کۆڕبەندی دیارییکردنی بەرژەوەندیییەکان؛ پێگە و سروشتی دەسەڵاتی

Draw Media

2021-07-03 17:34:00



شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو)

ئێراننامە (12)

یەکێکی دیکە لەو دامەزراوە سەرەکی و هەستیار و یەکلاکەرەوانەی نێو سیستەمی سیاسیی ئێران، کۆڕبەندی دیارییکردنی بەرژەوەندییەکانە لەئێراندا، کۆی ئەندامەکانی دەزگاکە سەروو ٤٤ ئەندامە و هەر جارە و یەک میوانی پەیوەندیداریش بە تەوەری کۆبوونەوەکان بانگهێشت دەکرێت و دەبێتە ئەندامی کاتی کۆڕبەندەکە، ئەندامە هەمیشەییەکان و ئەندامە یاساییەکان(نوێنەرانی دەسەڵات و دەزگاکانی دەوڵەت)ی کۆڕبەندەکەش ڕاستەوخۆ بە فەرمانێکی ڕێبەری باڵا و بێ هەڵبژاردن دیاری دەکرێن. جیا لە بەرپرسانی چەندین دەزگای گرنگی دەوڵەتی، هەرسێ سەرۆکەکەی حکومەت و پەرلەمان و دادوەریش ئەندامن تێیدا.
گرنگترین بەرپرسیارێتی سەرەکیی دامەزراوەکە چارەسەری ناکۆکی و جیاوازیی بۆچوونە لە نێوان هەردوو دەزگای پەرلەمان و ئەنجوومەنی پاسەوان، واتە هەر پرسێک کە بووە مایەی ڕاجیایی لەنێوان پەرلەمانی وڵات (کە هەڵبژێردراوی خەڵکە) و ئەنجوومەنی پاسەوان (کە هەر ١٢ئەندامەکەی هەڵنەبژێردراو و دانراوی ڕێبەر و دەسەڵاتی دادوەریین)، ئەوا دەدرێتە دەست کۆڕبەندی دیارییکردنی بەرژەوەندییەکان تا لەڕێی کۆبوونەوەکانییەوە یەکلایی بکاتەوە، هەر ئەمەشە دەیخاتە سەروو ئەو دوو دەسەڵاتەوە لە ئانی ناکۆکییدا. جگە لەچارەسەری ڕاجیایی و ناکۆکی نێوان پەرلەمان و شورای پاسەوان، هاوکات بەرپرسیارێتیی بڕیاردان لە سیاسەتەگشتییەکانی نێوخۆیی و دەرەکی ئێران، وەئەستۆ دەگرێت.


لەڕوانگەی دەستووری ئێرانەوە
لە ماددەی ١١٠ دەستووری ئێراندا،(کە لە بەشی دەسەڵات و ئەرکەکانی ڕێبەردایە)،  بڕگەی یەکی باس لە ڕاوێژی ڕێبەر دەکات، لەگەڵ کۆڕبەندەکەدا بۆ یەکلاکردنەوە و داڕشتنی سیاسەتی گشتیی دەوڵەت و بە گوێرەی ماددەی ١١٢ش، باس لەو ئەرکەی کراوە کە تێیدا ڕاجیایی و جیاوازیی نێوان پەرلەمان و شورای پاسەوان یەکلادەکاتەوە، هەروەها بەپێی مادەی ١٧٧ی دەستووریش، لە پرسی ڕێکار و شێوازەکانی هەمووارکردنەوەی دەستووردا، ڕێبەری باڵا پاش ڕاوێژ لەگەڵ ئەم کۆڕبەندەدا و بە فەرمانێک ئەو ماددانەی کە ئەگەری دەستکارییان هەیە، لە نووسراوێکدا ئاراستەی سەرۆک کۆماری وڵات دەکات یاخود هەر پێشنیارێک کە ئەگەری زیادکردنی بۆ دەستوور هەیە ئاراستەی "شورای پێداچوونەوەی دەستوور"ی دەکات، کە لەو شورایەشدا، ئەندامە هەمیشەییەکانی کۆڕبەندی دیارییکردنی بەرژەوەندییەکان ئەندامن تێیدا.(قانون اساسی جمهوری اسلامی ایران، معاونت حقوقی ریاست جمهوری، چاپ چهارم، ١٣٩٥)
لەڕووی ئەرکەوە، ئەم کۆڕبەندە یانزە ئەرکی پێ سپێردراوە، لە گرنگترینیان: ئامادەکردنی بەرنامەی دیدگای ٢٠ ساڵە (کە لەساڵی ٢٠٠٥ەوە تا ٢٠٢٥ ئامادەیان کردووە) و چاودێریکردنی جێبەجێکردنیشی دیسان لەئەستۆی ئەم دەزگایەدایە. هەروەها چاودێرییکردنی هەرسێ دەسەڵاتی دادوەریی و یاسادانان و جێبەجێکردنی پێ سپێردراوە، گەرچی ئەم دەسەڵاتە بەپێ دەستوور لە ئەستۆی ڕێبەری باڵادا بوو، بەڵام لەساڵی ٢٠٠٦ەوە، خودی رێبەر ئەو دەسەڵاتەی خۆی بەخشیە کۆڕبەند و بەوانی سپارد. بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیشی نۆ لیژنەی سەرەکی بۆ ڕووماڵی ئەرک و دەسەڵاتەکانی پێکهیناوە. (بڕوانە: http://maslahat.ir/index.jsp?fkeyid=&siteid=3&pageid=367 )


سروشتی کار و دەسەڵات
سروشتی ئەم دەزگایە و چەند دەزگایەکی دیکەی هاوشێوەی، لەڕووی پەیکەربەندیی دەزگاییەوە، سەر بە هیچ یەکێک لە سێ دەسەڵاتە باوەکەی هەر سیستەمێک نیین(یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەریی)، بەڵکو زیاتر دەزگای تێپەڕن و لە ڕووی پێگە و دەسەڵاتەوە سەر بە هیچ یەکێکیان نین، بەڵام دەچنە نێو هەمووشیانەوە، جاری واش هەیە بەهۆی ئەرکەکەیانەوە سەرووتر لە هەرسێ دەسەڵاتەکەش دەنوێنێت و ڕاستەوخۆش پێکهاتن و کارەکانی بەستراوەتەوە بە ڕێبەری باڵای وڵاتەوە.
هێڵێکی سوور کە هەمیشە ئەم کۆڕبەندە پێویستە ڕەچاوی بکات، ئەوەیە لە هەر بڕیار و ڕاسپاردە و یەکلاکردنەوەی هەر پرسێکدا، پێچەوانەی ئیسلامێتی ڕژێم و دەوڵەت(مەزهەبی شیعەی ١٢ئیمامی) لەبەرچاو بگرێت و نابێت دژی ئەو پرەنسیپە بجوڵێتەوە.
هۆکاری گرنگی و هەستیاری دەزگاکە دەگەڕێتەوە بۆ: 
١. ڕاستەوخۆ بەستراونەتەوە بە دەزگا و دەسەڵاتی ڕێبەریی باڵاوە کە لەسەرووی هەرسێ دەسەڵاتەکەوەیە.
٢. بڕیارەکانی ئەم دەزگایە تەنها بە پەسەندنامەی ڕێبەری باڵا، فۆرمی یاسایی وەردەگرن و پابەندیی بۆ دەزگا پەیوەندیدارەکان درووست دەکات و پێویستە جێبەجێی بکەن.
٣. سروشتی ئەرک و دەسەڵاتەکانی و مەبەستی دامەزراندنی، سروشتێکی نێودەسەڵاتی و سەروو "سێ دەسەڵات"ی هەیە و بڕیارەکانی پەیوەستن بە زیاد لە دەسەڵاتێكەوە.
٤. پێکهاتەی ئەندامێتی و پەیکەربەندی دامەزراوەکە، تێکەڵەیەکە لە سەرجەم دەسەڵاتەکان و دەزگا گرنگەکان و لەوەش زیاتر جیا لە سەرکردەی گشتی سوپا و دەزگاکانی دیکە، سەرۆکی هەرسێ دەسەڵاتەکەش (سەرکۆمار و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی)ئەندامن تێیدا.

مێژووی دامەزراندن و پەیکەربەندی ئەندامێتی
تۆوی سەرەکی ئەم دەزگایە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو لیژنە ڕاوێژکارییەی کە لە ساڵی ١٩٨٤ و لە نێوەراستی جەنگی هەشتساڵەی ئێران-عێراقدا دامەزرا، ئەو کات بەمەبەستی پێشکەشکردنی ڕاوێژ بە ڕێبەری ئەوکاتە پێکهێنرا، بەڵام پاشتر و وەک پێویستی و شێوە فەرمییەکەی بۆ یەکەمجار ئەم دەزگایە بەفەرمانێکی ڕێبەری پێشووی شۆڕش (ڕوحوڵا خومەینی)، لە ٦ی شوباتی ١٩٨٨دا، بڕیاری دامەزراندنی وەشێنرا، بڕیارەکەش مەبەستی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و دیاریکردنی ئەوەی چی لەبەرژەوەندیی سیستەمی سیاسیی کۆماری ئیسلامی ئێراندایەی لە پشتەوە بوو، تا دەزگای پەیوەندییدار یان چەند دەزگا و دامەزراوەیەک جێبەجێی بکات یان بکەن، ئەندامەکانی یەکەم خولی کۆڕبەندەکەش هەر خودی ڕێبەر دەستنیشانی کردن و لە ١٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٨یشدا دەستی بە کارەکانی کرد. لە هەمووارکردنەوەی ساڵی ١٩٨٩ی دەستووریشدا پێگەکەی لە دەستووردا جێگیرکرا و دەسەڵاتەکانی فراوانتر کران.
لە مێژووی دامەزراوەکەدا بەڕیز ئەم پێنج سەرۆکەی بەخۆیەوە دیووە: خامینەیی  ١٩٨٨، ڕەفسەنجانی(٢٧ساڵ سەرۆکی بوو) ١٩٨٨-2017، موەحیدی کرمانی(٢٠١٧- کاتی)، هاشمی شەهرودی(2017-2018) و سەرۆکی ئێستا صادقی لاریجانی (٢٠١٨ تا ئێستا) و هەنووکەش موحسین ڕەزایی سکرتێری کۆڕبەندەکەیە.
لەڕووی پێکهاتەی ئەندامێتیەوە لەکۆڕبەندەکەدا، دوو جۆر ئەندام هەیە: ئەندامە یاساییەکان کە نوێنەرایەتی دەزگاکانیان دەکەن و ئەندامە جێگیرەکان کە وەک کەسایەتی دانراون.
ئەندامانی ئەم خولە کە خولی هەشتەمییەتی (٢٠١٧-٢٠٢٢)، ٤٧ ئەندامن و بەپێی دوایین فەرمانی ڕێبەر لە 14ی ئابی٢٠١٧دا، بەم شێوەیە دەست نیشانکراوە: 
یەکەم ئەندامە یاساییەکان:
- هەر سێ سەرۆکەکەی دەسەڵاتەکانی دادوەریی، جێبەجێکردن و پەرلەمان.
- شەش ئەندامە فەقیهەکەی ئەندامانی شورای پاسەوان.
- سەرۆکی سەرجەم هێزە چەکدارەکان.
- سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی.
- وەزیر یان سەرۆکی ئەو دەزگایەی کە پەیوەندیدارە بەو پرسەی لە کۆبوونەوەی کۆڕبەندەکەدا تاوتوێ دەکرێت.
- سەرۆکی ئەو لیژنە پەرلەمانیەی کە پەیوەندیدارە بەو پرسەی لە کۆڕبەندەکەدا تاوتوێ دەکرێت.
دووەم: ئەندامە جێگیرەکان(حەقیقی)یش کە لە ئێستا وەک کەسایەتی لە  ٣٨ ئەندام پێکهاتووە و سەرجەمیان بە فەرمانێکی ڕێبەر دیاریی کراوون.

بابەتی پێشتر:

ئێراننامە (1) .. هەڵبژاردن لەئێراندا

ئێراننامە (2) سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی

ئێراننامە (3) ..شورای پاسەوان؛ پێگەی لە سیسستەمی سیاسی و ڕۆڵی لەهەڵبژاردنەکاندا

ئێراننامە (4): ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ پێگە و دەسەڵاتەکانی

ئێراننامە (5): سێ هەڵبژاردنەکەی ٢٠٢١ی ئێران؛ ئامار و تێبینیی گشتی

ئێراننامە (6): سوپا و سیاسەت؛ کاندیدانی سوپایی و سەرکۆمارێتی ئێران

ئێراننامە (7): هەڵبژاردنێکی بێڕەنگ بۆ قۆناغێکی سەخت

ئێراننامە (8): کورد و هەڵبژاردنی سەرکۆماری ئێران

ئێراننامە (9): سەرکۆماری نوێ و یەخانگیرییەکانی سیستەمی سیاسیی ئێران 

ئێراننامە (10): هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران؛ براوە و دۆڕاوە ڕاستینەکان لەئەنجامەکانەوە

ئێراننامە (11): ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەریی؛ پێشینە و ڕۆڵ و شێوازی هەڵبژاردنی
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand