ترەمپ‌و تیمەكەی كۆشكی سپی چۆڵ دەكەن‌

Draw Media

2021-01-15 12:28:17



درەو:
كاتی دووركەوتنەوەی دۆناڵد ترەمپ‌و تیمەكەی لە دەسەڵات‌و حوكمی ئەمریكا زۆری نەماوەو كاتی ئەوەیە جانتاو كەلوپەلەكانی بپێچێتەوەو بە شێوەیەكی ئاشتیانە لە كۆشكی سپی بچێتە دەرەوە‌و كلیلەكانی بداتە دەست جۆ بایدنی سەرۆكی هەڵبژێردراو, هەرچەندە ترەمپ لە چەندین لێدواندا جەختیی دەكردەوە كە ساختەكاری لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا كراوەو ئەو براوەی هەڵبژاردنەكەیە.
پێنج رۆژی تر مەراسیمی دەستبەكاربوونی بایدن وەك چلو شەشەمین سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەڕێوەدەچێت‌و ترەمپ‌و تیمەكەی لەم ماوەیەدا كۆشكی سپی چۆڵ دەكەن‌و شوێنەكە ئامادەدەكرێت بۆ سەرۆكی نوێ‌ كە لانی كەم چوار ساڵ تێیدا دەمێنێتەوە ئەگەر زیاتر نەبێت.
چۆڵكردنی كۆشك دەستیپێكردووە
بەیانی رۆژی چوارشەممە 13ی كانونی دووەمی 2021ەوە ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبیل گەیشتنە كۆشكی سپی‌و پرۆسەی رۆیشتنی ترەمپ‌و خێزانەكەی لە كۆشكی سەرۆكایەتی دەستیپێكرد, هەر زوو وێنەی چەندین سندوق‌و كارتۆنی بەتاڵ گەیەنرانە كۆشكی سپی‌و رادەستی بینای نوسینگەی جێبەجێكاری ئایزنهاوەر كران, ئەو شوێنەی كە ئیدارەی بایدن لە ئێستاوە تا هەفتەیەكی تر‌و رۆژی 20 كانون تێیدا دەستبەكاردەبن.
چەند دیمەنێكی تریش كە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردنەوە دەریدەخەن كە چەندین كەس سندوق‌و كەلوپەلی تریان لە كۆشكی سەرۆكایەتی دەگواستەوە‌و ئەوەش سەلمێنەری ئەوە بوو كە رۆیشتنی ترەمپ و تیمەكەی لە كۆشكی سپی بەفیعلی دەستیپێكردووە.
لە دیمەنێكی تردا كە بڵاوكرایەوە, پیتەر ناڤارۆ راوێژكاری كۆشكی سپی بۆ بازرگانی بۆ بازرگانی بەشی خۆرئاوای كۆشكی سپی بەجێدەهێڵێت‌و وێنەیەكی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاو شی جین بین سەرۆكی چینی هەڵگرتووە كە لە واشنتۆن گیراوە.
ناڤارۆ یەكێك بوو لەو بەرپرسانەی كە جەختیدەكردەوە لەوەی كە ترەمپ خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بردووەتەوەو ئامادەنەبوو دان بە بردنەوەی ركابەری دیموكراتەكەی جۆ بایدندا بنێت.
هەڵمەتێكی پاككرنەوەی بەرفراوان‌و گران
هەمیشە پرۆسەی دەرچوونی سەرۆكی ماوە كۆتایی پێهاتوو لە كۆشكی سپی‌و هاتنی سەرۆكی نوێ‌ بە خێراییو لە پشتی پەردەوە بەڕێوەدەچێت, بەڵام ئەم ساڵ پرۆسەكە جیاوازە, گۆڕینی سەرۆكایەتی بە واتای دووبارە رێكخستنەوەی كۆشكی سپی دێت‌و كەلوپەلی نوێ دەهێنرێتە كۆشكەكەو بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناشەوە هەڵمەتێكی پاككردنەوەی گشتگیر بەڕێوەدەچێت.
سەرۆكی نوێ‌ جۆ بایدن تەمەنی 78 ساڵە‌و دەبێتە بە تەمەنترین سەرۆكی ئەمریكا لە مێژووی ئەو وڵاتەدا‌و ئەگەری ئەوە هەیە كە رووبەڕووی مەترسیی ببێتەوە بەهۆی توشبونی بەو ڤایرۆسە, لەبەرئەوە دوای بەجێهێشتنی كۆسكی سپی لەلایەن ترەمپەوە هەڵمەتێكی بەرفراوانی پاككردنەوە دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەموو بەشەكانی كۆشكەكە لە سەرەوە بۆ خوارەوە‌و لە بەشی خۆرهەڵاتەوە بۆ خۆرئاوا بەڕێوەدەچێت.
بەگوێرەی داتاكانی گرێبەستە فیدراڵییەكان كە تۆڕی سی ئێن ئێن بینیویەتی, كۆی خەرجی پاككردنەوەی كۆشی سپی بۆ ئامادەبوونی سەرۆكی نوێ‌ دەگاتە نزیكەی نیو ملیۆن دۆلار.
ئیدارەی  خزمەتگوزارییە گشتییەكانی سەرپەرشتی پرۆسەی پاككردنەوە دەكات‌و هەرچی دەسكی دەرگاو قادرمە‌و ئاودەست‌و دوگمەی تەلەفۆن‌و ئەسانسۆر‌و تابلۆی كلیل‌و هەموو كەلوپەلێكی كۆشكەكە دەگرێتەوە كە روبەرەكەی 55 هەزار پێ‌ چوارگۆشەیە لەسەر شەقامی 1600 پەنسلڤانیا.
بە هاتنی رۆژی مەراسیمی دەستبەكاربوون رۆژی 20ی كانونی دووەمی 2021 و پێش ئەوەی سەرۆكی نوێ‌و خانمی یەكەم بچتە كۆشكی سپییەوە دەبێت هەموو شمەك‌و كەلوپەلەكانیان گواسترابنەوە و لە شوێنەكانی خۆیاندا ئامادەبن‌و سەلاجەكان دەبێت پڕبن لە خواردنیی باش‌و گەرماوی سەرەكیش دەبێت بە شامپۆی دڵخوازی خۆیان ئامادەكرابێت.
روبەری كۆشكی سپی دەگاتە 55 هەزار پێ‌ چوارگۆشە ( 5110 هەزار مەتر چوارگۆشە) لە 6 نهۆم پێكهاتووەو 132 ژووری لەخۆگرتووە كە 16 یان ژووری خێزاندارین بۆ میوان, جگە لە بوونی 35 گەرماو.
بە گوێرەی سایتی رەسمی كۆشكی سپی, لە كۆشكەكەدا 28 ئامێری گەرمكەرەوەو 8 قادرمە‌و 3 ئەسانسۆرو 412 دەرگا‌و 147 پەنجەرە هەیە, چێشتخانەیەكیشی هەیە كە لە توانایدایە خواردنی تەواوەتی بۆ 140 میوان‌و موقەبیلات بۆ زیاتر لە هەزار میوان ئامادەبكات‌و كاتێك بۆیاخی كۆشكەكە نوێ دەكرێتەوە هەر 4 بۆ 6 ساڵێك پێویستی بە 570 گاڵۆن ( 2158) لیتر بۆیاخ هەیە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand