆ نوخبە سوڵتانییەکە مسۆگەردەکات، لەسەرێکی ترەوە ھەژارخستن و برسیکردنێکی سیستماتیکیی کۆمەڵگاکە ئەنجامدەدات، تا ئەو ئاستەی موچەی مانگانە، کە تاقە سەرچاوەی بژێوی سەدان هەزار مرۆڤە، دابیننەکرێت. بێگومان دروستکردنی ئەم وێرانە ئابوورییە تاکە تاوانی ئەم سیستەمە سوڵتانییە بنەماڵەییە نییە، ژێرخانی ناڕەزاییدەربڕینەکان لەم وێرانە ئابوورییە گەورەترە. وێرانکردنی سیستەمە سیاسییەکەی ھەرێمیش تاوانێکی تری نوخبە سوڵتانییەکەیە کە لەسەرێکەوە شتێکی بەناوی چاکەی گشتییەوە نەھێشتۆتەوە، لەسەرێکی ترەوە هەموو ئومێدێکی بۆ گۆڕانکاریی و ئەزموونکردنی حوکمڕانییەکی تر، وێرانکردووە. ئەم سیستەمە سیاسییە لەباتی بەرھەمھێنانی مرۆڤی خاوەن ماف و خاوەن ڕێز، مرۆڤێک بڕوای بەخۆی و بە کۆمەڵگاکەی بێت، بە شتێک لە ئومێدەوە لەدایکببێت و گەورەببێت، لەباتی ئەمانە کۆمەڵگایەکی پڕ لە مرۆڤی پەراوێزیی و خەمۆک، پڕ لە کەسانێکی نائومێد و توڕە، مرۆڤگەلێکی تەواو تەنھا و دابڕاو لە لانی ھەرەکەمی متمانە، دروستکردوە. ئەم ئەزموونە سوڵتانییە کەسانێکی دروستکردوە نەزانن چی لە ژیانی خۆیان وەک تاکەکەس و چی لە ژیانی کۆمەڵگاکەیان وەک ژیانێکی گشتیی، بکەن. دروستکردنی ئەم دۆخەش بەناو ھەوڵدانی بەردەوام بۆ سڕینەوەی ڕەھەندی سیاسیی کەسایەتی ئینسانی ئێمە و بەناو گۆڕینی سیاسەت خۆشی بۆ یارییەکی قێزەون، بۆ ئامرازێک بۆ ناشیرینکردنی ژیان و نائومێدکردنی مرۆڤەکاندا، تێپەڕیوە. دابڕانی سیاسەت لە ژیانی گشتیی و بەتاڵکردنەوەی لە ماف و لە ڕێز، پڕکردنی لە میکانیزم و دەزگای سوکایەتییپێکردن و ئیھانەکردن، ئاکارە سەرەکییەکانی ئەو سیاسەتەیە لە ھەرێمەکەدا سەروەرە. شتێک بەناوی حورمەت و ڕاستگۆییەوە، یان شتێک تۆزقاڵێک بۆنی ئەخلاقیاتی بەرپرسیارێتیی لێبێت، لەناو چەمکی سیاسەت لە ھەرێمەکەدا بوونی نەماوە. لەھەموو ئەمانەش تاریکتر داخستنی کایە سیاسییەکە و ڕێگرتن لە تازەبوونەوەی و سڕینەوەی تەواوی ئەگەری دەستگۆڕکێی دەسەڵاتە لەناویدا؛ ئینجا ئامادەکردنی نەوەی دووھەم و سێھەمی بنەماڵە سوڵتانییەکانە بۆ جێگرتنەوەی باوکەکانیان، کە بەسەریەکەوە کایەی سیاسەتیان لەناوەوە وێرانکردوە. دەسەڵاتی سیاسیی لە ھەرێمدا دەسەڵاتی ڕێکخستن و خەمخۆریی بۆ ژیانی گشتیی نییە، بەڵکو ئامراز و میکانیزمی سەرەکیی دەوڵەمەندبوون و کەڵەکەکردنی سەرمایەیە. لەمەشدا سیاسەت گۆڕاوە بۆ کارخانەی ئەنجامدانی تاوان، تاوانی بەردەوام. بەسەریەکیشەوە دۆخێکیان دروستکردوە کە تیایدا کایەی سیاسەتیش وەک ئابوریی نەوت گۆڕابێت بۆ لەعنەت و نەفرەتێکی تر. بۆ ئەنجامدانی ئەم ھەموو تاوانە پرۆسەیەکی بەربڵاوی لە سیاسییخستنی تاکەکەس و کۆمەڵگای ئێمەشیان خستۆتەگەڕ. کوشتنی سیاسەت لەناو ئینسانی ئێمەدا ئەو ستراتیژەیە کە سیستەمە سوڵتانییەکە بەشێوەیەکی سیستماتیکی کاری بۆکردوە و ھەموو تواناکانی بۆ تەرخانکردوە. لەسەرێکەوە ھەموو ژیان بە لۆژیکێکی سوڵتانیی بەسیاسیی کراوە، بەڵام لەسەرێکی دیکەوە تاکەکەسێک بەرھەمھاتوە سیاسەت وەک ئاکت و کردەیەکی گڵاو ببینێت و مامەڵەبکات. بەبۆچوونی ئێمە کردەی ناڕەزایەتییدەڕبڕین هاوشێوەی ئەم جۆرە جوڵە کۆمەڵایەتیی و سیاسییانە، دەتوانن ئەو ڕەھەندە سیاسییە سڕاوەیە بۆ ئینسانی ئێمە بگەڕێننەوە. ئینسانی ئێمە یان ئەوەتە بوونەوەرێکی بێدەنگ و بێزمان دەبێت، یان کە دوا و ھاتە قسە، دەبێت قسەکردن و دوانێکی سیاسییانەی ئاشکرای ھەبێت. بۆئەوەی قسەکردن لە جیھانی ئێمەدا مانایەکی ھەبێت، پێویستە ڕەھەندێکی سیاسیی بەھێز بە قسەکردنەکان بدرێت، کە ھاوکات بەشێک بێت لە پرۆژەی دروستکردنی ژیانێکی گشتیی تازە و لە کۆنتراکتێکی کۆمەڵایەتیی نوێ کە کۆمەڵگاکە وەک گشتێک بۆ شوێنێکی تر، بپەڕێنێتەوە. ئێستا ئیتر کۆمەڵگای ئێمە لەسەر شەقامی ھەندێک لە شارەکانیدا دەکوڵێت و توانای چاوەڕوانیی زیاتر و دواخستنی چارەسەری کێشەکانی نەماوە. کۆمەڵگای ئێمە گەیشتۆتە قۆناغێک کە هیچ هەڕەشەیەک لەم مۆدێلە سوڵتانییەی دەسەڵاتدارێتییەکەی، بە گەورەتر و مەترسییدارتر نازانێت بۆسەر ژیانی خۆی و بۆ سەر ”قەوارەی هەرێم“ وەک بەشێک لە سیستەمێکی فیدراڵی، کە ناھێڵێت ھەموو دەسەڵاتەکان لە پایتەختدا کۆببێتەوە و ڕێ لە سێنترالیزەکردنی تەواوی دەسەڵات دەگرێت. ئەوەی ئەم ڕاستییەش نیشاندەدات ئەو قسانەیە کە حوکمڕانەکان دەیکەن و گەنجان و پیرانی وڵاتەکە دەیبیستن، ئەوەی دەیبیستین، بەتایبەت لە لایەن پارتی و بنەماڵەی بارزانییەکانەوە، تاوانبارکردنێکی بێمانا و ھەرزانی خەڵکە ناڕازییە نائومێد و توڕەکەیە، بەوەی دەستی دەرەکییان لەپشتە. پارتی دیموکراتی کوردستان و ھەر سێ سەرۆکە بارزانییەکانی حیزب و حکومەت و ھەرێم، گوتارێکی پۆپۆلیستییانەیان ئاراستەی ڕای گشتیی دەرەوە و ناوەوەی ھەرێم کردوە. ئاراستە دەرەکییەکە ڕووی لە شەقامی عێراقیی و ڕای گشتیی جیھانییە و بەشێوەیەکی کۆمیدیانە بەغدا بە دروستکەری ئەم دۆخی درستبوونی ناڕەزایەتییەی ھەرێم، تاوانباردەکات. ھەرچی گوتارە ناوخۆییەکەیە ڕووی لە شەقامە یاخییەکەی ھەرێمە و دەستی دەرەکیی و بەتایبەت پەکەکە بە ھۆکاری ئەو دۆخی ناڕەزایەتییدەربڕینە تاوانباردەکەن. ھەردوو تاوانبارکردنەش، کە تەواو بێمانا و بێبنەمان، دەربڕی ئەو ڕاستییەن کە ئەوان خۆیان و حوکمڕانییە بنەماڵەیی و سوڵتانییەکەیان، خۆیان و کۆنترۆڵکردنی ئابوریی نەوت و خراپ بەکارھێنانی، خۆیان و کایە سیاسییە مۆنۆپۆڵ و وێرانکراوەکەیان، خۆیان و پەیوەندییە ناوەکیی و دەرەکییەکانیان، بە بەرپرسی ئەو دۆخە نازانن. مێژووی قسەکردن و ناڕازەییدەربڕین لە ھەرێمی کوردستاندا پێماندەڵێت، ھەموو ئەو میکانیزمانەی کە پێیدەڵێن خەباتی ئاشتیخوازانە، یان بەرگریی ناتوندوتیژ لە ماف، یان ناڕازیبوونی مەدەنییانە، یەک بەدوای یەک و بەیەکیشەوە تاقیکراونەتەوە. ساڵانێکی درێژ خەڵکی ناڕازیی ھەرێمەکە فۆرمە جیاوازەکانی خەباتی مەدەنییان تاقیکردەوە؛ خۆپیشاندان، گردبوونەوە، مانگرتن، ڕێپێوان، داخستنی ڕێگاوبان، ناردنی نامەی گشتیی و کراوە بۆ بەرپرسان، ھێنانەکایەی ئەکتیڤیسمی ئۆنڵاین، ھتد... بەڵام ھیچیان ھیچ دەرەنجامێکی کۆنکرێت و ڕاستەقینەیان نەبوو. بۆ سێ دەیەیە ئەو نوخبە سوڵتانییە و بازنە داخراوەکەی دەوروبەریان، نە گوێدەگرن، نە دەبینن و نە تێدەگەن. شتێک بەناوی پەیوەندییەوە لەنێوان ئەوان و کۆمەڵگاکەدا نەماوە، ئەوان لە ھەسارەیەک و زۆرینەی کۆمەڵگاکە لە ھەسارەیەکی ترن. ھەموو ئەمانەش بە بەرچاوی ئەو نەوەیەوە ڕوودەدات کە لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا لەدایکدەبێت و گەورەدەبێت. نەوەیەک دەبینێت باوک و دایک و خوشک و برا گەورەکانیان، سەرجەمی فۆرمە جیاوازەکانی خەباتی ئاشتیخوازانەیان تاقیکردوە، بەڵام گوێیەک نەبوو بیانبیسێت. ھۆشیارییەک نەبوو وەڵامێکی دروستکەریان بداتەوە. ئەم نەوەیە دەبینن دونیاکەیان لە ناشیرینەوە بۆ ناشیرینتر و لە نادادپەوەرییەوە بۆ نادادەپەروەریتر و لە دەسەڵاتی باوکە سوڵتانییەکانەوە بۆ دەسەڵاتی کوڕەکانیان، دەڕوات. ئێستا ئیتر دۆخێک دروستبووە تیایدا ھەم گەنجەکان و ھەم دایک و باوک و خوشک و برا گەورەکانیان، ھەست بە پڕوکانێکی کۆمەڵایەتیی و ڕەمزیی گەورە دەکەن. ئەو ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییە نوێیەی ئێستا لەهەرێمدا ڕوودەدات تەنها خۆپیشاندان نییە دژ بە شکستی ریفۆرمی کابینەی حکومەتە سێکوچکەکەی پارتی و یەکێتیی و گۆڕان، بەڵکو رەتکردنەوەیەکی رادیکاڵی سیاسەتی سێکوچکەی رەزیلکردنی ئینسانی ئێمە و نەفرەتی ئابوریی وڵات و مۆدێلی حوکمڕانیی بنەماڵەیی سی ساڵەی ئەم دەسەڵاتدارێتییە سوڵتانییەی هەرێمیشە. ئەم توڕەبوونە کۆمەڵایەتییە نوێیەی کۆمەڵگای ئێمە، زۆر لە توڕەبوونەکانی حەڤدەی شوبات ڕادیکاڵتر و فراوانترە. گەر ئەمجارەش بەزەبری هێز و توندوتیژیی ڕووت دابمرکێنرێتەوە، ئەوا توڕەبوونەکانی سبەینێ زۆر لەوانەی ئەمڕۆ ڕادیکاڵتر دەبن. سوتاندنی بینا و باڵەخانەکانی لق و مەڵبەند و مەکۆ و بارەگای پارتە سیاسییەکانی تر، دەرکەوتی یەکەمی ئەم توڕەبوونە گەورەیەیە. دەرکەوتەکانی تری سوتاندنی مێژووی ئەوانە دەبێت کە بەرپرسن لە دروستکردنی ئەو دونیایە. ئەگەر سوتاندنی لق و مەڵبەند و مەکۆ و بارەگای پارتە سیاسییەکانی تر لە ئێستادا مانایەکی ڕەمزیی ھەبێت و پەیامێک لە پشتیەوە بێت، ئەوا توندتوتیژییەکانی ئایندە بەتەنها توندوتیژیی ڕەمزیی نابن. کێ گوێی ھەیە باگوێبگرێت و کێش توانای بینینی ھەیە، باببینێت. بابەتی چوارەم: حیزبی كوردیی: لە بكەرێكی مۆدێرنەوە بۆ كۆڵەكەیەكی سوڵتانیی بابەتی سێیەم: لەنێوان "هەناسەدان"و "پڕوكان"دا بابەتی دووەم: عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل بابەتی یەكەم: کۆرۆنا و ئابوریی فەرھود و حوکمڕانیی