گۆڕانکاری ناوچەیی و ململانێی ئامۆزاکان و ئەگەری کودەتای ناو کۆشک .

Draw Media

2021-12-07 15:06:14



بەختیار نامیق و سەرکەوتی جیهاز .

گۆڕانکاری ناوچەیی .

لە دوای ترامپ قۆناغێکی نوێ لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر جیهان پەیڕەو دەکرێت ، بە تایبەت دوای ڕاگەیاندنی دوو شەڕی گەورەی ئەمریکا کە وەک ستراتیژی ململانێ و شەڕ سەیری دەکات و ئامادەکاری بۆ دەکات ئەویش ( شەڕی ڕێگای ئاوریشمی چین و شەڕی سایبەر ) کە بە ئاشکرا بایدن ڕایگەیاند ، ئەمەش لێکەوتەی دەبێت لە سەر ململانێكان لە ئۆراسیا و بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوین ، ئێمە ناچینە ناو هەندێ شەڕەوە کە دورە لە ئێمە ئەگەر چی هەمو شەڕەکان پەیوەندیان پێکەوە هەیە ، هەر لە ململانێی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان و پاکستان و هندستان و هەندێ شەڕی تر ، ئەوەی لای ئێمە مەبەستە عێراقە و ئەو هێزە ناوچەییانەن کە کاریگەریان لەسەر عێراق هەیە ، بە درێژایی مێژو دوو نەتەوە و دوو دەوڵەت فراوانخواز و کارگەری پلە یەکیان هەبوە لەسەر عێراق بە تایبەتی و ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست بە گشتی ئەویش (عوسمانی و سەفەوی کۆن و تورکیا و ئێرانی نوێ ) لە پشتیانەوە ڕوسیا و ئەمریکا و چین ، لە ئێستادا کە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا لە عێراقدا هەیە و هەندێ بۆچون پێی وایە هەمان سیناریۆی ئەفغانستان دوبارە دەبێتەوە لە عێراقدا بۆچونێکی هەڵەیە ، چونکە ئەفغانستان خاوەنی نەوت و غاز نیە و تەنها لە ڕوی جیوسیاسەوە شوێنەکەی گرنگە وە قاعیدە تەنها ‌هەڕەشەی جیهانی هەبو هێزێکە پاشکۆی هیچ وڵاتێک نیە و تەواو ئەفغانیە ، کاتێک هەڕەشەی بۆ سەر جیهان و بە تایبەت بۆ ئەمریکا نابێت و ئەمریکا دەتوانێت وەک ڕێگرێک لە ڕێگای ئاورشمی بەکاری بێنێ ڕێککەوتنی لەگەڵ دەکات ، بەڵام لە عێراق هیچ هێزێک بە کوردەکانیشەوە هێزێکی تەواو عێراقی نین و لە ژێر هەژمونی وڵاتێکی دەرەکیدان ، واتا دوای سەدام عێراق بوە بە چەند پارچەیەکەوە و درێژکراوە و پاشکۆی وڵاتانی دەرەکیە بە تایبەت تورکیا و ئێران ، لەم ڕوانگەیەوە ئەمریکا و وڵاتانی تر ئەگەر بیانەوێ بەرژەوەندیە نەوتیەکانیان لە عێراق پارێزراو بێت ئەوا بێ بونی ئەو دوو وڵاتە لەسەر مێزی گفتوگۆ ناتوانن هیچ کارێ بکەن ، وەک بینیمان ئێران چی بە ئەمریکا نەکرد لە ڕێی حشدی شەعبیەوە و تورکیا لە ڕێی داعشەوە چی نەکرد .

وڵاتانی زل هێز کاتێک بەرژەوەندیان پارێزراوە کە ئەم دوو هێزە (تورکیا و ئێران ) بەرژەوەندیەکانیان گرێدراوی یەکتر بێت و گەورەتر بێت لە ناکۆکیەکانیان ، هەر بۆیە تورکیا و ئێران هاوبەرژەوەندین لەسەر ڕێککەوتنە کۆنەکانیان ڕێککەوتنە تازەکان بونیاد دەنێن ، ئالێرەوە کاتێک دەتەوێ عێراق بخوێنیتەوە لە نێوان تورکیا و ئێراندا بی سوریا ناتەواوە کە عێراق ئێران کاری تێدا دەکات بە لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندی تورکیا و تورکیاش لە سوریا کار دەکات بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیەکانی ئێران ، ئالێرەوە کاتێک دەنگۆی کشانەوەی ئەمریکا دەبێت ئەم دو وڵاتە لە عێراقدا دەکەونە خۆیان ، ئەگەر چی ئەمریکا لە عێراق کشانەوەی تەنها بەشێکی دەبێت و کە هێزی پیادە دەکات نەک هەمو قونسوڵەکان و هێزی ئاسمانیشی نەمێنێ ، لە ئێستادا ئەوەی دەگوزەرێ دوای ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران و فرۆشتنی هێزی ڕەقی ئێرانی بە ئەمریکا ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵی هەیە بۆ عێراق ، دوای ئەم ڕێککەوتنە داعش وەک کارتی تورکی بەکار دەهێنرێت ، ئامانجە سەرەکیەکەش غاز و نەوتە ، ئەم ڕێککەوتنەش سیناریۆی تایبەتی دەوێ ، بۆیە دەبینین کارتی تورکیا لە ناوچەکانی سەرگردان و لهێبان و قەرەچوخ ڕو دەدات و ئێران و ئەمریکا هیچ ناڵین ، تەنها بۆ ماکیاج کردنی سیناریۆکانیانە و دەیانەوێ کۆنتڕۆڵی بیرە نەوتیەکان بکەن و بخرێتە سەر درێژکراوەکانی تورکیا بە گڵۆپی سەوزی ئێران و ئەمریکاوە و بێ دەنگی ڕوسیا وە کارت بەکارت بەرامبەر ١٦ ی ئۆکتۆبەری حشدی شەعبی کە تورکیا هیچ هەڵوێستێکی نەبو وە ئێستای قەرەچوخی داعش ، بۆیە لە عێراقدا بە پێی دابەشبون بەسەر هێزە ناوچییەکاندا هەر جوڵەیەک ڕوبدات بەرژەوەندی لایەک باڵا دەکات و بەرژەوەندی لایەکی تر نزم دەکاتەوە ، هەر کات حشد جوڵا بەرژەوەندی لایەنی ئێرانی باڵا دەبێت وەک ١٦ ی ئۆکتۆبەر کە لە یەکێتی نیشتمانیەوە تا عامری وکەتایبی ئەهلی هەق باڵا بو بە گڵۆپی سەوزی تورکی و ئەمریکاوە ، هەر کاتێکیش داعش جوڵا ئەوا لە بەرژەوەندی لایەنەکانی تورکی دەبێت لە پارتیەوە بۆ خەمیس خنجەر و بە گڵۆپی سەوزی ئێرانی و ئەمریکیەوە ، لە کوردستانی خۆشماندا ئەوە ڕونە کە هێزێکی ناوخۆیی بونی نیە بەڵکو هێزەکان دابەش بون بەسەر هەردو بلۆکی تورکی و ئێرانیدا ، بە کورتی دوای ١٦ ی ئۆکتۆبەر قەرەچوخ هەمان سیناریۆی تورکیە لە ڕێی داعشەوە بە کارت بە کارت ، هەرچی سەبارەت بە پەکەکەیە وەک باڵانسی گەرم نەبونی شەڕی ئەم ناوچانە سەیر دەکرێت ، بۆ هەولێر ئارامی و بۆ تورکیا مانەوەی یەکێتی هێزی ناوەکی تورکی بە هۆی دوژمنێکی وەک پەکەکەوە واتا تورکیا پێویستی بە دوژمنێکی ناوەکی و چەند دوژمنێکی دەرەکی هەیە تا هێزی یەکێتی ناوەکی پێ بپارێزێ ، بۆ ئەمریکا کارت و بۆ سوریا و عێراق  ئێران کارتی 
دژ یەکی نوستو .

ململانێی ئامۆزاکان لە هەرێم 
(بۆ هەمو دۆستێک دوژمنێکی لاواز پێویستە)
مێژوی ئەم ناوچانە پێمان دەڵێن کە دەستەڵات لای بنەماڵەکان بوە ، ئەوان کاتێک لە مێژودا کاریان لەسەر کراوە ئیتر جگە لە کودەتا و ناچاری وڵاتانی زل هێز بە هێزێکی کودەتا چی مامەڵەیان لەگەڵ بنەماڵەکان کردوە ، بەڵام کاتێک کودەتا ڕوی داوە بوە بە ئەمری واقع ئەوا مامەڵەیان لەگەڵ ئەو هێزە کردوە وەک حیزبی بەعس لە سوریا و عێراق  ، بەدەر لەمە هەمو دەستەلاتەکانی ئەم ناوچانە بنەماڵەیی بوە ، وڵاتانی زل هێزیش پشتوانیان لە بنەماڵەیی و خوێنی یەکەمی بنەماڵە کردوە ، لە هەرێمی کوردستان کە دابەش بوە بەسەر تورکیا و ئیڕاندا (زۆنی سەوز و زەرد و ڕێککەوتنی ستراتیژی نێوان تاران وئەنقەرە و بە وەکالەتی بارزانی و تاڵەبانی ) دوای تەواو بونی تەمەنی سەرکردەکانی شاخ ، کار لەسەر جێگرەوەیان دەکرێت بە خوێنی یەکەم واتا کوڕ و کچی سەرکردەکان کە پێشتر درێژکراوەی تورکی و ئێرانی بون ، دوای نەمانی سەرکردەکان وەک حاڵەتی سروشتی گواستنەوەی دەستەڵات لە باوکەکانەوە بۆ نەوەکانیان و نەبونی هیچ هێزێکی بەرهەڵسکاری کاریگەر قۆناغی گواستنەوە دەست پی دەکات ، ئەم دەست پێکردنە بێ خوێن و بەریەکەوتنی گەرم مەحاڵە ، ئەزمونی سعودی و ئیماراتی نمونەی زیندون لە کوردستانیش دوای تاڵەبانی بەم قۆناغەدا تێپەڕ دەکات و زۆنی سەوز ئێران سەرپەرشتی دەکات و دەیەوێ دەستەڵات بچێتە لای خوێنی یەکەمی تاڵەبانی و وەلانانی خوێنی دوەم (لاهور) و خوێنی سێەم ، ئەمەش بۆ زۆنی زەرد هەر وایە و سەرەتاکانی دەرکەوتوە کە گوستنەوەی دەستەڵات لە بارزانیەوە بۆ خوێنی یەکەم (مەسرور) و وەلا نانی خوێنی دوەم (نێچیر) و خوێنی سێیەم ، ئەڵبەت لە زۆنی زەرد بارزانی خۆی ماوە بە هیواشی لە پشتی پەردەوە ڕودەدات و تورکیا سەرپەرشتی دەکات .

ئەگەری کودەتای ناو کۆشک .

دەستەڵاتەکانی پارتی و یەکێتی و لە پشتەوە تورکیا و ئێران دەستەڵاتی تەواوەتیان بەسەر هەرێمی کوردستاندا هەیە و هیچ هێزێک نیە بتوانێ جیاواز بێت لەم دو هێزە و ئەوەشی هەیە بوەتە فۆتۆکۆپیەکی کاڵی ئەم دوو هێزە ، تەنها نەوشیروان مستەفا دەیوست بە پشت بەستن بە هێزی خەڵک و مرۆیی دەستکاری ڕێککەوتننامەی ستراتیژی و دابەشکاری بکات ، دوای نەوشیروان مستەفا هێزێک نیە بتوانێت ڕوبەڕوی ئەم دوو هێزە بێتەوە ئەگەر چی ئەم دوو هێزە لە ناوخۆدا هەزار باڵ و گەندەڵ و بی سیستەم بن تورکیا و ئێران پشتوانیان دەکات ، هێزکانی ئێستای دەرەوەی ئەم دوو هێزە پشکیان هەیە و دەستەڵاتێکی کارتۆنی و بێ هێزن بە گۆڕانی ئێستاشەوە ، هەر بۆیە دەکرێ بڵێین ئەوەی ڕودەدا لە ناو یەکێتی و پارتیدا لە ناو کۆشکدان و دورە لە دەستەڵاتی خەڵکی و هێزێکیش نیە بتوانێت تەحەدای ئەم دو هێزە بکات ، ئەوەی لە ناو کۆشکدا ڕودەدات گواستنەوەی دەستەڵاتە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر ، جا گوستنەوەکە بە فۆرمی جیاوازی کودەتا دەبێت ، کودەتا دژی خوێنی دوەم لە لایەن خوێنی یەکەمەوە ، ئەگەری ڕودانی کودەتای گەرم و خوێن زۆر دورە چی  لە کۆشکی سەوز بێت یان زەرد چونکە ئارامی ئابوری بۆ تورکیا و ئێران گرنگە ناهێڵن بەریەککەوتنی گەرم ڕوبدات ( ئارامی سلێمانیمان بەلاوە مەبەستە ..قائانی) بۆیە کودەتاکان بەشێوەیەکی پچڕ پچڕی خوێن و وەلانانی ئامۆزاکان دەستی پێ کردو دوا جار خوێنی یەکەم بە کودەتای سپی کۆی دەستەڵاتەکان دەگرێتە دەست لە ناو هەردو کۆشکی سەوز و زەردا .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand