"سه‌در فریانه‌كه‌وێت؛ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌"

Draw Media

2022-04-04 14:41:14



(درەو): 
سەرەتای ناكۆكییەك لەنێوان سەدرو حەلبوسی لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقەوە دەركەوت، پەرلەمانتارێكی سوننە دەڵێ، سەدر فریانەكەوێت هاوپەیمانی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) هەڵدەوەشێتەوە. 
مشعان جبوری پەرلەمانتاری هاوپەیمانی (سیادە)ی سوننەكان لە تویتێكدا ئاشكرایكرد"  ناكۆكی حاكم زاملی لەگەڵ سەرۆك حەلبوسی‌و سوربوونی لەسەر ئەوەی ئەو بەشێكە لە دەستەی سەرۆكایەتی نەك جێگری سەرۆك، هەڕەشە لە پەرتبوونی هاوپەیمانی "رزگاركردنی نیشتمان" دەكات ئەگەر سەید سەدر دەستوەردان نەكات".
هاوپەیمانی "رزگاركردنی نیشتمان" هاوپەیمانی سێقۆڵی نێوان (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی)یە، ئەم هاوپەیمانێتییە بوو كە ویلایەتی دووەمی سەرۆكایەتی پەرلەمانی بۆ محەمەد حەلبوسی زامنكردەوە، بەڵام دانانی حاكم زاملی كە سەربە رەوتی سەدرە، هەر لەسەرەتاوە وا لێكدرایەوە، پێگەی سەرۆكی پەرلەمان لاواز دەكات، بەوپێیەی سەدرییەكان خاوەنی زۆرترین كورسی پەرلەمان‌و لایەنی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنن.  
لەبارەی ئەم كێشەیەوە، جبوری دەڵێ" بۆ زانیاری ناوی دەستەی سەرۆكایەتی بەهیچ شێوەیەك لە دەستوردا نەهاتووە، دادگای فیدراڵیش جەختی كرد شتێك بوونی نییە بەناوی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە، بەڵكو سەرۆكی جێگرەكانی هەیە !".

لەبارەی ئەم كێشەیەوە
دوێنێ نوسراوێك بڵاوكرایەوە، كە ئەمیندارێتی پەرلەمانی عێراق رۆژی 27ی مانگی رابردوو دەریكردووە، لە نوسراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، لەمەودوا لە نوسراوە فەرمییەكانی پەرلەماندا دەستەواژەی "دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان" لاببرێت‌و لەبری ئەوە دەستەواژەی "سەرۆك و جێگرانی سەرۆكی پەرلەمان" دابنرێت. 
ئەمە حاكم زاملی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی لە كوتلەی سەدرییەكان نیگەران كرد، دوێنێ نوسینگەی زاملی بە نوسراوێك وەڵامی ئەمینداری گشتی پەرلەمانی دایەوە‌و رایگەیاند، نوسراوەكەی رۆژی 27ی مانگی رابردوتان پێچەوانەی ماددەی (130)ی دەستورە كە دەڵێ ئەو یاسایانەی چونەتە بواری جێبەجێكردن، بەشێوەیەكی بەركار دەمێننەوە ئەگەر هەڵنەوەشێنەوە یاخود هەموار نەكرێن، ئەو ماددە یاسایانەی كە لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا‌و یاسا بەركارەكانی تردا هاتوون، دەستەواژەی "دەستەی سەرۆكایەتی" لەخۆدەگرن‌و هەڵنەوەشاونەتەوە‌و هەمواریش نەكراون. 
تەقینەوەی ئەم ناكۆكییە لەنێوان حەلبوسی‌و زاملیدا لەكاتێكدایە، زانیارییەكان باسلەوە دەكەن، محەمەد حەلبوسی بەهۆی هاوپەیمانێتییەكەیەوە لەگەڵ سەدر، هاوشێوەی بارزانی كەوتوەتە ژێر فشاری لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی‌و ئێران‌و ترسی لە چارەنوسی خۆی هەیە. 
تەنیا ماوەی دوو رۆژ مۆڵەت ماوە بۆ دواین هەوڵی پەرلەمان بەمەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، تائێستا حەلبوسی هیچ وادەیەكی بۆ كۆبونەوە دیاری نەكردووە، سەدر كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە، لە هەوڵەكانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت كشاوەتەوە‌و دەستپێخەریی داوەتە دەست لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی. 
پارتی‌و سوننەكان بەم دۆخەشەوە هێشتا پابەندبوونی خۆیان بە هاوپەیمانێتەكەیانەوە لەگەڵ سەدر نیشان دەدەن، بەڵام بەكردەوە ئاماژەكان بۆ دوركەوتنەوەی حەلبوسی لە هاوپەیمانێتییەكە بەدەردەكەون، بەتایبەتیش كە زانییان هێشتا زووە بۆ تێپەڕاندنی هەژموونی ئێران بەسەر بارودۆخی سیاسیی عێراقەوە.  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand