ئەهواز ڕادەپەڕێت... لە ئاوی خۆڕایی شۆڕشەوە، تا شۆڕشی تینووەکان

Draw Media

2021-07-24 08:43:07



شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو)

خراپ بەڕێوەبردنی نەوت و سەرمایەکەی، ڕژێمی پەهلەوی کۆتایی پێهێنا و سەری شای پەهلەوی خوارد، خومەینی بە کاسێت تەنگی بە ڕژێمەکە هەڵچنی و تا نەکەوت وازی نەهێنا. ئەمجارە خراپ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو، یەخەی حکومەتە ئیسلامیەکەی ئێرانی گرتووە، ئایا شۆڕشی تینووەکانی ئەهواز (بە ئینتەرنێت لەبری کاسێت) بە کوێ دەکات؟
لای شیعەکان، مەزڵوومترین وێنای شەهیدکرانی، تینووێتی خۆی و یارانییەتی لای شیعەکان، تا شەهیدبوونی. خومەینی ڕێبەریش لە ساڵی ١٩٧٩دا بەڵێنی دا ئاوی ماڵان بکاتە خۆڕایی، بەڵام وائێستا نەک خۆڕایی نەکرا، پارێزگایەک بە مرۆڤ و سروشت و ئاژەڵەکانی لەتینوێتیدا بەدەستی یارانی مەزڵوومی حوسەینەوە، لێو و ژینگەیان وشک هەڵگەڕاوە، ڕووبارەکانی وشک کراوون، نەک لەبەرئەوەی ئاوییان نییە، بەڵکوو لەبەرئەوەی خراپ بەڕێوەبراوە و ڕەوانەی ئەسفەهانی دراوسێیان کراوە و لەوێ پیشەسازیی مەزنی لێ سازکراوە. 
ئەهواز (احواز)، شارێکی دێرینی زۆرینە عەرەب، بە ڕووبەری ٦٤کم٢ و ٤،٧٠٠٠٠٠ دانیشتووانەوە، دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای ئێرانەوە، باکوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی بە کوردانی لوڕ و باکووری ڕۆژئاوای بە کوردانی ئیلام دەورە دراوە و باشووریشی لکاوە بە کەنداوەوە، لەساڵی ١٩٢٥ەوە بەهۆی سیاسەتی ئینگلیزەوە، خرایە سەر دەوڵەتی ناوەندگەرای هاوچەرخی ئێران و ناوەکەشی لە عەرەبستانەوە کرایە خوزستان، لەکاتێکدا لەسەردەمی سەفەوییەوە بە عەرەبستان ناوی دەهات و بەدرێژایی مێژووش جۆرێک لە نیمچەسەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبردنی عەشایەریی و میرایەتی وەک میرنشینەکانی کەنداو هەبوو. ناوچەکە دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی ئاویی و نەوت و غاز و باشوورەکەشی ڕێک لکاوە بە کەنداوی عەرەبی(فارسی)یەوە، بەڵام ئێستا بەهۆی جیاکاریی و خراپ بەڕێوەبردنەوە، وا سروشتەکەی وشک و کشتوکاڵەکی بێبەر و ئاژەڵەکانی قڕ دەبن و مرۆڤەکانی شۆڕشی تینووەکانیان بەڕێ خستووە. 

جیاکاریی بەڕێوەبردن و پەراوێزخستنی شوناس
گەرچی ناڕەزایی ئەهوازییانی عەرەب مێژووەکەی نزیکەی سەدساڵێکە بەرامبەر دەوڵەتی ناوەندگەرا و لکانییانە بە ئێرانەوە بەردەوامە، بەڵام خۆپیشاندانەکانی ئێستا، کە نۆ ڕۆژە بەردەوامە، لە خۆپیشاندانی کۆی ناوچەکانی دیکەی ئێران جیاوازە، چونکە ڕادیكالترە لە دروشمدا و ئاڵای تایبەت بە خۆیان هەیە و بەشێکی زۆریان داوای سەربەخۆیی دەکەن و دروشمەکانیان عەرەبییە و توڕەشن لەهەموو ئەوانەی لەبری "ئەحواز"، خوزستان بەکاردەهێنن. هەروەها ئازاتر و ڕێکخراوترن و سەرەڕای ماتییەکی میدیایی و پچڕاندنی ئینتەرنێت، هەر بەردەوامن و نەک هەر ئەوە بگرە عەرەبەکانی دەرەوەشیان کردووەتە هاوپشتی خۆیان و لە چەندین پایتەختی ڕۆژئاوایی و ئەمریکییدا خۆپیشاندانی هاوپشتییان وەڕێ خستووە و دەنگی بەشێک لە سیاسیی و دەوڵەتانی جیهانیان هێناوەتەپاڵ خۆیان. ئەوان کاتێک لەڕووی سامان و جیۆپۆلەتیکەوە ۆخیان بە دراوسێ ئیماراتی و قەتەری و بەحرەینیەکان و بگرە عێراقییەکانی بەراورد دەکەن، هەست بە کەمی دەکەن و پێیانووایە ناوجەکانی ئەوان دەوڵەمەندترە، بەڵام ژیان بۆچی خراپترینە لە ئاستی ئەواندا.
پرسی ئەهوازییەکان راستەوخۆ بەرامبەر سیستەم وەستاوە، نەک حکومەت و کابینەکان، دروشمەکانیان ڕاستەوخۆ دژی خودی ڕێبەری کۆمارن و لە ئانووساتی ڕادەستکردنی پۆستی سەرکۆمارییدایە، کە بڕیارە لەسەرەتای مانگی ئابدا ڕۆحانی کۆتایی بە ماوەی سەرۆکایەتی بێت و ئیبراهیم ڕەئیسی وەک سەرکۆماری نوێ لە پۆستەکەدا دەستبەکار بێت.

بە دوو هۆکار خەڵکی ناوچەکەی هەم لە ئێران و هەم لە سیستەمەکەی توڕەتر کردووە:
١. ئەهوازییەکان لەو باوەڕەدان کە حکومەتە ئێرانییەکان، بە گشتی و کۆماری ئیسلامی ئێران بەتایبەتی لەڕووی خزمەتگووزارییەوە کەمتەرخەم بوون و ئەنقەست ناوچەکەیان پەراوێزخستووە، چونکە بەراورد بە شارە فارسییەکان هەم نیشانەکانی شارستانیی هاوچەرخ و هەم بژێوی خەڵکەکەی لە پاشەکشەدایە، دوایەمین هۆکاری تووڕەییش مەسەلەی کەمئاوییە، کە نیشانەی زەقی خراپ بەڕێوەبردن و جیاکاریی نێوان ئەهوازی عەرەبی و شارە فارسییەکانە، کەمئاوییەکی بێوێنەیە لە مێژوویاندا، ئەمەش دوو هۆکاری لەپشتە: یەکەم دروستکردنی چەندین بەربەستی ئاوی و ڕێڕەوی ئاوی لە ئەهواز و شارە دراوسێکانیدا لەسەردەمی هەرسێ سەرکۆماری پاشیندا(خاتەمی، ئەحمەدینەژاد و ڕووحانی)، دووەمیش: دوایەمین پرۆژەیە کە ئەمساڵ کەوتە واری جێبەجێکردنەوە، گواستنەوەی ئاویی ئەهوازە بۆ پارێزگای ئەسفەهانی فارسی زمان. جیا لەوەش ئەم  پارێزگایە بەپێی ئامارە فەرمییەکانی دەوڵەت، بە یەکێک لە پارێزگا هەژار و بێکارەکان ناسراوە و ڕێژەی بێکاری ئاستێکی باڵای هەیە و لەم ساڵانەشدا زیاتر بووە.
٢. ئەهواز، لە ئێستادا خاوەنی ١٨ نوێنەری پەرلەمان و ٦ی ئەنجوومەنی شارەزایانە، کۆڵەکەیەکی ئابووری گرنگ و بەهۆی پێکهاتەی جیاوازیی نەتەوەیی (عەرەب) و سنووری ئاوی و دراوسێیەتی کورد و عەرەبی عێراق و کەنداوەوە، هەستیارترین خاڵی ئاسایشی-سنووریی ئێرانە، چونکە لەڕووی شوناسییەوە وەک هەرنەتەوەیەکی نافارسی دیکەی ئەو وڵاتە، ڕووبەڕووی جیاکاریی کولتووری بووەتەوە، ئەمەش هەر لە زمانەکەیانەوە بیگرە کە نووسین و خوێندن لە دەزگافەرمییەکاندا پێی قەدەغەیە و ڕێگە لەخوێندنیشی گیراوە لە پەروەردەدا بخوێنرێت، تا دەگاتە مافە سیاسیی و مەدەنییەکانیان و قەدەغەکاریی چالاکیی شوناسی و حزبی تایبەت بەخۆیان. هەرئەمەشە کێرڤی جیاخوازیی و وازهێنانی لە شیعەگەرێتی لەو ناوچەیە پەرە پێداوە. لەوەش زیاتر لە چوارچێوەی سیاسەتی کولتوورییدا، ناوی شوێنەکانیان گۆڕدراوە و سیمای ئێرانێتی لە هونەر و ئەدەب و ئاین و بیناسازیی و ...تاد بەسەر دیزاینی کۆمەڵایەتی و شارستانی ناوچەکەدا سەپێنراوە.

ئەهوازییەکان، لە بەشیعەکردنی ئێرانەوە بۆ پشتکردنە شیعە
خەڵکی ئەهواز یەکەمین نەتەوەی ئێران بوون کە شیعەیان بردە ئەو وڵاتە و وردەوردە لەوێوە بڵاوبوویەوە، بەڵام هەنووکە هەر لەو خاڵی دەستپێکەوە، وا هەمان گەل لە شیعەمەزهەبی پاشگەز دەبنەوە.
ئەهواز، جیا لەوەی ناوچەیەکی زۆرینە عەرەبە، بەڵام زۆرینە شیعەشە، تەنانەت سەرچاوە مێژووییەکانیش بە دەروازەی بەشیعەکردنی ئێرانی دەزانن و لەوێوە ئەم مەزهەبە بڵاوبووەتەوە، خودی خامینەییش ٢٥ ساڵ لەمەوپێش لە وتارێکییدا لە ئەهواز هەمان ناوەندێتی شیعەگەرایی و دەروازەی هاتنی شیعەی بۆ ئێرانی لەلایەن ئەهوازەوە دووپاتکردەوە. لەپێشدا ئەمە دەروازەیەکی باش بوو بۆ تەبایی مەزهەبی لەگەڵ سیستەمی سیاسیی هەنووکەیی ئێراندا، بەڵام ئەوەی ساڵانێکە کۆماری ئیسلامی ئێران لێی دەترسێت و ئەوەی عەرەبەکانی ئەهوازییەکان دەیگرنەبەر، وازهێنانی شیعەکانی ئەهوازە لە مەزهەبەکەیان و ڕووکردنە مەزهەبی سووننەیە، ئەم دیاردەیە سەرەتا لە جەنگی هەشتساڵەی ئێران-عێراقەوە زیادی کرد و لە چوار ساڵی رابردوودا گەیشتە لووتکە کاتێک بە ڕێکخراو و گرووپی کۆمەڵایەتی گەنجانی ناوچەکە بە ئاشکرا پشتیان لە شیعە دەکرد و مەزهەبی سوننەیان هەڵدەبژارد و دیاردەکە تا هەنووکەش ڕوو لەهەڵکشانە، چەندین توێژینەوەی زانستیی دەزگا زانستی و زانکۆیی ئێران ڕوون ئەم وەرچەرخانە مەزهەبییەیان ڕووماڵ کردووە. وەک کردەیەکی وازهێنانی گرووپی و ڕێکخراوەییش لە مەزهەبی شیعە بۆ ڕێکخراوێک دەگەڕێتەوە کە سەید عەبد نزاری دروستی کرد و لەگەڵ ١٠ کەسی هاوڕێیدا لە ئەهواز وازهێانی خۆیان لە شیعە ڕاگەیاند و بوونە سووننەی حەنبەلی. ئەڵبەت پێش و پاشی ئەمەش دیاردەی بانگەوازیی سوننەگەرایی بەردەوامە. زۆرترین ڕێژەی مەزهەب گۆڕینیش لەنێو عەرەبەکاندایە بە ڕێژەی ٩٢٪ی وازهێنانەکان و ٨٪ی ناعەرەب، لە کۆی وازهێنانەکان لە شیعە و خودی شاری ئەهوازیش دیارترین شارە کە بەڕێژەی ٪٢٢ مەزهەبگۆڕێنەکەی لەخۆگرتووە و بە گوێرەی ئاماری دوو ساڵی ڕابردوو، لە نزیکەی ١٠ هەزار کەس لە پارێزگای ئەهوازدا لەم چوارساڵەی دواییدا بوونەتە سوننە.
ئەم مەزهەبگۆڕینە، بۆ ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران مەترسیی دووقاتە، چونکە هەم عەرەبن و هەم دەبنە شیعەش کە دیسانەوە لە دووخاڵی سەرەکییدا (مەزهەبی-نەتەوەیی)دەکەونە بەرامبەر شوناسی ڕەسمی سیستەمی سیاسیی ئێران کە شێعەمەزهەبی فارسیی میحوەرە، هەر ئەمەش وای کردووە، هەست و گووتاری جیاخوازیی لەنێو عەرەباندا زیاتر و پەرەسەندووترە لە هەر نەتەوەیەکی دیکەی نێو ئێران.

خۆپیشاندانەکانی پێشتر
ئەهوازییەکان، گەرچی ساڵانی ڕابردوو، وەک هاوڵاتیانی دیکە بەشداری سەرجەم ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی ئێرانییان کردووە و لە توڕەترینی پارێزگاکان بوون، لەسەردەمی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشدا، یەکەمین خۆپیشاندان و چالاکی دژە حکومەتییان دەگەڕێتەوە بۆ خۆپیشاندانی ساڵی ١٩٧٩ کە تێیدا، عەرەبانی ئەهوازی داوای ئۆتۆنۆمییان لە تاران دەکرد، بەڵام ڕووبەڕووی توندووتیژیی دەوڵەتی بوویەوە و سەرکوتکرا، ساڵی ١٩٨٠ش بۆ  پشتیوانی خواستی خۆپیشاندەران ئەهوازییەکانی تاراوگە گەمارۆیان خستەسەر باڵیۆزخانەی ئێران لە لەندەن و داوای جێبەجێکردنی خواستی نەتەوەیی ئەهواز و ئازادکردنی ٩١ خۆپیشاندەرییان لە دەسەڵاتی تاران دەکرد. لەوکاتەوە تا هەنووکە هەم خۆپیشاندان و ناڕەزایی پەیتا پەیتا بەردەوامە و هەم حزب و گرووپی جیاخواز و ئۆتۆنمییخوازیی عەرەبیی بێچەک و چەکدار ڕێکخراوە و لە چالاکی خۆیاندان. بەڵام لەماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا، سێ خۆپیشاندانی کاریگەر و دیاری تایبەتە بە خۆیان هەبووە:
١. خۆپیشاندانێکیان دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاساڵی حکومەتەکەی محەمەد خاتەمی، لە مانگی ٤ی ٢٠٠٥دا کە چوار ڕۆژی خایاند، ١٥-٢٠ کەسی تێدا کوژرا و ڕووداوی تووندووتیژی لێکەوتەوە، هۆکارەکەشی دەگەڕایەوە بۆ بڵاوبوونەوەی نامەیەکی نهێنی یاریدەدەری سەرکۆمار (عەلی ئەبتەحی) کە تێیدا، پێشنیاری ڕێکارەکانی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکەی لە پێکهاتە عەرەبییەوە بۆ ناعەرەب تێدایە، ئەمەش خەڵکی توڕەکرد و دواجار بە توندووتیژی و فشار سەرکووت کرا.
٢. دووەمین خۆپیشاندانی دیاری ٢٠ ساڵی ڕابردووش، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١١ی سەردەمی سەرکۆماری ئەحمەدی نەژاد و هاوکات بوو لەگەڵ خرۆشانی دنیای عەرەبی و بەهاری عەرەبی، هۆکارەکەی بۆ یادکردنەوەی خۆپیشاندانی ٢٠٠٥ دەگەڕایەوە، کە تێیدا نزیکەی پانزەکەس بوونە قوربانی و دیسانەوە بە هێز سەرکوت کرایەوە.
٣. دوایەمین خۆپیشاندان ئەمەی ئێستایە و کە لە ١٥ی ٧ی٢٠٢١ەوە دەستی پێکردووە و تا هەنووکەش درێژەی هەیە و چەندین کوژراو و بریندار لێکەوتووەتەوە، نەک هەر ئەوە بەڵکو خەڵکانی شارەکانی تاران و مەشهەد و لوڕستان و سنە و چەندانی دیکەی هێناوەتە سەرشەقام بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندەران.

 

بابەتی پێشتر:

ئێراننامە (1) .. هەڵبژاردن لەئێراندا

ئێراننامە (2) سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی

ئێراننامە (3) ..شورای پاسەوان؛ پێگەی لە سیسستەمی سیاسی و ڕۆڵی لەهەڵبژاردنەکاندا

ئێراننامە (4): ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ پێگە و دەسەڵاتەکانی

ئێراننامە (5): سێ هەڵبژاردنەکەی ٢٠٢١ی ئێران؛ ئامار و تێبینیی گشتی

ئێراننامە (6): سوپا و سیاسەت؛ کاندیدانی سوپایی و سەرکۆمارێتی ئێران

ئێراننامە (7): هەڵبژاردنێکی بێڕەنگ بۆ قۆناغێکی سەخت

ئێراننامە (8): کورد و هەڵبژاردنی سەرکۆماری ئێران

ئێراننامە (9): سەرکۆماری نوێ و یەخانگیرییەکانی سیستەمی سیاسیی ئێران 

ئێراننامە (10): هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران؛ براوە و دۆڕاوە ڕاستینەکان لەئەنجامەکانەوە

ئێراننامە (11): ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەریی؛ پێشینە و ڕۆڵ و شێوازی هەڵبژاردنی

ئێراننامە 12: کۆڕبەندی دیارییکردنی بەرژەوەندیییەکان؛ پێگە و سروشتی دەسەڵاتی
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand